لوقمان حاجی قادر دوای شەپۆلەكانی بەهاری عەرەبی كە لیبیا- شی گرتەوە، ڕژێمەكەی معەمەڕ قەزافی لە ساڵی 2011 هەرەسیهێنا، لە ساڵی2014 لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە پەرلەمانی لیبیا دروست بوو كە ڕەووتە ئیسلامییەكان بە ئەنجامەكانی ڕازی نەبوون، چونكە لە كۆی گشتی 188 كورسی پەرلەمانی تەنها 23 كورسیان بەدەستهێنا، بەمەش كارەكانی پەرلەمانیان پەكخست. لە ئاكامدا و بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان له سێبتێمبەری 2015 لە مەغریب ڕێككەوتننامەی (سخیڕات) لە نێوان لایەنە ناكۆكەكاندا واژۆكرا و حكومەتێكی كاتی بە سەرۆكایەتی فایز سەڕاج لە هەموو لایەنەكان لە تەڕابلوس پێكهات، بەو مەرجەی لە ماوەی 2 ساڵ لە مێژووی دانپێدانی پەرلەمانی لیبیاوە بتوانێت ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەكان و نووسینەوەی دەستور بكات، بەڵام بە هۆی توندبوونی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە ناكۆكەكانەوە، ئەو حكومەتە هەرگیز دانپێدانانی پەرلەمانی لیبیای وەرنەگرت و بەشێك لە ئەندامەكانی دەستەی سەرۆكایەتییەكەی دەستیان لەكار كێشایەوە. لەمەشەوە سێ جەمسەر دەسەڵات لە لیبیادادروست بوون؛ حكومەتی سەڕاج لە تەڕابلوس، پەرلەمانی لیبیا لە بەنیغازی و خەلیفە حەفتەری سوپاسالاری سوپای لیبیا كە هەر یەكەیان خۆی بە خاوەن شەرعیەتی ڕاستەقینە دەزانێت. یەكەم، حكومەتی سازانكاری لە تەڕابلوس كە فایز سەڕاج سەرۆكایەتی دەكات و بە گوێڕەی ڕێككەوتننامیە سخیڕات- ی ساڵی 2015 پێكهاتووە، نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانیپێداناوە. ئەو حكومەتە نەیتوانی پارێزگاری لە شەرعیبوونی خۆی بكات، چونكە نەیتوانی ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات لە ئامادەسازی بۆ ڕێكخستنەوەی پەیكەربەندی فەرمانڕەوایی و ئامادسازی بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لە بەرپرسانی لە لایەنەكانی دیكە دەستیان لەكاركێشایەوە. بەمەش لە وادەی ئەو دوو ساڵەدا نەیتوانی ئەرك و لێپرسراویەتەكانی خۆی جێبەجێ بكات كە لە پێناویدا دروست بووە، لێرەوە ئەو شەرعیەتەی لەدەستدا كە هەیبوو، بۆیە لە ساڵی 2017 بەداوە شەرعیەتی نەماوە، بە تایبەتیش كە مەرجێكی دیكەی شەرعیبوونی پەیوەست بوو بە دانپێدانانی پەرلەمانی لیبیا كە ئێستاشی لەگەڵ بێت دەستی نەكەوت، ئەمە جگە لەوەی بە هۆی زاڵبوونی گروپە چەكدارە ئیسلامییە توندڕەووەكانەوە بەسەر كاروبارەكانی ئەو حكومەتەدا، هێندەی دیكە شەرعیەتی نوێنەرایەتیكردنی گەلی لیبیای لەدەستدا. دووەم پەرلەمانی لیبیا كە دەزگایەكی یاساكاری هەڵبژێردراوی گەلی لیبیایە، عەقیلە ساڵح سەرۆكایەتی دەكات و بارەگاكەی لە بەنغازییە و لە بەرقەیه كۆبوونەوەكانی گرێدەدات، خاوەن شەرعیەتێكی تەواو بوو بەو پێیەی هەڵبژێردراوی گەلە. بەڵام ئەو دەزگایەش بە هۆی پەرتبوونییەوە و ئامادەنەبوونی بەشێك لە ئەندامەكانی لە كۆبوونەوەكانیدا شەرعیەتەكەی كەوتە مەترسییەوە، بۆیە لە ئانوساتی پەرتبوونییەوە ئەو شەرعیەتەی جارانی نەماوە، ئەمە سەرباری ئەوەی لە هەموو دەزگاكانی دیكەی لیبیا زیاتر لە شەرعیەتی سیاسی و یاسایی گەلەوە نزیكە. سێیەم دەسەڵاتی خەلیفە حەفتەری سوپاسالاری لیبیایە كە جەنەڕاڵێكی سەردەمی موعەمەر قەزافی-یە، زۆرێك لە هۆزە لیبییەكان لە دەوری كۆبوونەوە، هێز و توانستی خۆی لە پێگە سەربازییەكەیەوە وەرگرتووە وەك سەرۆكی دەزگایەكی سەربازی شەرعی لیبیا. لە ئاكامی توندبوونی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە شەڕكەرەكانی لیبیاوە، حەفتەر هەوڵیدا دەست بەسەر تەڕابلوسدا بگرێت و هێزەكانی گەیشتنە لێواری پایتەخت، بەڵام بە هۆی دەستتێوەردانی توركیا و پشتیوانیكردنی لە حكومەتەكەی سەڕاج، حەفتەر نەیتوانی ئامانجەكەی بە زەبری هێز بێنێتەدی. حەفتەر لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە وەك ئەمری واقع دانیپێدانراوە وەك ڕوسا و ئەمریكا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و میسر و دەوڵەتانی درواسێی لیبیا و بەشێكی زۆری دەوڵەتانی كەنداو، بەو پێیەی لە زۆرێك لە كۆبوونەوە و كۆنگرە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە لیبیادا نوێنەرایەتی فەرمی وڵات دەكات. لەمەوە حەفتەریش نەیتوانی ببێتە خاوەن شەرعیەتێكی تەواو. لەمەی سەرەوە ڕوون دەبێتەوە كە هیچ كام لەو سێ هێزە خاوەن شەرعیەتی تەواو نین، هەر چەندە نزیكترینیان لەو شەرعیەتە پەرلەمانی لێبیایە. هەڵوێستی دەوڵەتان دەوڵەتانی جیهان لە لیبیادا مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقع دەكەن، چونكە هەر یەكیكیان خاوەن بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری تایبەتن لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكانی لیبیادا، بگرە هەندێكیان ڕێكەوتننامەی جۆراوجۆریشیان لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكان بەستووە، كێ بتوانی لایەنەكانی سەر بە خۆی لەو ململانێ ناوخۆییەدا سەرخات، دەتوانێت بەرژەوەندییەكانی مسۆگەر بكات و قازانجی ئابووری زۆر بكات و كۆمپانیا تایبەتەكانی لە لیبیادا بخاتەگەڕ. ڕۆڵی توركیا لە لیبیادا لە هەموو ڕۆڵەكانی دیكە مەترسیدارترە كە پشتیوانێكی سەرسەختی حكومەتە سازانكارییەكەی سەڕاجە، چاودێران دەڵێن ئەنقەرە بە پشتیوانی ژێربەژێری واشنتۆن لە لیبیا پێی لێڕاكێشاوە، ئامانجی ئەمریكاش بەكاهێنانی توركیایە وەك مقاش و كارتی فشار بۆ سەر ڕوسیا و ئەوروپییەكان. ئەمە وای لە توركیا كردووە چاوی ببرێتە سامانەكانی لیبیا و ڕێككەوتننامەی دیاریكردنی سنوری دەریایی لەگەڵ حكومەتەكەی سەڕاجدا واژۆ كردووه، بە چەك و تەقەمەنی و هێزی سەربازی جۆراوجۆر یارمەتی ئەو حكومەتە دەدات، تا ئێستا نزیكەی 20 هەزار چەكداری چەتەی توندڕەووی ئۆپۆزسیۆنی سوریای گواستوونەوە سەر خاكی لیبیا، جەنەڕاڵ و سەربازەكانی ڕاستەوحۆ بەشداری لە كردە سەربازییەكان دەكەن لە لیبیا و لە چەندەها بنكەی سەربازی ئەو وڵاتەدا جێگیرن، بە فەرمی ڕایانگەیاندووە كە بە بەردەوامی لە لیبیادا دەمێننەوە، ئەمەش هەستی نەتەوایەتی لای لیبییەكان ورژاندووە و بۆنی ئیمپریالیزمی و زیندووكردنەوەی میراتی دەوڵەتی عوسمانی لێدەكەن، ئەو هەڵوێستەی ئەنقەر جێگەی ناڕەزایی زۆرێك لە دەوڵەتانی جیهان بە گشتی و تایبەتریش ئەورپییەكان و میسر و وڵاتانی كەنداو و وڵاتانی هاوسێی لیبیایە. میسر پشتیوانێكی سەرسەختی پەرلەمانی لیبیا و خەلیفە حەفتەرە، قوڵاییەكی مێژووی و ستراتیژی لە لیبیادا هەیە و 1200 كیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵدا هەیە. بەهێزبوونی حكومەتەكەی سەڕاج بە مەترسییەكی گەورە دەزانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، چونكە بە زاڵبوونیان بەسەر لیبیادا دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە سنورەكانی نزیك دەبێتەوه. دەوڵەتانی كەنداویش وەك سعودیە و ئیماڕات هەمان هەڵوێستی میسریان هەیە. ئیتالیا لە حكومەتەكەی سەڕاجەوە نزیكە و ڕێككەوتنی ئابووری زەبەلاحی لەگەل ئەنجام داون، فەڕەنسا نەیارێكی سەرسەختی حكومەتەكەی سراج و سیاسەتەكانی توركیایە لە لیبیا و دەرەوەی لیبیا، یۆنان بە تەوای پشتی نەیارەكانی سەراجی گرتووە، چونكە جموجۆلەكانی ئەو حكومەتە مەترسییەكی گەرورە بۆ سەر سەروەری یۆنان و بەرژوەندییەكانی لە دەریایی سپی ناوەڕاست دروستكردووە، دوا هەڵوێستی تونس و جەزائریش بە لای پەرلەمانی لیبیا و حەفتەردا دەشكێنەوە و لەو ماوەی پێشوودا ڕایانگەیاندووە كە ڕێككەوتننامەی سخیرات كۆتایی هاتووە و دەبێت جێگرەوەیەكی بۆ دیاری بكرێت. پوختەی قسە ئەوەیە كە یان دۆخی لیبیا ئالۆزی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و ململانێكان درێژە دەكێشن، یان لایەنێك بە زەبری هێز خۆی دەسەپێنێت و دەبێت خاوەن شەرعیەتی ئەمری واقع. ئەگەری دووەمیشیان لە یەكەم بەهێزترە.
رێبوار كەریم وەلی لە ٢٠١٥ کە تورک فڕۆکەیەکی روسیان خستە خوارەوە، رووس وەک یەکەم ھەنگاو ھاوردەکردنی ٢٢ جۆر خۆراکیان لە تورکیاوە یاساغ کرد. یەک لەوانە تەماتە بوو! دوای دووساڵ ئەردۆغان و پوتین لەسەر ھەموو شتێک رێککەوتن تەنھا یەک شت نەبێ، ئەویش تەماتە بوو! تورک ساڵانە بایی ٢٦٠ ملیۆن دۆلار تەماتەیان بە روسیا دەفرۆشت. لەو قەیرانەدا، تەماتەی خۆیان ناردە کوردستان! پۆتین بە ئەردۆغانی گوت:" جوتیاری خۆمان ھانداوە تەماتە بەرھەم بێنن، بۆیە ناتوانین پشتیان تێبکەین." بۆیە دوای رێککەوتن لەسەر تەماتەش، روس بەھەزار تکاو رجا تەنھا رێگەیان دا ساڵانە ٢٠٠ ھەزار تۆن تەماتە ھاوردە بکرێت. تەماتە بوو بە ئاسایشی نەتەوەیی روسەکان. فەللاحی کوردیش ئەمڕۆ چاوی لەوەیە خێری پێبکەن! بە بیانووی زیادکردنی داھاتی ناوخۆ لە ھەموو لایەکەوە بەروبومی ھاوردەکراو تەژێی بازاڕی كوردستانە. ئێ قابیلە تەماتەی ھاوردەکراو کە بە ئەنواع ماددەی پارێزەر ژەھراوی کراوە و بە حەفتە لە مارکێت دەمێنێتەوە و ھیچی لێ نایەت، بە قیمەتتر نەبێ لە تەماتە ئۆرگانیکەکەی کوردستان؟ ئاسایشی خۆراک لە ھەموو وڵاتێکدا زۆر لەوە گرنگترە کە بتەوێ بە خێر و سەدەقە دابینی بکەی. ئەگەر نەھێڵی تەماتەی دەرودراوسێ بێت، پێویست ناکات بڵێی بەکەڵکی ئاوەتەماتە دێت یان نا!
مەریوان وریا قانع سەرنجێکی کورت لەسەر دۆخی جوتیاران لە ھەرێمدا ”لادێ“، ”گوند“، ”جوتیار“، ”ئیش“، ”پەیوەندیی نێوان لادێ و شار“، ھتد... کۆمەڵێک چەمکن کە لە دوای پەلامارەکانی ئەنفالەوە مانایەکی ئەوتۆیان لە کۆمەڵگای ئێمەدا نامێنێتەوە. زۆربەی ھەرەزۆری لادێکانی کوردستان نەک تەنھا پەلاماردران، بەڵکو لە ڕووی فیزیاییەوە بوونیان نەما و لەسەر نەخشە سڕانەوە. ”جوتیار“ خۆشی وەک بکەرێکی سۆسیۆلۆژیی تایبەت بوونی نەما، ئەوانەیان کە کوژران، کوژران و ئەوانەشی کە نەکوژران لە کۆمەڵێک”ئۆردوگا“دا کۆکرانەوە و گەمارۆدران، نەک تەنھا لە ”جوتیاربوون“ خران، بەڵکو فۆرمە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤبوونیشیان لێسەندرایەوە. بە مانایەکی دیکە پەلامارەکانی ئەنفال ھەم ژینگە مادییە لادێیی و گوندییەکەی لەسەر نەخشە سڕیەوە، ھەم بکەرەکانی ناویشی لەناوبرد. بەمەش بۆشاییەکی سۆسیۆلۆژیی ھێجگار گەورەی لە کوردستاندا دروستکرد. ئەو پەیوەندییە سروشتیی و مرۆیی و کۆمەڵایەتییەی کە لادێ بە شارەوە گرێئەدات و ئەو ھاوسەنگییەی لەنێوان شار و لادێدا دروستدەبێت، کە زۆرجار بەرھەمی کاری چەندان سەدەیە، تێکدراو و بەتەواوی سڕایەوە. بە کردەوە لە دوای ئەنفالەوە کوردستان بریتیبوو لە چەند شارێکی کەم و کۆمەڵێک ئۆردوگای گەورەی کۆکردنەوەی بەزۆری خەڵکەکانی دەرەوەی شارەکان. یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە لەناوچوون و سڕینەوەی چەمکی ”کار“ یان ”ئیش“ و سڕینەوەی ئەو فۆرمەی مرۆڤبوون بوو کە لە ئیشکردنەوە ئاڵاوە. یەکێک لە پێناسە گرنگەکانی ئینسان ئەوەیە کە بوونەوەرێکی ئیشکەرە. بۆیە بەعس لە ئەنفالدا بە زۆر مانا بەشە ئیشکەر و خۆژیەنەکەی کۆمەڵگای ئێمەی وێرانکرد و ”ئیشکردنی“ وەک بەشێکی گرنگیی شوناسیی ئینسانبوون لە مرۆڤی ئێمە سەندەوە. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ھەوڵێکی عەقڵانیی پلانبۆداڕێراو و ستراتیژێکی بیرلێکراوە بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی ئەو دۆخە بوونی نەبوو. بەڵکو بە پێچەوانەوە درێژە بەو دۆخی لە ئیشخستنەی مرۆڤی ئێمە بەردەوامی پێدراو بەشێکی زۆری خەڵکانی ناو ئۆردوگا زۆرەملێکان کرانە موچەخۆری حیزب و لەناو ھێزە چەکدار و ئەمنییەکانی حیزبدا جێگەیان بۆکرایەوە. لەم ڕێگەیەوە درێژە بە ھێڵە سەرەکییەکانی ھەمان دۆخ درا کە بەعس بە ستراتیژیەتێکی جینۆسایدیانە دروستیکردبوو. لەم دەیەی دواییەدا جارێکی تر لادێکان و جوتیاران دروستبوونەوە و ھاتنەوە ناو نەخشەی جوگرافیی و نەخشەی سۆسیۆلۆژیی کۆمەڵگای ئێمە. لەم دۆخەدا ئەوانەی کە دەبنەوە بە جوتیار و دەچنەوە لادێکانی کوردستان، جارێکی تر دەبنەوە بەو بەشە ئیشکەرە بچووک و نیمچە سەربەخۆیەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستدەبێتەوە. جوتیارانی کوردستان، لە زۆر سەرەوە، بەشە ئیشکەرەکەی ئەو کۆمەڵگایەن و ئەو توێژە کۆمەڵایەتییەن کە بەرھەمیان ھەیە و کار بە مانا ئابووریی و سایکۆلۆژیی و سیاسییەکەی ئەنجامئەدەن. بەڵام لەناو ئابوریی پڕ لە تاڵانی نەوت و لەناو سیستمی رەیعی پڕ ڵە دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی کەموێنەی ھەرێمدا. لەناو ئەم سیستمەدا دۆخێک دروستکراوە کە بەشە ئیشکەر و نیمچەسەربەخۆکەی ئەو کۆمەڵگایە، ئەوانەی بەرھەمێکیان ھەیە، مەبەستم جوتیارانە، نە دەتوانن بە بەرھەمی کارەکانیان بژیین، ”کار“کردنیان نە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی دابینکردنی لانیکەمی دارایی و بژێویان، ”ئیشکردن“ ئامرازی دابینکردنی پێداویستتە سەرەکیی و سەرەتاییەکانی ژیان نەبێت، دۆخێکە، ھێما بۆ تاوانە ئابوریی و سیاسیی و ئەخلاقیی و ژیارییە گەورەکانی سیستمەکە دەکات. لەم سیستەمدا کەمینەیەک لەپاڵ ئابوریی نەوتدا بەبێ ”ئیش“ قەڵەودەبن و بەبێ ئەوەی ھیچ ”بەرھەم“ێکیان ھەبێت، خۆیان و نەوەکانیان بۆ ڕۆژگارێکی درێژ دەبن بە ملیۆنێر و خاوەن سەرمایەیەکی بێشومار، ئەوانەشی کە ئیش دەکەن و ڕەنج ئەکێشن و بەشدارن لە کردەی بەرھەمھێناندا، ناتوانن بە داھات و دەسکەوتی ئیشەکەیان بژین. ئەوەی ئەمڕۆ لە پەیوەندیدا بە جوتیارانی کوردستانەوە ڕڕووئەدات دەرئەنجامی ئەم ستراتیژ و ھاوکێشە وێرانکەرەیە. ستراتیژێک لەپشتییەوە سیستمێکی سیاسیی و ئابوریی و بیرۆکراسیی و میلیشیایی ئامادەیە، کە ئەوەی بەر لە ھەمووشتێک وێرانیدەکات ”ئیش“ە وەک چالاکییەک کە مرۆڤە بەھۆیەوە دەتوانێت خۆی بژیەنێت و ”مرۆڤی ئیشکەر“یشە وەک بوونەوەرێکی بەرھەمھێن کە بڕێکی زۆر لە ئازادییەکانی لەناو ڕەنج و ئیش و چالاکییەکانی خۆیەوە بێت.
سەلاح خدر وەک تورکیا خۆی دەڵێت بارەگای سەربازی لەناو هەولێردا هەیە هەڵبەت ئەمە ڕاستە هەیەتی گرنگ نیە لە کوێی هەولێرە، وەک ئەو بارەگایانەی دیکەی کە دەوروبەری ناوچەی بارزانیان تەنیووە و ئەوانی دیکەش کەلە بادینان تا برادۆست و سۆران هەن. ئەوەی پارتی لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ دا بۆ مانەوەی دەسەڵاتی حزبی و بنەماڵەیی خۆی کردی بەهێنانی سوپای ڕژێمی سەدام، ئێستا بۆ مانەوەی هەمان دەسەڵاتداری خۆیان و سەرکوتکردنی لایەنەکانی دیکە و ڕێگری لە دروستبوونی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی واقعی سوپای گەورەترین دوژمنی گەلی کورد تورکیای هێناوە و هەموو هەرێمی کوردستانی تەسلیمی کردووە. هەڵبەت تورکیاش پیلان و ئەجەندانی خۆی هەیە کە خۆی لە گەڕانەوەی سنورەکانی عوسمانی و میساقی میللی دا دەبینێتەوە . بۆ تێگەیشتن لەو پیلانە کتێبی (قوڵایی ستراتیژی) ئەحمەد داودئۆغڵوو تیۆریسیانی ئاکەپە و سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا بخوێنەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەیکات. بەپێی پڕۆژەکەی تورکیا ئێستا حکومەتی هەرێم و پەرلەمانەکەی ڕۆڵی (بەیلەربەی) یان ویلایەتێکی دەسەڵاتداری عوسمانی و سەرۆکایەتی هەرێمیش ڕۆڵی فعلی والی عوسمانی دەبینێت کە تەنها گوێڕایەڵن و ڕێنماییەکانی ئەنقەرە جێبەجێ دەکەن و هەموو بڕیارێکی ستراتیژی سیاسی، ئابووری، ئەمنی، سەربازی، کلتووری و فەرهەنگی هتد.... لە ئەنقەرەوە دەردەچێت، بەو پێیە ویلایەتی باکوری عێراق تەنها دەتوانێت وردە بڕیاری بچووی کارگێڕی خۆجێی دەربکات. نمونەی گرێبەستی شکلی ٥٠ ساڵەی نێوان تورکیا و پارتی سەیر بکەن، ئەوەتا هەرێم ناتوانێت نەوت ڕادەستی بەغداد بکات چونکە لەلایەن ئەنقەرەوە تەسەروفاتی پێوەر دەکرێت و ئەوان بڕیاردەرین، بڕواننە نمونەی جێبەجێنەکردنی بڕیاری ژمارەی ٣٧ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی هەرێم بۆ وەدەرنانی سوپای تورک لە هەرێمی کوردستان، کە ئەو کاتە بەم شێوەیەی ئێستا هەرێم نەبووبوە ویلایەتێکی تەواوی عوسمانی. ناتوانرێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت چونکە ئیرادەی جیبەجێکردنی نییە و باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە. کەی بینیتان حکومەت و پەرلەمانی هەرێم توند و ڕادیکاڵ بەرامبەر بۆردومانی تورکیا و شەهیدکردنی خەڵکی مەدەنی وەستایەوە؟ بەپێچەوانەوە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی خەڵکی شیلادزێ و خۆپیشاندانەکانی دژ بە داگیرکاری تورکیایان لە هەولێر تا کەلار سەرکوت کردووە، بۆچی؟ چونکە تورکیا خۆی لە هەرێم حوکم دەکات؟. یەک چارەسەر هەیە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی بەپەلەی حکومەتی هەرێم و پەرلەمان و ئاواکردنی حکومەتێکی کاتی لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەنوکەیی و ئامادەسازی تەواو بۆ ڕوبەڕوو بونەوەی هێزی تورکی. بۆئەوەش دروستکردنی سوپایەکی یەکگرتوو لەدەرەوەی یەکێتی و پارتی پێویستیەکی حەتمی و ناچارییە.
مەجید ساڵح جون لوك، دیارترین فەیلەسۆفەکانی ئینگلیزە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی تیۆری پەیمانی کۆمەڵایەتی، ئەو پێی وایە لە حاڵەتی سروشتیدا تاکەکانی کۆمەڵگا یەکتری دەچەوسێنەوە و کەسە بە توانا و زاڵەکان ئیستغلالی لاواز و بێ دەسەڵاتەکان دەکەن، بۆ درەباز بوون لەو دۆخە بە ناچاری (دەوڵەت)یان دروست کردوە..ئەو تیۆرییە پێی وایە دابین کردنی سەقامگیری لە کۆمەڵگا لە ئەنجامی دەست بەرداربوونی تاکەکانی کۆمەڵگایە لە هەندێ بەرژەوەندییەکانیان بۆ دەوڵەت و دەوڵەتیش ئەرکی پاراستنی مافەکانیان دەگرێتە ئەستۆ، واتە دەبێ پەیمانێک لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا ببەسترێت...بۆچوونە سەرەکییەکانی جۆن لوک: أ. ئازادی و یەکسانی مافی سروشتی هاووڵاتیانە. ب. لەبەر ئەوەی ئازادی و سەربەخۆیی مافی خەڵکە، بۆیە نابێ بە زۆر ملیان پێ کەچ بکرێت. ج. هەر گروپێکی سیاسی بیەوێت بەردەوام بێت دەبێ باوەڕی بەوە هەبێت بڕیاری زۆرینە دەبێتە بڕیاری گشتی. د. مل نەدان بۆ بڕیاری زۆرینە، ئامانجەکانی پەیمانەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و دەبێتە هۆی هەرەس هێنان و نائارامی و ئاژاوەی لێ دەکەوێتەوە. لوک پێی وایە باڵاترین ئامانج لە دروست کردنی دەوڵەت بریتییە لە: 1. ئاسایش بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا دابین بکات.. 2. سەروەت و سامان و مومتەلەکاتەکانیان بپارێزێت. 3. ئەو یاسایانەی کە دەردەکرێن بۆ رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی، دەبێ بە یەکسانی بەسەر هەموواندا پەیڕەو بکرێت و هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت گەر یاساکانی پێشێل کرد دەبێ سزا بدرێت. دەوڵەت ژیان و ئازادی و موڵکدارێتی هاووڵاتیان بپارێزێت، دەسەڵاتدار تا ئەو کاتە شەرعەتی هەیە کە ئەو خاڵانە جێ بەجێ دەکات، گەر قسوری کرد، شەرعەتی نامێنێت و دەبێ بڕوخێنرێت. ئەم بۆچوونانەی لوک باڵاترین شێوەکانی فکری سیاسیی هاوچەرخە بۆ ئامانج لە دروستکردنی دەوڵەت.
لەنجە خاوێ جوانیو پێوەرەكانی جوانی بەدرێژایی مێژوو بەپێی كلتورو جیاوازی شوێنی جوگرافیا لەیەكترجیاوازبوون، لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە گۆڕاوە، بەڵام ئێستا لەجیھاندا یەكێتیەك پەیدابووەو بەڕادەیەك زۆرینەی ژنانی ئێستا شێوەیان دەچێتەوە سەر یەكترو ھاوشێوەی یەكترن لەشێوەو ڕوخساری دەروەیاندا. ھۆكارەكەش ئەوەیە ھەمووان ڕەچاوی ئەو ستاندارت و نۆرمە باوانە دەكەن كە لەڕۆژئاواوە دادەھێنرێت، « لەشێكی باریك، لێوێكی ئەستور، لوتێكی باریك» بەڕادەیەك كە ئەو ژنەی لەدەرەوەی ئەو ستاندارتە باوانە بێت توشی پشتگوێخستنو پەراوێزخستن دەبێتەوە. پلاتفۆڕمەكانی نێو میدیاو سۆشیاڵ میدیا لەڕێگای مۆدێل و ڕەسمی سەر بەرگی گۆڤارە بەناوبانگەكانەوە بەردەوام جەخت لەستاندارتە باوەكانی جوانی دەكەن و ناڕاستەوخۆ بە بەكارھێنەرەكانیان دەڵێن: ئەوەی لەدەرەوەی ئەم قیاس و ستاندارتە بێت جوان نییە! لەبەرئەوەی پێشوەختە نەستی هەموو تاكێك پڕ كراوە لەتایپێك لەجوانی دیاریكراو كە لەسەر ئاستی گەردونی بەرهەمدەهێنرێتەوە. نوسەری ئەمریكی نۆمی ۆڵف لە كتێبەكەیدا ئوستورەی جوانی» دەڵێت: ئەوە شتێكی سروشتی و بۆماوەیی نییە، كە ژنان بیانەوێت شۆخ و شەنگ بن و پیاوانیش جوانیان لە ھەموو شتێك بەلاوە بەبایەختربێت. بەڵكو ئەوە كلتورو كۆمەڵگاكەمانە كە تێیدا دەژین ھەڵدەستێت بە سەپاندنی پێوەر ستاندارتەكانی جوانی و كاردەكات بۆ بەردەوامی كۆنترۆڵكردنی ژنان لە ڕووی ئابوری، سیاسی،كۆمەڵایەتییەوە» وڵف پێی وایە كە بەھای كۆمەڵایەتی ژنان ھەتا پێش ساڵەكانی ١٩٦٠ بە ڕادەیەكی زۆر پەیوەست بووە بە خێزان و ماڵەوە، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە كە سەرمایەداریی وردە وردە جێگیر دەبێت ئەوا ئوستورەی جوانی دەبێتە فۆڕمێكی باو و زاڵی بەھای كۆمەڵایەتی. بەدەربڕینێكی تر هەر كۆمەڵگا و سەردەمێك خاوەنی بەهای كۆمەڵایەتی و كەرامەتی مرۆیی خۆی بووە، كە جوانیش بەشێك بووە لێی بەڵام لەسەردەمی سەرمایەداریی دا هەموو پێوەرەكانی پێشووتر هەرەسدەهێنێت و دەكەوێت و لە جیاتی فرەیی جوانی یەكایەتی جوانی شوێنی دەگرێتەوە. چیدی جوانی شتێكی ئێستاتیكی رووت نامێنیتەوە بەڵكو دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و بە لۆژیكی قازانج دەجووڵێتەوە. تەنانەت خودی جەستە دەبێتە شوێنێك بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە لە ڕێگەی ماركێتینی جوانییەوە و ساغكردنەوەی كاڵاكانی پەیوەست بە جوانكاری و جوانییەوە. ۆڵف دەستەواژەی « پیلانگیڕی كلتووری» بەكاردەھێنێت بۆ ئەو ژنانەی كە بەھۆی میدیا و سۆشیاڵ میدیاو و مۆدێلەكانەوە ھەستێكی ساختەی وایان لا دروستدەبێت كە ئەوان جوان نین و متمانەیان بەسروشت و جوانی خۆیان لەق دەبێت، بۆیە لەبەرامبەردا پەنا دەبەنە بەر كڕین و بەكارھێنانی چەندین مادە كە لەدەرەوەی جەستەی خۆیانە وەك: «پلاستیك، سلیكۆن، بۆتۆكس، فیلەر، تاڵی ئاڵتونی» كە لەڕاستیدا خۆیان ھیچ پێویستیەكیان پێی نیە،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا ھەست بە كەموكوڕی زۆردەكەن چونكە ژیان بەپێی ستانداردو پێوەرە داھێنراو و دروستكراوەكانی ڕۆژ ئاوا ئامانجێكی بەدینەھاتوو ئەستەمە. لەناو ستاندەردەكانی جوانی سەردەمی سەرمایەداریی دا ژنان ئیدی بە سروشتی جوان نین، لەبەرئەوەی هیچ شتێكیان لە خۆیاندا سەرف نەكردووە، واتە جەستەیان نەكردۆتە پانتاییەك بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە هەر بۆیەش هیچ جۆرە دانپیدانێكی میدیایی وەرناگرن و نابنە ئەستێرە ناسروشتییەكانی سەر شاشەكان. هەموو ئەمانە ژنان ناچار دەكات بەرەو جۆرێك لە جوانی هاوشێوە و چوونیەك بڕۆن كە ئایدیاڵ تایپەكانی لە مۆدێل و شاجوان و فاشیۆنەكاندا دەبینینینەوە.
بەیار عومەر لە ساڵانی ٩٠ کاندا پارتی گومرگی ئیبراھیم خەلیلی بەدەستەوە بوو، چەندین کادری سیاسی و ئیعلامی حیزبی شیوعی و ھەندێک لەو حیزبانەی چەکداریان کەم بوو و پارتی فشاری لێدەکردن، بون بە پارتی. لەم چەند ساڵەی دواییدا بەھۆی دەوڵەمەندبونی زیاتری پارتی و بنەماڵە بەرەنجامی دەستگرتن بەسەر داھاتی نەوت و گازدا، پارەیەکی بێشومار کەوتە دەستیان و توانای کڕینیان زیادی کرد. ئەمە وایکرد کە ئەم جارە دەستبدەنە کڕینی کادری باڵای حیزبە سەرەکیەکان کە خۆیان داناوە بۆ فرۆشتن. سەرەنجام چەند کەسێک لە ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی، و وەزیر و پەرلەمانتاری گۆڕان سەنگەریان گواستەوە بۆ ناوپارتی. ھەروەھا چەندین کادری ئیعلامی ھەردوولا سەنگەریان گواستەوە بۆ کەناڵەکانی ڕوداو و K24. ئەمە چەند خەتای پارتیە کە خەلک وەک کاڵا سەیردەکات و کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکات، ئەوەندەش خەتای یەکێتی و گۆڕانە کە یان نەشارەزابوون لە ھەڵسەنگاندنی خەڵکدا و نەیانتوانیوە بەدواداچون بۆ کەسایەتی و ڕەگوڕیشەی ئەوانە بکەن کە پۆستیان دەدەنێ، یان بەپێچەوانەوە، بەدواداچونیان کردوە و خاڵی لاوازیان زانیون بۆیە پلەی باڵایان داونەتێ بۆ ئەوەی ملکەچ و گوێڕایەڵیان بن؟! کەسێک کە بڕیای ملکەچبون و گیرفانپڕکردنی دا، دواجار لای ئەو حیزب و بنەماڵەیە دەگیرسێتەوە کە زۆرترین پارە و دەسەڵاتی لایە، کە لە کوردستاندا پارتی و بنەماڵەی بارزانیە. کەواتە ھەڵبژاردنی کادر بۆ پۆست لەسەر بنەمای ملکەچی و گوێڕایەلی ھەر ئەمەی لێدەکەوێتەوە کە دەیبینین. بەڕای من نابێت تەنھا گلەیی لە ملکەچ و بەرژەوەندی پەرستەکان بکەین، دەبێت گلەیی لەوانە بکەین کە ئەم ملکەچانەیان بەدڵە و خستیاننە پلە و پۆستی باڵاوە و دواتر سەنگەریان گواستەوە بۆ ناو پارتی و ھێندەی تر متمانەی خەلکیان بە سیاسەت لەم دەڤەرە کاڵکردەوە. لە ھەموو وڵات و کۆمەڵگایەکدا خەلکی ملکەچ ھەیە بەڵام ھەرگیز پۆست و پلەی باڵایان پێنادرێت، چونکە گەندەڵی و بێمتمانەیی بڵاودەکەنەوە. ئەوانەی سەنگەریان گواستۆتەوە، ھەوڵئەدەن لە پارتیە ڕەسەنەکان پارتی تر بن. لە خۆبردنە پێشەوە و ڕیاییدا بۆ بنەماڵەی بارزانی داھێنان دەکەن؛ بەجۆرێک کە ڕێگەی چونەپێشەوەی پارتیە ڕەسەنەکانیان زەحمەت کردوە. ئەمانە ئێستا لە ھەولێر پاڵیانداوەتەوە و موچە و خانەنشینی خەیاڵی و خانو و زەویان لە شوێنە گرانەکانی ھەولێر وەرگرتوە، ئاگایان لەدۆخی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و پشدەر و بتوێن نیە. بە مەرجێک بە دەنگی خەلکی ئەم سنورە بون بە مەکتەب سیاسی و وەزیر و پەرلەمانتار. کە کار دێتە سەرئەوەی خەلکی ئەم سنورە داوای مافی خۆیان بکەن و بیانەوێت فیدرالیەتی پارێزگاکان پەیڕەوبکەن و داھات و دەسەڵات وشکۆ بۆ ئەم سنورە بگەڕێننەوە، تازە پارتیەکان دەکەونە باسی کوردایەتی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەمانەی نەیاتوانیوە یەک مۆڕال و یەک مەبدەئ و یەک ویژدان بن، ئەی ئێستا بە چ ڕویەکەوە داوای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەکەن. ئەوەی خیانەت لە خەلک و خاکێک بکات، چیتر مافی نیە قسە لەسەر ئایندەی بکات. ئەوان لە سایەی ئەم دزی و تاڵانیەی ناوی نراوە کوردایەتی و سەربەخۆیی ئابوری، ژیان و گوزەرانێکی شاھانەیان بۆ خۆیان و کەسوکاریان لە ھەولێری پایتەخت فەراھەم کردوە، خراپی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خەلکی ئەم سنورە بۆ ئەوان ھیچ نرخ و بەهایەکی نەماوە. ئێستا لە بازگەکانی پارتی ھەر کەسێک ناسنامەی پارێزگای سلێمانی پێبێت لە دێگەڵە ناھێڵن داخڵی ھەولێر بێت و دەیگێڕنەوە. ئەمەیان پارچەکردنی ئەو کیانە نیە کە گوایە بەلای تازە پارتیەکانەوە پیرۆزە. کەواتە بۆ لە ئاست ئەم زوڵم و پارچەکردنەی ھەرێمدا بەدەستی پارتی بێدەنگن؟!! ئەگەر دیقەت بدەین لە کاتی ئاڵۆزبونی کێشەی نێوان پارتی و حیزبەکانی تر و دەستپێکردنی شەڕی ئیعلامی، ھەرگیز بارزانیەک یان پارتیەکی ڕەسەنمان نەبینی بێتە سەر تیڤی و شەڕە جوێن بکات و سوکایەتی بە حیزبەکانی تر و خەلکی ئەم دەڤەرە بکات. بەڵکو تەنھا تازە پارتیەکانن ھەڵدەستن بەو کارە. جێی تێڕامانە کەسانێک ڕویانبێت و ماف بەخۆیان بدەن قسە لەسەر چارەنوسی خەلک و خاکێک بکەن کە پێشتر خیانتیان لێکردوە. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیە ئەوەیە کە خەلکی ئەم سنورە بڕیاریدا، ھیچ ھێز و تەوژمێک ناتوانێت ڕایبوەستێنێت، چجای ئەو کەسانەی لە شەرمەزاریدا ڕویان نایەت ڕوبکەنەوە ئەم سنورە. پارتی لەسەر ئەرزی واقع خەلکی کوردستانیان لەیەک دابڕاندوە و خاکیان پارچەپارچە کردوە؛ کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و تەنانەت دادگا و ئابوریان کردوە بە دوو پارچەوە. لە هەموو ڕویەکەوە وڵاتەکەیان کردوە بە دوو زۆنەوە. ئەوەی لەم زۆنەدا ئیش بکات ناهێڵن لە زۆنی زەردا ئیشبکات. بەپراکتیک میلەتەکە و حکومەت و دامودەزگاکانیان کردوە بە دوو بەشەوە، بەڵام لە ڕوکەش و ڕواڵەتدا باسی یەکپارچەیی خاکی ھەرێم و یەکڕیزی حیزبەکان دەکەن. پارتی بە عەمەلی ٥٠ ساڵە ئیش بۆ ئەم پارچەکردنە دەکات، لە دوای ڕاپەڕینیش لەسەر ئاستی ئیدارە و حکومڕانی کاری بۆ دەکات. ئێستاش کە دەسەڵات ھەموی لای پارتیە، کەس ناتوانێت ڕێگری لەم پارچەکردنە بکات. تەنها چارەسەر بۆ ڕێککردنەوەی ئەم دۆخە پەیڕەوکردنی فیدرالەیتی پارێزگاکانە بەپێی دەستوری عێراق کە بە دەنگ و ڕەزامەندی کورد تێپەڕیوە. هەرێمی سلێمانی دەسەڵاتەکە دەکات بە دوو بەش، بەڵام ھەنگاوێک دەبێت بۆیەکبون و کۆکردنەوەی میلەتەکەمان لە ئایندەدا. ھەمو ئەزمونەکانی فیدرالیش لە جیھاندا بۆ یەکبونی میللەتان بوە.
پەیكار عوسمان - تەسەوف خاکیبوونەو عیرفانیش زانینی ئەوەیە کە ئەو خاکیبوونە خودی ژیانە. خاکیبوون مەبەستم هەژاری و پشتکردنە دنیا نیە. مەبەستم ئەوەیە کە مادەو پێگەو ناوبانگ و هەر شتێك کە هەتە، نەبن بە خۆت. بەڵکو خۆت جیاو سەربەخۆبیت لەو شتانە. ئەو سەربەخۆییەش تەسەوفەو زانینی ئەوەشی کە تۆ بۆ ئەو سەربەخۆییە هەیت و بەو سەربەخۆییە هەیت، ئەوەش عیرفانە. - تەسەوف خۆشەویستییەو عیرفان بێمەرجیی خۆشەویستییە. بێمەرجیی یەعنی ئەو خۆشەویستییە سنوری دین و نەتەوەو خێڵ و تەریقەت ناناسێ و سەرئەکەوێ بەسەر جیاکارییەکاندا. ئاخر خۆشەویستیی کە مەرجداربوو، ئیتر خۆشەویستی نامێنێ و ئەبێتە شتی تر. - یەعنی جیاکاری و خۆشەویستی پێکەوە نایەن و ئەوەی لەگەڵ جیاکاریدا یەت ڕقە نەك خۆشەویستی. کە بە شتێك سنورت جیاکردەوە بۆ دوو تەرەفی (خۆمانەو غەیرە)، ئیتر ئەوەی لەگەڵ خۆمانەکەیا هەتە تەعەسوب و بەرژەوەندیە نەك خۆشەویستی. ئەوەشی لەگەڵ غەیرەکەدا بۆت دروستئەبێ ڕق و حەساسیەت و کێشەیە نەك ئاشتی و پێکەوەژیان. دەی تەسەوف و عیرفانیش ڕێك ئەوەیە کە ئەم شتانە نەبێت، نەك ئەوەی خۆی بەشێكبێ لەم یارییە! - تەسەوف چاکبوونە، عیرفانیش زانینی ئەوەیە کە چاکبوون لەناو جەهل و کۆیلایەتیدا ڕووناداو تەنیا لەناو هۆشیاریی و ئازادیدا ڕووئەدا. ئاخر جەهل و کۆیلایەتی پاکێجێکەو هۆشیاریی و ئازادییش پاکێجێکە. ئازادییش ئازادبوونە لەهەر فۆڕمێك کە لە قاڵت بدا. مەسەلەن سۆفی ئەوەیە کە خۆی نازانێ سۆفیەو تۆش نازانیت کە سۆفییە. عارف ئەوەیە کە تۆ نازانی عارفەو خۆشی نازانێ کە عارفە. خۆ ئەگەر شتانێك نیشانەی تەسەوف و عیرفانبن و دیاربن، کەواتە تۆ ئەکەویتە ناو قاڵب و ئەو شتانە لە قاڵبت ئەدەن و ئیتر تۆ ئازادنیت. نەمانی پێشمەرجی ئازادیش، لە ئەساسەوە جەوهەری تەسەوف و عیرفان هەڵئەوەشێنێتەوە! - یەعنی تەسەوف و عیرفان و ئیمانداریی بەگشتی، شتێکی تەواو فەردی و نادیارەو ئەوەیە کە خوا خۆی ئەیزانێ، نەکئەوەی ڕێوڕەسم و شتانێکی دیاربن کە جەماعەتی پێ دروستبکەیت و خۆتی لە جەماعەتێکی تر پێجیابکەیتەوە. - جا کێشەی تەریقەت و تەسەوف و دینداری تەقلیدی، ئەوەیە کە ئەم فۆڕم و قاڵب و سنورەی هەیەو ئینسانەکان دابەشی گروپی جیا ئەکەن و لەگەڵ یەکدا گیرۆدەی کێشەو ڕقیان ئەکەن، وەك ئەوەی کە لەنێوان قادری نەقشبەندییەکاندا هەیە. لەکاتێکا ئەسڵی ئەو شتەکە فەردییەو بۆ خۆشەویستییە نەك بۆ گروپ و ڕق و جیاکاری! - یەعنی هەر تەنیا بوونی فۆڕم و تەقلیدو قاڵب و سنورو گروپ، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو شتە خۆی نیەو شتێکی ترە. تەسەوف و عیرفانی ڕاستی نیەو موزەییەفەکەیەتی. ئاخر ڕاستییەکە ئەو زانینە فەردییەیە کە مرۆڤەکان یەکسانن. بەڵام گاڵتییەکە ئەو وەهمەت لا دروستئەکا، کە ڕێگاکەی تۆ پیرۆزەو جەماعتی تۆ جیاو بەرزترە لەوانیتر. ئەم ڕێگا جیاو پیرۆزەش شێخی هەیەو ئەو هێناویەتی، کەواتە شیخیش بەرزترە لە تۆ. بەمجۆرە شتەکە لە دوو لاوە لە مەبدەئی یەکسانی ئەداو سەردەست و بندەست بەرهەمئەهێنێ. - تەسەوف و عیرفان ئازادبوونی فەردی ئینسانە لە مادەو غەریزەو حەزی زاڵێتی.. بەڵام ئەوەی کە هەیە شێخانی تەریقەت خۆیان دیلی ئەم شتانەن و ئەم جانبەی خۆشیان لەسەر حسابی دیلکردنی ئەوانیتر تێر ئەکەن. یەعنی بە دیلی دیلی بەرهەمئەهێنن لەکاتێکا ئەسڵی شتەکە ئازادییە! - تەریقەت پێتناڵێ دەسی کەس ماچمەکە، پێت ئەڵێ بەس دەسی شێخی خۆت ماچکە! تەریقەت پێتناڵێ خۆت سەربەست و مەوزوعەکەیت، پێتئەڵێ حەزرەتی شێخ سەردارو مەوزوعەکەیەو تۆش شوێنکەوتەو کۆیلەو ژێردەست! تەریقەت پێتناڵێ لەناو ئازادیدا چاکە بکە، پێتئەڵێ لەناو تەکێدا خێربکەو پارەکەت بێنە بۆ ئێرە! - تەریقەت پێتناڵی تۆ بە دەستگرتن بە چاکەوە براوەیت، پێتئەڵێ تۆ بە دەسگرتن بە تەریقەتەوە براوەیت. تەریقەتت بۆ یەکسان ئەکا بە خودی چاکە. لەکاتێکا چاکە خۆی خۆیەتی و هیچ شتێکی تر ئەو نیە. خۆشی هەر ئەوەیە کە ناوەوەی خۆت پێتئەڵێ چاکە، نەك ئەوەی کە لەدەرەوەی تۆدا ناونراوە چاکەو تۆی پێ ڕاوئەکرێ. چاکە ئەوەیە کە لەناو هەمووماندا یەکەو هەموومان بە چاکەی ئەزانین وەکو عەدالەت و ڕاستگۆیی.. نەكئەوەی کە جیایەو هەریەکەو هی خۆی هەیە، وەکو دین و مەزهەب و تەریقەت. - جا ئەوە بەس حاڵی تەریقەتی سۆفیگەری نیەو حاڵی هەموو حیزب و ئایدۆلۆژیاو مەدرەسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینیەکانەو هەموویان لە شوێنێکدا هەر گرگنیی و ناخۆتیان لە تۆ ئەوێ. تۆش لە هەموویان شتی جوان وەرگرەو لە هیچیشیاندا خۆت لە دەست مەدە. چونکە تۆ خۆت مەوزوعەکەیت و ڕێگاو تەریقەتی ڕاستەقینە لە خۆتدایە. کە خۆتت ونکرد ئیتر تەریقەتی ڕاستەقینەت ونکردوەو ئەوەی کە ئەمێنێتەوە هەر تەریقەتی وەهم و درۆیە. ئەو تەریقەتەش کە لە خۆتدایە هۆشیارییەو دۆخی هۆشیارییش دۆخی ناتەریقەتە. ئەوەیە کە هیچ شتێك لە قاڵبت نەداو تۆ لەناو ئازادیدابیت! - جەدەلێك هەیە لەسەر ئەوەی کە زەردەشت پێغەمبەربوو یان فەیلەسوف یان هەر پیاوچاکێك.. لەکاتێکا ئەمانە هەمووی هەر یەکەو زەردەشتیش هەرسێکیانە. ئاخر ئەمانە هەمووی هەر بۆ چاكبوونەو چاكبوونیش هەر ئەوەیە کە زەردەشت وتی. (بیری چاك گوفتاری چاك کرداری چاك). بۆ مەگەر سوکرات بۆچی فەیلەسوفەو سۆفستایی نیە؟ بێگومان هەر لەبەرئەوەی کە گوفتاری چاکی ئەو، یەکانگیرە لەگەڵ دوو ڕەگەزەکەی ترداو بیری چاکی لە پشتەوەیەو کرداری چاکیشی بەدوادا هاتووە. نەکئەوەی هەر وتەی باقو بریقبێ و پەیوەندییەکی بە بیری چاك و کرداری چاکەوە نەبێت! - لەڕاستیدا دین و سیاسەت و فەلسەفەو هونەرو عیرفان و تەسەوف و ئینسانییەت.. ئەمانە لە هۆشیاریدا هەموویان یەکن و هەر بۆ جوانیی و چاکەن. بەڵام هەمووشیان لە جەهلدا شتی ترن و بۆ شتی ترن. کەواتە تاکە تەریقەت هۆشیاریی تۆیەو هۆشیاریی تۆش هەر بێتەریقەتی و ناتەریقەتە.
د.كامهران مهنتك ههنگاوێك بۆ كهمپینێكی سهرتاسهری، كه هیوادارم ههموو تاكێكی كورد بهم ئهركه نیشتیمانیه ههڵسێت ههموو ساڵێك كاتێك بهرههمی ناوخۆ پێدهگات، كێشهی بهبازاڕكردنی ئهو بهرههمانه دێته بهرباس و دیمهنی ئهو جووتیاره بێئومێدو رهنج بهخهسارانهی بهدیار بهرههمهكانیانهوه دانیشتوون، دووباره دهبێتهوه، ههمیشه رهخنه له حكومهتیش دهگیرێت، كه ناتوانێت ئهو كێشانه چارهسهر بكات، بهبێئهوهی بزانین ههندێك كێشهی گهوره ههیه به ههنگاوی بچووك چارهسهر دهكرێت، بۆ نمونه كاتی خۆی هیچ كهسێك دۆشاوی تهماتهی نهدهكڕی، كهلتوورێكی هینده جوان له ئارادابوو، كه خهڵك پێیان وابوو، دۆشاوی تهماتهی قووتووكراو شتێكی پیس و قێزهونهو ئهوانهی بهكاریاندههینا ژمارهی ئێجگار كهم بوو، له جیاتی ئهوه كاتی رنینهوهی تهماته ههر ماڵهی چهند سندووقێك تهماتهی دهكڕی و ههندێكی وشك دهكردهوه، كه پێیان دهگوت لهتكه تهماتهوهو بۆ زستانیان ههڵدهگرت، بهشێكی تریشیان دهكرده دۆشاوی تهماته، ئهگهر لهو ماوهیهدا سهیری سهربانی ماڵهكانت بكردبوایه، بهڕێز سینی پڕ له دۆشاوی تهماتهت دهبینی له تهك یهكدا دانرابوو دیمهنێكی جوان و دڵڕفێنی بهو سهربانانه دهبهخشی، ئهمه بۆ زۆر له بهرههمهكانی تریش گونجاوو لهباره، بۆیه بهباشی دهزانم له لایهك وهك یارمهتیدانێك بۆ جووتیاری كورد و بهردهوام بوونی پڕۆسهی پشتبهستن به بهرههمی خۆماڵی، لهلایهكی تر بۆ پاراستنی تهندروستنی خۆمان و دووركهوتنهوه لهو لهقووتوونراوانهی، كه لهدهرهوه بۆمان دێت و كهس نازانێت چۆن بهچ شێوهیهك دروست كراون، ئهو كهلتووره جوانه زیندووبكهینهوه، دیاره بهشێكی زۆری ئهو بهرههمه لهقوتوونراوانه، لهو دهوڵهتانه دێت، كه خۆیان به دوژمنی باوهكوشتهی كورد دهزانن و وهك شهڕێكی بایۆلۆژی ههموو گومانیكی خراپیان لێدهكرێت، بۆیه پێویسته ئهو كهلتووره زیندوو بكهینهوهو خۆمان فێربكهین له بازاڕیش تا بهرههمه خۆماڵیهكان ههبێت بهرههمی بیگانه نهكڕین، با ههر حكومهت له پێناو بهرژهوهندیهكانی خۆی و فشاری دهرهكی نهتوانێت سنوورهكان دابخات، ئهگهر تۆ رۆشنبیری ئهوهت ههبێت تا بهرههمی خۆمانه ههبێت بهرههمی دهرهوه نهكڕیت، ئهو كاته ئهو بهرههمانهی دهرهوه، كه بهراوردكرنیان به بهرههمه خۆماڵیهكانهوه زۆر خراپترن وبههۆی دووری رێگاكان زۆر درهنگتر دهگهنه بازاڕهكان، هیچ بههایهكیان نامێنێت، گهلانی پێشكهوتوو تا بهرههمی خۆیان ههبێت، ئهگهر گرانتریش بێت، بهرههمی بێگانه ناكڕن، ئهوان دروشمیكی جوانیان ههیه، دهڵێن جووتیاری ئێمهش مرۆڤهو دهبێت ژیان بكات و كار بكات، بۆیه بۆ ئهوهی جووتیاری كوردیش ژیان بكات و بهرهو پێشهوه بچێت، فهرموو ههرئێستا بڕۆ بازاڕو چهند سنددوقێك تهماته بكڕهو خۆت بیكه به دۆشاوی تهماته، كه لهههموو رووێكهوه تۆ قازانج دهكهی جووتیارانی كوردیش قازانج دهكهن، فهرموو لهجیاتی گلهیی، بڕیابدهو خۆت كێشهكه چارهسهر بكه.
بەهرە حەمەڕەش غەدرێكی مێژووییە، كە كوردستانی باشور بەشێكە لە عێراق، كورد خاوەن سەدەیەك خەبات و قوربانیدانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو نەخشە داگیركاری و دابەشكارییە، كە دەوڵەتە داگیركارەكان بە یارمەتی زلهێزەكان دەیپارێزن. ئەزمونی كوردستانی باشور وێڕای تەراتێنی موخابەراتانی وڵاتان و جۆرەها هەوڵ بۆ تێكدانی تا ئێستا بە هەموو كەموكورتییەكانەوە ماوە. پێموانییە كوردێك ئاگارداری مێژوو و نەهامەتییەكانی ئەم نەتەوەیە بێت، حەز بە تێكچوونی بكات، چۆن دوژمنان بە مەترسی بۆ سەر داگیركاری خۆیانی دەزانن كوردی پارچەكانی تریش بە جێی ئومێدی دەبینن. ئێمە كە بەهۆی ئەم غەدرە مێژووییەوە، تا ئێستا وەك بەشێك لە عێراق حسابمان بۆ دەكرێت، بێگومان هەموو دۆخێكی ئیداری، سیاسی، ئابوری و ئاینی كاریگەری لە سەرمانە. هەتا گەندەڵی لە رووی گەندەڵی ئیداریشەوە. وێڕای ئاستەنگ و مەترسییەكان، كورد لە رێگەی ریفراندۆمەوە سەركێشی جیابوونەوەی كرد، بەڵام دیسان غەدری نێودەوڵەتی و گرفتی ناوخۆیی نەیهێشت بە ئاكام بگات. ئەم پارچەیەی كوردستان كە بە سەدساڵ خەبات، ئەنفال و كیمیاباران رزگاركرا، ئێستا كەوتۆتەوە بەر تەماحی هەڵوەشاندنەوە و لە باربردنی ئەو كەمە ئازادییەی كە هەیە. بێ گومان ئەم هەوڵانە بەهۆی ناكۆكی سیاسی ناوخۆیی و عەقڵیەتی رق و تۆڵەسەندنەوە لە یەكتر هەڕەشەكە توندتر دەكات، و نابێ چیتر كورد بەردەوامیی بە پەرتەوازەیی بدات، و لە هەركاتێك زیاتر كورد پێویستی بەیەكڕیزی و وەستانەوە بەرامبەر هەڕەشەكان، هەیە. خۆشبەختی ئەوەیە، كە وێڕای جیاوازییەكان بە شاهیدی هەموو لایەنەكان، ئەمڕۆ دەزگا و نەوایەكی نیشتیمانی هەیە، كە وێڕای بەربەست دروستكردن بۆ هەوڵەكانی هێشتاش خەمسارد نییە لە هەوڵدان بۆ یەكڕیزی و دەكرێت ببێتە ئەو ناوەندەی كورد لە دەوری كۆببێتەوە، كە ئەویش سەرۆكایەتی هەرێمە. هەوڵەكانی پێشتری سەرۆكایەتی هەرێمیش بەو ئاراستەیە پێمان دەڵێت، تا یەكڕیز بین مەترسییەكان بچوكتر دەبن و چانسی سەركەوتنمان زیاترە. بۆ نمونە سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی، لە گەرمەی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی عیراق دژ بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، كاتێك شۆڤینییەكان دەیانویست ناڕەزایی و نەبوونی خزمەتگوزاری بۆ دەستكاریكردنی دەستور بگۆڕن، دەستپێشخەری یەكڕیزی كوردی كرد و هەڵوێستی كوردستانی یەكخست، سەردانی بەغدای كرد و داوای ئاساییكردنەوەی دۆخەكەی كرد و بەهەموو عێراقییەكانی راگەیاند، كێشەی عێراقییەكان خراپی دەستور نییە، بەڵكو جێبەجێنەكردنی دەستورە. دەستپێشخەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ یەكڕیزی كورد لەو كاتەدا بێ بەرهەم نەبوو، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكدا گوتی، هاوكارییەكی گەورەی نوێنەرانی كوردی لە بەغدا كرد. بۆ گفتوگۆكان لە بارەی دەستور و پرسی بودجە، د. سەفار لە فراكسیۆنی پارتی گوتی، ئەم سەردانە كارەكانی بۆ ئاسانكردین. بێ گومان هێزی ئەو سەردانە، لە یەكڕیزی كوردەوە سەرچاوەی گرت. نموونەیەكی تری دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەكڕیزی كورد لە دوای وەرگرتنی ئەركی سەرۆكایەتی هەرێم، كە بەباشی شكایەوە، پرسی یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەتی عێراق بوو. كاتێ عادل عەبدولمەهدی دەستی لە كاركێشایەوە، جارێكی تر پرسی كاندیدكردنەوەی كەسێك بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی عیراق ئاڵۆزی دروستكرد. كاندید هەبوو بە ئاشكرا باسی حساب نەكردن بۆ پێگەی هەرێمی كوردستانی دەكرد و دەیگوت "پشكی كورد بە تەعینات دادەنێت و پرس بە كورد ناكات“. هەندێ پەڕلەمانتاری كورد، وەخت بوو وێنەیەكی پەرتەوازەیی كورد بۆ ئەو كاندیدە بخەنەڕوو، بەڵام سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێچەوانەی ئەوەی سەلماند، بەر لە هەموو عێراقییەكانیش پرسی كاندیدكردنی مستەفا كازمی یەكلاكردەوە و پشتیوانی بۆ راگەیاند و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش بەیەكڕیزی پشتیوانی هەڵوێستی سەرۆكایەتی هەرێمیان كرد. دیارە ئەمە سەركەوتنەش بۆ گەلی كورد بوو. سەركەوتن بەو مانایە نا، كە مستەفا كازمی خواستی كورد بەدیدەهێنێت و هەموو مافەكانی كورد دەدات، بەڵكو بەو مانایەی یەكڕیزی كورد كۆتایی بەو گەمەیە هێنا، كە هەر رۆژی كاندیدێكی دژ بەكورد و پێگەی كورد لە عێراقدا بهێننە پێشەوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە، كاتێك بەر لە بڕیاردان خوێندنەوە و حساباتی ورد دەكرێت، ئەنجامی گەورە دەدات بەدەستەوە. بەڵام هێشتاش مەترسییەكان لەجێی خۆیەتی، زەرورەتی یەكڕیزی كوردیش لەجێی خۆیەتی، ئێستا شەقامی عیراقی پرسیاری لە سەر هەنگاوەكانی كازمی هەیە، ئایا دەبێتە فریادڕەسی عێراق یان دەبێتە دیكتاتۆرێكی تر؟ نابێ كورد پشت ئەستور بەوەی پشتیوانی كازمی بووە، چاودێر و هاوڕانەبێ لە سەر بڕیار و هەوڵەكانی حكومەتی كازمی، ناشزانرێت كە دۆستایەتی كازمی لەگەڵ كورد تاسەرە، یان وەك بەشێك لە عێراقییەكان دەڵێن، دەبێتە دیكتاتۆرێكی تر، ئەوەیان رۆژ و مومارەسەی كاری خۆ دەیسەلمێنێت، یەكڕیزی كورد دەتوانێت لەكاتەك كەبووە مەترسی رایبگرێت، خۆ هەموو سەرۆكوەزیرانەكانی عێراق لەپێش كازمی و لە دوای سەددامەوە، بە پشتیوانی كوردبوون بە سەرۆك وەزیرانی عێرق و بەڵێنی گەورەیان داوە، دواتر هەڵگەڕاونەتەوە و پێچەوانەی بەڵێن و قسەكانیان رەفتاریان كردووە. هۆكارێكی گەورەی یارمەتیدەری ئەوانەش، كە لە بەڵێنەكانیان بەرانبەر بە كورد پاشگەزبوونەتەوە، پەرتەوازەیی كورد خۆی بووە. بەپێی ئەزمونی كورد، دوور لەوە كە گلەیی لە خەڵكی داگیركار بكەین، زۆرجار كورد خۆی رۆڵێكی خراپی بینیوە، لە جیاتی پشت بەستن بە عەقڵیەتی دیالۆگ و دۆزینەوەی رێگای هاوبەش بیریان لە یەكترشكاندن كردۆتەوە، ئەوەندەی لە وێزەی یەكتردابوون لە وێزەی دوژمندانەبوون. بەداخەوە ئەم ناكۆكی و تۆڵەسەندنە لە خۆدی پارت و لە ناو پارتەكانیشدا بەزەقی بەرچاو دەكرێت! و ئەوەش زۆر كات گواستراوەتەوە بۆ سەر گۆڕەپانی سیاسەتی كورد لە عێراقدا. بۆیە بۆ دەربازبوونمان لەو دۆخەی پێشتر و بۆ نەبوون بەهاوكاری ئەوانەی، كە هەمیشە لە بەڵێنەكانیان بەرانبەر بەكورد پاشگەز دەبنەوە. بۆ ئەوەی لە جێی ئەوە یەك دەست و هێزی فشاربین بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان، بۆ ئەوەی هەر هەوڵێكی دژ بە كورد بەهەمانشێوەی هەوڵەكانی هەڵوەشاندنەوەی دەستور رابگرین. هەر هەوڵێك بۆ حساب نەكردن بۆ پێگەی دەستوریی هەرێم وەكو خواستی كاندیدەكانی هاوكاتی كاندیدكردنی كازمی هەڵوەشنینەوە، دەبێت كورد یەكڕیزبێت، یەك دەست و یەك هێز بێت. بۆ ئەمەش كورد پێویستمان بە كۆبوونەوەیە لە دەوری دامەزراوەیەكی نیشتیمانی، كە ئەو دامەزراوە نیشتیمانییە سیاسەتی كوردستانی ئاراستە بكات، تا ئەمرۆش ئەو دامەزراوە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە مەراسیمی سوێندخواردنەكەیدا، بەڵێنی دا كە سەرۆكایەتی هەرێم چەتری كۆكەرەوەی هەموو جیاوازییەكان بێت. تا ئەمرۆ لە بەدیهاتنی ئەو یەكڕیزییەدا سەرۆكایەتی هەرێ باشی هێناوە و لایەنەكانیش لە پشتیوانی هەوڵەكانی تا ئاستێكی باش هاوڕابوون، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، و ناڕوونی داهاتووی عێراق، دەخوازێت سەرۆكایەتی لە هەوڵەكانی یەكڕیزی بەردەوام بێت و لایەنەكانیش پشتیوانی بن.
رێبوار کەریم وەلی سیاسەتی کوردستان بارگاوی بووە. وەک سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووە، بەڵام ھیچ رەبتێکی لەگەڵ رەوتی مێژووی ململانێی جەلالی و مەلاییدا نییە. ھەڵەیەکی کوشندەیە ئەگەر بڵێی ئەوەی ئێستا درێژەی رابردووە. * جەلالیزم تەواو بوو. وەک چۆن مەلاییزمیش تەواو بوو؛ نە پارتیی ئێستا میراتگری رەحمەتی بارزانیی باوکە، نە یەکێتیی ئێستاش فڕی بەسەر دنیابینی و سیاسەتەکانی خوالێخۆشبوو تاڵەبانییە. * تاڵەبانی بە پشتیوانیی بارزانی، گەیشتە ئەو لوتکەیەی کە ھەموو ژیانیی بۆ تەرخانکردبوو. ئەویش وەک بەرھەم ساڵح لە پێناوی گەیشتن بەو شوێنە دەستبەرداری حزبەکەی بوو؛ بەس ئەوەندە بوو نەچووە ناو پارتی! ئەگەرنا نە ھیچ حیسابێکی بۆ سەرکردایەتیی حزبەکەی کرد و نە بۆشی موھیم بوو چەندی لێ پەرتەوازە دەبن لەو یەکێتییەی بە چنگ و نینۆک رایگرتبوو. دیارە یەکێتیشی ھەر بۆ ئەوە بوو. * بەرھەم ساڵح لە رێبازی مام جەلال تێگەیشتبوو. ئادرێسەکەی رووی لە پارتی بوو. بەڵام بە رێگەیەکی قەدبڕ بردیانەوە ناو یەکێتی. دوایی ئەو فەزڵە لەگەڵ خۆیدا دەباتە مێژووەوە کە یەکەم کاربەدەستی باڵای کوردە لە بەغدا کە بێ رەزامەندی و پشتیوانیی پارتی ئەو پۆستەی دەستەبەرکرد. * یەکێتیی ئێستا میراتگری رێبازی نەوشیروان مستەفا و برایم ئەحمەدە ئەگەر خەت رەجعییەکان حیساب نەکەین. ئەوەی یەکێتیی سەردەمیی تاڵەبانیی باوک بەرامبەر بە پارتی پێینەکرا و ئەوەیش کە نەشیروان مستەفا بەرامبەر ھەردوو بنەماڵە پێینەکرا و، خۆی لێ بوو بە بنەماڵە! وەک رەوتێکی سیاسیی جیاواز لە رابردووی خۆی ھاتۆتە مەیدان. * پارتی ھەر چاوەڕێیە و ھەوڵ دەدات تاڵەبانییەکەی خۆی بدۆزێتەوە. زەحمەتە. تاڵەبانییەكان بكەونە گیانی یەکتری(سەرباری ئەوەی کە لەناو پارتی ھەرکەسە وادەزانێ جەلۆی خۆی دۆزیوەتەوە، بەڵام ئەوان وەک یەک پێڕ وان کە ئەگەر یەکیان بێتە دەرێ خۆی و ئەوانی دیکە دەسووتێنێ)،کوڕەکان ئامۆزاکان تەسفییە بکەن و بگەنەوە یەکێتیی دڵخوازی خۆیان، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ھەمیشە کوڕەکان مەرج نییە بتوانن جێگەی باوکیان بگرنەوە، دەبینی برازا یان شاگردەکان باشتر و کارامەتر دەردەچن. وەک تورک دەڵێن:"قۆچ لە گوێ درێژتر دەبێ." * خەتمی کەلام ئەوەیە کە رێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوکاتە روودەدات کە ئەو دوو بەشەی پارتی و یەکێتی کە لەسەر حیسابی تەسعید و دژایەتیی یەکتری کاردەکەن، رێکبکەون یان لانیکەم کەمێک ئەھوەن ببنەوە. کوڕانی تاڵەبانی بۆ مانەوە لە حوکمڕانیدا پێویستیان بە پاڵپشتیی ئێستای سەرکردایەتییەکەیانە کە ھەر دەققەیەک حەز بکات دەتوانێ کودتایان بەسەردا بکات. * پارتی لەم فەوزایە یان تەسعیدە کەمێک کاتی دەست دەکەوێ، بەڵام بۆ جەلۆیەکی دیکە عومری نوحی پێویستە. ئەو سێکوچکەیەی ئەمڕۆ تەمسیلی واقعی سیاسیی زۆنی سەوز (نەک رەنگاوڕەنگ)دەکەن، دەبێ ھەرسێکیان وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەگەرنا نەک ھیچ چاکسازییەک مەیسەر نابێ، بگرە دەرھاوێشتەی خراپتری لێ دەکەوێتەوە. * پارتییەکان بە مام جەلالیان دەگووت جەلۆ
گۆران عەلی کەریم یەکێک لەو رەخنانەی کەلەسەرۆککۆمار دکتۆر بەرھەم دەگیرێت، ئەوەیە هیچی بۆ کەرکوک و کورد نەکردوە. ئاشکرایە کارکردن لەسەر دۆزی کوردو بەتایبەتی کەرکوک، جاران زۆر ئاسانترو لەبارتر بوو تا ئێستا، چونکە ئەوکاتە، نەکورد دەستی لەتاڵانی نەوتی کەرکوک هەبوو، نە خەڵکی کەکوکیش بەکوردەکانیشەوە بێزاری سیاسەتی حزبی کوردی نەبببون، هەرچۆنێک بێت، خەڵکانێک هەن هەمیشە دەیانەوێت شکستی خۆیان بخەنە ملی ئەوی ترـ رەنگە ئەمەش بەشێک بێت لەوە. هەرکەس شارەزای دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان بێت، باش لەوە تێدەگات کەرەنگە ئاسان نەبێت وا بەئاسانی ئەو ھەموو ھەڵە سیاسی و ستراتیژیەی لەرابردودا کراوە راست بکرێتەوە، بەڵام موستەحیلیش نییە، ئەوە پانتاییەی کە دکتۆر بەرهەمیش ئیشی تیادا ئەکات، ئەو موستەحیل نەبوونەیە کە بەئیرادەوە لەسەری راوەستاوە. لەدوای ریفراندۆم و لەدەستدانی بەشیکی زۆری ناوچە کوردنشینەکان بەردەوام ھەوڵ بۆئەوە دەدرێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە کە پێشتر لەبندەستی پێشمەرگە بوون یان هێزی هاوبەشیان لێبووە، ھەڵبەتە وەفدی ھەرێم ھەوڵی ھەبوە بەڵام ئەم ھەوڵانە بەبێ بونی هەوڵەکانی سەرۆککۆمار ئەنجام نەدەدرا، هەوڵەکان لەکۆشکی کۆمارەوە بزوێنەری خواستی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بوو، بەدەر لە ئەقڵیەتی پۆپۆلیستی و سیاسەتی خۆم و خۆم، سەرۆک کۆمار لەسەر چەندین دۆسییەی گرنگ کار دەکات، بەڵام تیمەکەی نایانەوێت وەک منەت لەمیدیاکانەوە باسی بکەن، بەتایبەتی ئەرکەکان قورسن و رێگریش زۆرە، هەروەک ئەوەی تائێستاش لەمپەر لەبەردەم ئەم گەرانەوەی پێشمەرگە بۆ هەندێک ناوچە ماوە. هەوڵەکانی دکتۆر بەرھەم لەحکومەتی عێراقی بۆگەرانەوەی ھێزی پێشمەرگە وەک پێویستیەکی سەربازی و راگرتنی هاوسەنگی وایە بۆ پارێزگاری کردنی خاکی کوردستان و پاراستنی خەڵکەکەی لەدەستی توندرەوانی داعش، لەرابردوودا بەداخەوە ھەرێمی کوردستان نەتوانی کیانێکی سەربەخۆ بۆخۆی دروست بکات، نەشیتوانێ پەیوەندیەکی باش و تۆکمەی لەگەڵ بەغداد هەبێت، ئەمەش ئەرکی سەرۆک کۆمارو نوێنەرانی کوردی لەبەغداد قورستر کردوە، بەتایبەتی کەئێستا بەغداد باش ئەزانێت، کورد لە بەهێزییەوە نییە کە رووی لە رێککەوتن کردوە، بەغدادیش جگەلە کێشەکانی خۆی، توانا ئابورییەکەی بەجۆرێکە، خۆی بەدوای دەریچەیەکدا دەگەرێت بۆ رزگار بوون، ئەوەی لەو پێناوەشدا سەرۆک کۆمارە کوردەکە پێشکەشی کردوە، جێگەی بایەخی ناو خۆو دەرەوەیە، بۆیە هەقوایە چیتر لایەنەکان واز لەو رەخنە بێ ناوەرۆکانە بهێنن، کە ئامانج لێی شانخاڵی کردنەوەی بەرپرسیارێتییە و هۆکارێکن بۆ دارمانی زیاتر و ماڵوێرانکردنی خراپتر. لەرابردوودا بەشێکی زۆر لەنوێنەرانی کورد لەبەغداد ھەوڵێکی زۆریانداوە تا ھەولێرو بەغداد بگەنە رێکەوتن، لەم پرسەشدا سەرۆککۆمار راستەوخۆ بە بەرپرسانی حکومەتی گوتوە کە نابێت موچە و قوتی ھاوڵاتیانی کورد بکرێتە کارتی فشاری سیاسی، بەڵام ناهەقیشە گەر ئێمەی کورد هەموو کێشەو گرفتەکان بخەینە مللی ئەوی دی، هەرچەندە هیچ شتێک پاساوی برینی مووچەی نییە، بەڵام لایەنی هەرێمیش ئەوەندە کەموکورتیان هەیە، کە نەک هەر بوونەتە هۆی دەستوپێ گرتنی سەرۆک کۆمارو نوێنەرانی کورد لەبەغداد، تەنانەت بووتە هۆی لاوازی کارتەکانی دەستی شاندی کوردیش لەبەغداد، لەوەش خراپتر سەرباری هەموو ئەو گرفتانەی کە هەیە، کەمووکورتیەکانی ناوخۆی ئیدارەو حوکمرانی هەرێم وایکردوە، نەتوانرێت یەک گوتاری جەماوەری و حزبیش لەبەرامبەر بەغداد دروست ببێت
د. ئەنوەر فەرەج لهبارهی (قهواره و رژێمی حوكمڕانی و حكومهت)ی ههرێمهوه بۆ داڕشتنی چوارچێوهی تیۆری بۆ بابهتهكه له زانستی سیاسیدا دهگهڕێمهوه بۆ پرۆفیسۆر (پاتریك ئۆنێڵ، Patrick H. O'Neil) نووسهری كتێبی (بنچینهكانی سیاسهتی بهراووردكاریی، Essentials of Comparative Politics) كه جیاوازیهكی گرنگ دهكات له نێوان سێ چهمكی (دهوڵهت، رژێم، حكومهت)دا، بهم شێوهی خوارهوه: یهكهم: (دهوڵهت، State): دهوڵهت قهوارهیهكی یاسایی و سیاسییه، دهزگایهكه مافی قۆرخكردنی بهكارهێنانی هێزی ههیه لهسهر ههرێمێكی جوگرافی دیاریكراو، واته خاوهن سهروهرییه. دهوڵهت دابینكهری ئاسایش و جێبهجێكاری یاساكان و پارێزهری مافهكان و یهكلاكهرهوهی ناكۆكیهكانه له كۆمهڵگادا له رێگهی دامهزراوهكانی سوپاو پۆلیس و دادگاو باج و چاودێری كۆمهڵایهتیهوه. واته دهوڵهت دامهزراوهیهكی شهرعی و بهردهوام و پێویسته. دووهم: (رژێم، Regime): كۆمهڵێك یاساو رێساو پێوهری بنهرهتیه، رژێم واته كرۆكی پرۆسهی حوكمڕانی ههر وڵاتێك، چونكه جیاوازی پێوهرهكانی حوكمڕانی دهبێته هۆی جیاوازی نێوان رژێمهكان، رێگهی ئاسایی بۆ زانینی جیاوازیهكان بهراووردكردنی ناوهڕۆكی دهستووری وڵاتهكانه، بهڵام زۆرجار پێوهرهكانی رژێمی حوكمڕانی له بونیادی دامهزراوهكانی دهوڵهتدا جێگیرهو له رێگهی پیادهكردنی سیاسهته گشتییهكانی حكومهتهكانهوه دهردهكهوێت. سێیهم: (حكومهت، Government): حكومهت بریتیه له دهستهبژێرێكی سیاسی سهركردهو بهرپرس له بهرێوهبردنی كاروباری دهوڵهت. شێوازی گهشتنی ئهم دهستهبژێره به دهسهڵات جیاوازه له دیمۆكراسیهتهوه تا هێز و پاشایهتی، ههر حكومهتێك بۆ ئهوهی كارهكانی بكات بە ناچاریی رووبهرووی رژێمی حوكمڕانی دهبێتهوه، یان ئهوهیه پشتیوانی له رێساو بنهما كارپێكراوهكان دهكات، یاخود رێگهی ریفۆرم و گۆڕانكاری دهگرێتهبهر. لێرهدا ههوڵدهدهم ئهو پێناسه تیۆرییانه لهسهر ههرێمی كوردستان جێبهجێ بكهم و به چهند خاڵـێك سهرنجی خۆم بخهمهڕوو: یهكهم: بۆ روونكردنهوهی جیاوازی نێوان دهوڵهت و رژێم و حكومهت، دهتوانین بڵێین: دهوڵهت بریتیه له فۆرمی دهرهوهی دامهزراوه یاساییهكان، رژێمی حوكمڕانی له كهلتوری دهستهبژێری سیاسی حوكمڕاندا جێگیره، حكومهتیش كهسه دهسهڵاتدارهكانن لهو دامهزراوانهدا، واته ئهگهر دهوڵهت (هارد وێر)ی ئامێری كۆمپیوتهرێك بێت، ئهوا رژێمی حوكمڕانی (سۆفت وێرە)، حكومهتیش بریتیه له كارپێكهر یان بهكارهێنهری ئهو سوفت وێره لهسهر ئهو ئامێره. ئهم جیاكاریه زۆر گرنگه بۆ تێگهیشتن و شیكردنهوهی ئاراستهكانی پرۆسهی سیاسی له ههرێمی كوردستاندا. دووهم: ههرچهنده پێناسهی دهوڵهت زیاتر عێراق دهگرێتهوه، بهڵام بۆ دۆخی ههرێمی كوردستانیش بهرێژهیی راسته به رهچاوكردنی دۆخی ههرێم وهك بهشێك له دهوڵهتی فیدراڵی عێراق، بۆیه كاتێك باسی قهوارهی ههرێمی كوردستان دهكرێت، واته: بوونێكی دهستووریی، دامودهزگاو دهسهڵاتهكان، شوناسی نهتهوهیی كورد له چوارچێوهی عێراقدا. لهم روانگهیهوه بێگومان پێویسته وهك كوردێك پشتگیریی و بهرگری له ههرێم بكهین وهك قهوارهیهكی دهستووری و یاسایی بهردهوام كه نوێنهرایهتی گهلی كوردستان دهكات لهسهر بهشێك له خاكی كوردستان، كه ئهنجامی بهرههمی خهبات دهیان ساڵ و خوێنی ههزاران شههیده. سێیهم: ناسنامهی رژێمی حوكمڕانی له ههرێمی كوردستاندا بریتیه له بیروباوهڕی سهركردهو بهرنامهی سیاسی حیزبه دهسهڵاتدارهكانی ههرێم سهبارهت به پرسه سیاسی و ئابوریهكانی ههرێم كه چهندین ساڵه له بڕیارو سیاسهته گشتییهكاندا بهرجهسته بووه. ئهوهی بهڕوونی دیاره ناسنامهی رژێمی حوكمڕانی له ههرێمدا له قهیرانێكی قوڵدایه، تا ئێستا ناسنامهیهكی نهتهوهیی راستهقینه وهك كورد بوونی نییه، لهشكرێكی نیشتمانی له سهروو حیزبهوه له خهیاڵ نزیكه، نه تیۆرێكی سیاسی و ئابوری ڕوون، نه پرۆژهیهك بۆ عهدالهتی كۆمهڵایهتی، نه میكانیزمێكی روون و شهفاف بۆ كۆكردنهوهی و دابهشكردنی داهاتی گشتی بوونی نییه بهتایبهت بهڕێوهبردنی كهرتی نهوت و كاری كۆمپانیاكان. چوارهم: یهكێك له كێشه بنهڕهتیهكانی ههرێمی كوردستان ئهوهیه كه بههۆی لاوازیی بونیادی ههرێمهوه، سنووری نێوان قهوارهی ههرێم و رژێم و حكومهت نهماوهو ههمووی به حیزبی و بنهماڵهیی كراوه، بێگومان ههردوو حیزبی دهسهڵاتدارو خاوهن نفوز (پارتی و یهكێتی) به پلهی یهكهم بهرپرسن لهم تێكهڵكردن و لاوازكردنه، بهڵام رێگهی چارهسهركردنی راستهقینه ئهوهنییه قهوارهكهش بكرێته قوربانی گهندهڵی و سیاسهتی پاوانخوازی ئهوان، مهترسی گهورهش ئهوهیه كه جیاكردنهوهی قهواره له پێوهرو سیاسهته ههڵهكانی رژێم و حكومهت بۆ خهڵك ئاسان نییهو ئهوهندهش مهینهتییان چهشتووه ئامادهنین ئهم حسابات و جیاكارییه بكهن. پێنجهم: ئهوهی كه زۆرینهی هاوڵاتیانی ههرێمی به دهنگدهرانی حیزبه دهسهڵاتدارهكانیشهوه نیگهران كردووه، بریتیه له ناعهدالهتی رژێمی حوكمڕانی و نا شهفافی له كۆكردنهوهو دابهشكردنی داهاتهكاندا، حكومهتیش له بری ئهوهی ببێته دهزگای دابینكردنی خزمهتگوزارییهكان و دۆزینهوهی میكانیزمی عهدالهتی كۆمهڵایهتی، دهبینین وهك دهزگایهك كاریكردووه بۆ دابینكردنی پشك پشكێنهی حیزبه بهشدارهكان و قوڵكردنهوهی ئینتیمای حیزبی و ناوچهگهرێتی و بهرژهوهندی باڵ و بنهماڵهو خێزانه سیاسییه باڵادهستهكان، دوور له رهچاوكردنی شایستهیی و لێهاتوویی. لهبهرئهوه چهند پێویسته پشتگیریی له قهوارهی ههرێم بكرێت به ههمان ئهندازه پێویسته رهخنهی توند ئاراستهی (نادادییهكانی رژێمی حوكمڕانی و سیاسهتی قۆرخكاری حیزبی و ناشهفافیهتی داهات و دابهشكردنی كوردستان بۆ چهندین زۆنی نفوزو نهبوونی گوتارێكی نهتهوهیی یهكگرتوو) بكرێت.
چۆمان محەمەد عەلی نزیك دەبینەوە لەتێپەرینی یەك سال بەسەر پێكهینانی یٔەم كابینەی حكومەتی هەریم،یەكێك لە دروشم و بەرنامەی كاری حكومەت بەگژاچونەوەی گەندەلی و یٔەنجامدانی چاكسازی بوە،حیزبە بەژداربوەكان(یەكێتی و پارتی و گۆران) بە یٔامانجی چاكسازی و روبەروبونەوەی گەندەلی بەژداریان لەحكومەت كردوە،سەرۆكی حكومەت لە چەندین دۆخ و وتاردا یٔەنجامدانی چاكسازی وەك شوناسی یٔەم كابینەی حكومەت ناساندوە،بەردەوام جەختی لێكردۆتەوە،بەڵام هەنگاو رێگەكان زۆر سست و لاوازن بۆ روبەروبونەوەی گەدەلی و چاكسازی ریشەی موقارەنەتەن بە گەورەی قەبارەی گەندەلی وگرتنەوەی سەرجەم سێكتەرەكان،بەهانەو پاساوەكان وەك رابردو ریز كراون لە دەستەوەستاوییان بۆ یٔەنجامدانی چاكسازی ریشەی و كرداری،بەداخەوە گەندەلی لەرابردو بۆ یەكێتی وپاری هۆكاری گەشە و ژینگەی لەباری مانەوە و بەردەوامیان بوە،بۆیە هەر هەنگاوێك بنین دژ دەبێت لەگەل بەرژوەندی دارای حیزبی و خواستی كادرە دلسۆزەكانی حیزب، حكومەتی هەرێم جگە لەیٔامادەكردنی پرۆژەیاسایەكی چاكسازی لەموچەودەرمالەوخانەنیشینی نێرایە پرلمانی كوردستان یاسای بۆ دەرچوە لەگەڵ كۆمەڵیك بریارلەبەرواری ٥/٥/۲٠۲٠،هیچ كردار و هەنگاوێكی جدی نەناوە بۆ یٔەم پرسە هەستیارە، یٔەو یاسایەش لە جێبەجیكردندا یٔاریشەو كێشەی تێدایە حكومەت تەواو جدی نەبێت لە تنفیژی یاساكەدا یٔەوا هیوای زۆری لەسەر هەلبچنین بۆ نەهیشتنی موچەو خانەنیشینی نایاسای ودوو موچە و بابەتی دەرمالەكان. دۆخی یٔیستا كوردستان نغرۆ بوە لەگەندەلی ،سێكتەر و بواری ژیان نەما وە گەندەلی داینەڕزاندبێت، رۆژانە پەنجە نەرم دەكەین لەگەل گەندەلی،لەیٔێستا بزوتنەوەی گۆران زیاتر لە سەرەتای بەژداری لەحكومەت پێداگر فشاردروستكەرە بۆ یٔەنجامدانی چاكسازی،دە مانگ تێدەپەرێت بەسەر دروستبونی یٔەم كابینەیەی حكومەت لەواقیعدا كارو بریاری كاریگەرو بەرهەمدارمان نەبینیوە ، دەپرسین یٔایا حكومەت ۱_بۆ سیستەمی بایۆمەتری فەرمانبەران جێبەجێناكات وجدی نیە بۆ خستنەروی ژمارەی راستەقینە موچە خۆران ونەهێشتنی موچەخۆی بندیواروبونی زیاد لەموچەیەك. ۲_یٔایا حكومەت بۆ پرۆژە یاسای بودجە نانێرێتە پرلمان لەپێناوچەسپاندنی شفافیەت و نەخواردنی داهاتی ولات. ۳_یٔایا حكومەت چ كارێكی كردوە بۆ نەهێشتنیراو روت دزی مەرز و دەروازەكان زیاد لە هەشت مانگە پەرلەمانتاران هاوار یٔەكەن... ٤_ چ كارێك كراوە بۆ یٔاشكراكردنی ژمارەی راستەقینەی داهات و پارەی نەوت و پارەی تەنكەرە نەوتیەكان. ٥_چ كارێك كراوە و بینیومانە لە هەوالەكردی گەندەلكاران بۆ دادگا ،کەلە یٔیستادا گەندەلی بۆتە جێی ستایش و پیزانین. ٦_چ كاریكی كردوە حكومەت بۆ رێگری لەو قۆرغ كاریەی كۆمپانیا حیزبیەكان یٔەنجامی دەدەن لە دەوڵەمەندكردن وبەهێزبونی حیزب لەسەر مایەپوچی و لاوازی حكومەت. ۷_چ كارێك كراوە بۆ پشتگیریكردن دەست واڵا كردن و دورخستنەوەی دەستی حیزب لە نێو دامەزراوەكانی( داواكاری گشتی و دەستەی دەستپاكی و دوانی چاودێریان دارای )بۆ زیاتر چاودیری و وردبینی كیشە دارای و گەندەلیان ۷_چ هەنگاوێك نراوە بۆ یەکگرتنەوەی هیزی پیشمەرگە و یٔەو گەندەلیانەی لەو بوارەدا دەكرێت ۸_كوامە هەنگاو بۆ دروستكردنی حكومەتێكی رەشیدی خزمەتگوزار دور لە دەستی حیزب. سەختی لایەنی دارای بێ بازاری و دابەزینی نرخی نەوت و بلاوبونەوەی پەتای کۆرۆناو نەبونی موچە و رێكنەكەوتن لەگەل بغداد،دۆخی وڵاتی تەواو دژوار كردوە،گەر یٔەم حكومەتە ویست و یٔیرادەی هەبێت بۆ روبەروبونەوەی گەندەلی ،هیچ كاتێك هێندەی یٔێستا لەبار نیە بۆچاكسازی،چونكە پیویستی تێپەراندنی دۆخەكە و مانەوەی یٔەم حكومەت وكیانی هەرێم بە بەهێزی و رێگری لە تورەی و بێزاری خەلك لە یٔەنجامدانی شۆرش و رزگاربون لەم دەسەلاتە و گێرانەوەی هیوا بۆ كۆمەلگاتەنها بریتیە لە چاكسازی ریشەی و هەلكردنی قۆڵی مەردایەتی و نیەی راستگۆیانە، ،بەلام بەداخەوە خەریكە راستەیەكی تال لە زهن و خەیالدانی هەمومان جێگیر دەبێت،كە یٔەم حكومەتە و یٔەم دەسەلاتدارانی هەرێم و حیزبی دەسەڵاتدار بە تایبەت (یەكێتی و پارتی)تەنها لە چوارچێوەی دروشمدا باوەریان بە چاكسازی هەیە،هاوڵاتیانی هەرێم هیچ متمانەیەكیان بە كاستە سیاسیانە نیە بچوكترین چاكسازی بكەن،چونكە چاكسازی بە كسانی چاكە خوازو مصلح دەكرێت نەك گەندەڵكار،لەرابردوشدا بەرێز( مسعود بارزانی )یٔەو كات سەرۆكی هەرێم بو خاوەنی دەسەلاتی رەها بو زیاد لەجارێك لیژنەی چاكسازی پێك هێنا، بێ سودبو بگرە گەندەلی زیاتر برەوی سەند،بۆیە لەدەریٔەنجام دەگەینە یٔەو راستیەی چاكسازی ریشەی بۆ دەربازبون لەم قەیرانانە و هیشتنەوەی یٔەم حكومەتە و دروستكردنەوەی متمانە بە پرۆسەی سیاسی و حیزبایەتی تاكە رێگای چارەی ناوخۆییە،چونکەیٔەم ستایلی حكومرانی و مۆدێلی دەستوەردانی حیزب لەحكومەت و راو روتە و گەندەلیە یٔاشكرایە زۆری بەبەرەوە نەماوە لە دەستپێكی قۆناغی تەواوبون و بەسەرچوندایە. * پارێزەری راوێژكار
محەمەد عەلی لە دوای ھاتنی كۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و دروستبوونی قەیرانی دارایی لە ھەرێم، ھەمووان ھۆكارەكەی دەگێڕنەوە بۆ بڕیاری حكوومەتی ھەرێم لە فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ، لە ڕاستیدا پێویستە پرسیارەكە بە شێوەیەكی دیكە دابڕێژینەوە، بە جۆرێك ئەگەر پرۆسەی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەبووایە، لە ئێستادا بەغدا چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكردین؟ بە دڵنیاییەوە ڕەوشەكە زۆر لە ئێستا ئاڵۆزتر دەبوو. ئەگەر ھەرێم نەوتی بە شێوەیەكی سەربەخۆ نەفرۆشتبایە، دەبووایە قبووڵی بكەین ئێستا كوردستان تەواوكەری ھیلالی شیعی و جێگەی تەراتێنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و قەوارەیەكی ئەوەندە لاواز دەبوو كە ھیچ كارتێكی لە دەستدا نەدەبوو بۆ ئەوەی مامەڵەی پێبكات لە بەرامبەر فشارە زۆرەكانی دەوڵەتی عێراق، ھەروەك چۆن ئەوانەی لە ڕابردوودا پێشنیازی بڕینی بودجەی ھەرێمیان دەكرد بۆ ھەڵسانەوەی خەڵك لە دژی حكوومەتی ھەرێم، ئێستاش داوای ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم دەكەن لە ڕێگەی ھێزەوە، گومانی تێدا نییە ھەڵوێستیان زۆر دوژمنكارانەتر دەبوو ئەگەر ھەرێم كارتی نەوتی لە دەستدا نەبایە. بەشێكی تر، ھۆكاری نەگەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا، بۆ ڕێككەوتنی پەنجا ساڵە لەگەڵ توركیا دەگەڕێننەوە، لە ڕاستیدا پێچەوانەكەی دروستە، ئەگەر ئەم ھەنگاوەی ھەرێم نەبووایە، ئەوا توركیا لە ئێستادا چەندە ھۆكاری كێشەیە بۆ ھەرێم، ئەوكات مەترسییەكەی زۆر زیاتر دەبوو، بە جۆرێك لە ڕابردوودا و پێش فرۆشتنی نەوتیش بە شێوەیەكی سەربەخۆ، ھەر كاتێك كێشەیەك لە نێوان بەغدا و ھەرێم ھەبووایە، بەغدا توركیای وەك كارتی فشار بەكار دەھێنا، لەبری ئەوە، ئێستا بووەتە ھاوبەشێكی گرینگی بازرگانیی ھەرێم و بە ئاسانی ناتوانێت دەستبەرداری بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی بێت لە ھەرێم، كە زۆرینەی پەیوەستن بە نەوت و وەبەرھێنانی كۆمپانیا توركییەكان لەم بوارەدا، هەروەها ھۆكارێكیش بوو لە گێڕانەوەی باڵانسی ھێز لە نێوان ھەرێم و بەغدا. ناكرێ باس لە پرسی ئابووریی سەربەخۆ بكەین و تیشك نەخەینە سەر ھەڵوێست و ڕۆڵی وڵاتانی زلھێز لە پاراستن و یارمەتیدانی ھەرێم لە شەڕی دژی داعش، بە جۆرێك كاتێك داعش ھێرشی كردە سەر ھەرێمی كوردستان و لە ھەولێر نزیك بوویەوە، ئەمەریكا بڕیاری فڕینی فڕۆكەكانی دا و ئەڵمانیاش بڕیاری ناردنی میلان و سەرۆكی فەڕەنساش سەردانی ھەولێری كرد، ھاوكات بۆ بەردەوامبوون لەو شەڕە نەگەریس و نابەرامبەرە، كە بەرۆكی كوردستانی گرت، ھەرێمی كوردستان پێویستی بە بودجەیەكی گەورە ھەبوو، چونكە عێراق ھیچ یارمەتییەكی كوردستانی نەدا، بۆیە ھەر داھاتی ئەم نەوتە بوو ھاوكار بوو بۆ درێژەپێدانی شەڕ و پاراستنی كوردستان لەم دوژمنە سەرسەختە. لە ڕاستیدا بەغدا ھیچ كاتێك كە نەوت بە سەد دۆلاریش بووە، بودجەی تەواوی نەناردووە، لە ئێستاشدا حكوومەتی عێراقی بارودۆخی دارایی باشتر نییە لە ھەرێم و لە سەدا پەنجای داھاتی لە دەست داوە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەش دەستی بردووە بۆ بڕینی بوودجەی ھەرێم، ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی ھەرێم لە ھەموو بارودۆخێكدا ئامادە بووە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكات و لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتیی (مەسرور بارزانی)، یەكێك لە بڕگەكانی كارنامەی حكوومەت بریتی بوو لە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، ھاوكات ئەگەر ئەم نەوت فرۆشتنە سەربەخۆیە نەبووایە، دەمێك بوو كۆتاییان بە ھەرێم ھێنابوو و نە مووچە دەبوو و نە بودجەش، بۆ بیرھێنانەوە، كاتێك مالیكی مووچە و بودجەی ھەرێمی بڕی، فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ، بوونیشی نەبوو.
