ئاسۆ حاجی زۆر کەس ئەوە بە چاوی پارتیەکان دادەدەنەوە کە گوایە پارتی بنەماڵەییە،پارتیەکانیش هەندێک جار تێدەکەون و دەیانەوێ نکۆڵی لێ بکەن و وای نیشان بدەن ئەوە راست نیە وەک ئەوەی حیزبی بنەمالەیی کوفرێکی سیاسی یان کارێکی خراپ بێ. حیزبی بنەماڵە مۆدێلێکی حیزبیە و لە زۆر وڵاتان هەبووە و هەیە،بۆ نموونە بنەماڵەی گاندی لە هیند و بنەماڵەی حەریری لە لوبنان. پارتیەکان و دژە پارتیەکان دەبی ئەوە بزانن کە بنەماڵەیی بوونی حیزب نە شەرمە و نە کێماسیە، پارتی حەفتا و چوار ساڵە بوون و مێژووی بە بنەماڵەی بارزانیەوە گرێدراوە بۆیە نە شکاوە و نە دۆڕراوە. شانازیە نەک شەرم پارتی حیزبی بنەماڵەی بارزانی بێ،چونکە مێژووی ئەو بنەماڵەیە مێژووی زیاتر دوو سەت ساڵ خەبات و قوربانی دانە بۆ کوردستان. - شێخ عەبدولسەلامی یەکەم خاوەنی هزر و فەلسەفەی پێکەوە بەستنەوە (خوا پەرستی، خاک پەرستی، خەڵک پەرستی)یە. -شێخ محەمەدی کوڕی سیمبولی بەگژداچوونەوەی زۆرداری و پالپشتی هەژاران. - شێخ عەبدولسەلامی دووم باوکی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و یەکەمین کەس کە داوای مافی چارەنووسی بۆ گەلی کوردستان کردووە،لە١٩١٤ بەو هۆیە عوسمانلی لە سێدارەیان دا و شەهیدیان کرد. -شێخ ئەحمەدی بارزان،خودان و ڕابەری بارزان سەرکردەی هەردوو شۆڕشی بارزان،پاڵپشتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان،فێرکەر و پەروەردیکاری مستەفا بارزانی. -مستەفا بارزانی،باوکی روحی نەتەوەی کورد و هەلگیرسێنەری مەزنترین شۆڕش کە زاکیرەی هاوبەشی نەتەوەیی کورد و نیشتیمانی کوردستانی دروست کرد. -مەسعود بارزانی،سەرۆک و پێشمەرگەی سەربەخۆیی،ڕابەری ئەنجامدان و سەرخستنی ڕیفراندۆم، لە لە مێژووی سەت سالەی کوردستان بۆ یەکەمین جار ئیرادەی گەلی کوردستان بە سەر ئیرادەی داگیرکەران سەرکەوت. پارتی درێژکراوەی ئەو دیرۆک و شانازیانە بێ دەبێ جێگای شانازی بێ نەک شەرم.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد سه‌ركێشی ڕیفراندۆم كه سێ ساڵ پێش ئێستا له‌ده‌ره‌وه‌ى كۆده‌نگى نیشتمانی و شه‌رعیه‌تى په‌رله‌مان ، وه‌ك جۆرێک له‌خۆسه‌پاندنى سیاسی و پارێزگاریكردن له‌كورسییەک به‌ده‌م قاشكردنی سێوێكه‌وه ئه‌نجامدرا ، هیچ نه‌بوو جگه له‌مه‌ترسی خستنه‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانى نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌سه‌فقه‌یه‌كی ژێربەژێری شکستخواردوودا ، ئه‌و سیناریۆ فاشل و بڕیاره هه‌ڵه و ناستراتیژییە ، ئه‌و ده‌ست له‌پشتدانە هه‌رێمی و لوتبه‌رزى سیاسییە ، ئەو ملنه‌دانە بۆ خواستی دڵسۆزان و دۆست و هاوپه‌یمانان بوو بەهۆى له‌ده‌ستدانى نیوه‌ى خاكى كوردستان .. یادی ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ی كه خۆم هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به (فڕفڕاندۆم) ناوم بردووه وا ئێستا هەمدیس له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌وه كه هه‌میشه شانازییان به‌خیانه‌تەوه كردووه بەناوى كوردایه‌تى به‌خه‌ڵكى ده‌فرۆشنه‌وه و جارێک به‌تاپۆى ڕه‌ش و جارێكى تریش به‌كارتى گوشار ناوی ده‌به‌ن ، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ڕووكه‌شدا جۆرێک بوو بێت له‌ختوكه‌دانى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكى كوردستان ، ئه‌وا له‌ناوه‌ڕۆكدا جۆرێک بووه له‌خۆچه‌ماندنه‌وه و ڕاده‌ست بوون به‌ویستێكى هه‌رێمی ، بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ركوكى قودس و خاكى به‌خوێن ڕزگاركراوى كوردستان بخه‌نه شەڕێکی نابه‌رامبه‌ر و دواجار پارێزگاری له‌و باڵانسه سیاسییه بكه‌ن کە بەرژەوەندی خۆیانی تێدا پارێزراو بوو ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ئه‌سحابی فه‌خامه‌تانه‌ى به‌زمانى كوردى و له‌میدیاكانی خۆیانه‌وه ڕیفراندۆمیان به‌كوردایه‌تى ده‌رخواردى خه‌ڵك ئه‌دا ، له‌به‌رده‌م زوومى کامێرای كه‌ناڵه عه‌ره‌بی و جیهانییه‌كان شه‌رمنانه دووپاتییان ئه‌كرده‌وه ، كه ئەوان عێراقییه‌كى عه‌یار بیست و چوارن و ئه‌وه‌ى ڕوویدا ڕاپرسییه‌كى ئاسایی بوو بۆ زانینى خواستى خه‌ڵک ، له‌كاتێكدا ئه‌و دوو فاقییه له‌به‌یانكردن خۆى جۆرێكه له‌سوكایه‌تى به‌ویستى نه‌ته‌وه‌یه‌ک ، چونكه له‌دێرزه‌مانه‌وه كورد و بزوتنه‌وه سیاسییه‌كه‌ى به‌شۆڕش و خوێن به‌خشین خواستى سه‌ربه‌خۆیی به‌یانكردووە و پێویستى به‌هیچ تاقیكردنه‌وه و ئه‌زموون كردنێكیتر نه‌بوو ...!! خۆ ئه‌وكاتیش هاوارمان كرد كه كاكه سه‌ربه‌خۆیی بەپەنجە ڕاوەشاندن و خۆ گیڤ کردنەوە به‌ده‌ست نایه‌ت ، چاره‌نووسی میلله‌تێک بەعینادی تەسلیمی قه‌ده‌ر ناكرێت و نابێت گەردن و گەرووی میللەتێک و خاکەکەی بە ھەڕەشەی لەناوچوون بسپێردرێت . ئه‌وكاتیش ووتمان بەهۆی شەڕی داعش و ئه‌و هاوسۆزییه نێوده‌وڵه‌تییەى بۆ عێراق هه‌یه ، هه‌ر سه‌ركێشیه‌ک به‌ته‌نها بریتی نابێت له‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه و وه‌ستانه‌وه به‌ڕووى عێراقدا ، به‌ڵكو یه‌كسانیش ده‌بێت به‌وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ، به‌ڵام به‌په‌نجه ڕاوه‌شاندن و حساب نەکردن بۆ نامه‌كه‌ى (تیله‌رسن) كه زۆر چاو‌دێر وه‌ك به‌ڵێنى بڵفۆڕ پێناسه‌یان ده‌كرد وه‌ڵام دراینه‌وه …!! ئەو رۆژگارەی ھاوشێوەی بارام بەگ پەیامنێر و بێژەر و پەرلەمانتار و سیاسی و سەرۆکیش سەری زمان و بنی زمانییان تەڵاقدانی عێراق بوو ، نەیاندەزانی هەژموون و بەرژەوەندی سیاسی وڵاتان و ھاوکێشە نێودەوڵەتیەکانی ئەم ناوچەیە ، زۆر لەوە ئاڵۆزتر و قوڵترە بەو نەفەسە یاری بەھەموو شتێکەوە بکرێت ، سەرکێشی بەدەستکەوتەکانەوە کورد لەعێراقدا لەشەریک و ھاوبەشێکەوە ده‌كات بە شاگرد ، ئه‌و كات ووترا كه هه‌موو موسته‌الزمازتێكی سه‌ربه‌خۆییمان هه‌یه كه‌چی دوو هه‌فته‌ی نه‌برد بینیمان كه نه‌ک چاره‌كه مووچه‌شمان پێ نادرێت به‌لكو چڵه په‌ڵپینه‌كیش له‌بازاڕدا ده‌ست ناكه‌وێت تا هه‌ر هیچ نه‌بێت سه‌رچۆپی گێڕان بیگرنه ده‌ست بۆ ته‌واوكردنی شاییه‌كه‌یان ..!! عاجباتیه‌كه‌شی لەوەدا بوو بە بۆنە و بێ بۆنە خۆیان دانیان پێداده‌نا کە ئەوان بۆ سەربەخۆیی ڕیفراندۆمیان ئەنجام نەداوە ، بەڵکو بۆ زانینی ڕای خەڵک و تاقیکردنەوە ئەو زه‌ماوه‌نده‌یان سازداوە كه‌چی ئینجاش هه‌ندێک هه‌ر به‌رده‌وام بوون له‌پاسپۆرت سوتاندن و سێ به‌سێ ته‌لاق دانی به‌غدا ..!! هه‌ر چه‌ند مانگێكیش دوای هات و هاواری سه‌ربه‌خۆیی ، ئاڕاستەی سوكانیان به‌ره‌و به‌غداد گۆڕی و كه‌وتنه شه‌ڕى وه‌رگرتن و ده‌ستهێنانى پله و پۆست و له چاوتروكانێكدا (ئه‌ی ره‌قیب) بوو به (موتنی) ...!!
هادی حەمەرەشید ڕیفراندۆم کردەیەکی یاسایی مەدەنییە، بە ئاشتییانە ڕای گشتیی کۆمەڵگایەك لەسەر پرسێكی کێشەدار بە «بەڵێ» یان «نەخێر» وەرئەگیرێت، ئەکتێکی کۆنە و لە یۆنانی دێریندا بە دیموکراسیەتی ڕاستەوخۆ ناوبراوە. کەواتە بۆچی دیسان وەك هەموو پرسەکانیتر کۆمەڵگای کوردستانی بەشێوەیەکی ستوونی دوو لەت کردەوە؟! وەڵامێکی سادە و بەبێ ڕتوش؛ بکەرانی ڕیفراندۆم لە بنەڕەتدا ئەنگیزە و مەبەستی سەرەتا و کۆتای‌یان درێژەدان بوو بەو ململانێ ناتەندروستە! ڕۆژانی سەرەتای پایزی ٢٠١٧ مێژوویەکی پڕ لە شکستی چەمکی ڕیفراندۆم بوو، چونکە بەگشتیی لەمێژووی هاوچەرخی جیهاندا زیاتر لە ١٠٠ وڵات و نەتەوە و پێکهاتەی ئیتنیکیی جیاواز پەنایان بۆ ئەم چارەسەرە بردووە، لەو ژمارەیە، زۆرترینیان سەرکەوتوو بوون، بەڵام لە چەند ڕۆژێکی کەمدا دوو ئەزموونی شکستخواردوو خرایە سەر هەوڵە سەرنەکەوتووەکان! بەتایبەتی ئەزموونی«کەتەلۆنیا» تا ماوەیەکی دوور مەودا خەونی سەربەخۆیی زۆربەی هەرێمەکانی دواخست، چونکە خاوەنی هەموو بنەماکانی دەوڵەتداریی بوون، بەر لە ساڵی ١٧١٤ کە تیایدا سەربەخۆییان لە دەستدا بۆ ئیسپانیا، خاوەنی پەرلەمانی هەڵبژێردراو و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بەهێز بوون، لە ئێستاشدا ئابوورییەکی جێگیریان هەیە و لە هەموو بوارەکاندا ئەتوانن ململانێی ناوەند بکەن. لە ناو دڵی کیشوەرە پیرەکەدا و لەسەردەمی دابینکردنی مافە کەلتوریی و ئایینی و نەتەوەییەکاندا، ئەوان هەمیشە وێڵ بوون بە دوای شوناسی خۆیاندا، لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا و لەسایەی دەسەڵاتی فاشیستی جەنڕاڵ فرانسیسکۆ فرانکۆدا ڕووبەڕووی لەناوبردن بوونەوە و زمانی دایکیان قەدەغەکرا، تا مردنی فرانکۆ لەساڵی ١٩٧٥ و کرانەوەی ئیسپانیا بەڕووی پێکهاتە جیاوازەکانی هەناویدا. لەساڵی ١٩٧٩دا مافی ئۆتۆنۆمییان پێدرا و زمانی کەتەلۆنی هاوتای ئیسپانی کرا بە زمانی فەرمیی دەوڵەت، هێزی ئەمنیی تایبەت بە خۆیان دامەزراند، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو نیمچە سەربەخۆیی ڕۆیشتن. تا ساڵی ٢٠٠٦ کە یاسای نوێی ئۆتۆنۆمیی جێگیرکرا، گرنگترین بڕگەی بریتی بوو لە ناساندنی کەتەلۆنیا وەك «نەتەوە». لەبەرامبەردا دادگای دەستووریی ئیسپانیا لە ٢٠١٠دا ئەو بڕگەیەی هەڵوەشاندەوە. سەربەخۆیی کەتەلۆنیا چەندە خەون بووە لەلای بەشێکی زۆری کەتەلۆنییەکان، واوەتر مۆتەکەیەکی بەردەوامیش بووە لەلای ناوەند، چونکە ئیسپانیا پێکدێت لە حەڤدە هەرێمی جیاواز، جیابوونەوەی کەتەلۆنیا دەستپێکی کۆتاییهاتن ئەبێت بە چیرۆکی ئەو وڵاتەی کە ناوی ئیسپانیایە. ١ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧ گەورەترین وەستانەوە بوو لە دژی دەوڵەتی ئیسپانیا ، بۆیە هەڕەشەکە زۆر بەجدیی وەرگیرا و پایەکانی دەوڵەتی ئیسپانیا بە جارێك لەرزین، یەکێك لە وەزیرەکانیان نەیشاردەوە و وتی: بەتوندیی لە سەربەخۆیی هەرێمی کەتەلۆنیا ئەترسین، چونکە ئەمە کۆتایی دەوڵەتی ئیسپانیایە، وەك کەوتنی یەکەمین پولی دۆمینەیە کە کەوتنی پولەکانیتریش حەتمییە! دەسەڵاتدارانی هەرێمی کەتەلۆنیا و ئەو حیزبانەی کە بە جوداخواز و سەربەخۆییویست پۆلێن کران ئاستی هەڕەشەکەیان گەیاندە کۆتایی و لەکۆی ئەو ٤٢%ی دەنگدەرانە، ڕێژەی ٩٠%ـیان بە #بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆییدا. لەژێر باری توندی ئەمنییدا دەنگدەران بە دڵگەرمییەوە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان ئەکرد، هێزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی گێرەشێوێنیی ڕووبەڕووی دەنگدەران ئەبوونەوە و لە چەندین جێگادا سندوق و ئامێری لۆجستییان شکاندن، نزیکەی ٨٠٠ دەنگدەر و زیاتر لە ٣٠ پۆلیس بریندار بوون. «چارلس پۆگدیمۆنت»ی سەرۆکی هەرێم، پاش دەنگدان بەبێ شڵەژاویی و بە جلی فەمییەوە، لەسەر پێیەکانی ڕاوەستا و بۆ میدیاکان قسەی کرد: (ئەوەی ئێمە ئەنجاممان داوە هەر ئەوەیە کە گەلانیتر ئەنجامیان داوە لە ڕابردوودا و لە ئایندەشدا بەردەوام ئەبێت.) سوپاسی خەڵکی ئیسپانیای کرد کە هاوپشت و هاوڕێ و دۆستی کەتەلۆنییەکان بوون، هاوکات سەرزەنشتی پاشای ئیسپانیای کرد کە پاڵپشتیی گوتاری «ماریانۆ ڕاخۆ»ی سەرۆکی کردووە و بۆچوونی ملیۆنان کەتەلۆنیی پشتگوێ خستووە. لەکۆتاییدا داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد، کە ڕۆڵی ناوەندگیر بگێڕن. ئەوەی وتیان، پێی هەستان و بەرپرسیارێتییەکەشیان لە ئەستۆگرت، کاتێك کە لە مەدریدەوە هێزی ئەمنیی و پۆلیس شەقامە پڕ لە هەیەجانەکانی بەرشەلۆنە و جیرۆنا و تەرەگۆنایان کۆنترۆڵ کرد، پۆگدیمۆنت و ١٣ لە گەورە بەرپرسان وڵاتیان بەرەو بەلجیکا بەجێهێشت و ٩بەرپرسیشیان بە جێگرەکەشیەوە دەستگیرکران. بە پێچەوانەوە لە کوردستاندا بە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠یشەوە لەبارودۆخێکی زۆر ئاسایی و پڕ لە خۆنواندندا بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریی دەنگدان لەئاستێکی زۆر لاوازدا بوو، ئەگەر کۆمیسیۆنە تازە پیاکەوتووە پشك پشکێنە حیزبییەکە نەبووایە ڕێژەکە ئەوەندە نزم ئەبوو، کە شیاوی باس کردن نەئەبوو! کۆمیسیۆن بە ساختەکاریی دەستی پێ‌کرد و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاش ڕیفراندۆمیشدا ڕاهات لەسەر ئەو بارە و داریدا بەڕۆحی ئەوانەدا کە ڕازییبوون لە ڕیفراندۆمدا ساختەکاریی بکەن و بە (پرسێکی نەتەوەیی چارەنووسساز) وێنایان کرد! «ڕیفراندۆچی» بوو بە ناوێکی پڕ لە تەشەر بۆ کەسانێك کە لە ڕووکاردا سەبجێکت بوون، بەڵام لەڕاستیدا کۆمەڵێك مرۆڤی بێ ئیرادەی«ئۆبجێکتکراو» بوون. بارزانیی بکەری سەرەکیی ڕیفراندۆم بوو، لە پەرچەکرداری ئەوانەی کە پێیان ووت: ماوەی سەرۆکایەتیی تۆ کۆتایی هاتووە، تەنانەت بیانووی مەترسیی داعش‌یش کۆتایی پێهات. هات تا لەڕێگای ڕیفراندۆمەوە درێژە بە مانەوە بدات، ئەوانەش کە لە پەراوێزی ئەودا خۆیان بینییەوە بوون بە بەرکار، ڕۆژانە لێرە و لەوێ هەواڵی ناڕاستیان لەسەر ئاستی سەپۆرت و پشتگیریی وڵاتان لەپڕۆسەکە بڵاو ئەکردەوە، ئەمانە کۆمەڵێك لۆمپن و گەندەڵ بوون کە ئەیانویست لە ناو تەمتومانی دروستکردنی دەوڵەتدا خۆیان بشارینەوە و لە گەرماوی مافی چارەی خۆنووسیندا غوسڵ دەربکەن! بارزانیی ڕووی گوتارەکەی لەناوخۆ بوو، شتێکی نەبوو بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، هاتنی بێرنارد هێنری لیڤی و کۆکردنەوەی کۆمەڵێك کۆمەڵێك خانەنشینی ڕۆژئاوایی بۆ ڕووپۆشکردنی پرۆسەکە بوو، بەزوویی شوێن‌بزر بوونیشیان باشترین پاڵپشت بوو بۆ تەواو بوونی ڕۆڵیان! ئەوان لەناوخۆدا هەموو شتێکیان بۆ بارزانیی کرد، دەی هەر ئەوەشیان پێئەکرا! کۆمەڵێك بەتاڵی سیاسیی و فیگەری ڕۆشنبیریی وێنەیەکیان بەخشی بە بارزانیی کەم وێنە بوو، وەك هەندێکیان موبالەغەیان ئەکرد و بە «بەسمارکی ئەڵمانیی» ناویان ئەبرد، وایان کرد قەڵەمی ئەژنۆی بەناو سەرۆکی حیزبەکان شکابوو، هەندێکیان هەر لەبەرە بەیانی کارەکەیەوە هۆڵ بە هۆڵ و یاریگا بە یاریگا بوون بە کەمپەینەر و تیمی بانگەشە بۆی، هەندێکیشیان لە دواڕۆژەکاندا و لە قۆناغی «سیلاح بەرەو خوار»دا خۆیان گەیاندە سندووقەکانی دەنگدان و بەبێ ئەوەی کەس هەواڵی بەڵێ یان نەخێری لێپرسی بن، پاکانەیان بۆ بارزانیی کرد و وتیان: دەنگمان بە بەڵێ بوو! لە ڕاستییدا هەر کەسێکی ئاسایی و سادەدڵ لەژێر ئەو بارە سازێنراوەی ڕۆژانی پێش ڕیفراندۆمدا حەماوەی کوردایەتیی بەرزبوویەوە و دەنگیدا، پێی ناوترێت«ڕیفراندۆمچی» بەڵام ئەوانەی کە لەخوارەوەی بنکەی جەماوەریی حیزبەکانیان بارزانی‌یان پێ ئیبلیس و ئەهریمەن بوو، بەڵام بۆ بەرماوەخۆریی و لەلایەکیتریش لە ترسی تەخوین ڕێگایان لێنەگرت و پێیان نەووت: نابێت ڕیسك بە کۆمەڵگاوە بکەیت! ئەوانەی کە خەون بە ئەندامی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی داش عێراق)ـەوە ئەبینن کە بارزانیی سەرۆکیان بێت، لەگەڵ ئەودا هاوبەشن و ئەوانیش ڕیفراندۆچین! بارزانیی و تیمەکەی نزیکەی مانگێك بانگەشەیان کرد و پاشتر ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی پۆلیسێکی فیدراڵیی پێیان بڵێن پشتی چاوتان برۆیە، ڕۆژی ٢٥ی مانگ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێك لە حیزبەکان ڕەچەتەیەکی درایە دەست و پێیان ووت: ئەمە هێڵە گشتییەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە، بڕۆ بیخوێنەرەوە! دوابەدوای ئەو نێچیرڤان بارزانیی کە برازا و زاوا و سەرۆك وەزیرانی حکومەتەکەی بارزانیی بوو، لەژێر پەرچەمی عێراقی حەبیبدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی بەست و پاش قسەکردن بە زمانی ئاسك لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، بە زمانێکی پاراو ووتی: ئەو ئاڵایەی عێراق کە لە پشتمەوەیە، وەك خۆی ئەمێنێتەوە! بارزانیی لە ڕۆژانی بانگەشەدا بە دەستەواژەی سادە و زمانی عەوام باسی سوودەکانی دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ خەڵك ئەکرد و ئەیچواند بە پەرژینێك کە لە دڕندە و دەعبا ئەمانپارێزێت، لەچەند جێگاشدا وەك دراوسێ و جیرانی باش ناوی عێراقی هێنا، کەچی بەزوویی گەڕایەوە لە گرتەیەکی تۆمارکراودا و بە دەنگێکی نوساو و لەرزۆکەوە وتی: ئەم ڕیفراندۆمە نە بۆ سەپاندنی ئەمری واقیعە و نە بۆ دیاریکردنی سنوورە! هەرێم خرایە ژێر باری کۆمەڵێك ئابڵوقەی جۆراوجۆر و بارزانیی و تیمەکەشی وەك هەمیشە دەستیان کرد بە سازش کردن بۆ عێراق و بوێریی ئەوەیان تێدا نەبوو هیچ نا، وەك سەرکردە کەتەلۆنییەکان وڵات جێبهێڵن، واوەتر فێری دوو دەستەواژەی پڕ لە عار بوون؛ (ڕیفراندۆم تاپۆیەکی ڕەشە، کورد کەی بیەوێت ئەتوانێت بەکاری بهێنێت)! لەگەڵ ڕستەیەکی زۆر بێتام؛ ( کەی پارە لە بەغداوە هات، دابەشی ئەکەین)!
پەیكار عوسمان ١- ناکرێ بە برسی بڵێیت بایەعییەکە وەرمەگرە نەوەك مادەکان ئێکسپایەر بن. ناکرێ بە تین‌و بڵێیت، ئاوی بەلۆعەکە مەکەرەوە نەوەك ژەهراوی بێت. ئاخر ئەوە ئەرکی دەسەڵاتە کە خواردنەکە بەسەرنەچوبێ و کە ئاوەکە پاكبێ، نەك ئەرکی هاوڵاتی. دەی ناشکرێ بە دەنگدەرێك بڵێت بۆ بەڵێت کرد، ئەبێ بە دەسەڵاتەکە بڵێت بۆ ڕیفراندۆمەکەت کرد! چونکە لە پرسی سەربەخۆییدا، ئینسانی کورد‌و فەڵەستینی و ئەمازیغی و هەر گەلێکی تری بندەست، ڕێك وەکو برسییەکەو تینوەکە وایەو کاتێکیش کە بەهۆی وەرگرتنی بایەعی، کارەساتێك ڕووبدا، حکومەت لێ ی بەرپرسە، نەك ئەو برسییەی کە نانەکەی خۆی خواردوە. ٢- من پێش ڕیفراندۆم کۆمەڵێ بابەتم نوسی لەسەر سلبیاتی "کردنی" شتەکە، بەڵام لە ئەخیراو هەر بە کاریگەری عاتیفەو شەپۆلە دەرەکەییەکە نا، بەڵکو زیاتر بە کاریگەری خودی کوردبوون و ڕەوایەتی کەیسەکە، یەعنی بە کاریگەری دۆخی برسی لەبەردەم نان و دۆخی تین‌و لەبەردەم ئاودا، ئەخیر بابەتم نوسی و لەوێدا وتم (ئیتر کلاسیکۆکە لە بەینی بەڵێ و نەخێردا نیە، بەڵکو لە بەینی کردن و نەکردنی شتەکەدایە، چونکە ئەگەر بەڵێ بەڵایەك بیهێنێت، نەخێر نایگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەگەر کردن بەڵاکە بهێنێت، نەکردن ئەتوانێ بیگەڕێنێتەوە) ٣- جا ئەوە هاوڕێیەك نامەی ناردوە، ئەڵێ داوای لێبوردن بکە لەوەی کە بەڵێتکرد. منیش وتم بۆ ئەزیزم ئەگەر گەڕەکێك بە ئاوی بەلۆعە ژەهراوی ببێ، ئەبێ میراوەکە داوای لێبوردن بکات یان خەڵکی گەڕەکەکە؟ بەڵام ئاساییە، ئەوە من داوای لێبوردن ئەکەم لە هەر شتێك کە کردومەو زەرەری گشتی لێکەوتۆتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەو مەوزوعە بەزەرەرو قازانج ئەپێورێ یان بە خودی شتەکە؟ مەسەلەن ئەگەر ئێستا هاوکێشەکانی دنیا گۆڕاو هەمان شت لە شکست و زەرەرەوە، بوو بە سەرکەوتن و قازانج، بەم پێوەرەبێت، ئەوکات ئەبێ جەماعەتی بایکۆت و نەخێر، داوای لێبوردن لە جەماعەتی بەڵێ بکەن، وایە؟ ٤- لەو پرسیارەوە ئەمەوێ بڵێم، هەنێ شت هەیە بە ئەنجام ناپێورێ. ئەگەر لە ئاستی دەسەڵات و سیاسەتیش شتەکان بە نەتیجە بپێورێ، لە خوارەوەو بۆ هاوڵاتییەکی ئاسایی، هەنێ شت هەیە کە بەهاکەی مەعنەوییەو شتەکە خۆی مەوزوعەکەیە، نەك ئەوەی کە لێ ی ئەکەوێتەوە. تۆ نادزی لەبەرئەوەی کە دزی خۆی خراپە، نەك لەبەرئەوەی کە نەتیجەکەی خراپە، چونکە ئەشێ نەتیجەکەی لە ڕووی قازانجەوە باشبێ و دەوڵەمەندیی بێت. دەی پرسی سەربەخۆییش بۆ گەلی بندەست، شتێکە خۆی ڕەوایە، نەك ئەوەی ڕەوایەتییەکەی لەسەر نەتیجەو قازانج و زەرەر وەستابێت! ٥- ئەم پرسە شتێکە لە سەرو سیراعی حیزبایەتی و مەسەلەی گەندەڵی و فەشەلی حوکمڕانی.. شتێکە لە سەرو بابەتی ئایدۆلۆژی و فیکری و مەسەلەی ناسیۆنالیزم و دەوڵەت نەتەوە، کە تەمەنی تەنیا سەد ساڵێکە. بەڵکو ئەمە مەسەلەیەکی وجودییە لەناو ئینسانی کوردا، کە تەمەنی هەزاران ساڵەو خەڵکێكە ئەیەوێ خۆی سەرداری خۆیبێ و ژێردەستی خەڵکی تر نەبێت. ئیتر شتەکە ناوی دەوڵەتە یان میرنشین یان فیدرالی یان حوکمی زاتی یان کانتۆن و خۆسەری، گرنگ ئەوە ئینسانگەلێك ئەیانەوێ ژێردەست نەبن! یەعنی لەڕاستیدا شتەکە کوردبوونە نەك کوردایەتی، وجودییە نەك ئایدۆلۆژی، چونکە مەسەلەی ستەمکاری و ئازادی و سەردەست و بندەست، پرسێکی ئینسانییەو تۆ پێش هەر شوناسێك، بە ڕووتیی و وەکو ئینسان، ئەتەوێ ئازادبی و بندەست نەبیت. ٦- لێرەشەوە ئیتر خەڵکێك هەیە کە دژی گەندەڵی و ستەمکاریی خۆماڵییەو لەگەڵ سەربەخۆییشدایە. بڕوای بە پێکەوەژیان و هاوڵاتیبوون و برایەتی گەلانیش هەیەو بڕوای بە جیابوونەوەش هەیە. چونکە سەربەخۆیی ناکاتە دژی برایەتی و پێکەوەژیان، ئێمە بەجیاو بە سەربەخۆییش هەرئەبێ برابین و لەناو پێکەوەژیاندابین. بەڵکو سەربەخۆیی بەو مانایەی کە کاتێك "پێکەوەیی" ستوونی بێت و من لەژێرەوەبم، ئەوکات ئەچم بۆ "جیایی" بۆئەوەی بکەوینە ناو پەیوەندییەکی ئاسۆیی، نەك بۆئەوەی ببین بە دوژمن و ڕقمان لە یەك بێت! ٧- داوای لێبوردن و داننان بە هەڵەدا، فەزیلەتێکی گەورەیە، بەڵام کام هەڵە؟ ئەوەی کە خۆم بۆم دەرئەکەوێ هەڵەیە، یان ئەوەی کە تۆ بمخەیتە ئەو مەوقیفەوە؟ بێگومان داوای لێبوردن کاتێك ڕاستەقینەیە، کە خۆم گەیشتبمە ئەو بڕوایە، نەك ئەوەی کە تۆ وەکو "براوەی شەڕ" ڕاستبیت و دۆڕاو دادگاییکەیت و ناچاریکەیت بە هەڵەبوون! ئاخر پرسی ڕاست و هەڵە، پەیوەندی بە خودی حەقیقەتەوە هەیە، نەك بە بردنەوەو دۆران، حەقیقەتیش ئەوەیە، کە من ئازادانە خۆم دەرکی بکەم، نەك ئەوەی کە تۆ بیسەپێنیت بە حوکمی بردنەوەو دۆڕان. ٨- ئەگەر بە چاوی ئێستا سەیریکەین، بێگومان شتەکە نەکردنی باشتربوو لە کردنی. لەناو کردنیشا، لەڕاستیدا "بایکۆت" هەڵوێستە دروستەکەبوو نەك "بەڵێ و نەخێر". بەڵام چونکە بایکۆت، وەکو بەڵێ و نەخێر، ئیعلام و کەمپەین و دەزگای نەبوو، ئیتر بەهۆی شکستی پرۆسەکەوە، وا دیارە کە نەخێر بڕیارە دروستەکەبێ، لەکاتێکا ئەمە وانیە! ٩- ئەوەی بایکۆتی کرد، هیچی نەدۆڕاند، ڕێزی لەو شتەی خۆی گرت، کە وجودییەو نابێ پێی پیا بنرێ و نەخێریکەیت، لە هەمانکاتا بەڵێشی بۆ شتێك نەکرد، کە بە هەڵەی ئەزانێ و عەقڵی نایبڕێ. یەعنی ئەم کەسە ڕەگەڵی هیچ بەرەیەكیان نەکەوت و خۆی وەکو تاك، مومارەسەی ئەو نەکردنەی کرد، کە پێویستبوو هەر بەگشتی و لە ئەساسەوە نەکرێ! ١٠- لێرەدا ئەم کەسە لە هیچ معەسکەرێکدا نیەو لە هیچ شەڕێکدا نیە لەگەڵ ئەویتر، بەڵکو لەگەڵ خۆیدا لە گفتوگۆدایەو گەیشتووە بە بڕیاری بایکۆت. بەڵام "بەڵێ و نەخێر" هەردوکیان لەناو کردنی ڕیفراندۆمدان، کە بژاردە خراپەکەبوو. هەردولا لەناو معەسکەرو جەبهەدان و لە شەڕدان لەگەڵ یەکتری، هەڵوێستیشیان، زیاتر لەو شەڕو ڕقەبەرایەتییەوە هاتووە، نەك لە هۆشیاری و بەرپرسیارێتی گشتییەوە! ١١- (کردنی شتەکە) حەزی شەخسی و کەلەڕەقیی کەسێكبوو. (بەڵێ ی شتەکە) بەشێکی بۆ پرسە وجودییەکەی کوردبوون و ئازادی بوو، بەشێکیشی کۆیلایەتی و ڕەگەڵکەوتنی ئەو کەسەبوو. (نەخێری شتەکە) بەشێکی ڕق و حەزی شەخسیی پێچەوانەبوو، بەشێکیشی نەخێربوو بۆ ناواقعی و هەڵەیی شتەکە. (نەکردنی شتەکە) ئەو بڕیارە دروستەبوو کە لە بری زەرەر، ئەکرا بیکەینە کارتی فشار‌و قازانج. (بایکۆتی شتەکە) خۆپارێزییەکی فەردیبوو لەو ڕێژە هەڵەیەی کە لە هەردو "بەڵێ و نەخێر"دا بوونی هەیە! ١٢- ئاخر بەڵێ لەوەدا ڕاستبوو کە شتانێك هەن، ئیلتزامێکی ئەخلاقیت بۆی هەیەو ئەگەر بکەویتە دووڕیانی بەڵێ و نەخێر، ناتوانی نەخێری بۆ بکەیت. بەڵام لەوەشدا هەڵەبوو، کە بازدانبوو بەسەر عەقڵدا. نەخێریش لەوەدا واقعی و ڕاستبوو کە ئەو بازەی بەسەر عەقڵا نەدا، بەڵام لەوەدا هەڵەبوو کە پێ ی بە شوێنێکی تردا نا، کە وجودییەو نابێ پێ ی پیابنرێ! ١٣- یەعنی شتەکە ڕێژەیی و فرەڕەهەندەو گۆشەی جیای هەیە، نەكئەوەی کە تەنیا دوو سەنگەربێ و لەوێوە هەر یەکتری بکوتین. مەسەلەن هەمان پرسی سەربەخۆیی، لای دەسەڵاتدارانی سەرەوە ڕەهەندێکی سیاسییە، بەڵام لای کوردێکی خوارەوە، ڕەهەندێکی وجودییەو ئەگەر هەموو حساباتەکانی سەرەوەش هەڵەو درۆبێ، ئەو بەڕاستی ئەیەوێ ئازاد‌و سەربەخۆبێ. هەر وەکو نمونەی بۆق و مناڵەکە، کە مناڵەکە بە گاڵتەوە بەردی ئەگرتە بۆقەکان و بۆقەکان بەڕاستی ئەمردن. جا هەردو بەرە، ئەم دیدگای فرەییەیان کوشت، کە بواری گفتوگۆ‌و تێگەیشتن و پێگەیشتنی گشتی یە، بۆ دیدگای تەسکی دوو سەنگەریی ڕەشوسپی، کە تەنیا بواری شەڕو چەلەحانێ و حساباتە بچوکەکانە! ١٤- لەنێوان سفرو سەت، نەوەتو نۆ ئەگەر هەیە، کە بواری جیاوازی و گفتوگۆیەو ئەکرێ من‌و تۆ کۆکاتەوە. بەڵام خودی سفرو سەت، شوێنی شەڕو کۆتایی گفتوگۆ و خاڵی ترازانە، ئێمەش لە شەستەکان و لە جەلالی و مەلاییەوە، لەوێداین و بۆ هەموو پرسێك یەکسەر ئەچین بۆ ئەو خاڵەو دابەشی دوو سەنگەر ئەبین. لەبری زانینی شتەکە، ئەکەوینە شەڕ لەسەر شتەکە، ئیتر لە هیچ شتێك فێرنابین و لە هەموو شتێك هەر یەکتری ئەکوتین! ١٥- ئیتر لەسەر هەموو شتێك ئەبینە دوو بەرەو واشئەزانین جیاوازین، لەکاتێکا هەمیشە هەردولا لەسەر هەمان عەقڵن، چونکە جیاوازیی لە خاڵی گفتوگۆدایەو ئێمەش هەمیشە لە خاڵی شەڕداین! ئیتر بەڵێ هەر شەڕو تەخوینی ئەویترەو نەخێر هەر شەڕو تەخوینی ئەیترەو بایکۆت هەر شەڕو تەخوینی بەشدارەو بەشدار هەر شەڕو تەخوینی بایکۆتەو هیچی فەرقی نیە لە فریشتاندنی خۆی و شەیتاندنی ئەویتردا. ئەوەشی کە ئەبێ داوای لێبوردن بکات، هیچکام لەمانە نیە کە داوای لێبوردن لەویتر بکات، بەڵکو هەموویەتی کە هەریەك داوای لێبوردن بکات، لەوەی کە لەسەر عەقڵی تەخوینەو لە خاڵی شەڕدایەو لەوێوە بەڵێ و نەخێرو بایکۆت و بەشدارییەکەی کردوە، نەك لە خاڵی گفتوگۆ‌و زانین و چاکەی گشتییەوە! ١٦- ئەوەی کە خراپە (عەقڵیەتی تەخوینە) کە بەرەی بەڵێ و نەخێر، "ئەوساو ئێستاش" هەردوکیان لەسەر ئەو عەقڵەن. هەردوکیان بوارێکی تریان نەهێشتەوەو دنیایان دابەشی ڕەش و سپی و باش و جاش کرد. ئەوەشی کە کێشەی ئێمەیە، ئەم عەقڵیەتەیە نەك هەڵەکان، چونکە هەڵە دواجار ڕاستئەکرێتەوە، بەڵام شەڕ ڕاستناکرێتەوەو تا بڕوا خوارترئەبێ، عەقڵی تەخوینیش هەر شەڕێکی ڕووتەو هیچی تر! ١٧- عەقڵی فرەیی و ڕەخنەیی و بیرکەرەوە، ئەتوانێ لە هەڵە لاتیا، یان بۆت ڕاستبکاتەوە، چونکە لەوێدا زانین هەیەو لە خودی شتەکە تێئەگەیت. بەڵام عەقڵی دەمارگیری تاکڕەهەندی ڕەشوسپی، لەمسەرەوە هەڵەکەت پێئەکات، چونکە تۆ خەریکی شەڕیت و نازانیت خودی مەوزوعەکە چیە، لەوسەریشەوە هەڵەکەت بۆ تەقدیس ئەکاو ئیتر تۆ ئەبیت بە دیلی ئەو هەڵەیەو لەبری ڕاستکردنەوە دیفاعی لێئەکەیت. ئاخر تۆ ئیتر لە شەڕدایت و لە شەڕیشدا بردنەوەو دۆران مەوزوعە نەك زانین و ڕاستی. جا پێش ڕیفراندۆم و ئێستاشی لەگەڵابێت، ئێمە هێشتا لە عەقڵی تەخوینداین و خەریکی شەڕی شتەکەین، هێشتا نەچوینەتە سەر عەقڵی ڕەخنەیی و خودی شتەکە! ١٨ - خراپترین شتی ڕیفراندۆم، ئەوەبوو کە دەسکاری ئەو سەرمایە مەعنەوییە بەریئە وجودییەی کرد، کە لەناو ئینسانی کوردا هەیە بۆ مەسەلەی ئازادی و سەربەخۆیی. کە ئەوە گرنگترین سامانی مرۆیی و نەتەوەیی ئێمەبوو، کە وەکو هەموو سامانەکانی تر تاڵان و هەڕاج کرا. لێرەشدا بەرەی بەڵێ و نەخێر درێغییان نەکردو هەردوکیان هەریەکەو بە شێوازی خۆی لەوێ ی دا! ئەمیان بە کردنی هەڵەکە لەپێناو کەسبی شەخسی و حیزبی، ئەویتریشیان بە ئیستغلالکردنی هەڵەکە، دیسان بۆ کەسبی حیزبی و شەخسی و ئایدۆلۆژی، هەردوکیشی لەسەر کێشانی ڕۆحێکی وجودیی. ١٩- لەڕاستیدا ڕیفراندۆم تەنیا کردنەکەی هەڵەبوو، تەنیا ئەوانەش هەڵەکارن کە کردیان. ئەوەی کە بایکۆتی کرد‌و ئەوەی کە بەڵێ و نەخێری کرد، هیچیان هەڵەنین و هەریەکەیان بەشی خۆی پاساوی عەقڵی و ئەخلاقی خۆی هەیەو وێنەکەش هەموو ئەو فرەییە هەڵئەگرێ، نەك ئەوەی تەنیا دوو گۆشەی تەسکی ڕەشوسپی بێت، کە تۆ لەوێدا، هەر خەریکی عوقدەو شەڕی بچوکی خۆتیت نەك خەمی گشتی! ٢٠- لە یادی ڕیفراندۆمدا، ئافەرین بۆ هەرکەسێ، کە لە هۆشیاری و لە سەرو عەقڵی تەخوینەوە مامەڵەی لەگەڵ پرسەکەدا کرد، ئیتر بە هەر دیوێکابێت. خەجاڵەتیش بۆ هەرکەس و لەپێشا خۆم، کاتێ لە عەقڵی ڕق تەخوینەوە مامەڵەمان لەگەڵ پرسەکەدا کرد، ئیتر بەهەر دیوێکابووبێت. نەفرەتیش لەو قیادەیەی کە پەنەکەی دا‌و هەر زوو لەبەردەم بەغداو عەبادییدا کەوتە پەشیمانی و کڕوزانەوە، کەچی ئێستاشی لەگەڵا بێت لەبەردەم خەڵکەکەی خۆیدا داوای لێبوردنی نەکرد!
سالار مەحمود "پێش ریفراندۆم ئێمە دەوڵەت بووین" ریفراندۆم مومارەسەکردنی مافێک لە کاتێکی نەگونجاو هێشتا کورد ئامادە نیە دیراسەیەکی زانستی دەرفەت و شکستە مێژوویەکانی چارەنووس بکات. هیچ کەس و لایەک دان بەهەڵەدا نانێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی دەرفەتەکانی ئایندەش. هێشتا کورد سەرباری ئەزمەی حوکمڕانی لە کوردستانی عیراقدا خاوەن قەوارەی نیمچە دەوڵەتە. بەڵام خۆی ناتوانێ باش بەڕێوەی ببات. دوای لەدەستدانی نیوەی خاکەکەیشی بەخۆیدا ناچێتەوە. پێش ریفراندۆم ئێمە دەوڵەت بوین لەناو دەوڵەتدا کوردستانێکی بەهێز لەناو عیراقێکی لاوازدا! ئێستا هەرێمێکی لاواز لەناو عیراقێکی بەهێزدا. ئێستاش کەس دەستی نەگرتووین بنەمای دەوڵەت لەهەرێم دروست بکەین. بەدەستبەرداربون لە عەشیرەتگەریی، گەندەڵی قوڵ و رێکخراو خێڵایەتی خزمایەتی و ناوچەگەریی. بەمەرجەعکردنی دامەزراوە فەرمیەکان نەک شەخس و حزب یا کوتلەیەک لە حزب. لەم بۆنەیەدا گوتاری ئەو سەرکردە عەرەبانەی عیراق بیر دێنمەوە کە دەیانوت کورد نەوەی جنەو دەیەوێ خەونی جولەکە جێبەجێ بکات. ئەی کوردینە لە جیاتی ئەم دوو بەرەیەو ئەم دابەشبونە، بڕۆن دیدی سێیەم بخوێننەوە لەسەر مافی چارەنوس و ریفراندۆم و ئاکامەکانی.
ئاکۆ وەهبی ماوه‌یه‌كه كتێبی ”له بری بیره‌وه‌ری“ كاك مه‌لا به‌ختیار بڵاوبۆته‌وه. به‌ر له خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه و ڕاسته‌وخۆ دوای ئه‌و به‌رنامه ڕیكلامییه‌ی كه‌ناڵی ڕوداو بۆ نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ی سازكرد، شه‌پۆل و هه‌ڵمه‌تێكی فراوان و توندی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له نێو میدیای كوردی و تۆڕی گریمانه‌یی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای خۆیدا هێناوه. ئه‌كرێ ئه‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌م هه‌ڵمه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه بوون و ئه‌بن، بكرێن به چه‌ند كۆمه‌ڵێكه‌وه: • ئه‌وانه‌ی ده‌ڵڕه‌نجاو و ناڕازین له هه‌ندێ له گێڕانه‌وه‌كانی نووسه‌ر كه به ته‌شهیر و ناوزڕاندن له قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن بۆ ناو و ناوبانگی كه‌سیی خۆیان. من ئه‌م جۆره وه‌ڵامدانه‌وانه به مافێكی ئاسایی و ڕه‌وای ئه‌و كه‌سانه ده‌زانم. • ئه‌وانه‌ی به‌شداربووی یه‌كێك له‌و ڕووداوانه‌ن كه كاك مه‌لا به‌ختیار باسی كردوون، به‌ڵام باسكردنه‌كه‌ی كاك به‌ختیار به بابه‌تی و گێڕانه‌وه‌یه‌كی ڕاست و دروست دانانێن و به هه‌قی خۆیانی ده‌زانن سه‌رله‌نوێ ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌كه به ڤێرژنی خۆیان بگێڕنه‌وه. به لای منه‌وه، ئه‌م جۆره وه‌ڵامه‌شیان ئاسایی و گونجاوه و له خزمه‌تی زیاتر ڕوونبوونه‌وه و ده‌ركه‌وتنی ڕاستییه مێژووییه‌كانه. • ئه‌وانه‌ی به دۆكیومێنت و به‌ڵگه‌ی متمانه‌پێكراوه‌وه، ده‌یانه‌وێ داكۆكی له ڕاست و دروستی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بكه‌ن كه كاك مه‌لا به‌ختیار له كتێبه‌كه‌یدا باسی كردوون. ده‌كرێ ئه‌مانه‌ش هه‌مان ئه‌و ڕووداوانه بگێڕنه‌وه به‌ڵام له گۆشه‌نیگایه‌كی جیاوازه‌وه كه بێ شك یارمه‌تی خوێنه‌ر ده‌ده‌ن بۆ هه‌ڵسانگاندنێكی بابه‌تییانه تری ڕووداوه‌كانی شۆڕش. • ئه‌وانه‌ی؛ بێ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه، بێ هیچ زانیاری و شاره‌زاییه‌ك له ڕووداوه‌كانی زه‌مه‌نی شۆڕش، وه‌ك په‌رچه‌كرداری به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه‌كه‌ی ڕووداو، یان ته‌نها له ڕق و كینه‌ی شه‌خسییان بۆ كاك مه‌لا به‌ختیار، له بری وه‌ڵامی بابه‌تییانه، كه‌وتوونه‌ته جنێو و قسه‌ی سووك و به‌دڕه‌وشتانه، تا ڕاده‌ی هێرش و تانه‌وته‌شه‌ر بۆ سه‌ر خێزان و هاوسه‌ره‌كه‌ی. ئه‌م به‌ناو وه‌ڵامدانه‌وانه، یان ڕاستر بڵێین، ئه‌م جنێونامانه، نه‌ك ناچنه شوێنی خزمه‌ت به نه‌وشیروان مسته‌فا و بیروباوه‌ڕ و مه‌بادئی، به‌ڵكو به‌لای منه‌وه، ده‌چنه خانه‌ی به‌دڕه‌وشتی و ڕووتبوونه‌وه له هه‌موو به‌هایه‌كی جوانی مرۆڤانه. • دوا گرووپی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌كان، ئه‌و ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و گۆڕانخوازانه‌ن كه دوور و نزیك هیچ شتێك له‌گه‌ڵ ئه‌و مێژووه‌دا كۆیان ناكاته‌وه كه كاك مه‌لا به‌ختیار له گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه گێڕاویه‌تییه‌وه. تیایاندایه ته‌نانه‌ت بۆ ڕۆژێكیش یه‌كێتی نه‌بوون، هه‌تا ئه‌و مێژووه‌ی یه‌كێتی به هی خۆیان بزانن و هه‌قیان بێ داكۆكی لێ بكه‌ن. زۆر له‌و وه‌ڵامانه‌ش كه من بینیومن، داكۆكی نین له گۆڕان به‌رامبه‌ر به‌و ئاماژانه‌ی كاك مه‌لا به‌ختیار له كتێبه‌كه‌یدا مه‌به‌ستی له بزووتنه‌وه‌كه‌یان بووه. به‌ڵكو داكۆكیكردنه‌كه‌یان ته‌نها له‌و بڕیاره سیاسیانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فایه كه له ماوه‌ی بیست بۆ بیستوپێنج ساڵ به‌ر له دروستبوونی گۆڕان داونی. له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێ به تایبه‌تی ڕووی قسه‌م له‌م دوا گرووپه‌ی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بێ و له تێگه‌یشتنی خۆمه‌وه هه‌ندێ له بۆچوونه‌كانیان ڕاست بكه‌مه‌وه: • مێژووی گۆڕان له دوای ٢٥ی ته‌مووزی ٢٠٠٩ وه ده‌ستپێده‌كات، نه‌ك له زه‌مانی شۆڕشی یه‌كێتی و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی براكوژی و كوشتاری پشتئاشان و چه‌ككردنی ئاڵای شۆڕش و گرتن و ئازاردانی سه‌ركرده‌كانییه‌وه. • ڕاسته دامه‌زرێنه‌ر و ڕێكخه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له ماوه‌ی نزیكه‌ی هه‌شت ساڵدا نه‌وشیروان مسته‌فا بووه، به‌ڵام ئه‌و بۆ جیاكردنه‌وه، هێڵێكی تۆخی له نێوان ئه‌و مێژووه و دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا كێشاوه. ئه‌وه‌ی كاك مه‌لا به‌ختیار باسی ده‌كات مێژووی شاخ و هه‌وڵی چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی دووبه‌ره‌كی حیزبی و سیستمی حیزبی شموولی و ”پارتی پێشڕه‌و“ و و شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕانه‌یه. له كاتێكدا گۆڕان بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌رعییه‌ته و ئه‌و دووبه‌ره‌كییه دروستبووه. بۆ ئه‌وه دروستبووه له جێیدا سیستمی هاووڵاتی بوون دابمه‌زرێنێ. بۆیه هه‌ر جۆره داكۆكییه‌ك له لایه‌ن بزووتنه‌وه‌كه و گۆڕانخوازه‌كانی، له‌و مێژووه‌ی پێشوو و ڕووداوه‌كانی، جا بكه‌ره‌كه‌ی هه‌ر كه‌سێك بێ، پرسیاری جددی له‌سه‌ر ڕاستگۆیی گۆڕان دروستده‌كا. • نه‌وشیروان مسته‌فا بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێی له وێنه‌ی حزبێكی شموولی وه‌ك یه‌كێتی دا دروستنه‌كردووه، تا زۆر مه‌به‌ستی بێ مێژووه‌كه‌ی نه‌خرێته ژێر پرسیاره‌وه و داوا له ئێوه‌ی گۆرانخواز بكا داكۆكی لێ بكه‌ن! ئه‌و بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی كورددا، گۆڕانی وه‌ك حیزبێكی مه‌ده‌نی و ئینتخابی دروستكرد كه درێژكراوه‌ی مێژووی ئه‌و حیزبه كوردییانه نه‌بێ كه له نێو جوڵانه‌وه و شۆڕشی ڕزگاری نیشتیمانی دا دروستبوون. به‌ڵكو حیزبێكی دروستكرد، بێ چه‌ك، بێ له‌شكر، بێ زیندان، بێ داوده‌زگای ده‌وڵه‌تی، بێ په‌یوه‌ندی گومانلێكراوی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی. • كاك مه‌لا به‌ختیار به چه‌ك و بیكه‌یسی نه‌هاتۆته سه‌ر گرده‌كه، هه‌تا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به ئه‌ركی گۆڕانخوازان دابنێن. ئه‌و ته‌نها كتێبێكی نوسیوه و وشه‌ی ڕیزكردووه و ڕه‌خنه‌ی له بڕیاره سیاسییه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا گرتووه. بۆیه پێویسته به ڕێزه‌وه وه‌ڵامیشی به وشه و ئار‌گومێنت و دۆكیومێنته‌وه بدرێته‌وه. ئه‌ویش له لایه‌ن گۆڕان و گۆڕانخوازانه‌وه نا، به‌ڵكو له‌لایه‌ن ئه‌و فیگه‌ر و كه‌سایه‌تییه به‌ڕێز و ویژدان زیندووانه‌ی كاراكته‌ری نێو ئه‌و مێژوو و ڕووداوانه بوون یان له لایه‌ن كه‌سانی ئاكادیمی و مێژوونوسی بێ لایه‌نه‌وه، ئه‌ویش نه‌ك به هێرشی ناڕه‌وا و تانه‌وته‌شه‌ر و موهاته‌رات. • جێی داخه ده‌بینم كه‌سانێك به ڕیا و به ناوی داكۆكی له نه‌وشیروان مسته‌فاوه وه‌ڵامده‌ده‌نه‌وه، له كاتێكدا خۆیان یه‌كێكن له شێوێنه‌ری كه‌له‌پور و سه‌ره‌تا بنچینه‌ییه‌كانی گۆڕانی نه‌وشیروان مسته‌فا. • نه‌وشیروان مسته‌فا تا له ژیاندا بووه هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه كه كاك مه‌لا به‌ختیار له كتێبه‌كه‌یدا باسی كردوون. به‌ڵام دیاره به بێ لایه‌نانه نا، به‌ڵكو له گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه. ئه‌و له بیروه‌رییه‌كانی دا به ڕوونی دانی به به‌رپرسیارێتی خۆیدا ناوه بۆ هه‌موو بڕیاره سیاسییه‌كانی، به باش و ”خراپ“ییه‌وه. واته ته‌قدیسی مێژووی تانانه‌ت خۆشی نه‌كردووه. ڕای وا بووه كه هیچ مرۆڤێك بێ هه‌ڵه و خه‌وش نییه. مرۆڤ كه سه‌ركرده بێ، بێ شك كاری ڕاست و كاری هه‌ڵه‌ش ده‌كا، بۆیه پێویسته به‌رپرسیارێتی باش و خراپی سیاسه‌ته‌كانی خۆشی هه‌ڵگرێت. • نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی خاوه‌نی ده‌سته‌واژه‌ی ”دێواندنه“ و له چه‌ندین بۆنه‌دا به دیارده و خوو و هه‌وڵێكی میدیای حیزبی شموولی داناوه بۆ دروستكردنی دیكتاتۆرییه‌ت و شه‌خسپه‌رستی و ته‌قدیسی سه‌ركرده به جۆرێك كه گوایه دووره له هه‌ڵه‌و و له سه‌روو ڕه‌خنه‌وه‌یه. • نه‌وشیروان مسته‌فای قۆناغی ئۆپۆزسیۆن و ڕه‌خنه‌گری سیستمی حیزبی كوردی؛ نه‌وشیروان مسته‌فای ناو بزووتنه‌وه‌ی ڕیفۆرم و پاشان دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پرسیاری له‌سه‌ر كۆی سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی داناوه. ئه‌م قۆناغه نوێیه‌ی تێكۆشانی ئه‌و زاته، له پێداچوونه‌وه‌ی هه‌ڵسوكه‌وت و شێوازی قسه و ده‌ربڕینه‌كانیشدا هه‌ستی پێ ده‌كرا. ئه‌و خۆی به‌شێكی زۆری له‌و مێژووه‌ی شۆڕش، به مێژووی خوێنڕشتن و كوشتوكوشتاری ناڕه‌وا ناوزه‌دكردووه، بۆیه له‌و ماوه‌یه‌دا داوای له‌یه‌كتربووردن و هه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕ و ئێسك و پروسكانه‌ی له هاوڕێكانی ده‌كرد. • نه‌وشیروان مسته‌فا له ماوه‌یه‌كی كورتدا چه‌ند كه‌سی دڵشكاوی ئاشتكرده‌وه، به بانگكردنی كه‌سه‌كه، گه‌ر له ژیاندا مابێ، نامه بۆ نووسین یان بانگكردن و داوه‌تكردنی كه‌سوكاری. كه هه‌موو ئه‌مانه شایه‌تین بۆ داننانی به ناڕاستی هه‌ندێ له سیاسه‌ت یان بڕیاری كاتی شۆڕشی خۆیدا. به‌ڵام بۆ یه‌ك ڕۆژ گوێت لێی نه‌ده‌بوو، خۆی له به‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌و ڕووداوانه بدزێته‌وه. ئه‌و ده‌یوت ”كه سه‌نگه‌رت له كه‌سێك گرت و له سه‌نگه‌ره‌كه‌ته‌وه ته‌قه‌ت لێی كرد، چاوه‌ڕوان مه‌به له وه‌ڵامدا له سه‌نگه‌ری به‌رامبه‌رته‌وه گوڵ و گوڵزارت تێ بگیرێ!“ • تۆ گه‌ر گۆڕانخوازبی و چاوه‌ڕوانی گۆڕینی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ت لێ بكرێ، ده‌بێ دژ به هه‌ر دیارده‌یه‌كی گرتن و ئازاردان و سه‌ركوتكردنێك بی، له هه‌ر شوێن و كات و ساتێك‌دا، له لایه‌ن هه‌ر لایه‌ن و گروپه‌كه‌وه كرابێ و به هه‌ر پاساو و هه‌لومه‌رجێكی شۆڕشگێڕانه‌ش ئه‌نجام درابێ، نه‌ك نامه‌ی پاكانه‌ی زیندانییه‌ك بڵاوبكه‌یته‌وه كه له چاوه‌ڕوانی مه‌رگدا بووبێ. چما ئه‌و دۆكیومێنتانه لای نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی نه‌بوون؟ بۆ به درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵه بڵاوینه‌كردنه‌وه؟ بۆ له كاك ئیبراهیم جه‌لالی وه‌رگرته‌وه و پاشان په‌یمانی خۆی شكاند و ڕاده‌ستی نه‌كرده‌وه، نه‌وه‌ك له بیره‌وه‌رییه‌كانیدا بڵاویان بكاته‌وه؟ • تۆی گۆڕانخواز كارێكی پر له نیفاق ئه‌كه‌یت، گه‌ر بۆ پاساوی هیچ ڕووداوێكی كوشت و بری سه‌رده‌می شاخ بگه‌ڕێیت. ئه‌وه كوا كاری تۆیه. له كوێی مانیفێستی دامه‌زراندنی گۆڕان و پاشان به‌رنامه ئینتیخابییه‌كانی دا جێی ده‌كه‌یته‌وه؟! گۆڕان ده‌بێ شه‌ڕی ”براكوژی“ له هه‌موو مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كورددا به ڕه‌هایی مه‌حكووم كا، بێ لێده‌ركردنی هیچ شه‌ڕ و كوشتارێكی ناڕه‌وا. لێكدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و ڕووداوانه‌ش جێ بهێڵێ بۆ مێژوونووسان و كه‌سانی ئاكادیمی، یان بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی ئه‌و مێژووه به مێژووی خۆیان ده‌زانن وه‌یاخود كاره‌كته‌ری یه‌كێك له ڕووداوه‌كانی بوون، نه‌ك ببێته كاری گۆڕانخوازان! • گۆڕان ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئازاری هه‌موو به‌ندكراوێكی سیاسی‌دا بێ، به‌بێ جیاوازی و هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێ بۆ پاساوی له‌زیندان كردنی هیچ به‌ندكراوێك له‌سه‌ر جیاوازی بیروباوه‌ڕی، جا هۆكاری گرتنه‌كه‌ی له چاوی شۆڕش و شۆڕشگێڕه‌كاندا هه‌ر چه‌ند ڕه‌وا و هه‌قیش بووبێ. ئینجا ده‌مه‌وێ ڕووی ده‌مم بكه‌مه كاك مه‌لا به‌ختیار و بڵێم: به‌ڕێزم، من هه‌ست به دڵشكاویت بۆ هیلاكبوونی سه‌ره‌تای شۆڕشت ده‌كه‌م و لێشی ده‌گه‌م. له چاوی ئه‌مڕۆشمه‌وه (نه‌ك ڕۆژی خۆی) زیندانیكردن و ئازاردانی به‌ڕێزت و هاوڕێكانت زۆر به ناڕه‌وا ده‌بینم، هه‌روه‌ك چۆن ته‌واوی ئه‌و كوشتن و ڕووداوه توندوتیژیانه‌ی سه‌رده‌می شۆڕش كه باست كردوون، به ناهه‌ق و ناڕه‌وا ده‌بینم، جا بكه‌ره‌كانی هه‌ر كه‌سێك بن. من سه‌رنجم له‌سه‌ر نووسینه‌كه‌ت ئه‌وه‌یه كه: ١. به داخه‌وه نه‌تتوانیوه له‌و گرێی هه‌ست به غوبن و دڵشكاوییه‌ی پێشووی خۆت ده‌رچیت و ڕووداوه‌كان به‌ریته‌وه بۆ زه‌مه‌نی بێ به‌زه‌یی ئایدیۆلۆژیای نه‌گریس و سه‌رده‌می به‌لاداخستنی ناكۆكییه‌كانی نێو شۆڕش به چه‌ك كه (به ڕای من) له ساڵی ١٩٦٤ وه ده‌ستپێده‌كات هه‌تا ١٩٩٨. ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌و مێژووه تا ئه‌مڕۆش ئه‌گه‌ری درێژبوونه‌وه‌ی له ئارادا نه‌بێ، له سایه‌ی بوون و به‌رده‌وامی ئه‌و دوو حیزبه شموولییه چه‌كدار و شێوازده‌وڵه‌ته‌ی، به‌ڕێزت هه‌تا ئه‌مڕۆ وه‌ك ”چه‌پ“ و ”سۆشیال دیموكراتێك“ له نێویاندا كارده‌كه‌یت. ٢. من بۆ خۆم وه‌ك یه‌كێك له ئاگاداره‌كانی به‌شێك له‌و مێژووه دوورودرێژه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، دڵنیام له پاڵ سیفات و نه‌ریتی ئازایه‌تی، جوامێری و خۆڕاگری دا، له‌پاڵ ده‌یان هه‌ڵوێستی پڕ له بوێری و خۆنه‌ویستی ئه‌و زاته‌دا، كه به دڵنیاییه‌وه جێگای شانازین، بێ شك، ده‌یان كار و بڕیار و هه‌ڵوێستی سیاسیی هه‌ڵه‌شی هه‌ن كه شایه‌ن به خستنه ژێر ڕه‌خنه‌ی جدی و پرسیار و لێكۆڵینه‌وه‌ن. ٣. له‌گه‌ڵ هه‌ق پێدانت كه باس له ئازاره‌كانی پێشووی خۆت ده‌كه‌یت، ڕه‌خنه‌شم لێت ئه‌وه‌یه كه هیچ ڕۆژێك به‌م جدیه‌ت و و‌ردودرشتی و ڕاشكاوییه باست له‌و ڕۆژگاره نه‌كردووه، تا نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ڵامی خۆیت بداته‌وه، یان بانگت بكات و داوای لێبووردن و لێخۆش‌بوونت لێ بكا، وه‌ك چۆن له گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سی تری نێو ئه‌و مێژووه به‌سه‌رچووه‌دا كردوویه‌تی. ٤. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ڕێزت نوسیوتن، باسی مێژوویه‌كه سی بۆ چل ساڵی به‌سه‌ردا ڕۆشتوون كه ده‌بوو بتگێڕایه‌ته‌وه و بتبه‌ستایه‌ته‌وه به‌و زه‌مه‌نه‌ی شۆڕشی چه‌كداریی و زمانی چه‌ك و فیشه‌ك، بێ ڕكابه‌ر، پاڵه‌وانی گۆڕه‌پانه‌كه بوون. نه‌وشیروان مسته‌فای دوای ڕاپه‌ڕین، یه‌كێكه له‌و پێشمه‌رگانه‌ی ده‌یان وتار و نوسین و كۆڕ و سیمیناری، شایه‌تی ئه‌وه‌ن، ده‌ستبه‌رداری ئه‌و شه‌رعییه‌ته شۆڕشگێڕانه‌یه بووه كه به‌ڕێزت باسی ده‌كه‌ی. ئه‌و داوای ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و هاووڵاتیبوونی كردووه، له به‌رامبه‌ر به‌و دوو حیزبه‌ی تا ئه‌مڕۆش ئاماده نین تۆزقاڵێك له‌و شه‌رعییه‌ت و مێژووه چه‌كدارییه دوور بكه‌ونه‌وه. ٥. دوا قۆناغی كاری نه‌وشیروان مسته‌فا، دروستكردنی ئه‌و بزووتنه‌وه مه‌ده‌نییه بوو كه بووه جێی متمانه‌ی نیو ملیۆن ده‌نگده‌ر. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه بووه جێی متمانه‌ی زۆر له كه‌سه نه‌یاره‌كانی پێشووی نێو ئه‌و مێژووه‌ی به‌ڕێزت باسی ده‌كه‌ی. بزووتنه‌وه‌یه‌ك، سه‌دان ئه‌ندامی دێرینی حیزبی شیوعی، ئاڵای شۆڕش، پاسۆك، حزبی سۆشیالیست، ڕه‌وتی كۆمۆنیست و حیزبه ئیسلامییه‌كانی له‌سه‌ر بنچینه و ئه‌ساسێكی نوێی جاواز له حیزبه شموولی و چه‌كداره‌كانی كوردستان، له‌خۆگرت. به ئازایه‌تی و ڕاستگۆیی بۆت ده‌نوسرا، گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ت بدایه‌ته‌وه؛ بۆ له‌و دوا قۆناغه‌دا، گه‌لێ له هاوڕێكانی ئاڵای شۆڕشت پشتیان له به‌ڕێزت كرد و ڕوویان كرده نه‌وشیروان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان. ٦. ئه‌وه ڕاسته كه هه‌تا ئێستا حیزبه شموولییه‌كانی كوردستان هه‌ر هه‌وادار و كه‌سانی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان هه‌ن و له ده‌وریان كۆبوونه‌ته‌وه، به‌ڵام زۆریشن ئه‌وانه‌ی ئه‌و مێژووه‌یان جێ هێشتووه و له هه‌وڵی پێكه‌وه‌نان و دامه‌زراندنی ئه‌و خه‌ونی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نییه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فادان، تا بتوانن له داهاتوودا، چه‌ك و پاره و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و پاوانخوازییان له لا نه‌هێڵن. ٢٤ ئەیلولی ٢٠٢٠
د. ئیسماعیل نامیق ھەموومان دەزانین بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم، بڕیارێکی تاکەکەسی بوو، کاک مەسعود تاک لایەنە بڕیارەکەی دا، ھەموو ئەو سەرۆک حیزب وئەندامانی مەکتەبی سیاسی وسەرۆکی دوکانە سیاسیانەی،کەپێش ٢٥/ ٩ شەوو رۆژ لەخزمەتی کاک مسعودا بوون، رۆڵەکەیان جگە لەرۆڵی شاگرد وچەورەیەک ھیچی دیکە نەبوو. بۆیە ئەگەر ریفراندۆم سەری بگرتایە ودەوڵەت دروستبکرایە، بەدڵنیایەوە تاپۆکەی بەناوی کاک مسعودەوە ئەبوو، کەواتە تەنھا دەتوانرێت بەم بوترێت ریفراندۆمچی، چونکە چی کەدەلکێنرێت بەووشەوە واتای بکەر دەگەیەنێت، تەنھا ئەمیش بکەر بوو لەبڕیاری ریفراندۆمدا. دەکرێت بەوانی دیکە بوترێت، شاگردی ریفراندۆمچی. لەبەر ئەوە پێویستە خەڵک تەنھا داوا لەکاک مسعود بکات وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە: ١- بۆچی لەو کاتەدا بڕیاری ریفراندۆمیدا؟ ئایا بڕیارەکە ھی خودی خۆی بوو یان بەھاندانی لایەنی دەرەکی بوو؟ ٢- ئایا بڕیارەکە دیراسە کراو بوو یان پەرچەکردار بوو؟ ئەگەر دیراسەکراو بوو کوان بەڵگەکان؟ ٣- ئایا ھیچ دەستەبەرییەکی مسۆگەر کردبوو بۆ سەرکەوتنی ریفراندۆمەکە؟ ئەگەر دەستەبەریی ھەبوو چی بوو؟ ٤- بۆچی بەدەم داوای ئەمریکاو وڵاتانەوە نەچوو کاتێک داوای دواخستنی ریفراندۆمیان کرد؟ ٥- بڕی ئەو پارە وبەرژەوندیانە چەندن وچین کەدران بەکەسانی بیانی لەبەرامبەر پشتگیری کردنی کەمپینی ریفراندۆمدا؟ ٦- ئایا بڕیاری کشانەوە لەناوچە جێناکۆکەکان بڕیارێکی ھاوبەشی یەکێتی وپارتی بوو یان خیانەتی ھەر دوولایان بوو بەرامبەر یەکتر؟ وەڵامدانەوەی راستەقینەی ئەم پرسیارانە وچەندانی دیکەش ئەوە دیاریدەکات ودەیسەلمێنێت کە ئایا ئەنجامدانی ریفراندۆم خەبات بووە یان خیانەت؟
ئاسۆ حاجی شێخ عوبەیدوللای نەهری،شؽخ عەبدولسەلام بارزانی،قازی محەمەد،شێخ سەعیدی پیران و شێخ رەزای دێرسمی،هەموویان لە دادگای داگیرکەران لە سێدارەدران چونکە بۆ سەربەخۆیی کوردستان تێکۆشان و بە دەنگی بەرز و عیشقەوە داوای سەربەخۆیی کوردستان و سەرفرازی گەلەکەیان دەکرد و لە دوژمن و داگیرکەر نەترسان. ئەوانەی ئەمڕۆ داوای دادگایی‌کردنی رابەرانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن ئەوە درێژکراوەی ئیرادەی داگیرکەرانن،سەربەخۆیی خوازانیش درێژکراوەی رابەرانی شەهیدی بزووتنەوەی کوردایەتین لە پێناو سەربەخۆییدا. داگیرکەران وەک بکوژ و دوژمن وەبیر دێنەوە،رابەرانی سەربەخۆیش بوونەتە مێژووی زیندووی گەلی کوردستان کە سەرۆک مەسعود بارزانی دڵی زیندووی ئەو مێژووەیە،کە توانای لە مێژووی سەت ساڵی رابردوو بۆیەکەمجار ئیرادەی میللەتەکەی خۆی بەسەر ئیرادەی داگیرکەران سەربخا و داوا و مافی گەلی کوردستان لە ئازادی و سەربەخۆیی بخاتە بەردەم ویژدانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. بارزانی لە یەکم رۆژدا کە لە تەمەنی شازدە ساڵیدا چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان بۆ خۆبادان و موزایەدە نەبوو بەڵکو بۆ روبەڕوبوونەوەی داگیرکەر بوو،کە بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیشیدا لە پێناو نیشتیمان و میللەتەکەی بوو و بە دەنگی بەرز لە بەردەم جیهاندا هاواری کرد کە گەردەنی خۆی لەو پێناوەدا دادەنێ و هەرگیز لەو بڕیارەی کە شکۆی میللەتەکەی دەکڕێتەوە پەشیمان بوونەوە نیە. ئەوانەی داوای دادگایی کردنی رابەرانی ریفراندۆم دەکەن ئەوەندە ترسنۆک و گچکەن کە تەنها لە بن سێبەری داگیرکەران جێگەیان دەبێتەوە،ئەو داوایە تەنها شایەنی ئەوانەیە کە گەورەیی و هەبوونی خۆیان لە رێزی خیانەتکار و خاکفرۆشان دەبینەوە،ئەو داوایە لە یەک کاتدا و بە درێژایی مێژوو داوای بەغدا،تاران،ئەنقەڕە و دیمەشق بووە کە هەمیشە دەنگێکی نەشازیش لە ناو ماڵی خۆماندا و لە خوێنی خۆمان بە ئاوازی دوژمنان خوێندویانە و خیانەتیان بە خەبات گۆڕیوەتەوە و دایکی نیشتیمانیان لەسەر مؽزی بەرژەوەندی داگیرکەران هەڕاج کردووە. داماننا بارزانی دادگایی نا شەهید کرا،داماننا هەولێر و سلێمانی و هەلەبجە و دهۆکیش لە تۆڵەی داواکردنی سادەترین ماف کە بڕیاردانە لە چارەنووس وەک کەرکوک و شەنگال و خانەقین و مەخمور رادەستی دوژمنان کرایەوە،کێ قازانج دەکا جگە لە داگیرکەران،ئایا ئەو کوردانەی خیانەتیان لە میللەتەکەی خۆیان کرد چیان پێ بڕا لە نەفرەتی میللەتەکەی خۆیان و وەک شەرمەزاری و پەڵەیەکی رەشی مێژوو ناویان دێ،بەڵام ئەوانەی لە پێناو نیشتیمان خەباتیان کرد و قوربانیان دا ئەوە میللەت سەریان بۆ دادەنوێنێ و بە شکۆوە لە بەردەم مەزنیان دەچەمێنەوە. بارزانی بە رابەرایەتی کردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نەک گرەوەی لە دوژمنان و داگیرکەران بردەوە بەڵکو گرەوی لە مێژوو بردەوە و توانی لە هەموو سەرکردە سیاسیەکانی پێش خۆی تێبپەڕێنێ و لە مێژووی سەت ساڵی رابردوودا بۆ یەکەمین جار دەرفەت بۆ میللەتەکەی برەخسێنێ کە بە ئازادی و بە ئیرادەی خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن. لە ساڵیادی سێیەمی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پێویستە ئەوە بڵێین کە ریفراندۆم سەرکەوت،ئیرادەی گەلی کوردستان سەرکەوت کە سەتا نۆهەت و سێ دەنگی بە سەربەخۆیی دا،بارزانی سەرکەوت کە رابەرایەتی گەورەترین ئامانجی کرد و لە بەرامبەر وڵاتانی داگیرکەر بە گیانێکی پێشمەرگانە وەستایەوە و ملی بۆ هەڕەشەی دوژمنان و پێشنیار کردنی ئیمتیازات لەلایەن ولاتانی زلهێز نەدا و خۆی شەرمەزاری میللەتەکەی نەکرد. ئەوانەی دۆڕان داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان بوون کە نەیانتوانی وەک هەموو جار ئیرادەیان بسەپێنن،ئەوانەی دۆڕان ئەو وڵاتانەبوون کە بانگەشەی دیموکراتیەت و مافی مرۆڤ دەکەن،ئەوانە دۆڕان کە نانی بەردەرگای داگیرکەریان بە خوانی براکەیان گۆڕیەوە و وەک خیانەتکار ناویان لە مێژوو تۆمار کرا.
هیوا سەید سەلیم پرساندن چەمکێکی داتاشراوی پەرلەمانی کوردستانە لە بەرامبەر پڕۆسەی ئاڕاستەکردنی پرسیار بۆ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرۆک وەزیرانەوە بگرە تا ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و تەنانەت کاربەدەستانی دیکەی حکومەتیش. ئەم پرسە لە ماددەکانی(٦٩، ٧٣، ٧٤ )ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بە یاسا رێکخراوە، هەر لە چوراچێوەی ئەو بڕگانەشدا ڕێوشوێنی پڕۆسەی ئاڕاستەکردنی پرسیار بۆ سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان، و وەرگرتنەوەی وەڵام لێیان و تەنانەت ئەگەر پێویست بکات وەرگرتنەوەی متمانەش لێیان دیاریکراوە. هەموو لایەک دەزانین پەرلەمانی کوردستان یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی چاودێریکردنی کارەکانی حکومەتە، بۆیە کاتێک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەدای حکومەت پرسیاری لا درووست دەبێت، بە پێی یاسا بۆی هەیە پرسیاری نووسراو یان زارەکی لە رێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران یان وەزیرەکان بکات (مادەی ٥٨ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان). شایانی باسە دوو مانگ دەبێت ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنە جیاجیاکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆی ژمارەی یاسایین بۆ بانگکردنی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی لەسەر پرسی دواکەوتن و لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، ئەم داوایە ئەگەرچی وەک لە پێشتر ئاماژەمان پێدا داوایەکی ڕەوا و یاساییە، و ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانە کە وەڵامیان بۆ پرسی دواکەوتن و لێبڕینی مووچە دەستکەوێت. بەلام لە بەرامبەر ئەو پرۆسەیدا دەسەڵات لە ماوەی ئەم دوو مانگە هەرچی کارتی بەردەستی هەیە بەکاری هیناوە بۆ شکستهێنان بۆ پرۆسەی پرساندنی بەرپرسە باڵاکانی حکومەت لەوانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان بە پۆستەکانیان کرد. ئاشکرایە کە فشاری لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت بۆسەر پەرلەمانتارانیان تا واژۆکانیان بکێشنەوە بۆ ماوەیەک ئەو پرۆسەی دواخست، چونکە بە پێی مادەی (٧٣)ی لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەندامی پەرلەمان مافی ئەوەی هەیە واژۆی خۆی بۆ پرسی پرساندن بکێشیتەوە، هەر ئەوەش وایکرد تەواوی ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز کە جاری یەکەم ژمارەیەکیان واژۆیان لەسەر ئەو یاداشتە کردبوو واژۆکانیان بکێشنەوە. لە کاردانەوەیەکی دیکەی دەسەڵات لە بەرامبەر ئەو پرسە، ئەو جەند رۆژە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕیکەوتنی خۆی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای دهۆک هەڵوەشاندنەوە، ئەمەش لە بەرامبەر هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی لە بەرامبەر پرسی پرساندنی حکومەت. پرسی پرساندن بریتیە لە پڕۆسەی یەکەم بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حکومەت ئەویش بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی یاسایی تێبپەڕێت دەبێت بۆ پرساندنی سەرۆک وەزیران پێنج یەکی ئەندامانی پەرلەمان واژۆی یاداشتەکە بکەن، و دواتریش بۆ وەرگرتنەوەی متمانە دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەنگی بۆ بدەن، کە لە ئێستای پێکهاتەی پەرلەمان ئەو پرۆسەیە ئاسان نیە سەربگرێت، ئەی کەوایە بەرپرسانی حکومەت بۆ لە پرساندن دەترسن؟ لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە بەرپرسانی حکومەت ترسیان لەوە نیە پەرلەمان بتوانێت متمانەیان لی وەرگرێتەوە، بگرە ترسی جدی ئەوان لەوەیە پەرلەمان بتوانێت بە لایەنی کەمی ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵسێت و چاودێری کاروباری حکومەت بکات، چونکە لایەنەکانی دەسەڵات دەمێکە کار بۆ بێ ئیرادەکردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن . لە ئێستادا کە رێژەی یاسایی بۆ پرساندنی سەرۆکی حکومەت تەواو بووە، دەسەڵات چاوەڕوانی ئەوەی لیدەکرێت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان نیسابی یاسایی تێک بدات، جا بە ترساندن بێت یان بە ئیغرا ماددی و پۆست و پۆستکاری بێت. ئەگەر ئەو هەنگاوەی حکومەت سەربگرێت ئەوا ئەوسا ترساندن جێگای پرساندن دەگرێتەوە، و دەبێت پەرلەمانی کوردستان فاتیحەی بۆ بخوێندرێت.
شوان محه‌مه‌د رەنگە قوباد تاڵەبانی کوڕە بچووکی مام جەلال ئەو کەسە بێت لە حکومەتی هەرێمدا کە پۆستێکی باڵای هەیەو جیاوازە لەوانی دی، ئەوەی ئەم جیادەکاتەوە لە سەرۆکی حکومەتەکەی و هاوسەرۆکانی حیزبەکەی، پیاوێک نییە لەبوارە ئەمنیەکەوە پێگەیشتبێت و چووبێتە ئەو پۆستە، ئەو کەسێکی مەدەنییەو بەپێی پێگەی باوکی و خێزانەکەی، وا دوو کابینەیە جێگری سەرۆکی حکومەتەو، دەبێتە کەسی یەکەمی باڵا دەستی حکومەت لە ناوچەکانی سلێمانی. من لەو خەڵکانە نیم کە رەش و سپی و خاکیش لەیەک جیانەکەمەوەو، هەموویان بە یەک چاو تەماشا بکەم، تا ئێستا بڕاوا ناکەم قوباد تاڵەبانی هۆکار بووبێت بۆ ئازاردانی جەستەیی کەس، با ئەو راستیەش ببینین لە زۆر هەڕەشەدا کە ڕووبەڕووی رۆژنامەنووسان بۆتەوە ئەم لە ریزی داکۆکیکار بووە لە ئازادی رۆژنامەنووسان. سەرباری ئەم خاڵە پۆزەتیفانەی لەسەر ئەم کەسایەتییە حکومیە هەیە، بەڵام هەرگیز ناکرێت چاوپۆشی لێبکرێت لەسەر یەک ژمارەی گەورەی کێشە کە لەسەرئاستی سلێمانی و هەرێم لە ئارادایە، بەڵام ئەم قوڕقەپ لێی دانیشتووە، نە قسەیەک دەکات، نە هەڵوێستێک نیشان دەدات، بەمەش خۆی خستۆتە ژێر پرسیاری گەورەوە کە ئایا ئەم بەشێک نییە لەو گەندەڵی و رووداوە خراپانەی لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک روودەدەن؟ گەندەڵییەکانی سلێمانی: - پرسی گەندەڵی لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان سنوری هەرێمی تێپەڕاندووە، ئێستا بەرپرسانی عێراقیش لە میدیاکانەوە قسەی لەسەر دەکەن، تۆ لەو پەرلەمانتارانەو لەو میدیانە زانیاری زیاترت لەلایە کەکێ ئەو کارە دەکات، کێ شەوانە لە هێڵی ئاسایشەوە لە باشماخ بەسەدان بارهەڵگر دەپەڕێنێتەوە، کە جگە لە قاچاخەکە ئەو خۆراکانەی دەهێنرێت مەترسی بۆسەر تەندروستی نەک ئێستا، بەڵکو ئایندەی مناڵەکانیشیمان هەیە. پرسیار، قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی لەسەر ئەم گەندەڵییە چی یە، ئەو لەکوێی ئەو کێشەیەدایە، کێن لە بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکەی ئەم گەندەڵیە دەکەن، ناکرێت و نابێت پێمان بڵێن یەکێتی و هاوسەرۆکانی و مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە ئاگای لەو گەندەڵیە گەورەیە نییە، باشە ئەگەر قوباد تاڵەبانی بەشێک نییە لەم گەندەڵیە، بۆ وەک جێگری سەرۆکی حکومەت لەم دیاردە دزێوە قێزونە کە ناوبانگی ناوچەکانی سلێمانیشی زڕاندووە نایەتە دەنگ، ئایا لەبەرئەوەی حیزبەکەی ئەو کارە دەکات، ئایا لەبەرئەوەی براو ئامۆزاکەی بەرپرسن لەو گەندەڵیە..؟ بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی جیاوازە، ئەوا دەبێت لەسەر ئەم کێشەیە بێتە دەنگ، خەڵک کە لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨ دا نزیکەی ١٥٠ هەزار دەنگی پێداوە لەبەر ئەوە پێیداوە تا ناو و ناوبانگی سلێمانی چاک و جوان بکات، نەک وەک ئێستا تا ئەوپەڕی خراپی ناوی بزڕێنرێت، خۆ ئەگەر قوباد تاڵەبانی دەرۆستی کەسە دەستڕۆشتووەکانی حیزبەکەی نایەت، زۆر بە ئاشکرا رایبگەیەنێت کە ئەو ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەواندا بسەپینێت و، خەڵکی کوردستان خۆتان بڕژێنە سەر شەقامەکان و، خۆتان سنورێک بۆ ئەم دزی و گەندەڵیە دابنێن کە بەهۆی توێژێکی کەمی سیاسی دەسەڵاتداری مافیاویە دۆخی ئەم ناوچایەی چەند ساڵ بەرەو دوا گێڕاوەتەوە. - پرسی زەویەکانی بەکرەجۆ و رێگای تاسلوجە: کەس گوومانی لەو گەندەڵییەی ئەو ناوچەیەی سلێمانی نییە کە چه‌ندین به‌رپرسی ئه‌منی، سه‌ربازی، حزبی وحكومی، لەپشت داگیرکردن و بەتاڵانبەردنی ئەو زەویانەوەن، کە ئەمە چەند نموونەیەکیانە و ناوی تۆش لە یەکێکیاندا دێت: - سووتانی سنەوبەرەکانی رێگای تاسڵوجە کە زیاتر له ١٢٠ دۆنمەو ناوی تۆ لەم کێشەیەیاندا دێت کە تۆ داوتە بە کۆمپانیایەک تا بیکات بە گەراج و پێشەنگای ئۆتۆمبیل و شارێکی گەورەی پیشەسازی. تۆ لەکوێی ئەم کارە نا یاساییەدایت و هەڵوێستی خۆت رۆشن بکەرەوە، ئەگەر تۆ بەشدارنیت و بەبڕیاری تۆ نەدراوە بەو کۆمپانیایە بۆ بڕیاری راگرتنی نادەیت و ئەوانەی لە پشت ئەو گەندەڵیەوەن ئاشکرای ناکەیت و نایان دەیتە دادگا. - زەویەکانی ته‌نیشت و پشتی قه‌برستانی عه‌واڵ به هاوبه‌شی، کێی لە پشتە..؟ - زەویەکانی به‌رامبه‌ر وێستگەی کاره‌باكه زیاتر له هه‌زار دۆنمە کێ داگیریکردووەو، دەستی کێی تیایە..؟ - زەویەکانی، به‌رامبه‌ر ده‌رگای پیشەسازی به‌كره‌جۆ، کێی لەپشتە..؟ - زەویەکانی ته‌نیشت فڕۆکەخانەی سلێمانی؟ - زەویەکانی، کێڵگەکانی پەلەوەر ( ده‌واجنه‌كان )..؟ - زەویەکانی کانی گۆمه تا دەگات بە تانجه‌رۆ..؟ - زەویەکانی خوار به‌كره‌جۆ، مەبەست زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانە..؟ - زەویەکانی خه‌لیفاوا كه زیاتر له ١٠٠ پارچه زه‌وی كراوه به‌ناوی کەسێکەوە. لەم هەموو پرسی گەندەڵی و داگیرکارییەی زەویەکانی سلێمانیدا، تۆ لەکوێدا وەستاویت و هەڵوێستت چییە، من دەمێکە بۆ ئەم پرسانە دەستم لە پارێزگار د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ششتووە، هیوادارم تۆ ئەگەر لەم گەمەیەدا نیت، سنورێکی بۆ دابنێیت. ئازادی لەهەولێر و دهۆک.. بەپێی راگەیاندنی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بۆ دەنگی ئەمەریکا، لە خۆپیشاندانەکانی مانگی تەموز و ئابدا لەناوچەکانی زاخۆ و دهۆک و هەولێر و رانییە زیاتر لە ٣٠٥ چالاکوان و رۆژنامەنووس دەستگیرکران و ١٩ کەسیان لە زیندان هێڵرایەوە بۆ ماوەی چەند هەفتە، ئێستاش هەندێکیان ئازاد نەکراون. ئایا تۆ و ستافی یەکێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی وەزیران ئەم پرسە نایاساییەتان کردە بابەتێکی کۆبوونەوە ئۆنلایەنەکانی خۆتان، هەڵوێستی قوباد تاڵەبانی لەم پێشێلکارییەی بەرامبەر ئازادی خۆپیشاندان و میدیا کراوە لە کوێدایە، تۆ ئەگەر جیاوازبیت لەوانی تر لەکوێی ئەم رووداوانەدایت..؟ ناوچەکانی سلێمانی ئەگەر لە رووی رێگاوبان و بیناسازی و هەلی کارەوە لەهەرێمی کوردستاندا ناوچەیەکی پێشڕەو نەبووبێت، ئەوا لە ڕووی کرانەوەو ئازادی و رووبەڕبوونەوەی گەندەڵی نموونەیەکی جوانی حوکمڕانی بووە بەبەراورد بە ناوچەکانی تری هەرێم، پێش یەکگرتنەوەی هەر دوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر، دیوانی چاودێری ئیدارەی ( سلێمانی ) چەند بەرپرسی باڵای هەر لە سەرۆکی حکومەتەوە، تا پلەکانی خوارەوە رووبەڕووی دادگا کردنەوە، یان ئەو دەزگایە دوای کردووە بدرێنە دادگا، بەڵام ئێستا ئەم ناوچانە خەریکە بەتەواوی مۆرک و سیفەتە جوانەکانی لەدەستدەدات، کوا هەڵوێستی تۆ..؟ دوا پرسیاریش لە تۆ و سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی و هاوسەرۆکانی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگییە، تو ویژدانتان ئێوە لە ئەورپا ژیاون حکومی خەڵک بەم شێوەیە دەکرێت کە لە کوردستان ئێوە دەیکەن، یان ئەوەی دەیکەن حوکمی قەرەقوشەو نموونەی لە ناشیرینیدا لە جیهاندا نییە. کێ دەڵێت من جیاوازم، ئەو ئەرز و ئەوەش گەز، فەرموو هەڵوێستەکان و رەفتارت خۆت جیابکەرەوە لەوانی تر!!.
د.سه‌لام عه‌بدولكه‌ریم له‌ئه‌گه‌ری جێگیربوونی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێكه‌وتنی خۆجێی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌پارێزگای دهۆك‌و ده‌ستبه‌رداربوونی قایمقام‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كان، یه‌كگرتووی ئیسلامی نیوه باری سیاسی‌و كاركردنی سیاسی خۆی له‌شانۆی سیاسی باشووری كوردستان راستده‌كاته‌وه. راستكردنه‌وه‌ی سیاسی به‌مانای هه‌وڵی خۆساغكردنه‌وه له‌كاری سیاسی‌دا له‌نێوان به‌شداری كابینه‌ی حكومی‌و حكومه‌تی خۆجێی‌و ئۆپۆزیسیۆنبوون، چونكه تۆ له‌به‌شداری كابینه‌ی حكومیدا، كه‌وه‌زاره‌ته‌كان‌و شوێنی بڕیار‌و كاركردنه ئۆپۆزیسیۆن بیت‌و به‌شدار نه‌بیت، به‌ڵام له‌خواره‌وه‌و له‌حكومه‌تی خۆجێیدا به‌شدار بیت، كه‌تاڕاده‌یه‌ك په‌راوێزیه‌و ده‌سه‌ڵات‌و رۆڵ‌و كاریگه‌ریش دیاریكراوه‌و بگره رێگریشی زیاتره، به‌تایبه‌ت كه‌حكومه‌ت‌و زۆرینه‌ی كابینه‌ی حكومی‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی لای پارتێكی سیاسی تر بێت، ئه‌وا هیچ مانایه‌ك بۆكاركردنی سیاسی ته‌ندروست نامێنێته‌وه، هه‌روه‌ك ئه‌م به‌شداربوونه خۆجێییه سیحری بانگه‌شه‌ی ئۆپۆزیسیۆنبوونی یه‌كگرتووی ئیسلامی تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌تاڵكردبۆوه‌و روبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی خه‌ڵكی ده‌كرده‌وه. دیاره ئه‌و به‌شدارییه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ئیستحقاقی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانه‌وه هه‌یه‌و یه‌كگرتوو مافی خۆیه‌تی‌و به‌شێكیشی ره‌نگه په‌یوه‌ندی به‌دۆخی ناوخۆیی ئه‌و حزبه‌وه هه‌بێ‌و ئێمه ئاگاداری نه‌بین، به‌ڵام گه‌ر یه‌كگرتوو بیه‌وێت رۆڵی گه‌وره‌تر بگێڕێت‌و جێی ئومێدی زیاتری ئه‌ندام‌و لایه‌نگر‌و جه‌ماوه‌ریش بێت، ده‌بێ ورده ورده هه‌وڵبدات رێساكانی كاری سیاسی باشتر جێبه‌جێ بكات، به‌تایبه‌ت له‌مه‌سه‌له‌ی به‌شداری حكومی‌و ئۆپۆزیسیۆنبووندا، ته‌نانه‌ت ده‌بێ لێره به‌دواوه‌و له‌داهاتوودا له‌ئه‌گه‌ری به‌شداری حكومیشدا به‌مانای وشه به‌شدار بێت، كه‌ئه‌مه مه‌حاڵه لای عه‌قڵیه‌تی حكومڕانی كورد وه‌كخۆی جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام گه‌ر وانه‌بێت ئه‌زمونی سه‌رنه‌كه‌وتووی رابردوو دووباره ده‌كاته‌وه. هاوكات راستكردنه‌وه‌ی نیوه‌ی باره سیاسیه‌كه‌ی تری یه‌كگرتووی ئیسلامی وه‌ك په‌رله‌مانتارێكی كوردستانیشیان داوای كردووه بریتیه له‌كشانه‌وه‌یان له‌حكومه‌تی خۆجێی پارێزگای سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌ش، چونكه ئه‌وه‌ی تائێستا راستده‌بێته‌وه نیوه‌ی باره‌كه‌یه نه‌ك هه‌مووی. ئه‌ڵبه‌ت پێشتریش وتوومه یه‌كگرتوو یه‌ك له‌و حزبه سیاسیانه‌یه، كه‌كادیری ناوه‌ندی زۆره‌و توانای ئیداره‌دانی ململانێ‌و نه‌فه‌س درێژیان له‌كاری رێكخراوه‌یی‌و سیاسی‌دا هه‌یه، ئه‌گه‌رچی له‌رابردوودا به‌هه‌ندێ هۆكاره‌وه به‌شێك له‌توانا مرۆییه‌كانی ئه‌و كادیره ناوه‌ند‌و سه‌ركردایه‌تیانه‌یان له‌ده‌ستداوه، به‌ڵام له‌توانایاندا هه‌یه دروستی‌یان بكه‌نه‌وه. بۆیه ئه‌سته‌مه بۆیه‌كگرتووی ئیسلامی، كه‌له‌م كابینه‌دا به‌شدار نییه‌و خۆی وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن راگه‌یاندووه، بتوانێ تاهه‌ڵبژاردنی داهاتوو دێته پیشێ‌و بیه‌وێ قه‌ناعه‌ت به‌خه‌ڵك بكات له‌پرۆسه‌ی سیاسی‌دا هاوسۆز‌و پشتیوانی بن، تاكه‌مو كورتی‌و باری لاسه‌نگی سیاسی خۆت ته‌واو رێك نه‌كه‌یته‌وه، كه‌له‌م قۆناغه‌ی ئۆپۆزیسیۆنبوونی یه‌كگرتوودا خاڵی لاوازی یه‌كگرتووی به‌شدارییانه له‌به‌رپرسیارێتی حكومه‌ته خۆجێییه‌كاندا، كه جگه له‌زیان سودێكی ئه‌وتۆ به‌ئاینده‌ی كاری سیاسی ئه‌م حزبه ناگه‌یه‌نێت له‌رووی چه‌مكی به‌شداری سیاسی‌و ئۆپۆزیسیۆنبوونه‌وه ده‌بوو هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بوێرانه‌تر بیانتوانیایه له‌گه‌ڵ نه‌چوونه حكومه‌ت بڕیاری كشانه‌وه له‌حكومه‌ته خۆجێیه‌كانی دهۆك‌و سلێمانی‌و هه‌ڵه‌بجه‌ش بده‌ن، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆ كۆمه‌ڵی ئیسلامیش راسته ناكرێ بۆ پۆست‌و دوو پۆست‌و خاتری كادیر‌و دوو كادیر ته‌واوی رۆڵ‌و ئومێدی حزبه‌كه‌ت بكه‌یته تۆزی به‌ر بای ره‌شه‌بای شه‌قامی سیاسی‌و كاری سیاسی له‌كوردستان، ده‌بێ ئیدی یا له‌حكومه‌ت بی به‌هه‌موویه‌وه یا له‌ده‌ره‌وه بیت، ئه‌گه‌ر هاتوو بڕیارتدا ئۆپۆزیسیۆن بیت، به‌تایبه‌ت به‌شداری له‌حكومه‌تێكدا، كه له‌به‌ر دزی‌و فزی‌و گه‌نده‌ڵی نه‌ك موچه‌و شایسته‌ی بژێوی‌و ئه‌رك‌و ماندووبوونی فه‌رمانبه‌رانی به‌ره‌وا نابینێت‌و پێی نادرێ، به‌ڵكو هێنده چاوچنۆكیشه ته‌ماعی كردۆته موچه‌ی موچه‌خۆران‌و هه‌موو چاكسازیه‌كه‌یان له‌كه‌مكردنه‌وه‌و لێبڕینی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كورت كردۆته‌وه.
رێبوار كەریم وەلی بابەتی پرساندنی حكومەت لەسەر بابەتێكی گشتی، وا خەریكە لێكەوتەكانی بەسەر تانوپۆی سیاسەتی كوردستان بەدیار دەكەوێ. * بزووتنەوەی گۆڕانی كردە دوو، یەكێتیی كۆن‌و نوێی بەگژیەكدا كرد، (یەك گرتوو)ی كردەوە یەك‌و كۆمەڵیشی لێك كۆكردەوە. * بابەتی پرساندنی حكومەت‌و وەزارەتەكانی یەكێكە لە ئەولەویاتی ئیشی پەرلەمان‌و شتێكی ئاساییە ئەگەر سیستەم دیموكراتی بێت. بەڵام لە كوردستان كراوە بە تابۆ! لە كاتێكدا، پرساندن دەرفەتێكە بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێ بە وەڵامی موقنیع بۆ پەرلەمانتاران متمانەی خۆی نوێ بكاتەوە. * یەكجارو لەسەردەمی كابینەی شەشەمی حكومەت سەرۆكوەزیران پرسێندرا. ئیستیزاح كرا. * گۆڕان لە ئەوجی قودرەتدا بوو. روبعێكی پەرلەمانیان لە دەستدا بوو. 17ی شوبات رووی دابوو، لەیادی هەڵەبجەشدا، فەردەیەك لینگە پێڵاویان لە سەرۆكی حكومەت گرتبوو! سەرباری ئەوەش سەرۆكی حكومەت لە لاوازترین پێگەوە هاتە پەرلەمان‌و زۆر بەهێزەوە لێیدەرچوو. * پارتی‌و كۆتاكان زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستە. ئەستەمە حكومەت بە لێسەندنەوەی متمانە هەڵوەشێتەوە، بەڵام لە روانگەی پارتییەوە حكومەتێك كە نەتوانێ پتر لە حەفتا لە سەدی پەرلەمانی لەگەڵدا بێت، چاوشكێن دەبێ. ئەوە باجی شەڕە ژمارەیە! * پارتی لە حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات ناترسێ، بەڵام ترسی راستەقینەی لە حزبە موئتەلیفەكانیەتی كە پێیوایە باریان نییە. بۆیە پرساندنی وا لێ بووە بە مەسەلەی مان‌و نەمان. * بۆ ئەو حكومەتەی ئێستا نابێ پرساندن وەك پردی سیڕاتی لێبكرێت‌و وا نیشان بدرێت كە ئەگەر لەكاتی متمانە وەگرتندا، چەند دەنگێك كەمتر بێنێت دەشكێت. * دەستبردن بۆ ترساندن لە پێناوی نەپرساندن، پارتی گۆشەگیر دەكات. سزادانی ئەو حزبانەی كە لە سۆنگەی ریفراندۆمەوە لە هەڵبژاردندا باجی قورسیان دا، ئێتیك نییە!
نەوزادی موهەندیس • نەهامەتی و خوێنڕشتن و قاتوقڕی و برسێتی و جەنگ و ماڵكاولی و داگیركردن و براكوژی و هەژاری و دواكەوتوویی، هەموانیان وەك نەفرەتێكی خودایی گەردنی ئەم كۆمەڵگا و وڵاتەی گرتۆتەوە كە ناودەبرێت بە عێراق و عێراقیەكان،نەك تەنها بۆ ماوەی كەمی دوای دروستبوونی بەزۆرەملێی ئەم دەوڵەتە لەساڵی 1921ی سەدەی ڕابووردوە و كە نزیكبۆتەوە لە 100 ساڵ،بەڵكو ئەم نەفرەتی خوداییە درێژدەبێتەوە بۆ 5هەزار ساڵ لەمەوبەر و هەر لەوكاتەی یەكەمین شارستانێتی مرۆڤایەتی و سۆمەریەكان لە میزۆپۆتامیا و وڵاتی دوو ڕووبار و وڵاتی خاكی ڕەش و ...هتد. و تا ئێستاش هەر بەردەوامە. • دروستكردنی دەوڵەتی عێراق پێش 100ساڵ بەزۆرە ملێی بەریتانیای داگیركەر و لە پێناو مسۆگەركردنی جێگە و پێگەی خۆی لەناوچەكەدا و دزین و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی زۆر وزەوەندی ئەم وڵاتە،بەشێوەیەك كە هیچ كات نابێتە وڵاتێكی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی لەبەرئەوەی لەلایەك بەزۆر پێكەوەلكێنراوە لەنێوان دوو خاكی جیاواز و دوو نەتەوەی سەرەكی جیاوازدا كە عەرەب و كوردە و دواتریش پێكهاتە و كەمینەی تری توركومان و كلدۆئاشوری و ..هتد. تێخزێنراوە و سەرەڕای ئەمەش جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیشی هاتۆتە سەر و هەمیشە ئەم هەموو جیاوازی و دژ بەیەكانە لە ململانێ و خوێنڕشتنی یەكتردا بوون و ئیدی كات و زەمانی پێویستیان نەبوە بۆ بیركردنەوەیەكی مرۆڤایەتی كە پێكەوە بەئاشتی و ئارامی بژین ،ئەوەندەی لەهەوڵی تۆڵەكردنەوە و خوێنڕشتنی زیاتردا بوون نیوهێندە بەتەنگ ئاشتبونەوە و پێكەوەژیان و گەشەو و پێشكەوتنی وڵاتەكەدا نەبوون. هەربۆیە لەو مێژووە 100 ساڵەیی دوایدا هیچ دەیە ساڵێك شك نابەیت كە عێراق و عێراقیەكان بە ئارامی گوزەرانیان كردبێت.بەڵكو هەمیشە سەرگەرمی شەڕ و جەنگ و كوشت و بڕی یەكتر بوون بەتایبەتیش لە نێوان عەرەب وەك نەتەوەی سەردەست و كوردیش وەكو نەتەوەیەكی داگیر و كوردستانیش وەك خاكێكی دابەشكراو. • هەربۆیە نەعێراق لەماوەی 100 ساڵی ڕابووردوودا گەشە و پێشەكەوتنی بەخۆوە بینیوە و نەئارامی و ئاسایشیشی بۆ جێگیر بوە،لەبەرامبەریشدا كورد و كوردستانیش بونەتە قوربانی بەردەوام و سووتماككردنی خاك و نەتەوە و نیشتیمانەكەی بۆ ماوەتەوە.بۆیە گەرەكە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی صدامی لە 2003دا و هاتنە سەر دەسەڵات لەلایەن نوخبە و كەسان و سەركردەی سیاسی نوێوە،ئەو بەرنامە و نەهج و فكر و تێڕوانینە شۆڤێنی و دەمارگیری عەرەبە وەلا بنرێت و لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشهاتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكاندا مامەڵەی بەغداد لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بگۆڕێت و بە پلەی 180 پێچەوانەی هەموو ئاكار و خوو و ڕەوشتە قێزەونەكانی پێشوو هەنگاو بەرەو ئاشتبونەوە و پێكەوەنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراسی و ئازادی و وەكیەكی و خۆشگوزەران هەنگاو بنێت و ڕێز لەمافی تەواوی هاوڵاتیان بگرێت بەبێ جیاوازی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانەوە. تەنها پێوەر هاوڵاتیبون و ئینتیما و خۆشەویستی و خەمخۆری بێت بۆ وڵات و كۆمەڵگاكان. كاربكرێت بۆ بەشداریكردنێكی ڕاستەقینەی كورد و ئەوانی تریش لەناوەندە گرنگ و بڕیار بەدەستەكانی بەغدادا،نەك وەك پێگەیەكی كارتۆنی لێیان بڕوانرێت ،كاربكرێت بۆ بەشداریپێكردنێكی هاوسەنگ و ڕاستەقینە لەتەواوی جومگەكانی حوكمڕانیدا،بۆئەوەی هەموان هەست بكەن بە ماف و شكۆ و كەرامەتی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی خۆیان و وەك هاوڵاتیەكیش لەم نیشتیمانەدا.دەكرێت هەموو كێشە و كەڵەكەبوەكانی چەند ساڵە لەسەر مێزی گفتوگۆ و شەفافانە و دوور لە توندوتیژی و دوور لە هەژموونی دەوڵەتانی دراوسێ پێكەوە و وەك یەك تیم گفتوگۆ بكەن و كاریش بۆ چارەسەركردنیان بكرێت،هەموانش دەستبگرن بە دەستور و ڕێزی بەند و مادەكانیشی بگرن. هەرێم و بەغداد ببنە تەواوكەری یەكتری نەك دوژمن و نەیار و تێكدەری قەوارە و سەروەری و ئارامی و ئاسایشی یەكتری. • گەر وانەكەن و بەو ئاڕاستەیە هەنگاو نەنێن،ئەوا نەعێراقێكی ئارام و نە كوردستانێكی هێمنیش پەیدا دەبێت و نەگەشە و پێشكەوتن ڕوودەدات و بگرە ڕەوڕەوی مێژوو بە پێچەوانەوە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە.مەسەلەی كورد هەم لە عێراق و هەم لە ناوچەكەشدا گرنگ و كاریگەرە و لە ئێستادا بۆتە كارتی فشار و تەنانەت یاریزانێكی سەر گۆڕەپانەكانە و هەموان بە زلهێز و وڵاتانی ناوچەكەشەوە هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی و هەمئاهەنگی دەدەن لەگەڵیدا. چونكە كورد بەشێكی گرنگ و زۆر هەستیاری كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بەهۆی بوونی لە 4 وڵاتی ناوچەكەدا و لەئێستاشدا بۆتە كێشە و مەسەلەی ژمارە یەكی ناوچەكە و پاڵی بە مەسەلەی فەلەستینیەكانەوە ناوە بۆ دواوە. • بۆیە گرنگە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەلایەك و بەغدادیش لەولاوە لەم حەقیقەت و ڕاستی و گۆڕانكاریانە بگەن و لەسەر ئەو بنەمایانەش مامەڵە لەگەڵ یەكتردا بكەن، چونكە تا ئەو كاتەی قەدەری ئەم بەشەی باشوور بە دەوڵەتی عێراقەوە گرێدرابێت دەبێت بەناچاری مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام ئەوەی لەماوەی 17 ساڵی ڕابووردوودا هەستی پێدەكرێت و لەسەر زەمینەی واقعیش دەبینرێت ئەوەیە كە هەرێم گەرەكێتی لەو قەفەسی 100 ساڵەییە ڕزگاری ببێت كە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە وبەزۆر پێوەی لكێنراوە و دەیهەوێت هەنگاو بەرەو جیابونەوە و سەربەخۆی هەڵبنێت و لەولاشەوە عێراقیش لە گرنگی(( سیاسی و ئابوری و ئەمنی و ...هتد)) و بون و مانەوەی هەرێم لەچوارچێوەی دەوڵەتەكەیدا باش تێگەیشتوە و نایهەوێت بەهیچ جۆرێك لێیداببڕێت،هەربۆیە نە پێكەوە دەتوانن بە متمانەوە كاربكەن و نە دوور لەیەكیش دەتوانن هاوكاری یەكتر بن لانی كەم لەم قۆناغەدا و ئیدی نازانرێت ئایندە چی بۆ پەنهان داون. بۆە ناكرێت بەم شَوەە بەردەوام بن و وەك دوو دەسەڵاتی نەزۆك تەنها لە بازنەیەكی بۆشدا بخولێنەوە و هیوا و ئاوات و ئایندەی هەم كورد و كوردستان و هەمیش عێراق و عێراقیەكان لە گۆڕبنێن لە خەونبینین بە ئاشتی و ئارامی و گەشە و پێشكەوتنەوە.
سەرتیپ جەوهەر محەمەد جەناح لە 1944 نامەیەكی بۆ مهاتما گاندی نارد، لەبەشێكیدا دەڵێت " یٔێمە میللەتێكین تایبەتمەندی كەلتورو شارستانییەت و زمان و یٔەدەب و هونەری بیناسازیی و ناو و زاراوەی تایبەت بەخۆمان هەیە، بەكورتی یٔێمە تێگەیشتنی تایبەت بەخۆمان هەیە لەژیان و بۆ ژیان، بەپێی هەموو پێوەرو بنەمایەكی یاسای نێودەوڵەتیی یٔێمە گەلین". مەبەستی محەمەد جەناح لە نامەکە، یٔێمە لە هیندستان جیادەبینەوەو هیچ شتێك نییە لەگەڵ هیند كۆمان بكاتەوە، دوای یٔەو نامەیە، یٔیدی هەنگاوی كرداریی بۆ جیابونەوە دەستیپێكردو سەرەنجام لە 1947 پاكستان سەربەخۆیی خۆی راگەیاند. لەبارودۆخێك پاكستان جیابویەوە، كە هەزاران كەس لەتوندوتیژیی نێوان هەردولا ببونە قوربانیی، لەو سەردەمەدا، هیندییەكان گاندیان هەبوو، پاكستانییەكانیش جەناح. لەكاتێكدا جەناح یٔەو نامەیەی بۆ گاندی رەوانەكرد كە بەریتانییەكان كە داگیركەرو كۆڵۆنیالستی هیندستان بوون، رەزامەند بوون لەسەر ناوەرۆكی نامەكە، بەڵكو هاندەربوون بۆ جیابوونەوە. یٔێمەی كورد هەمان واقعمان هەیە لەگەڵ عیراق، خاك و نیشتیمان و كلتور‌و دونیابینی خۆمانمان هەیە بۆ ژیان، لەهیچ دوڕیانێك یەكناگرینەوە، هەمان پەیام و نامەمان هەیە كە جەناح نوسیبوی بۆ گاندی، بەڵام زەمینەی گەیاندنی پەیامی كورد وەك گەلێكی ستەملێكراو حیكمەت و سیاسەتێكی لەسەرخۆو زیرەكانەی دەوێت. یٔەو پەیامەی كورد كە سەدان ساڵە خەبات و خوێنی لەپێناو دەڕێژێت، تێكەڵ بەخواستی شەخسی و حزبیی كرا‌و لە 25 یٔەیلول لەژێر ناوی (ریفراندۆم) لەپرۆژەیەكی ناوەخت بۆ دەیان ساڵی دیكە دواخراو زیانێكی زۆر گەورەی بەركەوت. بۆیە رەنگە بپرسین كێ یٔەو نامەیە بنوسێت بۆ بەغدا؟ كێ یٔەو نامەیەمان لێ وەرگرێت؟ عەرەبیش دەڵێت "من استعجل شییٔا قبل اوانه عقب بحرمانه". یٔەوە یٔەمساڵ 3 ساڵ بەسەر پرۆژەی ریفراندۆمدا تێدەپەڕێت، دەپرسین پرسی كورد لەعیراق چەندە لەپاشەكشەدایە؟ یٔەرێ هاوڵاتیانی كوردستان كە بەشداریان لەریفراندۆمەكەدا كرد یٔێستا هەمان پرسیاریان لێبكەینەوە تۆ بڵێی وڵامی یٔێستایان چی بێت؟ لێكەوتەی دوای پرۆژەی ریفراندۆم یٔەوە نەبوو تەنها دوژمنانی كوردستان پیلانگێڕی لەدژی كورد بكەن، یان وڵاتانی زلهێزی وەك یٔەمریكاو بریتانیا دڵنیایی بدەنە بەغدا كە كوردستان بەشێكە لەجوغرافیای عیراق، بەڵكو لێكەوتە خراپەكان دواتر دەركەوتن یٔەویش هاوڵاتیانی كوردستان بۆیان روونبویەوە پرۆژەی ریفراندۆم پرۆژەیەكی قەومیی ستراتیژیی نەبوو، یٔەنجامەكەیشی یٔێستا برسێتی و نەبوونی وایكردووە پیرە دایكێكی جەرگ سوتاوی خاوەن یٔەنفال بەعەرەبێكی شیعە بڵێت (كوردستان یٔەمانەتی تۆ بێت).
ئیبراهیم زوبێدی وەرگێڕانی : ئافەندی مەهاباد ھیچکات بەمێشکی سەرکردەکانی سیاسی کورد،بەتایبەتی بارزانیەکاندا نەھاتبوو،کە رۆژێ دادێ وڵاتی ئیسرائیل پێگەی دوژمنە سەرەکییەکانی خۆی،یانی وڵاتانی عەرەبی لەدەست بدات و بەتەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران لەو پێگەیەدا بمێنیتەوە و ئیسرائیل،"ھەرێمی کوردستان"بخاتە پەراوێزەوە، بۆ ڕازیکردنی ھاوپەیمانە نوێیەکانی لە ناوچەکەدا و سەرمایەگوزاری لەسەر وڵاتانی تر و حیزبەکانی تر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بکات و پاڵپشتیەکانی خۆی بۆ بەراوردەکردنی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد بۆ دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان بەپاڵپشتی و ھاوکاری بێ‌کۆتایی ئیسرائیل و ئەمریکا وەڵا بنێ. ئیسرائیل و کورد؛ بەپێی نوێترین ڕاپۆڕتی ناوەندی ڕاگەیاندنی (عەرەب ئونڵاین) کە بنکەی سەرەکی ئەو ناوەندی لە وڵاتی بەریتانیایە،(ئیبراھیم ئەڵزوبێدی)نووسەری عەرەب بەو ناونیشانەی سەرەوە دەستی بەنووسینی وتارێک کردوە و دەڵێ؛ لە دوای گۆڕانکارییەکی مشتومڕھەڵگر و پڕ بایەخ،فرۆکەکانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی ئازادانە بەئاسمانی وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی،بەحرێن،میسر و سوودان بەرزبوونەوە و بەمزووانەش بەسەر ئاسمانی عێراق ومۆریتانیا و مەغریب ـ یشدا،دەفڕن.ھەروەک فرۆکەکانی ھێڵی ئاسمانی کۆمپانیا جیاوازەکانی ھێڵی فرۆکەوانی وڵاتانی جیھان بێ ھیچ کێشە و نیگەڕانی و دژایەتیکردن و سەرسووڕمانێک لە فرۆکەخانەی ئەبووزەبی پایتەختی میرنشینی وڵاتانی عەرەبی دەنیشنەوە. ئیسرائیل ئیتر پێویستی بە چۆڵەکە بچووکەکانی سەر تاقە دارێک نییە،ھەر لەبەر ئەوەشە بڕیاریداوە دەستبەرداری کارتی گوشاری دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان بووە،کە بە ساڵانە دەیھەویست وەک چیرۆکی"ئەسپی تروادە" لەناو دڵی وڵاتانی ناوچەکدا کەڵکی لێوەرگرێت.بەتایبەتی لەدوای ئەزموونی چەندین ساڵەی تاقیکردنەوە و ھەڵە دەچوون،بۆی ڕوونبۆتەوە بەرپرسانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان (یەکێتی و پارتی)نەک تەنیا ئەمرۆ،بەڵکوو لە داھاتووشدا و بگرە دوای چەندین سەدەی تریش،شیاو و لێھاتوو و ھێژایی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆیان نییە.!! نووسەری ئەو وتارە ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کردوە،ھەڵوێستی نوێ ئیسرائیل سەبارەت بەھەرێمی کوردستان،نە لەلایەن رۆژنامەنووسێکی عێراقیەوەیە نووسراوە و نە لەلایەن نووسەرێکی عەرەبەوە و بەڵکوو لەلایەن (یەھوود یەعرا)نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئیسرائیلیەوە نووسراوە،کە پێوەندی زۆر نزیک و کاریگەری لەسەر ناوەندەکانی بڕیاریدان لە ئیسرائیل‌دا بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە.(یەھوود یەعرا) بەشێوەیەکی ئاشکرا لە کاناڵی تێ‌ڤی (دوانزدە)ی، ئیسرائیل‌دا ئاماژەی بەو خاڵە کردوە،کە ئیسرائیل لە پشتیووانی و یارمەتی ستراتیژییەکانی لە گەلی کورد بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی بەدرێژایی چەند سەدەی ڕابردوو پەشیمان بۆتەوە.(یەھوود یەعرا) گرنگترین ھۆکاری ئەو پشتیوانیانە دەگەڕێنیتەوە بۆ یارمەتی سەربازی و لۆجستیکی،ناردنی وەفدی ڕاوێژکاری،تیمی پزشکی و پشتیووانی دیپلۆماسی و کڕینی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی قاچاخ و نھێنی لە بازاڕەکانی جیھاندا و ھەروەھا ئاماژە بەوەش دەکات،کە بۆ خۆی ساڵانێکی دوورودرێژە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی کورد پێوەندی بەھێز و دۆستانەی نزیکی ھەبووە و بەردەوام خۆی وەک کەسێکی پاڵپشتیکاری خەباتی ئازادیخۆازی کوردی پێناسە کردوە،بەڵام ئێستا لەدوای لێکۆڵینەوە و چاوەدێری کردنی بارودۆخی ئێستای کوردستان ئەوەمان بۆ ئاشکرا بووە،کە بەرپرسانی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان زۆر بەئاسانی ئەو دەرفەتە زێڕینانەی کە بۆیان ڕەخساوە لەدەست ئەدەن.بە گووتەی ئەو نووسەرە ئیسرائیلیە،ھەتا ئەگەر (جۆ باێدن)یش،ببێتە سەرۆککۆماری ئەمریکا،جارێکتر پێشنیاری ڕابردووی خۆی بۆ جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی لە عێراق ناخاتە بەرباسەوە.ھۆکاری ئەو بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ شکەستی سەرکردە کوردەکانی باشوور لە دەست ھەڵنەگرتن لە ھەڵسووکەوتی چەوتی نەریتی باوی ڕابردوویان،لە بواری شەڕی ناوخۆیی و تووندوتیژی وئاژاوەگێری ناوخۆی خۆیان و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ھاوپەیمانی لەدەرەوەی کوردەکان،مەبەست بوونە ھاوپەیمانی ئێران و تورکیە و ھەروەھا نووقمبوون لەناو گەندەڵی دایە.چۆن ساڵانێکی زۆرە ئەو دوو حیزبە خەریکی سڕینەوە و پاکتاوکردنی یەکترین.بەرپرس و سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبە (یەکێتی و پارتی)بەساڵانە خەریکی سووکایەتی وجنێودان و پەراوێز خستنی یەکترین و ئێستاش ئەو شەڕەیان گۆازتۆتەوە بۆ ناو ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و دیارە یەکێتی و پارتی ئەوەیان پێ باشترە. لایەنگرانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە شاری ھەولێر و دھۆک لەناوخۆیاندا کێشەیان ھەیە.بەرپرسانی بنەماڵەی تاڵەبانیش کە کۆنترۆڵی شاری سلێمانیەیان بەدەستە،لەدژی بنەماڵەی بارزانی دەجووڵێنەوە،ھەروەھا لەناوخۆی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانیشدا کێشە و ناکۆکی زۆر ھەیە و لایەنگرانی ھاوسەری جەڵال تاڵەبانیش لەگەڵ باڵەکانی تری ناوخۆی ئەو حیزبە لە شەڕی نەرم و بەردەوام دان.تەواویی ئەو ناکۆکییانە لەدوای ئەوە ڕویداوە کە ھێزەکانی پێشمەرگەی ئەو دوو حیزبە زۆربەی ئەو ناوچانەی لەدوای شەڕی داعش و شکەستی ئەو گروپە تیڕۆریستیە توانیان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە،بۆ نموونە شاری کەرکووک کە لە لەلایەن گەلی کورد بە قوودسی کوردستان دەناسرێت،دوبارە لە دەست بدەنەوە و بەرپرسانی ھێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی بێ ھیچ ھەماھەنگییەک لەگەڵ بەرپرسانی ھێزەکانی بارزانی کە لە حاڵەتی شەڕ و بەرگڕی لە ناوچەکانی نزیک شاری کەرکووک دابوون،لەو شارە کە بەشاری نەوت دەناسرێت پاشەکشەیان کرد.(یەھوود یەعرا)ھۆکاری ئەو شکەستە دەگەڕێنیتەوە بۆ گوێ پێنەدانی دەسەڵاتدارانی کورد بەئامۆژگاری و پێشنیاری ھەموو دۆستەکانی خۆیان لە سەروی ھەموویانیش وڵاتی ئیسرائیل،سەبارەت بە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی لە عێراق لە پاییزی ساڵی(٢٠١٧ (دا.پرۆسەی ڕێفراندۆم و بەشداری و چوونی جەماوەری ھەرێمی کوردستان بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان،بووە ھۆکاری ئەوەی کورد زۆربەی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لە چوارچێوەی جۆگرافیای کوردستانی باشوور لەدەست بداتەوە و لەو کاتەشەوە ھەتا ئێستا بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان پرسی ئەنجامی ڕێفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە عێراقیان بەتەواویی فەرامۆش کردوە.شرۆڤەکار وچاوەدێری سیاسی ئیسرائیلی (یەھوود یەعرا) لە درێژەی بابەتەکەیدا،ئاماژەی بەوەش کردوە،ھەر کەسێک پێیوایە کوردەکان دەتووانین یەکێتی و یەکگرتوویی لەناوخۆیاندا دروست بکەن،بەتەواویی لە ھەڵەدایە،چۆنکە ناکۆکی بەردەوام لەناو ھەموو ھێزە چەکدارە کوردەکاندا بوونی ھەیە و رۆژ لەگەڵ رۆژ ئەو ناکۆکیانە زیاتریش دەبن.بۆ نموونە بارزانیەکان پێوەندی بەھێزیان لەگەڵ ئاک‌پارتی و ئەردۆغاندا ھەیە و تاڵەبانیەکانیش بەردەوام لەگەڵ ئێران لە پێوەندی بەھێز دانە و ھەر دوو لایەنەیش ھەوڵی پاراستنی پێوەندییەکانیان ئەدەن،لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیە.ئەوی لەسەرەوە خوێندتانەوە کورتەی نوێترین ھەڵوێستی ئاشکرای دەوڵەتی ئیسرائیل بوو،سەبارەت بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسانی یەکێتی و پارتی،کە بۆ ھەموومان جێگای تێڕامان و سەرنجڕاکێشان بوو. https://againsterhab.com/?p=13076
