Draw Media

بەتەنیشت نەوشیروان مستەفاوە

بەتەنیشت نەوشیروان مستەفاوە

2020-09-18 17:10:10


مام رۆستەم               

ئەو رۆژانەی بە حەماسەتی پاكی كوردایەتی و ئازادی بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، لە كڕێوەی بەفری زستانی چیای قەندیل و لە گڕەی گەرمی گەرمەسێردا چەكمان لە شانماننا، روحمان لەسەر دەستمان و دەستمان لەسەر پەلەپیتكەی تفەنگەكانمان، تفەنگەكانیشمان روو لەو دوژمنەی كە رۆژێك براكەی من و رۆژێك گەنجی گوندەكەی ئیوەی گوللە باران دەكرد، ئێمە بە خەیاڵی پاكی ئازادی و رزگاری كوردستان تێدەكۆشاین،

رۆژێك لەناو دوكەڵ و تەپوتۆزی تۆپ و تەیارەی بەعس و رۆژێكیش لەگەڵ هۆكاكی پێشمەرگەی حەمە جەزا و لەقەندیلی سەربەرزەوەی تاهیری خەلیلی و ئاوازی گیتارەكەی شەهید ئازاد هەورامی، رۆژێك شایی سەركەوتن و رۆژێك شینی شەهیدێكی رێگای رزگاری، تەقەی خۆشی بۆ بە سزاگەیاندنی ئەمنەكانی حەمامۆكی كۆیە كە گەنجان و ژنانی هەراسان كردبوو، رۆژێك فرمێسكی لە سێدارەدانی شەهید مەلا عەلیەكان لە ژووی زینداندا.

شۆڕش پڕبوو لە خۆشی و ناخۆشی، شەڕی سەنگەر و شەڕی براكوژی، سوتانی گوند و رەزو باخ و ئاوارەیی، گرتنی رەبیەی بەعس و خۆڕاگری، بەڵام ئێمەو هەزارانی وەك ئێمەو دەیان هەزار شەهیدی سەنگەر، لە پێناو هێنانەدی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، ئازادی، كەرامەتی مرۆڤ و كوردستانێك بۆ هەموان، تێدەكۆشاین، بەرهەمی شۆڕش و شەهیدان، نە دزینی سامانی نەوت، نە كۆمپانیا و نە گەندەڵی بوو، لە شۆڕشدا شەرممان لە مامۆستا دەكرد، ئێستا شەقی تێهەڵدەدەن و دەیئاخننە زیندانەوە، ئێمە دژی زەبرو زەنگی بەعس دەجەنگاین، ئێستا زەبرو زەنگی دەسەڵاتی كوردی گەیشتۆتە لوتكە، ئێمە 100 دینارمان دەستكەوتایە وەك یەك دابەشمان دەكرد، ئێستا جیلێك گەیشتونەتە كەشكەلانی ئاسمان و جیلێكیش دەستكورت و هەژار، ئێمە لەسەر سكی جوتیاران و كرێكاران سرودی رەنجدەرانمان دەگوتەوە، ئێستا جوتیاران و كرێكاران چەوساوەترین جیلی كۆمەڵگەن.

لەو رۆژە سەختانەدا بە تەنیشت كاك نەوشیروانەوە بە بیری شەهید ئارام و خۆڕاگری شەهاب و جەعفەر و ئەنوەر، بیری ئازادیمان فراونتر دەبوو، بە جوتێك ئەدیداس و گیرفانێكی خاڵی و ئیرادەیەكی پڕەوە، نەوشیروان مستەفا لەگەڵ مام جەلال سەركردەی هەستانەوەی شۆڕشی دوای نسكۆبوون، نەوشیروان مستەفا سەركردەی مەیدانی شۆڕش و دیبلۆماتكاری شاخ، سەركردەی سەركەوتنەكانی شۆڕش، ئەو شۆڕشەی كە گەیشتە ئامانج، بە هەزاران شەهید و بە سەدان كادری دڵسۆزی ناو شۆرش و بە داخەوە بە سەدان هەڵپەرستی ناو شۆڕش، كە تا ئەمڕۆش بەشێكیان لەسەر جوانیەكانی شۆرش دەخۆن، كە خۆیان ناشرینیەكانی ناو شۆڕش بوون،

شۆڕش بە هەموو جوانی و ناشرینیەكانیەوە بەشێكە لە مێژوو، مێژویەك لە تۆماری پیاوی مەرد و سەركردەی ئازاو كەڵەپیاوی رۆژە سەختەكان، مێژوویەكیش لە پیاوە ناشرینەكانی ناو شۆڕش.

مێژووی ئێمە و نەوشیروان مستەفا لە شاخ پڕیەتی لە سەروەری رۆژانی سەخت و رۆژانێك كە چارەنووسی كورد تروسكاییەكی تیا نەمابوو، ئەو ئەندازیاری راپەڕین و نەخشەی سەركەوتن و روخانی بەعس و زوڵم و زۆرداری دادەڕشت.

ئەوانەی مێژوو بە ناشرینی دەنوسنەوەو خۆیان دەكەنە پاڵەوانی سەركەوتن و جوانییەكانی شۆڕش، خۆیان بەشێك بون لە پۆخڵەواتەكانی ناو شۆڕش، ئەوانەی مێژوو بە ئاوەژوو دەنوسنەوەو دەیانەوێت بەرامبەر بە رەشیەكان خۆیان بە سپێتی بنوسنەوە، لە ناو مێژوودا ناتوانن لە رەنگی رەشی ناو شۆڕشەوە خۆیان بگۆڕن بە سپێتی شۆڕش.

ئەركی توێژەران و مامۆستایانی زانكۆیە دیراسەو لێكۆڵینەوە لەسەر شۆڕش و خەباتی شاخ بكەن و ئەوانەشمان لەناو شۆڕشدا بووین بە ئەمانەتەوە یادەوەرییەكانمان بخەینە بەردەستیان، نەك لە دۆخی شكستی خۆتەوە، یادەوەریەكانی شۆڕش بخەیتە ژێر پرسیارەوە.

ئەو مێژووەی شۆڕشی نوێ، تا ئەمرۆش بە دەیان سەركردەی سیاسی و مەیدانی لە گۆڕەپانەكەدا ماوە، خستنە ژێر پرسیاری ئەو شۆڕشە خستنە ژێر پرسیاری مێژوویەكە كە بە دەیان هەزار خانەوادەی شەهید و سەدان سەركردەی مەیدانی و كەمئەندامی سەنگەر شانازی پێوە دەكەن، ئەوانەی بە رەفتارەكانیان، بە كۆمپانیا و نەوت و گەندەڵی دەم و چاوی شۆڕشیان ناشرین كردووە، دەیانەوێت ناشرینیەكانی خۆیان بەسەر شەهیدەكانیشدا دابەشبكەن، كەموكوڕیەكانی ناو شۆڕش بۆ دیراسەو لێكۆڵینەوەیە، نەك بۆ شەڕی كۆنە قین و پەلاماردانی نابەرامبەر.

بۆیە ئەركی ئەو سەركردانەی یەكێتی و گۆڕانە كە لە رۆژە سەختەكانی شۆڕشدا بە تەنیشت كاك نەوشیروانەوە بوون، قسەیان هەبێت، ئەوانەی ئێستا لەناو یەكێتیدان و گومان لەسەر شۆڕش و مێژووەكەیان درووستكراوە، ئەوانەشی ئێستا لەناو گۆڕاندان و لە جێگەكەی كاك نەوشیروان بە بێدەنگی دانیشتوون و دەستیان بە كڵاوەكەی خۆیانەوە گرتووە تا با نەیبات. ئەوانەشی کە لەژێر سێبەری کاک نەوشیرواندا لەناو گۆڕاندا لە هیچەوە و لە پڕا بوونە کوڕێک و ئێستا شەو و رۆژ شاشەی تەلەفزیۆن و روپەڕی راگەیاندنەکانیان گرتوە و بوونە وەزیر و گزیر هەقە نەترسن و شەرم نەکەن قسەیەکیان هەبێت و بێنە گۆ.

شۆڕش ئەوە بوو كە ئێستا بۆ مەرامی شەخسی دەنوسرێتەوە، یان خەون و ئاواتی نەتەوەیەك بوو، شەهیدەكان لە پێناو حەزی شەخسی و كەسەكاندا شەهید بوون، یان لە پێناو هێنانەدی ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی.. ؟

شۆڕش پیاوە مەردو ئازاكان كردیان و پیاوە هەڵپەرست و ناشرینەكان بەرەكەی دەخۆن و بەرهەمەكەی ناشرین دەكەن لەبەردەمی نەوەی تازەدا...

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand