عەبدولڕەزاق شەریف سنوری جوگرافی هەرێمی کوردستان، بەکەرکوکی کێشە لەسەریشەوە، بەدەستوری هەمیشەیی عێراق دیاریکراوەو نیوەی داوە بەئیدارەی حکومەتی هەرێم و نیوەکەی تریشی بەمادەی سەدوچل خستۆتە سەر ئیدارەی حکومەتی مەکەزی بەغداو گرەوی راپرسییەکەوە کە پانزەساڵە و ئەو راپرسییە نەکراوە، نوێنەرانی کورد لەبەغداو لە هەرێمیش فەرامۆشیانکردوەو فشاری جێبەجێکردنیان نەکردوە، لەباسکردنیشی بونەتەوە، هەمو ئاماژەکان پێماندەڵێن دەستیان لێشتوە دوای ئەزمونی بیست و نۆ ساڵی حوکمڕانی هەرێم و هەڤدە ساڵی حوکمڕانی کورد لەبەغدا، گەمژەییە بیر لەوەبکەینەوە بەو سیاسەت و ستراتیجەی حزبە کوردستانییەکان پیادەی ئەکەن بتوانین کێشەی خاک و سنوری جوگرافی شارەکانمان، چارەسەر بکەین، لەوەش گەمژەییتر بەردەوامییە بەو سیاسەتەی وەک بەنگ هەموو خەڵکیان پێ بێهۆش کردووە، هەر ئەو بێ هۆشییە وایکردوە خوێنەوارە حزبییەکان هەڵەکانی رابردو نەبینن و ئایندەی رووداوەکان، ناوەرۆکی کێشەکە و چارەسەر نەبینن و نەخوێننەوە. لەحەڤدە ساڵی حوکمڕانی عێراقی نوێدا، دەیان جارو پێکەوە و بەجیا لەلایەن دەیان وڵاتی زلهێزو تەنانەت لەلایەن تورکیا بەجیا و یونامی بەجیا، پێشنیازی هەرێمی سەربەخۆی کەرکوک بۆ نوێنەرەکانی کورد کراوەو هەموو جارێکیش پاڵپشت بەهەندێ شیعاری نامەوزوعی و نادەستوری، رای گشتی کوردیان لێ هانداوەو فکرەکەیان لەباربردووە . ئێستا دەرکەوت کەنوێنەرەکانی ئەو حزبانە کە بەناوی کوردەوە شیوەنی شیعاراتی کوردەوارییان ئەکرد، لەپێناوی هەریسەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و خێزانە سیاسییەکانیاندا بووە، نەک بەرژەوەندی باڵای خاک وخەڵکی کوردستان . ئاسانترین پرسیار ئەوەیە ئەگەر کەرکوک لەپێش شانزەی ئۆکتۆبەرو ساڵانی پێشوو بە رەزامەندی بەغداو پشتیوانی نێودەوڵەتی بکرایە بەهەرێمێکی سەربەخۆ، دەستورێکی بۆ بنووسرایەتەوەو ئیمتیازەکانی هەرێمی لەعێراقدا بەپێی دەستوری عێراق وەربگرتایە، راپرسی و رای خەڵکی هەر بەپێی ئەو دەستورە بکردایە بەبنەمای دیاریکردنی مافی چارەنووس بۆ سەربەخۆیی یان لکاندنی بەهەرێمی کوردستانەوە، ئایا کەرکوک و کوردو کوردستان لەهەموو روویەکەوە زەرەری دەکرد یان ئێستا زەرەری کردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەسە بۆ ئەوەی بیر بکەینەوە، کەرکوکیان بەو دەردە برد بافریای هەولێرو دهۆک و سلێمانی بکەوین! لەو فریا کەوتنەدا کەرکوکیش بەهەمان پرۆژەی بەفیدراڵیکردنی شارەکانی هەرێم ئەخەینەوە سەر باس و هەمان خەبات و هەمان داوا پێکەوە بۆ کەرکوکیش ئەکەین. بڵاوبونەوەو تەبەنیکردنی ئەم فکرە سیاسی و ستراتیژییە گۆڕانکارییەکی ریشەیی گەورەیە لەگوتاری گەلی کوردستاندا، مێژوی سەد ساڵی بیری سیاسی و حزبایەتی کورد ئەگۆڕێ و ئەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەدوایدا گۆڕانکاری گەورە لەکایەکانی ژیانی کودەواریدا، ئەکات، دەمانخاتە سەر رێگەیەکی راستی خەباتی دەستوری و یاسایی کەهیچ هێزێک لەدنیادا بەمەرکەزی عێراقیشەوە ناتوانێ دەستەواژەکانی یاخیبوون و بێ قانونی بخاتە پاڵمان، مافی چارەنووسیشمان ئەداتە دەست خەڵکی خۆمان و راپرسی گشتی و بۆ هەتایە لەدەستی بەرژەوەندی حزب و کاست و ماڵباتی سیاسی دەریدەهێنێ. ئێمە کەدەستمان داوەتە پرۆژەی بەهەرێمکردنی سلێمانی، ئەو پرۆژەیە وەک وێستگەیەکی خەباتێکی فکری و ستراتیژی بۆ ئایندەی کوردو هەموو شارەکانی کورسستان دەبینین، بەڵام لەڕووی دەستورو یاسا بەرکارەکانی عێراقەوە، دانیشتوانی پارێزگایەک ناتوانن لەبری پارێزگاکانی تر هەمان داوا و پرۆژە پێشکەش بکەن، بەئەرکیشی ئەزانین بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەمان و گۆڕانکاری سیستەمی حوکمڕانی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەوانیش داوایان لێبکەین پشتیوانمان بن و تەبەنی هەمان پڕۆژە بۆ دیاریکردی چارەنووسی خۆیان لەکەرکوک ، هەولێرو دهۆکدا، بکەن و ئێمەش پشت و پەنای ئەوانین . ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی بیری کۆن و کۆنەپەرستی ، بەگژاچونەوەی رژێمی گەندەڵ و نادادی و بەرژەوەندیەکانی خێزان و کاستە سیاسییەکان، گۆڕانکاری گەورە لەکۆمەڵگەدا، زەمینەو زەمینی نوێ، بیری سیاسی نوێ و هیمەتی نەوەی نوێی ئەوێ . رێگەش دورو دژوار بێت یان نا، لەهەنگاوێکەوە دەستپێدەکات
سەرتیپ وەیسی له دانیشتنی ئهمڕۆی پهرلهمانی كوردستان خوێندنهوهی یهكهم بۆ پێشنیازی یاسای (ڕێكخستنی میدیای ئهلیكترۆنی لهههرێمی كوردستان-عێراق) كرا . تاوهكو ئێستا ههرێمی كوردستان یاسایهكی تایبهت به( تهلهفیزۆن و رادیۆ) ی نییه، ئهوهی ههیه یاسایی ژماره 35ی ساڵی 2007 ی كاری رۆژنامهوانییه كه ئهویش زیاتر تایبهته به ڕۆژنامه و كاغهز، كه كاتی خۆی یهكێك بوو له یاسا باشهكان له پهرلهمان دهرچوو، بهو پێیهی لانیكهم جۆرێك له ئازادی بۆ رۆژنامهنووس تێدایه، بهڵام ئهو كات سهندیكای رۆژنامهنووسان و رێكخراوهكان و بهشێك زۆر له ڕۆژنامهنووسانی ئههلی و سهربهخۆش دهستیان ههبوو له دهرچوواندنی یاسایه، جگه لهوهش خولی ئهوكاتی پهرلهمانیش برادهرانی لیژنهی یاسایی خهڵكی به توانابوون. ئێستا پهرلهمانی كوردستان وهك ئهوهی هیچ كاری دیكهی نهبێت، دهستی بردوه بۆ یاسایهكی ههستیاری وهكو ڕێكخستنی میدیای ئهلیكترۆنی لهههرێمی كوردستان، له كاتێكدا دهركردنی یاسایهكی ئهوها گرینگ، نه له توانای لیژنهی رۆشنبیری و یاسایی ئێستای پهرلهمانی كوردستانه، نه پرسیش به كهسانی پهیوهندیدار بهو بابهته كراوه، دهركردنی یاسایهك بهم شێوازه و بهو پهلهیهی ئێستا چهندین گرفت دهخوڵقێنێت، كه مومكین نییه ئێمهی ئههلی ئهو كاره ئهو شته بهسهرماندا تێپهڕ بكرێت چونكه : 1. دڵنیابن ئهو یاسایه له خولهدا بهم شێوهیه تێپهڕی، كه زۆرینهی پارتی دهسهڵاتی بهسهریهوه ههیه، وهكو یاسایی خراپ بهكارهێنانی ئامێرهكانی مۆبایل رۆژی یهكێكمان دهچینه زیندان. 2. دهركردنی ئهو یاسایه له ئههمیهت و رۆڵی یاسای كاری رۆژنامهوانی ساڵی 2007 كهمدهكاتهوه، دادگاكان پهنا بۆ ئهو یاسایه دهبهن، ههروهك چۆن ئێستا پهنا بۆ یاسای ئامێری خراپ بهكارهێنانی مۆبایل و یاسایی سزادانی عێراقی دهبهن. 3. باشه ئهو یاسایه له ئێستا چ زهروورهتێكی ههیه؟ ههنوكه میدیایه له دوای دروست بوونی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان، قۆناغی میدیای نوێشی تێپهڕاندووه چووینه قۆناغی دوای سهرههڵدانی تۆڕی كۆمهڵایهتی، نهك ڕۆژنامه ئێستا تهلهفیزۆنیش رۆڵی پێشووتری له دهستداوه. 4. دهركردنی ئهم ههموو یاسایه بهیهكهوه، دژ به یهك بوون له نێوانیان یاساكان دروست دهكات و ئهوكاتیش دادگاكان چۆنیان بووێت له نێوان ئهو ههموو یاسایه یهكێكیان ههڵدهبژێرن. دهكرێ ههموومان له دژی ئهو یاسایه بووهستینهوه، چونكه زۆرجار ئهوانهی یاسا دهردهكهن ئهگهر نیهتیشیان باش بێت، زۆر بهخراپی یاساكه دهردهكهن، لهبهرئهوهی ئههل و پسپۆری بابهتهكه نین، زۆرجاریش مهرامی سیاسی له پشتیانهوه ههیه، به تایبهت ئهم خولهی پهرلهمان كه زۆرێك له ئهندامانی پهرلهمان جارێ جیاوازی له نێوان بڕیار و رێنمایی و یاسا و دهستوور ناكهن، چ جای یاسایهكی لهم جۆره ؟!!! مادام یاسا بۆ ئێمه دهردهكرێ دهبێ پرسیشمان پێبكرێت تكایه... تكایه... تكایه !!! قسهی زۆر ههن له دهرچوواندنی ئهم جۆره یاسایه، بهڵام من كاتم نییه و جاڕێ سهرقاڵم، ئهگهر نا لهگهڵ هاوپیشهكانم گهورهترین كهمپین له دژی یاسایهكی لهم جۆره دروست دهكهین، بهڵام پێویسته رۆژنامهنووسان و سهندیكا و رێكخراوی میترۆ و خهڵكی ئهكادیمی بواری راگهیاندن له ئێستاوه قسهی خۆیان ههبێت و لێی بێدهنگ نهبن.
پشتیوان زاهیر 13 ساڵ بهسهر رێككهوتنی ستراتیژی نێوان یهكێتی و پارتیدا تێپهڕی، ئهو رێككهوتنهی بووه هۆی كۆتایی هاتن به شهڕی ناخۆو بوژانهوهی ژێرخانی ئابووری و سیاسی له ههرێمی كوردستان. ئهگهرچی میدیای ئههلی ئهوكات و گۆڕانیش كه تازه دروستببوو بهجدی كاریان بۆ لهبهریهكههڵوهشانهوهی ئهو رێككهوتنه دهكرد، بهبیانووی ناشهفافی چهند خاڵێك له رێككهوتنهكهدا لهبارهی نهوت و داهاتی ههرێمی كوردستان، بهڵام دواتر شینی ئهوانه بۆ ههریسهكهبوو. (بهداخهوه ئێستا میدیای ئههلی نهماوه)و گۆڕانیش شهریك و برابهشی پارتییه. جگه لهوانهش من لهبیرمه بهشێكی زۆر له سهركردایهتی ئهوكاتی یهكێتی لهژێر لێوهوه گللهییان له سهرۆك مام جهلال دهكرد كه یهكێتی تهسلیمی پارتی كردووه، بهڵام مام دووربینانهتر بیری لهو بابهته دهكردهوه له كاتێكدا یهكێتی نیوهی لێی جیاببووهوه گۆڕانی پێ دروستكرابوو، بهڵام بههێزی رێككهوتنامهی ستراتیژی پارسهنگی هێز رێككرابۆوه، لاوازی جهماوهری یهكێتی تهواو شاردبووهوه، بهڵێ ئهوكاته بوو ئهگهر وهزیرێك پارتی بوایه مهرج بوو جێگرهكهشی یهكێتی بێت. تهنانهت له پێكهێنانی حكومهتی بنكهفراوانیش بههۆی رێككهوتنامهی ستراتیژی تاڕادهیهك ئهمه رهچاوكرا. سهرهڕای ئهوهی من خۆشم وهك ئهندامێكی یهكێتی تێبینیم لهبارهی رێككهوتنهكه ههبوو بهڵام ئێستا دهردهكهوێت كه رێككهوتنی ستراتیژی یهكێتی و پارتی زامنی پاراستنی ژیانی خهڵك و قووتی خهڵك بوو لهبهرئهم خاڵانهی خوارهوه: 1- یهكێتی و پارتی دوو هێزی سهرهكین و دهوڵهتانی دراوسێ و دهرهوهش مامهڵهیان لهگهڵ دهكهن.. به یهكگرتوویان بههێزتر لهوهی ئێستا دهردهكهون و ناتوانن بۆ زۆر مهسهلهی گرنگ به ئاسانی زهفهر بهو دوو حزبه ببهن، رهنگه ئهمهش هۆكارێك بێت بۆئهوهی له دهستێكی دهرهكییهوه بهردهوام كار بۆئهوه بكرێت نههێڵن پارتی و یهكێتی وهكجاران لهیهكتری نزیك ببنهوه. 2- یهكگرتوویی ئهم دوو هێزه سهرهكییه له بهغدا كاریگهری راستهوخۆی لهسهر ژیانی خهڵك ههبوو. ههم بههۆی وجودی مام له بهغداو ههروهها لایهنه عهرهبییهكانیش حسابی ئهو یهكگرتووییهیان دهكرد و كارتهكانی دهست یهكێتی و پارتی بههێزتر بوون نهیاندهتوانی بهئاسانی یاری به مووچهو قوتی ههرێمی كوردستان بكهن، بهڵام ئێستا بهغدا بهم پهرتهوازهییهی ناو ماڵی كورد خۆشحاڵه. 3- له كهركوك و ناوچهدابڕێندراوهكان یهكێتی و پارتی دهسهڵاتی باشیان درابوێ و هاوشێوهی ههرێمی كوردستان مامهڵهیان دهكرد، لهو بڕوایهدام له دوای ریفراندۆمیش بهو یهكگرتووییه بمانایهوه 16ی ئۆكتۆبهر رووینهدهدا. ئهمانهی باسم كرد بوون به رابردوو، پرسیار بۆ خهڵكی خهمخۆری ئهم وڵاته ئهوهیه چی بكرێت؟ چۆن وابكرێـت جارێكی تر پرسه نیشتمانی و نهتهوهیهكانمان له لێواری لهناوچوون راست بكهینهوه؟ چۆن وابكهین خهڵكی كوردستان لهم نههامهتییه رزگار بكهین؟ بهڵێ .. باشترین كار ئهوهیه ئهمجاره رێككهوتنامهی ستراتیژی فراوانتر ئهنجام بدرێت، بهڵام ئهمكارهش دیسان به رێككهوتنی پارتی و یهكێتی دێته بهرههم بهڵام ئهمجاره سهرجهم هێزو لایهنهكانیش بهێننه چوارچێوهی رێككهوتننامهكهیان، ئهوكات بهدڵنیاییهوه بهرهنجامی یهكڕیزی ناوماڵی كورد ههموومان لێی دهحهسێینهوه.
عادل باخەوان چەند پرسیارێکم لەسەر ڕوداوەکانی عێراق و کوردستان بۆ هاتوە و بەشێك لە خوێنەرەکانم چاوەڕوانی وەڵامن. من بە کورتی و لەم چوارچێوەیەی خوارەوەدا ڕوداوەکان دەبینم: 1. موستەفا کازمی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات و پێیوایە ئەوە تاکە چارەسەرە بۆ دەرچوون لەو کۆڵانە داخراوە کە هەموو عێراقیەکانی تیادایە. 2. من پێموایە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دەمانخەنە بەردەم گریمانەی جەنگێکی ناوخۆی خوێناویتر لەو جەنگەی کە لە نەوەدەکاندا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕویدا. 3. جەنگێکی ناوخۆی لەم جۆرە کۆتایی بەو عێراقە دێنێ کە سەد ساڵ لەمەوبەر پرسێ کۆکس دروستیکرد. 4. بەبۆچونی من تراژیدیای عێراق لە نەبونی گرێبەستێکدایە لەنێوان هەموو ئەوانەی کە بڕیارە عێراقی بن. بەریتانیەکانی بیستەکان و ئەمەریکیەکانی دوهەزارەکان سەرکەوتوبون لە دروستکردنی عێراقدا، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی عێراقی دروستبکەن. 5. ئەوەی تائێستا عێراقی وەک دەوڵەت هێشتوەتەوە، تەنها ئیرادەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە. لە گریمانەی جەنگی ناوخۆدا، ئەو ئیرادەیەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت. 6. ئەوەی جێگای تێبینیە مامەڵەکردنی سوننە و کوردە لەگەڵ ئەم گریمانەیەدا. بەبۆچونی من هیچ یەکێک لەم دوو ئەکتەرە لە ئاستی تێگەشتن و دروستکردنی ستراتیژی نزیکە مەودادا نین لە بەرامبەر هەڵوەشانەوەی عێراقی شیعەدا. 7. سوننە گیرۆدەیە بەدەست پرسی نوێنەرایەتیکردن و داعش و خێڵ و وردوخاشبونی شار و گوندەکان و گەندەڵی و پاکتاوی مەزهەبیەوە. 8. کورد، تازە "دارە دارە هەستە پێبگرە بەهارەیەتی!" دوای بیست و هەشت ساڵ حکومەتی سەربەخۆ، تازە بەدوای ئەوەدا ئەگەڕێن کە چۆن مەکتەبی سیاسی ڕێگا بە پەرلەمانبدات کۆببێتەوە! 9. لە نەبوونی ستراتیژی کاراو بەهێزی سوننی و کوردا، دڵخۆشبونی سوننە و کورد بە هەڵوەشانەوەی عێراق بێ بنمایە، چونکە لە کۆتاییدا ئەکتەرە گەورەکانی وەک ئێران و تورکیا و سعودیە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ئەکتەرەکانی سیستمی ئەنتەرناسیۆنال، بڕیار لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی دەدەن، نەک سوننە و کورد.
دانا ھەڵەبجەیی 26/7/2020 خۆکۆتایی پێھێنان لە دیاردەیەکی کەسیەتی و کۆمەڵایەتییەوە ئەکرێتە ھەنگاو و پەرچەکرداری سیاسیی و پەیامی داخوازییەکی تاکیی و گشتی. جاران لە کۆمەڵگە داخراوەکانی خێڵ و گوندەواردا، کچان و ژنان بە ناچاری پەنایان بۆ خۆسوتاندن و خۆکوشتن ئەبرد، لە ناچاری و نادادی کۆمەڵگە و نەبوونی دەزگا و بنکەیەکی بەھاناچوون و ھاوکاریی کۆمەڵایەتی و یاساییدا. بۆ توێژینەوەی ئەم بابەتە دەیان کتێبی دەرونناسی و دەرونشیکاری و کۆمەڵناسی بەر دیدم کەوتووە، لە ئەنجامدا بەم ئامانجانە گەیشتووم کە کەسی خۆسوتێنەر و خۆکوژ لەم خاڵ و ھۆکارانەدا چڕ ئەبنەوە: * گەیشتن بە خاڵی كۆتایی و بنبەستی ڕێگا چارەکان. * گەڕان بە دوای زیان گەیاندن بە بێھێزترین و بەردەستترین کەس کە خودی خۆ کوژەکە خۆیەتی. * تۆڵە و جەرگبڕینی نزیکان و ئازیزانی سەبەبکارانی کەسی خۆکوژ. * پەرچەکردار و پەیامی خۆ کوژ بۆ کەسی ھۆکارمەند و ئەوی تری تایبەت. * نەبوونی جۆش و خرۆشی بەگژاچوونەوەی ھۆکارمەند(المسبب) و نەخوێندنەوەی لۆژێکانەی دەوروبەر. *ترسان لە دۆڕاندن و زیان گەیاندن لە ململانێ و جەنگی ھۆکارمەنددا. * نەبوونی ھاوڕێ و ھاودەمی متمانەپێکراو و دەزگای تایبەتمەند. * بچووک و کورتبینیی ھۆشیاری و شیکارکاری دۆخەکە. * وا تێگەیشتن کە کۆتایی خۆی کۆتایی و چارەی کێشەکەیە. * خۆ ڕگارکردن و خۆتەواوکردن لە فشاری دەروونیی و ھزریی و نائومێدی و دڵەخورپێییەکانی کە توشی خۆکوژ بوون. ئەمانە کورتکراوەی ھۆکارەکانن، بەڵام لە کۆمەڵگەیەک کە بەھا و شکۆی مرۆڤی تیا سفرە، مرۆڤی تێدا ئامانج نییە، تەنیا وەک کارەساتێک و خورپەیەک خۆکوشتن کار ئەکات، نەک وەک وروژاندن و شۆڕشاندنی کەسەکان و ھێنانەدی ئامانج و ئومێدەکانی خۆکوژ. ھەر بۆیە کاریگەری و ھۆکاری خۆکوشتن و خۆخنکاندن و خۆسوتاندن، لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان جیاوازی ھەیە. ھەر بۆیە من پێم وایە ھەر کەسێک گەیشتە دۆخی خۆکوشتن، باشترە تەڕ و وشکی ھۆکارەکەی بسووتێنێت، نەک خودی خۆی؛ چونکە ھیچ خۆکوشتنێک ئازایەتی نییە و سەبەبکاریش ئەوەندەی تر لە سەر عەقڵییەتی خۆی و ملھوڕی خۆی بەردەوام ئەبێت. بە خۆکوشتن قەد نادادپەروەری نابێتە دادپەروەری،،،،.
بەیار عومەر عەبدوڵا وتەیەک هەیە دەڵێت (کورد ئەوەی لە شەڕدا بەدەستیدەهێنێت، لە دانوستاندا لەدەستی دەدات). ئێرانیەکان بەپێچەوانەوە، بە درێژایی مێژوو، ئەوەی لە شەڕدا دۆڕاندویانە، لە دانوستاندا وەریانگرتۆتەوە. دانوستان یەکێکە لەو زانستانەی دەخوێندرێت؛ چەند مەدرەسەیەکی دانوستان هەیە. یەکێک لەوانە مەدرەسەی ئێرانە، کە پشودرێژی یەکێکە لە خەسڵەتەکانی. ئێرانیەکان بەناوبانگن بەوەی کە لە مێژودا لە زۆربەی دانوستانەکاندا براوە بوون؛ ئەوەی بە شەڕ لەدەستیانداوە، بە دانوستان وەریانگرتۆتەوە. لە ساڵی ١٩٤١ لە سەروەختی جەنگی جیهانی دووهەمدا، ڕوسەکان باکور و ئینگلیزەکان ناوەڕاست و باشوری ئێرانیان داگیرکرد. ئینگلیزەکان لەگەڵ ئەمریکیەکاندا لە ئێرانەوە چەک و نەوت و پێدوایستیان بۆ ڕوسەکان دەنارد بۆ شەڕی ئەڵمانەکان. ئێرانیان ناونابوو پردی سەرکەوتن. سەرۆکی ڕوسیا، جۆزێف ستالین (Joseph Stalin) و سەرۆکی ئەمریکا، فرانکلین ڕۆزڤڵت (Franklin D. Roosevelt) و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ویستۆن چەرچڵ (Winston Churchill)، ساڵی ١٩٤٣ لە تارانی پایتەختی ئێران کۆبونەوە و بڕیاریاندا کە دوای کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووهەم، لە ماوەی ٦ مانگدا ئێران چۆڵبکەن. بەڵام دوای کۆتایهاتنی جەنگ ستالین پەشیمانبوەوە و ئامادەنەبوو باکوری ئێران چۆڵبکات. لە ساڵی ١٩٤٦ دا ڕووسەکان یارمەتی کورد و ئازەریەکانیاندا کە دوو دەوڵەت لە باکوری ئێراندا بۆ خۆیان دابمەزرێنن، کۆماری مهاباد و کۆماری ئازەربایجان، پایتەختەکانیان مهاباد و تەبرێز بوو. سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران ئەحمەد قەوام (Ahmad Qavam)، چوو بۆ لای ستالین و توانی ڕووسەکان قایلبکات کە دەست لە پشتیوانی کورد و ئازەریەکان هەڵبگرن، بەرامبەر پێدانی هەندێک بیرەنەوتی باکوری ئێران لە سەر دەریای قەزوین. سەرەنجام دەوڵەتی ئێران توانی کۆماری مهاباد و ئازەربایجان لەناوبەرێت و خاکی دەستبکەوێتەوە. لای سەرکردەی زیرەک و نیشتیمانی، خاک گرنگترە لە هەموو فاکتەرەکانی تر، چونکە خاک فاکتەرێکی نەگۆڕە و دەمێنێتەوە، بەڵام پارە و نەوت دەشێت وشک بکەن و نەمێنن. دوای تێپەڕبونی ساڵێک، واتە لە ١٩٤٧ دا، پەرلەمانی تازە لە ئێراندا هەڵبژێردرا و دەنگیان لە دژی ئەوەدا کە نەوتی باکوری ئێران بدرێت بە ڕوسەکان و بەڵێننامە نەوتیەکانیان هەڵوەشاندەوە. واتە ئێرانیەکان لە قۆناغی یەکەمدا خاک و لە قوناغی دوهەمدا نەوتیان دەستکەوتەوە. کاتێک ڕوسەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی، ئەحمەد قەوام وتی لە دەسەڵاتی مندا نیە و پەرلەمان بڕیاریداوە. دوای ئەم ڕووداوە ئەحمەد قەوام بە (ڕێویە پیرەکە) ناویدەرکرد. زۆرینەی سەرکردەکانی ئێمە بە پێچەوانەوە کاریان کردوە. ئەوەی کورد بە شەڕ بەدەستیدەهێناوە، ئەوان بە دانوستان لەدەستیانداوە. یەکەم لەبەر خۆشباوەڕی و نەشارەزایی لە دانوستاندا، دووهەم لەبەر کاڵبونەوەی هەستی نیشتیمانی و زاڵبونی بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی و حزبی بەسەر بەرژەوەندی نیشتیمانیدا؛ زۆر جار پارە و نەوت دەخەنە پێش مەسەلەی خاکەوە، لە کاتێکدا پارە و نەوت کۆتایی دێت و خاک دەمێنێتەوە. سێهەمیش لەبەر ناکۆکی ناوخۆیی، ئامادەن سازش بۆ دوژمن بکەن بۆ یەکتر شکاندن. یەکێک لە یاساکانی دانوستان ئەوەیە کە دانوستانکار نابێت هیچی بۆ خۆی بوێت، بۆ ئەوەی نەکەوێتە سازشکردن لە پێناوی بەدەستهێنانی پۆستدا. زۆر جار وەفدەکانی کورد دانوستان دەکەن بۆ چونە حکومەت لە هەولێر یان لە بەغدا، دوای چەند مانگێک هەندێک لە ئەندامانی وەفدەکە پۆستی حکومی وەردەگرن. ئەو جۆرە دانوستانانە تەندروست نین، چونکە وەفدێک داوای پۆست و بەرژەوەندی بۆ ئەندامەکانی وەفدەکە بکات، سازشی زیاتر دەکات لەوەی پێویستە بکرێت. گرنگە ئێمەش پەند لە میللەتان وەربگرین و لانی کەم وابکەین ئەوەی لە شەڕدا بردومانەتەوە، لە دانوستاندا نەیدۆڕێنین. هەروەها مەسەلەی خاکمان لە نەوت و پارە و پۆست لاگرنگتر بێت، لە هەمووشی گرنگتر بەو مەرجە وەفدی دانوستان دیاریبکرێت کە بۆیان نەبێت هیچ پۆست و بەرژەوەندیەک بۆ خۆیان داوابکەن، بەڵکو هەوڵی بەدەسهێنانی ماف و بەرژەوەندی میللەت یان ئەو لایەنە بدەن کە نوێنەرایەتی دەکەن.
چیا عەباس پێشەکی دەبێت بڵێم لاهور شێخ جەنگی لە غیابی سیاسی مام جلال و دوای وەفاتی و نەخۆشی هێرۆ خان ورد و ژیرانە کاری بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناو یەکێتی و ناراستەوخۆش لە ژیانی سیاسی و حوکمرانی هەرێمدا کردوە. بێگومان گەر ئەم زاتە لە بنەماڵەی تالەبانی نەبوایە زۆر ئەستەم بو دەرفەتی بۆ برەخسێت ئەو پێگەیەی ئێستا بەدەست بهێنێت. هەوڵەکانی لاهور بۆ گەیشتن بەو پێگەیە، بەدەر لە ئاکامە رێکخراوەیی و سیاسیەکانی، بە بوێری و تموحی رەوا دەبینم، چۆن بەوە گەیشت و چی پێدەکات، لە مەقامی یەکەمدا کاری یەکێتییەکانە بە هەمو ئەتیافەکانیەوە وەڵام بدەنەوە. ئەرکی دەرەوەی یەکێتیە چاودێر بن و هەڵسەنگاندنی دروست بۆ هەڵوێست و کارەکانی پەیوەست بە پرسە گشتیەکان بکەن. بە بەراوردکردن بە سەرکردە کلاسیکیەکانی هێزەکانی تر لاهور زەمینەیەکی مێژویی تۆکمەی نیە بۆ ئەو پێگەیەی ئێستا، ئەمەیان لە دەرەوەی دەسەڵات و خواستی ئەودا بوە، بەڵام خۆشی بوێت یاخود ترش ناتوانێت چاو لەو راستیە دابخات، گەر مامەڵەی دروستیش لە گەڵ ئەو راستیەدا نەکات بێگومان بۆ نەیار و رکابەرەکانی چەکێکی بەهێزە دژی بەکاری بهێنن. هەرچەندە لاهور پشتگیریەکی بەرچاوی نەوەی گەنجی هەیە وهێزی چەکدار و پارەیەکی زۆریشی لە بەردەستدایە، بەڵام لە ئێستادا لە نێوان دو پاڵەپەستۆی بەهێزدا گیرساوەتەوە، لەلایەک بنەماڵەی بارزانی و پارتی و لەلاکەی تریشەوە بەشێک لە جەمسەرە دێرینەکانی یەکێتی و دڵەراوکێی هێزەکانی تر. نان ئەو نانەیە ئەمرۆ لە خوانە، با باسی ئێستا بکەین. بۆ خۆم دو جار لاهورم بینیوە، جارێک سەرپێی لە سلێمانی و جاری دوەم چەند ساڵێک لە مەوبەر لە سیمینارێک لە یەکێک لە هۆڵەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسڵ، لە سیمینارەکەدا وتارێکی بە زمانی ئینگلیزی دەرباری تێرۆریزم و داعش پێشکەش کرد کە شایستەی بایەخدان و گوێگرتن بو. ئەوەشی شایستەی ئاماژە پێکردنە زۆر موحافزکارانە باسی هەندێک تەوەری گرنگی کرد، هۆکارەکەشی گەراندەوە بۆ ئەوەی لەو شوێنەدا پێویست بەو شێوازە دەکات. هەڵسەنگاندنەکەی ورد بو، چونکە زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی ئاژانسەکانی هەواڵگری و ئاسایشی وڵاتانی ئەوروپا و چەند رۆژنامەگەرێک ئامادەی سیمینارەکە بون. ئەم شارەزایی و لێهاتوەی لە بواری هەواڵگری و ئاسایشدا ئۆتۆماتیک نایکات بە سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکی حەکیم و وردبین و بەهێز، بەشێک بیت لە بنەماڵەی تالەبانی و سەرکەوتن لە بوارێکی سیاسی و هەواڵگریدا مۆڵەتی بی خەتم نین بۆ سەرکەوتن لە بوارەکانی تری سیاسی و حوکمرانیدا. جمال عبدالناصر، جیڤارا، تیتۆ، ئاپۆ، نەوشیروان مستەفا، مەلا مستەفا، مام جلال، خومەینی، مەندێلا، ونستۆن چەرچڵ، بوشی باوک، مۆگابێی زیمبابۆ و چەندین سەرکردە و سیاسەتمەداری تر کە لە سایەی خەبات و مێژودا خاوەنی کاریزمای تایبەت بە خۆیان بون، لە چەند بوارێکدا لێهاتو و کارا بون بەڵام لە کۆی گشتی پرۆسەی سیاسیدا دوچاری داکشان و شکستی گەورە و ئازاردەر بونەتەوە. ماوەیەکە لاهور خۆی لە قەرەی گۆرینی نەخشەی سیاسی و حوکمرانی هەرێم دەدات، ئەمەی گرتۆتە بەر پشتئەستور بە پێگەی لە ناو یەکێتیدا و بە ئەزمونی لە دژە تێرۆردا و بەو هێزە چەکدارەی دەوری و ئەو پارەیەی دەستی دەکەوێت، چەندین گومان و پرسیار بەرامبەر ئەو هەوڵانە سەریان هەڵداوە، بۆچی؟ یەکەم: وەک لە سەرەتای وتارەکەدا ئاماژەم پێداوە لاهور خاوەنی زەمینەی مێژویی بە هێز نیە، دوەم: لە ناو یەكیتیدا ناحەز و رکابەری بەهێزی خاوەن مێژو و ئەزمونی هەیە، سێیەم: لە دوای کارەساتەکانی ئۆکتۆبەر چەندین گومان و پرسیار دەرباری رۆڵی لەو روداوانە سەریان هەڵداوە، چوارەم: هاوپەیمانی و پشتئەستوری سیاسی ئەو لە عێراق و ناوچەکە بە چەند کەسایەتی و هێزێکە کە شایستەی متمانەی میللەتی کورد نین، پێنجەم: نەفەس و نیەتی بەرەنگاربونەوەکانی پەلەیی و خەسڵەتەکانی تٶلەسەندنەوەیان پێوە دیارن، شەشەم: دەنگۆی بازرگانیەکانی وەک دەهۆڵی پارشێو دەبیسترێن و .... تاد. لاهور کاردەکات بۆ لاوازکردنی پێگەی بنەماڵەی بارزانی و پارتی، تا ئێستاش زۆر رون و ئاشکرا نیە نیەتی ئەم کارکردنەی بۆ چاکسازی و گۆرانکاریە یاخود هاندەری تر لە پشتیەوەن! سەرەرای ئەوەی مافی هێزەکانە ئازادانە لە هەمو سوچێکی کوردستان کار بکەن، بەڵام کاتێک کەسایەتیەکی وەک لاهور دەڵێت چەقی کاری سیاسەتکردن دەبەنە هەولێر و بادینان، بۆ هەوادارانی خۆی ئەم بانگەشەیە حەماس و هەڵچون دەوریژێنێت، بۆ کەسانێکی خاوەن ئەزمون مەترسی و دڵەراوکێ، کاتێک دەڵێت تەنها مەرجەعی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە فڵان کەسایەتی یەکێتیە سەرجەم تیمی حزبەکەی لە حوکمرانیدا ئیحراج دەکات، کاتێک لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا کاری پەرڵەمان سست دەکرێت و بێئەوەی ئەڵتەرنەتیڤێک بخاتە رو ( هەرچەندە ئەو پەرلەمانە بەم شێوەیەی ئێستای لە ئیفلیج ئیفلیجترە)، رەفتاری تاکرەوی بەبیر دەهێنێتەوە و ....تاد. منداڵی سەر بێشکەش تێدەگات هەمو هەوڵ و تەقەڵڵای لاهور بۆ لاوازکردنی پێگەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیە و بۆ فشارکردن لە سەریان تا خودی ئەو وەک سەرکردەیەکی نوێی یەکێتی قبوڵ بکەن و مامەڵەی راستەوخۆی لە گەڵدا بکەن، پێدەچیت زەمینەی بەهێزی ئەم هەوڵانەی لە دڵی خۆیدا هەڵگرتوە، لەو حاڵەتەدا بێگومان لە دوا مەتەفدا بە تەنیا دەمێنێتەوە. ئەرکێکی گرنگی مێژو بە ئاگاهێنانەوەیە، لاهور شێخ جەنگی دەتوانێ سودی زۆر لەم راستیە بکات. تەحجیمکردنی بنەماڵەی بارزانی و پارتی، تایبەت لەم دۆخە زۆر ئاڵۆزەی عێراق و ناوچەکە، کارێکی ئەوەندە ئاسان نیە، لە مێژودا عوسمانلیەکان، ئینگلیز، حکومەتەکانی عێراق، بەرەی جەلالی، سەدام و دواتریش بە هاریکاری شای ئێران، ئەمریکیەکان، داعش، سەردەمانێک تورکیا، یەکێتی بە جۆرەها هەڵمەت، پەکەکە پشتئەستور بە قوڵایی ستراتیژی نەتەوەیی و شیعەکان پشتئەستور بە یەکێتی و نەیارەکانی پارتی هەوڵی زۆری لاوازکردن و پەرواێزخستنی پارتیان داوە، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا پارتی لە هەمویان قورتار بوە و بەهێزتریش بوە. ئەمە مەدحکردنی پارتی نیە بەڵام واقیعێکە پێویستی بە وردکردنەوە و بە تێگەیشتن لە کۆدەکانی هەیە، بەپێچەوانەوە هەر بەرەنگاربونەوەیەک لەوانەی پێشو باشتر نابن. تۆ بڵێی نهێنی ئەمە چی بێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تەوەری ئەم بابەتەی ئێستا نیە، مەبەستم بە ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسایەتی و هێزانەیە کە لە هەوڵێکی لەو جۆرەدان چاوێک بە مێژودا بخشێننەوە پێش ئەوەی خەڵک ببنە قوربانی هەوڵەکانیان و دۆخەکە سەختتر و ئاڵۆزتر بێت. تەسلیمبون بە پارتی و نەرمبونی رازیکەرانە کرداری بێ ئاکامن، لاهور لە هەوڵەکانیدا پەیامێکی دروستی ناراستەوخۆی راگەیاندوە: شێوازی مامەڵەکردنی یەکێتی لە گەڵ پارتی لە بنەرەتدا دەگۆرێت. ئەوەی تا ئێستا بەرچاو کەوتوە هەوڵەکانی لە گەڵ بازنەیەکی بچوکی داخراوی دەوری خۆیدا چر کردۆتەوە، بۆیە دۆخەکە پێویستی بە دۆزینەوەی رێگەیەکی بەرفراوانتر و کراوەتر و گشتگیرترە تا ئەم دۆخ و رەوشە ئاڵۆز و سەختەی سیاسی و حوکمرانی تێپەرێندرێن. ناشێت کەس دەرک بەو راستیە نەکات کە دۆخی ئێستای هەرێم بەرهەمی نزیکەی سی ساڵی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە، لاهور ناتوانێت خۆی و حزبەکەی لەو بەرپرسیاریەتیە بە چەند لێدوان و کردار قورتار بکات، ئەوەی پێویستە بکرێت دان نانە بەو واقیعە و داوای لێبوردنە لە خەڵک و چرکردنەوەی هەوڵەکانی راستکردنەوەی دۆخەکەیە بە نەفەسێكی کراوە و دور لە دۆگمای شەخسی وحزبی. لە لێدوان و کرادارەکانی لاهور پێدەچیت لە راستیەکی واقیعی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابوری و حوکمرانی باشور ورد نەبوبێتەوە کە هەوڵی گۆرانیان دەدات. زیاتر لە نیو سەدەیە باشوری کوردستان بە دابەشکردنی جوگرافیای سیاسی و سەربازی و ئابوری و هەواڵگری راگیراوە، مەخابن ئەمە ئیرسێکە تا ئەمرۆش رەنگدانەوەی خەستی لەسەر رەوشی هەرێم هەیە. مام جلال وەک سەرکردە و سیاسەتمەدارێکی موحەنەکی بە ئاگا ئەم راستیە مێژوەییەی بە رێکەوتنی ستراتیژی لە گەڵ پارتی پارادۆکسانە بەرجەستەکرد، خوالێخۆشبو گیرۆدەی گرێکوێرەیەکی مێژویی بو بۆ سرینەوەی و بۆ راگرتنی ئەو هاوسەنگیە لاسەنگە ئامادەی زۆر سازشکردن بو، ئێستا بەشێک لە نەوەکانی دوای خۆی گیرۆدەی ئەو مێژوە و تێرامانیان بۆ ئایندە بون بێئەوەی زەمینەی مێژویی بەهێزیان هەبێت، هەولێک پێویستی بە هەڵوەستەکردنی جدی هەیە. هاتنە پێشەوەی لاهور و گەنجەکانی تر لە ناو یەكێتیدا روداوێکە شایستەی لێکۆڵینەوە و باسکردنە، لەو باوەرەدام گەر مام جلال لە ژیاندا بوایە زۆر ئەستەم بو ئەوە روبدات، ئەم راستیە بۆ کاك نەوشیروانیش بەکارە، سەبارەت بە دەسەڵاتدارانی ناو پارتی و لە حوکمرانیدا رۆڵی بنەماڵەی بارزانی رێژەیەکی نەگۆرە. لاهور لە ناو گەنج و نەوەی تورەبوی کوردستان هەواداری بەرچاوی هەیە، بێگومان ئەمە سەرمایەکی کەم نیە، دەشێت لەو راستیە تێبگەین زۆربەی ئەم هەواداری و پشتگیریە ئاوێنەیەکە بۆ نمایشکردنی خواست و تورەیی و هەڵچونی ئەو یاخیبوانە بەرامبەر بە دۆخی هەرێم لە سایەی هەڵوێست و کردارەکانی لاهوری شێخ جەنگی. وەک خەمخۆرێکی پرسی نەتەوەکەم و هەوادارێکی چاکسازی و گۆرانکاری لە کۆتاییدا ئەم رستەیەم بۆ لاهور شێخ جەنگی هەیە: وەک موخەزرەمێک سیاسەت و رەفتار مەکە، بەڵکو وەک واقیعبینەرێکی سەردەمانەی هێمن و پشودرێژ، ئەوسات زۆر شتی تر فێردەبیت و چێژیان دەکەیت...! کار بۆ پاراستنی یەکگرتویی خاک و نەتەوە و سەروەریەکانیان بکە. تێبینی: ئەم نوسینەم رای شەخسی خۆمە و هیچ پەیوەندی نیە بەو ئاراستە سیاسیە و ئەو هاورێیانەی بەیەکەوە تێیدا کاردەکەین.
هیمن قادر ھەنگاوەکانی چاکسازی دەستی پێ کردەو بە ھەنگاوی خێرا دەچنە بواری جیبەجیکردنەوە لە رابردوا زۆر باس لە چاکسازی کراوە بەلام ھیچ لە کابینەکانی رابردوودا وەک ئەو کابینیە خاوەن بریاری خۆی نەبووەو مەرجی سەرەکی گۆرانکاریە لە خەرجیەکان لە بوارە گرنگەکان ئەویش بە ئیرادەیەکی بەهێزە وهیچ کەس لێ بەدەر نابێت و چاکسازی راستەقینەو لە پێناوی هاولاتیان و بەرژەوەندی گشتی دەکرێت. بیرکردنەوەو خواستێکی گەورە هەیە لە کابینەی برا گەورەدا بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری، لەو هەنگاوە گرنگانەوە دەستپێدەکات کە پەیوەندییەکی قوڵیان هەیە بەو تەوەرە هەر بنەڕەتی و سەرەکیەکانەوەی وەک سەرچاوە ئابورییەکان و سیستمی ئابورییەکی زانستی و سیاسی کە توانستی لێکدانەوەو گۆڕانکاری و بەرپرسیارێتی بخولقێنێت. یەکیکی تر لە ھەنگاوەکانی ئەو کابینەیە تەرکیزی لەسەر ئیدارەدانی قەیران دەبێت و دەیکات بە پرۆژەیەکی نیشتیمانی دوور لە ناکۆکی سیاسی ناوخۆ. ئەمەش ئاماژەیەکی بەهێزە کە هەوڵی جیدی هەیە بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر چاکسازی پێویست بۆ بنیاتنانی بناغەی ئابووریەکی پتەو. بۆیە بەردەوام لەگەل ھیزەکانی تر کە بەشدارن لە حکومەتدا ئاڵوگۆڕیی بۆچوونەکان دەکەن دەربارەی ئاستی ئەم قەیرانە و تاوتوێکردنی چاکسازیەکان بە شێوەیەکی شەفاف. دواجار کابینەی برا گەورە ئەجێندای فراوانی بۆ چاکسازی هەیە بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی ئابووری پتەو بە گشتی ئەوە مایەیی دلخۆشی بە گشتی لە سەرتاسەری ھەرێمدا ویستی سیاسی ئەوتۆ و بەهێز هەیە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە گشت ئاستەکاندا ئەوەش بۆ زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانە پێوستی بە ھەنگاوەی ھەموانە.
سەردار قادر ساڵیادی دامەزراندنی گۆڕانە ، كەسانێكی زۆر لەو یادەدا یادوەری خۆی هەیە ، كەسانێكی زۆر لەو بزوتنەوەیە هاتن ورۆیین . كەسانێك هەر لە گردەكەن ، كەسانێك گردیان جێ هێشت ، هە موان ئەوەی لە گردەكە ماوەو ئەوەی ئەوێشی بە جێ هێشت ، قسەی خۆی هەیە . زەمەنێك دروست بووە چی بڵێ ی لەسەر گۆڕان ، لێكدانەوەی جیاوازی بۆ ئەكرێت . قسەت و نوسینت وەك ووشەكان لێ وەر ناگیرێت ، وەك لێكدانەوەیەك لێ وەرناگیرێت ، هەموو ئەبێتە پرسیار ؟؟ لە خانەو رێكخەری گشتیە وە نزیكیت ؟ لە كورەكان نزیكیت یان نا ؟ لە برادەرەكانی خوار گردەكەی ؟ خۆت زویری ؟ یادی گۆڕان و قسەكردن لەسەر بزاوتەكە پێش وەختە ئەم پرسیارانە ئەكرێت . ئەوەی وونە گۆران چی كرد و لە ئێستادا چی ئەكات و داهاتووی چیە ؟ یێ ترس لە پرسیارە نا ئا ساییەكان ، گوزەرێك ئەكەم بە سەربووردەی گۆڕاندا . گۆڕان وەك پرۆژەیەكی دوای پەیامی سبەی ، دوای باڵی ریفۆرم ، دوای هەنگاوی سەرەتای كۆمپانیای ووشە ، وەك دوا هەنگاوی سیاسی رەحمەتی كاك نەوشیروان ، چی كرد و لە ئێستادا بەرەو كوێ ئەروات ؟؟ گۆڕان وەك گوتاری سەرەتا پرۆژەیەك بوو بۆ گۆرانكاری لە حوكم رانی ، پرۆژەیەك بوو بۆ عەدالەتی كۆمەڵایەتی ، كۆكردنەوەی دەنگە نارەزاییەكان بوو . گۆڕان سەرەتا لە دەروازەی میدیاوە دەست بەكار بوو دواتر بەرەو بزاوتێك و بەشداری هەڵبژاردن و لە قۆناغی یەكەمدا ، بووە ئۆپۆزسێۆن ، كە خاوەن 25 كورسی بوو . دواتر بەرەو دەسەڵات بووە دروشم كورسی دانەیەكی كەمی كرد . دواتر دەركردن و گەرانەوە بۆ گردەكە ، جارێكی تر بەشداری هەڵ بژاردن و كورسی كەمی كرد بەرەو دوانزە كورسی ، سزای خەڵك گۆڕانیشی گرتەوە . لە ئێستادا بەشداری دەسەڵات بە خەونی چاكسازی كە ئەوترێت چاكسازی وەهمێكە تانوپۆكەی دیار نیە ؟؟؟ گۆڕان سەرەتایەكی پر لە بەرەنگاری هێنایە پێشەوە بێ پەنا بردنە چەك ، خەباتێكی پەرلەمانی و مەدەنی گرتە بەر . گۆڕان دەروازە بوو بۆ را جیاوازەكان و كرانەوەو فرە ئایدۆلۆجیا بوو. پرسیاری یەكەم ئەوەیە ، بە 25 كورسیەوە بەشداری نەكرا بەردەوام بوون لە ئۆپۆزسێۆن بوون لە ئێستادا بە دوانزە كورسیەوە ، بەشداریەكی شەرمنانەی دەسەڵات . ئەوكات كاك نەوشیروان رێكخەرو هەناسەی بەردەوام بۆ ئۆپۆزسێۆن بوون ، ئێستا رێكخەر و خانە كشانەوە بە جۆرێك لە تەخوین ئەبینن ؟؟؟؟ جارانێك جۆرێك لە كاری دامەزراوەیی لە گۆڕان ئەبینرا لە ئێستادا هەر كەسەو ئاوازێك و وونی خیتابی گشتی بزووتنەوەكە . جارانێك گۆڕان دروست كەری ئومێد بۆ تاكی كوردی ، لە ئێستادا گۆڕان خۆی بۆتە بێ ئومێدی . جارانێك گۆران و فیگەرەكانی ، نمونە بوون بۆ هەڵسانەوە ، بۆ بەردەوامی ، بۆ هیواو ئومێد ، لە ئێستادا هەموو ئەوانە گۆرانی بەسەردا هاتووەو گۆڕان بۆتە پەیژە بۆ هەندێ كەس بۆ گەیشتنە پۆستێك و مووچەیەكە خانە نشینی بەرز ، بۆ سیاسیە دێرینەكانیش بەردەوامی مانەوە لە سیاسەتدا . گۆڕان زۆرێك لە قارەمانی پۆپۆلیسی دروست كرد ، داتا و پلانی درێژ خایەن و زانستی هیجرەتی كردووە . جاران گۆران خیتابی بەردەوامی هەبوو بۆ قۆناغە جیاوازەكان و ئامادە باش بوو بۆ هەر گۆرانكاریەك دێت و دەروا . گۆڕان بە گشتی پێویستی بە خۆچوونەوەی هەیە بێ ترس و تۆمەت دروست كردن بۆ یەكتری ، پێویستی بە هەڵ سەنگاندنی گشتی هەیە . ئەوەی حەرفێكی ووت و نوسی دوژمن نیە ؟؟؟ رێكخەر و خانە هەقە كەمێك زیاتر كراوە بن ؟؟؟ گۆڕان و كۆمپانیای ووشە هەقی خۆیەتی پەیوەندی نێوانیان بە دامەزراوەیی بكەن . خەمی گشتی ببێتەوە بەرنامە گشتیەكە ، پرۆژەی سیاسی گوزەر بكاتەوە بە ناوەخنی گۆڕاندا . خوانی گۆڕان خوانی دەنگە جیاوەزەكان بێت ، تێ كۆشەرەی دێرینەكان بە قەناعەتەوە هاوكاری گەنجەكان بن ریتمێك دروست كەن كە پشت و پەنا بن و تا مردن هەر نابێت بەر پرس بن .
د.گۆران عەبدوڵا جەنابت لە وەڵامی مامۆستایەکی ئاینی قەدرگران ئەمەی خوارەوەت فەرموە: "ڕێگا نادەم هیچ كەسێك لەدەوروبەری خۆم و لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێگەكانیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاربهێنن”. پێمان باش بو لە بارەی ئەم قسەیەی جەنابتانەوە چەند راستی و تێبینیەکت بەخەینە پێش چاو کە تایبەتن بەو لێدوانەت لە پەیوەست بە سیستمی تەندروستیەوە. پرسیاری ئێمەومانان بۆ جەنابت ئەوەیە: ئاخۆ هیچ بوارێکی تەندروستی ماوە کادیر و بەرپرسەکانی حیزبەکەی جەنابت بۆ بازرگانیکردن دەستیان بۆ نەبردبێ و پێگە حیزبی و ئیدارییەکانیان بۆ مەبەستی شەخسی بەکارنەهێنابێ؟ لە خوارەوە چەند نمونەیەکەت دەخەینە پێش چاو هیوادارین بە دڵ فراوانیەوە تێبینیان بکەی. با لە بازرگانی دەرمانەوە دەستپێبکەین. ئایە هیچ دەرمانێک، کۆمپانیایەک، کۆگایەکی دەرمان ماوە بەرپرسەکانی حیزبەکەی جەنابت پشکیان تیا نەبێ؟ ئایا ئاگاداری ئەوەی کە بەرپرسەکانی حیزبەکەت پسپۆرییان لە بازرگانیکردن بە جۆرەها دەرمان وەرگرتوە کە بە رێگای شەرعی و ناشەرعی و قاچاخەوە دەرخواردی خەڵکی دەدەن؟ ئەگەر ئەمە بەکارهێنانی پێگەی حیزبی و ئیداری نەبێ بۆ مەبەستی شەخسی ئیتر چی ناوێکی تری لێ ئەنرێ؟ ئایا جەنابت ئاگاداری کە بە دەگمەن نەخۆشخانەیەکی تایبەت دەدۆزیتەوە کە بەرپرسێکی سیاسی و ئیداری حیزبەکەی جەنابت خاوەنداری نەکا یا پشکی تیا نەبێ؟ ئایا دەزانی کادیری ئیداری سەر بە حیزبەکەی جەنابت هەیە پێگەکەی خۆی بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی بینایەک لەناو جەرگەی شاری سلێمانی و کردویەتی بە نەخۆشخانەی تایبەت؟ ئایا نازانی بەرپرسی باڵا هەیە لە حیزبەکەی جەنابت کە عەرزی بەلاشی دراوەتێ و ملێۆنان دۆلاریشی لە حکومەت وەرگرتوە و نەخۆشخانەی تایبەتی پێدروستکردوە و خەڵکی پێ ئەروتێنێتەوە؟ ئایا نازانی کۆمپانیای سەر بە حیزبەکەی جەنابت مۆڵی پزیشکی دروستدەکا و پزیشکان و کارمەندان لای خۆی دەکاتە کۆیلە و کەرتی گشتی لە نەخۆش و تەندروستکار روتانوەتەوە؟ ئەگەر ئەمانە بەکارهێنانی پێگەی حیزبی بۆ مەبەستی شەخسی نەبێ ئەی چین؟ ئایا ناپرسی یەکێتی نیشتیمانیی لە ٢٠٠٧ەوە وەزارەتی تەندروستی لا بو ئایا وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی سەر بە حیزبەکەی جەنابت لە خۆ دەوڵەمەند کردن زیاتر چی سودێکیان بۆ تەندروستی گشتی هەبوە؟ ئایا ناپرسی بۆچی کادیرەکانی حیزبەکەت بە پیلان و بەرنامە ئیشیان بۆ لاوازکردنی کەرتی گشتی کردوە بۆ ئەوەی بزنسەکانی ئەوان قازانج بکا؟ ئایا نازانی کادیرەکانی حیزبەکی جەنابت کەرتی گشتیان ئیفلیج کردوە و دەرمانیان لە نەخۆشخانە گشتیەکان نەهێشتوە بۆ ئەوەی دانیشتوانی خانوە قوڕەکان ناچار کەن لە نەخۆشخانە و دەرمانخانە تایبەتەکانی ئەوان بەدوای چارەسەر بگەڕێن. ئەگەر ئەمە بەکارهێنانی پێگەی حیزبی بۆ مەرامی شەخسی نەبێ ئەی ناوی ئەنێی چی؟ ئایا نازانی کادیری باڵای ئیداری تەندروستی سەر بە حیزبەکەی جەنابت هەیە لە راقیترین شوێنی سلێمانی ڤیلای هەیە و باخی فراوانیان هەیە و پشکیان لە نەخۆشخانەی تایبەت هەیە؟ئەگەر ئەمە بەکارهێنانی پێگەی سیاسی و حیزبی نەبێ ئەی چۆن پێناسەیان دەکەی؟ جەنابی هاوسەرۆک، بەکارهێنانی پێگەی حیزبی و ئیداری بۆ مەبەستی شەخسی و تایبەت لە لایەن کادیرەکانی حیزبەکەت و لە سیستمی تەندروستی لەوە دەرچوە ڕێگەی لێ بگیرێ. ئەم بابەتە بوەتە شێرپەنجەیەک و بە هەمو جەستەی سیستمی تەندروستی بڵاوبوەتەوە و مەگەر بە کیمیاویی و زەڕە چارەسەر بکرێ. ئەگەر جەنابتان جیدیین لە گەڕانەوەی حیزبەکەتان وەکو خۆتان ئەڵێن بۆ یەکێتی خانوە قوڕەکان، فەرمون لە تەندروستیەوە دەستپێبکەن. ئەگەر ڕاست ئەکەن، ئەو بەرپرسە تەندروستیانەی سەر بە حیزبەکەتان دەرکەن کە لە یەک کاتدا پۆستی حکومی و پشکیان لە نەخۆشخانە و کۆمپانیای تایبەت هەیە. فەرمون با ئەو بەرپرسانەتان کە ئەرز و پارەی لە ماڵی گشتی وەرگرتوە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت، بیگەرێنێتەوە. با بەرپرسە حیزبیەکانتان پۆستە ئیداریەکانیان بەکاربهێنن بۆ بوژاندنەوەی کەرتی گشتی تەندروستی بۆ خزمەتی خانوە قوڕەکان نەک بۆ دروستکردنی ڤیلا و باخ و مەزرەعە بۆ خۆیان. با بەرپرسە حیزبیەکانت پێگەکەیان بەکاربهێنن بۆ پێدانی دەرمان بە نەخۆشەکانی شێرپەنجە نەک دروستکردنی مۆڵی پزیشکیی بۆ روتاندنەوەی خەڵک. تا ئەمانە بە کردار نەکەن و دەرئەنجامەکانی نەبینرێن، نیشانەی پرسیاری جیددی دەکەوێتە سەر هەر بەڵێنێکی لەو جۆرەی لە لێدوانەکەتدا خستوتە ڕو.
رزگار رەزا چوچانی - سوید کۆکردنەوەی ئەمجارەی پارتی و یەکێتی لەلایەن سەرۆک ( نێچیرڤان بارزانی)یەوە، هەنگاوێکی پڕ بایەخ و مێژوویی بوو، پڕ بایەخ بوو لەوەی، رێگەی نەدا تاودانی وتارە رق ئامێزەکانی سیاسییەکان بگوازرێتەوە بۆ ناو پەڕلەمان، رێگەی نەدا لەپەڕلەمان هەستی پەراوێزخستن و تەحەداکردنی یەکتری کورد دروست ببێت. مێژوویی بوو، کەرێی نەدا لە ساڵیادی ئەو پەیمانەی کوردستانی تیادا دابەشکرا، دابەشبوونی سیاسی لەکوردستان رووبدات، بە پێچەوانەوە لەساڵیادی ئەو دابەشکردنەدا یەکخستنی هەڵوێستی کورد و کۆبونەوەی کوردی لەژێر چەتری یەک سەرۆکایەتیدا راگەیاند. ئەم رۆژانە ساڵیادی پەیمانی لۆزان بوو، ساڵیادی ئەو پەیمانەی کوردستانی دابەشکرد، چاوەڕوان بووین لەوکاتەدا پەیمانی نیشتیمانی هێزە کوردستانیەکان ببەسترێت، هێڵە سورە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان دیاریبکرێت، دابەشبوون و پەرتەوازەبوونی هەڵوێستی کورد حەرام بکرێت. پێکەوە بۆ وەستانەوە بەڕووی پیلانەکانی دژ بەکوردستان، هێرشەکانی سەر سنورەکانی وڵات، کێشە ئابورییەکان و پەتای کۆرۆنا، تاوسەندنی رووداوەکانی رۆژهەڵات و دەرکەوتنی گۆڕانکاری حەتمی لەناوچەکەدا، لایەنەکانی کوردستان دەست لەناو دەست بڕیار بدەن و ئەرک لە ئەستۆ بگرن. بەداخەوە لە جێی ئەوە، تەواو بە پێچەوانەوە، وتاری ئاگرینی دژ بەیەکی حزبییەکان تاودرا، لەلایەن خودی کورد خۆیەوە هەڕەشەی دابەشکردنی زیاتری کوردستان کرا لەو دابەشبوونەی لۆزان کردی. بەو هۆیەوە ترس و نیگەرانی دیسان دڵی دڵسۆزانی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، ترس لەوەی تا ئەمرۆش هێزگەلێکی زۆر هەن ناکۆکی ناوخۆیی کورد بقۆزنەوە، نیگەرانی لەوەی، ساڵیادی پەیامە شومەکانی دابەشکردنی وڵاتیشمان نەبۆتە پەند بۆمان. بەڵام لەم کاتەشدا جارێکی تر سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەکو بەڵێنی دابوو، سەرۆکایەتی وڵاتی کردەوە چەتری کۆکردنەوەی هەمووان، بووەوە هەوێنی یەکبوون، هۆکاری رەواندنی ترس و گۆڕینی بێهیوایی بە هیوا. لە ساڵیادی ئەو پەیمانەی کوردستانی تیا دابەشکرا، تەحەدای یەکترکردنی کوردی گۆڕی بۆ دەستخستنە ناو دەستی یەکتر، کوردی یەکخستەوە، هانیدان بەسەر ناکۆکییەکاندا زاڵ بن و پێکەوە بن. رێگەی نەدا لەساڵیادی دابەشکردنماندا لەپەڕلەمانی کوردستان دابەشبوون رووبدات و بەرەو دابەشبوونی دیکەمان ببات. بیری هێناینەوە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکێکی خاوەن بەڵێنە، سەرۆکێک کە بەڵێنی داوە، سەرۆکایەتی بکاتە چەتری کۆکردنەوەی هەموومان، سەرۆکێک کە بەڵێنی داوە دەستبەرداری یەکڕیزیی گەلەکەی نابێت.
بەهمەن تاهیر نەریمان لە فەلسەفەی کلاسیکدا دوو زاراوەی گرنگ هەن، باس لە بوونێکی شاراوە و بوونیکی کردارەکی دەکەن، ئەو دوو زاراوەش (بوون-بەهێز و بوون-بەکردار)ن. بوون-بەهێز(الوجود بالقوە) و بوون–بەکردار(الوجود بالفعل) ئەو دوو چەمکە بوون کە لە فەلسەفەدا بۆ (جووڵەو بوون) بەکارهاتوون. بوون-بەهێز پێش مەرجی بوون-بەکردارە، بوون-بەهێز بوونێکە هێشتا دەرنەکەوتووە و دەبێت دەربکەوێت، بوون-بەهێز هیچ وجودێکی واقعی نییە، هەتا نەبێت بە وجودێک لە کەتوار(واقع)دا کاریگەریی لەسەر دەرەوەی خۆی نابێت. بەڵام توانایەکی شاراوەیە و جۆرێکە لە بوون. بۆ نمونە، لەناو بەڕوویەکدا ئیمکانییەتی داربەڕوویەک بەشاراوەیی هەیە، ئەم ئیمکانیەتە دەبێت کەشوهەوای بۆ بڕەخسێنرێت و بێتەدەرەوە، هەتا کەشوهەوای بۆ نەڕەخسێت، ئەم بوونە، بەشاراوەیی دەمێنێتەوە، هەر بۆیە بەم بوونە دەوترێت بوونی ئەگەری، واتە ئەگەری ئەوەی هەیە دەربکەوێت، ئەگەری ئەوەشی هەیە دەرنەکەوێت و بۆ هەتاهەتایە بەشاراوەیی بمێنێتەوە. ئەم بوونە (بوون-بەهێز یان بوونی ئەگەری و شاراوە-potential existence)یە. کاتێک بەڕووەکە لە خاک و کەشوهەوای گونجاودا چێنرا، ئیتر خۆراک لە دەوروبەرەکەیەوە وەردەگرێت، ئەو خۆراکە دەگۆڕێت بۆ دەرکەوتنی ئیمکانییەتە شاراوەکانی ناو بەڕووەکە، لێرەوە ڕووەکێک لە دایکدەبێت، لە بوونی شاراوە و بوون-بەهێز، دەگۆڕێت بۆ بوون-بەکردار، جوڵە لەبوونێکەوە بۆ بوونێکی تر ڕوودەدات. بوون-بەکردار، بوونێکی بەرچاوەو هەیە، دەرکی پێدەکەین، لەشاراوەیی و ئەگەری دەکەوێت و دەبێت بە هەبوو. ئەگەر ئەم دوو زاراوەیە بۆ حزبی کوردی بەکاربێنین، ئاوای لێدەکەین: هەموو حزبێک کاتێک لەدەرەوەی دەسەڵات دروستبووە و هێشتا نەچوەتە ناو دەسەڵات، دەبێت لەبەرانبەر وەرگرتنی دەسەڵاتدا، بوون-بەهێز هەبێت، واتە دەبێت لەناو ئەم حزبەی دەرەوەی دەسەڵات توانای شاراوەی تێدابێت بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، ئەگەر ئەم توانایەی تێدا نەبێت و هەوڵی دروستکردنی کەشوهەوای چونەسەردەسەڵاتی نەبێت، ئەوە بە چەمکە نوێکەی حزب، حزب نییە، چونکە حزب دەبێت پڕۆژەی گرتنەدەسەڵاتی هەبێت. لەباشترین حاڵەتدا، ڕەنگە یەکێک بێت لە گروپەکانی فشار، ئەو گروپانەی کە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرن، بەڵام، مادام حزب نین، ئەگەری ئەوەیان تێدا نییە بچنە سەر کورسیی دەسەڵات. بۆیە، گروپی فشار، نە دەسەڵاتن-بەهێز، نەدەسەڵاتن-بەکردار. حزب لەم ڕووەوە پۆلێندەکرێت بۆ دوو گروپ، ئەو حزبانەی لە دەسەڵاتدان، ئەمانە دەسەڵاتن-بەکردار و بوونیان لەناو دەسەڵاتدایە و لەسەر کورسیی دەسەڵات دەبینرێن، توانا شاراوەکەیان بۆ بەڕێوەبردن و دەسەڵات دەبێت لەو ماوەیەدا دەربخەن، دەسەڵاتی ڕاستەوخۆن و لەسەر کورسیی فەرمان و بەڕێوەبردن دانیشتون. (لێرەوە، لەبەر ئەوەی باسی دەسەڵات دەکەین، بەپێی پێویست، بوون-بەهێز... دەگۆڕین بۆ دەسەڵات-بەهێز، هەروەها بوون-بەکردار دەگۆڕین بۆ دەسەڵات-بەکردار). گروپی دووەم ئەو حزبانەن لە دەسەڵاتدانین، و حزبی ئۆپۆزسیۆنن، ئەمانە (دەسەڵاتن-بەهێز)، بەڵام (دەسەڵاتنین-بەکردار)، مادام دەسەڵاتن-بەهێز، ئەگەری ئەوەیان هەیە ببنە دەسەڵات-بەکردار. بەڵام حزبی ناو دەسەڵات و کورسی، کاتێک ئێستا دەسەڵاتن-بەهێز، دەبێت، چاوەڕێی ئەوەش بکەن ڕۆژێک بێت ببنە دەسەڵات-بەهێز و ئۆپۆزسیۆنبن-بەکردار(بێگومان ئەمە لە سیستمی دیمۆکراتیدا). ئالێرەوە حزبی ناو دەسەڵات، دەسەڵاتن-بەکردار، دەبێت ئۆپۆزسیۆنیشبن-بەهێز(توانای ئۆپۆزسیۆنبونیان تێدا هەڵگیرابێت و بڕاوشیان پێی هەبێت). حزبی ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت ئۆپۆزسیۆنبن-بەکردار، دەسەڵاتبن-بەهێز(هێزی بون بەدەسەڵات تێیاندا بەشاراوەیی هەبێت). ئیتر لێرەوە بۆ ئەم گۆرانکاریانە دەبێت بەیاسا سیستمی حزبی ڕێکبخرێت، بۆ هەر حزبێک شانسی ئەم جوڵە و شوێنگۆڕکێیەی دەبێت هەبێت. کەواتە حزبی ناو دەسەڵات؛ بوونی خۆی بەکردار سەلماندووە، لەناو خۆشیدا هەڵگری تۆوی ئۆپۆزسیۆنبونە و دەکرێت لە هەڵبژاردنێکدا ببێت بە ئۆپۆزسیۆن-بەکردار و دەسەڵات-بەهێز یان بەشاراوەیی. حزبی ئۆپۆزسیۆنیش ئۆپۆزسیۆنە-بەکردار و دەسەڵاتیشە بە هێزی شاراوەو هەمیشە ئەو توانایەی تێدایە ببێت بە دەسەڵات-بەکردار. لە هەرێمی کوردستان یاسای حزبەکان ڕێی بە فرەحزبی و فرەیی سیاسی داوە، بۆیە، لێرە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر حزبین، هەردوو حزب (یەکێتی، پارتی)، وەک دوو حزب، بە کردار لە دەسەڵاتدا بوون، دەبوو ئۆپۆزسیۆن بن بەهێزی شاراوە، کۆی حزبەکانی تر، دەبوو دەسەڵاتبن-بەهێز، ئۆپۆزسیۆنبن-بەکردار. کێشەی قووڵ لێرەوە سەرهەڵدەدات، ڕاستە پارتی و یەکێتی دەسەڵاتبوون-بەکردار، بەڵام هەرگیز ئۆپۆزسیۆن نەبوون-بەهێز. بۆیە ئەوان هەر زوو، هێزی چەکدێریی سەربەخۆیان بەناوی حکومەتەوە بەردەوامیی پێدا، بەڵام هیچ کات سەر بە حکومەت نەبون، سەر بە پارتی و یەکێتی بوون. دوای ڕاپەڕینیش، بەهێزی سەربازی، بزوتنەوەی ئیسلامیی چەک دەکەن، ئیتر ناوچەی هەژمونی پارتی، هەر پارتی دەسەڵاتبوو-بەکردار، زۆنی یەکێتیش یەکێتی دەسەڵاتبوو-بەکردار، بەڵام هیچیان ئامادەیی ئەوەیان تێدانەبوو، بۆ هیچ هێزێک، ئۆپۆزسیۆنبن-بەهێز و ئەگەری ئەوەیان بۆ خۆیان دانەناوە کورسیی دەسەڵات دەستاودەستبکەن(ئەمەش کرۆکی کوشتنی دیمۆکراتییەتی سیاسییە). یەکەم هێز، خۆی بێچەک تاقیدەکاتەوە، یەکگرتوی ئیسلامی(٦-٢-١٩٩٤ دامەزراوە) بوو، ئەم هێزە، لە قۆناغێکدا، دەبێتە هێزیکی جەماوەریی بەهێز، لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا، ململانێی هەڵبژاردن لەهەولێر لەگەڵ پارتی و لە سلێمانی، لەگەڵ یەکێتی دەکات، بەڵام هیچکات نەکرا ببێتە دەنگی یەکەم، بگرە دەنگەکانی نزیکیش نەدەبووەوە لە دەنگی ڕکابەرەکەی(پارتی و یەکێتی). بۆیە یەکگرتوی ئیسلامی هیچکات، نەی توانی ببێتە ئۆپۆزسیۆنێک کە ئیمکانیەتە شاراوەکەی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات دەربخات، بەپێچەوانەوە، لە ئاستی سەرەوە، زۆر کشاوو نەرم و ئیسفنجی بوو، ئاسان دەی توانی لە دەسەڵاتدا بەشداری پێبکرێت، بەڵام هەرگیز نەی توانی، بەکردار، هاوبەشی سیاسیی بێت. لە ٢٥-٧-٢٠٠٩، بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەریی لەیەکەم هەڵبژاردندا دەردەکەوێت، نزیکەی چواریەکی دەنگەکانی هەرێم بۆ خۆی مسۆگەردەکات. ئەم بزوتنەوەیە، دوای یەکگرتوو، دەبێتە ئەزمونی دووەمی هێزی بێچەک، کە بڕوای بەهێزی جەماوەری هەیە گۆڕانکاری بکات و لە هێزێکی دەسەڵات-بەهێز، بگۆڕێت و ببێت بەهێزێکی دەسەڵات-بەکردار. بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاوات و خولیای جەماوەرێکی زۆر دەبێت بە بزوتنەوەیەکی یاریکەر، بەڵام کاتێک لە یەکێتی دێتەدەر، بەقەد ئەوەی جەماوەر لەگەڵ خۆی دێنێت، بەهەمان ڕێژە، هێزی سەربازی لەگەڵ خۆی لە یەکێتی دانابڕێت، بەڵکو وەک شوڵی تەڕ دێتەدەرەوە. بۆیە، ئەم هێزە یەکلادەبێتەوە بۆ پشتبەستن بە هێزی نەرمی جەماوەر. سەرکێشییەکانی ئەم هێزە بریتیبوو لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە زۆنی سەوز و ڕاگەیاندنێک کە خۆی ناوی نابوو(تۆپخانەکەی گۆڕان). ئەم بزوتنەوە، نەی توانی سەرکێشی و پڕکێشی ئەوە بکات، ناڕەزاییەکان بباتە زۆنی زەرد، هیچ نەبێت، ئەو هێزە گەورەییەی جەماوەری ڕێکنەخست، بەپێ، بەرەو هەولێر پەڕجوویەکی سیاسی بکەن و تەوقی ترس لە هەولێر بشکێنن. بۆیە ئەم هێزە، بەرەبەرە کارتی جەماوەری لەدەستدا و خۆپیشاندانەکانی زۆنی سەوز بون بە ڕۆتین، بزوتنەوەکەش لە گەشەی جەماوەری کەوت و بوو بەهێزیکی ئاسایی، خەونی تەنها لەوەدا کۆبویەوە کەهێزێک بێت بەشداریی لە دەسەڵاتدا پێبکرێت، نەک ببێت بە هاوبەشێکی سیاسیی هەقیقی یان بەدیلی سیاسیی دەسەڵات. لە ئێستادا، بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزەکانی تری بێ چەک، نەک نەبوەتە دەسەڵات-بەکردار، بەڵکو بوتە هێزێک ئەو توانا شاراوەشی لەدەستداوە ئۆپۆزسیۆنێک بێت-بەهێز، کە ئەمشی نەما، بێگومان دەسەڵاتێکیش نییە-بەکردار. لە ئێستادا، پارتی و یەکێتی، دەسەڵاتن-بەکردار، بەڵام دەسەڵات نین-بەهێز، بە ئەزمون، ئەوەشیان سەلماندووە، دەسەڵات نابن-بەهێز. حزبەکانی تریش، نە دەسەڵاتن-بەکردار، نە دەسەڵاتن-بەهێز، شتێکن لەو نێوانەدا، هیچیش نین، تەنها زەخرەفەی ڕازاندنەوەی وەهمی فرەیین لە هەرێمی کوردستان، ئارایشتی جوانکردنی دەسەڵاتن-بەکردار، لە ئاستی کەسەکانی ناو حزب، لە پلەوپۆست و پارە سودمەندبوون.
پەیكار عوسمان گۆڕان و ئومێد گۆڕان بەمانای کەلیمە ئومێدبوو. بەڵام زیادە وەکو نوقسان وایەو گۆڕانیش زیاد لەپێویست ئومێدی هێنا. ئیتر ئەو زیادەیە سەری مایەی خواردو بوو بە نائومێدی. گۆڕان و پۆپۆلیزم گۆڕان هاتە سەر دۆخێك هەرچی بوتایە ڕاستبوو. دەی هەر وتنی ڕاستییەکە کافیبوو. حەماسەتبازی و هاشوهوش و مەنتقی قەرەباڵغی هیچ پێویست نەبوو. ئاخر کاتێ ڕاستی ئەخەیتە قوماری جەماوەربازییەوە، ئیتر بۆی هەیە بیدۆڕینیت، ئەگەرچی ڕاستییەکەش لای تۆیە! گۆڕان و هۆشیاریی ئەوە راستە کە گۆڕان پلەیەك هۆشیاریی سیاسی ئێمەی بەرزکردەوە. بەڵام بەهۆی ڕەشوسپیکردنی دنیاوە، جارێکی تر، هەر خۆی بووەوە بە ڕێگر لەبەردەم بەرزبوونەوەی هۆشیاریمان بۆ ئاستیکی تر. ئاخر ئەویش کرانەوەی نەهێنا، بەڵکو دیسان شتەکانی لە خۆیدا داخست و وتی من فریشتەم و ئەوانیتر شەیتان. دەی ئەمەش هەمان عەقڵە داخراوە کۆنەکەیەو هەر ئەمەشبوو کە پێویستبوو بیگۆڕین! گۆڕان و دەرفەت گۆڕان هەلێکی گرنگبوو بۆ هەستانەوەی هەرێم و دەستپێکردنەوەی سەرەتایەکی نوێ. هەر بۆ نمونە ئەگەر بڕێك لە دیدەکانی گۆڕان بخرایەتە چوارچێوەی حکومڕانیمانەوە، ئێستا بەم فەشەلە گەورەیەی حوکمڕانی نەگەیشتین. ئەوەش ڕاست نیە کە مێژوو غەدرمان لێئەکاو دەرفەتمان ناداتێ. ئەوە ڕاستە کە ئێمە خۆمان میلەتێکی دەرفەتکوژین. گۆڕان و هەماهەنگی کێشەیەکی گەورەی عەقڵیەتی ئێمە، مەسەلەی تاکڕەوی و هەرخۆم هەرخۆمە. سیاسەتی دروستیش هەماهەنگی و کاری هەمووانە بۆ ئامانجێکی گشتی. هەڵەی گۆڕان ئەوەبوو، کە ئەویش دیسان عەقڵیەتی هەرخۆمی تۆخکردەوەو ئەویش دیسان عەقڵیەتی هەماهەنگی نەهێنا. خۆ گۆڕان ڕێکەوتنی لەگەڵ ئەملاولایا ئەکرد، بەڵام پێشتر ململانێ ی تا ئەو ئاستە زبرو توندە بردبوو، کە ئیتر "متامەنە" هەر بەشێ ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکەی ئەکرد، نەك بەشی جێبەجێکردنی! گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن لە سیستەمێکی تەندروستا، حکومەت خۆی سوڵتەیەو موعارەزەش موعارەزەی حکومەتە. بەڵام لای ئێمە سوڵتەی راستەقینە لای حیزب و سەرکردەو بنەماڵەکانە نەك لای حکومەت. دەی گۆڕانیش ئەبوو موعارەزەی ئەو سوڵتەیەی دەرەوەی حکومەتبێ لە بەرژەوەندی دامەزراوەکان، نەك موعارەزەی سەرسەختی کابینەکەی بەرهەم ساڵحبێ، کە ئەیویست جۆرێك لە حکومڕانی تەندروست و دامەزراوەیی مومارەسە بکات! لەڕاستیداو لەو کاتەدا، سەرۆکی حکومەت و گۆڕان، هەردوکیان موعارەزەبوون و هەردوکیان هەمان شتیان ئەویست. کەچی لەبری ئەوەی پشتیوانی یەکبن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یاساو دامەزراوە، دوژمنانە بەرامبەر یەك وەستابوون لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە مافیاییەکانی دەرەوەی یاسا! گۆڕان و مۆدێل گۆڕان لەوەدا زێڕی هێنا، کە پەنای نەبرد بۆ مۆدێلی چەکداری. بەڵام لەوەدا خراپی هێنا، کە زۆرجار هەر بە عەقڵی چەك و نەفەسی شەڕ ململانێ ی ئەکرد! خۆ ئەگەر لەبری پەلەپەل و هەنێ خیتابی توندو ئینقیلابیی، خیتابێکی نەرم و نەفەسێکی عەقڵانیی درێژخایەن سەنتەربووایە. ئەکرا گۆڕان مۆدێلێکی تری عەقڵیەتی ئێمە بهێنێ و کۆتایی بە عەقڵە کۆنەبێت کە عەقڵی چەکە. یەعنی لەڕاستیدا، گۆڕان توانی چەك لە شان دانێ، بەڵام نەیتوانی چەك لە عەقڵ دانێ و "لە نەفەسدا" ئەویش هەر مۆدێلی چەكبوو! گۆڕان و ڕاگەیاندن ئەبوو گۆڕان، پرۆژەی هۆشیاریی و دەنگی عەقڵ بێت، نەك تەلەفزیۆنێك و دەنگەدەنگێك. ئاخر دەنگی عەقڵ لاسایی ناکرێتەوە، بەڵام دەنگەدەنگ لاساییئەکرێتەوەو شتێکی ناپێویستی وەکو "نەوەی نوێ" بەرهەم ئەهێنێ. دەنگی عەقڵ مەبەستم فکرو فەلسەفەو ئایدۆلۆژیا نیە. تەنیا مەبەستم خیتابێکی ئارام و ناحەماسی بۆ دەرەوەو کەمێك لێپرسینەوەو سزاو پاداشتە لەناوەوە. کە ئەمانە هیچیان لە گۆڕاندا، بەڕادەی پێویست نەبوون! گۆڕان و ئینساف ئینجا بەرامبەرەکەت پارتی و یەکێتی بێت و فشاری چەك و پارەو تەزویرو تەداخولاتی ئیقلیمیت لەسەربێ و کولتورێکی ناتەندروستی ململانێ ی سیاسی ئامادەبێ و هۆشیارییەکی کۆڵەواری کۆمەڵگاش لەولاوە وەستابێ.. بە ڕەچاوکردنی ئەوانە، گۆڕان لە هەنگاوی یەکەمیدا، بوونێکی فرە جوانبوو بە هەنێ ناشرینییەوە. ئەکرا لە هەنگاوی دووەمدا هەڵەو ناشرینییەکانی چاکبکات، نەكئەوەی خۆی ببێتە بوونێکی ناشرین! گۆڕان و پاشەکشێ بەڵام ڕێك پێچەوانەکەی کراو لەبری ئەوەی هەڵەکان چاكبکەن، بە هەموویان تێیکەوتن و خودی شتەکەیان خراپکرد! ئیتر حەرەسی قەدیم شەڕی دەسبەسەراگرتنی حیزب و حەرەسی جەدید هەڵپەی پەرلەمانتاری و وەزیری و هەمووشیان حەملەی کوتلەبازی و شکاندنی یەکتریان دەسپێکردو مەسەلەی میراتی و بنەماڵەش لەولاوە بوەستێ.. بەمانەو بە هەموویان گۆڕانیان لە پرۆژەی گۆڕانکاریی کۆمەڵگاوە گۆڕی بۆ ڕەقەمێك لەپاڵ ڕەقەمەکانی ترو دوکانێك لە پاڵ دوکانەکانی تردا. خۆ ئەگەر خۆیان لەناوەوە خراپیان نەکردیایە، ئەو هێزە هەرگیز بەکاری دەرەوە وای لێ نەئەهات! گۆڕان و عەقڵی ئێمە کێشەی عەقڵی ئێمە، ئەوەیە کە پەڕگیرەو حەدی وەسەتی نیە. مەسەلەن سەرەتا گۆڕانی لێئەبێ بە محەمەدی مەهدی و دواتریش گۆڕانی لێئەبێ بە شەیتانی لەعین. لەکاتێکا ئەمە هیچیان وانیەو هەردو تەسەورەکە کاردانەوەی عاتفین و هیچیان کاری عەقڵ نین. دەی گۆڕانیش نەهات عەقڵانیەت بهێنێ کە وەسەتیەت ئەکەوێتە ئەوێوە. بەڵکو ئەویش هەر یاری لەسەر پەتی حەماسەت کردو هەر چەقۆی پەڕگیریی تیژکردەوەو ئێستاش هەمان چەقۆیە کە کەوتۆتە سەر ملی خۆی. گۆڕان و ئاییندە لەئێستادا گۆڕان وەکو حیزب، ئەشێ لەوە کەوتبێ کە کەرەستەی ئاییندە بێت. بەڵام گۆڕان وەکو فیکرەی (گۆڕانکاری و چاکسازی و شەفافیەت و نەزاهەت و عەدالەت و دەوڵەتی یاساو ململانێ ی مەدەنی..) ئەمانە بەهاگەلێکی زیندون کە کۆننابن و هەمیشە فرێشن و نابێ بۆ ساتێکیش دەسیان لێبەردەین و لەو مانایەدا ئاییندە هەر بۆ گۆڕانە.
عەدنان تاڵەبانی بە مەسروركردنی حزب و حكومەت ئەجێندایەكی تازەی پارتی نیەو درێژكراوەی تەوریسی سیاسیە لە بارزانی باپیروە بۆ نەوەی سێیەمی بارزانی, لانیكەم لەسەرەتادا لەناو حزبەكەی خۆیانەوە دەستیانپێكردوەو هەموو دەسەڵاتە حزبی و حكومییەكان خراوەتە دەستی سەرۆكی حكومەتەوە. لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی دەوڵەت, سەرۆكی هەرێم و دامەزراوەكەی بێبایەخ كراون و تەنها رۆڵی تەشریفاتی و پرۆتۆكۆڵی و پێشوازیكردن لە وەفدەكان دەبینن, پەرلەمانیش بەهۆی لاسەنگی دەستەی سەرۆكایەتی و زۆرینەی پارتی, هەر ئەوەی پێدەكەن كە دەڕژێتە خزمەتی ئەو ئەجێندایەی پارتی, لەبری ئەوەی حكومەت لە ژێر چاودێری پەرلەماندا بێ, پەرلەمان لەژێر هەیمەنەی حكومەتدایە. لەسەر ئاستی حزبیش, هەرچی مەكتەبی سیاسی و ئۆرگانە حزبییەكانی تری پارتی-یە هیچ رەنگدانەوەیەكیان لەسەر پرۆسەی سیاسی نەماوەو كەمترین لێدوان و قسەیان لەسەر ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكاریەكانی كوردستان هەیە, دامەزراوەی بارزانی-یش كە تازە بۆ مەسعود بارزانی دروستكراوە, ئەگەرچی مەرجەع و دەسەڵاتی باڵایە لەناو پارتیدا بەڵام هیچ شك و گومان هەڵناگرێ ئەم دامەزراوەیەش كۆمەكی براگەورە دەكات بۆ ئەوەی گرفت و ئاڵنگارییەكانی بەردەمی وەلا بخات. دەستەواژەی براگەورە بۆ مەسرور بارزانی لای بنەماڵەكەی و لەناو پارتیشدا تەنها بەو مانایە نەخراوەتە ناو رای گشتیەوە كە لەبراكانی تری ناو خێزانەكەی گەورەترە بەڵكو براگەورەییە لە دەسەڵات و حكومدا, ئەمە لە ناو حزبەكەی خۆیدا قبوڵكراوە, بەڵام كاركردن بۆ ئەوەی لە سەر ئاستی گشتی خەڵك و سیستمی سیاسی بكرێت بە دیفاكتۆ بێگومان گرفتی گەورە دروست دەكات. كۆكردنەوەی هەموو دەسەڵاتەكان لە دەستی یەك كەسدا سەرباری ئەوەی لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسیەت و فرەییدا تەواو ناكۆكە, لەهەموو سەردەم و سەرزەمێنێكدا هەمیشە كۆتاییەكی تاڵ و وێرانكەری هەبووە, لە باشوری كوردستاندا لانیكەم لە مێژووی نزیكدا لەدوو قۆناغی جیادا تاقیكراوەتەوەو لە هەردوو قۆناغەكەشدا بەشكستی گەورە كۆتایی هاتووە. یەكەم: دوای ئەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دەچنەوە لای مەلا مستەفا و دەیكەنەوە بە بڕیاردەری یەكەم لە جوڵانەوەی سیاسی و چەكداری ئەوكاتی میللەتی كورد, ئەگەرچی ئەم یەكگرتنەوەیە بێ دەستكەوت نیەو كۆتایی بەشەڕ و یەكتر كوشتن دەهێنێت و تا رادەیەك كورد دەكاتەوە خاوەنی یەك هەڵوێست و یەك بڕیاری سیاسی, بەڵام ئەم تاك مەرجعیەی بارزانی بەزیانی گەورە تەواو دەبێت و بێ گوێدانە خەبات و قوربانی چەندین ساڵەی میللەتێك جوڵانەوەكەو كوردیش روبەڕوی شكست و ئاشبەتاڵ دەكاتەوە, بێگومان ئەو گروپەی لە مێژوی سیاسیدا بە باڵی مەكتەبی سیاسی ناودەبرێن ئەو هەڵە ستراتیژەیان نەكردایەو بڕیاری میللەتێكیان لە دەستی یەك كەسدا كۆنەكردایەتەوە بەدووردەزانرێت روبەڕوی ئەو شكستە بكرانایەوەو دواتریش بۆ هەڵگیرسانەوەی جوڵانەوەی چەكداری و سیاسی قوربانی گەورە بدەن. دووەم: دوای فەراغی تاڵەبانی و كۆچی نەوشیروان مستەفا, چۆڵبوونی گۆڕەپانەكە بۆ مەسعود بارزانی لەساڵی 2017 دا, بێلێكدانەوەی قوڵ و لەبەرچاوگرتنی پەیامی یار و هەڕەشەی نەیار بارزانی كوڕ لەریفراندۆمێكدا هەرێم و ناوچە كوردستانییەدابڕاوەكانی روبەڕوی شكستێكی تر كردەوە, كە زۆر كەس ئەم شكستەش لە ئاشبەتاڵی 1975 بە كەمتر نازانن. مەسرور بارزانی وەكو نەوەی سێیەمی بارزانییەكان لە دەسەڵاتدا بە جیاواز لەوانی پێشخۆی بڕوانامەی ئەكادیمی تا ئاستی ماستەر لە زانكۆیەكی بەناوبانگی جیهانی وەرگرتووەو زمانزانە, بەڵام هەمان عەقڵیەتی بۆ دەسەڵات هەیە و خۆشیی بە بەشكردنی دەسەڵاتەكاندا نایەت و لەماوەی یەك ساڵی تەمەنی لەحكومەتدا ئەدگاری كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە دەستی خۆیدا دەركەوتووەو تارادەیەك لە پایتەخت و زۆنی زەرددا لە ئاستی حزبەكەی خۆی و حكومەتدا سەركەوتوو بووە, هەوڵەكانیشی بەردەوامە بۆ ئەوەی لە رێی حكومەتەوە بە ئامانجی خۆی بگات و لە زاخۆوە بۆ كفری كەسی یەكەمی دەسەڵات بێت. بۆ رێگرتن لە ئەجێندای پارتی بۆ بنەماڵەكردنی دەسەڵات لە كوردستان و رێگرتن لەوەی تاكە كەسێك دەسەڵاتدار بێت, ئەركی هێزە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستانە كار بۆ فرەیی و چەسپاندنی دیموكراسیەت و دەستاودەستكردنی دەسەڵات بكەن, دامەزراوە دەوڵەتییەكانیش رۆڵی خۆیان ببینن و دوربن لە دەستوەردانی حزبی و شەخسی و دەسەڵاتەكانیش لە نێوان حكومەت و پەرلەمان و دەزگای دادوەری دابەش بكرێت.
عهدالهت عهبدوڵڵا حوكمدان لهسهر گوتاری ههر كاراكتهرێكی سیاسی لهناو مێژوودا، پرۆسهیهكی وا ئاسان نییهو یاری منداڵانیش نییه!. گوتار Discourse خۆی، به مانایهك له ماناكان، لێكدراوی كۆمهڵێك وتراو(منگوقات)و نهوتراو، بیروباوهڕو ههڵوێست، ستراتیژو تهكتیك، تێگهیشتن و زانیاری، ئاگایی و نائاگایی، زمان و زاراوه، ژیربێژی و ئاوهز، زارهكی و نوسراو، چهمكسازی و چهمكاندن، یاساو سیستهم، نهریت و مۆراڵ، تهنانهت حهزو ویست و هیواشه. دهرهێنانی ههریهكێك لهم رهگهزانه له تهونی گوتاردا، ڕێك وهك ههڵوهشاندنهوهیهتی!، كورد دهڵێ: ریسهكه دهكاتهوه به خوری. لهلایهكی تر، گوتار، لهناو یهك بڕگهی مێژوویی دیاریكراودا نزیككاریی بۆ ناكرێت، بهڵكو چینی جیاجیای ههیهو پێویستییان به ههڵكۆڵینه!. ئهوهی لهتێك له مێژوویهكی دیاریكراو دادهڕێ و دهیكاته پێوهر بۆ پێوانهكردنی كۆی مێژووی ههر بكهرو دیاردهو بابهتێكی سیاسی، ئهوا ئهگهر نهخوێندهواریش نهبێ، ئایدیۆلۆژستهو ئیشی پێیهتی!، دهنا دهبێ شتێك ئاگاداری ئهو بهڵگهنهویسته زۆر سادهیه بێت كه، تهنانهت ههموو قۆناغێكی مێژووییش، له روانگهی بیركردنهوهی زانستییهوه، زادهی زنجیرهیهك هۆكارو فاكتهرن كه بهشێكیان درێژكراوی قۆناغی پێشترن وهكچۆن بهشێكیشیان به خهیاڵ و خهونی قۆناغێكی مێژوویی دیكهن بۆ داهاتوو!. واته تهنانهت یهك بڕگه له مێژووی هیچ كاراكتهرێكدا نییه ههم گرێدراوی قۆناغی پێش خۆی نهبێ و ههم داهاتوو بزوێنهری نهبێ له ئاراستهكردن و جڵهوكردندا، بۆیه گوتار چوارپهلی لهناو ههموو مێژوودایه. ئهو پێشهكییهم بۆ ئهوهیه كه بڵێم: ههر جارێك كه باس دێته سهر باسی مام جهلال(1933-2017ز) و ههڵوێست و بیروباوهڕی لهبارهی زۆر دیاردهی سیاسییهوه، لهناویشیاندا، ههڵوێستی بهرامبهر به هێزێكی وهك پارتی، حوكمدانی سهیرو سهمهرهو ساویلكانهو ههندێجاریش دژبهیهك، دهبینین!. لهو نێوانهدا، سهرنجدهدهین كه وێنهی مام جهلال، لهكۆتاییدا، دهكرێته تابلۆیهكی شكاو و پارچهكراو و ههر پارچهیهك دهكرێته نوێنهری راستهقینهی تهواوی تابلۆكهو ههر پارچهیهكی تابلۆكهش وهك وێنهی راستهقینهو كۆتا وێنهی مام جهلال وێنا ئهكرێت!، ئهمهش نهك ههر گهمژهییه، بهڵكو غهدریشه، غهدر له زانست و زانین پێش ئهوهی غهدر بێ بهرامبهر به كاراكتهرێكی دیاریكراو. پێش ههر شتێ، پێموایه مام جهلال خاوهن گوتار بووه بهرامبهر به زۆر دیاردهی سیاسی و كۆمهڵایهتی و فهرههنگی. 65 ساڵ ئهزموون لهناو سیاسهت و جوڵانهوهی سیاسی و رهوته ئایدیۆلۆژییهكاندا كهم نهبوون بۆ ئهوهی ببنه هۆكاری بهرههمهێنانی گوتار لای مام جهلال، بهڵام راستی ئهوهیه ئهم گوتاره، به گشتی و له دواجاردا، تا چهند بۆته رێبازی سیاسی و تا چهندیش كۆمهڵێك نهریتی سیاسیی لهناو نهتهوهی كوردداو به تایبهتی له باشووردا به جێهێشتووه؟ بابهتێكه بۆ لێكۆڵینهوه، سادهترین پرهنسیپی زانستییش ئهوهیه كه پێشوهخت، نه لایهنگری هیچ بهشێكی ئهم گوتاره بین و نه له دژیشی بوهستینهوه، چونكه له بنهڕهتدا، تا ئێستا، ئهم گوتاره ئاشكرا نهكراوه ئهگهر نهڵێین شێوێنراوه!، لهباشترین حاڵیشدا گوڵبژێرانه Selective و بهپێی گوتارێكی سیاسی، یان ئایدیۆلۆژی، یان سایكۆلۆژیی دیاریكراو مامهڵهی لهگهڵدا كراوه، لهجیاتی ئهوهی له سیاقی مێژوویی خۆیشیدا، چینه جیاجیاكانی ئاشكرا بكرێت، لهبری ئهوهی رایهڵ و پهیوهندییهكانی به هێزو مهعریفهو به دهسهڵات و مێژووهوه بزانرێ، حوكمی لهقووتوونراو ئایدیۆلۆژییانهی بهسهردا دراوه!. بۆ زانینی گوتاری مام جهلال، چ جای بهرامبهر به پارتی كه ههم بكهری گهورهی ناوی و ههم بهرههڵستكاری گهورهی مێژووییشی بوووه!، ههم سهرخهرو ههم لێدهری بووه، ههم تیایدا خاوهن دهسهڵات و ههم لهدهسهڵاتخراوی ناوی بووه، ههم ستایشكراو و ههم نهفرهتلێكراوی بووه و ..هتد، پێویستیمان به لێكۆڵینهوهی زانستی ههیه. گرفتهكه له باشووری كوردستاندا ئهوهیه كه، ململانێ سیاسییهكانی ناو مێژووی 70 ساڵی رابردوومان، كاریگهریی گهورهیان لهسهر چهندین نهوه، به خوێندهوارهكانیشمانهوه، دروست كردووهو رێیان پێ نادات كه بهسهر خودێتیی خۆیاندا زاڵ ببن و بابهتییانه لهم جۆره پرسانه بكۆڵنهوه. لێكۆڵهری زانستی له باشوور، لهم بوارهدا دهبنه سێ تایپ، ستایشكار، زهمكار، گوڵبژێركار(إنتقائی) كه ههر سێكیان ههرچییهك بن، زانستی نین، له بنهڕهتیشدا، پێشوهخت گومان له توانای ههموو توێژهرێك دهكرێت كه هێزی رووماڵكردنی كاروانێكی 65 ساڵهی له مێژووی سیاسیی كارهكتهرێكدا ههبێت و هێزی شیكردنهوهی گوتاری ههبێ، چ جای بێت و بیهوێ له رێی كۆكردنهوهی ههندێ ئهدهبیات، یان سهربوردهو گێڕانهوهی دۆست و نهیار، یان وتاری كاڵوكرچی(نوسهر)ان، یان ههندێ یاداشتنووسینی كهسانێكی مێژوونووس، یان كۆمهڵێك چاوپێكهوتن، یان لهئهرشیفی تهلهفزیۆنییهوه، یان له چهلهحانێی سهروهختی ململانێی نێوان هێزه سیاسییهكانمانهوه، ئهم كاره بكرێت!، من پێموایه بۆ ئاشكراكردنی ئهو گوتاره تهنانهت خودی یاداشتهكانی مام جهلال-یش، كه ئهگهر خۆیشی بینوسیبایه، هێشتا نهدهبوونه پێوهری تهواو بۆ ناسینی گوتاری ئهم سهركردهیه. ئهوانه، ههموو كۆمهڵێك زانیاری و داتای پچڕ پچڕن، هیچ هێزێكی شیتاڵكردن و شیكارییان تیادا نییه، بگره هیچ نین جگه له ههڵدانهوهی دێڕهكان، یان بڕگهكان، یان چهند لاپهڕهیهك له پهرتوكێكدا كه تهنها به لێكۆڵینهوهی وردی زانستیی گشتگیرو ههمهلایهن كۆدهكرێتهوهو دهخوێنرێتهوه، تهنانهت له ئایدیاڵترین پرۆژهی زانستیشدا هێشتا زانینی گوتاری مام جهلال دهبێته پرۆسهیهكی ئاڵۆز، چونكه ئهم سهركردهیه دهقێكی سیاسیی كراوهشه لهبهردهم راڤهكردن و لێكدانهوهی جیاجیادا. سهخیفترین و گهمژانهترین تێگهیشتنیش ئهوهیه كه رهههندی سیاسیی گوتاری مام جهلال لهئیحتیقاركردنی بنهماڵهی بارزانی و پارتی، یان سازشكردن و گهورهكردنی ئهو بنهماڵهو حزبهدا، ببینیت!. به مانایهكی تر، ئهگهر زانستیترین تێكستی مێژوویی لهبارهی مام جهلال و گوتاری مام جهلالهوه بهرههم بهێنرێ، ئهوا هێشتا كێشهی رێككهوتن لهسهر ههقیقهتی گوتاری مام جهلال كۆتایی نایهت، چونكه ئهو گوتاره زادهی دهركهوتن و خۆ ونكردن، وتراو و شاردراو، نوسراو و نه نوسراو، جاڕدراو و چهپێنراو و، كۆی ئهو میكانیزمانهیه كه ههر جارهو له مێژووییهكی دیاریكراودا رێی بهرههمهاتن و شوناسسازییهكی پێدهدهن، بهتایبهتی لهو قۆناغه جیاجیانهدا كه درێژكراوهی مێژووی 70 ساڵی رابردوون!.