ئەم بڕیارە سەختە، یەکێتی شەکەت دەکات
2020-08-08 08:42:26
تەنیا کوردی
وەک لێکۆڵەرێک لە پێشھاتە سیاسییەکان، وای دەبینم یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھەنگاوێکی سەختی لەبەردەمدایە کە ساڵی دابێ دەچێتە ژێر بڕیارێکی سەختی نێوخۆیی و، تاڕادەیەک چارەسەرکردنەکە شەکەتی دەکات، چونکە ھێشتا کێشەکانی یەکێتی لە کۆنگرەی رابردوو بە کاتی لە تونێلێکدا ھەڵگیران و بەشێک لێی بە چارەسەر نەگەیشتوون، ئەم رووناکییەی یەکێتی لە دەرەوەی خۆیدا وێنای دەکات رەنگە بە کۆمەڵێک کێشەی نێوخۆیی تێپەڕبێت و جارێکی تر پێویستی بەوە بێت بگەڕێتەوە ھەمان تونێل، بۆ نمونە کاتێ یەکێتی لە داھاتوو و تایبەت لە ساڵی دابێ ئەگەر ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەنجام بدرێ، دەبێ بڕیار بدات کێ سەرۆک لیستی یەکێتی دەبێت؟ یانیش بڕیاردەری یەکەمی دەستنیشانکردنی لیستی یەکیتی کێ دەبێ؟ یانیش یەکێتی بە سیستەمی ھاوسەرۆکی دەتوانێ کێشەکان چارەبکات؟ ئەی چی لە ھێزێکی دیکەی فکری یەکێتی دەکرێ وەک د.بەرھەم ساڵح کە ئێستا روانگەی ئەم، لە دیدی بەشێک لە یەکێتییەکانەوە وەک داڕێژەری سیاسەتی یەکێتی لە ئاستی عێراقدا دەبینرێ، ھەندێ جاریش وەک رابەری رۆحی بزوتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا، لە ھەندێ تاکتیکی ستراتیژی بۆ یەکێتی سەیر دەکرێ، ئایا ئەی چی لە بێدەنگی کۆسرەت رەسوڵ؟ راستە ئەنجومەنێک لە کەسانی بە ئەزموونی یەکێتی لە دەستە، بەڵام ئایا لە حاڵەتی بڕیارە سەختەکان پێگەی خۆی بێلایەن دەگرێ و قبوڵی دەبێ محەلی ئەویش ھەروا بمێنێتەوە یان پشتی جەمسەرێک دەگرێ؟ ئەمانە ئەم پرسیارانەن کە یەکێتی دەگەڕێنێتەوە بەردەم ھەمان دۆخی جارانی، ئەگەر بڕیاری کۆنگرەی یەکێتی ئیلتیزامی بووبێ بۆ ئەوەی یەکێتی بتوانێ بە گوێرەی یاسایی ئەحزاب رێگەپێدراوی بەشداری ھەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، ئەوا کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردن پێویستی بە حەسمکردنێکی پێشوەختە ھەیە کە ئەمە زۆر لە سازدانی کۆنگرە سەخترە.
ئەوەی لە ئاماژەکانی ھاوسەرۆکی یەکێتی لاھور شێخ جەنگی دەخوێنرێتەوە رەنگە ھەنگاوەکان بۆ ئەوە بچن خۆی بە سەرۆکی لیستی داھاتووی یەکێتی بە رەوا ببینێ، یانیش بڕیاردەری دەستنیشانکردنی سەرۆک لیست خۆی بێت، چونکە سەختە ئەو دەرفەتە لە دەستبدات کە ئێستا دەیەوێ یەکێتی لە ھەنگاوەکانی خۆیدا تەعریف وەرگرێ، بەڵام لە پاڵ ئەمەدا سەختییەکی دیکە بۆ یەکێتی دێتە پێش چونکە لە دانبەخۆداگرتن و ئاماژەی بێدەنگی سەرۆک کۆماری عێراق د.بەرھەم ساڵح پێشوەختە دەخوێنرێتەوە وەک ئەگەرێک پێدەچێ کە بە لیستێکی جوودا لە یەکێتی بچێتە نێو ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە کە ئەمەش بۆ یەکێتی ئاسان نابێ، چونکە بەرھەم ساڵح نەکرایە سکرتێری گشتی یەکێتی و، ئەویش لەم پرسەدا بەکاتی بێدەنگی ھەڵبژارد، بەڵام رەنگە دەرفەتی ھەڵبژاردنی داھاتوو لە دەست نەدات کە ئەمیش وەک روانگەی فکری یەکێتی پێویستی بە لیستێکی نوێ و دواتریش حزبێکی سیاسی نوێ ھەبێ لەسەر ئەو پرۆگرامەی کە ھەیەتی و چەند ساڵیشە لە عێراقدا ئەزموونەکەی تاقیدەکاتەوە، بۆ ماڵی تاڵەبانیش وەک بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە ئێستادا لەبەردەم ئەرکێکی سەختر دەبن، چونکە ئەگەر د.بەرھەم ساڵح لیستێکی نوێ دروست بکات، لەو لاتریش لاھور شێخ جەنگی ببێتە سەرۆک لیست یان بڕیار لەدەستی لیستی یەکێتی، ئەی ئەمان لە کوێی بڕیار بەدەستی نێو جەماوەری یەکێتی دەبن.
ھەندێ ئاماژەی وا ھەن کە رەنگە یەکێتی خۆی سیاسەتی دابەشکردنی میحوەری جەمسەرەکان پەیڕەو بکات، بەڵام ئەگەر دیقەت بدرێ لە کاتی جیابوونەوەی گۆڕان لە یەکێتی، لەم سیاسەتەدا ئەوەی زیانی سیاسی کرد یەکێتی بوو، خۆیشی لە واقیعدا محەلی بافڵ تاڵەبانی وەک ھاوسەرۆک و قوباد تاڵەبانی وەک تەنفیزکاری ھێزی یەکێتی لە قودراتی حکومی، مانەوەیان لە سێبەردا قورسە لە ھەیکەلی یەکێتیدابن و لە بڕیاری سیاسی بەسەر پێگەی یەکێتی بێدەسەڵات بن، ئەمە بۆ لاھور شێخ جەنگیش ھەمان شتە، بەڵام بۆ د.بەرھەم رەنگە دەرفەتێکی نوێ بێت کە لە ئێستای عێراقدا بتوانێ روئیا و پەیامی خۆی لە لیستێکی نوێدا جێگیر بکات.