Draw Media

مەریوان وریا قانیع جیھان ئەمڕۆ لەناو شەپۆلی دووھەمی کۆرۆنادا نووقمە، کەم شوێنی سەر ئەم ئەستێرە ھەیە ھەڕەشەی ئەم ڤایرۆسەی لەسەرنەبێت. ھەڕەشەکەش ھەڕەشەیەکی ھێجگار بنەڕەتیی و ترسناکە، ئەگەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەم ڤایرۆسە دەتوانێت زیانی ھێجگار گەورە بە سەرجەمی مرۆڤایەتی بگەیەنێت. لای خۆمان، وەک ھەمیشە، ھەڕەشەکە تا ئەم ساتەش بە جدی وەرنەگیراوە، ئەگەرچی ڕۆژانە بەبەرچاوی ھەموانەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک دەمرن و ھەواڵی مردنەکانیشیان بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبێتەوە. ئێستا ئیتر دۆخەکە بەرەو ئەوە دەڕوات ھەریەکێکمان کەسێکی نزیک، یان نیمچە نزیک بناسێت کە بەم ڤایرۆسە گیانی لەدەستدابێت. ھاوکات تا ئێستاش کەسانێک ھەن، بە تایبەتی لەناو ھەندێژ لە ھێزە ئیسلامییەکاندا، ڤایرۆسەکە وەک ”سەربازی خودا“ وێنادەکەن، کە لە ئاسمانەوە نێردراوە بۆ ئەوەی بێباوەڕان لەسەر زەوی بکوژێت. لە دونیای ئێمەدا ئەم لێکدانەوە خوارفییە بە زمان و داڕشتنی جیاواز تەعبیری لێدەکرێت و بە ھەڕەشە و پەلاماری ڤایرۆسەکە ڕەھەندێکی دینیی دەبەخشرێت. ئەوانەشی کە شارەزای مەترسییەکانی نەخۆشییەکەن و شارەزای چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەین، گوێیان لێناگیرێت. بەم شێوەیە بڕێکی زۆر لە خورافەت و بێباکی بەیەکتری تێکەڵدەبن. لەسەروی ھەموو ئەمانەوە حوکمڕانیەک لە ئارادایە کە نەک تەنھا باکی بە مردنی ھاوڵاتیان نییە، بەڵکو سەرقاڵی گرتن و ڕاونانی ڕۆژنامەنووسان و دانانی پرۆژەی زیاتر بەرتەسکردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین و قسەکردنە. ئەمە جگە لە درێژەدان بە پایەکانی ئەو حوکمڕانییە کە گەندەڵییەکی ھەمەلایەن و بەرفراوان بنەماکەیەتی. بەڵام دۆخەکە لە ئەوروپادا تەواو جیاوازە. ھەم ڤایرۆسەکە بە جدی وەرگیراوە و لە ھەر پیلان و حەزێکی خودایی و ئاسمانی دابڕاوە، ھەم دەرەنجامەکانی بڵاوبوونەوە و کاریگەرییەکانیشی بوەتە شوێنی قسەلەسەرکردن و بیرکردنەوە. ھاوکات بەشێکی زۆری مرۆڤایەتیی چاویان لە کاری زانستییانەی تاقیگاکانی ناو زانکۆ گەورەکانی ئەروپایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم ڤایرۆسە و ڕزگارکردنی مرۆڤەکان لە بەشە جیاوازەکانی جیھاندا، مرۆڤی سەر بە دین و کولتور و شوناسی ئەتنیی و نەتەوەیی جیاواز. لە وڵاتێکی وەک ھۆڵەندا کە نزیکەی ٣٠ ساڵێکە من تیایدا دەژیم، لەماوەی پێشودا ١٧٠ زانای ئەکادیمیی لە نامەیەکدا بۆ حکومەتی ھۆڵەندیی، پێ لەسەر ئەوەدادەگرن ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیی و ئینسانییە زەحمەتەی لە وڵاتەدا بەھۆی کۆرۆناوە دروستبووە دەرنجامی پەیڕەویکردنی کۆمەڵێک سیاسەتی تایبەتە: سیاسەتی نیولیبرالیزم. نیولیبرالیزم ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“ گۆڕی بە دەوڵەتێکی بێ جل و بەرگ و دایماڵیی لە بەشێکی زۆری ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانەی بە کۆمەڵگای پێشکەشدەکرد. حکومەتی ھۆڵەندی لە شەش مانگی ڕابردوودا چەندان ملیار ئێرۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە خەرجکردوە. لە ئیسپانیا دەوڵەت بڕێک لە نەخۆشخانەکانی لە کەرتی تایبەت سەندەوە و ھەموویانی ھێنایەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. لە بریتانیا ھەندێک لە ھێڵەکانی شەمەندەفەر جارێکی تر تەئمیم کرانەوە و ھێنرانەوە ژێردەستی دەوڵەت چونکە ئەگەری ئەوە ھەبوو ئیشنەکەن. ھەندێک ئابورییناس باس لەوەدەکەن لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، واتە لەوەتەی پەتای کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، حکومەتەکان لە ئەوروپا و یابان و ئەمریکا ٣٧٠٠ ملیار ئێرۆیان چاپکردوە و خستۆتە بازاڕەکانەوە. بڕێکی بەرچاوی ئەم پارەیە دراوە بەوانەی بەھۆی کۆرۆناوە زیان بە کارەکانیان کەوتوە و ڕووبەڕووی کێشەی گەورەبوونەتەوە. لە ئێستادا بیرۆکەی تەئمیمکردنی ھێڵە ئاسمانییەکان و ھێڵەکانی شەمەندەفەر لە ئەوروپادا ھێنراوەتە پێشەوە و چەندان نووسەر و شارەزای ئەم بوارانە بەرگریلێدەکەن. بێگومان مەرج نییە ئەم پێشنیارە سەربگرێت، ئەوەی گرنگە وەک فیکرە ھاتۆتەکایە و بووە بە بابەتی گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ. ھاوکات ھەندێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان خەریکن لەو ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییانە دەچنە دەرەوە کە دەستی دەوڵەتە نەتەوەییەکان دەگرن لەوەدا ئابوریی خۆیان سەرلەنوێ و لە قاازانجی ھاوڵاتیانی وڵاتەکەیان دابڕێژنەوە. ئەم دەوڵەتانە دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە ئەو بەشەی ئابوریی وڵاتەکەیان لە دەستی ئەو کۆمپانیا فرەنەتەوەییانە، مەڵتی ناشناڵانە، دەربھێنن کە قازانج و ئیرادەی خۆیان بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا سەپاندوە. ھەموو ئەم ھەڵسوکەوت و شێوازی بیرکردنەوانە ھەوڵی ڕاستەقینەن بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخەی کە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لەگەڵخۆیدا ھێناویەتی. ھیچ یەکێک لەم ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوانەش بەر لە ھاتنی ڤایرۆسەکە لە ئارادانەبوون، ھەشبووبن بەشێک نەبوون لە بیرکردنەوەی دەوڵەت خۆی و ھێزە سیاسییە حوکمڕانەکان. ئەوەی لەم بەشەی جیھاندا ڕوودەدات ھەم تەفسیرکردنێکی ڕاستەقینەی ڤایرۆسەکە و مەترسییەکانیەتی، ھەم خۆ ئامادەکردن بۆ دروستکردنی دوانیەی دوای ڤایرۆسەکە کە پێدەچێت لە زۆر ڕووەوە دونیایەکبێت لە چەندان بەش و دەرکەوتی گرنگیدا جیاوازبێت لە دونیای ئەمڕۆ. کەس لەم بەشەی دونیادا باس لە تۆڵەی خودا لە مرۆڤ و باس لە ھاتنی سەربازی خودا بۆ گیانی کافر و بێدینەکان ناکات، حکومەتەکانیشیان، بە پێچەوانەی ئەوەی لای خۆمانەوە، توانایەکی گەورەی دەسکاریکردنی خۆیان و سیاسەتەکانیان ھەیە،. ئەوەی لە ئەوروپادا ڕووئەدات دەسکاریکردنی پایەکانی ئەو سیستمە نیولیبرالەیە کە لە سەرەتای ھەشتاکانەوە باڵادەستە و لە فیکری ئەوەدان جارێکی تر بەشێکی گرنگیی ژیانی ئابوریی و بڕێکی زۆر لە خزمەتگوزاریی بنەڕەتییەکان، بگەڕێننەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، دەوڵەتی نەتەوە، ئەو فۆرمە لە دەوڵەت کە کەسناێک ھەن لای ئێمە دەڵێن باوی نەماوە و مێژوو ماڵئاوایی لێکردوە. زۆڕانێک لەم بەشەی دونیادا لەو باوەڕەدان قۆناغی دوای کۆرۆنا چیتر قۆناغی نیولیبرالیزم نابێت. بەڵکو سەردەمێک دەبێت دەوڵەت تیایدا چالاکانەتر و ڕاستەوخۆتر دەستدەخاتە ناو زیاد لە ڕەھەندێکی ژیانی کۆمەڵایەتیی و ئابورییەوە. ھەندێک تا ئەو شوێنە دەڕۆن کە بڵێن سەدەی بیست و یەکەم سەدەی گەڕاندنەوەی دەوڵەتی نەتەوەییە بەھێزێکی زۆرەوە بۆ ناو ژیانی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی. دەوڵەتێک کە ڕۆڵی ڕێکخەر و ئاراستەکەر ببینێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گەورەی. وەک ئەم قەیرانی کۆرۆنایە ھەبێت. پێدەچێت بازاڕیی ئازادیی نیولیبرالی بەشێکی گرنگ لە ئازادییەکانی بدۆڕێنێت. خاڵێکی تر کە ئەوروپییەکان ئێستا بیریلێدەکەنەوە ئەوەیە جارێکی تر کیشوەرەکەیان سەربەخۆتر بکەنەوە. لە ئێستادا ٤٠% ئەو خۆراکەی لە ئەوروپادا دەخورێت لە دەرەوەی ئەوروپاوە دەھێندرێت. کۆرۆنا و داخستنی سنوورەکان جارێکی تر بابەتی خەمخواردن لە خۆراک و دەستەبەرکردنی ناوەکیی پێداویستییە خۆراکییەکان بونەتەوە بە بابەتی گفتوگۆ و قسەلسەرکردن. کۆرۆنا بۆ ھەندێک خورافەتسازیی زیاتر و بۆ ھەندێکی تر بیرکردنەوەی زانستیی و بەرپرسیاریی زیاتری ھێنایەکایە.


  هاوژین زیبا     گەرچی تەنھا رۆژێکیش بێت شەقامەکانی سلێمانی جیاواز بوو بە جلوبەرگی ژنانەوە دیمەنێکی سەرنج ڕاکێش دەبیندرا سەرەتا کە بینیم  شتێک کە ھات بە بیری مندا ئەوە بوو بەڕاستی ژن وەک ئەو جلانە رەنگاورەنگن بەڵام بەداخەوە لە ھەر شوێنێک ئەو رەنگینییە ھەڵواسراوە بەڵام رۆحی ژن، ئیرادەی، ناوی جیاکراوەتەوە لە خۆی.   لەبەرئەوەی لەگەڵ ئەو دیمەنەدا نووسینێک نەبوو سەرەتای بینین بۆ مرۆڤ روون نەبوو. بەڵام دوای تێگەیشتم کە ئەم رەنگینییەی کراسی ژنان ئەنجامی چالاکییەکە، کە رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت CDO بۆ توندوتیژی ژنان چالاکییەکی بەم شێوەیەیان ئەنجام داوە. دەستیان خۆشبێت ھیوادارم کە چالاکی لەم شێوەیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زیاتر بێت.  بەداخەوە لە ناو ئەو شارەی ئێمە پێی دەڵێین شاری رۆشنبیری ئەو دەنگ و رەنگەی ژن لەلایەن پیاوسالارانەوە سوتێندرا لە راستیدا کراس نەسوتێندرا بەڵکو ئەوەی سوتێندرا خودی ژن بۆ خۆی بوو. لێرە لە ئاستی ھەرە بەرز تا نزمترین ئاست ژنان رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە توندوتیژی جەستەیی زۆرترین ئەو توندوتیژییەیە کە رووبەڕووی ژن دەبێتەوە بە چالاکییەکەی رێکخراوی CDO ئەوە دووپاتکرایەوە ئەو رێکخراوە دەڵێت لە ماوەی تەنھا سێ مانگدا نۆ ھەزار ماڵ گەڕاون و لە ناو ئەو ماڵانەشدا بە ھەزاران ژن کە توندوتیژیان بینیوە تۆمارکراون بێگومان دڵ دەخوازێت کە لە شوێنی ئەو جلانە ئەو ژنانە خۆیان بھاتنایەتە سەر شەقامەکان ئەوکات دەنگ و رەنگی ژنان باشتر دەبیندرا. ھیوادارم کە رێکخراوی لەم شێوەیە چالاکییەکانیان ھەندێک زیاتر پێشبخەن و ژنان خۆیان بڕژێنە سەر شەقامەکان.  لەم چالاکییەدا شتێک کە زۆر سەرنجی منی راکێشا ناوی چالاکییەکە بوو "پڕۆژەی مێینە" ئەم ناوە بۆچی و چۆن دەستنیشان کراوە؟ بێگومان ئەمە بەتەنھا خۆی بابەتی وتارێکی جیاوازە. وەک دەردەکەوێت کە چۆن ژن لە ترسی بنەماڵەکەی ناوێرێت بێتە مەیدان بەڵکو جلوبەرگی خۆی دەنێرێت، رێکخراوی CDO لە لایەنی ناولێنانی پڕۆژەکەدا ھێندەی ئەو ژنانە ترساوە! بۆچی مێینە؟ بۆچی ناڵێن ژن؟ ژن ژنە پێویست ناکات ناوێکیکەی لێبنێیت ھەرچەندە لە ناو سیستمی دەوڵەتدا ناولێنانی ژن وەک کچ، ئافرەت، ژن کەوتووەتە ئاستی چینایەتی گەر تۆ مافی ژن دەپارێزی دەبێت بوێر و روون بیت. وەک دەزاندرێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا گەر بڵێی ژن دەڵێن یەکێتییە، گەر بڵێی کچ واتا بێ سەرە (بێ مێرد)، گەر بڵێی ئافرەت دەڵێن پارتییە. پێم وایە کە رێکخراوی CDO بۆ ئەوەی لایەنگر نەبێت ناوێکی وایان ھەڵبژاردووە بەڵام ھەڵەی کردووە من رەخنە لەم ناولێنانە دەگرم. ھێندەی من دەزانم دابەشکردنی نێر و مێ لەسەر حەیوان دەکرێت.  ھیوادارم کە ئەم رەخنەیە لە لایەنی ئەرێنیدا وەربگرن و چالاکی زیاتر و باشتر پێشبخەن. جارێکی دیکە دەڵێم دەستان خۆشبێت.


تەرزە جاف   "شەوباش من ناوم کراسی ژنانەیە ئەوەی نیشتیمان پێی شەرمە بیکاتە بەری خۆی منم " شێرکۆ بێکەس وای وتووە ... هەڵواسینی ئازارەکانی ژنان لەڕێگای کراس و جلوبەرگەکانیانەوە لە سلێمانی نوێ نییە ! دوابەدوای راپەڕین و ئازادکردنی سلێمانی و دەستگرتن بەسەر ئەمنە سوورەکەدا کابینەیەک دۆزرایەوە کە تایبەت بو بە دەستدرێژی کردنە سەر ژنان و کچانی پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە و ئەنفالەکان. پێشمەرگەکان بە شەرمەوە کراس و دەلینگ و ژێرکراسە پوولەکە و سوورمە و جەلسەکانیان بە دەرگای کابینەکەدا هەڵواسیبوو، ئێمە بە هەنگاوی پڕ فزووڵەوە چووینە لای کابینەکەوە، پێشمەرگەکان بە چاوێک پێیان وتین زۆر نەچینە ژوورەوە، ئەوان چاویان پڕ بوو لە شەرمەزاری و ئازارەکانیان ئاوەڵا کردبوو وەک برینێکی تەڕ کە خوێن و کێمی لێ بچۆڕێ. دیارە هاونیشتمانییەکان ئەو ئازارەیان ئەوەندە داپۆشیوە تا ئەو ڕادەیەی کە بیریان چووەتەوە کە ئەو برینە ژنانەیە هێشتاش خوێنی لێدەچۆڕێ، هەر بۆیەش دوای سی ساڵ لە هەڵواسینی دەلینگ و دەرپێ و سوخمەی ژنەکان بە هەڵواسینی پارچە جلەکانیان کۆمەڵ ڕادەچڵەکێت و هیستیریا دەیگرێت! ئەوەی کە کراسەکانی ئەمڕۆ و ئەوانەی دوێنێ جیادەکاتەوە سەرچاوەی ئازارەکەیە! ئەوەی ئەمنە سوورەکە سەرچاوەکەی بەعسییەکان بوون و بەڵام ئەمەی ئەمڕۆ سەرچاوەکەی برا و مێرد و برایە ... سووتاندنی کراسەکانیش دەلالەتە بۆ ئەوەی پرۆژەکە ئامانجەکەی پێکا و گەیشتە ناخی کۆمەڵگا ... لە کوێوە کۆمەڵ گەیشت بەم ئەنجامەی کە شەرم لە ئازارەکان نەکات، بەڵام شەرم لە نمایشکردنی ئازارەکان بکات و تووڕە ببێت؟ ئەو پارچە پەڕۆیانە مێژوویەک دەگێڕنەوە کە بە بیانووە جیاوازەکانی کۆمەڵ و نەریت و ئایین و فەرهەنگ و کولتووری جیاکاری بەرانبەر ژنان خودی ژنان و کچانی ئەم وڵاتەیان کردووە بە قوربانی . بەداخەوە سوپایەکی تیکتۆکەر و سناپەر هەیە کە ئەرکی ئەوەیە رووخسارێکی ساختە بەم نیشتمانە ببەخشێت و بڵێت ئەم وڵاتە مەنزڵگەی ژنانی ئازادە و بە ناوی مۆدێل و ژنی ئازادەوە ئازارەکان داپۆشراون و بە ڕووتکردنەوەی لاق و لەتەری کۆمەڵێک کچ و ژنانی پاتاڵ و بەتاڵ کەیسی راستەقینەی ژنان بەنوکتە بکات و بڵێت ژن دنیایان خوارد ! ئەوەندەش بە ڕێکخراوی ئەمانە کاری خۆیان دەکەن کە چیتر کۆمەڵ بە ڕانی ڕووتی لەشفرۆشەکان ڕاناچڵەکێت، بەڵام بە سەرپۆشی قوربانییەکان دەهەژێت . سەیرە کە هێرش دەکرێتە سەر کراس و پەڕۆکان کە گوایە جوان نین؟ جا کێ وتویەتی دەبێت ئازار جوان بێت؟ بە چ پێوەرێک دەبێت برینەکان دڵگیر بن؟


ئەنوەر كەریم سوڕەکانی ئابوری دیارە بە گۆڕاندا دەڕوات، هەموو ئابوریەک دوای گەشەسەندن بۆ ماوەیەک بەهۆی هەندێ فاکتەری دەرەکی یان ناوەکی، کە کاریگەری دەکاتە سەر ئابوری دەیباتەوە دۆخی پاشەكشە، لەئیستادا لەبەرئەوەی وڵاتەکانی جیهان بەهۆی سیستەمی گلۆباڵزەیشنەوە ئابوریەکان تەواو وابەستەی یەکترین، بۆیە هەرهۆکارێک دەتوانێت سوڕی ئابوری بخاتە دۆخی پاشەکشەوە بۆماوەیەکی دیاریکراو، ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی پاشەکشەی ئابوری بەگشتی ئەم خاڵانەی خوارەوەن: 1/ بەرزبونەوەی زۆری نرخی نەوت بۆ وڵاتی هاوردەکراو وە نزمبوونەوەی نرخی نەوت بۆ وڵاتی هەناردەکاری نەوت. 2/ هەڵئاوسانی نرخی شتومەک 3/ مایە پوچبونی بانکە گەورەکان 4/ پەتایەکی وەک کۆڤید -19 5/ قەیرانی داڕمانی دراو 6/ کەمکردنی قەبارەی هەناردە و‌ وەبەرهێنان 7/ قەیرانی موڵك و خانووبەرە  8/ شەڕی وڵاتان و شەری ناوخۆ یان سزای ئابوری بەسەر وڵاتێکدا، کە دەبێتە هۆی وەستانی لە ناکاوی بازاڕ لەو وڵاتەدا. خولەکانی چاکبوونەوەی  سوڕە ئابوریەکان بەچەند شێوەیەک دیاری دەکرێت لە زانستی ئابوریدا، کە ئەم شێوانەیان (K - U-W-V)هەیە.  پاشەکشەی شێوەی (V) لە  ئابوریدا لە هەموویان خێراترە بۆ گەڕانەوەی ئابوری بۆ دۆخی پێشووی، وە شێوەی (K) لە هەموویان هێواشترە بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئابوری بۆدۆخی جارانی، لەئێستادا شێوەی پاشەکشەی (K)هەیە، مانای وایە چەند سێکتەرێکی ئابوری زۆر گەشەدەکات، بۆنمونە سێکتەری تەکنەلۆجیا توانی زوو بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، بەڵام کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتوگوزار زۆر لە قەیرانی قوڵدایە. ئەگەر چاوێک بەهەرێمی کوردستاندا بخشێنین، بەردەوام ئابوریەکەی لە هەڵکشان و داکشاندا بوە، بەهۆی کۆمەڵێ فاکتەری ناوەکی و دەرەکیەوە. قەیرانی مـووچەی فەرمانبەران بەردەوام هەبوە، وە بێ پلانی حکومەت وایکردوە موچەی فەرمانبەران هەمیشە هەڕەشەی لەسەربێت، ئەمەش کاریگەری تەواوی  خستۆتە سەر بازاڕی کوردستان، جووڵەی بازاڕی کەمکردۆتەوە بەهۆی کەمبونەوەی خەرجیەکانی بەکاربردنەوە، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم (34)پاشەکەوتی موچە بە لێبڕینەوە قەرزاری  فەرمانبەرانە، وە (12) موچەی تەواوی فەرمانبەرانیش قەرزارە، ئەگەر ئاوا بڕوات چینی ناوەڕاست كە بە چینی فەرمانبەران دەوترێت دەکەونە ناو ‌ هێڵی هەژاریەوە، ئەو کاتە دووچین لەخەڵکی کوردستان دروستدەبێت،چینی (خوارەوە) کە هە ژاران و ستەملێکراوانن، وە چینی ( باڵا) کە چینی بەرپرسان و گەندەڵکارانن، لاوازبوونی چینی ناوەڕاست دەبێتە هۆی لاوازی دیموکراسی،    بەمەش پڕۆسەی دیموکراتی، مافی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین، بەتەواوی هەڕەشەی  لەسەر دەبێت، وە ئاسایشی کۆمەڵگا بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات، وە خەباتی چینایەتی لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەبێت، لە نێوان ئەو دو چینەی ناو كۆمەڵگادا،  حکومەتی هەرێم دەیتوانی چی بکات بۆ ئەوەی چینی ناوەراستیان کرێکارانی کەرتی تایبەتی بپاراستایە لەوەی بەرەو هیڵی هەژاری نەڕۆن؟. حکومەتی هەرێم ئەگەر ئەو پارەیەی کە لە(سندو‌قی خانەنشینی وسندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی) کە بەیاسا ڕێکخراوە پابەند بوایە، بڕەکەی (19%)یە، بڕی لە (7%)،   کە لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕێت مانگانە، هەروەها حکومەت کە بڕی  لە (12%)داوە بەسندوقەکە مانگانە بۆ فەرمانبەر، کرێکارانی کەرتی تایبەت کە لە (17%)یە لە (5%) کرێکارەکە وە لە (12%) کە خاوەنکار دەیدات بە سندوقەکە، ئەگەر حکومەت ئەو پارەیەی خەرجنەکردایە لە ئێستادا دەگەیشتە سەر و (10) ملیار دۆلاری ئەمریکی، دەیتوانی لەم کاتی قەیرانەدا ئەم هەنگاوانەی خوارەوەی پیادە بکردایە. 1- دەیتوانی بە بڕیارێکی یاسای ڕێگا بدات، بەهەموو فەرمانبەرێک یان کرێکارێک   کە بتوانێت بڕە پارەیەک مانگانە یان ساڵانە ڕابکێشێت لەو سندوقەکە   بۆپڕکردنەوەی خەرجی و پێویستیەکانی، چونکە فەرمانبەران یان کرێکاران، زۆرینەیان تەمەنیان زۆر نیە و ساڵانێکی زۆریان لەبەردەمدایە بۆ کارکردن و پڕکردنەوەی سندوقەکەیان، بەمەش جووڵەی بازار نەدەوەستا، فەرمانبەران و کرێکاران  نەدەکەوتنە ناو ‌هێڵی هەژاریەوە. 2-‌ هەژاری و کەمدەرامەتی دەبێتە هۆی مردنی هاوڵاتیان، تەنانەت هەندێک جار بەرزبوونەوەی ژمارەی بەتاڵە، بەهۆی قەیرانی ئابوریەوە دەبێتە هۆی مردنی هەندێ لەو بەتاڵانە، کە هەندێك لەو بەتاڵانە تووشی جەڵتەی دڵ، یان بەرەو خووە خراپەکان دەڕۆن لەناوکۆمەڵگەدا، کە لە ئەنجامی نەبوونی کار و نەبوونی داهاتدا دروستبوە،  دەبێتە هۆی مردنیان، تەنەنات هەندێکیان خۆیان دەکوژن، بۆیە ئەم جۆرە مردنانە،  لەسەر لاپەڕەی ئابوری تۆماردەکرێت، نەک لەسەر لاپەڕەی تەندروستی، لەسەر  حکومەتی هەرێم پێویستە بە توندی پابەند بێت، بە(یاسایی سندوقی خانەنشینی و  سندوقی دەستبەری کۆمەڵایەتی)، بۆ ئەوەی هەڵەی تر دووبارە نەبیتەوە لە کاتی  قەیرانی تری ئابوریدا.


عەدالەت عەبدوڵا ئه‌گه‌رچی هه‌ڵبژێردراو‌ی ناچارانه‌ی هێزه‌ شیعییه‌كانه‌ و قبووڵكراوی نوێنه‌رانی سیاسیی هێزه‌ سوننییه‌كانه‌ و پشتیوانیكراوی هێزه‌ كوردییه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عیراق رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ره‌كانی (تحدیات)ی سیاسی و ئابووریی و ئیداریی سه‌خت بۆته‌وه‌ كه‌ مه‌ترسین بۆسه‌ر ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ئه‌و كارنامه‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ بۆ عیراقییه‌كانی راگه‌یاند. راسته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئێرانییه‌كان و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌ش پێشوازییان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌و بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق كرد و له‌دژی نه‌وه‌ستانه‌وه‌، به‌ڵام دیسانه‌وه‌، له‌م ئاسته‌شدا، واته‌ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی، دووچاری كۆمه‌ڵێك به‌ریه‌ككه‌وتنی گه‌وره‌ و ململانێی گڕگرتوو بۆته‌وه‌‌ كه‌ تیایاندا عیراق به‌چڕی بۆته‌ یه‌كێك له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی یه‌كاڵاكردنه‌وه‌یان و سه‌رزه‌مینی بۆڕبۆڕێنێكی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وتۆ كه‌ ده‌وڵه‌تی عیراق نه‌ ده‌ره‌قه‌تی بێت و نه‌ توانای كۆنترۆڵكردنیانی هه‌بێت و نه‌ بشتوانێت هاوسه‌نگییه‌كیان له‌ نێواندا رابگرێت كه‌ وڵات له‌ پڕیشكی زیانه‌كانی دووربخاته‌وه‌ و بپارێزێت. كازمی ئه‌مڕۆ وه‌ك زۆر سه‌رۆك وه‌زیرانی تری عیراق، به‌ئاشكرا له‌ناو به‌رداشی ململانێی ئه‌مریكا و ئێراندایه‌، له‌و نێوانه‌شدا له‌سه‌رێتی كه‌ به‌هه‌ر نرخێك بێت، باڵانسێك ره‌چاوبكات كه‌ تائێستا سه‌خته‌ و نه‌هاتۆته‌دی‌. كازمی له‌ نوێترین لێدوانیدا بۆ رۆژنامه‌ی گاردیان -ی به‌ریتانی، وه‌ك جۆرێك له‌ گوزارشكردن له‌ ته‌ڵه‌زگه‌ و هه‌ڵڕشتنی خه‌می قووڵی خۆی، به‌ ده‌ق ده‌ڵێت: I dance with the snakes daily and look for a flute to control them «، واته‌ «من رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ ماره‌كاندا سه‌ما ده‌كه‌م! به‌دوای شمشاڵێكیشدا ده‌گه‌ڕێم تاوه‌كو له‌رێگه‌یه‌وه‌، ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرم!». ئه‌م ده‌ربڕینه‌، گوزارشته‌ له‌و راستییه‌ ساده‌یه‌‌ كه‌ كازمی ترسی گه‌وره‌ی له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خۆی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران و عیراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت، دواجار به‌ر پێوه‌دان و ژه‌هری (ماره‌ پێكناكۆكه‌كان) بكه‌ون و له‌و نێوانه‌دا ببنه‌ قوربانییه‌كی به‌رده‌وام!. جگه‌ له‌وه‌، ئه‌مڕۆ پاشه‌كشه‌ی عیراق به‌هۆی قه‌یرانی ئابووریی و قه‌رزه‌كانییه‌وه‌، به‌ئاشكرا ده‌بێته‌ هۆی لاوازكردنی پێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و به‌رپرسانی، بگره‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كیی زیاتریش له‌ كاروباری ‌ناوخۆی عیراقدا، جا چ ده‌ستێوه‌ردانی ئێرانی بێت، یان ئه‌مریكایی و وڵاتانی تری ناوچه‌كه‌ش. گه‌شته‌ دیپلۆماسییه‌كه‌ی كازمی بۆ فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا، به‌ روونی دیاره‌ كه‌ وه‌ك په‌نابردنه‌ بۆ ده‌روویه‌ك، بۆ لایه‌نی سێیه‌م له‌‌ناو هاوكێشه‌ی هێزه‌‌ به‌ریه‌ككه‌وتووه‌كاندا به‌رامبه‌ر به‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق، ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ش‌ بگه‌یه‌نێت كه‌ هێشتا عیراق ده‌رفه‌تی مانۆڕی هه‌یه‌ و بژارده‌ی تریش له‌ئارادایه‌، ته‌نانه‌ت‌ ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ جۆرێك له‌ ‌خۆلادانیش بێت له‌ به‌رداشی ململانێكانی نێوان واشنتۆن – تاران!. ئێستا زیاتر ساغبۆته‌وه‌‌ كه‌ شاده‌ماری ئابووریی عیراق، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئابوورییه‌كی ره‌یعی Economic Rent و فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌، ئابوورییه‌كی فشۆڵه‌ و مومكینه‌ له‌هه‌ر قۆناغێكدا بێت، كارنامه‌ی ده‌وڵه‌تدارێتیی زۆر سه‌رۆك وه‌زیران له‌ وڵاتدا په‌ك بخات. نه‌وت كه‌ له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا به‌هۆی كۆرۆناوه‌ نرخی داده‌به‌زێت، له‌گه‌ڵیدا وزه‌ و وره‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی عیراقیش زیاتر دێته‌ خواره‌وه‌ و ئه‌ڵته‌رناتیڤی خێراو كاتییش له‌ئارادا نییه‌. له‌ولاشه‌وه‌ كورتهێنانی ترسناك له‌ بودجه‌ی ساڵانه‌ی وڵاتدا‌ گورزێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ پێگه‌ی مه‌عنه‌ویی كازمی و كابینه‌كه‌ی، هاوكات دواكه‌وتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت به‌بۆنه‌ی قه‌یرانی دارایی و كێشه‌ی كلیدۆری یاسایی بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزی ده‌ره‌كی، به‌ربه‌ره‌كانێیه‌كی تره‌و‌ یه‌خه‌ به‌ ته‌گبیری سه‌رۆك وه‌زیران ده‌گرێت. ئه‌مڕۆ ئیتر به‌ئاشكرا قه‌یرانه‌كانی عیراق، مسته‌فا كازمیی سه‌رۆك وه‌زیرانیان ناچاركردووه‌ كه‌ به‌هه‌ر نرخێك بێت، واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ عیراقدا بچه‌سپێنێت و نه‌هێڵێت هیچ كۆسپێكی بخرێته‌ڕێ. هۆكارێكی راسته‌قینه‌ی كاركردنه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م بژارده‌یه‌ كه‌ له‌كارنامه‌كه‌شیدا هاتووه‌، ده‌ركه‌وتنی راستییه‌ تاڵه‌كانه‌!. كازمی له‌ماوه‌ی ته‌نها چه‌ند مانگێكی فه‌رمانڕه‌واییدا بۆی روون بۆته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك بڕگه‌ی سه‌ره‌كیی كارنامه‌كه‌ی به‌شێوه‌ی دڵخوازی ئه‌و ناچنه‌ پێشه‌وه‌، گه‌نده‌ڵی له‌ عیراقدا به‌ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت و وه‌ك تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌یی به‌ناو وڵات و دامه‌زراوه‌كانیدا بڵاوبۆته‌وه‌ و بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئاسان نییه‌ هه‌موو گروپه‌ چه‌كداره‌كان و میلیشیاكان پابه‌ندی یاساكانی ده‌وڵه‌ت و داوه‌رییه‌كانی بكات. هه‌روه‌ها ناتوانرێت كه‌ ته‌واوی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان چ له‌ باشووری وڵات و چ له‌ ناوه‌ڕاست و هه‌رێمی كوردستانیش به‌ وردی بخرێنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ و قاچاخچێتی و به‌تاڵانبردنی پاره‌ و داهاتی وڵاتیان تێدانه‌هێڵرێت. له‌وانه‌ش خراپتر، تائێستا زۆربه‌ی داواكاریی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ نه‌كراون. ئه‌وه‌تا له‌ساڵیادی خۆپیشاندانه‌كاندا، سه‌رله‌نوێ، له‌ چه‌ندین پارێزگای عیراقدا ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان ده‌ستیانپێكردۆته‌وه‌، ته‌واوی ئه‌م به‌ره‌به‌ره‌كانییانه‌ش، له‌كۆتاییدا وا ده‌رده‌كه‌ون كه‌ له‌توانای ئه‌جێنداو چاره‌سه‌ره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ده‌ربن، ئه‌م به‌ربه‌ره‌كانی و ئاسته‌نگانه‌ش به‌گشتی قۆناغی ئێستا و داهاتووی عیراقیش به‌ ته‌مومژی و بارگاوی به‌قه‌یران، ده‌هێڵنه‌وه‌.‎


سەهین موفتی لەوەتەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە، هەتا هەنووکە کە خەریکی نووسینی ئەم دەربڕینەم، بەردەوام ( یەکێتی و گۆڕان) خەریکی وەرگرتنی پۆستە جیاجیاکانی حکومین، هەفتەی جارێک قوباد تاڵەبانی یاوەری بەڕێوەبەرەگشتی و بریکارە نوێەکان دەکات لە وەزارەتەکانداو بۆ ناساندنیان و دەستبەکاربوونییان..! بزووتنەوەی گۆڕانیش هەمانشێوە ناوبەناو روویێکی نوێ لە دەزگاکانی میری دەناسێنێت، کە وەک راییکارو جێبەجێکارێکی نوێ لە حکومەتدا دەستبەکاردەبێت، کەچی  زۆرینەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئەم دوو حیزبە، حکومەتی کوردستان بەدناو دەکەن، هەر لە پێنەدانی مووچە بگرە هەتا پڕۆژەکانی دیکەی خزمەتگوزاری، و پاشان کۆی پڕۆسەی دەستەڵاتی جێبەجێکردن لە کاتێکدا لە ئەنجومەنی وەزیران هەر بڕیارێک و راسپاردەیەکی نوێ دەربارەی رەوشی ئێستای ناوچەکە، (دارایی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، هتد...)  بە تێکڕای رەزامەندی هەموو وەزیرەکان بە( یەکێتی و گۆڕان)یشەوە دەدرێت و دەردەچێت، کەچی دێن و لەسۆشیاڵ مێدیا خۆیانی لێ بێبەری دەکەن، جا کێشەکەش لەوەدایە فەرهەنگێک دەنێو رای گشتیدا سەریهەڵداوە، خەریکە نەعوزوبیلا خوداوەند لە ئاسمانیشەوە بیەوێت ئاوێک بە ئاگری ئەم هەموو قەیرانەدا بکات، کەچی هەر نەبیندرێت و رەتبکرێتەوە. دەزانین، بێ مووچەیی، بێ کاری، هەژاری، نەداری بەرۆکی زۆرینەی دانیشتوانی ئەم نیشتیمانەی گرتووەو چینێکی دیاریکراو بۆرژوازانە لەبۆیان دەچێتە سەر، لێ هەقە بزانین یەکێتی و گۆڕانیش و ئیسلامی و کۆمۆنیست و سۆشیال و دیموکڕات و هەرچی دیکە بوونی هەیە لەم زێدە، ئەوا سەرکردەو بەرپرسانییان بێبەش نیین لەم بۆرژوازییە دیاریکراوەی بۆ چەند سەد کەسێک فەراهەمکراوە. بۆیێ، پێویسته رای گشتی لەمەودوا هیچ ئیعتیبارێک بۆ هاش و هوش و تەتەڵەو پەپەڵەی سەر سۆشیال مێدیاو فشەفشی ئەم بەرپرس و سەرکردانەی یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانی دی دانەنێن، لەلایێک خەریکی وەرگرتنی پۆستی حکومین و لەملاشەوە دەیانەوێت حکومەت بەدناو بکەن.


ژوان ئەحمەد ئەو تەنافەی تارا عەبدوڵا هەڵیخست بۆ جلی ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر كراوە، تەنیا كارێكی هونەری‌و كۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵكو پەیامێكی گەورەو هەڵوێستێكی بوێرانە بوو. لەپاڵ ئەم كارە گەورەیە، تارا دەریخست ئێمە لە چ كۆمەڵگەیەكی بیمارو پاتریاركی قێزەوندا ژیان دەگوزەرێنین. كێشە لەوەدا نیە كە زۆری‌و بۆری ئەو كارە رەت بكەنەوە، بەڵكو گرفتی گەورە ئەوەیە عەقڵیەتی سیاسی لە ئاستی عەوامدا بیربكاتەوەو پێشانگایەكی ئازاراوی لەو جۆرە رەت بكاتەوەو بە نیوە شەو بڕیار بدات كە تانەفەكە لێ بكەنەوە. پێش لێكردنەوەش، چەند گەنجێك كە تەنیا ناوگەڵی مێینە دەبینن، بەشێك لە تەنافەكەیان سوتاند. كارەساتی گەورەی عەقڵیەتی سیاسی لەم شارە كە زوڵمە ناویان ناوە پایتەختی رۆشنبیری (چونكە هەموو دیاردەو نمایشێكی كۆنەپارێزی‌و سەلەفی رێپێدراوە، بەڵام نمایشی لەو جۆرە یاساغەو بە نیوە شەو وەك جەستەی ژنە كوژراوەكان فڕێی دەدەن) ئەوەیە، رێگە بە هەموو جموجوڵێكی سەلەفی دەدەن، بەڵام كاری هونەری لە عەقڵی عەوامەوە دەخوێننەوە! تارا كارێكی جوانی كردو ئازاری ژنانی كرد بە تەنافا، دڵنیام كە لەبرەچاویشی بوو ئەم عەقڵە خێڵەكیەی كۆمەڵ‌و دەوڵەتداری بەرێوە دەبات ناتوانن ئەو كارە هەزم بكەن‌و ئاوەها جوانەمەرگی دەكەن. ئەوانەشی جوانەمەرگیان كرد تەنیا دوو تایپن: یەكێكیان دەسەڵاتدارە كە خەمی گیرفانی خەڵكی نیە چجای خەمی جەستەو دەرونیان. تایپی دوەمیش، ئەوانەن كە ژن تەنیا لە سینەو مەمك‌و شەهوەتدا دەبینن‌و كە دەگاتە سەر یەكسانی جێندەری كسپە لە جەرگیان دێت. لابردنی ئەو تەنافە، بكەرانی توندوتیژی دڕترو قوربانیەكان زیاتر دەكات. چونكە لە كۆمەڵگەیەكداین كە پەروەردەو كەلتورەكەی یەكسانی جێندەری رەت دەكەنەوە، ئەندێشەی نێرسالاری تا دێت برەو دەسێنێت، كاری رێكخراوەیی ژنان دەكرێت بە كاڵاو پیشەسازی دروست كردنی بوكەڵەی فێمێنیستی‌و كردنیان بە نێرێكی قەڵغان بەدەست بۆ پاراستنی كەلتوری ناجۆر. باشترە ئەوانەی بڕیاریان دا لایببەن، لەبری ئەوە تەنافێك بۆ ژنەكان هەڵخەن‌و لەبری جلەكانیان ملیان بكەن بە تەنافدا... چونكە تەنافەكەتان لابرد، بەڵام نادادی‌و ستەم‌و توندوتیژی بەرامبەر بە ژن هەر وەك خۆیەتی‌و رۆژ بە رۆژ لە زیادبوندایە. جا دەڵێن: ئەم پرۆژەیە سیمای شار ناشرین دەكات؟؟ كامە شار ئەزیزی دڵ؟؟ ئەو شارەی بلوارەكانی تائێستا مانگای تیایە؟ ئەو شارەی سنەوبەرەكانی دەسوتێنن بۆ پرۆژە؟ ئەو شارەی مەرزەكانی هەر شەوەی بۆ سەرێكی زلە؟ یان ئەو شارەی كە ئێستاش جادەكانی هی شەستەكانی سەدەی رابردوە؟ یان ئەو شارەی ئاخنراوە بە بیری كۆنەپەرستی‌و بە ماسكی پایتەختی رۆشنبیری زێر كەفتیان كردوە؟ كامە شار برای شیرین، تۆ لە گونددا دەژیت‌و ئاساییە ئەمە رەت كەیتەوە چونكە گوندو پێرفۆرمانس‌و یەكسانی جێندەری كوجا مەرحەبا!!!  


 هیوا سەید سەلیم   لە هەرێمی کوردستان ئاماژەکانی سەرهەڵدانی گەرێکی دیکەی شەڕی ناوخۆ دەرکەوتوون، دوو لایەنی سیاسی دەمێکە ناکۆکیەکانیان هێندە تەشەنەی سەندووە گەیشتۆتە لێواری تەقینەوە.  دەمێکە پارتی دیموکراتی کوردستان  پێی وایە بوونی هێزەکانی پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ناشەرعیە، بوونی ئەوان شەرعیەت دانە بە هاتنی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا پەکەکە پارتی بە هاوکاریکردنی سوپای تورکیا تۆمەتبار دەکات، و دەڵیت پارتی لە هێرش بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان کارئاسانی و چاوساغی بۆ لەشکری تورکیا دەکات. ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و پەکەکە زۆرن، ئەوەی تا ئێستا خاڵی هاوبەشیان بووە ئەوە بووە کە نەیگەیەنە مریشکە ڕەشە،  و دۆخەکە بە ئاڕاستەی گەڕێکی دیکەی شەڕی ناوخۆ نەچێت، بەڵام وا بڕوات دۆخی نەشەڕ و نە ئاشتی تا سەر بەردەوام نابێت، بگرە بە دۆخەی کە هەیە لە هەر ساتێکدا مەترسی شەڕ لە ئارا دەبێت. ناکۆکی سیاسی و تۆمەتبارکردنی یەکتری و شەڕی ڕاگەیاندن لە نێوان پارتی و پەکەکە، لە هەمووشی خرابتر بوونی دوو هێزی چەکدار کە زۆر شوێنی ناوچە سنووریەکانی هەرێمی  کوردستان سەنگەریان لێک گرتووە مایەی مەترسیە. بەڵام لە بەرامبەر ئەو دۆخەشدا دەبێت ئەوەش بزانین کە کورد و هەرێمی کوردستان بەرگەی گەڕێکی دیکەی شەڕی کورد و کورد ناگرێت، دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستان وەک گورگی برسی چاویان بڕیوەتە ئێمەی کورد، تا لەهەر دەرفەتێکدا پەلامارمان بدەن و خاکمان بە تەواوی داگیر بکەن، ئەزموون و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەبارببەن. هەموو لایەک دەزانین ئەردۆغان، یەکیکە لەو دووژمن و نەیارانەی کورد،  کە خەون بەو رۆژەوە دەبینێت کە دەستی کورد بچێتە گیانی براکەی، دەبێت لەوەش دڵنیا بین کە ئەگەر خوانەخاستە ئەوە رووبدات ئەوسا ئەویش تەنیا بینەر نابێت، بگرە وڵاتەکەی کارکتەرێکی سەرەکی شەڕەکە دەبێت، وەک چۆن ئێستا لە چوراچێوەی ئۆپڕاسیۆنی دەرەوەی سنوور سوپاکەی بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە، ئەوساش بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕەکە هەر کارێک دەکاتکە مەبەستی بێت. ئەردۆغان ئەگەر لە  کێشەکانی ئەو سەری دونیا خۆی بۆ نەگیرێت و دەستوەردان بکات،  قابیلە لەبەرامبەر شەڕی کورد و کورد بێلایەن بێت؟ لە لایەکی دیکەوە بە هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی، شەرعیەت دەدرێتە هێزەکانی عێراق کە هێزی خۆی بگەڕێنێتەوە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە بیانووی پاراستنی سنوور، وەک ئەوەی لەو دواییە لە ناوچەی حەفتانین بینیمان، ئێرانیش بەهەمان شێوەی تورکیا و عێراق زۆری مەبەستە ناوچەکە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر بێت . لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی کێشە کەڵکە بووەکانی خەڵک، لە بێ مووچەیی، و بێ بازاڕی،  دەرد و بەڵای پەتای کۆڕۆنا،  کە رۆژانە دەیان کەس دەبنە قوربانی و سەدانیش تووشی ئەو پەتایە دەبن، وا بڕوات دەبێت دەزگا تەندرووستیەکان سەلامەتی خەڵک بدەنە دەست قەدەری چاکبوونەوە یان مردن، هەرێمی کوردستان بەرگەی شەڕ و ناکۆکی ناگرێت.  بۆیە پێویستە بووترێت لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ناوخۆیی کە رووی لە ناوجەکە کردووە، پێویستە هەرچی زووە کۆتایی پێبهێنرێت بە گرژەی و ناکۆکیەکانی  نێوان پارتی و پەکەکە ، ئەویش بە هەوڵی دڵسۆزانەی ناو ئەو دوو لایەنەوە و خەڵک و لایەنی دیکە دێتەدی. پاراستنی کوردستان لە شەڕی نەگریسی ناوخۆ،  ئەمرۆ ئەرکێکی نیشتمانیانەی هەر تاکێکی کوردستانە، بە پێچەوانەوە ئەزموونی تاڵی رابردووە،  کە بە داخەوە کورد تا ئێستا فێرنەبووە دەرس لە ڕابردووی خۆی وەرگرێت،  ئەوەمان پێدەڵیت کە شەڕی ناوخۆ ئاوکردنە لە ئاشی دووژمنان جا هەر کەس و لایەنێک دەستی بۆ ببات.


ئاسۆ عوسمان بڵاو کردنەوەی یەکەم جاری وێنە کاریکاتێرەکانی پەیامبەری ئیسلام  لەساڵی" ٢٠١٢" لەلایەن رۆژنامەیەکی دانیمارکی گرژییەکی زۆری لەنێو وڵاتانی ئیسلامی وپەنابەرە موسڵمانەکانی رۆژئاوا لێکەوتەوە،  لەووڵاتێکی  وەک نەیجیریا چەند مەسیحیەکی ڕەشپێستیان هێنایە سەرشەقامەکان و لەنێو تایەی ئۆتۆمبیلدا هەر بەزیندووی و بەبەرچاوی خەڵکەوە سوتاندنیان، کاردانەوەکانی ئەوکاتەی جیھانی ئیسلامی دوور بوولەھەموو بنەمایەکی شارستانی وتەنانەت ئاینیش،چون ئاینەکان بەگشتی پەیامی ئاشتی و لێبوردەیی و پێكەوە ژیانە دوای چەندین ساڵ بەسەر ئە رووداوانەدا، جارێکیتروێنە کاریکاتێرەکان لەفەرەنسا بەهەمان شێوە کاردانەوەی بەدوای خۆیداهێنا ،سەربرینی مامۆستایەكی فەرەنسی بەشێوەیەكی درندانە لەلایەن توندرەوێكی ئیسلامی و كاردانەوەی شەقامی فەرەنس یدوای رووداوەكە و و لێدوانی سەرۆكی فەرەنسا لەبەرامبەر گرووپە رادیكاڵە ئیسلامیەكان، لەجیهانی ئیسلامی بەشێوەیەك شیوینراوە كەدوورە لەهەموو ئەخلاقیاتێكی دینی و سیاسی ئینسانی.... زانیاری راست مەعریفە بەرهەم دەهێنێت ،زانیاری ناراست و نادروستیش چەواشەو كارەساتی لێدەكەوێتەوە.ئەوشەرەی ئێستا لەنێو فەزای مەجاز دەكرێت لەسەر ئەم بابەتە گوایە سەرۆكی فەرەنسا سوكایەتی بەئاینی ئیسلام وپەیامبەرەكەی كردووە، جگە لەهەژاری مەعریفی وساویلكەی و  سادە گۆیی هیچی دیكە نییە، هێرشی نارەوا بۆسەر قەرەنساو سەرۆكەكەی نیشاندەری ئەوەیە كە گرووپە ئیسلامیە پترۆدۆلارەكان ئەوانەی بەپارەی قەتەرو توركیاو ئێران بەخێودەكرێن زۆر دوورن لە خوێندنەوەی  فیكری و عەقڵانی و جدییەوە دەمارگیری وتوندرەوەی ئاینی لەنێو گەلانی تورك و عەرەب وفارس مێژوویەكی دێرینی هەیە، بەڵام لەنێو گەلی كوردا دمار گیری و توندرەوی ئاینی بوونی نەبووە، باو باپیرانمان هەمیشە  ئاینی ئیسلامیان سوفیانە وەرگرتووە و ئاینی ئیسلام لایی تاكی كورد پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیان بووە، جوەكان مێژوییەكی دووروو درێژ لەگەڵمان ژیاون ،ئیستاش چەندین ئاینی وەك مەسیحی و شەبەك ،ئێزیدی و كاكەی، لەنێو كوردا بەئاشتیانە دەژین و لەنێوحكومەتی هەرێم و حزبەكانیش جێگاورێگای شیاویان هەیە. ئەوەی جێگای نیگەرانی و هەڵوێستە لەسەر كردنە ئەو دژیاتییەی حزبە ئیسلامییەكانە بەرامبەر بەووڵاتێكی وەك فەرەنسا كەمێژوویەكی  دێرینیان هەیە لەبەرگریكردن لەمافەكانی نەتەوەی كورد، قەرەنسەكان هێڵی دژە فرینیان بۆهەرێمی كوردستان لەنەتەوەیەكگرتووەكان كردە بریار،ئەوكاتەشی داعش پەلاماری هەرێمی كوردستانیدا یەكەمین دەوڵەت بەهانای كوردستانەوە هات فەرەنسا بووجگە لەهاوكاری سەربازیش داوای كۆبوونەوەی یەكێتی ئەورووپایكرد بۆپشتیوانی كردنی كوردستان لەجەنگی دژبەداعشدا، سەرۆكی ئەوكاتی فەرەنساش یەكەم سەرۆكی زلهیزێكی جیهانی  بوو بۆشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان سەردانی هەولێری پایتەختی كرد ،لەدوای ریفراندۆمیش یەكەمین دەوڵەت بوو كاری بۆهەڵگرتنی گەمارۆی سە هەرێمی كوردستانكرد لەوگەلەكۆمەكییەی كەلەسەری بوو. لەرۆژئاوای كوردستانیش فەرەنسییەكان بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی كوردیانكردووە هیچ كوردێك نابێت هەڵوێستەكانی فەرەنسا لەبیر بكات لەكاتی داگیركردنی عەفرین لەلایەن تەركیاوە  ،خۆئەگەر فەرەنسیەكان نەبوونایە دەمێك بووسوپای تورك ئەو ئەزموونەی رۆژئاوای لەبەین دەبرد. ئەم هێرش وپەلاماردانانەی  فەرەنساو سەرۆكەكەی لەلایەن بەشێك لەلایەنگرانی حزبە ئیسلامییەكان لە تۆرەكۆمەڵایەتیەكان خزمەت بەئاینی پیرۆزی ئیسلام و پەیامبەرەكەی ناكات ،بەڵكو ئاوكردنە ئاشی دوژمنانی كوردە، چون ئەوەی ئێستا سەركردایەتی  ئەم شەرەدەكات  بەرامبەر بەفەرنسا توركیا و ئێرانە هەڵبەت بەپشتیوانی داری قەتەر..... دەبێت ئەو گروو پە ئیسلامیانە بزانن ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت شەری بەرژەوەندییەئابوری و نەتەوەییەكانی ئەم دەوڵتەنایە لەبەرگێكی ئاینیدا ،توركیا تەماعی عوسمانیانەی خۆی لەناوچەكەداهەیە  لەباكوری ئەفریقیا لەرێگای گرووپەئیسلامیە توندرەوەكان ،لە دەریای سپی ناوەراستیش شینی بەدەستهیناو داگیركردنی گازی سروشتی هەیە ،چاوی لەداگیركردی رۆژئاوای كوردستانە،بۆتە سپۆنسەری ناردنە دەرەوەی گروو پەجیهادییەكان بۆ ولاتانی ئەو رووپاو تەنانەت ناوچەی قەوقازیش. ئەردۆگان لەكۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەكگرتووەكان بەدەنگیكی بەرز ووتی بەبێ‌ درووستكردنی دەوڵتی فەلەستین كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست چارەسەر ناكرێت.بەڵام بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ریفراندۆمی باشوری كوردستانیكردو تەنانەت ئەو ئەزموونە خۆبەرێوەبەری رۆژئاواشی پێ قبوڵنیەو رۆژنیە هەرەشەی پەلاماردانی نەكات. حزبە ئیسلامیەكان دەبێت بزانن باوەرداری لەگەڵ خودا دەكرێت نەك لەگەڵ ئیرا ن و توركیا و داگیر كەرانی كوردستان،هاوسۆزی ئاینداری نابیت مرڤ گیل بكاوچاو لەراستییەكان بپۆشێت و ببیتە پالپشتی داگیركەران و دیكتاتۆرەكان ماركس بەم جۆرە لەئاینداری دەڵێت " تلیاکی گەلانە. . .  


ماردین ئیبراهیم  پێویسته ڕه‌گه‌زی تورک له ناوچه‌کانی ئه‌نادۆڵ و ڕۆم به‌هێز بکه‌ین و کورد بتوێنینه‌وه. سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووهه‌م، ١٨٩٣ ئێ ئێ .... پرۆژه‌ی تواندنه‌وه و پاکتاوکردنی ڕه‌گه‌زیی کورده‌کان پڕۆژه‌یه‌کی کۆنتره له پرۆژه‌ی تورکه لاوه‌کان و ئیتیحاد و ته‌ره‌قی، سوڵتان عه‌بدولحه‌مید که له هه‌موو لایه‌که‌وه ته‌نگی پێهه‌ڵچنرابوو؛ هێشتا خه‌می ئه‌وه‌ی بوو چۆن کورده‌کان بتوێنێته‌وه، که‌واته کورده‌کان هه‌رچییه‌ک بکه‌ن و چۆن ڕه‌فتار بکه‌ن، شۆڕش بکه‌ن، ڕاپه‌ڕین بکه‌ن و نه‌یکه‌ن هێشتا بابه‌تی پرۆژه‌یه‌کی ترسناکن. گرفتی کورد بۆ ناسیونالیزمی تازه‌ڕسکاوی نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا هه‌ر به ته‌نیا گرفتێکی ستراتیجی و سیاسی نییه، به‌ڵکو گرفتێکی ژیاریی قوڵتره. پرۆژه‌ی فاشیزمی تورکی که به درێژایی سه‌ده‌ی بیست و ئێستاش به فۆرمه ئه‌ردۆغانییه‌که‌ی به‌رده‌وامه به ته‌نیا پرۆژه‌یه‌ک نییه وابه‌سته‌ی ئه‌وه بێت کورده‌کان چی ده‌كه‌ن یان چی ناکه‌ن تاکو دژایه‌تییان بکه‌ن؛ ئه‌و کورده جوتیارانه‌ی له عه‌فرین کێڵگه‌ی زه‌یتوونه‌کانیان و منداڵه‌کانیان و خانوو و ئاژه‌ڵه‌کانییان سوتێنرا هیچ مه‌ترسییه‌کی ستراتیجییان بۆ ئه‌نکه‌ره دروست نه‌کردبوو، به‌ڵام ده‌بووایه بسووتێنرێن، بۆچی؟ چونکه کوردن. جۆن بۆڵتن له کتێبه‌که‌یدا ده‌ڵێت ئه‌ردۆغان ڕقی له کورده‌کان بوو و به باسکردنییان قه‌ڵس ده‌بوو، ڕقه‌که‌شی هیچ په‌یوه‌ندی به کێشه‌ ستراتیجیی و سیاسییه‌کانه‌وه نه‌بوو، به‌ڵکو په‌یوه‌ندی ته‌نیا به کوردبوونیانه‌وه هه‌بوو. ..... ماکرۆن ده‌ڵێت ئیسلام له قه‌یراندایه، به‌ڕاست ئه‌و قسه‌یه هێنده قورسه؟ ئینجا خۆ له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا موسوڵمانه عه‌قڵ کراوه‌کانی له بابه‌ت موحه‌مه‌د عه‌بده و عه‌لی عه‌بدولڕه‌زاق ئه‌و قسه‌یه‌یان کردووه، هه‌موو پرۆژه‌ی فیکری بیرمه‌ندێکی گه‌وره‌ی موسوڵمانی وه‌کو موحه‌مه‌د ئه‌رگۆن بۆ شیته‌ڵکاریی قه‌یرانی ئیسلامه، نه‌سر حامید ئه‌بو زه‌ید که دیسان بیرمه‌ندێکی موسوڵمان بوو هه‌موو ژیانی فیکری خۆی بۆ باسکردن له قه‌یرانی ئیسلام ته‌رخان کرد، بێرنارد لویس که کاریگه‌رترین فیگه‌ری ناو خۆرهه‌ڵاتناسی و ئیسلامناسیه و دۆستی موسوڵمانانه کتێبێکی هه‌یه هه‌ر ڕێک به‌ناوی 'قه‌یرانی ئیسلام'. ئه‌وه به جدیتانه پێتان ناخۆشه بڵێن ئیسلام له قه‌یراندایه؟ ئه‌م شارستانێتییه له ئیبن ڕوشد و ئیبن خه‌لدون و کیندی و فارابییه‌وه هاتۆته سه‌ر عه‌لی قه‌ره‌داخی، ئه‌م شارستانێتییه په‌کی که‌وتووه و له هه‌موو جۆره داهێنانێک و به‌شدارییه‌کی فه‌لسه‌فی و زانستی که‌وتووه، له مه‌غریبه‌وه تاکو ئه‌ندۆنیزیا وڵاتێکت نییه شایسته‌ی ژیانێکی پڕکه‌رامه‌تی مرۆڤانه بێت، له‌و هه‌موو شه‌ڕ و ئاشووبه‌ی دنیای ئیسلامی به بیر و خه‌یاڵی یه‌ک تاکه مرۆڤیشدا نایات په‌نا بۆ مه‌که ببات و له مه‌دینه ببێته په‌نابه‌ر؛ به‌ڵام هه‌مووان را ده‌که‌ن ڕووه و خۆرئاوا، هێشتا پێت وایه ئیسلام هیچ قه‌یرانێکی نییه؟ پاشان بیرمه‌ندانی دنیا به‌رده‌وام باسی قه‌یرانی عه‌قڵ و شارستانێتی خۆرئاوا ده‌که‌ن، باسی قه‌یرانی شارستانێتی ئه‌مه‌ریکی ده‌که‌ن، باسی قه‌یرانی یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌که‌ن، باسی قه‌یرانی مۆدێرنیتی ده‌که‌ن، باسی قه‌یرانی زانست و کۆمه‌ڵگای ته‌کنۆلۆجی و کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌می ته‌قینه‌وه‌ زانستییه‌کان ده‌که‌ن، بێگومان هه‌موو ئه‌و شتانه قه‌یرانی خۆیان هه‌یه، ته‌نیا ئیسلام نییه‌تی؟ خێر؟ ..... یه‌کێک له‌ پایه‌کانی شارستانێتی خۆرئاوا ئازادی و گوزارشتکردنه له بیروبۆچوون و ده‌ربڕین، ئه‌و مافه که مافێکی گڵۆباڵه و تایبه‌ت نییه به کۆمه‌ڵگایه‌کی دیاریکراو، خۆرئاوا نابێت له‌ژێر هیچ گوشارێکدا پاشه‌کشه‌ی لێبکات. دروستکردنی کاریکاتێر ده‌چێته چوارچێوه‌ی ئازادی راده‌ربڕینه‌وه، مه‌سیحییه‌کان و جوله‌که‌کان و هیندۆسه‌کان قبوڵییان کردووه، ده‌بێت موسوڵمانه‌کانیش قبوڵی بکه‌ن، نابێت ئینسانی موسوڵمان داوای پارێزبه‌ندی تایبه‌ت و هیچ جۆره ئاوار‌ته‌ییه‌ک بکات به‌بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌ستی بریندار ده‌بێت، ڕۆژانه شت ده‌بینین و ده‌خوێنینه‌وه و گوێمان لێده‌بێت و هه‌ستیشمان بریندار ده‌بێت به‌ڵام هه‌ست برینداربوونی ئێمه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که ئه‌وانی تر ئه‌و مافه له خۆیان زه‌وت بکه‌ن. ئازادی بیروڕا کاتێک مانای هه‌یه که ئێمه گوێمان له بۆچوونێک ببێت و هه‌ستیشمان بریندار ببێت و هێشتا ئه‌و مافه‌ی به‌رانبه‌ر به ڕه‌سمی بناسین، ئینجا ئه‌وه چۆن ئازادی و مافێکه ته‌نیا ئه‌و شتانه بگوترێن و بنووسرێن که ئێمه پێمان خۆشه؟ ئه‌ی بابه‌تی سه‌ربڕینی مامۆستاکه؟ ئایا سێبه‌رخستنه سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته مرۆییه و سه‌ربڕینی ئینسانێک هیچ جۆره ناڕه‌حه‌تی ئه‌خلاقی بۆ موسوڵمانان دروست ناکات؟ بۆ که‌س باسی ناکات؟ بۆ که‌س مه‌حکومی ناکات؟ قسه‌کانی ماکرۆن زۆر به‌رپرسیارانه بوون، هیچ شتێکی تێدا نه‌بوو ناکۆک بێت به ستاندارد و په‌یماننامه‌ و جاڕنامه‌ گه‌ردوونییه‌کانی مافی مرۆڤ، هیچ سوکایه‌تییه‌کی تێدا نه‌بوو بۆ هیچ که‌سێک، دووای ئه‌وه من تێناگه‌م وشه‌ی سوکایه‌تی که زۆر که‌س به‌کاری ده‌هێنێت مانای چی؟ جیهانی ئیسلامی هه‌تا زووتر دان به هه‌ندێک ڕاستیدا بنێت، بۆ خۆمان و بۆ دنیاش باشتره، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که شتێک به‌لای تۆوه موقه‌ده‌سه هیچ کێشه‌یه‌ک نییه، به‌ڵام بزانه به‌لای ملیاره‌ها مرۆڤی تره‌وه موقه‌ده‌س نییه. ئه‌مه چۆن شارستانێتییه‌که هێنده بێمتمانه‌یه به به‌هاکانی خۆی به‌رگه‌ی کاریکاتێرێک ناگرێت و پێی وایه موقه‌ده‌سه‌کانی هاڕه ده‌که‌ن؟ ..... سه‌ره‌ڕای ئه‌و شتانه‌ش، با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌ردۆغان. ئێستا تورکیا و فه‌ره‌نسا له زۆر جێگه‌ی دنیا ڕووبه‌رووی یه‌کتر بوونه‌ته‌وه، له ئاسیای ناوه‌ڕاست و به دیاریکراوی له کێشه‌ی ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجان، له ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و کێشه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به سنووره ئاوییه‌کانی یۆنان و قوبروس، له که‌نارا‌وه‌کانی باکووری ئه‌فه‌ریقا و به‌دیاریکراوی له لیبیا، له عێراقیش به‌ڵێ له عێراق. ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی مۆبیلیزه‌کردنی خه‌ڵکه‌وه ڕای گشتی جیهانی ئیسلامی بۆ دژایه‌تیکردنی فه‌ڕه‌نسا ئاراسته بکات، کێشه‌که نه کاریکاتێره و نه ئیسلامۆفۆبیایه و نه به‌رگریکردنه له ئیسلام وه‌ک هه‌ندێک کورد به پێی په‌تی به‌ناو که‌وتوون، ئه‌وه‌ی موسوڵمانانی کوشتووه و ماڵی موسوڵمانانی سوتاندووه و ئاواره‌ی کردوون ماکرۆن نییه، ئه‌ردۆغانه. که‌واته ئه‌و خۆ سه‌خڵه‌تکردنه‌ی کورد بۆچی؟ ئێمه له‌ناو هه‌زاران کێشه‌ و ئاریشه‌ی خۆماندا تل ده‌خۆین باشتر نییه بیرێک له حاڵی خۆمان بکه‌ینه‌وه؟ هیچ شوێنێکمان نائێشێت بچین شه‌ڕ بۆ ئه‌ردۆغان بکه‌ین؟ ئه‌گه‌ر به هه‌ر هۆیه‌ک بێت چاو له هه‌ندێک موسوڵمانی ساده‌دڵی کورد بپۆشین که که‌وتوونه‌ته پاقله‌که‌وه، ئایا به چی بیانوویه‌ک چاو له‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه بپۆشین که یاداشتی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ده‌نه کونسوڵخانه‌ی فه‌ڕه‌نسا و ئینسان نازانێت بۆ ئه‌و عه‌قڵه خاوه‌یان بگریت یان پێبکه‌نێت؟ هه‌ر به‌ڕاستی شه‌ڕی ئه‌و دۆڵه بۆ ده‌هێننه ئه‌م کۆڵه؟ ..... هه‌بوو نه‌بوو سوڵتانێک هه‌بوو، ناوی ئه‌ردۆغان بوو، ڕۆژێک فڕۆکه‌کانی نارده ڕۆبۆسکێ تاکو کۆمه‌ڵێک مرۆڤی کوردی هه‌ژار و به‌له‌نگاز که له‌ناو هه‌لومه‌رجێکی سه‌ختدا خه‌ریکی کاسبی بوون به خۆیان و به ئه‌سپه‌کانیانه‌وه بکوژن، ڕۆژێکی تر کۆپته‌رێکی نارد دوو پیاوی کوردیان له وان سوار کرد و له‌ناوه‌ڕاستی ئاسمانه‌وه فڕێیان دانه خوواره‌وه. دوو زه‌لام په‌یدا بوون که ناویان عه‌لی قه‌ره‌داخی و سه‌ید ئه‌حمه‌د پێنجوێنی بوون، پشتیان کرده هه‌موو به‌هایه‌کی هاوسۆزی مرۆڤانه (با واز له هاوسۆزی کوردانه هه‌ر بهێنین) و ڕوویان له کوژراوه‌کانی ڕۆبۆسکێ وه‌رگێڕا و لایه‌نی فڕۆکه‌وانه‌کانی سوڵتانییان گرت، پشتیان له‌و دوو پیاوه کرد که له کۆپته‌ره‌که‌وه فڕێدرانه خوواره‌وه و ستایشی کۆپته‌ره‌وانه‌کانی سوڵتانییان کرد. ئه‌ی مێژوو بینووسه، سوڵتان وای کرد و قه‌ره‌داخی و پێنجوێنیش موباره‌که‌یان کرد و هه‌ستییان نه‌ده‌کرد له‌ناو چی قه‌یرانێکی ئه‌خلاقیدان.


مەحموود یاسین کوردی هیوادارم ئەو روونکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی (پارتی) لە دەستگیرکردنی ئەو ژمارە هاوڵاتییە عێراقییە کە گوایە پیلانی تیرۆرکردنی دادوەر و پارێزگایەکیان داناوە بە هاوکاری پەکەکە مەبەستیان ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانەی هەولێرو بادینان نەبێ! بەراستی ئەگەر ئەو سیناریۆیە جێبەجێ بکرێ تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و کوشتنی دیبلۆماتکارانی بیانی و کۆمپانیاو بەرژەوەندی وڵاتانی بخرێتە پاڵ ئەو گەنجانە ئەمە مانای کۆتای خەباتی مەدەنییە لە هەرێمی کوردستان، چونکە هیچ دەرفەتێک ناداتە خەڵک لە رێگای کاری مەدەنی و یاساییەوە خەبات بکەن و دەرگای جەهەنەم لە سەر هەرێم دەکاتەوە، سیناریۆی کونسوڵ کوشتن بۆ کاک نەوشیروان نەچووە سەە بەس بۆ ئەو گەنجە بێ پشت وپەنایانە ئاسانە!. داڕشتنی ئەو سیناریۆیەش بۆ بێ دەنگ کردنی نوێنەری وڵاتان و رێکخراوە بیانییەکان و کونسوڵخانەکانە، چونکە ئەوان لە پاڵ پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن تاکە لایەن بوون داکۆکی لە ئازادی ئەو رۆژنامەنووسانە دەکەن و داوای ئازادکردنیان دەکەن. بەشێک لە نێو پارتی دەیانەوێ بە کونسوڵخانانە بڵێن ئەگەر ئازادیان بکەین ئێوە دەکوژن بۆیە بێ دەنگ بن. بەرپرسیارییەتی گەورە لەو بابەتە دەکەوێتە سەر دەنگە میانڕەوەکانی نێو پارتی هەروەها یەکێتی و گۆڕانیش وەکو دوو شەریکی پارتی بەرپرسیارییەیی مێژوویان دەکەوێتە سەر شان کە لەو سیناریۆیانە بێ دەنگ نەبن. بروا ناکەم پەکەکە بێ عەقڵی وا بکات پەلاماری کونسوخانەکان بداو ئەوروپا لە خۆی بکاتە دوژمن و لەو تەوقیتە جیهان بکاتە دۆستی تورکیا، هەڵەی هۆقەباز دووبارە ناکاتەوە، چونکە لەسەر سومعەی زۆر دەکەوێ. پەکەکە ئەگەر کاری واش بکات بە کوردی باکوور و خەڵکی خۆی دەکات نە کوردی عێراق ئەو کارە بۆ پەکەکە دەکات نە ئەو خەڵکانەی گیراون ئەهلی ئەو کارەن، خاڵێکی دیکە لەو بەیاننامەیە باسی لێوەکراوە داواکردن لە رادەستکردنەوەی چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆنە لە ئەوروپا ئەمە هەرشەیە لەوانەی لە دەرەوەی کوردستاب رەخنە دەگرن بۆیە بە هەموو پێوەرێک ئەو بەیاننامەیە قۆناغێکی مەترسیدارە.  


٭کارۆخ خۆشناو ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک (ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) دۆست و هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکایە، واتە کورد لە هاوکێشەی ئەمریکادا (ژمارەیەکی خوێندراوەیە) ئەویش بە هۆی ئەو فاکتەی کەوا کورد پڕۆ ڕۆژئاوا و پڕۆ ئەمریکایە، ئەم فاکتەش لە تێکشاندنی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە و شەڕڤانان سەلمێنرا، بەمانایەکی تر دەتوانین بڵێین کورد هاوبەشێکی متمانە پێکراوی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لەسەروبەندی نزیک بوونەوەمان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، دوو پرسیاری گرنگ دێنە پێشەوە: 1- ئایا کورد چۆن بتوانێت درێژە بە بونی خۆی بدات لە ناو هاکێشەی ئەمریکادا؟ 2- ئایا کورد چۆن بتوانێت پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکادا لە هاوبەشێکی سەربازی و تاکتیکی و کورت خایەنەوە بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانێکی سیاسی و ستراتیژی و درێژخایەن؟   بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە (لە ئەگەری بردنەوەی تڕەمپ یان بایدن)دا پێویستە داڕێژەرانی بڕیار لە کوردستان ئەم شەش خاڵە لەبەرچاو بگرن: 1- پێویستە کورد لە زووترین دەرفەتدا هەوڵی ڕێکخستن و بەهێزکردنی ناو ماڵی خۆی بدات، واتە (بەهێزکردنی بارودۆخی خودی) لەهەمان کاتدا پێویستە کورد خوێندنەوەیەکی لۆژیکی بۆ گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە هەبێت، واتە ( تێگەیشتن لە باردۆخی بابەتی) 2- پێویستە کورد هەڵبدات لە پاڵ ڕێکەوتنی سەربازی، ڕێکەوتنی سیاسیش لەگەڵ ئەمریکادا واژوو بکات، بە مەبەستی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی کوردستان لە ئەگەری هەر هێرشێک کە لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت. 3- گرنگە کورد ئامادەباشی بکات بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، لە ئەنجامی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی (گرێبەستی سەدە و ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم) چونکە کۆی ئەم ڕێکەوتنانە لێکەوتەی (ئەرێنی و نەرێنی) بۆ سەر کوردستان دەبێت، هەروەها گۆڕانکاریەکانی ئەم ناوچەیە کۆمەڵێک (دەرفەت و هەڕەشە) بۆ کوردستان لەخۆ دەگرێت، هەموو ئەم ڕێکەوتنانەش لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ئەمریکادا ئەنجام دەدرێن و لە دەیەی داهاتوودا (تاکو ساڵی 2030) تەواودەکرێن. 4- ئەگەر کورد بیەوێت هەمیشە پارێزراو بێت لەلایەن ئەمریکا و ئەوڕوپاوە، ئەوا کورد پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆ هەوڵبدات دامەزراوەکانی لەژێر چەتری دەستورێکی مۆدێرندا ڕێک بخات، واتە هەوڵبدات لێژنەی نوسینەوەی دەستور لە پەرلەمانی کوردستان کارا بکاتەوە، تاکو لە ماوەیەکی دیاریکراودا (ڕەش نوسی دەستور بکرێتە سپی نوس) و بخرێتە دەنگدان و پاشانیش جێبەجێکردنەوە. 5- هاوشان لەگەڵ تۆکمەکردنی ڕێزەکانی ناوخۆ، پێویستە کورد لە ئاستی دەرەکیشدا گرنگیەکی تایبەت بە پڕۆسەی (لۆبیکردن) بدات، بەتایبەت لە ئەمریکادا پێویستە هەوڵبدات پشتگیری دامەزراوە جیاوازەکانی ئەمریکا بەدەست بێنێت وەک (کۆنگرێس، کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە، پنتاگۆن، ناوەندەکانی توێژینەوە و پینک تانک) چونکە ئەم دامەزراوانە بەشداری کارایان هەیە لە داڕشتنی ستراتیژیەت و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. 6- پێویستە کورد لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) ڕێکەوتنی ئابوری و بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا واژوو بکات، واتە گرنگە کورد بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا هاوتەریب و پاڕاڵێڵ بکات، بۆ ئەوەی کوردیش لە پاڵ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیەدا هەمیشە پارێزراو بێت، بەمانایەکی تر پێویستە کورد لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش سیاسەت لەگەڵ ئەمریکا بکات، نەک هەوڵبدات لەسەر بنەمای سۆز (دڵداری) لەگەڵ ئەمریکادا بکات، چونکە سیاسەت لە ئەمریکادا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دادەڕێژرێت نەک لەسەر بنەمای سۆزداری! لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانەی سەرەوەدا، پێویستە کورد بەردەوام بێت لە سیاسەتکردن بە ئاراستەی هاوسەنگی ڕاگرتن لە نێوان ئەمریکا و نەیارانیدا (بەتایبەت ئێران)، چونکە بەرژەوەندی کورد لە شێوازێکی سەردەمیانەی سیاسەتکردنە، بە ئاراستەی باڵانس ڕاگرتن. *سەرۆکی ئینستیتیۆتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی


پەیكار عوسمان - ("هەموو" هی خودایەو خوداش هی "هەمووە".) ئەوەی کە خودا قۆرخکەیت و پێتوابێ بەس هی تۆیە، ئەوە بۆ ئەوەیە کە "هەموو" داگیرکەیت. ئەمەش نەزعەیەکی تەواو داگیرکاری و سوڵتەوییەو پەیوەندییەکی بە دین و خوداوە نیە. کاتێکیش کە ئەمە ئەبێت بە دین، ئیتر پێمانخۆشبێ یان نا، ئەو دینە لە قەیراندایە، چونکە وانییەیەك بووە بە وایە، وایەیەکی موقەدەسیش! - هەموو پێغەمبەرێك، بۆ دژایەتی جەهلێکی موقەدەس و دۆخێکی چەقبەستوو هاتووە. کە دواتر ئەم هەوڵەی ئەویش، لەلایەن سێکوچکەی (سوڵتەو کەهەنەو مێگەلەوە) دیسان هەر کراوەتەوە بە جەهلی موقەدەس و هەر کراوەتەوە بە دۆخێکی چەقبەستوو. ئا ئەمەش ناونراوە "دین" و دەساودەس ئەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی دواتر. دەی ئا ئەمە، ڕێك ئەو شتەیە کە پێغەمبەرەکە بۆ لێدانی هات و کە قورئانیش لە دنیایەك ئایەتدا نەهی لێکردوە. دەی تۆ پێتخۆشبێ یان نا، ئەم ئیسلامە حازرییەی کە هەیە، ڕێك لەو دۆخەدایەو هەموو ئەو ئایەتانە شمولی ئەکات! - هەموو دینێك هاتووە بۆ لێدان لە، ڕووکەشێکی موقەدەسی بەتاڵ لە جەوهەرێکی باڵا. کە دواتر خۆشی "لەناو مانا جەماعییەکاندا" هەر بۆتەوە بە ڕووکەشێکی موقەدەسی خاڵیی لە جەوهەرێکی باڵا. جەوهەری باڵای دینیش، مانایەکە، کە تەنیا "فەرد" ئەتوانێ پێ ی بگات، بۆیە حساب و کتابیش فەردییەو جەماعی نیە! یەعنی تۆ خۆت و لە ئێستاداو هەر بە عەقڵ و هۆش و پێدراوە ناوەکییەکانی خۆت، ئەتوانی لەمسی جەوهەری باڵا بکەیت، نەك بە زۆرینەو پێشینەو دوێنێ و توراس و ئابائی ئەوەلین، کە لایەکی قورئان زەمی ئەوانەیە. - چەنێك لە ئاشتیدابیت، ئەونە خوات ناسیوەو چەنێکیش خوات ناسیبێ ئەونە لە ئاشتیدایت. ئەوەی کە ئەتکا بە بۆمبی ڕق و ئەتخاتە سەنگەری جیاکارییەوە، ئەوە دین خۆی نیە، ئەوە ڕێك عەکسەکەیەتی بەس لە بەرگی ئەودا. ئاخر "جیاوازی" سونەتی کەون و ئایەتی خوایەو بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانە. بەڵام "جیاکاری" کاری سوڵتەو کەهەنەو ئایدۆلۆژیاکانە، بۆ ڕق و شەڕو یەکترسڕینەوەو هەژمونکاریی. - جەوهەری دین، مەسەلەی ئەخلاق و چۆنێتییە، نەك بابەتی ژمارەو چەندێتی. "چەندێتی" پێوەری مادییەو "چونێتی" پێوەری مەعنەوییە. دینیش، "ڕاستەقینەکەی" سەر بە ناوچەی مەعنەوی و چۆنێتییەو "موزەییەفەکەی" سەر بە ناوچەی مادی و چەندێتییە. ئیسلام بە ژمارەی موسوڵمانەکان و بە ڕووبەری وڵاتە ئیسلامییەکان ناپێورێ. ژمارەو ڕووبەرو قەبارە، پێوەری مادەو سوڵتەو هێزە، نەك پێوەری مەعنەوی و ئەخلاقی و خودایی. ئەو ئینحیراف وهەڵگەڕانەوەیەش کە لە دیندا ڕوویداوە، ئەوەیە کە شتەکە تەواو مادی و چەندێتی کراوەتەوەو پەیوەندییەکی بە چۆنێتییەوە نەماوە. - ئەگەر ڕیفۆمێکی دینیش بکرێ، هەر بەوە ئەکرێ، کە کۆی توراس و دەقە دینییەکان، بە پێوەری چۆنێتی ڕاڤە بکرێنەوەو تەواوی ڕاڤە چەندێتییەکانیش بخرێنە زبڵدانەوە. ئەمەش ڕێك یەعنی فڕێدانی سەتا نەوەتی ئەو ئیسلامە حازرییەی کە هەیە. کە ئیسلامی توراسی و سیاسییەو لە معاویەو ئومەوی عەباسیییەوە نا، بەڵکو هەر لە ئەبوبەکرەوە دەست پێئەکا، تاکو سەلەفی و ئیخوان و ئەردۆگان و ئەمانەی ئێستا. جا گرنگە بزانیت، ئەمەی کە هەیە، ئیسلامی تۆ نیەو شەڕەکانیشی شەڕی تۆ نین، چونکە ئەمە ئیسلامێکی چەندەکی و هێزەکییە نەك ئیسلامێکی ئەخلاقی و چۆنەکی. دواتر ئیسلام فۆڕمێك نیە کە هی تۆبێت و هی ئەو نەبێت، تاکو شەڕی بۆ بکەیت. بەڵکو ئیسلام جەوهەرێکە کە ئەسڵەن ڕەنگە ڕێژەیەکی زیاتری لای ئەوبێت! - عیبادەت گەورەترین سوکایەتییە بە خوا، چونکە بە بتکردنی خوایە. پێغەمبەر بۆیە دژی بتپەرستی بوو، چونکە تەسلیمبوونە بە جەهالەتێکی جەماعی موقەدەس، کە دەساسودەس هاتووەو شتەکە لە دەرەوەی ئاگایی ئینساندایەو کەس ناپرسێ بۆ. دەی کورتکردنەوەی دین لە عیبادەت و کورتکردنەوەی عیبادەتیش لەو شەعایرو شتە شکڵییانەدا کە هەیە، ئەمە ڕێك بە بتکردنی خوداو بە مێگەلکردنی ئینسانە. پەیوەندی ڕاستەقینەی ئێمەو خوداش، ئەوەیە کە، فەردی و ئازادانەو ئاگایانەبێت و لێرەدا ئەو خوادایەو تۆش مرۆڤیت. بەڵام کە جەماعی و تەقلیدی و مێگەلانەبوو، ئیتر ئەو بتەو تۆش بتپەرست. (هەر بۆ زانیاریت لەم ئیسلامەی ئێستادا، خودا تەنانەت بتەکەش نیە، بەڵکو موحەمەد خۆی خواکەیەو بتەکەیە)! - چاکبوون بەرزترین ڤێرژنی مرۆڤەو مرۆڤیش بۆئەوەی چاك بێت، جگە لە چاکە خۆی، پێویستی بە هیچی تر نیە. چونکە جگە لە چاکە خۆی، هیچی تر نایگەیەنێت بە چاکبوون. دینیش بۆ چاکبوونە نەكئەوەی لە چاکبوون بەرزتربێ، یان بەدیلی چاکبوون بێت. چاكبوون پەیوەندییەکی ئاسۆیی تۆیە لەگەڵ دەوروبەرو ئەوانیتر. پەیوەندی ستونیش لەگەڵ خودا، بەو هێڵە ئاسۆییەدا ئەڕوات. جا ئەو فکرو ئایدۆلۆژیایەی، کە ساحە ئاسۆییەکەت بۆ کاولئەکاو لە ساحەی چاکبوونەوە بۆت ئەکات بە ساحەی شەڕ، ئەوە ڕێك پەیوەندییە ستونییەکەشت کاولئەکاو ئێرەو ئەوێشت فت! - ئیخوان و تورکیا شەڕی نفوزو بەرژەوەندی خۆیان ئەکەن و فەرەنساو ماکرۆنیش بە هەمان شێوە. تورکیا ئەیەوێ زەعیمی دنیای ئیسلامیبێ و فەرەنساش ئەیەوێ زەعمی دنیای ئەوروپی بێت. ئەشێ هەمان نەخۆشیی ئەردۆگان و پۆتین بۆ زەعامەت، لای ماکرۆن و ترەمپیش هەبێ و ئا لێرەوەیە کە ئەمانیش دەست بۆ سیاسەتی وروژاندن ئەبەن و سڵ لە مەسەلە هەستیارەکانیش ناکەنەوە! - پەرستگا دەزگای دەوڵەتەو کاهین پیاوی دەوڵەتە. وەکچۆن مزگەوت و مەلای تۆ، سەر بە ئەوقاف و حکومەتی خۆتە، وەکچۆن ناکرێ کەنیسەو قەشەی تورکیا سەر فەرەنسابێت، ئاواش ناکرێ مەلاو مزگەوتی فەرەنساش سەر بە شوێنی تربێ و لە دەرەوەی سیاسەت و بەرژەوەندی فەرەنسادابێت. لێرەدا ڕێکخستنی ژیان دینی لە فەرەنسا، مافی دەوڵەتی فەرەنسایەو کارێکی ئاساییە، ئەگەر تەنیا ڕێکخستنبێ و ڕێگری و پێشێلی ئازادی نەبێت. بەڵێ فەرەنساش مافی خۆیەتی "ئیسلامی فەرەنسی" بەرهەمبهێنێ، وەکچۆن ئیسلامی تورکی و ئێرانی و سعودی هەیە، وەکچۆن ئیسلامی کوردیش پێویستە هەبێ و چیتر لەڕێگەی ئیخوان و سەلەفیەتەوە نەبینە بەشێك لە ئیسلامی ئەوانیترو لەوێشەوە بکرێینەوە بە دوژمنی خۆمان! لەنێوان هەموو فۆڕمە جەماعی و سیاسی و دەوڵەتییەکانی ئیسلامیششدا، ئیسلامی تۆ، با تەنیا چاکبوون و مرۆڤبوونی فەردی خۆت بێت و تەنیا لەوێشەوە پشتیوانی یان دژایەتی فۆڕمێك لە فۆڕمەکان بکە، نەك لە زەلکاوەکانی ئایدۆلۆژیاوەو لە مەنهۆڵەکانی مێژووەو لە گێژاوەکانی سیاسەت و بەرژەوەندییەوەو لە تاریکستانی جەهلی مورەکەب و موقەدەسەوە! - ئازادی دینی لە فەرەنساو ئەوروپا، بۆشاییەکی دروستکردوە کە ئیسلامی سعودی و ئیسلامی ئیخوانی و ئیسلامی تورکی پڕیانکردۆتەوە. ئاخر لەلایەك فەرەنسا خۆی، تەمویل و تەداخولی دین ناکات. لەلایەکیش ئەمانە پارەیان هەیەو توانای تەمویلی پەرستگاو دامەزراوەیان هەیەو تەداخولەکە ئەکەن. کاتێکیش فەرەنسا هەست بەم بۆشاییە ئەکاو ئەیەوێ بە ئیسلامێکی خۆی پڕیکاتەوە، ئەمە هەر ئەوەیە کە هەموو دەوڵەتێك لەو مەوقیفەدا ئەیکات. ئەمە هەر ئەوەیە کە تورکیا کردی و فۆڕمە دینییەکەی گوڵەنییەکانی قەدەغەکرد کە هەر ئیسلامیشن و فۆڕمێکی تری دینیی سەرخست. یەعنی لەڕاستیدا ئەمە شەڕە لەگەڵ فۆڕمێکی دین، نەك لەگەڵ خودی دین. بەڵام ئیتر فۆڕمە زیانلێکەوتووەکە هاواری لێهەڵئەستێ و شتەکەت لێئەکا بە شەڕی خودی دین و ئەمەش ئاساییە، چونکە ئەو پێشتر خۆی یەکسانکردوە بە دین و لەئەساسەوە تیجارەتەکەی لەسەر ئەوە دامەزراندوە! - توندڕەوییە دژەکان، دوو ڕووی یەك دراون و هێزو گەشە لە یەکتری وەرئەگرن. مەلەسەن لە ئێستای ئەوروپادا، ڕاسیست و ڕاستی توندڕەو، هێزی خۆی لە ئیسلامی توندڕەو وەرئەگرێ. هەرکامیان گەشەبکا، ئەویتریش گەشەئەکاو هەرکامیشیان پاشەکشێ بکا، ئەویتریش پاشەکشێ ئەکات. بۆیە ئەو بەشەی ڕێکارە دینییەکانی فەرەنسا، کە پاشەکشێیە بە ئیسلامی توندڕەو، خێری تیایەو لە بەرژەوەندی هەمووان و پێکەوەژیانەو دەستیان خۆشبێ. ئەو بەشەشی کە وروژاندن و سوکایەتی و بەرهەمهێنانی ڕق و ئیسلامۆفۆبیایە، فیتنەیەو زەرەری هەمووانەو دەستیان بشکێ. - کاتێ تۆی موسوڵمان، لەناو پاریسدا، بە هەمان عەقڵیەتی مەسیحیی سەدەکانی ناوەڕاست بیرئەکەیتەوە، ئاسایی بەرکەوتن دروستئەبێ. دەی خۆ ئەوروپییەکان شۆڕش و ڕۆشنگەرییان بۆ ئەوە نەکرد کە کەنیسە بگۆڕن بە مزگەوت. ئەوان بۆ ئازادی کردیان، هەر ئەو ئازادییەی، کە ڕێگەی داوە سەدان مزگەوت لە فەرەنسادا هەبێ و مەسیحی و موسوڵمان و بێدین پێکەوە هاوڵاتی یەکسان بن. دەی تۆ ناکرێ لەناو عەلمانیەتدا، فۆبیای عەلمانییەتت هەبێ و واشبزانیت ئەوە ئەوە کە فۆبیای ئیسلامی هەیە! نەخێر تۆ سەرەتا فۆبیاکەی خۆت ببینە، دواتر ئەوەی ئەویش وەکو خۆی ئەبینیت و ئەزانیت لەکوێدا کێشەیە لەگەڵ ئیسلام و فۆبیای ئیسلامە، لەکوێشدا وانیەو کێشەکە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و توندڕەوە نەك لەگەڵ ئیسلام و موسوڵمان! - هونەرو ڕۆژنامەو کاریکاتێریش هەر ئەکەوێتە ناو ئازادییەوەو ئەویش ئەبێ هەبێ و ڕیزلێگیراوبێ. وەلێ سوکایەتی و بڵاوکردنەوەی ڕق و دەمارگیری، ئەمەیان کێشەیەو بە "ئازادی" پێنە ناکرێ. ئاخر ڕێکارە دینییەکەی فەرەنسا، هەر بۆ کەمکردنەوەی ڕق و توندوتیژی باشە، دەی کە شتێك لەولاوە بێت و ڕق و توندوتیژی تۆخکاتەوەو ئاشتی و پێکەوەژیان بخاتە مەترسییەوە، یەعنی هیچ. سەیرکە "ئازادی و پێکەوەژیان" پێکەوەن و نابێ لەیەك دابڕێن و بکەونە دژبەری یەك. کە دابڕان و دژبوونەوە، ئیتر نە ئازادی ئازادییەو نە پێکەوەژیان پێکەوەژیانە. - ئیسلامییەکان خۆیان قسەیەکیان هەیە، ئەڵێن ئیسلام لە ئەوروپاوە هەڵئەسێتەوە. هەڵبەت ئەوان مەبەستیان زۆربوونەو شتەکە لای ئەوان پەیوەستە بە زاوزێوە. بەڵام نا، ئەشێ ئەو قسەیە ڕاستبێ، بەڵام هەستانەوەکە لە عەقڵەوەبێت نەك لە گەڵوگونەوە. یەعنی دیدی توراسی و تەقلیدی، لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا هێندە زاڵە، کە دەسکاری ناکرێ و مەگەر لەدەرەوەی دنیای ئیسلامەوە، دیدێکی ڕەخنەیی دروستببێ و شتەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە. دواجار هەموو دیدێکی نوێش، پێویستی بە فەزایەکی کراوەو پشتیوانی سوڵتەیە، کە ئەو کەشە، ئەشێ لە ئەوروپادا بڕەخسێ، لەکاتێکا لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا ئەو هەناسەیە خنکاوە. - دواجار موحەمەدیش بۆ ئەوە هات کە تۆ لە ئاشتی و خۆشەویستیدابیت، نەك ئەوەی خودی ئەویش بکەیت بە کەرەستەی شەڕو بەرهەمهێنانی ڕق. من شەڕی لەسەر ناکەم و پێشموایە بەوە، ڕێزم لە خۆم و لەویش گرتووە. چونکە ڕێزی خۆم و ئەویش، لە ئاشتیدایە نەك لە شەڕدا. ئیتر من ئەو وا ئەناسم و تۆش کەیفی خۆتە.


خالد سلێمان I بەهاری ساڵی ١٩٩١، کوردان لەسەر سنورەکان جگە لەسەرماو برسێتی لە پای کۆڕەوێکی ملیۆنی کە لە ترسی قەتڵ و عامێکی تر لەسەر دەستی ڕژێمی سەدام حسێن هەڵهاتبون؛ لە تەنیایەکی نێودەوڵەتیدا دەژیان و کەس لای لێنەدەکردنەوە. لەو چرکەیەدا کە مناڵانی کورد لە سەرماو برسێتیدا گیانیان لەدەست ئەدا، فەرەنسا یەکەم ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بو، پرۆژە بڕیارێکی بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان خستە بەردەم ئەنجومەنەکەو لە ژێر ناونیشانی هێڵی پاراستنی ٣٦ دا پەسەند کرا. ئەو کوردستانەی ئێستا هەیە، لەپای ئەو بڕیارەی فەرەنسادا مایەوە. دانیال میتێران، هاوژینی سەرۆکی کۆچکردوی فەرەنسا، فرانسوا میتێران یەکەم کەسایەتی نێودەوڵەتی ئەوروپی بو، لەسەرەتای ساڵانی ١٩٩١دا بێتە کوردستان و ژیانی خۆی بخاتە ژێر مەترسییەوە. ئەوەش لە پێناو شکاندنی ئەو بازنە ئاسنینەی کە کوردستانی لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پێ گەمارۆ درابو. فرانسو هۆڵاند یەکێک بو لە سەرۆکەکانی دنیا بەڕەسمی سەردانی کوردستان بکات، چاوی دنیا ڕابکێشێت بۆ سەر هەرێمەکەمان، کە ئەردۆگان بۆ ئەوەی ناوی کوردستان بەزمانیدا نەیەت، ناوی لێنا (هەرێمە جوانە). فەرەنسا یەکەم وڵات بو دان بنێت بە ڕۆژاوای کوردستان و دوای ڕزگارکردنی تەواوەتی کۆبانێ، پێشوازی لە شەڕڤانان بکات و خاتو نەسرین عەبدوڵای شەڕڤان و سیاسەتمەدار ئیلهام ئەحمەد لە کۆشکی ئێلیزێ بکات و وەک نمونەی ژنانی ئازاد لە پێناو مرۆڤایەتی دەجەنگن، بیانناسێنێت. فەرەنسا یەکەم وڵاتی دنیا بو پەیمانگەیەکی کوردی لە پاریسدا بکاتەوەو لە رێگەیەوە زمان و کولتورو ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانیدا بخوێنرێن. ئەمانەو چەندەها هەڵوێستی تری ئەم وڵاتە کە هەرگیز پشتی لە کورد نەکردوەو بەردەوام پۆرتاڵێکی جیهانیی گەورە بوە بۆ کوردانی هەمو پارچەکانی کوردستان. فەرەنسا لە چەندەها بواری مرۆیی و سیاسی و ئابوری و کولتوری و میدیاییدا یارمەتی کوردستان دەدات. II تورکیا گەورەترین پارچەی کوردستانی داگیرکردوە، پەلی هاوێشتوە بۆ باشورو جگە لەوەی ناوچەیەکی زۆری داگیرکردوە، ڕۆژانە خەڵکی سڤیلی کوردستان بۆردومان دەکات. لە ڕۆژئاوای کوردستان، عەفرین و سەری کانی و ترپە سپی داگیرکردوە. لە عەفرین تەنانەت دار زەیتونەکانیشی لە بن هێناوەو چارەنوسی کوردانی داوەتە دەست کۆمەڵێ جەردەو مرۆڤکوژی گروپە تیرۆریستەکان. تورکیا دەرگای بۆ داعش واڵاکردو ئەگەر یارمەتیەکانی فەرەنساو هاوپەیمانان نەبوایە، بەیارمەتی ئەردۆگان و ئیخوان موسلمین، تیرۆریستان هەمو کوردستانیان داگیر دەکرد. تورکیا زمان و کولتورو ئەدەب و تەنانەت وجودی کورد ڕەتدەکاتەوەو دانی پێدانانێت. تورکیا سیاسیە کوردەکان وەک سەرۆک خێڵ وەسفدەکات و پاریس لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازییان لێدەکات. تورکیا، کوردەکان وەک تورکی چیایی وەسفدەکات، فەرەنسا وەک نەتەوەیەک و خاوەن میراتێکی گەورەی مرۆڤایەتی ناوچەکە، تەماشایان کورد دەکات و دەیناسێنێت. تورکیا، تەنانەت لەسەر ئەنتەرنێتیش دان بەکوردستاندا نانێت و زۆری لەکۆمپانیای گوگڵ کرد نەخشەی کورستان لەسەر داتاکانی خۆی بسڕێتەوە. III ئەمڕۆ لە کوردستاندا، ئیخوان موسلمین بە ڕابەرایەتی کەسانی وەک عەلی قەرەداغی و حزبی وەک یەکگرتوی ئیسلامی، ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کوردستانیان کردوەتە (جەوقەی) ئەردۆگان و لە ڕیزی سوپایەکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دژایەتی فەرەنسا دەکەن. کەسیش بەلای ئەسڵی مەسەلەکەدا ناچێت کە مامۆستایەکە فەرەنسی بەدەستی تیرۆریستێک لە تەنیشت خوێندنگەکەی خۆیدا سەربڕاوە، بەڵێ سەربڕاوە، وەک چۆن داعش پێشمەرگەکانی ئێمەیان سەربڕی. ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر ترسناکە لە مێژوی ئێمەدا، جارێکی تر کورد ببێتە کەوا سوری بەر لەشکری ئەم شەڕەی ئیخوان موسلمین دژی فەرەنسا، ئایا عەلی قەرەداغی و یەکگرتوی ئیسلامی ئەتوانن ئاوەها بەردوام بن و کورد بکەنە داردەستی سوڵتانێکی (قاتل)ی وەک ئەردۆگان و بیکەن بەگژی دۆستەکانیدا؟ ئەمە پرسیارێکە، ڕوبەڕوی کۆمەڵگەو ڕۆشنبیران و ناوەندە سیاسییەکانی کوردستان دەبێتەوە.


 ئەرسەلان بایز      کــۆڵــە پــشـــت (4)                                                                             تازە (ڕەگ) لە لەندەن ڕاگەیەنرا بوو، سایدی (کوردستان پۆست) ئاگری دەکردەوەو تەڕو وشکی پێکەوە دەسوتاند. ڕۆژانە بە لێشاو جنێوی سووکی دەخستە بازاڕەکانی سیاسەت و ساغی دەکرەوە. ڕێکخستنەکانی دەرەوەی وڵات بەیەکدا دەهاتن و کەوتبوونە لێواری خۆ ساغ کردنەوە بەلای بۆچوونەکانی (ڕەگ) یان مانەوەیان لە ڕیزەکانی (ی.ن.ک). پڕوپاگەندە دژی (مام جەلال) و هەندێ لە داوو دەزگاکانی (ی.ن.ک) وەکو ئاگر زمانەی گەیشتبووە کەشکەلانی فەلەک. سەرجەم ڕێکخستنەکانی (ی.ن.ک) و کۆمەڵانی خەڵک گوێ قولاغی هەنگاوەکانی تری ڕاگەیاندنەکەی (ڕەگ) بوون.     کۆبوونەوەکانی (مەکتەبی سیاسی) وەکو جاران بە هێمنی نەدەڕۆیشت و ئاسایی نەبوو. جار جارە گفتوگۆی توندو قسەی بەرزو نزمی تێدا دەکرا. دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرایەوە کە (مام جەلال) هەموو سەرە داوەکانی (ی.ن.ک)ی بە پەنجەکانی خۆی بەستاوەتەوەو دەرفەتی هەناسەدانی کەسی نەهێشتۆتەوە. ئا لەو کاتانەدا ڕۆژێک (مام جەلال) کاک (مستەفای سید قادر)و (بەندە)ی بانگ کرد. شیاوی باسە (مام جەلال) خۆشەویستی و ڕێزێکی زۆری بۆ کاک (مستەفا) هەبوو. (مام) لێی پرسی: - تۆو گۆڕی شەهیدان، بەسەری باوکت، تۆو...تۆو...ئێستا تۆ جێگری منی لە فەرماندەیی (ه.پ.ک) من چ کۆسپ و ڕێگرییەکم بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەی تۆ لەناو هێزی پێشمەرگەدا دروست کردووە..؟ کاک (مستەفا)ش وەڵامی دایەوە: - ئەگەر خۆم بە خوایشتی خۆم. بۆ پشتیوانی و ڕاپەڕاندنی باشتری کارەکانم، بۆ کار ئاسانی تەلەفۆنت لەگەڵ نەکەم. جەنابت هیچ دەست وەردانێکت لە کارەکانم نەکردووە. هیچ کۆسپێکت بۆ دروست نەکردووم. دواتر ڕووی کردە بەندەو هەمان سوێندو پرساری لێکردم، وەڵامی منیش بەمجۆرە بوو: - گلەیی من و هاوڕێکانم لە جەنابت ئەوە بووە. کە بە هۆی سەرقاڵیت زۆر نەپڕژایتە سەر داواکارییەکانی ئێمە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ستافی (مەکتەبی ڕێکخستن) و مەڵبەندەکان. چونکە هەر چەند مانگەو جارێک پێویستمان بە ڕێنمایی سیاسی و پشتیوانی جەنابت بووە بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانمان لە ئیدارەی گشتی (ی.ن.ک).    لێرەوە بە ویژدانەوە دەڵێم: (مام جەلال) پیاوێکی هێندە گەورە بوو لە دوای ڕاپەڕینەوە جیا لە مەسەلە ستراتیژیەکان. جیا لە مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان ئاگای لە دانانی ئەندام مەکتەب و مەڵبەندەکان نەبوو. ڕۆژێک لە ڕۆژان نامەیەکی لەو بابەتەی بۆ نە ناردووم. هەر وەکو کاک (نەوشێروان)یش بە درێژایی ماوەی چەندین ساڵی کارکردنم لە دەزگای ڕاگەیاندن و ڕێکخستن هیچ نامەیەکی بۆ نەناردووم.    هەر کاتێکیش گلەیی، یان شکاتێک لەسەر مەکتەبی ڕێکخستن یان مەڵبەندەکان چووبێتە بەردەم (مام) بە تێبینیەوە بۆ ئێمەی دەناردەوەو کە دادپەروەرانە لێی بکۆڵینەوە.      (مام جەلال) دەیویست هەڤاڵەکانی هۆشیاربن، وریابن، باڵابن، هەر بۆیە کارئاسانی بۆ خۆ پێگەیاندنی بۆ دەرەخساندین و، دەستی هەموومانی گرت بۆ پێگەیاندن.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand