Draw Media

لاهور شێخ جه‌نگی له‌ نێوان پیرۆزكردن و ره‌خنه ‌گرتن

لاهور شێخ جه‌نگی له‌ نێوان پیرۆزكردن و ره‌خنه ‌گرتن

2020-06-24 12:14:45


سەرتیپ وەیسی 

به‌‌ر له‌ كۆنگره‌ و له‌ دوای كۆنگره‌ش زۆرێك له‌ بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتیی و خه‌ڵكیش پێیانوابوو، كه‌ لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی، ئومێدی هه‌ستانه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌و هۆكاره‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی سیاسی و حكومڕانی له‌گه‌ڵ پارتی، ئه‌مه‌ش وایكرد له‌و ماوه‌یه‌دا زۆرترین ته‌سویق و بازارسازی سیاسی بۆ بكرێت، به‌ ئاراسته‌ی گه‌وره‌كردن و پیرۆزكردنی، تا گه‌یه‌نرایه‌ ئه‌و دۆخه‌ی، كه‌ هه‌ندێك كه‌س پێیانوابو، له‌ دوای نه‌وشێروان موسته‌فا ئه‌و تاكه‌ كه‌سه‌ ته‌حه‌دای بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و سیاسه‌تی پارتی ده‌كات .
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن ناوبراوه‌وه،‌ گرینگ بوو بۆ ئه‌و به‌ كرداری ئه‌و دروشمانه‌ی هه‌ڵیگرتبوو به‌ر له‌ كۆنگره‌ دوای كۆنگره‌ بیكاته‌ كردار، ئه‌و هه‌موو گه‌وره‌كردن و فووتێكردنه‌كه‌ش، كه‌ له‌ لایه‌ن دۆست و لایه‌نگرانی ده‌كرێت رابگیرێت،‌ له‌ بری ئه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ و ستراتیژ و دونیا بینی نوێ، ئه‌جیندا و به‌رنامه‌ و سیاسه‌تی خۆی بۆ سیسته‌می سیاسی و حكومڕانی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان بخاته‌ڕوو.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی رابردوو، هێشتا هاوسه‌رۆكه‌ نوێیه‌كه‌ی یه‌كێتیی له‌ چوارچێوه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رپرسیاریه‌تی پێشووی نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات سیحری گه‌وره‌بوونه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات به‌تاڵ ببێته‌وه‌، ئیتر ئه‌و ئومێده‌ی كه‌ لایه‌ن یه‌كێتیی و هێزه‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ری بونیادنرابوو نه‌مێنێت.
لێره‌دا باس له‌وه‌ناكه‌ین یه‌كه‌م هه‌ڵه‌ی لاهور تاڵه‌بانی له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونی وه‌ك هاوسه‌رۆك، نه‌یتوانی له‌رووی دابه‌شكردنی پۆسته‌ باڵاكانی حزبه‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان گروپ و باڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان دروست بكات، به‌ به‌شداریكردنیان له‌ پێدانی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان، كه‌ دواجار وایكرد ئه‌و كه‌س و گروپانه،‌ له‌ ئێستادا له‌ بری ئه‌وه‌ی هاوكاری بن، كه‌چی سه‌یری یاریه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌دوای شكستیه‌وه‌ن، تاوه‌كو بزانن داهاتووی ناوبراو چی به‌سه‌ردێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی حزبه‌كه‌یان.
لاهور شێخ جه‌نگی له‌ ماوه‌ی ده‌ست به‌كاربوونی تاوه‌كو ئه‌مڕۆش، جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانی له‌ چوارچێوه‌ی به‌یاننامه‌ ده‌رنه‌چوه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا ده‌ستی بۆ كۆمه‌ڵێك كارتی سیاسی برد، به‌ڵام له‌ هیچ كامیاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو بۆ نموونه‌ :
1. له‌ پرسی لا مه‌ركه‌زیه‌تی ئیداری و دارایی، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش ‌بكات، یاخود پرس به‌ تیمی حكومه‌ت و راوێژكاره‌كانی بكات، ئه‌و پرسه‌ی ته‌نها كردی به‌ بابه‌تێكی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌ چوارچێوه‌ی داواكارییه‌كی ئیعلامی و تیۆری تێنپه‌ڕی، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و پرسه‌ له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕه‌ به‌یاننامه‌ مایه‌وه‌ و دواتر كه‌س قسه‌ی له‌سه‌ری نه‌كرده‌وه‌ و وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكی دیكه‌ تێپه‌ڕی و بوو به‌ موزایه‌دی سیاسی.
2. له‌ پرسی كۆڕۆنا له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی، نه‌ده‌بووایه‌ سیاسییه‌كان و ناوبراو، به‌ر له‌وه‌زاره‌تی و ته‌ندروستی و حكومه‌ت بێنه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ و پرسه‌كه‌ بكه‌نه پرسێكی سیاسی، چونكه‌ ئه‌نجامی به‌ سیاسیكردنه‌ی پرسی كۆڕۆنا، سلێمانی و هه‌رێمی كوردستانی برده‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار و ئێستاش رۆژانه‌ به‌ سه‌دان كه‌س تووش ده‌بن و به‌ ده‌یانیش گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن.
3. له‌مه‌سه‌له‌ی مامه‌ڵه‌كردن كردن له‌گه‌ڵ پارتی، ناوبراو هه‌ڵه‌یه‌كی كرد ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو وجودی خۆی له‌ دانپێدانان و پیرۆبایی له‌ لایه‌ن پارتی و ماڵی بارزانی ده‌بینیه‌وه‌، له‌كاتێكدا ده‌بووایه‌ ئه‌و وه‌ك هاوسه‌رۆكێكی گه‌نج و نوێ، وجودی خۆی له‌ سیاسه‌تكردنێكی دروست و واقعیانه‌ بدیتبووایه‌وه‌. به‌هۆی ئه‌و گڕێ ده‌روونییه‌ی له‌ نێوان خۆی و مه‌سرور بارزانی هه‌بووه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو، نه‌ك نه‌یتوانی هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌نجامبدات، ته‌نانه‌ت رۆژ دوای رۆژ دۆخه‌كه‌ی‌ به‌ره‌وه ئاڵۆزی برد، هیچ كات وه‌كو ئێستا پارتی و یه‌كێتیی لێك دوورنه‌بوون، سه‌رباری ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی و پارتی رێككه‌وتنی سیاسیان هه‌یه‌و هاوبه‌شی حكومه‌تن، یه‌كێتیی به‌ شه‌ش وه‌زیر و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم به‌شداره‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم.
ئه‌گه‌ر ئه‌و ناكۆكیانه‌ یه‌ك جار له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و مه‌سرور باررزانی نه‌بێت، ئه‌وا دووجار له‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتیی نه‌بووه‌.
4. له‌سه‌ر ئاستی نزیكبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ نێوشیان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، تاوه‌كو ئێستا ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی قسه ‌و لێدوان و كۆبوونه‌وه‌ی ته‌شریفاتی بووه‌. ته‌نانه‌ت له‌م ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا، (ئاوات شێخ جه‌ناب) به‌ فه‌رمانی سه‌رووی خۆی توندترین لێدوانی له‌ دژی یه‌كێتیی و هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی دا.
5. له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی (سۆران عومه‌ر)یش نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه ناوبراو نه‌ توانی رێگری له‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی پارتی بكات،‌ نه‌توانیشی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایبكاته‌وه‌، كه‌ ئایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ په‌رله‌مان كرا به‌شێوازی رێككه‌وتن بوو له‌ نێوان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان یاخود نا؟ جگه‌ له‌وه‌ی له‌مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بڕیاری پارێزبه‌ندیه‌كه‌ش نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت.
6. له‌سه‌ر پرسی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوكیش نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت، له‌كاتێكدا یه‌كێتیی یه‌كێكه‌ له‌ فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كانی په‌رله‌مان. ‌ له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و رێژه‌ كورسیه‌ی هه‌یانه‌ نه‌یتوانی له‌ خولی یه‌كه‌می ده‌نگدان به‌ وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی موسته‌فا كازمی سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ دانانی وه‌زیری داد. له‌و ‌ماوه‌یه‌شدا نه‌یتوانی له‌ رێگه‌ی ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌ی كه‌ خۆی شه‌ڕی له‌سه‌ری كرد تاوه‌كو داینا، پرسی كه‌ركوك ئاسایی بكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئاگاداری دۆخی كه‌ركوكیش بێت باش ده‌زانێت له‌ دوای كۆنگره‌وه‌ ره‌وشی ئه‌و حزبه‌ له‌ كه‌ركووك رۆژ له‌ دوای رۆژ چۆن به‌ره ‌و خراپی رۆیشتووه‌.
7. ناوبراو نه‌یتوانی دوای ساڵێك تێپه‌ربوون به‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌م، پۆسته‌ حكومییه‌كانی یه‌كێتیی له‌ حكومه‌ت پڕبكاته‌وه‌. هه‌تاوه‌كو ئێستاش نه‌یتوانیوه‌ بڕیكاری وه‌زیری ناوخۆ دابنێت، تاوه‌كو سنوورێك بۆ ئه‌و سوكایه‌تیانه‌ دابنێت كه‌ رۆژانه‌ به‌ ئه‌ندامانی یه‌كێتیی ده‌كرێت له‌ هه‌ریه‌ك له‌ بازگه‌كانی كۆیه ‌و دێگه‌ڵه‌ و بالیسان و هێران.
8. باسی شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتی نه‌وت و خه‌رجییه‌كان ده‌كات، كه‌چی تاوه‌كو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ پۆستی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ پڕبكاته‌وه‌، كه‌ پشكی یه‌كێتیی به‌ پێی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتیی . هه‌روه‌ها نه‌شیتوانیوه‌ بریكارێكی وه‌زیری ئه‌كتیڤ و چاڵاك له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان دابنێت.
7. دواین جاریش له‌سه‌ر پرسی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه له‌ لایه‌ن حكومه‌ت‌، نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌هۆی جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی ئیزدیواجیه‌ت له ‌هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌، له‌كاتێكدا هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربكرێت، تیمی حكومه‌تی یه‌كێتیی داوای بۆچوونی حزبه‌كه‌یان كردبوو. لێدوانه‌كانی دوای ده‌رچوونی بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ و به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و لێدوانه‌كانی خۆی، هه‌نده‌ی دیكه‌ سه‌رگه‌ردانی و فه‌وزای نێو ئه‌و حزبه‌ی ئاشكراكرد.
جگه‌ له‌و خاڵانه‌ی كه‌ له ‌سه‌ره‌وه‌ باسمانكرد، له پرسی مامه‌ڵه‌كردنی ناوبراو‌ له‌گه‌ڵ كوره‌كانی مام جه‌لال، كه‌ یه‌كێكیان هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیه‌ و ئه‌ویتریان جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌، نه‌یتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست بكات، به‌ تایبه‌ت له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو رۆژه‌دا خۆی و ئاراس شێخ جه‌نگی برای، به‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ زۆترین هێرشیان بۆسه‌ر كوڕه‌كانی مام جه‌لال ده‌ستپێكردوه‌.
لاهور شێخ جه‌نگی له‌ژێر چه‌تری سیاسه‌تی مام جه‌لال و سه‌رمایه‌ی ره‌مزی ئه‌و گه‌وره ‌بوو‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌ی كوڕه‌كانی تاڵه‌بانی نه‌یتوانیوه‌ ئیلتیزامه‌كانی مام جه‌لال جێبه‌جێبكات. بۆ نموونه‌ بۆ دوایه‌مین جار خۆی و ئاراس شێخ جه‌نگی له‌ پرسی بڕینی موچه،‌ به‌شێوه‌یه‌ك كوڕه‌كانی مام جه‌لالیان شكاند، كه‌ نه‌یاره‌كانیشیان ئه‌و كاره‌یان پێناكردوون، چونكه‌ هه‌م ناوبراو و هه‌میش برایه‌كه‌ی هه‌موو ئۆباڵه‌كه‌یان خسته‌ ئه‌ستۆی كوڕه‌كانی مام جه‌لال و ناشرینیان كردن.
كاتێك قوباد تاڵه‌بانی له‌ ساڵیادی یه‌كێتیی ده‌ڵێ: لاهوریش وه‌كو باڤڵ برامه،‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ر خۆشه‌ویستی و نزیكایه‌تی نێوانیان نییه‌، به‌ڵكو ترسه‌ له‌و هێرش و شكانانه‌ی كه‌ هه‌موو كات چاوه‌ڕوێیه‌ له‌ به‌رامبه‌ریدا ئه‌نجامبدرێت، هه‌روه‌ك به‌ چاو‌ی خۆمان له‌و چه‌ند كاتژمێره‌ی رابردوو بینیمان چی به‌ قوباد تاڵه‌بانی و براكه‌ی كرا ؟!
مام جه‌لال ده‌یوت : ستایش و مه‌دحم مه‌كه‌ن ته‌ریق ده‌بمه‌وه‌، به‌ڵكو ره‌خنه‌م لێبگرن. هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ دڵسۆزی لاهور شێخ جه‌نگی و یه‌كێتین، نابێت ببنه‌ هۆكار بۆ پیرۆزكردن و پیاهه‌ڵدانی ناوبراو، له‌ بڕی ئه‌وه‌ به‌رچاو روونی و حه‌قیقه‌تی بۆ روونبكه‌نه‌وه‌، ره‌خنه‌ی لێبگرن بۆئه‌وه‌ی له‌ سیاسه‌تكردندا سه‌ركه‌وتووبێت، چونكه‌ هه‌موو گه‌وره‌كردن و پیرۆزكردنێك به‌ ئاسانی كه‌سه‌كان گه‌وره‌ده‌كات و به‌ئاسانیش بچووكیان ده‌كاته‌وه‌ و تێكیان ده‌شكێنێت. ئه‌و گه‌وره‌كردن و به‌ ره‌مزكردنه‌ی ناوبراو دواجار‌ خزمه‌تی پارتی ده‌كات، نه‌ك له‌ دژی پارتی بێت، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ركاتێك له‌ كاریكدا شكست بێنن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ حكومڕانیكردن ده‌یبینین ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی نه‌یاراكانیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand