مووچەخۆران باجی چی دەدەن ؟
2020-06-23 21:07:04
کاوە محەمەد
حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە دیسان لەمووچەی مووچەخۆران کەمکاتەوە، ئەمەش ئاسانترین رێگەیە بۆ حکومەتێک کە هیچ پلان و ئامادەیبەکی تێدا نەبێت بۆ چاکسازی، ئەو غەدرە گەورە و نایاساییە لەفەرمانبەران بکات و جارێکی دیکە بیانکاتەوە قوربانی داپۆشینی گەندەڵی و گەندەڵکارانی و لەو رێگەیەوە تەمەنی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی خۆی درێژکانەوە.
ئەوە راستە بەهۆی شکستی (سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ) و پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، حکومەت ناتوانێ مانگانە (٨٩٠) ملیار دینار بۆ مووچە دابینبکات، بەڵام حکومەتێک ئەگەر یەک زەڕە خەمی خەڵک و مووچەخۆرانی بووایە، لەجیاتی کەمکردنەوە یان دواخستنی مووچەی خەڵک، دەبوو هەڵمەتێکی بەرفراوانی چاکسازیی لەخەرجیە زیاد و بێ ماناکانی دامەزراوە و وەزارەتەکانی خۆیدا بکات و کەرتی نەوت شەفاف و بە دامەزراوەیی بکات، لیستی مووچەخۆران لەدووبارە و بندیوار و ناشایستەکان پاک بکاتەوە، دەزگاکانی چاودێریی بەهێز و کارا بکات،
دەستی حزب و کۆمپانیاکانیان لەدزین و تاڵانکردنی بەردەوامی داهاتی هەرێم ببرێت.. ئەوسا دەیتوانی لەپێگەیەکی بەهێزترەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات و بڕی ئەو داهاتانەی لەبەغدا و ناوخۆدا دەستیدەکەوتن، بەزیادەوە بەشی مووچەی مووچەخۆرانی شایستە بکات و دبسان ژیان و قووتی فەرمانبەران نەبێتەوە قوربانی پشتکردنە چاکسازیی و شەفافیەت.
ئەمەش بەپرسیارێتی هەموو لایەنە بەشدارەکانی ئەم حکومەتە شکستخواردووەیە و ئیتر لێرە بەدوا هەر هێز و لایەنێک دەبێ بەڕوونی رایبگەیەنێت کە لەبەرەی خەڵک و مووچەخۆرانە یان لەبەرەی دسەڵاتدارە تاڵانچییەکان ؟..لەبەرەی چاکسازیبە یان لەبەرەی گەندەڵکاران ؟..
ئیتر کاتی دەربڕینی هەڵوێستی روون و راشکاوە و هیچ بوارێک بۆ قسەی ژێر لێو و هەڵوێستی شەرمنانە نەماوەتە و رۆژ رۆژی خۆیەکلاکردنەوەیە..
بەپێچەوانەوە خەڵک و مووچەخۆران رەش و سپی، پاک و پیس، چاک و خراپ لەیەکتر جیادەکەنەوە..