تەنافی جلەكانتان لێكردەوە، تەنافێك بۆ ژنەكان هەڵخەن
2020-10-27 11:19:43
ژوان ئەحمەد
ئەو تەنافەی تارا عەبدوڵا هەڵیخست بۆ جلی ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر كراوە، تەنیا كارێكی هونەریو كۆمەڵایەتی نەبوو، بەڵكو پەیامێكی گەورەو هەڵوێستێكی بوێرانە بوو.
لەپاڵ ئەم كارە گەورەیە، تارا دەریخست ئێمە لە چ كۆمەڵگەیەكی بیمارو پاتریاركی قێزەوندا ژیان دەگوزەرێنین.
كێشە لەوەدا نیە كە زۆریو بۆری ئەو كارە رەت بكەنەوە، بەڵكو گرفتی گەورە ئەوەیە عەقڵیەتی سیاسی لە ئاستی عەوامدا بیربكاتەوەو پێشانگایەكی ئازاراوی لەو جۆرە رەت بكاتەوەو بە نیوە شەو بڕیار بدات كە تانەفەكە لێ بكەنەوە.
پێش لێكردنەوەش، چەند گەنجێك كە تەنیا ناوگەڵی مێینە دەبینن، بەشێك لە تەنافەكەیان سوتاند.
كارەساتی گەورەی عەقڵیەتی سیاسی لەم شارە كە زوڵمە ناویان ناوە پایتەختی رۆشنبیری (چونكە هەموو دیاردەو نمایشێكی كۆنەپارێزیو سەلەفی رێپێدراوە، بەڵام نمایشی لەو جۆرە یاساغەو بە نیوە شەو وەك جەستەی ژنە كوژراوەكان فڕێی دەدەن) ئەوەیە، رێگە بە هەموو جموجوڵێكی سەلەفی دەدەن، بەڵام كاری هونەری لە عەقڵی عەوامەوە دەخوێننەوە!
تارا كارێكی جوانی كردو ئازاری ژنانی كرد بە تەنافا، دڵنیام كە لەبرەچاویشی بوو ئەم عەقڵە خێڵەكیەی كۆمەڵو دەوڵەتداری بەرێوە دەبات ناتوانن ئەو كارە هەزم بكەنو ئاوەها جوانەمەرگی دەكەن.
ئەوانەشی جوانەمەرگیان كرد تەنیا دوو تایپن:
یەكێكیان دەسەڵاتدارە كە خەمی گیرفانی خەڵكی نیە چجای خەمی جەستەو دەرونیان.
تایپی دوەمیش، ئەوانەن كە ژن تەنیا لە سینەو مەمكو شەهوەتدا دەبیننو كە دەگاتە سەر یەكسانی جێندەری كسپە لە جەرگیان دێت.
لابردنی ئەو تەنافە، بكەرانی توندوتیژی دڕترو قوربانیەكان زیاتر دەكات. چونكە لە كۆمەڵگەیەكداین كە پەروەردەو كەلتورەكەی یەكسانی جێندەری رەت دەكەنەوە، ئەندێشەی نێرسالاری تا دێت برەو دەسێنێت، كاری رێكخراوەیی ژنان دەكرێت بە كاڵاو پیشەسازی دروست كردنی بوكەڵەی فێمێنیستیو كردنیان بە نێرێكی قەڵغان بەدەست بۆ پاراستنی كەلتوری ناجۆر.
باشترە ئەوانەی بڕیاریان دا لایببەن، لەبری ئەوە تەنافێك بۆ ژنەكان هەڵخەنو لەبری جلەكانیان ملیان بكەن بە تەنافدا... چونكە تەنافەكەتان لابرد، بەڵام نادادیو ستەمو توندوتیژی بەرامبەر بە ژن هەر وەك خۆیەتیو رۆژ بە رۆژ لە زیادبوندایە.
جا دەڵێن: ئەم پرۆژەیە سیمای شار ناشرین دەكات؟؟
كامە شار ئەزیزی دڵ؟؟
ئەو شارەی بلوارەكانی تائێستا مانگای تیایە؟
ئەو شارەی سنەوبەرەكانی دەسوتێنن بۆ پرۆژە؟
ئەو شارەی مەرزەكانی هەر شەوەی بۆ سەرێكی زلە؟
یان ئەو شارەی كە ئێستاش جادەكانی هی شەستەكانی سەدەی رابردوە؟
یان ئەو شارەی ئاخنراوە بە بیری كۆنەپەرستیو بە ماسكی پایتەختی رۆشنبیری زێر كەفتیان كردوە؟
كامە شار برای شیرین، تۆ لە گونددا دەژیتو ئاساییە ئەمە رەت كەیتەوە چونكە گوندو پێرفۆرمانسو یەكسانی جێندەری كوجا مەرحەبا!!!