Draw Media

شارە مۆدیرنەکەی دوکان وخەونە ئالتونیەکەی فاروقی مەلامستەفا

شارە مۆدیرنەکەی دوکان وخەونە ئالتونیەکەی فاروقی مەلامستەفا

2020-09-18 19:46:23


سالاری بازیان 
چەرخی فەلەك به كامی دڵی خۆی گڕ ئەخوات، ئەوانەی پێیانوابوو تەكنەلۆژیا جڵەوی چەرخی دونیای گرتووەو ناهێڵێ 
به كامی دڵی خۆی بڕوات، كۆڤید-19 تاڕادەیەك ئەم پێوانەیەی ڕەت كردەوه؟ 
ڕۆژانه ئازیزانمان لێرەولەوێ به هێمنی له گەرمای تاقەتپڕوكێنی هاویندا، به ساردوسڕی به خاك ئەسپێردرێن!
مەرگ له هەمووكات زیاتر لێمان نزیكتر بۆتەوه، دروست بۆتە ڕەگی بناگوێمان، لەم سەروبەندەدا لەنێو گردە و بەردەی هەڵدانەوەی گۆڕەكانی ڕابردوو، تەوهینكردنی براكان... جێگەی خۆیەتی هەڵوێستەیەك، ڕامانێك، ئاوڕدانەوەیەك، بەلای ڕاست و چەپی خۆماندا بدەینەوه و هیوایەك بۆ ئاوەدانی و خەونێك بۆ هاتنەدی ئاراممان بكاتەوە كە ئەویش کاك (فاروقی مەلا مستەفا)یە.
 بەتایبەت لە دۆخێكدا كه هەرێمی كوردستان، بۆته مەیدانی پڕۆژه و پڕۆژەکاری بێكردەوە و قەیران بەقەیران سپاردن، زیاتر لەوەش بۆشایی شكستی حوکمڕانانی كوردی ئەگەر بەبێ ئافات دەرباز ببێ، دەبێ پێی بووترێت موعجیزەی سەردەم. 
لێرەوە وادەخوازرێت بگەڕێینەوه سەر هیوایەك به نیشتمان بۆ دروستكردنی شارێك، له ڕەوشێكی وەهادا بزانین ئەم وەفایه بۆ نیشتمان له كوێوه سەرچاوە دەگرێ ئەویش سێكوچكەی باوەڕەکەیەتی :
(وەفا، مەردایەتی، نیشتمانپەروەری) کە سێ  توخمی سەرەكی نەگۆڕن له ماجەرای ژیانیدا. كۆڕ و دانیشتنەکانی، بەردەوام بەم باسانه گەرم دەكات و مرۆڤه ئازاكانی خۆشەوێ سەربەهەر نەتەوەو فكر و دینێك بن.
به لای وەفادا: بەردەوام پای گیركردوەو ناتوانێ لێی دەرباز بێت، زۆرجار من كە بەشی ئەوەم پێ بڕاوه بچمه دانیشتنەكانیەوە بەتاسەوە  دەڵێ بەڕاستی بیری (مام جەلال و كاک نە و شیروان زورلەهاوری ژن وپیاوەمەردەکان) دەکەم.
سەرگوزشتەی خۆی لە زەمانی شۆڕش و (مەلا مستەفا) بەشێكی ترە له ڕاستی ژیانی،، و ڕاناوەستێ لەناو هەموو گێژاوەكاندا، هەنگاوەكانی وردتر توندتر گەورەتر هاویشتووە بۆ ئاوەدانی بۆ پڕۆژەی درێژخایەنی  ستراتیژیی بێ ترس.
لە سەرجەم ئەو كارەساتانەی بەسەر عێراق و كوردستاندا هاتووه، گرنگترینیان شەڕی داعش كه زۆر بوون ماڵیان دەپێچایەوە؟
ئەم نەخشەی بناغەی كارگەی خۆڵوخاشاكی دادەڕشت. كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەی وەردەگرتەوه و نزیك بەیەك ساڵ به بێ ئەوەی بخرێتەگەڕ، هەموو مانگێك  نزیك بە یەك ملیار دیناری عێراقی  دەدا بە مووچەی، سەرەرای زیانی زۆر و زەوەندی كارخانە و نەخۆشخانە و هۆتێلەكان، رۆژێك ماف و هەقی هیچ كەس و كارمەندێ نە دواخرا نەك راگیرا نە پاشەكەوت كرا، بەڵكو بەپێچەوانەوە. لە قەیرانی (كۆڤید-19)دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی و مودیر ناحیەكان و خەڵكی كوردستان دەزانن چی كرد و چۆن بەردەوام بووە لە هاوكاری و پشتیوانی. تەنها لەبەر هۆكاری ئەوەی ماناوەی سەرمایەکەی بە شارو وڵاتەكەیەوە گرێداوە، دوا مەنزڵی ژیانیشی گرێ داوە بە درووستكردنی شارێك لە دوكان، خۆی وتەنی لە سەردەمی بابانیەكانەوە شار دروست نەكراوە کە ڕستەی هەمیشه وتراوی خۆیەتی.
بۆ ئەوە لەم دۆخە لە هەڵەت و بەرزی ونزمی، لەم قوڵایی قەیران و گۆڕانكاری جیهانی وهەرێمی، لە زەمەنی دەردی بێ دەرمانی (كۆڤید-19)دا، بە شاخی عیشقی سارادا هەڵزناوەو نە لەوە دڵنیایە تەمەن ڕێی دەدا، نە گیرفانیشی بۆ هەڵدوریوە و لەگەڵ نوكی بلدۆزەرو شۆفڵدا قازانجی بچنێتەوە/ مایەی قورس و گرانی پڕۆژەكەو دونیاگەلی لە هێزو دەستی كار بە پێی هەموو پێوەرێکی ئابوری، دەچێتە خانەی بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری ماوەدرێژ.
بەدیوێكی تریشدا سەروبنی سەرمایەكەی ڕۆشن و دیارە چۆن پەیدا دەکرێت، ئەمە ئەوەیە کە پێی دەڵێن خەونی گەورە.
سەیرە ئەوانەی سەرخان و ژێرخانی وڵات تاڵان ئەکەن خەونەكانیان لە باخی كەسی و سەفای ئاپارتمان سیتی و هێنانەخوارەوەی خاك و ئاو و داگیركردنییەتی، وێڕای چەوركردنی سمێڵی ئەم و بەپاڵەوان کردنی ئەو نە ژێرزەمینی هەیە بۆ پارە، نە شیلاوكی زەوی هەڕاج دەکا، نە لێرە بازاڕ و دەرمان و شاری زەوی هەیە بیگەڕێنێتەوە و پارەکانی لە باڵی عەباسی كوڕی فیڕناس بشارێتەوە و لە وڵاتانی بێگانەدا بونیاتنان بكات، نە سنوور نە گومرك  نە باج نە خەراج  زۆرن لێرە و لەوێ دەبیسترێ كه:
فاروقی مەلا مستەفا خۆشی بە دەوڵەمەندی کەسانیتردا نایەت، وەلێ چونكە چوارچێوە و پێوەرو باوەڕی ئەو بۆ ژیان و پارەداری پەیوەستە بە ڕێساویاسای كۆمەڵێك لە بەها و چوارچێوە، هەركەس لەو چوارچێوەیەدا نەبێ، بێگومان دەكەوێتە خانەی نەفرینی ئەم زاتەوە/ زۆرجار نیگەران بووە  لەوانەی کە لە پەنای فڵان و فیساردا قارچک ئاسا هەڵتۆقیون، پێشبینی كردووە کە (عاقیبەت بە خێر نابن)، دەرئەنجام هەرواش دەرچووە، خۆیان و حاشییەكانیان گیرۆدە كردووە.
زۆرن ئەوانەی لەم شارەدا تەنها بۆخاتری ئه وەی مەردن، هاوكاریان دەكات و نەیهێیشتووه موحتاجی دەستی نامەرد بن (قەڵەمەكان، ڕۆژنامەكان، پارته كورستانییەكان)، بێگومان زۆرم لەلایە لە دەستگیرۆیی و بەهاناوەچوون كه هیچ كات ڕێگە نادات بەبڵاوکردنەوەیان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژە بە پڕۆژە دەستگرۆییەکانی نادەم، لەبەرئەوەی حەز بە باسكردنیان ناكات. 
ڕۆژێكیان سەردانی ڕۆژنامەیەكم كرد، دوای قاوەیەكی تاڵ وتی تۆ نازانی؟ چەندین ساڵە ئێمە بەهاوكاری كاك فاروق ئەژین، ئەگەرنا زەمانێك بوو بنەوبارەگامان لێك نابوو.
جارێكیان پێی گوتم سالار:(من لە خواروی عێراق پارەی ئاسیا كۆدەكەمەوە و دەیدەم بە قەرزەكانی پڕۆژەکانی سلێمانی)
لە كوردستاندا پوڵدارمان زۆرن، وەلێ ناچنە خانەی سەرمایەداری و درووست كردنی پڕۆژەی مایەگرانی قازانج كەم، پێویستی بونیاتنان بە دەستی كارو درێژخایەن، سەرجەم پڕۆژەكانی ئەم زاتە دەچێتە خانەی سەرمایەداری نیشتمانی دوورمەودا؟.
تایبەت بە کەرکوکیش: هەمیشە دەڵێت كەركوك بە ئابووری كوردی دەبێتەوە بە شاری كوردی لەم تێڕوانینەوە هەوڵی گەورەترین پڕۆژەیان لەو شارەدا لەباربرد و ئاوەوئاو و توونی بابا چوو!.
حەمەخانی خراجیان کە یەكێکە لە كەسە سادەوسافەكانی شار، قسەخۆش و كاسب و موڵكدۆستە، سەرەڕای ئەوەش بەتەكسی دەچێتە نووسینگە و بازاڕەکەی. ڕۆژێك وتی سالار دەكرا ئێمەی پوڵدار كۆببینەوە و پەیکەرێك بۆ ئەم پیاوە درووست بکەین، زۆر شتی لێوە فێربووین بۆ نموونە پارەمان  خۆشبوێ، بەڵام نەوەك تەنها بۆ گیرفان بەڵكو بۆ خزمەتكردنی نیشتمان و پڕۆژەی جوان.
فاروقی مەلا مستەفا دەڵێت: مردن لە پێناوی خەونی گەورەدا، زیندەمانێكی ئەبەدیە، نە ئاسان بە دەستدێ نە بە باڵای كەس بڕاوە...
دەکرێ مرۆڤ لە ڕێگەی بەدیهێنانی خەونی گەورەوە بەزیندویی لەبیری خەڵك و نیشتماندا بۆ هەتاهەتایە بمێنێتەوە، پێش ئەوەی خاك بیگرێتە باوەش. دەكرێ بۆ نا.. باخێك... ماڵێك چەندەها دۆنم بۆ ڕابواردن و سەیرانی خۆت ڕیكخەی، دەكرێ سەدان باخ و جێنشینگه لە ناوەو دەرەوەی وڵات بكەیت بەجێی سەفا، بەڵام (فاروقی مەلا مستەفا) بونیاتنانی شارێك هەڵدەبژێری کە خەونی لە مێژینەیەتی و ویستت وایە تا لە ژیاندا ماوە بە چاوی خۆی بیبینێ!
خۆزگە خەونەكانی زۆربەی باخەڵ پڕە مەعیدە خاڵییەکان، چاویان بەپڕۆژەی بونیاتنان تێر ئەکرد، لە كوردستان دەبوونە بەشێك لەوانەی كە دەیانەوێت نیشتمان جوان بكەن.
بە داخەوە کەم نین ئەوانەی کە دەیانەوێت بۆ خاتری کۆکردنەوەی زیاتری سەرمایەكانیان: (شار بەش بەش و خارخار ئەکەن).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand