Draw Media

پەیڕەو ئەنوەر تورکیا وا ناسراوە کە ناخەوێت، ئەگەر بشخەوێت خەون بە <گازی سروشتی> یەوە دەبینێت. دیارە لە دیدی تورک <گازی سروشتی> لە ئۆکسجین، لە ئاو و هەوا گرنگترە، پێویستترە! نوخبەی تورکی پێی وایە یەزدان گازی سروشتی بەهەموو دراوسێ، هەڤاڵەکانی تورکیا داوە بە وڵاتانی قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست، ئێران، رووسیا، کەنداو، عیراق، قوبڕس و یۆنان، سوریا و لوبنان و ئیسڕائیل ... هتد تەنها ئەوان نەبێت. وەک چۆن هۆڵەندییەکان پێیان وایە خواوەند شاخ و تۆبۆگڕافیای بەهەموو گەلانی دونیاداوە تەنها ئەوان نەبێت. دیارە سەد ساڵی رابردوو ئەم دووربوون و بێ بەشبوونە لە گازی سروشتی تورکیا کردووە بە ئۆبژەیەکی <خۆبەکەمزان Inferiority> لەناو هاوڕێ و دۆستەکانیدا، لاواز لەرووی جیۆپۆلەتیکی وزە! تورکیا واهەستدەکات بەبێ گاز پڕە لە گرێی ئۆدیب. ئەردۆگان لەساتەوەختێکدا دێت باس لە دۆزینەوە و گەیشتن بە گازی سروشتی دەکات کە تورکیا پڕە لە قەیران و پەرتبوون. ئەم چیڕۆکی دۆزینەوەیە لەیادەوەری زۆرێک لە تورکەکاندایە بەتایبەت ئەوانەی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە لەدایک دەبن و گەورەدەبن. تورکیا لە سەردەمی نوێدا ٣١ یەکەمین جارە مانیفێستۆی ئەوە دەکات کە گازی سروشتی دەدۆزێتەوە، چیتر کارییان بە خاوەن گازەکان نامێنێت، دەچنە سەر نەخشەی جیهانی وزە، ئیتر تورکیا وەرزی زستان خۆی خۆی گەرم دەکاتەوە. ئەم بیرکردنەوەیە هەستی پێش رووداوەکەیە، ڤێرجوال و وێنەیەکی دروستکراوە وەک چۆن <دۆڵۆز> رووداو دەکات بە ڤێرجواڵ و ئاكچواڵ! دەکرێت رهەندی ئاكچواڵی ئەم رووداوە بۆ تورکیا وا دابڕێژینەوە: یەکەم: تورکیا دەیەوێت بکشێت! پێدەچێت لەرێگەی گازی سروشتییەوە، لەرێگەی دەریاوە خێراتر و ئاسانتر بکشێت. هەم لەباکوور لەڕێگەی دەریای رەشەوە و هەمیش لە باشوور لەڕێگەی لیبیا و قوبڕسی باکوورەوە. کشان لەسەر زەوی، کشان لەناو ئاو. دووەم: گەیشتن بە گازی سروشتی بۆ تورکیا دەرگایەکە بۆ ئەوەی نەکرێتە نێو لەفەوە، ساندویچ نەکرێت و قوت نەدرێت لەنێوان ئێران و رووسیاوە. دیارە تورکیا کڕیاری هەمیشەیی ئەو دوو ئەکتەرەیە بەڵام وەک جیۆستڕاتیژ و جیۆسیاسی سەر بە دوو ناوەند و خەیاڵی جیاوازن. سێیەم: ئەردۆگان و ئاکەپە لەناوخۆ، لەدەرەوە لە لاوازبوون، داتەپین و بچووکبوونەوەیە. بنەمای حکومڕانی وڵاتە لەرزۆکە! بانگەشەی دۆزینەوەی گازی سروشتی موسەکینێکی خێرا و کەم تێچووە بۆ بەجەماوەریبوونەوە، ئاشتبوونەوە، گرێدانەوەی کۆپەیوەندی و کۆیادەوەری لەگەڵ هاوڵاتیدا. دیارە ئەردۆگان رێگای زۆرە بۆ ئەم پڕۆسەیە، لەرێگەی ئاسمانەوە <ئایە سۆفیا> لەڕێگەی زەوییەوە <گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی عوسمانیزم> لەرێگەی ژێر زەوییەوە <گازی سروشتی> و رێگاکانی تر ... کورت و پوخت، تورکیا خەون دەبینێت بەڵام ناتوانێت عەقڵانی بێت. ئەمڕۆ تورکیا پەرت و دابەشبووە، لەراستیدا <دڕاوە> وەک سامۆئێل هەنگتینگۆتن وا وێنای دەکات. گازی سروشتی ناتوانێت تورکیا بگۆڕێت بۆ هێزێکی عەقڵانی، لە قەیرانەکانی، لە ئاڵۆزییەکانی رایبکێشێت، بیکات بەخاوەن حکومڕانییەکی باش! وێنەی لە جیهانی دەرەوە بگۆڕێت. بانگەشەکە بۆ دیماگۆجکردنی خەڵکە، چۆن وا لە هاوڵاتی تورکی بکەیت چیتر بیرنەکاتەوە، تورکیای پڕ لە قەیران و کەوتووی بیربچێتەوە.


نەوزاد جەمال    لێرەدا نەوەک پسپۆڕێکی تایبەتی راگەیاندن و نەوەک زمانناسێکیش دەنووسم. بەڵکو، زمانی راگەیاندن وەک دیاردەیەک دەخەمەژێر پرسیارەوە. هەرچییەکیش کە لەوبارەوە نووسیومە یان دەنووسم، بیرکردنەوەو هەڵوەستەکردنە لەسەر ئەو دوو کایەیە. مەبەست لەخاڵیبوونەو-بەتاڵبوونەوە- چییەو چۆن لەراگەیاندندا بووەتە دیاردە؟ بەتاڵبوونەوە؛ سوانی زمان و خاڵیبوونەیە لەهەر واتایەک یان بیرکردنەوەو زانین و زانیاری گەیاندن. لەدوای راپەرینەوە، سەدان زاراوە، دەستەواژەو چەمک، دروشم و 'ووتراو'-ستەیتمێنت-(بەکردار یان نوسرواوبێ) لەمیدیادا دەووترێنەوە. ئەگەرچی سەرەتا وەک کەرەسەیەکی زمانەکی، دەستکەوتێک بوون بۆ زمان و راگەیاندن. بەڵام، بێئامانج و بێپەیام و بێزانیاری بەکارهێنانیان، وایانکرد بسوێن و لە واتا بکەون. دواجار، وەک کەفی سەردەریا لەزانیاری و واتابەخشی رووتببنەوە. دەستەواژەگەلی "ئەزموونی نوێ، هەستیاری دۆخەکەو قەیرانباری، کارەسات لەڕێیە، مەترسی لەبەردەمە، هەڕەشەمان لەسەرە، ئاسایشی نیشتمانی لەلێواردایە، کوردایەتی و نیشتمان و نەتەوایەتی، مرۆڤ، دیموکراسی، ئازادی و دەسەڵات و ئۆپزسێۆن" هتد... لە هەواڵ و سەردێڕو نووسینەکاندا، بوونە ووتراوگەلێکی بێبەهاو بێواتا. چونکە، بەدەربڕینیان هیچ بەهایەکی زانینەکی لێنەکەوتنەوە. کاتێ، 'منی' بیسەرو بینەرو خوێنەر، بۆنموونە ووشەی "قەیران و کارەسات" لەباسکردنی دۆخی کۆرۆنادا دەبیستم؛ یەکسەر ئەوەم دێتگوێم کە "کارەساتێکی گەورە" بەڕێوەیە. ئایا، لەدەربڕینەکەدا چ زانیاریی و پەیامێک دەگاتە مێشکم؟ پێویستە، راگەیاندکار لەدەربڕینەکانی وەک 'کارەسات و مەترسی و هەڕەشە'ن، بەبێ پرسیارلەخۆکردن و بیرکردنەوە رەخنەیی بەناونەکەوێت-تینەکەوێت. دەبێت بپرسێ: بۆ کارەساتەو بەکام پێوەر؟ ژمارە داتاکان چەندەو هی کامە مانگ و ساڵە؟ ئەی، ئەگەر ئەو داتایانە بەنەخۆشییەکانیتر، رووداوەکانی هاتوچۆ، شەڕوشۆڕو توندتیژیی بەراوردکەیت، ئایا ڕێژەی مردن بەکۆرۆنا کارەساترە؟ ئەگەر ژەمارە بڵاوکراوەکانیش ئەوەندەنین کە لەراستیدا هەن. چونکە، بەرپرسانی شارو نەخۆشخانەکان و حکومەت، لەکاردانەوە دەترسن و دەیانشارنەوە، ئیتر بەرمەبنەمای چی؟ ئەگەر ڕێژەکە کەمترە، بۆ گەورەی دەکەن؟ بەداخەوە، ووشەکانی "زیادکردن، هەڵکشان و داکشان" هتد... زاراوەگەلێکی ئاماریین، لەمیدیادا بەبێ پێشینەی زانستی دەبنە مانشێتی هەواڵەکان. بێئاگاییە لە'زمانی زانست' کە هەوڵەکە دەڵێت "رێژەکە هەڵکشاوە". چونکە، لە دەستەواژەکەدا بەراورد هەیەو دەبێ بەپێی کات، شوێن و بکەرو پێودانگ-ستانداردەکە- ئەو دەستنیشانکرابێت. هەروەها، گۆڕاو نەگۆڕ لەدیاردەو رووداوەکاندا جیابکرێتەوە. ناکرێت لەخۆڕا رێژەی نەخۆشی لەهەرێم بۆنموونە بەراورد بەئێران بکرێ و بەزۆرتر یان کەمتر قسەی لێبکرێت. رێژەی نەخۆشییەکە لەئێران لەسەدا چەندیش بێت، بەپێی رێژەی دانیشتوانی و ستانداردی خۆیەتی. جاران ژمارەو داتا لەراگەیاندنی ئێمەدا نەبوو جگەلە وشەکانی 'زۆر، زیاد، کەم '. ئێستە رۆژانە، ژمارەو داتا بەڕووماندا دەتەقنەوە. بەڵام بەنازانستیانە.  ئەگەر کۆی ئەو دەربڕینەوشانە (کارەسات، قەیران و هەڕەشەو مەترسی) لەماوە دەیەکدا کەچەندبارەکراون، تێکڕا کۆبکرێتەوە، دەگەیتە ئەنجامێک: یان ئەوەتا شتێک نییە ناوی هەڕەشەو قەیران و کارەسات. یان دەبێت هەموو رۆژێک کارەسات و مەترسی لەژیانماندابێت. کەواتە، کارەسات شتێکی رۆژانەی ئاساییە. چیتر کارەسات نییە کاتێ ژیانی رۆژانە بەڕێوەبچێت. قسەم لەئاستی گوزەران و ژیانەکە نییە. چونکە، ئەوە گۆڕاوێکەو لەبەرزونزمبوونەوەدایە.  پێدەچێت، خۆبەدرۆخستنەوە، چێواشەکردنی رای گشتی جێگەی ئەرکی سەرەکی میدیاکاری گرتبێتەوە. تەنانەت، هاوڵاتی ئاسایش لەوە گەیشتووە "میدیای ئێمە راستبێژی تێدانییە". نەبەهای زانیاری دروستیان هەیە، نەووتراو و دەربڕین و پەیامەکان یەکترتەواوکەرن. ئاخر، هەردەبوایە بەپێی پەیام و هەواڵەکانی سەرەتای ئەمساڵ، هەموو بە کۆرنا تیابچووینایەو هەرێم دارووبەردی بەسەریەکەوە نەمایە. ئەگەرچی هەمووشتەکان پێرفێکت و بێخەوش نیین، بەڵام لەگەیاندنی رێژەکاندا راستی کێشەوگرفتەکان بەهۆی بێسەلیقەیی، پەلەکردن، شپرزەیی و پەڕپووتیی و ناڕوونی، سەرەوبن بوون. بەکارهیێنانی ئەو ووشانە لەجێی خۆیاندا نەبوون. چونکە، داتاکان پەیامێکی رازاندنەوە، خۆدەرخستنن. لەکاتێکدا بەکارهێنانی ئەو دەربڕینانە 'ئەرک و بەرپرسیارێتی سەلماندن' دەخاتەسەر راگەیاندنکار. بۆیە، هێندە بەکارهێنانەوەی ئەو ووتراوانە جگەلە لە"حەشو" ئاخنین هیچترنییە. لەمێژووی بزاڤەکەلامییەکاندا، ئەشعەرییەکان بە'حەنەفی' و 'سەلەفی' ئەمڕۆو 'زاهیرییە-رواڵەتخوێنەکانیان دەوت حەشوکەرەکان. چونکە، ئەوەندەی ووشەیان بەکاردەهێنا، هێندە بیریان لەواتاو پەیامەکەی نەدەکردەوە. لێرەوە، گرنگ نییە چەندە لەووتنەوەو ئەزبەکردنی ئەو وشانەدا کارابیت. بەڵکو، چۆن بیریان پێدەکەیتەوەو چەندە زانین و زانیاری بەهۆیانەوە دەگەیەنیت. ناکرێت باس لەداد و ماف بکەیت، لەکاتێکدا نووسینەکەت، هەواڵەکەت مافی خوێنەرو جیاوازی بۆچوونی ئەویتر پێشێلکات. هەروەها، لەراگەیاندنی دروستدا، دەبێ ناوەڕۆکی هەواڵ و بابەتەکە وورژاندن و کارلێک دروستبکات نەک دەربڕینی وشەو قسەی شاخدار. دەربڕینی سۆزجوڵێنەرو وروژاندنی هەستونەست کاری شیعرو ئەدەبە. بۆیە، سەرچاوەیەکی ئەو گرفتە، لەو زمانە شیعرییەوەیە کە هێشتا ژانرەکانی تری نووسین و رۆژنامەگەری، بواری ئەکادیمی و شرۆڤەی زانستی و فەلسەفەش پێوەگیرۆدەیە. ئەگەرچ، هێندە هۆگری شیعرو رۆمانی کوردیی سەردەمەکەنیم. ئەوەندەی خوێندوومەتەوە، تێبینیمکردووە پڕن لەرازاندنەوە بەدەستی وەستایەکی "فرانکشتاینیانە" کە خۆینەر دەخاتە دۆخێکی دەروونی شڵەقاوەوەو ئامانجی ئەوەیە خوێنەر ئەقڵ و هۆشی رادەستی نووسەرکات!  نووسەرو رۆژنامەکاری ئێمە، خوێنەرکوژن. چونکە، نووسیین پانتاییەکی دیالۆگکردن نییە، ئەوەندەی ساخکردنەوەو سەپاندنی ڕاوبۆچوونێکە بەسەرخوێنەر/بینەردا. لەجیاتی رێخۆشکردن بۆ پرسیارو بیرکردنەوە، قایلکردن بەبۆچوونی خۆیان، دوائامانجەکەیە. لێرەوە، مەرگ و کۆتایی رەخنەش رادەگەیەنم. چیتر، رەخنەگرتن وەک نووسین، راگەیاندن واتاو کاریگەریی نەماوە. جگەلەوەش رەخنەگرتن ئامرازو ئەسپێکی خێرای خۆگەیاندنی کەسانێک بوو بەپۆست و پێگەی باش. ئیتر سیحرەکەی بەتاڵبووەوە. بیرکردنەوەی رەخنەیی وەک جیهانبینی لەخۆیدا بەکۆتا نەگەیشتووە، بەڵکو ئەو فۆرمەی کە زۆربەمان لەدەیەکانی پێشووەوە لەسەری راهاتووین، پووچبۆتەوە. ئیتر، بەخێربێن بۆ "کۆمەڵگای پاش هەقیقەت، پاش رەخنەو پاش زمان".


کاوە محەمەد   رێککەوتنی ئەمدواییەی ئیمارات و ئیسرائیل، دەرگای ئەوەمان بۆ دەکاتەوە کە قسە لەسەر ستراتیژی دوورمەودا و پشوودرێژی (دێوەزمە) بکەین، بەتایبەت ئێستا (مایک پۆمپیۆ)ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەناوچەکەیە و بڕیارە دوای ئیسرائیل، سەردانی قەتەر و سودانیش بکات، چونکە ئەو دوو وڵاتە عەرەبیەش خۆیان بۆ رێککەوتنی هاوشێوەی (ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل) خۆشکردووە.. ستراتیژی (دێوەزمە ) لەسەر بنەمای (قوربانیدان بە وڵاتێک بۆ بەدەستهێنانی ناوچەیەک) داڕێژراوە..ئەمەش بەتایبەت لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا ( ١٩٥٩) لەلایەن واشنتۆن-ەوە پەیڕەو دەکرێت، لەو ساڵەدا کە ئەمریکا لەگەرمەی جەنگی سارددا بوو لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت، دامەزراندنی دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی لەبن باڵی ئەمریکا (کوبا ) بە هەڕەشەیەکی گەورەی بلۆکی کۆمۆنیزم بۆ سەر بلۆکی سەرمایەداری دادەنرا، لەوساوە زۆر لەسیاسەتوان و شیکەرەوان پێیانوابوو کە ئەمریکا هەموو هێزی خۆی بۆ هەڵکەندنی ئەو (گرێ سەرەتانی)یە بەکاردێنێت، کەچی (فیدل کاسترۆ) کۆچی دواییکرد و ئێستاش هەر لەسەر پێ وەستاوە، ئەمەی واشنتۆن بێ توانایی و خەمساردی نەبووە، بەڵکو قوربانیدان بوو بە وڵاتێک (کوبا) بۆ بەدەستهێنانی کیشوەرێک (ئەمریکای لاتین)، چونکە لەدوای شۆڕشی کوباوە، هەرچی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین هەبوون، کەوتنەی هەڵپەی دەستڕاکێشاتی بنکەی سەربازیی و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان، تا خۆیان لەبڵاوبوونەوەی ( پەتای کۆمۆنیزمی کوبی) بەدووربگرن و بە پشتیوانی واشنتۆن، لەسەر حوکم بمێننەوە. بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران-یش بەهەمانشێوە؛ لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش ( ١٩٧٩) و هاتنە سەرکاری مەلاکان، ئەمریکا ئەو وڵاتەی کردە قوربانی، تا ولاتانی ناوچەکە بۆ پاراستنی خۆیان لەهەڕەشەکانی ئێران، هەمیشە پێویستیان بە هێزی سەربازی و وەبەرهێنانی ئەمریکایی هەبێت..بێگومان باشترین رێگاش بۆ بەدەستعێنانی دڵی واشنتۆن، تێپەڕبوونە بە (تەلئەبیب ) کە وا وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش یەک بە یەک، دوای ئیمارات ریزیان بەستووە پێی بگەن..


هیوا سەید سەلیم   لێرەدا دەپرسین سەرۆک لە ئەمریکا چۆن هەلدەبژێردرێت، کێ دەنگی بۆ دەدات، هەڵبژاردنەکە راستەوخۆ دەبێت یان ناراستەوخۆ؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەدەینەوە، بە تایبەت کە هەموو لایەک دەزانین کە لە مانگی ١١ ئەمساڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵبژاردن بۆ سەرۆک ئەنجام دەدرێت. کە باس لە هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمەریکا دەکرێت زۆرێک پێیان وایە کە خەڵک لەوەێ راستەوخۆ سەرۆک هەڵدەبژێرێت بەڵام وانیە، هەڵبژاردنی سەرۆک لە ئەمەریکا پرۆسەیەکی ئاڵۆز و درێژخایەنە، پڕۆسەکە کە چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت یەک ساڵ دەخایەنێت. ساڵی ١٧٨٧ دارێژەرانی دەستووری ئەمەریکا لە نموونەی ( جۆرج واشنتن، ئەلکسەندەر هاملتۆن، جیمس مادسۆن) دانیشتن بۆ دۆزینەوە باشترین رێگا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. شێوازی یەکەم کە پێشنیارکرا ناونرا پلانی فیرجینیا: بە پێی ئەو پلانە دەسەلاتی هەڵبژاردنی سەرۆک درابووە دەسەڵاتی یاسا دانان، واتا سەرۆک لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئەو ویلایەتانەی کە ژمارەی دانیشتوانیان زۆر بوون پستگیریان لەو پلانە دەکرد، بەڵام ئەو ویلایەتانەی بە ژمارە کەم بوون دژی وەساتنەوە. شێوازی دووەم پلانی نیوجەرسی: هەموو ویلایەتێک دەنگی دیاریکراوی هەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆک بەبێ رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکان، ئەو پالنەش لەلایەن ویلایەتە گەورەکان ڕەتکرایەوە کە دانیشتوانیان زۆرە. دوای ڕەتکردنەوەی ئەو دوو پلانەی سەرەوە سالی ١٨٧٨ دامەزرێنەرانی دەستووری ئەمەریکا گەیشتنە رێکەوتنێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کە بە ڕێکەوتنە گەورەکە ناسراوە کە بریتیە لە: - هەڵبژاردنی کۆمەڵەی هەڵبژێردراو Electoral College دوای هەلبژاردنی ئەو کۆمەڵەیە ئەندامانی هەلبژێردراوی ئەو کۆمەڵەیە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک دەدەن. - ٣ دیێمبەر هەر ویلایەتێک نوێنەرانی خۆی بۆ کۆمەڵەی هەڵبژێردراوە لە پروسەی دەنگدانی گشتی بە پێی ئەو ئالیەتەی کە ویلایەتەکە پێی باشە هەڵدەبژێرێت لەسەر ئەو پڕەنسیپانەی خوارەوە. 1- ژمارەی ئەندامانی ئەو ویلایەتە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کە لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە جیاوازە بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ویلایەتە. 2- دوو نوینەر لە بەرامبەر ئەندامیەتی هەر ویلایەتێک لە ئەنجوومەنی پیران. 3- کەرتی کۆلۆمبیا کە پێک دێت لە واشتنتۆن دی سی پایتەخت وەک ویلایەت مامەڵەی لەگەل ناکرێت ٣ نوێنەری لە کۆمەڵەی هەلبژێردراو دەبێت. - ویلایەتە یەکرتووەکانی ئەمەریکا لە ٥٠ ویلایەت پێک دێت لەگەڵ کەرتی کۆلۆبیا . - بە پێی ئەو سێ خاڵەی سەرەوە بێت کۆمەڵەی هەڵبژێردراوە ژمارەیان ٥٣٨ کەس دەبێت بەم شێوەی خوارەوە: 1- ٤٣٥ ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو ژمارەیە لە ویلایەتێک بۆ ویلایەتێک جیاوازە بە پێی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ٥٠ ویلایەتە. 2- ١٠٠ کەس بە پێی ژمارەی ئەنجوومەنی پیران هەر دوو کەس لە ویلایەتێک هەڵدەبژێردرێن. 3- ٣ کەس لە کەرتی کۆڵۆمبیا هەلدەبژێردرێن. 4- تیکڕای ژمارەی کۆمەلەی هەڵبژێردراو یەکسانە بە ٥٣٨ کەسی هەڵبژێردراو. 5- هەموو ئەوانە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی مانگی نۆڤێمبەر هەڵدەبژێردرێن. شایانی باسە لە تەواوی جیهان سیستەمی باو بۆ هەلبژاردنی سەرۆک دوو جۆرە، یان ئەوتا سەرۆک ڕاستەوخۆ لەلایەن خەلکەوە هەڵدەبژێردرێت یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن پەرلەمان کە هەڵبژێردراوی خەڵکە هەڵدەبژێردرێت، ئەی بۆچی یاسادانەری ئەمریکی ئەو شێوازە ئاڵۆزەیان بۆ هەلبژاردنی سەرۆک داناوە؟ - دامەزرێنەرانی دەستووری ئەمەریکا بۆ رێگری لە باڵادەستی ویلایەتە گەورەکان پەنایان بۆ ئەو شێوازە برد. - بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەرچوونی پێویستی بە دەنگەکانی تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بێت. - بە پێی ئەو پڕەسیپانەی بۆ کۆمەلەی هەلبژێردراو داندراوە هەر ویلایەتێک تەنانەت ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی زۆر کەمیش بێت نوێەری لەو کۆمەلەیە دەبێت. - هەلبژاردنی سەرۆکێک کە رەزامەندی سەرجەم ویلایەتەکانی لەسەر بێت. تێبینی زیاتر: - ٥ ولایەتی گەورەی وەک (کالیفۆرینا، تکساس، فلۆریدا، ئیلینوی، بنسلفانیا) بە تەنیا لە کۆی ٥٣٨ دەنگی کۆمەلەی هەلبژردراو ١٩١ دەنگیان هەیە ، چونکە ژمارەی دانیشتوانیان زۆرە. - کار بە پرەنسیپی ٥٠+١ بۆ درچوونی کاندید ناکرێت، بگرە لە هەر ولایەتێک ئەو حزبەی زۆرینە دەبات تەواوی دەنگەکانی ئەو ویلایەتە بۆ ئەو دەبێت بۆ نموونە: لە ولایەتی A ئەگەر ژمارەی دەنگەکانی بە پێی پرەنسیپەکانی کۆمەڵەی هەڵبژیردراو= بە ١٠ دەنگ، ٢ دەنگی ئەنجوومەنی پیران و ٨ ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەگەر ئەنجامی دەنگدانی گشتی بەم شێوەیە بوو: دیموکراتەکان ٦ دەنگ ، کۆماریەکان ٤ دەنگ ، ئەواو سەرجەم دەنگەکانی ئەو ویلایەتە بۆ دیموکراتەکان دەبێت، واتا دیموکراتەکان هەر ١٠ دەنگەکە دەبەن. - بۆ دەرچوونی کاندید لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە کاندید پێویستی بە دەنگی جیاوازە ، بە پێسی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ویلایەتە بۆ نموونە: ویالەتی نیۆیۆرک کە ژمارەی دانیشتوانی زۆرە کاندید بە دەنگی 519.075 دەنگ دەبێت. بەلام لە وێایەتێکی دیکە کە ژمارەی دانیشتوانی کەمە بە نموونە: ویالیەتی یومینگ کاندید پێویستی بە 142.741 دەنگ دەبێت. - هیچ مەرج نیە ئەندامی دەرچووی لە کۆمەڵەی هەڵبژێردراو لە هەڵبژاردنی سەرۆک دەنگ بە کاندیدی حزبەکەی بدات. - تا ئێستا لە مێژووی ئەو ولاتە چوار جار یەکێک لەو دوو حزبە لە هەڵبژاردنی کۆمەلەی هەڵبژیردراو بردویەتیەوە بەلام لە هەڵبژاردنی دووەم دۆڕاندوویەتی، دواین جار لە هەلبژاردنی ٢٠٠٦ پارتی دیمورات کە هیلەری کلنتۆن کاندیدی بوو زۆرینەی کۆمەڵەی هەلبژێردراوی بردەوە بەلام لە هەلبژاردنی دیسێمبەرکە بۆ سەرۆک لە کۆمەلەی هەڵبأردراوکرا دۆنالد ترەمپ بردیەوە لێردا تێدەگەین کە ژمارەیەک لە دیموکراتەکان دەنگیان بە ترەمپ داوە.  


پەیكار عوسمان - سیاسەت وەكو چالاکییەك بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگاو بۆ خزمەتی گشتی، مانای خۆی لەدەستداوەو ئێستا لە سیاسەت، تەنیا درۆو فێڵ و بەرژەوەندی تایبەتی ماوەتەوە. لێرەشەوە ئیتر ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێکە دژی خودی سیاسەت، بۆئەوەی سیاسەت ببێتەوە بە خۆی! - ئەم سیاسەتە حازرییە، کە بەگشتی یەکسانبۆتەوە بە درۆ، بەتایبەتیش لە بەرەبەری هەڵبژاردندا، تاوئەسێنێ و ئەگاتە لوتکەی خۆی، یەعنی لوتکەی درۆ. مەسەلەن ئەوەتەی کازمی ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی دیاریکردوە، لە عێراق و لە هەرێمیش، "سیاسەتی درۆ" خەریکە خۆی دەمەزەرد ئەکاتەوەو گەڕێکی تری لافای درۆی سیاسییەکان خەریکە هەڵئەستێ! - بەوبەختی ئەوەیە کە، ئەم لافاوی ناڕەوای درۆیە، هاوکاتە لەگەڵ لافاوی ڕەوای ناڕەزایی خەڵك. ئیتر ناڕەواکە تێکەڵی ڕەواکە ئەبێ و عادەتەن یارییەکەش لە بەرژەوەندی ناڕەواکە کۆتایی دێت. چونکە سیاسەتی درۆ، لەسەر پاڵەوانبازی و خۆدەرخستن و شۆی ئیعلامیی وەستاوەو دۆخی ناڕەزاییش باشترین ستۆدیۆی تۆمارکردنی ئەو فیلمەیە! ئێ خەڵکەکەش بایی ئەونە هۆشیاریی نیە، کە نەیەڵی ئەم ڕەواو ناڕەوایە تێکەڵببن، چونکە هۆشیاری خەڵك، هێشتا هۆشیارییەکی چاوییەو بەرزنەبۆتەوە بۆ هۆشیارییەکی عەقڵیی! - خۆ ڕەنگە کازمی، وەکو کەس و وەکو سەرۆك وەزیرانیش، لەوانیتر باشتربێ، بەڵام لەباشترین حاڵداو بە پشتیوانی ئەمریکاش، تەنیا ئەتوانێ گێڕێك باشتربێ، نەكئەوەی هەڵگەڕانەوەیەكی ئەخلاقی بە دنیای سیاسەت بکات. ئاخر خودی کێشەکە، ئەو سیاسەتە نائەخلاقییەیە کە لەسەر شۆی ئیعلامیی وەستاوە، دەی ئەمیش پاڵەوانی ئەوێیەو ڕێك لەوێوە دەستیپێکردوە! - بۆیە ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵناچنرێ و لەڕاستیدا چەنێك بۆی هەیە گێڕێك باشتربێ، ئەونەش بۆی هەیە پێچەوانەکەیبێ، چونکە لەڕاستیدا ئەو نەهاتووە دنیایەکی تر بهێنێت، هاتووە لەناو هەمان دنیادا لەوانیتر باشتر دەرکەوێ. نەهاتووە ئەخلاقێکی سیاسی تر بهێنێت، هاتووە لەناو هەمان ئەخلاقدا بڕێك کەمتر بەدئەخلاق بێت! - دەی ئەو گۆڕانە ڕووکەشییەش دەردی عێراقییەکان تیمار ناکاو ئەمە وەك ئەوەیە کابرا سەرەتانیبێ و تۆ پانادۆڵی بۆ بنوسیت! لەڕاستیدا عێراق و عێراقییەکان بە هەرێمیشەوە، پێویستیان بە گۆڕانێکی جەوهەرییە نەك ڕوکەشی. پێویستیان بە گۆرانێکی ئەخلاقییە نەك ئیعلامیی. پاڵەوانی ئەخلاقی کارەکان وەکو ئەرك ئەکاو پاڵەوانی ئیعلامی وەکو نمایش! - لە شۆو نمایشیشدا، جارێکی تر سیاسەتی نائەخلاقی تۆخئەبێتەوەو جارێکی تر درۆو هەڵخەڵەتاندن دروستئەبێتەوە، لێرەشەوە جارێکی تر جەهل و ناهۆشیاریی خەڵك قووڵئەکرێتەوە، لەکاتێکا لەپاڵ ستەمی دەسەڵاتدا، جەهلی خەڵك دیوەکەی تری کێشەکەیەو چارەسەریش هۆشیاریی گشتییە نەك خەڵەتاندنی گشتی! - هۆشیاری لە ئارامیدایەو جەهل و ناهۆشیاری لە حەماسەت و فەوزادا. سیاسییەکانی ئێمەش هەرگیز لێیان ناوەشێتەوە کە کەشی بیرکردنەوەت بۆ بڕەخسێنن، چونکە ئەوان لەسەر خەتی سیاسەتی نائەخلاقیین و لەوێشەوە هەر ختوکەی عاتیفەت ئەدەن و هەر کەشی حەماسی و فەوزات بۆ ئەخولقێنن بۆئەوەی هۆشت خەبەری نەبێتەوە! - لێردا ئیتر تۆ ئەبێ، هەر خۆت و لەناو خۆتداو لەگەڵ خۆتدا، کەشێکی ئارام و دابڕاو، بۆ بیرکردنەوە بڕەخسێنێت و عەقڵت لە نەبوونی ناو فەوزاکەی ئەوان، دەربێنیت و ڕێگەی بدەی کە هەبێ و بکەوێتە دۆخی بوونەوە، ئینجا ئەو عەقڵە شتەکان بخاتە ناو خۆیەوە! - بۆ ئەمەش بێدەنگی باشترین دەنگەو لەڕاستیدا کارەکە تەنیا بە بێدەنگی ئەکرێت. بێدەنگی بەمانای تەسلیبوون و بێهەڵوێستی و خۆگێلکردن لە ستەم نا، بێدەنگی بەمانای ئازادبوون لە دەنگەدەنگ و فەوزاکەی ستەم، کە ئازادبوون لە خودی ستەمیش هەر لەوێوە دێ و هەر ئەکەوێتە دوای ئەو بێدەنگبوونەوە. چونکە لەوێدا، ئیتر دەنگی جەهلی دەرەکی کۆتایی دێ و دەنگی عەقڵی ناوەکی دێتە گۆ، تەنیا ئەم دەنگەش دەنگی ڕاستەقینەی تۆیەو تەنیا ئەم دەنگەش دەسکاری دنیا ئەکات، چونکە ئەم دەنگە خودی دەسکارییەو هەر ئەونەی کە هەبوو، یەعنی دەسکارییەك و گۆڕانێك لە تۆدا ڕوویداوە! - ستەمکاریی درۆیەو درۆش ستەمکارییە. ئەمیان بە درۆو دەلەسە حوکم ئەکاو ئەویان ئەیەوێ بە درۆو دەلەسە حوکم بگرێتە دەست. تۆش کە دژی ستەمکارییت، ئەبێ پێش هەرشتێ دژی درۆبیت، نەكئەوەی بەتەمابیت درۆزن ستەمکارییت بۆ بڕوخێنێ و درۆ عەدالەتت بۆ بهێنێ! - خۆ من ئەزانم شتەکە قوربانیی ئەوێ، بەڵام قوربانی باجی ڕاستییەو ئەبێ بۆ ڕاستی بدرێ نەك بۆ درۆ. قوربانی ئەبێ بۆ گۆڕینی ئەخلاقی سیاسی بدرێ نەك تەنیا بۆ گۆڕینی دەموچاوی سیاسی. بۆیە پێش قوربانیدان ئەبێ هۆشیاریت بە ڕاستی و درۆ هەبێت، بۆئەوەی ڕەنج بەخەسارنەبیت و بە قوربانیدانەکەی تۆی بێ گیرفان، کەسێك نەبێ بە پەرلەمانتاری سی ملیۆنیی! - کابرای ستەمکار شەق ئەوەشێنێ و دەسەڵاتەکەی خۆی پێ ئەپارێزێ. کابرای موعارەزە وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر ئەو شەقە ئەکاو ئەسڵەن پێ ی خۆشە شەق هەیەو حەزئەکا بەریشیکەوێ و بیکا بە ڕیکلام بۆ خۆی. یەعنی ئەم دووانە هەردوکیان نانی شەق ئەخۆن و هەمان کولتوری شەقوەشاندن قووڵئەکەنەوە. باجەکەشی هەر کوڕی فەقیر ئەیدا. ئاخر ئەوەی کە ئەیوەشێنێ کوڕی فەقیرەو ئەوەی کە بەری ئەکەوێ کوڕی فەقیرە، ئەوەشی کە بەرهەمی شەقەکە ئەچنێتەوە هیچکام لەم دووانە نین کە فەقیرن بە نان و بە هۆشیاریی، بەڵکو ئەو دووانەی ترن کە تێرن بە فەسادو فەقیرن بە ئەخلاقی سیاسی! - ئەگەر سێیەمێکیش بۆ ئەو دووانە ئیزافە بکەم، خودی کوڕی فەقیرەکەیە، ئاخر ئەویش لە شوێنێکدا ئەداتە گێڕی شەقوەشاندن و ئەسوتێنێ و تێکئەداو بەردو دەبە ئەهاوێ.. لێرەشدا دەسەڵات و موعارەزەو خەڵك، هەرسێکیان ئەبنە سێکوچکەی شەقاوەیی و ئیتر هەموومان ئەبینەوە بە هەمان شت و ئاو ئەکەینەوە ئاشی هەمان عەقڵیەت و ئەخلاقیەت، لەکاتێکا خۆپیشاندان هەر بۆ ئەوە باشە، کە ئەم عەقڵ و ئەخلاقەی تیا ڕەتبکەینەوە، بەوەی کە عەقڵ و ئەخلاقێکی تری تیا پیشان بدەین! - یەعنی لەڕاستیدا منو تۆ لەسەر جادە، شەڕی یەکەممان لەگەڵ خودی خۆماندایەو بۆ ئەوەیە کە توندوتیژ نەبین و نەکەوینە ناو مەنتیقی شەقاوەییەوە. شەڕی نان و ئازادی و فەسادو ستەمکاری و هەموو شەڕەکانی تریشمان لەگەڵ ئەو، پلە دوون و پلە دووەکانیش هەرچەن ڕەوابن، هەر ئەوەی یەکەمیان ڕەواترە، چونکە تۆ لەوەی یەکەمیانەوەیە کە ئەکرێ جیاوازبی، یان هەر ببیتەوە بەو! - لەڕاستیدا ئەگەر گێژانە بچینە سەر جادەو ئەم هۆشیاریی ناتوندوتیژییە بۆ خۆمان نەکەین بە فلتەرو بە پێشمەرجی خۆپیشاندان، ئەوکات جگە لەوەی لە توندوتیژیدا ئەبینەوە بەو، ئەشبینە ئەکتەرێکی باشی ناو سیناریۆ قێزەونەکانی پاراستن و زانیاری و موعارەزەی پۆپۆلیست. ڕێك وەکئەوەی لەناو مەشکەدابیت، بە هەموویان بڕێك ڕاتئەوەشێنن و لەوەی کە هەیت زیاتریش گێژئەبیت! - بەڵێ خۆپیشاندان ڕەوایە، بەڵام ناتوندوتیژی ڕەواترەو ئێمە ئەبێ هەردوکی تێکهەڵکیشکەین و ڕەواکە بە ڕەواترەکەوە بکەین، نەك ئەوەی ڕەواکە بە ناڕەوایی بسپێرین و بۆ ڕیش بچین و سمێڵیش دانێین! - کاتێ هەموو هۆکارەکانی ناڕەزایی هەن، ناکرێ ناڕەزایی خۆی نەبێت. توندوتیژی دەسەڵاتیش پاساونیە بۆ دانیشتن لەماڵەوە، چونکە کە ژیان نەماو کە دانیشتن خۆی مردنێكبوو، ئیتر مردن ناتوانێ بەر بە هەستان بگرێ! بەڵام ناڕەزایی ئەبێ شتێکی تربێ، بۆئەوەی شتێکی تری لێبکەوێتەوە، ئەگەر هەر هەمان شتبێ و هەر هەمان شتیش بەرهەمبێنێتەوە، لێرەدا لەپاڵ ناڕەزایی بەرامبەر دۆخەکە، ناڕەزاییەك بەرامبەر ئەم جۆرە لە ناڕەزاییش پێویست و گرنگە! - ناڕەزاییش هەر بەوە شتێکی ترە، کە ئەو توندوتیژبوو تۆ ناتوندوتیژبیت. ئەمەش قسەی زل و باقوبریق نیە، بەڵکو منیش وەکو تۆ ئەزانم کە وەزعەکە زۆر خراپەو لە تەحەمولا نەماوە، بەڵام قۆناغێك لەمەش خراپتر هەیە، ئەوەی کە دەیان میلیشیاو شەعبێكی چەکدار، کە هەرکەس لەماڵەوە چەکی خۆی هەیە، هەمووی بەربێتە یەکتری! - بۆئەوەی لەم زۆر خراپەوە نەگەین بەو زۆر خراپترە، چارەسەر تەسلیمبوون نیە، چارەسەر بەرگری ناتوندوتیژە، ئیتر بە هەر ڕێگایەکی فەردی و جەماعی کە بۆت ئەگونجێ. خۆپیشاندانیش تا ئەمەبوو، بیکەو بچۆ، وەلێ ئەگەر عەکسەکەیبوو، تۆش ڕێك عەکسیکەرەوەو بچۆرەوە ماڵەوە، بۆئەوەی خۆپیشاندانیش وەکو هەموو شتەکانی تر نەدزرێ و لەبری چارەسەر خۆی نەبێت بە کێشەیەکی تر! - یەعنی لەڕاستیدا خۆپیشاندان هەر وا سادە نیەو هەر پیاسەکەو خۆ تووڕەکردنەکە نیە، بەڵکو هۆشیارییەکی گەورەو بەرپرسیارێتییەکەی گەورەیە بۆئەوەی کە خودی خۆپیشاندانەکە بپارێزیت. بیپارێزێت لە زانیاری و پاراستن و خەڵکی پۆپۆلیست، بیپارێزیت لە دۆخی ناهۆشیاری و پەلاماردان و حەماسەت و هەڵچوونی توندوتیژ.. یەعنی پێشئەوەی بەتەمابیت خۆپیشاندان شتێکت بۆ بکات، ئەبێ تۆ زۆر شتی بۆ بکەیت، ئەمەش بە تاکی هۆشیارو گروپی ڕێکخراو ئەکرێ کە هیچیان نین! - هەر خودی قەرەباڵغیی، کەشی لەباری ناهۆشیارییەو نەك هەر خەڵکی خۆمان، بەڵکو خەڵکی پاریسی پایتەختی ڕۆشنبیری عالەمیش، لەوێدا ئەشکێنن و ئەسوتێنن و شتی سەیرو بێتام ئەکەن! بۆیە ئەگەر هۆشیاری جارێك فەرزبێت، بۆ کەسێك کە ئەچێتە ناو قەرەباڵغی دوو جارو دە جار فەرزە، بەتایبەت بۆ قەرەباڵغییەکانی ئێمە، کە جگە لەوەی لەوبەرەوە گەلەگورگێك بە دارو چەکەوە بەرامبەری وەستاوە، هەمیشە لەناوەوەش گەلەڕێوێیەکی تێدایە!


بەهمەن تاهیر نەریمان بت خاوەنی پارێزبەندییە و لە هەموو ڕەخنە و گومان و چاکسازییەک دەبوێردرێت. ئامرازی (بەبتکردن) بریتییە لە کێشانی خەرمانەی پیرۆزیی بەدەوریدا، ئیتر ئەوەی لە بتەوە بێت، پیرۆزە، بیرو گوفتار و ڕەفتارێک لەبتەوە سەرچاوی گرتبێت دەستلێنەدراوە و جێی ڕەخنە و سەرزەنشت نییە، ئەوەی دژی بێت سەر بە دنیای شەڕە و گڵاوە. ئەوەی بەهەڵە لە بت تێگەیشتوین ئەوەیە وا دەزانین بت بریتییە لە پەیکەرێکی ڕەق و تەق و بینراو و دەرنشینە، لە دەرەوەی خۆمان پەیکەرێکمان لە ماددە بۆ کردووە. ئەمە سادەترین جۆری بتە، بتی هەقیقی نەبینراوە، لە دەرونماندا خۆی حەشارداوە، ناونشینەو لە زەینماندایە، ڕووپۆش و ناوپۆشکراوە، مرۆڤ بەئاسانیی دەرک بە بتی سایکۆلۆژی و ناوەوە ناکات، بۆیە بەئاسانیی نکوڵیی لێدەکات، بتی نامادی و ئەبستراکت، دەرککردنی ئاسان نییە، زیرەکیی دەوێت، بەڵگەی دەوێت تا بیسەلمێنیت، هۆشیاریی دەوێت تا پەیی پێبەریت و بناسرێتەوە. بۆ نمونە؛ کەسێک پەیکەریکی داناوە و کرنوش و سوژدەی بۆ دەبات، ئاسانە پێی بڵێیت تۆ بت-پەرستی، بەڵام زۆر گرانە بە دکتاتۆر یان ستەمکارێک بڵێیت تۆ بتیت، لەوە گرانتر بە شوێنکەوتوەکانی بڵێیت تۆ بت-پەرستیت! مرۆڤایەتی هەرگیز قۆناغی بت-پەرستیی تێنەپەڕاندووە و لە قووڵایی بت-پەرستیدا ماوەتەوە. تەنها بتەکان دەگۆڕدرێن، جێگۆڕکێ بە (شوێندان)ـی بتەکان دەکات. بت-پەرستی یەکێکە لەو پەتایانەی مرۆڤایەتی توشی بووەو بەدەستییەوە ناڵاندویەتی، لە ئێستاشدا هەر بەدەوامە، جێگۆڕکێیەک کە بە بت-پەرستی کراوە ئەوە نییە ژمارەی بتەکان کەمبوونەتەوە، ڕەنگە وەک خۆیان مابنەوە، بەڵکو ئەویە؛ بتی خاوەن پەیکەر کەمبووەتەوە و لەجێی ئەو بتی نابەرجەستە و ئەبستراکت جێی گرتوەتەوە. مادام بت-پەرستی لەناو چوارچێوەی بەپیرۆزکردندایە، کەواتە ڕەخنە قبوڵناکات، بڕوای بەوە نییە نەک باسی کەموکووڕییەکانی بکرێت، بەڵکو دان بە کومورتییەکانی خۆیدا نانێت. کەسی بەبتبوو خۆی لەسەروو ڕەخنە و لێپێجینەوە دەبینێت، کاتێک دەگوترێت فڵانە کەس ئەوەی دەی کات لێی ناپێچرێتەوە و لەسەروو لێپێجینەوەوەیە ئەوە بتە و بووە بە بت. هەر کەس، دامەزراوە، حزب، مەزهەب، گروپ و ئایدیۆلۆجیا لەسەروو ڕەخنەو پرسیارکردنەوە خۆی دانا، ئەوە داوای تەقدیس و بەبتبون دەکات، داوای خوداداریی دەکات. مامۆستا کە ڕەخنەی قوتابییەکەی قبوڵناکات، ئەوە داوای ئەوە دەکات قوتابییەکانی بیکەن بە بت. سەرکردە کە پێی وترا (بیستمان و گوێڕایەڵین) ئەوە بووە بە بت و خەڵکەکە بەندەن. مەلای دینی مادام ڕازی نەبوو لەسەر دوانگەکەی ڕەخنەی لێبگیرێت، خۆی کردووە بەبت، هەر یەک لە سیستمی دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، مادام خۆی لەسەروو ڕەخنەوە دانا، ئەوە داوای بەبتبونی خۆی دەکات. دینە-یەکتاپەرستەکان لەسەرتادا شەڕی گەورەیان لەگەڵ ئەقڵی بت-پەرستی کردووە، بتی بەبەردبووی ماتریاڵیان لابرد، بەڵام بتی ناو زەین، ئەو بتەی لە وشە دروستدەکرێت، ئەوە بتەی وەک چەمک و وێنەی زەینی دەمێنێتەوە؛ دەستیان بۆ نەبرد. لە ئێستادا، ئاینە یەکتاپەرستەکان پڕپڕن لە بتی داتاشراو بە وشە، بتی دەقێکی پیرۆز، بتی شێخێک، پێغەمبەرێک، دەسەڵاتدارێک، مێژویەکی پیرۆزکراو، شوێنێکی پیرۆزکراو، بتی سامان، بەناو شیپاڵۆک(فلتەر)ی یەکتاپەرستیدا تێدەپەڕن و ناپاڵێورێن، چونکە ئەم ئەقڵە، دوای مەرگی ئیبراهیمەکانی ناویان، کاهینەکان هاتوون و جارێکی تر ئەقڵی بت-پەرستی بە وشە دادەڕێژنەوە. ئەقڵی دینی وا سادەبووەتەوە پێی وایە دانانی پەیکرێک لە ماڵدا، وەک کارێکی هونەری و جوانی، حەرامە، چونکە ئەوە بتە، لەوە ناگات، ئەم پەیکەرە لە خواوەندیی خراوەو تەنها کارێکی هونەرییە، کەچی درکیش بەوە ناکات، هەر خۆی ڕوکاری دەقی لێبووە بە بت و پیرۆزی دەکات، ناتوانێت لێی دەربچێت. دەکرێت بت سیاسییەکی بەدەسەڵات بێت، دەکرێت پیاوێکی دینی بێت، دەکرێت ڕۆحانییەک بێت، دەکرێت لە ژیاندا بێت، یان مردبێت، دەکرێت سەرمایە بێت، ئیتر سەنەم لای مرۆڤی دێوانە بەبت دەکرێت لە داهاتوودا بێت(وەک چاوەڕوانی ڕزگارکەر لەناو زۆر ئایدۆلۆجیای دینی و نادینیدا). چاوگەی مەعریفیەی بت-پەرستی نەزانی و بیرنەکردنەوەیە، سیستمێک کە دەبێتە بت، هەمیشە لە بیرکردنەوەی ئازاد و کەسی ئازد دەترسێت، لەناو ڕژێمە پەروەردەییەکەیدا لەجێی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، بیری تەڵقینی برەوپێدەدات، لەجێی برەودان بە ئەقڵی داهێنەرانە، ئەقڵی لاسایگەراو تەقلیدی و جوینەوە برەوپێدەدات، سەیری سیستمی پەروەردەی خۆمان بکە، بەئاسانی بۆت دەردەکەوێت سایکۆلۆژیای تاک ئامادەدەکات بۆ قبوڵکردنی بتەکان، نەک شکاندنی بتەکان.  زمانی بت-پەرستی خاوەنی ئەدەبیاتی خۆیەتی، دابەشکردنی کەسەکان بۆ شوان و مێگەل، بۆ بەندە و سەردار، کۆیلە و خاوەن کۆیلە لە ناو زمانی بت-پەرستییەوە چاوگەیان گرتووە. لەناو حزبی کوردیدا کە دەوترێت: سەرۆکی نەمر و هەمیشەیی، ئەزبەنی، ڕابەری نەمر، جەنابی ئەمیندار، دەوڵەتمەدار، جەنابی ئەمیر، براگەورە، سکرتێری گشتیی، ناوی کەسیی خۆیان لادەبرێت، ئیتر کاندیددەکرێن تا بە پرۆسەی بەبتبوندا ببرێت، ئەمانە ئەدەبیاتی بتگەریین، ئیتر بت بەرەبەرە دادەتاشرێت، دواتر لەگەڵ زیادبوونی دەسەڵاتیان وەک بت خۆیان بەشایەنی هەرهەری و هەمیشەیی دەبینن، خەڵکی تریش دەبێت ویردی سەرزمانیان بۆ ئەم بەبتبوانە وتنەوەی ئەو وشە داتاشراونە بن کە بت لێیان ڕازی دەبێت. مەزاری نەمران، ئەزهەری شەریف، بیارەی شەریفە، مەککەی موکەڕەمە، نەجەفی ئەشرەف، مەزارگەی پیرۆزی فڵان شێخ... کە ئەم گوزارشتانەیان بۆ بەکارهات، ئەوە ئەمانە لەناو ئەدەبیاتی بتخانەدا ناویان بۆ داتاشراوە و پەرستگەی دانانی بتن. پەروەردەی سیتمی بەبتبوو، کەسەکان بە بچوکی پەروەردەدەکات، وایان لێدەکات هەرگیز هەست بە بوونی سەربەخۆ و گەورەیی خۆیان نەکەن. هەمیشە مرۆڤی بودەڵە و بڕوابەخۆنەبو دروستدەکەن، مرۆڤێک هەمیشە گرێی خۆبەکەمزانین و ڕقلەخۆبونەوەی تێدا بێت، مرۆڤێک خۆی بەشایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانە و مەزن نەزانێت، مرۆڤێک چێژێکی ساختە لەم بودەڵەییەی خۆی ناگۆڕیتەوە بە چێژی هەقیقی مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن وجودی سەربەخۆ. لەبەرانبەریشدا سەرکردەکانت بۆ بڵنددەکات، لەپایەی مرۆڤبوون بەرەوسەرەوەیان دەبات، بۆگەنیان دەبێت بە میسک و گوڵاو، وتەیان دەبێت بە وتەی پیرۆز و پڕ لە حیکمەت! بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی بتپەرستان دروست بکەیت، مرۆڤەکان بچوک پەروەردە بکە. خۆبەکەمزانین لەناو دڵیاندا بچێنە. وایان لێبکە وابزانن سەرکردەکان هەموو شت دەزانن و ئەمان هیچ، وایان لێبکە بیان کە بە مەڕ، سەرکردە شوانەکان نەبن ئەمان ناتوانن بەرگری لەخۆیان بکەن و گورگ دەیان خوات، پیاوە ئاینییەکان نەبن؛ ئەمان ڕێی پەرستن و بەرەوخواچوون و ساڵحبوون نادۆزنەوە، سەردارەکەی نەبێت، ئەم لەبرساندا دەمرێت، مامۆستاکەی نەبێت، ئەم بیری بۆ ناکرێتەوە.  سیستمێکی سیاسی، دینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری... کە نەگۆڕدرا و بڕوای بە گۆڕان نەما، کە گەشتە ئەو قۆناغەی پێی وا بێت ڕژێمە دینی، مەزهەبی، سیاسی، کۆمەڵایەتی...یەکەی خۆی هەقیقەتەو نابێت نوێبکرێتەوەو بگۆردرێت، ئیتر ئەو سیستمە بووە بە بت، شوێنکەوتوانی وا پەروەردەدەکات پاڵی لێبدەنەوە و خەریکی سیستم لێسانەوەبن، خەریکی بتپەسرتی بن. سیستمی بەبتبوو، سیستمێکە بە زەبروزەنگ خۆی دەهێڵێتەوە، ئەندامەکانی کۆمەڵ توشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکات. پەروەردەکەی پەروەردەیەکە مرۆڤی دووڕوو و سیستم پەرستبن، مرۆڤ گەلێک پەروەردەدەکات ئەگەر سیستمەکە دینی بێت، مرۆڤەکانی جەوهەرێکی خۆپەرست و دنیاپەرستیان لێدروستدەکات، بەڵام لە ڕوکاردا دینین، دەم یان پڕە لە خودا و دڵیان پڕە لەناخودا، باسی هیچیی دنیادەکەن و ماددەپەرستی وەک خۆیان کەمە. سیستمی سیاسی بەبتبوو، خەڵکێک پەروەردەدەکات لە ڕوکاردا دڵسۆزی ڕژیمەکەن، بەڵام لە گەوهەردا دڵسۆزییەکەیان ڕاستەقینە نییە و ساختەیە. ڕژێمی بەبتبوی کۆمەڵایەتی، لە پەیوەندییەکانیاندا تاکەکان لە ڕووبەڕوودا دڵسۆزی یەکتری دەربکەون، بەڵام لە پاشملەدا خەریکی تێکشکاندنی یەکتری و زەموزەمکارین، چونکە ئەم جۆرە ڕژێمە مرۆڤی دووڕوت بۆ پەروەردەدەکات. بت لە بواری سیاسی، دینی، کۆمەڵایەتی، دەرونییەوە خۆی دەخزێنێتە ناو سیستمی بیرکردنەوەمان، هەرگیز ئەوە مەرج نییە کەسێک ڕووپۆشی ئازادیخوازی پۆشیبێت و بتپەرست نەبێت، مەرج نییە دینداربێت و بتپەرست نەبێت، دەکرێت، سەری زمان و بنی زمانی باسی یەکتاپەرستی بێت و لە پەرستگەی بتەکاندا کاهین بێت. دەکرێت خۆی بەدەرونناس بزانێت و دەرونی پەرستگەی بت بێت. لە ئێستادا و لە دونیای نادیمۆکراسیی ئێمە، سیستمی دینی و سیاسی، لە بت-پەرستیدا دژی یەک نین، یەکتری تەواودەکەن، سیستمی دینی پێی وایە ملهوڕ کەسێکە کە شەریعەتی دانراو، جگە لە شەریعەتی دینی، پیادەدەکات، ملهوڕ لەم دیدەدا، بەم کارەی داوای خوداداری دەکات. بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتدارێکی ملهوڕ، مادام شەریعەت جێبەجیدەکات ستەمکار نییە و لەناو ستەمەکەشیدا بتی سەرکردەی ستەمکار دانەتاشراوە، تەنها لەبەر ئەوەی شەریعەت جێبەجێدەکات و بەڕووکار؛ داوای خوداداری ناکات. لە مێژوی ئیسلامیدا، هەر بەهۆی ئەم دیدەوە، دەسەڵاتی ئومەوی و عەباسی و عوسمانی کە دەسەڵاتی بنەماڵەی پیرۆز بوون، پێشیان وتراوە خیلافەتی ئیسلامی، خەلیفەکانیش خەلیفەی موسڵمانان بوون، تا ئاستی موقەدەسکردن  موقەدەس بوون، سوڵتان عەبولحەمید لە ساڵی ١٨٧٦ کە دانی بەدەستوری نوێی عوسمانییەکاندا نا، لە ماددەی پێنجیدا هاتووە: (خودی حەزرەتی سوڵتان پیرۆزە و لێی ناپرسرێتەوە)، ئەم بەبتکردنی سوڵتانە، فلتەریی ئاینی ئەوسا، ئەم بەخواوەندکردنە قبوڵدەکات و بە شرکیشی نازانێت، ئەم جۆرە سیستمە ئاینییە سەرچاوەی داننانە بە ملهوڕی سیاسی، شەرعییەتی دینیشی بۆ دادەتاشێت.  بت-پەرستی سیستمێکی زۆر بەهێزە و زۆر ورد کاری خۆی دەکات، ئاسان نییە مرۆڤ بانگەشەی ئەوە بکات بڵێت من خۆم لە بت-پەرستی پاککردوەتەوە، خۆ ئەگەر بانگەشەشی بۆ بکات؛ ڕەنگە تەنها بانگەشە بێت، خۆی ئاگایی ئەوەی نەبێت بتەکانی ناو ناخی دەستنیشان بکات و دان بە نەخۆشیی بت-پەرستیدا بنێت. تەنها هۆشیاریی و هۆشیاربوونەوە دەکرێت وامان لێبکات بتەکانی ناومان ببینین، بەڵکو ناهۆشیاری وامان لێدەکات نکووڵی لەو هەموو بتە زۆر و زەوەندە بکەین کە لە دەرونماندا چێنراون، بت-پەرستی جاری وا هەیە ئەوەندە وردو بێدەنگ لەناوماندا کاردەکات، لە خشەی پێی مێرولەیەک بێخشپەترە، تەنها گوێی هۆشیاربووەنەمان دەتوانێت بیبیستێت، تایەفەی قاڵ و قیڕەقیڕ بتەکانی ناخمان لێوندەکەن و بەشتی ترەوە دەسخەڕۆمان دەکەن، تایەفەی قیل و قال ئەو تۆوە ئیبراهیمییەی لەناوماندایە دەکوژێت و تۆوی بتپەرستی و کۆیلەبوونمان بەهێزدەکات. کاتێک ژنە زیناککەرەکەیان هێنایە بەردەم مەسیح تا سەنگەساری بکەن، ئەو وتی کێتان تاوانی نەکردووە با یەکەم بەردی تێبگرێت، ئێستا کێمان بتپەرست نییە با دەستبەرزبکاتەوە، لێرە نا، با بچێت لەناو ئاوێنەکەی ناخییەوە لە دەرونی بڕوانێت و بڕیاری خۆی بدات کە ئایا بت-پەرستە یان نا؟  


دانا نەقی   نەوت ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەبینێت لە ڕووی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و سەقامگیری جیهان. لە ووڵاتی ئەمەریکا لە سەدەی نۆزدەوە نەوت بە سەرچاوەیەکی بەهێزی بەرهەمەکانی ووزە هەژمار دەکرێت. هەر بۆیە لە سەدەی بیستەوە دەستیان بە سەر ٤٠٪ ووزەی جیهان و نەوت گرتوە. هەر قارەیەک یاخود هەردەوڵەتێک لەمپەری دروست کردبێت بۆ ئەمەریکا لەم سەرچاوە سروشتیەی ووزە، ئەوا بێ گومان ڕووبەروی نەهامەتی و قورسی ژیان و ڕووخان بوەتەوە. ئەمەریکا لە تەمەنی دەوڵەتداری خۆیدا سێ کات توشی قەیرانی ووزەو نەوت بوەتەوە ئەویش لە ساڵەکانی ١٩٧٣، ١٩٧٩، ١٩٩٠ خوێنەرانی مێژووی سیاسەت و شارەزایانی بواری سیاسی دەزانن هۆکاری ئەو قەیرانانە چی بوەو چەند دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشت ئەو دادەپینەی ووزەی ئەمەریکا بون و ئێستا سەرۆکەکانی ئەو کات لە کوێن و مێژوو بە دەستی ئەمەریکا چی بە سەر هێنان، بە هەر حاڵ سەبارەت بە هەرێم و نەوت شت زۆرە بۆ نوسین و ووتن، بەڵام دەبێت کێ گوێبگرێت پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت و شاربەدەر بکرێن، بۆ وەڵامی دروست دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی ڕابێنێ لە گەڵ ڕاستکردنەوەی هەڵە زەقەکانی، کە کردوونی لە ساڵی ٢٠٠٧ هەتاوەکو ئێستا. ڕوونە نەوت و سەرچاوەی  سروشتی گەر بۆ دەوڵەتانی کەنداو ئاشنا بونیان بوبێت بە ئابوری مۆدێرنە ئەوا بۆ کوردستان ملیارات دۆلار قەرزاری کردین، گەر بۆ ووڵاتان مایەی خۆشگوزەرانی و گەشەی بازاڕو پیشەسازی بوبێت ئەوا بۆ کوردستان کۆمەڵێک بەرپرسی دەوڵەمەند کردو ئەوانیش بزنسی ئەم نەوتەیان دا بە دەستی هەندێک کۆمپانیای بیانی و شەریکە بەش. بێ ئەوەی لەماوەی ئەم سیازدە ساڵەی ڕابردوو هەوڵدەن لە  وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ پێگەیاندنی کادری لۆکاڵی و ئەزمونکردنیان بۆ دەیەکانی داهاتوو، وە  پشت ئەستور بن  بە توانای مرۆیی ناوخۆ لەم بوارەدا، بە داخەوە ڕێگریش دەکرێت لە کۆمپانیا نەوتیە لۆکاڵیەکان بۆ کار کردن هەوڵدان بۆ بون بە خاوەنی کێڵگەو کۆنتراکت لە حەقلەکانی کوردستان، نمونە کۆمپانیای داینا ستی  توانی پشکەکانی کێڵگەی کوردە میر، تۆپخانە بکڕنەوە لە کۆمپانیای  ڕیسپۆڵ ی ئیسپانی لە بڕی هاوکاریکردنیان و دەستگرۆی کردنیان دێن سەرەڕایی دروست کردنی کێشە دواجار بێ بەشیان دەکەن و ڕێگەیان نادەن کار کەن، ئەمەش جارێکی تر کەسیایەتی حکومەت لە بەر نەزانی دەخاتە بەردەم دادگاو پەڕاوو میدیاکانی جیهان بۆ نیشاندانی ناشرینێکانی سیاسەتی نەوت لە هەرێم. دەبێت حکومەتی هەرێم هەر زوو هەوڵدات بۆ بە نیشتمانی کردنی نەوت و سەرچاوەکانی ووزە شان بە شانی سێکتەرەکانی تر، نەک نەوت و کێڵگەکانی هەرێم لە دوو ووڵات تاپۆ بکرێت، وە ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا تەماشاکەر بن، تکایە ئاگادار بن ئەگینا نە کوردستان لە موسەدەقی ١٩٥١ بۆ ١٩٥٣ ئێران لێهاتوو ترە، نە وەک فەنزەویلاش خاوەنی عەقیدەی شوعی یە بەرگە بگرێت. 


مەریوان وریا قانع   تێکدانی ئارامیی وڵاتێک بە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئەنجامنادرێت، ھەر وڵاتێکیش کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی بتوانێت ئارامییەکی تێکبدات لەوە کەوتوە وڵات بێت. وڵات تەنھا کۆمەڵێک شار و ناوچەی جوگرافیی نییە کە ڕێکەوت لە تەنیش یەکەوە کۆیکردونەتەوە، وڵام مانای جێگەیەک کە لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی تێدایە. وڵات لەناو بۆشاییدا دروستنابێت، شتێک نییە خۆبەخۆ ھاتبێتەکایەوە، بەڵکو دروستکراوێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، ئەوەی وڵات دەکات بە وڵات و دروستیدەکات، بە پلەی یەکەم، سیاسەت و ھەڵسوکەوتی حوکمڕانەکانیەتی. ئەوەی لەو ھەرێمدا بوونی نییە ئەو لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەیە کە بەسەریەکەوە بێمتمانەییەکی گەورە و بەرفراوانیان لە نێوان خەڵک و حوکمڕانان و لەناو نوخبە سیاسییەکە و زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ھەرێمەکەدا دروستکردوە. کەی تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامی وڵاتێک تێکبدات ئەوە مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە ھیچ پێگەیەکی بە وڵاتبوونی تێدا نییە. مانای ئەوەیە ئەو لانی ھەرەکەمەی متمانەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی تیا نییە کە ھەموو پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتیی ئارام پێویستیی پێیەتی. ئەوەی حوکمڕانانی کوردستان لە فۆرمە بنەماڵەیی و خێزانیی و سوڵتانییەکەیدا لەدەستیانداوە، بوونی ئەم لانی ھەرە کەمەی متمانەیە، کە ھاوشانە بەبوونی لانی ھەرەکی بەرپرسیارێتی سیاسیی. بۆیە ئەوەی بۆیان ماوەتەوە ھەڕەشە و توندوتیژیی و تاوانبارکردنی ھەموو ئەوانەیە لە دەرەوەی بازنە داخراوەکەی ئەواندا و لەدەرەوەی سیاسەتە وێرانکارەکانی ئەواندا بیر لە چارەسەری کێشەکانی ئەو ھەرێمە دەکەنەوە. ئەم دۆخی نەمانی متمانەیە وایکردوە گرتن و فڕاندنی چالاکەوانە سیاسیی و مەدەنییەکان، پڕکرنی شەقام و کۆڵانەکان لە ھێزی چەکدار و تێڵابەدەست، درۆکردنی بەردەوام، ھەڕەشە و ترساندنی ھەمەلایەنە، ببێتە زمانی قسەکردنی ئەوان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەدا کە گوایە حوکمڕانیی دەکەن. ئەم سیاسەتەش نەک چارەسەری ئەو دۆخی بێمتمانەیی و ناڕازیبوونە ھەمەلایەن و بەرفراوانە ناکات، بەڵکو گەورەتر و بەھێزتری دەکات. دروستکردنی متمانە و دابینکردنی ئارامیی پێویستیان بە زۆر شتە، یەکێک لەوانە دروستکردنی باوەڕبوونە بە ئایندەیەک باشتر و جوانتر لە ئێستا، باوەڕبوونە بەوەی ئەو کێشانەی لە ئێستادا ھەن و ئامادەن، کێشەی کاتیین و بە کاری پێکەوەیی تێدەپەڕێرێن، ئەوەی لە ھەرێمدا وێرانکراوە ئەم وێنەیەیە بۆ ئایندە. ئەوەی ئەم فۆرمە لە حوکمڕانیی لە ھەرێمدا ناتوانێت دەستەبەریبکات، لانی ھەرە ھەرە کەمی باوەڕبوونە بە بوونی ئایندەیەکی لەو شێوەیە. حوکمڕانانی ھەرێم لە ئێستاوە منداڵەکان و منداڵی منداڵەکانیان وا نیشانئەەدەن کە دوای خۆیان حوکمڕانیی ئەو ملیۆنەھا منداڵانەی ترن، کە ھێشتا لەدایکنەبوون. ئایندە ئایندەی نەوەکانی ئەمانە و لەم ڕووەوە درێژدە بە ھەمان عەقڵیەت و ھەمان فۆرم و ھەمان شێواز لە حوکمڕانیی، دەدەن. متمانە پابەستی ئەوە نییە مرۆڤ لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا دەژیی یان نا، بەڵکو پابەستی ئەوەیە بڕ و ڕادەی نایەکسانییەکان، بڕ و ڕادەی سیاسەتی ھەڵاوێردن و جیاوازیکردن، بڕ و ڕادەی سیاسەتی بەخشینی ھەلی یەکسان و سیاسەتی پێشکەوتن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی، لە چ ئاستێکدایە. حوکمڕانانی ھەرێم ئەو وێرانەیە نابینن کە بۆ زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ئەو ھەرێمەیان دروستکردوە. بە زمانێک قسەدەکەن تا دێت توڕەیی و نەفرەتی خەڵک گەورەتر دەکات، زمانێک پڕە لە درۆ و دووڕویی و دەمامک. ئەوان شتێک دەڵێن و پێچەوانەکەی ئەنجامئەدەن، تاوان دەکەن و وەک دەسکەوت نیشانیئەدەن، دزی دەکەن و وەک دەوڵەمەندی ئابووریی دەیفرۆشنەوە. دائیرەیەکی بچووکی شارەوانی، یان بنکەیەکی پۆلیس، یان باڵەخانەیەکی حیزبی بە ”موڵکی گشتیی“ دادەنێنن، کەچی داھاتی نەوت و دەزگاکانی حوکمڕانیی و سامانی سەرزەویی و ژێرزەویی وڵاتەکە، وەک موڵکی شەخسیی و بنەماڵەیی و حیزبیی مامەڵەدەکەن. ئەگەر تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامیی و ئاسیشی وڵاتێک تێکبدات، ئەوە مانای ئەوەیە حوکمڕانانی ئەو وڵاتە شتێکیان دروستکردوە بە فویەک دەڕوخێت، بۆ ئەوەی ئەو فوەش نەکرێت، سەرجەمی وڵاتەکە بە سەربازگە دەکەن. ئەمە ئەو ڕاستییە زۆر سادەیەیە کە ساڵانێکی درێژە ئەو حوکمڕان و بنەماڵە سیاسیانە نایانەوێت بیبینن. تاوانبارکردنی ئێن ئار تی بەوەی ئارامیی وڵاتێک تێکئەدات ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتیی لە سادەترین فۆرمیدا.


سەهین موفتی ئەم نەوەیەی ئێستێ، نەیدیوە دایک و باوکی بە شەق بەرەو سندوقی دەنگدان ببەن، بە زۆری زۆردارێتی دەنگ بە حیزبی بەعس و سەرۆکەکەی بدەن، ئەم نەوەیەی ئێستێ، نەیدیوە رایان مۆڵی هەولێری ئێستا پێشتر چی بوو، چۆن باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی بە ژێر زەمینەکەیەوە، تاڵان کراو تەنانەت شیشی نێو بناغەو چیمەنتۆکانیش دەرهێنران(هێزی پاتار)، هوتێلی شیڕاتۆنیان بیرنایەت چۆن ببوو بە بێژینگ، پاشماوەی شەڕی براکوژی...! کام خۆپێشاندان؟  ئەم هەموو خۆ پێشاندانەی لە هەولێر لە ساڵانی رابردوو کران، لە کام شاری کوردستان کرا؟ لێ لەودەمەی زاندرا ئاڕاستەو رێڕەوی خۆپێشاندانەکان دەگۆڕدرێت و گروپە داعش فیکرو ئیخوانییەکانی ئەودەم و ئۆکتۆبەرچییەکانی ئێستێ دەیانەوێت سواری شەپۆلەکە بن، ئیدی هەولێرو هەولێرییەکان نایانەوێت، نەخۆشخانەکان بسوتێنن، نایانەوێت دام و دەزگای حکومی وێران بکەن، ئاخر ئەمانە هەمووی موڵکی گشتین، هی سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران نین، هی سکرتێری پارتی و یەکێتی نین،نموونە خۆپێشاندان بوو بۆ دژایەتیکردنی ئێران و تورکیا بۆ وەستاندنی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان، بە سوتاندنی دوکانی مەیفرۆشەکان کۆتایی هات...! هەولێرو هەولێرییەکان، هێندەی لەخەمی ئاوەدان و رازاندنەوەی زێدەتری شارەکەن، بیر لەوە ناکەنەوە زەرەر بە شوێنێکی گشتی بدەن، بەڵکێ بیانەوێت گورز لە حیزبێکی ناخزمەتگوزار بدەن، بەبێ دەنگی، بە ئارامی،  رۆژی دەنگدان، تۆڵەی لێ دەکەنەوە....! ناچن شارەوانی و قایمقامییەت و نەخۆشخانە بسووتێنن، هەزار جاران رقیان لە قایمقام ببێت، سکاڵا لای پارێزگار دەکەن، کە رقیان لە پارێزگار هەستێت، سکاڵا دەبەنە سەروی ئەو، کە رقیان لەسەروی ئەم هەستێت، شەڕی دەنگدانیان لەگەڵ دەکەن. خۆپێشاندان، دەبێت هەبێت، داواکرنی ماف، دەبێت هەبێت، بەڵام کام جۆری خۆپێشاندان؟  خۆپێشاندانێک، بۆ گەیشتنی نەخوێندەوارو هیچ نەزان بە پەرلەمان؟


عەزیز ڕەئووف لە ئێستادا گەیشتوین بە ئاگر، ئیدی نە قسە شوێن خوی دەگرێ، نە هاواری سەر سەکۆی پارکەکان سودی ماوە. ئێوە گوێتان نەگرت، نوسین، هەڵبژاردن، مانگرتن و بایکۆت هیچی لە عەقڵ و ویژدانی ئێوە دەسکاری نەکرد. ئیدی گەیشتینە ئاگر، ئیدی سەبر و تەحەملی گەنجانیش بوو بە ئاگر، ئیدی دەرونی ئەم نەوەیە گڕ دەگرێ، ئیدی گەیشتینە ناڕەزایی و بەرد و دەمهەڵبەستنی نیوەشەو. کام شوێنی گشتی؟ کام دام و دەزگا؟ کە فەزایەک نەما بۆ گشت شوێنی گشتی چ بەهایەکی هەیە؟ داهاتی گشتی بۆ کەمینەیەک و خەم و ئازار و برسێتی بۆ گشت، پارەی گشتی بۆ ئێوە بێ و چاوەڕوانی و برین و نائومێدی بۆ گشت، خۆشگوزەرانی بۆ ئێوە بێ و دۆخی بێ نان و کار و ئازادی بۆ خەڵک، کە خەڵک نە متمانەی بە دەسەڵات ما نە ئۆپۆزسیۆن، کە گەنجی وڵاتی من هیچی نەما بیدۆڕێنێ، شوێنی گشتی و دام و دەزگای گشتی چ بەهایەکی هەیە؟ شوێنی گشتی یەکسانە بە خەمی گشتی، کە شەقام و کۆڵانەکانت جێهێشت، کە گوێچکەت نەما بۆ گوێ گرتن، دەبێ چاوەڕێی ئاگریش بکەی، کە ئاگریش شوێن خۆی نەگرت، هەنگاوێکی تر دەبینیت. کەس فریات ناکەوێ نە میدیا و نە بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکان، نە هێزی چەکدار و نە زیندانەکانتان. ئێوە دەستی دەرەکی نەبێت دەمێک بوو ببوون بە خۆڵەمێش، ئیدی گەنجی وڵاتی من دەستی دەرەکی لەپشت نیە، بەڵکو ناشرینی و گەندەڵی و بەتاڵی تۆی لە مێشکە، تەمەڵترین خوێندکاری من لە دیارترین بەرپرسانی ئەم وڵاتە بە ئاگا و هوشیار ترن. ئێوە واتان کرد بگەین بە ئاگر، ئێوە واتانکرد بگەین بە ناڕەزاییەکانی نیوەشەو ئیدی گەیشتین بە ئاگر و نیو کاتژمێری ماوە بۆ چەک.


 شوان سدیق: ئیتاڵیا ھەردووکیان ئیسلام نەبوون، ھەردووکیان لەدوو ئایین و باوەڕی جیاواز، ھەردووکیان ڕفێنەرەکانیان گروپە ئیسلامییەکان بوون، کەچی ھەردوو کیشیان چوونە سەر باوەڕی موسوڵمان و ئیسلامییەکان. سیلڤیا ڕۆمانۆ کچێکی ئیتاڵیە، حەلا مەحلۆ کچێکی ئێزدیە ھەردووکیان لەلایەن چەکدارە ئیسلامییەکان لەئەفریقاو عێراق ڕفێنران کەچی پاش ماوەیەکی زۆر ئازادکران دەبینی بوونەتە باڵا پۆش و چوونەتە سەر باوەڕی ئیسلامییەکان. 🔴 چیرۆکی سیلڤیا ئەوان پێشتر چاوەڕێ بوون کچەکەیان لەدەستی ڕفێنەرە ئیسلامییەکان دەربازی ببێ، کەچی پاش ئازادبوونی تووشی سەرسوڕمان بوون! پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٠ سیلڤیا ڕۆمانۆی کچە تەمەن ٢٥ ساڵ گەڕایەوە بۆ ئیتاڵیا. سیلڤیا لە ٢٠ی نۆڤێمبەری ٢٠١٨ گروپێکی جیھادی لەوڵاتی کینیا دەستبەسەرکرابوو. دواتر بەھاوکاری ھەواڵگری ئیتاڵی بەدوورین٣٠ کیلۆمەتر لە مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ ئازادکرا لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ڕۆما، لە فڕۆکەخانە لەلایەن جوسێپێ کۆنتێی سەرۆکوەزیران و دیمایۆ وەزیری دەرەوەو بەرپرسانی ئیتاڵی پێشوازیان لێکرد. ئەوەی چاوەڕوانکرا وا دەرنەچوو، سیناریۆی کچە ئێزدییەکان دووبارە ببێتەوە، چونکە کاتێک کچە ئێزدییەکان لەدەستی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ناسراو بە"داعش" ئازاد دەبوون جلوبەرگ و سەرپۆشەکانیان فڕێ دەدا. بەڵام لەپاش گەڕانەوەی سیلڤیا بۆ ڕۆمای پایتەخت، ئیتاڵییەکان بینیان کچەکەیان، لەچکی کردوەو بووە بەباڵاپۆش زۆریش بەلایەوە ئاساییە. ئەمە بۆ زۆرێک لەئیتاڵییەکان، بەتایبەتی ڕاسیست و ئەنتی ئیسلامی و ئیسلامفۆبیاکان، مایەی سەرسوڕمان بوو چونکە بەبۆچوونی ئەوان "سیلڤیا" لەلایەن گروپە ئیسلامییەکان دەستبەسەر کراوە، کەچی ئێستە جلوبەرگی کەلتوری سۆماڵی پۆشیوە! بەشێکی دی لەئیتاڵییەکان پێیانوایە ئەمە ژیانی تایبەتی "سیلڤیا" خۆیەتی و ئازادە پێویست ناکات، کەس ڕەخنەی لێ بگرێ ئەوەی گرنگە ئێستە ئەو گەڕاوەتەوە بۆ نێو وڵات و خێزانەکەی. سیلڤیا پێشتر وەک چالاکوانێکی خۆبەخش لەنێو منداڵانی ئەفریقی کاریکردوە و زۆرجار لەوێ ماوەتەوە. 🔴 چیرۆکی حەلا حەلا مەحلۆ کچە کوردێكی ئێزدییە، دوای دەستگیرکردنی لە ساڵی 2014 ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئەمیرێکی داعش پێکهێناوە، ماوەی چەند رۆژێکە بووەتە باسێكی گەرمی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و داوای دیاریکردنی چارەنووسی دەکرێت، داعش داوای ئازادکردنی دەکات و لەبەرامبەریدا فەرمانبەرێکی وەزارەتی ناوخۆی بەبارمتە گرتووە. حەلا مەحلۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند ئەندامێكی دیکەی داعش لە کەرکووک دەستگیرکراوە. بەڵام لەکاتی دەستگیرکردنی نەیگوتووە کوردی ئێزدییە و ترساوە قبووڵ نەکرێتەوە، پاشان لە دان پێدانان گوتویەتی کوردی ئێزدییە. داعش نۆ مانگە فەرمانبەرێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لە قەرەتەپە رفاندووە و بە بارمتە هێشتوویەتییەوە، 10 رۆژی داناوە تاوەکو حەلا ئازاد بکرێت و بگەڕێنرێتەوەی لای ئەوان، ئەوانیش فەرمانبەرەکەی هەرێمی کوردستان ئازاد دەکەن. ئەگەرنا بە گوتەی فەرمانبەرەکە کە نامەی دەنگی بۆ کەسوکارەکەی ناردووە "دەیکوژن". خێزانەکەی حەلا ئێستا لە کەمپی شاریا دەژین و هێشتا سێ برا و باوکی بێسەروشوێنن. دایک و برایەکی ئەو کچە کوردە ئێزدییە سەردانیان کردووە، براکەی دەڵێت، "قسەم لەگەڵی کرد، داوای کرد بگەڕێتەوە نێو کەسوکارەکەی و دایکم ببینێت". پاش ئەو ماوەیەی زۆر ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ئاب حەلا ئازادکراو ڕادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە. ھاوڵاتیان وێنەی حەلایان بینی بەجلوبەرگی ئیسلامەوە تووشی شۆک بوون، ھەندێکیان پرسیویانە چۆن کەسێک ڕفێنڕاوەو دوای ھەر خۆی دەچێتە سەر باوەڕی ڕفێنەرەکان؟! پاش گەڕانەوەی بۆ نێو کەسوکاری لە ھەرێمی کوردستان، دیارنیە ئایا حەلا ھەر لەسەر ئایینە نوێیەکەی دەمێنێتەوە یاخوود دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئایینی ئێزدی. بەڵام جیاوازی خێزان و دورپشتی سیلڤیای ئیتاڵی لەگەڵ حەلا ئەوەیە سیلڤیا لەنێو خێزان و کۆمەڵگەیەکی مەدەنیە ئەو پاش ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ میلانۆی ئیتاڵیا لەسەر ئایینە نوێیەکەی خۆیەتی ڕێگریشی لێ ناکرێت! چیرۆکی حەلا سەرچاوەی زانیاریەکان لە ماڵپەری رووداو وەرگیراوە.


پەری مامەسێنی ‏عێراق یٔێستا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی سیاسی بێ وێنە بۆتەوە . ناڕەزایی گەورە سەرانسەری وڵاتی گرتۆتەوە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان یٔێران و یٔەمەریکا زۆر جار لە شەقامەکانی عێراقدا یاری دەکات .حەشدی شەعبی و میلشاکان لەودێو کۆنترۆڵی دەولەتەوە خۆیان وەک حکومەتیکی سەربەخۆ کار دەکەن لە وێنەکەدا یٔیران کێشە گەورەکەیە لە عیراق و بە گشتی لە کەنداودا هەرچەند ڕەنگە لوبنان و سوریا و یەمەن خراپترین کێشەی ناوچەکە بن دەستی یٔیران لەوێ ھەبیت، بەڵام بە تۆخی عێراق خالی ستراتیژیی یٔیرانیەکانە. ‏یٔەمریکا پێشتر زەمینەی زۆری لەدەستداوە بۆ یٔەوەی بژاردەی باشی هەبێت لە عێراق و کەنداودا ، بەڵام دەبێت لانیکەم خۆی بەدوور بگرێت لە دۆڕاندنی یەکلاکەرەوەی ‏پێویستە هاوکاری عێراق بێت بەدیهێنانی یٔاشتی و سەقامگیری ناوخۆیی بەدابینکردنی یارمەتی لەچاکسازیی حوکمڕانی و یٔابووریی. ‏ھاوکاری عێراق بێت بۆ دروستکردنی هێزی یٔەمنی بۆ یٔەوەی لەسەر پێی خۆی بوەستێت بێ یٔەوەی پێویست بکات بترسێت یان پشت بە هیچ هێزێکی دراوسێ یان هێزی دەرەوەی خۆی ببەستێت . ‏پێویستی قەناعەت بەعێراقییەکان بکات بەوەی یٔەمریکا لەبەرژەوەندیی یٔەوان ڕەفتار دەکات و بەسادەیی خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا دەکات نەوەک وەک هێزێکی داگیریکەری دیفاکتۆ ، بەڵکو ڕۆڵی سەرەکی دەبینیت بۆ پشتیوانی سوپاو هێزی یٔاسمانی عێراق دۆستی عیراقیەکانە. ‏دواجار یٔەمریکا پێویستی بە یٔەرکێکی جێگیر هەیە کە یارمەتی عێراق بدات پلانی کۆنکرێتی هەبێت ، بەڵام دروستکردنی عێراقێکی بەهێز و سەربەخۆ یٔەو یٔامانجەیە کە بەڕاستی گرنگە .دواجار کاریکی باشە عیراق و یٔەمریکا ھەنگاو بۆ ریکەوتنی دریژخایەن دەنین کە داوا دەکات یٔەمریکا خۆی پابەند بکات بە هەوڵی بەردەوام بۆ یٔەوەی عێراق وەک نەتەوەیەک دەرکەوێت کە دەتوانێت پێداویستی و چاوەڕوانیەکانی گەلەکەی بەدی بێنێت.  


   عەدالەت عەبدوڵڵا    کاتی ئەوەیە لەسەر دیاردەیەکی تری سیاسیی واقعی ھەرێمی کوردستان بوەستین، کە رەنگە، بەبێ ئەوەی بە وردی رەچاومان کردبێت، ھۆکارێکی ئەو قەیرانانە بێت کە تیایاندا ئەژین و سەرچاوەیەک بێ لەسەرچاوەکانی گەندەڵی و بگرە تێکچوونی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەو سیاسەت-یش، کە بەداخەوە، لەدواھەمین ھەڵبژاردندا، ھەڵبژاردنی (٣٠/٩/٢٠١٨ز)، زۆر بەڕوونی وەدەرکەوت کاتێک کە نزیک بە نیوەی خەڵکی دەنگدەری ئێمە بەشدارییان لەپرۆسەی دەنگداندا نەکرد، ئەمە جگە لە نزیکەی (٥٠) ھەزار دەنگی بەتاڵ کە ئەوەش، ھەر خۆی، ئاماژەیەکی تری ناڕەزایی بوو لەواقعی سیاسی ھەرێم و، دەبڕی ئیرادەی رەتکردنەوەی بەخشینی جارێکی تری متمانەش بوو بە پارتە سیاسییەکانمان، بەجیاوازی رەنگ و ئاراستەو ئایدیۆلۆژیایانەوە.    لێرەدا مەبەست لەدیاردەی (سەرکردە) بێدەسەڵاتەکانە لەناو پارتە سیاسییەکان، ئەو سەرکردانەی کە بە ناو و ناونیشان پلەی (سەرکردە)و ئەندامی سەرکردایەتی، یان ناونیشانی تری ھاوشێوەی سەرکردایەتییان لە پارتەکانیاندا ھەیە، بەڵام لەواقعدا، لەئاست ژمارەیەکی تر لەسەرکردەو کاراکتەری ناو پارتەکانیان، کەمترین دەسەڵات و کاریگەرییان لە بڕیارو ھەڵوێستەکاندا نییەو لە باشترین حاڵدا رۆڵی سەرکردەی کارتۆنی دەگێڕن!، واتە تەنھا ناو و پێگەیان، وەک ژمارە، لە ھەندێ بڕیاردا بەکاردەھێنرێت و بەھۆیانەوە شەرعییەت  بەو سیاسەت و ھەڵوێست و بڕیارانە دەدرێت کە پێشوەخت لەحزبدا، لەلایەن کەسێک، یان چەند کەسێکی دیاریکراوی سەرکردایەتیی حزبەکەوە، داڕێژراون و یەکلاکراونەتەوەو ئەوانیش تەنھا رۆڵی ملکەچییان لەسەرەو ھیچیتر!.   بێگومان، راستە، ئەم دیاردەیە، تەنھا لەناو ژیانی سیاسی و واقعی حزبایەتیی ئێمەدا نییە. ئەمە حاڵی کایەی سیاسی و حزبایەتیی زۆربەی وڵاتانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رۆژھەڵاتە بەگشتی. لەم ناوچەیەدا، دیموکراسی تائێستا بەشێک نییە لەکولتوری سیاسی تاوەکو حساب بۆ بیروڕای جیاوازو بڕیاردانی بەکۆمەڵ بکرێت و پەراوێزخستن و فەرامۆش روونەدات. کاتێک کە "فاروق سەبری"، نوسەرو سیناریستی بەتوانای میسری، چیرۆکی شانۆگەریی (الزعیم) دەنوسێت، کە یەکێک بوو لە بەناوبانگترین کارە شانۆییەکانی وڵاتی میسرو جیھانی عەرەبی لەساڵی(١٩٩٣ز)دا، باش دەزانێت کە واقعی رژێمە سیاسییەکانی ناوچەکە، واقعی تاکڕەوێتییەکی سیاسیی پەتیی کۆمەڵێک (سەرکردە)و (رابەر)ە لە حزب و دەوڵەتداو ھیچیتر، نەک واقعێکی سیاسیی کراوە بەڕووی جیاوازی و ئازادیی بیروڕاو سەرکردایەتیکردنی بەکۆمەڵ.     پەیامی ئەو شانۆگەرییەش، کە گەورە ئەکتەرانی میسری لەبابەت (عادل ئیمام) و ھاوشانۆکارانی، زۆر بوێرانە، لەسەر تەختەی شانۆ و بۆ ماوەی ٦ ساڵی تەواو(١٩٩٣ بۆ ١٩٩٩م) نواندیان، ئەگەر بەدیوێکدا، پەیامی رووتکردنەوەی ھەقیقەتی دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوێتیی سەرکردەو رابەرەکانی ناوچەکە بووبێت، ئەوا بە دیوەکەی تردا، ریسواکردنی ئەو ملکەچی و بێدەسەڵاتی و زەلیلییە سیاسییەش بوو کە سەرکردەکانی تری تێدا دەژین، چ وەزیر بن، یان سەرکردەو کادری حزبی، بەتایبەتیش لەسایەی رابەڕە تاکڕەوو دەستەوتاقمەکانیاندا.    سەبری، دەیەوێت بڵێت: تاکڕەوێتی ھەر بەتەنھا بەرھەمی زگماکییانەی سەرکردەی نەخۆش و تاکڕەو نییە، بەڵکو زادەی بێدەنگیی ئەوانەشە کە لە رواڵەتدا بەشێکن لە سیستەمەکە، جا لەفۆرمی دەوڵەتدا بێت یان حزب، بەڵام لەناو سیستەمەکەدا، وەک بوکەڵە بەکاردەھێنرێن و لەبەرامبەر کۆمەڵێک ئیمتیازات و لەبەر ترسنۆکی و دەستگرتنیان بە کورسی و پارەی دزراوی میللەتەوە، ئەم دۆخە لە زەلیلی و ملکەچی قبوڵ دەکەن و دەبنە ھۆی چەسپاندنی زیاتری پایەکانی تاکڕەوی و دیکتاتۆرییەت و زۆرداریی سەرکردەکانیش.   واقعی کوردستانیش، ھەر ھەمان شتە. ئێمە چەندین پارتمان ھەیە کە ژمارەی سەرکردایەتییەکانیان لە سەرو (٤٠ ) بۆ (٥٠) و بگرە لە سەد  کەس زیاتریش ئەبن، بەڵام لەتەواوی ئەو ژمارە گەورەیەدا، تەنھا چەند کەسێکی دیاریکراو کۆنترۆڵی تەواوی بڕیارو سیاسەتەکانیان کردووە، ئەوانیتر ئەرکیان تەنھا ملکەچی و  وەرگرتنی ئیمتیازاتە لەبەرامبەر ئەم ملکەچییەدا!. ئەوانە، نەک ھەر سەرکردەی کارتۆنی و بێدەسەڵاتن، نەک ھەر کەسانی ھەلپەرست و داماڵراون لە خەسڵەتەکانی کاراکتەری سەرکردە، بەڵکو بە بێدەنگی و قڕقپییان لەدەیان بڕیارو سیاسەتی ھەڵەی حزبەکانیان، ھێندەی تر تاکڕەوی لەناو حزب و دەوڵەتیشدا دەچەسپێنن و حزبی سیاسیش لەھەموو بەھاو پرەنسیپ و چەمکێکی فکری و ئەخلاقی و سیاسی بەتاڵ دەکەنەوە، رەگێکی قوڵی ستەمکاریی سیاسی و دیکتاتۆرییەتیش، ھەر لەناو ئەم دیاردە مەترسیدارەدا چەکەرە دەکات و ئەستووردەبێت، بەداخەوە.


د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج له‌باره‌ی حوكمڕانی و ئه‌گه‌ری گه‌نده‌ڵییه‌وه‌: سیاسه‌تكردن و حوكمڕانی یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ژیانی مرۆیی، هه‌بوونی ده‌سه‌ڵات به‌ فۆڕمه‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی ئاماده‌یی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆیی رێكخراوه‌، بونیادنانی ده‌سه‌ڵاتێكی یاسا سه‌روه‌رو هه‌ڵقوڵاوی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك رێگه‌ی گه‌شتنه‌ به‌ سه‌قامگیریی و خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان. كرۆكی سیاسه‌تكردن و حوكمڕانی بریتییه‌ له‌ هێز، سه‌رچاوه‌ی هێزیش ده‌كرێت مادی و به‌رجه‌سته‌بێت وه‌ك: سه‌ربازی، ئابوری، كه‌لتوری یان ته‌كنه‌لۆژی، یاخود ده‌كرێت پرۆسه‌ی گۆڕینی هێزی مه‌عنه‌وی بێت بۆ هێزی مادی وه‌ك به‌كارهێنان و گۆڕینی ئینتیمای ئایین و نه‌ته‌وه‌و خێڵ و ناوچه‌گه‌رێتی یان ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك بۆ هێزی مادی و به‌گه‌ڕخستنی له‌ سیاسه‌تكردندا. له‌ روانگه‌ی ئه‌‌م تێگه‌شتنه‌وه‌ سیاسه‌تناسی واته‌ زانستی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزو ده‌سه‌ڵاتدا، سیاسه‌تكردنیش وه‌ك پرۆسه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كاندا خۆی نمایش ده‌كات، واته‌ له‌ دروستكردنی كاریگه‌ری و باڵاده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌وانیتردا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی ویست و ره‌زامه‌ندی خۆیانه‌وه‌ ده‌بێت یاخود به‌ ناچاركردن و ملكه‌چكردنیان ده‌كرێت، واته‌ حوكمڕانی و سیاسه‌تكردن پرۆسه‌یه‌كی دوو سه‌ره‌یه‌: به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئارامی و ئاوه‌دانی و خۆشگوزه‌رانی لێده‌كرێت، هاوشانی ئه‌وه‌ش مه‌ترسی خراپ به‌كارهێنان و گه‌نده‌ڵی و نائارامی و جه‌نگ و وێرانكاریی لێده‌كرێت. لێره‌وه‌ چه‌ند پرسیارێك رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌: بۆچی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ره‌و گه‌نده‌ڵی و زۆرداری و سته‌مكاری هه‌نگاو ده‌نێن؟ چۆن چاكسازیی له‌ حوكمڕانیدا ده‌كرێت؟ بۆچی و به‌ چ ئامانجێك چاكسازیی بكه‌ین؟ یه‌كه‌م: چاكسازیی له‌ چیدا؟ خێراترین وه‌ڵام بریتییه‌ له‌ دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌ندازه‌ی دامه‌زراوه‌یی، واته‌ چاكسازیی له‌ بونیاده‌كاندا نه‌ك له‌ رووكه‌شدا، واته‌ گۆڕین و دروستكردنی دامه‌زراوه‌ی نوێ، هاوكات گۆڕین و هه‌مواركردنی یاساكان و په‌یڕه‌وو رێنماییه‌كان، كه‌ ده‌رئه‌نجام ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی په‌یكه‌رو پێكهاته‌و ئه‌ركی داموده‌زگاكان. له‌ چییه‌تی چاكسازیدا، دیاریكردنی فاكته‌ره‌كانی چاكسازیی سیاسی گرنگه‌ له‌ پێش چاوبن، وه‌ك: (سه‌قامگیریی حكومه‌ت، ئازادییه‌ گشتییه‌كان، به‌شداری سیاسی خه‌ڵك، فره‌یی سیاسی، جێگیریی كاری په‌رله‌مانی وه‌ك نوێنه‌ری خه‌ڵك، شه‌فافییه‌ت و لێپرسینه‌وه‌، توانای حكومه‌ت بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاری خه‌ڵك، به‌رجه‌سته‌كردنی دادگه‌ریی، دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی). یه‌كێك له‌و نموونانه‌ی له‌ ئه‌زموونه‌ جیهانییه‌كاندا باسده‌كرێن بریتییه‌ له‌ حكومه‌تێكی بچووكترو خێراترو به‌كارهێنانی كه‌سانی شایسته‌و راهێنراو، كه‌سانی پیشه‌گه‌رو پسپۆر (ته‌كنۆكرات) كه‌ چاویان له‌سه‌ر زۆرترین به‌رهه‌م و كاربێت، نه‌ك كه‌سانی سیاسی كه‌ هه‌میشه‌ به‌ دوای بردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی حیزبیدا ده‌گه‌ڕێن! كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌دایه‌، حوكمڕانی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م وه‌ك ده‌ستكه‌وتی پله‌ پایه‌ بۆ حیزبه‌ به‌شداربووه‌كانی حكومه‌ت ته‌ماشا ده‌كرێت نه‌ك ئامرازێك بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك، بۆیه‌ ده‌بینین له‌ كاتێكدا خه‌ڵكی دوچاری بێ مووچه‌یی و بڕینی قوتی ژیانی كراوه‌ته‌وه‌، حیزبه‌كانی حكومه‌ت هه‌واڵی وه‌رگرتنی پۆستی بریكاری وه‌زیر یان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ حكومه‌تدا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هێزی پشكی خۆیان له‌ حكومه‌تدا نمایشی ده‌كه‌ن. دووه‌م: چۆن چاكسازیی بكرێت؟ به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌زموونی وڵاتان سێ رێگه‌ هه‌یه‌ بۆ چاكسازی: یه‌كه‌میان ئیراده‌یه‌ك له‌ خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، دووه‌میان به‌ناچاریی به‌هۆی فشاری ده‌ره‌كی یان ناوخۆییه‌وه‌، سێیه‌مییان چاكسازی وه‌ك خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن و سازانی نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و داواكاری خه‌ڵك. بێگومان باشترین رێگه‌ بۆ چاكسازیی بریتییه‌ له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی ئیراده‌ی نوخبه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی و داواكاریی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك. گونجاوترین میكانیزم بریتییه‌ له‌ چاكسازیی به‌هۆی ئامرازه‌كانی حوكمڕانی پشتیوان به‌ داواكاریی و ره‌زامه‌ندی جه‌ماوه‌ری، خاڵی ده‌ستپێكی هه‌ره ‌گرنگیش پرۆسه‌و سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كانی حكومه‌ته‌، چونكه‌ چاكسازیی ته‌نها دروشمی گه‌وره‌ نییه‌، به‌ڵكو میكانیزم و نه‌خشه‌ی ووردی پێویسته‌. كه‌واته‌  بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری چۆن چاكسازی ده‌كرێت؟ ده‌بێت بیرو هۆش و سه‌نجه‌كان بخرێنه‌ سه‌ر پرۆسه‌ی داڕشتن و جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كان له‌ بواره‌كانی: نیشته‌جێبوون، خوێندن و فێركردن، ته‌ندروستی، زیادكردنی هه‌لی كار، دابینكردنی خزمه‌تگوزاییه‌ گشتییه‌كان، دیاریكردنی ئاستی كه‌مترین و زۆرترین موچه‌ ..هتد. كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌وه‌دایه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌مووان بانگه‌شه‌ی چاكسازیی ده‌كه‌ن، حكومه‌ت خۆی به‌ خاوه‌نی پرۆژه‌ی چاكسازیی ده‌زانێت، كه‌چی ئه‌وه‌ی به‌ كرداری ده‌بینرێت هه‌نگاوی یه‌كه‌میان له‌سه‌ر حیسابی بژێوی و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی راسته‌قینه‌ی هه‌رێم جێكردۆته‌وه‌و ئه‌وانه‌ی سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتن هێشتا له‌ لوتكه‌ی هه‌ره‌می سوودمه‌ندبووانن له‌ داهاتی هه‌رێم. سێیه‌م: بۆچی چاكسازیی بكرێت؟ پشتبه‌ست به‌و سه‌ره‌تایه‌ی كه‌ كرده‌ی سیاسی كرده‌یه‌كی ئامانجداره‌، پێویسته‌ به‌ڕوونی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان لابێت كه‌ له‌ پێناو چ ئامانجێكدا چاكسازیی ده‌كه‌ین؟ بێگومان ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ روونی ئایدیاو دیدگای دروستكه‌ری بڕیاره‌وه‌ هه‌یه‌. له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی چاكسازی كرده‌یه‌كی سیاسییه‌ به‌ رێگه‌یه‌كی یاسایی ئه‌نجامده‌درێت به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌وانه‌دا زۆرجار ئامانجێكی ئابوریشی هه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه‌. لێره‌وه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات، له‌ بیرو ئه‌ندێشه‌ی حوكمڕاناندا چاكسازیی چ جیهانێك دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك چاكسازیی به‌كوێ ده‌گات؟ له‌ ئه‌زموونه‌ جیهانییه‌كاندا، بۆ چاكسازیی سیاسی (لانی كه‌م) دوو دیدگاو جیهانبینی جیاواز باس ده‌كرێت، یه‌كه‌میان ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌ له‌ روانگه‌ی (لیبراڵیزمی نوێ)وه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌تایبه‌تكردنی كه‌رتی ئابوری و گه‌یشتن‌ به‌ بازاڕی ئازاد و به‌ستنه‌وه‌ی سیستمی سیاسی و ئابوری وڵات به‌ سیستمی سه‌رمایه‌داری جیهانیه‌وه‌. روانگه‌ی دووه‌میان بریتیه‌ له‌ چاكسازیی به‌ مه‌به‌ستی دادگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، واته‌ پشتگیریی چینه‌ هه‌ژارو مامناوه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا‌ له‌ پێناو گه‌شتن به‌ ئاستێكی گونجاوی خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك. كێشه‌ی بانگه‌شه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا تێكه‌ڵكردنی دیدگاو جیهانبینییه‌كانه‌، له‌لایه‌ك سیاسه‌ته‌كانی لیبرالیزمی نوێ په‌یڕه‌و ده‌كرێت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ له‌ گوتاریی سیاسیدا به‌ڵێنی دادگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و بگره‌ سۆسیالیستی به‌ خه‌ڵك ده‌درێت. له‌ ئه‌نجامدا بێزاری و ناڕه‌زایی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ئه‌نجامی بڕیارو سیاسه‌ته‌كانه‌وه‌ بژارده‌یه‌كی سیاسی و ئابوری له‌ ناو حیزبه‌ حوكمڕانه‌كان و په‌راوێزه‌كانیاندا ده‌بنه‌ سه‌رمایه‌دارو ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌ڵتۆقیو، زۆرینه‌ی خه‌ڵكیش هه‌ژارترو بێبه‌شتر ده‌بن. به‌كورتی: كاتێك ده‌توانین باس له‌ پرۆژه‌یه‌ك بۆ چاكسازیی سیاسی بكه‌ین، سێ ره‌گه‌ز بوونیان هه‌بێت: 1.    به‌ روونی و ئاشكرا چییه‌تی چاكسازیی دیاریبكرێت، واته‌ چاكسازیی له‌ چیدا؟ نه‌ك به‌ گشتی و ته‌مومژاوی باسی چاكسازیی بكرێت یان بڵێین له‌ هه‌موو شتێكدا ! 2.    میكانیزمه‌كانی چۆنیه‌تی پرۆسه‌ی چاكسازیی ده‌بێت دیارو به‌رده‌وامبن، واته‌ به‌ هه‌وڵی كاتی و به‌مه‌به‌ست و ئامانجی كورتخایه‌ن ناوترێت پرۆژه‌ی چاكسازیی، بۆیه‌ ده‌بێت میكانیزمه‌كان دۆخه‌كه‌ بگۆڕن بۆ دۆخێكی باشتر. 3.    ئاراسته‌ی پرۆسه‌ی چاكسازیی و ئامانجی چاكسازیی پێویسته‌ رووی له‌ ئه‌رێنێ بێت، واته‌ به‌ ئاڕاسته‌ی چاكه‌و خێری گشتی بێت، نابێت به‌ بیانووی چاكسازیی ژیان و بژێوی خه‌ڵك سه‌ختترو خراپتر بكرێت و ژیانی كه‌مینه‌یه‌كیش هه‌ڵكشێت به‌ره‌و ئاسمان.   * پرۆفیسۆر له‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان


هەندرێن شێخ راغب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا رۆژی 21ی ئابی 2020 دۆزینەوەی گەورەترین كێڵگەی غازی لە دەریای ڕەشدا راگەیاند كە 320 ملیار مەتر دووجا غازی سروشتی تێدایە. ئەمە هەواڵێكی سادە نیە، پڕیەتی لە ئەگەر‌و بیروبۆچونی تازەو جیاواز لەسەر ناوەوەی توركیا‌و دەرەوەی توركیا. وە هەواڵێكی دڵخۆشكەرو گرنگیشە بۆ كورد؟  لەوەتەی دەوڵەتی توركیا دامەزراوە، گیرۆدەی وزەیە، سەرچاوەی نەوت‌و غازی سروشتی نیە، كێشەی قوڵی توركیا وزە بووە، بۆیە لەگەڵ هەر چوار دەوری خۆی بەردەوام تەنگوچەڵەمەو پتەپتی بوو..بەربینگی ئەم دەوڵەت‌و ئەم دەوڵەت دەگرێت لەسەر قەیرانی وزە، كە بەڕاستی كێشەی بنەڕەتی ئەمنی قەومی توركیا بووە. ئێستا توركیا خەریكی گەڕان‌و دۆزینەوەی سەرچاوەی وزەیە ئەوەتا بڕی 320 ملیار مەتر دووجا غازی سروشتی دۆزیوەتەوە.. لێرەوە زۆر پرسیار دێنە گۆڕێ؟ ئایا سیاسەتی توركیا بەرامبەر كەركوك دەگۆڕێت، چونكە توركیا نەوت‌و غازی كەركوكی بە موڵكی خۆی زانیوە، زۆر دژی كورد بووە لەسەر پرسی كەركوك، كۆسپ‌و تەگەرەی بەردەم كورد بووە لەعێراق بەهۆی كەركوك‌و نەوت‌و غازەكەیەوە، توركەكان بە بۆنە‌و بێ بۆنە دەیانگوت كەركوك شارێكی توركیایە.. ئێستا توركیا كە خۆی ببێتە خاوەنی نەوت و غازی سروشتی، ئایا ئەم هەستیاری‌و حاجەت‌و موڵكەی دەوێت؟ ئایا گۆڕانكاری بەرامبەر كوردی عێراق دەكات لە سیاسەتی ستراتیژی خۆی؟ ئایا رازی دەبێت كەركوك شارێكی ناو چوارچێوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بێت لە دوارۆژدا..ئێستا كە خۆی خاوەنی نەوت‌و غاز بێت، ئیدی چ بیانویەكی بۆ دەمێنێتەوە دژایەتی كوردی عێراق بكات؟ لەكاتێكدا وەك جەمسەرێكی گەورەی سونە كێشەی زۆر قوڵی لەگەڵ عێراقی شیعە هەیە‌و دەترسێت شیعەكان بگەنە سەر سنوری بۆیە كیانی سونەی كورد دراوسێ بێت، ئەهوەنترە لەروی پێگەی جیۆسیاسی توركیاوە؟؟. بەڵام هێشتا دوو دۆسیە ماون؟؟.. یەكێكیان بوونی پەكەكە لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان..دووەمیان كاریگەری كیانی كوردی لەسەر بیست ملیۆن كوردەكەی ناو دەوڵەتی توركیا، كە خۆمان دەزانین گەورەترین پارچەی كوردستان لە چوارچێوەی توركیایە..بۆیە ئەگەر ئەم ناكۆكی‌و دوژمنایەتیەشی بمێنێت، ئەوا لانی كەم تەماع‌و دوژمنایەتی وزەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان‌و كەركوك نامێنێت، واتە بەشێكی گرنگی ناكۆكی قوڵی تورك‌و كوردی عێراق چارەسەر دەبێت. بەڵام ئایا توركەكان وا بیردەكەنەوە؟ ئەمە پرسیارێكە لەداهاتوو وەڵامەكەی لای توركیا خۆیەتی..بە بۆچونی من گرنگە دوای ئەوەی توركیا دەبێتە خاوەنی وزە، بیر لەوە نەكاتەوە هەر تەنها چەك‌و چۆڵی سوپای پێ بەهێزبكات، بەڵكو خۆشگوزەرانی، ئاوەدانی، هەلی كار، بەهێزكردنی پرۆسەی سیاسی‌و دیموكراسی ئەولەویەتی پارەی وزەكەی بێت. ئەگەر ئەوە نەكات ئەزمونی فەنزوێلا، ئەزمونی لیبیا، ئەزمونی عێراق، ئەزمونی یەمەن بەشێوەی دیكە لەناو دەوڵەتی توركیا دووبارە دەبێتەوە، ئەوكاتەش وزەكەیان وەك ئەوەی ئێمە دەبێتە میحنەت‌و داغیان دەكات.  بەهۆی دۆزینەوەی وزەو نەوت‌و غاز، نابێت توركیا غرور بیگرێت، وا هەست بكات هێزێكی زۆری پەیدا كردووە، چونكە هەموو ئەوانەی توركیا سیاسەتیان لەگەڵ دەكات‌و ركابەریان لەگەڵ دەكات، لە توركیا زیاتر خاوەنی وزەن‌و دەهێندەو سەد هێندە وزەیان هەیە، هەر بۆ نمونە عێراق‌و ئێران سەد بەرامبەر خاوەنی وزەن، بۆیە چەكی وزە بەدەست توركیاوە هەر لەسەرەتاوە ئەم كاریگەریەی نیە، بەڵام بەنسبەت كێشەی كورد لام وایە جێگای بایەخە، كە دەبێت كورد ورد مامەڵە بكات. هەم لە باكورو هەم لە باشورو رۆژئاوا، بەشێكی زۆر سەرەكی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەوەبوو دەستی كورد نەگاتە وزەی سوریا، هەمیش خۆی دەست بگرێت بەسەر وزەی سوریا. ئایا كوردستانی سوریا‌و عێراق دوای دۆزینەوەی وزە لەلایەن توركیاوە لە سیاسەتی بنەڕەتی توركیا دەگۆڕێن. یان توركەكان عەقڵیەتی نەژادی‌و دژە كورد‌و مافە رەواكانی گەلی كورد فڕێ نادەن‌و زیاتر مكوڕ دەبن لەسەر نەژادپەرستیان..پێویستە بە باری باشەكە هاوكاری بیركردنەوەو سیاسەتی توركیا بێت، كە ناوچەكەو توركیا‌و كورد قازانجی لێ دەكەن. ئەگینا ئەزمونی وزەی توركیاش گەڕێكی دیكەی ئاریشە‌و ئاژاوە دەبێت لەناو ئەم گەلە بەشمەینەتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. كە یۆنان‌و میصرو كورد‌و ئێران‌و سوریاو توركیا‌و ئیسرائیل‌و سعودیەو عێراق دەخاتە ناو ململانێیەكی دیكەی پڕ رق‌و نەژادی‌و رەتكردنەوەو دوژمنایەتی..هیوا دەخوازین توركیا ئەزمونی قوڵی لە سیاسەتی وزەو نەوت‌و غازی سەد ساڵەی دەوڵەتەكانی ناوچەكە وەرگرتبێت. بەڵام هەرگیز كورد نابێت كەم سەیری ئەم وەرچەرخانە بكات، ئەمە زۆر پەیوەستە بە كێشەی كوردەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand