ئەمە مانای رەتکردنەوەی توندوتیژییە
2020-09-20 20:12:06
فەرحان جەوهەر
ئەو هەرایەی لەم رۆژانەدا لەسەر چاوپێکەوتنەکەی مەلابەختیار و بڵاوکردنەوەی یاداشتەکانی پەیدابووە، دەکرێ بەدیوێکدا وا سەیری بکەین، کە ئەمە مانای رەتکردنەوەی توندوتیژییە لەلایەن کۆمەڵگهی ئێمەوە، هەروەها ئاماژەی ئومێدبەخشن کە کۆمەڵگای ئێمە گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە، چونکە لە کاتی خۆی کومەڵگهی ئێمە هەموو ئەو کارە ناڕەوا و توندوتیژییانەی لە ناو شۆڕش و شاخدا دەکران، وەک ئەمڕۆ نەک رووبەروویان نەدەبووەوه، بەڵکو بە پیرۆز و رەواشی دەزانین، کەچی ئەمڕۆ ئەوکردە توندوتیژییانەی سەردەمی شۆڕش و شۆڕشگێڕان بوونەتە مایەی قێزلێبوونەوەی نەک هەر ئەو کاراکتەرانەی تووندوتیژیان ئەنجامداوە، بەڵکو خەریکە دەبێتە مایەی قێزلێبوونەوەی سەرجەم مێژووەکەشی.
ئەمە مانای گۆڕانێکی مەزنە لە هزرو بیرکردنەوەی کۆی کۆمەڵگای ئێمە کە توندوتیژی رەتدەکاتەوە و چیتر بەڕەوای نازانێ و گەیشتووهتە ئەو بڕوایەی کە توندوتیژی هەر توندوتیژی بەرهەمدێنێتەوە و هیچ چارەسەریشی پێنییە، ئەم بڕوایە خەریکە ئەمڕۆ دەبێتە بڕوایەکی سەرتاسەری جیهانی و لە ئەنجامی گڵۆبالیزهیشنەوە پەیدابووە، دوای نەمانی شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی بلۆکی رۆژهەڵات بەسەرکردایەتی سۆڤیەتی جاران، کە سەرچاوەکەی لە ئایدۆلۆژیای مارکسییەوە هەڵدەقووڵا و زۆربەی جیهانی گرتبووەوه بە تایبەتی رۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست و ئەمهریکای لاتینی، ئەم ئایدۆلۆژیایە وەک چۆن بڕوای ئایینی توندڕەو لە ئێستا و رابردووشدا خوێنێکی زۆری مرۆڤایەتیان رشتووە بەهەمان شێوە ئەو بڕوا ئایدۆلۆژییە مارکسییەش، خوێنێکی زۆری مرۆڤایەتی بەناحەق رشتووە.
چۆن لە ناو هەموو ئایینەکاندا هەمیشە گرووپێکی توندڕەو پەیدا دەبن و خۆیان بەخاوەنی دەزانن و پەنا دەبەنە بەر توندوتیژی، مارکسییەتیش گرووپێکی توندڕەوەی ناو بزووتنەوەی چەپایەتی جیهانییە و بەناحەق بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر خۆی کردبووە خاوەنی ئەو بزووتنەوەیه و لەکەداری کردبوو، بەهەمان شێوە لە مێژووی ئیسلامیشدا خەواریج و قاعیدە و داعش، لە مێژووی مەسیحیشدا گرووپی توندڕەوی وەک هەیکەلی فورسان و جەیشی رەب و بهرقی شەرقیە کردەی زۆر قیزەونیان ئەنجامداوە و ناوبانگی ئایینەکەیان لەکەدار کردبوو.
رۆژئاوا بە هۆی بزووتنەوەی رۆشەنگەرییەوە کۆمەڵگای خۆی لە هەردوو توندوتیژی ئایینی و مارکسی رزگارکردووە و بەرەو قۆناغی ریفۆرم و ناتوندوتیژی هەنگاوی نا، توانی لە زۆربەی بوارەکاندا سەرکەوێ، بەڵام رۆژهەڵات و ناوچەکانی تر نەیانتوانی نەخۆیان رۆشەنگەری بەرپا بکەن و نە سوودیش لە رۆشەنگەری ئەوروپا وەرگرن، بۆیە هەر لە ناو ئەم هەردوو زەلکاوەی توندوتیژیدا مانەوە.