Draw Media

خنكاندنی زمانی كوردی لە كۆلێژی یاسا

خنكاندنی زمانی كوردی لە كۆلێژی یاسا

2020-08-08 10:04:32


د. تریفە عومەر
یەكێك لەو گرفتانەی كە مایەی هاتنەئارای چەندین كێشەو ئارێشەی دیكەیە، گرفتی تێنەگەیشتنە لە زمان، هەروەك ئەو بۆچوونە باوو سواوەی زمان بە ئامێرێك بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان دەناسێنێت، لەكاتێكدا زمان زانستەو ئەو هێزەیە كە سەرجەم بوارەكانی دیكە دەخاتەژێر ركێفی خۆییەوە، ئەوەی لە زماندا دەستماندەكەوێت تەنها زانیارییەكان نین بەڵكو كۆی ئەو بیركردنەوەو دەستوورو بڕیارانەن كە جیهانی لەسەر بونیاتنراوە. 
یەكێك لەو بوارانەی، زمان رۆڵی كارای لە جێبەجێكردنیدا هەیە، بواری یاسایە، كە بەهۆیەوە مرۆڤەكان لەچوارچێوەی ژینگەو كۆمەڵگاكانیاندا وابەستە بە كردەوەو هەڵسوكەوت و تەنانەت خواست و بیركردنەوەكانیشان دەبن، هاوكاتیش رێگەی بەرقەراربوون و چەسپاندنی ئارامی و دەستەبەركردنی مافەكانی تاك و كۆمەڵگاو نەتەوەیە، بۆیە زەروورەتی نووسینی بڕگە یاساییەكان بە زمانی كوردی بەتەنها مایەی ئاشنابوونی تاك نییە بە پانتایی مەودای قانوونی، بەڵكو لە هەمانكات وادەكات هاووڵاتی پتر پەی بە سنوری رەفتارو كردەكانی خۆی ببات، هاوكات ئەنجامدانی توێژینەوەش بە زمانی دایك نەك تەنها رایەڵی پەیوەندییەكانی توێژەر و خوێنەر لەسەر ئاستی تێگەیشتن پتەودەكات، بەڵكو پارادیگمای توانست و توانای توێژەریش بۆ بابەتەكەی قوڵترو هەڵگریی دونیابینی و هزری داهێنەرانەی توێژەر دەبێت، چونكە ئیدی ئەوە سروشتی زمانی دایكە كە كاریگەری قوڵی لەسەر ئاوەزمەندێتی ئاخێوەر هەیە، چۆمسكی وتەنی زمان بەتەنها ئاوێتەی بیرو ئاوەز نییە بەڵكو توخمی سەرەكی پرۆسەكانی زەین و رەنگدانەوەی تاكگەرایی فەرهەنگییشن، بەرلەویش هاریس لەبارەی گرنگی زمان لەسەر بیر دەڵێت دروستەو پێكهاتەی زمان لەسەر بنەمای پرۆسە زەینییەكان هەڵدەهێنجرێت، لەبەرئەوە لێكۆڵینەوە بە زمانێكی دیكە جگەلەوەی دەبێتەهۆی لاوازكردنی كێڵگەی فەرهەنگی بوارەكە كە بواری یاسایە، هەروەها  هۆكاری سستی تێگەیشتنی بەتایبەت خوێندكارو بەگشتی هاووڵاتیانیشە لە بڕگەو بابەتەكانی یاسا، جگەلە چەندین كەموكورتی دیكەش پەیوەست بە بوارەكەوە كە لە نائامادەگی زمانی دایكدا دەخوڵقێت.
ئەنجامدانی توێژینەوەو لێكۆڵینەوە لە كۆلێژی یاسا بە زمانی عەرەبی بە بەهانەی ئەوەی كە زمانی كوردی زمانی یاسا نییەو لە ئاستیدا شكستدەهێنێت، بەدەرلە كەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندیدارو وەزارەتی خوێندنی باڵاو پەینەبردن بە لایەنە نەرێنییەكانی ئەم بابەتە هیچ ئەگەرێكی دیكە لەخۆناگرێت، گەرنا بەهانەیەكی وا پەككەوتە ناكرێت بە پێوەری یەكلاكەرەیی بۆ وەها بڕیارێكی گەورە، لێرەوە دەپرسین ئایا هیچ توێژینەوەیەك لە بەردەستدایە كە سەلمێنەری دروستی ئەم بڕیارە بێت، ئایا بۆ وەها بڕیارێك پشت بە داتایەكی زانستی بەستراوە كە زمانی كوردی بە كەڵكی یاسا نایەت؟!!!، ئایا بیریان لەوە كردووەتەوە كە زمان زانستەو كۆی ئەو قسانە رەتدەكاتەوە كە زمانی كوردی یاسای پێنانووسرێتەوەو توێژینەوەی قانوونیی پێئەنجامنادرێت؟!
ئایا ئەوەی بڕیارێكی وەها دەدات چی لە مۆرفۆلۆجی و سینتاكس و واتا دەزانێت، هیچ دەربارەی زاراوەو كەلێنی فەرهەنگی و چۆنێتی پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە دەزانێت، ئەی چی لەسەر شێواز/ ستایڵ و داڕشتن و داڕشتنەوە دەزانێت، جگەلەوە ئایا ئەوەی خاوەن بڕیارێكی وەهایە هیچی دەربارەی ستراتیژو رێبازەكانی وەرگێڕان خوێندووەتەوە؟ دەزانێت كاتێك دوچاری ئاستەنگێك دەبێتەوە چۆن چارەسەردەكرێت، دەی هەر ئەمەش نا، زمانێك نەك هەر فكرو فەلسەفەو زانستی پێبنووسرێتەوە، بەڵكو چەندین كتێبی بیانیشی پێوەربگێڕێت، هەرگیز پرسیاری نەكردووە چۆن دەكرێت لە توێژینەوەی بوارێكدا شكستبهێنێت؟ یاخود ئەمە نەشارەزایی و كەم فەرهەنگی و كەمئەزمونی و لاوازیی نووسینی بڕیاردەرە كە وەها دەزانێت ناكرێت بە كوردی توێژینەوە یان وەرگێڕانی بڕگەو دەقە یاساییەكان ئەنجامبدرێت.
كۆلێژی یاسا لەبری وەلانان و فەرامۆشكردن و خنكاندنی زمانی كوردی، پێویستە بیر لە دانانی یەكەیەكی وەرگێڕان تایبەت بە وەرگێڕانی زاراوە قانوونییەكان بكاتەوە، بەجۆرێك لە دەستەیەك پسپۆری یاساو وەرگێڕان و زمانی كوردی پێكهاتبێت، پێویستە ئەو راستییە سادانە بخەینەڕوو كە هیچ زمانێك بەهۆی چەشنە لكاوی و تێئاخنراوی و شكاوییەكەیەوە هێندەی زمانی كوردی بەكارو كارا نییە بۆ دروستكردن و داڕشتنی وشەی نوێ و هەروەها كەم زمان هەن بەهۆی خەسڵەتی نەرمێتی و لەبارییەكەیەوە لە ئاستی  فەرهەنگدا هێندەی زمانی كوردی دیسان شیاوی بەرهەمهێنانەوەی وشەی نوێ بێت بە چەمك و واتای جیاواز، ئەگەریش پسپۆری مامۆستای كوردیش لە بوارەكەدا كەمبێت ئەوا مانای ئەوە نییە سیاسەتێكی وەها دوژمنكارانە بۆ خودی زمان و نازانستیانە بۆ خودی خوێندكار بەكاربهێنرێت، بەڵكو دەبێت مەودای پێشبینیان فراوانتربێت بۆ هاتنی ئەو نەوەیەی كە چ شتێك دەربارەی زمانی عەرەبی نازانێت و جگەلەوەی پۆلێك نەخوێنەوار بۆ كۆمەڵگا دەخەنەوە، هۆكارێكی گرنك دەبن بۆ لاوازكردنی كێڵگەی فەرهەنگی و بەربەستێكی گەورە دەبن لە ئاست گەشەپێدانی مەعریفی بوارەكە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand