Draw Media

بۆ ئەوەی دۆخەکە لەئێستا خراپتر نەبێت!

بۆ ئەوەی دۆخەکە لەئێستا خراپتر نەبێت!

2020-08-05 12:02:20


كەمال رەئوف

لەماوەی سی ساڵی رابردوودا، جگەلەوەی نەتوانراوە دەست بەشتە جوانیەکانی کۆمەڵگەی پێش راپەرینەوە بگیرێت، لەپاڵ ئەوەشدا زۆر شتی جوانی تریش ناشرین و قێزەون کران. حزبایەتی، میدیا، بازرگانی و بازار، پەیوەندی کۆمەڵایەتی، متمانە و لەخۆبردن و خوێندن، تەنانەت ئەوجوانییەی کە شارەکوردیەکان بۆ پێکەوە ژیانی ئاین و نەتەوە جیاوازەکان وەک بەشێک لەلکلتوری کوردەواری کە لەرابردوو هەبوو، هەموو سەروژێر کران و ناشرین کران یان فەنا بوون و لەبیرکران.
کوردایەتی و نیشتمان پەروەری، سەربەخۆیی و خەباتگێری، کە بەناو کرۆک و بنەما و حیکمەت و دروشمی سەرەکی و ستراتیژی دروستکردنی حزبە کوردیەکانە، هەر لەسەر دەستی خۆیان، هێندە ناشرین کران، بونەتە زەرەر مەندی یەکەم و بوونەتە چەمک گەلێکی گاڵتەجاری بێ ناوەرۆک، بەدوای ئەویشدا، پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات وحوکمرانی و خۆبەرێوەبردن، لەسەر دەستی پارتی و یەکێتی شکستی هێناوەو هێندە ناشرین کراوە، کە بووەتە ئەو شتە ناشرینەی لای زۆرینەی خەڵک بووەتە مایەیی لاقرتی پێکردن.
کەمبوونەوەی متمانەی خەڵک بەهەڵبژاردنەکان و نەمانی حەماس بۆ بەشداریکردن، بەرێژەی بەشداریکردنی خەڵکەوە دیارە، رەتکردنەوەی بەشداریکردن، جۆرێکە لە بەشداریکردن بە نەخێر بەپرۆسەی سیاسی، لەدوو هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ رادەی نائومێد بوون بەشێوەیەک بوو بەشداری لەسەدا پەنجای تێنەپەراند، هەموو کەس تەنانەت ئەوانەش کە حەزیان بە سیاسەت و چاودێریکردن نییە، دەیانزانی کێ دەرئەچێت و رێژەی کورسیەکان چۆن دابەش دەکرێت، بەتایبەتی ئەو کورسیانەی بەناوی کۆتاوە، هەر لەسەرەتاوە تا ئەمرۆ یاری پێدەکرێت و خاوەنی ئەسلێان لێ مەحروم کردوە، ئاخۆ چەند دیمەنێکی جیاوازو جوان دەبوو گەر حزبەگەورەکان لێگەرانایە، بۆ بەدەستهێنانی دەنگی راستەقینەی خۆیان کەمایەتیە ئاینی و نەتەوەییەکان، لەپرۆسەی هەڵبژاردنێکی دور لەساختە، خۆیان لەنێو خۆیاندا کێبەرکێیان بکردایە، چەند جێگەی دڵخۆشی هەمووان دەبوو، گەر حزبە گەورەکان، ئیدارەی هەڵبژاردنیان بدایەتە دەست کەسانی پسپۆرو سەربەخۆ و رادەی گزی و فزی و تەزویر بەو رێژە حەیابەرەیە نەبوایە، پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان چەند جێگای شانازی هەمووان دەبوو، ئێمە لەکوردستان پێچەوانەی عێراق و هەندێک لەوڵاتانی درواسێ، نمونەیەکی سەرکەوتوو ترمان لەهەڵبژاردنەکان پیشانبدایە..
ئێستا کەتارادەیەکی زۆر متمانە لەدەستدراوە بە پرۆسەی هەڵبژاردن و کۆی کایە سیاسییەکەشی خستۆتە ژێرپرسیاری جدییەوە، چیتر ناکرێت پارتی و یەکێتی بەمەزاجی خۆیان بەشێوازی پێشوو بیانەوێت خەڵک ببەنەوە بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، راستە هەڵبژاردن لەهەرێم موفاجەئات دروست ناکات، هەر وەک ئەوەی کاک مەلا بەختیار وتی یەکێتی و پارتی هەرچەندێک بهێنن ئەوان هەر لەدەسەڵاتن، بەڵام دەکرا هەرێم لەنمونە هەرە ناشرینەکانی ناوچەکە نەچوایەو رێز لەخەبات و قورباتی و خوێنی هەموو ئەوانە بگیرایە کە بۆ دەسەڵاتێکی دادپەروەرو بۆ حوکمرانیەکی باش خۆینی خۆیان بەخشیوە، دەکرا دەست بەجوانیەکانەوە بگیرایەو کۆمەڵگا سیخناخ نەکرایە لە کەراهیەت و گزی و فزی و گەندەڵی، دەکرا، لە ویستگەیەکدا هەڵوێستەیەک بکرایە بۆ پیاچوونەوە وئاوردانەوە، تا وەک ئێستا هەمووی کەڵەکە نەبوایە تا خەڵک ناچار بکرێت چاو ببرنە فریادرەسێک لەدەرەوە.
ئەوەی لێرەدا جێگەی مەبەستە تیشکی زیاتری بخرێتە سەر، دوا پەیامی دکتۆر بەرهەم سەرۆک کۆمارە بۆ هەڵبژاردن، ئەو لەدوا پەیامیدا لەسەر هەڵبژاردن، فاکتێکی زۆر گرنگ دەخاتە روو کە هەقی هەڵوێستە لەسەر کردنە، دەڵێت: لەڕاستیدا هەڵبژاردنێكی پێشوەخەی ئازاد و پاك و بێگەرد، پێویستی بە هاریكاری و ھەماھەنگی نێودەوڵەتی هەیە، كە ھیوامان وایە لەلایەنی نێودەوڵەتیەوە ئەم ھاوكاری و دەسگرۆییە پێشكەش بە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێت، چونكە لەم پێناوەدا كۆمیسیۆن پێویستی بە سەرپەرشتی چاودێرە نێودەوڵەتییەكانیش ھەیە ھەتاوەكو ڕۆڵی نیشتمانی خۆی بە باشی بگێڕێت و پارێزراویش بێت لە دەستتێوەردانەكان و متمانەی هاووڵاتیانیش بە پڕۆسەی هەڵبژاردن قوڵتر بكاتەوە.
ئەم پەرەگرافەی سەرۆک کۆمار بەرۆشنی و راشکاوانە ئەوەی خستۆتە روو، کە بەبێ چاودێریکردنی نێودەوڵەتی هەڵبژاردن سەرکەوتوو نابێت، یان بەوشێوەیە نابێت کە ئومێدی گەورەی پێبکرێت، بۆیە داوای بەشداریپێکردنی چاودێری نێودەوڵەتی دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئایندە، هەرچەندە دیار نییە تا چەند پارتی و یەکێتی پشتیوانی ئەم داخوازیەی سەرۆک کۆمار دەکەن، بەڵام هەقە ئەمە ببێتە مەرجی بەشداریکردنی ئەو لایەنانەی کە بەردەوام دوای هەڵبژاردنەکان باسی کاری ساختەو گزی دەکەن و مەخدوریەتی خۆیان بەیان دەکەن، ئەمە فرسەتێکی باشە بۆ ئەو لایەنانەی کەدەیانەوێت بەشداریبکەن ومتمانە بۆ دەنگدەرەکانیان بگێرنەوە بۆ بەشداریکردن، خۆ گەر جاران لە پێگەیەکی بەرزو دیاری دەوڵەتەوە ئەم داخوازیە نەدەخرایە روو ئەوا ئێستا هەق وایە لەعێراق و کوردستان، ئەم داخوازییەی سەرۆک کۆمار ببێتە داخوایەکی مەرجدار بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردنی لایەنە مەغدورەکان و لەئێستاوە پێداگری لەسەر بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand