Draw Media

ئه‌گه‌ر كورد تیرۆریست با

ئه‌گه‌ر كورد تیرۆریست با

2020-06-23 21:05:49


 
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
 
وه‌ك هاوهه‌ڵوێستیه‌ك  بۆ كاك دیاری 
ئێ‌ خۆ ئه‌گه‌ر كورد تیرۆریست بوایه‌ ده‌بوو له‌ تۆڵه‌ی قوربانیانی ده‌رسیمدا هه‌زاران توركی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نكه‌ره‌ كوشتبا ، ئه‌گه‌ر تیرۆریست با ده‌بوو له‌ جێی له‌ سێداره‌ دانی ئه‌و هه‌موو كوڕو كچه‌ی له‌ ئێران ده‌كرێن به‌ دارا دوو ئاخوندی كوشتبا ، ئه‌گه‌ر تیرۆریست با له‌ تۆڵه‌ی خوێنی شه‌هاب و هاوڕێكانی كه‌ به‌عس له‌ داری دان ، له‌ تۆڵه‌ی كوشتنی شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ عوبه‌یدیلای نه‌هری كه‌ نورك كوشتنی ، له‌ تۆڵه‌ی خوێنی قازی محه‌مه‌د و قاسملو شه‌ره‌فكه‌ندی كه‌ فارس كوشتنی چه‌ار به‌رپرسی عه‌ره‌ب و تورك و فارسی تیرۆر ده‌كرد .

ئه‌گه‌ر تیرۆریست بوایه‌ هه‌ڵبه‌ت فڕۆكه‌وانی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ ده‌بوو كه‌ هێرۆشیماو ناكازاكی بۆمباران كرد ، یان ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ كوێر بینانه‌ی ده‌كوشته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان كیمیا باران كرد ، كورد تیرۆریست بوایه‌ ئێستا له‌ تۆڵه‌ی تۆمه‌تی تیرۆر تۆڵه‌ی له‌ ده‌زگای هه‌واڵگری سوید ده‌كرده‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی سێ‌ ده‌یه‌یه‌ به‌ تۆمه‌تی كوشتنی ئۆڵف پاڵمێ‌ وه‌ك تیرۆریست سه‌یر ده‌كرێت ، تیرۆریست با له‌ ناو پاریسا تۆڵه‌ی ساكینه‌و هاوڕێكانی ده‌كرده‌وه‌ ، له‌ ناو ئه‌ڵمانیا وه‌ك ته‌هلیلیان به‌رپرسێكی تۆرانی ده‌دایه‌ به‌ر رێژنه‌ی گوله‌ ، كورد تیرۆریست بوایه‌ ئه‌و رۆژه‌ی دیاری به‌ ناچاری خۆی خسته‌ به‌ر ئۆتۆمبیله‌كه‌ی  بۆریس جۆنسن  بۆ ئه‌وه‌ی چاوی كوردی سته‌ملێكراو ببینێ‌ جۆنسنی خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرد ، ئه‌و رۆژه‌ی توره‌مپ پشتی كرده‌ كوڕو كچه‌ ئازاكانی كورد له‌ رۆژئاواو وتی له‌ گه‌ڵمان نه‌بوون له‌ شه‌ڕی نۆرمادی  له‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رد بارانی كۆشكی سپی ده‌كردو وێنه‌ی تره‌مپ و ئاڵای ئه‌مه‌ریكای ده‌سوتاند.

كورد تیرۆریست بوایه‌ هه‌موو رۆژێ‌ ئه‌و تورك و فارس و عه‌ره‌بانه‌ی ده‌كوشت كه‌ زه‌وی و زاریان داگیر كردووه‌ ، كورد تیرۆریست بوایه‌ نه‌ك له‌ به‌غداو تاران و ئه‌نكه‌ره‌و دیمه‌شق ، له‌ ته‌واوی پایته‌ختی وڵاته‌ گه‌وره‌كانی دنیادا كه‌س نه‌یده‌توانی به‌ ئارامی بنوێ‌ ، ئه‌و كچ و كوڕه‌ ئازایانه‌ی داعشیان تێكشكاند ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ‌ تیرۆریست بن دنیا ده‌كه‌ن به‌ گۆمی خوێن ، كورد هه‌رگیز بیری له‌ تیرۆر نه‌كردوه‌ته‌وه‌ ، بیری له‌وه‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ رۆژێ‌ له‌ رۆژان به‌ تیرۆر وه‌ڵامی تیرۆر بداته‌وه‌ ، له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مرۆدۆستانه‌ی كوردیدا  كوشتنی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و ژینگه‌ جێی نابێته‌وه‌ ، دیارده‌ی دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی و رق و تۆڵه‌ له‌وانی تره‌وه‌ تێكه‌ڵ كه‌لتوری كوردی بووه‌ ، ئه‌فسانه‌ی كوردی لیپه‌ له‌ داڵده‌ دانی ئه‌وانه‌ش كه‌ دوژمنی بوونه‌و دواتر ناچار بوونه‌ په‌نای بۆبێنن ، وه‌ك ماره‌كه‌ی شێخ هۆمه‌ر ، ئه‌و پیاوه‌ی ماره‌كه‌ گه‌رم ده‌كاته‌وه‌و داڵده‌ی ده‌دات گه‌رچی دواتر ماره‌كه‌ پێوه‌ی ده‌دا .


ئه‌و كچانه‌ تیرۆریست نین كه‌ به‌ كڵاشینكۆفێكه‌وه‌ داكۆكی له‌ كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن ، ئه‌و جه‌ندرمه‌و كۆماندۆیانه‌ی تورك تیرۆریستن كه‌ دوای شه‌هید بونیش واز له‌و كچانه‌ ناهێنن و مه‌مكیان ده‌بڕن و چاویان هه‌ڵده‌كۆڵن ، ئۆچئالان تیرۆریست نیه‌ كه‌ 27 ساڵه‌ بانگه‌وازی ئاشتی ده‌كات ، ئه‌ردۆغان تیرۆریسته‌ كه‌ ده‌ست له‌ مناڵ و ژن و به‌ ساڵاچووش ناپارێزێ‌ ، ئه‌گه‌ر كورد تیرۆریست بایه‌ رۆژێك له‌ رۆژان مناڵێكی تورك و فارس و عه‌ره‌بی ده‌كوشت ، شه‌رمه‌زاری و بێشه‌ره‌فیه‌كی گه‌وره‌یه‌ دنیا له‌ پای ئه‌و هه‌موو سته‌مه‌ چاوه‌كانی خۆی توند توند نوقاندووه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand