لە دەسەڵاتی ئێستا خراپتر!
2020-09-19 07:00:44
هێمن عەزیز
بابەتی ١
لە دەسەڵاتی ئێستای (پدک و ینک) خراپتر بۆ داهاتوو، ئەو مۆدیلی ئۆپۆزسیۆن بوونەیە لە کوردستان کە هێندە پەرتەوازە، ناتەباو پەرتوبڵاون بەشێوەیەک کە کەمترین فشار و هەیبەتیان لە سەر دەسەڵات نیە. نەیارانی دەسەڵاتی ئێستا، سەدان پارچەو گروپ و کوتلەی چەند کەسی جیاوازو دژ بەیەکن و کە هێندەی خەریکی سووککردن و سڕینەوەی یەکترن، هێندە خەریکی داڕشتنی چوارچێوەو سەرکردایەتیەک نین بۆ کاری هاوبەش و لێکگەیشتنی موتەبادەل لە نێوانیان.
لە هەرێمی کوردستان، خەڵکێکی وشیاری زۆر هەیە کە ناڕازیەو قەناعەتی بە حەتمیەتی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی سیاسی بنەڕەتی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، تا ئێستا ناکرێ بووترێ کەوا بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆنی خاوەن سەرکردایەتی، وابەستەوهەماهەنگ لەگەڵ شەقام و ستراتیژی هاوبەش بوونی هەیە.
دەیان کوتلەو گروپی جۆراوجۆری ناڕەزایی هەستی پێدەکرێت، بەڵام نابینرێت کە بەیەکەوە هەڵگری پرۆژەیەکی هابەش بن بۆ قۆناغی ئاییندە، بگرە هەریەکەی لە ئاوازێک دەخوێنێت و ناتوانێت لەگەڵ گروپێکی تەنیشت خۆی دانیشێت.
دەسەڵاتی ئێستا (پدک و ینک) بە هەموو خراپەکاری، گەندەڵی و ناکۆکی ڕابردوو ئێستایان، دەتوانن کۆبوونەوەی دوو قۆلی لەگەڵ یەکتر بکەن و هەڵوێست یاخود بڕیاری هاوبەش بۆ مانەوەو بەرژەوەندی خۆیان بدەن، بەڵام نەیارانی ئەم دەسەڵاتە نەک هەر نەیان توانیوە بڕیارو هەڵوێستی سیاسی هاوبەشیان هەبێت، بگرە ناتوانن لەگەڵ یەکتریش ڕینشن و گەنگەشەی کێشەکان بکەن. لەمەش خراپتر، هەندێکیان وەک کوێخا لەخۆیان دەڕوانن و چاوەڕێ دەکەن خەڵک بێت بەدوایان کەون.
باشە، ئەگەر ئەو هەموو نەیارانەی ئەم دوو حیزبەی دەسەڵات، لە ئێستادا لەم پێگەی لاوازیان و بەم شێوە یەکتر قبولنەکەن و خەریکی شکاندنەوەی یەکتربن، ئەی ئەگەر بەیانی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا بە ئەجەلی سروشتی خۆی و دەردە گەندەڵی مردنی ئیعلان کراو بارودۆخەکە گۆڕا، ئەوە چۆن دەتوانن ڕۆلی بەدیلێکی باشتر لەوەی ئێستا ببینن و ببنە هەوێنی بەیەکەوە ژیان و چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە؟!
بابەتی ٢
ڕاستە عێراق فاشلە، بەڵام ئەی خۆتان چین؟!
کێشە ئەوە نیە کە عێراق وەک دەولەت و وەزیفەی دەوڵەتداری فاشل بووە. زەحمەتە کەسێکی شارەزاش هەبێت کە ئینکاری ئەم ڕاستیە بکات،
بەڵام هەندێک لەوانەی لە ڕوانگە ناسیونالسیتی کوردایەتی تەنها خەریکی دووبارەکردنەوەی ئەم قسەیەن و خۆیان لە بیرچۆتەوە کە ئاخۆ خۆیان چین؟! ئەوە کارەسات و ماڵوێرانیە بۆ ئەم میللەتەی خۆمان!!
ئەوانە بۆ پرسیار لە خۆیان ناکەن، کەوا فەشەل هێنانی عێراق ناکاتە سەرکەوتنی ئەوان.
ئەگەر عێراق جارێک فاشل بێت، ئەو جۆرە کەسانە چەندین جار فاشلن، چونکە وا دەزانن و وا تێگەیشتوون کەوا شکستی خەڵکانی تر واتە سەرکەوتن و پاڵەوانیەتی بۆ ئەوان، لەکاتێک خۆیان جگە لە شکست و مشەخۆری و موزایەدە کردن بەردێکیان بۆ گەلەکەی خۆیان لەسەر بناغە دانەناوە.
فەرموو، واز لە شکست و فاشل بوونی عێراق بێنن و خۆتان جوامێر بن کەوا هاوشێوەی ئەو وڵاتە فاشلە نەبن. بەڵام کە ئێوە جگە لە ئیمتیازاتی تایبەتی خۆتان و بەرزکردنەوەی شیعاراتی سۆزداری شتێکی ترتان لە هەگبە نیە بۆ ئەو میللەتە، ئاخۆ دەبێت فاشل بوون و نەبوونی عێراق چ مانایەک بداتە ئەو خەڵکە؟!