لاهور یەکێتی بەرەو کوێ دەبات..؟
2020-06-24 20:52:17
سەهین موفتی
مام جەلالی رەوانشاد، خاوەندارێتی یەکێتی کرد و خەباتی کرد ، شێخ جەنگی و کوڕەکانی، لەهیچ وێستگەیەکی خەباتی یەکێتی دا نەبوون ، بەڵام ئەمڕۆ بوون بە وەلی ئەمر و خاوەنی یەکێتی ، ئاراس شێخ جەنگی بێشەرمانە و بێڕەحمانە گڕ بەردەداتە رۆڵی قوباد تاڵەبانی کوڕە بچوکی مام جەلال ، ئاراسی جەنگی بەکورتی و بە پوختی دەیەوێت بڵێت ئەم قوباد تاڵەبانی و وەزیرانەی ئێستای تیمی یەکێتی، بێ پشتیوانن لەلایەن ئەم سەرکردایەتیە نوێیەی یەکێتی ، بێ سەنەدن و ئەوان هەڵبژێردراوی سەرکردایەتییە کۆنەکەی یەکێتین ، لەکاتێکدا چوار وەزیریان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتین ....!
هەموو ئەمانە لە غیابی رۆڵێکی ئاکتیڤی بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی مام جەلال و میراتگری شەرعی یەکێتی ڕوو دەدەن .
ئایا یەکێتی بۆ ناشرینکردنی ئەم تیمە حوکمڕانەی حیزبەکەی لە حکومەت بە سەرکردایەتی قوباد تاڵەبانی ، بڕیاری تێکدان دەدات؟ ئەمە ئەو نەهجەیە کە لاهوری جەنگی لە سەرەتای هاوسەرۆک بوونیەوە هەوڵ دەدات قوبادی پێ زۆر پچوک بکاتەوە .
ئایا قوباد تاڵەبانی مافی ئەو پرسیارەی نیە لە لاهوری پسمامی کە لە لەکۆنگرەیەکدا پێشتر ئەندامانی بە پارەو ئیمتیاز دیاریکراون یەکەم بووبێت و بافڵی برای قوبادی خستبێتە ریزبەندی دووەم...؟ ، مافی ئەوەی نیە بە لاهوری جەنگی بڵێت من زۆرترین دەنگی یەکێتیم هێناوە و ۱٨٨ هەزار ئەندامی یەکێتی دەنگی پێداوم نەک کۆنگرەیەکی پێشوەختەی ئامادەکراو...؟!
ئاخۆ بافڵ تاڵەبانی، قوبادی برا بچووکی بۆ ئامۆزاکانی بەجێدەێڵێت و میراتگرانی مام دەکات بە دەستکەلای کوڕانی شێخ جەنگی؟!
داهاتووی ئاکاری سیاسی بافڵ و لاهور ، هاوسەرۆکان ، وەڵامدەرەوەی هاوکێشەکان دەبێت .
جیا لەوەی سەرکردایەتیەکی پێکراوی خانەنشینکراوی بە ئەزموونی سیاسی هەموویان ئێستا یارییەکەان جێهێشتووە و تەماشا دەکەن تا بزانن کوڕانی تاڵەبانی و کورانی جەنگی چی بەسەر یەکێتی دەهێنن ؟ تۆبڵێی سنگ دەرپەڕاندن بۆ سیاسەت هەموو کات ئاکامی هەبێت،؟ یان هێمنی و عەقڵانیەت ئەنجامی دەبێت..؟
کەی ئەم سەرکردایەتیە خانەنشینکراوە پەراوێزخراوەی پێشوو قسەی خۆیان دەکەن ؟ لەمیدیا قسە دەکەن یان بەخۆیان دەڵێن؟
یەکێتییە نوێیەکە بە کشانەوەی بەیاننامەکەی بافڵ و دانانی تویتەکەی لاهور چ شۆکێکی بۆ یەکێتیەکان دروست کرد ؟ لەچ سەرمەستیەک بە هۆشی هێنانەوە؟ بەجێهێشتنەکەی قوباد و چوونی بۆ بەغدا پێش ئەوەی لاهوری جەنگی لە خەو خەبەری بێتەوە و بەیاننامەکە ببینێت چ دەلالەتێکی هەیە ؟ مانای بێزاربوونی قوبادە لە هەموو هەوڵی شکاندنی لەلای لاهور جەنگیەوە یان بێ ئەرزش سەیرکردنی بریارەکانیەتی و پشت بەستنە بە بافێڵی برا و بافێڵی مام جەلال....؟