Draw Media

به‌خه‌یاڵى رابه‌ره‌وه‌

به‌خه‌یاڵى رابه‌ره‌وه‌

2020-06-24 21:59:55


عه‌دنان كۆچه‌ر
نۆرمان شوارزكۆف فه‌رمانده‌ى سوپاى ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانان له‌ رزگاركردنى كوه‌یت‌و به‌زێنه‌ر‌و ئه‌ندازیارى خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانى سوپاى عێراق له‌رێككه‌وتننامه‌ى سه‌فوان، ئیدیۆمێكى باووى له‌ناو زانستى سیاسی له‌باره‌ى گرنگی‌و بایه‌خی سه‌ركرده‌و رابه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و پێیوایه‌ "سه‌ركردایه‌تیكردن ئاوێته‌یه‌كه‌ له‌ كه‌سێتى‌و تێڕوانینى ستراتیژیی، ئه‌گه‌ر ناچاربووی ده‌ستبه‌رداری یه‌كێكیان بێت، بێ دوودڵى ستراتیژ هه‌ڵبژێره‌"، چونكه‌ به‌ دیدگاى ئه‌و، كه‌سێتى‌و مۆڕاڵ‌و به‌ها ئه‌گه‌ر له‌سه‌ركرده‌ بسه‌نرێته‌وه‌، شایان به‌ رابه‌رایه‌تیكردن نابێت‌و ئاستى گوێڕایه‌ڵی له‌ناو خه‌ڵكدا كه‌مده‌بێته‌وه‌. ئه‌و پاراستنى شكۆو مۆڕاڵه‌ش، به‌درێژایی مێژوو هۆكارێك بووه‌، كه‌ مرۆڤه‌ مه‌زنه‌كان له‌وپه‌ڕى شكست‌و نشوستیش ده‌ستبه‌رداری نه‌بوون.
كێ بیری ده‌چێته‌وه‌، ناپلیۆن له‌دواى شه‌ڕى واته‌رلۆ‌و دۆڕاندنى جه‌نگه‌كه‌و دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ر ده‌ستى له‌ شكۆو گه‌وره‌ییه‌كه‌ى به‌رنه‌دا، ماندێلا له‌زیندان‌و له‌ژێر سایه‌ى حوكمى ئه‌پارتاید‌و جیاكاریی ره‌گه‌زیی له‌ شكۆى خۆى نه‌كه‌وت‌و غاندی له‌دواى ئه‌و هه‌موو هه‌ڵكشان‌و داكشانه‌ى خه‌بات‌و ئه‌زموونه‌كه‌ى، به‌هه‌مان ئاكارو به‌هاوه‌ درێژه‌ى به‌كاروانه‌كه‌دا، ئه‌وان هه‌موویان ره‌نگه‌ له‌ده‌ورانێك ده‌ستیان له‌ستراتیژ هه‌ڵگرتبێت، به‌ڵام هه‌میشه‌ پارێزگارییان له‌شكۆو كه‌سێتى‌و به‌هاكانی خۆیان كردووه‌و له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانیشیان هه‌رده‌م به‌زیندویی ماونه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش فه‌رهه‌نگێكى هێنده‌ باڵایه‌، كه‌ ده‌شێت یه‌كێتییه‌كان له‌هه‌موو كه‌س زیاتر پێی ئاشنابن، چونكه‌ رابه‌ری كۆچكردوو مام جه‌لال، له‌و تایپه‌ رابه‌رانه‌ بوو، كه‌ ده‌یتوانى ستراتیژی كوردایه‌تى‌و نیشتمانسازیی به‌پێی پێدراوه‌كان هه‌ڵپه‌سێرێ، به‌ڵام هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری به‌هاو ئاكارو كه‌سێتى كوردانه‌و نیشتمانیانه‌ى خۆى نه‌بوو، هه‌مان ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ش وه‌ك نه‌ریتێكى بۆ ماوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌.
خه‌سڵه‌تى سه‌ره‌كى له‌و تایپه‌ رابه‌رو سه‌ركرده‌یه‌، هونه‌ری خۆپه‌یوه‌ستكردنه‌وه‌یه‌ به‌خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌و سروشته‌یه‌، كه‌ ناتوانێ رابه‌ر له‌خه‌ڵك‌و نه‌ته‌وه‌كه‌ى داببڕێ، ئه‌وه‌ش ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌، كه‌ له‌دواى وه‌فاتى جه‌نابی مام جه‌لاله‌وه‌، له‌ناو نه‌وه‌كه‌ى ئه‌ودا خه‌ریكه‌ ده‌پوكێته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌و نه‌وه‌یه‌ى ئه‌و رابه‌ره‌، نه‌چوونه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كه‌لتوورو خه‌سڵه‌ته‌ باڵایه‌ى مام جه‌لال‌و زۆربه‌ى جار له‌جێگه‌ى ئه‌وه‌ى له‌پێناو خه‌ڵك له‌ناو خه‌ڵكدا بمێننه‌وه‌، له‌رێگه‌ى دروستكردنى قه‌تیعه‌و خۆدابڕینه‌وه‌، چونه‌وه‌ ناو خه‌یاڵى سیاسیی‌و ده‌ستبه‌رداری هه‌موو به‌هایه‌ك بوون، كه‌چی هه‌ر له‌و رۆژگاری بێ كاریزماو سه‌ركرده‌ییه‌دا، ئه‌وه‌تا لاهوری شێخى جه‌نگی، نه‌ك ته‌نها وه‌ك سه‌ركرده‌و هاوسه‌رۆك‌و رابه‌رێكى یه‌كێتیانه‌، به‌ڵكو وه‌ك دیارده‌یه‌كى سیاسیی گرنگ له‌مێژووى نوێی بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كه‌ى باشووری كوردستان، شوێن به‌هاى مام جه‌لال‌و رابه‌ره‌ گه‌وره‌كانى مێژوو ده‌كه‌وێ‌و ده‌یهه‌وێت له‌میحنه‌ت‌و ئازاری نه‌ته‌وه‌ییدا له‌ته‌ك خه‌ڵك‌و هاوڵاتییه‌ ئاساییه‌كان بمێنێته‌وه‌، ده‌یهه‌وێت له‌ناو ئازاری برسیكردن‌و سیاسه‌تى سك هه‌ڵگوشین‌و نانبڕین‌و ده‌ستكردن به‌گه‌رووی خه‌ڵكدا سه‌نگه‌ری شه‌قام‌و هاونیشتمانى برسی بگرێ‌و به‌گژ سته‌مى ئابووری سه‌ربه‌خۆدا بچێته‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ى ده‌یهه‌وێت، پێگه‌و كه‌سێتى خۆى، رۆڵ‌و كاریگه‌رییه‌كه‌ى، دنیابینى‌و تێڕوانینه‌كانى بخاته‌ خزمه‌ت پرسێكى باڵاتر له‌ حزب، كه‌ ئه‌ویش پرسی هه‌ژاریی‌و نه‌داری‌و میحنه‌تى كۆرۆنایه‌، راستیه‌كه‌شی ئه‌و دیارده‌ سیاسییه‌ نوێیه‌، به‌ ته‌نها به‌خششێكى حزبی‌و ناوچه‌یی نیه‌، به‌ڵكو سه‌ره‌تاكانى وه‌رگۆڕانى بۆ به‌خششێكى نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستی پێكردووه‌، چونكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى جوگرافیاى زۆن‌و ته‌نانه‌ت جوگرافیاى باشووریش، كورد له‌هه‌ر كوێیه‌ك بن، وه‌ك فۆڕمێك له‌ فۆڕمه‌كانى وه‌رگۆڕانى قه‌ده‌ری كوردبوون ته‌ماشاى ده‌كرێت. ئه‌وه‌ى له‌دوو رۆژى رابردووشدا، به‌تایبه‌ت له‌رێگه‌ى چه‌ند تویتێكى كه‌مه‌وه‌ له‌ناو راى گشتى كوردستاندا به‌یانیكرد، نیشانیدا، كه‌ سه‌ركرده‌و رابه‌ر ئه‌و مۆدیله‌ ده‌گمه‌نانه‌ن، كه‌ له‌ریزى خه‌ڵكدا ده‌مێننه‌وه‌، نه‌ك ئه‌وانه‌ى به‌ناوی كاریزماو قائیده‌وه‌ له‌سه‌ر گردو چیاو ته‌پۆلكه‌ خۆیان ته‌ریككردووه‌و هه‌ر خه‌ریكى به‌شینه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه‌ن، ئه‌وه‌ش واده‌كات (لاهوری شێخ جه‌نگی) به‌رله‌وه‌ى ببێته‌ هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى، به‌قۆناغه‌كانى سه‌ركرده‌بوونى نیشتمانیی گه‌یشتبێ‌و هه‌موویان ئومێدى له‌سه‌ر هه‌ڵچنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand