Draw Media

ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا

ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا

2020-08-07 19:40:35


سەرهەد شێخە

 

لێرەدا دەمانەوێ هەڵبژاردنی پێشوەخت بناسێنین ؟ ئاستەنگەکانی بەردەمی بخەینەڕوو؟ ئایە لەو کاتەی دیاریکراوە ئەنجام دەدرێت؟
مەبەستمان لە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەو هەڵبژاردنەیە کە بەر لە وادەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدرێت کاتێک کە بارودۆخی سیاسی دەگاتە بن بەست و حکومەت شکست دەهێنێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا لایەنەکان وەک دەرچەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبەن.
دیارە بارودۆخی عێراق لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2019 کۆمەڵێک ناڕەزای و خۆپێشاندانی بەخۆیەوە بینی لەبەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکار کە دیارترینیان بێکاری و هەژاری و کەمی خزمەتگوزاری و زاڵبوونی هەیمەنەی هێزە چەکدارەکان و دەست تێوەردانی دەرەکی، وایان لە خەڵک کرد بۆ ماوەی چەند مانگێک لە شەقامەکانەوە داوای گۆرینی سیستەمی سیاسی بکەن.
لەئەنجامدا لە ژێر گوشاری نارەزای شەقام و بەشێک لەلایانە سیاسیەکان پەرلەمانی عێراق بڕیاری گۆرینی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردنی دا وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، دوای دەست بەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی نوێ و تێپەڕبوونی چەند مانگێک لە تەمەنی کابینەکەی (مستەفا کازمی) بڕیاریدا کە هەڵبژاردنی پێشوەخت لەبەرواری( 6-6-2021) ئەنجام بدڕێت. 
ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین ئاستەنگ لە بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەخت هەن کە گرنگترینیان لەم چەند خاڵەی خوارەوە کورت دەکەمەوە:
1- گرفتی دەستووری یاسایی: لە هیچ مادەیەکی دەستووری باسی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکراووە تەنیا باس لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان کراوە، وە یاسایی هەڵبژاردن تەواونەکراوە بە تایبەت دوو خاڵی جەوهەری لە یاساکەدا یەک لایی نەبۆتەوە ئەوانیش بازنەکانی هەڵبژاردنن ئایە هەر پاڕێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردن بێت یان دابەزێتە ئاستی قەزا خاڵێکی تر دەنگدەر دەنگ بە لیست بدا یان بە کەس (فرد) واتە حزب لیستی بمێنێت یان دەنگدان بکرێتە فردی 
جگە لە دیاری نەکردنی کوتلەی گەورە لە پەرلەماندا کە ئەمەش گرفتێکی ترە لە یاساکەدا.

2- گرفتی  دادگای فیدراڵی: کە ئەم دادگایە بەهۆی خانەنشین بوونی یەک ئەندامەوە کارەکانی پەکی کەوتووە کە بەرپرسە لە قەبووڵکردن و پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.

3- گرفتی تەکنیکی: لەڕووی تەکنیکیەوە هەڵبژاردن کۆمەڵێک ڕێو شوێنی پێویستە کە خۆی ئەبینێتەوە لە ڕاهێنانی کادری  و فەرمان کۆمیسۆن کە ئەو ستافەی ئێستا ئەزموونیان کەمەو ناتوانین بڵێین سەربەخۆن، جگە لە تەواو نەبوونی پڕۆسەی بایۆمەتی تایبەت بە دەنگدەران کە نزیکەی (14ملیۆن) دەنگدەر بایۆمەتریان نەکردووە،
وە ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە بودجە هەیە بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی کە تا ئێستا بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە.

4- گرفتی تەندروستی ئەمنی: بارودۆخی عێراق لەڕووی تەندروستی لە ئاستێکی باش دانیە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی زۆر بۆتەوە کە تا ئێستا ئاسۆیەک نیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم گرفتەدا،
جگە لە کێشەی ئەمنی کە داعش خەریکە سەرهەڵدەداتەوە وە ملیشیاکانی حەشد هەیمەنەی زۆریان بەسەر دامودەزگاکانی میریەوە هەیە.

5- گرفتی کۆتایی دەست تێوەردانی دەرەکییە کە بڕیاری کۆتایی لەسەر پرسە چارەنوسازەکان دەدات نەک عێراقیەکان خۆیان، ئەمەش هێندەی تر گرفتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دروست کردووە بەتایبەت ململانێی ئێران و ئەمریکا دوو ئەجندای جیاوازیان بۆ بەڕێوەبردنی عێراق هەیە.

هەموو ئەو گرفتانەی لەسەرەوە خرانەڕوو ئەوەمان پێ دەڵێن کە زەمینەی لەبار و گونجاو لە ئارادا نیە بۆ هاوڵاتیانی عێراقی بەبێ ترس و دڵە ڕاوکی به ئازادانە بەشداری هەڵبژاردن بکەن بۆیە لە ئێستاوە دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە ئەم هەڵبژاردنە وەک هەڵبژاردنەکانی تر پاک و بێگەرد نابێت ناکێت ئومێدی زۆری لەسەر هەڵبچنین،
بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا هەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن باشترە لە ئەنجام نەدانی هەرچەندە ڕوونیش نیە کە ئایە لەوکاتەی دیاری کراوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت یان  پێش یان دوا دەخرێت وەک هەندێ لە کوتلە سیاسیەکان داوا دەکەن.

* ماستەر لە جوگرافیایی هەڵبژاردن
2020-8-7 قەڵادزێ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand