یەکێتیەکەی لاهور
2020-06-23 10:52:28
ئاسۆ حاجی
هەڵگەڕانەوە لە کۆدەنگی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و لابردنی راگەیەندراوەکەیان کە دەرئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان بووە،نیەت و ئامانجی لاهور جەنگی بە تەواوی نیشان دەدا لە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی کودەتاکەی و بە تەواوی دەست گرتن بەسەر یەکێتی و دوورخستنەوەی هەموو ئەوانەی دیکە بە تایبەتیش بافێل تاڵەبانی هاوسەرۆکی.
زۆر جار گوێم لێ بووە دەڵێن لە ئێران کێ زووتر لە خەو هەستێ ئەورۆژە ئەو سەرۆکە،دیارە لاهور جەنگی پەیڕەوی لەهەمان مۆدێل کردووە و کە لەوانەی دیکە زووتر هەستاوە یەکەم کاری لابردنی راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیەتی و بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێکی تاکە کەسیە بەناوی خۆی کە ناوەڕۆکەکەی پەشیمان بوونەوەیە لە بۆچوونی هاوسەرۆکەکەی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی،بە دڵنیایشەوە ئیرادەی خۆسەپێنی و تاکە کەسی لاهور بەسەر ئیرادەی دەستەجەمعی و کۆدەنگی یەکێتی دەسەپێ،ئەوەش پێمان دەڵێ یەکێتیەکەی کا لاهور جیاواز و بەهێزتر و خاوەن بڕیارە لە یەکێتیەکەی کوڕە گەورەی مام و هەڤاڵانی.
ئەو کارەی لاهور دەیکا لە ختوکەدانی عاتیفەی خەڵک و خۆ ئیعلان کردن وەک نەیاری حکومەت و لەو رێگەیەشەوە وەک نەیار پارتی لە پێناو راکێشانی عاتیفەی ئەو خەڵکەیە کە بۆچوونە سیاسیەکانیان زادە و بەرهەمی ئەو ئیڕهابە فکریەیە کە ژیانی خەڵکی کوردستانی خستۆتە نیگەرانیەکی گەورەی سیاسی و قەیرانێکی گەورەتری تەندروستی کە لاهور جەنگی و ئەو پەڕلەمانتار و نووسەر و رۆژنامەنووس وسیاسیانەی لێیەوە نزیکن هانی خەلکیان دا وەک دژایەتی کردنی حکومەت پێگیری بە رێنوماییەکان و بڕیارەکانیەوە نەکەن و بەو کارەش ژیانی تێکڕای خەلکی کوردستانیان خستۆتە مەترسیەکی گەورە و نادیار کە تا ئێستا بەرهەمی ئەو کارەی کاک لاهور بەرزبوونەوەی رێژەی مردن و توشبوونە بەو ڤایرۆسە کوژەکە.
ئامانجە سەرەکیەکەی لاهور جەنگی جگە لە خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەو ئومێدەی لەسەر حیسابی ژیان و گیانی خەڵک دەنگ زیاد بکا،لەهەمان کاتدا هەوڵدانە بۆ بە تەواوەتی ئاوت کردنی قوباد تاڵەبانی و ناشیرین کردنی لەبەر چاوی یەکێتیەکان بۆ ئەوەی جاری داهاتوو دەرفەتی ئەوەشی نەمێنێ بە تەزکیە بۆ سەرکردایەتی دەربچێ بە تایبەتیش پەشیمان بوونەوەکە و راگەیەندراوەکەی لاهور هاوکاتە لەگەڵ چوونی قوباد تالەبانی بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا،لاوازکردنی بافێل تالەبانیشە و نیشاندانیەتی وەک هاوسەرۆکێکی کارتۆنی و هیچ بەدەست،کە تاکە کۆسپی بەردەم لاهورە بە ئاواتەکەی خۆی بگاتەوەی ببێتە تاک سەرۆک و بڕیار بەدەستی یەکەم و کۆتایی یەکێتی،کە لە ئێستاوە ئادگار و سەروسیمای یەکێتیەکەی دیارە کە باوەڕی تەنها بەو فەلسەفەی کارکردنە هەیە:"ئەوەی خۆم بۆ خۆم ئەوەی ئێوەش هەر بۆخۆم"