پۆستی لێوەرگرەو بەدناویشی کە.
2020-10-28 07:43:58
سەهین موفتی
لەوەتەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە، هەتا هەنووکە کە خەریکی نووسینی ئەم دەربڕینەم، بەردەوام ( یەکێتی و گۆڕان) خەریکی وەرگرتنی پۆستە جیاجیاکانی حکومین، هەفتەی جارێک قوباد تاڵەبانی یاوەری بەڕێوەبەرەگشتی و بریکارە نوێەکان دەکات لە وەزارەتەکانداو بۆ ناساندنیان و دەستبەکاربوونییان..! بزووتنەوەی گۆڕانیش هەمانشێوە ناوبەناو روویێکی نوێ لە دەزگاکانی میری دەناسێنێت، کە وەک راییکارو جێبەجێکارێکی نوێ لە حکومەتدا دەستبەکاردەبێت، کەچی زۆرینەی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئەم دوو حیزبە، حکومەتی کوردستان بەدناو دەکەن، هەر لە پێنەدانی مووچە بگرە هەتا پڕۆژەکانی دیکەی خزمەتگوزاری، و پاشان کۆی پڕۆسەی دەستەڵاتی جێبەجێکردن لە کاتێکدا لە ئەنجومەنی وەزیران هەر بڕیارێک و راسپاردەیەکی نوێ دەربارەی رەوشی ئێستای ناوچەکە، (دارایی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، هتد...) بە تێکڕای رەزامەندی هەموو وەزیرەکان بە( یەکێتی و گۆڕان)یشەوە دەدرێت و دەردەچێت، کەچی دێن و لەسۆشیاڵ مێدیا خۆیانی لێ بێبەری دەکەن، جا کێشەکەش لەوەدایە فەرهەنگێک دەنێو رای گشتیدا سەریهەڵداوە، خەریکە نەعوزوبیلا خوداوەند لە ئاسمانیشەوە بیەوێت ئاوێک بە ئاگری ئەم هەموو قەیرانەدا بکات، کەچی هەر نەبیندرێت و رەتبکرێتەوە.
دەزانین، بێ مووچەیی، بێ کاری، هەژاری، نەداری بەرۆکی زۆرینەی دانیشتوانی ئەم نیشتیمانەی گرتووەو چینێکی دیاریکراو بۆرژوازانە لەبۆیان دەچێتە سەر، لێ هەقە بزانین یەکێتی و گۆڕانیش و ئیسلامی و کۆمۆنیست و سۆشیال و دیموکڕات و هەرچی دیکە بوونی هەیە لەم زێدە، ئەوا سەرکردەو بەرپرسانییان بێبەش نیین لەم بۆرژوازییە دیاریکراوەی بۆ چەند سەد کەسێک فەراهەمکراوە.
بۆیێ، پێویسته رای گشتی لەمەودوا هیچ ئیعتیبارێک بۆ هاش و هوش و تەتەڵەو پەپەڵەی سەر سۆشیال مێدیاو فشەفشی ئەم بەرپرس و سەرکردانەی یەکێتی و گۆڕان و حیزبەکانی دی دانەنێن، لەلایێک خەریکی وەرگرتنی پۆستی حکومین و لەملاشەوە دەیانەوێت حکومەت بەدناو بکەن.