قۆناغی پاش چواری ئاب بەیروت
2020-08-06 22:54:12
بێریڤان محەمەد
تەقینەوەکەی بەیروتی پایتەختی لوبنان کە هەندێک وەک هێرۆشیما ناوی دەبەن، تەقینەوەی ماددەی کیمیاوی پەیوەندیدار بە کەشتیەکی ژاپۆن، یان کۆگای حزبوڵا و و پەیوەندی بە تیرۆر و دادگایی تایبەت بە دۆسیەی ڕەفیق حەریریەوە هەبێت یا هەرچی تر، ڕاچڵەکانێکی دیکە بوو بۆ رۆژهەڵاتی نەوەراست و جیهان، راستی ئەو بارودۆخەمان بەبیردێنێتەوە کە لوبنان و رۆژهەڵاتی ناوەراستی تێدایە.
بەیروتی بوکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و پایتەختی جیهانی کتێب، ئێستا بەرپرسەکانی لە پاش تەقینەوەکە بە شاری وێرانە و کارەسات ناوی دەبەن، پێشتر سروشت و هونەر و ڕۆشنبیری و هتد... کردبویە جێی سەرنجی ناوچەکە و جیهان.
بەیروت لە لایەکی سوریا و لە لایەکی تریشی فەلەستین و ئیسرائیل رویەکیشی دەریای ناوەراست دەویان داوە، ١٥ ساڵ لەناو شەڕی چەکداری ناوخۆیی پێکهاتە ڕەسەنەکانیدا ژیاوە، ببووە مەیدانی شەڕی هەژمونخوازانەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بەتایبەت ئێران وئیسرائیل، لەو ڕێیەوە پێکەوە ژنای ئیسلام لەگەڵ مەسیحی و شیعە لەگەڵ سونە و ئەوان لەگەڵ دروزی زەحمەت کرابوو.
بەیروت لەڕووی جوغرافیەوە بەسەر چەند دەسەڵاتێکی هەرێمیدا دابەشکراوە، هەر دەسەڵاتێکیشیان گرێدراون بە دەوڵەتێکەوە، بازگەی نێوان گەرەکە، شیعەنشین، سونەنشین، مەسیحینشین و دروزی نشین و دیمەنی هێزەچەکدارەکان ئەو مانایە دەدەن کە هەرچەندە شەڕی چەکداری راگیراوە و حکومەتی هاوبەشی نێوان پێکهاتەکان هاوشێوەی عێراق ئاواکراوە و هەر پێکهاتە و نیمچە هەرێمێکی لەژێردەستە، بەڵام تیرۆر و دەستێوەردانی دەوڵەتان و ململانێ نادیموکراتیەکان رێگای لە پێکەوە ژیان و ئارامی گرتوە.
جیاواز لە تەقینەوەکەی چواری ئابى بەیروت، لوبنان لە قەیرانێکی سەختی ئابوریدا دەژی کەلەبەر ئیفلاس بووندایە، هەرچەندە ئەو وڵاتە خاوەن دەیان سەرچاوەی مەزنی داهاتە، بەڵام کۆمەڵگا لە دۆخێکی سەختی ئابوریدا دەژین، خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانی ئەم دواییە لە دژی گەندەڵی و نادادی و سەختی ژیان و نائارامی گەیشتبووە لوتکە.
وڵات بەشێوەیەک لە گەندەڵیدا نوقوم بووە کە بووەتە بەهەشتی مافیا و گروپە چەکدارەکان و ناوەندی پارەی ڕەش و ترانزێتی نایاسایی، بەو شەش ملیار دۆلارەی پارەی دزراوی نەوتی هەرێمی کوردستان و پڕۆژە زەبەلاحەکانی بەرپرسانی هەرێم و عێراقیش لەو وڵاتەدا.
تەقینەوەی بەیروت پێمان دەڵێت لەسایەی زهنیەتی شەڕخوازانەی دەوڵەت نەتەوە قەوارە پارێزەکانی ناوچەکە و دەستوەردانی دەوڵەکانی مۆدێرینتەی کەپیتاڵیسی نمونەی نیولیبراڵیزمی ئەمەریکی و کۆڵۆنیالی ئەوروپا تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست کەوتووەتە مەترسی شەڕ و ماڵوێرانی، هەر جێیەک بۆنی باروت و چەک و خوێنی لێدێت، مرۆڤایەتی کەوتووەتە بەر هەڕەشە، شەڕ و کێشەکانی لوبنان دابڕاو نیە لە شەڕەکانی، فەڵەستین – ئیسرائیل، سوریا، لیبیا، یەمەن، ئێران، عێراق و تورکیا و ئەو مملانێیانەیی بەرۆکی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەی گرتوەتەوە بە کوردستانەوە.
هەرەشەی داگیرکاری و تیرۆر و پێکدادانی تایفی و برسێتی ئەو ژیانە هاوبەشەیە کە سەرجەم کۆمەڵگە و گەلانی ناوچەکەی روبەروو کراوەتەوە، تەقینەوەی ٤ی تەموزی ئەمساڵ و هەزاران قوربانیەکەی، ئەنجامی زهنیەتی ئاماژە بۆکراوە کە هەر رۆژ لە مەترسی دوبارە بونەوەدایە.
دورستبوونی دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە لەسەدەی بیستەمدا شەڕ و ماڵوێرانی و کۆمەڵکوژی و برسێتی گەلانی لەگەڵ خۆیدا هێنا، لەم سەدەیەشدا گەر تێکۆشانێکی مەزنی دیموکراتی و ئازادی وەک ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان بناغەی داناوە پێش نەخرێت، نەکریتە ئەڵتەرناتیڤی گەلانی ناوچەکە بەرامبەر پڕۆژەی شەڕ و خوێنی هێزە هەژمونخواز و دەسەڵاتدارەکان، ژیان لەچوارچێوەی تێکۆشانی دیموکراتی و پێکەوژیانی ئازادانە و خۆبەرێوەبردنی دیموکراتیانە رێکنەخرێت واتە بناغەی ئاشتیەکی هەمیشەیی لەنێو کۆمەڵگەدا دانەنرێت ئاستەمە نە گەلانی ناوچەکە و نە مرۆڤایەتی و گەردونیش توانای بەرگەگردنی ئەم هەموو چەک و ماڵوێرانیە بگرێت.
تاکە رێگای ڕزگاری کۆمەڵگای لوبنان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گەلی کوردەوە، پێشخستنی هێڵی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی گەلان و یەکترقبوڵکردنە، دەنا قۆناغی پێش و پاش چواری تەمووزی بەیروت جیاوازە، هەر وڵاتێکی ناوچەکە بە کوردستانیشەوە لەمەترسی کارەساتی هاوشێوەی چواری ئابی بەیروت بەدوورنیە.