ئیسلامی فەرەنسی
2020-10-26 10:31:41
پەیكار عوسمان
- ("هەموو" هی خودایەو خوداش هی "هەمووە".) ئەوەی کە خودا قۆرخکەیت و پێتوابێ بەس هی تۆیە، ئەوە بۆ ئەوەیە کە "هەموو" داگیرکەیت. ئەمەش نەزعەیەکی تەواو داگیرکاری و سوڵتەوییەو پەیوەندییەکی بە دین و خوداوە نیە. کاتێکیش کە ئەمە ئەبێت بە دین، ئیتر پێمانخۆشبێ یان نا، ئەو دینە لە قەیراندایە، چونکە وانییەیەك بووە بە وایە، وایەیەکی موقەدەسیش!
- هەموو پێغەمبەرێك، بۆ دژایەتی جەهلێکی موقەدەس و دۆخێکی چەقبەستوو هاتووە. کە دواتر ئەم هەوڵەی ئەویش، لەلایەن سێکوچکەی (سوڵتەو کەهەنەو مێگەلەوە) دیسان هەر کراوەتەوە بە جەهلی موقەدەس و هەر کراوەتەوە بە دۆخێکی چەقبەستوو. ئا ئەمەش ناونراوە "دین" و دەساودەس ئەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی دواتر. دەی ئا ئەمە، ڕێك ئەو شتەیە کە پێغەمبەرەکە بۆ لێدانی هات و کە قورئانیش لە دنیایەك ئایەتدا نەهی لێکردوە. دەی تۆ پێتخۆشبێ یان نا، ئەم ئیسلامە حازرییەی کە هەیە، ڕێك لەو دۆخەدایەو هەموو ئەو ئایەتانە شمولی ئەکات!
- هەموو دینێك هاتووە بۆ لێدان لە، ڕووکەشێکی موقەدەسی بەتاڵ لە جەوهەرێکی باڵا. کە دواتر خۆشی "لەناو مانا جەماعییەکاندا" هەر بۆتەوە بە ڕووکەشێکی موقەدەسی خاڵیی لە جەوهەرێکی باڵا. جەوهەری باڵای دینیش، مانایەکە، کە تەنیا "فەرد" ئەتوانێ پێ ی بگات، بۆیە حساب و کتابیش فەردییەو جەماعی نیە!
یەعنی تۆ خۆت و لە ئێستاداو هەر بە عەقڵ و هۆش و پێدراوە ناوەکییەکانی خۆت، ئەتوانی لەمسی جەوهەری باڵا بکەیت، نەك بە زۆرینەو پێشینەو دوێنێ و توراس و ئابائی ئەوەلین، کە لایەکی قورئان زەمی ئەوانەیە.
- چەنێك لە ئاشتیدابیت، ئەونە خوات ناسیوەو چەنێکیش خوات ناسیبێ ئەونە لە ئاشتیدایت. ئەوەی کە ئەتکا بە بۆمبی ڕق و ئەتخاتە سەنگەری جیاکارییەوە، ئەوە دین خۆی نیە، ئەوە ڕێك عەکسەکەیەتی بەس لە بەرگی ئەودا. ئاخر "جیاوازی" سونەتی کەون و ئایەتی خوایەو بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانە. بەڵام "جیاکاری" کاری سوڵتەو کەهەنەو ئایدۆلۆژیاکانە، بۆ ڕق و شەڕو یەکترسڕینەوەو هەژمونکاریی.
- جەوهەری دین، مەسەلەی ئەخلاق و چۆنێتییە، نەك بابەتی ژمارەو چەندێتی. "چەندێتی" پێوەری مادییەو "چونێتی" پێوەری مەعنەوییە. دینیش، "ڕاستەقینەکەی" سەر بە ناوچەی مەعنەوی و چۆنێتییەو "موزەییەفەکەی" سەر بە ناوچەی مادی و چەندێتییە. ئیسلام بە ژمارەی موسوڵمانەکان و بە ڕووبەری وڵاتە ئیسلامییەکان ناپێورێ. ژمارەو ڕووبەرو قەبارە، پێوەری مادەو سوڵتەو هێزە، نەك پێوەری مەعنەوی و ئەخلاقی و خودایی. ئەو ئینحیراف وهەڵگەڕانەوەیەش کە لە دیندا ڕوویداوە، ئەوەیە کە شتەکە تەواو مادی و چەندێتی کراوەتەوەو پەیوەندییەکی بە چۆنێتییەوە نەماوە.
- ئەگەر ڕیفۆمێکی دینیش بکرێ، هەر بەوە ئەکرێ، کە کۆی توراس و دەقە دینییەکان، بە پێوەری چۆنێتی ڕاڤە بکرێنەوەو تەواوی ڕاڤە چەندێتییەکانیش بخرێنە زبڵدانەوە. ئەمەش ڕێك یەعنی فڕێدانی سەتا نەوەتی ئەو ئیسلامە حازرییەی کە هەیە. کە ئیسلامی توراسی و سیاسییەو لە معاویەو ئومەوی عەباسیییەوە نا، بەڵکو هەر لە ئەبوبەکرەوە دەست پێئەکا، تاکو سەلەفی و ئیخوان و ئەردۆگان و ئەمانەی ئێستا. جا گرنگە بزانیت، ئەمەی کە هەیە، ئیسلامی تۆ نیەو شەڕەکانیشی شەڕی تۆ نین، چونکە ئەمە ئیسلامێکی چەندەکی و هێزەکییە نەك ئیسلامێکی ئەخلاقی و چۆنەکی. دواتر ئیسلام فۆڕمێك نیە کە هی تۆبێت و هی ئەو نەبێت، تاکو شەڕی بۆ بکەیت. بەڵکو ئیسلام جەوهەرێکە کە ئەسڵەن ڕەنگە ڕێژەیەکی زیاتری لای ئەوبێت!
- عیبادەت گەورەترین سوکایەتییە بە خوا، چونکە بە بتکردنی خوایە. پێغەمبەر بۆیە دژی بتپەرستی بوو، چونکە تەسلیمبوونە بە جەهالەتێکی جەماعی موقەدەس، کە دەساسودەس هاتووەو شتەکە لە دەرەوەی ئاگایی ئینساندایەو کەس ناپرسێ بۆ. دەی کورتکردنەوەی دین لە عیبادەت و کورتکردنەوەی عیبادەتیش لەو شەعایرو شتە شکڵییانەدا کە هەیە، ئەمە ڕێك بە بتکردنی خوداو بە مێگەلکردنی ئینسانە. پەیوەندی ڕاستەقینەی ئێمەو خوداش، ئەوەیە کە، فەردی و ئازادانەو ئاگایانەبێت و لێرەدا ئەو خوادایەو تۆش مرۆڤیت. بەڵام کە جەماعی و تەقلیدی و مێگەلانەبوو، ئیتر ئەو بتەو تۆش بتپەرست. (هەر بۆ زانیاریت لەم ئیسلامەی ئێستادا، خودا تەنانەت بتەکەش نیە، بەڵکو موحەمەد خۆی خواکەیەو بتەکەیە)!
- چاکبوون بەرزترین ڤێرژنی مرۆڤەو مرۆڤیش بۆئەوەی چاك بێت، جگە لە چاکە خۆی، پێویستی بە هیچی تر نیە. چونکە جگە لە چاکە خۆی، هیچی تر نایگەیەنێت بە چاکبوون. دینیش بۆ چاکبوونە نەكئەوەی لە چاکبوون بەرزتربێ، یان بەدیلی چاکبوون بێت. چاكبوون پەیوەندییەکی ئاسۆیی تۆیە لەگەڵ دەوروبەرو ئەوانیتر. پەیوەندی ستونیش لەگەڵ خودا، بەو هێڵە ئاسۆییەدا ئەڕوات. جا ئەو فکرو ئایدۆلۆژیایەی، کە ساحە ئاسۆییەکەت بۆ کاولئەکاو لە ساحەی چاکبوونەوە بۆت ئەکات بە ساحەی شەڕ، ئەوە ڕێك پەیوەندییە ستونییەکەشت کاولئەکاو ئێرەو ئەوێشت فت!
- ئیخوان و تورکیا شەڕی نفوزو بەرژەوەندی خۆیان ئەکەن و فەرەنساو ماکرۆنیش بە هەمان شێوە. تورکیا ئەیەوێ زەعیمی دنیای ئیسلامیبێ و فەرەنساش ئەیەوێ زەعمی دنیای ئەوروپی بێت. ئەشێ هەمان نەخۆشیی ئەردۆگان و پۆتین بۆ زەعامەت، لای ماکرۆن و ترەمپیش هەبێ و ئا لێرەوەیە کە ئەمانیش دەست بۆ سیاسەتی وروژاندن ئەبەن و سڵ لە مەسەلە هەستیارەکانیش ناکەنەوە!
- پەرستگا دەزگای دەوڵەتەو کاهین پیاوی دەوڵەتە. وەکچۆن مزگەوت و مەلای تۆ، سەر بە ئەوقاف و حکومەتی خۆتە، وەکچۆن ناکرێ کەنیسەو قەشەی تورکیا سەر فەرەنسابێت، ئاواش ناکرێ مەلاو مزگەوتی فەرەنساش سەر بە شوێنی تربێ و لە دەرەوەی سیاسەت و بەرژەوەندی فەرەنسادابێت. لێرەدا ڕێکخستنی ژیان دینی لە فەرەنسا، مافی دەوڵەتی فەرەنسایەو کارێکی ئاساییە، ئەگەر تەنیا ڕێکخستنبێ و ڕێگری و پێشێلی ئازادی نەبێت. بەڵێ فەرەنساش مافی خۆیەتی "ئیسلامی فەرەنسی" بەرهەمبهێنێ، وەکچۆن ئیسلامی تورکی و ئێرانی و سعودی هەیە، وەکچۆن ئیسلامی کوردیش پێویستە هەبێ و چیتر لەڕێگەی ئیخوان و سەلەفیەتەوە نەبینە بەشێك لە ئیسلامی ئەوانیترو لەوێشەوە بکرێینەوە بە دوژمنی خۆمان!
لەنێوان هەموو فۆڕمە جەماعی و سیاسی و دەوڵەتییەکانی ئیسلامیششدا، ئیسلامی تۆ، با تەنیا چاکبوون و مرۆڤبوونی فەردی خۆت بێت و تەنیا لەوێشەوە پشتیوانی یان دژایەتی فۆڕمێك لە فۆڕمەکان بکە، نەك لە زەلکاوەکانی ئایدۆلۆژیاوەو لە مەنهۆڵەکانی مێژووەو لە گێژاوەکانی سیاسەت و بەرژەوەندییەوەو لە تاریکستانی جەهلی مورەکەب و موقەدەسەوە!
- ئازادی دینی لە فەرەنساو ئەوروپا، بۆشاییەکی دروستکردوە کە ئیسلامی سعودی و ئیسلامی ئیخوانی و ئیسلامی تورکی پڕیانکردۆتەوە. ئاخر لەلایەك فەرەنسا خۆی، تەمویل و تەداخولی دین ناکات. لەلایەکیش ئەمانە پارەیان هەیەو توانای تەمویلی پەرستگاو دامەزراوەیان هەیەو تەداخولەکە ئەکەن. کاتێکیش فەرەنسا هەست بەم بۆشاییە ئەکاو ئەیەوێ بە ئیسلامێکی خۆی پڕیکاتەوە، ئەمە هەر ئەوەیە کە هەموو دەوڵەتێك لەو مەوقیفەدا ئەیکات. ئەمە هەر ئەوەیە کە تورکیا کردی و فۆڕمە دینییەکەی گوڵەنییەکانی قەدەغەکرد کە هەر ئیسلامیشن و فۆڕمێکی تری دینیی سەرخست. یەعنی لەڕاستیدا ئەمە شەڕە لەگەڵ فۆڕمێکی دین، نەك لەگەڵ خودی دین. بەڵام ئیتر فۆڕمە زیانلێکەوتووەکە هاواری لێهەڵئەستێ و شتەکەت لێئەکا بە شەڕی خودی دین و ئەمەش ئاساییە، چونکە ئەو پێشتر خۆی یەکسانکردوە بە دین و لەئەساسەوە تیجارەتەکەی لەسەر ئەوە دامەزراندوە!
- توندڕەوییە دژەکان، دوو ڕووی یەك دراون و هێزو گەشە لە یەکتری وەرئەگرن. مەلەسەن لە ئێستای ئەوروپادا، ڕاسیست و ڕاستی توندڕەو، هێزی خۆی لە ئیسلامی توندڕەو وەرئەگرێ. هەرکامیان گەشەبکا، ئەویتریش گەشەئەکاو هەرکامیشیان پاشەکشێ بکا، ئەویتریش پاشەکشێ ئەکات. بۆیە ئەو بەشەی ڕێکارە دینییەکانی فەرەنسا، کە پاشەکشێیە بە ئیسلامی توندڕەو، خێری تیایەو لە بەرژەوەندی هەمووان و پێکەوەژیانەو دەستیان خۆشبێ. ئەو بەشەشی کە وروژاندن و سوکایەتی و بەرهەمهێنانی ڕق و ئیسلامۆفۆبیایە، فیتنەیەو زەرەری هەمووانەو دەستیان بشکێ.
- کاتێ تۆی موسوڵمان، لەناو پاریسدا، بە هەمان عەقڵیەتی مەسیحیی سەدەکانی ناوەڕاست بیرئەکەیتەوە، ئاسایی بەرکەوتن دروستئەبێ. دەی خۆ ئەوروپییەکان شۆڕش و ڕۆشنگەرییان بۆ ئەوە نەکرد کە کەنیسە بگۆڕن بە مزگەوت. ئەوان بۆ ئازادی کردیان، هەر ئەو ئازادییەی، کە ڕێگەی داوە سەدان مزگەوت لە فەرەنسادا هەبێ و مەسیحی و موسوڵمان و بێدین پێکەوە هاوڵاتی یەکسان بن. دەی تۆ ناکرێ لەناو عەلمانیەتدا، فۆبیای عەلمانییەتت هەبێ و واشبزانیت ئەوە ئەوە کە فۆبیای ئیسلامی هەیە! نەخێر تۆ سەرەتا فۆبیاکەی خۆت ببینە، دواتر ئەوەی ئەویش وەکو خۆی ئەبینیت و ئەزانیت لەکوێدا کێشەیە لەگەڵ ئیسلام و فۆبیای ئیسلامە، لەکوێشدا وانیەو کێشەکە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی و توندڕەوە نەك لەگەڵ ئیسلام و موسوڵمان!
- هونەرو ڕۆژنامەو کاریکاتێریش هەر ئەکەوێتە ناو ئازادییەوەو ئەویش ئەبێ هەبێ و ڕیزلێگیراوبێ. وەلێ سوکایەتی و بڵاوکردنەوەی ڕق و دەمارگیری، ئەمەیان کێشەیەو بە "ئازادی" پێنە ناکرێ. ئاخر ڕێکارە دینییەکەی فەرەنسا، هەر بۆ کەمکردنەوەی ڕق و توندوتیژی باشە، دەی کە شتێك لەولاوە بێت و ڕق و توندوتیژی تۆخکاتەوەو ئاشتی و پێکەوەژیان بخاتە مەترسییەوە، یەعنی هیچ. سەیرکە "ئازادی و پێکەوەژیان" پێکەوەن و نابێ لەیەك دابڕێن و بکەونە دژبەری یەك. کە دابڕان و دژبوونەوە، ئیتر نە ئازادی ئازادییەو نە پێکەوەژیان پێکەوەژیانە.
- ئیسلامییەکان خۆیان قسەیەکیان هەیە، ئەڵێن ئیسلام لە ئەوروپاوە هەڵئەسێتەوە. هەڵبەت ئەوان مەبەستیان زۆربوونەو شتەکە لای ئەوان پەیوەستە بە زاوزێوە. بەڵام نا، ئەشێ ئەو قسەیە ڕاستبێ، بەڵام هەستانەوەکە لە عەقڵەوەبێت نەك لە گەڵوگونەوە. یەعنی دیدی توراسی و تەقلیدی، لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا هێندە زاڵە، کە دەسکاری ناکرێ و مەگەر لەدەرەوەی دنیای ئیسلامەوە، دیدێکی ڕەخنەیی دروستببێ و شتەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە. دواجار هەموو دیدێکی نوێش، پێویستی بە فەزایەکی کراوەو پشتیوانی سوڵتەیە، کە ئەو کەشە، ئەشێ لە ئەوروپادا بڕەخسێ، لەکاتێکا لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا ئەو هەناسەیە خنکاوە.
- دواجار موحەمەدیش بۆ ئەوە هات کە تۆ لە ئاشتی و خۆشەویستیدابیت، نەك ئەوەی خودی ئەویش بکەیت بە کەرەستەی شەڕو بەرهەمهێنانی ڕق. من شەڕی لەسەر ناکەم و پێشموایە بەوە، ڕێزم لە خۆم و لەویش گرتووە. چونکە ڕێزی خۆم و ئەویش، لە ئاشتیدایە نەك لە شەڕدا. ئیتر من ئەو وا ئەناسم و تۆش کەیفی خۆتە.