Draw Media

د. رزگار ئاغا دەستپێک   کلیپتۆکراسیی (تاڵانکاریی - kleptocracy), زاراوەیەکە, بۆ فۆرمێک لە فۆرمەکانی حوکمڕانیی, کە سەرکردە سیاسییەکان یان بەپرسە باڵاکانی حوکوومەت, بە ناوی گەشەپێدانی وڵاتەوە, دەسەڵاتیان بەکارئەهێنن بۆ دزیینی پارە لە گەنجیینەی گشتیی, بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندیی کەسیی و چەسپاندنی پێگە سیاسییەکانیان. نموونەی زۆر لەم وڵاتە تاڵانکارییانە هەن لە سەرتاسەری جیهان دا, کە سەرکردەکان لەسەر شانی میللەتەکانیان پارەیەکی زەبەلاح ئەدزن. زیاتر, ئەم تاڵانکارییانە پێوەندییەکی توندی هەیە لەتەک ئەو وڵاتانەدا کە دادگا سەربازیی و ئۆلیگاریکیی و دیکتاتۆرییەکان ئەیانبەن بەڕێوە. زیاتر وایە, کە تاڵانکاریی لە سایەی حوکوومەتە خۆسەپێن و داپڵوسێنەرەکاندا گەشە ئەکات و, سەرکردە تاڵانکەرەکان, سەرچاوەی سرووشتیی وڵاتەکەیان وەک موڵکی خۆیان و بنەماڵەکەیان سەیر ئەکەن؛ نەبوونی هییچ چاودێرییەک لە ناوخۆی وڵات و لە دەرەوەدا, رێی خۆشکردووە بۆیان بە هەڵپەوە, هەرچیی سەر زەویی و بن زەوییە تاڵانفرۆشی بکەن. پارە دزراوەکانیش لە پرۆسەیەکی زۆر بوێرانەی تۆڕفراوان دا سپیی ئەکەنەوە و, لە رابواردنی بێهوودەی گران گران دا خەرج دەکرێن, یان خانووبەرە و موڵک و کارگەی پێ ئەکڕڕێت لە رێی دامەزراندنی کۆمپانیای نەبووەوە - وهمییەوە- لە ئەوروپا و ئاسیا و ئەمەریکادا, لە تەک هەڵگرتنیی لە ئەژماری نەناسراوادا لە بانکی وڵاتانی تر دا. شارمان(١), دە ساڵی تەمەنی, لە بنکۆڵکاریی تاڵانکاریی دا بەسەربردووە, بە کلیپتۆکراسیی ئەڵێت  حوکمڕانیی دزەکان. بە وردیی باسی ئەو گەندەڵییە ئەکات, کە لە ئەنجامی حوکمڕانیی سەرکردەگەلێکی وڵاتە هەژارەکان یان تازە پێگەیشتووەکان دەکرێـت, کە هەڵدەستن بە تاڵانکردنی ملیۆنەها و بلیۆنەها دۆڵاری گەنجیینەی نیشتمانی میللەتەکەیان. لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا, ئەو پارانە, لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا خەرج ئەکەن یان هەڵدەگرن. هەتا ئەم دواییانەش, وڵاتە دەوڵەمەندەکان هییچ پابەندبوونێکی رەوشتانە یان یاساییانەیان نییە, دەربەست بە تێڕژان و قوڵپدانی پارەی پییس بۆ ناو وڵاتەکانیان.لەم ساڵانەی پێشوودا, هەندێک یاسا و رێسا لە ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپایی دارێژراون, بۆ رێگریی و قەڵاچۆکردنی سپییکردنەوەی پارە,  بەڵام نەبوونی خواستی راستەقیینەی جێبەجێکردنییان, ئەم رەوشە مەترسییدارەی پشتگییر تر کردووە.    بەشی یەکەم: سەرهەڵدان و گەشە و جموجووڵی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی)                                                                                پێشەکیی:  ئەم زنجییرەیە,  پەیجۆرێکە بۆ رەوشی تاڵانکاریی لە لایەن حووکوومەتەکان و تاکە حوکمران و باڵادەستەکان. هەر لە تۆڕەکانی تاڵانکاریی و, هەژموونی تاڵانکەرەکان و, پرۆسەی داینامیکیی پارەی دزراو و پرۆسەی سپییکردنەوەی لە ئاستێکی نێودەوڵەتییدا. هەوڵە کەسیی و رێکخراوەیی لە رووبەرووبوونەوەی تاڵانکاریی دا, مایەی نیگەرانییەکی زۆرە, بەوەی حوکوومەتە زلهێزەکان خەمساردییەکی ئاشکرا ئەنوێنن, چ لە گرتنەبەری رێ وشوێنی تۆکمە و دابڕ و, چ لە هاوکاریی هەوڵە ناحوکوومییەکان. ئەم باسە, چڕ و پر و ئالۆزە, بۆیە زنجییرەیەکی  دابەشکراوە بۆ رەهەندەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی, لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکانیان دا. بێگومان, توێژیینەوە و کتێب و رێکخراو و هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوە, کە بەردەوام مایەی بایەخێکی گەورە ئەیەن بەم رەوشە, لە خەمی ئەو لێکەوتە ترسناکانەی لێوەی ئەکەوێتەوە لە سەرتاپای جیهان دا. ئەم زنجییرەیە, هەندێک لەو کتێب و توێژینەوانەی بەسەر کردۆتەوە و, هەندێک لە زانیاریی و بۆچوونەکان وەکو خۆیان, بەپێی توانا گوێزاوەتەوە. زیاتر لەمەیش,  سەرنانی شرۆڤەی پێویست و دییدی  نووسەر. ئامانج لەم زنجییرە نووسیینە, پێدانی زانیاریی گرنگە سەبارەت بە حوکمڕانیی تاڵانکاریی و تاڵانکەرە بەدەسەڵاتەکان لە دنیادا, شوێنپێهەڵگرتنی چۆنییەتی خولقاندنی پەناگە و خانەخۆێ بۆ پارەی دزراوی نیشتمان و خاوەنە ناشەرعیەکانی. ئەبێت, خەڵک بزانێت, هۆکاری هەژاریی و وێرانیی وڵاتە ئەفەریقایی و ئاسایی و لاتییننییەکان چیین؟ داهات و سەرچاوەی سرووشتی و سەرمایەی ئەم وڵاتانە چیی لێ ئەکرێن؟ حوکمڕانانان و خێزانەکانیان لەم وڵاتانە دا, چیی بە داهاتی گشتیی و سامانی وڵاتەکانیانەوە ئەکەن,  بزنس و نەختیینە و پەیوەندییە رەشەکانیان چۆن سپپی ئەکەنەوە؟ چۆن رۆژئاوا, نەک بێدەنگە, بەڵکو چۆن دەرگای بانکەکانی بۆ خستوونەتە سەرپشت و,  رێز لە پارە پییسەکانیان ئەگرێـت؟ ئەم زنجییرەیە, لە چەند بەشێک پێک دێت: بەشی یەکەم: سەرهەڵدان و گەشە و جموجووڵی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی) بەشی دووەم: تۆڕەکانی کارکردنی حوکمڕانیی تاڵانکاریی ( کلیپتۆکراسیی) بەشی سێیەم: خۆشاردنەوە و, پرۆژە وەهمییەکانی حوکمڕانە تاڵانکەرەکان ( کلیپتۆکراتەکان) بەشی چوارەم: هەڵوێست و شەراکەتی رۆژئاوا لە پشتقایمکردنی حوکمڕانیی تاڵانکارییەکان                   (کلیپتۆکراسییەکان) بەشی پێنجەم: لێکەوتەکانی حوکمڕانیی تاڵانکاریی کلیپتۆکراسیی لە سەر ناوخۆی وڵات و                   لەسەر ئاستی جیهان بەشی شەشەم: رووبەڕووبوونەوەی کەسە تاڵانکەر و حوکمڕانییە تاڵانکارییەکان لە جیهان دا بەشی حەوتەم: دەرئەنجام و چیی پێویستە بکرێت؟  بارودۆخی سەرهەڵدان و گەشەکردنی کلیپتۆکراسیی   یەکەم دەرکەوتنی وشەی " kleptocracy"(٢) لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨١٩ دا بوو, لە وتارێکدا بە ناوی " دزەکان, لە کۆن و نوێ دا", لە لایەن " لییە هانت" بەکارهات, کە کەسێکی زۆر رادیکالیی و بەجۆش بوو و, هاوڕێی هەندێ لە شاعییرە ناودارەکانی ئەو رۆژگارە بوو. نووسیینەکەی زۆر درێژ و بەرفراوان بوو, باسی تاوانە رێکخراوەکانی ناو ئیسپانیای ئەکرد کە بە "کلیپتۆکراسەکانی ئیسپانیا" ناوزەدی کردن. ئەم نووسیینە, بەدرێژایی سەدەی نۆزدە ئەخوێنرایەوە. بەڵام لە ساڵی ١٨٥٧ دا نووسەرێکی نادیار لە گۆڤاری "بلاک وود", ئەم زاراوەیەی بەکاری هێنا بۆ وەسفی "دزە بەرەڵاکانی ناو بەریتانیا". پاشتر دوای دوو دەیە, جەنەراڵ سێر فریدریک گۆڵسمیید, بەشێکی ئاسیای ناوەڕاستی بە " کلیپتۆکراسیی تورکمان" ناوزەد کرد. بەڵام, هانت و ئەوانەی تر, وەک بەکارهێنانی ئەمڕۆ, بەهەمان شێواز, ئەم زاراوەیان بەکارنەهێناوە, کە هییچ بەڵگەی دەلالاتەکانی " گەندەڵی گەورە و قێزەون" هەڵناگرن, وەک نووسەرەکانی سەدەی بیست و یەک بەکاری ئەهێنن و, وەک لە فەرهەنگەکاندا هاتووە و ناوبراون بە چەتەگەریی و تاڵانکاریی, کاتێک باس لە کلیپتۆکارتەکانی غینیای ئیستیوائیی و ئۆزبەکستان ئەکەن.  چەمکی کلیپتۆکراسیی بەم مانا نوێیەیەوە, ئەگەڕێتەوە بۆ "ستانیسلاڤ ئەندریسکیی پۆڵەندیی, ئەو کەسە بوو کە لە شەڕی دژ بە ئەڵمان لە ١٩٣٩ بەشدارییکرد و, لە لایەن هێزی سۆڤییەتیی جارانەوە, بە دیلیی گییرا و, پاشان هەڵهات و ئەم شوێن و ئەو شوێنی کرد لە ئەوروپادا, هەتا لە بەریتانیا چووەوە ناو پۆڵەندییەکانی تاراوگەوە. دواتر, بوو بە کەسێکی ئەکادیمیایی و, هەر ئەم بوو, بەشی کۆمەڵناسیی لە زانکۆی ریدیینگ لە بەریتانیا دامەزراند. ئەندریسکیی لە ١٩٦٦دا, زاراوەی kleptocracy, وەک مشەخۆریی و وێرانکردن بەکارهێنا, بەپێی ئەو دۆخەی ئەمەریکای لاتیینی تێکەوتبوو.    ئەندریسکیی کتیێبی "تەنگژەی ئەفەریقایی" نووسی لە ١٩٦٨ دا(٣). شرۆڤەی دۆخێکی زۆر مۆلەقی کرد, وەسفی سیستەمەکانی حوکمڕانیی ئەو رۆژگارەی ئەفەریقای کردبوو, کە چیینێکی دەسەڵاتدارن, کە ئەو خۆبەختیی و دڵسۆزییەیان نییە کە لە رۆژگاری داگییرکارییەکاندا بۆ وڵاتەکەیان هەیانبوو. ئەندریسکیی, ئەمەی بەلاوە سەرسوورمان نەبوو, چونکە ئەم دەوڵەتانە لە دابەشکارییەکی بەرژەوەندیخوازانەی ئیمپریالیستەکانەوە هاتبوونە بەرهەم, کە بەجۆریک بوو سنووری بۆ کێشراوی زۆرێک لە وڵاتەکان, فەرامۆشکردنی پێودانی زمان و ئایین و کەلتوور و نەتەوە لەم دابەشکارییەدا, بوو بە مایەی ترازاندنی پێکەوەبەستی هاوبەشی ئەم هاوڵاتییانە. دەرئەنجامی ئەمە, تێکەڵەیەک لە خەڵکی لاپرەسەن, رژانە ناو دام و دەستگاکانی حوکوومەتەکانەوە, کە تەنها بییریان لە گییرفان و بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان و کەسوکارەکانیان ئەکردەوە, هەر لە بەتییل بۆ پێدانی مۆڵەتی دامەزراندنی کۆمپانیای بیانیی, فرۆشتنی زەوی و زار و موڵکی دەوڵەت.   ئەم کتێبە, بە جۆرێک لە رەگەزپەرستانە وەسفکرا, وەک هاندانێک بۆ فەرامۆشکردن, بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەو رۆژگارەی مالییزیا, راجار ئەڵتام, کە یارمەتی حوکوومەتەکەی خۆی دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی. راجار ئەڵتام لە پێشتردا, وەک رۆژنامەنووسێک لەتەک         "جۆرج ئۆرۆیڵ" کاریکردووە, لە رۆژگاری جەنگی دووهەمی جیهانیی کە لە لەندەن بوو. لە ١٤ی تشریینی دووەمی ١٩٦٨ دا وتارێکی پێشکەشکرد, کە تیایدا ووشەی کلپیتۆکراسیی ئەندریسکیی بەکارهێنا وەک "کۆمەڵگەی گەندەڵەکان, بۆ گەندەڵەکان, بە گەندەڵەکان". راجارئەڵتام, باسی لە سیاسەتکارە نموونەییەکانی کۆلۆنیاڵە ئاسیاییەکانی پێشووی کرد, کە چۆن بەرە بەرە بەهۆی پێگەکانیانەوە, بەرەو گەندەڵیی شۆڕبوونەوە و, دەستیانکرد بە دروستکردنی خانووی گەورە گەورە و, خاوەندارێـتی کۆمپانیای بازرگانی زەبەلاح و, کڕینی شتومەکێک کە زۆر زیلتر بوون لە بڕی مووچەکانیانەوە, ژنی بیرۆکراتەکان چوونە پێگە هەستیار و گەورەکانەوە, خۆیان بە گەوهەر رازاندەوە, کە ئەمانە مایەی سەرنجڕاکێشانی دەستگا باجسێنەکانی وڵاتە سیستەماتیکەکان بوون.   راجارئاڵتام و ئەندریسکیی, رێکەوتن لسەەر ئەوەی کە باس لە کلیپتۆکراسیی نەبەستنەوە, بە ئاماژەدان بۆ تەنها کیشوەرێک یان رەگەزێک لە مرۆڤ, بەڵکو, بیکەنە چە مکێک بۆ بەستنەوەی دەوڵەتەکان لە دووریی هەزاران میلیشەوە بێت. هەردووکیان, باسیان لەو وڵاتانە کرد کە مێژوو و رۆشنبیریی سیاسییان وەک یەک وایە, لە کیشوەرە جیاجیاکان و, لە رۆژگارە جیاوازەکان, ئەو وڵاتانەی کە سەرکردەکانیان کلیپتۆکرات و گەندەڵ بوون. جمووجووڵەکانی کلیپتۆکراسیی   بە بێ باس کردنی کتێبی "دزەکانی دەوڵەت"(٤) ی سارا چاییز, ناکرێت باسی گەندەڵیی نێودەوڵەتیی و حوکمڕانیی کلیپتۆکراتەکان بکرێـت. چاییز, بە تەنیاباڵانە بنکۆڵکاریی ورد و پراکتییکیی کردووە و, رۆژگارێکی پڕسەرنجی لە ناو رووداو و گوزەرانی  وڵاتانی وەک ئەفغانستان و نەیجیریا بەسەر بردووە. بۆیە, یەکێکە لەو کتێبانەیە کە مایەی گرنگیی پێدانە لە فەزای رۆشنبیریی کوردییدا, کە هێشتا تیشکی نەخراوەتە سەر و, بەڵام لە دونیای دەرەوەدا بەشدارییەکی گەورەی لە راکێشانی رای نێودەوڵەتیی و, کۆمەڵگەی مەدەنیی دا کردووە.    ئەم کتێبە, بایەخەکەی تەنیا لە جوگرافیایەکی تەسکدا تەواو نابێت, کە ئەزموونی حوکمڕانیی و ئاستی هەژارانەی بیرکردنەوە و, شڵەژانی رەهەندە کۆمەڵایەتیی و نیشتمانپەروەرییەکانی خەڵکی ئەفغانە. بەڵکو, توانیوویەتی ببێت بە شرۆڤەکارییەکی سەردەمانە بۆ خودی سیستەمی کلیپتۆکراسیی (تاڵانکاریی) و, رەوشی وڵاتە کلیبپۆکراسییەکان لە هەر کوێیەکی جیهان دا بن.  هێزی پێداگیریی و یەکلاییبونەوەی بۆچوونەکانی نووسەر, لەو بەڵگە و دۆکیومێنتەکانەدایە کە زیاتر مەیدانیین و, بوونەتە مایەی متمانەی گەورە, بۆ بەرپرس و, سیاسەتکار و, توێژەر و, شرۆڤەکار و, ناوەندەی ئەکادیمیایی و رۆژنامەگەریی.   چاییز, چیرۆکی خۆی ئەگێڕێتەوە(٥): هەواڵنێری پێشووی کەناڵی(NPR) لە جەزائییر و ئەفغانستان بووم, وازم لە رۆژنامەگەریی هێناوە بۆ ئیشکردن لە رێکخراوێکی ناحوکوومیی لە قەندەهار, پاشان خاوەنی پرۆژەی کۆمەڵایەتی بووم لەسەر تێچوونی خۆم, پاشان بووم بە راوێژکار لە بواری دژە - گەندەڵیی دا, لە هێزی نێودەوڵەتیی بۆ هاوکاریی ئاسایش (ISAF), راوێژکاری سەرۆکەکانی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا. ئێستاش هاوڕێی سەرمەشقم لە دامەزراوەی کارینگیی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتیی. ئەوەبوو, هەرەوەزییەکی دامەزراند بۆ پیشەسازیی سابوونی بۆندار و بەرهەمە جوانکارییەکان و, سوودی لە بەرهەمی جووتییارە ئەفغانییەکان وەرگرت. بەڵام, زۆری نەبرد سەیری کرد ئەو چالاکییە سوودبەخشەی ئەویش, ناتوانێـت لە دەست گەندەڵیی رزگاری ببێـت, کاتێک نەیتوانی هەندێ پارە لە بانک دابنێت بە بێ پێدانی بەرتییل (دەم چەورکردن). بۆیە, دەستیکرد بە داڕشتنی بیرۆکەکانی دژ بە گەندەڵیی لە شوێنێکی وەکو ئەفغانستان دا. زۆر بە خێرایی, ئەم هەوادارە بووبە پیشەمەند. چاییز, زۆری نەبرد, لە لایەن (NATO) و (ISAF) بانگهێشت کرا بۆ یارمەتیی ئاسایش, بۆ پێدانی شارەزاییەکانی لەتەک تیشکۆخستنە سەر تەگبییرەکانی دژ بە گەندەڵیی. "سارایەکی سابوونچی", کورتەی پرۆسەکان پێشکەش ئەکات".   بیردۆزەکەی سارا چاییز, لە "دزەکانی دەوڵەت" دا, لە دان پیادانانێک دا پوخت دەکرێتەوە(٦), ئەویش "گەندەڵیی کەمتر لە خۆی هەڵدەسەنگێنین". چاییز, ئەڵێت: لە راستییدا, زیاتر لەوە ئەچێت, ئێمە بە هەموو زانا و, رەخنەگر و, سەرکردە و, راوێژکاری سیاسیی و سەربازیی رۆژئاوایی, کەم بایەخانە سەیری هەموو لایەنەکانی گەندەڵیی بکەین. بە شێوەیەکی هەڵەیش, خوێندنەوە بۆ تەنیینەوە و, چڕیی تۆڕە پێکهاتووەکان و, سرووشتە بەسیستەماتییککراوەکەی ئەکەین. بۆیە, ئەڵێت: ئێمە شکستمان هێناوە, لە هەستپێکردنی کاریگەرییە تێکشکێنەکانیی, بۆ سەر ئەو گەلانەی کە ئەناڵێنن لە ژێر ستەمەکانی حوکمڕانە تاڵانکەرەکان دا. چاییز پێی وایە, ئەو شەڕەنگێزییە کۆمەڵایەتیی و, سیاسیی و, رۆشنبیریی و, تەنانەت ئایینییەکانیش, بە کەم دەزانرێـت کە لێی کەوتوونەتەوە, هەروەها رۆڵی هەیە لەو شێوازەی, کە ئاگر ئەنێت بە ململانێ مەدەنیی و سەربازییەکانەوە. بۆیە, لە ئەنجامی ئەم هەموو کەم نرخاندن و کەم هەستپێکردنانە, کومەڵگەی نێودەوڵەتیی (ئەمەریکا بە تایبەتیی) بەهەڵەدا چوو- ون, لە خەمڵاندنی ئەو هەڵە ستراتیجییە ماڵوێرانکەرانەدا, کاتێک کە دەستیانوەردا, لە هەندێ وڵاتی وەک عێراق و ئەفغانستان. کتێبی "دزەکانی دەوڵەت", بە بوێریی بۆچوون و, ئەو بەسەرهاتانەی کە تیایدا هاتووە و, رووناکی خستۆتە سەر تاریکاییەکانی پەیوەندیی و, جموجووڵی نێوان واشنتۆن و کابوول, توانییویەتی ببێتە خوێنراوێکی سەرنجڕاکێشی بە چێژ و گونجاو, تەنانەت بۆ خەڵکی سادەش. سەرباری ئەو شێوە باوە نووسیینەی ئەم کتیبە (بێ- پەراوێز)ە, کەچیی, بەهۆی ئەو مشت و مڕە بەڵگەدارە درووستانەی هەیەتی, توانییویەتی سەرنجی ئەکادیمیاییەکان بەلای خۆی دا رابکێشێت. کتێبەکەی چاییز, ئەو کتێبە گرنگە بەرچاوە دەبێت بۆ هەر کەسێک, کە لێکۆڵیینەوە لەسەر گەندەڵیی, یان هەر حکومەتێک بکات کە گەندەڵیی تیایدا بڵاوە. بەڵام چاییز, بە هۆی ئەو پێوەندییەی, کە کێشاویەتی لە نێوان گەندەڵیی باو و, بڵاو و, لە نێوان ململانێی ناوخۆیی بەربڵاودا, ئیشەکەی ئەو گرنگیەشی دەبێت, بۆ زانایانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و, ئاسایش و, حوکمڕانیی جیهانیی و, مافی مرۆڤ و, لێکۆڵینەوەکان لەبارەی قڕکردنە بەکۆمەڵییەکان دا (جینۆساید).   چاییز, لە بنکۆڵکارییەکەی لەسەر کلیپتۆکراسییەکان, کات و شوێنی فراوانی گرتۆتە بەر(٧). وەک دەرچوویەکی زانکۆی بواری مێژووی ئێسلامیی لەسەدەکانی ناوەڕاستدا, چاییز ئەدەبیاتێکی بەهەند وەرگرتووە بە ناوی " ئاوێنەی پاشاکان", ئەمە کتێبێکی بەناوبانگی دەسەڵاتدارەکانە کە پیاوانی ئایینی و داناکان بۆیان نووسیوونەتەوە. چاییز, یەکێک لەو ووتانەی کە بەردەوام لەو سەردەمانەدا لەو کتێبەدا وەک ئامۆژگاریی دەسەلاتدارەکان دووبارە بووەتەوە               "دەسەڵاتدارەکان پێوسیتە لەسەریان دادپەروەر بن - واتە مسۆگەریی و پارێزگاریی خەڵکەکەیان بکەن لە ژیان و مۆڵکەکانیان بە پێی یاسا - ئەمەش لە ترسی ئەوەی خەڵکەکەیان لێیان هەڵنەگەڕێنەوە. میکاڤیللی کەسێکی بەهێز و توانا بوو لەم خاڵەدا, بەو بەڵگەیەی کە ئەیووت: مییر ئەبێت بەدوور بێـت لەوەی خەڵکەکەی رقیان لێی بێت, ".. ئەگەر دوورکەوێتەوە لە موڵک و ماڵ و شت و مەک و ئافرەتەکانی هاوڵاتییەکانی. چونکە پیاوان بە ئاسانی شتیان لە بییر ئەچێتەوە, تەنات مردنی باوکیان زووتر بییرئەچێتەوە وەک لە دەستچوونی میراتەکانیان" گەندەڵیی, زۆریی پارە بۆ کەمیینەیەک لە سەرشانی زۆریینەیەک, زۆر خراپ و قووڵ ئەشکێتەوە لە سرووشتی مرۆڤایەتیی دا. چاییز,  لە چاکسازیی پرۆتسنتانتی کۆڵییوەتەوە, دژ بە کلیپتۆکراتە کاسۆلییکەکان و, بە هەردوو شۆڕشی هۆڵەندیی و ئینگلیزیی کە بنەماکانی دیموکراسیی لیبراڵی لێوە دامەزراوە. لێرەدا, لەبرییەکی بۆ "ئاوێنەی پاشاکان" دییوەتەوە, کە هەموو هیوایان لەسەر کەسایەتی پاشا بووە بۆ سەروەرکردنی دادپەروەریی, بەڵام دیسانەوە تووشی سەرسووڕمان بووە, چۆن تووڕەیی بەدەست گەندەڵییەوە ئەگۆڕێت بۆ توندوتیژیی ئایینی توندڕوانە.     چاییز, سەردانی وڵاتانی تریشی کرد کە لە لایەن کلیپتۆکراتەکانەوە بەڕێوە ئەبران و, رەوشی جیاوازتری لەوەی ئەفغانستان بینیی. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا, سەردانی مەغریب و, جەزائیر و, تونس و, میسری کرد, کە هەموویان بارگاوی بوون بە بەهاری عەرەبیی. لە میسر, تان و پۆیەکی هێڵی سەربازیی کلیپتۆکراتیی و کلۆکراتیی مەدەنیی کێشا, کە لەگەڵ چاکسازیی ئابووریی ساڵانی نەوەدەکان دا هاتبووە ئاراوە. لە تونس, بانکەکان ناچاربوو بوون کە قەرزی کەتە کەتە بدەنە ئەندامانی نوخبەی دەسەڵات؛ قەرزێک بوون, وەرگرەکانیان (نەک قەرزاربووەکان) نەیان ئەدایەوە و زیادەڕەویی خەرجیی خێزانە تونسییە دەسەڵاتدارەکەیان پێ دابیین ئەکرد. بۆی دەرکەوت, کە  لە نەیجیریا, زۆر بەفراوانی, داهاتی نەوتی دزراوی دەوڵەت بەردەوامە.  " فاڵگرەوەکان", باربووی کاندیدەکانیان ئەکرد بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان, بەمەبەستی هەبوونی پشکێک لەو دەستکەوتنانەی دوای سەرکەوتنی کاندیدەکە دەستیان ئەکەوێت. لە ئۆزبەکستان, خەڵکێکی زۆر, بە خۆڕایی, ناچاری کارکردن ئەکرێن لە  کاری دورێنەی کێڵگە پەمووەکاندا, لە پێناوی دەستەبەرکردنی لۆکە بۆ یەکێتیی کۆمپانیاکان. لە هەریەک لەم وڵاتانە, چاییز, بیینیی کە هاوڵاتییان رووبەڕووی سووکایەتییەکی بێ مانای رێکخراو ئەبنەوە و, ناچار ئەکرێن کە بەرتییل بدەن بە پۆلیس و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان. هەروەها بینییشی, کە توندڕەویی ئایینیش لە هەموو شوێنێک جموجووڵیەتی و ورووژێنراوە. هەرچەندە, توندڕەویی لە هەموو ئەو وڵاتانەدا نەبووەتە توندوتیژیی و, بەڵام تێکشکان و بێئومێدیی روون و ئاشکرا بوو, ئەگەری توندوتیژییش لەو وڵاتانەدا راستییەکی بێ چەن و چوونە. چاییز, ناسەقامگییریی گوزەرانی دانیشتوانی وڵاتە تاڵانکارییەکانی سەرنجداوە. پێی وایە, لە زۆربەی سەرتاسەری جیهاندا, خەڵکیی ئەناڵێنن بەدەست شپرزەکارییەکانی پۆلیسەوە. لە سەر ڕێ و بانەکان, خاڵەکانی پشکنینین, دەروازەی بینا حوکوومییەکان, چەند چەتەوڵێک بە پۆشاکی سەربازییەوە وەستاون "وەک راوچییەک کە ماسیی سەلەموون راو ئەکەن لە شوێنێکی بەرتەسکدا". هەر وەک سارا چاییز نووسییوویەتی. بەڵام, لەسەر ئاستی جیهان دا, ئەمە نییوەیشی نییە, هەمیشە سێ لە ئارەزووەکانمان چەپۆکەسەرن– ئاسایش, نەرمیی, قڕبوون بە دەست هەژارییەوە-, ئەمەش لە رێی دزییەکی رێکخراو و بەشێوەیەکی فراوان, کۆمپانیا و حوکوومەتەکان و دامەزراوە سەربازیی و خزمەتگوزارییە شارستانییەکان بێ لێپێچیینەوە پێی هەڵدەستن.    لە "دزەکانی دەوڵەت" دا, بەڵگەی تۆکمە پیشان دراوە, کە بەسوودییەکەی ئەوەیە, گەندەڵیی توندوتییژ تەنها مایەی داڕمانی کۆمەڵایەتیی نییە و بەس, بەڵکو ئەبێتە پەڕگییریی توندوتییژ. بە "راستییەکی بنەرەتیی" وەسفی ئەکات. بەجۆرێک دەرکەوتووە, لە کاتی هەبوونی حوکمرانییەکی خراپدا - بە دیارییکراویی-, ئیتر هییچ سەروەرییەکی یاسا نامێنێت و هییچ پارێزگارییەکیش لە مافی موڵکداریی بوونی نامێینت – خەڵکییش لە پوختبوونی گیانیی ( صفا‌و الروح) ئەگەڕێـت و, لە ئاکامدا ئەیانخاتە سەر ڕێگەی توندڕەویی. (٨)    بەڵام, توێژەران پێیان وایە (٩): هێشتا ماویەتی, لە جموجووڵی ئاسمانیی پرۆسەی کلیپۆکراسیی تێبگەن, وا پێویست ئەکات سەیری دییوی ناوەوەی ئەمانە بکرێت, کە تاڵانکارییەکان بە شێوەیەکی مەترسییدار تیایاندا ئەنجام دراوە. شتگەلێگی زۆر هەن, کە کلیپتۆکراتەکان و خێزانەکانیان لە میللەت جیادەکاتەوە, هەر لە تەلار و ڤێلا و ئۆتۆمبیلی دەگمەن و گرانبەها و, ئامادەبوونی میهرەجانی رۆشنبیریی نێودەوڵەتیی و, هەستان بە کاری خێرخوازیی, هەڵسووڕاندن و خستنەژێر فەرمانی بەکرێگییراوە رۆژئاواییەکان و پارێزەر و وتەبێژ و کەسانی پلەباڵای دامەزراوەکانیان بۆ سپییکردنەوەی ئابڕوویان. ئەمە وای کردووە, کە دەستەکانی چاودێریی و بڕیاربەدەستەکان, سەرنجیان وەربگێڕن بەلای بوارێکی فراوان لە چالاکی کلیپتۆکراتەکان, کە لە رۆژئاوادا ئەنجامی ئەدەن بە دیارییکراویی. نموونە  لەوانە,  دەبینیت جێگری سەرۆکی غینیای لە بەردەم دادگادا وەستاوە لە فەرەنسا بە تۆمەتی گەندەڵیی, کچی سەرۆکی پێشووی ئۆزبەکستان رووبەرووی لێکۆلینەوەی شۆردنەوەی پارە بووەتەوە لە نیو دەرزەن وڵاتدا, یان سەرۆک وەزیرانی مالیزیا گومانی گوێزانەوە و ئاڵووگۆڕی ٤.٥ ملیار دۆلاری لێ ئەکرێت, لە سندووقی  داهاتی وڵاتەکەیەوە بۆ ئەژماری بانکیی کەسیی خۆی لە چەندیین وڵاتی دەرەوەدا. سەرچاوەکان: 1. J. Sharman, “On kleptocracy”, CAM (Cambridge Alumni Magazine), Issue 86. April    2019. 2. Oliver Bullough, The Rise of Kleptocracy: The Dark Side of Globalization, J. of      Democracy, V.29, No.1, Jan. 2018, Pp.25-38. 3. Ibd 4. S. Chayes,” Thieves of State: Why Corruption Threatens Global Security”, Griffith    University, New York, W. W. Norton & Company, 2015. 5. Giles Foden, “Thieves of State, by Sarah Chayes”, The New york Times, Feb. 20,     2015. 6. H. Breakey, Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global     Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016. 7. A. Mannes”Grand Theft Autocracy ”, Workd on Rock, April, 27, 2015. 8. H. Breakey, Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global     Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016. 9. A. Cooley, J . Heathershaw,  &  J. Sharman, “ The Rise of Kleptocracy: Laundering      Cash, Whitewashing Reputations”, Journal of Democracy, 29 (1), 2018.  * دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژیینەوەی زانستی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستی.


  کاوە محەمەد حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە دیسان لەمووچەی مووچەخۆران کەمکاتەوە، ئەمەش ئاسانترین رێگەیە بۆ حکومەتێک کە هیچ پلان و ئامادەیبەکی تێدا نەبێت بۆ چاکسازی، ئەو غەدرە گەورە و نایاساییە لەفەرمانبەران بکات و جارێکی دیکە بیانکاتەوە قوربانی داپۆشینی گەندەڵی و گەندەڵکارانی و لەو رێگەیەوە تەمەنی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی خۆی درێژکانەوە. ئەوە راستە بەهۆی شکستی (سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ) و پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، حکومەت ناتوانێ مانگانە (٨٩٠) ملیار دینار بۆ مووچە دابینبکات، بەڵام حکومەتێک ئەگەر یەک زەڕە خەمی خەڵک و مووچەخۆرانی بووایە، لەجیاتی کەمکردنەوە یان دواخستنی مووچەی خەڵک، دەبوو هەڵمەتێکی بەرفراوانی چاکسازیی لەخەرجیە زیاد و بێ ماناکانی دامەزراوە و وەزارەتەکانی خۆیدا بکات و کەرتی نەوت شەفاف و بە دامەزراوەیی بکات، لیستی مووچەخۆران لەدووبارە و بندیوار و ناشایستەکان پاک بکاتەوە، دەزگاکانی چاودێریی بەهێز و کارا بکات، دەستی حزب و کۆمپانیاکانیان لەدزین و تاڵانکردنی بەردەوامی داهاتی هەرێم ببرێت.. ئەوسا دەیتوانی لەپێگەیەکی بەهێزترەوە دانوستان لەگەڵ بەغدا بکات و بڕی ئەو داهاتانەی لەبەغدا و ناوخۆدا دەستیدەکەوتن، بەزیادەوە بەشی مووچەی مووچەخۆرانی شایستە بکات و دبسان ژیان و قووتی فەرمانبەران نەبێتەوە قوربانی پشتکردنە چاکسازیی و شەفافیەت. ئەمەش بەپرسیارێتی هەموو لایەنە بەشدارەکانی ئەم حکومەتە شکستخواردووەیە و ئیتر لێرە بەدوا هەر هێز و لایەنێک دەبێ بەڕوونی رایبگەیەنێت کە لەبەرەی خەڵک و مووچەخۆرانە یان لەبەرەی دسەڵاتدارە تاڵانچییەکان ؟..لەبەرەی چاکسازیبە یان لەبەرەی گەندەڵکاران ؟.. ئیتر کاتی دەربڕینی هەڵوێستی روون و راشکاوە و هیچ بوارێک بۆ قسەی ژێر لێو و هەڵوێستی شەرمنانە نەماوەتە و رۆژ رۆژی خۆیەکلاکردنەوەیە.. بەپێچەوانەوە خەڵک و مووچەخۆران رەش و سپی، پاک و پیس، چاک و خراپ لەیەکتر جیادەکەنەوە..


  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج   وه‌ك هاوهه‌ڵوێستیه‌ك  بۆ كاك دیاری  ئێ‌ خۆ ئه‌گه‌ر كورد تیرۆریست بوایه‌ ده‌بوو له‌ تۆڵه‌ی قوربانیانی ده‌رسیمدا هه‌زاران توركی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نكه‌ره‌ كوشتبا ، ئه‌گه‌ر تیرۆریست با ده‌بوو له‌ جێی له‌ سێداره‌ دانی ئه‌و هه‌موو كوڕو كچه‌ی له‌ ئێران ده‌كرێن به‌ دارا دوو ئاخوندی كوشتبا ، ئه‌گه‌ر تیرۆریست با له‌ تۆڵه‌ی خوێنی شه‌هاب و هاوڕێكانی كه‌ به‌عس له‌ داری دان ، له‌ تۆڵه‌ی كوشتنی شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ عوبه‌یدیلای نه‌هری كه‌ نورك كوشتنی ، له‌ تۆڵه‌ی خوێنی قازی محه‌مه‌د و قاسملو شه‌ره‌فكه‌ندی كه‌ فارس كوشتنی چه‌ار به‌رپرسی عه‌ره‌ب و تورك و فارسی تیرۆر ده‌كرد . ئه‌گه‌ر تیرۆریست بوایه‌ هه‌ڵبه‌ت فڕۆكه‌وانی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ ده‌بوو كه‌ هێرۆشیماو ناكازاكی بۆمباران كرد ، یان ئه‌و فڕۆكه‌وانه‌ كوێر بینانه‌ی ده‌كوشته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان كیمیا باران كرد ، كورد تیرۆریست بوایه‌ ئێستا له‌ تۆڵه‌ی تۆمه‌تی تیرۆر تۆڵه‌ی له‌ ده‌زگای هه‌واڵگری سوید ده‌كرده‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی سێ‌ ده‌یه‌یه‌ به‌ تۆمه‌تی كوشتنی ئۆڵف پاڵمێ‌ وه‌ك تیرۆریست سه‌یر ده‌كرێت ، تیرۆریست با له‌ ناو پاریسا تۆڵه‌ی ساكینه‌و هاوڕێكانی ده‌كرده‌وه‌ ، له‌ ناو ئه‌ڵمانیا وه‌ك ته‌هلیلیان به‌رپرسێكی تۆرانی ده‌دایه‌ به‌ر رێژنه‌ی گوله‌ ، كورد تیرۆریست بوایه‌ ئه‌و رۆژه‌ی دیاری به‌ ناچاری خۆی خسته‌ به‌ر ئۆتۆمبیله‌كه‌ی  بۆریس جۆنسن  بۆ ئه‌وه‌ی چاوی كوردی سته‌ملێكراو ببینێ‌ جۆنسنی خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرد ، ئه‌و رۆژه‌ی توره‌مپ پشتی كرده‌ كوڕو كچه‌ ئازاكانی كورد له‌ رۆژئاواو وتی له‌ گه‌ڵمان نه‌بوون له‌ شه‌ڕی نۆرمادی  له‌ ئه‌مه‌ریكا به‌رد بارانی كۆشكی سپی ده‌كردو وێنه‌ی تره‌مپ و ئاڵای ئه‌مه‌ریكای ده‌سوتاند. كورد تیرۆریست بوایه‌ هه‌موو رۆژێ‌ ئه‌و تورك و فارس و عه‌ره‌بانه‌ی ده‌كوشت كه‌ زه‌وی و زاریان داگیر كردووه‌ ، كورد تیرۆریست بوایه‌ نه‌ك له‌ به‌غداو تاران و ئه‌نكه‌ره‌و دیمه‌شق ، له‌ ته‌واوی پایته‌ختی وڵاته‌ گه‌وره‌كانی دنیادا كه‌س نه‌یده‌توانی به‌ ئارامی بنوێ‌ ، ئه‌و كچ و كوڕه‌ ئازایانه‌ی داعشیان تێكشكاند ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ‌ تیرۆریست بن دنیا ده‌كه‌ن به‌ گۆمی خوێن ، كورد هه‌رگیز بیری له‌ تیرۆر نه‌كردوه‌ته‌وه‌ ، بیری له‌وه‌ نه‌كردوه‌ته‌وه‌ رۆژێ‌ له‌ رۆژان به‌ تیرۆر وه‌ڵامی تیرۆر بداته‌وه‌ ، له‌ فه‌لسه‌فه‌ی مرۆدۆستانه‌ی كوردیدا  كوشتنی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و ژینگه‌ جێی نابێته‌وه‌ ، دیارده‌ی دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی و رق و تۆڵه‌ له‌وانی تره‌وه‌ تێكه‌ڵ كه‌لتوری كوردی بووه‌ ، ئه‌فسانه‌ی كوردی لیپه‌ له‌ داڵده‌ دانی ئه‌وانه‌ش كه‌ دوژمنی بوونه‌و دواتر ناچار بوونه‌ په‌نای بۆبێنن ، وه‌ك ماره‌كه‌ی شێخ هۆمه‌ر ، ئه‌و پیاوه‌ی ماره‌كه‌ گه‌رم ده‌كاته‌وه‌و داڵده‌ی ده‌دات گه‌رچی دواتر ماره‌كه‌ پێوه‌ی ده‌دا . ئه‌و كچانه‌ تیرۆریست نین كه‌ به‌ كڵاشینكۆفێكه‌وه‌ داكۆكی له‌ كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن ، ئه‌و جه‌ندرمه‌و كۆماندۆیانه‌ی تورك تیرۆریستن كه‌ دوای شه‌هید بونیش واز له‌و كچانه‌ ناهێنن و مه‌مكیان ده‌بڕن و چاویان هه‌ڵده‌كۆڵن ، ئۆچئالان تیرۆریست نیه‌ كه‌ 27 ساڵه‌ بانگه‌وازی ئاشتی ده‌كات ، ئه‌ردۆغان تیرۆریسته‌ كه‌ ده‌ست له‌ مناڵ و ژن و به‌ ساڵاچووش ناپارێزێ‌ ، ئه‌گه‌ر كورد تیرۆریست بایه‌ رۆژێك له‌ رۆژان مناڵێكی تورك و فارس و عه‌ره‌بی ده‌كوشت ، شه‌رمه‌زاری و بێشه‌ره‌فیه‌كی گه‌وره‌یه‌ دنیا له‌ پای ئه‌و هه‌موو سته‌مه‌ چاوه‌كانی خۆی توند توند نوقاندووه‌.


هەردی مەهدی کورت و پوخت، ئەو هەوراز و نشێوەی ئەم سێ ڕۆژە ئەدەبیات و ئادابی سیاسیی یەکێتی و دەزگاباڵاکانی یەکێتی بە خۆیەوە دی، زۆر ڕاستی شاراوە و شەڕی دیدگاکانی نێو یەکێتی تەجەللا کرد، یەکێتی و دەزگاکانی دەیانتوانی لەبری لەتکردنی ئیرادەی بڕیار هەنگاوی دیکەی بیرلێکراوەی هەڵگرتایە: ۱. تویتەکەی هاوسەرۆک گەر ڕاستگۆیانە، دەیەویست بیسەلمێنێت بڕیارێکی پۆپۆلیستانە و تەنها دژی قوباد تاڵەبانی نییە، بەڵکو بە بڕواوە دژی بڕیاری بڕینی %۲۱ی مووچەیە، ئەوا دەیتوانی هەم سەری تیمی یەکێتی بەرز ڕابگرێت و هەم پارتی و سەرۆکی حکومەت ئیحراج بکات؛ ئەویش بەوەی نیوەی ئەو بیستویەک لەسەدەی ئەم مانگەی بخستایەتە ئەستۆی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی حزبەکەیی و ئەوسا بیووتایە ئێمە دژی بڕینین و فەرموو پارتی و حکومەت نیوەکەی دیکەی بخەنەسەر، چونکە ئەرگیومێنتی لایەنگرانی بڕین لە کابینەی حکومەت و خودی قوباد تاڵەبانی ئەوەیە کە دووسەد ملیارێک داهاتی هەرێم کورتی هێناوە یان دەبێت نەوەد ڕۆژجارێک مووچە بدرێت یان دەبێت بە کورتهێنانی بیستویەک لەسەدا دابەش بکرێت و چی دیکە مووچە دوانەخرێت، لەمە زیاتر هەیە؟ ئەمە چەسپاندنی وەلا و دڵسۆزی ڕاستەقینەشە بۆ مووچەخۆرانی بێمووچە و مافخوراو. ۲.ڕوونیش بوویەوە دوو دیدگا لە یەکێتیدا لە کاردایە یەکێک دەیەوێت دەزگایی و لە چوارچێوەی ئادابی سیاسەتدا بەرپرسیارێتی خۆی هەڵگرێت، دیدی دووەمیش بارگاوی بەو کولتوورەی ڕابردووی ناوچەی نفوزی خۆی، فرسەتخواز و پۆپۆلیستانە هەم لەسەر سفرەی مەعاویە بێت و هەم لە پشتەسەری عەلیشەوە نوێژ دابەستێت. کە دیارە دیدگای یەکەمیان ساڵانێکە هەم لای پارتی و هەم لای دیدگای دووەم لە نێو یەکێتیدا بەردەوام دەبێتە قوربانی، کە بە زیانی خەڵک و هەم بەزیانی دامەزراوەییکردنی دەزگاکان دەشکێتەوە. ۳. دەرکەوت دەزگای هاوسەرۆکی یەکێتی سەرۆکایەتی نییە و نیوسەرۆکییە، گەرنا چ مانایەک دەبەخشێت هاوسەرۆکێک لەگەڵ تیمی حکومەتی یەکێتیدا بێت و نیوەکەی دیکە ڕەتکەرەوەی هەموو شتێک بە بڕیاری شەش وەزیرەکەشییەوە. لانیکەم با ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی مەکتەبی سیاسیی و تیمە حکومییەکەی هەردوو هاوسەرۆک لە تویتێکی هاوبەشدا بیانوەشاندایە نەک "نیوسەرۆکیانە". دواجار بەم تویتە دژە مەکتەب سیاسیەی هاوسەرۆک، دەرکەوت "زڕمام" تەنها لە ئایندەی خۆی نیگەرانە و تەنها لەگەڵ "هاوسەرۆکەکەی دیکە" و "مامی بچووک"دا لە ململانێی شاراوەدایە و نەک ململانێ دەرکیە ڕووخسارییەکانی و بگرە ئەوانیشی لە خزمەتی دژبەری ڕکابەرە ناوخۆییەکانێتی، نەک پارتی، چونکە بەم تویتەی سەباحی ساڵحانی ئەمڕۆ دەرکەوت، تەنها مامی بچوک و تیمەکەی لە نێو حکومەت و جەماوەردا ئیحراج کراوە، گەرنا بەم تووشکردنەی یەکێتی بەم دژیەکییەی لێدوانەکان، هەم پارتی و هەم مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی لە لۆمە و تەڵەزگە و توڕەییەکانی مووچەخۆران دەرباز کرد. سیاسەت و سەرۆکایەتی وا نابێت.


دڵشاد عەبدولڕەحمان  لەوکاتەوەی سەرکردەی سەرجەم حزبەکان ،لەسەرتەلەفزیۆن ،لەمیدیانوسراووبیستراوەکانەوە بەئاشکرا باسیان لەوەدەکرد ،کە ھەرحزبەودەبێ بەھێندەی مێژووی خەباتی وژمارەی ئەندامانی لەپەرلەمان ،بەشی لەکێکی دەسەڵاتداھەبێ،ئیتر تۆ گلەیی لەبێ موچەیی وبێ کارەبایی و بێ ئاویی ونەبونی شەقام وخزمەتگوزاری ونەبوونی سیستەمی پێشکەوتوی پەروەردەوخوێندنی باڵاوتەندروستی ،بۆدەکەی؟ئاخر ئەوبەئاشکرادەڵێ من بۆبەشەکێکی خۆم چوومە حکومەت نەک بۆھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ! ھەتاحکومەت بەکێک بچوێندرێ ،ئومێدێکت بەحوکمڕانی دروست نەبێ! حکومەت واتە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بەڕێوەبردنی سەکتەرەجیاجیاکانی حوکمداری وھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بەرانبەر دەنگدەران وسەرجەم ھاوڵاتیان ،نەک دابەشکردنی ئیمتیازوقاشکردنی کێک . ھەر ئەوتێڕوانینە ھەڵەیەشە وای لە زۆربەی دەنگدەرانی حزبەبەشداربوەکان کردوە ھەر لەدەستپێکی کاری کابینەکەوە،ڕەخنەی توند لەحکومەت بگرن چونکە دەنگدەرێکی حزبێک کەدانیشتوی گوندێکی سەرسنورە چاوەڕێیە لەڕێی نوێنەرەکەیەوە ڕێگای گوندەکەی قیربکرێ ،بەڵام کەدەبینێ حزبەکەی بۆوەرگرتنی پشکی حزبەکەی لەودەسەڵاتەی کەلای ئەو کێکە ، شەڕدەکا ،نەک لەسەر پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکەی ،ئیتر لێرەوە بۆڵەبۆڵ وڕەخنەگرتن لەلای دەنگدەران زیاد دەکا ،تادەگاتە ئەوەی زۆر لەلایەنگرانیان داوای کشانەوەی حزبەکانیان دەکەن لەحکومەت ،بەڵام ئەو حزبەی حکومەت بەکێک بزانێ ھەرگیز لێی ناکشێتەوە. .ھەر لێرەوەش جێی خۆیەتی ئاماژە بەوەش بدەین وە وەڵامی ئەوپرسیارە لەمێژینەی خەڵک ومیدیاکارانیش بدەینەوو ،بۆچی تائێستا وەزیر ،یان بەرپرسی باڵای ھەرێم دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە؟وەڵامەکە ئاسانە ئەو پۆستانە وەکو ئیمتیاز وقاشی کێک بەشکراون نەک وەک بەرپرسیارێتی وئەرک بە کەسەکان سپئردرابن بۆیە ھەتا ماوەکەی خۆیان تەوائەکەن نەکەس، نەھیچ دەزگایەکیش ،بەپەرلەمانیشەوە ،لەسەر کەم تەرخەمی یان نەشارەزایی یان ھەڵە لەبەڕێوەبردندا ،لێپیچینەوەیان لەگەڵدا ناکا،(بێگومان قسەکە ڕئژەییەوبەڕەھایی نیە )ئیتر بۆ دەست لەکار بکێشێتەوە.کەواتە ھەتا پۆست ئیمتیازبێ ،نەک ئەرک و بەرپرسیارێتی ،ئەوە چاوەڕێی دەست لەکارکێشانەوەی کەس مەبن.


  ئاسۆ حاجی هەڵگەڕانەوە لە کۆدەنگی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی و لابردنی راگەیەندراوەکەیان کە دەرئەنجامی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان بووە،نیەت و ئامانجی لاهور جەنگی بە تەواوی نیشان دەدا لە دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی کودەتاکەی و بە تەواوی دەست گرتن بەسەر یەکێتی و دوورخستنەوەی هەموو ئەوانەی دیکە بە تایبەتیش بافێل تاڵەبانی هاوسەرۆکی.  زۆر جار گوێم لێ بووە دەڵێن لە ئێران کێ زووتر لە خەو هەستێ ئەورۆژە ئەو سەرۆکە،دیارە لاهور جەنگی پەیڕەوی لەهەمان مۆدێل کردووە و کە لەوانەی دیکە زووتر هەستاوە یەکەم کاری لابردنی راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەیەتی و بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێکی تاکە کەسیە بەناوی خۆی کە ناوەڕۆکەکەی پەشیمان بوونەوەیە لە بۆچوونی هاوسەرۆکەکەی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی،بە دڵنیایشەوە ئیرادەی خۆسەپێنی و تاکە کەسی لاهور بەسەر ئیرادەی دەستەجەمعی و کۆدەنگی یەکێتی دەسەپێ،ئەوەش پێمان دەڵێ یەکێتیەکەی کا لاهور جیاواز و بەهێزتر و خاوەن بڕیارە لە یەکێتیەکەی کوڕە گەورەی مام و هەڤاڵانی. ئەو کارەی لاهور دەیکا لە ختوکەدانی عاتیفەی خەڵک و خۆ ئیعلان کردن وەک نەیاری حکومەت و لەو رێگەیەشەوە وەک نەیار پارتی لە پێناو راکێشانی عاتیفەی ئەو خەڵکەیە کە بۆچوونە سیاسیەکانیان زادە و بەرهەمی ئەو ئیڕهابە فکریەیە کە ژیانی خەڵکی کوردستانی خستۆتە نیگەرانیەکی گەورەی سیاسی و قەیرانێکی گەورەتری تەندروستی کە لاهور جەنگی و ئەو پەڕلەمانتار و نووسەر و رۆژنامەنووس وسیاسیانەی لێیەوە نزیکن هانی خەلکیان دا وەک دژایەتی کردنی حکومەت پێگیری بە رێنوماییەکان و بڕیارەکانیەوە نەکەن و بەو کارەش ژیانی تێکڕای خەلکی کوردستانیان خستۆتە مەترسیەکی گەورە و نادیار کە تا ئێستا بەرهەمی ئەو کارەی کاک لاهور بەرزبوونەوەی رێژەی مردن و توشبوونە بەو ڤایرۆسە کوژەکە. ئامانجە سەرەکیەکەی لاهور جەنگی جگە لە خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەو ئومێدەی لەسەر حیسابی ژیان و گیانی خەڵک دەنگ زیاد بکا،لەهەمان کاتدا هەوڵدانە بۆ بە تەواوەتی ئاوت کردنی قوباد تاڵەبانی و ناشیرین کردنی لەبەر چاوی یەکێتیەکان بۆ ئەوەی جاری داهاتوو دەرفەتی ئەوەشی نەمێنێ بە تەزکیە بۆ سەرکردایەتی دەربچێ بە تایبەتیش پەشیمان بوونەوەکە و راگەیەندراوەکەی لاهور هاوکاتە لەگەڵ چوونی قوباد تالەبانی بۆ بەغدا بە سەرۆکایەتی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا،لاوازکردنی بافێل تالەبانیشە و نیشاندانیەتی وەک هاوسەرۆکێکی کارتۆنی و هیچ بەدەست،کە تاکە کۆسپی بەردەم لاهورە بە ئاواتەکەی خۆی بگاتەوەی ببێتە تاک سەرۆک و بڕیار بەدەستی یەکەم و کۆتایی یەکێتی،کە لە ئێستاوە ئادگار و سەروسیمای یەکێتیەکەی دیارە کە باوەڕی تەنها بەو فەلسەفەی کارکردنە هەیە:"ئەوەی خۆم بۆ خۆم ئەوەی ئێوەش هەر بۆخۆم"


عەبدولقادر ساڵح  مووچە لە یاساوە بۆ بڕیاری کارگێڕی خوێندنەوەیەکی قانونی بۆ بابەتی مووچە   گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی یاساکاری لە عێراقدا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە بابەتی مووچە یەکێک بووە لە تایبەتمەندییەکانی دەسەلاتی یاسادانان، بۆ نمونە لە ماددەی (10)ی یاسای ژمارە (55)ی ساڵی 1956 مووچەی فەرمانبەران بە گوێرەی پلەو بروانامەکانیان دیاریکراوە، دواتر ئەم بابەتە جارێکی دیکە لە  ماددەی (3)ی یاسای ژمارە (24)ی ساڵی 1960 رێکخراوەتەوە ، بەم جۆرەش مووچە و دیاریکردنی بری مووچە لە هەناوی یاسای راژەی شارستانیدا مایەوە تا ئەو کاتەی پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە(22)ی سالی 2008ی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی کرد بە یاسایەکی سەربەخۆ و لە هەناوی یاسای راژەی شارستانیەوە دەری هێنا، کە ئەمەش بێگومان گرنگایەتی ئەم بابەتە نیشاندەدات بەلای دەسەلاتی یاسادانانەوە کە دەبێت بە شێوەی(حصر) لە دەسەلاتی یاسادانان بێت و دەسەلاتی جێبەجێکردن ناتوانێت دەستی بۆ ببات.   ئەگەر سەرنجی پەیکەربەندی یاسا بدەین  ئەوا بۆمان دەردەکەوێت بە گوێرەی پلەبەندی لەسەرەوە بە دەستوور دەستپێدەکات و دواتر یاسا و پاشان شۆڕ دەبێتەوە بۆ پێرەو  لە دوای ئەویش رێنماییەکان تا دواجار دادەبەزێت بۆ نزمترین ئاست کە ئەویش بریاری کارگێڕییە و هیچ یەک لەم پێکهاتانە نابێت سەرپێچی پێکهاتەی سەرووی خۆی بکات، بۆ نمونە نابێت یاسای پێچەوانەی دەقی دەستور بێت و پێرەویش پێچەوانەی دەقی یاسا و دەستور بێت و رینماییش پێچەوانەی دەقی دەستوور و یاسا و پیرەو بێت و بریاری کارگێڕییش نابێت پێچەوانەی هیچ یەک لەوانە بێت   بەلام  ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و لەم چەند رۆژەدا روویدا سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، هەڵگەرانەوەی تەواوی ئەو پەیکەربەندییەی لای سەرەوەیە کە باسمانکرد و دەستبردنە بۆ مافێکی بەدەستهاتوو (حق مکتسب) بەپێی یاسا ، چونکە لە دوا بریاری ئەنجومەنی وەزیران کە بریاری داوە بە تەموویل  نەکردن بری (21%) ی مووچەی فەرمانبەران، لە هەمانکاتدا دەسەلاتی داوە بە وەزیرەکان تا دەسەلاتی خۆیان بەکاربهێنن بۆ برینی رێژەی لە (21%) لە مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی بە گوێرەی بری مووچەکەیان ، لەسەر ئەم بنەمایەش وەزیر دەسەلاتی پێدراوە تا بە بریارێکی کارگیری دەتوانێ دەستکاری مووچەی فەرمانبەران بکات تا رێژەی (21%) ، بەم جۆرەش دەردەکەوێت کە دەسەلاتی دەستکاریکردنی مووچە لە دەقی یاساوەکە لە تایبەتمەندی دەسەلاتی یاسادانانە دابەزیوە بۆ بریاری کارگێڕی ، کە ئەمەش هەنگاوێکی بێ پێشینەیە لە مێژووی یاساکاریدا و جێگەی نیگەرانیەوە کە بەم جۆرە مامەڵە لەگەل بابەتی مووچە دەکرێت. *عەبدولقادر سالح   راوێژکاری یاسایی و توێژەر لە بواری وەزیفەی گشتی


خالید رەزا ئەنفال: لە پێش دەسپێکردنی هێرشەکەدا، لە سەرچاوە تایبەتییەکانی خۆمانەوە هەواڵمان پێ گەیشت بو، کە عیراق لە ڕیگای ئاگاداری ئیستخباراتی خۆیەوە دڵنیا بوە لەوەی ئیران توانای هێرشی گەورەی نەماوە و، نیازی هیچ هێرشیکی گەورەی نیە، بۆیە ئەتوانن بێ ترس بەشێکی هێزەکانیان لە جەبهەکانی عیراق- ئێران بکێشنەوە و، پەلاماری بارەگاکانی سەرکردایەتی ی.ن.ک بدەن. هەندێ لەو بروسکانەی پێمان ئەگەیشتن ڕاستەوخۆ لە (دیوان الرئاسە)ەوە ئەنێردران بۆ سەرکردایەتی هێزەکانی جەیش.  بۆ پەکخستنی هێرشیکانی عیراق زنجیرەیەک چالاکی پێشمەرگەیی لەسەر جادە گشتیەکان ئەنجام درا. لەناو ئەوانەدا یەکێکیان لە هەمویان گرگتر بو. پێش دەس پێکردنی هێرشەکان هەندێ لە ئەندامانی (القیادە العامە للقوات المسلحە) لەگەڵ چەند قائید فەیلەق و قائید فیرقەیەک کە ئەبو نەخشەی هێرشەکە جێبەجێ بکەن بۆ داڕشتنی دوا دێڕەکانی نەخشەی ئەنفال هاتنە ناوچەکە لە کاتی گەڕانەوەدا لە سەرجادەی دوکان- سلێمانی بۆسەیەکیان بۆ دانرا. لەبەر ئەوەی هەمویان ئەفسەری پلە بەرز و، هەریەکەیان (حمایە )ی خۆی لەگەڵ بو کاروانەکەیان ناڕیک و پێک بو. بەرایی هێزەکەیان کە ئەگاتە نزیک بۆسەکە. جاشێک لە ڕەبیئەیەکی نزیک جادەکە بە ڕاکردن ئەیانگاتێ و ئەڵێ ٥٠ (مخرب) بۆسە یان بۆ داناون بگەڕیینەوە. کابرای ئەفسەر تا ئاگاداری کاروانەکە ئەکا بگەڕینەوە بەرایی هێزەکە ئەگاتە ناو بۆسەکە. چەند سەربازێ ئەکوژرێ و لۆریەکیان لێ ئەگیرێ بەڵام کاروانەکە بەسەلامەتی بەرلەوەی بگاتە ناو بۆسەکە ئەگەڕێنەوە دواوە. وەکو لە کاتی گفتوگۆکانی ٩١ دا لە بەغدا عقیدرکن ولید، کە جاشەکە ئەمی وریا کردبوەوە و، دواتر وەکو فریق اول رکن نزار خزرجی لە سەفەرێکی لەندەنی دا بۆ یان باسکردم ئەگەر بکەوتنیاتە ناو بۆسەکەوە لەوانە بو نەخشەی ئەنفالی ١ بە کوشتنی ئەمانە بە تەواوی پەکی بکەوتایە (١). حەفتانین: شەوی ١٦/١٧ ی حوزەیرانی سالی ٢٠٢٠ لە ناوچەی حەفانین ی سەر بە ناحیەی باتوفە ،سپای داگیرکەری تورک بە باری ٨ هالیکۆپتەر نزیکەی ٣٠٠ سێ سەد کۆماندۆی شەڕکەری دابەزاند، بە مەبەستی ئابلوقەدانی ئەشکەوتێک کە بەپێی زانیاریە هەوالگریەکانی میت و هەوالگری سەربازی بەشیکی زۆر لە سەرکردەو فەرماندەکانی پارتی کرێکارازنی کوردستان (پەکەکە) لە هێڵی بەرگری یەکەم بۆ پاراستنی قەندیل لێیە و سەرەتای هێرشە فراوانەکەیان بۆسەر قەندیل پەکەکە بە خەیاڵی خۆیان بەو گورزە لە گەریلا، دەست پێ بکەن.  خۆشبەختانە گەریلا پێشتر بە پیلانەکەی فاشستەکانیان زانیوە و، لە پێش گەیشتنی گورگە بۆرەکانی تورک ئەوان بۆسەیەکی پارتیزانانەیان بۆ داناون، کە تیایدا وەک سەرچاوەکانی هەواڵ باسیانکردوە بەچەکی پێشکەوتو، کۆماندۆکانی سپای داگیرکەری تورک یان خستە ناو تەپکەی گەریلاوە و گورزێکی کەمەر شکێنی وایان تێ سرەواندن کە نەخشە گڵاوەکەی فاشیەکانیان پەک خستوە.  لە دەستپێکی ئەنفالەکاندا وەک کاک نەوشیروان لە کتێبەکەیدا لە زاری فەرماندەکانی بەعسەوە ئەیگێڕێتەوە، ئەگەر جاشە کە نەبوایە لەوانە بو پلانی پرۆسەی ئەنفالەکان پوچەڵ ببوایەتەوە. جاشێکی خۆفرۆش پلانی پێشمەرگەیان بۆ لە بۆسەنانی سپای داگیرکەری بەعس هەڵوەشاندوە، کێ ناڵێ ئێستە ئەو جاشە بە پلەی بەرز، بەرزتر لەو پێشمەرگانەی کە بۆسەیان بۆ لەشکری بەعس نابوەوە، لە لای یەکێ لە دوو حیزبەکە وە بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە، خانەنشین یان نەکردوە؟ هیوادارم بۆسە لوت شکێنەکەی حەفتانین سەرەتای تێکشکاندنی  نەخشەی ئۆپەراسێۆنەکانی سپاسی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەریلا و قەندیل.   داگیرکەرانی کوردستان لە هیچ کانێک دا سڵیان لە تاوان بەرامبەر شۆڕشی کورد نەکردۆتەوە. سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلەکەمان و شکست بۆ داگیرکەران. نەفرەت لەوانەی ناپاکی لە نیشتمانی خۆیان ئەکەن. (١)  سەرچاوە:  نەوشیروان مستەفا خولانەوە لە ناو بازنەدا ل ١٤١-١٤٢


د. مەیادە نەجار   لەكاتی گەلەكۆمەكی نەیاران دژ بەهەرێمی كوردستاندا، ئەزموونی نێچیرڤان بارزانی وەك دیپلۆماتكارێكی بێوێنە دەركەوت، چونكە توانی گۆرانكاری لەسیاسەتی ولاتان بكات سەرلەنوێ متمانە لەنیوان هەرێمی كوردستان و ولاتانی جیهاندا ببوژێنیتەوە، كاتێك لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنە دیپلۆماسیەكانی توانی خەونی نەیاران بوچەڵ بكاتەوە، كەشتیی هەرێمی كوردستانی بە ناو زریان و شەپۆلی هەڵچووی ڕقی دوژمنان و گێژاوی قەیرانی سیاسی و داراییی تودنددا گەیاندیە كەناری ئارامی، لەكەمترین ماوەدا ئۆپەراسیۆنی دیپلۆماسی ئەنجامداو چەندان دیداری لەگەل هەریەك لەسەرۆكی فەڕەنسا و ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا و سەرۆكی رووسیا و وەزیری دەرەوی ئەمریكا و پاپای ڤاتیكان و پاشای ئوردن، ئەنجامدا. ئۆپەراسیۆنە دیپلۆماسیەكەی ئەمجارەی سەرۆكی هەرێم زۆر جیاوازە، چونكە لەكاتێكدایە جیهان گیرۆدەی دەردێكی كوشندەبووە، ناجێگیری نرخی نەوت و زیادبوونی بیكاری تەواوی جیهانی تەنیوە، تەنانەت ولاتە زلهیزەكانیش لەم قەیرانە بێبەش نەبوون، ئەم رەوشەی ناهەموارە هاولاتیانی هەرێمی كوردستانیان تووشی دڵەراوكی كردووە، سەردان و گفتۆگۆی سیاسییەكان وەستاون و زیاتر گرنگی بە دیداری ئۆنلاین و گفتوگۆی ڤیدیۆ كۆنفرانس دەدرێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی دیالۆگ و چارەسەری كێشەكان و ڕووبەڕووبوونەوی تەحەدییەكانی ئەم قۆناغە سەردانی بەغدای كرد، سەرلەنوێ چرای هیوا هەڵدەكات و بەتایبەتی هەتا ئێستا هەرێمی كورستان وابەستەی دەوڵەتی عێراقە و بەغداش چەقی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی و ئابووریی عێراقە، هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا تاكە ڕێگە چارەسەری كێشەكان دەبێت. لەلایەكی ترەوە میدیا عیراقیەكان زۆر بەگرنگیەوە لەم هەولەی سەرۆكی هەرێم دەڕوانن، لەكەمترین ماوەدا لەسەر ئاستی عیراق چەندان دیداری لوتكەی لەگەل هەریەك لەسەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامدا. یەكریزی و تەبایی. رۆڵی هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگ دەبێت لەئەدای داهاتووی حكومەتی عیراق و چۆنێتی كاركردنی حكومەتی نوێ، چونكە گۆرانكاری زۆر خێرا لەعیراق ناوچەكەدا روودەدات و مەرجە هەرێم بەشدارێكی كارا بێت چونكە ململانینی ئابووری لەنێوان رووسیاو ئەمەریكاو چین و بەریتانیا لەرۆژهەلاتی ناوەراستدا بەئاشكرا بوونی هەیە، ئەمە بیجگە لەوەی ولاتانی كەنداوی عەرەبی بەتایبەتی سعودیە و ئیمارات سەرقاڵی دۆزینەوەی پێگەی ئابووریی خۆیانن لەعیراقدا دەیانەوێت پردێك لەنیوان ریاز و بەغدا دروست بكەن، ئەمە بیجگە لەوەی توركیا بەدوای ئەوەیە رۆژهەلاتی ناوەراستدا پیگەی خۆی لە سوریا و لیبیا و عیراق و سودان زیاتر بكات، ئێرانیش گیرۆدەی پەیداكردنی سەرچاوەی بژێوی ئابووری بووە، واتا نەخشەی سیاسی لەچەند مانگی داهاتوودا گۆرانكاری خیرا بەخۆیەوە دەبینێت لەم كاتەشدا بەغدا پێویستی بەكەسێكی وەك نیچیرڤان بارزانی دەبێت كە ئەزموونێكی بێوینەی لەپرۆسێسی دیپلۆماسی و تێگەیشتن بۆ سیاسەتی زلهیزەكان هەیە. دەكرێ لەم سەردانەدا زۆر رێككەوتنی گرنگ لەچوارچیوەی دەستووردا جێبەجێ بكرێت، بەلەبەرچاوگرتنی دەستكەوتی سەردانەكانی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەنجامی ، دەكرێ بگوترێ ئاسۆی ڕوون و داهاتووی گەش لەو سەردانەدا وەدی دێت و ئەنجامەكەشی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی لە چەند كاتژمێری داهاتوودا دەردەكەون و لەسەر ئاستی كردەیی و پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی خەڵكیش دوای سەردانی وەفدی حكوومەتی هەرێم بۆ ڕێككەوتن لەسەر مافە داراییەكانی هەرێم بۆ بەغدا كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجام دەدرێت. لەلایەكی ترەوە گرنگی پێدانی سەرجەم سیاسەتمەدارانی عێراقی لەنێویشیاندا كازمی بۆ سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم كۆمەلێك رەهەندی هەیە، كازمی هەر لەیەكەم دەستپێكی كارەكانیدا دروشمی گۆرانكاری و چاكسازی بەرزكردەوە، لێرەدا كازمی زۆر پێویستی بەهەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە ئەستەمە بەبێ كورد كازمی بتوانێت ئەو پرۆسە دوورو درێژە جێبەجێ بكات ئەوەمان لەیاد نەچێت ئەم سەردانە هاوكاتە لەگەل رێككەوتنامەی ستراتیژی نێوان ئەمەریكاو عێراق، چونكە بەگویرەی ئەو رێككەوتنامەیە دەبێت عیراق جارێكی نەخشەی سیاسیەكەی دابرێژرێتەوە و لەسەر بنچینەی یەكگرتوویی پێكهاتەكان و جێبەجیكردنی مافەكانیان خۆی پێناسە بكاتەوە، بەگویرەی ئەم بابەتیش هەرێمی كوردستانیش لەسەر بنچینەی هەرێمێكی یەكگرتوو لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا خۆی نوێ بكاتەوە، ئەگەر ووردبینەوە ئەم رێككەوتنامەیە دەرفەتێكی زۆر باشە لەم كاتەدا بۆ بەهیزبوونەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان، مەرجە هەوڵە دیپلۆماسیەكانی هەرێم لەهەموو كات زیاتر پەرەی پێبدرێت، سەردانی ئەمجارەی سەرۆكی هەرێم لەم كاتەدا تارادەیەك هەنگاوێكی زۆر نایاب دەبێت و كاریگەری زۆر باشی دەبێت و سەرلەنوێ لەلای ئەمریكیەكان پێگەی هەرێم لەنیو رێككەوتامەكەدا بەهیز دەكات .


پەیمان عزەدین  لە ٢٩/١/٢٠١١ دا و کە هێشتا دوو ساڵی تەواو بەسەر بەشداری گۆڕان لە پەرلەماندا تێپەڕ نەبوبو وەک یەکەم ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بزوتنەوەی گۆڕان پێیوابو کە ئەو ماوەیە زۆرە بۆ مۆڵەتدان بە پارتی و یەکێتی و تیایدا سەرکەوتونەبون لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری و چاکسازی . بزوتنەوەی گۆڕان لە پێشەکی بەیاننامەکەیدا ئەڵێت: (خەڵکی کوردستان ئومێدیان وابو کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەخۆیاندا بچنەوە ودەرکەوتنی ئەم ئەزمونە بکەنە دەرفەتێک بۆ دیموکراتیزەکردنی فەرمانڕەوایی و دامەزراندنی سیستمێکی پەرلەمانی راستەقینە و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان ودابینکردنی هەلی کار وخۆپێگەیاندن بۆ گەنجان و بەنیشتیمانیکردنی مەنزومەی ئەمنی و بەرگری هەرێم و جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزب لە دەسەڵاتی حکومەت). دواتر هەر لەبەیاننامەکەدا هاتووە ( بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانی خەڵکیەوە دەسەڵاتداران بە بەرنامە کارئەکەن بۆ نابوتکردنی دەزگا نیشتیمانیەکان ،لەسەرو هەموشیانەوە پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆڵی رەقابی بەتەواوی لەدەستداوە ،ئەوە ساڵ و نیوێک بەسەر تەمەنی ئەم خولەی پەرلەماندا تێ ئەپەڕێ تا ئێستا دەسەڵاتی ئەوەی نەبووە لێپێچینەوە لەگەڵ تاکە بەرپرسێکی ئەم هەرێمەدا بکا . تەنانەت ئەو حکومەتەی کە شەرعیەتی لە پەرلەمان وەرگرتووە ئامادە نیە ئیعتیراف بە دەسەڵاتی پەرلەمان بکا و وەڵامی پرسیارەکانی بداتەوە .) ئەمە ڕا و هەڵوێست و بەیاننامەی بزوتنەوی گۆڕان بو لە ساڵی ٢٠١١ دا ، ئەو کاتەی هێشتا دوو ساڵی تەواو بەسەر یەکەم ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنیدا تێنەپەڕیبوو ، لەو کاتەدا و پاش کەمتر لە دوو ساڵ گۆڕان چاوەڕێی سیستمێکی پەرلەمانی ڕاستەقینە و باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و بە نیشتیمانیکردنی مەنزومەی ئەمنی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتی حیزبی ئەکرد لە دەسەڵات ، لەپاش کەمتر لە دوو ساڵ بۆی مەعلوم بوو کە ئەوانە هیچیان نەکراون و ناکرێن و دەسەڵاتداران واتە یەکێتی و پارتی بە بەرنامە ئیش ئەکەن بۆ بۆ نابوتکردنی دەزگا نیشتیمانیەکان و پێی وابوە کە پەرلەمان ڕۆڵی رەقابی خۆی لەدەستداوە . بۆیە و لەسەر ئەو بنچینەیەوە چەند داواکاریەکی وەک ڕێگاچارەیەکی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بەو سیستمە حیزبسالاریە پێشکەشکرد ،کە بریتیبو لە : ١-مەنعی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لە هەموو جۆرە دەستتێوەردانێک لە کاروباری حکومەت و دائیرەکان ، پەرلەمان ،دادگا ئاسایش ، پێشمەرگە ، ٢-مەنعی دامەزراوەکانی ئسایش ، زانیاری و پاراستن و پێشمەرگە لە هەموو جۆرە دەستتێوەردانێ لە کاری سیاسی خەڵک و چالاکیە جەماوەریەکان ، گۆڕینی بەڕێوەبەرەکانی ئەم دەزگایانە بە کەسانی بێلایەنی پیشەیی . ٣-هەڵوەشاندنەوەی حکومەتە حیزبیەکەی ئێستای یەکێتی و پارتی و پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتیقالی تەکنۆکراتی بێلایەن. ٤-هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەرلەمانەی ئێستا. ٥-ئامادەکردنی زەمینەی هەڵبژاردنێکی نەزیهی بێ تەزویربۆ پەرلەمانی کوردستان کە لە ٣ مانگ تێ نەپەڕێ. ٦-گێڕانەوەی موڵک وماڵی داگیرکراوی حکومەت و خەڵک لەلایەن حیزبەکان و کاربەدەستەکانیانەوە . ٧-کێشانەوەی رەشنوسی دەستوری هەرێم و هەموو ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە سیستمی حکومڕانی وڵاتەوە و حەواڵەکردنیان بۆ پەرلەمانی داهاتو . ئەم ڕا و سەرنج و پێشنیازانەی گۆڕان بو کە ئومێدی گەورەی بە گۆڕانکاری دروستکردبو و هەزاران کەس لەدەوری کۆبوبونەوە، بەڵام ئێستا ساڵی ٢٠٢٠ ە ، ئەگەر دیقەت لە بارودۆخی سیاسی و گوزەرانی هاووڵاتیانیش بەین ،ئاخۆ دوای ٩ ساڵ تێپەڕبون بەسەر ئەو بەیاننامەیەدا چی گۆڕاوەو بەرەو کوێ ڕۆشتووە. دەسەڵات هیچ ئەزمون و پێشنیاز و ناڕەزایەتیەکیان نەکردە دەرفەت و بە هیچدا نەچونەتەوە و ناچنەوە ، فەرمانڕەوایی نەک هەر دیوکراتیزە نەکراوە ، بەڵکو تادێ دیکتاتۆرەیەت قایمتر و توندتر ئەکەن و بازنەی ئازادی و بیروڕای ئازاد بچوک و بچوکتر ئەبێتەوە ، پەرلەمان نابوتتر کراوە وئەگەر تا ساڵی ٢٠١١ بوێری ڕێگری لەسەرۆکی پەرلەمان و قوفڵکردنی پەرلەمانیان نەئەکرد ،ئێستا ئەوە ئاسانترین بژاردەی پارتیە ، ئێستا پەرلەمان جیا لەوەی ڕۆڵی ڕەقابی و لێپرسینەوەی نەماوە ،وا خول و نیوێکە ئاگای لە بودجەش نیە وئەرکی گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی بودجەشی پێڕەوا نەبینراوە ، دەزگا ئەمنیەکان حیزبی تر بون و نەک بەڕێوەبەرەکانی ئەو دەزگایانەیان نەکردوە بە کەسانی بێلایەن، بەڵکو بە موبارەکەی گۆڕان خودی بەرپرسی دەزگای پاراستن بووە سەرۆکی هەموو حکومەتەکە ، لە حیزبیشدا سەرۆکی زانیاری ئەبێتە هاوسەرۆکی حیزب و باشتر دەزگا ئەمنیەکان ئەچنە ناو کارو ژیانی سیاسی خەڵکەوە ، لەساڵی ٢٠٢٠ دا تەنیا کێشەمان حکومەتی حیزبی نیە ،ئێستا حیزبی بنەماڵە و حکومەتی بنەماڵەیی هەڕەشە لە دیموکراسیەت ئەکەن. ئەوەی پەیوەندی بە هاووڵاتیانیشەوە هەیە ،ئەوا گوزەرانی خەڵک بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١١ لەوپەڕی داڕوخاویدایە و هەلی کار بۆ گەنجان بەتەواوی بنبڕبوە. موڵکی حکومەت و زەویە داگیرکراوەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و تا دێ دۆنم و هیکتاری زیاتری ئەچێتە سەر، ئێستا نەک هەر زەوی بەدەڵان و کشتوکاڵیەکان تاپۆ کراون بەڵکو گردی زەرگەتەشی چۆتەسەر کە ڕەگەزی دارستانە و تاپۆکردنی ناقانونیە . بۆیە لە ڕاستیدا ، ئەگەر لە ساڵی ٢٠١١ دا هۆکارێک هەبوبێ بۆ داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەت ،ئێستا سەدان هۆکار ئامادەن ، ئێستا بە فیعلی هەم حکومەت و هەم پەرلەمان ، شکستیان خواردووە لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان، ئەگەر لە ٢٠١١ ئومێدێک مابو بۆ گۆڕانکاری، ئێستا بێئومێدیەکی تەواو باڵی بەسەر خەڵکدا کێشاوە. ئەگەر نوزەیەک بۆ چاکسازی مابێ ، کاتی جێبەجێکردنی بەیاننامە ٧ خاڵیەکەی جارانی گۆڕانە ، لە ئێستاد تاکە چارەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەرلەمانە ،هەر گروپ و حیزب و لایەنێک بیەوێ ئیشی لەسەر بکات و هیوایەک بۆ ئەم هەمو بێ هیواییە بگێڕێتەوە.


پشکۆ ناکام ..... کاتێک رژێم و دەستەڵاتە دیکتاتۆرەکان زیاتر  و زیاتر بە جومگەکانی کۆمەڵگایە یەنە خوارێ ، مەترسییەکانی بوونی دەوڵەت و دامەزراوەکانی وەک بەشێک لە حیزب زیاتر ئەبێ و وەک ئەوەی ئەمڕۆی هەرێم شتێک نابینرای و هەستی پێ ناکرێ بە ناوی سیستەم ، سیستەم و ژێرخانە یاساییەکان واتا حیزب حیزبیش واتا چەن کەسێک ، دەسەڵاتی بنەماڵە لە رژێمەکەی ئەمڕۆی هەولێر کە لەژێر رکێفی بنەماڵەوە بەرێوە ئەبرێت بووە بە دەوڵەت ، ئەوەی بنەماڵە ئەیەوێت لە ڕێی حزبەوە جێبەجێی ئەکات و دوەڵەت وەک دامەزراوە و یاسا و هێز وا لەناو لەپی دەستی نوێنەرێکی بنەماڵە و لە سەرروی هەرەمی رژێمەکە دانیشتوە و تۆش بۆخۆت هەر هاوارکە تا تووشی ئیلتیهابی حونجەرە ئەبی کەس ئاوڕێکی خێرت لێ نایاتەوە ، ئەو کەس و خەڵکانەش کە بەناوی وەزیر و مەزیر ی بەناو حکومتەوە  هەر چاوڕێی  ئافەرینی حیزبن ئەبن بە بەشێک لەو دەستەڵاتەی یان ئەو حیزب و بنەماڵەیەی جێگەی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی گرتۆتەوە و هەموو فەرمان و یاسایەکی حیزب(بێ فزە گرتن) جێبەجێ ئەکەن جا ئیتر لە بەرژەوەنی خەڵکە یان نا جاڕ بە جەهەنەم گرنگ ئەویە ئەم جێبەجێکارە بێ ئەوەی بۆی هەبێ بۆڵەبۆڵێك بکا یان خوانەکردە یەکسەر جێبەجێ نەکرێت ئەو کاتە بە تاوانی لایان لە رێباز وبێ وەفایی بۆ خوێنی شەهیدان وا وەیلا بە حاڵت ،  ئەم راستیەمان بە روونی لەم کاتەی کۆرۆنایە بۆ دەرئەکەوێت چۆن  بەختەوەری بەناو سەرۆکی حکومەت ئەو مەسەلەیەی قۆستۆتەوە بۆ مەبەستی سیاسی حیزبی و بنەماڵەیی و وزیر و پارێزگار و فەرمانبەرە ملکەچە نەفامەکان بە نوقتە و سەری دێڕەوە جێبەجێی ئەکەن و ئەوان مەمنوون !! بەیانی بەناو سەرۆکی حکومەت بە وەزیری تەندروستی کە کادری حیزبەکەی خۆیەتی بڵێ بڕۆ تەسریح بە کە ئەگەر پارتی بیت کۆرۆنا کەمتر کارت لێئەکا !!، جونکە جەنابی وەزیر دوەڵەت و پیشەکەی خۆی لە حیزبا ئەبینێ نەک وەزارەت و خزمەتی خەڵک ، بێ سێ و دوو کردن ئەوەی بەناو سەرۆکی حکومەت ویستی لەبەر دەم دە پانزە ماکرۆفۆنا وەک تووتی ئەیڵێتەوە ، ئاخر ئەو هەموو یاری کردنە بە ئەعساب و دەروونی خەڵک بۆ ؟گەر حساباتێکی حیزبی وبنەماڵەیی لە پشتەوە نەبێ !! هەر داوای مووچە بکە بە تەلەفۆنێکی بەناو سەرۆکی حکومەت وەزیری تەندروستی یەکسەر لەسەر شاشەکان ئەڵێ بەپەلە بچنە ماڵەوە ئاگادارین فەوجێک کۆرۆنا بەرێوەیە بەرەو هەرێم بەتایبەتی سلێمانی و لەبەر خاتری ئێوە هات و چۆ قەدەغە ئەکەین و وەزیری خستنەئەولاوەی مووچەش ئەڵێ ؛ خەریک بوو مووچە بەین بەڵام بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست کۆرۆناوە ڕامان گرتووە !!پەلەتان چیە مووجەکانتان لە شوێنێکی ئەمینە(وەک ئەمانەتی بیست و حەوت ملیاردەکە) با کۆرۆنا تەواو بێ وەریئەگرن...  جا بۆیە مەترسییەکی گەورەیە کە دەوڵەت ببێ بە بەشێک لەدامەزراوەکانی حیزب و کادیرە بچووک و مێشک ئێکسپایەرەکان بەرنامەی حزب لە وەزارەتەکانیان بەڕێوەبەرن ، کاتێک حیزب بەناوی دەوڵەتەوە لەبەرژەوەنی خۆیان و بنەماڵە ئەبن بە سەرچاوەی یاسا ئیتر دەست لەو کۆمەڵگایە بشۆ کە خێر لە خۆی ببینێ تا ئەو حیزب و بنەماڵەیە دەسەڵاتدار بن ، گەر خۆشبەختانە نەمان ئەوە قسە و باسێکی تری لێ ئەکەین....واریدە وەزیر ئەقڵی بە دونیا نەشکێ ، یان لەئاستی مەسئولییەتا نەبێ یان تامەزرۆی پارە بێ ، بەڵام کاتێ وەزیرێک کە نوێنەرایەتی یاسا و دەوڵەت ئەکا بۆ پەرژەونی گشتی ئەبێ بە سێنەری سەرۆکی بەناو حکومەتەکە کە بەتاوانی دزینی قووتی خەڵک هیچ شەرعییەتێکی یاسایی لە مانەوەی لە حوکما نامێنێ ،موسیبەتەکە لەوێوە دەست پێ ئەکا کە هەرچی ئیعتبارێکی ویژدانی و یاسایی وئەخلاق ئینسانی و  نیشتمانی هەیە لەبەر خاتری مانەوەی وەک وەزیر ، هەمووی ئەخاتە سنوقی وەنەوشەکەیەوە......


د. كامەران مەنتك بەڕێزان بەهۆی ئەو دۆخەی كوردستان تێیكەوتووە، واباشە هەرچیەك ئەگەر پێت دەكرێت بیكەیت و درێغی نەكەیت، لەو روانگەیەوە ئەو پەیامەم نووسی، سەرەتا ویستم ژمارەیەك ئیمزا كۆبكەمەوە وەك ژمارەیەك ئەكادیمیستی كورد ئەو كارە بكەین، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەوانەی پەیوەندیم پێوەكردن بیانووی زۆر ساویلكەو بێمانایان دەهێنایەوە، بۆیە بڕیارم دا پەیامەكە لەرێگای ئیمڵەكانی یوئێنەوە بە هەردوو زمانی عەرەیی و ئینگلیزی بەناوی خۆم بنێرم، ئەمە واتای ئەوە نیە، كەوا هیچ ئەكادیمیستێكی خاوەن هەلوێست نیە، بەڵكو تەنیا ئاماژەەكە بۆئەوەی ئەوانەی من دەستم پێیان گەیشت ئەوە هەلوێستیان بوو، كە ئەمەش جێگای داخە، داخەكە لەوەش گەورەتر ئەوەیە هەندێكیان پاساو بۆ توركیا دەهێننەوە رەخنە لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەگرن، واتە ئاستی بیركردنەوەیان لە ئاستی بیركردنەوەی دەروێشەكانی حیزبەكان تێناپەڕێت، ئەمەش ئەنجامی ئەو تێكدان و وێرانكردنە رێكخراوەیە، كە حزبەكان لە باشووری كوردستان ئەنجامیان داوە، هەرچۆنێك بێت بە باشم زانی دەقی پەیامەكە وەك خۆی بە زمانی كوردی بۆ خوێنەری كورد بڵاو بكەمەوە: بەڕێز: ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەلایەك توركیا هێرشی سەرهەرێمی كوردستان دەكات، بە بیانووی لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان، دەیەوێت ئەو پشتینە تەواو بكات، كه لە رۆژئاوای كوردستانەوە دەستیان پێكردووە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سنووریەكانی كوردستان، بەمەبەستی دابەشكردنەوەی كوردستان لەسەر بنەمای دیمۆگرافی، كە ئەم دابەشكردنە قۆناغی دووەمی دابەشكردنی كوردستانە، كە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی لەسەر بنەمای جوگرافی ئەنجامدرا، ئەو قۆناغە لە قۆناغی یەكەم ئیجگار مەترسیدارترەو هەرەشە لەسەر بوونی كورد دەكات وەك نەتەوەیەك و بۆ هەتایە هەتایە مۆركی كوردستانی بوون و نەخشەی كوردستان لەسەر نەخشەی جیهان دەسڕێتەوە. لە لایەكی تر ئێران بە هەموو توانایەكی ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستان بۆردومان دەكات، ئەمە واتای ئەوەیە قۆناغێكی تر لە گەلە كۆمەی هەرێمی دەستپیكردووە، كە دیارە بە هۆی گۆڕانكاریەكان لە هاوسەنگی هێزی جیهانی و سیستەمە هەرێمیەكەدا هاتووە، وا دەكات ئەم هەڵمەتەش زۆر مەترسیدارو چارەنووس سازتر بێت لە هەڵمەتەكانی پێشووتر. بێدەنگی هەموو دنیاش بەرامبەر ئەو تاوانە گەورەیه، كە‌ لەبەرزەقەی چاوانی بەڕیوە دەچێت. پرسیارێكی گەورە لای گەلی كورد دروست دەكات و دایساندنی گڵۆپی سەوزە بۆ توركیاو ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە. هاوكات، شەرمەزایەكی گەورەیە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەكەیەكی گەورەیە بەرووی هەموو ئەو هێزانەی‌ پاڵپشتی ئەو دەوڵەتانە دەكەن بۆ ئەنجامدانی ئەو رەشەكوژیە، چونكە ئاشكرایە توركەكان بە فڕۆكەی ئەمریكی و تانك و زرێپۆشی ئەڵمانی و ئێرانیەكان بە چەكی روسی و چینی ئەو پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە هەردوو بەرە بەشدارن لەو تاوانانەی دژ بە میللەتێكی بێوەی دەكرێت. بەڕێزان لاتان روونە ئەم هەلمەتەی لەناوبردنی میللەتێك هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دەكات، بۆیە پێویستە ناوچەكە بەگشتی بخرێتە ژێر بەندی حەوتی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوكات بەهۆی ئەو بڕیارەی لە لوتكەی سەركردەكانی جیهان لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی (2005) دەرچوو، لەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پیویستە بەرپرسیاریەتی پاراستنی نەتەوەی كورد بگرێتە ئەستۆ، چونكە ئێستا ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە نەك ناتوانن كورد، كە بەشیكی گرنگە لەدانیشتوانی ئەو وڵاتانە(توركیاو ئێران و سوریاو ئێراق) بپارێزن، بەڵكو ئەوان خۆیان مەترسی سەرەكین و هەڕەشە لە بوونی ئەو نەتەوەیە دەكەن، بۆیە لەسەر كۆمەڵگای نیودەوڵەتی و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەتایبەتی پیویستە بەرۆڵی مێژوویی خۆیان هەڵسن و نەتەوەیەك لە جینۆسایدو پاكتاوی رەگەزی بپارێزن، لەمڕووەوە داوا لە بەڕێزتان بە ئەركی خۆتان هەڵسن ودەستبەجێ داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بكەن بۆئەوەی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە ببەستێت و رێگا لەو تاوانە گەورە دژ بە مرۆڤایەتی بگرێت.


د. كارزان شێخ موحسین جیھان لە پێشبرکێیەکی خێرایە بۆ دۆزینەوەی پێکوتە (ڤاکسین) و چارەسەری نەخۆشی کۆڤید-19 ئەوەی ئاشکرایە ودەزانرێت ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا نە پێکوتە و نە چارەسەری نادۆزرێتەوە و ئەمە جگە لە کێشەکانی بەرھەم ھێنان و بە کۆگا کردن و گواستنەوە و ئامادەبوونی بۆ ھەموو خەڵکی جیھان کە نزیکەی 7.8 ملیار کەسە. بۆ ئەم مەبەستە زانا ودکتۆرەکان لە جیھان دەبێ بیر لە چارەسەری خێرا بکەنەوە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشە ناجێگیر و ئاستەمەترسیدارەکان. لە دوو مانگی ڕابردوو چەندین ووڵات تەکنیکی بەکارھێنانی پلازمای خوێنی کەسانی چاکبوو لە نەخۆشەکە بۆ نەخۆشە ناجێگیرەکان تاقیکردۆتەوە. جارێ پێش ئەوەی بزانین ئایا ئەمە کار دەکات یان نا با تێبگەین پلازمای خوێن چیە؟ خوێن کە شلەیەکی سوورە لە لەشی مرۆڤدا لە بنەرەتدا لە دوو بەش پێکدێت بەشێکی خانەکانی خوێنن، بەشەکەی تریشی لە ئاو و پرۆتینە تواوەکان پێک دێت.. کاتێک بە تەکنیکی تاقیگەیی جیا دەکرێنەوە خانەکان دەنیشن و بەشە شلەکەی لە ئاوو و پرۆتینەکە سەرئاودەکەون و رەنگێکی زەردی ھەیە (سەیری وێنەکە بکە).. یەکێک لەو پرۆتینانەی لە ناوپلازمای خوێن ھەیە بریتیە لە پرۆتینێک کە پێی دەووترێت دژە تەن . دژەتەن لەشی مرۆڤ دروستی دەکات بۆ دژایەتی کردن و رێگری کردن لە میکرۆب و ھەر شیێکی نامۆ کە دێتە ناو لەش. ئەم دژایەتی کردنە لە رێگای دروست کردنی دژە تەنەوە تایبەتمەندە و لە دوای ماوەیەک بۆ ھەر میکرۆب و ڤایرۆسێک دژە تەنێکی تایبەتی دروست دەبێت کە بە ووردی بۆی دروست کراوە و لەھەر شوێنێک بیبینێت پێیەوە دەنووسێت. وێنەی روونكردنەوەیی پلازمای خوێن دژەتەن بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەیە؟ بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو ھەر میکرۆب و شتە نامۆکانی تر کاتێک دێتە ناو لەشی مرۆڤ وکێشە دروست دەکات، دژە تەن لە دژی ئەو ڤایرۆسە بە تایبەتمەندێتیەکی تەواو دروست دەکرێت لە ناولەش.. ھەر کاتێک ڤایرۆسەکە لە خانەکان ھاتە دەرەوە دژە تەنەکان پێوەی دەنووسێن ونایەڵن خانەی تر داگیر بکات و ژمارەکەیان زۆرتر بێت.. ئەمە بۆ کەسێکی ئاسایی و خاوەن بەرگری بەھێز کارێکی ئاسانە و ڕەنگە کۆرۆنا پێی نەوەستێ و چاک ببێتەوە، بەلام بۆ ئەو کەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە یاخود نەخۆشی تری درێژخایەنیان ھەیە و لەش سەرقالی ئەو نەخۆشیانەیە یان ھەر ھۆکارێکی تر بۆ نمونە جگەرە کێشان یان نەرگەلە کێشان، لەو کاتەدا ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەل دەقۆزێتەوە و بەسەر بەرگری و دژە تەنە کەمەکان زاڵ دەبێت و خانەی زیاتر لە سیەکان داگیر دەکا و دایدەروشێنێ بەمەش نەخۆشەکە بۆ بارێکی ناجێگیر دەبات.. چۆن پلازمای کەسی چاکبوو کار دەکات لە نەخۆشی تر؟ کاتێک کەسێک چاک دەبێتەوە لە نەخۆشی کۆرۆنا پلازمای خوێنی ئەو نەخۆشە ئەو دژە تەنانەی تێدا ماوەتەوە و بۆ ماوەیەکی نادیاری درێژ دەمێنێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە کە پلازمای کەسی چاکبوو دەدرێتە نەخۆشێک ئەوا ئەو دژە تەنانەی لە پلازماکە ھەیە کار دەکەن بۆ لەناو بردن و تێکشکانی میکرۆب و ڤایرۆسەکان.. لە سالی 1890 بۆ یەکەم جار دژی نەخۆشی کۆکەڕەشە بەکارھاتووە و دواتریش لە سالی ١٩١٨ بۆ پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی بەکارھاتووە، ھەروەھا بۆ ئیبۆلا و جۆرەکانی تری کۆرۆنا بەکارھاتووە بەم دواییانە. بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێش بە ھەمان شێوە پلازمای کەسی چاکبوو کە پڕیەتی لە دژەتەن بۆ ڤایرۆسەکە کاتێک دەدرێتە نەخۆش ئەوا دژەتەنەکانی ناو پلازماکە کە تایبەتن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڤایرۆسەکە دەگرن و نایەڵن چیتر خانە داگیربکات و تێکی بشکێنێت و زیاد بکات، بەمەش یارمەتی لەش دەدات بۆ لە ناوبردنی خانە تووشبووەکانی تر و چاکبوونەوە.. دژەتەنی لەشی مرۆڤ کێ دەبێت پلازما ببەخشێت و چۆن؟ ھەرکەسێک کە تووشی ڤایرۆسەکە بووە و چاکبۆتەوە و پاش ماوەی ١٤ رۆژ دوای چاکبوونەوە دەتوانێت پلازما ببەخشێت بۆ نەخۆشی تر .. گرنگە کە ھەموو ئەوانەی کۆرۆنایەن گرتووە و چاکبوونەتەوە ئەو ھەنگاوە بنێن بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی دیکە.. کارێکی ئاسانە ئەوەی لەسەر ئەو کەسەیە تەنھا بتلێک یان زیاتر خوێن ببەخشێت ، دواتر پلازمای لێ جیادەکرێتەوە،، بەلام گرنگە بانکەکانی خوێن بە ووریایی و زانستیانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن و دوو تێستی گرنگ ئەنجام بدەن ئەویش نەبوونی ھیچ ژەھر و ماددەیەکی زیانبەخش و نەخۆشی تر و ھەروەھا تێستی دژە تەن بکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن کە بڕی دژە تەنی پێویست ھەیە لە ناو پلازماکە بۆ کۆرۆنا.. ئەمە چارەسەرە و تەواو؟ نەخێر، تا ئێستابە شێوەیەکی زانستی تەواو نەسەلمێندراوە کە پلازمای خوێن چارەسەرە.. توێژینەوەیەکی چین کە ھێشتا پێداچوونەوەی زانستی ھاوەڵانەی بۆ نەکراوە باس لەوە دەکا کە ٧ نەخۆش لە کۆی ١٠ نەخۆش بەشێوازێکی بەرچاو سوودیان لەم پرۆسەیە وەرگرتووە.. پێش بڕیارداب چەند فاکتەرێک کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر بەکارھێنانی پلازما 1- بۆ کێ بەکاردێت: پلازمای کەسی چاکبوو دەکرێ بۆ ئەو کەسانە بەکاربێن کە حالەتەکەیان ناجێگیرە بەلام شڵەژاو critical نیە،، چونکە بۆ نەخۆشێکی زۆر خراپ ڕەنگە تازە فریای نەکەوێت.. نەخۆشە ناجێگیرەکان و ئەوانەی نیشانەیان ھەیە دەکرێ سوودی لێ ببینن بەمەش خواستی ھەناسەدانی دەستکرد و چاودێری چڕ کەم دەبێتەوە.. بۆ ستافی نەخۆشخانەکان دەکرێ بەکاربێت چونکە زۆر بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە دەکەن و پێویستیان بە دژە تەن دەبێت.. 2- کات: کات کاریگەریەکی زۆری ھەیە لە بەکارھێنانی پلازمای خوێن چونکە چەند زووتر دوای دروست بوونی نێشانەکان بەکاربێت باشترە بەوەی کە ژمارەی ڤایرۆسەکە و توندی نەخۆشیەکە ماوەی ئەوەی ماوە کە کۆنترۆل بکرێت، بۆ نەخۆشێک کە کەوتە شڵەژان و ھەناسەی دەستکرد ڕەنگە ئەو کاریگەریەی نەبێت.. 3- دەرمانی بەکارھاتوو: لەبەرئەوەی تا ئێستا بە ڕوونی دیار نیە کام دەرمان کاریگەری زیاتری ھەیە لەسەر ڤایرۆسەکە لە جیھان و بە جیاوازی شوێنەکان چەندین دەرمان تاقی دەکرێنەوە بەم پێیەش چاکبوونەوەی نەخۆش دوای پێدانی پلازما رەنگە بگەرێتەوە بۆ جۆری دەرمانەکە و کاریگەری دەرمانەکە بە تەنیا یان بە ھاوبەشی لەگەل پلازماکە 4- ژمارە و رێژەی پلازمای بەخشەرەکان: ژمارەی ئەو کەسانەی جاکبوونەتەوە و ئامادەن خوێن ببەخشن ھۆکارێکی کاریگەرە بۆ بەکارھێنانی پلازما، گرنگە زۆرترین کەس پلازما ببەخشێت بۆ ئەوەی باشترین پلازمای پڕ لە دژەتەن بەکاربێت بۆ نەخۆشەکان.. ھەموو پلازمایەک کاندید نیە بۆ بەکارھێنان تا لەو تاقیکردنەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا دەرنەچێت.. لە کوردستان چی دەکرێت و چی بکرێت باشە؟ ئەوەی تا ئێستا لە کوردستان دەکرێت ھەوڵی تاک تاکەییە و بە شێوازێکی زانستی و بە دیراسەتێکی کلینیکی نەکراوە.. بە پشت بەستن بە زانیاریەکانی ووڵاتان و بۆ ئەو نەخۆشانەی کە لە نزیکە مەرگن پلازما بەکارھاتووە و کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبووە.. بۆیە زۆر گرنگە دووبارە زۆر زۆر گرنگە کە وەزارەتی تەندروستی بە پاڵپشتی زانایەکانی مایکرۆبایۆلۆجیا و بەرگری زانی و فسیۆلۆجی زان و خوێنزان و ئامارزانەکانی خوێندنی باڵا ھەلمەتێکی دەست بەجێ ڕابگەیەنن بۆ کۆکردنەوەی پلازما و تاقیکردنەوە و لێکدانەوە ی دەرھاوێشتەکان بۆ زانست وخەلک و جیھان بخاتە ڕوو.. بەکارھێنانی بە شێوەیەکی ھەڕەمەکی و بێ پشت بەستن بە لێکدانەوەی زانستی و ڕای زانایان و کۆنسێنتی نەخۆشەکان ڕەنگە سوود و ئاکامی چاوەروانکراوی لێ نەکەوێتەوە.   *پ.ی.د کارزان شێخ موحسین، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی سەڵاحەددین- ھەولێر *سەرۆکی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە زانکۆ.   سەرچاوەکان:  ‏Medrxiv.org/content/10.1101/2020.03.16.20036145v1 ‏ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC5828518/ ‏The National Academies of Sciences, Engineering and Medicine ‏jamanetwork.com/journals/jama/fullarticle/2763983 The feasibility of convalescent plasma therapy in severe COVID-19 patients: a pilot study medrxiv.org


عەبدولڕەحمان ئەبوبەكر دۆخەكە لەدەست دەرچووە، حزبەكان تەنها چاویان لەبەرژەوەندی خۆیانە، پارتی هەموو دەسەڵاتەكانی لای خۆی كۆكردۆتەوە، چۆنی بوێت وای دەدورێت. بەرای زۆرێك لە هاونیشتمانیان لەئێستادا دۆخەكە لە دەست دەرچوە، حیزبەكانی كوردستان و بەشێك لەئەندامەكانیان تەنها لەخەمی بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەی خۆیاندان جگە لەپارتی، بەڵام ئەگەر وابڕوات نەپۆست دەمێنێت و نەخۆشیان، چونكە لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها هێزی یەكەمەو هەموو دەسەڵات و بڕیارەكان لای خۆیەتی بەكوردی كرمانجی چۆنی  بوێت وای دەدورێت، ئەوگرێبەستی پەنجا ساڵەی لەگەڵ توركیا كردەو هیچ خەمێكی نیە چونكە توركیا ئەو هەڵدە سوڕێنێت و هەرتوركیاش ڕێگە نادات لەگەڵ بەغداد ڕێك بكەوێت، چونكە توركیا مەبەستەیتی خەڵكی كوردستان بەبرسێـی بكوژێت، ئەوەی توركیا كەدژی كوردو كوردستانە شتێكی ترە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەئێستادا قسەی لەسەربكەیت باشوری كوردستانە دۆخێك لەئەوپەڕی مەترسیدایە زیاتر لە 100ڕۆژە موچە نەدراوە  هەمو حیزبەكانی كوردستان دەڵێن پارتی هۆكارە، ئەی باشە ئێوە چین، خۆی لەڕاستیدا خراپی ئەم دۆخە بەپلەی یەكەم پارتیە دوایش یەكێتیە، ئێوە خۆتان دڵنیان  بەهەموتان ناتوانن یەك بڕیاربدەن لەئێستادا چونكە بڕیارەكەش بدەن ئەوا پارتی قبوڵێ‌ ناكات وباتڵە. ڕووی دەمم دەكەمە (گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرت و  یەكێتی)  ئێستا كاتی ئەوەیە بەرەیەكی بەهێز دروست بكەن پێدا چونەوە بەسیاسەت و بەڕێوە بردنیشدا بكەن تاخەڵك لەم دۆخە ناهەموارە ڕزگاربكەن ،  وابكەن لەگەڵ بەغداد ڕێك بكەون و دۆخی گوزەرانی خەڵك چاك بكەن و وەڕێگەش لەداگیركردنی كوردستان لەلایەن توركیاوە بگرن، ئێستا كاتی هاتوە هەلێكی مێژووی گرنگ لەبەردەستاندایە هەرچوارتان وەك چوارهێزی دیارو كاریگەر ئەو هەلە مێژووییە لەدەست مەدەن خۆتان بكەنەوە بەپێشڕەوی گەل و قوتاریان بكەن لەنەهامەتی وبرسێتی و ئەم ژیانەتاڵە، ئەگەربەڕاستی بەرژەوەندی هاونیشتیمانیانتان دەوێت. ئەگەر ئەمەنەكەن ئەوا پارتی بۆبەرژەوەندی خۆی و مانەوەی خۆی زیاتر خەڵك برسی دەكات  چونكە ئەو باكی بەهیچ نیە كوردستان چی لێدێت، گرنگ مانەوەی خۆیەتی و لەناو پارتیشدا مانەوەی بنەماڵەی بارزانیە، تكایە هیمەتێك بكەن ئێمە وەكوو ڕۆژنامەنوسان دەزانین خەڵك چەند ناڕازاییە هەموو سێكتەرەكانی ژیان واپەكی دەكەوێت، نەچوە بچێت،  ئێوە لەخەو هەستن پارتی ژێر بەژێر هەموكارێك و ڕێكەوتنێك دەكات، سەرەی ئێوەش بەقوڕا دەبات ، فریای خەڵك بكەون تا وای لێنەهاتوە خۆیان بڕژێنە سەرشەقامەكان و بارەگاكانتان بسوتێنن وەخۆیان ئەو هەنگاوە بنێن كەئێوە دەبوو بتان نایە ، چونكە ئەگەر بەنیازی پارتی و حكومەتەكەی پارتین  ئەو دەستەتان بخە نە ژوور سەرتان ئەو نایكات ئەو شتێك ناكات بۆخەڵك ، ئیتر ئێمە ئەمەمان وت بزانین ئێوە تاچەند گوێدەگرن،  ئەگەرچی هەمو سیاسەیەكانی ناو حیزبەكان خۆتان بەعەبقەری دائەنێن و بەڵام هیچ سودێكتان نیەو گوێش بۆكەس ناگرن، تەمەنا دەكەین ڕێگە نەدەن خەڵك بەڕەكەی ژێرپێتان دەربێنی و دواتریش لەسەر زەویش جێگەی دانیشتنتان نەبێت.   


د. چیا عەباس لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزم و شەری ساردا زۆربەی پێکدادان و شەرەکان لە دنیادا بەدەر لە رەوایەتی و نارەوایەتیان لەلایەن دو بەرەی سەرەکی ئەو سەردەمەی جیهان وەک روداوە  پرۆکسەکان مامەڵەیان لە گەڵیاندا دەکرد.  نمونەکان زۆرن، کاتێک بە کورد لە باشور دەست پێبکەین دەبینین چۆن رەوایەتی شۆرش و یاخیبون و راپەرینەکانی کرانە قوربانی هاوکێشەکانی دنیا و ناوچەکە. لە دوای روخاندنی دیواری بەرڵینەوە رەوایی خەبات و شەرە نەتەوەییەکان خزێنراوەتە نێو هاوکێشە بێ سەروبەرەکانی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکان. ئەزمونەکانی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان لە دوا بیست ساڵدا دەریدەخەن چۆن خەباتی نەتەوەیی کورد گیرۆدەی حزوری سەربازی و هەواڵگری و ئابوری زلهێزەکان و کێشەکانی نێوانیان بوە لە ناوچەکە و هەر رۆژێک بەدەردێکیاندا بردوە.  زیادە بۆ ئەمەش سەرهەڵدانی جیهانگیری دەستی لە گەردنی نەتەوە ژێر دەستەکان توند کردوە. پشتگوێخستنی کورد لە رێکەوتنی ستراتیژی ئەمریکا – عێراق، ناچارکردنی کورد ملکەچی بەغدا بێت، روداوەکانی ٣١ ئۆگۆست، ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر و سەرەرای قوربانیەکی گەورە کورد ناچارکرا لەو ناوچانەی زێدی باو و باپیرانیانن کە بە قوربانی گەورە لە شەر دژ بە داعش رزگاریان کردبون بکشێنەوە. ئەم روداوە گرنگانە کە بەشێکی هەستیار و چارەنوسسازن لە پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی دەیسەلمێنن زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە بەشێوەیەکی جیاواز لە سەردەمی شەری سارد دەسەڵاتی کوردیان دەستەمۆ کردوە و بەکاریان دەهێنن. جاران کورد هێزێکی چەکداری گەورەی خاوەن ئەزمونی بەدەستەوە بو، بۆ شەری ناوخۆ بەکار دەهێنران بەڵام هێزێکی بەرگریکەریش بو لە خاک و نەتەوە، ئێستا ئەو واقیعە زۆر گۆردراوە، ئەزمونەکان دەیسەلمێنن هێزی پێشمەرگە بە هۆی حزوری بەرفراوانی سەربازی و هەواڵگری بەهێزی ئەمریکا، روسیا، ئەوروپا، عێراق، تورکیا و ئێران خاوەنی بریاری سەربەخۆی خۆی نەماوە. لەم روداو و واقیعە تفت و تاڵانەدا دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی کوردیش خەتابارە، هەر دەسەڵاتێکی حزبی بەپێی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆی ملکەچی ئیرادەی هێزە بیانییەکانە، گەرانەوە بۆ بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی ئەو رواداوانە ئەم راستیە دەسەلمێنن. بە کوردی و کورتی کاتێک هەر هێزێک بەرژەوەندیەکانی خۆی لوتکەی بەرنامەکەی داگیر بکات ئەوا نەتەوە و نیشتمان لێی زەرەرمەند دەبن.   ئەوەشی لە خەبات و شەری نەتەوەیی وەک پاشماوەی سەردەمی شەری سارد ماونەتەوە چەقیان بەستوە و لە نێو سنورەکانی سەرهەڵدان و کپرکردنەوەدا گیرساونەتەوە، دۆخی کوردی باکور و فەلەستینیەکان ئەم راستیە دەسەلمێنن. زلهێزەکان زۆر بەپەلە شەرەکانی بەڵکان و ئیرلەندا و باسک یان چارەکرد بەشێوەیەک کە مافی لایەنەکانی شەر بە هاوسەنگی بەدەست هێنران، بە کورتی شەر و نائارامیان لە ناوجەرگەی رۆژئاوا چارەکرد.  روداوە خۆرسکەکانی وڵاتانی عەرەبی ناسراو بە بەهاری عەرەبی سەرەتای قۆناغێکی نوێ بو لە خەباتی میللەتانی ناوچەکە، خەبات بۆ دادپەروەری و ئازادی و دەوڵەتی یاسا و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و دژ بە دەسەڵاتدارە نەتەوەییە ستەمکار و گەندەڵەکان. دەسەڵاتدارانی باشور تا ئەم چرکەیەش لەنێو روداو و سەروەریەکانی مێژودا خۆیان حەشارداوە و لە سایەشیدا نەتەوە و نیشتمان بە موڵکی خۆیان دەزانن، حزب و سەرکردە و مێژو سێ کوچکەی بنەرەتی حزوریانە، هێزی چەکدار و پارە و پاشکۆیەتی بۆ گەمەکەرە گەورەکانی دۆخی دژواری ناوچەکە سێ کوچکەی مانەوە و هێزی ئێستایانە. کاتی هاتوە هاوڵاتی کورد لە باشور دەرک بە وردەکاریەکانی ئەم هاوکێشانە بکات و بیرێکی جدی لە گۆرینی بکاتەوە. بەشێکی بەرچاوی یاخیبوە بە ئەزمونەکانی باشور ساڵانێکە هەمان قەوانەکانی نارازی و رەخنە دەچرنەوە، هەر گروپ و تاقمێک لێیان سەریان بەیەکەوە ناوە و راز و نیازی خۆیان بۆ یەکتر بەیان دەکەنەوە. زۆربەیان پەروەردە و گۆشەکراوی ژیانی حزبی و رێکخراوەیی و سیاسی هێزە کلاسیکیەکانی کوردستان بون و لە سایەشیدا چێژی دەسەڵاتیان لە فەرمانرەوایی و پەرلەماندا کردوە، بۆیە خۆشیان بوێت یاخود ترش پابەندن بە کۆمەڵێک کۆدەی شاردراوەی ئەو سەردەمانە، کۆدەکانی دۆستایەتی، کۆمەڵایەتی، پیاوچاکی، وەفا و .... تاد. ئەم گروپانە لە پارادۆکسێکی فکری و سیاسیدا گوزەر دەکەن، لەلایەک لە دڵەوە خوازیاری گۆرانکاری و چاکسازین و لە لاکەی تریشەوە بە قەتماغەیەکی بێئومێدی کە زادەی ئەزمون کودەکانی مێژوە کرداری جدیان لێ نەبینراوە و وەک گۆدۆ چاوەروانن. ئەم واقیعە کەمکردنەوە نیە لە کاریگەریان کاتێک بە دیدگایەکی هاوبەش و کارنامەیەکی پەسندکراو لای جەماوەرەوە بکەونە کرداری جدی.   پرۆتێستەکانی دوایی چەند ناوچەیەکی بادینان سەرەتایەکی ئومێد بەخشە بۆ  گۆرانکاری، چونکە خۆپیشاندانەکان خۆرسکانە بون، لە ناخی هاوڵاتیەوە هەڵقوڵا بون، دەستی حزب و جەمسەر و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی ناکۆک لە گەڵ یەکتری تێدا نەبو. هاوڵاتی لە ناخی کوڵاویەوە و بۆ داوای مافە زەوتکراوەکانی و بۆ گوزەرانی ماڵ و منداڵەکانیان ئەو کارەیان بەرامبەر بە حوکمرانی  ئەنجامدا. وێرای توندو تیژی پارتی بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی ناوچەی نفوزیان، پێدەچیت وجودی تاکە دەسەڵاتی پارتی لەو دەڤەرانە ناراستەوخۆ زەمینەی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئاسانتر کردبێت، کاتێک ئەم دەڤەرە بەراورد بکەین بە چەند ناوچەیەکی سلێمانی و گەرمیان تێدەگەین فرە حزب و هێزی چەکدار و جەمسەرگەر و بەرژەوەندی جیاواز و ناکۆک بەیەکتر لەم دەڤەرانە بەردەوام ئەستەم و رێگر بون لە سەرهەڵدانی یاخیبونەکان، رەنگبێ ئەم ناوچانە لە ئەزمونی فرە میلیشیا و بەرژەوەندیەکانی وڵاتی سۆماڵ نزیک بن.    ئەزمونی رۆژئاوا و دوا خۆپیشاندانەکانی دەڤەری دهۆک سەلماندویانە کە مافەکانی هاوڵاتی و دروشمی دەسەڵات لە هاوڵاتیەوە بۆ هاوڵاتی هەنگاوە بنەرەتیە مەزنەکەیە بۆ پرۆسەی گۆرانکاری، کاتێک حزب و گۆشەکراوە دودڵەکانی حزبایەتی لە پرسێکی وا گرنگدادەست تێوەر دەن قەیرانەکان ئاڵۆزتر و چارە سەختتر دەبن.   تێگەیشتن لە رۆڵی زلهێزەکان، پرسی نیشتمان و نەتەوە، پێگەی دەسەڵاتی کوردی و بەرەی یاخیبو کارئاسانیەکی گەورە بە پرسەکانی گۆرانکاری و چاکسازی دەبەخشێت.    



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand