Draw Media

حکومەتی هەرێم چۆن دەیتوانی کاریگەری قەیرانەکان لەسەر فەرمانبەران کەمبکاتەوە

حکومەتی هەرێم چۆن دەیتوانی کاریگەری قەیرانەکان لەسەر فەرمانبەران کەمبکاتەوە

2020-10-28 11:23:15


ئەنوەر كەریم

سوڕەکانی ئابوری دیارە بە گۆڕاندا دەڕوات، هەموو ئابوریەک دوای گەشەسەندن بۆ ماوەیەک بەهۆی هەندێ فاکتەری دەرەکی یان ناوەکی، کە کاریگەری دەکاتە سەر ئابوری دەیباتەوە دۆخی پاشەكشە، لەئیستادا لەبەرئەوەی وڵاتەکانی جیهان بەهۆی سیستەمی گلۆباڵزەیشنەوە ئابوریەکان تەواو وابەستەی یەکترین، بۆیە هەرهۆکارێک دەتوانێت سوڕی ئابوری بخاتە دۆخی پاشەکشەوە بۆماوەیەکی دیاریکراو، ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی پاشەکشەی ئابوری بەگشتی ئەم خاڵانەی خوارەوەن:

1/ بەرزبونەوەی زۆری نرخی نەوت بۆ وڵاتی هاوردەکراو وە نزمبوونەوەی نرخی نەوت بۆ وڵاتی هەناردەکاری نەوت.
2/ هەڵئاوسانی نرخی شتومەک
3/ مایە پوچبونی بانکە گەورەکان
4/ پەتایەکی وەک کۆڤید -19
5/ قەیرانی داڕمانی دراو
6/ کەمکردنی قەبارەی هەناردە و‌ وەبەرهێنان
7/ قەیرانی موڵك و خانووبەرە 
8/ شەڕی وڵاتان و شەری ناوخۆ یان سزای ئابوری بەسەر وڵاتێکدا، کە دەبێتە هۆی وەستانی لە ناکاوی بازاڕ لەو وڵاتەدا.

خولەکانی چاکبوونەوەی  سوڕە ئابوریەکان بەچەند شێوەیەک دیاری دەکرێت لە زانستی ئابوریدا، کە ئەم شێوانەیان (K - U-W-V)هەیە.

 پاشەکشەی شێوەی (V) لە  ئابوریدا لە هەموویان خێراترە بۆ گەڕانەوەی ئابوری بۆ دۆخی پێشووی، وە شێوەی (K) لە هەموویان هێواشترە بۆ گەڕانەوەی دۆخی ئابوری بۆدۆخی جارانی، لەئێستادا شێوەی پاشەکشەی (K)هەیە، مانای وایە چەند سێکتەرێکی ئابوری زۆر گەشەدەکات، بۆنمونە سێکتەری تەکنەلۆجیا توانی زوو بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، بەڵام کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتوگوزار زۆر لە قەیرانی قوڵدایە.

ئەگەر چاوێک بەهەرێمی کوردستاندا بخشێنین، بەردەوام ئابوریەکەی لە هەڵکشان و داکشاندا بوە، بەهۆی کۆمەڵێ فاکتەری ناوەکی و دەرەکیەوە.

قەیرانی مـووچەی فەرمانبەران بەردەوام هەبوە، وە بێ پلانی حکومەت وایکردوە موچەی فەرمانبەران هەمیشە هەڕەشەی لەسەربێت، ئەمەش کاریگەری تەواوی  خستۆتە سەر بازاڕی کوردستان، جووڵەی بازاڕی کەمکردۆتەوە بەهۆی کەمبونەوەی خەرجیەکانی بەکاربردنەوە، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم (34)پاشەکەوتی موچە بە لێبڕینەوە قەرزاری  فەرمانبەرانە، وە (12) موچەی تەواوی فەرمانبەرانیش قەرزارە، ئەگەر ئاوا بڕوات چینی ناوەڕاست كە بە چینی فەرمانبەران دەوترێت دەکەونە ناو ‌ هێڵی هەژاریەوە، ئەو کاتە دووچین لەخەڵکی کوردستان دروستدەبێت،چینی (خوارەوە) کە هە ژاران و ستەملێکراوانن، وە چینی ( باڵا) کە چینی بەرپرسان و گەندەڵکارانن، لاوازبوونی چینی ناوەڕاست دەبێتە هۆی لاوازی دیموکراسی،    بەمەش پڕۆسەی دیموکراتی، مافی مرۆڤ، ئازادی ڕادەربڕین، بەتەواوی هەڕەشەی  لەسەر دەبێت، وە ئاسایشی کۆمەڵگا بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات، وە خەباتی چینایەتی لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەبێت، لە نێوان ئەو دو چینەی ناو كۆمەڵگادا،  حکومەتی هەرێم دەیتوانی چی بکات بۆ ئەوەی چینی ناوەراستیان کرێکارانی کەرتی تایبەتی بپاراستایە لەوەی بەرەو هیڵی هەژاری نەڕۆن؟.

حکومەتی هەرێم ئەگەر ئەو پارەیەی کە لە(سندو‌قی خانەنشینی وسندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی) کە بەیاسا ڕێکخراوە پابەند بوایە، بڕەکەی (19%)یە، بڕی لە (7%)،   کە لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕێت مانگانە، هەروەها حکومەت کە بڕی  لە (12%)داوە بەسندوقەکە مانگانە بۆ فەرمانبەر، کرێکارانی کەرتی تایبەت کە لە (17%)یە لە (5%) کرێکارەکە وە لە (12%) کە خاوەنکار دەیدات بە سندوقەکە، ئەگەر حکومەت ئەو پارەیەی خەرجنەکردایە لە ئێستادا دەگەیشتە سەر و (10) ملیار دۆلاری ئەمریکی، دەیتوانی لەم کاتی قەیرانەدا ئەم هەنگاوانەی خوارەوەی پیادە بکردایە.

1- دەیتوانی بە بڕیارێکی یاسای ڕێگا بدات، بەهەموو فەرمانبەرێک یان کرێکارێک   کە بتوانێت بڕە پارەیەک مانگانە یان ساڵانە ڕابکێشێت لەو سندوقەکە   بۆپڕکردنەوەی خەرجی و پێویستیەکانی، چونکە فەرمانبەران یان کرێکاران، زۆرینەیان تەمەنیان زۆر نیە و ساڵانێکی زۆریان لەبەردەمدایە بۆ کارکردن و پڕکردنەوەی سندوقەکەیان، بەمەش جووڵەی بازار نەدەوەستا، فەرمانبەران و کرێکاران  نەدەکەوتنە ناو ‌هێڵی هەژاریەوە.

2-‌ هەژاری و کەمدەرامەتی دەبێتە هۆی مردنی هاوڵاتیان، تەنانەت هەندێک جار بەرزبوونەوەی ژمارەی بەتاڵە، بەهۆی قەیرانی ئابوریەوە دەبێتە هۆی مردنی هەندێ لەو بەتاڵانە، کە هەندێك لەو بەتاڵانە تووشی جەڵتەی دڵ، یان بەرەو خووە خراپەکان دەڕۆن لەناوکۆمەڵگەدا، کە لە ئەنجامی نەبوونی کار و نەبوونی داهاتدا دروستبوە،  دەبێتە هۆی مردنیان، تەنەنات هەندێکیان خۆیان دەکوژن، بۆیە ئەم جۆرە مردنانە،  لەسەر لاپەڕەی ئابوری تۆماردەکرێت، نەک لەسەر لاپەڕەی تەندروستی، لەسەر  حکومەتی هەرێم پێویستە بە توندی پابەند بێت، بە(یاسایی سندوقی خانەنشینی و  سندوقی دەستبەری کۆمەڵایەتی)، بۆ ئەوەی هەڵەی تر دووبارە نەبیتەوە لە کاتی  قەیرانی تری ئابوریدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand