رێبوار کەریم وەلی لە کاتێکدا کە پەتای کۆڕۆنا و قەیرانی دارایی و متمانە بە دەسەڵات، تەنگی بە هاووڵاتیان هەڵچنیوە، ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەنوسی، دەربڕینی ناڕەزایەتیی گشتی و تاکەکەسی و، جیاوازیی بیروڕا لە لایەن دەسەڵاتەوە کراوەتە ئامانج. * کارنامەی حکومەتی هەرێم کە متمانەی لە پەرلەمان و حزبە بەشداربوەکان وەرگرتووە، بە کەمترین وشە باس لە ئازادیی ڕادەربڕین و رۆژنامەنوسی دەکات. لە ماوەی رابردووشدا، ئەو پرۆژە یاسایانەی کە لە مەتبەخی حکومەتەوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێن، لەژێر ناوی (رێکـ ـ خستن)ەوە، مەودایەکی ئەوتۆیان بۆ هیچ سەرەقوتەیەک نەهێشتۆتەوە. * هەرچییەک کە بەدڵی دەسەڵات نەبێ لە سێ حاڵەت بەدەر نابێ. یەکەم، دەربڕینی ناڕەزایەتی یەکسانە بە هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی و پێشێلکردنی رێنماییەکان کە ئەگەر شکی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی سلێمانیت لێبکرێ، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەتگرێتەوە. دووەم، ئەگەر باس لە نەبوونی ئازادی، ئەدای خراپی حکومەت و گەندەڵی بکەی، ئەوکاتەش بە تۆمەتی ناوزڕاندن راپێچ دەکریێ. سێیەمیش لێرە بەولاوە باسکردنی رابردوو دەبێتە بێڕێزی و سوکایەتی بە رەمز و پیرۆزییەکان کە تەنانەت ئەگەر پرۆژەکەش نەبێتە قانون، تا ئەوکاتە قانونێکی دیکەی بۆ دەبیننەوە. * هەر سێ حزبە سەرەکییەکەی دەسەڵات کە کێشەیان لەگەڵ دەرەوە و ناوەوەی خۆیان هەیە، پێیانوایە دەتوانن لەو رێگەیەوە رای گشتی بەرزەفت بکەن، بەڵام لە راستیدا ئەو کۆتوبەندانە، بە فیعلی پاڵنانی خەڵکە بۆ ئەو ئاراستەیەی کە خۆیان لێیدەترسن. ئازادی لە کوردستان نە موڵکی حزبە سیاسییەکانە و نە میراتێکە لەسەریان تاپۆ کرابێ! بگرە بەرهەمی قوربانیدانی هەزاران گەنج و پیری ئەم وڵاتەیە و هیچ پاساوێک ناتوانێ سنورداری بکات، مەگەر ئەوەی کە دەسەڵات بتوانێ قەرەبووی ئەو مێژووە بۆ خەڵک بکاتەوە کە ئەوەش مەحاڵە. * ئازادیی بێ ناوەرۆک و کۆتوبەندکراو بە قانونی جۆراوجۆر، کۆمەڵگا و حوکمڕانی لە بنچینەی سەرەکیی مافەکانی مرۆڤ دور دەخاتەوە. گرتن و راوەدونانی چالاکوان و رۆژنامەنوسان، دروستکردنی لەشکرێک لە قەڵەمی موالی بۆ بێڕیزی بە جیاوازئەندێشان، بۆمبێکی تەوقیتکراوە کە بە ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا دەتەقێتەوە…هەموو رێگرییەک دەرفەتێکە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکی دیکە. * کۆمەڵگە و دەسەڵاتێک کە لای خەڵک بانگەشەی ئازادی بکەن، دەبێ ئەو ئازادییە بۆ دەربڕین بێت، لەهەر شوێنێک ئازادییەک هەبێ، بۆ دەربڕینە و دەربڕینیش تاوان و سەرپێچی نییە. لەهەر شوێنێکیش دەربڕین تاوان بوو کەواتا ئازادی درۆیەکی شاخدارە!
شوان محەمەد باشە ئەوەی من لێی تێناگەم ئەو پەرلەمانتارانەی کوردستان کە پێشتر رۆژنامەنووسبوون، یان سەرو سەودایان لەگەڵ کاری رۆژنامەنووسی هەبووە، بۆ ناچنە بەردەم ئاسایشی هەولێر، یان دهۆک داوای بینینی شێروان شیروانی رۆژنامەنووس بکەن..؟ بۆ ناچن بڵێن حکومەت ، ئاسایش ، دادگا هەموو کەسێک بەپێی دەستوری عێراق و پێودانگە نێودەولەتییەکان مافی ئەوەی هەیە هەر لە رۆژی یەکەمی دەستگیرکردنیەوە پارێزەرەکەی بیبینێت، ئێوە بە چ یاسایەک رێگا نادەن..؟ بۆ ناچن بەرۆکی دادگا و داواکاری گشتی بگرن و بڵێن وڵات بەم دەسەڵاتە دژە ئازادییە بەڕێوە ناچێت..؟ دوو هەفتەیە شێروان شێروانی گیراوە.. من گومان لە جدیەتی هەر رۆژنامەنووسێک و رۆشنبیرێک و پەرلەمانتارێک و کەسانی یاسایی دەکەم کە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ دەکرێت، هەر لە ژێرەوە نووزەیان دێت..!!!!
لهتیف فاتیح فهرهج ههقیقهتهكه ئهوهیه كه حكومهتی ههرێمی كوردستان لهو پهڕی خهراپیدایه ، ههڵبهت ئێستا دهبوو ئهمه پێچهوانه بوایه لانی كهم له بهر ئهوهی پارتی و یهكێتی و گۆڕان به ههرسێ لایان حكومهت بهڕێوه دهبهن، كهچی وانیه ، حكومهت به 320 ملیارهكهی به غداشهوه نهیتوانی لهم ماوهیهدا به 40 رۆژ موچه بدات ، له گهڵ ئهوهشدا یاسای چاكسازیهكه به قهد ئهوهی یاسای چاكسازیه ، یاسایهكیشه بۆ چهوساندنهوهو برسی كردن برایه پارلهمان ، ئهمه له داهاتودا رونتر دهردهكهوێت ، ئێستا كه دۆخهكهیان وا لێكردووه به خهڵك دهڵێن خانهنشینی نایاسایی ، بن دیوار ، زۆر ناووناتۆرهی تر ئیتر دۆخێك دروست كراوه پاك و ناپاك تێكهڵ كراوهو بوار بۆ دهرخستنی راستی نههێڵراوهتهوه . چاكسازی له شوێنێكهوه دهستی پێكرد ، كه چاكسازی تیا دهرناكهوێت ، دهبوو چاكسازی له گومرگ و خاڵه سنوریهكان ، كۆمپانیاكانی نهوت و كۆمپانیكانی پاسهوانی و هێزی پێشمهرگه ، پڕۆژهكانی بیناسازی و یهكه نیشته جێبوونهكانهوه دهستی پێكردبا ، گهندهڵی و پیسخۆری گهوره لهو شوێنانهدایه . ئهم شێوازه له چاكسازی وهك خۆ دزینهوه له چاكسازی دێته بهرچاو ،ئهمهش حكومهت بهرهو شكست و ههڵوهشانهوه دهبات ، دهتوانین ههموومان چاوهڕێی ئایندهی خراپتر بكهین گهر وا بڕوات . دهبوو حكومهت سهرهتای چاكسازی بهریزبهندی دهستپێكردبا ، بۆ نمونه چاكسازی له كهرتی تهندروستی كه خهریكه وێران دهبێت ، چاكسازی له كهرتی كشت و كاڵ كه پارتی و یهكێتی رۆڵی گهورهیان له وێرانكردنیدا ههیه ، چاكسازی له كهرتی پهروهرده ، كه له سهردهمی بهعسیشا بهم جۆره خوێندن له بادینان و سۆران جیاواز نهبوو ، چاكسازی كۆمهڵایهتی ، چارهسهری تهڵاق ،رێَكخستنهوهی كۆمهڵگا ، چاكسازی سیاسی و پهیوهندیه سیاسیهكان كه له خراپترین دۆخدایه له بری چاكسازی دێن بیر له دهركردنی یاسایهك دهكهنهوه چۆن كۆت و بهند دروست بكات ، چاكسازی بواری بازرگانی ، چاكسازی ئاینی كه ئێستا له كوردستان به تهواوهتی شێوێنراوهو ههر مهلاو پیاوێكی ئاینی له ئاوازێ دهخوێنێ . ئهگهر ئهم چاكسازیانه بكرێت چاكسازی له بواری موچهو خانهنشینی و رێكخستنهوهی دارای زۆر ئاسانتر دهبێت ، دهست بردن بۆ دوا خاڵ وهك ئهوه وایه نهتهوێ چاكسازی بكهیت .
سەهین موفتی تامەزرۆی وەدەستگەیشتنی کتێبەکە بووم، هەر بۆیێ ساتی گەیشتن و تەواوبوونم لە خوێندنەوەی تەنها چەند دەمژمێرێکی بەین بوو. بارزانی، بە گەڕانەوە بۆ دیرۆکی چەند سەدەیەکی پێش ئێستێ( دابەش بوونی کوردستانییان لە نێوانی سەفەوی و عوسمانییەکان)، دەست بە نووسینەوە بۆ مێژوو دەکات پاشان دابەش بوونی کوردستان بەسەر چوار وڵات لە جەنگی جیهانی یەکەم، هەتا سەربووردەی دروستبوونی دەوڵەتی عێڕاقی کە ئەمیر فەیسەڵ، دووەمین کوڕی حوسێن شەریفی مەککە وەک پادشا دەستنیشانکراوە، لە ئەنجامی کۆنگرەی قاهیرە لە بەهاری 1921، و هەتا قۆناغی ئەمڕۆ.. بەروونی ویستی تەواوی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێڕاق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاو ئەمریکاش بەرامبەر بە دزۆزی کورد، نیشان دەدات. کە تەواوی ویستی حوکمڕانییەکانییەکانی عێڕاق، هەمیشە کوردیان وەک پاشکۆ سەیرکردووەو وڵاتانی دیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان، چۆنییان پێ باش بووە، ئەمجار دۆستایەتی کوردیان کردووە. سەرۆک لەم کتێبەیدا، بەردەوام خواستی کوردی وەک ئاشتیخوازانەو دوور لەشەڕو کاولکاری نیشانداوە کە بەدرێژایی سەد ساڵ، تەنها ویستوویەتی بە ئارامی بژیێت و هیلاکی جەنگەکانی پێشووترن، پاشان وەک هەموو گەلانی دونیا مافی سەربەخۆیی و بڕیار دان لە چارەنووسی خۆی هەیە.. هەربۆیێش، لەسەر ئەم بنەمایانەو لە چوارچێوەی دەستووری نوێی عێڕاقیش ( دوای رووخانی سەدام)، دوای ئەوەی کورد هیچ رێگایێکی ئاشتییانەو نیازپاکی نەما دەگەڵ بەغداد نەیگرێتە بەر، بۆی درکەوت کە لە هەموو هەوڵێک بۆ هاوبەشی لە دەوڵەتی عێڕاقدا پشتگوێ دەخرێت و حکومەتەکانی دوای سەدامیش، بە هەمان عەقڵییەتی شۆفێنی پێشوو پابەندی هیچ رێککەوتن و بڕیارو رێساو یاسایێک و دەستووریش نابن، بۆیێ گەلی کوردستان لە چواچێوەی راپرسی ( رێفراندۆم )، دوای ئەم هەموو شۆڕش و قوربانیدان و قڕکردن و جێنۆسایدو کێمیابارانکردن، ویستی بوو بە دەنگێکی ئاشتیانە داوای سەربەخۆیی بکات، کەچی لەم کاتانەدا هەموو دۆستەکان پشتیان لە کورد کردو بەژەوەندییەکانییان لەگەڵ حکومەتی عێڕاقدا زێدەتر دیدە بوو..! هەر بۆیێشە بارزانی لەم کتێبەیدا رێنمایی بۆ نەوەی نوێ هەیە، کە لەهەموو قۆناغێکی دیکەی سیاسی و مانەوەی نەتەوەی کورد، باوەڕبوون بە دۆزی نەتەوەو پشت بەستن بە خوداو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و یەکڕیزی، لە سەرو هەموو هەنگاوێکی دیکەیە، وەک لە دوادێڕدا نووسیویەتی " لەگەڵ ئەوەشدا لە ژیانی گەلاندا نشووستی و سەرکەوتن هەیە، بەڵام خەبات و وەستانەوە دژی ستەمکاری و شۆڤێنیزم و رەگەزپەرستیش هەر بەردەوام دەبێت، چوونکە ئەمانە هەموویان لە دژی سرووشتی مرۆڤایەتین، گەلی کوردستان دەیەوێت بەشێک بێت لە مرۆڤایەتی نەک ستەمکاری". پێموایە ئەم دەربڕینە نیشانی حەتمییە کە دەوروبەرمان هیچ نیازێکییان نییە کورد وەک نەتەوە ببینن، بەڵکێ هەمیشە دەیانەوێت، وەک ژێردەستەو پاشکۆ ببیندرێیین، بەڵام ئەنجامی رێفراندۆم هەمیشەو بۆ قۆناغەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خواست و ویستی ئەم نەتەوەیەی بە روونی نیشانداوە.
فارس نەورۆڵی فەلسەفەی نووسینەوەی مێژوو فێربوونە لە مێژوو، خۆ ئامادەکردنە بۆ ئایندە و بۆ گەشەی کۆمەڵ یان بۆبەھێزکردنی پێگەی ھەر نەتەوەیەک بەسوود وەرگرتن لەخاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکانی مێژوو، مێژووش ھەمیشە دوو جۆرە. وەک گەورە کەسایەتی جاسوسی فەڕەنسی کانت دمارانشی دەڵێت: ( دوو جۆر مێژوو ھەیە، یەکێکیان ئەو مێژووەیە کە دەبینرێت کە مێژووی رەسمییە، ئەوی دیکەیان مێژووی نھێنییە یان رووداوێکە لە پشتی پەردەوە) ئەگەر سەیری مێژووی کورد بکەین مێژووییەکی ماندوو، شەکەت، مێژووییەکی غەمگین، مێژووییەکی شێوێنراو، وەک دەڵێن مێژوو سەرکەوتووەکان دەینووسنەوە. بۆیە مێژووی کورد لە زۆر جێگادا پێویستی بە ساغکردنەوە ھەیە، چونکە بەبیرکردنەوەی کوردی و قەڵەمی کوردی نەنووسراوەتەوە، دەکرێ بڵێن مێژووی کورد و دەسەڵاتەکانی ھەر لە میرەکان تا شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان کەمترین نووسراویان لێ بەجێماوە یان نیمانە یاخود کەمترین نووسینمان ھەیە، زۆربەی مێژووی کورد یان بیانییەکان نووسیوویانەتەوە یاخود قەڵەمەکانی وڵاتانی دەوروبەر، ئەم نووسینەوەش لە بەرژەوەندی نەتەوەی سەردەستە، ئەو کوردانەش مێژووی کوردیان نووسییووەتەوە بەرمەبنای مێژوونووسانی بیانی نووسیویانەتەوە. ئەوانەش مێژووی نوێی بزوتنەوەی کوردستانیان نووسیوەتەوە نەیانتوانیووە بێلایەنی خۆیان بپارێزن، بەڵکو بەشێکی بۆ یەکترشکاندن تەرخان کراوە. لێرەدا مەبەستمە قسە لەسەر نوێترین کتێبی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی بکەم بەناوی (بۆ مێژوو). سەرەتا ئەگەر لە بەرگی کتێبەکە وردببینەوە لە ناوەڕۆکی کتێبەکە تێدەگەین، دەکرێ بڵێین ئەم کتێبە مێژووی سەدەیەک زیاتری مێژووی کوردە لە پوختەیەکدا، کە لە دابەشکردنی کوردستانەوە دەسپێدەکات ھەتا ئەم چرکەساتە کە بەڕێزیان یاریزانێکی سەر راستی بەشێک لە رووداوەکانی ئەم مێژووە بووە. کتێبەکە لە چرکە ساتەکانی دابەشکردنی کوردستان و بەرژەوەندی زلھێزەکانەوە باسێکی راستگۆیانەی مێژووی کورد دەکات، ھەتا دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق. لەو ماوەدا باس لە بەریەککەوتنەکان و شەڕ و گفتوگۆی نێوان کورد و ئەوانی دیکە دەکات و ئامادەی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەو قۆناغەدا. دواتر باس لە راپەڕین و کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دەکات کە قسەکردن بووە لەسەر پێناسەی نوێی عێراق دوای روخانی بەعس، لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەدا باس لە شەڕی داعش و چۆنییەتی پەلاماردانی بۆ سەر کوردستان و ھۆکارە گوماناوییەکان لە پشتی ئەم پەلامارە، رۆڵی ھاوپەیمانان و ھەڵوێستی عێراق بەرامبەر پێشمەرگە و حکومەتی ھەرێم، لە بەشێکی دیکەدا باس لە جوڵەی دیبلۆماسی کوردی دەکات، چۆنییەتی گەشتە دیبلۆماسییەکان و دیداری ئۆباما و بایدن، باسکردن لە سەربەخۆیی و ریفراندۆم لەتەک ئۆباما و بایدن و ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا. لە ھەمانکاتدا سەردانی ئەوروپا و گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ریفراندۆم دواتر باس لە گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات لەتەک حکومەتی عێراق و ھێزە عێراقییەکان لەسەر بنەمای (یاخود جێبەجێکردنی دەستور و ھاوبەشی راستەقینە، یان وەک دوو دراوسێی باش پێکەوە بژین) بۆ باسکردن لە دۆخی کورد و چەوسانەوەی کورد لە عێراقدا داوای پشتگیری و تێگەیشتن لە جیھان و ناوچەکە و عێراق دەکات بۆ سەربەخۆی کوردستان لە رێگای ریفراندۆمەوە. دواتر قسە لەسەر رای نێودەوڵەتی بەرامبەر ریفراندۆم دەکات لە ناڕوونی ھەڵوێستیان بۆ ئایندەی کوردستان، لە گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان کۆبوونەوە لەتەک سەرکردەی حزبەکان گرێ دەدات و باسی ھەڵوێستی ئەمریکا و ئەوروپا و گفتوگۆکان لەتەک حکومەتی عێراقی بۆ کردوون. لە باسکردنی کۆبوونەوەدا ئاماژە بە پرسیارێکی بەڕێز عەلی باپیر دەکات، کە دەڵێت: ئەم ئەرکە زۆر قورسە بەڕێزت دەتوانی گرەنتی جێبەجێکردنی بکەی؟ بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت: ئەگەر لە ناوخۆ تێکی نەدەن بەڵێ، واتە سەرکەوتنی پڕۆسەکەی گرێدا بە یەکڕیزی ناوماڵی کوردەوە. لە بەشێکی دیکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی ریفراندۆم دەکات و دواترسەرکەوتنی ریفراندۆم، لەلایەکی دیکەوە باس لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکات. دوای دێتە سەر پەلامارەکانی حەشدی شەعبی بە ھاوکاری وڵاتێکی دراوسێ و حزبوڵڵای لوبنان، لەھەمان کاتدا ئاماژە بە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان جەنابیان و مەلیکی ئوردن دەکات. لە کۆتاییدا لە بەشی پاشکۆ و بەڵگەنامەکاندا باس لە پەیوەندی ھەرێم و بەغدا لە سەردەمی حکومەتەکانی ئەیاد عەلاوی و مالیکی و جەعفەری و عەبادی دەکات و قسە لەسەر پێشێلکارییە دەستوورییەکان دەکات و بە دیکۆمێنت دەیانخاتەڕوو، دواتر باس لە رەھەندە دەستووری و یاساییەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان دەکات. بۆیە دەرئەنجام دەکرێ بڵێین ئەم کتێبە زۆر شتی نەوتراوی وت. واقیعی رووداوەکانی بەو شێوەیە گێڕاوەتەوە کە روویداوە، نەک لەژێر کاریگەری سۆز و ئایدۆلۆژیای حزبی. مێژووییەکە بە مانای فەلسەفەی مێژوو، بۆیە پێویستە بخوێنرێتەوە. دەشتوانین بڵێین کتێبی بۆ مێژوو دەبێتە راستترین و راستگۆترین مێژوو بۆ نەوەکانی داھاتوو. لە کۆتاییدا پێشنیاز دەکەم ئەم کتێبە وەربگێڕدرێتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی و فارسی، کردنی بە ئینگلیزی بۆ تێگەیشتنی ناوەندە ئەکادیمییەکانی بیانی لە مێژووی ریفراندۆم، وەرگێڕانی بۆ فارسی و عەرەبی و تورکی بۆ ئەوەی رۆشنبیرانی ئەو نەتەوانە لە حەقیقەتی ویست و داواکاری گەلی کورد تێبگەن، لەلایەکی دیکەوە لەو سێ پارچەی جەستەی نیشتیماندا خوێندنی زمانی دایک قەدەغەیە و گەنجانی کورد بە زمانەکانی ئەو نەتەوانە دەخوێننەوە، کە کوردستانی بەسەردا دابەشکراوە بۆیە بۆ ئاشنابوونی گەنجانی کورد لەو پارچانەی دیکەی نیشتیمان بە حەقیقەتی مێژووی وەربگێڕدرێتە سەر ئەو زمانانە کاریگەری ئەرێنی لەسەر زاکیرەی سیاسی گەنجانی کورد دروست دەکات. دوا قسەم لەسەر کتێبی بۆ مێژوو پێویستە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو بخوێنرێتەوە. داواشم لە خوێنەران ئەوەیە ھەر چۆن، کتێبی بۆ مێژوو بە چاویلکەی حزب نەنووسرا ئاواش بە چاویلکەی حزبیی نەیخوێننەوە.
كارۆخ خۆشناو ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئەمریکادا بخشێنینەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە "سەنگی مەحەک" لە سیاسەتکردنی ئەمریکادا بریتی بووە لە (پاراستنی بەرژەوەندیەکان و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا) لە ڕێگای بەکارهێنانی سێ هێز (هێزی ڕەق Hard Power و هێزی نەرم Soft Power و هێزی زیرەک Smart Power)، واتە داڕێژەرانی بڕیاری ئەمریکا لە سەرەتای سەربەخۆیی ئەمریکاوە تاکو ئێستا، پشتیان بەستووە بە هەر سێ هێزی (ڕەق و نەرم و زیرەک) لە هەردوو ئاستی ناوەکی و دەرەکیدا. کاتێک (کریستۆفەر کۆڵۆمبس) لەژێر فەرمانڕەوایی پاشای ئیسپانیا لە ساڵی (1492) بەرەو هیندستان بەڕێدەکەوێت، دوای ئەوەی کەشتیە چارۆگەدارەکەی ڕێڕەوی خۆی دەگۆڕێت و لە دۆرگەکانی کاریبی لە کیشوەری ئەمریکای باکور دەگیرسێتەوە، ئەوروپیەکان کاتێک دەگەنە کیشوەری ئەمریکا بۆ یەکەمجار هێزی ڕەق واتە هێزی سەربازی یان هارد پاوەر دژی هیندیە سورکان (ئەمریکیە ڕەسەکان) بەکار دەهێنن و دەست دەکەن بە داگیرکردنی خاکەکەیان و کوشتن و بڕین و جینۆسایدکردنی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا کە بە هیندیە سورەکان ناسراون. ئەمریکا لە تەمەنی (244) ساڵی سەربەخۆیی خۆیدا بە قۆناغی جیا جیادا گوزەری کردووە، لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەم ئەمریکا بە (13) ولایەت و لەسەر بنەمای دەستورێکی (7) مادەیی لە دایک دەبێت، دواتر بە پشت بەستن بە (هێزی ڕەق و هێزی نەرم) ژمارەی ولایەتەکانی زیاد دەکات بۆ (50) ولایەت، ئەمریکای ئێستا لە دوای کۆمەڵێک هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، دواتر شەڕی ناخۆ لە سەردەمی (ئەبراهام لینکۆڵن)دا کە (620) هەزار قوربانی لێکەوتەوە، پاشان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەمریکایەکی توکمە دروست دەبێت، ئینجا بە هێزێکی زەبەلاحی ڕەق و نەرمەوە دێتە سەر شانۆی سیاسی جیهان. هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم و دوای جەنگی جیهانی یەکەم ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و پشت بەستن بە هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت (کۆمەڵەی گەلان) دروست دەکەن، پاشان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیش (نەتەوە یەکگرتووەکان) دروست دەکەن، ئەمریکا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتی لە کۆتایی ساڵەکانی جەنگی ساردەوە تا ئێستا، بە شێوەیەکی ستراتیژی پشتی بەستووە بە هەرسێ هێزی نەرم و ڕەق و زیرەک، لە پێناو یەکلایکردنەوەی بەرژەوەندییەکانیان و فراوانکردنی هەژموونیان لە کایەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و بازرگانی و تەکنەلۆژی و هزریی و کەلتوری...هتد. ئەمریکا بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لەجیهاندا زۆربەی کات پەنا دەباتە بەر هێزی نەرم (دیبلۆماسیەت) بەڵام هەندێک جاریش کاتێک هێزی نەرم دەگاتە بنبەست، سڵی نەکردۆتەوە لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق یان هێزی سەربازی. ئەمریکا گرنگیەکی تایبەت بە هێزی ڕەق یان سێکتەری سەربازی دەدات، بە جۆرێک ساڵانە گەورەترین و زەبەلاحترین بوجەی (لەسەر ئاستی جیهان) بۆ تەرخان دەکات بۆ نموونە ساڵی (2019) بڕی (716) ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کرد و بۆ ساڵی (2020) بڕی (733) ملیاری بۆ تەرخان کردووە. لە سیاسەتی دەرەوەدا، ئەمریکا لەسەرتای سەدەی بیستەمەوە بە شێوەیەکی پاڕالێل گرنگی داوە بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق، بە جۆرێک هەر کاتێک لە ڕێگای هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت نەیتوانیبێت ئامانجەکانی بپێکێت، هێزی ڕەق یان هێزی سەربازیان بەکارهێناوە، بۆ نموونە لە هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، ئەگەرچی سەرەتا ئەمریکا بێلایەن دەبێت بەڵام دواتر بەشداری دەکات و پارسەنگی هێز بەلای هاوپەیمانەکاندا دەشکێنێتەوە، بەواتایەکی تر کاتێک هێزی نەرم و دیبلۆماسیەت شکست دەهێنێت، ئەوا بە هێزی ڕەق و هێزی سەربازی ململانێکانی یەکلاکردۆتەوە، هەندێک جاریش کار گەیشتۆتە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی وەک (هیرۆشیما و ناکازاکی)، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە هەموو کات ئەمریکا سەرکەوتنی بەدەست هێنا بێت لە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و هێزی نەرمدا (وەک ڤێتنمام). سەبارت بە هێزی نەرم و هێزی ڕەق پرۆفیسۆر (جۆزیف نای- .Joseph S. Nye, Jr) ئەکادیمیست و ڕاوێژکاری ئیدارەی ئۆباما لە کتێبە بەناوبانگەکەی (هێزی نەرم، ڕێگەیەک بۆ سەرکەوتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا) ئاماژە بەوە دەکات کە لە ململانێکاندا بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیارەکاندا پێویستە لە پاڵ هێزی ڕەق (Hard Power) هێزی نەرمیش (Soft Power) بەکار بهێنین. جۆزیف نای بەم شێوەیە پێناسە و پۆڵینی هێزی ڕەق و هێزی نەرم دەکات: "هێزی ڕەق بریتیە لە هێزی سەربازی و فشاری ئابووری توند، هەروەها هێزی نەرمیش بریتیە لە دیپلۆماسی گشتی و تێکەڵبوونی کلتوری و هاوکاری مرۆیی و بەیەکگەیاندن و میدیا و...هتد. لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، داڕێژەرانی ستراتیژییەتی نوێی ئەمریکا لە پاڵ پشت بەستن بە (هێزی نەرم و ڕەق) بە شێوەیەکی هاوتەریب پشتیان بە هێزی زیرەکیش (Smart Power) بەستووە، هێزی زیرەک بە مانای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەک لە جیاتی (هێزی مرۆیی فیزیکی) بۆ نمونە ئەمریکا لە سەرەتای ئەم ساڵدا لە ڕێگای هێزی زیرەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (دڕۆن) توانی هەریەکە لە (سولەیمانی و موهەندس) بکوژێت، بۆیە لە ئێستادا بەشێک لە دروستکەرانی بڕیار لە ئەمریکا پێیان وایە کە بە هۆی پێشکەوتنی (هێزی زیرەک)ی ئەمریکیەوە چیتر پێویست بە بڵاوکردنەوەی هێزی فیزیکی و سەربازی ناکات، چونکە بە هۆی پێشکەوتنی هێزی زیرەک و تەکنەلۆژیای سەربازی، هەر ئامانجێکیان مەبەست بێت دەتوانن بی پێکن، بێ ئەوەی وەک جاران پێویستیان بە هێزی سەربازی فیزیکی هەبێت (Foot on the Ground) لە کۆتاییدا لە ڕێگای ورووژاندنی چەند پرسیارێکەوە ئاماژەیەکی کورت بەوە بکەم ئایا ئێمەی کورد وەک (ئەکتەرێکی نا دەوڵەتی) تاچەند توانیومانە بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی لە هێزی ڕەق و نەرم و زیرەک بگەین؟ چۆن و بە چ میکانیزمێک دەتوانین هێزی ڕەقی کوردی (هێزی پێشمەرگە) یەک بخرێت و لە ژێر چەپۆکی حیزبی کوردی دەربهێنرێت و بخرێتە ژێر چەتری حکومەت؟ چۆن و بە چ میکانیزمێک بتوانین هێزی نەرم و دیبلۆماسیەتی (لۆبی کوردی) لە دەرەوە بە هێز بکەین؟
چیا عەباس وڵاتانی ئەوروپا پاش ماڵئاوایی سەرکردە کاریزماکانی، وەک دیگۆل، میتراند، ئۆلف پاڵمەر، ویللی برانت، مارگریت تاچەر، هێڵموند کۆڵ و چەند سەرکردەیەکی تر بژاردەی سەرکردایەتی دەستەجەمعیان بۆ بەرێوەبردنی وڵات گرتەبەر، تا رادەیەکی باش سەرکەوتو بون و لە سایەیدا زۆنی ئیرۆیان دروستکرد، یەکێتی و پەرلەمانی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆیان گەشە پێکردو پاراستویانن و چەندین رێکەوتن وگرێبەستی گرنگیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەوروپا و روبەروبونەوەی تێرۆریزم و گەشەی ئابوری و سەقامگیری کۆمەڵایەتیان ئەنجام داوە. لە غیابی سیاسی مام جلال و کاک نەوشیروان و دواتر وەفاتی هەر دوکیان هاوکێشە سیاسی و حوکمرانیەکانی باشوری کوردستان بە رادەیەک تێكچون کە بێ ئومێدی و قەیران و کێشەکان بەردەوام خەستتر و ئاڵۆزتر دەبن، هاوکاتیش دوای وەفاتی ئەو دو سەرکردەیە، وێرای جیاوازی و ناکۆکیەکانیان، بۆشاییەکی سیاسی کوشندە سەری هەڵدا، لەوە کەمەرشکێنتر عجزی ئیرسە حزبی و خانەوادەکانیان بو کە نەك نەیانتوانی دەستەجەمعی بەرقەرار بکەن بەڵکو میراتەکانیان پارچەپارچە کرد و سەرقاڵی مسۆگەرکردنی پشکی خۆیان بون لەو میراتە. زیادە بۆ ئەمانەش بەشێک لە هاوخەبات و هاوکارانی ئەو دو سەرکردەیە لە سایەی شەفاعەت و رەحمەتی پارتی بۆیان کەوتنە لاوازکردن و پەراوێزکردنی یەکتر. پێویست بە باسکردنی روداو و دیاردە نەخوازیارەکانی ئەو قۆناغە ناکات چونکە لای خەڵک ئاشکرا و زانراون، ئەوەی ئێستا گرنگە ئایا دەکرێت بە نیەتێکی پاک و تێرامانێکی بنیاتنەری هاوبەش کار بۆ ئایندەی نیشتمان و نەتەوە بکرێت ؟ لە دۆخی سیاسی و حوکمرانی ئەم ساتەدا گەر ئەمە نەکرێت ئەوەندەی تر قوری نەگبەتی و نەهامەتی خەستر دەبێتەوە. بەتەنیشت ئەم ئاڵۆزیە خەستەی دۆخی سیاسی و حوکمرانی تێكچون و هەڵوەشاندنەوەی تەونی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە کێشە بنەرەتیەکانی ئەم سەردەمەی کۆمەڵگای کوردەواری لای خۆمان. هەرچەندە زەمینەی ئەم دیاردە مەترسیدارە بۆ سەردەمی سەدام دەگەرێتەوە، بەڵام دوای روخاندنی رژێمەکەی لە سایەی دەسەڵاتی کوردیدا ئەو هاوکێشەیە خەستتر و ترسناکتر بوە، چونکە تەونێک زۆربەی کەرەستە رەسەنەکانی لە دەست دراون، لە بری ئەوانە خۆپەرستی، گەندەڵی، رق و کینە، دو رویی، پاشکۆیەتی و کۆیلایەتی، درۆ و دەلەسە، ساختەکاری، پاشقولگرتن و ... تاد، تەنگیان بە ژیانی سیاسی و حوکمرانی و کۆمەڵایەتی هەڵچنیوە. ئاراستە فکری و سیاسیە رەسەنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هزرەکانی جەماوەری گۆرانکاری و چاکسازی تێکەڵاویەکە لە پرسە نەتەوەییەکان، لیبرالیزمی کۆنسێرڤەتیزم و چاکسازی حوکمرانی و کۆمەڵایەتی. ئەم زەمینە تێکەڵاوە نارۆشنە دوای دروستبونی گۆڕان لە نێو توێکڵە رەق و بەرتەسکەکانی حزبیدا بە قەتیسماوی نەمایەوە، بەڵکو بوە رەوتێکی جەماوەری کە تا ئەم چرکەیەش لە دەرەوەی دەسەڵاتی حزبەکاندا زیندو راگیراوە. یەکێتی بەهۆکاری توانای دارایی و سەربازی و ئیداریەوە توانیویەتی تا رادەیەک ئەو زەمینەیە بۆ مەرامی جەمسەرەکانی خۆشە بکات و بەکار بهێنێت، لە بەرامبەردا جەماوەری گۆرانکاری و چاکسازی هەرچەندە دوای وەفاتی کاک نەوشیروان دەنگی نارازیان دەبیسترێت بەڵام پەرتەوازەن و کەناریان گرتوە و یەکتر ناخوێننەوە، تا ئەم چرکەیەش شکستیان هێناوە لە سازدانی لایەنی کەمی لێکتێگەیشتن و دیدگای هاوبەش و چاوەروانن، چاوەروانن روداو و گۆرانکاریەکان دەرفەتیان بۆ برەخسێنن و ئەوان ببزوێنن نەک ئەمان بزوێنەری روداو و گۆرانکاری بن، لەم گێژاوە فکری و سیاسیەدا تەراوح دەکەن و هەر رۆژەی لە سەر شانۆیەک و لە سایەی پرۆژەیەکدا خۆیان عەرز دەکەن و سەریشیان لە خۆیان و لە خەڵک شێواندوە. ئەم دۆخە بێ ئومێدی خەستتر کردوە و رەشبینیەک فەزای فکری و سیاسی تەنیوە، خۆپەرست و ئۆپۆرچینیستەکانی سەر شۆستەی نارازی و بەناو ئۆپزسیۆن، کە زۆربەیان کوری حزبەکان بون، لە کەمیندان و کاردەکەن لە سایەی ئاڵۆزی و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەریم پێگەیەکی سیاسی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، تایبەت لە هەڵبژاردنەکانی ئایندە بۆ پەرلەمانی عێراق. پارتی وەک هێزێکی نەتەوەیی کلاسیکی باڵادەست بێگوێدانی جدی بە گۆرانکاری و چاکسازی لە لێکەوتکانی ئەم دۆخە بزەی لێوی دێت، تا بۆی بکرێت درێژە بە زەمینەی بێسەروبەری و پەرتەوازەیی و لێکترازانی بەرەکانی بەرامبەری دەدات. وێرای ئەوەی لە ناو هێزە ئیسلامیەکاندا کەسانی بوێر و نیەت پاک و خەمخۆری چاکسازی دەنگیان دەبیسترێت بەڵام تا ئەم چرکەیەش تەم و لیڵی کۆتا سیاسەتی ئەو هێزانەشی تەنیوە. لە نێو هێزە عەلمانیەکانی تردا دەنگی یاخیبونی نەوەی نوێ زیاتر راشکاوانەتر دەبیسترێت. ئەم دۆخە چەقبەستوە دینامیکی بزوێنەری نیە، دیدگایەکی رونی هاوبەشی لێ نەکەوتۆتەوە، سەرکردەیەکی کاریزمای نەخەڵقاندوە، دەستەجەمعی بۆتە خەونێکی نەزۆک و لە بازنەو چەمکە کلاسیکیە سواو و پوچەڵەکاندا دەسورێتەوە. خەڵک دوای سەراب ناکەوێت و کاتێک بەرپرسێکی باڵای عێراق دێتە لایان وەک شەپۆلی هەڵچوی دەریا بە پیریەوە دەچن. چ شەرمەزاریەکە تایبەت بۆ ئەوانەی خۆیان بە فریاد رەس دەزانن لە قسەی سواو زیاتر هیچی تریان پێ نیە، لە گەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی کوردی، تایبەت پارتی، بە بەرپرسیاری سەرەکی دەزانن، ئەم راستیە پشکی خۆیان لە بەرپرسیاریەتی ناسرێتەوە، چونکە کاتێک ئەوە هەڵسەنگاندنیانە بۆچی بەتوندی دەستیان بە سوچێکی ماڵەکەی پارتیەوە گرتوە؟ بۆچی ئەوەندە لە خۆیان بایی بون و بۆچی ..... تاد. چی بکریت؟ کورد دەلێت: کوێرە چیت دەوێت، دو چاوی ساغ. لە بەرەی بەناو نارازی بێ ئومێدی زیاتر دروێنە کراوە، لە حزبەکان خۆپەرستی و کەنارگیری، لە جەماوەری گۆرانخواز پەرتەوازەیی و نارۆشنی و لە بەغداش گەمەی سیاسی قێزەوەن و دەستەدەستی پێکردن و نیەتی شاردراوە و لە ..... تاد. هەرچۆنێک بێت رەشبینیم بێ هۆکار و زەمینە نیە، هاوکاتیش باوەری توندم هەیە کە لە هەمو کۆمەڵگایەک وزە و ئیرادەیەکی شاردراوە ( الگاقە و الارادە الکامنە) هەیە کە لە سات و ئانێکدا سەرهەڵدەدەن و کار بۆ گۆرینی واقیعەکە دەکەن. کورد دەوڵەمەندە لە پێکهاتە و کەرەستەکان بۆ ئەو سەرهەڵدانە، رێگر و کۆسپەکانیش کەم نین، کەوتۆتە ئەستۆی ئیرادەی سیاسی جەماوەری دڵسۆز و بەئەمەک بۆ سەرکردە و خەبات و قوربانیەکان چاو بە خۆیاندا بخشێننەوە، بەلایەنی کەمەوە کۆلارەیەک بە فەنەری ئومێدەوە لە ئاسماندا هەڵکەن.
عەبدولڕەزاق شەریف ئەم سێ حیزبە حوكمڕانەی ئێستای كوردستان، پارتی، یەكێتیو گۆڕان.. هاوپەیمانەكانی پێشوتریشیان لە گوتارو حوكمڕانیدا، كارێكیان بەم هەرێمی كوردستانە كردوە، وەك ئەڵێن با بە دەواری شڕی نەكردبێ. ئەو راستییەی كە هەر لایەنێك بە پێی سەنگی بەشدارییەكەیو وەختی خەتاكەی خەتم ئەكرێ، هیچ لەو هێزی تاوانكارییە ناگۆڕێ و كەمناكاتەوە كە ئەوان بەرامبەری خەڵكوخوای ئەم دەڤەرە كردویانە، بەهەمو یاسایەكی مرۆیی، بە شەرعیو عەشایەریو هەتا شەواریعی، تاوانكارو هاوڕێكەی، بێدەنگبوەكان لە تاوان و ئەوەشی روی تاوانبار سپی ئەكاتەوە، گشت وەكو یەك بەر نەفرەت ئەكەون، ئێمەومانانیش كە رۆژێك گەر بە وشەیەكیش بەرگریمان لەو تاوانكارانە كردبێت، گەر داوای لێبوردن نەكەین، پشكێكمان هەر بەردەكەوێ. تێكچونی تەونی كۆمەڵایەتیو ئاشتی كۆمەڵایەتی كۆمەڵی كوردەواری لە قۆناغێكی هێندە مەترسیداردایە، ئیتر قسەگەلی فڵان سەركردە چەتەیەو فڵان حیزب خەتایەتیو فڵان بنەماڵە مافیان و...هتد، هیچ سودێكی نەماوە، جگە لەوەی بەنزین بەو ماڵە سوتاوەی كوردا ئەكات هیچیتر نابەخشێ، كاتێك دەرفەت هەبو بۆ چاكسازی كەس لە خەمیدا نەبو، كەس نەیكرد. كاتێك دەرگایەك بۆ گۆڕانكاری لە كۆی پرۆسەی حوكمڕانیدا كرایەوە، دایانخستو تێپەڕی، كاتێكیش لافاوێكی جەماوەریی بۆ راماڵینی كۆی حیزبەكان هەڵسا، پیاوەكانی هەردو قۆناغی چاكسازیو گۆڕانكاری بە تاكو بە كۆمەڵ تەسلیم بون، بون بە بەربەست، دواجار هەمو پێكەوە گەلو نیشتیمان تاوانبار ئەكەنو بە پرەنسیپی ئەو قوڕە ئەو تۆزەی لێ هەڵئەسێ لۆمەكە بەسەر هەمواندا، ئەبەخشنەوە. ئێ خۆ رەنگە هەندێ كەسی بێ ئاگا لە نوسەری ئەم دێڕانە بڵێ ئەی خۆشت لەگەڵیان نەبوی؟ ناچار بڵێم: بەڵێ لە ژێر تۆپو تەیارەی بەعسدا، لە بەرگری لە جینۆسایدكردنی میلەتەكەم، لەگەڵ زۆرێك لە پیاوە جوامێرەكانی میلەتەكەمدا، لە یەك سەنگەردا بوم، هەندێ لەم جڕوجانەوەرانەشمان لە تەكدا بون، ئێستاش زەمەن بگەڕێتەوە هەر هەمان ڕێگەی زیندانو شاخ و پێشمەرگایەتی هەڵەبژێرمەوە، بەڵام خۆ نوسینەكانم ماونو خۆشبەختانە یەك لە قەسیدەكانم سرودێكەو ساڵی نەوەدو دو، دوای راپەڕینو لە سەرەتای یەكەم كابینەی حكومەتدا، نوسیومە كە بە گومانم لە مانەوەی ئەو پیاوە خائینانە لەسەر كورسی حوكمداریو هەر ئەو كات داوا دەكەم تۆڵەی خیانەتكردن لە شەهیدو ئەنفالكراو و قوربانیەكانیان لێبكەنەوە، لەسەر ئەو گوتارەش, چ بە كاری سیاسی یان بە نوسین و كاری ئەدەبی, بەردەوام بوم. بەڵام ئێستاو ئیتر گرێی چارەسەركردنی كێشەكان، لە گەستنیش دەرچوە، هیچ حیزبو حكومدارێ گوێ بە ئایندەی كورد و مەسەلە رەواكەی نادا، هیچیان لە خەمی تێكچونی شیرازەی كۆمەڵ و ئاشتی كۆمەڵایەتیدا نین، بەڵكو بە بەرنامە كار بۆ زیاتر تێكدانو هەڵوەشاندنەوەی ئەكەن. بەش بەحاڵی خۆم نزیكەی چل ساڵە كاری سیاسی ئەكەمو بە لێكدانەوەو لێكۆڵینەوەی هەمو ئەو مێژوە، ئێستاو ئایندە، لەگەڵ دەستەیەك لە هاوڕێكانماندا، گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی تەنیا چارەسەر كۆبونەوەی هەر شارو شارۆچكەیەكە بە كۆمەڵ و بە جیاواز، لەژێر سایەی فۆرمێك یان فۆرمی جیاجیادا، رەنگە پێمان بڵێن ئەوە پەرت بونو دابەش بونە، راستە وایە ! بەڵام ئەبێ دەسەڵات لەم هەرێمەدا پەرتو دابەش بكەین، بەڵام گەر ئەوە رو نەداو هەر بازنەیەك بە پرۆژەیەكی خۆماڵی لەم قۆناغەدا خۆی نەگرێتەوە، هەتا هەتایە ئەم میلەتە شیرازەی كۆمەڵایەتی یەكناگرێتەوە و مەسەلە رەواكەشی كە سەدان ساڵە قوربانی بۆ ئەدا، لەدەست ئەدات، ئایندەشی نارونو نادیار ئەبێت. بۆ ئەو كارە پیرۆزەش پرۆژەیەكی دەستوریی یاساییمان پێشنیازكردووە، كە بەدەنگی خەڵك ئەتوانین سەرەتا بە جیاكردنەوەی هەرێمی سلێمانی، هەرێمی كوردستان بكەین بە دوو هەرێمی سەربەخۆ لە عێراقدا، ئەو هەرێمەی جیائەبێتەوە ئەتوانێ خۆیو لەناو خۆیدا بە پشتیوانی خەڵكی پسپۆرو شارەزا پرۆژەی سیاسی، ئیداری، كۆمەڵایەتی بۆ هەستانەوەو رێكخستنەوەی تواناكانی میلەتەكەمان بە ئەنجام بگەیەنێ، وەك نمونەیەكی تەندروستی حكومڕانی بكرێ بە وانەیەك پارێزگاكانی تری هەرێمی كوردستان چاوی لێبكەنو لەناوخۆی هەرێمی پارێزگای سلێمانیشدا بە بەرنامەی دابەشكردنی دەسەڵاتو گەڕاندنەوە بۆ رای خەڵكی ناوچە جیاجیاكان، خەڵك لای خۆیەوە شیرازەی خۆی بگرێتەوە دەستو لە خاڵێكی سەرەتاوە دەستپێبكەن، وەك دەڵێن لە هەنگاوی یەكەمەوە بە توانای خەڵك هەزاران میل بۆ پێشەوە بڕۆینو گرنگترین تێشوی رێگەكەشمان دروستو راستی هەنگاوی یەكەممانە.
سەلاح رەشید پەتای کرۆنا، دەستی ناوتە بیناقاقای هاوڵاتیانی هەمو جیهانەوە و ئەمەش یەکەم روداوە، کە جیاوازی لە نێوان وڵاتانی گەورە، دەوڵەمەند و زلهێزە و بچوک و هەژاردا ناکات. جیاوازیەکە لە نێوان وڵاتاندا، لەسەر شێوەی بەگژاچون و چارەسەرەکردنێتی، هەندێ وڵات گرنگی زۆر بە چارەسەر و رێکارە تەندروستیەکان ئەدات و رێوشوێنی خێرا و گونجاو ئەگرێتەبەر بۆ تەشەنەنەکردنی زیاتری و هەندێ وڵاتی تریش کەمتەرخەمترن و سستن و لە ئاستی ئەو مەترسیە گەورەیەدا نین. لە ماوەی ئەم دوهەفتەیەدا، کرۆنا لە زوربەی وڵاتانی ئەوروپا زۆر بە خێرا گەشەی کردوە و ژمارەی توشبون و گیان لەدەستدان زۆر زیادی کردوە. هەندێ دەزگای تەندروستی بە شەپۆلی دوهەمی کرۆنا ناوی دەبەن، بێگومان لە هەمو ئەو شوێنانەی کە (تێست) واتا پشکنینی زیاتری تێدایە، ئەوا ژمارەی رەسمی توشبوان زیاترن، واتا ژمارەی توشبو، تەنها لە رێگای پشکنینی زیاترەوە دەردەکەوێت. بەگژا چونی ئەم پەتایە لە شێوەی چارەسەرەیەکەیدا دەردەکەوێت، لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگۆرێت. بۆنمونە، حکومەتی ئەڵمانیا، بەگژەچون و چارەسەری کردوە بە کێشەی یەکەمی خۆی و رۆژانە چەندەهاجار وەزیری تەندروستی ئیتحادی و ویلایەتەکان رێنمایی نوێ دەردەکەن و دەزگا جیاوازەکانی تر، بەشدارن لە جێبەجێکردنی بریارەکاندا. هەرچەندە وڵاتێکی گەورەی وەک ئەڵمانیا (٨٣ ملیۆن)، کە سیستەمی فیدرالی هەیە و لە زۆر بوردا، هەر ویلایەتێک ئازاد و سەربەخۆیە لە بریارەکانیدا، بەڵام لە هەندێ بواردا هەمویان لە چوارچێوە گشتیەکە و بڕیارە سەرەکیەکە دەرناچن و رۆژانە بڕیاری نوێ دەردەکرێت بۆ بەرەنگاربونەوەی پەتای کرۆنا، لەوانە: - چێشتخانە و بار و قاوەخانەکان، پێویستە سەعات ١١ شەو دابخرێن. - دوای ١١ شەو، مەی فرۆشتن لە هەمو شوێنێک قەدەغەیە. - ئەو ناوچانەی کە ٣٥ کەس لە ١٠٠ هەزار ژمارەی دانیشتوان بۆ ماوەی یەک هەفتە توشی کرۆنا ببێت، ئەو ناوچەیە بە (سور) دەستنیشان دەکرێت و مامەڵەی جیاوزیان لەگەڵدا دەکرێت، بۆنمونە خەڵکی ئەو ناوچانە ناتوانن بە ئاسانی لە هەندێ شوێن لە ئوتێل ئەڵمانیا بمێننەوە و زوربەی شوێنە گشتیەکان دادەخرێن. - دانیشتن لە چیشتخانە و بارەکاندا، سنوردار کراوە، لە هەندێ شوێن نابێت لە ٦ کەس زیاتر لەسەر مێزێک بەیەکەوە دابنیشن. - ئاهەنگ و کۆبونەوەی هەمەجۆر قەدەغەکراوە. - لە هەندێ جێگا، وەک لە شارێکی گەورەی وەک (میونخ) پێویستە دەمامک لەسەر شەقامە قەڵەباڵغەکان ببەسترێت، ئەوەی نەیبەستێ بە ٢٥٠ ئۆیرۆ غەرامە دەکرێت. - بیگومان، پێویستە هەمو یەکێک دەمامک ببەستێ لە شوێنە داخراوەکان. - لەو شوێنانەی کە ژمارەی توشبون زیادی کردوە، ئێستا بیر لەوە دەکرێتەوە، کە بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی هەمو شوێنێک بدەن. - حکومەت و هەمو هێزە سیاسی و دەزگا جیاوازەکان، تکا لە هاوڵاتیان دەکەن، کە ( دەمامک ببەستن، مسافەیان لەگەڵ خەڵکی تر لە مەترونیوێک زیاتربێت و رێوشوێنی دەزگا تەندروستیەکان جێبەجێ بکەن سەفەری دەرەوە نەکەن). - رێگای توند گیراوەتەبەر بۆ دەوامی زانکۆکان، قوتابخانە و باخچەی ساوایان. - ئەم رێوشوێنانە بۆ بەرگری لە پەتای کرۆنا، تەنها لە ئەڵمانیا نیە، بەڵکو لە هەمو ئەوروپایە و هەمو رێگایەک دەگیرێتەبەر بۆ تەشەنەنەکردنی. - هەندێ وڵات لە سەرەتای هاویندا کەمێ دوربو لە پەتای کرۆناوە، وەک (چیك)، بەڵام ئێستا لە سەروی ئەو وڵاتانەوەیە کە زۆرترین توشبوی تێدا تۆمارکراوە و دەوڵەت لە زۆر شوێن قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی تەواوی راگەیاندوە، ئەمە دوای ئەوە هاتوە، کە یەک لەسەر سێی ئەوانەی پشکنینیان بۆ کراوە، دەرکەوتوە، هەڵگری ڤایرۆسی کرۆنان، تەنها لە رۆژی هەینیدا (١٦/١٠) ١١.١٠٥ هەزار هاوڵاتی توشی ئەم پەتایە بون. - دەزگا جیاوازەکان و بەتایبەتی پۆلیس، لە هەمو ئەو وڵاتانە ئەرکیانە کە چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی حکومەت بکەن و سزای ئەو شوێن و کەسانە بدەن کە سەرپێچی دەکەن. - وڵاتێکی وەک ئیرلەند، بریاری دا، لە ٢٠/١٠، هاوڵاتیان نابێت ٥ کم لە ماڵەکەیان دوربکەونەوە، مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت و زوربەی شوێنەکان دادەخرێن. - کوردستان – سلێمانی ماوەی چەند رۆژێکی زۆرە کە ژمارەی مردن لە کوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی لە هەمو شار و پارێزگاکانی تری عێراق زیاترە، تەنها لە یەک رۆژدا (دوشەمەمە ١٩/١٠) ٢٦ هاوڵاتی لە کوردستان بەهۆی کرۆناوە کۆچی دواییان کردوە، زیاتر لە نیوەی (١٦) یان لە پارێزگای سلێمانی بوە، بێگومان ئەمە ئاماری رەسمی دەزگای تەندروستیە، ئاماری مردنی راستەقینە زۆر زیاترە، بە تایبەتی ئەوانەی کە ناچنە نەخۆشخانە و نایانەوێت ناویان بهێنرێت، ئەگەر رۆژانە سەیرێکی (فەیسبوک) بکەیت، کە چەند کەس لەیەک رۆژدا کۆچی دوایی کردوە، ئەوا ژمارەکە دەردەکەوێت. ئەمە لە کاتێکدا، کە لێپرسراوانی تەندروستی سلێمانی دەڵێن: "بەهۆی نەبونی ئامێری چاودێری چرەوە نەخۆشەکان گیان لەدەست ئەدەن و ئەگەر ئەو ئامێرانە هەبوایە، ٨ نەخۆش لە مردن رزگار دەبون، لە هەمو شاری سلێمانیدا تەنها ١٠ ئامێری چاودێری چڕ هەیە". ئەم وێنەی لێشاوی مردنە لایەکی تاریکی شارە، بەڵام لاکەی تری، ئەوەیە کە وێنەی ناوبازار و چێشتخانە، قاوەخانە، شوێنە گشتیەکان دەیبینی، هیچ هەست ناکەیت کە پەتای کرۆنا لەم ناوچەیە هەیە، یاخود لە شەقام و کۆڵانەکەی خۆتاندا هیچ کەس هەبێت گیانی لەدەست دابێت!. کێ بەرپرسە: بێگومان هەریەکە لە ئێمە بەرپرسی یەکەمین لە ژیانی خۆمان و کەسوکار و هاورێ و دۆستانمان و ئەبێ هەمو هەوڵێک بدەین کە خۆمان و ئەوان بپارێزین، واتا خۆ پارێزی هەنگاوی سەرەکی و یەکەمە. بەڵام لە وڵاتدا دەزگای بەرپرسی یەکەم بۆ بەنگاربونەوەی ئەم پەتایە حکومەت و دامودەزگاکانێتی کە خۆی لە وەزارەتی تەندروستیدا ئەبینێ. بەداخەوە ئەوەی لە کوردستان و لە پارێزگای سلێمانی هەستی پێناکرێت، جوڵە و (ئیجرائاتی) وەرزارەت و دامودەزگا بەرپرسەکانە بەرمبەر بە تەشەنەنەکردنی ئەم پەتایە. پارێزگای سلێمانی، ناوبەناو بەیانێک کەم ناوەرۆک دەردەکات وەک ( ژ.٢٩٥ ی ١٣/١٠/٢٠٢٠) کە خۆی لە (داواکاری) دەبینێت و دەنوسێت: (هەرشوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت)، ئەم داخوازیە بۆ مانگی ٥ و شەش رەوا بو، کە مردن لە ئارادا نەبو، بەڵام بە هیچ شێوەیەک رەوا نیە و ناگونچی بۆ شارێکی وەک سلێمانی کە رۆژانە زیاتر لە ١٠ هاوڵاتی بۆ هەمیشە بەجێمان دێڵن. ئەبێت و پێویستە، لێپرسراوانی حکومەت لە کوردستان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین بەتایبەتی، وەک هەمو دنیا بکەونە خۆیان و کۆمەڵێک بریار بدەن و زۆر بە وردی و بە چری بەشوێن جێبەجێکردنیەوە بن، بڕیاری سەر کاغەز هیچ مانایەک ناگەیەنێ ئەگەر بەدوداچونی بۆ نەکرێت. بارودۆخی کوردستان ئێستا لەم وەرزەدا کە هێشتا گەرمە و هاوڵاتی ئەتوانێت لە دەرەوە دابنیشێت، زۆر مەترسیدارە، بەڵام پاش چەند رۆژێکی تر، هەمو ناچاردەبین بچینە ژورەوە و ئەو کاتە، چێشتخانەکان، بارکان، قاوەخانەکان، مەلەوانگە و جێگای وەرزشی، ئەگەر وەک ئێستا بمێنێتەوە، ئەبێت چاوەرێێ شەپۆلێکی زۆر زیاتر لە ئێستا بکەین لە توشبون و مردندا. پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت، با دەزگا بەرپرسەکان بکەونە خۆیان و هەندێ بڕیاری گرنگ بدەن، کە رەنگە بەدڵی هەندێ نەبێت، بەڵام لە بەرژەوەندی هەموان بێت. هەروەها دەبێت، وەزارەتی تەندروستی، چالاکتربێت و ئەم بارودۆخە بکات بە خەمی سەرەکی خۆی، هەمو پێداویستیە تەکنیکی و مرۆیەکان ئامادەبکات و شەرمە بۆ حکومەتی هەرێم کە لە یەک رۆژدا ٨ هاوڵاتی گیان لەدەست بدەن، لەبەر نەبونی ئامێر لە شارێکی گەورەی وەک سلێمانیدا، هەروەها گرنگە کە حکومەت و دەزگا جیاوازەکان و هێزە سیاسیەکان، ئەم پەتایە و توشبون و مردنی بە کۆمەڵ زۆر بەدور بگرن لە کاری سیاسی و حیزبی رۆژانەی خۆیان.
سەرتیپ جەوهەر دزو ساحێب ماڵ یەك بن، گا لەكونی دەرزی ئاوا دەكەن دەمێكە خەوم نەبینیبوو. هەواڵە ناخۆش و پڕ چەرمەسەرییەكانی ئەم وڵاتە خەو و خەونی بەكەسەوە نەهێشتووە! جاران خەونمان بە ئازادیی و دەربازبوون لەستەم و حكومڕانی خۆماڵییەوە دەبینی. هەندێجار واوەتر، ئەم خەڵكە رەشوروتەی ئێستا، تامەزرۆی دیداری بەشێك لەو ناو ناونیشانانە بوو كە لەشاخ، لەرادیۆكەی دەنگی شۆڕش و مقاوەمەت ناویان دەهات. باس لەداستان و قارەمانێتیان دەكرا! بەڵام دەرچوو، هەر رۆژێكیان، هەر هەنگاوێكیان لەسەر ئەم میللەتە نوسیوەو ئێستا حەقی ئەو رۆژانە لەمیللەتەكە وەردەگرنەوە. نەك خۆیان، بەڵكو نەوەكانی داهاتویشیان (عائیلە سەعیدەن). لەم شەوانە خەوێكم بینی، خەو نەبوو! زیندە خەو بوو! لەو خەوەدا لە وڵاتێكی كاول و بێ دەرەتان بووم. لەلایەكی 30 ساڵ بوو دزی دەكرا، لەمەرزەكەی كاكە برایمی خەلیلەوە تا رۆژئاوا كەسێك دەنگی لێنەدەهات. لەبەری رۆژهەڵاتیشەوە، شین و شایی تێكەڵ ببوو. چڕە دوكەڵێك بوو، كورد وتەنی "سەگ ساحێبی خۆی نەدەناسیەوە". ئەو مەرزانە ببووە نیعمەت بۆ ئەولادی ئەم عەسرە! عەسری شۆڕشگێڕانی قەدیم. (هیواو هاورێ و لەنجەو توانا..تد ناوەكانیان چەندە خۆشن. یەكێك شیشی دەهێناو یەكێك ئۆتۆمبێلی بەسەرچوو! یەكێك دونگی دەهێناو یەكێك دەرمانی بێكەڵك! هەبوو جوجكی دەهێناو هەشبوو كەلەسەری گا! هەرچی دەتەوێ دەیانهێنا. كورد ووتەنی "دزو خاوەن ماڵ یەك بن، گا لەكونی دەرزی ئاوادەكەن". لەو خەوەدا هەمویان برابەش و شەریك بوون. حزبەكەی باوكی هەژاران دەنگیان لێوەدەهات، ئێستا ئەوانیش دەمكوت بوون. وەزیرەكەی داراییان هەتا پیلی لێ هەڵماڵی بوو. برابەشی ئەوانی دی بوو! كوڕانی باوكی هەژارانیش قەپانێكیان بۆ دانابوون! لەهەمووی خراپتر، رێكخەری حزبەكەی باوكی هەژارانیان، بەدەم خەندەی لێوانەوە، دەیگوت چیبكەین، هەمووی دەیدزێت، كابرای مەرزەكەی ئێمەشیان فێركردووە.
سابیری سەندیکا کوردەکان نەتەوەیەکی نیشتەجێی ڕۆژھەڵاتی ناوینن بە درێژایی مێژوو لە ناوچە شاخاوییەکانی ژیاون، کە بەشێکە لە خاکەکەیان. کوردەکان بە زمانی کوردی قسە دەکەن، کە زمانی فەرمی کوردستانە. زمانەکە چەند شێوەزارێکی جیاجیای لێ دەبێتەوە، وەک کوردی باکووری کوردی باشووری، لەگەڵ گۆرانی ـ زازایی. وەھەروەھا زمانی سۆرانی و کرمانجی. لە مێژوودا، کوردەکان دەسەڵاتیان بەسەر ھەندێک لەو ناوچانەدا ھەبوو کە ئێستا لەلایەن ئێران، تورکیا، عێراق، سووریا، و داگیر کراون، بە تایبەت لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکاندا. لە نێوان ململانێی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەفەوییەکان لەپێناو فراوانکردنی خاکەکەیان و زیادکردنی دەسەڵاتیان، ھەر لە زووەوە بە شێوەیەکی نافەرمی کوردستان لە نێوان ئەم دوو ھێزەدا دابەشکرابوو. ڕۆژانە کورد لەسەر دەستی داگیرکەرانمان دەکوژرێن و زیندانی دەکرێن و گوند و ڕەز و باخیان داگیردەکرێت و ئاڵای کوردستان دەسوتێ،کەس فزەی لێوە نایەت ھەروەھا لەژێر ئاڵای کوردستاندا خەڵک برسی و ڕسوا دەکەن . کوردەکان ناسراوە بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ لەژێر سایەی پەیماننامەی سیڤەری ١٩٢٠. لەکاتی ھەوڵ و کۆششی کوردەکانەوە بۆ سەربەخۆیی، تواندراوە چەند جارێک سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەێندراوە لە ساڵی ١٩٢٩ـ ١٩٢٣ لە ساڵی ١٩٢٢دا،شانشینی کوردستان لەلایەن شێخ مەحمودی حەفیدەوە دامەزرا و تاکوو ٢ ساڵ مایەوە. لەکاتی شەپۆلی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردەکانی باشووری رۆژھەڵاتی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٧، کۆماری ئارارات لەلایەن کۆمەڵەی خۆییبوونەوە دامەزرا. لە ساڵی ١٩٤٦دا، کۆماری مەھاباد لەلایەن قازی محەممەدەوە ڕاگەیەندرا، بەڵام تەمەنی تەنیا ١٢ مانگ بوو. لە ساڵی ١٩٩١ەوە،ھەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق دامەزراوە و زمانی کوردیش زمانی فەرمی ھەرێمەکەیە.ڕۆژانە کورد لەسەر دەستی داگیرکەران زیندانی دەکرێن و گوند و ڕەز و باخیان داگیردەکرێت و دەسوتێ. وشەی کورد لە زمانی پاڵەوییەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بە واتای «کۆچبەر» یان «نۆماد» دێت. داھێنەرانی وشەکە پێیان وابووە کە کوردەکان ماڵێکی جوگرافیی جێگیریان نەبووە و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر کۆچیان کردووە. وشەی کورد بە شێوەیەکی جیاواز لەلایەن نەتەوە جیاوازەکانەوە بەکار نەھاتووە و بە شێوەیەکی یەکگرتوو و ھاوواتا بەکارھاتووە. لە بەدواداچوونەکەیدا باسی شێوە جیاوازەکانی تری وشەی کاردا دەکات. کوردەکان چوار بەشن: کرمانجەکان، لوڕەکان، کەلھوڕەکان، لەگەڵ گۆرانەکان، ھەر یەکە لەوانیش بە شێوەزارێکی تایبەتی کوردی لەژێر ھەمان ناودا قسە دەکەن. سەدان ھەزار کورد بۆ ناوچەکانی دیکەی ئیمپڕاتۆرییەتی سەفەوی ڕاپێچ کران، لەپێناو بەرگریکردن لە سنوورەکانیان لەو ناوچانە. سەدان ھەزار گرووپی نەتەوایەتی تر کە لە ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی دا دەژیان ٢٩ ساڵە کێ لەخێرو بێری ئەو ئاڵایەدەخوات لەسایەیدا بۆ تە بازرگان و ملێۆنەرو شەقوەشێن بائەویش پارێزگاری لێبکات. ئێستاش ڕۆژانە کورد لەسەر دەستی داگیرکەرانمان دەکوژرێن و زیندانی دەکرێن و گوند و ڕەز و باخیان داگیردەکرێت و ئاڵای کوردستان دەسوتێ،کەس فزەی لێوە نایەت ھەروەھا لەژێر ئاڵای کوردستاندا خەڵک برسی و ڕسوا دەکەن .وەھەروەھا سوپا و جەندەرمەی تورک و ئێرانی لە دەشت و چیا و دۆڵ و گوندە و شارەکانی کوردستانی عێراق تەڕاتێنیانە؟ بۆ خەڵکێک ئەم ئاڵایە کەهچ خۆشیەکو ژیانێکی شایستە و ئاسودەی لەژێر ئەو ئاڵایە دەستنەکەوتوە جگە برسیەتی و شەڕو ماڵوێرانی و سوکایەتی ئەوە جگە لە پەڕۆیەکی ڕەنگاو ڕەنگ زیاتر هیچیتر نیە .
هاوژین زیبا لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، تاسەمان ئەوە بوو کە ئێمە وڵات و سیستم و قوتابخانە و بازاڕمان ھەبێت. تاسەمان ئەوە بوو کە بە ڕەنگ و دەنگی خۆمان بە زمانی خۆمان بدوێین، بۆ نووسینەوەی مێژووی خۆمان ئازار و مەینەتی زۆرمان چەشت. باشە لە کۆتاییدا بەعس ڕۆیشت و سیستمەکەمان دروست کرد ئێستا فیدرالیشبێت بە فەرمی وڵاتێکمان ھەیە و شانازی بە وڵاتەکەمانەوە دەکەین شانازی بە مێژوو و ڕەنگ و دەنگی خۆمانەوە دەکەین. وڵاتێکی دەوڵەمەند بە کشتوکاڵ و نەوتمان ھەیە، بەڵام مرۆڤ بیردەکاتەوە دەپرسێت بۆچی ھێشتا ھەژارین؟ بۆچی ئێمە ھەموو کات شەڕ دەکەین؟ بۆچی کۆتایی بە کێشەکانی ناو وڵاتەکەمان ناھێنین؟ حکومەت تا چەند ھۆکاری بەردەوامی کێشەکانە؟ کاری سیاسەت و دەوڵەت ئەوەیە کە وەڵامی کێشەکە بداتەوە و چارەسەری بکات، بەڵام لێرە حکومەت و سیاسەتەکەی ئەو کارە دەکەن؟ بەڕاستی ناتوانین بڵێین سیاسەتمەدارەکانمان نەزانن و نازانن سیاسەت بکەن ھەموو باش دەزانن سیاسەت چییە و چی نییە، بۆ نموونە مرۆڤ دەتوانێت وەک سیاسەتمەدارێک باسی ھۆشیار زێباری بکات. ھۆشیار زێباری پیاوێکی نەزان نییە لە ئوردن و ئینگلتەرا زانکۆی خوێندووە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ئینگلتەرا و ئەمریکا فێری سیاسەت بووە، بەڵام ئەمڕۆ ھۆکاری کێشەیەکی گەورەیە لە وڵاتی ئێمەدا. ھۆشیار زێباری بە زمانی خۆی شمشێرەکەی حەشدی شەعبی لە ھەناوی ئێمە دەدات. بەھۆی سیاسەتی ئەوەوەیە ئاڵای کوردستان دەسووتێندرێت ئەقڵی سیاسی ئێمە جارێکی تر بەرەو شەڕی ناوخۆ ئاراستە دەبێت. لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت ئایا ئەمەی ھۆشیار زێباری دەیکات نەزانی سیاسەتە یان جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەمریکا و ئینگلیزە؟ وەک لەسەرەوە باسمکرد ھۆشیار زێباری کەسێکی نەزان نییە، لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکاندا پەروەردەی سیاسەتی خوێندووە ئەو باش ئەم سیاسەتە دەزانێت. حەشدی شەعبی ھەرچەندە حزبێکی عیراقیش بێت لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و دەزانین کە ئەمەریکا و ئینگلتەرا ئەم ھێزە سەربازییەیان لە عێراقدا ناوێت . ئەمریکا و ئینگلتەرا سیاسەتی خۆیان لە رێگەی ئەندام و حزبە کوردییەکانەوە پێشدەخەن. من وەک ڕۆژنامەنوس، نووسەر یان ھاوڵاتیەک، دەمەوێت ئەمە بپرسم؛ ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان چی دەوێت و چی قازانجێک دەکات؟ ئایا پارتی بەم سیاسەتەی، دەیەوێت ھێزی حەشدی شەعبی لە شەنگال دەرکات؟ شەنگال پارچەیەکی کوردستانە مرۆڤ کاتێک بە نەتەوەپەرستی بیر دەکاتەوە دەڵێت ئەمە باشە، بەڵام دەزانین نە نەتەوەپەرستی چارەسەرە و نە حەشدی شەعبیش لە شنگال دەچێتەدەرەوە. بۆیە نابێت ئێمە خۆمان فریوبدەین ئەم سیاسەتەی پارتی حیزبییە و سودێکی بۆ کورد نییە. کێشەی ئابووری چارەسەر ناکات، دەسکەوتی گەلەکەمان دەخاتە مەترسییەوە. دوای ھێرشەکانی داعش، گەلەکەمان توانای نییە بچێتە ناو شەڕێکی نوێوە دەبێت لایەنگرانی ئەم ئاژاوەیە باش بزانن کە بەم سیاسەتەی پارتی گەل و دەستکەوتەکانمان پارێزراو نابن. دەبێت حکومەت و دەوڵەتەکەمان سیاسەت بکەن بۆ سەرکەوتن، با لەبری ئەوەی قەیران و تەنگژە دروست بکەن کێشەی ئابووری وڵاتەکەمان چارەسەر بکەن.
ئەنوەر كەریم سووتانی ئالای کوردستان. لە ڕۆژی 17 ئەم مانگەدا دوای ئەوەی لایەنگرانی حەشدی شەعبی چوونە ناو بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە بە غداد، ئەوە بوو یەکێک لە لایەنگرانی حەشد ئاڵای کوردستانی سووتاند ، ئەمە کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و لەسەر هەموو ئاستەکان ، بەبۆ چوونی من ئەمە تەنها كێشەجیاوازاکان قووڵتردەکاتەوە هەر لە ئاستی ڕەگەزی تایفی و مەزهەبی دا ، وە هەندێ لایەن و حیزب بۆ خۆیان ئەم دەسکەوتە ئەچننەوە هەندێ خەڵک دوای ئەم هاتوو هاوەرە دەکەون و جیاوازیەکان قوووڵتردەکەنەوە . ئەگەر حکومەتی هەرێم دەیەوێت پەندێک لە ئەمریکاو ئیسرائیل وەربگرێت کە بە نزیکەی ڕۆژانە ئاڵاکانیان دەسوتێنرێت ، پێویستە هەرێمی کوردستان بە بێدەنگیانە کار بکات، بۆ ئەوەی بەهێزبێت لەوا قیعدا نەک لە ڕێگای میدیایەوە هاواری لێهەڵبسێت کاردانەوەی لەسەر سووتاندنی ئاڵاکەی هەبێت . دە بێت ئابوریەکەی بەهێزبکات کە ئەوەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی سەربازی و سیاسی و دیبلۆماسی و کلتوری و ،وەبەهیزی ئابوریەکەی ئا شتەوای نیشتمانی لە ناوخۆدا بەرقەراردەکات وە ئا شتەوای لە گەڵ ، ووڵاتانی هەرێمی و وجیهانیداباشتر دەکات، حکومەتی هەرێم بۆ بەهیزبوونی ئابوریەکەی پێویستە ئەم هەنگاوانای خوارەوە جیبەجێبکات؛ 1- نە هێشتنی گەندەڵی و ڕێگە لەبەهەداردانی داهاتی ووڵات لە دامو دەزگاکانی دەوڵەتەدا 2- نە هێشتنی خزم خزمێنە و هەڤاڵ هەڤاڵینە لە بەڕێوەبردنی ووڵاتدا . 3- شەفافکردنی داهات لە هەموو سێکتەرەکاندا 4- دامەزراندنی کۆمپانیای نیشتمانی نەوت لە هەموو بوارەکانی نەوتدا . 5- بە هێزکردنی کەرتی تایبەت لە هەموو بوارەکاندا 6- قۆرخنەکردنی ئابوری و ڕێگەدان بەبازاڕی ئازاد تا منافەسەی تەواو هەبێت لە بازاڕدا 7- سەروەری یاسا لە هەموو دەزگاکانی وووڵاتدا . 8- بە ئەلیکترۆنیکردنی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکان ، حکومەت لەگەل كۆمپانیاکاندا، و حکومەت لەگەڵ هاووڵاتیاندا . 9- بەهێزکردنی کەرتی کشتوکال و پەلەوەڕی و ئاژەڵداری . 10- دورخستنەوەی حیزب لە حکومەت . 11- بەهێزکردنی دامودەزگاکانی کۆکردنەوەی( باج) کە بەشێوەیەکی هاوچەرخانە و داد پەروارانە کاربکات 12- هەڵبژاردنی ئازادو تەزویرنەکردن لە هەڵبژاردنەکەدا و ڕادەستکردنی دەسەڵات . 13- بە نیشتمانکردنی هێزەکانی پێشمەرگەو ئاسایش و دەزگاکانی هەواڵگری لە ناو هەرێمدا . 14- بەهێزکردنی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەسەر ئەوەی کادر دروستبکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت كاربدۆزیتەوە لەناو کەرتی تایبەتدا ، 15- دروستکردنی دەیان بەنداو بۆگلدانەوەی ئاو لە کوردستاندا بۆ بەهێزکردنی ئاوی خواردنەوەو ، بەهیزکردنی کشتوکاڵ و سامانی ماسی . 16- ئازادی ڕادەربڕین فەراهەمبکرێت ، مـافی مرۆڤ پارێزراوبێت بە هەموو جیاوازیەکی رەگەزی و دینی و مەزهەبیەوە . 17- پلانی درێژخایەن دابنرێت بۆ بەرێوەبردنی ووڵات نەک پلانی کورتخایەن بۆ بەرژەوەندی شەخشی ، 18- وە بەرهێنان بکرێت لە ژێرخانی ئابوری و لیكۆڵینەوەی زانسیتی و تەکنەلۆژیای نوێدا ، وە پشتیوانکردنی پڕۆژەی ئینتەرپرونەر، 19- سیستەمی بانکی بە هێزدابمەزرێت بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت بەتەواوی بەهێزبێت ئاڵوگۆڕی دراو، لەناو ووڵات و لەگەڵ جیهاندا ئاسانیبکرێت . 20- جۆن كینزی ئابوری ناسی بەریتانی ئەڵیت شەرکردنی ناوخۆ . وە هەروەها شەرکردن لەگەڵ دەرەوەدا. ئابوری ووڵات دادەڕمێنێت . دەبێت هەریم خۆی لە هەموو جۆرە شەڕێک بپارێزێت . 21- بەهیزکردنی کەرتی تەندروستی تا سەلامەتی هاوڵاتیان مسۆگەربکرێت کۆمەڵگایەکی تەندروستبێت . 22- بەهێزکردنی دامودەزگا و یاساکانی کواڵیتی کۆنترۆڵ . حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەم ڕێگایانە وەڵامی سووتاندنی ئاڵاکەی بداتەوە . چۆن ئیسرائیل لە ئیستادا کە هەموو دەوڵەتەکانی دنیا بە پەرۆشەوە ن پەیوەندیە بازرگانیەکان بەهێزبکەن لە گەڵیدا کە لە سەرەتادا هەموو دنیا دژیان بوون، وە ئیستاش هەندێ نەتەوەو مەزهەب ، رەگەزی جیاواز ڕۆژانە ئاڵاکانیان دەستوتینن بەلام ئیسرائیل ئیستا لە هەرە ووڵاتە پێشکەوتوەکانی دونیایە ، لە ( Cyber Security) دا واتە شەڕی دژی( هیڕشی سایبەر) ، وە لە 20% وە بەرهێنانی جیهان لە ئیستادا لە ئەپڵیکەیشنی Artificial Intelligence )) دەکرێت لە کۆمپانیا ئیسراییلیەکان لە ئیسرائیلدا. وە ئیستا ئیسرائیل پێشەنگی جیهانە کە لە داهاتودا ئەم ئەپڵیکەیشنە جیهان بەڕێوەدەبات ، . وە بێجگە لەوەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی کۆمپانیای ئەپڵ و گوگڵ و ئەمەزۆن لە ناو ئیسرائیلدا یە . وە هەروەها ئیسرائیل خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازی و دەزگای هەواڵگری و خاوەنی چەکی ئەتۆمیەو یەکێکە دیموکراسیترین ووڵات بۆ ناوخۆیان ، وە بە بەنزیکەی ڕۆژانە ئاڵای ئیسرائیل دەسوتێنرێت ، بەڵام ئیسرائیل ئاوا سوودی لەو ئاڵا سووتاندنە وەرگرتوە . هەروەها ئاڵای ئەمریکا دەسوتێنرێت ، بەڵام هەموو دەزانین هێزی ئابوری ئەمریکا چۆنە و یەکەمی جیهانە . بۆیە هیوادارام هەرێمی کوردستان بەبێدەنگی کاربکات سوود لە سووتاندنی ئاڵاکەی بکات بە شێوەیە .
د. سیروان حەسەن رۆژھەلاتی ناوەراستی نوێ دەستەواژەیەکی نوێیە وەکو دەستەواژەکانی تر "سیستەمی نوێی جیھانی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گەورە". سنوری خوێن پرۆژەیەکی نوێە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ بەڵام تاکو تستا ڕوناکی نەبینیوە و ئەم پرۆژەیە لە لایەن ئەفسەرێکی خانەنشینکراوی ئەمریکی بە ناوی ڕالف پیتەرز لە ساڵی ٢٠٠٦ لە کتێبەکەیدا پلان بۆ داناوە و تێیدا سنورەکانی ئێستا زۆربەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەراستی ھەڵوەشاندۆتەوە و گۆریوێتی بە سنوری پێکھاتەی ئاینی و نەتەوەیی و مەزھەبی وە ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە دابەشکردن و کەرت کردن و لێبڕین و خستنەسەری سنوری چەند وڵاتێک کە ھەندێکیان بچوک دەبێتەوە و ھەندێکی تر گەورە وە ھەندێکیان دەگۆڕێن بۆ دەوڵەتی نوێ. پیتەرز وتارێکی لە گۆڤاری ھێزی سەربازی ئەمریکی (Armed Forces Journal) لە ژمارەی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٦ بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "سنوری خوێن Blood border" کە بەشێکی کتابەکەی بوو بە ناونیشانی "ھەرگیز واز لە شەڕ مەھێنن" ، ئاماژە بەوە دەکات کە ناكۆکیەکانی رۆژھەلاتی ناوەڕاست و ناجێگیری بارودۆخی ناوچەکە دەگەرێتەوە بۆ ناڕێکی و کەم وکورتی سنورەکانی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەوروپیە ھەلپەرستەکان دایان ناوە ، سنورە نادادپەروەرەکان بەردەوام کێشەو گرفت دروست دەکەن وە کێشەی گەورەی ناوچەکە ئیسلام و توندڕەوەکان نین بەڵکو سنوری نێوان وڵاتانی ناوچەکەیە کە تا ئێستا قسەکردن لە سەری قەدەغەیە ھەر چەندە کۆمەڵە ئاینی و نەتەوەیەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە ژیاون وتێکەل بوون بەلام لە گەڵ ئەوەشدا پێویستە سنوری وڵاتان دووبارە نەخشەکێش بکرێتەوە بۆ پاراستنی مافی نەتەوە و ئاینەکانی ناوچەکە. گۆرینی سنورەکان کارێکی زۆر قورس نیە بەڵکو چارەسەرە ئەگەر تەماشای ھەزاران ساڵی کوشتن و بڕین و پاکتاوکردنی رەگەزی بکرێت لە ناچەکە کە زیاتر بەھۆی نارێکی و ناجێگیری سنورەکانەوە بووە وە ھەر بەو شێوە دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت ئەگەر چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە بۆیە پێویستە سنورەکان دووبارە دابڕێژرێنەوە، بۆ پێکھێنانی رۆژھەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ پیتەرز نەخشەیەکی نوێی خستۆتە ڕوو کە سنورەکانی ئێستای سڕیوەتەوە و وڵاتان كەرت و دابەش دەکات و دەوڵەت ھەیە دەبێتە چەند دەوڵەتێک وە ھەروەھا وڵاتی نوێ دێتە کایەوە و وڵات ھەیە گەورە دەبێت و ھەیە بچوک دەبێتەوە ، پیتەرز سەرزەنشتی ئەمریکا دەکات بەوەی کە ھەنگاوی بۆ ئەم پرۆژە نەناوە دوای ڕوخانی رژێمی سەدام بە دابەشکردنی عێراق بۆ سێ دەوڵەتی سەربەخۆ ئەوانیش دەوڵەتی شیعە لە باشوری عێراق کە دەبێتە بەشێک لە دەوڵەتی شیعەی عەرەبی کە بە درێژای کەنداوی فارسی دەکشێت و دەوڵەتی سنەی عەرەب لە ناوەڕاستی عێراق کە لە سێ پارێزگا پێک دێت وە لە دوایدا یەکگرتن لەگەڵ سوریا ھەڵدەبژێرێت و دەوڵەتی کوردی " کوردستانی سەربەخۆ" لە باکوری عێراق. لە نەخشەکەدا سوریا بەشێک لە کەنارئاوەکانی لە دەست دەدات بۆ لوبنان گەورەی رۆژھەڵاتی کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی دەوڵەتی فینیقی. ئوردن وەکو خۆی دەمێنێتەوە و چەند ناوچەیەکی باکوری سعودیەی دەخرێتە سەر. بۆ سعودیە پیتەرز پێشنیار دەکات کە مەکە و مەدینە جیابکرێنەوە و بخرێنە ژێر یەک دەسەڵاتی ئاینیەوە وەکو ئەوەی فاتیکان دواتر بکرێنە دەوڵەتێکی ئیسلامی پیرۆز وە چەند ناوچەیەکی باکوری سعودیە دەخرێتە سەر ئوردن و بەشێکی باشوری دەخرێتە سەر یەمەن وە چەند ناوچەیەکی نەوتاوی دەخرێتە سەر دەوڵەتی شیعەی عەرەبی. ئێران بە پێی نەخشەکە بەشێکی زۆری خاکەکەی لە دەست دەدات بۆ ئازەربایجان و کوردستان و دەوڵەتی شیعی و بلوشستانی سەربەخۆ وە بەشێکی ناوچەی ھیراتی ئەفغانستانی دەست دەکەوێت بە ھۆی بوونی پەیوەندی زمان و مێژویەوە لە نێوانێان بەوە ئێران دەبێتەوە دەوڵەتێکی نەتەوەی بۆ فارس. ئەفغانستان قەرەبوو دەکرێتەوە بە گەڕانەوەی ھۆزەکانی ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای پاکستان بۆی. سەبارەت بە پاکستان بۆ ئەوەی ببێتەوە دەوڵتێکی سروشتی دەبێت واز لە بلوش بێنێت بۆ دروست کردنی بلوشستانی سەربەخۆ. کوەیت و عۆمان وەکو خۆیان دەمێننەوە لە رۆژھەلاتی ناوەراست نوێ. ئیمارات ھەندێ لە ئیمارەکانی دەلکێنرێن بە دەوڵەتی شیعەی عەرەبی کە دژ بە ئێرانە و دوبەی وەکو خۆی بە سەبەخۆیی دەمێنێتەوە. بە پێی وتارەکە دیارترین ستەم و نادادپەروەری لە ناوچەی رۆژھەلاتی ناوەڕاست نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆیە بۆ نەتەوەی کورد کە ژمارەیان ٢٧-٣٦ ملێۆن کەس دەبێت لە جیھاندا و دابەش بوون بە سەر چەند ولاتێک کە زۆر خراپ مامەڵە لە گەڵیاندا دەکەن و تاکە نەتەوەن لە سەر زەوی بەو ژمارە زۆرەوە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەبن. پیتەرز کۆتای بە وتارەکەی دێنێت و دەڵێ ئەگەر گۆڕانکاری لە سنورەکان نەکرێت بە پێی پێکھاتەی ئاینی و نەتەوەیی و مەزھەبی ئەوا گۆماوی خوێن بەردەوام دەبێت بە خوێنی ئێمەشەوە. گۆڕانکاری لە رۆژھەلاتی ناوەڕاست ماوەیەکی زۆرە بووە بە جێی بایەخی ھێزە نێودەوڵەتیەکانی جیھان بە تایبەتی ئەمریکا ئەویش بۆ کۆنترۆڵکردن و پاراستنی ھاوسەنگی لە ناوچەکە کە سالانێکی زۆرە شڵەژاو و قەیراناویە لە رووی ئابوری و سیاسی و سەربازیەوە ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەواندا نیە.
د. حلمی رەسول رەزا رەنگە دکتۆر بەرهەم ساڵح چانسی ئەوەی هەبێت بەشی زۆری ئەوانەی پەلاماری دەدەن، نزیک و سەر بەدەسەڵات و هاندراون، ئەم پەلاماردانانەش هەر ئەوکاتانە رویان نەداوە کە ئەو رەخنەی لەدەسەڵات گرتوە، بەڵکو هێرشەکانی سەری ئەو دەمانەش هەبوون کە ئەو خۆی لەدەسەڵاتدا پۆستی باڵای هەبووە، هۆکارەکەش بۆ خەڵکی هۆشیار روونە، چونکە ئەو هەردەم ویستی ئەوەی هەبوە بە فۆرمێکی جیاواز و بیرێكی نوێوە حوکمڕانی بکات، ئەمەش لەگەڵ ویست و داوای دژبەرەکانی نەگونجاوە، چونکە ئەوان هەردەم ویستویانە بیکەنە شەریکە دز و شەریکە گەندەڵیی خۆیان و لە بەرامبەردا بێدەنگی بکەن، بەڵام بەرهەم ساڵح هیچ کات دەستەمۆ نەبوە بۆ داواکانی بەرامبەرەکانی. لە گەرمەی ئەو دنیا جەنجاڵەی سیاسەت و حوکمرانی کوردیدا کە هەموو کەسێکی ئەم وڵاتە ئەتوانێت پەنجە بخاتە سەر ئێش و برینە قوڵەکانی ئەم کۆمەڵگایە، لە هەناوی ئەو هەموو بەریەککەوتن وکێشمەکێشەی لەسەر تەخوین کردنی یەکتری و پاشقولگرتنە سیاسیانەی بە بەرچاوی هەموانەوە روودەدات و دەسەڵات و لایەنە حزبیەکان بێ باکن بەرامبەری، تەرزێک لەمیدیای سێبەر خۆیان شەتەکداوە و خەریکی هۆنینەوەی رەخنەی ئەخلاقی و گوتاری ناڕەوان لەسەر پەرەگرافێک لە قسەکانی دکتۆر بەرهەم، وەک ئەوەی ئەم کۆمەڵگایە لەهیچی کەم نەبێت، ئەو چەند ڕستەیە نەبێت کە دکتۆر بەرهەم لەهەڵمەتی هەڵبژاردنی چەند ساڵ لەمەوبەر باسی لە سەفقەی سیاسی و حورمەتی ئینسان دەکات بۆ وەرگرتنی پۆست. لەراستیدا ئەوەی وادەکات نەیارەکانی فو بکەن بەم باڵۆنی درۆیەدا ئەوەیە، ئەوان لە پاشخانی سیاسی دکتۆر بەرهەم نە شەڕی برا کوژی و نە خوێنرشتنی کەسیان بە دەستی دکتۆر بەرهەم و نە پەلکێشکردنی هێزی بێگانەیان دەستدەکەوێت تا باسی بکەن، ئەوان دەزانن هیچ بیانویەکیان بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی ناوی بە خیانەتکار و خاک فرۆش بهێنن، بۆیە بە ناچاری پەنا دەبەنە بەر ناشیرین کردنی، و دەست بۆ وشەو دەربرینەکانی دەبەن تاکو بیشوێنن و بە خەیاڵی خۆیان بە دروستکردنی ئەو چیرۆکانە دەتوانن عەیب و عارەکانی خۆیان کە لە ژمارە نایەت؛ بشارنەوە. دکتۆر بەرهەم لەو شوێنەدا کە ئازاری پێ گەیاندون و بیریان ناچێتەوە باسی سەفقەی کردوە بۆ پۆست وەرگرتن، بەڵام نە ئەوساو نە ئێستاش نە سەفقەی کردو و نە بڕواشی پێی هەبوو، خۆ گەر ویستی بوایە دەیتوانی دوای گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی بەسەفقە ببێتە سەرۆکی یەکێتی و قبوڵی نەکرد. بۆ هێرشکردنە سەر دکتۆر بەرهەم بەردەوام ئەو قەوانە سواوە لێدەدرێتەوە کە دکتۆر بەرهەم هاوڕێکانی بەجێ هێشتوەو وەفای نەبوە بۆیان، بەڵام ئەم قسەیە تەواو پێچەوانەیە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەموو ئەوانەی کە پێشتر لە پرۆژەی هاوپەیمانی دەگەڵیدا بوون بەشانازییەوە پەیوەندیان دەگەڵدا هێشتوەتەوە و بەردەوام سەردان و کۆبونەوەو پرۆژەیان پێکەوە هەیە، چونکە ئەوەی دەوترێت ئەوان بەشێک لە سەفقەی بوون بەسەرۆک کۆمارییەکەی بوون، تەنها درۆی ئەوانە بوون، کە دەیانویست ئەویش وەک خۆیان لێبکەن و لەبەرامبەر دەستکەوت و بەرژەوەندیە شەخسیەکاندا لەهیچ شتێک سڵ نەکەنەوە.. رێککەوتنی دکتۆر بەرهەم و یەکێتی لەسەر نێوەندگیری و پێشنیازی چەند سەرکردەیەکی یەکێتی بوو، پرۆسەکەش پێشتر لەناو ئەنجومەنی گشتی و بەرێوەبردنی هاوپەیمانی بەراشکاوانە گفتوگۆی لەسەر کراو جگە لەیەک دوو دەنگ نەبێت هیچ نارەزایەتیەک دەرنەبڕا، لەهەموو ئەوانەش زیاتر دکتۆر بەرهەم هاوپەیمانی رادەستی هاودیدەکانی کرد و وەک خۆی رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی کرد نەک هاوپەیمانی. پرۆسەی دیاریکردنی دکتۆر بەرهەم بۆ سەرۆککۆماری هەم لەنێو یەکێتی و هەم لە هۆڵی پەرلەمانیش بە هەڵبژاردن و ململانێی دیموکراسی ئەنجامدراو ئەم کارەش ئەو سیحرە بەتاڵ دەکاتەوە کە پۆستی سەرۆککۆماریی بە سەفقەی سیاسی وەرگرتبێت. خۆ ئەگەر باس بێتە سەر بێ حورمەتی لەدنیای سیاسی کوردا، دەبێت ئەوکەسانە هەست بە بێ حورمەتی خۆیان بکەن، کە دەستیان لە دزینی داهاتی ئەم وڵاتەدایەو بەرۆژی ڕوناک بێ شەرمانە خاوەندارێتی لەشەری ناوخۆ دەکەن و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دەستیان بەدەستی داگیرکەرانەوەیە و بەهێزی ئەوان هەڕەشە لە کورد دەکەن، شوکر هوشیارە خەڵک دەمێکە فیکەی بێ حورمەتەکان بە بژێویی و گوزەرانی خۆیان دەناسنەوە و لەوە تێگەیشتوون، ئەگەر باشبیت خراپ دژتەو ئەگەر خراپیش بیت پێچەوانەکەی.. هەر بۆیە ئەو زۆرینەیەی ئێستا دژی دکتۆر بەرهەمن خۆشبەختانە میدیای سێبەرو لەبەرەی دەسەڵاتن، لەبارەی پرسی حورمەتیشەوە لەزمانی ئەوانەوە، ئەو مەسەلەیەمان بەبیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت: تا خاوەن ماڵ دزی گرت دز خاوەن ماڵی گرت..