سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

 ئەوانەی ڕابوردو لە یاد دەكەن ، ئایندەش ویِران دەكەن .  

بڵاوکراوەتەوە لە : 7 ئاب 2020

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

   ساڵح ژاژڵەیی
لەو كاتەوە كە گەلی كورد وێڵە  بە دوای سەربەخۆییدا  ، هەر لەو كاتەشەوە كوردخۆی ڕێگرە  لەبەردەم  بەدەستهێنانی  سەربەخۆییدا . ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی بابانەكان و  شێخ مەحمودی نەمر و كۆماری مهاباد ، ئەو ڕاستیانەمان بۆ دەردەكەوێت . ئەگەر ئەو ڕابوردوە  تاڵانە لە یادەوەری ئێمەدا نەبوبن ، بە دڵنیاییەوە  ڕوداوەكانی شۆڕشی ئایلولی 1961 تا ئێستا لە یادەوەری زوربەماندا هەر زیندوەو وەكو ئەوە وایە دوێنێ ڕویان دابێت . 
دەست پێكردنی شۆڕشی ئایلول لە ساڵی 1961 ودروستبونی دوو بەرەكی لەناو شۆڕشدا لەساڵی 1964 و لەدایكبونی  بەرەی  جەلالی و مەلایی . ئاشبەتاڵی  ساڵی 1975 لەسەردەستی مەلا مستەفا . دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێ‌  لە ساڵی 1976 بە ڕأیەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. جیابونەی  بەشیك لە سەركردەو ئەندامانی یەكێتی نیشتمانی و دروست كردنی حیزبی سۆسیالیست و  ئەنجامدانی  كارەساتی  هەكاری لە لایەن  قیادەی موەقەتە . 
ئاشتبونەوەی حیزبەكان و پێك هێنانی  بەرەی كوردستانی دوای ئەنفالەكان . ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كورد  لەسەاڵی 1991 و ڕاماڵێنی  دەسەڵاتی حیزبی بەعس . هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان  وپێكهێنانی  حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەاڵی 1992 دا.  ڕوداوەكانی  31 ئابی ساڵی 1996 و دروستبونی دوو ئیدارەیی لە نێوان پارتی و یەكێتێدا .  دوو بارە ئاشتبونەوەی  یەكێتی و پارتی و پێك هێنانی  حكومەتی یەكگرتوو .  ئەمانە چەندین ویسگەی خەباتی گەلەكەمانن. 
دوای ڕوخانی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و پێكهێنانی حكومەتی عێراقی نوێ  و بەشداری گەلی كورد  لە حكومەتی  بەغداو وەرگرتنی چەندین پۆستی باڵا لە دام و دەزگاكانی حكومەتی ناوەندا ، ویسگەیەكی تری  خەباتی گەلەكەمانە .  گێڕانەوەی  ناوچە كێشە لەسەرەكان  بۆ ژێر دەسەڵاتی كورد خۆی و  دواجار  لە دەستدانی كەركوكو ئەو ناوچانە جارێكی تر بە هۆی ڕیفراندۆمە شكست خواردوەكەی  مەسعود بارزانییەوە . بڕیار دان  لە دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی و سەربەخۆیی كردنی ئابوری هەرێمی كوردستان و  دواجار ئیفلاسبونی هەرێمی كوردستان  لە بواری داراییداو گەرانەوە بۆ ماڵی باوان بۆ بەغدا ، ویسگەیەكی تری خەباتی گەلەكەمانە .
 ئەنفال كردنی كوردانی ئێزدی لە 3 ئابی 2014 و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی شاری كەركوك و ناوچە  دابڕێنراوەكان  لە لایەن حكومەتی نەوەندەوە ، ویسگەیەكی تری ئەوڕوداوانەیە كە بەسەر كورد هاتوە . ئەگەر  بەچاوی ڕەخنەگرێكی بێلایەنەوە هەڵسەنگاندنی ورد  بۆ هەموو ئەو ڕوداوانە بكەین ، دەگەینە ئەو ئەنجامەی  هۆكاری سەرەكی  زوربەی ئەو كارەساتانەی لەو ماوەیدا بەسەر میللەتەكەمان  هاتون ، بەرپرسەباڵاكانی كورد بە تایبەتی سەرانی بنەماڵەی بازانی و تاڵەبانی  لێیان بەرپرسیارن.
 لەبەر ئەوەی زۆرینەی  هۆكاری كێشەكان لە ناكۆكی و ململانێی ئەودوو بنەماڵەیەدا سەرچاوە دەگرن .  ئەوكێشەو ململانێیەی لە نێوان  مەلا مستەفاو مامجەلال دروست بوو دوای مردنی مەلا مستەفاش ناكۆكیەكان  بە هەمان شێوەی پێشو لە نێوان نەوەكاندا درێژەی هەیەو وەكو میرات بۆیان ماوەتەوەو بەردەوامن لە سەریان . 
  بۆ چەواشە كردن و خەڵەتاندنی هاوڵاتیان ناكۆكیەكانی نێوانیان   بە جۆرێك وێنا دەكرد كە لەسەر شێوازی سیاسەتكردن و ئیدارەكردنی شۆڕەشە بەشێوەیەكی سەردەمیانە و یەكتریان تۆمەتبار دەكرد بە كۆنەپەرست و خائین وپیاوی بێگانە .
 بەڵام دواجار دەركەوت هەموو ناكۆكیەكان و ئەو هەموو  نەهامەتیەی بەسەر گەلی كوردیان هێنا لە  پێناوی دەسەڵات و تاڵانكردنی سامانی نیشتمانی بوو ،  نەك  بەرژەوەندی گەلی كورد . چونكە ئەو كاتەی ئەوپاساوانە نا بەجێیانەیاندەهێنایەوە ، هیچیان لەبەر دەست نەبوو بیدزن و  تاڵانی بكەن . بەڵام دوای ئەوە ی دەستیان گەیشتە پارە ، هەموو ڕاستیەكان بۆ هاولاِتیان  ئاشكرا بوو. 
پێش ئەوەی بچمە وردەكاری  باسەكەوە دەمەوێت قسەیەكی ( ئارلۆند ویڵسن ) تان وەبییر دێنمەوە  كە1919 وتویەتی : كوردەكان هەرگیز ناتوانن لە ژێر سایەی یەك سەركردەدا كۆببنەوەو یەك بگرن . سەیركەن  چۆن ئەوپیاوە  پێش 100ساڵ گەلی كوردی ناسیوە . پەندێكی پێشینان هەیە كە دەڵێت : تا خوا كێو نەبینێت بەفری تێناكات . دیارە شانمان ئەوە هەڵدەگرێت . 
  بەڕاستی مایەی نیگەرانییە لە جەنگی دووەمی جیهانەوە كورد خەبات دەكات بۆ سەربەخۆیی .  دەوڵەتی عوسمانی ڕوخاو ئەو ئەو هەموو دەوڵەتە تازانە دروستبون ، بەڵام كورد تا ئێستا خاوەنی دەوڵەت نییە، لەگەڵ ئەوەی بە ژمارە زۆر لەومیللەتانە  زیاتر بوە كە بونە خاوەنی دەوڵەت . 
لە ماوەی 29 ساڵی حوكمڕانی پارتی و یەكێتی لە هەرێمی كوردستان بەردەوام شەڕی ناوخۆو ئاژاوەو یەكتر كوشتن بەردەوام بوەو تۆوی دوو بەرەكی و یەكتر بوخزاندن لەناو كۆمەڵگەی كوردی دا گەشەی كردوەو بە گیانی تۆڵەكردنەوەوە مامەلەی یەكتریان كردوە . هاولاِتیان هەمیشە لەدڵە ڕاوكێدا ژیاون و دوعایان كردوە ئەم دوو بنەماڵەیە شەڕنەكەن و  خوێنی نەوەكانیان بە فێرۆ نەڕوات . 
سەركردەكانی كورد  سەمانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبەن و بە پاساوی ئەوەی  خەباتیان كردوە . واتە خەباتەكەیان  بە میللەت  دەفرۆشنەوە .  بۆیە تاڵانكردنی سامانی نیشتمانی لای ئەوان  نەك عەیبەیە بەڵكو قەرزەو لە میللەتی وەردەگرنەوە . وەكو ئەوەی  میللەت خەوتبێ و  هەر ئەوان شەڕیان كردبێت . 
 لەو بارەیەوە  نیلسۆن مەندێلا دەڵێت ( بێ ڕەوشترین سەركردەكانی دنیا ئەوانەنەن ، كە خەبات و ماندوبونیان بە گەلەكەیان دەفرۆشنەوە . سەركردەكانی كورد لەپێناوی مانەوەو بەرژەوەندی خۆیاندا ئامادەن  نیشتمان هەڕاج بكەن  . سەیركەن هیتلەر لەو بارەوە چی دەڵێت ( خوێرێترین  مرۆڤ گەلێك كە لە ژیانمدا  ناسیومن ئەوانە بون كە لە داگیركردنی وڵاتەكەیاندا یارمەتییان داوم ، لە كاتێكدا من دوژمنیان بون . 
با بزانبن  هێنانی سوپای سەدام بۆ سەر هەولێر لە 31 ئابی 1996 و هێنانی سوپای توركیا بۆ ناوخاكی كوردستان و  هێنانی پاسداری ئێرانی بۆ سەر حیزبی دیموكرات  لە شارۆچكەی كۆیە و ڕێكەوتن لە گەڵ داعش و  ئەنفال كردنی كوردانی ئێزدی  ، لە كوێی قسەكەی هیتلەردا جێگەی دەبێتەوە؟؟؟.
ئەگەر ئەم سەركردانەی كورد بەڕاستی لەپێناوی میللەتەكەیاندا تێ بكۆشن و خەبات بكەن ، دەبێ پێش هەموو شتێك خۆیان لەناو خۆیاندا تەبابن و یەكتر قبوڵ بكەن و  ڕێزەكانی ناو میللەت یەك بخەن ، ئەوە باشترین ڕێگایە بۆ ڕزگار بون . بەڵام ئەوەتەی ئێمە چاومان كردۆتەوە لە دەڵە ڕاوكێیی شەڕی ئەم سەركردە خۆپەرستانەدا  دەژێن . باشە  تاكەی بێرێك لە لە خۆیان ناكەنەو  پەندێك لە هەموو ئەو ڕوداوانە وەرناگرن  كە سەركردەكانی پێش خۆیان ئەنجامیان داوەو ماڵی كوردیان وێران كردوە.
چەندین ساڵە سەركردەكانی كورد بەناوی نیشتمان پەروەری ، خۆیان كردۆتە فریشتەو فریاد ڕەس و لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەو نزیكەكانی خۆیاندا ، خوێنی هاوڵاتیانی كورد بە ناحەق  دەڕێژن و  شەڕی براكوژی لە نێو هاولاِتیاندا دروست دەكەن و دەیانكەنە دوژمنی یەكتری  . 
خۆشیان كەی ویستیان  و  بەرژەوەندییان  وا پێویستی كرد تەبابن ، بێ سێو دوو  دەست دەخەنە ناو دەستی  یەك و دەڵێی نەبایان دیوەو نەبۆران .   بیر بكەنەوە  لەسایەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا  چەند كورد كوژراون ؟؟. بەڵام دواجار  مامجەلال دەڵێت : من  هەڵەم كرد لە مەلا مستەفا هەڵگەڕامەوە . ئەی كێ‌ بەرپرسیارە لە خوێنی شەهیدەكان ؟؟ 
ئێستاش كوڕانی مامجەل دەچنە خزمەت مەسعود بارزانی و دەڵێن : كاك مەسعود پیاویكی زۆر گەورەیە .ئەو بۆ كورد زۆر پێویستە . دەبێ ڕێزی بگیرێت . جەناب ئەوە باوكتان بوو  كە بە درێژایی چەندین ساڵ  بنەماڵەی بارزانی وەكو خائین وێنا دەكرد  ، نەك ئێمە . 
 ئەوە باوكتان بو وای لە ئێمە كرد ڕقمان لە   ئەوان بێت .  سەیرە ئێستا ئێوە دۆستن و ئێمەش دوژمن ؟؟.  بە هەمان شێوەش نەوشیروان مستەفا بەقەدەر قورسایی  خۆیی و كوڕەكانی مەقالاتی ئاگرینی لەسەر بنەماڵەی بارزانی نوسیوەو وەكو دیو و درنج وێنای دەكردن . دوای نەمانی خۆی  ئێستا كوڕەكانی لەخزمەتی بەنەماڵەی بارزانێدان . 
كەواتە سەركردەكانی كورد بازرگانی شەڕبون و میللەتیش گەمژە.  لەدوای ئەوەی هەرێمی كوردستان ، شانسێكی بۆ هاتە پیشەوەو جۆرێك لە سەربەخۆیی بۆ فەراهەم بوو ، لە بری ئەوەی ئەم بەناو سەركردە بازرگانانە ئەم هەلە  بقۆزنەوەو پلانێك وپڕۆژەیەك بۆ هەرێمی كوردستان داڕێژن  و ئاواتی چەندین ساڵەی ئەم گەلە بهێننە دی، ئەوەتا بە چاوی خۆتان دەبینن ئایندەی ئەم میللەتەیان وێران كرد.
لە كاتێكدا  هەرێمی كوردستان گەشەیەكی زۆرباشی كرد و بوو بە جێگەی گرینگی وڵاتان و  لە زۆر ڕوەوە وەكو دەوڵەت  مامەلەی لەگەڵ دەكرا ، بەڵام سەرانی هەردوو بنەماڵە لەپێناوی بەرژەوەندی  تەسكی بنەماڵەیی و  حیزبیدا  هەموو شتێكیان وێران كردوو لەناویان برد . ئەوەتا بەجارێك ئیفلاسیان بە هەرێم كردوو خەڵكیان توشی هەژاری كرد . قەوارەی هەرێمی كوردستان  لەبەر دەم مەترسی نەماندایە . هەرچی ناوچە دابڕێنراوەكانەو كاتی خۆی لە ژێر دەستی كورد خۆیدابوە ، بەهۆی ڕیفراندۆمە شكست خواردوەكەی مسعود بارزانییەوە لە دەستماندا .
ئاخر چۆن ئەمانە لە ڕویان دێت و شەرم ناكەن خۆیان وەكو سەركردەی  ئەم میللەتە ناوزەد بكەن  .  لە ماوەی  29 ساڵی حوكمڕانییدا نەتوانن  سوپایەكی یەكگرتوی نیشتمانی پێك بهێنن . ئاسایش و پۆلیس و دەزگای زانیاری و پاراستن یەك بخەن وبیانكەنە هێزی نیشتمانی. تا ئێستا  ئەم هێزە چەكدارانە مێلیشیای حیزبین و  زۆر جاریش وەكو نەیار مامەلەی یەكتری دەكەن .
 تا ئیستا چەندین پێشمەرگەوكادیری یەكێتی لە دەڤەری هەولێر بە بەهانەی جۆراو جۆر  گێراون و ئەشكەنجە دراون ، یان شەهید كراون .  لە ماوەی 29ساڵی حوكمڕانێدا  پارتی ڕێگای نەداوە دەستورێكی هەمیشەیی  بۆ ئەم هەرێمە دانرێت ، لە كاتێكدا هەمومان دەزانین دەستوور دایكی هەموو یاساكانە .
 كە دەستوور نەبوو یاسایەكی باشیش نابێت . كە یاساش نەبوو ، وڵات وێران دەبێت  .هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەبێ ئەم دەستورە بە ویستی پارتی بێت ، چونكە پارتی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بە میراتی هەتا هەتایەی  خۆی دەزانێت . لە لایەكی تریشەوە  دەڵێن لە ترسی توركیایە  چونكە توركیا پێی ناخۆشە هەرێمی كوردستان  دەستوری خۆی  هەبێت .  
ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان ڕودەدات لە نێوان یەكێتی وپارتیدا  ڕێك وەكو سەردەمی بابانەكان وایە و ئەمیان  ڕوی لە شامەو ئەوی تریان لە شیراز .هەڕاج كردنی نیشتمان بەلای ئەمانەوە  لە ئاو خواردنەوە ئاسانترە . سەیری ئەم چەند مونەیە بكەن و ڕاستییەكانتان بۆ دەردەكەوێت . 
لە كاتی پڕۆسەی ئازداد كردنی عێراقدا ، ئەو عەرەبانەی مال َو موڵكی كوردانی جلەولایان داگیر كردبوو لە ترسان ڕایان دەكرد ، مامجەلال  پارێزگاری لێكردن و لە شوێنی خۆیان مانەوە . دوایی هەمویان بونە داعش و كوردیان دەكوشت . مامجەلال 8 ساڵ سەرۆكی كۆمار بوو تەنها ئەوەی بۆ كورد كرد ،كاتێك سەردانی كەركۆی كرد ، بڕیاریدا پۆستە ئیداریەكان  وەكو یەك سی و دوو بە سی و دوو لە نێوان  كورد و توركمان و عەرەبدا بەش بكەن .باشە چەندین ساڵە كورد لەسەرچی شەڕدەكات ؟؟. مامجەلال  بە چ حەقیك  نیشتمان هەڕاج دەكات؟؟.
تاریق ڕەمەزان كە بە تەیارەكەی كێمیایی بەسەر كوردستاندا دەكرد ، لە بەندیخانە ئازاد كردوو ڕەوانەی دەرەوەی كرد . هەموو ئەمانە تەنها لە پێناوی ئەوەی پێی بڵێن پیاوی چاك و پێی ڕازیبن كە سەرۆكی كۆمار بێـت . مەسعود بازانیش  تا نەوتی كەركوكی بە تاڵان دەبرد  ئەوە دڵی كوردستان بوو . دوایی ئیمزای كرد بۆ عەبادی كە دوای شەڕی داعش لە كەركوك بكشێتەوە  لە بەرامبەر وەرگرتنی  400 ملیۆن دۆلار . 
دوایی بۆ شاردنەوەی ئەوە  ریفراندۆمی كرد و هەموو كەركوك و ناوچەكانی تریشی لەدەستدا . كاتێك داعش  هێرشی كردە سەر شەنگال ، شەڕیان نەكردو هێزەكانیان كشاندەوەو ئەو كارەساتەی لێكەوتەوە . پارتی پێشتر ڕێكەوتنی لەگەڵ داعش كردبوو . ئێستاش توركیا نیوەی بادینانی داگیر كردوەو بە وشەیەكیش باسی ناكەن . هەموو سامانی ژێر زەوی ئەم نیشتمانەیان  هەڕاج كردوە . ئایا هەموو ئەمانە ناچنە بابی هەڕاچ كردن و هەرزان فرۆش نیشتمانەوە ؟؟؟.
لە نوسێنێكی تریشمدا باسی ئەمانەم كردبوو : كاتی خۆی مامجەلال و مەسعود بارزانی  لە بری ئەوەی داوای گەڕانەوەی كەرك و ناوچە دابڕێنراوەكان بكەن  بۆ سەر خاكی كوردستان داوای پارەیان لەپۆڵ بریمەر  كردبوو . ئەویش بڕی یەك ملیار و نیو دۆلار كە لە پارەی فرۆشتنی  نەوت بەرامبەر بە خۆراك مابوو ، تەسلیی بارزانی و تاڵەبانی كردبوو .
لەو كاتەوە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان فرۆشراون و ئەوەی دەگوتری  تەنها بۆ موزایەدەو فریودان و خۆڵ كردنە چاوی خەڵكەو هیچی  تر . مامجەلا و مەسعود بارزانی  بڕی 4 ملیار دۆلاری  شیرینی گرێبەستە نەوتیەكانیان  بۆخۆیان برد . ئەگەر ئەم پارانە لە بە هێزكردنی  ژێرخانی ئابوری هەرێمدا خەرج بكرانایە ، لە سێكتەری كارەبا ، ڕێگاوبان وشتوكاڵ و پیشەسازی بچوكدا ، ئێستا  هەرێمی كوردستان لە زۆر بواردا لەسەر قاچی خۆی دەوەستا و هاوڵاتیان توشی ئەم نەهامەتی و فەقیری و هەژاریە نەدەبون و ناچاریش نەدەبوین  تەسلێم بە یەغدا ببینەوە. 
لەئێستادا نەوەكانیشیان لەسەر هەمان ڕێچكەی باوانیان خەرێكی تاڵانی داهاتی نەوت و پارەی گومرگ و باجەكانی ناوخۆن وهەرچی بازرگانی و كاسبیش هەیە قۆرخیان كردوە بۆخۆیان . ئەگەر مامجەلال و بنەماڵەی بارزانی  لە نێوخۆیاندا كۆك بونایەو كێشەیان دروست نەكردبایە لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ، كارەساتی  جیابونەوەی 1964 ڕوی نەدەدا ، كارەساتی هەكاری ڕوی نەدەدا ، شەڕی ناوخۆی 1996 ڕوی نەدەدا  ، كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانمان  دەگەڕاندەوە بۆسەر هەرێمی كوردستان .
 حوكمڕانییەكی تەندروستمان دەكرد . سامانی وڵات بە تاڵان نەدەبرا , لە ڕقی یەكتری ناچار نەدەبون  پەلكێشی دوژمن بكەن بۆ ناوهەرێمی كوردستان . لەساڵی 1964 تا ئێستا دەكاتە 56 ساڵ بەردەوام شەڕو ئاژاوەو ماڵ وێرانی بەرۆكی كوردانی گرتوە لە سایەی سەری دوژمنایەتی دوو بنەماڵەوە لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا . بەڕاستی ئەوە بێویژدانی و  غەدرێكی گەورەیە لەم گەلە دەكرێ . نە ویژدان ونەدین و نەیاساو نە عورفی كۆمەڵایەتی ڕێگا بەوە نادات گەلێك ببێتە قوربانی بەرژەوەندی دوو بنەماڵە . 
ماوەتەوە ئەوەی بڵێم : زۆر جار لێرەو لەوێ‌ گوێبیستی شوێن كەوتانی بارزانی و تاڵەبانی دەبین كە دەڵێن تا ماوین لەسەر ڕێبازە پیرۆزەكەی ئەوان بەردەوام دەبین .ئەمیان دەڵێت : خوێنم سەوزە . ئەویان دەڵێت : خوێنم زەردە . دەی یاخوا هەردوك بەرەتان ئەم شانازیەتان پیرۆزبێت و هێوادارم ئەم خوێنە سەوز و زەردە  لە بری پلازما ببێتە شیفای ئەوانەی توشی كۆڕۆنا دەبن .بەڵام توخا یەك پرسیار ئەگەر وەڵامم بدەنەوە  :  ئەوەی كە تاڵەبانی و بارزانی كردویانەو بەسەر كوردیان هێناوەو  ئەوەتا نەوەكانیشیان لەسەر هەمان ڕێبازن ،  شایانی  شانازی پێوە كردنە ، یان نەفرەت لێكردن ؟؟.
پێم ناَڵێن جیاوازی  ئەوەی بابانەكان لە ناو خۆیاندا كردیان و ئیمارەتەكەیان بەدەستی خۆیان لەناو برد، جیاوازی چییە لەوەی بارزانی و تاڵەبانی  لەناو خۆیاندا كردیان و ئەوەشی بەسەر كوردیان هێنا؟؟. باشە ئەم ڕێبازەی ئەوان لەسەری ڕویشتون چی بۆ گەلەكەمان و وڵاتەكەمان بەدەست هێناوە  تا شانازی پێوەبكەن و لەسەری بەردەوام بن ؟؟. بەڕاستی ئەمە نیشانەی پرسیاری دەوێت و ئەوەش خەمێكی گەورەیەو ئەگەر میللەتی ئێمە هوشیاربونایە ، سەركردەی ئاواشمان نەدەبون  . 
جان جاك  ڕۆسۆ دەڵێت : هەر میللەتێك بە بێ مەرج وەكو مییللەتی كورد بە نمونە خۆی بخاتە دەستی  هەر دەسەڵاتێك ، لە بەرامبەردا هیچ وەرناگرێت .  كەواتە كەس چاوەڕوانی موچە نەكات چۆنكە پێشوەخت  بڕیارتان داوە كۆیلەبن . 

 


 

null

داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) عێراق لە (8) مانگی یەکەمی 2026

null

خۆداپۆشین بە قەیران

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

داگیرکردنی شوێن، لەناوبردنی یادەوەریی شار

null

دیدێك سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سیاسی ئێستای هه‌رێم

null

کاتێک حیزب لە نیشتمان گەورەتر دەبێت و حیزب دەبێتە سنووری نیشتمان

null

تەمبەڵی عەقڵی و کۆمەڵگای جنێو!