ئەوەی دوژمنان نەیانبڕیەوە ئەمان دەیسوتێنن
2020-09-20 13:43:01
زەبەنگ بەهادین
دەسەڵاتی حوکمڕانی کوردستان ئێستا لای سێ حیزبە، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆران، هەرچی رووبدات لەناوچەکەدا هیچیان لێی بێبەری نین، هەرسێکیان هەمان بەرپرسیارێتی و هەمان ئەرکیان لەسەرشانە، ئەم سێ حیزبە وا نیشاندەدەن کە ناکۆک و نا تەبان، بەڵام لەڕاستیدا بەو شێوەیە نییە، بەڵکو هەرسێکیان تەباو رێکن، بەڵام بۆ بەرژەوەندیەکانی خەڵک نا، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان.
هەموو ئەو ناڕەزایی و خۆ نواندنانە تەنها بۆ گەوجاندنی خەڵک و دۆگما کردنی کۆمەڵگایە، بزوتنەوەی گۆران هێندە چۆتە ژێر هەژموونی پارتی، خەریکە رەنگە نیللیەکەی تەواو زەرد دەبێت، یەکێتیش هێندە بەرژەوەندیەکانی تێکەڵە لەگەڵ پارتی هەموو بنکە سیاسیەکەشی داوای جیابونەوەی لێبکات لەحکومەت ئەم ناتوانێت جیابێتەوە، لەسەردەمی تاڵەبانی و بارزانی شتێک بەبەری حوکمرانی مابوو کە بنیات نانێکی تێدا بەدیدەکرا، بەڵام ئێستا بەتەنها بەماشینەوەی داهاتەوە نەوەستاوە، بەڵکو لەهەمولایەکەوە موڵک و زەوی زاروتەنانەت شوێنە دێرین و کەلەپورەکانیش کەوتونەتە بەر راماڵینی بەرژەوەندی حیزبەکان، بزوتنەوەی گۆران لەدەرەوەی ئەم هاوکێشانە نییە پارێزگاری سلێمانی لەگۆرانە .
پێدەچێت سیاسەتی نوێی پارتی وابێت تا یەکێتی و گۆران خۆیان بەدەستی خۆیان ناوچەوانی خۆیان رەش دەکەن خۆیان دەچنە بەر نەفرەتی خەڵکی سلێمانی، ئەوکات سلێمانیەکان بەچەپڵە پێشوازی لەپارتی دەکەن تا بێت بەهانایانەوە لەتاو وێرانبوون بەدەست ئەم حیزبانە، ئەمجۆرە سیاسەتە بەدوور نازانرێت بە تایبەت لەدوای هاتنی کازمی کاردانەوەی خەڵک نیشاندەری ئەوەبوو هەندێکجار کورد ناچارە لەنێوان خراپ و خراپتر خراپەکە هەڵبژێرێت، بۆیە گەر یەکێتی ببێتە خراپترەکە ئەوا خەڵک ناچارە خراپەکە هەڵبژێرێت.
سلێمانی چاوی لەنوێبونەوەی یەکێتی بوو بەهیوای رێبازێکی نوێ بەهیوای گەشانەوەو سیاسەتێکی جیا لەوەی پێشوو، بەڵام لەدوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر لەپاشەکشەو قۆرخکاری زیاتر هیچی دی نەبینرا، بزوتنەوەی گۆرانیش لەسەر هەمان رێچکەی نەوە تازەکان هەنگاو دەنێت ئەویش پارەو دەسەڵات لەپێناوی مانەوە، بەڵام ئەو دەرەقەتی ئەم نههەنگە گەورانە نادات دەبێت بەردەوام لەپاشماوەی ئەوان بخوات .
لەئێستادا خەڵک هیچی بەدەستەوە نەماوە تا بەرگری پێبکات لەخاک و نیشتیمانەکەی ئەوەی دوژمان نەیان توانی بیبڕنەوە ئەمانە کەوتونەتە سوتاندنی ئەوەی دوژمنان نەیانتوانی بیروخێنن ئەمان کەوتونەتە داگیرکردنی، هیچ نەبێت لەسروشت گەڕێن با ئەوانیش بەدەردی خەڵکەکەی نەبەن کە هەمویان کرمێ کردو ڕزانیان لەژێر هەژموونی حوکمڕانییەکی پەک کەوتەدا .