Draw Media

شوان سدیق: ئیتاڵیا پاش گەڕاندنەوەی مەلا کرێکار بۆ ئیتاڵیا لەسەر ئاستی گشتی و مێدیایش کەمترین گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کراوە. بەشێکی پەیوەندی بەوەیە ئیتاڵییەکان مەلا کرێکار ناناسن، کرێکاریش لە ئیتاڵیا نەژیاوە، ھەر بۆیە دیارە بەلای ئیتاڵییەکانەوە ئەم بابەتە گرنگ نییە. مێدیا بەناوبانگەکانی وەکو ڕێپوبلیکاو لەستامپاو ڕای تیڤییەکان و چەندانی تر "نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار"یان، بەتیرۆرستی جیھادی ھاوشێوەی سەرکردەکانی تالیبان شوپھاندوە. بەڵام کۆمێنتی ھاوڵاتیانیش کەمە لەسەر ئەم بابەتە تەنیا چەند کەسێک پێیانوایە ھەواڵێکی ناخۆشە "مەلا کرێکار" لەنێو ئیتاڵیابێ. چەند کۆمێنت و بۆچوونێکی تریش ھەیە نایانەوێ ئیتاڵیا ئیسلامیە ڕادیکاڵ و تیرۆریستییە جیھادییەکان لەخۆیان توڕە بکات. چونکە پێیانوایە مەلا کرێکاریش کەسێکی جیھادیەو دەبێتە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیتاڵیا. بەڵام بۆچوونی حکوومەت و دەوڵەتی ئیتاڵی جیاوازە و پێیانوایە ئیتاڵیا بەئەرکی خۆی دەزانێ قەڵاچۆی تیرۆر بکات. ھەر بۆیە دادگای ئیتاڵی بڕیاریدا بەبەندکردنی مەلا کرێکار بۆ ماوەی ١٢ ساڵ. ئەو تۆمەتانەی مەلا کرێکاری لەسەر سزادراوە ئەمانەن * پشتیوانیکردن لە تیرۆری ئیسلامی * ھەوڵدانی بۆ دامەزراندنی ڕەوتی شاخ لە کوردستانی عێراق و ئەوەیش دەبێتە جێگای مەترسی ڕۆژی ٢٦⁄٣⁄٢٠٢٠ مەلاکریکار لە وڵاتی نەرویج گەڕێنرایەوە بۆ ئیتاڵیاو لە فڕۆکەخانەی فیومیچینۆی ڕۆما ڕادەستی پۆلیسی کارێبینێری کرا، بەچاودێری داواکاری گشتی ترێنتۆی ئیتاڵی! .دوای چەند مانگێک ڕۆژی ھەیینی ٣ی ئەم مانگە دۆسبێەی مەلا کرێکار ھاتەوە بەرباس ڤیتۆریۆ پلاتی پارێزەری تۆمەتباری ئیسلامی مەلاکرێکار ڕایدەگەیەنێت دۆسیەی مەلاکرێکار زیاتر سیاسیە بۆیە داوای ئازادکردنی دەکەین. پارێزەرەکەی کرێکار بەدەنگێکی بەرزو و لەخۆبوردیەوە لەبەردەم دادگای بۆلزانۆی ئیتاڵیا قسەی بۆ مێدیاکان دەکرد ئەوپێشتریش تا ئێستە "٢٩ جار داکۆکی لە دۆسێیەی تۆمەتباری تیرۆر کردوە پێیوایە کەیسی مەلا کرێکار سیاسیە ئەو تۆمەتانەیش دراونەتە پاڵی تەنیا قسەن و بۆی ھەڵبەستراوە، ئەگینا سەلماندنیان ئاسان نییە بەڵام بەپێچەوانەی دۆسێیەی مەلا کرێکار بابەتی گەڕانەوەی کچە ئیتاڵێەکە "سیلڤیا ڕۆمانۆ" بۆ ئیتاڵیا شەقامی ئیتاڵی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد. ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ئایار "سیلڤیا ڕۆمانۆ"ی کچە تەمەن ٢٥ ساڵ گەڕایەوە بۆ ئیتاڵیا. سیلڤیا لە ٢٠ی نۆڤێمبەری ٢٠١٨ گروپێکی جیھادی لەوڵاتی کینیا دەستبەسەرکرابوو. دواتر بەھاوکاری ھەواڵگری ئیتاڵی بەدووری٣٠ کیلۆمەتر لە مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ ئازادکرا. لەکاتی گەڕانەوەی ئەم خاتوونە لەلایەن جۆسێپێ کۆنتێ سەرۆکوەزیران و خێزانەکەی لەفڕۆکەخانەیەکی ڕۆما پێشوازی لێ کرا. پاشان ئەم بابەتە کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە، تەنانەت کاردانەوەکان لەنێوان دژایەتی و پشتیوانیکردنی گەیشتە نێو ھۆڵی پەرلەمانی ئیتاڵیا. ھەر ئەوکات جێگری پارتی لێگای ڕاسیستی ئۆپۆزیسیۆن، لەئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا ئەلێساندرۆ پاگانۆ ڕایگەیاند "سیلڤیا ڕۆمانۆ تیرۆریستێکی نوێیە گەڕاوەتەوە بۆ ئیتاڵیا". ڕەخنەی ڕاسیست و بەشێک لەئیتاڵییەکان، لەسەر ئەوەبوو چۆن کەسێک دەڕفێندرێ، دواتر دەبێتە ئیسلام ئەمە پەیوەندی بەئازادیەوە نییە. لەبەرامبەریشدا بەشێکی زۆری ئیتاڵییەکان، پشتیوانیان لە کچە ھاونیشتیمانیەکەیان کرد و ھەڵبژاردنی ئایینێکی جیاواز و نوێ بژاردەی سیلڤیا خۆیەتی بۆیە نابێ سوکایەتی پێ بکرێت


  کاوە محەمەد مووچە، مافێکی بێ چەندووچوونی هەر فەرمانبەرێکە و رەنگە لەهەموو دنیادا تەنها لەم هەرێمەی ئێمە کێشەی وا عاجباتی بوونی هەبێت و هیچ ئومێدێکی نزیکی چارەسەریشی نەبێت. بەڵام ئەوەی دەمەوێ لێرەدا بیڵێم ئەوەیە کە پێویستە فەرمانبەران و خەڵک داواکارییەکانیان تەنها مووچە نەبێت، کە مووچە دواکەوت دەستبکەن بە بەرزکردنەوەی دەنگی رەخنە و ناڕەزااییان و کە مووچە کەمکراوەکەیشی بە درەنگەوە وەرگرت، ئیتر بە بێدەنگی شەقام چۆڵبکات و هیچ دەنگێکی لێوە نەبیسترێت.. ئینجا جگە لەوەش گروپ گروپی بچووک و کارمەندانی هەر فەرمانگە و وەزارەتێک بە جیا گردببنەوە و دیسانەوە هەموو داواکارییەکانیان لەدەوری مووچەدا بسوڕێتەوە..ئەمە لەراستیدا دەردی فەرمانبەران و هیچ هاووڵاتییەکی ئەم هەرێمە چارەسەر ناکات، چونکە مووچە دەرەنجامە، هۆکار نیە بۆ خراپیی بژێوی خەڵک، بەڵکو ئەوەی هۆکارە عەقڵیەتی شکستخواردووی حوکمڕانانی هەرێمە کە ساڵ بەساڵ هەرێم لەشکستێکەوە بە شکستێکی دیکە دەسپێرن و وڵاتیان خستۆتە ژێر قەرزێکی قورس و خاک و خەڵکیان کردۆتە بارمتەی وڵاتانی دراوسێ و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوییان خستۆتە هەرزان بازاڕی ئەو وڵاتانە و چەند کۆمپانیایەک کە لەپشتیانەوە دنیایەک کۆمپانیای حزبی و شەخسی ئامادەییان هەیە و داهاتی هەرێم هەڵدەلووشن.. بۆیە دەبێ ئیتر رژانە سەر شەقام، هی هەموو خەڵک بێت نەک تەنها فەرمانبەران، ئینجا داواکاریش گۆڕینی کۆی سیستمی سیاسی و ئیداری و ئابووری و قەزائی و ئەمنی بێت و قبوڵەنەکرێت چیتر گروپەکانی مافیا حوکم بکەن، نەک تەنها داوای مووچە بکەن و بەس.. با ئەوەی ئەو حوکمڕانانەی هەرێم بەهۆی شکستهێنانی سیاسەتەکانیانەوە، وایانکرد هەموو کێشەکانی کورد لەبەغدا لەمووچەدا کورت بکەنەوە، خەڵکی هەرێمیش وا نەکەن کە هەموو داواکارییەکانییان تەنها مووچە بێت و بەلای هۆکارە بنەڕەتییەکەدا نەچن..


پەیكار عوسمان عەدالەت لە ئاستی تاکدا پەیوەندی بە ئیختیارو ویژدانەوە هەیە. بەڵام لە ئاستی گشتیدا پەیوەندی بە جەبرو یاساوە هەیەو نابێ بەجێبهێڵرێ بۆ ئازادی تاك. جا لەم مەسەلەی خانەنشینیەدا، کێشەکە ئەوەیە پەرلەمان و حکومەتی ئێمە بیریانچۆتەوە کە ئەوان دامەزراوەی گشتین و ئەرکی گشتییان هەیە، بەڵکو مەسەلەکەیان وەکو شتێکی شەخسی وەرگرتووە! یاساکە پێت ئەڵێ تۆ ئازادی لە وەرگرتنی ئەو تورەکە پارەیە یان ڕەتکردنەوەی. ئەمەش ڕێك وەك ئەوەیە یاساکە پێتبڵێ تۆ ئازادی لە گوێگرتن لە ماملێ یان حەسەن زیرەك! دەی ئاخر ئەمەی دووەمیان زەوق و ژیانی تایبەتەو دروستە بەجێبهێڵرێ بۆ ئازادی تاك. بەڵام ئەوەی یەکەمیان، ژیانی گشتی و پارەی گشتی و وەزیفەی گشتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتییەو بڕیاری گشتی ئەوێ و نابێ وەکو گۆرانی و جلوبەرگ و نانخواردن بەجێ بهێڵرێ بۆ بڕیاری تاك، کەچی بەجێهێڵراوە! ئەو بەجێهێشتنەش، یەعنی ئێمە ئیرادەی گشتیمان نیە بۆ عەدالەت، بەڵکو چاوەڕێ ی لوتفی خواو عەدالەتی فەردین. دەی کێشەش هەر ئەمەیە. یەعنی ئێمە، ئەو شوێنەی کە ئازادی فەردی ئەوێ، زەوتی ئەکەین و ئەو جێگایەش کە پابەندیی گشتیی ئەوێ، بەرەڵای ئەکەین! ئاخر وەکچۆن جەبری گشتی بهێنیتە ناو ژیانی تایبەت کاولی ئەکات، ئازادی فەردیش ببەیتە ناو ژیانی گشتی کاولیئەکاو لە ڕاستیدا نە ئەمیان بەویان ئیدارە ئەدرێ نە ئەویان بەمیان ئیدارە ئەدرێ. ئێمەش ڕێك عەکسمان کردۆتەوە، بۆیە ژیانی تایبەت و گشتیمان هەردوکی فەشەلی هێناوە! خۆی لەم دۆخەداو یاسایەکی لەمجۆرە هەر بۆ تۆزێك عەدالەت باشە، کەچی ئەم یاسایە جگەی لەوەی دەرگای ناعەدالەتی دانەخستووە، دەرگای موزایەدەشی کردۆتەوە. یەعنی جگە لەوەی باشکراییە پێویستەکەی نەکردوە، خراپکارییەکیشی بێتامیشی هێناوە! ئاخر ئەو فەوزای پاڵەوانبازی و یەکترشکاندن و موزایەدەیە، ڕێك بەقەت ناعەدالەتییەکە قێزەون و ئیزعاجەو ئەبوو یاساکە بە تیرێك هەردو نیشانە باشەکە بپێکێ، نەك ئەوەی هەردو دەرگا خراپەکە بکاتەوە! ئەبوو یاساکە لەڕێگای چەسپاندنی عەدالەتەوە، خەڵکی بکردایە بە تەرەفی بەهێز، نەکئەوەی لەڕێگەی پێدانی "ئیمتیازی ئیختیار" بە پلە پاڵاکان، خەڵك بکاتە سواڵکەری عەدالەت و لە وەزیرو پەرلەمانتار بپاڕێینەوە کە پارەکە وەرنەگرن! ئاخر بەدەر لە مەسەلەی پارەکە، هەر هەبوونی ئەو حەقی ئیختیارە، کە پلەباڵاکانی خستۆتە مەوقیفی هێزو خەڵکی خستۆتە مەوقیفی سواڵی عەدالەتەوە، هەر ئەوە بۆ خۆی کفری عەدالەتە! بیری لێبکەرەوە یاسایەك عەدالەتت بۆ بهێنێ و یاسایەك بتخاتە سواڵی عەدالەت، ئەم دووانە چەنێکی فەرقە؟! لە فەوزای موزایەدەدا کێشەکە هەر ئەوەنیە کەسانی پۆپۆلیست ئەبنە پاڵەوان، کێشەکە ئەوەیە، ئەوانەش کە لە نیەتێکی سافەوە ڕەتیئەکەنەوە، ئەوانیش ئەبنە قوربانی و ناتوانی جیایانبکەیتەوە لە موزایەدەچییەك. ئینجا مادام باسەکە سواڵە، با سەرێکی برایانی یەکگرتوو بدەین چونکە لەڕاستیدا ئەمە مەیدانی ئەوانەو ئەوان وەستای سواڵن! سەیرکە ئەخی گیان، تۆ ڕاستئەکەی کە ئەو پارەیە هەمووی بۆخۆت نیەو بەشێکی ئەبەخشیت. لێرەدا سوێنیش نەخۆی من بڕوات پێئەکەم، چونکە تۆ لە ئەساسەوە سەر بە مەشروعی سواڵی سیاسییت و لەڕاستیدا ئیخوان لەسەر دوو کۆڵەکە دامەزراوە. ئیستغلالکردنی دین و ئیستغلالکردنی فەقیریی! ئاخر فەقیری داماو بۆئەوەی تەحەمولی بەدبەختیەکانی ئەمدنیا بکات، پەنا ئەباتە بەر چیرۆکی خۆشبەختییەکانی ئەودنیا. لێرەشەوە ئەبێتە نێچیریکی باش بۆ توجاری دین. کە حیکایەتەکەی بۆ ئەخەنە ناو لەتە نانێكەوەو بە ساس و مایۆنیسی سیاسەتەوە دەرخواردی ئەیەن. (ئا لێرەوەیە کە ساڵانی گرانییەکە، ساڵانی زێڕینی یەکگرتووەو، ساڵانی بوژانەوەی ئابووریش، ئەبێتە سەرەتای پوکانەوەی ئەو حیزبە.) جا فەرقەکە هەر ئەوەیە، موزایەدەی هەنێك لەوەدا تەحقیق ئەبێ، کە ئێستاو لەناو پەرلەماندا ڕەتیبکەنەوە. بەڵام موزایەدەکەی ئێوە لەوەدا تەحقیق ئەبێ، کە دواتر چوار فەقیری پێ ڕاو بکەن و بیانهێننە سەر تەلەفزیۆن و مەشروعی سواڵی سیاسیی پێ گەرمبکەن! خۆ بەخشین لێ ی باشترنیەو هەرکەس ئەیکا ماڵی ئاوابێ و هەموو بەخشینێکیش لە ڕووکەشدا جوان و ئەخلاقییە. بەڵام بەخشینی سیاسیی لە ناوەڕۆکدا کێشەی هەیەو نائەخلاقییەو زۆریش! چونکە جەوهەری بەخشین چاکەکارییە. بەڵام جەوهەری بەخشینی سیاسی، نمایشی چاکەکارییە! نمایشی کردەکە مەوزوعە نەك خودی کردەکە! بەرامبەرەکەی مەوزوعە کە بەدەسهێنانی دەنگ و ناوبانگ و پێگەیە، لەکاتێکا بەرامبەری ڕاستەقینەی بەخشین ((هیچ و بێ بێبەرامبەریی یە)). دین بۆ بەخشینی ئەخلاقیی هاتووەو ئیسلامیی سیاسیی خەریکی بەخشینی سیاسییە. بەخشینی سیاسییش ئەگەرچی لە ڕووکەش و لە جانبە مادییەکەدا هەر بەخشینە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ڕێك بەتاڵکردنەوەی جانبە ئەخلاقییەکەی بەخشینە، کە دین لە بەخشین هەر ئەوەی ئەوێ! خۆ ڕاستە لە قورئاندا باسی بەخشینی ئاشکراش کراوەو نهێنی و ئاشکرا هانی هەردوکی دراوە. بەڵام خودا لە هەردوکیان تەنیا "بێبەرامبەریی" ئەوێ. بێبەرامبەرییش هەر ئەو شتەکەیە کە لەبەخشینی سیاسیدا نیە! خۆ ڕەنگە کابرای ئیغاسەو دەزگای بارزانی، یارمەتییەکەشت بداو تەسویریشت نەکاو هیچیشت لێ داوا نەکات،، بەڵام خۆ شتەکە ئەکرێ بە هەواڵ، دەی هەر ئەو هەواڵە بەرامبەرەکەیە! بەڵام خۆ لۆگۆیان پێوەیەو تۆ ئەزانیت دەزگای فڵانە، دەی هەرئەوە بەرامبەرەکەیە! ستەمکار برسیت ئەکاو ئەتکا بە کۆیلەی نان، بەخشنی سیاسیش کار لەسەر ئەو دۆخە ئەکاو ئەیقۆزێتەوە بۆ خۆی. یەعنی ستەمکاریی و بەخشینی سیاسی دوو ڕووی یەك دراون و لەسەر یەك زبڵ ئەژین، کە دۆخی برسیکردنە! سەیرکە ئێستا قەتەر خۆی دڵی ئیخوانە، کەچی ئیخوان ناتوانێ هاوڵاتییەکەی قەتەری ڕاوبکاو بیکا بە ئیخوان. بۆچی؟ زۆر بەسادەیی چونکە ئەو لە دۆخی برسیکردندا نیە تاکو برسێتییەکەی ئیستغلالبکرێ و لەوێوە ڕاوبکرێ. ئیتر پارەی ئەو هاوڵاتییە قەتەرییە ئەبرێ و برسییەکی شوێنێکی تری پێ ڕاوئەکرێ! (ستەمکاریی و دژەتەقلیدییەکەی) نانی هەردوکیان لەسەر جەهل و گەمژەکردنی تۆیەو چەکی تۆش بەرامبەر هەردوکیان تەنیا هۆشیارییە. دژی ڕاستەقینەی ستەمکاریی، هۆشیاریی خۆتە، نەك ئەو کەسەی کە لەتە نانێکت بۆ فرێ ئەدا، یان ئەوەی کە هاشوهوشی پۆپۆلستیت بۆ ئەکات! پارتی و یەکێتی بە موچەو برسیکردن ڕاوتئەکەن و ئەتکەن بە کۆیلەی نان. یەکگرتووش بە بەخشینی و سیاسی و گۆڕانی دوێنێ و نەوەی نوێ ی ئێستاش، بەوەی کە بتخەنە سەر شاشەو بگریت و بڵێ ی دوسەو پەنجام پێ نیە. (ئەمە هەمووی پێکەوە یەك پاکێجەو تۆش ئەبێ لە هەمووی بە ئاگاو هۆشیاربیت، نەك تۆپی بەر پێیان بیت و ئەم تێتهەڵدا بۆلای قاچی ئەو) کردەی ئەخلاقی ئەوەیە کە جێ ی نائەخلاقییەتی تیانابێتەوە. ناکرێ شتێك ئەخلاقیی بێت و نائەخلاقییش بێت. مەسەلەن بەخشینە بێبەرامبەرە ئەخلاقییەکە، خۆی لەخۆیدا سەرڕاستی و ڕاستگۆییشەو ناکرێ فێڵ و درۆبێت. بەڵام بەخشینی سیاسی چونکە بەبەرامبەرەو لەناوەوە نائەخلاقییە، ئیتر جێ ی نائەخلاقییەتی تریشی تێدا ئەبێتەوە. مەسەلەن هەرئەوەی کە شتەکە تەواو سیاسی و ئەمدنیاییەو لێتئەکرێ بە دینی و ئەودنیایی، ئەوە جگە لەوەی بەخشین خۆی نیە، فێڵ و درۆشە!! دواجار بەخشین و دەسکراوەیی، بێ ئەندازە بەرزو جوانەو نەبەخشین و دەسنوقاندنیش، هەتا بڵێ ی ناشرینە. بەڵام بەخشین هەر ئەوەیە کە بەخشینەکە خۆی ئامانجەو کردەکە بۆ هیچ مەبەستێکی تر نیە. ئەو بەخشینەی کە خۆی ئامانجەکە نیەو وەسیلەیە بۆ هەنێ مەبەستی کەسی و سیاسی و کۆمەڵایەتی.. ئەمەیان ڕێك بەقەت نەبەخشین ناشرینە، ئەگەرچی لە ڕووکەشدا هەر بەخشینە. لەڕاستیشدا دژی ڕاستەقینەی بەخشین، ئەمەیانە نەك نەبەخشین. چونکە نەبەخشین هیچ لە مەکانەتی بەخشین کەم ناکاو ئەسڵەن و جوانترو مانادارتریشی ئەکات. بەڵام ئەمەیان لەناوەوە لە بەخشین ئەداو لە مانای خۆی بەتاڵی ئەکاتەوەو ئامانجێتییەکەی ئەکوژێ و ئەیکا بە وەسیلە!


 سەردار قادر  ماوەیەكە لەگەڵ  پێكهێنانی كابینەی نوێ ی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، زاراوەی چاكسازی كۆی میدیاكانی گرتۆتەوە . چاكسازی بۆتە ئەو مەنزڵگایە كە هەموانی لە چاوەروانیدا ئەژێنێ . چاكسازی ئەو خەونەیە ، ئەو ئومێدەیە كە كۆی دەنگەكان ئەیبەخشنەوە بە سەرماندا . هەموان وا دەرئەخەن كە كابینەی نوێ كابینەی چاكسازیە ، وامان لێكرا كە بە جۆرێك تێ بگەین كە ئەم كابینەیە دابراوە لە كابینەكانی پێشوو، بە جۆرێك دەریان بری ئەڵێ ی كابینەكانی پێشوو ئەم حیزبانەی تێدا نەبووە .یان ئەمان لە هەسارەیەكی ترەوە هاتوون و نە كەسەكان نە حیزبەكان ئەوانەی پێشوو نین . هەموان رۆژانە نان و چاكسازییان ئەداینێ ، بەس دەر ئەنجام نان برا و چاكسازی بە ردەوامە !!!! ئازارت بوو ئەوە چاكسازی بە رێوەیە ؟؟ گیرفانت مووچەی نەدی بەرگە بگرە چاكسازی بەرێوەیە ؟؟ كۆرۆنا بڵاو بووەوە ، گوێ مەدەرێ چاكسازی بە رێوەیە ؟؟ كارمەندانی تەندروستی شەوو رۆژ لەبەرەی پێشەوەی بەرگریدان ، چەند گیرفانیان بەتاڵ بوو ، ئەبێ بەردەوام بن ، ئەوان چاوەرێ ی چاكسازین . هێزەكانی ناوخۆ بە تایبەت هاتوچۆ سەر شەقامیش نەبت ئەوان خەونی چاكسازی ئەیان بەن بەرێوە ؟؟ هەر قەڵەمێك پرسیاری كرد دەربارەی كێشەو گرفتەكان ، بە كەسی خیانەتكار باس ئەكرێت ئاخر چاكسازی بەرێوەیە ، گومان لەسەر كابینە و كەسەكان خیانەتی نیشتیمانیە ؟؟ ئەم چاكسازیە دەرمانی هەموو دەردێكە . ئەم چاكسازیە ئومێدە بۆ هەموو خەونەكانمان ، ئەوەی گومان بكات لەم پرۆسەیە ، ئەوە بەدەرە لە هەستی نیشتیمانی ... چاكسازی پاشەكەوتی موچەی كردە كورت هێنان و برێك موچەی بری لە موچە خۆران . چاكسازی لە هەموو شوێنێكی ووڵاتدا بەردەوامە تەنها بۆی نیە باس لە دەروازە سنوریەكان بكات ، ئەوێ بۆ دەرباری سوڵتانەكان بەردەوامە . نەوت ئەو وەهمەیە كە ئەبێت هەر شاراوە بێت و چاكسازی نایگرێتەوە . گۆران لە كابینەی پێشوو هاتە دەر ، یان راستر وەدەر نا، لەم كابینەیە بە دوانزە كورسیەوە بڵندگۆی چاكسازیە ؟؟ گۆران بیرمان ئەباتەوە كە كابینەی پێشوو هەر زۆرینەی پارتی و یەكێتیە ، هی ئێستا هاتووی هەسارەیەكی ترن . گۆران كشانەوە بە عەیبەیەكی گەورە ئەبێنێ ، بەردەوامی بە زەروورەتی بابەتی ئەبینێ ، چاكسازی بە موڵكی خۆیان ئەبینن جا بكرێت یان نا ؟؟ گرنگە چاكسازی دروشم بێت ئیتر بێتە دی یان نا گرنگ گۆران داوای كردووە ، سەنگەر چۆڵ ناكەن ، باوەریان وایە چاكسازی نابێت ببەسترێتەوە بە خشتەی زەمەنی . گۆران تا ئێستا وەهمی پاكێج ئەیبات بە رێوە ، گرنگ نیە چی دێتە دی ؟؟ گۆران پۆستەكان وەرگرێت یان نا ، گرنگ  بەردەوامیە لە بەشداری . ئەكرێت بووترێت وەهم بۆتە راستی لای گۆران ؟؟ ئەم هەرێمەی ئێمە خەڵك هەژار ، حكومەت قەرزار ، حیزب دەوڵەمەند ، كەسە باڵا دەستەكان زیا دەوڵەمەند، چاكسازیش ئەو وەهمەیە كە ئەیانەوێت بكرێتە ئومێدی گشتی . ئەكرێت حیزب و كەسە باڵا دەستەكان وەك سەرەتا ببنە پشت بۆ حكومەت تا ئەوانیش خەمێك لە خەڵك بخۆن . برینی موچە و نەدانی موچە لە دوو مانگدا و دان و سان لەگەڵ بەغداد بە بەردەوامی ، ئەمە سەرەتای چاكسازیە ؟؟ ئایا هەڵوەشاندنەوەی كابینە و پێكهێنانی حكومەتی كاتی رێگە چارە نیە ؟؟ ئایا باس كردن لە هەرێمی تر بۆ ببێتە خیانەتی نیشتیمانی ؟؟ لامەركەزی بۆ پێچرایەوە ؟؟ ئایا  پارتی و سەرۆكی حكومەتەكەی كەی لە ناكۆكی كابینەی پێشوو دەرباز ئەبێت ؟؟ ئایا یەكێتی بۆ لە هەولێر بەشدارە لە حكومەت و لە سلێمانی وەك ئۆپۆسزێۆن دەرئەكەوێ ؟؟ هەموو وەڵامەكان وەهمێك ئەیبات بەرێوە ئەویش بەرگە بگرن چاكسازی بە رێوەیە ؟؟؟؟


د. سەنگەر سەید قادر  دوای ٩ ساڵ لە كوژرانی قەزافی ئەمڕۆ ئەو خەونەی كە بەهۆیەوە كوژرا هاتەدی، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا كە ژمارەیان ١٥ دەوڵەتە و دانیشتوانەكەیان نزیكەی ٣٨٥ میلیۆن كەسە،ساڵی ڕابردوو لە كۆبونەوەی لوتكەی ئەبوجادا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا بڕیاریاندا دراوی هاوبەشی ئەفەریقی (ئەفرو) لە ئەمساڵ بخەنە بواری جێ بەجێكردنەوە و بانكی ناوەندی ئەفەریقا دابمەزرێنن بۆ خۆ دەربازكردن لە هەیمەنەی فەرەنسا -قەزافی خەونی ئیمبراتۆریەتی ئەفەریقا! پرۆژەی دراوی ئەفەریقی بۆ یەكەم جا لە لوتكەی وڵاتانی ئەفەریقی لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن قەزافیەوە پێشنیار كراو ساڵی ١٩٩١ ڕێكخراوی ئابوری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقا دامەزرا و بڕیار درا دراوی هاوبەشی ئەفەریقی لە ساڵی ٢٠١٤ بخەنە بواری جی بەجیكردنەوە، بەڵام فەرەنسا هەڕەشەی كرد ئەگەر دراوی هاوبەشی ئەفریقا دروست بكرێت هێزی سەر بازی دژیان بە كاردێنێت قەزافی لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە دەیوست ئیمراتۆریەتی ئەفەریقا دامەزرێنێت نازناوی (ملك الملوك) ئەفەریقای لە خۆی نابوو، تاكە ڕێگەش لە بەردەم قەزافی دا ئابوری بوو كە پێویستیەكی گرنگی ئەفریقیەكان. بوو كە بەهۆی هەیمەنەی فەرەنساوە كەوتبونە دۆخی هەژاری و شەڕی ناوخۆوە بۆ قەزافیش كە خاوەنی گەنجینەیەكی گەورەی سامان و نەوت بوو ئەوە دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ فراواندنی دەسەڵات و پێگەی لە ئەفەریقادا -بۆچی فەرەنسا دژی پرۆژەكەی قەزافی بوو ؟ بەپێی ڕێكەوتنامەی ساڵی ١٩٦٠ باریس بۆ كۆتایهێنان بە ئیستعماری بەفەرەنسی لە نێوان وڵاتانی داگیركراوی ئەفەریقا و فەڕەنسادا مۆركرا بەپێی ڕێكەوتنەكە فەرەنسا وەك مەرجی ڕێگە پێدان بەسەر بەخۆییان كۆمەڵیك مەرجی بەسەردا سەپاندن لە گرنگترین ئەو مەرجانە مەرجە ئابوریەكان بوون: ١- بەپێی ڕێكەوتنامەكە پێویستە وڵاتانی ئەفەریقی دوای سەربەخۆ بونیان هەر مامەڵە بە فرەنكی فەڕەنسیەوە بكەن ٢- پێویستە لەسەریان لەسەدا ٥٠% پارە و ئاڵتونی یەدەكی بانكی ناوەندیان لە بانكی ناوەندی فەرەنسا دابنێن بەوەش فەرەنسا باجی لەسەدا ٠.٠٧% لەسەر ئەو یەدەكە لە وڵاتانە وەردەگرێت كە ساڵانە نزیكەی ١٠ ملیار دۆلارە و فەرەنسا بۆ فراوانكردنی هەیمەنەی لە ئەفەریقا بەكاری دێنێت ٣- هەروەها پێویستە ئەو وڵاتانە ساڵانە بە ڕێژەی سەدا ٨% بودجەی ساڵانەیان لە بانكی ئەفەریقی قەرزبكەن كە بانكێكی فەرەنسیە و مامەڵە فرەنكی فەرەنسیەوە دەكەن لە دوای ڕێكەوتنامەی ساڵی ١٩٦٠ وڵاتانی ئەفەریقی كەوتنە ژێر قەرزێكی زۆری فەرەنسیەوە و ئەگەڕ چی سەربەخۆیان لەفەرەنسا ڕاگەیاند بوو بەڵام بەهۆی ئەو كۆت و مەرجانەوە كە ڕێكەوتنەكە بەسەریدا سەپاندبوون خاوەن سەربەخۆی ئابوری و سیاسیش نەبوون، بەوەش ئەفەریقا كەوتە شەری ناوخۆ و ئاڵۆزیەوە و فەرەنساش چەند سیستەم و دیكتاتۆرێكی بەسەریاندا سەپاند هەروەها ئەم ڕێكەوتنە ڕێگر بوو لە پیشكەوتنی وڵاتانی ئەفەریقا، چونكە فەرەنسا ئابوری و سامانی سروشتی ئەم وڵاتانەی ئەفەریقای بەكار هێنا بۆ بوژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوەی فەرەنسا كەبەهۆی جەنگانی دووەمەوە وێران بوو، بۆیە لە كۆتای ساڵی هەشتاكاندا كاتێك موعەمەر قەزافی لەوپەری ناكۆكیدا بوو لەگەڵ ڕۆژئاوا بۆ خۆسەپاندنی وەك خاوەن هیز و ڕزگاركەی ئەفەریقا پێشنیاری ئەو دراوە هاوبەشەی كرد، وڵاتانی ئەفەریقاش بۆ دەرچوون لە ژێر كۆت و بەندی فەرەنسا بە پێشنیارەكە ڕازیبوون بەڵام لە ژێر فشاری فەرەنسادا پرۆژەكە ٤ جار دواخرا چونكە فەرەنسا جگە لە هەڕەشەی سەربازی هەڕەشی ئەوەیكرد كە دەست دەگرێت بەسەر ئەو سەدا٥٠% یەدەكی بانكیەی وڵاتانی ئەفەریقا لە بانكی ناوەندی فەرنسا دانراوە، ساڵی ٢٠١٧ ئیمانوێل ماكرۆن لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ ئەفەریقا ڕایگەیاند پرسی پێهێنانی دراوی هاوبەشی ئەفەریقی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی فەرەنساوە، بۆیە ئەو وڵاتانە وهێمنی و ئاسایش و سەقامگیری بەخۆیانەوە دەبینن كە فرەنكی فەرەنسیان هەیە، ئەم وتەیەی ماكرۆن هەڕەشەیەكی ڕاستەوخۆ بوو بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت دەستبەرداری فرەنكی فەرەنسی بن و دەراوی هاوبەشی ئەفەریقی بەكاربهینن هەرچەندە ماوەی ٢٠ ساڵە لە دوای ڕێكەوتنی یۆرۆی ساڵی ١٩٩٩ فرەنكی فەرەنسی لەكار كەوتوە و لە ساڵی ٢٠٠١ بەتەواوی وستێنراوەو كاری پێناكرێت، بەڵام تائێستا دەراوی فەرمی ٨ وڵاتی ئەفەریقیە و هەندیكیشیان ناچار بوون مامەڵە بە یۆرۆوە بكەن وەك دراوی جێگرەوەی فرەنك. -موعەمەر محمد عبدالسلام قەزافی لە ساڵی ١٩٤٢ لەشاری سرت لە ژێر داگیركاری دەسەڵاتی ئیتاڵیادا لە دایكبووە، لە ساڵی ١٩٦٩ لە كودەتایەكدا مەلیك ئیدریسی لە دەسەڵات دورخستەوە، دوو هاوسەری هەبوە( فەتحیە نوری- سەفیە فرگاش) خاوەنی ٨ كوڕ و كچێك بوە، لە دوای ٤٢ ساڵ حوكمڕانی ساڵی ٢٠١١ بەدەستی شۆڕشگێڕانی لیبیا كوژرا. -تێبینی/ چین لە ڕێگای قەرزەوە دەیەوێت جێگای فەرەنسا بگرێتەوە لە ئەفەریقا هەژارییان بقۆزێتەوە بۆ دەست گرتن بەسەر سەرمایەی سروشتی قاڕەی ئەفەریقادا.  


سەلام عەبدوڵڵا ماوەیەکە هەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، کار و چالاکییان تەرخانکردووە بۆ دژایەتی هەرێم و ‌حکوومەتەکەی بە ئاستێک کە نایشارنەوە کە مەبەستیان تێکدان و تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمە کە بە پێی دەستووری عێراقی قەوارەیەکی دەستووری دانپێدانراوە و لەسەدا هەشتای هەموو خەڵکی عێراقیش دەنگی بەو دەستوورە داوە. ئەمانە بەم هەڵسوکەوتە چەوتەیان دەیانەوێ عێراقچییەتی خۆیان بە دژایەتی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بسەلمێنن. بەڵام ئەمانە راست ناکەن و درۆ لەگەڵ خۆیان و حزبەکانیشیان دەکەن، چونکە ئەو گەندەڵی و پێشێلکارییەی یاسا و دەستوور کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و لە نێو خودیی پەرلەمانی بەغدا رۆژانە دەکرێت، ئەمانە تەواو لێی بێدەنگن و بە هیچ شێوەیەک باسی ناکەن، تەنانەت ئەو راستییانەی کە هەندێک پەرلەمانتاری عەرەب لە پەرلەمانی بەغدا بە بەڵگەوە نیشانی دەدەن و ویژدانی خۆیانی پێ ئاسوودە دەکەن، ئەمانە ناوێرن بە هیچ جۆرێک باسی بکەن یان تەنانەت پشتیوانیشی بکەن. ئەوەتا ئەندام پەرلەمانێکی بەغدا، خانمێک زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێت: بە پێی ئەو بەڵگەنامانەی دەستم کەوتووە، ‌حکوومەتی عێراقی کە بەدەست نەبوونی و هەژارییەوە دەناڵێنێت (٢٢٠) میلیار دۆلاری، وەک پشتیوانی، بەخشیوە بە حکوومەتی بەشار ئەسەد. ئەمە جگە لەو هەموو بەڵگەنامانەی کە لە تەلەڤزیۆنەکانی بەغدا نیشانی بینەران دەدرێت کە مرۆڤ سەری لە ئاستی گەندەڵی ئەم عێراقە سڕ دەمێنێ، کەسانێک لە نێو خودی پەرلەماندا بوون و (٥٨) مووچەی جۆراوجۆریان وەرگرتووە، بۆیە ٣٠ مووچە و ٢٠ مووچە کە وەردەگیرێت لایان ئاساییە و تەنانەت بە بەڵگەوە تەلەڤزیۆنێکی عێراقی ناوی (٢٦٥١) کەس دەردەخات کە یەکی (٧) مووچە وەردەگرن. ئەمە خودی پەرلەمانتارانی عێراق دزە بەم بەڵگانە دەکەن و راستییەکان دەردەخەن کە دەیانەوێت دڵسۆزیی خۆیان نیشان بدەن. بەڵام ئایا کەس بینی رۆژێک لە رۆژان، ئەم کوردە عێراقچییانە باسی ئەو هەموو گەندەڵییەی لە عێراقدا روودەدات – گەر عێراقچین – کردووە و دەکەن؟! یان تەنیا بە هەرێم دەوەڕن!.


چیا عەباس پیاوە مەزنەکانی ئیسلام و بیرمەندەکان لە مێژە گوتویانە: " لای کێ سکاڵا دەکەیت کاتێک ناحەز و دژەکەت حاکم و قازی بێت".  ماوەیەکە باسکردن و بانگەشە بۆ بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی چربۆتەوە، هاوتەریب لە گەڵ ئەم هەڵمەتەشدا داوای لامەرکەزیەت لە لوتکەی دەسەڵاتی حزبی و ئیداری پارێزگای سلێمانی دەبیسترێت. ئەگەر ... ! گەر حوکمرانی هەرێمەکەمان جێگیر و دامەزراوەیی بوایە، گەر یاسا سەروەر بوایە، گەر دەسەڵات لە لوتکەوە تا بنکە لەلایەن حزب و بنەماڵەوە قۆرخکراو نەبوایە، گەر جوگرافیای سیاسی پارێزگاکانی هەرێم بە سنوری حزبی و میلیشیاکان لەتلەت نەکرابوایە، گەر دەسەڵاتی بەغدا راستگۆ و خەمخۆری هاوڵاتی بوایە و گەر .... تاد، لەوانەیە هەر پێویست بەو هەڵمەتە نەبوایە، ئەگەر بشکرایە دەچوە چوارچێوەی نیەتی راستگۆیانەوە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و دەبوە شارێگایەک بۆ گۆرانکاری و چاکسازی و بە ململانێی نیەت پاک و دۆستانە لە گەڵ دەڤەرەکانی تری کوردستان دەشبوە زەمینەی گەشەکردن و بەرەو پێشچونی ژیانی ئیداری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری گەلەکەمان. مەخابن واقیعی عێراق و هەرێم و سلێمانیش پێچەوانەی ئەو ئەگەرانەن، بۆیە پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ ئەمجۆرە هەڵمەتانە پشتئەستور بێت بە تێرامانێکی واقیعی گشتگیر و بەرفراوان بۆ رەگ و ریشەی کێشەکان نەک تەنها چرکردنەوەی  لە کێشە و قەیرانەکانی ئەم ساتەی حوکمرانیدا. ئەم گرێدانە بەرچاورونی دەرباری بەشێکی گرنگی نیەت و هاندەرەکانی ئێستای پشت هەڵمەتەکە دەبەخشێت، بەپێچەوانەوە چاوپۆشین و پشتگوێخستنی ئەو گرێدانە وەک لە هەڵمەتەکەی هەنوکەدا بەدی دەکرێت دەبنە زەمینەخۆشکەری گرێکوێرە خەست و سەختەکەی ئەو پارادۆکسە سیاسیە سواو و کوشندەیەی کە هەناوی رەوشی سیاسی باشوری بۆ دەیان ساڵە تەنیوە.  بۆ خۆم یەکێک بوم لەو کەسە کەمانەی دوازدە ساڵ لەمەوبەر پشتگیریم لە بە هەرێمکردنی سلێمانی کردوە و نوسینم لە سەری بڵاوکردۆتەوە، لە ئاکامدا کەوتومەتە بەر هێرشی توندی راگەیاندنی یەکێتیەوە کە ئێستا هەندێک لە جەمسەرەکانی و نزیکەکان لێیان بونەتە عەرابی بە هەرێمکردنی سلێمانی. بۆچونی ئەو سەردەمەم هەوڵێک بو بۆ کاڵکردنەوەی تەلیسمی چەمکی شمولیەت لە هزری نەتەوەییدا بەرێگەی دەسەڵاتی هاوڵاتی لە ئیدارە لۆکاڵیەکاندا. دنیای پێشکەوتو ماڵئاوایی لە دەسەڵاتی توندی ناوەندی کردوە، ئەم ئاراستە مۆدێرنەی کارگێری رۆڵی بەرچاوی هەبوە لە ئاسانکردنی کاروباری هاوڵاتیان، کەمکردنەوەی بیرۆکراسیەت و رۆتین، زیاترچەسپاندنی چەمکی دەسەڵاتی هاوڵاتی لە فەرمانرەوایی شوێنی ژیان و گوزەرانی و ... تاد. ئەم وڵاتانە سەربەخۆن و خاوەن سەروەرین و دەوڵەتی خاوەن دامەزراوەی کاران، بۆیە لەو شێوە حوکمرانیەدا پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتی هاوسەنگ و جێگیرە، هێزە سیاسیەکانیش لە ئاستێکی بەرزی بەرپرسیەریەتیدان بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکانیان و پێرەوکردنی یاسا، ناکۆکی و ململانێکانیشیان لە پەرڵەمانی وڵات و هەرێمەکان لە سایەی سیستەمێکی دیموکراسیدا بەرێدەکەن.  گشت ئەم کەش و هەوا و مەرجانە لە سەرانسەری عێراقدا ئەوەندە لاواز و بێ بەرەکەتن بۆیە تەنانەت بیرکردنەوە لە دەسەڵاتێکی لۆکاڵی ناوچەیەک دەتخاتە بەردەم هەزار و یەک پرسیار و کێشە و ئەستەمەوە. سلێمانی، شارە " حەیاتەکە " لە دوای راپەرینەوە تا ئەم چرکەیەش یەکێتی هێزی سەرەکی حوکمرانیە لە ناوچەی سلێمانی، هەرچی بەسەر ئەم شارەدا لە دەردەسەری و ستەمکاری و پشگوێخستن و گەندەڵی رویدابێت یەکێتی بەرپرسیاری یەکەمە، ئەم راستیە حکومەتی هەرێم کە پارتی باڵادەست بوە و باڵادەستیشە تێیدا لە بەرپرسیاریەتی ئەو روداوانە بێبەری ناکات، لەو ساتەوەش گۆڕان بۆتە بەشێک لە دەسەڵاتی سلێمانی و هەرێم لە بەرپرسیاریەتی ئیداری و سیاسی و مەعنەوی یەکسانە بە پارتی و یەکێتی. سلێمانی ئێستاش هەر وەک جاران شارێکی یاخیە، نرخی یاخیبونەکانی بوێرانە بە خەبات و دەریای خوێن و قوربانی و ماڵوێرانی و دەردەسەری داوە، هیچکاتێکیش ئەم مێژوە پر سەروەریەی نە سەپاندوە و نە زاڵ کردوە بەسەر خەبات و قوربانیەکانی دەڤەرەکانی تری باشوری کوردستان. لە دوای راپەرینەوە زۆرجار بۆ بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەیی بەرامبەر ئەو ستەم و نارەوایەتیەی لە زۆر لاوە بەرامبەری کراون بێدەنگی هەڵبژاردوە. ئێستا سلێمانی بەتەنیشت کۆرۆناوە بەدەست ئەو هەمو دەسەڵات وجەمسەر و میلیشیا و فرە کوێخایانەشەوە زۆر هیلاک و ماندوە، سوچێک لەو شارە نادۆزیتەوە هاوڵاتیەک بە ئارامی و دڵنیاییەوە سەرەخەوێکی تێدا بشکێنێت، روکنێک لەو شارە گەورەیەدا نابینیت بە زۆرەملێ نەکرابێتە موڵکی حاکم و بەرپرسێک، لە شارو و دەوروبەری پارچەیەک سەوزایی نادۆزیتەوە بە کۆنکرێت و بلۆک باڵاخانەیەک یاخود ڤێڵایەکی کەشخەی بەرپرسێکی لەسەر قیت نەکرابێتەوە، بۆ پارچە نانێک،  پارچەیەک گۆشت، چنگێک سەوزە، قومێک ئاو، داگیرسانی گڵۆپێک، لیترێک بەنزین، تەنەیەک نەوت و ... تاد دەبێت هاوڵاتی برێک دینار باجی زیادە بدات بۆ گیرفانی ئەو لەشکرە لە بەرپرس و کۆماندۆ و جەمسەر و پاشکۆکانیان، با باسی زەوی و زار و بازرگانی و گۆمرگ و کۆمپانیا و گرێبەست و پاڵاوگە و  قاچاخچیەتی و شتی تریش نەکەین. سلێمانی نەک تەنها مافی رەوای خۆیەتی بەڵک دەبێت بەجدیش کار بۆ چاککردنی بنەرەتی ئەو جۆرە ژیان و گوزەرانیە بکات، پرسیارەکە ئەوەیە چۆن بیکات؟ خەڵکی بەئەمەک دەتوانن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە.  لە مێژوی نزیکی کورد لە باشور چەند جارێک رویداوە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی و شەری دەسەڵاتدارانی کورد شار کراوەتە قوربانی. باسی وێرانکردنی چەندین شوێنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان لە خولەکانی شەری ناوخۆدا ناکەم، رەنگبێ لای بەرپرسانی لایەنەکان شەر حەڵالی وێرانکردنی ئەو شوینانەی کردبێت، بێ هیچ کۆمێنتێک باسی دو نمونەی زۆر زەق دەکەم: هەولێر و دەوروبەری لە ٣١ ئۆگۆستی ١٩٩٦ و دوەمیش کەرکوک و ناوچە زەوتکراوەکان لە کارەساتەکانی ئۆکتۆبەردا. دەترسم، زۆریش دەترسم بە هەڵمەتی بەهەرێمکردنی سلێمانی ئەمجارە نۆرەی شارە حەیاتەکە بێت! بەغدا و بەهەرێمکردن         ناشێت بۆ رۆڵی بەغدا و دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە پرسی بەهەرێمکردنی سلێمانی وردکردنەوەیەکی دروست نەکرێت. سیستەمی حوکمرانی عێراق لە دوای روخاندنی سەدامەوە بە نیەت پاکی مامەڵەی لە گەڵ کورد و هەرێم نەکردوە، ئەم راستیە دەسەڵاتدارانی هەرێم بێبەری ناکات لە پشکیان لە بیانودان و هۆکارسازی بۆ ئەو مامەڵەکردنە.  دەستور بەچەند مەرجێک مافی داواکردنی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی چەسپاندوە، لە ئەزمونی پارێزگای بەسرە بۆ بەکارهێنانی ئەو مافە سەلمێندرا دەسەڵاتی سیاسی بەغدا دوا بریاردەرە لەو پرسەدا، هەرچۆن بریاردەریشە لە دروستنەکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق کە لە دەستوردا چەسپێنراوە و دەبو ساڵێک دوای پەسندکردنی دەستور دروستبکرایە. سەبارەت بە دادگای باڵای فیدراڵی لە مادەی پێنجی دەستوردا سەبارەت بە دەسەڵاتەکان هاتوە: یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەرێمەکان یاخود پارێزگاکان دروست دەبن. ئەوەندەی لێی تێبگەم باسی کێشەی نێوان پارێزگایەک لە هەرێمێکدا لە گەڵ حکومەتی هەرێمەکە ناکات. زیادە بۆ ئەمەش ئەندامانی ئەو دادگایە بە پشکپشکێنەی سیاسی دانراون، بۆیە ئەوەندە چاوەروانی لە سەر هەڵناچنرێت. ئەگەر هەیە سلێمانی بکرێت بە هەرێمێک بەڵام ئەو کاتەی ئیرادەی سیاسی بەغدا لە سایەی سەفقەیەکی سیاسی و ئابوریدا بەوە رازی بێت. لە سینیاریۆیەکی لەو جۆرەدا سلێمانی دەکرێتە قوربانی شەر و مەرافەی ناو ماڵی کورد و کوردیش زیاتر دەچێتە ژێر رەحمەت و رکێفی بەغداوە. لەم دۆخە ئاڵۆز و سەختەدا باشترە بیرکردنەوەی جدی بۆ چارەی بنەرەتی کێشەکان بە ئاراستەیەکی تردا بکرێت.          


سەرکۆ یونس* ساڵانە خاوەن پرۆژەکشتوکاڵی و جوتیارو خاوەن ڕەزوباخەکانی کوردستان هەوڵ ئەدەن بەرهەمەکانیان لەمیوە و گەنم و جۆ و دانەوێڵە و بەرهەمی سەوزە و تەڕەکاڵی بەهارەو هاوینە بخەنە بازاڕەکانی کوردستانەوە بەهیواو ئومێدی دەستکەوتنی داهات و دابینکردنی بژێوی ژیان بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵەکانیان، بەڵام بەداخەوە وەک پیشەی هەموو ساڵێک ڕەنجەکەیان بە فیڕۆ دەڕوات بەهۆی نەبونی نرخێکی گونجاو بۆ بەرهەمەکانیان تا بتوانن بەردەوام بن و تێچونی خەرجیەکانیان بۆ پڕ بکاتەوە. بەداخەوە وەک دەبینین لێرەو لەوێ جوتیار و خاوەن بەرهەمەکان بەهۆی ساغ نەبونەوەی بەرهەمەکانیانەوە بەناچاری و بە چاوی پڕ فرمێسک و حەسرەتەوە وبەئاخ وداخێکی نائومێدانەوە بە بەرچاوی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کشتوکاڵەوە بەرهەمەکانیان فڕێ دەدەن و بەرەڵاکردنی کێڵگە و مەزراکانیان بووەتە پیشەی ساڵانەی بەشێکی زۆری جوتیاران. خۆشبەختانە بەبێ چاودێری و پلانی حکومی جوتیارانی کوردستان ساڵانە بەرهەمی ناوخۆی کشتوکاڵی بەڕێژەی گونجاو زیاد دەکەن و بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەکانی هەرێمەوە کە لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە زۆربەی کات کێبڕکێ ی بەرهەمی هاوردەی ئێرانی و تورکی دەکات  و دەتوانین بڵێن لەم کاتەدا بەشی پێویستی ناوخۆ پڕدەکاتەوە و لەهەندێ بەرهەمدا زیاتر لە پێویستی ناوخۆ دابین دەکرێت کە پێویستە هەناردەی بازاڕی وڵاتانی ناوچەکە بکرێت و ساغ بکرێنەوە.بەڵام جارێکی تر بە داخەوە بەهۆی نەبونی یاسای گونجاو و نەبونی پلانی ئابوری و کشتوکاڵی و گرنگی نەدانی لایەنەپەیوەندیدارەکانی تایبەت بە کشتوکاڵ بە بەرهەمی ناوخۆیی و چەندین هۆکاری تر ساڵانە لەوەرزی گەشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکاندا توشی دیاردەی ساغ نەکردنەوە و کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان دەبینەوە.هەر لەفرۆشتنی گەنم  بە حکومەتی عێراقی کە ساڵانە ڕێژەی وەرگرتنی بڕی گەنمی کوردستان کەمتر دەکات و سەرەڕای پێنەدان و دواکەوتنی پارەکەی و بەناچاری جوتیارانی هەرێم بەشێکی زۆری بەرهەمی گەنم لەبازاڕدا بەنرخێکی نزم دەفرۆشن.هەروەها نەبونی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی تەماتەو خەیارو کولەکە و بامێ و باینجان و شوتی و کاڵەک وسەرجەم بەرهەمەخۆراکییەکانی وەرزی هاوینە و هەتا پێ گەشتنی ترێ و هەناری کوردستان بەدەگمەن بەرهەمێک لەم بەرهەمە گرنگ و ستراتیژیانەی هەرێم نرخێکی گونجاو بەدەست دەهێنێت تا خاوەن بەرهەم و جوتیاران بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن و بەردەوام بن لەسەر کارو پیشەکەیان. بەکورتی ئەو هۆکارانە دەستنیشان دەکەین کەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم بوژانەوەی بەرهەمی ناوخۆدا. - 1- نەبونی پلانی ئابوری و کشتوکاڵی ستراتیژی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە و گرنگی نەدان بەم کەرتە ستراتیژییە کە کوردستان خاوەنی زۆربەی ڕەگەزەکانیەتی(ئاو وهەوا و خاک و دەستی کار) - 2- گرنگی نەدان بە بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی چ لەناوخۆی هەرێم و دەرەوەی هەرێم و نەبونی ئاسانکاری بەبازاڕکردنی بەرهەمەکشتوکاڵیەکان 3- نەبونی تەنسیق و هەماهەنگی لەنێوان جوتیاران و نەبونی زانیاری تەواو لەسەر پێویستییەکانی دانیشتوان.هەندێ جار چاولێکەری لەبەرهەمهێنانی جۆرێکی دیاری کراودا دەبێتە هۆی زۆری بەرهەمەکەو سەرئەنجام ساغنەکردنەوەی لەبازاڕەکاندا. 4- نەبونی یاسایەک بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و پاڵپشت کردنی لەڕێگای دارایی و نرخ و باجی گومرگییەوە. 5- کرانەوەی بەردەوامی خاڵە سنوریە بازرگانیەکانی هەرێم بە ڕووی بەرهەمی دەرەکی و نەبونی باجی گومرگی بەرز لەسەر هاوردەنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. 6-  نەبونی بازاڕی گونجاو بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی بەرزو نزمی لەنرخەکاندا ناسەقامگیری بازاڕی لێ دەکەوێتەوە. 7- لاوازی کەرتی پیشەسازی تایبەت بە پیشەسازی کردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بەتایبەت بۆ تەماتەو هەنارو ترێ و زۆربەی ئەو بەرهەمەکشتوکاڵیانەی کەدەچنە بواری پیشەسازییەوە. 8- نەبونی ساردکەرەوە(براد) بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەکشتوکاڵیەکان لەکاتێکەوە بۆ کاتێکی تر بەمەبەستی پاراستن و خستنە بازاڕی لە کاتێکی گونجاودا. 9- قۆرخکاری لەهەندێ عەلوەی شارەکاندا دەبێتەهۆی زەرەرو زیان گەیاندن بە جوتیار و سەرئەنجام قورسایی زەرەرەکان لەسەر شانی خاوەن بەرهەم دەوەستێت. - *ئابوریناس


   هیوا سەید سەلیم    دوای چەند هەفتە لە ئۆپراسیۆنی زەمینی و سەربازی سوپای تورکیا بۆ ناوچەی حەفتانین لە دەوروبەری قەزایی زاخۆ، دیمەنی هێزێکی سەربازی لە دەڤەری شەڕی نێوان سوپای تورکیا و  PKK یڵاودەبێتە  کە ئالای عێراقیان لەو دەڤەرە هەڵکردووە کە ساڵانێکی زۆرە ئەو ناوچەیە بەو ئاڵایە و بە هێزەکانی عێراقی نامۆیە. هێزە عێراقیەکە کێن و سەر بەکێنە و سەر بە چ لایەن و نەتەوەیەکن کوردن یان عەڕەب؟  زۆر گرنگ نیە، ئەوەی کە زۆر گرنگە بزانرێت ئەرکی ئەو هێزانە لەو کاتە هەستیارە کە دەڤەرەکە مەیدانی شەڕێکی یەکجار نابەرابەرە لەوێ چیە؟ پرسیار و گومانەکان لەوە سەرچاوە دەگرن،  کە لێرەو لەوێ باس لە هەماهەنگی سەربازی و ئیستخباراتی تورکیا – عێراق دەکرێت،  بۆ سەرکەوتنی تورکیا لەو ئۆپراسیۆنە، ئەوەشی کە گومانەکان زیاتر دەکات، هاتنی شاندی باڵای ئیستخباراتی تورکیا بە سەرۆکایەتی (هاکان فیدان) بۆ بەغدا بە دوو رۆژ پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکەی سوپای تورکیا. هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای ئیستخباراتی تورکیایە، پێشتر بە حوکمی کارەکەی پەیوەندی باشی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەبووە، کە هەردووکیان لە پۆستی سەرۆکی دەزگای موخابەرات بوونە. دوا جاریش ئەو لێدوانەی کە لەزاری قسەکەری وەزارەتی دەروەی ئەمەریکا بڵاوکرایەوە، کە باس لە گرنگی هەماهەنگی نێوان عێراق و تورکیا و هەرێم دەکات بۆ وەدەرنانی هێزەکانی PKK لەو ناوچەیە. هەڵوێستی عێراق لە بەرامبەر ئەو ئۆپراسیۆنە بە دوو جۆر شیکاری بۆ دەکرێت، یەکەمیان بەوەی گومانەکان ڕاست بن و ژێر بە ژێر ریکەوتن لەسەر دژایەتی PKK کرابێت، هی دووەمیش عێراق نەچووبێتە ژێرباری داخوازی تورکیا و بۆ ڕێگری لەو ئۆپرسیۆنە ئەو هێزەی لەو ناوچەیە دامەزراندبێت. هەردوو بژاردەکە ڕێگای تیدەچێت بە تایبەت لایەنی دەستەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان هەمیشە جەغت لەوە دەکاتەوە کە نابێت چیتر PKK بیانوو بداتە هێزەکانی تورکیا،  و ماکینە راگەیاندنەکەشی لە خزمەتی بیانووهێنانەوەیە بۆ ڕەوایەتی دان بە شەڕی (PKK)ە.    ئەوەی تا ئێستا وا دەکات گومان بکەین عێراق و هەرێم بەو ئۆپراسیۆنە رازی بن،  و هاوکاری تورکیا بکەن ، گومانی هەموو لایەکە لە ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا، بەوەی نایشارنەوە ئەوان بە گەڕانەوە بۆ میساقی میللی دەیانەوێت دەست بگرنەوە بەسەر ئەو ناوچانەی کە لە رێکەوتننامەی لۆزان لەدەستیان داوە. بە واتایەکی دیکە هەموو کارەکتەرەکانی نێو قەیرانەکانی ناوچەکە لە پیلانی دەولەتی تورکیا گەیشتوون، بەوەی ئەگەر بۆی بچیتە سەر نەک دەست دەگرێت بەسەر هەرێمی کوردستان و سنووری ویلایەتی موسڵی کۆن، بگرە هەموو ئەو ناوچانەش دەگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی کە لەسەردەمی شەش سەدەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لە ژێر دەستی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە دابوونە. لە سەرتایی ساڵانی ٢٠٠٠،  و دوای هاتنە سەرکاری پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا دوڵەتی عوسمانی نوێ ئەجیندای ئەردۆغان و پارتەکەی بووە، تێزەکەی ئەحمەد داود ئۆغلو کە لە نامەی دکتۆراکەی هاتووە ( قوڵایی ستراتیژی) زۆر بە ڕوونی باس لە تورکیای نوێ دەکات. بۆیە لە بەرژەوەندی هیچ یەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دانیە بچنە ژێر باری ئەجێندای دەوڵەتی تورکیا، بەڵام وەرنەگرتنی هەڵوێستێکی جدی لەبەرامبەر ئەو ئۆپراسیۆنە و بردنی هێزی سەربازی بۆ ناوچەکانی شەڕ هیشتان جێگای گومانە. ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە PKK بەرەیەکی شەڕی دیکە لە دژی خۆی نەکاتەوە،  و کاردانەوەی دژ بەو هێزە نەبێت کە لەو ناوچەیە جیگیرکراوە، ئەگینا ڕادەکێشرێت بۆ نێو شەڕێک کە ئەنجامەکەی بە سوودی ئەجێندای تورکیا دەشکێتەوە.   


ئاسۆ كەمال سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "رێژەی مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌هه‌رێم گەیشتۆتە 3.7%، کە ئەوەش رێژەیەکی زۆر بەرزە، ئێستا (67٪)ی کۆی توشبوان‌و حاڵەتەکانی مردن بەکۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانییە". * کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە هەرێم ٥٠٠٠ تێپەڕاندوە و لە نیویاندا ٢٠٠ دکتۆر و کارمەندی تەندروستی تێدایە، ژمارەی مردووەکان ١٦٠ کەسە.*  ئا لەم کاتە مەترسیدارەدا بزانن ئەم حکومەتی هەرێمە چۆن فریای خەڵکی بێ موچە و هەژاری کوردستان دەکەوێ؟  حەسەن مارف ، کارمەندی تەندروستی فریاکەوتن دەڵێ " کەم دەرامەت کەرتی گشتی تەندروستی لەبەر هەڵوەشاندنەوە و خاپور کرداندایە بەویست وئارەزوی ئەم دەسەڵاتە بێ باکە و خاوەن کومپانیاکانی دەرمانی قاچاخ و نەخۆشخانە تایبەتەکان زۆر بێ باک و خەم ساردن و لێرە بۆ سێ مانگە چێت زۆرینە نەخۆشخانە کان چۆڵکراون یان بەشێکی کەمی لەکاردان ، پزیشک وکارمەندان وا پشت گوێ خراون. تکایە فریاکەون."*  د.پشدەر عبداللە اسماعیل ، بەڕیوەبەری نەخۆشخانەی مناڵانی فێرکاری سلێمانی دەڵێ" دەست لە کاردەکێشمەوە چونکە لەبەرامبەر بێ باکی حکومەت لە دابینکردنی موچە و بێ باکی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لەبەرامبەر چۆلکردنی خەستەخانە...کەرتی گشتی پشت گوێ خراوە و خراوەتە خزمەت کەرتی تایبەت".*4  ئەم بەڵگانە نیشانی دەدەن کە حکومەتی هەرێم  خەڵکی هەژاری کوردستانی خستۆتە بەردەم هەڕەشەی مەرگی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە و تەنیا کەسانێک لە کوردستان دەتوانن خۆیان بپارێزن کە پارەدارن  و دەتوانن چارەسەر وەرگرن لە نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتە بکڕن.  چۆڵکردنی نەخۆشخانە گشتیەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، لەم کاتی پەتای کۆرۆنایەدا ئەمە چی دەگەیەنێ؟  لەم کاتی پەتای کۆرۆنایەدا یەکێتی و پارتی خەریکی قوربانی کردنی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستانن لە پێناو تاقیکردنەوەی پلانی تایبەتی کردنی کەرتی تەندروستی. نەدانی موچەی کارمەندانی تەندروستی نیشانی دەدا کە ئەم  حکومەتی هەرێمە دەیەوێ ئەم کەرتە چۆڵ بکا و خەڵک ناچاربن ڕوو لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان بکەن و دەرمان و چارەسەر ببێتە مەیدانێک بۆ کەڵەکەی سەرمایەی کۆمپانیاکانی ئەم حزبانە.  هەربۆیە ئەم سیاسەتی چۆڵکردنەی نەخۆشخانە گشتیەکان لای بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەسەڵاتدارەوە تاوانێکی جەنگی دژی کۆرۆنایە، کە گیانی هەزارەها ئینسانی هەژار دەخاتە مەترسیەوە. لە کاتێکدا کەرتی تەندروستی تەنیا لە ٦،٥٪ موچەخۆران پێک دێنێ*  کە بەپێی ژمارەی گشتی موچەخۆران ژمارەیان ٢٧٩٦٥ موچەخۆری تەندروستیە. لە داهاتی ساڵانەی هەرێم کە تەنیا ڕەسمیەکەی بڕی ١٠ ملیار دۆلار دەبێ زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ موچەی ئەم کارمەنادانە بدرێ، کەواتە پارتی و یەکێتی بە ئەنقەست و بێ گوێدانە حەساسیەتی ئەم دۆخەی کە دڵی هەموو کۆمەڵگە لە دەستی کەرتی تەندروستیدایە دەیانەوێ نەدانی موچە ببێتە هۆکارێک بۆ چۆڵکردنی کەرتی حکومی تەندروستی. ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە لە ٢٠٠٥ ەوە پۆل بریمەر فێری بورژوازی کورد و عەرەبی عێراقی کردوە کە چۆن دەسەڵاتی میلیشیاییان پشت ئەستوور بکەن بە کۆمپانیا بازرگانی و وەبەرهێنانەکانیان و هەرچی داهاتی کەرتی حکومیە بکەنە موڵکی ئەم کۆمپانیا تایبەتیانەیان.  مەسرور بارزانی لەم کاتەدا ڕایدەگەیەنێ کە "خەرجکردنی قۆناغێکی دیکەی بودجەی تایبەت بە خەرجییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە بڕی پێنج ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی."*  ئەم سەرۆکە چاکسازە قۆناغی یەکەمی پەتای کۆرۆنای بە پیتاک کۆکردنەوە بە ڕێکرد لە کاتێکدا جیهان بە ترلیۆنەها دۆلاری بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتاکە بەناچاری سەرفکرد تاکو بەر بە مەرگی خەڵک بگرن. ئێستاش کە پەتاکە فراوانتر بڵاوە و هەڕەشەیەکی جدی ترە. دانانی ٤ئەم  ملێۆن دۆلارە گاڵتەکردنێکی ترە بە ژیان و مەترسیەکانی خەڵکی کوردستان  لە کاتێکدا دەزانرێ کە چ وێرانەیەکە سیستمی تەندروستی کوردستان و چۆن بەم بڕە پارەیەی ناتوانرێ هیچ کام لەو پێداویستیانە دابین بکا کە بۆ ڕوبوڕوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و بڵاوبونەوەی پەتاکە پێویستە، وەک ڤانتلەیشن و نەخۆشخانە و دەرمان و پشتیوانی بواری فریاکەوتنی کتوپڕ، دۆزینەوەی کەیس و پێوەری تەندروستی گشتی، چارەسەری نەخۆش، تاقیکردنەوەی تاقیگەکان، کۆنترۆڵی بڵاوبونەوە و پەرژانە سەر هەموو کۆمەڵگە. ئەم بێدەربەستیەی حکومەتی هەرێم لە دانانی بودجەی پێویست بۆ ڕوبەڕوبونەوەی شەپۆلی دووەمی پەتای کۆرۆنا درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە ئەم حزبانە دەیانەوێ لە کاتی کۆرۆناشدا کەڵەکەی سەرمایەکانیان پەکی نەکەوێ و هیچ لەو سەرمایەیەی بۆ ١٥ ساڵە لە نەوت کۆی دەکەنەوە لە ئێستادا سەرفی پێداویستی تەندروستی خەڵکی نەکەن. هەربۆیە هاواری ٢٧ ملیار قەرزداری دەکەن لە کاتێکدا هەموو دەزانین کە ئەم قەرزانە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەو دەیان ملیارەی داهاتە لەلای ئەو ملیاردێر و ملیۆنێرانەی کوردستان، ئەگینا قەرزداری مانایەکی تری نیە لە کاتێکدا، بە فەرمی و لە زمانی خۆیانەوە، ساڵانە لانی کەم داهاتی کوردستان لەم ١٥ ساڵەدا ١٠ ملیار دۆلار بوو بێت. بێگومان داهاتی کوردستان دوو بەرانبەری ئەم ئامارە ڕەسمیەیە. دەبێ چی بکرێ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ وەک خەلکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان ئەمڕۆ بیکەین و ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم دۆخە بدۆزینەوە. ئەم حکومەتە و کۆمپانیا سەرمایەدارەکانی دەیانەوێ ئەوەی بەناو و موڵکی حکومەتە بیکەنە موڵک و داهاتی خۆیان و لەم ڕێگەیەوە لەکاتی قەیرانی ئێستای کۆرۆنادا دەیانەوێ کەرتی تایبەتی خۆیان بکەنە ئەمری واقیع و سوود لە نەخۆشی و ترسی خەڵک لە مەرگیش وەرگرن.  پاراستنی ئەم نەخۆشخانە و داهات و کەرتە حکومیانە ئەمڕۆ لە ڕێگای دەست بەسەراگرتن و بەڕێوەبردنیەوە دەبێ لەلایەن کارمەندانی تەندروستی خۆیانەوە و فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچە و پێداویستیەکانی کەرتی تەندروستی. نمونەی نەخۆشخانەی هیوا بۆ شیرپەنجە نمونەیەک لەو کارە هەروەزیانەیە کە دکتۆر و کارمەندانی تەندروستی ئەو نەخۆشخانەیە نیشانیان داوە. ئەم دۆخە ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە کاتێکدا دەسەڵات خەریکی تاڵانکردنی کۆمەڵگەیە ئەوا پێویستە ،جگە لەوەی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین فشاریان بۆ بهێنین ، خەڵکی خۆی دەست بەرێ بۆ ئیدارە و دابینکردنی پێویستیەکانی. با لە ڕێگەی ئەنجومەن و شورای دکتۆر و  کارمەندانی نەخۆشخانەکانەوە  پەیوەندی بکەین بە WHO و ڕیکخراوە جیهانیەکانەوە کە بڵێین ئەوا حکومەتی هەرێم نەخۆشخانە گشتیەکانی چۆڵ کردوە و ئێمە دەمانەوێ ئەم سەنگەرانەی تەندروستی ملیۆنەها ئینسان لە کوردستان بپارێزین و هەروەک لە ١٩ نیسانی ٢٠٢٠ بە بڕی (US$ 426 732) *  کۆمەکتان کردین وەرن ئێستاش فریامان کەون تا خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان لە کارەساتێکی مرۆیی ڕزگاربکەین. پێویستە ئێمە خۆمان نیشانی بدەین کە ئەم حکومەتەی حزبە بورژوازیەکان نەک زیادەن و سەربارن بەڵکو مافی ئەوەیان نیە بە ناوی حکومەت کردنیشەوە داهاتی کۆمەڵگە داگیربکەن. ١٠ ساڵە وەک خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی کوردستان دەزانین کە ئەم حکومەتە دەبێ بڕوخێ، بەڵام وەک ئەم خەڵکە بەدیلی ئەم دەسەڵاتەمان دروست نەکردوە. هەربۆیە زۆربەی کات حزبێکی کۆنە دز و کۆنە ئۆپۆزسیۆن دێنە پێشەوە و دەیانەوێ خەڵک فریوبدەنەوە کە ئەوانن بەدیلی ڕزگاری بەخشی ئەم خەڵکە ناڕازیە. ئەم سیناریۆیە پێویستە بگۆڕین. ئەم هێزە سیاسی و جەماوەریە ناڕازیەی خەلکی هەژار و کەم دەرامەت دەبێ خۆمان خەستەخانە و کارگە و فەرمانگە و داهاتەکان کۆنترۆڵ بکەین و بەڕیوەی بەرین. یا خود نمونەکانی کاری هەرەوەزی لە شاری خانەقین و هاوکاری لە گەرەکی حوریەی کەرکوک و هاودەمی خەڵک لەگەڵ یەکتر شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەبێت جێگەی ئەو سیستمە نیولیبرالیە میلیشیاییە بگرێتەوە کە یەکێتی و پارتی بگرێتەوە کە دزی و چەتەیی ئاشکرای موڵکی گشتی خەڵکی کوردستانە.   


كەمال رەئوف • هەمووان ئەو راستیە ئەزانین کە دۆخی ئێستای هەرێم لە زۆر رووەوە لە چ تەنگژە وناجۆریدایە، تورکیاو ئێران، سنور ئەبەزێنن، پەیوەندی لایەنەکان تەندروست نییە، متمانەی نێوان حکومەت و خەڵک لەسفردایە، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد باش نییە، کێشەی ئابوری بەسەختی یەخەی حکومەتی گرتووە، کەس پرۆژەی کرداری پێنییە، رێککەوتنیش لەگەڵ بەغداد بەوشێوەیە بۆ هەرێم قورسە، ئەوانە هەمووی مەعلومە، بەس ئەوەی دیار نییە وکەس نازانێت و هیچ تەفسیرێک نییە لەم دۆخەدا ئەم بێ باکی و لوتبەرزییەی سەرکردە کوردەکان لەپای چییە. • لەوە دەچێت پرۆژە چاکسازییەکەی حکومەت، توشی ماخۆلانی کەمرکردنەوەی مووچە بووبێت، بۆیە هەر بەدەوری کەمکردنەوەی مووچەدا دەسورێتەوە، خۆ هەرکەس چاکسازی بکات، بەدڵنیاییەوە خەڵک پشتیوانی ئەکات، بەڵام گەر چاکسازی هەر کەمکردنەوەی مووچە بێت، نەکردنی باشترە. • دەکرێت سەرۆکی حکومەت نیەت پاکی و ئیرادەی چاکسازی لەم هەنگاوانەوە نیشان بدات... 1- هێزەکانی رۆژ، کە لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگەیە و نیزک لە ٦ هەزار چەکدار ئەبێت، هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە خۆ شوکر مەترسی لەسەر هەرێم و رۆژئاوا نەماوە، تا ئەو هێزە بەرگری لێبکەن و هەرێمیش بەناچاری ئەو مەسرەفە زۆرەو ئەو هەموو مووچەیەیان بۆ خەرج بکات. 2- هەموو لایەک دەزانێت، کۆمپانیاکانی پارتی و یەکێتی، ساڵانێکی زۆرە دەستکەوتی قەبەیان هەبووە، داهاتێکی زۆریان کۆکردۆتەوە، بائێستا حکومەت فەرزی بکات بەسەریاندا هیچ نەبێت، مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال کراوەکان بخەنە سەر شانی خۆیان تا هەرێم لەم دۆخە قوتار دەبێت. 3- بۆ مووچەی ئەم مانگە حکومەت بری ٨٠ ملیاری نوقسانە، بۆیە دەبێت بەچەند وەجبەیەک مووچەی وەزارەتەکان بدرێت، باشە سەرۆکی حکومەت روولە بازرگان و سەرمایەدارە ناوخۆییەکان دەکات بۆ قەرز، ئەی ناکرێت حکومەت برێک پارە لە پارتی و یەکێتی قەرز بکات، خۆناکرێت و بوترێت نیانە چونکە کەس بروای بەوە نییە کە پارتی و یەکێتی پارەیان لەبانکەکانی دەرەوەو ژێرزەمینەکاندا نەبێت. 4- چەند مانگە باس لەوە دەکرێت هەندێک لەکۆمپانیاکان بری ٧٠٠ ملێون دۆلار قەرزاری حکومەتن و هەندێکیان وادەی دانەوەی قەرزەکە زۆری بەسەردا تێپەریوە، ئەی ناکرێت حکومەت ئیجرائاتێکی یاسایی و شەفاف وەربگرێت بۆ گەرانەوەی ئەم قەرزانە. 5- لەزاری بەرپرسە باڵاکانی حکومەتەوە قسەیەکی زۆر لەوە دەکرێت زیاتر لە ١٥٠ هەزار مووچەخۆری بندیوار هەن، هەندێکیش باسی بوونی دوومووچەو سێ مووچەدەکەن، هەندێکیش باس لە ٢٠٠ هەزار کەس دەکەن کە بەنایاسایی کراونەتە مووچەخۆر، ئەوانەش زۆربەی لەسەر حزبەکان مەحسوبن و بەشی شێریشیان هی یەکێتی و پارتییە، ئاخۆ حکومەت ناتوانێت لەماوەیەکی کەمدا لیستی مووچەخۆان پاک بکاتەوەو و ئەو بارە قورسە لەسەر شانی خۆی لابدات.


عەدنان عەلی تاڵەبانی  بەوروژاندنی پرسی سزادانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو یٔیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین و پشتگوێخستنیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە, ماوەیەك یەكێتی هەڵمەتێكی بۆ سیستمی لامەركەزی پارێزگاكان دەستپێكرد, هێشتا یٔەو هەڵمەتەی كۆتایی پێنەهێنابوو, پرسی هەرێمی سلێمانی خستوەتە بەرباس.  لامەركەزی و پرسی هەرێمی جیا دوو پرسی تەواو جیاوازن, سیستمی لامەركەزیی پارێزگاكان دابەشكردنی دەسەڵاتەكانە لەنێوان حكومەتی هەرێم و چوار پارێزگاكەدا, بەڵام بەپێچەوانەوە دروستكردنی هەرێمی سلێمانی دابڕانی پارێزگاكانی هەرێمە لە رووی یٔیداری و حكومڕانیەوە. یەكێتی بەیٔاشكرا داوای سیستمی لامەركەزی دەكات, بەڵام بۆ هەرێمی سلێمانی كە خراوەتە بەرباس و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت تا یٔێستا بە یٔاشكرا تەبەنی نەكردووە, لەگەڵ یٔەوەشدا بەدور نازانرێت یەكێتی یٔەم باسەی خستبێتە ناو خەڵك, چونكە دوای وروژاندنی یٔەم پرسە لەمیدیا و رای گشتیدا لەلایەن خەڵكی ترەوە, یەكێك لە یٔەندامە دیارەكانی یٔەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی-یش لە نوسینێكدا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی سلێمانی دەردەبڕێت و شەرعیەتی پێدەدات. پرسیاری جەوهەری یٔەوەیە یەكێتی كە هێشتا هەڵمەتەكەی بۆ پرۆژەی لامەركەزی بە كۆتا نەگەیشتووە  بۆچی پرۆژەی هەرێمی سلێمانی دەوروژێنێت؟.  گریمانەی یٔەوەدەكرێت باسكردنی هەردوو پرسەكە لای یەكێتی بۆ مەبەستێكی تاكتیكی بێت نەك ستراتیژی, دوای هاتنە پێشەوەی یٔەم سەركردایەتیە تازەیەی یەكێتی و یٔامادە نەبوونی بارزانی و پارتی بۆ دیدار و دانیشتن لەگەڵیاندا پەیوەندییەكانی یٔەو دوو حزبە گرژی تێكەوت, هەڵمەتی پرسی لامەركەزی و دواتریش وروژاندنی بابەتی هەرێمی سلێمانی دەكەوێتە زەمەنی هەڵمەتەكانی یەكێتی دژی پارتی, بۆیە پێشبینی دەكرێت وروژاندنی یٔەم دوو پرسەش بۆ فشاركردن بێت لە پارتی بۆ یٔەوەی  دیفاكتۆی  سەركردایەتیە تازەكە قبوڵبكات.  یٔەگەر ناكۆكییەكانی یٔەو دوو حزبە وردبكەینەوە پارتی زیاتر لەگەڵ بەشێكی سەركردایەتی تازەی یەكێتی كێشەی هەیە نەك هەموو یەكێتی, بارزانی و پارتی زۆر كێشەیان لەگەڵ كوڕانی تاڵەبانی نیەو لەدوای كۆنگرەی یەكێتیشەوە بارزانی بە نهێنی و دور لە چاوی میدیا لەگەڵ باڤڵ تاڵەبانی كۆبوەتەوە, بەڵام یٔامادەی دانیشتن و دیدار نیە لەگەڵ لاهور تاڵەبانی, یٔاماژەی یٔەوەشدەركەوتووە مامەڵەی جیای پارتی درزی خستبێتە ناو سەركردایەتیە تازەكەی یەكێتی, لە پرسی كەمكردنەوەی موچەشدا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بە یٔاشكرا درزی نێوان یٔامۆزاكان لە سەرۆكایەتی یەكێتی دەركەوت.  یٔێستا كە هەوڵ هەیە بۆ یٔاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی و لەچەند رۆژی رابردوودا دیدار و دانیشتنیش كراوە و بڕیارە كۆبونەوەی تریش بكەن, لەرۆژانی داهاتوودا لە یٔەگەری یٔاساییبونەوەی پەیوەندییەكانیان دەردەكەوێت یٔایا لامەركەزی و هەرێمی سلێمانی كارتی گوشارە یاخود پرسێكی ستراتیژی؟. لانی كەم لەم بارودۆخەدا پێناچێت نە یەكێتی و هیچ هێزێكی تر كە رەخنەیان لە خراپی یٔیدارەدانی حكومەتی هەرێم و قۆرغكاری پارتی و ناعەدالەتی جوگرافی لە سەر یٔاستی كوردستان هەیە بوێری یٔەوەیان هەبێت بەكردار كار بۆ هەرێمی سلێمانی بكەن, دروستكردنی هەرێمی سلێمانی هەرێمێك نیە لەپاڵ هەرێمی هەولێر, بەڵكو جێهێشتنی ناوی هەرێمی كوردستانە بۆ دەسەڵاتی پارتی لە هەولێر و دهۆك, هەموو هێزەكانیش ترسی یٔەوەیان هەیە یٔەوكات ساحەی كوردایەتی بۆ پارتی بە تەواوی یەكلایی بێتەوە كە لە شەستەكانی سەدەی رابردوەوە هەوڵی قۆرغی دەدات. هەر هەوڵێكی  یاسایی و دەستوری و مەدەنی بۆ بوژاندنەوەی خەڵك و یٔاوەدانكردنەوەی كوردستان و سەر رێگەخستنی دەسەڵاتێكی دیموكراتی و مەدەنی قابیلی پشتیوانیكردنە, بەڵام تا یەكێتی لە دێگەڵە بەرەوخوار هەیمەنەی هەبێت هەر پرۆژەیەك بۆ دروستكردنی هەرێمی جیا لە سلێمانی بێ‌ پشتیوانی یٔەوحزبە یٔاستەمە جێبەجێبكرێت, هەر هەوڵ و  پرۆژەیەك لە گریمانەی یٔەوەی یەكێتیشی لە پشتەوە نەبێت بۆ جیابونەوە لە دەسەڵاتی پارتی لەم كاتەدا دەرژێتە جۆگەی هەوڵەكانی یەكێتی بۆ فشاركردن لە پارتی.


كوردۆ فەرەج رۆژی (1/7/2020)، ژمارەیەك پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان، بە مەبەستی ڕەتكردنەوەی موچەی خانەنشینی فۆرمیان پركردەوە بۆ ئەوەی موچەی خانەنشینی وەرنەگرن، لەكاتێكدا ئەو پەرلەمانتارەی مافی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی هەیە، بە پێی یاسای چاكسازیی، دەبێت دوو مەرجی تێدا بێت، 15 ساڵ خزمەتی حكومی و تەمەنی لە سەرووی 45 ساڵەوە بێت، ئینجا تەنها 50%ی خانەنشینی وەردەگرێت و ئەوانەشی ئەو مەرجانەیان تێدا نییە، لەكاتی گڤتوگۆی یاساكەدا لە پەرلەمان، مافێكیان بۆ پینەكرا و بڕیاردرا ئەوانیش بە رێژەی 15%ی موچەكەیان خانەنشین بكرێن، بەڵام نابێت بگاتە رێژەی 25%. دوای ئەوەی هەشت پەرلەمانتار لە دیوانی پەرلەمانی كوردستان فۆرمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینیان پركردەوە، بەڵام پێشتریش بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ئەو بریارە جێبەجێكرا، كە هەر پەرلەمانتارێك دوو مەرجی یاسایی تێدابێت كە 15 ساڵ خزمەتی حكومی و تەمەنی لە سەرووی 45 ساڵەوە بێت، دەتوانێـت بەپێ‌ یاساكە خانەنشین بن، ئەمەش لە یاسای خانەنشینیی عیراقی دا هەر بەمجۆرەیە. بەڵام ئەو هەشت پەرلەمانتارەی كە تائێستا فۆرمیان پركردووەتەوە، یەك پەرلەمانتاریان یەك مەرجی تێدایە، كە تەمەنی لە سەرووی 45 ساڵییەوەیە، بەڵام مەرجی خزمەتی نییە و تەنانەت بۆ رۆژێكیش لە وەزیفەی حكومی دا نەبووە. ئەو حەوت پەرلەمانتارەی دیكە، هیچ كام لەو دوو مەرجەی خانەنشینییان تێدا نییە. كاتێك پەرلەمانتارێك كە هەردوو مەرجەكەی تێدا بوو، مافێكی تەواو یاساییە كە لە پاش تەواوكردنی خولی پەرلەمانیی، خانەنشینی وەربگرێت و بەپێی یاسای چاكسازیش كراوەتە 50%ی موچەكانیان، كە پێشتر 80%ی موچەكانیان بوو. ئەمە لەكاتێكدایە حیكمەتی خانەنشینبوون بەپێی مەرجەكان، لەو روانگەوەیە كە پێشتر ئەو كەسەی خانەنشین دەبێت، مانگانە بڕێك پارەی خانەنشینیی لە موچەكەی بڕاوە، تا ئەوكاتەی بەپێی یاسا دەگاتە تەمەنی خانەنشینبوون و دوای خانەنشینبوونیش، پارەی بڕاوی خانەنشینییەكەی وەردەگرێتەوە. بەڵام نەك پەرلەمانتارێك كە مەرجەكانی ساڵانی خزمەت و تەمەنی یاسایی خانەنشینبوونی نەبێت و پێش كاری پەرلەمانیی چەند ساڵێك، یان تەنانەت رۆژێكیش موچەخۆری دەوڵەت نەبووبێت و پارەی خانەنشینی لە موچەكەی نەبڕابێت و كەچی بە چوار ساڵی پەرلەمانیی، خانەنشین بكرێت! وەك ئەو هەشت ئەندام پەرلەمانەی فۆرمی رەتكردنەوەی موچەی خانەنشینیان پڕكردووەتەوە، تەنانەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لەدواین هەڵوێستیان لەبارەی خانەنشینی پەرلەمانتاران پێیان وایە كە سەرجەم پەرلەمانتارەكانیان یاسای خانەنشینی عێراقی یەكگرتوو دەیانگرێتەوە و مەرجەكانیشیان تێدایە، بەشێك لە پەرلەمانتاران هیچكام لە مەرجەكانیان تێدا نییە، بەڵام موچەی خانەنشینی وەك موزایەدەیەك بەو گەلە ستەمدیدەیە دەفرۆشنەوە. من پێم سەیرە بەشێك لە پەرلەمانتاران موزایەدە بە سەر هاوپیشەكان و تەنانەت هاوڵاتیانیشەوە دەكەن، كە پەرلەمانتار هەیە لە پاش تەواو بوونی خولی پەرلەمان، بگەرێتەوە سەر پیشەكەی پێشووی كە پزیشكە، موچەكەی نزیكەی پێنج ملیۆن دینار وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر دوای تەواوبوونی ئەم خولە و بەپێی یاسای چاكسازیی، موچەی خانەنشینی وەربگرێت، موچەكەی نزیكەی ملیۆن و نیوێك دینار دەبێت. بۆیە ئەمەی ناویانناوە رەتكردنەوەی موچەی خانەنشینی، لەراستیدا رەتكردنەوەی لەتەموچەی خانەنشینییە. لە كاتێكدا وەزیرێك، كە پلەیەك لەخوار پەرلەمانتارەوەیە و ئێستا موچەكەی نزیكەی حەوت ملیۆن و 600 هەزارە، بۆ هەر مانگێك بری پانزە ملیۆن دیناریش نەسرییەی هەیە و بە بێ‌ چاودێری دارایی، خۆی سەرپشكە لە چۆنێتی سەرفكردنی. واتا مانگانەی وەزیرێك نزیكەی 23 ملیۆن دینارە. سەرباری ئەوەی دەیان دەسەڵاتیان  هەیە بۆ رێككەوتن و گرێبەست و بەخشینی پڕۆژەی جیاجیا بە كۆمپانیا و كەرتی تایبەت و دەتوانن سود لە دەسەڵاتەكانیان وەربگرن و یەك پەرلەمانتاریش نییە، بچوكترین دەسەڵاتی لەوجۆرەی هەبێت، لەكاتێكدا ئەمڕۆ میدیای كوردی و سۆشیالمیدیا فۆكسەكەیان خستوەتە سەر پەرلەمانتار، وەك لەوەی بیخەنە سەر وەزیر و دەسەڵاتدارەكانی تری ناو حكومەت و گەندەڵییە گەورەكە لەناو حكومەتدایە، نەك پەرلەمان، كە تەنها كێشەكە لە بەرزی موچەكەیاندایە و ئەمەش بەوهۆیەوەیە كە پلەكەیان، سێیەم پۆستە لەسەر ئاستی كوردستان، لەكاتێكدا پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری، سەدان ملیۆن دینار نەسریەی مانگانەیان لەبەردەستدایە و بە 108 پەرلەمانتاری كوردستانەوە، بێجگە لەو سیانەی دەستەی سەرۆكایەتیی، هیچیان یەك دینار نەسریەیان لەبەردەستدا نییە تاكو گەندەڵیی لەسەر بكەن و ئەمەش بەرگریكردن نییە لە پەرلەمانتار، بەڵكو وتنی راستییە، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانتارەكان خۆیان بێدەنگیان لەمبارەیەوە هەڵبژاردوە و بوونەتە گوێرایەڵی حزبەكانیان و لەسەر ئەم پرسە گرنگانە نایەنە وەڵام. پەرلەمانتاریش، وەكو وەزیر و دادوەر و هەر پلە باڵایەكی تر، مافی خانەنشینبوونی هەیە، ئەگەر مەرجەكانی خانەنشینبوونی عیراقی گرتییەوە، بەڵام شلكردنی مەرجەكان و دەرفەتدان بۆ ئەوانەشی كە نە ساڵانی خزمەت و نەتەمەنی خانەنشینبوونیان هەیە، بەڵام بە رێژەی 15ش بۆیان هەبێت خانەنشین ببن، وەك ئەو هەشت پەرلەمانتارەی دوێنێ‌ فۆرمەكانیان پڕكردوەتەوە، ئەمەیان ناڕەوایە و كەچی سەرەڕای ئەوە موزایەدەش بكەیت بەسەر ئەوانەی تەواوی مەرجەكانیان تێدایە. بۆیە، هەقە هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی مەرجی 15 ساڵ خزمەت و 45 ساڵ تەمەنیان تەواونەكردووە، هەر هەموویان ویژدانی ئەوەیان بجوڵێت خانەنشینی رەتبكەنەوە و دواتر بچنەوە سەر وەزیفەكانی پێشوویان، یان دوای كاری پەرلەمانیی، بچن كار و كاسبییەك بدۆزنەوە و ئەمەش عەیبە نییە و سەربەرزییە و پێویستیش ناكات وەكو موزایەدە بە هاوڵاتیان و پەرلەمانتارەكانی تری بفرۆشنەوە. بۆیە، پڕكردنەوەی فۆرمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی، موزایەدەیەكی تەواو ساسیی بێ‌ بنەمایە، چونكە پەرلەمانتار هەیە پێشتر مامۆستای زانكۆ بووە، ناكرێت زیاتر لە بیست ساڵ خزمەتی هەبێت و دوای پەرلەمان جارێكی دیكە ناچاربكرێت بگەرێتەوە سەر كارەكەی خۆی، ئەگەر داوای خانەنشینی بكات تەواوی یاساییە. هەربۆیە دەبێت رێگانەدرێت یاری بە بیرو هۆشی هاوڵاتی بكرێت، كە رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلاری ئەم هەرێمە بە فێڵ و شێوازی جیاجیا دەدزرێت و دەبرێتە دەرەوەی كوردستان، بەڵام كە دێتە سەر خانەنشینی پەرلەمانتارێك، تەواوی تۆرە كۆمەڵایەتی و میدیاكان، كە بە پارەی میللەت بەرێوەدەبرێن، باسی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتار دەبێت جێگای باس و سەردێری هەواڵەكانیان و دزییە گەورەكانی پێدادەپۆشرێت.  


زەبەنگ بەهادین ئەوەی مێژوی عەرەبی خوێندبێتەوە دەبینێت مێژویەکی خوێناویە پرە لە جەنگ و داگیرکاری و زوڵم و ستەم ، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شیعە گەرایی و گەشە پێسەندنی لە لایەن فارسەوە بە مەبەستی خۆ جیاکردنەوە لە عەرب و هێشتنەوەی دەسەڵاتی فارسی لە ناوچەکەو نەکەوتنە ژێر رکێفی دورگەی عەرەبی هەمیشە کوشتار و خوێن بوونی هەبووە لە نێوان سوونە و شیعە کە دوو پێکهاتەی سەرەکی حوکمن لە عێراقدا . هەرچی کوردایەتی و شۆرش کرا لەم ناوچەیە بۆ رزگار بوون بوو لە دەست داگیر کەرانی کورد بۆ بە دەستهێنانی سەربەخۆی و ئازادی ، بەشی باشوری کوردوستان کەوتە بەرەی هەردو مەزهەبەکەوە مەزهەبی شیعی و مەزهەبی سوونی ، سەردەمێک بەرەنگار بونەوە لەگەڵ سوونە سەردەمێکیش لەگەڵ شیعە ، هەڵبەت هیچیان لەوی دی باشتر نەبوو بۆ دۆزی کورد ، ئێستا لە عێراق شیعە باڵا دەستە سەرجەم بریاری سیاسی و ئابوریەکان لای شیعەکانە لە نێوان ئەوە بریارانە ئابوری و نەوتی کوردوستان سنوورەکان رامیاری ئەمانە وایانکردوە کورد نەتوانێ هەنگاو بنێ بێ پرسی بەغداد . خەڵک لە تاو زوڵم و دزی و نا شەفافیەت هانا بۆ بەغداد دەبەن ، نەزانین لەو ئاکارە سیاسیانەی ئێستا لە عێراقدا هەیە کوردی خستۆتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە ، لە لایەک گەمەی بۆگەنی سیاسیەکانی ئێرە بۆ مانەوە لە چوارچێوەی عێراق و بۆ هێشتنەوەی خۆیان لە لایەک ی ترەوە دەستگرتن بە سەر سەروەت و سامانی ناوچەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و رەشکردنی رووی بەغداد بۆ ئەو کاتانەی بەرژەوەندیان وا دەخوازێ ، ساتێک عێراقی دراوسێ ساتێکیش ئێمە بەشێکین لە عێراق ، هەر کات پارە بێت لە بەغدادەوە ئێمە لەگەڵیانین کە پارەش نەما ئێمە لەرێیەک و ئەوان لە رێیەک ، ئەم گەمەیەی دەسەڵاتدارانی کوردوستان دەیکەن  مەترسیدارە سەرنجامەکەی خەڵک وەک خۆیان لێدەکەن ئەوەی پارە بدات کوری باشە بێ ئەوەی بیریان بێت چ مەزهەب گەرایی و تایەفە گەرایی و کێشەو شەری گەورە بوونی هەیە لە خواروی عیراق ، ئەوەی وای لە خەڵک  کرد بڵی با قەوارە هەرێم هەڵوەشێتەوە ستەمی ئەمانەیە نەک باشی ئەوان ئێستا خەڵک دەستێکی لە ئاگردایە بە دەست سیاسەتی شاراوە و نادیاری هەرێم بۆ نەگبەتی دەیەوێت دەستەکەی کەشی بخاتە ئاگرەوە بە گەرانەوە بۆ بەغداد ، دوو هەڵبژاردە کە هیچ کامیان هیوایەکی روناکی تێدا نییە لە ئێستادا هیچ لایەکیان هەڵبژاردەیەکی تەندروست نین ،  ئەوەش لەو لاوە بوەستێ ئۆپسزێۆنێکی  راستگۆ بوونی نییە تەنها چارە بۆ ئەم میللەتە ستەم لێکراوە دەستگرتنی یەکدیە و دروستکردنی  متمانەو توانای ناوخۆی تاکەکانە پێکەوە ، وەک پێشینان دەڵێن ئێستا بەس یەکمان هەیە و کەسمان نەما .


نەبەز جەلال ئەو ژیانە سەپاوو سروشتە خراپەی ئێستای ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، بەرھەمی کۆی شکستی ئەو ئاوەزە چەپەک و خۆبەزلزانە، لەخۆبایی و کاڵفامەیە، کە بەردەوام تواناکانی لە دروستکردن و بەدەستھێنانی دەستکەوتی تایبەتی و کەسی خۆی وپێلێنانی مافە گشتییەکانی خەڵکی کوردستاندا بووە وەک سەرانی دەروون ئاڵۆزی بێ ئاگا لە دەسەڵات و ئەزموونیبەڕێوەبردندا. ئەوانەی خەڵکیان بە بچوک و کەم دەبینی و بە خواست و چێژی ئارەزوومەندانەی کەسی و بەرژەوەندییە نە بڕاوەکانی خۆیانھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکردو پێیان بە میللەتەکەی خۆیاندا دەناو بێ شەرمانە ھەڵسوکەوتیان دەکرد و گوێیان بۆ ھیچ دەنگێکیڕەواو داخوازی ڕاستەقینەی گەل نەدەگرت. ئێستا دەبینین بەم شەرم و شکست وشەرمەزاریە ھەمە چەشنەو بچوکییەوە ،چاو لە دەست و دەمی خەڵکەکەیەتی بۆلێخۆشبوونێکی میللەت کە قەت بە خەیاڵیدانەدەھات بکەونە ڕۆژێکی ئەوھاوە! ئایا کورد تا کەی ناتوانێ دەسەڵاتی کارتۆنی و لێبوکە خۆ بەزلزان و مایەپوچە سیاسی و بەدفەڕەکەی خۆی تێپەڕێنێ و ناخیخۆی ئارامکاتەوەو بێتەوە ناو دۆخی مرۆڤ بوون و، لە سواربونی ملی سیاسەت و دەسەڵاتی پیاکەوتە دابەزێ و خۆی لێبێتەوەبە خۆی! بێگومان ئەمە تاکە دەستپێکی پەشیمانبوونەوە لێبوردەیی و ڕاستکردنەوەی کارەکانی دەسەڵاتە کە بتوانێ خۆی پێ پاک وئاشتبکاتەوە . خۆی لەو لە خۆ بایبون و فووتێکردنە ڕزگاربکات و بچێتەوە سەر دۆخی ئاسایی نیشتیمانبوون و پێکەوە ژیان و کارکردنقبوڵبکا! بە تایبەت کە لە ئێستادا سروشتی ناوچەکە لە لێواری دەستکاریکردندایەو زۆری نەماوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەودروستکردنەوەیەکی نوێتر، بەدڵنیایی ھەرێمەکەشمان بەو گۆڕانکاریە گەورەیەدا تێپەڕ دەبێ. تا ئێستاش تروسکاییەک ماوە گەر بەتەمای کوژاندنەوەن و ناتانەوێ خاپور نەبێ! بە دڵنیایی ئەم ھێورکردنەوەو ئارامییە لای خەڵک نییە و لە ناو لەپی دەستی دەسەڵاتداراندایە وەک چارەسەرێکی سەرەتای بەھەنگاوەکانی بەرەوپێشچوون، بە ھیوای سەرانی بەسەر گێژخواردوی بەرژەوەندیە کەسییەکان بەئاگابێنەوەو برایەتیەکیڕاستەقینەو حکومەتێکی ھاوڵاتی بوون گەشە پێبدەن. خەڵکی کوردستان ڕێز لە سنوری ھێڵی سووری مێژوو خەباتی خۆی دەگرێ، ئێوەش ئەو ڕێزو سنورە مەشکێنن و مەیکەنەوەبەچەکی بڕەروو مانەوەو دژە گەل و وەک بارمتەیەکی ڕاموسان بەکاری مەھێنن، تا پەیوەندییەکەمان لەوە زیاتر نەپسێ! پێش پسانیش؛ سەری بەرزی میللەتەکە ماچ بکەن و کەوشەکانیان بخەنە سەر و بڵێن ئێمە بچوکتانین کاتێکیش پسا: « ڕەش و سپی ، بەھێز و بێھێز »پێکەوە دەپسێ و کەمەری شلی شەوەش بە مێژووی کوردایەتیدا شتێکی زیاتر و جوانترلەوەی جارانتان پێ ڕەوا نابینێ و سەر شۆڕ دەبن!



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand