مووچە چی لێهات؟
2020-06-23 07:06:58
عەبدولقادر ساڵح
مووچە لە یاساوە بۆ بڕیاری کارگێڕی
خوێندنەوەیەکی قانونی بۆ بابەتی مووچە
گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی یاساکاری لە عێراقدا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە بابەتی مووچە یەکێک بووە لە تایبەتمەندییەکانی دەسەلاتی یاسادانان، بۆ نمونە لە ماددەی (10)ی یاسای ژمارە (55)ی ساڵی 1956 مووچەی فەرمانبەران بە گوێرەی پلەو بروانامەکانیان دیاریکراوە، دواتر ئەم بابەتە جارێکی دیکە لە ماددەی (3)ی یاسای ژمارە (24)ی ساڵی 1960 رێکخراوەتەوە ، بەم جۆرەش مووچە و دیاریکردنی بری مووچە لە هەناوی یاسای راژەی شارستانیدا مایەوە تا ئەو کاتەی پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە(22)ی سالی 2008ی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی کرد بە یاسایەکی سەربەخۆ و لە هەناوی یاسای راژەی شارستانیەوە دەری هێنا، کە ئەمەش بێگومان گرنگایەتی ئەم بابەتە نیشاندەدات بەلای دەسەلاتی یاسادانانەوە کە دەبێت بە شێوەی(حصر) لە دەسەلاتی یاسادانان بێت و دەسەلاتی جێبەجێکردن ناتوانێت دەستی بۆ ببات.
ئەگەر سەرنجی پەیکەربەندی یاسا بدەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت بە گوێرەی پلەبەندی لەسەرەوە بە دەستوور دەستپێدەکات و دواتر یاسا و پاشان شۆڕ دەبێتەوە بۆ پێرەو لە دوای ئەویش رێنماییەکان تا دواجار دادەبەزێت بۆ نزمترین ئاست کە ئەویش بریاری کارگێڕییە و هیچ یەک لەم پێکهاتانە نابێت سەرپێچی پێکهاتەی سەرووی خۆی بکات، بۆ نمونە نابێت یاسای پێچەوانەی دەقی دەستور بێت و پێرەویش پێچەوانەی دەقی یاسا و دەستور بێت و رینماییش پێچەوانەی دەقی دەستوور و یاسا و پیرەو بێت و بریاری کارگێڕییش نابێت پێچەوانەی هیچ یەک لەوانە بێت
بەلام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و لەم چەند رۆژەدا روویدا سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، هەڵگەرانەوەی تەواوی ئەو پەیکەربەندییەی لای سەرەوەیە کە باسمانکرد و دەستبردنە بۆ مافێکی بەدەستهاتوو (حق مکتسب) بەپێی یاسا ، چونکە لە دوا بریاری ئەنجومەنی وەزیران کە بریاری داوە بە تەموویل نەکردن بری (21%) ی مووچەی فەرمانبەران، لە هەمانکاتدا دەسەلاتی داوە بە وەزیرەکان تا دەسەلاتی خۆیان بەکاربهێنن بۆ برینی رێژەی لە (21%) لە مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی بە گوێرەی بری مووچەکەیان ، لەسەر ئەم بنەمایەش وەزیر دەسەلاتی پێدراوە تا بە بریارێکی کارگیری دەتوانێ دەستکاری مووچەی فەرمانبەران بکات تا رێژەی (21%) ، بەم جۆرەش دەردەکەوێت کە دەسەلاتی دەستکاریکردنی مووچە لە دەقی یاساوەکە لە تایبەتمەندی دەسەلاتی یاسادانانە دابەزیوە بۆ بریاری کارگێڕی ، کە ئەمەش هەنگاوێکی بێ پێشینەیە لە مێژووی یاساکاریدا و جێگەی نیگەرانیەوە کە بەم جۆرە مامەڵە لەگەل بابەتی مووچە دەکرێت.
*عەبدولقادر سالح راوێژکاری یاسایی و توێژەر لە بواری وەزیفەی گشتی