مەجید ساڵح لەم ھەفتەیەدا تورکیا لە سەرجەم ئەو پەلامارانەی کە کردبوویە سەر Pkk جگە لە شکست توشی جۆرێک لە ریسوا بوونیش ھات، چونکە پەلامارەکەی ھی ئەوە نەبوو بکرێتە سەر کۆمەڵێک گەریلا بە چیاکانەوە، بەڵکو بەکارھێنانی ئەو ھێزە زەبەلاح و تەکنەلۆژیا پێشکەوتوەی سەربازی بۆ داگیرکردنی وڵاتێک و لە ریشە ھەڵکردنی بەس بوو، بەڵام خۆڕاگری گەرێلاکان ژەھری دۆڕانی کرد بە قوڕگیاندا... هاوکات لە گەڵ پەلامارە سەربازیەکەدا، کاربەدەست و بەرپرەسە باڵاکانی تورک کۆمەڵێک لێدوانیاندا ئامانج لێی قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکانی کورد و کورد بوو، لەسەروی هەموشیانەوە مەبەست لێی لاواز کردنی ئینتمای نەتەوەیی و قوڵکردنی ناوچەگەرێتی و شارچێتی بوو.. بەداخەوە هەر زۆر زوو چالاکوانانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کەوتنە داوەکەوە و بەدووبارە کردنەوەی قسە و لیدوانی بەرپرسەکانی تورک بەئاگایی بێ یان لە نائاگایی، رێگەیان بۆ هاتنە دی مەرامەکانی تورکیا خۆش کرد، واتە خۆمان بەدەستی خۆمان ھاوکاری تورکیامان کرد لە گەیشتن بە بەشێک لە ئامانجەکانیی. تورکەکان لەوەدا سەرکەوتوو بوون ئێمەیان راکێشا بۆ گەورەکردنی ئەو درزەی نێوان ھێزە سیاسییەکانی کوردستاندا ھەیە و ئەو ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و شار چێتیەی لە کوردستاندا ھەیە بە دەستی خۆمان، بێ یەک تەقە و خۆماندوو کردنی داگیرکەری تورک ئەوەندەی تر زەق کرایەوە، ئێمە نەزانانە ھێندەی تر کۆمەڵگای کوردیمان چەندین ھەنگاو بۆ دواوە بردەوە. گەورەترین دێوەزمەی تورکەکان یەکێتی نەتەوەیی کورد و گەشەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردییە، بەڵام لەم ھەفتەیەدا ئەوەی کورد بە خۆی کرد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ھەرگیز تورک لە چیاکان‌دا بۆی نەکرا، بۆیە تکایە با نووسین و کۆمێنت و بیروڕاکانمان نەچێتە خانەی بەرژەوەندیی و خواستەکانی تورکیاوە لە جیاتی پەیامی لێک ترازان و دووبەرەکی و شەڕە جوێن و شارچێتی و ناوچەگەری، با پەیامی برایەتی نیوان کورد و کورد و کورد و گەلانی دنیا بڵاو بکەینەوە...
ئاسۆ حاجی دابەش بوونی رای گشتی کوردستان بەسەر دوو بەرە(جا کامەیان زۆرینەن و کەمینەن پرس نیە) هەندێک بە تەنیا بارزانی دەبینن و وەک سوپەڕمەن تەماشای دەکەن و دەیانەوؽ بۆ خەڵکی بەو شێوەیە وێنە بکەن،هەندێکیش هەوڵ دەدەن بارزانی وەک هؽزؽکی تەنیا و پەڕپوت نیشان بدەن و وەک وێنەی پاڵەوانێکی بەزیو لە چوارچێوەی بگرن،بە دڵنیایەوە هیچ یەکێک لەو دوو ئاراستە و بۆچوون و هەوڵانە راست نین(بێگومان بە رێژەیی نەک رەهایی)،ئەوەی راستەقینەیە تێکەڵ کردنی هەردوو بۆچوون و کۆلاژ کردنی هەردوو وێنەکەیە لە ناو چوارچێوەیەکدا کە لەو شەڕ و ململانێ و بگرە و بەردەیە نە تەنیا بارزانی لە مەیدانە و نە بارزانیش تەنیایە لە مەیدان،بە بۆچوونی من ئەوەیان گونجاوترین دەستەواژە و قسەیە دەربارەی بارزانی بکرێ جا چ نێچیرڤان یان مەسرور بێت. سەردانی ئەوجارەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا دووبارە کردنەوەی هەمان سەردانی پار ساڵیەتی بۆ بەغدا دوای ئەوەی تازە ببووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتیەکە و هەمان کەسەکانی دیکە لە سەرکردەکانی شیعە و ئەوانەی دیکە،هەمان ئامانج و کارنامەشە،ئەوەش دڵخۆشکەر نیە لە خاڵێکدا کە نیشان دەدا عێڕاق لە بازنەیەکی خۆ دووبارە کردنەوە و چەق بەستن دایە و هیچ ئومێدی پێشکەوتنی لێ ناکرێ چونکە تەنها گۆڕینی ناوە نەک ناوەڕۆک،عەلاوی،جەعفەری،مالکی،عەبادی،عەبدولمەهدی یان کازمی بێت هەموویان قوماشی یەک تۆپن و تەنها یەکدی تەواو دەکەن نەک شتێکی نوێ نیشان بدەن. بۆیە ئەگەر حەز بە سەرکەوتنی کوردستان دەکەن پاڵپشتی نێچیرڤان بکەن،بۆ ئەو پاڵپشتیە حکومەتی کوردستان پێویستە بەهێز بێت کە نوێنەرایەتی ناو ماڵی کوردستانی دەکا،نوێنەرایەتی مێژووی زیاتر لە سەت ساڵی خەبات و تێکۆشانی میللەتێکی ژێر دەستە دەکا،چونکە ئەگەر لە ناو ماڵی خۆمان یەک نەبین ناتوانین وەڵامدەرەوەی داخوازیەکانی میللەتی خۆمان بین،رەسول هەمزاتۆڤی داغستانی وەک ئەوەی بە کورد بڵێ دەڵێ:"با لە ئاگردانی ماڵی خۆمان دەست پێ بکەین". مێژووی دەوڵەتی درۆین و دروستکراوی عێڕاق کە داگیرکەری بەشێکی کوردستانە ئەوەمان پێ دەڵێت هەر کاتێک کورد یەکگرتوو و یەکگوتار بووە بەغدای بەچۆک داهێناوە،هەرکاتێکیش کورد پارچە و فرە گوتار بووە چۆکی بۆ بەغدا داداوە،ئەوە راستەقینەکەیە،جا ئەگەر حەز دەکەن سەرۆکی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان قسەی سوار بێ و ئەگەر دەتانەوێ دروشمان لە کوردستان یان نەمان بگۆڕین بۆ کوردستان و هەرمان پاڵپشتی حکومەتی کوردستان بکەن چونکە وەک مامۆستا ئیسماعیل بێشکەچی دەڵێ:"خراپترین حوکمی کورد لە سەر کورد لە باشترین حوکمی داگیرکەرانی کوردسیان لە سەر کورد باشترە"٠
ئاسۆس هەردی ئەمە نەیەکەمین جارە سوپای تورکیا هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، نە دوا جاریش دەبێ. بەڵام ئایا ئەم هێرشەیش هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە وەرزییەکانی پێشوودایە بە بیانووی "لیدانی گەریلاکانی پەکەکە"، یان لەم کاتەدا بەدیاریکراوی ئامانج و مانایەکی تری هەیە؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، باشتر وایە سەیری وێنە گەورەکە بکەین. لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تورکیای ئەردۆغان هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی لە پێستی خۆی دەرچێت و بە هەنگاوی عەمەلی، وەک ئەو خەیاڵەی لە مێشکیدایە نفووز‌و دەسەڵاتی تورکیا وەک سەردەمی ئیپراتۆرییەتی عوسمانی بەرفراوان بکات. ئەگەر دروشمی کەمالییەکان ئەوە بوو چوارچێوەی سنووەرەکانی "میساقی میللی: سوێند یاخود پەیمانی نەتەوەیی" نەبەزێنن، تورکیای ئەردۆغان دروشمی "گەڕانەوە بۆ مەزنیی دەوڵەتی عوسمانی"ی هەڵگرتووە (دواتر دێمە سەر میساقی میللی). بە کردەوەش رۆژ بە رۆژ نفووزی سیاسی و ئەمنی و عەسکەریی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان دەکات. جگە لە هەوڵدان بۆ هەیمەنەی سیاسی و سەبازیش، چاوی بڕیوەتە سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەدا. هەر لە نەوتی لیبیا‌و کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، تا دەگاتە رۆژاواو باشووری کوردستان. ئەردۆغان ئەمڕۆ دەیەوێ بە جیهان بڵێت، چیدی تورکیا وڵاتێکی لۆکا‌ڵی نیە، بەڵکو هێزێکی گەورەیەو بەشدارە لە کێشانی نەخشەی سیاسیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەیەوێ بڵێ لە هەموو رووداو و مەیدانێکی ململانێی ناوچەکەدا تورکیا گەمەکەرێکی سەرەکییەو رێگە بە هیچ پێشهات و گۆڕانکارییەک نادات کە بەرژەوەندییەکانی ئەو لەبەرچاو نەگرێت. ئەوەتا لە کەناراوەکانی لیبیادا تەحەدای هێزی دەریایی فەرەنسا دەکات، لە سووریا‌و رۆژاوای کوردستان لە ئەمەریکا یاخی دەبێ و لەگەڵ رووسیا پەیمان دەبەستێ، لەسەر پەتی ناکۆکییەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا یاری دەکات...هتد. لەسەر ئەرزی واقیعیش تا ئێستا بۆی چۆتەسەر. گەڵیک هۆکار هەن بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە بۆ ئەردۆغان بچنەسەر، کە رەنگە لێرەدا جێگەی باسکردیان نەبێت. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی: دۆخی ناسەقامگیری دەوڵەتانی ناوچەکە، لاوازیی هەڵوێستی ئەمەریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆشاییەکی گەورەی جێهێشتووە، لەوانەش گرنگتر ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانەیە کە بواری دەستێوەردانی هێزی دەرەکیی وەک تورکیا دەڕەخسێنن. هەمیشەش گرووپێک پەیدا دەبن بۆ لێدانی نەیارەکانیان پەنا بەرنە بەر هێزە دەرەکییەکان. هەندێ جاریش ناکۆکی دەوڵەتێک لەگەڵ دراوسێ و دوژمنە بەهێزەکانی هەلی دەستێوەردانی بۆ تورکیا رەخساندووە، وەک لە حاڵەتی قەتەرو سووداندا بینیمان (لە سوودان پاش رووخاندنی حکومەتەکەی عومەر حەسەن بەشیر، ئەم دۆخ پێچەوانەوە بووەوە). دیارە لەم جۆرە حاڵەتانەدا، گەلێک جار نزیکیی ئایدیۆلۆجیش رۆڵی هەبووە. ئەوەی گرنگە وەبیر خۆمانی بهێنینەوە ئەوەیە، لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا بۆ هەر وڵاتێک چووبێت و دەستی خستبێتە کاروباری هەر وڵاتێکەوە، جێ پێی سیاسی و سەربازیی خۆی قایم کردووەو جێی نەهێشتووە. لەوەش گرنگتر‌و بۆ ئێمە مەترسیدارتر ئەوەیە، ئەگەر تورکیا لە وڵاتە دوورەدەستەکاندا تەماعی ئابووری، سیاسیی و فراوانکردنی "ناوچەی نفووز"ی هەبێت، ئەوا لە کوردستاندا تەماعی داگیرکاریی هەیە. چونکە تەنانەت بەپێی ئەو سنوورانەش کە "میساقی میللی" دەستنیشانی کردووە، باشوور‌و رۆژاواوی کوردستان بەشێکن لە تورکیا، وەک لە نەخشەکەدا بە روونی دیاریکراوە. خودی ئەردۆغانیش ئەم تەماعەی نەشاردۆتەوەو هەندێک جار بە ئاشکرا ویلایەتی مووسڵی وەک خاکی تورکیا لەقەڵەم داوە. بۆ نموونە لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٦دا دەڵێت : "ئەگەر دەیانەوێ بزانن مووسڵ بۆ ئێمە مانای چیە، با بڕۆن میساقی میلل بخوێننەوە". "میساقی میللی" چیەو سنوورەکانی تورکیای چۆن دەستنیشان کردووە؟ پاش شکستی عوسمانییەکان لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨دا رێکەوتننامەی مودرۆس بۆ وەستاندنی شەڕ لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەکاندا ئیمزا کرا. بەوپێیەش هێزە هاوپەیمانەکان زۆربەی ناوچە گرنگ و ستراتیجییەکانی دەوڵەتی عوسمانییان داگیر کرد، لەوانە: ئەستەمووڵ و گەلێک لە شارە گرنگەکانی تر... پاشان سوپای بەریتانیا لە ١٥ی تشرینی دووەمدا (واتە ١٦ رۆژ دوای ئیمزاکردنی رێکەوتننامەکە)، ویلایەتی مووسڵی داگیر کرد. ئەم شکست و داگیرکارییە، بووە مایەی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیای ئێستادا. سەرباری خۆپیشاندان و چووڵانەوەی جەماوەریی بەرفراوان لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەمووڵ، کۆمەڵێک رێکخراوی بەرگریش پێک هاتن کە بە "جەمعییەی مودافەعەی حقوق: کۆمەڵەی داکۆکی لە مافەکان" دەناسران. لەم دۆخەدا مستەفا کەمال کە ئەفسەرێکی پلە بەرزی سوپای عوسمانی بوو، بە رەزامەندیی سوڵتان محەممەدی شەشەم خۆی گەیاندە ناوچەی ئانادۆڵ و باکووری کوردستان. پەیوەندیی بە ئەفسەرو کەسایەتییە خاوەن نفووز‌و دەسەڵاتەکانەوە کرد، زۆربەیانی لەدەوری خۆی کۆکردەوەو جووڵانەوەیەکی دژی "داگیرکاری" و بە ئامانجی وەدەرنانی هاوپەیمانان و هێزەکانی یۆنان دەست پێ‌کرد، کە دواتر لە ئەدەبیاتی تورکیای هاوچەرخدا بە "کورتولوش ساواشی: شەڕی رزگاری" ناسرا. لەکاتێکدا کە سوڵتان محەممەدی شەشەم لە ئەستەمووڵ لەژێر دەستی ئینگلیزەکاندا بوو و هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەی نەبوو، رۆژ بە رۆژ بزووتنەوەکەی مستەفا کەمال گەورەترو بەهێزتر دەبوو. لەنێوان ٤-١٢ی ئەیلوولی ١٩١٩دا، مستەفا کەمال و هاوەڵەکانی کۆنگرەیەکیان لە شاری سیواس رێکخست. لەو کۆنگرەیەدا بنەما سەرەکییەکانی جووڵانەوەکەو بەرنامەی کارکردنی لە دەقێکدا داڕێژران کە بە "میساقی میللی" ناسراوەو لە شەش مادە پێکهاتووە. ئەم پەیمانە سنوورەکانی تورکیای نوێ بەو هێڵە دەستنیشان دەکات کە لە رۆژی ئیمزاکردنی رێکەوتننامەی مودرۆسدا لە نێوان هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی هاوپەیماندا هەبووە. واتە باشوور‌و رۆژاوای کوردستانیش بە بەشێکی "دانەبڕاوی دەوڵەتی تورکیا" دەزانێت کە "بەهیچ شێوەیەک قابیلی دابەشکردن نیە". چونکە بە خوێندنەوەی کەمالییەکان، دەبوو لە ٣٠ی تشرینی یەکەمەوە هەموو شەڕو "داگیرکارییەک" رابگیرێ و ئەوەی تا ئەو رۆژە بە شەڕ لەلایەن هاوپەیمانەکانەوە داگیر نەکراوە، خاکی تورکیایە. بۆیە جەختیان لەوە دەکردەوە کە "داگیرکردنی" ویلایەتی مووسڵ "پێشێلکردنی رێکەوتننامەکەو یاسای نێودەوڵەتییە"و ئامادە نەبوون دانی پێدا بنێن. بەکورتی، زۆرینەی هێزە سیاسیەکانی تورکیای ئەمڕۆ بە عەلمانی و ئیسلامی و تۆرانییەوە، سەرباری هەموو ناکۆکییەکانیان، ئەگەر لەگەڵ سیاسەتە بەرزفڕەکانی ئەردۆغانیش نەبن، ئەوا بێگومان لانیکەم لە دیاریکردنی سنوورەکانی تورکیادا بڕوایان بە هێلە گشتییەکانی "میساقی میللی" هەیە، ئەگەرچی رەنگە هەندێکیان راشکاوانە راینەگەیەنن. بە کورتی هەموو ئەو دراوە مێژوویانەو ئەو عەقلییەتە سیاسی و ئایدۆلۆجییەی ئەمڕۆ لە تورکیادا باڵادەستە، پێمان دەڵێ لەشکرکێشیی تورکیا بۆباشوورو رۆژاوای کوردستان، بۆ ئێمە گەلێک مەترسیدارترە لە هەموو سەرکێشییەکانی دیکەی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا. ئەوەتا بەرپرسێکی باڵای تورکیش بە ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت: "لەو ناوچانەدا کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، بنکەی سەربازیی نوێ جێگیر دەکەین". ئەمەش ئاماژەیەکی روونە کە تورکیا هاتووە بۆئەوەی بمێنێتەوەو کێشەی گەریلاکانی پەکەکە تەنها بیانووە. راستییەکەی ئەوەیە لە هەلێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی بە سوود وەرگرتن لە کێشەو ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەلایەک و، لاوازی و ناکۆکیی هێزەکانی کوردستان و تەسلیمبوونیان بە ئەمری واقیعی "تورکیای زلهێز!" لەلایەکی دیکەوە، پلانی لکاندنی کوردستان بە تورکیاوە جێبەجێ بکەن. پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ حیزب و سەرکردەکانی ئێمە لە گەورەیی مەترسییەکە تێناگەن، یاخود تێدەگەن و وەکو هەمیشە شەڕە سووک و بچووکەکانی بەرژەوەندییە کانی خۆیان لە رووبەڕوو بوونەوەی ئەو مەترسییە لا گرنگترە؟ تێبینی: لەنووسینی ئەم وتارەدا سوودم لە گەلێک سەرچاوە وەرگرتووە، بەتایبەت وتارێکی مامۆستای خۆشەویست د.جەبار قادر لە کتێبی (ترکیا المعاصرە)دا، کە ساڵی ١٩٨٨ لە زانکۆی مووسڵ چاپکراوە. نەخشەکەش لە سایتی ویکیپیدیا وەرگیراوە.
د. شێرکۆ کرمانج دەوڵەتی تورکیا بەحوکمی ئەوەی کە جێگرەوەی ئیمپراتۆریەتە پەلهاوێژەکەی عوسمانیەکانە، هاوکات، بەحوکمی ئەوەی کە بوونی کورد‌و کوردستان بە هەڕەشە لەسەر تورک‌و تورکیا دەبینێت، ئەوە بەردەوام لە هێرشو پەلکشان‌و شەڕدایە لەگەڵ هەر بوونێکی کوردستانیی "ئەگەر لەسەر مەریخیش بێت"، وەک تورکەکان دەڵێن. تورکەکان ئێستاش لە کابوسی سیڤەر ڕزگاریان نەبووەو ڕزگاریشیان نابێت تا ئەو ڕۆژەی دان بە فرەییو پێکەوژیانی گەلان لە تورکیا‌و لە دەرەوەی تورکیا نەنێن. لەگەڵ هاتنەسەر حوکمی ئیسلامییەکانی ئەکەپە بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆگان خەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیش زیندوکراوەتەوەو هەوڵی چڕدراوە بۆ دروستکردنەوەی. عوسمانییە نوێکان، لەسەرەتا دەیانەوێت بە داگیرکردنەوەی ئەو ناوچانە دەستپێبکەن کە تورکەکان وەک ناوچەکانی تورکیای "میساقی میللی" ناویان دەبەن. ئەوانەش ئەو ناوچانەن کە تورکەکان بە ناوچەی داگیرنەکراویان دادەنێن لەلایەن هاوپەیمانەکان لە شەڕی یەکەمی جیهانی چونکە پێش ئاگربەستی مودرۆس لەژێر دەستی عوسمانییەکان بوون، کە تەواوی باشوری کوردستان (ویلایەتی موسڵ) و ڕۆژاڤای کوردستان‌و بەشێک لە پارێزگای حەلەبی سوری دەگرێتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی پشت لەشکرکێشیە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان‌و ڕۆژاڤا ئەو تێگەیشتنە داگیرکاریی‌و پەلەهاوێژیەیە. سەرەڕای ئەوەی کە ستراتیجییەتی درێژمەودای تورکیا داگیرکردنی تەواوی رۆژاڤاو باشوری کوردستانە، بە پارێزگای کەرکوکیشەوە، کەچی ستراتیجییەتی نزیکمەودای لەم هێرشانەی ئەم دواییە دوو ئامانجی سەرەکییە: یەکەم، چاندنی تێرۆرستان لە قەندیل. دووەم، پچڕپچڕکردنی خاکی کوردستان. چاندنی تێرۆرستان لە قەندیل قەندیل ناوچەیەکی بەربڵاوی شاخاوی سەختە کە باشور‌و باکورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. مەبەست لە قەندیل لەم بابەتە تەنیا زنجیرە چیاکانی قەندیل نیە بەڵکو تەواوی ئەو ناوچە شاخاوییە سەختەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێوە دەستپێدەکات بە دەوروبەری ڕەواندزو باڵەکایەتی تێپەڕدەبێت تا دەگاتە چیاکانی شیرین‌و گارەو سیپان لە نزیک ئامێدی. ئەم ناوچانە سەدان ساڵە دەستی حکومەتەکانی ناوەندی، نە عێراق نە تورکیا نە ئێرانی پێ ڕانەگەیشتوە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوەش بوون بە شوێنی سەرەکی بنکەو بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان. لە سەرەتای نەوەتەکانیشەوە پەکەکە تاڕادەیەک بەتەواوی کۆنتڕۆڵی ئەم ناوچانەی کردوەو بنکەو بارەگا سەرەکییەکانی خۆی لێ دامەزراندون‌و بۆ کاری حیزبی‌و سیاسی‌و پلان‌و ڕاهێنانی گەریلا بەکاریاندێنێت. ساڵانێکە تورکیا لە هەوڵی دەرپەڕاندنی گەریلاو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە، کە تا ئێستا سەرکەوتو نەبووە. لەدوای پەیدبوونی گروپە تێرۆرستیە ئیسلامییەکانی وەک قاعیدەو داعش، تورکیای لێدەرچێت، هیچ هێزو لایەنو دەوڵەتێک نیە، بە ئەمریکاشەوە، کە حەزبکات ئەو ناوچانە لە پەکەکە پاکبکرێنەوە چونکە هەموو لایەک پێیانوایە دەرپەڕاندنی پەکەکە لەو ناوچانە ئەگەری پڕکردنەوەیان لەلایەن گروپە تێرۆرستیەکان دێنێتەگۆڕێ. تورکیا خۆیشی تا ئێستا هەمیشە کێشەی ئەوەی هەبووە کە ئەگەر ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵیش بکات لەوانەیە نەتوانێت پارێزگاری‌یان لێبکات لەبەر نەبوونی جێگرەوە. بەڵام ماوەیەکە تورکیا کۆمەڵێک گروپی تێرۆرستی لە سوریا کەمۆکردوەو کردونی بەهێزی مورتەزەقە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەگەر تورکیا لە هێرشەکانی ئەمجارەی بۆ سەر ئەو ناوچانە سەرکەوتوبێت ئەوە بەو هێزە مورتەزەقانە پڕیانبکاتەوە کە لەلایەک ئاسایشی تورکیا بپارێزن لەلایەکی دیکە هەڕەشە لە ئاسایشی باشور‌و ڕۆژاڤای کوردستان‌و ئێران بکەن. لێرە کە دەڵێین ئاسایشی کوردستان مەبەستمان ئاسایشی خەڵکی کوردستان‌و خاکی کوردستان‌و تەواوی هێزو لایەنەکانی کوردستانە بەو لایەنانەشەوە کە لە تورکیاوە نزیکن، وەک پارتی‌و یەکگرتو. پچڕپچڕکردنی خاکی کوردستان دوای دروستبوونی کیانێکی کوردستانیی لە ڕۆژاڤای کوردستان، کە سەرەتا بە کانتۆنەکانی جەزیرەو کۆبانێ‌و عەفرین ناسرابوون‌و دواتریش لەژێر ناوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخران، تورکیا کۆمەڵێک ترسی ستراتیجی لێ نیشتوە: یەکەم، دروستبوونی کوردستانێک کە لە خانەقینەوە جوگرافیاکەی درێژبێتەوە بۆ نزیک دەریای ناوەڕاست کە قوڵاییەکی ستراتیجی بە کوردستان دەدات. لێرە دەبێت ئەوە بڵێم کە ڕاستە ئەو کوردستانە بەو قوڵایی‌و جوگرافیایەوە هێشتا وەک دەوڵەتێک یان کیانێک دروستنەبووە بەڵام ترسی تورکیا لە دروستبوونی ئەم کیانەیە. تورکیا ستراتیجیانە بیردەکاتەوەو هەنگاودەنێت، ئەو پێیوایە ئەو هەرێمەی ئێستا کە دەستکەمۆ کراوە مەرج نیە تا ئەزەل لە دەست دەستکەمۆکراوەکان بمێنێتەوە. بێجگە لەمە، دیدو بیرکردنەوەی ستراتیجیانەی تورکیا بۆ کوردستانییەکی دەستکەمۆکراو و یاخییەک وەک یەک وایە. دووەم، لەبەر دیدە دوژمنکارییەکەی، تورکیا پێیوایە کە دروستبوونی کیانێکی کوردستانیی دەبێتە مایەی دابڕانی تورکیا لە دنیای عەرەبی‌و ئیسلامی، ئەمەش پێگەی ستراتیجی کوردستان هەم لە تورکیا هەم لە دنیای عەرەبی بۆ کوردستان زیاددەکات، کە تورکیای پێیناخۆشە. سێیەم، هەڵکشانی کاریگەرییەکانی ئەم دوو ئەزمونەی باشور‌و ڕۆژاڤا بۆ سەر کوردستانیانی باکور، ترسێک کە تورکیا لە مێژە هەیەتی‌و دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگارەکانی پەیمانی سیڤەر. بۆ شکستپێهێنانی هەردوو ئەزمونەکەی کوردستان، هەم ئەوەی باشور هەم ئەوەی ڕۆژاڤا، هاوکات بۆ ڕێگری‌کردن لە دروستبوونی کوردستانێکی درێژبووەوەو یەکگرتوو، یەکێک لە ستراتیجییە نزیکمەوداکانی تورکیا پچڕپچڕکردنی جوگرافیای کوردستانە ئەویش بە داگیرکردنی ناوچەی جیاجیا لەو درێژاییە جوگرافییە‌و پاککردنەوەی لە کورد‌و نیشتەجێکردنی عەرەب‌و تورک‌و تورکمانی مورتەزەقە لە شوێنەکانیان. بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا تورکیا بە داگیرکردنی جەرابلس هەردوو کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێی لە کانتۆنی عەفرین دابڕی. دواتر بە داگیرکردنی عەفرین کوردستانی لە گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست‌و دروستکردنی دەروازەیەکی نێودەوڵەتی دوورخستەوە. ئینجا تورکیا بۆ پچڕاندنی، ناکاملیش بێت، کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێ ناوچەکانی سەرێ کانی‌و سەرێ سپی داگیرکرد. لە هەموو ناوچە داگیرکراوەکان بەچڕیی لە هەوڵی پاکسازیی نەژادی‌و بەتورککردن‌و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانە. لەم هێرشەی ئەمجارەی تورکیا، بێجگە لە پلانی چاندنی تێرۆرستان لە قەندیل، دەوڵەتی تورکیا مەبەستی داگیرکردنی قەزای ڕەبیعەو شەنگالە، بەتایبەتی چیای شەنگال. مەبەست لەمەش وەک هەوڵەکانی پێشوتری پچڕپچڕکردنی درێژبوونەوەی جوگرافیای کوردستانە. گرنگی شەنگال‌و دەوروبەری لەوەدایە کە هەرێمی کوردستان به ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژهەڵاتو باکوری سوریا دەبەستێتەوە. هاوسنووربوونی هەرێمی کوردستان‌و بەڕێوەبەریی خۆسەری، شەنگال‌و ڕەبیعەی کردۆتە ده‌روازه‌یه‌کی سەرەکی بۆ په‌یوه‌ندی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و کەلتوریو بازرگانی‌و هاتوچۆ له نێوان هەرێم‌و بەڕێوەبەریی خۆسەری. بایه‌خی ئه‌م ده‌روازیه بۆ هەرێم به‌رزترده‌بێته‌وه کاتێک دەبینرێت کە تورکیا لە دراوسێیەکی نەیار دەبێت بە دراوسێیەکی داگیرکەر. داگیرکردنی شەنگال وادەکات کە تورکیا هه‌ڕه‌شه‌کانی کردنەوەی ده‌روازه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ بەڕووی عێراق جێبەجێ بکات‌و گرنگی ده‌روازی ئیبراهیم خه‌لیل کەمبکاتەوەو پێگەی هەرێم لە ڕووی ستراتیجیەوە بێ بایەخ بکات. هاوکات، ناوچه‌ی شەنگال بەناوبانگە له به‌رهه‌مهێنانی گه‌نم و جۆ کە بایەخێکی گرنگی هەیە بۆ زامنکردنی ئاسایشی خۆراکی کوردستان بۆیە تورکیا دەیەوێت ئەو ناوچانە بخاتە ژێر دەستی خۆی. لەبەر ڕۆشنایی ئەو شرۆڤەکارییانە دەتوانین بڵێین کە هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیا بە بەراورد لەگەڵ هێرشەکانی پێشوتر ئێجگار ترسناکە چونکە مەبەست لێی چاندنی ڕەگوڕیشەی تێرۆریستە مورتەزەقەکانیەتی لە قەندیل، لەگەڵ، پچڕاندنی باشور‌و ڕۆژاڤای کوردستان. کوردستانیان لەم خەتەرە نەگەن هەر هەموویان، بە نەیارەکانو دۆستەکانی تورکیا، پێکەوە لە مەنجەنیقی تورک‌دا دەسوتێنرێن.
هیوا سەید سەلیم لە دوای ڕاپەرین و ئازدبوونی کوردستان لە ژێر چەپۆکی ڕژێمی داگیرکەری بەعس، بە هۆی ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکە ناوخۆیەکانی کوردستان دەوڵەتی تورکیا چەندین بارەگای سەربازی و هەواڵگەری لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کردۆتەوە. تورکیا لە سەرسنوورەکان مۆڵگە و سەربازگەی گەورەی دامەزراندووە، ئەرکی ئەو بنکە سەربازیانە کارئاسانی و چاوساغیە بۆ هێزە ئاسمانیەکانی وڵاتەکەیان تا ناو ناوە بۆردومانی خاکی کوردستان بکات، و ئەگەر بۆشی بچێتە سەر دەست بەسەر ئەو ناوچانە دا بگرن و داگیریان بکەن. هەموومان دەزانین کە کەلتوری نەتەوەی تورک بریتیە لە کەلتوری داگیرکاری، ئەوان ئەو خاکەی ئێستاش لەسەری دەژین هی خۆیان نیە، بگرە داگیریان کرووە، هەر بۆیەشە هەمیشە چاویان لە فراوانخوازی و چاوتێبڕینە لە خاکی دەرودراوسێ و ئەوانی دیکە. دەوڵەتی تورکیاش وەک دەوڵەت لەسەر بناغەی میراتی داگیرکاری وڵاتانی دیکەو و خوێنی نەتەوە جۆراو جۆرەکان دامەزراوە، شەش سەدە لە حوکمڕانی دەوڵەتی عوسمانی پڕاوپڕە لە ئەزموونی داگیراکاری خاکی ولاتان، لە وڵاتانی دەوروبەری بگرە تا بەشێکی کیشوەری ئەفریقا و ئەوروپا. لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم کاتێک کە کۆماری تورکیا دادمەزرێت، نایەت پشت لەو میراتە خوێناویە بکات، بگرە کەمالیزم دەکاتە خەونی گێرانەوەی ئەوەی کە حکومی سوڵتانەکان لەدەستیان داوە، بەڵام لەو جەنگە جیهانیە بەخت یاوەری تورکیا نابێت، و دۆڕان لەو جەنگە وای لێدەکات بە کۆمەڵیک سزای نێودەوڵەتی رازی بێت، کە لە چوارچێوەی ریکەوتنی لۆزان بەسەریدا سەپێندرا. لە نێو گرنگترین ئەو سزایانەش قەبوولکردنی سنووری وڵاتانە، کە لە دوای رێکەوتنی سایکس – بیکۆ دیاریکراون ئەو سنوورانەی بە لێکهەڵوەشانانەوەی دەوڵەتی عوسمانی ( دەوڵەتی پیاوە نەخۆشەکە) کرایە دیفاکتۆ و تورکیاش ناچارکرا پێیەوە پابەند بێت. ساڵی ٢٠٢٣ ساڵی بە کۆتاهاتنی رێکەوتنامەی لۆزانە ، لێرەو لەوێ دەبیستین کە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەرعیەت بە داگیرکاری بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و تەنانەت سوریا و لیبیاش بدات. پەیوەست بە داگیرکاری هەرێمی کوردستان لەو چەند ساڵەی دوایی لە لایەن دەوڵەتی تورکیا لە بوارەکانی سەربازی و کەلتوری و ئابووری کاری زۆری لەسەرکراوە. کردنەوەی دەیان بنکەی سەربازی سوپا و میتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمە بۆ بیری داگیرکاری تورک، هەروەها وابەستەکردنی ئابووری و کەلتوری هەرێمی کوردستان بەوەی تورکیا، جۆرێکی دیکەیە لەو داگیرکاریە. لەوانەیە زۆریک لەوانەی خوێنەری ئەو نووسین دەبن بپرسن بۆچی هەر باس لە داگیرکاری تورکیا دەکرێت؟ خۆ هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی تورکیا بەشێکی داگیرکردووە، ئەوا بەشێکەی دیکەشی لەژێر مەترسی داگیرکاری ئێرانیش دایە . بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێین، دۆخی هەرێمی کوردستان لە دوای شەڕی ناوخۆ و سەپاندنی دوو ئیدارەی زەمینەی دەستوەردان داگیرکاری تورکیا و ئێرانی یەکجار خۆش کردووە، ڕکابەری نا شەڕعیانەی حزبە دەسەلاتدارەکانی هەڕێم لەسەر پۆست و دەسەڵات، بارودۆخیکی هێناوەتە پێش کە ئەو حزبانە نەتوانن بچووکترین هەڵوێست دژ بە داگیرکاری ئەو دوو دەوڵەتە وەرگرن. لەوش خرابتر لێرەو لەوێ شەرعیەت بە داگیرکاری دەدرێت، تا دەگاتە ئەوەی بۆ ڕووبەڕوبوونەوی داگیرکەران سنوور بۆ ناڕەزایەکانی خەڵک دادەبندرێت. زۆربەمان دەزانین بۆ حزبەکانی دەسەڵات ئاسان نیە کە بەرامبەر داگیرکەران بووستنەوە، بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان و بەشێک لە بەرپرسیارەتی یاسایی و پەیوەندیە حزبی و شەخسیەکانیان لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتە ئەو ڕێگەیان پینادات،دەشزانین کە هێزی ئەوەشیان نیە شەڕی سوپای ئەو دەوڵەتانە بکەن. بەڵام کاتێک حزبەکانی دەسەڵات کە ئەویان پێناکریت و بگرە ناشی کەن، خۆ دەکرێت لەبەرامبەر ناڕەزایەکانی خەڵک هەڵوێستان نەرێنیان نەبێت. لە ئێستادا کە ئۆپراسیۆنی ئەو دواییەی سوپای تورکیا زیانی زۆری بە هاوڵاتیانی سڤیل گەیاندووە، لەبەرامبەر شەهید کردنی هاوڵاتیان تا دێت دەنگی نارەزایی خەڵکی کوردستان بەرز دەبێتەوە. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەڕێم نەبنە بەربەست لە نارەزایی خەڵکی دژ بە داگیرکاری، با هێزەکانی دەسەڵات دلنیابن ئەگەر ئەوان ڕێگری نەکەن خەڵک بنکە و بارەگای ئەو هێزانە ڕادەماڵێت، هەموو لایەک لە شیلادزێ هەڵکوتانی خەڵکمان بۆسەر مۆڵگەی داگیرکەران بینی.
دکتۆر شێرکۆ حەمەئەمین سلێمانی، شارێکی بێ خاوەن، بوەتە دەواری دوای ڕەشەبا... هەرگیزبڕوام، بەناوچەگەری وشارچییەتی نەبوە و نیە، ئەمە کلتوری جەلالی ومەلایی و بەعس و دوژمنانی کوردە و لە ئێستاشدا، بە فۆرمی نوێ و تەکنەلۆجیای نوێ درێژەی پێدەدرێت، لە دوا هەوڵی لەم جۆرە قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیایە، کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "سلێمانی لە ژێر کاریگەری ئەواندا نییە". بە بڕوای من ئەو بابەتی شارچێتییەی لەسەر سلێمانی دەوترێت، ناشیرین‌کردنی جوانییەکانی سلێمانی و کوردستانە، ئەگەرنا هاونیشتمانییان بیرکردنەوەیان،بەتەواوی،لەدەسەڵات جیاوازەوبەئیرادەش خەونی ئەردۆگان،لەگۆڕدەنرێت. بەندە، ئەوەی لە توانامدابوبێت، وەک ئەرکی سەرشانم، لە هەرێم و بەشەکانی دیکەی کوردستان ئەنجامم داوە، لە ئێستادا، لە ڕێگەی ئۆن لاین وانەی زمانی کوردی، بەخوێندکارانی زانکۆکانی ڕۆژئاوا (قامیشلۆ، کۆبانێ) دەڵێمەوە، چومەتە زانکۆی کوردستان، لە سنە و، لەگەڵیان پەیوەندیم هەیە و ئاواتەخوازیشم، بەزویی، بەئامانج بگەن و لەخزمەتیاندابین. بەڵام دۆخی ئێستای سلێمانی بەجۆرێکە، وەک دەواری دوای ڕەشەبایە، لە کاتێکی وەک ئیستادا، کە کۆرۆنا بڵاوە و رۆژانە ئازیزانمان دەمرن، کەرتی تەندروستی کەوتوە، بایکۆتی دەوام کراوە، کەچی حکومەتی ئەمنی هەرێم تا ئێستا وەڵامی نەداونەتەوە، وەک ئەوەی وەڵامدانەوەی هاونیشتمانییانی خۆت، نەنگی و تەنازولکردن بێت.ئەمە ئەقڵییەتی ئەمنی و بێبابکی نەبێت ئەی چیە؟ ئاخر چۆن دەبێت، سەرۆکی حکومەت، لەهەمان کاتدا، سەرۆکی دەزگایەکی ئەمنی بێت؟ ئایا کەس دانراوە، لە جێگای مەسرور بارزانی، بۆ پۆستی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان، کە لە٢٠١١ یاساکەی دەرچو، هەرئەوکات خۆی و جێگرەکەی، لە بەردەم بارزانی باوک‌دا سوێندییان خوارد. سلێمانی بێ خاوەنە، چونکە نوێنەرەکانی یەکێتی وگۆڕان، لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان نەیانتوانیوە، بەرگری لێبکەن. بۆ یەکێتی و گۆڕان؟ لەبەرئەوەی،بۆگٶڕان جێگای نفوزەو خۆی، بەخاوەنی دەزانێت، ئایا خاوەنداری بەم جۆرەیە؟! یەکێتیش تائیستا، لە خەیاڵی خۆیدا سلێمانی قەڵای سەوزە و بەپێگەی خۆی دەزانێت، و زۆر حەز بەوە دەکات کە لە پاڵ زۆنی زەرددا، دەوترێت زۆنی سەوز، بەڵام لەڕاستیدا،وانەماوەو هیچ کام لەم دو هێزە بۆ دانیشتوانی ئەم پارێزگایەیان نەسەلماندوە،کە خەمخۆر و خۆبەخاوەنزانن. لە کۆی ٢٥ ئەندامی ئەنجومەنی وەزیران ١٢ ئەندامییان، لە یەکێتی و گۆڕانن، بەڵام ئایا چی‌یان کردوە؟ لە ٦/٦ پزیشکان و دواتریش کارمەندانی تەندروستی بایکۆتی دەوامیان کردوە و نەخۆشخانەکان چۆڵکراون،کەمن ناتوانم بڕوابکەم،یەکێتی ئاگادارنییە. بەڵام ئایا توانیویانە، فشاربکەن لانی کەم تەنیا موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشبکرێت؟ بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی بڕیارێکی، لەو جۆرە نادەن؟ تۆ بڵێی سەرۆکی حکومەت دەریانبکات؟ ئەگەر کارێکی وا ڕوبدات، خۆ دەبێتە گەورەترین دەستکەوتی حیزبی و کەسی، ئەی، بۆنایکەن؟! بۆ دەبێت، لە ئاسستی حکومەتدا، کیشەیان نەبێت، بەڵام لە خوارەوە، یان چەند پەرلەمانتارێک، خەریکی شیروتیر، لە یەکتری سوینبن و دۆخی دەرونی خەڵک تێکبدەن وسەرقاڵی سەلماندنی ئەوەبن،ئایامریشک،لەهێلکەیە یان هێلکە،لەمریشکە،لەکاتیکدا،هەرێم،لەژێرداگیرکاری وبێ موچەییدایە. ئەوەتا ئەوان، لە شوێنی دابەشکردنی شیرینییەکە، کێشەیان نیە، ئیتر بۆدەبێت تۆ لە خوارەوە دوژمنی یەک بیت؟! بەگوێرەی قسەی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و بەشێکی میدیاکان بێت، لە سلێمانی کارەسات ڕودەدات، بۆ پێشی ئەم کارەساتەناگرن؟ کەناڵەکانی ڕوداو و کوردستان٢٤ بەردەوام، باسی ژمارەی تواشبوان و مردن دەگوازنەوە، دەڵێن ٦٧./ توشبوان، لە پارێزگای سلێمانین، دەڵێن: "دۆخی کۆرۆنا، لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی، دیقەت بدەن، سلێمانی جیادەکاتەوە، بۆ؟ ئەی، بۆ هەمو ئەوانەی، بەدەنگی سلێمانی، لە بەغدا و هەولێر، لە پەرلەمان وحکومەتدان، بۆ فشارناکەن،هەوڵنادەن؟بێگومان هەموتان بەرپرسیاردەبن، سەرۆک کۆمار، بۆ خەمێک ناخوات؟ بۆ دەبێت، کارەسات ڕوبدات؟ ئەی کۆمپانیاکانی یەکێتی و بنەماڵەوخێزانە سیاسییەکان و حاشییەکانی حیزب، کە لوتییان ژەنیوەتە خێروبێری ئەم شارە و دەروازە سنورییەکانی، بۆ لەم تەنگانەیەدا، فریای سلێمانی ناکەون؟ کە دۆخەکە وابێت و حکومەتی ئەمنی و لایەنە پێکهێنەرەکانی خۆیان، بە خاوەنی نەزانن، کەواتە دەیانەوێت، ژمارەی توشبوان و مردن زۆربێت. بۆیە، ئەرکی سەرمایەدارە نیشتمانییەکان و هەمومانە مشۆر بخۆین و دەستباری حکومەتی خۆجێی سلێمانی بین. بە دڵنیایی ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت، و لە دوای ئەمەشەوە مشوری بەڕێوەبردن و سیاسەتی کوردستان بخۆین،کەسیستمێکی خزمەتگوزارودادپەروەربنیاتنانە. تکایە، با هەمومان، بەتەواوی خۆپارێزی و تاکپارێزی پەیرەوبکەین، لەبەر خاتری خۆمان و ئازیزانمان و هاوشارییەکانمان، چونکە دەرکەوت، ئەوان دەیانەوێت، بمرین، ئەگەر وانیە، چۆن دەبێت، لەم دۆخی سەختی کۆرۆنایەدا، کەرتی تەندروستی بایکۆتی دەوامی کردبێت، نەخۆشخانەکان چۆلکرابن، بەڵام حکومەتی بێباک وەڵامنەداتەوە؟ تەنانەت وەزیری تەندروستی سەردانێکی شارەکە نەکات؟ ئەمە بێ خاوەنی وبێباکی،لەئاست ژیانی خەڵکدا نەبێت، چییە؟
دیاری حاجی عومەر (مێژووی پۆپۆلیستەکان مێژوویەکی کۆنەودەگەڕێتەوە بۆسەدەکانی شانزەوحەفدەی زایین لە امریکا وامریکایی لاتیین وڕووسیاو ئەوروپا ، ئەگەر تەمەن باقی بێت ، باس لەمێژووی پۆپۆلیستەکان لەداهاتوو دەکەین پشت بەست بەسەرچاوە مێژوویەکان). ئەم زاراوەیە لەئێستادا زۆرترین کەس بەکاریدەهێنێت بۆ ئەوەی لە پۆپۆلیست بگەین پێناسەیەکی دیاریکراو نیە و زۆر کەس وبە زۆر شێواز پێناسەی دەکەن . بەشێوەیەکی گشتی پۆپۆلیستەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کەتەنیا ئەوانن لەبەرەی میللەت ونوێنەرایەتی ڕاستەقینەی میللەت دەکەن ، ئەوانی تر لەبەرەی ستەم وخراپە ودوژمنن ، ئەم جۆرە کەسانە کاتێک لەبەرەی ئۆپۆزسێۆنن هەموو ڕکابرەکانی خۆیان بە گەندەڵ ونەزان تۆمەتباردەکەن و لێزانن لە ووروژاندنی هەست وسۆزی خەڵک، کاتێکیش دەگەن بەدەسەڵات هیچ هێزێک وەک ئۆپۆزسێۆن بەفەرمی ناناسن . پۆپۆلیست کەسێکە ئایدۆلۆژیاییەکی دیاریکراوی نیە بۆ ڕاکێشانی هەست وسۆزی خەڵک ئامادەییە ، هەموو ئایدۆلۆژییەکان بەکاربهێنی تەنها بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی خۆی مەبەستییەتی بۆیە بەردەوام لەدژی نوخبەی سیاسی و واقعی دژی فرەیی نەتەوەیی وئاینی ومەزهەبی وسیاسی قسەدەکات بێ ئەوەی هیچ جۆرە سانسۆرێک بۆ قسەکانی دابنێ . پۆپۆلیستەکان هەمیشە بە سادەیی دەدوێ بۆ خەڵک و بەدڵی زۆرینەی خەڵک ئەدوێ کاریگەری لەسەر زۆرینەی خەڵک دروست دەکەن بەشێوازێک خەڵک فریوو دەدەن کەبێ ئەوەی شارەزابێت لە بوارێکی دیاریکراو لەسەر سەرجەم بوارەکانی ناوکۆمەڵگا ئەدوێن ، بۆ نموونە بڕوایی بەئایین نیە ، بەڵام دێت لەسەر سوابتی ئاینی یان کەسێکی ئایینی یان بابەتێکی ئایینی ئەدوێ بە باشترین ڕێگای دەزانێ بۆ بەدەست هێنانی پشتگیری وپشتیوانی خەڵک بۆگەیشتن بەپلەوپۆست . دەرکەوتنی ئەم جۆرە کەسانە لەناو هەموو هێزەسیاسیەکان بەدی دەکرێت تەنانەت لەناولایەنی دەسەڵات وئۆپۆزسێۆن ، (هەرچەندە لەسەرەوە باسی مێژووی پۆپۆلیستەکانم کرد کەمیژوویەکی کۆنە ،بەڵام پێش ئۆپۆزسێۆنیش کەم تازۆر هەر هەبوون ، وەک دەگێڕنەوەوە لەشاخیش جارێک پرسیاری عەولەمە (جیهانگیری) لەسەرکردەیەک دەکرێت وەڵامەکەی ئەوە دەبێت من هیچ زانیارییەکم لەسەری نیە بڕۆن بۆلای فڵان کەس دووسەعات قسەتان بۆدەکات بێ ئەوەی زانیاری تەواوی هەبێت ) ، کە بە بروایی من دروست بوونی ئۆپۆزسێۆن لەکوردستان زەروورەتێکی ئەوەندە گرنگ بوو دژ بە نادادی کۆمەڵایەتی وکارگێڕی وسیاسی لەلایەن کاربەدەستانی هەردووحیزبی حوکمڕان ، بۆیە لێرە باس لەلایەنی باشەی ئۆپۆزسێۆن بوون ناکەین ، چونکە ئۆپۆزسێۆن توانی بەرچاوی خەڵک ڕوون بکاتەوە لە ماف وئیمتیازوبودجە وخراپی حوکمرانی وتێکەڵاوبونی دەسەڵاتی حیزبی وحوکومی وسەروەرنەبوونی یاسا و هەروەها توانی ڕۆحێک بخاتەوە نێو‌و پەرلەمان کەمەرجەعی باڵای بڕیاری سیاسی بوو ، وەچەندین لایەنی باشەی تر..... بەڵام یەکێک لەو لایەنە خراپانە دەرکەوتنی یان هەلێکی گونجاو بوو بۆ ئەوەی ئەو پۆپۆلیستانە نمایشی خۆیان لەسەر شانۆ وەک کارەکتەرێک ئەنجام بدەن ، وە بەحوکمی ئەوەی زۆربەی کەسانی دەستڕۆشتوی لایەنی دەسەڵات ئەوەندە قێزەون بوو بوون ، ئەوا بەهەر شێوازێ بدواناییە ئەوا هەست وسۆزی خەلکیان بەکار ئەهێنا بۆ مەرامە کەسی وتایبەتیەکانیان ، بەدەیان نمونەی زیندوو لەبەرچاوە پۆپۆلیست هەبوە ، تابگات بە پەرلەمان هەزاران بەڵێنی نادروست وەکودامەزراندن ودروستکردنی هەلی کار وپڕۆژەی قیرتاوکردن وبەڵێنی بێ بنەما لەسەر هەموو سێکتەرەکان..... هتد. کە هەموانیش دەزانین کاری پەرلەمانتاری بەکورتی خۆی لە (چاودێری حکومەت و پڕۆژەیاسا) دەبینێتەوە نەك کاری‌تر. لەهەمووی گرنگتر لەحیزبێک یان ڕێکخراویک لەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ سەنگەری گواستۆتەوە . ئەم پۆپۆلیستانە ئەگەر پۆڵێن بکرێت دەبینی کاتێک ڕۆژنامەنوسە ڕووپەڕی ئەو ڕۆژنامەیە یان ساییتە ئەلکترۆنیە یان تیڤییە بۆماوەیەکی دیاریکراو لەکاتی پێویست بۆخۆی کۆنترۆڵ دەکات. ئەگەر لەناو حیزب یان ڕێکخراوبێت بێ ئەوەی دیسپلینی حیزبی بەکاربهێنێ وبگەریتەوە بۆ بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئۆرگانەکەی بازدەدات بەسەر هەموو ئۆرگانەکان و راستەوخۆ لەگەڵ کەسی یەکەمی حیزب یان کوڕی کەسی یەکەم یان ئەوانەی لەو چوارچێوەیەن پەیوەندی دەبەستێ ، زۆرنمونە لەبەردەستە کەلەناو ئۆرگانەکەی خۆی بەئاوازێک خوێندویەتی کەگەشتۆتە کەسی یەکەم بەپێچەوانەی ئەو ئاوازە تەنها گویگربووە یان خوێندویەتی ، ئەمە جگە لەوەی سەدانجار سوکایەتی پێکراوە وزۆر بەسنگێکی فراوان وزەردەخەنەوە قبوڵیکردوە ، ئەم دیاردەی پۆپۆلیستیە لەئێستادا لەناو هەموو حیزب ولایەن وڕیکخراوێکی سیاسی علمانی وئیسلامی بەدی دەکرێت و بوون بە بەڵایەکی مەترسیدار لەبەردەم بیرکردنەوەی روئیاییەکی سیاسی تەندروست .ئەم پۆپۆلیستانە لە دەوائیروڕێکخراوەکانی کۆمەلگایی مەدەنیش بەدی دەکرێت کە هەموو ئامانجییان خۆڵکردنەچاوی زۆرینەی خەلک وراکێشانی هەست وسۆزی خەڵک بۆلای خۆیان. ئەمانە مەترسیدارترن لەوبەرپرسە گەندەڵانەی کەساڵانێکە بوونەتە بارێكی ئێسک قورس بەسەر ئەم میللەتەوە . ئەم جۆرە کەسانە لەبواری بازرگان‌یش بەدی دەکرێن و دێن پڕۆژەیەکی بازرگانی ڕادەگەیەنن وخەڵکانێکی زۆر دەست دەبڕن بەمەبەستی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ودواجار ئەو پڕۆژەبازرگانیە کە هی خەڵکە بۆ مەرامی سیاسی وبەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت . بۆیە کاتی ئەوە نەهاتوە ستۆپێک بەم جۆرە کەسانە بکرێت وکۆمەلگا لەوجۆرەکەسانە ئاگاداربکرینەوە ؟ کەهەر جارەولەحیزب ورێکخراوێک بەدی دەکرێن؟؟؟؟
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵڵا له‌بنه‌ڕه‌تدا، له‌فه‌رهه‌نگی سیاسیی ده‌وڵه‌تی توركیا، شتێك نییه ناوی هه‌رێمی كوردستان بێت. ئه‌نكه‌ره هێشتا به زاراوه‌ی باكوری عێراق مامه‌ڵه ده‌كات، بۆیه ئاساییه نه‌یه‌وێ هه‌ڵوێستی راسته‌قینه‌و بگره ته‌قلیدیی خه‌ڵكی باشووری كوردستان ببینێت كه به گشتی له‌شكركێشیی توركیایان پێخۆش نییه، ته‌نانه‌ت به جه‌ماوه‌رو لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌وه، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ به ئاشكرا گوزارشی لێ ناكرێ، هۆكاره‌كه، سیاسی و ئابوری و ئه‌منییه، نه‌ك رازیبوون به‌و ته‌راتێن و پشێوییانه‌ی كه سوپای توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێمدا، دروستیان ده‌كات. ئه‌مه ساده‌ترین فاكته كه ده‌وڵه‌تی توركیا نه‌ك نایبینێ، به‌ڵكو نایه‌وێ بیبینێت!، ئه‌گینا یاده‌وه‌ری هیچ لایه‌ك هێنده لاواز نییه كه یه‌كه‌مین ناڕه‌زایی توندوتیژ له‌دژی له‌شكركێشیی توركیا له‌ناحیه‌ی شیلادزێ-ی سه‌ربه قه‌زای ئامێدییه‌وه بوو كه ده‌كه‌وێته سنوری بادینانه‌وه. له‌و ناحیه‌یه‌دا، له(26/1/2019)، به‌هۆی شه‌ڕی كوێرانه‌ی سوپای توركیاوه كه خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی باشووری كوردستانی له‌و ناوچه‌یه ده‌كرده قوربانی، خۆپیشاندەرانی سنوره‌كه هێرشیان برده سەر بنكه‌یه‌كی سوپای توركیا‌و كۆنترۆڵیان كرد، بگره بارەگاو چەند تانك و كەرەستەیەكی سەربازیشیان سوتاند!. جگه له‌وه، هه‌ر ساڵی پار، له 17ی7دا، جوگرافیای به ئامانجكردنێكی دیكه‌ی توركیا، چێشتخانەی(هۆك باز)ی نزیك ئێمپایەر-ی ناو شاری هه‌ولێر بوو، له‌وێوه بوو كه هێرش كرایە سەر ژمارەیەك لە كارمەندانی كونسوڵخانەی توركیا‌و جێگری كونسڵیشی تێدا كوژرا. له‌و رووداوه‌دا، كه ته‌نانه‌ت ده‌ستی PKKیشی تیانه‌بوو، چونكه(هەپەگە)، كە باڵی سەربازی PKKیه، هه‌ر زوو بە ئاژانسه‌كانی جیهانیان ڕاگەیاندبوو كه حزبەكەیان هیچ پەیوەندییەكی پێوه‌ی نییه، به ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه كورد، به گشتی، له سیاسه‌ته میللیتارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا، ناڕازییه، به‌ڵگه‌ی زۆر زه‌ق و ئاشكراش بۆ ئه‌م راستییه، هه‌م خۆپیشاندانه‌كانی ناوچه جیاجیاكانی چه‌ند ساڵی رابردووی هه‌رێمی كوردستانه له دژی له‌شكركێشییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، هه‌م هه‌ڵمه‌تی گه‌وره‌و نیشتمانیی خه‌ڵكییش له دژی كاڵا‌و كه‌لوپه‌لی توركی و بایكۆتكردنیان، كه به راده‌یه‌ك كاریگه‌ر بوو، زیاتر له جارێك باڵوێزی توركیا له‌عێراق و كونسڵهكهشیان له هه‌ولێر بێنه سه‌رخه‌ت و داوای كۆتاییهێنان به‌و بایكۆته بكه‌ن كه زیانی بازرگانی له توركیا دابوو و هاواری مایه‌پووچبوونی له چه‌ندین كۆمپانیای بازرگانیی توركی، هه‌ستانبوو. كه‌واته، هه‌ڵه‌یه به‌رپرسانی ئه‌نكه‌ره له‌م راستییه سادانه نه‌گه‌ن و تازه به تازه، له‌ناو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورددا، به زه‌قی و ره‌قی، باس له‌وه بكه‌ن كه له سلێمانییه‌وه دژایه‌تیی توركیا ده‌كرێت. ئایا به راستی ئه‌مه زه‌مینه‌سازییه‌كی پڕوپاگه‌نده‌ییه بۆ په‌لاماردانی سه‌ربازیی فراوان بۆ سه‌ر قه‌ندیل و سنوری سلێمانی، یان خۆ گلاندنه نێو ململانێكانی نێوان پارتی و یه‌كێتییه له به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌كیان؟ هه‌ر كامییشان بێت، له‌كۆتاییدا هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژییه‌و رای گشتیی خه‌ڵكی باشوری كوردستان زیاتر له دژی توركیا هانده‌دات. بێگومان راسته كه هاوسه‌نگیی هێز له‌نێوان باشووری كوردستان و ده‌وڵه‌تێكی میللیتاریی گه‌وره‌ی وه‌كو توركیادا نییه. خۆ ئه‌گه‌ر به لۆژیكی دارستانیش ململانێ بكات، ده‌توانێ زۆر ناوچه داگیر بكات، به‌ڵام توركه‌كان خۆشیان ده‌زانن كه نه ئه‌مریكییه‌كان، نه ئێرانییه‌كان، نه ده‌وڵه‌تی عێراق، ته‌نانه‌ت وڵاتانی وه‌ك سعودیه‌و میسر رێگه له‌و لۆژیكه دارستانییه ناده‌ن كه به زه‌بری سه‌ربازی كوێی بوێت، به‌ناوی راوه‌دوونانی PKKو(تیرۆریزم)ه‌وه داگیری بكات، بۆیه ناوبردنی سلێمانییش وه‌ك ناوچه‌یه‌ك كه لێوه‌ی دژایه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا بكرێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ژێر كاریگه‌ریی PKKدا بن، دیدێكی سیاسیی هه‌ڵه‌یه، ترسناكتر له‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر زاری كه‌سێكی وه‌ك مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ-ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیاوه بێته‌ده‌ر. به‌ڵێ، بێگومان سلێمانی و هه‌موو شاره‌كانی تری كوردستانیش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا ده‌ست پێبكاته‌وه، نه ده‌وڵه‌تی توركیا‌و نه PKKش درێژه به به‌ریككه‌وتنی سه‌ربازی و جه‌نگ نه‌ده‌ن و دایكانی تورك و كوردیش، له جه‌نگێكی بێ هوده‌ی 35 ساڵیدا، له‌وه زیاتر جه‌رگسووتاو نه‌بن. كورد، له‌هه‌موو دۆخێك‌دا، نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئاشتیخوازه‌و ده‌یه‌وێ به شێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه به مافه سیاسی و كولتورییهكانی خۆی بگات، له‌ناو توركیادا ته‌نانه‌ت خه‌باتی په‌رله‌مانیشی هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت له‌وێ سه‌ركرده سیاسی و ئاشتیخوازه‌كانی كورد زیندانی ده‌كات، بێگومان ئه‌مه‌ش نه‌ك ئاشتی و ئارامی ناسازێنێت، به‌ڵكو ره‌واج ده‌داته‌وه به بژارده‌ی به‌رده‌وامبوونی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری كه زیانی بۆ هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی كورد‌و تورك هه‌یه. بهكان، ئۆغڵۆ، ئه‌گه‌ر بشیه‌وێ وێنه‌كه وا پیشانی جیهان بدات كه له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی كورددا، ته‌نها له شاری سلێمانییه‌وه دژایه‌تیی ده‌كرێت، ئه‌وا دووجار به هه‌ڵه‌دا ده‌چێت، یه‌كه‌م: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی رووده‌دات دژایه‌تیكردنی ده‌وڵه‌تی توركیا نییه، به‌ڵكو ناڕه‌زایی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه به‌رامبه‌ر به شكاندنی سه‌روه‌ریی یاسا‌و سنوری هه‌رێم كه سنوری نێوده‌وڵه‌تیی وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆی وه‌ك عێراقیشه كه ئه‌ندامه له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. دووه‌م: ئه‌و راستییه ناشێوێنێ كه كورد، له هه‌ر چوار به‌شه‌كه‌یدا، نه‌ك ته‌نها له سلێمانی، به‌و له‌شكركێشییانه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئه‌و رازی نین، هیوادارن رۆژێك زووتریش بنكه‌و باره‌گاكانی توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێمدا نه‌مێنن. هه‌رچی په‌یوه‌سته به مامه‌ڵه‌ی باشووری كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ PKKدا، بێگومان له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه، هه‌ر دوو هێزه سیاسییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی باشوور، به كرده‌وه چوونه ئه‌زموونی تاڵی شه‌ڕكردنه‌وه له‌گه‌ڵیدا، به‌ڵام هیچ ده‌ره‌نجامێكی نه سیاسی و نه سه‌ربازیی نه‌بوو، چونكه كۆنترۆڵكردنی تۆبۆگرافیای ناوچه‌كه ته‌نانه‌ت بۆ ده‌وڵه‌تی توركیاش ئاسان نییه، ئه‌گه‌ر به‌گریمانه‌ش پێمانوابێ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر قه‌ندیلدا كۆتایی به PKK ده‌هێنێت وه‌ك له حساباتیی سه‌ربازیی په‌تیی جه‌نراڵه‌كانی توركیادا هه‌یه، ئه‌وا بێ دوو دڵی گریمانه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه، چونكه ئه‌م هێزه، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، چۆته نێو كۆمه‌ڵێك هاوكێشه‌و گه‌مه‌ی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه كه وا ده‌كه‌ن به هیچ جۆرێك له‌ناو نه‌برێن و درێژه‌یان هه‌بێت، ئه‌م راستییه‌ش پێش ئه‌وه‌ی چاودێرانی سیاسی بیزانن، خودی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ده‌یزانێت!، به تایبه‌تی دوای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ به تیرۆریست ناساندنی هه‌سه‌ده‌و PYD كه توركیا به حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی PKKیان له قه‌ڵه‌م ده‌دات!.
د. ئیسماعیل نامیق ئەوەی لەم هەرێمەدا بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت دەکرێت بەناوی وەبەرهێنانەوە، لەجیهاندا نمونەی زۆر کەمە یان هەر نیە. بەشێک لەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت هەموویان نا، ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکرێت، بۆ نموونە زەوییان پێ دەدرێت ولەسەریان تاپۆ دەکرێت، لەگومرگ دەبەخشرێن، لەباج وخۆدزینەوە لەباج چاوپۆشی زۆریان بۆ دەکرێ، لەپێدانی مۆڵەت وجێبەجێ کردنی یاسا ورێنماییەکاندا ئاسانکاریی وهەڵاوێردی زۆریان بۆ دەکرێت، هەر ئەمانەشە بوونەتە هۆی ئەوەی هەندێک کەس لەماوەیەکی پێوانەییدا ببن بەبازرگان وسەرمایەداری گەورە، زۆر بوونی خێرای ژمارەی ملیۆنێر وملیاردێرەکانی هەرێم گەواهیدەرە لەسەر ئەم راستیە. کەچی لەبەرامبەر هەموو ئەوانەدا حکومەت جورئەت ناکات کەمترین تەکلیف لەکۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بکات، راستە بەشێک لەسەرمایەداران هەندێک جار یارمەتی حکومەت ئەدەن، بەڵام ئەو یارمەتیانە بەراورد بەو ئاسانکارییانەی بۆیان ئەکرێ، وەکو ( جمل ) و ( جبل ) وایە! ئێستا لەم سەردەمی کۆرونا ودۆخە پڕ کێشەیەدا، حکومەت تەنها توانی بڕێک پارە لەسەرمایەدارەکان بەقەرز وەربگرێت بۆ ماوەی پانزە رۆژ!! لەتازەترین هەنگاوی حکومەتیشدا، لەبەر ئەوەی نەخۆشخانەکان پڕبوون لەنەخۆش، بەشەناوخۆیی خوێندکاران دەکاتە سەنتەری چارەسەرکردن، لەکاتێکدا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشخانەی تایبەت هەن وبەشێکی زۆریان بێ چاودێری وبەئارەزووی خۆیان پارە لەنەخۆش دەکێشنەوە. باشە بۆ لەوڵاتە ئەوروپیەکاندا دروست بێت حکومەت نەخۆشخانە تایبەتەکان بکاتە سەنتەری چارەسەرکردنی کۆرۆنا؟ ئایا سیستمی تەندروستی ئێوە لەوەی ئەوان پێشکەوتووتر وبەهێزترە، یان ئێوە زیاتر لەوان پەیڕەوی سیستمی سەرمایەداری ئەکەن؟ یاخود ئەم ماستە گوریسێکی گەورەی خۆتانی تێدایە ونەخۆشخانە تایبەتەکانیش وەکو زۆربەی بەشەکانی دیکەی کەرتی تایبەت، لەزانکۆ وقوتابخانە ناحکومیەکان وکۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن وخزمەتگوزاریی ئینتەرنێت وکۆمپانیاکانی دەرمان ونەوت وخانوو بەرەو .......هتد موڵکی خۆتانە یان پشکی شێری ئێوەی تێدایە، وەکو مارەیی ومیراتی شۆڕش وەرتان گرتووە؟!! ئەگەر وانیە فەرموون نەخۆشخانە تایبەتەکان وسەنتەرەکانی جوانکاری وئەوشوێنانەی مەرجی تەندروستییان تێدایە بۆ ئەم ماوەیە هەموویان یان بەشێکیان بکەن بەسەنتەری چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنا، ئەگەریش وایە، ئەوا بەئاشکرا جاڕبدەن کەحکومەتەکەتان بەتەواوی بووە بەحکومەتی کەرتی تایبەت ولەجیاتی حکومەتی هەرێم ناوی یەکێک لەکۆمپانیاکانی خۆتانی لێ بنێن، بۆ ئەوەی چیتر مفتە خۆرەکانی بەغدادتان بەفەرمانبەرانی راستەقینە وماندوو نەڵێن خیانەتکار لەو کاتەی داوای مووچەکانیان دەکەن!!
ئەبوبەكر كاروانی هێڵە گشتیەکانی نەخشە ڕێگایەك بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان..... نەگونجاوە، سەرکردەی حیزبەسیاسیەکانیش، هەروە ك کەسانی تر، هەرخەریکی وەسفکردنی واقیع وداخ هەڵڕشتن و یەخەهەڵتەکاندن و تۆمەت لەخۆ دوورخستنەوەو لێدوان و ڕەخنەگرتنێکی گشتی بن. ئەوان ئەگەر خۆیان بەسەرکردە دەزانن، دەبێت لێپرسراوێتی لە ئەستۆبگرن و لەخەمی گەڵاڵە کردنی نەخشە ڕێگایەکدابن، بۆ دەرچوون لەو قەیرانە فرەڕەهەندەی یەخەی هەرێمی گرتووە. ئەوپەرەوازەیی و قەیران و نائومێدیانەی لەئێستادا بوون بەهەڕەشەی جدی بەسەر قەوارەی سیاسی هەرێم و ئایندەی گەلەکەیەوە، بەڵگەن لەسەر نیمچە دەستەوستانی نوخبەی سیاسی و حیزبی وحوکومڕانی باشوور. چونکە سەرکردە کەسێکە، کاتێك دۆخێ دەگاتە بن بەست، دەلاقەو پەنجەرەی ئومێد‌و چارەسەری نوێ بەڕووی گەلەکەیدا دەکاتەوە. دەست بەرداری خەم وگەمەو ئامانجە لەپێشینە بچوکەکانی دەبێت و هەمووکات و توانای بۆ خەمخواردن لەخەمە گەورەکانی خەڵك وگەل و وڵاتەکەی تەرخان دەکات. لەم ڕوانگەشەوە، ئەرکی سەرکردەو حیزبە سیاسیەکانە، چیتر بەم جۆرەی ئێستا نەمێننەوەو ئەگەر پێیان وایە توانایان لەدەست نەداوە، دەستپێشخەری بەدەست بێننەوە. لانی کەم بۆ بەرگرتن لە داڕوخانی زیاتری دۆخەکەو تێکەڵ کردنی هەوڵ و تواناکان، بە مەبەستی ڕوبەروبوونەوەی قەیران و ئاڵنگاریەکان. هەرلەم ڕوانگەوە ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێمە، بەکردەوە ڕێز لە فەلسەفەی بوونی خۆی بگرێت، کەبەشێکی گرنگی لە ڕۆڵی ناوبژیوانی نیشتمانی و نزیککردنەوەی دیدو هێزەسیاسیەکان لەیەکترو خوڵقاندنی کەش وهەوای گفتوگۆ‌و بەیەکەوە کارکردن‌دا بەرجەستە دەبێت. لانی کەمی ئەوەی بۆ ئێستاش پێویستە، کۆتایی هێنانە بەم گەڕەلاوژێ سیاسیەو کۆبوونەوەو بەیەکەوەقسەکردنی هێز و بەرپرسەکان و گەیشتنە نەخشە ڕێگایەکە لەپێناو کۆکردنەوەی وزەو تواناکان، بەئامانجی هێنانەدی ئەم داخوازی و ئامانجانەی لای خوارەوە : ١) هێنانەدی ئاشتەوایی نیشتمانی وئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکان و نەهێشتنی ئەو هەموو ناکۆکی و گرژی و یەکتر سوککردنەی لەنێوان هێزەکان و بەتایبەتیش یەکێتی و پارتیدا لەئارادایەو زۆر سنوری بەزاندووە .وە نیشاندانی هەندێ نیازپاکی پێویست لەلایەن هەندێ لەلایەنەکانەوە لەوانە داخستنی هەندێ دۆ سیەو پێداچوونەوە بەهەندێ قەناعەت و بڕیاری حیزبی لەوەو پێش، کەبوونەتە هۆکاری دروستکردنی بەربەستی دەروونی و ناتەوانی لەگەڵ یەك دانیشتن و کاری هاوبەشی ڕاستەقینە پێکەوەکردن لەنێوان پێکهێنەرانی حکومەتی سێ قۆڵی. ٢) ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەیەکی کورت مەودای فریاگوزاری خێرا بۆ بەدەمەوەچوونی قەیرانەکان و سوك کردنی باری شانی هاوڵاتیان و دابینکردنی موچەو ڕێگەگرتن لە داڕوخانی زیاتری دۆخەکە. ٣ )گەیشتن بەلەیەکتێگەیشتن و دیاریکرنی هەندێ نەگۆڕی نیشتمانی و سیاسی و هێڵی سورو بنەمای هاوبەش و چوارچێوەی گشتی کارکردن، وەك زەمانەتێکی قۆناغەکە و لەگرێژەنە دەرنەچوونی دۆخەکەو ڕێگرتن لەخراپ سود وەلێوەرگرتنی دەرەکی و سنوردانان بۆ ناکۆکیەکان و یەکتر ڕسواکردن، بەتایبەتیش لەنێوان پارتی ویەکێتیدا. ٤ ) دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی و ستراتیژی لەنێوان هێزەکان و نوخبەی هەرێم لەماوەیەکی زەمەنی دیاریکراودا، بۆنموونە سێ مانگ بۆ شەش مانگ، لەپێناو گێڕانەوەی متمانە ی نێوان هێزەکان و گەیشتن بە لێتێگەیشتنی هاوبەش بۆوەسفی کێشەکان و چۆنیەتی کاری هاوبەش و ئیدارەدانێکی ئەخلاقی و عەقڵانیانەی جیاوازیەکان و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی و نیشتمانی بۆکێشەکان و دەرچوون لەبازنەی عەقڵیەتی ڕابردوو، کە واقیع سەلماندی تەنها کاری لەسەر ڕوکەش کردووەو هەندێ جار پینەوپەڕۆی ناوناوە چارەسەرو بەشێکی باش لەچارەسەرکانیشی دواخستنی کێشەکان بووە بۆ قۆناغی داهاتوو!! ئەوەش ئەوکەڵەکەبوونەی کێشەکانی لێ کەوتۆتەوە کە ئەمڕۆ هەموان بەچاوی خۆمان دەیبین. جگە لەوە عەقڵیەتی پێشوو دەریخستووە، مەقتەعی و زەرفی بیری کردۆتەوەو بەسەرپێی بڕیاری داوەو لەهەندێ ڕوەوە کاتی بەڕێکردووە وەهمی بەخشیوەتەوەو کاری لەسەر ژێر خانی کێشەکان نەکردووەو نەیتوانیوە بەربەستەکانی بەردەم چارەسەری نیشتمانی تێپەڕێنێ و دیدێکی حیزبیانەی سنوردار بەسەر دیدگاکانیدا بۆ چارەسەر زاڵ بووە؟! ئەوەی کەپێویستیشە، لەم گفتوگۆیە بکە وێتەوە: گەیشتنە بەڕێکەوتن لەسەر بەرنامەیەکی دووبارە بینا کردنەوەو چاکسازیەکی فراوان، بەم جۆرەی خوارەوە : ١ ) ڕێکەوتن لەسەر ڕەشنوسی دەستوری هەرێم و ڕاپرسی لەسەرکردنی. چونکە نەبوونی دەستور وەك چوارچێوەیەك بۆڕێکخستنی ژیان و کۆمەڵگەی سیاسی، جگە لەوەی پرسیارێکی یەکجار گەورەی خستۆتە سەر نوخبەی سیاسی ئەم وڵاتەو ناسیونالیزمی کوردی لەم بەشەی کوردستاندا، ژیانی سیاسیشی شێواندووە. دەبێت لەو دەستورەشدا بەشێ لە خواستە جەماوەری و دیموکراسیەکان بگونجێنرێن، لەوا نەش : جیاکردنەوەی هێزە چەکدارەکان دەزگا هەواڵگریەکان لەکاری سیاسی و ملکەچبوونیان بۆ چاودێری و لێپێچینەوەی پەڕلەمانی و قەدەغەکردنی کاری حیزبی لەناویانداو چەسپاندنی دادپەر‌وەری لەناو پێکهاتەکان و بیمەی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دامەزراوە چاودێریەکان و چەندین شتی تر. هەربەهۆی دەستوەرەوە دەتوانین، ببین بە خاوەنی هەندێ دەزگای ناوبژیوانی فەرمی، بۆپەناپێ بردنی لەکاتی جیاوازی و ناکۆکیەکاندا، لەوێنەی دادگای دەستوری. ئەمە جگە لەوڕۆڵە مەرجەعیەی خودی دەستور دەیبینێ. هەروەها ئەو ڕەوایەتیەی بەخەباتکردن لەپێناو دەستور سالاریدا دەیدات، بەحوکمی ئەوەی بوونی دەستورو دەستورسالاری هەموو جار بەیەکەوە کۆنابنەوەو دوای دەستور خەبات بۆ دەستور سالاری دەبێت بەگوڕوتینێکی زۆرترەوە درێژەی هەبێت. ٢ ) کۆتایهێنان بە دیاردەی فرە لەشکری و .هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی هەفتاو هەشتاو سەرجەم ئەو پێکهات و دەزگا و هێزانەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی حیزبدان دووبارە ڕێکخستنەوەیان لەچوارچێوەیەکی نوێی نیشتمانی و کۆتایی هێنان بە تەزکیەی حیزبی و دەرگاکردنەوە بۆ هەمووان بۆ ئەوەی بە گوێرەی مەرجی یاسایی یەکسان هاوڵاتیان بەگشتی و بێ جیاکاری حیزبی و فیکری و ئاینی و نەتەوەیی تیایدا خزمەت بکەن. وەدیاریکردنی کاتێكی دیاریکراو بۆ بەئەنجام گەیشتنی ئەو پرۆسە ی یەکگرتنەوەو بیناکردنەوەی بەڕواڵەت دەمێکە دەستی پێکردوەو لەبەر نەبوونی ئیرادەی سباسی بەسەر پشتی کیسەڵدا دەڕوات، بەمەرجێك لەساڵێك زیاتر نەبێت. ٣ ) خستنە بواری جێ بەجێ کردنی یاسای نەوت و غازی هەرێم و دامەزراندنی ئەوچوار کۆمپانیایەی تیایدا هاتوە. کەسێنزە ساڵە ناشەفافیەت و بەرژەوەندی کەسی وحیزبی ڕێگرن لە دامەزراندنیان. هەروەها ڕێکەوتن لەسەر سیاسەتێکی نیشتمانی ووزەی ڕون کەهەموان بتوانن وەك یەك بەرگری لێ بکەن. لەگەڵ بوونی ستراتیژێکی نوێی ڕاستە قینە، بۆ ڕزگاربوون لە نەفرەتی نەوت و پەتای هۆڵەندی و تاك سەرچاوەیی داهات و ئەوهەموو ڕەنگدانەوە خراپانەی لێیان دەکەوێتەوە. دیارە مەسەلەی نەوت دەبێت سەرلەبەری بەشێوەیەکی نوێ و لە ڕوانگەی ئەزموونی ڕابردوو واقیعی ئێستا‌و چەشمەندازەکانی داهاتوو ئەوگۆڕانەی بەسەر ڕۆڵی ووزەدا هاتووەو زۆرشتی تر، بیری لێ بکرێتەوەو قسەی نوێی لەبارەوە بکرێت. دەنا لەجیاتی خێر دەبێتە سەرچاوەیەکی تری خراپە بۆ مان و لەهەندێ ڕووشەوە بەداخەوە بووە. کەئێرە جێگەی وەڵامدانەوەی پرسیاری چۆن نیە. ٤ ) پەیمان دان و زەمینە سازکردن و هەل ومەرج ڕەخساندن، بۆ هەڵبژارندنێکی پاك لەهەرێمدا. ڕێکەوتن لەسەر هەڵبژارندنی پێش وەخت و حکومەت خستنە قۆناغی ڕاگوزەریەوە بۆ بەدیهێنانی دووئامانج : ئەنجامدانی ئاستێکی ماقوڵ لەچاکسازی و زەمینە سازکردن بۆ هەڵبژاردنێکی پێش وەختی پاك و نوێ لەهەرێمدا. چونکە دۆخەکە ڕێگرە لەوەی حکومەت توانای پیادەکردنی بەرنامەکەی هەبێت و زەمینە سازکردنی بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ و ئەنجامدانی ئەو چاکسازیەی بڕیاری لێدراوەو ئەوەی تر کە بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی تەحەدای موچەنەدا پێویستنی، دەبێت بە دەستکەوت بۆی. بەڵام لە پەیوەندی بە مەسەلەی هەڵبژاردنەوە گرنگە ئاماژە بەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەین: ٲ/ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ڕویدا، کارەساتێکی نەتەوەیی بوو. متمانەی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی بە پرۆسەی سیاسی و هێزە سیاسیەکان لەناوبردوجۆرێ لەپوچگەرایی سیاسی لەگەڵ خۆیدا هێنا. ب / ملدان بە هەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد سەرەتای ڕێگە و ئەلف وبای چاکسازی سیاسیە، بەحوکمی ئەوەی هەڵبژاردن لەخودی خۆیدا گرنگ نیە، گرنگیەکەی لەو ڕۆڵە سیاسیە دایە لەژیانی سیاسی و ئاڵوگۆڕو نوێکردنەوەی دەسەڵاتدا دەیگێڕێت، بۆئەوەی بشتوانێت ئەوەبکات، دەبێت میکانیزمێکی دیموکراسی بێت، ناشبێت بەوە تا ڕێز لەئیرادەی هاوڵاتی نەگیرێت و سندوقی دەنگدان لە ساختەکاری نەپارێزرێت و پاك وئازادو دادپەروەرانە نەبێت و ڕێز لەبەرەنجامەکان نەگیرێت. ئەم جۆرە لەهەڵبژاردنەیە بەشداری لە چارەسەری کێشەی دەسەڵات دەکات وکێبڕکێ سیاسیەکانیش بە مەدەنی دەکات. ئەوەی لێرەشدا شکستی خوارد، واتە نەیتوانی پێشمەرجەکانی هەڵبژاردنێکی پاك و ئازاد‌و دادپەروەر قبوڵ بکات، ڕەوایەتی و مسداقیەتی هەڵبڕینی دروشمی چاکسازی و تەنانەت نیشتمانپەروەریشی نامێنێ. بەحوکمی ئەوەی لەئێستای ئێمەدا ، بەشێکی بنەڕەتی و گرنگی بەهاکانی نیشتمان پەروەرێتی لەبیناکردنی حوکمڕانی باش و دەستەبەرکردنی پێویستیەکانیدا بەرجەستە دەبێت، کەدیموکراسی و هەڵبژاردنی پاك لەڕیزی پێشەوەی ئەو بەهاو پێشمەرجانەدان. ج/ دووبارەبوونەوەی نمونەی هەڵبژاردنی ڕابردوو، یەکسانە بەدەرگاداخستنی ئاشتیانەو دیموکراسیانەی گۆڕانکاری و ڕەوایەتیدان بە تاقیکردنەوەی شێوازی تر‌و لەئەستۆ گرتنی هەردۆخێکی نەخوازراوی چاوەڕوان کراو. د / ڕێکەوتن لەسەربەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی ئیداری ودارایی لەکۆی سێکتەرو بوار‌و دام ودەزگاکان و ڕوونی لە سەرچاوەکانی داهات وجۆری خەرجکردنیان. ه/ ڕێکەوتن لەسەر بەرنامەیەك بۆ چاکسازی دەسەڵاتی داوەری و گێڕانەوەی پێگەو ڕۆڵ بۆ پەڕلەمان و بەیاسا ناچارکردنی کەسی یەکەم یان دووەمی حیزب بۆ سەرۆکایەتی کردنی فراکسۆنی حیزبەکەی. بۆئەوەی سیاسەت کردن بخرێتە ناو پەڕلەمانەوە وکۆتایی بەم دۆخەی ئێستا بهێنرێت، کەبەهۆی دووری سەرکردە سیاسیە بڕیار بە دەستەکان لەپەڕلەماندا دروست بووەو کاری کردۆتە سەر پێگەو ڕۆڵی ئەم دەزگا گرنگە. و/ ڕێکەوتن لەسەر ستراتیژێ بۆ دیاریکردنی جۆری خزمەتکردنی مەسەلە نەتەوەییەکەو مامەڵە کردن لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان و مەسەلەی کورد لە سەرئاستی خۆر هەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی ناوچەکەو دونیا و هێنانەدی یەکتر تەواو کردنی نەتەوەیی تەوافوق لەسەرکراو ، بەوجۆرەی پارێزگاری لە قوڵایی جیۆپۆلۆتیکی باشور‌و پشتیوانی لە پارچەکان دەیخوازێت. . تێبینی/ ا- دەکرێت سەرەتا سێ هێزەکەی دەسەڵات کۆببنەوەو لەسەر بەرنامەیەکی بەهاناوە چونی خێرا ڕێککەون و دواتر‌و بۆ بەشەکانی تر، با زنەکەی فراوان بکرێت و هێزەکانی تر بەشدار بن. ب_ زۆرگرنگە بەگوێرەی ئامادەگی، ئەمریکاو بەریتانیاو فەڕەنساو un، بەهەرشێوەیەك بێت بەشدارو پشتیوان و چاو‌دێر بن. ج- بەردەوام بوونی دۆخی ئێستای هەرێم و ناوچەی نفوزی نیمچە پاوانکراوو لەشکری حیزبی، کەبەپێچەوانەی خواستی ئەندامەکانی یان زۆرینەی، وەك ئامرازێك بۆ پارێزگاری کردن لە گەندەڵی و دەستێوەردانی دەرەکی و پەیوەندی هەرێمیی نانیشتمانی و؟گوماناوی بەکاردێت، هەرکەس و هێزێك لەگەڵ مانەوەی ئەم دۆخە بێت و قوربانی نەدا بۆ کۆتایی پێهێنانی، کەمەبەست لێرەدا پارتی و یەکێتتیە، مسداقیەت بۆ دروشمەکانی نامێنێتەوە. چونکە لەگەڵ درێژەدان بە ڕەوشی دابەشبوون و کەرتبوونی ئێستادا، نەچاکسازی و نەدووبارە بیناکردنەوەی ناسنامەی نیشتمانی و دام و دەزگاکان و پەرەدان بەسیستەمی سیاسی و ئابڵۆقەدانی گەندەڵی نایەنەدی و دەبنە دروشمی بێ ناوەرۆك و بەسەربردنی کات. د- دۆخی هەرێم لەوە دەرچووە، بە پینەو پەڕۆ چاك بکرێت. وەگومانی جدیش لەناو نوخبەی فیکری و بەشێ لە نوخبەی سیاسیش لەسەرئەوە دروست بووەو لای بەشێکیشی لەگومانەوە بۆتە قەناعەت کەقابیلی چاکسازی تێداکردن و چاککردن بێت. بەتایبەتیش لەسەر دەستی ئەو نوخبەو هێزانەی خۆیان لە پشت خوڵقاندنی ئەم واقیعەوەن. ئەم گو مان و قەناعەتەش، تەنها بەکردار و لەڕێی گەیشتن و بەدیهێنانی ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەیەکی گشتیمان پێ کرد قابیلی ڕەواندنەوەو نەهێشتنە.
د. نەهرۆ زاگرۆس ئەردۆغان و ئاک‌پارتی لە به‌رده‌م بڵاوبوونەوەی دیاردەی دیەیزم لە تورکیا سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (Recep Tayyip Erdoğan) و ئاک‌پارتی (AKP)، پێیانوایە لەسەر دەستی ئەوان (تورکیا)یەکی پێشکەوتوو بنیاد کراوە، کە نموونەیەکی جوانی وڵاتێکی عیلمانی-ئیسلامی و میانڕەو و مۆدێرنە لەسەر ئاستی جیهاندا. تا دوایین هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکان لە تورکیا، ئاک‌پارتی بە هێزێکی بێڕکابەر لە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی دەبیندرا. دەسەڵاتی حوکمڕانی (ئاک‌پارتی)یش زۆر بێمنەتانە وەکو گەورەترین دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری تورکیا جێگەی خۆی قایم کردبوو. ئەگەرچی ئێستاش ئاک‌پارتی خاوەن پێگەیەکەی گەورەی جەماوەرییە، بە بەراورد لەگەڵ پارتەکانی دیکە، بەڵام خەریکە هێدی هێدی داینامیکی ژینگەی سیاسی لە تورکیا دەگۆڕدرێت و ئەندامە تازەکانی (ئاک‌پارتی)یش لە بیروباوەڕی ئیسلامیی سیاسیی مۆدێرینیزمدا، ئەوەی ئاک‌پارتی دروستی کردبوو، دوور دەکەونەوە. بۆ نموونە، دیاردەی بڵاوبوونەوەی دیەیزم (deism)، بە تایبەتی لەنێو گەنجانی شارنشین و ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامانی ئاک‌پارتی، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئایندەی ئاک‌پارتی و ئەردۆگان. دیەیزم وەکو باوەڕبوون بە خودا و پشت‌کردن لە ئایین و بە سیاسی‌کردنی ئایین ناسراوە. باوەڕ هێنانە بە خودا و خوداپەرستی لە دەرەوەی ئایین و ئایینزاکان و قورئان و شەریعەتدا. هەروەها باوەڕهێنانە بە خودا لە ڕووی فەلسەفە و زانستی مەنتقەوە (logic)، نەک لە ڕووی وەحی و موعجیزەوە. شوێنکەوتووانی دیەیزم باوەڕیان وایە کە ئایین دروستکراوی مرۆڤە نەک خودا. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بیروباوەڕی دیەیزم لەنێو گەنجانی (ئاک‌پارتی)، ئەردۆگان لە ساڵی 2018 وەزیری پێشووی پەروەردەی تورکیا (عیسمەت یەڵماز)ی راسپارد بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە هەستیارە. دوای کۆکردنەوەی زانیاری و داتا‌کان، دەرەنجامی بەدواداچوونەکە شۆکێک بوو بۆ ئەردۆغان و ئاک‌پارتی، کە تێیدا هاتبوو بەشێکی هەرە زۆر و بەرچاوی ئەندامە گەنجەکانی ناو ئاک‌پارتی باوەڕیان بە دیەیزم هەیە نەک بە ئیسلام و ئیسلامی سیاسی. ئێستا دیەیزم نەک هەر لەناو گەنجانی ئاک‌پارتی، بەڵکو لە تەواوی تورکیادا لە هەڵکشانێکی بێ وێنەیە و مێژووییە. لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، ڕۆژنامە و بەرنامە گفتوگۆئامێزەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و کۆڕ و کۆبوونەوە فیکرییەکان لە تورکیا، باس لە هۆکار و بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی دیەیزم ((deism دەکەن. هەندێک لە شارەزایانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هۆکاری بڵاوبوونەوەی ئەم بیروباوەڕە دەگەڕێننەوە بۆ ناشیرین‌کردنی ئایینی ئیسلام و وێنەی ئیسلام لە لایەن هێز و بزووتنەوە چەکدارییەکان و کارە تیرۆریستییەکانی وەکو ڕێکخراوی قاعیدە و داعش و . هتد… هەندێکی دیکە پێیانوایە سیاسەتە چەوتەکانی ئاک‌پارتی لە دەیەی ڕابردوودا هۆکاری وازهێنانی گەنجانە لە ئیسلامی سیاسی لە تورکیا. هەندێکیش دەڵێن، دیەیزم تەڵەیەکە لە لایەن ڕۆژئاواوە داڕێژراوە بۆ کۆتایی هێنان بە کۆمەڵگەی ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی لە تورکیا. پرۆفیسۆر عەلی ئێرباش، گەورەترین مەرجەعی ئایینی و سەرۆکی کاروباری ئایینی لە تورکیا (Diyanet)، لە چەندین وتاری ئایینی و نووسینی ئەکادیمییدا، مەترسی بڵابوونەوەی (دیەیزم)ی خستۆتە ڕوو. بۆماوەیەکی دور و درێژ، ڕاگەیاندنەکانی تورکیا و دەسەڵاتدارانی تورک ڕەتیان دەکردەوە کە دیاردەی دیەیزم لە تورکیادا هەبێت. بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٨، کاتێک پرۆفیسۆر عەلی ئێرباش بە ئاشکرا لە وتارێکیدا بۆ قوتابییانی زانکۆی ئولوداغ (Uludağ University) لە شاری بۆرسە پێشکەشی کرد، چەندین لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانستی لە دیاردەی بیروباوەڕی دیەیزم لە تورکیادا کراوە و بەردەوامیش لە کۆبوونەوە گشتی و بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی فەرمییدا باسی لێوە دەکرێت. ئەگەرچی دیەیزم لە هەموو شوێنێکی تورکیادا بڵاوبۆتەوە، بەڵام بە گشتی لەنێو گەنجە پارێزگارەکان و دانیشتوانە شارنشینەکانی ڕۆژئاوای تورکیا زیاتر لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردندایە نەک لە ڕۆژهەڵات و لەنێو کۆمەڵگە ترادیشناڵ و گوندنشیینەکان. مامۆستایانی ئایینی پێیانوایە رۆژئاوا دەستی لە بڵاوبوونەوەی دیەیزمدا هەیە بۆ ناشرینکردنی ئیسلام و گۆڕینی کۆمەڵگەی تورک. لە چەندین وتاردا، عەلی ئێرباش ئاوا دەڵێت: "دیەیزم وەکو تەڵە وایە، سەرەتا دەیانەوێت لە ڕێگه‌ی ئەم تەڵەیەوە رۆڵەکانمان دەستەمۆ بکەن و لە ئاییی پیرۆزی ئیسلام دووریان بخەنەوە، تا دواتر بە ئاسانی ئایینیان پێ بگۆڕن و وەریان گەڕێنن بۆ سەر ئایینی کریستیانی‘'. بەم شێوەیە، دەسەڵاتبەدەست و زانا ئایینییەکانی تورک ئۆباڵی بڵاوبوونەوەی دیەیزم دەخەنە ئەستۆی رۆژئاوا. هەروەها سەرلەبەری دیاردەکە بە پیلانگێری رۆژئاوا لە دژی مێژوو و ناسنامەی تورکیا دەبینن. لە چەندین داتای نوێ‌دا، وەکو بیرمەند و نووسەری، تورک مستەفا ئاکیۆل (Mustafa Akyol)، لە دوایین نووسینی خۆی لە 12/6/2020 بۆ پەیمانگەی هەدسن لە ئەمەریکا باسی دەکات، "دیەیزم لەم ئان و ساتەدا زۆر بە خێرایی لە تورکیادا بڵاو دەبێتەوە". مەترسی دیەیزم هەر لەوەدا نییە کە ئاک‌پارتی بەرەو ئاییندەیەکی نادیار دەبات، بەڵکو داینامیکی کۆمەڵگەی تورکیا دەگۆڕێت. مستەفا ئاکیۆل پێیوایە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا "تورکیا بەرەو شەڕی کولتووری هەنگاو دەنێت، وەکو شۆڕشی فەرەنسی کاتێک ئایین و دیموکراسی لە بەربەرکانییدا بوون". مەترسی دیەیزم لەسەر ئاک‌پارتی هاوکاتە لەگەڵ پارچە پارچەبوونی حزبه‌كه و وازهێنانی بەشێک لە سیاسەتمەدارە ناودارەکانیان، وەکو: داودئۆغڵو، عەلی باباجان و عەبدوڵڵا گیول و چەندانی دیکەش. تەنانەت پارتێکی ئیسلامی بچووکی وەکو (SP)، کە لە هەناوی (ئاک‌پارتی)یەوە دەرهاتووە، ئێستا لە دژی ئەردۆغان، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەگەڵ کۆمارییەکان لە بەرەیهکدایە بۆ خۆ ئامادەکردن. لەسەر بڵاوبوونەوەی دیەیزم، سەرۆکی (SP)، ته‌مه‌ل کهرهموڵلائۆغڵو (Temel Karamollaoglu) پێیوایە کە "ئەردۆغان و حزبەکەی ئایینی ئیسلامی‌یان ناشیرین کردووە و بە دیکتاتۆری دەیانەوێت ڕووی جوانی ئیسلام بشێوێنن و خەڵک لە ئیسلام دوور بکەنەوە‘'. رۆژنامەنووس و شارەزا لە بواری تورکیا، تۆماس سیبێرت (Thomas Seibert)، پێیوایە کە دوای 17 ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئاک‌پارتی، "تورکیای ئێستا زۆر بێ ئایینترە لە تورکیای جاران" هەروەها باس لەوە دەکات کە "بەشێکی زۆر لە خەڵکی تورکیا دەیانەوێت لە ئایین و ئیسلامی سیاسی دروور بکەوەنەوە". جگە لە هەندێک مامۆستای ئایینی و بەشێک لە دەسەڵاتبەدەستانی تورک، کەس دیاردەی بڵاوبوونەوەی دیەیزم بە پلانی رۆژئاوا نازانێت. ئەو ژینگە پڕ لە ململانێ و رکابەرییەی پێکهاتە و چین و توێژەکانی تورکیای مۆدێرنی تێکەوتووە، داهاتوویەکی نادیاری هەیە. لە هەمان کاتدا، هەست دەکرێت کەشتیی ئاک‌پارتی بەرە بەرە درزی تێدەکەوێت و بەرەو کەنارێکی تاریك دەڕوات و لە دوورگەیەکی نامۆ لەنگەر دەگرێت. لەسەر ئەم بۆچوونەوە، نووسەری تورک، هەلدون گیولالپ (Haldun Gülalp) پێیوایە لە زوو یان درەنگ، "دیەیزم هەرس بە هەردوو بیروباوەڕی ئیسلامی سیاسی تورکیا و مۆدێلی فەرمانڕەوایی ئاک‌پارتی دەهێنێت". سەرچاوە: 1. Daily News: https://www.hurriyetdailynews.com/turkeys-top-religious-off… 2. Mustafa Akyol, Hudson Institute: https://www.hudson.org/…/16131-how-islamists-are-ruining-is… 3. Duvar Gazete: https://www.gazeteduvar.com.tr/…/karamollaoglu-deizmin-yuk…/ 4. Thomas Seiber, The Arab Weekly: https://thearabweekly.com/after-16-years-erdogan-rule-turks… 5. Haldun Gülalp, Open Democracy: https://www.opendemocracy.net/…/perils-mixing-religion-and-… Mixing religion with politics does not even serve religious purposes.
عومه‌ر عەلی محەمەد چه‌مكی فه‌وزای دروستكراو بۆ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن مێژوو نووسی ئه‌مریكی ( تایر ماهان) به‌كارهاتووه، له‌دوای ئه‌ویش سیاسه‌ت مه‌داری ئه‌مریكی (مایكل لیدین) گه‌شه‌ی پێداوه و به فه‌وزای بنیات نان یان وێران كردنی بنیات نان ناوی بردووه, كه‌مه‌به‌ست لێی بنیات نانه‌وه‌یه‌كی نوێیه له دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی فه‌وزاو وێرانكردنی هه‌موو شتێك، پاشان بنیات نانه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی كه خزمه ت به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ئه‌كات, (سامۆیل هانتینكتۆن) خاوه‌نی تیۆری ( ململانێی شارستانیه‌كان ) به‌و شێوه‌یه باسی ده‌كات كه خزمه ت به به‌رژه‌وه‌ندی هێزه جێبه‌جێ كاره‌كان ده‌كات له ڕێگه‌ی دروستكردنی پشێوی تائیفی و مه‌زهه‌بی، كه ئه‌مه‌ش وڵات دابه‌ش ده‌كات و به ئاسانی ده‌توانرێت ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له كوردستاندا ده‌بینرێت ته‌واو جیاوازه, چونكه سه‌رچاوه‌ی ئه‌و فه‌وزاو لێكترازان و پشێوی و نه‌هامه‌تیانه دوو هێزی سه‌ره‌كی حوكومڕانی كوردستانین ، كه 29 ساڵه له هه‌رێمی كوردستاندا ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، چونكه هه‌ر له‌و كاته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته ده‌ست له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پلانیان هه‌بێت بۆگه‌شه پێدان و به‌ره‌و پێش بردنی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه, به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه كاریان كردووه له‌سه‌ر دواخستنی هه‌موو ئه‌و بوارانه. پێشتریش كه‌له‌شاخ بوون وه‌ك دوو به‌ره‌ی ناكۆك كاریان كردووه و درێغیان نه‌كردووه له هاوبه‌شی كردنی ڕژێمه داگیر كه‌ره‌كان بۆ سه‌ركوت كردن و له‌ناو بردنی یه‌كتر, شه‌ڕه‌كانی كاره‌ساتی هه‌كاری له‌گه‌ڵ قڕناخان و پشتئاشان ،نمونه‌یه‌كی زیندووی ئه‌و شه‌ڕانه‌ن ،كه سه‌دان پێشمه‌رگه تیایدا بونه قوربانی ،ئه‌و كاته‌ش كهڕاپهڕین كرا‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان دروست كرد، ناكۆكیه‌كانیان زیاتر درێژه پێداو هه‌زاران پێشمه‌رگه تیایدا كوژراو و كاولكاریه‌كی زۆری له‌هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه دروست كرد و كۆمه‌ڵگای كوردی كرد بهدووبهرهی دووژمن كاری دژ به‌یه‌ك. له‌دوای وه‌ستانی شه‌ڕه‌كه‌ش ئه‌م دوو هێزه له ڕوویه‌كه‌وه كۆكبوون له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆست و بهرژهوهنیهكان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا و سه‌روه‌ت و سامانی كوردستانیان له‌گه‌ڵ پۆسته حكومیه‌كان قۆرخ كرد بۆخۆیان و به‌سه‌ر لایه‌نگرانی حیزبه‌كه‌یاندا دابه‌شیان كرد, له به‌رامبه‌ریشدا هه‌رچی خه‌ڵكی بێلایه‌ن و حیزبه‌كانی تر هه‌بوو و بێبه‌شیان كرد و به هاوڵاتی پله دوو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كردن. له‌م ڕێگه‌یه‌وه ململانێیه‌كی توندیان دروست كرد و جارێك به ناوی دروستكردنی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆوه حكومه‌تی هه‌رێمیان دووله‌ت كرد, له‌و كاته‌شه‌وه كه یه‌كیان گرتۆته‌وه هه‌ر به هه‌مان ئه‌قڵیه‌ت كاریان له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێمدا كردووه و رَێگهیان نه‌داوه ئه‌م حكومه‌ته ببێته ئه‌زموونێكی كوردی سه‌ربه‌خۆ و پێشكه‌وتوو له ڕووی ئابووری و سیاسیه‌وه, له‌دوای ساڵی 1914وه كه ئابووری سه‌ربه‌خۆیان ڕاگه‌یاندو ده‌ستیان كردووه به فرۆشتنی نه‌وت، ململانێكانیان زۆرتر چڕ بۆته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌م سامانه نیشتمانیه به به‌رده‌وامی له لایه‌ك هه‌وڵی تێكشكاندنی یه‌كتریان داوه ،له لایه‌كی تریشه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانهودا گرتووه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی خۆیان و كۆمپانیا حیزبیه‌كانیان به‌كاریان هێناوه, له به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ته‌كه‌یان خستۆته به‌رده‌م قه‌یرانی زۆر گه‌وره و له ئێستاشدا له لاوازترین دۆخیایه‌تی كه ناتوانێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی دابین بكات و ته‌نانه‌ت له توانایدا نییه كه‌ل و په‌لی پێویست بۆ نه‌خۆشخانه‌كان دابین بكات له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنادا و له ئێستاشدا ڕۆژانه چه‌ندان خه‌ڵك له نه‌خۆشخانه‌كان گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن به‌هۆی دابین نه‌كردنی ئۆكسجینی پێویست بۆیان, ئه‌مه سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی كی حكه‌مه‌ت ته‌واو ئیفلیج بووه و هیچ سیفاتێكی فه‌رمان ڕه‌وای و حكومڕانی تێدا نه‌ماوه، له به‌رامبه‌ریشدا حیزب و به‌رپرس و كۆمپانیاكانیان ڕۆژ به ڕۆژ ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌بن و هه‌ژموونی خۆیان زیاتر به‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كانی ئابووری و سیاسی‌دا ده‌سه‌پێنن. ئه‌گه‌ر به ووردی سه‌رنج له‌م فه‌وزایه بده‌ین زۆرتر له فه‌وزایه‌كی رێكخراو ده‌چێت، چونكه له‌و شوێنانه‌دا كه پێویست ده‌كات به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان بكه‌ن یه‌كده‌گرن و یه‌ك ده‌نگن، بۆ نمونه‌ش ده‌نگدانی هه‌ریه‌ك له یه‌كیه‌تی و پارتی به یه‌كتر له حكومه‌ته‌كه‌ی كازمیدا بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه بۆ پارتی و وه‌زاره‌تی داد بۆ یه‌كێتی, ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ی ئه‌و جه‌نگی سارده‌یه كه‌له نێوان ئه‌مریكا و یه‌كیه‌تی سۆفیه‌تدا هه‌بوو، كه‌له دوای جه‌نگی جیهانی دوه‌مه‌وه هه‌تا ساڵی 1989 درێژه‌ی هه‌بووه, له‌م جه‌نگه‌دا 21 ملیۆن كه‌س له وڵاتانی ئه‌مریكای لاتین و ئه‌فریقیا و ئاسیادا كوژراون، به‌ڵام سه‌ربازێكی ئه‌مریكی سه‌ربازێكی سۆڤیه‌تی نه‌كوشتووه یان به پێچه‌وانه‌وه,به هه‌مان شێوه له هه‌موو شه‌ڕه‌كانی نێوان یه‌كیه‌تی و پارتیش هاتا ئێستا هیچ كه‌سێكی ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه نه‌كوژراون، به‌ڵام قوربانیه‌كان ده‌یان هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه له هاوڵاتیانی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت و سڤیل.
د. مەیادە نەجار . هەندێ پەڕلەمانی دژ بە كوردستان پرۆژەیەكی زۆر سەیرو سەمەرەیان ئامادە كردووە، كەخودی خۆیان باوەڕییان پێی نیە و زۆرباش دەزانن،پرۆژەكە بە مردوویی لە دایك بووە و هەرگیز بواری جێبەجێكردنی نیە،چونكە دژی دەستوور و خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی خەلكی كوردستانە. دەكرێ بپرسین ئەگەر بەغدا نیازی هەیە موچە و شایستە داراییەكان بنیرێت، ئەوا چ حیكمەیتێكی تیدایە، خۆی دابەشی بكات، ئەوە ئەو پرسیارەیە كەزۆربەی دەستەلاتدرانی بەغداشی توشی سەرسوڕمان كردووە لەو داهێنانە خۆفرۆشیەی ئەو پەڕلەمانتارە كوردانە بۆ نەهێشتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئامادەیان كردووە،كە درؽژكراوەی هەمان ئەو عەقلیەت و نەفسیەتە خۆ بەكەم زانی و جاشایەتیەیە كە پێشنیاری بڕینی بودجە و موچەیان بۆ مالیكی كرد،خۆفرۆشی و نەزانی هەندێك نوێنەرانی كورد عەرەبەكانیان تووشی شۆك كردووە، كەدەبینن هەندێك لەو پەرلەمانتارانە نەك نازانن ئەركەكەیان چیە بەڵكوو لەپێناوی خۆ دەرخستن و چوونەپێش پرۆژەی سەیرو سەرمەرە پێشكەش دەكەن كە لەگەل واقعی سیاسی و یاسایدا یەك ناگرێتەوە. ئەگەر كەمێك لێی وردبینەوە دەبینین گواستنەوەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا، نەك كەمكردنەوەیە، بەڵكو لێدانێكی گەورەیە لە سەروەریی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوكات دەبێت ڕاژەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێم بچێتە بەغدا، ئەمەش لەرووی دەستوری و یاساییەوە بابەتێكی رەتكراوەیە و پێشێلكردنی دەستووری هەمیشەییە. ئەم هەنگاوە سەیرو سەمەرە و خۆ هەڕاجكردنە یەكەمجار نەبێت، چونكە پێشتر لەسەردەمی حەیدەر عەبادی نەیارانی كورد لەكاتی بودجەی ساڵی٢٠١٧ هەوڵێكی بێ‌وچانیان بۆ هەمان بابەتی نادروست دا، ئامانجی سەرەكیش ئەوەبوو كە هەرێمی كوردستان وەك پاریزگایەكی ئاسایی عیراق مامەڵەی لەگەل بكرێت، هەرچەندە ئەوكاتیش چەند پەرلەمانتارێكی كورد بەبیانوی جیاواز هاوكارییان بوون، بەلام هەر زوو شكستییان هێنا، چونكە خودی بابەتەكە پێچەوانەی یاسایەوە بەغدا خۆی زۆرباش دەزانێت جێبەجی كردنی ئەو كارە پێشیلكردنی دەستوورە بەتایبەتی ماددەكانی ١٧ و ١٢١ ی دەستووری هەمیشەی عێراق. لەم چوارچیوەیەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەم هەوڵەی ئەمجارەش نەزۆكە ، چونكە بەغدا نایەوێت خۆی تووشی كێشەیەكی دەستووری و یاسایی بكات و بەئاشكراو لەم كاتە هەستیارەدا دەستوور و یاسا پێشێل بكات، چونكە شپرزەی باری ئابوری و رەوشی ئالۆزی سیاسی عێراق لەئاستیكدایە رێگەی ئەوەی پێنادات كارێكی لەو جۆرە بكات، لەلایەكی دیكەوە هەرگیز پرۆژەیەكی لەو شێوەیە سەركەوتوو نابێت كە پاڵپشتی دەستووری نەبێت و هۆكاری یاسایی و باوەڕپێكراوی نەبێت. ئەوەی گرنگە ئەو پەرلەمانتارانەی كە بەداخەوە لەسەر كورد حیسابن ئەم كارە دەكەن، بەهانەیەكی زۆر لاواز و نالۆژیكیان و لە رێگایەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن كەدەتوانن موچەی فەرامانبەرانی هەریم مسۆگەر بكەن، بەلام حەقیقەتی بابەتەكە گەڕاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستانە بۆ خاڵی سفڕ، گریمان عێراق ئەو سەركێشیەی كرد و دەستوورو یاسای وڵاتی پێشیلكرد، جگە لەوەی ئەم كارەی دەبێتە هۆی نانبراوكردنی هەزاران فەرمانبەری كوردستان چونكە ئەو ژمارەیەی لە بەغدا هەیە، لە 2014ەشەوە یەك كەسی بۆ زیاد نەكراوە، واتا نزیكەی نیوەی موچەخۆرانی هەرێم نان‌بڕاو دەكرێن،لەهەمان كاتدا حكومەتی بەغدا بە پێشێلكردنی دەستوور دەكەوێتە دۆخێكی نەخواستراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە روبەڕوبوونەوەی دادگاشدا دۆڕانی مسۆگەرە،بۆیە ئەو كورد بۆرانەی كاریان دەستدۆیی كردنە بۆ نەیاران و ئەوانەش كە پێشنیاریان بۆ دەكەن دەزانن ناتوانن مێژوو بۆ دواوە بگەڕێنەوە و كوردستان و خەڵكەكەی لە مافە دەستووریەكانیان بێبەش بكەن.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج دوای ساڵی 2003 له به‌غدا بووین ، له گه‌ڵ مه‌جید ساڵح چووینه سه‌ردانی دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر له ماڵه‌وه ، له دانیشتنه‌كه‌دا فواد عارفیش له‌وێ بوو ، دكتۆر كه‌مال نامه‌ی ماسته‌رێكی ته‌له‌به‌یه‌كی عه‌ره‌بی هێنا كه له سه‌ر مه‌لا مسته‌فای بارزانی بوو ، زۆری به شان و باڵدا هه‌ڵداو چه‌ند دانه‌یه‌كیشی پێدام ، وتی توانیت بینێره بۆ بارزانی ، من هاتمه‌وه دامه براده‌رێكی پارتی ، به‌لامه‌وه سه‌یره دكتۆرا‌و ماسته‌ر به‌و راده‌یه بێته سه‌ر ئه‌وه‌ی له سه‌ر تاكه كه‌سێك بێت ، ئێ ره‌نگه ئه‌مه بۆ پاره‌و ئیمتیاز بێت و هیچی تر ، دوێنێ دۆستێك هه‌واڵه‌كه‌ی زه‌كه‌ریا محه‌مه‌د سه‌لیم عارفی بۆ ناردم كه ره‌نگه سبه‌ی داڵێك بخرێته پێش ناوه‌كه‌ی ئه‌و نوسیبووی منیش له سه‌ر عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ماسته‌رێك دێنمه‌وه ، بیرمه بارزانی له مامۆستایه‌كی زانكۆی دهۆك توڕه بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ی ماستاوی بۆكرد ، وتم ده‌ی ئه‌مه وه‌رچه‌رخانه ، كه‌چی له گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌ی ریفراندۆما بارزانی زۆر كه‌یفی به ماستاو چیه‌كان ده‌هات و له‌وانه‌ش قه‌ڵس و توڕه بوو كه له ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه ده‌ترسان . زه‌كه‌ریا سه‌لیم محه‌مه‌د عه‌رف دكتۆرای له ره‌وانبێژی له وتاره‌كانی بارزانیدا هێناوه‌ته‌وه ، خوا نه‌یبڕێ كۆمه‌ڵێك دكتۆریش لیژنه‌ی بڕیار‌و پێدان و سه‌رپه‌رشتی دكتۆراكه بوونه ، ده‌بوو پێشتر له بری بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه بارزانی ئه‌و كابرایه‌ی بانگ كردباو وه‌ك چۆن مامۆستاكه‌ی دهۆكی ته‌ریقكرده‌وه به‌ویشی گوتبا من پێویستم به‌وه نیه دكتۆرا له سه‌ر وتاره‌كانم بهێنرێته‌وه ، خۆی بارزانی ئه‌وه‌ی نه‌كرد ، دڵنیام له‌وه‌ش كه بیستویه‌تی بابایه‌ك به ناوی زه‌كه‌ریا خه‌ریكی ئه‌و به‌زمه‌یه ، خۆ ئێستا ده‌توانێ داوا له خوێندنی باڵا‌و زانكۆی سه‌لاحه‌دین بكات ئه‌و دكتۆرایه ره‌تبكه‌نه‌وه . ئه‌م جۆره تێز‌و دكتۆرایانه دۆخی خوێندن و په‌روه‌رده‌یان به‌م رۆژه گه‌یاند ، ئه‌وه‌تا سه‌دان هه‌ڵگری دكتۆرامان هه‌یه بێئه‌وه‌ی هیچ رۆڵێكیان له باشكردنی دۆخی ئابوری ، سیاسی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م وڵاته‌دا هه‌بێت و به‌شێكیان هێنده‌ی پارله‌مانتاره‌كان موچه وه‌رده‌گرن و خاوه‌نی دوو رسته‌ی به‌جێش نین ، ئێمه له كوردستان نه‌ك دكتۆرا‌و ماسته‌ری زیاده‌مان زۆره ، زانكۆ‌و ناوه‌ندی خوێندنی بێناوهڕۆكیشمان زۆره ، ئه‌وه چ لۆژیكێكه بۆ چوار پارێزگا‌و پێنج ملیۆن كه‌س ئه‌و هه‌موو زانكۆ حكومی و ئه‌هلیه هه‌بێت ، هه‌ندێكیان له بری ناوه‌ندی فێر كردن بن ، بوونه‌ته ناوه‌ندی بازرگانی و پاره په‌یدا كردن . جێی خۆیه‌تی خوێندنی باڵا بۆ تێزه‌كانی دكتۆرا‌و ماسته‌ر ناوه‌ندێكی زانستی هه‌بێت و رێگه به‌م جۆره تێزانه نه‌دات ،جا خۆ كاری ئاوا ده‌رگا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه سبه‌ینێ زانكۆیه‌كی تر بیر له‌وه بكاته‌وه دكتۆرای ته‌له‌به‌یه‌كی قه‌بوڵبكات به ناونیشانی " رۆڵی گۆچانه‌كه‌ی مام جه‌لال له په‌روه‌رده‌ی سیاسی‌دا " راستی ئه‌گه‌ر زه‌كه‌ریا دكتۆراكه‌ی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد و رۆڵی مه‌سعود بارزانیش بوایه ره‌نگه كه‌س هیچی نه‌وتایه .
د.فاتیح سەنگاوی قه‌یرانی ئه‌وانه‌ی سێ چاره‌كه سه‌ده‌یه پێشڕه‌وێتی دۆزی كورد ده‌كه‌ن زۆره، گرنگترین و مه‌ترسیدارترینیان ئه‌وه‌یه كه به‌عه‌قڵی ده‌وڵه‌تداری و بنیاتی نه‌ته‌وه‌وه كاریان نه‌كردووه و له بازنه‌ی بچوكی عه‌شیره‌ت و گرووپ گه‌ریدا قه‌تیس ماوون و ناشتوانن خۆیانی لێ ده‌ربازكه‌ن... نه‌ك ئه‌و كاته‌ی چه‌كی شۆڕ‌شیان له‌شان بووه، بگره ئه‌و كاته‌شی له دانوستاندابوون یان ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ست بووه، ئێسته‌ش ده‌بێت ئێمه‌ی كورد له‌باشووردا باجی هه‌ڵه‌ی عه‌قڵییه‌تی پڕ قه‌یرانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووی ئه‌وان بده‌ین و به‌ده‌ست حوكمه ناڕهشیدهكهی ئێسته‌یانه‌وه بناڵێنین.... با نموونه به كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكه‌كان بهێنمه‌وه: ئه‌وان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ناشایسته و ههندێجارییش نامرۆڤانه ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه‌یان كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌یانتوانی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتدارێكی خاوه‌ن پرۆژه و ئایینده بیین ته‌نانه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیشیان كاری ئیدارییانه‌ی پێویست ئه‌نجام بده‌ن و به مۆركی دهوڵهتدارییانهوه هه‌نگاو بنێن چ جای خه‌ڵك، بۆ نموونه: یه‌كه‌م: هه‌موو ئه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییانه‌ی كه كاتی خۆی ڕژێمی پێشوو به‌زۆر تاپۆی له خاوه‌نه كورده‌كانیان سه‌ند یان زه‌وییه‌كانیانی داگیركرد و به گرێبه‌ست دای به عه‌ره‌به‌كان، له‌ماوه‌ی 13ساڵدا نه‌یانتوانی به فه‌رمی و به نووسروی ره‌سمی ئه‌و زه‌وییانه بگێڕنه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ر شكستێكی سیاسیی‌دا ئه‌و خاوه‌ن گرێبه‌ستانه دووباره خۆیان نه‌كه‌نه‌وه به‌خاوه‌نی ئه‌و زه‌وییانه!! كه ئێسته ئه‌و كێشه‌یه هه‌یه و قه‌یرانیتریش به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت... دووه‌م: هه‌ر ئه‌و هێزانه توانیان كێڵگه نه‌وتییه‌كان بپارێزن له خانه‌قیین تاوه‌كو كه‌ركووك ، ئه‌وانه‌شی ئه‌و كێڵگه نه‌وتیانه‌یان پاراست تێیاندا هه‌بوو گه‌یشتبووه پله‌ی عه‌قید، كه‌چی له‌گه‌ڵ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا هه‌موویان بوونه‌وه پۆلیس و كارمه‌ندێكی ئاسایی چونكه نه‌یانتوانیبوو به‌شێوه‌ی كیتابی ره‌سمی شه‌رعییه‌ت بده‌ن به‌و پۆلیسانه‌ی ئه‌و كێڵگه نه‌وتیانه‌یان پاراستووه!! ته‌نانه‌ت ئه‌و پارێزگایه‌ی كه جاران له ده‌ربه‌ندیخان قوتیان كردبووه‌وه و هه‌زاران كه‌س مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌رگیری و هتدی به‌ناوی كه‌ركووكه‌وه كردبوو، ئێسته كه بته‌وێ ناسنامه‌كه‌ت نوێ بكه‌یته‌وه و كارتی نیشتیمانی ده‌ركه‌یت ده‌بێت بچیت له كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه له ئهلف و بێی مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌رگیری و زه‌واجه‌وه ده‌ست پێبكه‌یت و وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م رۆژت بێت؟!! ئه‌مه واته‌ی چییه؟ واته ئیداره‌دان له لایه‌ن خه‌ڵكێكه‌وه كه: عه‌قڵییه‌تی ده‌وڵه‌تداری و نووسراوی فه‌رمی و شه‌رعییه‌تی یاسایی نازانێت و ته‌نها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخێكی سه‌پێنراوی واقعدا ده‌كات.... ئه‌مان به حساب باڵاده‌ست و پارێزگاربوون له كه‌ركوك و قایمقام به‌ده‌ستی كوردبوو له دوز خورماتوو، كه‌چی هه‌ر جاره و لیستێكی دامه‌زراندنی خه‌ڵكی تر ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی پارێزگا ده‌هاته كه‌ركوك و دوز و ده‌بوونه فه‌رمانبه‌ر و كاكیشم فه‌رمانبه‌ری هه‌رێمی ده‌نارده كه‌ركووك، ئه‌مه جگه له تاپۆكردنی سه‌دان دۆنم به‌ناوی ئه‌م ده‌زگا و ئه‌و ده‌زگای تره‌وه!! سێهه‌م: دوواهه‌مین كارێك كه ئه‌مانه تێێیدا ئه‌زموونه‌كه‌ی جاران دووباره ده‌كه‌نه‌وه و هه‌ر وه‌ك پێشوو قسه‌ی عاتیفی دهكوروژێنن و هیچی فه‌رمی لێناكه‌وێته‌وه بابه‌تی ته‌عریبی نوێی كه‌ركووكه كه به نووسراووێكی فه‌رمی پارێزگار كراوه و داوای نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ هۆز ده‌كات له‌پارێزگای كه‌ركووكدا و نووسراوەكە هاوپێچە و لە 18ی 5ی2020دەركراوە، براده‌رانی خۆمان له بری ئه‌وه‌ی به نووسراوێكی فه‌رمی ئه‌م كاره چاره‌سه‌ركه‌ن، ده‌ڵێن قسه‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه و به‌ڵێنیان پێ داوین ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ركه‌ن!! بێزه‌حمه‌ت كووا ئه‌و نوسراوه فه‌رمییه‌ی كه بڕێارهكهی پارێزگار ههڵدهوهشێنێتهوهوه؟! بۆ به نووسراوی فه‌رمی ناینێرن و بڕیاره‌كه‌ی پێ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه؟! ئه‌مه پارێزگارییه له دڵ و قودسهكهی كوردستان؟! ئه‌مه عه‌قڵێیه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی و داكۆكییه له نه‌ته‌وه‌كه‌تان؟! دیاره ئه‌م عه‌قڵییه‌ت و سیاسه‌تكردنه شه‌رعیه‌ت و پاساوی بوونی نه‌ماوه به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌دیلی بۆ په‌یدا نه‌بووه! ئه‌گینا ئه‌و دۆخه‌ی كوردستانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند له ئێستا هه‌یه‌تی شایسته‌ی لابردن ودادگه‌یی كردنێكی توندی ئێوه‌یه نه‌ك هێشتنه‌وه و ستایش كردنتان!!