Draw Media

سەهین موفتی ئێستێ کە دەست بە نووسینی ئەم نامەیەم دەکەم بۆ هاونیشتیمانیانی زۆنی سەوز، دەمەوێت وەبیرتان بهێنمەوە، کە بەهیچ شێوەیەک چی لە رابردوو یا داهاتوو شەرعیەت بە هەر کارێکی هەڵەی پارتی و حکومەتەکانی نادەین، لەبۆیێ کەم و کوڕی، تا ئاستی جاشێتیش ئەگەر پارتی بە ئەنجامی بگەیەنێت، ئەوا لێی بێ دەنگ نابین و نەبووین. ئەگەر بپرسن، لەبۆ بۆ لەشکرکێشی تورکیا بێدەنگین، ئەوا هەڵەن، چوونکێ تێکڕای زۆنی زەرد لە چەند ساڵی رابرد رژانە سەر شەقامەکان و دژی هاتنی سوپای مەغۆلییەکان وەستاونەتەوەو هەرواش دەبێت، لێ چار چییە، کە پارتێکی وەک پەکەکە، لەبری هەوڵدان بۆ شۆڕشێکی جەماوەری لە باکوری  کوردستان، داروبەردو سەوزایی و شاخ و ئاوی باشوور دەخاتە مەترسی و بەهانە بەهەر دوو حکومەتە دژە کوردەکانی ئانکەڕەو بەغداد دەدات، تا سەروەری ئەم نیشتیمانە پێشێل بکرێت...! هاونیشتیمانیانی زۆنی سەوز، راپەڕینی نەوەدو یەک، دژی دڕەندەترین سوپای ئەودەم و دیکتاتۆرترین سەرۆکی رۆژهەڵاتی ناوین،  سەرچۆپی زەماوەندەکەی هەر لە دەڤەری بیتوێن و پشدەرەوە دەستی پێکرد..!  گەرمیان، بە سەدان هەزار قوربانی لە پێناوی کورد بوونیدا دا، هەزارانی هەتا ئێستێ لە پڕۆسە بەدناوەکانی ئەنفال بێ سەروشوێنن، کەچی هەر لەسەر پێوە وەستان...! سلێمانی،  پشت و پەنای هەموو بەرخودان وبزووتنەوەو خەباتێک بووون لە بۆ کوردو کوردستان، بە هەزاران شۆڕە سواری کوردایەتی کردۆتە دیاری بۆ ئەم نیشتیمانە. هەموو، ئەم قوربانیدان و هەوڵ و نەهامەتییانەی بەسەر ئەم زۆنەدا هاتگە، جێی خۆیەتی بپرسین، لەبۆچی لە ئاست ئەم هەموو خۆفرۆشی و جاشێتییەی ئێستای دەستەڵاتدارانی زۆنەکەتان بێدەنگن؟  لەشازدەی ئۆکتۆبەری سێ ساڵ لەوەو پێش، بە ئاشکرا شەرعیەتیاندا بە هێزەکانی حەسەن پلایسەکان، عەمامە بەسەرو هەمەجی و شڕوگییەکانی شیعە،و کەرکووکی پیرۆزو دوزو حەمڕینیان خستنەوە ژێردەست،  کەچی لە ئاست ئەم جاشێتییەدا بێدەنگ بوون؟  ئێستێ جارێکی دی، دژە تیرۆری دەستەڵاتداری زۆنەکەتان، بەبێ گەڕانەوە لەبۆ شکۆی پێگەو پایەی کوردستان، بەبێ هیچ گوێدانە ئەم هەموو قوربانیدانە، دەستی خستۆتەوە ناو دەستی هەمان ئەم شڕوگییە خورماخۆرو وشترەوانانە، خەریکن، هێدی هێدی بنکەو بارەگاو ئاڵای عڕوبەیان دەهێننەوە زۆنەکەتان، ئەرێ بێدەنگی بەس نییە؟  ناڵێین، بڕژێنە سەرشەقام و دارو بەردیان خابوورکەن، ناڵێین فیشەک بارانییان بکەن، ناشڵێیین شەڕە بۆکسییان لەگەڵ بکەن، بەڵام خۆ دەکرێ فشار بخەنە سەر دەستەڵاتداری زۆنەکەتان و ئەم جاشێتییەیان لێ قبووڵ نەکەن.


د. سەردار عەزیز  لێرەدا دەمەوێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێم، ئەگەر هێزە عەلمانیە ناسیونالیستە تورکەکان لە سەر دەسەڵات بونایە تورکیا بەوجۆرە پەلکێشان و فراوانخوازی و خەونی ئیمپراتۆریەت لە کەڵکەڵەی نەدەدا. تورکە ناسیونالیستەکان، تەنها ناسیونالیست نەبوون، بەڵکو وەک زۆر لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی دەری دەخات، هەتا ئاستێک زۆر ڕەگەزپەرست بوون. وەک کوردێک ئێمە ڕەنگە پێویست بە توێژینەوە نەکات بۆ ئەوەی لە ئەمە تێبگەین. بەڵام تورکە ناسیونالیستیەکان دونیابینیان لە ئیسلامیەکان جیاواز بوو. هەرچەندە هەندێک هەن لە تورکیا دەڵێن کە شتێک هەیە بە ناوی سینتەسییسی ئیسلامی ناسیونالیستی: بە مانای تێکەڵکردنی هەردوکیان. ئەم خەڵکانە کەمالیەکان و تۆرانیەکان دەخەنە دەرەوە. بەڵام کەمالییەکان و تۆرانیەکان بەشی هەرە زۆری ناسیونالیستە تورکەکان پێک دەهێنن. بەم پێیە جیاوازی هەیە لە نێوان کەمالییەکان و ئیسلامیەکاندا، سەرباری بونی هاوبەشی زۆر. یەکەم، دیدی ستراتیژی کەمالییەکان لە وتەکەی ئەتاتورکدا کورت دەبێتەوە کە دەڵێت: ئاشتی لە ناوەوە، ئاشتی لە دەرەوە. بەو مانایە تورکیا دەبێت فۆکەس بکات لە سەر ناوەوەی. ئەگەر لە ناوەوە ئاشتی هەبێت ئەوا لە دەرەوەش ئاشتی دەبێت. ئیسلامیەکان، بە تایبەت داودئۆغلۆ، ئەمە بە هەڵە دەزانن و وەها دەبینن کە دەبێت تورکیا بکشێت بۆ دەرەوە بۆ ئەوەی ناوەوەی بپارێزێت. ئەگەر تورکیا نەکشێت بۆ دەرەوە، ئەوا ناتوانێت ناوەوەشی بپارێزێت. بەم پێیە داودئۆغلۆ و ئیسلامیەکان پەلکێشان و فراوانخوازی و داگیرکاری وەک ڕێگایەک دەبینن بۆ بەهێزکردنی تورکیا. دیارە ئەم پرۆسەیە بە هەردوو شێوازی ئاشتی و بازرگانی لە گەڵ سەربازی و توندوتیژیدا بەڕێوەدەچێت. کەواتە لەم خاڵەدا کەمالییەکان و ئیسلامیەکان دژ بە یەکن. دووەم، کەمالییەکان و ئیسلامیەکان خاوەنی دوو یادەوەری و خەیاڵی داهاتوی تەواو پێچەوانەن. بۆ کەمالییەکان عوسمانیەکان ئەو ڕابوردوەیە کە دەبێت لە بیربکرێت. بۆ ئیسلامیەکان عوسمانیەکان ئەو ڕابوردوەیە کە دەبێت یاد بکرێتەوە. لێرەدا جوگرافیای خەیاڵی هەردوو گروپەکە دەردەکەوێت. لای کەمالییەکان دەبێت تورکیا پشت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و بەرەو ڕۆژئاوا بڕوات. ئەفسانەی کەمالییەکان وەهایە کە ئەوان چەندین سەدەیە بە ڕێگاوەن بەرەو ڕۆژئاوا. لەم ڕوانگەیەوە، کەمالییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە کەمتر دەبینن و خۆیان بە باڵاتر دادەنین. تورکە ئیسلامیەکان بە پێچەوانەوە هاتنەوە بۆ سەرزەمینەکانی ئیمپراتۆرەیەتی عوسمانی بەو جۆرە دەبینن کە دەبێتە مایەی خێر و داهات و بەهێزبونیان. بە جۆرێک پاش باڵابونیان بە سەر ئەم پانتاییانەدا، ئەوا دەتوانن هاوتای ڕۆژئاوا بن و بەهێزەوە مامەڵەی لە گەڵدا بکەن. بەمجۆرە، ئەندامبونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا خەونی کەمالیەکان بوو، هەتا ببنە ئەوروپی، کە سەدەیەکە خەونی پێوە دەبینن. بۆ ئیسلامیەکان هاتنەوە بۆ ڕۆژهەڵات و بون بە کوێخای ڕۆژهەڵاتییەکان وەهایان لێدەکات کە بەهێزەوە مامەڵەی لە گەڵ ڕۆژئاوادا بکەن. سێیەم، سوپای تورکی کە ئەیجینتی سەرەکی کەمالییەکانە، خاوەنی جۆرێکی تایبەتە لە سیستەمی مەدەنی سەربازی، یان خاوەنی جۆرێک لە سیستەم بوو. چونکە کەمالییەت سەرەتا بە سەربازی دەستی پێکرد، سوپا وەک کۆڵەکەی ئەم ڕەوتە مایەوە. هەتا ئەمڕۆ سوپای تورکی زۆر زیاتر لە هەموو بوارەکانی تری حکومەت لە لای خەڵک جێگای ڕێزە. بەڵام سوپای تورکی تەنها سوپا نەبوو. سوپا، پارێزەری دەوڵەت و حکومەت بوو. حکومەتی ڕاستەقینەبوو. سوپا خاوەنی پشکی گەورەی ئابوری بوو. هەروەها سوپا خوازیاری شەڕ نەبوو. وەک بۆڵتن لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێدەدات سوپای تورکی حەزیان لەوە نەبوو کە بچنە ناو سوریا. بەڵام ئیسلامیەکان پەیوەندییەکی دژایەتی و ئاڵۆزیان هەیە لە گەڵ سوپادا. گەرچی ئیسلامیەکان سوپا بە درێژەی سوپای عوسمانی دەزانن و هەموو سەربازێكی تورکی ناوێکی سیمبولی هەیە کە مەهمەتە. بەڵام سوپای تورکی ئەندامی ناتۆ و سێکویلاربوو. وەک دەزانرێت سێکویلارە تورکەکان کەمینەن. بۆیە سوپا هەمیشە ئیسلامیەکان وەک نەیار و مەترسی دەبینێت. ئەمە بە هەمانشێوەی لای ئیسلامیەکانیش وەهایە. بۆیە بێ بڕواییەک هەیە لە نێوان سوپا و ئیسلامیەکاندا. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵدراوە کە سوپا بکرێتە ئیسلامی. ئەم بێ بڕواییەیە کە ئیسلامیەکان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کە سوپای هاوتەریب دروست بکەن، چەکدارکردنی موختار و هەروەها چەکدارکردن و بە یاسایی کردنی پاسەوانانی شەو هەموو لە پێناو ئەم ئامانجەدایە. لە سەر بنەمای ئەم ئارگومێنتە، ئەگەر ئیسلامیەکان لە سەر حوکم نەبونایە ئەوا سوپای تورکی ئەجیندای فراوانخوازی نەدەبوو، چونکە لە روی خۆشگوزەرانی و سودمەندی و ئەندامێتی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا بە سودی نەدەشکایەوە. بەڵام ئیسلامیەکان دەیانەوێت لە ڕێگای شەڕەوە سوپا سەرقاڵ دوو بخەنەوە لە ناوخۆ. چوارهەم، لە پرسی کورددا ڕەنگە دۆخێکی تایبەتی هەبێت. تورکە ئیسلامیەکان باوەڕیان وەهایە کە لە ڕێگای ئیسلامەوە دەتوانن ناسیونالیزمی کوردی کۆتایی پێبهێنن و کورد بکەنە بەشێک لە پرۆسەکەیان. ئەم ستراتیژە لە هەردوو باکور و باشور کاردەکات. پەیوەندی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشور بەم ئاراستەیە، هەروەها پەیوەندی ئاک پارتی و پارتە ئیسلامیەکان لە باشور. ئاک پارتی وەها دەبینێت کە لە باکور دەتوانێت لە ڕێگای کۆنزێڤەتیزمی ئیسلامیەوە کورد بۆخۆی ڕابکێشیت. ئەم دیدەیە کە پەکەکەی وەها لێکردوە کە لە پرۆسەی ئاشتی بترسێت. پەکەکە وەها دەبینێت کە ئاک پارتی بۆیە ئاشتی دەوێت یان دەیوست بۆئەوەی لە ڕێگای ئاشتیەوە ڕۆڵی پەکەکە نەهێڵێت. بۆیە خیتاب و کرداری پەکەکە بە پێچەوانە بوەوە. بەم پێیە ئیسلامیەکان وەها دەبینن کە دەتوانن کورد بکەن بە ئیسلام و بیکەنە بەشێک لە پرۆژەی خۆیان. کەمالییەکان ناتوانن دان بە کورددا بنێن. ئەم بنەمایە دەمانبات بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەگەر ئیسلامیەکان لە سەر حوکم نەبونایە و تورکە کەمالییەکان لە سەر حوکم بونایە، پەیوەندی تورکیا و باشور چۆن دەبوو؟ لە ساڵی ٢٠١٢ لە بارەگای سەرەکی جەهەپە، لە گەڵ فاروق لۆگئۆغلۆ دانیشتم. فاروق نەک هەر ئەو کاتە جێگری سەرۆکی جەهەپە بوو، بەڵکو یەکێکە لە گەورە دیپلۆماتەکانی تورکیا. بە دیدی ئەو ئەگەر ئەوان لە سەر حوکم بونایە ئەوا تەنها لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵیدا مامەڵەیان دەکرد. بەو مانایە دانیان بە حکومەتی هەرێمدا نەدەنا. بەڵام بە مانای ئەوە نیە کە دەستوەردانیان نەدەکرد. چونکە مێژوو پێمان دەڵێت کە شەڕی ناوخۆی کوردی بوە هۆکاری ئەوەی کە تورک بێن بۆ باشور و بنکە دابنێن. هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لە بەرجەستەکردنی دوو ئیدارەیی لە ڕێگای ڕێککەوتنامەی واشنتۆنەوە. هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە تورکیای عەلمانی لە دیدی ناوخۆییەوە دەرەوەی دەبینێت، ئامانجی گرتن و بردن و دەستبەسەراگرتن و گەڕانەوە بۆ مێژوو و گۆڕینی جوگرافیا و دیموگرافیا نیە. تورکە عەلمانییەکان دڕندەن بەرامبەر کوردەکان لە ناو تورکیا، بەڵام دەیانەوێت خۆیان بپارێزن لە کوردەکانی دەرەوە. ئەم دیاردەیە لە پرسی موسڵەوە دەست پێدەکات. بەڵام ئیسلامیەکان تینوی سامان و خاک و دەسەڵات و خەلافەتن و سڵ ناکەنەوە لە هیچ ئامرازێک لەم پێناوەدا.


بەیار عومەر عەبدوڵڵا چەندین پرۆژەی گەورە و مامناوەند و بچوك لەم دەڤەرە لەمێژە وەستاون، شەقامی ١٠٠ مەتری یەكێك بوو لەوان كە دەبوو چەندین ساڵ لەمەوبەر بكرایە، ئێستا وەكو دەستكەوتێكی گەورە دەیكەن بە منەت بەسەر خەلكی ئەم شارەوە. ساڵی ٢٠١٣ بۆ یەكەمجار بەردی بناغەی دانرا، ٤٧٠ ملیار دیناریان بۆ تەرخانكردبو، لە كاتێكدا ئەوكات نرخی شتومەك هەزرانتربوو، بەڵام بڕیاربو بە مواسەفاتی بەرز بكرێت. ئەم جارە بودجەكەی كەمكراوەتەوە بۆ ٤٠٠ ملیار دینار. سەرۆكی حكومەت بەو مەرجە ڕازیبوە جێبەجێبكرێت، كە سەوزایی ناوەڕاستی شەقامەكە بچوكبكرێتەوە و هەندێك بڕگەی لێتەركبكرێت.  حكومەتەكەی پارتی ویستی بە لایەنەكانی تر بڵێت كە بڕیاری پرۆژە و تەوقیتەكەی لەدەست خۆمە و كەس هیچی بەدەست نیە. دەیەوێت بە خەلكی ئەم سنورە بڵێت، ئەگەر دەتانەوێت پرۆژەتان بۆ بكرێت، دەنگبدەن بە پارتی كە داهات و دەسەڵاتی لایە. لێرەدا كێشەیەك دێتەكایەوە؛ شەقامی ١٠٠ مەتری پرۆژەیەكی گرنگی خەدەمیە، بەڵام سلێمانی پێویستی بە چەندین پرۆژەی ستراتیژی دیكە هەیە بۆ ئەوەی گەشەی ئابوری بكات و هەلی كار بڕەخسێنێت.   ئایا دەكرێت لە پێناوی چەند پرۆژەیەكدا خەلكی سلێمانی و ئەم دەڤەرە تەسلیمی ئیرادەی پارتی بێت؟! بۆ دەبێت ئەم سنورە باجی هەڵوێست و ئازایەتی و ئیرادەی خۆی بدات و بە هەژار بمێنێتەوە، یان ناچاری بكەن تەسلیمی ئیرادەی حزبێك یان چەند حزبێك بێت بۆ ئەوەی هەندێك پرۆژەی بۆ جێبەجێبكەن لە سایەی ئەم سیستەمە مەركەزیەدا؟! ئایا دەكرێت بۆ پرۆژەیەك كە دەبوو چەندین ساڵ لەمەوبەر بۆ ئەم شارە بكرایە، ژمارەیەكی زۆر لە خەلكی سیاسی و ڕۆشنبیر و ئاسایی بۆ ماوەیەكی درێژ هەموو جوهدی خۆیان بخەنەگەڕ؟!  پرۆژەی فیدرالیەتی پارێزگاكان و هەرێمی سلێمانی دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە. داهات و دەسەڵات لای ئەم دەڤەرە بێت، دەتوانرێت چەندین پرۆژەی ستراتیژی دیكە جێبەجێبكرێت بەبێ ئەوەی خەلكی ئەم دەڤەرە تەسلیمی ئیرادەی هیچ حزب و لایەنێك ببێت. دواجار ئیرادەی خەلك زاڵ دەبێت بەسەر ئیرادەی حزبەكاندا، كە بەدرێژایی چەندین ساڵە ئەم دەڤەرە دەچەوسێننەوە.  ئەگەر هەرێمی سلێمانی جێبەجێ بوو، لەپاڵ دابینكردنی موچە و پێشخستنی كەرتەكانی ئاو و كارەبا و تەندروستی و پەروەردەدا، دەكرێت لە شاری سلێمانی ئەم پرۆژانەی خوارەوە جێبەجێبكرێن بۆ ئەوەی جموجۆڵی ئابوری زیاتربكات و هەلی كار بڕەخسێنێت.  لێرەدا تیشك دەخەمە سەر شاری سلێمانی و قەزا و ناحیە و گوندەكانی چواردەوری؛ هەوڵەدەم لە نوسینەكانی تردا باسی ئەوە بكەم كە چ پرۆژەیەك بۆ دەڤەر و شار و شارۆچكە و گوندەكانی تری ئەم سنورە بكرێت. ١-سەردەمی دوو ئیدارەیی، ئیدارەی سلێمانی پرۆژەیەكی هەبوو بە ناوی ناوچەی بازرگانی ئازاد (Free Trade Zone). حكومەت چەند زەویەكی لە خاوەن موڵكەكان كڕیەوە لە تەنیشت فڕۆكەخانەی سلێمانی، گوایە دەیكات بە ناوچەی بازرگانی ئازاد. دوای یەكگرتنەوەی ئیدارە و سەندنەوەی داهات و دەسەڵات لەم دەڤەرە، ئەم پرۆژەیە و چەندین پرۆژەی تریش وەستان و هەژاری و بێكاری ئەم سنورەی تەنیەوە. ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو پرۆژەیە زیندووبكرێتەوە.  ئەگەر ناوچەی بازرگانی ئازاد دوبەی كردۆتە سەنتەرێكی بازرگانی جیهانی، دەكرێت ناوچەی بازرگانی ئازاد سلێمانی بكاتە شارێكی بازرگانی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و هەزارەها هەلی كار بڕەخسێنێت. دەكرێت فڕۆكەخانەی ئێستای سلێمانی بكرێت بە فڕۆكەخانەی كارگۆ و گواستنەوەی شتومەك و خزمەتی ناوچەی بازرگانی ئازاد بكات.  لەبری ئەوە فڕۆكەخانەیەكی مەدەنی لە دەشتی شارەزور دروستبكرێت كە تا ڕادەیەك دورە لە چیاكانەوە و بۆ بواری فڕۆكەوانیش سەلامەتترە. جموجۆڵی ئابوری لە عەربەت و سەیدسادق و وارماوا (زەڕایەین) و هەڵەبجەی تازە و بەرزنجە و گوندەكانی دەشتی شارەزور زیاد دەكات. هەروەها سلێمانیش دەكەوێتە نێوان دوو زۆنی پڕجموجۆڵی ئابوریەوە؛ یەكێكیان فڕۆكەخانەی كارگۆ و ناوچەی بازرگانی ئازادە لە بەری تاسڵوجە و ڕاپەڕین، یەكێكی تریان فڕۆكەخانەی نێودەڵەتی سلێمانیە لە دەشتی شارەزور. ٢-دەكرێت دوو شاری پیشەسازی دروستبكرێت؛ یەكێك لە نێوان بازیان و پیرەمەگروندا و یەكێكی تریان لە نێوان عەربەت و سەیدسادقدا. زەوی بفرۆشرێت بە وەبەرهێنەكان بەو مەرجەی بیكەن بە كارگە. دەكرێت سلێمانی بكرێت بە گەورە شارێكی پیشەسازی كە لە پیرەمەگرون و بازیانەوە دەستپێبكات تا دەگاتە عەربەت و سەیدسادق و پێداویستی ناوخۆی كوردستان و عێراقیش پڕبكاتەوە. لە زانستی شارداریدا، گەورە شار ھەیە كە چەند شار و شارۆچكەیەكن لە ڕوی جموجۆڵی ئابوریەوە پێكەوە گرێدراون بەڵام مەرج نیە لە ڕوی ئیداریەوە سەر بەیەك پارێزگا یان ویلایەت بن.  لە ویلایەتە یەكگرتەوەكانی ئەمریكا بە گەورە شارەكان دەڵێن میترۆپۆلیتان ئێریا (Metropolitan area). بۆ نمونە شاری نیویۆرك، گەورەشارە و چەندین شاری تر ھەن كە نزیك نیویۆركن، لە ڕوی ئیداریەوە سەر بە ویلایەتەكانی نیوجێرسی و   كۆنیتیكەت و  پەنسلیڤانیان بەڵام لە ڕوی جموجۆڵی ئابوریەوە سەر بە گەورە شاری نیویۆركن. ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ٣٨٤ گەورەشاریان ھەیە، كە سەرەكیترینیان نیویۆرك و لۆس ئەنجلس و شیكاگۆ و دڵاس و ھیوستنن. لە توركیا بە گەورەشار دەڵێن بیوك شەھیر (Buyuk Sehir).  توركیا خاوەنی ئیستابوڵ و ئەنكەرە و ئزمیر  و بۆرسە و ئەدەنە و چەندین گەورەشاری ترە. دەكرێت ئێمەش چەند گەورەشارێك بنیادبنێین كە لە ڕوی چالاكی ئابوریەوە پێكەوە گرێدراوبن. بەڵام ئەم پرۆژانە بە بەرپرسی گەندەڵ ناكرێت، هەروەها بەو پۆپۆلیستانەش ناكرێت كە بەردەوام ڕای گشتی چەواشە دەكەن و دەوروژێنن لە پێناوی ناودەركردن و بەدەستهێنانی پۆستی حكومی و پەرلەمانی. ئەم دوو جۆرە لە سیاسەت دوو ڕوی دراوێكن و تەواوكەری یەكن. چەند كەسێكی دڵسۆزمان پێویستە كە بەرژەوەندی گشتی لەسەروو بەرژەوەندی تایبەتەوە سەیربكەن، هەروەها ڕوئیایەكی ستراتیژیان هەبێت بۆ پێشخستنی ئابوری، كە سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە. بە ڕوئیایەكی ڕونەوە دەتوانرێت (گەورە شاری سلێمانی)، كە زۆربەی شار و شارۆچكە و گوندەكانی نزیكی دەگرێتەوە، بخرێتە سەر ڕاستەرێی گەشەی ئابوری و ببن بە یەكێك لە شار و ناوچە دەوڵەمەندەكانی جیهان.


 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 1  من سوپاسی هاوڕێ‌ ئازیزه‌كانم ده‌كه‌م ، ئه‌وانه‌ی كه‌لار دڵشادو ئازادو ئه‌وانی تر ، دڵنیام كاوه‌ش مابا ئێستا له‌ پێشه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وان ده‌بوو ، سوپاسیان ده‌كه‌م كه‌ پشتیان كرده‌ مافیاكان و خۆیان له‌ خه‌می كه‌لارو كفریدا بوون ، سوپاسیان ده‌كه‌م كه‌ كفریشیان بیره‌ ، ئه‌وه‌ زنجیره‌ به‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ كه‌من ده‌یان جار باسم كردووه‌، ده‌ستان خۆش هاوڕێ‌ زیته‌كان بۆ ئه‌و هیمه‌ته‌و بۆ خه‌می گشتی ، هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ئه‌و خه‌می گشتیه‌ دواتر رای گشتی دروست ده‌كات ، دروست بوونی رای گشتی بۆ دۆخی ئێستای گه‌رمیان به‌ گشتی زۆر گرنگه‌ ، هیوادارم ئیتر په‌تای كۆڤید 19 له‌ گه‌رمیان به‌ چۆكدا بێت . 2 ئێمه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تاكه‌وه‌ كه‌مپه‌ینمان كردوو توانیمان كه‌ره‌سه‌و ئامێرو پێویستی زۆر دابین بكه‌ین ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌ به‌س نه‌بوو ، هێشتا پڕۆژه‌كه‌ نیوه‌ چڵه‌ ، با چه‌مچه‌ماڵیه‌كان بۆ داوای مافی خۆیان چاو له‌ كه‌لارو ئه‌و هاوڕێیانه‌ی ئه‌وێ‌ بكه‌ن ، با لانی كه‌م بۆ هه‌فته‌یه‌ك رێگه‌ نه‌دان ته‌نكه‌رو سه‌یاره‌ی بار نه‌ك سه‌یاره‌ی بچوك جاده‌و بانی چه‌مچه‌ماڵ به‌كار بێنن ، ئێ‌ با ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئێره‌ش كه‌ شه‌ریكی ئه‌وی هه‌ولێره‌ لانی كه‌م كێشه‌ی ئاوی ئه‌م شاره‌ چاره‌سه‌ر بكات كه‌ ته‌مه‌نی كێشه‌كه‌ 30 ساڵی تێپه‌ڕاندووه‌ ، چاو له‌ كه‌لار بكه‌ن و بۆ مافه‌كانتان بێنه‌ ده‌نگ . 3 چه‌مچه‌ماڵ و كه‌لارو كفری و ده‌ربه‌ندیخان پێكه‌وه‌ پانتای پارێزگایه‌كی گه‌وره‌ن ، پارێزگایه‌ك كه‌ نیوه‌ی هێشتا له‌ چوار چێوه‌ی ماده‌ی 140له‌ بن ده‌ستی حكومه‌تی عیراقیه‌ ، ئه‌م پارێزگایه‌ هه‌قی خۆیه‌تی و زیاتریش ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ ، ئه‌م پارێزگایه‌ قه‌زاكانی له‌و په‌ڕی نه‌هامه‌تیدان ، بۆ نمونه‌ كفری و چه‌مچه‌ماڵ ، له‌ كاتێكا هه‌ردوو شوێنه‌كه‌ ، ده‌یان شوێنه‌وارو كۆنینه‌یان هه‌یه‌ ، حكومه‌ت له‌وه‌ ده‌چێت به‌ نیه‌ت پشتگوێی خستبێت ، ئاخر كه‌س نیه‌ چوار وێنه‌ی قه‌ڵاكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ، بازاڕه‌ كۆنه‌كه‌ی كفری ، په‌رستگاكه‌ی ده‌ربه‌ند بگرێت و بیداته‌ قوباد تاڵه‌بانی و دووهاوسه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی ، به‌ دینتان ئه‌وه‌ تاوان نیه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ . 4 جارێكیان به‌رپرسێك پێی وتم ئه‌رێ‌ تۆ ماندوو نه‌بووی خۆپیشاندان نیه‌ تیای نه‌بیت ، یان له‌ پشتیه‌وه‌ نه‌بی ، پێم وت ئه‌گه‌ر من بمه‌وێ‌ خۆ پیشاندانی ئه‌رێنی و كاریگه‌ر بكه‌م  له‌ 10 هه‌زار كه‌س كه‌متر له‌ پشتمه‌وه‌ بن نایه‌مه‌ سه‌ر جاده‌ ، ئێستاش دوای 33و ساڵ له‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ، بڕیارم دابوو ئیتر بۆ خه‌ڵك داوای هیچ نه‌كه‌م و نه‌یه‌مه‌ ده‌نگ ، به‌ڵام كه‌ ده‌بینم هێشتا له‌ ناو ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا كه‌ تۆ داكۆكیان لێده‌كه‌یت ئه‌و له‌ پێناوی حزبه‌كه‌یدا ده‌تگه‌زێ‌ ، ده‌ڵێم  پێویسته‌ هێشتا به‌رده‌وام بم ، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی خۆی باشتر ببینێ‌ .


  ئاسۆ حاجی لە دواین کۆنگرەی یەکێتی بەجدی ئەوە خرابووە ڕوو کە پێویستە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بگۆڕدرێ بۆ یەکێتی نیشتئمانی عێڕاق،بەڵام لەبەر پەرچەکرداری سەرکردە پیرەکانیان و پەرچەکرداری جەماوەری ئەوەیان دواخستووە بۆ کۆنگرەی داهاتوو کە بەپێی زانیاری جەماعەتی لاهور جەنگی دەیانەوێ لە ماوەی دوو ساڵ ئەنجامی بدەن نەک چوار ساڵ. یەکێتی لە دوای چل و چوار ساڵ تەمەن دەستی لە هەموو ئەو دروشمانە هەڵگرتووە کە خەڵکی پێ هاندەدا لە مافی چارەی خۆنووسینەوە بگرە تا بە قودس کردنی کەرکوک و دەست هەڵنەگرتن لە چیاکانی حەمرین وەک سنووری جیاکەرەوەی نێوان کوردستان و عێڕاق،کە ئەوانە زادەی باوەڕی مام جەلال دامەزرێنەر و سکرتؽری گشتی یەکێتی بوون،بە کورتی دەست بەردان لەو دروشمانە کارکردنە بۆ سڕینەوەی مێژووی جەلا تالەبانی و لابردنی کاریگەریەتی لەسەر لاشعوری یەکێتیەکان. یەکێتی کە بە دەرچوون لە بازنەی بەرژەوەندیە باڵا نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و وەستانەوە لە دژی ئیرادەی سەربەخۆیی خوازی خەڵکی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ خاک رادەستی داگیرکەر دەکاتەوە و کار بۆ سارکردنەوەی خەڵکی کوردستان دەکات لە خەباتیان لە دژی داگیرکاری و پێشێل کردنی مافەکانیان لەوەش خراپتر بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانیان وەک سەرچاوەی نەهامەتیەکان دەناسێنؽ. یەکێتی کەرکوک و نیوەی خاکی باشوری کوردستانی لە چواچێوەی رێکەوتنێکی حیزبیانە رادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کردەوە،هەروەها ١٧٠ تیرۆرستی داعشیان لە رێکەوتنێکی دیکەی حیزبیدا ئازاد کرد،ئێستاش لە رێکەوتنێکی دیکەی شاراوە و حیزبیدا خەریکە کفری و ناوچەی دیکەی گەرمیان راەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێڕاق دەکەنەوە لە نێو بێدەنگیەکی ترسناکی دامەزراوە فەرمیەکان و میدیای کوردستانیدا،بەبێ ئەوەی کەسێک پرسیارێکی جدی لە سەرانی یەکێتی بکات ئەرێ بۆ وا دەکەن!


ئاسۆ كەمال کاتێک خەڵکی شاری کەلار، لە بەرامبەر گوێنەدانی حکومەتی هەرێم بە مەرگی هاوڵاتیانی گەرمیان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، بانگەوازیان کرد کە "خۆمان شاری خۆمان ڕزگار دەکەین"، یەکێتی نیشتمانی وەک تاڵانچی ئەم ناوچەیە، ترسی ئەم دەست پێشکەریە جەماوەریەی لێ نێشت کە ببێتە هۆی لەدەست چوونی پێگەی دەسەڵاتدارێتی. هەربۆیە هەرکام لە دوو باڵی هاوسەرۆک و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  کەوتنە خۆ. لاهور شێخ جەنگی بە "بەخشینی موچە"ی ستافی تەواوی نەخۆشخانەی قەڵا بەسەرجەم پزیشكان و كارمەند و فەرمانبەران، وە(دەرباز کۆسرەت رەسوڵ) یش بە دابین کردنی  ٤ ئامێری پێوانی ئۆکسجین . هەرچەند ئەم کۆمەکانە لەژێر فشاری دەستبردنی خەڵکە بۆ بەڕیوەبردن و دابینکردنی تەندروستی گشتی خۆیان. بەڵام ئەم جۆرە کارانە و مەبەستی ئەم دەسەڵاتدارانە دەبێ باش بناسین کە بەدوای چیەوەن؟ ئەمە پێی دەوترێ "کۆمەکی مافیایی" کە ئەم دوو باڵە دەسەڵاتدارە "موچە و پێویستیەکانی کەرتی تەندروستی"ی خەڵکی گەرمیان و بەشێکی کوردستانیان دەست بەسەردا گرتوە و کەچی بەناونیشانی خێر و بەخشیین بەشێکی ناچیزی بە خەڵک دەفرۆشنەوە.  پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر حکومەت و بودجە و داهاتی کوردستان هەیە بۆچی ئەم دەسەڵاتدارانە بەناوی شەخسی خۆیانەوە خەریکی دابەشکردنی موچە و پێویستی تەندروستین بۆ نەخۆشخانەیەک؟ بۆچی موچەی هەموو پزیشک و کارمەندی تەندروستی هەموو کوردستان نادەن کە دوو مانگە لە پێشی بەرەی شەڕی کۆرۆنادان ؟ بۆچی ئەو ١٠ ملیار دۆلارەی داهاتی فەرمی کوردستانە ئەمڕۆ ٢٥٪ ناخەنە خزمەت دابینکردنی ئەم پێداویستیە تەندروستیانەی خەڵک و موچەی کارمەندانی تەندروستیەوە؟ بۆچی ٠،٥٪ بودجە بۆ کۆرۆنا دادەنێن و لەکاتێکدا دەزانن کە چ حاڵەتێکی کتوپڕ و ئیمێرجنسی هەیە و هەموو حکومەتەکان ناچارن بودجەی گەورە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم پەتایە دابنێن؟  بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێ لەو سیاسەتەدا بۆی بگەڕێین کە پێی دەڵێن "ئیدارەی مافیایی".  "کۆمەکی مافیایی" بەشێک لەو شێوازە لە بەڕیوەبردنی مافیاییە، کە یەکێتی و پارتی لە سێ دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتیاندا پیادەیان کردوە و ئێستا بونەتە شارەزاترین بەڕیوەبەری فەرمی مافیایی، کە هیچیان کەمترنیە لە حکومەتە مافیائاساکانی ئەمریکای لاتین.  دەست بردنی یەکێتی و پارتی بۆ گۆڕینی موچە و دابینکردنی پێویستیەکانی تەندروستی گشتی بە خێر و سەدەقەی سەرۆکە حزبیەکان، خۆی بەشێک لە سیاسەتی نەهێشتنی کەرتی گشتی تەندروستی و تاڵانکردنی لەلایەن کۆمپانیاکانی حزبی و سەرمایەدارە حزبیەکانەوە. ئەوان لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێ بەرپرسیاریەتی حکومەتەکەیان لە دابینکردنی موچە و پێویستی تەندروستی لادەن و هاوکاتیش وەلائی حزبی و شەخسی لە ڕێگەی بەخشینی موچە و دابینکردنی چەند ئامێرێک و کۆمەکێکەوە بەدەست بێنن. لێرەوە ئیتر کارمەندانی تەندروستی چیتر چاوەڕێی موچەی فەرمی نابن و ناڕەزایەتی دەرنابڕن ئەگەر موچە نەدرێ، بەڵکو دەبنە چاو لە دەستی مەرحەمەت و بەزەیی هاوسەرۆک و سەرۆکە حزبیەکان. ئەم دۆخە بێگومان بەم کۆمەکە مافیایانە پینە و پەڕۆ ناکرێ و ڕێگا چارەی بەرگرتن بە مەرگی زیاتر و بێکاری و بێ موچەیی تەنیا لە سەرتاسەری کردنەوەی ئەم جۆرە دەست پێشکەریە هەرەوەزیانەی خەڵک خۆیان و بانگەوازی "خۆمان شاری خۆمان ڕزگار دەکەین" ی شاری کەلار و شارەکانی تری کوردستاندایە.  ئەمڕۆ دکتۆر و کارمەندی تەندروستی خەڵک دەبێ بەم چەشنەی کەلار لەدەوری یەکتر کۆببنەوە و دەست بەرن بۆ کاری هەرەوەزی بۆڕوبەڕوبونەوەی گوێ نەدانی حکومەتی هەرێم بە دۆخی مەترسی تەندروستی لە کوردستان و تاڵانکردنی کەرتی حکومی تەندروستی لەلایەن کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکانەوە و خۆمان ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە بۆ فریاکەوتنی تەندروستی گشتی هاوڵاتیانی کوردستان.  تەندروستی گشتی مافی هەموو هاوڵاتیانە کە بە خۆڕایی و لە بودجەی گشتی کوردستان  دەبێ دابین بکرێ. هەربۆیە پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان دژی فرۆشتن و بە تاڵانکردنی کەرتی تەندروستی حکومی ببینەوە بە کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکان ، لەبەر ئەوەی ئەمە دزینی بەشی کرێکار و کارمەند و خەڵکی کوردستانە لە داهاتی کاریان و لە داهاتی کۆمەڵگەی کوردستان . پێویستە داواکاربین کە بودجەی کەرتی تەندروستی زیاد بکرێ بۆ ٢٥٪ بە تایبەت لەم کاتی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆسەدا(کۆڤی١٩)، تاکو پێویستیەکانی پاراستنی تەندروستی و موچەی تەواوی کارمەندان دابین بکرێ. ئەوە ٢٨ هەزار کارمەندانی تەندروستین کە داکۆکی لە پاراستنی تەندروستی گشتی دەکەن، لەبەرئەوەی پێویستە ئەوان لە ئیدارەی کەرتی گشتی بەشداربن و ئاگاداربن لە بودجە و داهاتەکەی. وە لەو شوێنانەی حکومەت ناوەندەکانی کەرتی گشتی چۆڵ دەکا ئەم گروپانەی کارمەندانی تەندروستی کاربکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و دروستکردنی ئیدارەیەکی هەرەوەزی لە جێگایدا. ئەگەر یەکێتی و پارتی و حکومەتی ئەم حزبە بورژوزیانە دەیانەوێ لە پەتای کۆرۆناشدا لە ڕێگەی ئیدارەی مافیاییەوە خەڵکی کوردستان بهێننە سەر چۆک بۆ ناچارکردنیان بەم ڕاهاتن لەگەڵ بێ موچەیی و ڕوبەڕوبونەوەی مەرگی کۆرۆنا بە بێ بوونی پاراستنی تەندروستی ، ئەوا ڕێگە چارەی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتی کوردستان دروستکردنی تیم و گروپی پاراستنی تەندروستی گشتی خۆیان و ڕزگارکردنی داهات و سەروماڵی تەندروستی گشتی و بودجەی کوردستانە لەدەست ئەم باندە مافیایانەی حکومەت بەسەر خەڵکدا دەکەن. ئەوکات لە دەرگای هەر شارێکی کوردستاندا ئەم دروشمەی کەلار بە بەرزی دەشەکێتەوە، "خۆمان شاری خۆمان ڕزگار دەکەین".


سالار مەحمود مێژووی کورد پڕە لە چیرۆکە جیاجیاکانی زیندان،  مرۆڤی ی کورد لەسەر خاکی خۆی، لەناو شاری خۆی زیندانی کراوە. براوەتە مەنفا زیندانی کراوە. دوورخراوەتە بۆ جەزیرەو سەحراکان و قەڵا دورە دەستەکان لەوێ زیندانی کراوە. ئەگەر ناودارترین زیندانەکانی  مێژوو ناوبێنین وەک زیندانی تەدمور، لاسانتی، ئاوشڤێتز، کارەدیرۆ. ئەوا زیندانی دیاربەکرو نوگرەسەلمان و ئەبوغرێب و زیندانی موسڵ. لە ترسناکترین و هاوشێوەی زیندانە تاریکەکانی جیهانن. چیرۆکەکانی کوردو کوردستان بە هونەرو دەنگ و شیعرو نەخشاندن و ئازار و ئاوازی ئازادی تۆمارکراون. کورد دونیایەک دەستنوس و تابلۆو یاداشت و سەربردەی تاڵی زیندانی هەیە. زیندان لەو وڵاتانەی  کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە شوێن و وێستگەی دابڕین و لێ سەندنەوەی ئازادی و دابڕان لە دونیای دەرەوەی مرۆڤی کورد بووە. بەئامانجی تێکشکاندن و فەوتاندن و داماڵین لەکەسایەتی و مرۆڤ بوون.  لەوەتەی مرۆڤ هەیە، تێکۆشان بەدوای ئازادیدا هەبوەو هاوتەریب زیندان هەبوە. مرۆڤی کورد هێشتا لەناو بێدەرەتانی ئەو چارەنووسەدایە. بەهەموو شێوەکانیەوە، زیندانی بەکۆمەڵ و زیندانی تاک. کورد جگە لەچەشتن و تاقیکردنەوەی هەموو  جۆرەکانی زیندانیکردن. بێ جێی نابێ بڵێم لەوەتەی کورد هەیە زیندان هەیە و گەلەکۆمەی لێ سەندنەوەی ئازادی لەکورد هەیە!. هەر بۆیە لە ئەدەبیاتی کوردیدا زیندان پانتاییەکی بەرینی گرتوە. لەمێژووی رزگاری نیشتمانیدا زیندان سەنگەرێکی ترە، لە چیرۆکەکانی تاواندا زیندان تارکترین مۆڵگەی رووناکی کوژو ئازادی خنکێنە. لە جیهاندا نوسین و رۆمان و چیرۆکەکانی زیندان زۆرن، هەڵبژاردەی نامەکانی زیندانی گرامشی، زیندانیەکی بێ ناوی ماندێلا. بیرەوەریەکانی  ژنێکی زیندانی  نەوال سەعداوی. لای شاعیران و نوسەرانی کوردیش دەق و باس و خواستی زیندان زۆرن.  گۆرانی شاعیر لەبارەی زیندانەوە دەڵێ(  ئەی دەنگی دوور بەئاستەمێک ئەگەیتە ژوور ئاخۆ سپیت یا رەش یا سور وەرە پێشتر وەک چۆن ئاو ئەڕژێتە ناو ئاگر لە ڕێی گوێوە بڕژێرە، گیان زیندانم پڕ کە لە کۆڵدان. شەهید مەلا عەلی لە بەشی سێدارەی زیندانی موسڵەوە بەکوردیەکی رەوان چارەنووس و بەرگرینامەو حاڵی زیندان دەهۆنێتەوە" مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین ژینێک سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین سەربەرزییە کە پێڵاوم ئەبینن بەسەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین.. ........... برا دوورو خزم دوورو کەسم دوور .. بەنابەڵەند تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور  بەڵام ڕونە بەرەو سێدارە جونە .. خەنەی خوێنم لە پێگرێ ئاڵای سوور. دیلان و کاکەی فەلاح و شێرکۆ بێکەس دەق و وێنەی شیعری دانسقەیان لەبارەی زیندان و مەنفاوە هەیە. ئەم بەرکوڵەی بەگشتی ئاماژەم پێکردن بۆ چوونە ناو باس و خواسی سەلاحەین دەمیرتاشە لە زیندان. زیندانیکردنی ئەو لاوە هەڵکەتوەی کورد لە تورکیا، ئاماژەیە بۆ زیندانیکردنی نەتەوەیەک بەهەموو ژانەرەکانیەوە. ئەوی سیاسەتوان و چیرۆکنوس و دەنگبێژو موزیکژەن و تابلۆکێش. مرۆڤی ئازادیخواز دەتوانێ زیندان بکاتە گۆشەی داهێنان وەک چۆن بەو پرۆسەیەدا دەمیرتاش دەڕواو کۆمەڵە چیرۆکێکی لە دوو توێی ( سەحەر) و ( دەوران) دا نوسیەوەو چەن تابلۆیەکی نەخشاندوەو وا رۆمانی (لەیلا)ش تەواو دەکات. دەمیرتاش کوردی زازا، لە زیندانەوە خۆی فێری نوسین بە کرمانجی کردوە. ئەو لەسەر پەیامی ئاشتی و هاوبەشی گەلان لەژیان بەردەوامە. داکۆکی لە مافی گەلەکەی دەکات. دەمیرتاش بەمانا (نوێنەری گەل) پەرلەمانتارو خاوەن ناسنامەی گەلێکی ئازادیخوازە. بەڵام دونیای سەرمایەداری چاوی کوێرەو گوێی کەڕە لە فوغانی کوردو جاڕنامەی مافی مرۆڤ درێژترین درۆی نوسراوی سەر ئەم زەمینەیە. بۆ هیچ تاکێکی کوردێک لە هەر پێگەو جێ و سەر زەمینێکیشدا بێ دەتوانێ و بەهانەیەک نییە بۆ دواخستنی خەباتی نیشتمانی. ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی کورد دواخستن هەڵناگرێت. ئەگەر نەتەوە پەروەریی بۆ نەتەوەکانی دونیا رەوابێ ئەوا بۆ کوردی مافزەوتکراو  ستەملێکراو ئەرکە، وەک فەرزی ئاینی و وەک هەواو ئاوو نان بۆ مرۆڤ. دەمیرتاش ئیلهام بەخشە،  مرۆڤی کورد دەبێ سەرباری نادادی خۆیی و بێباکی زۆرێک بەناو سەرکردەی بنکردە. لە تاریکترین ساتەوەختەکاندا لە دەست و پێی قوڵفدراوەوە  حەتمیەتی مێژوو لە بیر نەکات کە راستی هەر سەرکەشانە جێی خۆی دەگرێ و ستەمیش لەئەستوربونی خۆیدا دەپچڕێ.


شەپۆل عەسكەری  زۆر لە سیاسەت مەدار و نوخبەی ڕۆشەنبیر و زۆرێکیش لە خەڵک شۆڕشی ١٤ی تەمووزیان بە گۆڕانکاریەکی ئەرێنی دەڕوانێ و هەندێکیش بە سەرەتای نەهامەتێکانی باشوری کوردستان و عێراق دەڕوانێتە ئەم ڕۆژە. تێڕوانینی جیۆپۆلتیک لە سەر ١٤ی تەمووز بۆ کورد بە ڕای بەندە هیچ سوودێکی پێنەگەیاندین جگە لە نەهامەتی گۆڕینی دیموگرافی کوردستان نەبێ،تاکە گرفتی کورد لە گەڵ حکومەتەکانی مەملەکەتی عێراق کە وەک خاڵی یەکەم هەژمار دەکرێ بنیاتنانی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک بو کە بوە هۆ و بناغەی دەستپێکردنی شاڵاوی تەعریب و دواتر خانەقین و ناوچەکانی تری گرتەوە. مەملەکەتی عێراق تا ١٩٢٨ لە سەدا سەد بە تەواوەتی گەرەنتی ئەوەی نەدرابویە کە ویلایەتی موصڵ ئەکەوێتە سەر خاکی عێراق هەر چەندە زۆر جار مس بیڵ متمانەی داوە بە شا فەصڵی یەکەم بەڵام لە ڕووی یاساییەوە واژوو نەکرابوو لە نێوان حکومەتی بەڕیتانیا و حکومەتی عێراق، بۆیە رەفتاری لە گەڵ دانیشتووی ناوچەکانی ویلاەتی موصڵ جیاوازی هەبوو تا سەربەخۆیی عێراق و دەرچونی لە ژێر چاودێری نێردراوی تایبەتی حکومەتی بەریتانیالە ساڵی ١٩٣٢. لە دوای رۆخانی مەملەکەتی عێڕاق و بەو شێوە دڕندانە و تا ئەمڕۆ ئەم چوار چێوە سیاسیە بە هیچ جۆرێک ئاشتی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تیایدا بە تەواوەتی سەقام گیر نەبوە و گۆڕانکارێکانی دوا بە دوای ١٤ی تەمووز هەمووی خوێناوی بووە تەنها یەک حاڵەت ئەویش ئینقلابی احمد حسن بکر بە سەر عبدالسلام عارف نەبێ. سەبارەت بە کورد لە دوای حوکومڕانی مەلەکی شاڵاوەکانی تەعریب بەر فراوانتر بوو دژایەتی و پەیدانوونی شۆڤێنی نەتەوایەتی عەرەب دژی کورد زێدەتر ڕووی لە هەڵکشانکرد ناوچەی زێدەتر خرایە ژێر دەسەڵاتی بارێزگا عەرەبێکان وەک موصڵ و صلاح الدین و دیالی. بەڵکو لە ژێر سایەی حوکمی بەعس ناخۆشترین کاتی بەسەر برد شۆڤێنیەتی عەربی گەیشتە ئەوپەڕی دڕندەیی و دەرئەنجام گەورەترین جینۆسایدی بە سەر کورد هێنا لە ژێر حوکمی صدام و بەعسی عەرەبی وەک کیمابارانی هەڵبجەو ناوچەکانی بالیسان و قەڵاسێوکە و گەرماین و دواتر بادینان و بەوەش نەوەستایەوە پرۆسەکانی ئەنفالی یەک و دوو و سێی دەست پێکرد. باردۆخی سیاسی کورد لە گەڵ هەموو حکوماتی عێراق تا ئەمڕۆ گۆڕانکاریەیک وەها ڕووینەداوە کە بە کاتی ئاڵتونی هەژمار بکەین و بڵێن کە کورد لە کۆتایدا کاتی پشوودانی لە شەڕ و ململانێ هاتوە و هەر چەندە تۆزقڵێک بارودۆخەکە ئەمڕۆ جیاوازترە لە رژێمەکانی پێشو، بەڵام هیچ ئاسۆیەک نابینی و رۆژ دوای ڕۆژ ئەمانیش ڕووکەکەی دیکە نیشاندەدەن بە تایبەت کە باسی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق دەکەی. لەوانەیە ئەگەر عێراق مەلەکی بوایە کێشەکانی کورد ڕووی نەکردە هەڵگرتنی چەک و ئەو هەموو نەهامەتی ودەربدەرییەی تووشنەبوایە، ئەوەی لای بەندە گرنگە عێراق مەلەکی بێ یا کۆماری ڕاست بێ یا چەپ، ئەوەیە کورد دەبێ واز لە لەتلەتکردنی یەکتر و شکاندی ناوماڵی خۆی بهێنێ و ئەوانەی کە هاندەری ناکۆکی و گەندەڵین جا هەر کەس و لایەنێک بێ دەبێ وەلابندرێن هەموو بە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەک دەست.. یەک داواکاری لە جیهان بکەین ئەویش ئێمە کوردین و یەک پارچەین قەد نابین بە چوار دەوڵەتی کوردستان ئەمڕۆ بێ یا سبەی هەر دەبێ سەر دەرهێنێ و ئاڵاکەی بەر هەموو کوردستانا بەرز و پیرۆز بکرێ.


چیا عەباس   کاک نەوشیروان لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا بۆ گۆڕان لە کەرکوک باسی لەوە کرد کە دەسەڵات درۆ و دراوی بەدەستەوە ماوە. زیاتر لە دە ساڵ دوای ئەم لێدوانە بەناوبانگە و زیاتر لە سێ ساڵ دوای وەفاتی کاک نەوشیروان دالە ناشرینەکانی کوردایەتی ئەم سەردەمە لە زیادبوندان، ئاماژەی زەقن بۆ ئاڵۆزی و دژواری دۆخی سیاسی و حوکمرانی و ئیفلیجی دیموکراسی. لە بیرمە لە گەڵ سەرهەڵدانی شۆرشی ئەیلولدا تەمەنی خۆم و هاورێکانم لە دوازدە ساڵ تێنەدەپەری، ئەو سەردەمە وەک خوێندکارێک لە قۆناغی مامناوەندی رۆژانەمان هەبو، ئەوەی بەندە دە فلس بو، دواتر بە هەزار شەرەشەق کرا بە پانزە فلس. لەو پارەیە هەفتەی جارێک بە برێک یارمەتی دایکم بلیتێکی سینەمام دەکری، هاوکاتیش رۆژانە بەشی پارویەکی بەلەزەتی قاورمەی نۆک بە کەوەرەوە لە بەر دەم قوتابخانەی گۆیژە و ئەزڤەنیەک و چەند تاکە جگەرەیەکیشی دەکرد. لەو تەمەنەدا لایەنگری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوم و یەک دو ساڵی خایاند تا بوم بە ئەندام، بۆ ئەندامیەتیش ئابونەی مانگانە چل تا پەنجا فلس بو و ئەوەشم لە رۆژانەکەم دەدا. جاران بە دارا دو داری دی و دۆی دادە و و دەنگی دەهۆڵی پارشێو و درۆ و دەلەسە و درەندەیی دوژمن و دڵپاکی و دڵسۆزی خەلک و دەنگە دلێرەکەی رادیۆی شۆرش  چاومان بە کوردایەتی کرانەوە، لە گەڵ شۆرشی هەڵسانەوەی دوای شکستی شۆرشی ئەیلولیش دەستە دلێرە گەنجەکانی گەل سەر لە نوێ تۆوی ئومێدیان چاندەوە.  نیو سەدە دواتر کە ئێستا دەکات دزی و درۆ و دەلەسە و دراو و دورویی و درەندەیی و دارمان و داکشان و دێوزمەیی و دێرینی ساختە و بن دیوار و دەڵاڵی کۆیلەی سیاسەت و بازرگانی و دژواری داد و خزمەتگوزاریەکان و دۆشینی خەڵک و ..... تاد بونەتە بەشێک لە خەسڵەتەکانی ئەم دۆخەی تێیدا دەگوزەرێین. جاران پەرلەمانمان نەبو، ویژدان و باوەر و پاکی پەرلەمانمان بون و خەڵکی بە ئەمەک وێرای درندەیی دوژمن بوێرانە چاودێری کار و رەفتاریان دەکرد، جاران شانازیمان بە سەرکردە و رابەرەکانمانەوە دەکرد و پشت و پەنامان بون، ئێستا خاوەنی پەرلەمان و بەناو دیموکراسین و سەرکردە و رابەرەکان بچوک بونەتەوە بۆ سەرکردەی حزب و جەمسەر و تاقم و گروپەکانیان. لە مێژە، شەش سەدە پێش میلاد، لە ئەسینا کەرەستەکانی دیموکراسی دارێژران، لەو ساتەوە چەمکی دیموکراسی گۆرانکاری گەورەی بەسەردا هاتوە، لە ناوچەکەمان تەوژمی دیموکراسی پاش روخاندنی دیواری بەرڵین بەرپابو، بەهۆی گەڵیک هۆکاری مێژویی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسەوە ئەو تەوژمە سەرەتاییە رەونەق و بەهاکانی زۆر کاڵبونەتەوە. بەتەنیشت هەر پرۆسەیەک و سیستەمێکی بەناو دیموکراسی دیکتاتۆرێک، شێخێک، ئەمیرێک، بنەماڵەیەک، لەشکرێک و ئایین و مەزهەبێك چنگیان بەتوندی لە گەردنی دیموکراسی چەقاندوە. ونستۆن چەرچڵ  دەرباری دیموکراسی گوتویەتی: باشترینە لە سیستەمە خراپەکانی دنیادا. لای رۆژئاوا دیوکراسی بۆتە نەریتێکی مێژویی، لە ناوچەکەمان و لای خۆمانیش وەهمێکە، وەهمێکە شاگردەکانی حزب و دەسەڵات لە پەرلەمان وێناکێشی دەکەن بێئەوەی توانیبێتیان لە نزیکەی سی ساڵدا گەردنی دیموکراسی لە چنگەکانی دەسەڵات قورتار بکەن. ئەمە مانای ئەوە نیە کاری باشیان نەکردبێت، مەخابن پاکژکردنی جۆگەلە و باریکە روبار بون، ئاوەکە لە سەرچاوە چۆن بوە هەر دێت و دەروات. شکستی گەورەی پەرلەمانی کوردستان گەیشتۆتە لوتکە چونکە بۆ هەمو ئەو دالانەی رەوشی کوردستان هاتون یاسایەکیان بە ناوی چاکسازی خەتم کردوە، یاسایەک خۆی لە قەرەی سەرچاوەی ئاوە لیخن و لێڵەکە نەداوە، هاتون خەتاکەیان خستۆتە ئەستۆی مەجرای جۆگەلە و باریکە روبار و ئاوە مەنگەکان.                    


عەلی کەریمی   ئیتر دەبێ هەر وابێ، کاتێک لە وڵاتێکی بێ ساحێبیی وێران و بێ شوان و دایک و باب، دەوڵەتمداری و بەڕێوەبردن و کوێخای وڵات، دەکەوێتە دەستی خەڵکانی کاڵفام، ماستاوچی، موستەفید، موزایدەچی و دەروێشی بنەماڵە و شێت و شەیدای عانە و باخ و ڤێلا و تڕۆمبێلی دەیان دەفتەر دوڵاری، سروشتی دەبێ دۆم کە کەڵاش بۆ خۆی بکات چی لێ دەردەچێت؟! ڕوانینێکی سەر پێیی بەسەر وڵاتانی ئەم سەر عەرزە زۆر بە سانایی بۆمان دەردەخەن؛ ڕۆژانی پشوو لە زۆربەی وڵاتان چۆن و بە چ عەیارە و پێوانەیەک و دوای مشت ومڕی لایەنەکانی ناو پەرلمان، چۆن ولەبەرچی دیاریی دەکرێت. لە ناوەڕاستی هەشتاکان ئاگادار بووم، بۆ ڕۆژی نەتەوەیی سوید ، چەند ساڵ لەسەر یەک گفتوگۆ و ململانێ بوو لە نیوان خەڵک و حیزبەکانی ئەم وڵاتە، پەرلمان کۆ دەبووەوە ئەرێ ئەم رۆژە، وا بزانم شەشی پووشپەر دەکات، بکرێتە پشوو و بۆنەی فەرمی یان نا؟!   زۆری خایاند و چەند ساڵێک لە پەرلمان بیرۆکەکە سەر نەدەکەوت، دەیانگوت ڕۆژانی پشوو زۆرە و نابێ وڵات داخرێت و چەرخی ئابووری وڵات بەم بۆنانەوە دوا کەوێت. لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا ١٠ ڕۆژ، کاندا ١١، سوید و زۆربەی وڵاتانی ئەورپا لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ ڕۆژیان هەیە، لە وێتنام تەنیا ١٠ ڕۆژ و هەرچی وڵاتانی لاتین ئەمریکایە کە بە تەمبەڵی و زۆرتری پشوو بە ناوبانگن، کولومبیا کە زۆرترینە ١٨ ڕۆژ و مکزیک کەمترینە ٧ ڕۆژیان هەیە، ئاڕژانتین و شیلی ١٥ ڕۆژ و برازیل ١٢ ڕۆژ. ئیتر زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان لە نێوان ٧ بۆ ١٨ ڕۆژ پشووەکانی فەرمیان بە دەستور و بریاری کۆ و پەرلمان دیاری کردووە. لە وڵاتانی دەورووبەری خۆمان تورکیا ١٥ ڕۆژی لە ساڵدا هەیە. ئێران ئەم وڵاتە بوو تا ئەمڕۆ زۆرترین پشووی ساڵی هەبوو، ٢٧ ڕۆژ بە فەرمی پشووی کارمەندان و خەڵک بوو. ئەمڕۆ لە ناکاو تەنیا بە بریاری حکومەتێکی فاشڵ و دوور لە خەڵک، بەبێ حیسێبکردنێک بۆ پەرلمان، ڕۆژی مردنی مستەفا بارزانی کە زۆر زیاتر لە نیوەی خەڵک نە تەنیا لەسەری هاوڕا نین، بەڵکو بە نەیاری خۆیان و بە  سەرکردەیەکی فاشل و شکستخواردووی دەزانن و پێیان وایە زۆرتر لە غەمی کوڕان و بنەماڵەکەی خۆیدا بووە تاکوو ڕەشوڕووتی وڵاتەکەی و شۆڕشێکی پانزەبیست ساڵی بە ئاشبەتاڵکردن دا، کرایە پشووی فەرمی بۆ هەموو هەرێم. ڕۆژانی پشووی هەرێمی کوردستانێکی بێ بەهرە و مەسرەفی و تەنیا پشت بەستوو بە فڕۆشی نەوت، تاقە شتێکی کە دەتوانێ کوردستان بەرێتە کتێبی گێنیسی جیهانی، ژمارەی ڕۆژە پشووەکانێتی کە بوو بە ٣٨ ڕۆژی فەرمی و دەیانی بندیواریش! لە وڵاتێک کە هیچ لەبەرچاوگرتنێک بۆ ئیش و دەوامی کرێکار و کارمەندەکانی نەکرێت و لە دیوەخانان بریار بدرێت کرێكار و ژنان و پیاوانی میری چەند سەعات کار بکەن و چەند ڕۆژی ساڵ بەدەست بەتاڵی لە ماڵدا بمێنەوە و بیر لە گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان نەکرێتەوە، زۆر دیارە ئەم وڵاتە هەر دەبێ خەونی سەربەخۆیی و ئیرادەی نەتەوەیی ببینێت. زۆر زوڵمە کوردستان بەم دەردە بەرین و حاڵی جوتیار و کرێکارمان ئاوا بە زەڵیلی بێ و دەوڵەتمدارانی جێی پێکەنین و هیچ لەباراندا نەبوو، چارەنووسی ئەم میللەتەیان بە دەستەوە بێت! ئیتر مادام تەنانەت لەم پرسەش هیچ حیسێبێکیان بۆ پەرلمان و ڕای خەڵک نەکرد، باش وایە دەرگای ئەم هۆڵە گاڵە درێت و هەرچی هەیە بگەڕێتەوە بۆ دیوەخانەکەی سەری ڕەش و ڕۆژانی پشووی سەرۆکی پەرلمان و پەرلمانتارانیش بکرێتە ٣٦٥ ڕۆژ!  


مەریوان وریا قانع (٢) ڕقبوونەوە لە خود، یاخود ”خودنەفرەتیی“، لە ئەدەبیاتی سیاسیی و لە بواری سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیدا دیاردەیەکە بە توندی بە مێژووی جولەکە و بە پەیوەندیی جولەکەکان لەگەڵ خودی خۆیندا گرێئەدرێت. جولەکەکان وەک ھەڵگریی ئەم پەیوەندییە تایبەتە دەبنێرێن، ئەگەرچی دیاردەی ”ڕقبوونەوە لە خود“ شتێک نییە تایبەتی بە جولەکە بەتەنھا. لە ڕاستیدا بەردەوامیی ئەم دیاردەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە مێژووی جولەکەکاندا و بە تایبەتی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە تا سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەم، لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیادا لە کێشەیەکی دەرونییەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە ڕۆحیەتی تایبەت، بۆ زیھنیەت و عەقڵیەت، بۆ ئەو شتەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت ”مێنتاڵیتی“، Mentality. بێگومان دیاردەی ”ئەنتی سامیتیزم“، واتە ”دژە جولەکە بوون“، دیاردەیەکی دێرینە و ڕەگوڕیشەکانی بۆ ململانێی دینیی نێوان جولەکەکان و مەسیحییەکان دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی مۆدێرندا، بە تایبەتی لە سەدەۆ نۆزدەھەم و ھاتنەکایەی زانستی بایۆلۆژیا و لەدایکبوونی داروینیزمدا، ئەم دژە جولەکەبوونە دەگۆڕێت بۆ ڕاسزیم و نەژادی جولەکە، وەک نەژادێکی سامی، بە نەژادێکی نزم ناودەبرێت. لە سەردەمی نازیەتی ئەڵمانیدا ئەم ڕاسیزمە دەبێتە بنەمای داڕشتنی پلانی لەناوبردنی یەکجارەکیی و سڕینەوەی نەژادی جولەکە لە ئەوروپادا. بەڵام ئەمە ھەموو فۆرمەکانی ئەنتی سامیتیزم، یان دژەجولەکەبوون، نییە. نووسەرە جولەکاکان خۆیان باس لە فۆرمێکی زۆر تایبەتی دیارەی ”دژە جولەکەبوون“ دەکەن کە بریتییە لە: ”دژەجولەکەبوونی جولەکەیە بەرامبەر بە جولەکە خۆی“، Jewish antisemitsim. و ھەندێکجاریش وەک ”دژەجولەبوونێکی داپۆشراو“ وێنایدەکەن، Disguised antisemites. لە کتێبی ”سێکس و کاراکتەر“دا نووسەری جولکە ڤاینینگەر دەنووسێت ”تاڵترین ئەنتی سامیتیزم، ئەو جۆرەیە کە لەناو جولەکەکان خۆیاندا ئەیاندۆزینەوە“. (Gilman 1986, pp. 293–294) ئەم ڕقبوونەوەیەی جولەکە لە جولەکەبوون و ئەم خودنەفرەتییە بە تایبەتی لە ئەڵمانیای سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەم و تا سەردەمی دوای جەنگی جیھانی یەکەم، دەردەکەوێت. بەشێکە لە مێژووی جولەکەکانی ئەڵمانیا، بە تایبەتی لە سەدەی نۆزدەھەم و سەدەی بیستەمدا. بە جۆرێک لە سەردەمی جەگی جیھانی یەکەم و دوای جەنگەدا ئەم نەفرەتکردنەیە لە خود. لەدایکبوونی چەمکی ”جولەکەی خودنەفرەت“، ، “self-hating Jew”،، جولەکەیەک کە ڕقی لە خۆیەتی، بەو سەردەمەوە گرێئەدرێت. لە ئەڵمانیادا ژمارەیەکی بەرچاو لە جولەکە ئەڵمانەکان جولەکەبوونیان وەک ئافەت و بەڵا، یان وەک نەفامیی و گەمژەبوون وێنادەکەن و بەو شێوەیەش مامەڵەیدەکەن. جولەکەبوونیان وەک ھەستکردن بە ئیھانەکردن بینیوە، زۆریان بە ئیھانەیان زانیوە بە جولەکە بناسرێن. جولەکەبوون وەک لەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و وەک پەڵەیەکی دینیی پیس بینوە کە پێویستە لە خۆیانی بکەنەوە و بیسڕنەوە. تەنانەت شاعیرێکی وەک ھێنریش ھاینە، کە دینەکەی خۆی گۆڕیبوو بۆ پرۆتستانی، پێیوابە کە جولەکەبوون جۆرێکە لە لەعنەت. ئەم نەفرەتکردنە لە خود بەشێکە لە ئەدەبیاتی جولەکە و تەنانەت لە تیورە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیش. لە دیدی شارەزایانی ئەم بوارەدا ئەم خودنەفرەتییە لای جولەکەکان ھەم دیاردەیەکی تاکەکەسیی و ھەم دیاردەیەکی دەستەجەمعیی بووە. لە ئاستە دەستەجەمعییەکەیدا لە دژایەتیکردن و ناشیرینکردنی بەشێک لە جولەکە بەرامبەر بە بەشێک لە جولەکەکانی تردا بەرجەستەیە. بۆ نموونە ڕقی بەشێک لە جولەکەکانی ئەڵمانیا لە جولەکەکانی پۆڵەندا و جولەکەکانی تری ئەوروپای خۆرھەڵات. یان جولەکە ئۆرتۆدۆکسەکان بەرامبەر بە جولەکە ڕیفۆرمخوازەکان. تیۆدۆر لێسینگ، Theodor Lessing، یەکێکە لەو نووسەرانەی لە ساڵانی سی سەدەی بیستەمدا ئەم دیاردەی خودنەفرەتییەی تیوریزەکردوە. ئەم نووسەرە خودنەفرەتی جولەکە وەک ئاکارێکی پاسۆلۆژیی و وەک جۆرێک لە عوساب دەبینێت، acute pathology of psychosis..و وەک دەرەنجامی کەمینەبوون و مەنفیبوونی چەندین سەدەی جولەکەکان مامەڵەیدەکات، کە بەسەریەکەوە دۆخێک دروستدەکەن جولەکەکان ھیچ شکۆیەک بەرامبەر بە خۆیان و لەناو مێژووی خۆیاندا نەبینن. ھیچ ھەستێکیشیان بە بوونی نرخێک بۆ خۆیان نەبێت و ڕێزگرتنیان لە خۆیان لە پلەیەکی ھێجگار نزمدا بێت. چەندان سەدەش لە ئەنتی سامیتیزم وادەکات ئەو دۆخی خودنەفرەتییە ببێت بە دیاردەیەکی سایکۆ پاسۆلۆژیی و لە فۆرمی بیمارییەکی نەفسیی دەستەجەمعیدا ئامادەبێت.ھاوکات لێسینگ ئەم خودنەفرەتییە وەک نەخۆشییەکی کولتورییش وێنادەکات و گرێیئەدات بە ”تەماھیکردنێکی پڕ موبالەغەوە لەگەڵ فەرھەنگی باڵادەست و بەناوەکیکردنی پێشداوەرییەکانی ئەو فەرھەنگە باڵادەستەوە“ ((Gilman 1986). باوەڕیشی وایە ئەم دیاردەیە زیاتر لەناو ئەو خوێندەوار و نووسەر و ڕۆشنبیرانەدا ئامادەیە کە خۆیان وەک کەسانی تواوە و ئامێزانبوو بە فەرھەنگە باڵادەستەکانی سەردەمەکانی خۆیان دەزانن. لەم خودنەفرەتیەدا جولەکەکان ھەموو ئەو بەدبەختیی و نەھامەتیانەی لە مێژوودا بەسەریاندا ھاتوە، خستۆتە ملی جولەکە خۆی و جولەکەیان لەو نەھامەتییانە بە بەرپرس زانیوە. پێشیان وایە جولەکەکان پێویستە لەسەر ئەو چارەنووسە تاڵەی ھەینابووە، تەنھا لۆمەی خۆیان بکەن. ھەستکردنی بەردەوام بە ترس و ھەستکردن بە بچوکیی لە بەرامبەر ئەوانیتردا، کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم خودنەفرەتیەن. لەگەڵ دروستبوون و ھاتنەکایەی دەوڵەتی نەتەوەشدا لە ئەوروپا، لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەمەوە، ئیتر مەسەلەی دروستکردنی ”دانیشتوانێکی لێکچوو“، یان ”ئامێزانبوون“ بەمانای ئیندیماجکردن، دەبن بە بابەتی سەرەکیی و وا چاوەڕوان دەکرێت جولەکەکان ببنە بەشێک لەو دانیشتوانە تازەیە کە دروستدەبێت. ئەم دۆخە جولەکەکان، بە تایبەتی لە ئەڵمانیادا، بۆ دوو بەرە دابەشدەکات. یەکەمیان ئەو بەرەیەیە کە لەگەڵ تواندنەوە و ئامێزانبووندابون لەناو ئەو چوارچێوە تازانەدا، دووەھمیان ئەوانە کە دەیانویست شێوە ژیان و ئاین و زمان و کەلەپوری خۆیان بپارێزن. خودنەفرەتیی جولەکە، بەرھەمی ئەو بەشەی جولەکەکانە کە لەگەڵ تواننەوە و ئامێزنبوونی جولەکەدابوون لەناو ئەو کۆمەڵگا تازانەدا، بێگوێدانە کێشەی بڵاوبوونەوەی ڕاسیزم و بەھێزبوونی زاتری ئەنتی سامیتیزم. لە سەرێکی ترەوە ”خودنەفرەتیی“ جولەکە، وەک شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن، دەرەنجامی تێکەڵبوونی ”خودڕەخنەیی“ جولەکەکانیشە بە وێنەی جولەکە وەک نەزان و گەمژە و بەڵا. وێنەیەک لە سەدەی نۆزدەھەمەوە جولەکەکان بەرامبەر بەیەکتری زیاتر و زیاتر ھەیانبووە. واتە بەشێکی ئەم ڕقبوونەوەیە لە خود و ئەم نەفرەتە لەوەی کە تۆ کێیت، لەو ھەڵوێستە ڕەخنەییەوە دێت کە مرۆڤ بەرامبەر بە خودی خۆی ھەیەتی، بەڵام ڕەخنەیەک کە سنووری ڕەخنەکردنی تێپەڕاندوە و گۆڕاوە بۆ ڕقبوونەوە لە خود. لەم ساتەدا ئیتر ڕەخنەگرتن لەوەدەکەوێت ڕەخنەگرتن لە خود بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ڕق و نەفرەتێکی سایکۆلۆژیی و سیاسیی لە خود خۆی. ڕەخنەیەک تێکەڵبووە بە ڕوانینێکی زۆر نزم بۆ خود و بە بەکەم و سوک و نوقسان تەماشاکردنی خۆی. ئەم فۆرمە لە سنووربەزاندنی ڕەخنەگرتن لە خود، ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژیی و سیاسییەیە کە خودنەفرەتیی لەسەر دروستدەبێت.


‎دانا نه‌قی ‎جه‌نگی ساردی نوێ سه‌ره‌تایه‌كی نوێیە بۆ دابه‌شكردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و داهاتووی ناوچه‌كه‌، یٔه‌م شه‌ڕه‌ی یٔێستا ته‌نها شه‌ڕی دوو جه‌مسه‌ر و خاوه‌نهێزەکان نیه‌ به‌ڵكو له‌ نێوخۆی یٔه‌م ململانێیه‌دا شه‌ڕی ساردی نێوان سعودیه‌ و یٔێرانه‌، له‌لایه‌ك شه‌ڕی یه‌كلابوونه‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌به‌ به‌سه‌ر به‌ره‌ی شیعه‌ و سوننه‌دا.  ‎وه‌ك ده‌بینین شه‌ڕ و یٔاڵۆزییه‌كان رۆژ به‌رۆژ  وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ لێواری مه‌رگ و قات و قڕی نزیك ده‌كاته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ناتوانرێت به‌ چه‌ندین ده‌یه‌ی تر بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می پێش به‌هاری عه‌ره‌بی. ‎یٔه‌وه‌ی جێگه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌، هیلالی سوننه‌ و هیلالی شیعه‌یه‌، به‌ سه‌ركردایه‌تی سعودیه‌ و یٔێران.هیلالی شیعی له‌ باشوری عیراقه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ سوریا و یٔێران، لوبنان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌نداوی عه‌ره‌ب. ‎په‌یوه‌ندی نێوان یٔێران و سوریا هۆكاره‌كه‌ی ته‌نها مه‌زهه‌بی شیعه‌ نیه‌، به‌ڵكو یٔه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌ش رۆڵ ده‌بینن تیایدا : ‎- كاتی جه‌نگی عیراق-یٔێران، باوكی به‌شار یٔه‌سه‌د په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا باش نه‌بوو له‌هه‌مان كاتدا یٔه‌سه‌د هاوكاری یٔێرانی ده‌كرد. ‎- هه‌ردوو وڵات (یٔێران-سوریا) به‌ یٔێستاشه‌وه‌ رێگا ناده‌ن به‌ ته‌واوه‌تی بكه‌ونه‌ ژێر ره‌حمه‌تی یٔاسایشی یٔه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی. وه‌ هیلالی سوننی له‌ دوای دروستبوونی داعشه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی جوگرافیای دیاره‌ كه‌ له‌ سعودیه‌وه‌ بۆ توركیا، باشوری رۆژاوای عیراق، یٔه‌رده‌ن، میسر و به‌شێك له‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بی. به‌مه‌ش رۆژ به‌ رۆژ چالاك ده‌بن بۆ رێگاگرتن له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی شیعه‌ له‌لایه‌ك و هه‌روه‌ها له‌ دوژمنی له‌مێژینه‌یان كه‌ یٔیسرایٔیله‌. ‎وه‌كو بینیمان له‌ دوو ساڵی رابردوودا په‌یوه‌ندی رێككه‌وتنی سیاسی و بازرگانی نێوان سعودیه‌ و میسر به‌ ته‌واوی رۆیشته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.  ‎یٔه‌وه‌ی گرنگه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین كورده‌، به‌تایبه‌تی كوردی عیراق كه‌ بۆ ماوه‌ی یست و نۆساڵه‌ نیمچه‌ ده‌وڵه‌ته‌ و خاوه‌نی جوگرافیایه‌كی باشو سه‌رچاوه‌یه‌كی سرووشتی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌كو نه‌وت و غازە یٔه‌وه‌ش بووه‌ته‌ جێگای تێڕامانی رووسیا و یٔه‌مریكا. ‎گرنگه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌ دوای ئەم قەیرانی ئابوری و کرۆنایە بیر له‌ یٔاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و خاك و یه‌كتر قبوڵكردن و باشكردنی بارودۆخی میلله‌ت بكه‌نه‌وه‌ نه‌وه‌ك یٔاڵۆزكردنی دۆخه‌كه‌ كه‌ دۆخێكی یٔارامه‌ له‌ چاو زۆرینه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.


ئارام سەعید سیاسەتی سی سالی رابردوی هەرێم بریتیە لە خولانەوە لەناو بازنەیەکی بۆش دا هەمیشە هەر قەیرانیک دەردەکەویت لە کۆتاییدا دەرئەنجامێک دەردەخەن کە خەتای هاولاتیە، تەماتەی کوردی بە نمونە. جوتیاران خۆپیشاندانیان کرد لەسەر ساخ نەبونەوەی بەروبومەکانیان، وەزیر لەجیاتی چارەسەر و پلانی ئێستاو داهاتوو، لەرووی زانستیەوە باسی کرد و وتی کە ئەوتەماتەیە بۆ دۆشاو ناشێت، دواتر چەندین چاودێر و رۆژنامەنوس کەوتنە خۆ کە مەبەستی ئەوە نەبوە بەڵکو ئەوەیە کە تێچونەکەی زۆرە ،پاشان هەندێکی تر وتیان دەستی کار گرانە، پلانی باش نیە بۆ بەرهەم هێنان، جوتیاران بێ پلان کاریان کردوە، لە کاتێکدا خۆی هەموو ئەمانە بەرپرسیاریتی وەزارەتی کشتوکاڵە چارەسەری کات،بەڵام بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدرێت لۆمەی جوتیاران بکریت کە بەبێ بەرنامە بەرهەمیان هێناوە، ئەم هەنگاوە پێمان دەڵیت کە سیاسیی ئەم وڵاتە دان نانێن بە هەڵەکانیانا و پێ دەچێت دان نان بە هەڵەدا لە سیاسەتی ئەم دەڤەرەدا نەبێت و ئەوەش بەشی زۆری کارەساتەکەیە، کە تا ئیستا یەک وەزیرمان نەبینی لەم قەیرانە قولەدا دەست لەکاربکێشێتەوە لەبەرئەوەی شەرم و حەیا نەماوەو کەس ئامادە نیە داوای لێبوردن بکات لە سیاسەتی هەڵەی خۆی، چ ئەوانەی ئێستا چ ئەوانەی سالانی رابردوو. کە شەرم نەما ئیتر ئەبێت یەکێک بدۆزنەوەو لۆمەی بکەن لەسەر ئەو هەلەیە. دەگەڕێن بۆ یەکێک یان گروپێک کە تاوانەکەی بخەنە پاڵ و لێی دەرچن، لە کوردستاندا ئەوەش ئاسانە یەکێتی دەیخاتە پال پارتی،پارتی یەکیتی تۆمەتبار دەکات، پاشان ئۆپۆزیسیۆن دەیخاتە پاڵ دەسەڵات و دەسەڵات دابەش بون و لەناوخۆیاندا یەکتر تاوانبار دەکەن و لە ژێرەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی بیخەنە ئەستۆی بێ پلانی جوتیاران، لێرەوە بازنەیەک دروست دەکەن کە جوتیاران تیایدا دەخولێنەوەو لەناو ئەو هەموو وەڵامانەدا وون دەبن... ئەگەر دەرئەنجامەکەش بەرێکەوت دەرکەوت کە کۆمپانیای زەبەلاحی وڵاتانی دراوسێ رێگر بووە لەوەی تەماتەی خۆماڵی نەکرێت بە دۆشاو، یان حکومەت نەیتوانیوە هاوردەی ئەو بەروبومانە راگرێت کە لە ناوخۆ هەیە ئەوا نە دەسەڵاتی قەزایی هەیە لێیان بپرسێتەوە نە پارلەمان، لەو حالەتەشدا لێی دەردەچن نەداوای لیبوردن دەکەن نە سزاش دەدرێن. لێرەدا مەسەلەکە تەنها کشتوکاڵ و وەزیرەکەی نیە ئەوە تەنها نمونەیەکە،بەڵکو ئەم قەیرانە هەموو وەزارەتەکان و سەرۆکی حکومەتی ئێستا و حکومەتەکانی پێشوش دەگرێتەوە، سیاسەتی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەبازنەی گەورەتردا دەخولینەوەو هاوڵاتیان گێژ کردوە بەو هەموو خولانەوەیە لەبازنەی بۆشدا. زانایانی دەرونناس و کۆمەڵناس پێیان وایە شەرم و حەیا لەسەر ئاستی تاکە کەس زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ و گۆڕانکاری باش دروست دەکەن، ئەوکاتەی بەرپرسێکی سیاسی شەرم و حەیا دەیگرێت و داوای لێبوردن لەهەڵەیەکی رابردوی دەکات زۆر گرنگ دەبێت. نەمانی شەرم لە سیاسەتدا واتە شەرمکردن لەوەی سیاسیەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردوە، هەرەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، هەرەشەیە بۆسەر سەروەری یاسا، گرنگە سیاسی بزانیت کە شەرمکردن دەرفەتی گەورەی دەداتێ بۆ فێربوون، بۆیە لوتبەرزی و خۆ بەگەورە زانین لەبەردەم هاوڵاتیدا ئاکامی خراپتری دەبێت و متمانە لەدەست دەدەن. سیاسی لەم هەریمە لەجیاتی شەرمکردن لە هەڵەکانی خۆی پەنا دەبات بۆ شەرمەزارکردنی بەرامبەرەکەی کە ئەمەش بەکارهێنانی شەرمە وەک چەکێک بەڵام بۆ بەرامبەر نەک بۆ خۆی.


سەرتیپ وەیسی له ‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی حه‌قیقی و گه‌شه‌كردنی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، وامانزانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌ نوێیه‌ شان به‌شانی ئه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی له‌ به‌رده‌ستماندایه‌ و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ ژیانمان ده‌گۆڕێ، به‌ یه‌كجاری له‌ كۆڵ ده‌سه‌ڵاتی و پارتی و یه‌كێتیی ده‌بینه‌وه، ژیانێكی جوانتر و حكومڕانییه‌كی باشتر ده‌هێنینه‌ كایه‌وه‌. سه‌ركه‌وتنی گۆڕان وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه‌ و خۆپیشدانه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوبات و وڵاتانی دیكه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موومان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، وه‌ك ئامرازێكی گرینگی دروستكردنی رای گشتیی و به‌ سه‌نترالكردنی ده‌نگه‌ ناره‌زاییه‌كان، ئاماژه‌یه‌ك بوو كه‌ هه‌موو كه‌س له‌ شوێنی خۆیه‌وه‌ له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و نا عه‌داله‌تی و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌‌، چیتر كه‌س وا هه‌ست نا‌كات ته‌نهایه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و حه‌ماسه‌ت و خۆشییه‌، دواتر بووه‌ خه‌م و ناخۆشی، چونكه‌ نه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌ كه‌س و لایه‌ن و ناوه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌كانیش، نه‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیش، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌ دروستكردنی كۆ ده‌نگییه‌ك، له‌ پێناو باشتركردنی حكومڕانی و جوانكردنی خه‌باتی سیاسی، به‌ڵكو بووه‌ هۆی دروستبوونی ناكۆكی زیاتر و به‌رته‌وازبوون و بێ هیوای زیاتر. هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئێره‌یان پڕكرد له‌ پاڵه‌وانی خه‌یاڵی و خه‌ڵكی پڕ دڵ له‌ كینه‌ و رق، جه‌مسه‌رگیری و دووركه‌وتنه‌وه‌ی زیاتریان دروستكرد. دوای شكستی ئه‌زموونی گۆڕان، هه‌موو ده‌نگه‌كان به‌ په‌رته‌وازه‌یی و به‌بێ به‌رنامه‌ هاتنه‌ فه‌یسبوك، ئه‌مه‌ش رێگه‌ی خۆشكرد بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری ناڕاست و پڕوپاگه‌نده ‌و ته‌شهیر ناوزردان. ئێستا ئاسانترین شت ئه‌وه‌یه‌ له‌ لایه‌ن هاوڕێكانی دوێنێی ئۆپۆزسیۆن له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌خوین و ناشرین بكرێی. دوای شكستی ئۆپۆزسیۆن، خه‌ڵكه‌ رۆشنبیر و ناوه‌نده‌ دیموكراتی و ئازادیخوازه‌كان هه‌مووی ئیهمال كران، ئێستا گشتمان له‌ فه‌یسبوكین، به‌ڵام به‌ دۆست و نه‌یار كه‌سمان له‌گه‌ڵ یه‌كدا هاوڕانین، گفتووگۆكانمان هه‌مووی سه‌ری كێشاوه‌ بۆ جوێن و ته‌شهیر و توڕه‌بوون. وای لێهاتوووه‌ هه‌مووان بوونه‌ته‌ مڕۆڤی هه‌رزه‌كار و ئالی، ڕۆڵی مرۆڤ جوان و راسته‌قینه‌ و پسپۆڕه‌كان نه‌ماوه‌، قسه‌ له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین به‌س ئه‌و بابه‌ته‌ و پسپۆڕیانه‌ نه‌بێت كه‌ كاری خۆمانه‌. گفتووگۆكانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان به‌جۆڕێك ساده‌ و ساكار بۆته‌وه‌، شوێنێك نه‌ماوه‌ بۆ گفتووگۆی جدی و قوڵ، ئێستا ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ لێره‌ین قسه‌ له‌سه‌ر یه‌كتری بكه‌ین نه‌ك قسه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ین. ڤیگه‌رو كه‌سه‌ دیاره‌كانی میدیای نوێ و توڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوونه‌ته‌ خه‌ڵكی شه‌لاتی و جونێو فرۆش. حكومه‌ت و په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و دادوه‌ر و حزب و هه‌رچی توێژه‌، هاتۆته‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و شوێنی حه‌قیقی كاری خۆیان جێهێشتووه‌. له‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی هه‌رچی بڵاوده‌كرێته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڤێری فای بكرێت، یاخود پشتڕاستبكرێته‌وه‌ شه‌یری ده‌كه‌ین، یاخود بۆچوونی خۆمان له‌سه‌ر ده‌ده‌ین و جاروباریش به‌ لایك و كۆمێنت په‌یام بۆ یه‌كتری ده‌نێرین. له‌و زه‌ڵكاوه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی شوێنێك نه‌ماوه‌ بۆ خه‌ڵكه‌ ژیر و جوانه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگا، هه‌رچی له‌وێیه‌ كاریگه‌ره‌ به‌و دۆخه‌ی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستكراوه؟!!! ئه‌و فه‌وزاو پاشا گه‌ردانیه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه، ‌ ته‌نها به‌ چه‌ند ساڵێكی كه‌م له‌ پاش دروستبوونی گۆڕان هه‌ستیپێكرا، چه‌ند كه‌سێكیش ئاماژه‌یان به‌ خراپی ئه‌و رێگه‌ و سیاسته‌ كردبوو، ته‌نانه‌ت به‌ نوسین و قسه‌ش نه‌وشێروان موسته‌فایان ئاگاداكرده‌وه‌، به‌ڵام دواین قسه‌كانی ناوبراو له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌بو، كه‌ تازه‌ دره‌نگی كردووه ‌و ئه‌و میلله‌ته‌ش ئه‌وه‌ندی زیاتری پێ هه‌ڵناستێت.


جەعفەر عەلی هەمووان دەزانین موریدان و دەروێشان، سەر بەو دونیایەن، کە هایدیگەر بە بوونی ناڕەسەن ناویدەبات، واتە بوونێک لە دەرەوەی بوون و ئامادەبوونی خۆیدا وەک سوبێکتێک، وەک مرۆڤێکی ئازاد و بیرکەرەوە. ئەو بوونەی تەنیا دەتوانێ لە رێی ئەویدییەوە بیربکاتەوە و وەک تاکێک هەم هێزی بیرکردنەوەی دۆڕاندووە، هەم لەوە دەرچووە بیربکاتەوە. کاتێک قسە لە تەریقەت دەکرێ، پێویستە لەو راستییە بە ئاگا بین، کە ئەم دیاردەیە ئەزموونێکی رۆحی قوڵە، ئەوانەی لەو دونیا رۆحانیەدا دەژین وایدەبینن، کە ماوەی دابڕاوی نێوان کەسی سۆفی (المتناهی Eternal) و خودا (اللامتناهی (Immortal کورت دەکاتەوە و بگرە ئەو ماوەیە دەسڕێتەوە. دەروێش لە خۆشەویستییەکی رەها بۆ خودا و ملکەچییەکی رەها بۆ شێخی تەریقەتدا دەژی، تا دەگاتە حاڵەتێک کە ویلیام جەیمس ناویدەنێت: "حاڵەتی لە گۆکەوتن"، واتە حاڵەتێک کە کەسی سۆفی، یان دەروێش دەباتە دۆخی توانەوەی تەواو لە ئەویدی و دۆخی بێئاگایی لەوەی کە سوبێکتێکە و دەتوانێ بیربکاتەوە. ئەمەش رێک ئەو دۆخەیە کە مرۆڤ لە دەرەوەی دونیای فیکری دینی و تەریقەتیشدا لە رێی پۆشینی بەرگی ئایدیۆلۆژیاوە گیرۆدە و گرفتاری دەبێت. لە کۆمەڵگەیەکدا کە هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی نزمدا بێت، مەترسییەکە بە تەنیا لەوەوە نایەت کە دەسەڵاتی نەریتی و رێبەرانی رۆحانی پانتایی بیرکردنەوەمان دابپۆشێت، بەڵکو لەوەشەوە دێت، کە بەشێکی گرنگ لە نوخبەی خوێندەوار و هەڵگرانی بڕوانامە و قەڵەم بە دەستانی ئێمەش دەبنە بەشێک لەو لەشکرەی کە بە دەیان فرسەخ لە بیرکردنەوە دووردەکەونەوە، لێرەدا کاتێک بیرکردنەوە ئامادەیی نابێت، رۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ و دکتۆر و ئەندازیار و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و خوێندکار و... هتد، وەکیەک بەڵام بە شێوە و فۆرمی جیاواز، دەبنە دەروێش، هەر یەکە و شێخی تایبەتی خۆی و تەکیە و خانەقای تایبەت بەخۆی دەبێت. شێخێک رۆحانی و ئەویدی عەلمانی، شێخێک سەلەفی و ئەویدی ئیخوانی. گرنگ ئەوەیە شێخ دەبێتە سیمبول بۆ مانادان بە ژیانی ئەوانیدی، ئەوانیدی لە رێگەی شێخەوە نەبێت ناتوانن شوناس بە خۆیان بدەن، واتە هەمووان وەکیەک بوونێکی نائامادە و ونن، هەمووان وەکیەک خودێکی ئامادەن بۆ وەرگرتن و خەزنکردنی ئەو وشە و رستانەی لە دەرەوەی خۆمانەوە و لە زاری شێخی گەورەوە دێتە دەرەوە. شێخایەتی ئەگەرچی سەر بە دونیای رۆحانی و دینییە، بەڵام عەلمانیانی کورد بە هەموو هێزیانەوە لە تەکیە و خانەقاوە گواستیانەوە بۆ بارەگاکانی حیزب و لە شێخانی تەریقەتیشەوە بۆ سەرۆک و سکرتێر و رێکخەر و ئەمیر و ئەمیندار. کورت و پوخت گرفت بە تەنیا لە بوونی دەروێشی رۆحانیدا نییە، بەڵکو لە گواستنەوەی ئەو فیکر و ئایدیۆلۆژیایەدایە بۆ دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر دەستی خوێندەوار و عەلمانیانی کورد، کاتێک حیزب دەبێتە تەریقەت و سەرۆکی حیزبیش شێخی تەریقەت!



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand