بۆچی خۆیان دەکوژن..؟
2020-09-18 07:37:16
لوقمان حەوێز/ تێکساس
ڕێژەی خۆکوشتن ئێستا لە ئەمەریکا لە بەرزترین ئاستدایە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، ئەم مانگەی ئێستاش کە ئەیلولە بەفەرمی بە مانگی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دیاردەیە دادەنرێت لێرە...
هۆکارە سەرەکیەکان چین..؟ بۆچی ئەو دیاردەیە لە دە پانزە ساڵی ڕابردوو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردوە..؟
پێشەکی ئەمە هەندێک زانیاری کۆکراوەیە کە هی ساڵی 2018 یە:
لەو ساڵەدا تەنیا لە ئەمەریکا کە دانیشتوانی 330 ملیۆن کەسە 48344 کەس خۆیان کوشتووە، ئەمەش واتە 14.2 کەس بۆ سەد هەزار کەس لە دانیشتوان، ئەم ڕێژەیەش لە ڕێژەی زۆربەی هەرە زۆری ووڵاتان بەرزترە، تێکڕا 1.4 ملیۆن هەوڵدانیش هەبووە بۆ خۆکوشتن، هەروەها خۆکوشتن هۆکاری دەیەمین بووە بۆ مردن لەو ساڵەدا، لەنێو گەنجانی تەمەن 15 بۆ 29 ساڵیش هۆکاری دووەم بووە، هەر بۆ زانیاریش هەموو ئەوانەی بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە گیان لەدەست دەدەن لە ئەمەریکا ساڵانە نزیکەی 40 هەزار کەس دەبێت، ژمارەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن چەند ساڵێکە لە ژمارەی قوربانیانی هاتووچۆ زیاترە، زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن پیاوانن کە لە ناوەندە تەمەنی ژیاندان، بۆ زانیاریتان لە ئەمەریکا ڕێژەی خۆکوشتن لە نێو پیاوان 3.5 ئەوەندەی ڕێژەکەیە لە نێو ژنان...
بۆ هەموو جیهانیش زانیاری زۆر ورد نیە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە پتر لە 800 هەزار کەس لەهەموو جیهان خۆیان دەکوژن، بە گشتیش ڕێژەی خۆکوشتن لە ووڵاتە پێشکەوتووەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زۆرترە لە ڕێژەکە لە ووڵاتە تازە پێگەیشتووەکان و دواکەوتووەکان...
کەواتە هۆکارەکان چین..؟ بۆچی ڕێژەکە لەئەمریکا لە زۆربوونە..؟
بەگشتی دەرکەوتووە کە ڕێژەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە، بەهۆی یەکێک یان زیاتر لەم شەش هۆکارەی خوارەوە بووە:
- خەمۆکی توند، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسانە تەنیا بوون و یارمەتی پێویست نەدران یان توانای وەرگرتنی چارەسەری پێویستیان نەبوو...
- هەندێک دۆخی دەروونی تر یان نەخۆشی تر کە وا لە کەسەکە دەکەن توشی وڕێنە کردن ببن، وەکو ئەوەی گوێیان لە دەنگێک بێت و فەرمانیان پێبکات ئەو کارە بکەن، هەندێک نەخۆشەکانی شیزۆفرینیا بۆ نمونە لەبەر ئەم هۆکارە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن...
- هەڵکشان و داکشانی باری دەروونی لە هەندێک کەس بەهۆی وەرگرتنی ماددەی هۆشبەر یان بڕی زۆر لە خواردنەوە کهولیەکان...
- ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و قەیرانی زۆر قورس بەتایبەتی کاتێک کەسەکە تەنیا بێت و هیچ هیوایەک نەبێت و نەمێنێت...
- ئەنجامدانی تاوانی زۆر گەورە یان هەڵەی زۆر گەورە وا لە هەندێک لەو کەسانە دەکات سزای خۆیان بدەن بە کوشتن...
- ئازاری بەردەوام یان نەخۆشی قورس و درێژخایەن...
زۆر بوونی ڕێژەکەش لەم ساڵانەی دوایی لەئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، گرنگترینیان کەمتربوونەوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانە لەبواری نەخۆشیە دەروونیەکان، لێکترازانی زیاتری کۆمەڵایەتی، هەروەها زۆرتربوونی ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کە جگە لەوەی دەبێتە هۆی زۆربوونی مردنی ڕاستەوخۆ بەهۆی ژەهراویبوون بەو ماددانە، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هۆی تێکچوونی زۆرتر لە باری دەروونی ئەو کەسانەی ئەو ماددانە بەکاردەهێنن...
شارەزایان دەڵێن سۆشیال میدیاش بەگشتی لە هەموو جیهان ڕۆڵێکی نەرێنی دەبینێت لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەگشتی دەبێتە هۆی زەقبوونەوەی هۆکارەکانی سەرەوە بەهۆی ئەوەی زۆربەی بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕانە بەتایبەتی کەسە چالاکەکان تەنیا دیوە پرشنگدارەکانی ژیانیان بەزەقی نیشاندەدەن بەبێ ئەوەی هەموو دیوە ڕاستەقینەییەکانی ژیانیان و کێشەکانیان دەربخەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی زۆر کەس هەست بە ڕازەمەندنەبوون بکەن لە خودی خۆیان، دەشێت ئەو ڕەزامەند نەبوونە لە ڕواڵەتیان بێت یان لە دۆخی ژیانیان، دەرکەوتووە ئەمە هۆکارێکە بۆ دەرکەوتنی خەمۆکی یان توندتربوونی خەمۆکی لەهەندێک کەس، بەداخەوە بەگشتی سۆشیال میدیا بۆتە هۆی زەقتربوونەوەی هەندێک لەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسم کرد...