پەیكار عوسمان ئینسان دوو منە، منێکیان پێتئەڵێ (هەموو شتێك بۆ من). منێکیان پێتئەڵێ (پێکەوەژیان لەگەڵ هەموو شتێك). منی یەکەم هێزی مەرگەو ئەگەر ناوەوەت کۆنترۆڵکات، ئیتر تۆ دەرەوەی خۆت کاول ئەکەیت. منی دووەمیان هێزی ژیانەو ئەگەر لەناو تۆدا باڵادەستبێ، ئیتر دەرەوەی خۆت جوان و ئاوەدان ئەکەیتەوە. کێشەی ئێمە ناوەکییەو ئەوەیە کە لەسەر هەموو ئاستەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، منی یەکەم قسە ئەکات. کە منی یەکەمیش حازربوو، ئیتر منی دووەم غایبە. کە منی دووەمیش غایب بوو، ئیتر سیاسییەکان لەسەر کورسی، شەڕ هەڵئەگیرشێنن و بازرگانەکان بۆ دەستخستنی زەوی، دارستان ئەسوتێنن و برایەکیش لەسەر هەمان ئەو نامەیەی کە خۆی بۆ کچێکی ئەنێرێ، خوشکەکەی خۆی ئەکوژێ! لەڕاستیدا ئینسان بۆئەوەی بکوژی ئەوانیتر نەبێت، ئەبێ بکوژی خۆی بێت. تۆ تا دەستت نەچێتە خۆت، ناتوانی دەس لە سەری ئەوانیتر هەڵگریت. بەدیاریکراوی، تا منی یەکەمی خۆت نەکوژیت، ناتوانی مرۆڤبیت و بە منەکەی تر، بکەویتە پەیوەندییەکی مرۆڤانەوە لەگەڵ ئەوانیتردا، دەی بە منی یەکەمیش هەر وەحشیت و هەر لە پەیوەندی جەنگەڵیدایت لەگەڵیان. پەیوەندی مرۆڤانەش پەیوەندی پێکەوەژیانەو پەیوەندی جەنگەڵییانەش پەیوەندی زاڵێتییە. لە مرۆڤبووندا ژیان خۆی ئامانجەو درەختێکیش وەکو تۆ بەشێکە لە ژیان و پێکەوەژیانی لەگەڵ ئەکەیت، بەمەش سەوزایی درەختەکان ئەگاتە ناو ڕۆحی تۆ. بەڵام لە جەنگەڵیبووندا ژیان وەسیلەیەو قازانج ئامانجە، ئیتر تۆش بەپێ ی قازانجی خۆت ئەو ئەسوتێنی و ڕەشایی ناوەوەی تۆ ئەگاتە گیانی درەختەکان! مرۆڤ لە منی یەکەمدا لە گەردوون ئەپچڕێ و لە منی دووەمدا ئەتوانێ خۆی گرێداتەوە. منی ڕاستەقینەی تۆ، هەر خۆت نیت، بەڵکو تۆیت لەناو پێکەوەژیاندا. پێکەوەژیان لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵ و دارو بەردو هەواو ئاو، لەگەڵ شتی سروشتی و دەستکرد، لەگەڵ گیان و بێ گیان، لەگەڵ دیارو نادیار. بەڵێ مەفهومی پێکەوەژیان گشتییەو لەگەڵ هەموو وجودە، نەك تەنیا لەگەڵ مرۆڤدا. ئەگەر دابەشتکردو کورتتکردەوە لە مرۆڤدا، یەعنی مرۆڤەکان هێشتا عەقڵی زاڵێتییان تێنەپەڕاندوەو پێکەوەژیانی خۆیان لەسەر داگیرکردنی سروشت و شتەکانی تر بیناکردوە، دەی هەر لەسەر ئەو داگیرکردنە بەرئەبنەوە یەکترو ئەکەونەوە ناو پەیوەندی زاڵێتی! یەعنی لەڕاستیدا تۆ هەتا لەگەڵ دارو بەردو سەگ و پشیلەو خۆرو مانگ و گەردیلەو مەجەڕە.. نەکەویتە پێکەوەژیان، لەگەڵ مرۆڤیش ناکەویت و هەمووی یەك پاکێجە. یەعنی ڕۆحی تۆ هەر لەناو خۆتدانیە، بەڵکو لەناو شتەکانی تریشدایەو سنەوبەرێك جگە لە ڕۆحی خۆی، ڕۆحی تۆشی تیایەو کاتێ کە ئەیسوتێنی ڕۆحی خۆت ئەسوتێنی و کاتێ کە ئاوی ئەدەی ڕۆحی خۆت ئاو ئەدەیت. لەڕاستیدا ئەوەی کە سنەوبەرێك ئەمانداتێ، تەنیا جوانی و سێبەرو ئۆکسجین نیە، کە ئەمە دیوە مادییەکەیە، بەڵکو پەیوەندی ئێمەو سنەوبەر، لەوە قووڵترەو ئەوەیە کە پارچەیەکی ڕۆحی تۆی لایەو ئەتوانی خۆتی لەگەڵ گرێدەیتەوە! پەیوەندی تۆو جادەیەك، تەنیا پیاسە نیە، کە وەرزشێکی مادی و جەستەییە، بەڵکو ئەگەر لەو ڕێگەیە، دوو دەبەش هەڵگریتەوەو بیخەیتە تەنەکە خۆڵەکەوە، ئیتر پیاسەکە لە پیاسەیەکی فیزیکییەوە ئەبێتە پیاسەیەکی ئەخلاقی و جگە لە جەستە، ڕۆحیش تەندروستیی بۆ دێت! لەڕاستیدا ئەو کاغەزە ڕۆحی تۆیە لەویا کەوتووەو ئەوە تۆی بڕیار ئەدەی هەڵیگریتەوە یان پێ ی پیانێیت. ئەوە تۆی بڕیار ئەدەی لەگەڵ جادەیەکا پەیوەندییەکی ڕۆحیت هەبێ یان تەنیا جەستەیی. کاتێکیش بڕیار ئەدەی پەیوەندییەکەتان ڕۆحیی بێت، ئیتر زبڵ لە شتێکی پیسەوە ئەبێتە ئەو دۆستەی کە ڕۆحی تۆو شەقامێك بەیەك ئەناسێنێ! کاتێ نەمامێك ئەچێنیت، تۆ لە ڕۆحی خۆتدا چاندوتە نەك لە خاکدا، شتەکە ئەبێ ڕۆحی و خۆشەویستی بێت، نەك چاڵینج و چاولێکەری! کاتێ دەبەیەك هەڵئەگریتەوە، تۆ ڕۆحی خۆت پاكئەکەیتەوە نەك جادەیەك، بۆیە بە خۆشەویستییەوە هەڵیگرەوە نەك بە تووڕەیی و بە جنێودانەوە بەوەی کە فڕەیداوە! کاتێ پارەیەکیش ئەبەخشیت، تۆ بارێك لەسەر ڕۆحی خۆت لائەبەیت، نەك لەسەر شانی ئەو. یەعنی لەناخەوە ئەبێ تۆ سوپاسی ئەو بکەیت، نەك ئەوەی ئەو منەتباری خۆت بکەیت، ئەو سوپاسەش تەنیا بە شاردنەوەی شتەکە ئەکرێ! ڕۆحی تۆ خۆشەویستییەو خۆشەویستیش لەناو شتەکانی تردایە، کاتێ شتەکانت خۆشئەوێ، تۆ ڕۆحی خۆتت دۆزیوەتەوەو پارچەکانی ڕۆحی خۆت کۆئەکەیتەوە. دواجار ئەو مافیایەی کە بۆ کەسبی سیاسی نەمام ئەچێنێ و ئەو مافیایەی کە بۆ کەسبی تیجاری نەمام ئەسوتێنێ، هەردوکیان هەمان مەعدەنن، هەردوکیان خودی نەمامەکەیان لا مەبەست نیەو تەنیا بەکاریئەهێنن بۆ ئامانجێکی تر، لەکاتێکا نەمامەکە، خۆی ژیانەو خۆی ئامانجە.
فەرحان جەوهەر ئەو هەرایەی لەم رۆژانەدا لەسەر چاوپێکەوتنەکەی مەلابەختیار و بڵاوکردنەوەی یاداشتەکانی پەیدابووە، دەکرێ بەدیوێکدا وا سەیری بکەین، کە ئەمە مانای رەتکردنەوەی توندوتیژییە لەلایەن کۆمەڵگهی ئێمەوە، هەروەها ئاماژەی ئومێدبەخشن کە کۆمەڵگای ئێمە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، چونکە لە کاتی خۆی کومەڵگهی ئێمە هەموو ئەو کارە ناڕەوا و توندوتیژییانەی لە ناو شۆڕش و شاخدا دەکران، وەک ئەمڕۆ نەک رووبەروویان نەدەبووەوه، بەڵکو بە پیرۆز و رەواشی دەزانین، کەچی ئەمڕۆ ئەوکردە توندوتیژییانەی سەردەمی شۆڕش و شۆڕشگێڕان بوونەتە مایەی قێزلێبوونەوەی نەک هەر ئەو کاراکتەرانەی تووندوتیژیان ئەنجامداوە، بەڵکو خەریکە دەبێتە مایەی قێزلێبوونەوەی سەرجەم مێژووەکەشی. ئەمە مانای گۆڕانێکی مەزنە لە هزرو بیرکردنەوەی کۆی کۆمەڵگای ئێمە کە توندوتیژی رەتدەکاتەوە و چیتر بەڕەوای نازانێ و گەیشتووهتە ئەو بڕوایەی کە توندوتیژی هەر توندوتیژی بەرهەمدێنێتەوە و هیچ چارەسەریشی پێنییە، ئەم بڕوایە خەریکە ئەمڕۆ دەبێتە بڕوایەکی سەرتاسەری جیهانی و لە ئەنجامی گڵۆبالیزهیشنەوە پەیدابووە، دوای نەمانی شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی بلۆکی رۆژهەڵات بەسەرکردایەتی سۆڤیەتی جاران، کە سەرچاوەکەی لە ئایدۆلۆژیای مارکسییەوە هەڵدەقووڵا و زۆربەی جیهانی گرتبووەوه بە تایبەتی رۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست و ئەمهریکای لاتینی، ئەم ئایدۆلۆژیایە وەک چۆن بڕوای ئایینی توندڕەو لە ئێستا و رابردووشدا خوێنێکی زۆری مرۆڤایەتیان رشتووە بەهەمان شێوە ئەو بڕوا ئایدۆلۆژییە مارکسییەش، خوێنێکی زۆری مرۆڤایەتی بەناحەق رشتووە. چۆن لە ناو هەموو ئایینەکاندا هەمیشە گرووپێکی توندڕەو پەیدا دەبن و خۆیان بەخاوەنی دەزانن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی، مارکسییەتیش گرووپێکی توندڕەوەی ناو بزووتنەوەی چەپایەتی جیهانییە و بەناحەق بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر خۆی کردبووە خاوەنی ئەو بزووتنەوەیه و لەکەداری کردبوو، بەهەمان شێوە لە مێژووی ئیسلامیشدا خەواریج و قاعیدە و داعش، لە مێژووی مەسیحیشدا گرووپی توندڕەوی وەک هەیکەلی فورسان و جەیشی رەب و بهرقی شەرقیە کردەی زۆر قیزەونیان ئەنجامداوە و ناوبانگی ئایینەکەیان لەکەدار کردبوو. رۆژئاوا بە هۆی بزووتنەوەی رۆشەنگەرییەوە کۆمەڵگای خۆی لە هەردوو توندوتیژی ئایینی و مارکسی رزگارکردووە و بەرەو قۆناغی ریفۆرم و ناتوندوتیژی هەنگاوی نا، توانی لە زۆربەی بوارەکاندا سەرکەوێ، بەڵام رۆژهەڵات و ناوچەکانی تر نەیانتوانی نەخۆیان رۆشەنگەری بەرپا بکەن و نە سوودیش لە رۆشەنگەری ئەوروپا وەرگرن، بۆیە هەر لە ناو ئەم هەردوو زەلکاوەی توندوتیژیدا مانەوە.
سەرکۆ یونس* یەکێک لەبڕیارە باشەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم فرۆشتنی دۆلارە لەبازاڕی کراوەدا بەشێوەی ئاشکرا، ئەم بڕیارە هەرچەندە دەبووایە زووتر دەربکرایە بەڵام ئێستاش درەنگ نەبووە. بازاڕی کراوە یەكێکە لەئامڕازەکانی دارایی و نەختینەیی بانکی ناوەندی لەزۆرێک وڵاتاندا کاری پێ دەکرێت و حکومەت لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت ئامانجە دارایی و نەختینەییەکانی بەدی بهێنێت بەمەرجێک شەفافیەتی تێدا بێت و خستنەڕووی دراوەکان و چۆنیەتی فرۆشتن و ژمارە و ناوونیشانی هەموو ئەو بانک و کۆمپانیاو دەستانەی کە لەبازاڕەکەدا مامەڵە دەکەن بەیاسایی تۆمارکرا بن و مۆڵەتی فەرمیان هەبێت. بڕیاری فرۆشتنی دۆلاری وەزارەتی دارایی پێویستە دۆلاری نەوتیش بگرێتەوە چونکە لەلایەک بڕەکەی گەورەترە و لەلایەکی ترەوە هەنگاوێکە بۆ شەفاف بوونی ئەم بوارە و پێمان وایە سەرکەوتنێکە بەسەر تۆڕی گەندەڵکاران و قۆرخکاراندا کەچەندین ساڵە لەم بوارەدا قازانجی باشیان کردوە و زەرەریان لە دارایی گشتی داوە کە بەدەیان ملیار دینار دەخەمڵێنرێت. گریمان وەزارەتی دارایی مانگانە بری (300- 350)ملیۆن دۆلار بفرۆشێت ئەوا بەنرخی ڕۆژی دۆلار بەشێوازی ئاشکرا و کێبڕکێ ی لایەنەکان نزیکەی (10)ملیار دینار مانگانە بۆ داهاتی گشتی دەگەڕێتەوە. ئەم بڕیارە لەپێناو نەهێشتنی قۆرخکاری و دەست بەسەردانەگرتن و ڕەخساندنی کێبڕکێ ی کۆمپانیاو بانکەبازرگانییەکان و سەرئەنجام زیادکردنی داهاتی گشتی گرنگە و جێگای ئومێدە لەکاتێکدا دارایی هەرێم بەدەست نەبوونی داهاتەوە دەناڵێنێت و لەئێستادا تەنانەت پارەی بەردەست نی یە بۆ مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران و بەپێ ی ڕاگەیەندراوێک تەنها (100)ملیار دینار بەردەستە لەکاتێکدا کۆی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران بە لێبڕینی (21%)وە نزیکەی (700) ملیار دینارە. یەکێکی تر لە باشیەکانی ئەم شێوازی فرۆشتنە جێگیربوون وسەقامگیربوونی نرخی دۆلارە لەبازارەکاندا و ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر مامەڵەی بازرگانی ڕۆژانە. هەروەها خستنەڕووی دۆلار جێگیر دەبێت و نرخی ئاڵوگۆر جێگیر دەبێت و تاڕادەیەک کاریگەری هەیە لەسەرهەڵاوسانی بازاڕ. گرنگە گۆڕینەوەی دۆلارەکانی حکومەت بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدرێت بۆئەوەی لەمەترسی دیارنەمان بپارێزرێت جێگای وەبیرهێنانەوەیە لەماوەی پێشوودا بڕی (2) ملیار دینار بەنایاسایی مامەڵەی گۆڕینەوەی پێ کرا.... بەو هیوایەیی ئەم پرۆسەیە ئاستەنگ و بەربەستی بۆ دروست نەکرێت و پاشان وەزارەتی دارایی مانگانە ڕاپۆرتی تایبەت بڵاوبکاتەوە تا خەڵک و لایەنەکان ئاگادار بن. ئابوریناس
زەبەنگ بەهادین دەسەڵاتی حوکمڕانی کوردستان ئێستا لای سێ حیزبە، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆران، هەرچی رووبدات لەناوچەکەدا هیچیان لێی بێبەری نین، هەرسێکیان هەمان بەرپرسیارێتی و هەمان ئەرکیان لەسەرشانە، ئەم سێ حیزبە وا نیشاندەدەن کە ناکۆک و نا تەبان، بەڵام لەڕاستیدا بەو شێوەیە نییە، بەڵکو هەرسێکیان تەباو رێکن، بەڵام بۆ بەرژەوەندیەکانی خەڵک نا، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان. هەموو ئەو ناڕەزایی و خۆ نواندنانە تەنها بۆ گەوجاندنی خەڵک و دۆگما کردنی کۆمەڵگایە، بزوتنەوەی گۆران هێندە چۆتە ژێر هەژموونی پارتی، خەریکە رەنگە نیللیەکەی تەواو زەرد دەبێت، یەکێتیش هێندە بەرژەوەندیەکانی تێکەڵە لەگەڵ پارتی هەموو بنکە سیاسیەکەشی داوای جیابونەوەی لێبکات لەحکومەت ئەم ناتوانێت جیابێتەوە، لەسەردەمی تاڵەبانی و بارزانی شتێک بەبەری حوکمرانی مابوو کە بنیات نانێکی تێدا بەدیدەکرا، بەڵام ئێستا بەتەنها بەماشینەوەی داهاتەوە نەوەستاوە، بەڵکو لەهەمولایەکەوە موڵک و زەوی زاروتەنانەت شوێنە دێرین و کەلەپورەکانیش کەوتونەتە بەر راماڵینی بەرژەوەندی حیزبەکان، بزوتنەوەی گۆران لەدەرەوەی ئەم هاوکێشانە نییە پارێزگاری سلێمانی لەگۆرانە . پێدەچێت سیاسەتی نوێی پارتی وابێت تا یەکێتی و گۆران خۆیان بەدەستی خۆیان ناوچەوانی خۆیان رەش دەکەن خۆیان دەچنە بەر نەفرەتی خەڵکی سلێمانی، ئەوکات سلێمانیەکان بەچەپڵە پێشوازی لەپارتی دەکەن تا بێت بەهانایانەوە لەتاو وێرانبوون بەدەست ئەم حیزبانە، ئەمجۆرە سیاسەتە بەدوور نازانرێت بە تایبەت لەدوای هاتنی کازمی کاردانەوەی خەڵک نیشاندەری ئەوەبوو هەندێکجار کورد ناچارە لەنێوان خراپ و خراپتر خراپەکە هەڵبژێرێت، بۆیە گەر یەکێتی ببێتە خراپترەکە ئەوا خەڵک ناچارە خراپەکە هەڵبژێرێت. سلێمانی چاوی لەنوێبونەوەی یەکێتی بوو بەهیوای رێبازێکی نوێ بەهیوای گەشانەوەو سیاسەتێکی جیا لەوەی پێشوو، بەڵام لەدوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لەپاشەکشەو قۆرخکاری زیاتر هیچی دی نەبینرا، بزوتنەوەی گۆرانیش لەسەر هەمان رێچکەی نەوە تازەکان هەنگاو دەنێت ئەویش پارەو دەسەڵات لەپێناوی مانەوە، بەڵام ئەو دەرەقەتی ئەم نههەنگە گەورانە نادات دەبێت بەردەوام لەپاشماوەی ئەوان بخوات . لەئێستادا خەڵک هیچی بەدەستەوە نەماوە تا بەرگری پێبکات لەخاک و نیشتیمانەکەی ئەوەی دوژمان نەیان توانی بیبڕنەوە ئەمانە کەوتونەتە سوتاندنی ئەوەی دوژمنان نەیانتوانی بیروخێنن ئەمان کەوتونەتە داگیرکردنی، هیچ نەبێت لەسروشت گەڕێن با ئەوانیش بەدەردی خەڵکەکەی نەبەن کە هەمویان کرمێ کردو ڕزانیان لەژێر هەژموونی حوکمڕانییەکی پەک کەوتەدا .
سەرتیپ وەیسی چۆنیهتی وهرگرتنهوهی پارهی داهاتی حكومهت له بانكێكی نێچیرڤان بارزانی حكومهتی ههرێمی كوردستان به ناوی پڕۆسهی ریفۆرم و چاكسازی له یهكهم ههنگاودا، پارهی داهاتی ناوخۆ و نهوتی له بانكێكی گهوره و بهناوبانگی نزیك له نێچیرڤان بارزانی بهناوی ئاڕتی بانك ( RT BANK) بۆ بانكی ئههلی عێراقی (National Bank of Iraq) گواستنهوه و سهرجهم ههژماره بانكییهكانی خۆشی لهو بانكهدا داخست. گواستنهوهی تهواوی پارهی داهاتی حكومهتی ههرێم، به زهڕبهیهكی گهورهی مهسرور بارزانی دادهنرێت له بهرامبهر سهرچاوهیهكی گرینگی داهاتی نێچیرڤان بارزانی، ههنگاوهكهی حكومهت ئهوهندی پهیوهندی به تهسفیهی حسابهوه ههیه، نیو ئهوهنده پهیوهندی به چاكسازی و گهڕانهوهی داهاتی زیاتر نییه. دواجار مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان له رێگهی یاریدهدهری ئابوورییهكهی دوای چهند مانگێك له گهڕان و دۆزینهوهی بانكێكی بهدیل تاوهكو تهواوی داهاتهكانی حكومهت له ئاڕتی بانك كه لهلایهن (حمهیلا گهردی) نزیك له نێچیرڤان بارزانی بارزانی بهڕێوهدهبرێت بگوازێتهوه بۆ بانكی ئههلی عێراقی (National Bank of Iraq)، كه بانكێكی عێراقی- ئوردنی- كوردی هاوبهشه سهركهوتوو بوو. گواستنهوهی ئهو پارهیهی داهاتی نهوتی ههرێم و تهواوی داهاتهكان دوای ههوڵێكی زۆری نوسینگهی مهسرور بارزانی و دكتۆره رانیه یاریدهدهری مهسرور بارزانی بۆ كاروباری ئابووری دێت. بهپێی زانیارییهكان ئامانج لهو كارهی حكومهتی ههرێمی كوردستان ریفۆرم نهبوو، بهڵكو وشكردن و بڕینی بهشێك لهسهرچاوهكانی داهاتی گروپی كۆمپانیاكانی سهلاحهددین و نێچیرڤان بارزانی بو، چونكه بهپێی ئهو پڕۆپۆزهڵ و داوایانهی كه له لایهن ئاڕتی بانكهوه پێشكهشكراون به حكومهت، نرخی گۆڕینهوهی یهك دۆلار بهرامبهر ههزار و 210 دینار بۆ سهرهوه بووه ( بهپێی نرخی رۆژانهی بازار ئهو نرخه گۆڕنكاری بهسهردادێت، بهڵام له 210 دینارهوه دهست پێدهكات)، بهڵام بانكی ئههلی عێراقی تهنها ههزار و 205 دیناری پێشكهشكردوه. ئهگهر به پێی نرخی گۆڕینهوهی پارهكه بێت كه له لایهن ههردوولاوه پێشكهشكراوه، دهبوایه بدرێت به ئاڕتی بانك چونكه نرخێكی زیاتری پێشكهش كردبو. ههرلهگهڵ گواستنهوهی پارهی نهوت و داهاته ناوخۆییهكان له ئاڕتی بانك، حكومهتی ههرێم بڕیاریدا به داخستنی ژماره بانكی ( نهوت و داهاتی كارهبا و سهرجهم داهاته ناوخۆییهكان ) لهو بانكه و گواستنهوهی ئهو ژماره بانكیانه بۆ بانكی ئههلی عێراقی (National Bank of Iraq). ئێستا پارهی داهاتی نهوتی ههرێمی كوردستان له بانكی ئههلی عێراقییه، بهڵام یهكێك له كێشهكانی ئهو بانكه ئهوهیه، لهوانهیه نهتوانێت مانگانه پارهی پێویستی دیناری عێراقی بهرامبهر ئهو پارهیهی داهاتی نهوتی ههرێم كه به دۆلار له وڵاتی ئیماراتهوه دههێنرێته ههرێمی كوردستان ( مانگانه له نێوان 250- 350 ملیۆن دۆلاره) دابین بكات، چونكه ئهو بانكه پارهیهكی زۆری نییه و یهكێكه له بانكه لاوازهكان، به پێچهوانهوه ئاڕتی بانك یهكێك بوو له بانكه گهورهكان پارهی زۆرێك له وهبهرهێنهر و بازرگان و كۆمپانیاكان و پارهی كهناڵهكانی راگهیاندنی نزیك له نێچیرڤان به كهناڵی رووداوهوه لهو بانكهدا خهوێنراوه. لهبارهی فرۆشتنی دۆلار بە شێوەی بازاری کراوە وهزارهتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگهیاندوه، لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لەلایەن وەزارەتەوە بەشێوەی فرۆشتنی ئاشکرا دەبێت، بۆ ئهو مەبەستە گروپێکی ئەلیکترۆنی کارا کراوە کە سەرجەم بانکە ئەهلیەکان و کۆمپانیاکان و نوسینگەکان کە مۆڵەتی فەرمیان هەیە بۆ گۆرینەوەی دراو، دەتوانن بەژداربن لەو پرۆسەی کڕینی ئاشکرایەدا بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە دین وهزارهتی دارایی ، بهپێی قسهی دارایی ئهم ههنگاوه لە پێناو نەهێشتنی قۆرخکاری و هەلی وەک یەک بۆ هەموان و زیادکردنی داهاتی گشتی. ئهم ههنگاوهی وهزارهتی دارایی چهند كێشهیهكی ههیه : * گۆڕینهوهی دۆلار بۆ دینار له ئێستادا تهنها بۆ پارهی گومرگ و داهاتی ناوخۆیه، نهك پارهی نهوت، كه ههندێ كهس و لایهن پێیانوایه بۆ داهاتی نهوتیشه و ساڵانه لهو رێگهیهوه پارهیهكی زۆر بۆ چهند بانكێك رۆیشتووه. * زۆربهی ئهوانهی كاری پاره گۆڕینهوهی دهكهن و پێیان دهڵێن صهراف مۆڵهتهكهیان له بانكی مهركهزی عێراقی بهسهر چووه ( ژمارهیان سهدان كهس دهبێت)، بۆیه بۆ ئهوان قوڕس دهبێت ئهو كارهیه بكهن. * وهزارهتی خهزێنهی ئهمهریكا ئهم ههنگاوهی حكومهتی ههرێمی كوردستان به پهسهند نابینێت، چونكه خسته بازاری دۆلار، هۆكارێك دهبێت بۆئهوهی بهشێك لهو پارهیه بچێته وڵاتی ئێران، ئهمهش پێچهوانهی سزاكانی ئهمهریكایه بۆ ئهو سهر وڵاتهو، بۆیه پێشبینیدهكرێت ئهمهریكا ئهم ههنگاوهی ههرێم رابگرێت. *بهههمان شێوهش ئهم جۆره پاره گۆڕینهوهیه كێشه بۆ بانكی مهركهزی عێراقیش دروست دهكات، بۆیه ئهگهری ئهوهی ههیه ئهوانیش دژایهتی بكهن.
پشكۆ نەجمەدین نامەکان بڵاودەکەنەوە! نامەی نەوشیروان مستەفای سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران، بۆ ئێمەی زیندانیی دەستوپێ شەتەکدراوی نێو کونجی زیندانەکانی کۆمەڵەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. نامەیەک کە فەرمانی وەکو خاین ئیعدامکردنمان، لەسەر جیاوازیی بیرو ڕای سیاسی، پاشی ئەشکەنجەو ئازاردانێکی ڕوح و جەستەیی و سوکاێتیپێکردنمان! نامەکانی ئێمەش، کە وەکو پەشیماننامەو پاشگەزبونەوە لە فیکرو ڕێبازی سیاسیمان، لە کەشوهەوایەکی "ئازادو دیموکراسیدا" نوسراون! پێش ئەوەی بڵێم کە ئەم نامەو بەڵگانە چی دەسەلمێنن و چیمان پێ دەڵێن، دەبێ بۆ یادەوەریی کەسێک بگەڕێینەوە، کە ئەوسات، کەسی دوەمی باڵاو دەستەڵاتداری نێو چەقی بڕیاردانی کۆمەڵەو هیچ بڕیارێکیش بێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئەو، نەوشیروان مستەفا نەیداوە و جێبەجێش نەکراو... (له چارەسەری ئەو كێشه سیاسیەدا، کە له رۆژی 1/11/1985دا، گرتمانه بەرو ناچاربوین خۆشەویستی و برایەتی فەرامۆش بكەین و لە ئەنجامدا به رێگەیەکی ناسیاسی و ناهێمنانه هاوڕێكانی خەباتی خۆمان زیندانی بكەین و بوار بدەین سوكایەتیشیان پێ بکرێت.... رێگەمان دا به گرتنەبەری ترس و تۆقاندن و ئەشكەنجدان، تا زانیاری و دانپیانانیان لێوەر بگرین! بەو شێوەیە سوکایەتی بە "مەلا بەختیار" و ئەو هاوڕێیانە کرا... هەرچەند لاپەڕەكانی ئەو سوكایەتی پێكردنه لای كاك ئیبراهیم جەلال مایەوه، بەڵام ئەگەر نەوشیروان مستەفا به زیرەكانه لێی نەسەندایەتەوە، دور نەبو ئێستا له بەڵگەكانی كتێبەكەیدا بڵاوی بکردنایەتەوە. داواشم له كاك نەوشیروان کردوە، ئەگەر نەیسوتاندون لەناویان بەرێت، تا چیتر پەڵەی چڵکنی ناوچەوانمان دەستاودەست نەکات! (فەرەیدون عەبدولقادر، هەڵۆ سورەکانی قەندیل، دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی،2017). فەرەیدون، هاوکارو هاوبەشی ئەنجامدانی تاوانێکی سیاسی و جێبەجێکاری نەخشەیەکی تاوانئامێزی سکرتێری کۆمەڵە، ئاوا ددان بە پلانی ئازارو ئەشکەنجەدانی هاوڕێکانی خەباتی خۆی، سوکایەتیپێکردنیان، لەسەر کێشەیەکی سیاسیی نێو دەرونی کۆمەڵەدا دەنێت و باس لە جەللادبونی خۆی و سکرتێری کۆمەڵە، لە چارەسەری کێشەیەکی سیاسیی نێو یەکێتی و کۆمەڵە دەکات، پۆزش دەهێنێتەوەو داوای لێبوردن دەکات! ئێمە لە تۆیش و لە نەوشیروان و هەمو هاوکارەکانتان بوراوین و پاش ساڵانێکی دورودرێژ، هیچ ڕک و کینەیەک لە ناخی ئێمەدا نەماوە، بەڵام ڕاستینەکانی مێژوی ڕوداوەکان، هەر ڕاستینەن و جەللاد هەر جەللادو قوربانیش هەر قوربانییە! نامەکان و بەڵگەکان، هەم براییم جەلال "بە کۆمەڵێک درۆ و ساخەتەوە"، بڵاوی کردونەتەوەو هەم ئێستاش، ڕاگەیاندنەکانی حیزبی گۆڕان، بۆ چەواشەکردنی مێژو، هەڵڕژتنی ڕک و کینە، داپۆشینی ناکۆکییەکانی نێو خۆیان، بە جنێو و سوکایەتیپێکردنی قوربانییەکانی ژێر پۆستاڵی جەللادەکان، بڵاوی دەکەنەوە! من دەمەوێت بڵێم، کە هێشتا ئەشکەنجەدانی ڕوحی نا، بگرە جەستەیی و حوکمی ئیعدامی دادگای عەسکەری، بەگەڕ نەخرابون، من لە لێکۆڵینەوەدا، لە بەرانبەر براییم جەلالی لێکۆڵەری دەسگای تۆقاندن، دو "کاسێت"م پڕ کردوەتەوەو لە شوێنی دیکەش نوسیومە، کە ئەو دو کاسێتە، بە هەر بەهایەک بێت، ئامادەم بیانکڕمەوە! ئاخر من لەوێدا، بەوپەڕی جەسارەتەوە، داکۆکیم لە فیکر و بۆچون و سیاسەتی خۆم و ئاڵای شۆڕش کردوە! من لەوێدا، تەنیا یەک وشەشم نەدرکاندوە. ئێستا ئیدی دیارە، پاش دەستوچاوبەستن و سوکایەتی و حوکمی ئیعدام و هەڕەشەو گوڕەشەکانی نەوشیروان مستەفا، کە لە زیندان هاتە کنم و گوتی: ئەم سەرسەختییەی تۆ، تەنیا بەرەو مەرگت دەبات! پێت وایە، ئێمە فێڵت لێ دەکەین و دەتترسێنین؟ نا، ئێمە دەیان کادرو سەرکردەی حیزبە نەیارەکانی خۆمانمان کوشتون و تۆیش ئیعدام دەکەین! ئێمە "عەبدوڵڵا سور"مان کوشتوە، کە عەشرەت و حیزبەکەی، زۆر لە عەشرەت و حیزبی تۆ گەورەترن! دو ڕۆژ پاش ئەوەی من ملم بۆ هەڕەشەکانی نەوشیروان دا، کە هێشتا من مەلا بەختیار و شێخعەلیی ڕەوانشادم نەدیتبو، تا ئەو نامانەمان پێ بنوسن، منیان بردە ماڵی فەرەیدون عەبدولقادر، کە چومە ژورەوە، نەوشیروان و بەشێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی لێ بون. نەوشیروان ڕوی تێ کردم و گوتی: هەمو کێشەکان تەواو بون، دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم: (هەر ئازار و ئەشکەنجەیەک دراویت و هەر سوکایەتییەکت پێ کراوە، بە فەرمانی من کراون و من کردومن، بۆیێ تکا دەکەم هیچ کەسێکی تر خەتابار مەکەن!) (لە بەرگی دوەمی ئەزمون و یاددا، دەتوانیت وردینەی ئەو گفتوگۆیە بخوێنیتەوە.) ئەو نامانە، کڵێشەیان، نوسینیان و ناردنیان بۆ ئێمە، تا بەخەتی خۆمان بیاننوسینەوەو واژۆیان بکەین، تەنیا هیی نەوشیروان مستەفان! ئیدی لێکۆڵەران و مێژونوسان، وەک ئەوەی ئێستا سەرقاڵی توێژینەوەی ئەو ڕوداوانەن، کەرەستەیەکی باشیان، بۆ مشتوماڵکردنی ڕەگەزەکانی فاشیزم، لە ئەقڵ و ڕوحی سەرکردەو کاریزماکاندا هەیە! سەرنج: ئەم نوسینە پێوەندیی بە نێوەڕۆک و تێمای "لەبری یادەوەریی مەلابەختیار"ەوە نییە. من، لەسەر ڕۆژگاری ئاڵای شۆڕش، پەلاماردانی یەکێتی، زیندان و ئەشکەنجەو پاکانەپێنوسین لە فەزای ئازار و ئیرهابدا، سی و پێنج ساڵە، جگە لە نوسینەوەی "ئەزمون و یاد"، بێدەنگیم هەڵبژاردبو، پێم وا بو، ئەوە ڕوداوێکی سیاسی بو و دەبێت بە مێژوی بسپێرین! لەم ڕۆژانەداو لەسۆنگەی بڵاوکردنەوەی کتێبی مەلا بەختیاردا، گۆڕان و ڕاگەیاندنەکانی، هێرشێکی ناڕەواو سوکایەتیکردنی بە مێژوی ئێمە دەست پێ کردوە! من کەسێکم ئەدیب و نوسەر، بیست و هەشت ساڵە، هیچ پێوەندییەکم بە حیزبی کوردییەوە نییە، بەڵام لەئاست سوکایەتیکردن بە مێژوی خەبات و تێکۆشانی خۆم، بێدەنگ نابم! من ناچارم بە دەکۆمێنت قسەبکەم و هەرکسیش بەڵگەی پێچەوانەی هەیە، با بڵاوی بکاتەوە. 19ی سێپتەمبەری2020
پەیمان عزەدین خاتون ، من زۆرجار نوسینەکانت ئەخوێنمە و کەبیری خۆمی ئەبەمەوە بەڕێزتان سەرکردەیەکی دیارن لە پارتێکی خاوەن دەسەڵاتدا لە سلێمانی، نوسین و لێدوانەکانت بە ئازایانە ئەبینم . . بەڵام کە چاوئەکەمەوە و ڕاستیەکان بە زەقی بەبەرچاوی من و هەزاران کەسەوەن ، لێت ناشارمەوە دوودڵی و بێ متمانەیی بە ئازایی و ڕاستی و قسەکردن دامئەگرێت. بۆیە پێمخۆشبو لەم نامەیەدا وەک هاوڵاتیەکی ئەم شارە دەردەدڵی خۆمت بۆ بکەم . خاتون هەمومان ئەزانین دەسەڵات لەم هەرێمەدا حیزب بەڕێوەی ئەبات، لە حیزبیشدا بنەماڵە خاوەن بڕیارو بەرژەوەندیە ، ئیتر ئەو بنەماڵەییە ڕاستەوخۆ بێ یا ناڕاستەوخۆ ، لەم جۆرە دەسەڵاتەشدا هیچ ڕۆڵێک نامێنێتەوە بۆ دامودەزگا و ئۆرگانی حکومی و هەڵبژێرراو . ئەوەی لەسلێمانیدا ئەکرێ لە سوتاندنی شاخ و دارستان و دابەشکردنی زەوی و ڕوخاندنی جێگا و شوێنە دیارەکان و دەیان داگیرکاری تر ، لە ئەستۆی حیزبەکە ی بەڕێزتانە ، کارگەی جگەرە کە بەناوی دەزگای کەلتوریەوە داگیرکراوە ، کێ کردویەتی و کێ سودی لێ ئەبینێ، تەختکردنی کەمپی کۆنی زانکۆ و نەخۆشخانەی فێرکاری لەلایەن کۆمپانیای قەیوانەوە کە قسەی لەسەر ئەکرێ، هی کێیە و لەبەرژەوەندی کێ ئەبێ ،ئەگەر تازەترین نمونەی بەرچاوی خۆمت بۆ باس بکەم کە گردێکی چەندین دۆنمیە لەبەکرەجۆ بەناوی دابەشکردنیەوە بۆ دژە تیرۆر بێ ئەوەی شارەوانی ئاگای لێبێ ، هی کێیە و کێ بڕیاری لێداوە. خاتون هەموو ئەمانە و هەزاران کار و حاڵەتی ناقانونی تر حیزبەکەی بەڕێزتان ئەیکات و بەرپرسە لێی ، ناماقول و بڕوا پێنەکراوە وەک خۆتان ئەڵێن بەڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی خەڵکەوە گڕ لەو دارە بەتەمەنانە بەربدرێت و یەکێتی نەتوانێ ڕایگرێ و نەزانێ ئەنجامدەرانی کێن. بۆیە تکایەکی ژنانەت لێئەکەم ،تۆ وەک سەرکردەیەکی ئەو حیزبە و ئەندامی بنەماڵەی حوکمڕان لەو حیزبەدا ئەو هەڵمەتی داگیرکاریە ڕاگرە، خەڵکی سلێمانی لە جێی دارێک دوو دار ئەنێژینەوە .
هێمن عەزیز بابەتی ١ لە دەسەڵاتی ئێستای (پدک و ینک) خراپتر بۆ داهاتوو، ئەو مۆدیلی ئۆپۆزسیۆن بوونەیە لە کوردستان کە هێندە پەرتەوازە، ناتەباو پەرتوبڵاون بەشێوەیەک کە کەمترین فشار و هەیبەتیان لە سەر دەسەڵات نیە. نەیارانی دەسەڵاتی ئێستا، سەدان پارچەو گروپ و کوتلەی چەند کەسی جیاوازو دژ بەیەکن و کە هێندەی خەریکی سووککردن و سڕینەوەی یەکترن، هێندە خەریکی داڕشتنی چوارچێوەو سەرکردایەتیەک نین بۆ کاری هاوبەش و لێکگەیشتنی موتەبادەل لە نێوانیان. لە هەرێمی کوردستان، خەڵکێکی وشیاری زۆر هەیە کە ناڕازیەو قەناعەتی بە حەتمیەتی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی سیاسی بنەڕەتی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، تا ئێستا ناکرێ بووترێ کەوا بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی خاوەن سەرکردایەتی، وابەستەوهەماهەنگ لەگەڵ شەقام و ستراتیژی هاوبەش بوونی هەیە. دەیان کوتلەو گروپی جۆراوجۆری ناڕەزایی هەستی پێدەکرێت، بەڵام نابینرێت کە بەیەکەوە هەڵگری پرۆژەیەکی هابەش بن بۆ قۆناغی ئاییندە، بگرە هەریەکەی لە ئاوازێک دەخوێنێت و ناتوانێت لەگەڵ گروپێکی تەنیشت خۆی دانیشێت. دەسەڵاتی ئێستا (پدک و ینک) بە هەموو خراپەکاری، گەندەڵی و ناکۆکی ڕابردوو ئێستایان، دەتوانن کۆبوونەوەی دوو قۆلی لەگەڵ یەکتر بکەن و هەڵوێست یاخود بڕیاری هاوبەش بۆ مانەوەو بەرژەوەندی خۆیان بدەن، بەڵام نەیارانی ئەم دەسەڵاتە نەک هەر نەیان توانیوە بڕیارو هەڵوێستی سیاسی هاوبەشیان هەبێت، بگرە ناتوانن لەگەڵ یەکتریش ڕینشن و گەنگەشەی کێشەکان بکەن. لەمەش خراپتر، هەندێکیان وەک کوێخا لەخۆیان دەڕوانن و چاوەڕێ دەکەن خەڵک بێت بەدوایان کەون. باشە، ئەگەر ئەو هەموو نەیارانەی ئەم دوو حیزبەی دەسەڵات، لە ئێستادا لەم پێگەی لاوازیان و بەم شێوە یەکتر قبولنەکەن و خەریکی شکاندنەوەی یەکتربن، ئەی ئەگەر بەیانی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بە ئەجەلی سروشتی خۆی و دەردە گەندەڵی مردنی ئیعلان کراو بارودۆخەکە گۆڕا، ئەوە چۆن دەتوانن ڕۆلی بەدیلێکی باشتر لەوەی ئێستا ببینن و ببنە هەوێنی بەیەکەوە ژیان و چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە؟! بابەتی ٢ ڕاستە عێراق فاشلە، بەڵام ئەی خۆتان چین؟! کێشە ئەوە نیە کە عێراق وەک دەولەت و وەزیفەی دەوڵەتداری فاشل بووە. زەحمەتە کەسێکی شارەزاش هەبێت کە ئینکاری ئەم ڕاستیە بکات، بەڵام هەندێک لەوانەی لە ڕوانگە ناسیونالسیتی کوردایەتی تەنها خەریکی دووبارەکردنەوەی ئەم قسەیەن و خۆیان لە بیرچۆتەوە کە ئاخۆ خۆیان چین؟! ئەوە کارەسات و ماڵوێرانیە بۆ ئەم میللەتەی خۆمان!! ئەوانە بۆ پرسیار لە خۆیان ناکەن، کەوا فەشەل هێنانی عێراق ناکاتە سەرکەوتنی ئەوان. ئەگەر عێراق جارێک فاشل بێت، ئەو جۆرە کەسانە چەندین جار فاشلن، چونکە وا دەزانن و وا تێگەیشتوون کەوا شکستی خەڵکانی تر واتە سەرکەوتن و پاڵەوانیەتی بۆ ئەوان، لەکاتێک خۆیان جگە لە شکست و مشەخۆری و موزایەدە کردن بەردێکیان بۆ گەلەکەی خۆیان لەسەر بناغە دانەناوە. فەرموو، واز لە شکست و فاشل بوونی عێراق بێنن و خۆتان جوامێر بن کەوا هاوشێوەی ئەو وڵاتە فاشلە نەبن. بەڵام کە ئێوە جگە لە ئیمتیازاتی تایبەتی خۆتان و بەرزکردنەوەی شیعاراتی سۆزداری شتێکی ترتان لە هەگبە نیە بۆ ئەو میللەتە، ئاخۆ دەبێت فاشل بوون و نەبوونی عێراق چ مانایەک بداتە ئەو خەڵکە؟!
نەوزادی موهەندیس • ئاشكرایە هیچ وڵات و كۆمەڵگایەك بەبێ بوونی ئامار و سەرژمێریەكی وورد و زانستی بۆ سەروەت و سامانی سروشتی و نیشتیمانی تایبەت بەخۆی ناتوانێت نە پلانی زانستی دابڕێژێت و نە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەكردنی وڵات و كۆمەڵگا پێشبینی بكات و كاری بۆبكات و بیشیگەیەنێتە دوا مەنزڵ و مەبەست.بۆیە هەمیشە ئەو وڵات و كۆمەڵگایانەی كە خاك و ئاو و سامانی سروشتی زۆر و زەوەند و توانای مرۆیی زیرەك و دەسەڵات و سەركردەی حەكیمیان هەیە هەمیشە دەكەونە ڕیزی ئەو كۆمەڵگا و وڵاتانەوە كە گەشە و پێشكەوتن و ئاوەدانی ڕوویان تێدەكات و دەچنە ڕیزی وڵاتە پێشكەوتوو و كۆمەڵگا خۆشگوزەرانەكانەوە و دووردەكەونەوە لە هەژاری و دواكەوتوویی و نەخۆشی و بێكاری و هەموو دیاردە نەگبەتیەكانی تر كە دەبنە هۆی دواكەوتن و هەژاری تاك و كۆمەڵگا. • هەربۆیە كۆڵەكە گرنگەكانی پێشكەوتن و گەشەكردنی وڵات و كۆمەڵگاكان بریتین لە بوونی سەروەت و سامانی سروشتی و توانای مرۆیی لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە بریتیە لە بوونی خاوەن ئەقڵ و پلانی زانستی و كەسانی خاوەن سەرمایە و لە پێش هەموانیشەوە بریتیە لە بوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری و حكومەتێكی خەمخۆر و نیشتیمانی. چونكە بەبێ بوونی حكومەت و دەسەڵاتێكی ڕەشید و حەكیم و خەمخۆر ناتوانرێت هیچ هەنگاوێكی نیشتیمانیانە هەڵبنرێت،چونكە ناتوانرێت دەسكەوت و گەشە و پێشكەوتنەكان بپارێزرێن و ڕێگە بگرێت لە لە ناوچوونیان و بەهەدەردانیان . حكومەتێك كە ڕێگەنەدات كە سەروەت و سامانی وڵات بكەوێتە دەست كەسانی گەندەڵ و مشەخۆر و داگیركاران و كۆمپانیا بیانیە خوێنمژەكان كە هەموو خەمیان بەتاڵانبردنی سەروەت وسامانی وڵاتان و وەدەستخستنی قازانجی زۆر و زەوەندولەبن نەهاتووی گەلانی دواكەوتوو و هەژار و داگیراكراوانە. • بۆیە لەم قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانی و دامەزراندنی دەسەڵات و حكومەتە نیشتیمانیەی كوردستاندا لەم بەشەی باشووردا كە خۆشبەختانە تەمەنی نزیك دەبێتەوە لە 30 ساڵ،گرنگە كە حكومەت و دەسەڵات گرنگی بدەنە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵات و كۆمەڵگای كوردی و هەوڵی جێگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی بدەن و هەموو خەمیان بریتی بێت لەوەی كە وڵات و كۆمەڵگا بەرەو كەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی و بەرن و دووری بخەنەوە لە دواكەوتویی و هەژاری و نەخۆشی و ناخۆشی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانە زۆر و زەوەندەكەی,هەموو ئەم كارانەش بە دانانی پلانی زانستی پێشوەختە و بەدەسەڵاتێكی تەواو نیشتیمانی و خەمخۆر دەكرێت كە هانی ئۆرگانەكانی حكومەت بدات دوور بكەونەوە لە گەندەڵی و مشەخۆری و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی وڵات و لەولاشەوە گرنگی زۆر بداتە كەرتی تایبەت و كۆمپانیا و وەبەرهێن و خاوەن سەرمایە و سەرمایەدارەكان كە سەروەت و سامانەكانیان بخەنە خزمەت پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشە و پێشكەوتنی وڵاتەوە و هەموان لەخەمی خزمەتكردن و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان و كۆمەڵگادا بن و دوور بكەونەوە لە مشەخۆری و خۆدەوڵەمەندكردنی ناڕەوا و دەستبردن بۆ قوتی جەماوەر و هەژاران و كاربكەن بۆ وەبەرهێنانی سەروەت و سامانەكانیان لەڕێگەی خزمەتكردنی نیشتیمان و كۆمەڵگاوە. • بەم شێوەیە دەتوانرێت نیشتیمانێكی ئازاد و سەربەخۆ و كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و خۆشگوزەران بنیات بنێین و خەون و ئاواتی لە مێژینەمان وەدیبهێنین.هەربەم شێوەیەش دەتوانین سوود و كەڵكی زۆر لە سەرمایەی نیشتیمانەكەمان لە ئاو و خاك و توانا مرۆییەكان وەربگرین و سەرمایەدارانیشمان ببنە سەرمایەدارێكی نیشتیمانی و خەمخۆر بۆ ئایندە.چونكە هەموو سەرمایەیەك نیشتیمانی نیە و هەموو سەرمایەدارێكیش نیشتیمانی نابێت ,گەر تەنها هەوڵی بەدەستهێنانی قازانج و سوودی تاكە كەسی بێت و بۆ بەرژەوەندی خۆی و كەڵەكەكردنی زیاتری سەرمایەكەی بێت دوور لە خەمی نیشتیمان و نەتەوە و كۆمەڵگاكەمان.بۆیە سەرمایەی نیشتیمانی بریتیە لەو سەرمایەیەی كە دەخرێتە خزمەتی پێشكەوتن و ئاوەدانی نیشتیمانەوە و سەرمایەداری نیشتیمانیش بەهەمان شێوە بریتیە لەو كەسانەی كە سەروەت و سامانەكانیان دەخەنە پێناو وەبەرهێنان و ئاوەدانی و خزمەتی كۆمەڵگا و نیشتیمانەكانیانەوە. • خۆشبەختانە لەم هەرێمەی خۆشماندا گەلێك سەرمایەداری نیشتیمانی هەبوون و لەئێستاشدا هەن و توانیویانە دەیان پڕۆژەی گەورە و گرنگ بنیات بنێن و جێگە دەستیان دیار بێت لە ئاوەدانكردنەوەی وڵات و دەستگیرۆیی هاوڵاتیانی هەژار و نەهێشتن و كەمكردنەوەی بێكاری و هەڵاوسان ،سەرەڕای هەبوونی ڕێگر و نمونەی ناشیرینی مشەخۆری و گەندەڵیش لەهەرێمەكەماندا،بۆیە ئەركی ئەو سەرمایەدارانەیە كە هەمیشە لەخەمی وڵات و كۆمەڵگاكەماندا بن چونكە سەرچاوەی داهات و سەرمایەكانیان هەر ئەم نیشتیمان و كۆمەڵگایەی خۆیانە و چەقی دەسكەوت و سەركەوتنەكانیان هەر لێرەوە دەستیپێكردوە و سەرچاوەیان گرتوە. لەهەموو دونیاشدا كۆمپانیا گەورە ئابوریەكان هەمیشە پابەندی یاسایی و داراییەكان و باج و خەراجەكانیان پێشكەش بە وڵات و كۆمەڵگاكانیان دەكەن و دواتر لە خەمی سەروەت و سامانەكانی خۆیانن ،هەربۆیەش ئەوان لە پێشكەوتنی بەردەوام و ئاوەدانی زیاتری وڵات و كۆمەڵگاكانیاندان،نمونەی جوانی سەرمایەدارانی نیشتیمانی كوردستان زۆرن و لە سلێمانیشدا گەلێك پڕۆژەی نەخۆشخانە و كۆمەڵگا نیشتەجێبونەكان و كارگە بەرهەمێنەكان و ...هتد.یان بنیات ناوە . بەهیوای ئەوەی هەموان نیشتیمان و كۆمەڵگای كوردەواری خۆمان خۆشبوێت و سەرمایە و تواناكانمان بخەینە خزمەت وڵات و نیشتیمانەكەمانەوە وهەموان وڵات و نیشتیمان بكەینە موڵكی خۆمان نەك تەنها بۆ دادۆشینی سەروە ت و سامانەكەی خۆشمان بوێت و گرنگە ئینتیمای نیشتیمانی لای تاك و كۆمەڵگا بە هەژار و دەوڵەمەندەوە زیندوو بكەینەوە و لە دڵ و دەروون و هەست و نەستی هەمواندا بیچەسپێنین،هەربەمەش دەبینە تاك و كۆمەڵگایەكی نیشتیمانی و دووردەكەوینەوە لە خیانەت و وڵاتفرۆشی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانەكانی وڵات.
سالاری بازیان چەرخی فەلەك به كامی دڵی خۆی گڕ ئەخوات، ئەوانەی پێیانوابوو تەكنەلۆژیا جڵەوی چەرخی دونیای گرتووەو ناهێڵێ به كامی دڵی خۆی بڕوات، كۆڤید-19 تاڕادەیەك ئەم پێوانەیەی ڕەت كردەوه؟ ڕۆژانه ئازیزانمان لێرەولەوێ به هێمنی له گەرمای تاقەتپڕوكێنی هاویندا، به ساردوسڕی به خاك ئەسپێردرێن! مەرگ له هەمووكات زیاتر لێمان نزیكتر بۆتەوه، دروست بۆتە ڕەگی بناگوێمان، لەم سەروبەندەدا لەنێو گردە و بەردەی هەڵدانەوەی گۆڕەكانی ڕابردوو، تەوهینكردنی براكان... جێگەی خۆیەتی هەڵوێستەیەك، ڕامانێك، ئاوڕدانەوەیەك، بەلای ڕاست و چەپی خۆماندا بدەینەوه و هیوایەك بۆ ئاوەدانی و خەونێك بۆ هاتنەدی ئاراممان بكاتەوە كە ئەویش کاك (فاروقی مەلا مستەفا)یە. بەتایبەت لە دۆخێكدا كه هەرێمی كوردستان، بۆته مەیدانی پڕۆژه و پڕۆژەکاری بێكردەوە و قەیران بەقەیران سپاردن، زیاتر لەوەش بۆشایی شكستی حوکمڕانانی كوردی ئەگەر بەبێ ئافات دەرباز ببێ، دەبێ پێی بووترێت موعجیزەی سەردەم. لێرەوە وادەخوازرێت بگەڕێینەوه سەر هیوایەك به نیشتمان بۆ دروستكردنی شارێك، له ڕەوشێكی وەهادا بزانین ئەم وەفایه بۆ نیشتمان له كوێوه سەرچاوە دەگرێ ئەویش سێكوچكەی باوەڕەکەیەتی : (وەفا، مەردایەتی، نیشتمانپەروەری) کە سێ توخمی سەرەكی نەگۆڕن له ماجەرای ژیانیدا. كۆڕ و دانیشتنەکانی، بەردەوام بەم باسانه گەرم دەكات و مرۆڤه ئازاكانی خۆشەوێ سەربەهەر نەتەوەو فكر و دینێك بن. به لای وەفادا: بەردەوام پای گیركردوەو ناتوانێ لێی دەرباز بێت، زۆرجار من كە بەشی ئەوەم پێ بڕاوه بچمه دانیشتنەكانیەوە بەتاسەوە دەڵێ بەڕاستی بیری (مام جەلال و كاک نە و شیروان زورلەهاوری ژن وپیاوەمەردەکان) دەکەم. سەرگوزشتەی خۆی لە زەمانی شۆڕش و (مەلا مستەفا) بەشێكی ترە له ڕاستی ژیانی،، و ڕاناوەستێ لەناو هەموو گێژاوەكاندا، هەنگاوەكانی وردتر توندتر گەورەتر هاویشتووە بۆ ئاوەدانی بۆ پڕۆژەی درێژخایەنی ستراتیژیی بێ ترس. لە سەرجەم ئەو كارەساتانەی بەسەر عێراق و كوردستاندا هاتووه، گرنگترینیان شەڕی داعش كه زۆر بوون ماڵیان دەپێچایەوە؟ ئەم نەخشەی بناغەی كارگەی خۆڵوخاشاكی دادەڕشت. كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەی وەردەگرتەوه و نزیك بەیەك ساڵ به بێ ئەوەی بخرێتەگەڕ، هەموو مانگێك نزیك بە یەك ملیار دیناری عێراقی دەدا بە مووچەی، سەرەرای زیانی زۆر و زەوەندی كارخانە و نەخۆشخانە و هۆتێلەكان، رۆژێك ماف و هەقی هیچ كەس و كارمەندێ نە دواخرا نەك راگیرا نە پاشەكەوت كرا، بەڵكو بەپێچەوانەوە. لە قەیرانی (كۆڤید-19)دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی و مودیر ناحیەكان و خەڵكی كوردستان دەزانن چی كرد و چۆن بەردەوام بووە لە هاوكاری و پشتیوانی. تەنها لەبەر هۆكاری ئەوەی ماناوەی سەرمایەکەی بە شارو وڵاتەكەیەوە گرێداوە، دوا مەنزڵی ژیانیشی گرێ داوە بە درووستكردنی شارێك لە دوكان، خۆی وتەنی لە سەردەمی بابانیەكانەوە شار دروست نەكراوە کە ڕستەی هەمیشه وتراوی خۆیەتی. بۆ ئەوە لەم دۆخە لە هەڵەت و بەرزی ونزمی، لەم قوڵایی قەیران و گۆڕانكاری جیهانی وهەرێمی، لە زەمەنی دەردی بێ دەرمانی (كۆڤید-19)دا، بە شاخی عیشقی سارادا هەڵزناوەو نە لەوە دڵنیایە تەمەن ڕێی دەدا، نە گیرفانیشی بۆ هەڵدوریوە و لەگەڵ نوكی بلدۆزەرو شۆفڵدا قازانجی بچنێتەوە/ مایەی قورس و گرانی پڕۆژەكەو دونیاگەلی لە هێزو دەستی كار بە پێی هەموو پێوەرێکی ئابوری، دەچێتە خانەی بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری ماوەدرێژ. بەدیوێكی تریشدا سەروبنی سەرمایەكەی ڕۆشن و دیارە چۆن پەیدا دەکرێت، ئەمە ئەوەیە کە پێی دەڵێن خەونی گەورە. سەیرە ئەوانەی سەرخان و ژێرخانی وڵات تاڵان ئەکەن خەونەكانیان لە باخی كەسی و سەفای ئاپارتمان سیتی و هێنانەخوارەوەی خاك و ئاو و داگیركردنییەتی، وێڕای چەوركردنی سمێڵی ئەم و بەپاڵەوان کردنی ئەو نە ژێرزەمینی هەیە بۆ پارە، نە شیلاوكی زەوی هەڕاج دەکا، نە لێرە بازاڕ و دەرمان و شاری زەوی هەیە بیگەڕێنێتەوە و پارەکانی لە باڵی عەباسی كوڕی فیڕناس بشارێتەوە و لە وڵاتانی بێگانەدا بونیاتنان بكات، نە سنوور نە گومرك نە باج نە خەراج زۆرن لێرە و لەوێ دەبیسترێ كه: فاروقی مەلا مستەفا خۆشی بە دەوڵەمەندی کەسانیتردا نایەت، وەلێ چونكە چوارچێوە و پێوەرو باوەڕی ئەو بۆ ژیان و پارەداری پەیوەستە بە ڕێساویاسای كۆمەڵێك لە بەها و چوارچێوە، هەركەس لەو چوارچێوەیەدا نەبێ، بێگومان دەكەوێتە خانەی نەفرینی ئەم زاتەوە/ زۆرجار نیگەران بووە لەوانەی کە لە پەنای فڵان و فیساردا قارچک ئاسا هەڵتۆقیون، پێشبینی كردووە کە (عاقیبەت بە خێر نابن)، دەرئەنجام هەرواش دەرچووە، خۆیان و حاشییەكانیان گیرۆدە كردووە. زۆرن ئەوانەی لەم شارەدا تەنها بۆخاتری ئه وەی مەردن، هاوكاریان دەكات و نەیهێیشتووه موحتاجی دەستی نامەرد بن (قەڵەمەكان، ڕۆژنامەكان، پارته كورستانییەكان)، بێگومان زۆرم لەلایە لە دەستگیرۆیی و بەهاناوەچوون كه هیچ كات ڕێگە نادات بەبڵاوکردنەوەیان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژە بە پڕۆژە دەستگرۆییەکانی نادەم، لەبەرئەوەی حەز بە باسكردنیان ناكات. ڕۆژێكیان سەردانی ڕۆژنامەیەكم كرد، دوای قاوەیەكی تاڵ وتی تۆ نازانی؟ چەندین ساڵە ئێمە بەهاوكاری كاك فاروق ئەژین، ئەگەرنا زەمانێك بوو بنەوبارەگامان لێك نابوو. جارێكیان پێی گوتم سالار:(من لە خواروی عێراق پارەی ئاسیا كۆدەكەمەوە و دەیدەم بە قەرزەكانی پڕۆژەکانی سلێمانی) لە كوردستاندا پوڵدارمان زۆرن، وەلێ ناچنە خانەی سەرمایەداری و درووست كردنی پڕۆژەی مایەگرانی قازانج كەم، پێویستی بونیاتنان بە دەستی كارو درێژخایەن، سەرجەم پڕۆژەكانی ئەم زاتە دەچێتە خانەی سەرمایەداری نیشتمانی دوورمەودا؟. تایبەت بە کەرکوکیش: هەمیشە دەڵێت كەركوك بە ئابووری كوردی دەبێتەوە بە شاری كوردی لەم تێڕوانینەوە هەوڵی گەورەترین پڕۆژەیان لەو شارەدا لەباربرد و ئاوەوئاو و توونی بابا چوو!. حەمەخانی خراجیان کە یەكێکە لە كەسە سادەوسافەكانی شار، قسەخۆش و كاسب و موڵكدۆستە، سەرەڕای ئەوەش بەتەكسی دەچێتە نووسینگە و بازاڕەکەی. ڕۆژێك وتی سالار دەكرا ئێمەی پوڵدار كۆببینەوە و پەیکەرێك بۆ ئەم پیاوە درووست بکەین، زۆر شتی لێوە فێربووین بۆ نموونە پارەمان خۆشبوێ، بەڵام نەوەك تەنها بۆ گیرفان بەڵكو بۆ خزمەتكردنی نیشتمان و پڕۆژەی جوان. فاروقی مەلا مستەفا دەڵێت: مردن لە پێناوی خەونی گەورەدا، زیندەمانێكی ئەبەدیە، نە ئاسان بە دەستدێ نە بە باڵای كەس بڕاوە... دەکرێ مرۆڤ لە ڕێگەی بەدیهێنانی خەونی گەورەوە بەزیندویی لەبیری خەڵك و نیشتماندا بۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوە، پێش ئەوەی خاك بیگرێتە باوەش. دەكرێ بۆ نا.. باخێك... ماڵێك چەندەها دۆنم بۆ ڕابواردن و سەیرانی خۆت ڕیكخەی، دەكرێ سەدان باخ و جێنشینگه لە ناوەو دەرەوەی وڵات بكەیت بەجێی سەفا، بەڵام (فاروقی مەلا مستەفا) بونیاتنانی شارێك هەڵدەبژێری کە خەونی لە مێژینەیەتی و ویستت وایە تا لە ژیاندا ماوە بە چاوی خۆی بیبینێ! خۆزگە خەونەكانی زۆربەی باخەڵ پڕە مەعیدە خاڵییەکان، چاویان بەپڕۆژەی بونیاتنان تێر ئەکرد، لە كوردستان دەبوونە بەشێك لەوانەی كە دەیانەوێت نیشتمان جوان بكەن. بە داخەوە کەم نین ئەوانەی کە دەیانەوێت بۆ خاتری کۆکردنەوەی زیاتری سەرمایەكانیان: (شار بەش بەش و خارخار ئەکەن).
مام رۆستەم ئەو رۆژانەی بە حەماسەتی پاكی كوردایەتی و ئازادی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، لە كڕێوەی بەفری زستانی چیای قەندیل و لە گڕەی گەرمی گەرمەسێردا چەكمان لە شانماننا، روحمان لەسەر دەستمان و دەستمان لەسەر پەلەپیتكەی تفەنگەكانمان، تفەنگەكانیشمان روو لەو دوژمنەی كە رۆژێك براكەی من و رۆژێك گەنجی گوندەكەی ئیوەی گوللە باران دەكرد، ئێمە بە خەیاڵی پاكی ئازادی و رزگاری كوردستان تێدەكۆشاین، رۆژێك لەناو دوكەڵ و تەپوتۆزی تۆپ و تەیارەی بەعس و رۆژێكیش لەگەڵ هۆكاكی پێشمەرگەی حەمە جەزا و لەقەندیلی سەربەرزەوەی تاهیری خەلیلی و ئاوازی گیتارەكەی شەهید ئازاد هەورامی، رۆژێك شایی سەركەوتن و رۆژێك شینی شەهیدێكی رێگای رزگاری، تەقەی خۆشی بۆ بە سزاگەیاندنی ئەمنەكانی حەمامۆكی كۆیە كە گەنجان و ژنانی هەراسان كردبوو، رۆژێك فرمێسكی لە سێدارەدانی شەهید مەلا عەلیەكان لە ژووی زینداندا. شۆڕش پڕبوو لە خۆشی و ناخۆشی، شەڕی سەنگەر و شەڕی براكوژی، سوتانی گوند و رەزو باخ و ئاوارەیی، گرتنی رەبیەی بەعس و خۆڕاگری، بەڵام ئێمەو هەزارانی وەك ئێمەو دەیان هەزار شەهیدی سەنگەر، لە پێناو هێنانەدی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، ئازادی، كەرامەتی مرۆڤ و كوردستانێك بۆ هەموان، تێدەكۆشاین، بەرهەمی شۆڕش و شەهیدان، نە دزینی سامانی نەوت، نە كۆمپانیا و نە گەندەڵی بوو، لە شۆڕشدا شەرممان لە مامۆستا دەكرد، ئێستا شەقی تێهەڵدەدەن و دەیئاخننە زیندانەوە، ئێمە دژی زەبرو زەنگی بەعس دەجەنگاین، ئێستا زەبرو زەنگی دەسەڵاتی كوردی گەیشتۆتە لوتكە، ئێمە 100 دینارمان دەستكەوتایە وەك یەك دابەشمان دەكرد، ئێستا جیلێك گەیشتونەتە كەشكەلانی ئاسمان و جیلێكیش دەستكورت و هەژار، ئێمە لەسەر سكی جوتیاران و كرێكاران سرودی رەنجدەرانمان دەگوتەوە، ئێستا جوتیاران و كرێكاران چەوساوەترین جیلی كۆمەڵگەن. لەو رۆژە سەختانەدا بە تەنیشت كاك نەوشیروانەوە بە بیری شەهید ئارام و خۆڕاگری شەهاب و جەعفەر و ئەنوەر، بیری ئازادیمان فراونتر دەبوو، بە جوتێك ئەدیداس و گیرفانێكی خاڵی و ئیرادەیەكی پڕەوە، نەوشیروان مستەفا لەگەڵ مام جەلال سەركردەی هەستانەوەی شۆڕشی دوای نسكۆبوون، نەوشیروان مستەفا سەركردەی مەیدانی شۆڕش و دیبلۆماتكاری شاخ، سەركردەی سەركەوتنەكانی شۆڕش، ئەو شۆڕشەی كە گەیشتە ئامانج، بە هەزاران شەهید و بە سەدان كادری دڵسۆزی ناو شۆرش و بە داخەوە بە سەدان هەڵپەرستی ناو شۆڕش، كە تا ئەمڕۆش بەشێكیان لەسەر جوانیەكانی شۆرش دەخۆن، كە خۆیان ناشرینیەكانی ناو شۆڕش بوون، شۆڕش بە هەموو جوانی و ناشرینیەكانیەوە بەشێكە لە مێژوو، مێژویەك لە تۆماری پیاوی مەرد و سەركردەی ئازاو كەڵەپیاوی رۆژە سەختەكان، مێژوویەكیش لە پیاوە ناشرینەكانی ناو شۆڕش. مێژووی ئێمە و نەوشیروان مستەفا لە شاخ پڕیەتی لە سەروەری رۆژانی سەخت و رۆژانێك كە چارەنووسی كورد تروسكاییەكی تیا نەمابوو، ئەو ئەندازیاری راپەڕین و نەخشەی سەركەوتن و روخانی بەعس و زوڵم و زۆرداری دادەڕشت. ئەوانەی مێژوو بە ناشرینی دەنوسنەوەو خۆیان دەكەنە پاڵەوانی سەركەوتن و جوانییەكانی شۆڕش، خۆیان بەشێك بون لە پۆخڵەواتەكانی ناو شۆڕش، ئەوانەی مێژوو بە ئاوەژوو دەنوسنەوەو دەیانەوێت بەرامبەر بە رەشیەكان خۆیان بە سپێتی بنوسنەوە، لە ناو مێژوودا ناتوانن لە رەنگی رەشی ناو شۆڕشەوە خۆیان بگۆڕن بە سپێتی شۆڕش. ئەركی توێژەران و مامۆستایانی زانكۆیە دیراسەو لێكۆڵینەوە لەسەر شۆڕش و خەباتی شاخ بكەن و ئەوانەشمان لەناو شۆڕشدا بووین بە ئەمانەتەوە یادەوەرییەكانمان بخەینە بەردەستیان، نەك لە دۆخی شكستی خۆتەوە، یادەوەریەكانی شۆڕش بخەیتە ژێر پرسیارەوە. ئەو مێژووەی شۆڕشی نوێ، تا ئەمرۆش بە دەیان سەركردەی سیاسی و مەیدانی لە گۆڕەپانەكەدا ماوە، خستنە ژێر پرسیاری ئەو شۆڕشە خستنە ژێر پرسیاری مێژوویەكە كە بە دەیان هەزار خانەوادەی شەهید و سەدان سەركردەی مەیدانی و كەمئەندامی سەنگەر شانازی پێوە دەكەن، ئەوانەی بە رەفتارەكانیان، بە كۆمپانیا و نەوت و گەندەڵی دەم و چاوی شۆڕشیان ناشرین كردووە، دەیانەوێت ناشرینیەكانی خۆیان بەسەر شەهیدەكانیشدا دابەشبكەن، كەموكوڕیەكانی ناو شۆڕش بۆ دیراسەو لێكۆڵینەوەیە، نەك بۆ شەڕی كۆنە قین و پەلاماردانی نابەرامبەر. بۆیە ئەركی ئەو سەركردانەی یەكێتی و گۆڕانە كە لە رۆژە سەختەكانی شۆڕشدا بە تەنیشت كاك نەوشیروانەوە بوون، قسەیان هەبێت، ئەوانەی ئێستا لەناو یەكێتیدان و گومان لەسەر شۆڕش و مێژووەكەیان درووستكراوە، ئەوانەشی ئێستا لەناو گۆڕاندان و لە جێگەكەی كاك نەوشیروان بە بێدەنگی دانیشتوون و دەستیان بە كڵاوەكەی خۆیانەوە گرتووە تا با نەیبات. ئەوانەشی کە لەژێر سێبەری کاک نەوشیرواندا لەناو گۆڕاندا لە هیچەوە و لە پڕا بوونە کوڕێک و ئێستا شەو و رۆژ شاشەی تەلەفزیۆن و روپەڕی راگەیاندنەکانیان گرتوە و بوونە وەزیر و گزیر هەقە نەترسن و شەرم نەکەن قسەیەکیان هەبێت و بێنە گۆ. شۆڕش ئەوە بوو كە ئێستا بۆ مەرامی شەخسی دەنوسرێتەوە، یان خەون و ئاواتی نەتەوەیەك بوو، شەهیدەكان لە پێناو حەزی شەخسی و كەسەكاندا شەهید بوون، یان لە پێناو هێنانەدی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی.. ؟ شۆڕش پیاوە مەردو ئازاكان كردیان و پیاوە هەڵپەرست و ناشرینەكان بەرەكەی دەخۆن و بەرهەمەكەی ناشرین دەكەن لەبەردەمی نەوەی تازەدا...
لوقمان حەوێز/ تێکساس ڕێژەی خۆکوشتن ئێستا لە ئەمەریکا لە بەرزترین ئاستدایە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئەم مانگەی ئێستاش کە ئەیلولە بەفەرمی بە مانگی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دیاردەیە دادەنرێت لێرە... هۆکارە سەرەکیەکان چین..؟ بۆچی ئەو دیاردەیە لە دە پانزە ساڵی ڕابردوو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردوە..؟ پێشەکی ئەمە هەندێک زانیاری کۆکراوەیە کە هی ساڵی 2018 یە: لەو ساڵەدا تەنیا لە ئەمەریکا کە دانیشتوانی 330 ملیۆن کەسە 48344 کەس خۆیان کوشتووە، ئەمەش واتە 14.2 کەس بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوان، ئەم ڕێژەیەش لە ڕێژەی زۆربەی هەرە زۆری ووڵاتان بەرزترە، تێکڕا 1.4 ملیۆن هەوڵدانیش هەبووە بۆ خۆکوشتن، هەروەها خۆکوشتن هۆکاری دەیەمین بووە بۆ مردن لەو ساڵەدا، لەنێو گەنجانی تەمەن 15 بۆ 29 ساڵیش هۆکاری دووەم بووە، هەر بۆ زانیاریش هەموو ئەوانەی بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە گیان لەدەست دەدەن لە ئەمەریکا ساڵانە نزیکەی 40 هەزار کەس دەبێت، ژمارەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن چەند ساڵێکە لە ژمارەی قوربانیانی هاتووچۆ زیاترە، زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن پیاوانن کە لە ناوەندە تەمەنی ژیاندان، بۆ زانیاریتان لە ئەمەریکا ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو پیاوان 3.5 ئەوەندەی ڕێژەکەیە لە نێو ژنان... بۆ هەموو جیهانیش زانیاری زۆر ورد نیە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە پتر لە 800 هەزار کەس لەهەموو جیهان خۆیان دەکوژن، بە گشتیش ڕێژەی خۆکوشتن لە ووڵاتە پێشکەوتووەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆرترە لە ڕێژەکە لە ووڵاتە تازە پێگەیشتووەکان و دواکەوتووەکان... کەواتە هۆکارەکان چین..؟ بۆچی ڕێژەکە لەئەمریکا لە زۆربوونە..؟ بەگشتی دەرکەوتووە کە ڕێژەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە، بەهۆی یەکێک یان زیاتر لەم شەش هۆکارەی خوارەوە بووە: - خەمۆکی توند، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسانە تەنیا بوون و یارمەتی پێویست نەدران یان توانای وەرگرتنی چارەسەری پێویستیان نەبوو... - هەندێک دۆخی دەروونی تر یان نەخۆشی تر کە وا لە کەسەکە دەکەن توشی وڕێنە کردن ببن، وەکو ئەوەی گوێیان لە دەنگێک بێت و فەرمانیان پێبکات ئەو کارە بکەن، هەندێک نەخۆشەکانی شیزۆفرینیا بۆ نمونە لەبەر ئەم هۆکارە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن... - هەڵکشان و داکشانی باری دەروونی لە هەندێک کەس بەهۆی وەرگرتنی ماددەی هۆشبەر یان بڕی زۆر لە خواردنەوە کهولیەکان... - ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و قەیرانی زۆر قورس بەتایبەتی کاتێک کەسەکە تەنیا بێت و هیچ هیوایەک نەبێت و نەمێنێت... - ئەنجامدانی تاوانی زۆر گەورە یان هەڵەی زۆر گەورە وا لە هەندێک لەو کەسانە دەکات سزای خۆیان بدەن بە کوشتن... - ئازاری بەردەوام یان نەخۆشی قورس و درێژخایەن... زۆر بوونی ڕێژەکەش لەم ساڵانەی دوایی لەئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، گرنگترینیان کەمتربوونەوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانە لەبواری نەخۆشیە دەروونیەکان، لێکترازانی زیاتری کۆمەڵایەتی، هەروەها زۆرتربوونی ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کە جگە لەوەی دەبێتە هۆی زۆربوونی مردنی ڕاستەوخۆ بەهۆی ژەهراویبوون بەو ماددانە، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی تێکچوونی زۆرتر لە باری دەروونی ئەو کەسانەی ئەو ماددانە بەکاردەهێنن... شارەزایان دەڵێن سۆشیال میدیاش بەگشتی لە هەموو جیهان ڕۆڵێکی نەرێنی دەبینێت لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەگشتی دەبێتە هۆی زەقبوونەوەی هۆکارەکانی سەرەوە بەهۆی ئەوەی زۆربەی بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕانە بەتایبەتی کەسە چالاکەکان تەنیا دیوە پرشنگدارەکانی ژیانیان بەزەقی نیشاندەدەن بەبێ ئەوەی هەموو دیوە ڕاستەقینەییەکانی ژیانیان و کێشەکانیان دەربخەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر کەس هەست بە ڕازەمەندنەبوون بکەن لە خودی خۆیان، دەشێت ئەو ڕەزامەند نەبوونە لە ڕواڵەتیان بێت یان لە دۆخی ژیانیان، دەرکەوتووە ئەمە هۆکارێکە بۆ دەرکەوتنی خەمۆکی یان توندتربوونی خەمۆکی لەهەندێک کەس، بەداخەوە بەگشتی سۆشیال میدیا بۆتە هۆی زەقتربوونەوەی هەندێک لەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسم کرد...
كارۆخ خۆشناو دوای (٧٢) ساڵ لە هەڕەشە و گوڕەشە و ململانێ و شەڕ، دواجار ووڵاتانی عەرەبی (یەک لەدوای یەک) سەرەیان گرتووە تاکو پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا واژوو بکەن، چونکە بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن بە شەڕ ئیسرائیل لە ناوبەرن، بۆیە ناچار بوون بە ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵبکەن، ئاشتیەک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و لە چوار چێوەی نەخشە ڕێگای (ڕێکەوتنی سەدە) بەرنامەی بۆ داڕێژرابێت. پڕۆژەی ڕێکەوتنی سەدە (صفقە القرن ـــ Deal of the Century) نەخشە ڕێگایەکە بۆ چارەسەرکردن و کۆتایهێنان بە کێشەی (فەڵەستین-ئیسڕائیل). ئیدارەی تڕەمپ لە سەرەتای دەست بەکاربوونیەوە، بەسەرپەرشتی جارید کۆشنێر (زاوا و ڕاوێژکاری تڕمپ) ئامادەکاری کردووە بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ پڕۆژەی (گرێبەستی سەدە) لەو چوارچێوەیەشدا لە (۲٥ و ۲٦ حوزەیرانی ۲۰۱۹) لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن کۆنفرانسێکی ئابوری بەڕێوەچوو بۆ پشتیوانیکردن و زەمینە سازکردنی (ئابووری) بۆ پڕۆژەکە. دوێنێ لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکادا هەنگاوێکی تری چارەنوسساز لە ژێر چەتری (ڕێکەوتنی سەدە) بەڕێوەچوو، بەسەرپەرشتی و چاودێری و بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریکا، هەر سێ ووڵاتی ئیسڕائیل و ئیماڕات و بەحرێن، ڕێکەوتنی ئاشتیان واژوو کرد، ڕێکەوتنەکە وەرچەرخانێکی مێژووێێ گشتگیرە، بوارەکانی سیاسی و ئابوری و زانستی و سەربازی و ئەمنی و کلتوری و ووزە دەگرێتەوە. دۆناڵد تڕەمپ هەوڵدەدات (گرێبەستی سەدە) وەک ڕیکلام بۆ هەڵبژاردنی مانگی (١١) بەکار بهێنێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی شەقامی ئەمریکی و بەرزکردنەوەی لیڤڵی دەنگەکانی، بە مەبەستی هەڵبژاردنەوەی بۆ خولی دووهەم و مانەوە لە کۆشکی سپی بۆ چوار ساڵی داهاتوو. چاوەڕوان دەکرێت بە هۆی ئەم پڕۆژیەوە نەخشەی چەند وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاری بەسەردا بێت لەوانە: ئیسڕائیل، فەڵەستین، ئوردن، میسڕ. پرۆژەكە ئامانجی زۆری هەیە و ئەركی زۆری لەخۆ گرتووە، لەوانە سنورداركردنی هەژموون و هێزی هەر سێ ووڵاتی نەیاری ئەمریکا (چین و ڕوسیا و ئێران) هەروەها ڕێگری لە هیلالی شیعی و دابینكردنی ئاسایش بۆ ناوچەكە و شوێنگرتنەوەی ئەو بۆشاییەی کە ئەمەریكا دروستی دەكات لە کاتی کشاندنەوەی هێزەکانی لە ناوچەکە. تاکو ئێستا هەڵوێستی "ئاشکرا"ی فەڵەستینیەکان و بەشێک لە وڵاتانی عەڕەبی دژی گرێبەستی سەدەن، چونکە پێیان وایە ئەم پڕۆژەیە زیاتر خزمەت بە ئیسرائیل دەکات، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم هەڵوێستەی بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی عەڕەبی تەنها لە ترسی ڕای گشتی عەڕەبی و ئیسلامی بێت، دەنا لە ژێرەوە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕێککەوتوون و ئامادەباشیان کردووە بۆ جێبەجێکردنی نەخشە ڕێگای گرێبەستی سەدە، لەم چوارچێوەیەشدا ملیارەها دولاریان تەرخان کردووە بۆ بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێ بوون بۆ ئاوارە فەڵەستینیەکان لە هەریەک لە وڵاتانی فەڵەستین و میسڕ و ئوردن.
شەفیقی حاجی خدر دەمێکە ئەوە گوتراوە، کە کورد بەدەر لە چیا دۆستی بەردەوامی نییە. ئەوەی ڕاستی بێ، کرۆکی ئەو ڕستە کێفەڕاتبارە لای زۆربەمان ڕوونە، بەڵام هەقە بە دوای ئەوەدا بچین، بۆچی واقیعە تاڵەکە وەک لێکەوتەیەک بەو شێوەیە کەوتۆتەوە. ئەوەی من دەیبینم نەتوانینی سەرکردایەتی کورد بە مێژوویی دوور و نزیک و هەنووکەشیەوە (کە خۆی هەمیشە لە سەختانگی قووڵدا بووە، سەرەنجامی شکستییەکانیش بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن) وایکردووە ئەم وتەیەی سەروو هەمیشە بە ڕاست وەربگەڕی. هەر لەبەر ڕۆشنایی ئەم خاڵە جەوهەریەشدا دەمەوێ سەرەداوێکی پەیوەندی ئێمە و ئیسڕائیل یان پێچەوانەکەی هەڵبوێزنمەوە. چۆن و کەی بۆ ئەو پەیوەندییە پەیدابوو؟ پێویستە لە هەردوو سەری هاوکێشەکە بەرسڤ بدریتەوە. لە سەری لای خۆمانەوە، وەڵامێکی ئاسان خۆی ڕەپێشدەکا، سادەوڕەوان کورد بێ دۆست بووە، لە بێکەسی دەستی بۆ هەر دەستێکی یارمەتی و کۆمەک درێژکردووە، لە بەرانبەریشدا هەمیشە بە ئەمەک و بووە. کەچی ڕاچاندنی سەرەداوی پەیوەندییەکە لای ئەوان، واتە لە سەرەکەی دیکە گرنگە. بە واتایەکی دیکە، کەی ئیسڕائیل ئەمەی بە پێویست زانی و هەوڵی بۆ دا؟ جارێ بەر لە شۆڕبوونەوە بەم باسەدا، هەقە ئاماژە بە هەواڵی ئەو لەیەکنزیکبونەوەی ئیسڕائیل لەگەڵ یەک دوو میرنشینی کەنداو و دواتر ئەگەری بەرفرەوانبوونی ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ هەندێ وڵاتی عەرەب و ئەو وتارەی (ئیبراهیم ئەلزوبەیدی) بە ناوی "کۆتایی وەبەرهێنانی ئیسڕائیل لە کوردستان" بەوەی گوایە سەرەداوەکەی لە وتارێکی (یەهود یەعری)ەوە هەڵێنجاوە، بکەین، بەوەی گوایە ئیدی لەبەر ئەو ڕێککەوتننامەی کە لەمەودوا دەکرێن، ئیسڕائیل لەبەر عەرەب بەری وە کورد نامینی یان پێویستی پێنامێنێ. ئینجا هەردەبێ بڵێین ئەمیشم چوو ئەویشم چوو! لە بەراییدا جارێ زووە تا حوکم لەسەر ئەو گریمانەیە بدرێ، هەروەها ئەو پەیوەندییەش لەبارێکدا نییە کە بوونێکی سەنگینی هەبێ تا هەڵبوەشیتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕوانینە ڕەوایەتی خۆی هەیە، چونکە ناوەڕۆکی هەبوون، یاخود هۆکاری هەبوونی پەیوەندییەکە ئاماژەیەکی ترسناک نیشان دەدا، چۆن؟ سیاسەتی ئیسڕائیل بۆ ڕووکردنە وڵات و نەتەوە غەیرەعەرەبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ڕێسایەکی ناچاریی واقیعبینانەی (داود بنگۆریۆن) دەگەڕێتەوە. کاتێک (بنگۆریۆن) و ڕایەدارانی دیکەی ئیسڕائیل لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەیان لە ئایاری ١٩٤٨ دا، لە وەدا شکستیانهێنا سەرنجی عەرەب بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بەئاشتیانە لەگەڵیان بژین، تەنانەت لەگەڵ پاشای ئوردنیش ئەو سەرکەوتنەیان بەدەست نەهێنا، هەرچەندە لە ساڵانی دواتردا، وایان کرد ئوردن سیاسەتیکی نەرمڕەوانەتر بگرێتەبەر (بڕوانە کتێبەکانی بنگۆریۆن و گۆلدا مایەر) و پاشان دوای لەشکرێشیەیەکەی عەرەب بۆ سەر دەوتەڵە تازە لەدایکبووەکە و شەڕی عەرەب و لێکەوتەکانی، سەرکردایەتی دەوڵەتی ئیسڕائیل هەر نەیتوانی عەرەب لە دروشمی بە باقوبریقی (جوو فڕێدەدەینە نێو زەریا) نەوەک هەر پەژیوان بەڵکو خاوبکەنەوە، بۆیە کاتێ لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەوڵەتە زۆرزەوەندەکانی عەرەب هیوابڕاو دەبن، ئینجا بنگۆریۆن ڕێسای سیاسەتی "ڕێبازی کەمەرەیی (چیوەیی) دێنێتە پێش (بڕوانە کتێبی ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟!). ئەم سیاسەتە ئەوە دەخوازێ ئیسڕائیل، عەرەب بە نەتەوە و کەمە نەتەوەکانی غەیرە عەرەب لە دەوروخولی خۆیان و لەناو خۆیانەوە ئابڵوقە بدا، واتە ڕووبکاتە ئەو دەوڵەتانەی ڕاستەوخۆ سنووریان لەسەر سنووری دەوڵەتە عەرەبییەکانن و خۆشیان عەرەب نین، وەک تورکیا و سووریا لە ڕۆژهەڵات و ئەسیوبیا لە باشوور، هەر بە هەمان ئاراستەش ڕوو لە نەتەوە غەیرە عەرەبەکانی نێو چوارچێوەی جیۆسیاسیی دەوڵەتە عەرەبیەکان بکا، نموونەی زەقیش کورد لە عێڕاق و ڕووداەوەکانی دوای ١٩٦٤ بوون. بە وایاتەکی دیکە ڕەوتی شۆڕشی ئەیلول تا کۆتایە کێفەڕاتباریەکەی نموونەیەکی زەق و زیندووە. ئەم سیاسەتە لە ١٩٥٢ وەوە داڕێژرا و کاری لەسەر کرا. سەدادانەوەی ئەم سیاسەتە و نموونە بەرجەستەکانیشی ئەوەی لێکەوتەوە، سەری زمان و بن زمانی کەسانی ئۆلدار و نائۆلداری عەرەب بە ئسولی و عەلمانییەوە ئەوە بێ، کە ئیسڕائیلێکی دیکە لە باکووری عێراق مایەی قبووڵکردنمان نییە...!!! ئیدی ئەم لێکەوتەیە مارێک بوو لە گەردنی جووڵانەوەکانی کورد، بەوەی بازنەی پەیوەندییەکانی بەرفرەوان بکا، یان هەر هیچ نەبێ بەسەر ئیسرائیل و لە ڕێی لۆبی ئەوانیشەوە بەسەر ئەمریکا و جیهانی خۆرئاوادا بکرێتەوە. ترس و شەرمنیی سەرکردایەتیی کوردیش لە ئاست لێکەوتەی دروشمە بازاڕییەکەی دەسەڵاتدارانی عەرەب و هاوکات لەگەڵ ناتوانایی و پەرتەوازەییان، وای کرد بچنەوە قاوغەکەی جارانیان بەوەی بڵێن: ئای خوایە لەو نەتەوە بەدبەختە، هەر بەتەنیا چیاکانی بۆ کورد بە ڕەوا بینیوە، کە دۆستی بن! دیارە پەیوەندی نەتەوە و دەوڵەتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دروستد ەبێ، بەرژەوەندییش ئەگەر دادۆشینی لێببەینەدەر، بەرژەوەندی هاوشان بە هەردوو تای هاوکێشەکە دەکرێ، ئیدی کاتێ بەررژەوەندییەکە لە ئارادا نامێنی، هەلبەتە پەتی پەیوەندییەکە شل و خاو دەبێ و بەرەو پچڕان ملدەنێ. ئەمە ڕێسایەکەکی پراگماتی واقیعییە، هەق نییە سۆز و مەیل تخونی کەوێ ... بۆیە لێکەوتەکە ئەوەیە، کاتێ سیاسەتی کەمەرەیی بنگۆریۆن لە ناوەراستی شەستەکان تا ڕێککەوتننامە بەدەکەی جەزائیر و هەرەسە شوومەکەی ئازاری ١٩٧٥ بۆ ئەوان سەرکەوتووبوو، دواتریش تا ئەوکاتەی ڕێسای سیاسەتەکە بەهای خۆی لەدەستنەدابوو، دەکرا دەستی پێوەبگیرێ و شتی لەسەر بنیاتبنرێ، بەڵام بە داخەوە ئەم کارتە لەدەستی سەرکردایەتیی دەستڕۆیشتووی کورد بەشێوەی پێویست سوودی لێنەبینرا و بە سووتاو حسێب بوو، کاتێکیش ئەو بنەما چێوەییە ڕەوایەتی هەبوونی خۆی لە دەست دەدا، بێگومان کارتەکە بایەخی خۆی نامێنێ، بەڵکو پێویست دەکا بنەمای دیکە بۆ پەیوەندییەکە بدۆزرێتەوە و دواتر پردی پەیوەندییەکەی لەسەر هەڵببەسترێ، بەرژەوەندیش شێوە و بەهانەی زۆرن، لێ بەمەرجێک ئەگەر لای سەرکردایەتی سیاسییی کورد بە هەمان تەشییەکەی جاران نەڕێسرێتەوە!
پشکۆ نەجمەدین شتێک لە "کاریزما"وە فێر ببن! زۆرینەمان کە لە شاخ بووین، هاتینەوە و یادەوەرییەکانی خۆمانمان نووسینەوە. ئێمە نووسیمان کە ساڵانێک لەو چیایە، کێ بووین و چیمان کرد! من "ئەزموون و یاد"م لە چوار بەرگدا نووسیوە و پێنج جاران چاپ و بڵاو کراوەتەوە و بۆ شەشەم چاپیش ئامادەیە! بەرگی دووەمی یادەوەرییەکانی من، گێڕانەوەی ململانێکانی دەروونی کۆمەڵەی ڕەنجدەران، هەڵویستی دژ بە فەزای نادیموکراتیی کۆمەڵە و ئازارەکانی زیندان، حوکمی ئیعدام و پاکانەپێنووسین و ئەشکەنجە دەروونی و جەستەییەکانە! بەکورتی، هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی کۆمەڵە و یەکێتییە، بێ ئەملاولا و داپۆشین و ناوی کەسێک پەڕاندن، بە زمانێکی باڵای ئەدەبی، زوڵم و ستەمێکم وێنە گرتوون، کە تەنیا لە زیندانەکانی بەعسدا ڕوویان داوە! ئێمە هیچمان نەگوتبوو، هیچ تاوانێکیشمان ئەنجام نەدابوو وەک ئەوەی پاشتر، بەشێک لە سەرکردەکان، هەر لە شاخەوە، لەگەڵ بەعس و بە نهێنی گرێیان دابوو! ئێمە تەنیا خوازیاری ئەوە بووین کە لەگەڵ سیاسەتی دژەدیموکراسی نابین و فەزایەکی ئاواڵەی دوور لە ئیرهابی فیکری و سیاسیمان گەرەکە! ئێمە دەمانەوێت لەگەل فیکر و سیاسەتی خۆمان بین. ئێمە دەمانگوت: "برامان برایی و فیکرمان جیایی!" من وردینەی فیکر و هەڵسوکەوت و مامەڵەکانی کاک نەوشیروان مستەفای ڕەحمەتیم، لەو بەرگەی ئەزموون و یاددا، باس کردوون، ئاخر ئەو، لە زەمانی شاخدا، نە فریشتە بوو نە غاندی! ئەو ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەکی چەکداریی دەکرد کە لە خۆێن هەڵکێشرا بوو! بەڵێ ئەویش، ئەوسات، دەستەکانی خوێناویان لێ دەچۆڕان. من یەکەم نوسخەی بەرگی دووەمم، بۆ نەوشیروانی ڕەحمەتی نارد و ئەو پاش خوێندەوەی، هیچی نەگوتبوو! ئەو تەنیا گوتبووی:"هەرچییەکی نووسیوە هەقی خۆیەتی، چوونکە زۆرمان ئازار داوە!" کتێبی ئەزموون و یاد، دەیان هەزار کەس لە کوردستاندا خوێندوویەتییەوە و دەیخوێننەوە، ئەگەر نادروستییەکی لەمەڕ گێڕانەوەی ئەو زوڵمەی لە ئێمەی کرد، تێدابایە، ئەوە ڕەحمەتی، پێش هەر کەسێک، رەتی دەکردەوە و بە جۆرێکی تر، دەینووسی! ئێمە لە یادەوریی خۆماندا، ئازارە ڕووحی و جەستەییەکانی خۆمان دەنووسینەوە، تا لە ئاییندەدا، دادگای مێژوو، حوکمی خۆی بدات. مەگەر ئێمە و هەر کەسێکی تر، ئەو مافەی پێ نابڕێت؟ مەگەر پێتان وا نییە، کە مێژووی هەر کەس و سەرکردەیەک، بە نەوشیروان مستەفاشەوە، جێگای تۆژینەوە و شەنوکەوکردن بێت و هیچ کەسێکیش خەرمانەی پیرۆزیی نەیتەنیوە و خوێندنەوەی مێژووەکەی تابوو نییە؟ تکایە مەیکەن بە هەڵا و هەوڵی زەوتکردنی ئازادیی قەڵەم و پەیڤین مەدەن! فەزای نیمچە ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین، پڕ لە ترس و تۆقین مەکەن! ئێوە، هەر نەبێ، لە "کاریزما"وە، شتێک لە سیاسەت فێر ببن! نووسینەوەی یادەوەری، بۆ شکاندن و نابووتکردنی هیچ کەس و سەرکردەیەک نییە، بگرە نیشاندانی وێنە خوێناوییەکانی بزووتنەوەیەکە، کە ئێستا بەم دۆخە قیزەونە گەیشتووە و دەشێ نەوەکانی ئێستا و ئاییندە، دەرس و پەندی لێ هەڵێنجێنن و ڕێگایەکی تر، دوور لەو ڕێگایەی ئێمە گرتبوومان، بۆ خەباتی مەددەنی و شارستانی، پەیدا بکەن.
