رێبوار کەریم وەلی ئەگەر میراتی شادڕەوان نەوشیروان مستەفا و باقی سەرکردەکانی دیکە بۆ گردەوانەکان بریتی بێت لە تەوریسی سیاسی، ئەوا بۆ شوێنکەوتوانی قادری حاجی عەلی رێک پێچەوانەکەیەتی. * ناکۆکیی بنچینەیی قادری حاجی عەلی لەگەڵ خودی نەوشیروان مستەفا لەو خاڵەوە دروست بوو کە دیتی ئەویش ھەمان ئاراستەی سەلەفەکانی خۆی گرتۆتەبەر. بێ پێچ و پەنا پێی‌گوتم کە سەروەت و مومتەلەکاتی گۆڕان نابێ بەناوی کاک نەوشیروانەوە بێت و دەبێ بیانخاتە سەر ناوی بزووتنەوەکە. ئەو کاتەیش کە نەوشیروان مستەفا لە کۆتا رۆژەکانی ژیانیدا، داوای لێدەکات وەکو وارسی سیاسیی ئەو رابەرایەتیی بزوتنەوەکە بکات. قەبوڵی ناکات. کاک قادر بۆ نەت کرد؟ "کاکە گیان کار لەکار ترازابوو..." * قادری حاجی عەلی باش دەیزانی کە نەدەبووە رێکخەری راستەقینەو بگرە لە باشترین حاڵەتدا دەبووە مامی گەورە‌و پاسەوانی ئەو میراتەی کە دەمێک بوو دابەشکرابوو! * کاتێک دووساڵ پێش ئێستا لە وتارێکمدا نووسیم"لە گردەکە وەرنە خوارەوە. مادام ھەر کرێچین، لە خوار گردەکە دوو ژوور بەکرێ بگرن." تەلەفۆنی کرد. بەپێکەنینەوە گوتی"ھەندێک حەزیان لێیە لە بەرزایی کرێچی بن." * ئەو و ھاوڕێی تەمەنی، کاک عوسمانی مەحمود، ھەمیشە تەئکیدیان دەکردەوە کە حزبایەتی سوک کراوە. زۆر بەئاسانی دەیانتوانی گۆڕان نەک بکەن بە دوولەتەوە، بگرە بەشی زۆریشی بۆخۆیان ببەن. بەڵام کێشەی ئەو لەگەڵ ماھییەتدا بوو. "پارتی و یەکێتی ھەر ئەوەن کە ھەبوونە. ئینکاری ئەسڵی خۆیان نەکردووە. ئەوە گۆڕانە کە خەڵکی نا‌ئومێد و دەستخەڕۆ کردووە." * گردەوانەکانیش ئەم قسانەیان دەبیستەوە. بۆیە ئەوەی لە دەستیان ھات لە دێواندنی قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود لای پارتی و یەکێتی درێغییان نەکرد. بەس مابوو بڵێن قڕناقە و پشتئاشان، تەنانەت شەڕی ناوخۆ و ٢٣ی حوزەیرانیش خەتای ئەم دوانە بووە! * قادری حاجی عەلی، دامەزرێنەر و بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتی بوو. کاتێک گۆڕان و شەڕی راگەیاندن دامەزرا و بەرپا بوو. یەک پەڕە کاغەزیش (سەرباری گوشارەکانی نەوشیروان مستەفا) لەو قوتووە رەشە نەھاتە دەرێ. "ئەوە لە ئەخلاقی میھەنیی من نەدەوەشایەوە. پارتی و یەکێتی بای ئەوەندە کەموکوڕیتان ھەیە کە پێویست نەکات بۆ رابردوویان بگەڕێیەوە." * ئامانجی سیاسیی قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود کودتا و لەتکردنی گۆڕان نەبوو. بەپێچەوانەوە وازھێنانەکەشیان زۆر بەھێمنی بوو. خەڵکێکی زۆر پەیوەندییان پێوە دەکردن. خەڵک چاوەڕێی ئەوە بوون کە حزبێکی تازە دابندرێت، بەڵام لە راستیدا ئەوان سور بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێ بە پشودرێژییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەدا بکرێت و ھەتا نەتوانن کۆدەکانی گۆڕینی راستەقینە بە پشتیوانیی ناڕازیی رەسەن کەشف بکەن، ھەموو ھەوڵێک چەواشەکردنی خەڵک و مایەپوچی دەبێ. * قادری حاجی عەلی پیاوێک بوو لێوان‌لێو لە مەعریفە و ئەخلاق. سیاسییەکی دووربین و ھاوڕێیەکی بەوەفا. سپی بوو وەک ھەور، بەڵام بە تامی باران...
د. محەمەد خدر مەولود به‌ره‌به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه 12ی 11ی 2020 له په‌رله‌مانی عێراقه‌وه زه‌نگێكی تری مه‌ترسیدار رووبه‌ری خه‌ڵكی خۆراگر و تێكۆشه‌ری هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان كرایه‌وه و به رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مانتارانی شیعه و سوننه‌ی عه‌ره‌بی عێراقی جارێكی تریش ده‌ست برایه‌وه بۆ بڕینی بوودجه و مووچه. ئه‌و ئاین و ئۆینه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌و رۆژه له‌ژێر بنمیچی ده‌زگایه‌كی یاسادانان و یاسادارێژی وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق روویدا، ڕووداوێك نییه وا به‌ئاسانی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌ی گووزه‌ر بكات و هیواو دڵخۆشی خه‌ڵكه تێكۆشه‌ره‌كه‌ی به‌و نه‌زیرۆكه بداته‌وه كه ده‌ڵێ:(به‌ناردنی شاندێكی دیكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا و گفتۆگۆكردن و رێككه‌وتن له‌سه‌ر ناردنی نه‌وت و وه‌رگرتنی بوودجه، ده‌گه‌ینه چاره‌سه‌ر .....تد) كه نموونه‌ی ئه‌و نه‌زیرۆكه له‌م سات و رۆژگاره دێنینه‌وه، ده‌پرسین له‌و جڕت و فڕته‌ی ناردنی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا تێر نه‌بووین، یا هێشتا ماومانه بچووكتر و بچووكتر خۆمان وێناكه‌ین ..؟ ئه‌رێ كاتی نییه، سات و رۆژگاری سه‌رۆك و رابه‌ری مه‌زن مسته‌فا بارزانی بێنینه‌وه بیر خۆمان ..؟ ئه‌و سه‌رۆك رابه‌ره مه‌زنه‌ی ده‌یگوت ( كورد سه‌پانی باوكی كه‌س نییه )، ئه‌رێ هه‌میشه له به‌غداوه شاند دوای شاندی باڵا بۆی نه‌ده‌هاته باره‌گای مه‌زنی له چۆمان و ناوپردان ..؟ ئه‌وه‌ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌و رۆژه له به‌غدا روویدا به‌یاساكردنی بڕین و نه‌ناردنی بوودجه‌و موچه‌یه، كه له سه‌رده‌می مالیكییه‌وه له ساڵی 2014 خراوه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و له سه‌رده‌می عه‌بادیش وه‌ك سزا‌و شه‌ڕپێفرۆشتن به كوردستان تووندتر كرایه‌وه. ده‌بێ خه‌ڵكی كوردستان له ڕوانگه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی به‌غدا له پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و شكستی مه‌زنییان له پردێ و سحێلاوه سه‌یری ئه‌م رووداوه‌ی ئه‌مرۆ بكه‌ن و به هه‌ڵرشتنی ئه‌و ڕق و كینه‌یه‌ی به‌غداش بیبینن كه له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه په‌رله‌مانتارانی كورد نه‌بوونه ژماره‌یه‌ك له ژماره‌كانی كارتی فشار و بریار و یاسای وه‌ده‌رنانی هاوپه‌یمانان له عێراقدا . قسه له‌سه‌ر سزا و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ی به‌غدایه، نه‌ك تووك نه‌رمی و بێ مرووه‌تی هێزی هاوپه‌یمانان به‌گشتی و ئه‌مریكای دۆناڵد تڕه‌مپ به‌تایبه‌تی. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 12-11-2020 له به‌غدا روویدا پێشێلكردنی یه‌كجاره‌كی هه‌موو بنه‌ماكانی هاوبه‌شی و پێكه‌وه‌بوون ورێككه‌وتنه‌كانه، ته‌نیا مه‌به‌ست لێیی ته‌نگ پێهه‌ڵچین و شه‌ڕپێفرۆشتنی كاتیی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه هێزی راسته‌قینه‌ی شاراوه‌ی هزری باڵاده‌ستی و شۆفینیه‌تی ئه‌وانه، له ساته‌كانی باڵاده‌ست بوون و تێكه‌ڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شیعه و شیعه، سوونه وشیعه ئاوا سه‌رهه‌ڵده‌دات و پڕده‌ده‌نه كوردستان و كورد كه له بنه‌چه‌وه چاویان به پێشكه‌وتن و بوژانه‌وه‌كانی ئه‌و مێرگه ئارامه خۆشگوزه‌رانه، فره ئایین و فره نه‌ته‌وه و مۆزایكه هه‌ره‌جوانه‌ی ناوچه‌كه هه‌ڵنه‌هاتووه‌و وهه‌ڵنایێ. ئه‌وان هه‌ر له هزری ئه‌نفالكردن و جینۆسایدكردنمان وه‌ك هاووڵاتی پله دووی بن ده‌ست و ژێرده‌سته له كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌یان ڕوانییوه و ده‌ڕوانن. گه‌ر له عێراقی كۆندا، به هزری ئه‌نفال و جینۆساید‌كردن سزای خه‌لكی كوردستانیان دابێ، وا له عێراقی تازه‌ی دوای به‌عس به سزای برسیكردن و گه‌مارۆی ئابووری درێژه به هزره باڵاشۆفینییه‌كه ده‌ده‌ن. وا خه‌ریكه ده‌بێت به سه‌ده‌یه‌كی ته‌واو، عێراقی عه‌ره‌بی له سۆنگه‌ی هێز و ژماره و خۆباڵاو خۆ به‌ده‌سه‌ڵات بین، سیاسه‌تی (سزادان و تاوانباركردنی) كوردستان و كوردی عێراق بێ په‌روا پیاده ده‌كات. له سۆنگه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ش خه‌ریكه تاكی كورد و كۆمه‌ڵگای كوردستانی به‌ره‌و تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كی سادی-مازۆخی ده‌چێت و له بێ ده‌نگی و چاوپۆشێین و نوزانه‌وه‌مان بۆ (برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب) و ناونانه‌وه‌مان بۆ(عێراقی یه‌كگرتوو)، چێژ له ئازاردان و سزادانمان وه‌رده‌گرن و تاك و كۆمه‌لگایه‌كی ده‌روون شێواو شپرزه‌ی سادۆماسۆشیزم – مان لێ ده‌رده‌چێ . ئیدی به‌سه، ده‌ره‌نگه زوونییه، تا شیرازه‌ی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵ و خێزان و ته‌واوی كۆمه‌ڵگای كوردستان تێكنه‌چووه، تا بنه‌مای ئابووریی و ژیانی پێكه‌وەیی كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگا ته‌واو شپرزه نه‌بووه با یه‌ك ده‌ست و یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ره‌نگ به‌تووندی بێینه‌ده‌نگ و پێوه‌ر و بینینمان بۆ ئه‌وان (نه شیری حوشتر، نه دیداری به‌غدا) بێت. ئیدی به‌سه، دره‌نگه زوو نییه، وا كاتی هات ده‌بێ هه‌ولێری مه‌زن، بێ باك له‌م و له‌و و له‌ویتر، سنوورێك بۆ به‌غدای مایه پووچ دابنێت.
پشکۆ ناکام ـ....... ماڵ جۆڵ... شار چۆڵ....... هەوری ماتەم سەرتاپای ئاسمانی پایتەخەتەکەی " بابان"ی داپۆشيوە ، فرمێسکی ئەو خەڵکەی لەێ نێوان باوەڕ کردن و باوەڕ نەکردن وون بوون بوونەتە مۆم و سەیری ڕۆشنایی هەر مۆمێکیان ئەکەیت ڕووخساری" قادری حاجی علی" تیا بەدی ئەکەیت....... چاڵێکی دوو مەتری و جەستەیەک جێی یاد کردنەوەی تیا نابێتەوە، ژیانی نەمریی دواتر دواتر دەست پێ ئەکات ، نەمریی لە چاکە..لە شەهامەت..لە ئینسان دۆستی،،لە ڕۆح سووکی،،لە خۆش مەعشەری،،لە نیشتمان پەرەوەری وەک سیفاتەکانی "کاک قادر" تا هزرمان توانای یادکردنەوەی هەبێ ئەویش نەمرە.................. كاک قادر بە جەستە ماڵ ئاوایی کرد بەڵام وا لەگەڵ هەنوومانا..وا لە ناو هەر پیت و دێڕێکی بۆ ئەو نووسراوە ، وا لە ڕەونەقی ڕەنگی هەر ڤرمێسکێکمان..ئەو لە قوڵترین ڕەگی ناخمانا دەیان چیرۆک و باس و سەرگوزەشتەی هەیە و کاتێک بەجێی هێشتین هەست بیر و ئیحساساتی هەر یەکەمانی هەژان ، بەڵام یاد و یادەوەرییە جوانەکانی،، ئەو کانیاوەن کە تینوێتی شوێنی چۆڵی ئەومان ئەشکێنێ...... كاک قادر ئەوەنە سیاسەتی کردود کە زانیبێتی ئەو سیاسەتە بە خواستی هەژار و لێقەوماوان نیە هەڵوەستەی کردوە و بەشداری تیا نەکردوە ، لە دۆستایەتیشیا کە د‌رکی بەوە کردبێ ئەو دۆستایەیە لاسەنگیەکی خوارە بەرامبەر بە پرسە نیشتمانییەکان دروست ئەکا ئەو دۆستایەتیەی بچڕانوە و کۆتایی پێ هێباوە .. ئەو بەریگارێکی بە جورئەتی دەگمەنی بووکی هەڵمەت و قوربانی بوە لەبەرامبەر سیاسەتی پەراوێز خستن و وێران کردنی لەسەر خۆی شارەکە کە ئەمەش سیفەتێکی بەرزی ئەو کەسانەن کە بۆ خۆیان نا ، بەڵکو بۆ خەڵک ئەژین،،،، ئەو نیشتمان پەروەر و "کوڕی شار" بوو بە مانا فراوانەکەی... لە ڕیزی پێشەوەی بەرەی خەڵکی چەوساوە بوو بە وێنە واقیعیەکەی،... ئەو لە ماڵەوە،،،لە بازاڕ لەقسەکردن..لە بێ دەنگی لە شاخ و لە شار هەمان کارەکتەرە پڕ لە میهرەبانییەکەی خۆی بوو بۆیە خۆشەویستی ئێمە بۆ ئەو لە هەموو بوارە جیا جیاکانی ژیانی ئەوایە..... گەر لە هەڵوێستەکانی بدۆیین یەک ئاوڕی بچووک بۆ وێستگە و قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانی ژیان و تێکۆشانی وەک سەلماننی خاک و ڕؤژ... ذەست و قەڵەم... پیت و ڕۆمان وایە... ماڵ ئاوا ئەی هاوڕێ بە هەموو مانا جوانە ئینسانیەکانی هاوڕێ و هاوڕێیەتی لە زەمەنی پاشقول و کورسی و خۆڵ کردنە چاو ...... هەتا دڵ ووزەی هەبێ لە یادمانای... پایزی ئەمساڵمان لە هەموو پایزێ تەڵخ تر.. بەفری ئەمساڵمان لە هەموو زستانێ تەزیوو تر،،، بیر کردنەوە لە تۆ لە هەموو ساتێ گەرم تر..... تۆ چویتە دونیای ئەبەدی و نەمریی ...ئێمەش ڕوو کە دونیای ئاهی سارد و ژیان لەگەڵ یادەوەرییەکانتا مل ئەنێیین... " سلێمانی" یش جارێکی تر تەسلیم بە بێ خاوەنی ئەکەین...
شۆڕش حاجی قادری حاجی عەلی یەکێک بو لەو سەرکردە دەگمەنانەی کورد، کە لەسەردەمی لاوێتی‌یەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی لەگەڵ خۆی‌و بیروباوەڕەکەی‌و هاوڕێکانی‌و خەڵکدا راستگۆ بو. لە تەمەنی نۆزدە ساڵی بۆ بەرگریکردن لە خاک‌و خەڵکی کوردستان‌و لە پێناوی گەیشتن بەمافە رەواکانی کورد بو بە پێشمەرگە. لەدوای شکستی شۆڕشی ئەیلول، کە خەڵک نا‌ئومێد بو، ئەو بە ورەیەکی بەرزەوەو لەپێناوی کوردایەتیدا شێوازی کاری رێکخراوەیی‌و خەباتی ناوشاریی پڕ لە مەترسی هەڵبژاردو چووە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە. لەساڵی ١٩٨٠ لە کاتێکدا حکومەتی عیراق خاوەنی توانایەکی جەنگی‌و هێزێکی سەربازیی یەکجار گەورە بو، ئەو رێگای خەباتی چەکداری گرتەبەر. لە شاخیش نمونەی پێشمەرگەو سەرکردەی ئازا‌و خاکی‌و خۆڕاگر بو. لەدوای ئەنفال، کە جارێکی تر نائومێدی باڵی کێشابو بەسەر کوردستاندا، ئەو سەرگەرمی رێکخستنەوەو ئاراستەکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی مەڵبەندەکەی‌و بەشێک لە پارتیزانەکانی سنوری سلێمانی‌و گەرمیان بو. لە بەهاری ساڵی ١٩٩٠ کاتێک هەلومەرجی راپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان هاتە ئاراوە، ئەو وەک سەرکردەیەک رۆڵێکی دیاری هەبو لە ئازادکردنی سلێمانی‌و کەرکوک‌و راماڵینی هێز‌و دامودەزگاکانی رژێمی بەعس لەو دەڤەرە. لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ١٩٩٢و دامەزراندنی حوکمی خۆماڵی، ئەو لە ناو حیزبەوە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمنانی کورد‌و پاراستنی خاک‌و خەڵکی کوردستانی خستە ئەستۆی خۆی. لەساڵی ٢٠٠٠ لەو کاتەی لەناو زۆربەی حیزبەکانی کوردستاندا شەڕ لەسەر نزمترین پلەی حیزبی‌دا دەکرا، ئەو لەترۆپکی پلەی حیزبی‌و رێگای ئاسانی گەیشتن بو بە هەمو ئەو شتانەی مرۆڤ لەژیاندا ئارەزویان دەکا، بەڵام وازی لەو پلەو پۆستە هێنا. لەساڵی ٢٠٠٩، کە ناڕەزایەتی خەڵک لەدەسەڵاتی کوردی لەهەڵکشاندا بو بەهۆی پێشێلکردنی یاسا‌و تەشەنەسەندنی گەندەڵی‌و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی‌و ئاستی نزمی خزمەتگوزاری، ئەو چونکە پێی وابو گەلەکەمان شایستەی ژیانێکی باشترە بۆیە، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێکانی بەمەبەستی چاکسازی‌و گۆڕانکاری ریشەیی لەسیستمی حوکمڕانی بزوتنەوەی گۆڕان‌یان دامەزراند. لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک سەربازێکی ون‌و هەڵسوڕاوێکی بەتوانا؛ وەک سەرکردەیەکی چاونەترس‌و بێ ناوونیشان؛ وەک کەسایەتییەکی دیار‌و خۆشەویست‌و راستگۆ لە هەوڵی سەرخستنی پەیامی گۆڕان‌و بەدیهێنانی ئەو بەڵێنانە بو کە گۆڕان بە خەڵکی کوردستانی داب‌و. هەرگیز بۆ هیچ کەس‌و بۆ هیچ شتێک تەنازولی لەو شتە نەکرد کە بڕوای پێی بو. کاک قادری حاجی عەلی یەکێکە لەو کەسایەتی‌و سەرکردە دەگمەنانەی گەلەکەمان کە مەدالیای راستگۆیی لەگەڵ خەڵک‌و خۆی‌و بیروباوەڕەکەی بەدەستهێناو لەو پێگە بڵندو شکۆدارەوە ماڵئاوایی لە گەلەکەی‌و هاوڕێکانی‌و خانەوادەکەی کرد‌و کەلێنێکی گەورەشی لەو کاروانە بەجێهێشت. ١٠/١١/٢٠٢٠
سالار عوسمان سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بۆ ڕاستییەک بکەم، کە من پتر لە تۆ مەتڵەبم ئاشتییە و تا قورگم ھێزی تیایە ھاواری ئاشتی دەکەم و پێموایە ئاشتی کلیلی کردنەوەی ھەموو دەرگاکانە، تەنانەت دەرگا زۆر عاسێ و ئەستەمەکانیش، لەبەرچی لە تۆ پتر ؟.. چونکە گەل، حکومەت و حزبەکەیشم زەرەرمەندیی یەکەم دەبن لە شەڕدا و، ئیتر ئەمە ڕاستییەکە و ھەموومان وەک ڕۆژی ڕووناک دەیبینین. ڕاستە نامەکەت، ئەو نامە کراوەیەی، کە بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی - ت نووسیوە، بە نیازی ئاشتی نووسراوە، لێ پڕە لە ھەڵە و موغاڵەتە، کە گرنگترینیان ئەمانەن : ⁃ ڕووی دەم و تکای شەڕنەکردنت لە سەرۆک بارزانی - یە، وەک ئەوەی سەرۆک بارزانی ھەڵگیرسێنەری شەڕ بێت، دەبێ ئاراستەی نامەکەت، ڕێک عەکس بکەیتەوە و ڕوو لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکەیت و بەوان بڵێیت: بۆ شەڕ بە ھەرێمی کوردستان دەفرۆشن ؟!.. خۆ ئەگەر پێشتوابێ، کە پەکەکە گوێ لە کەس ناگرێت، ئەوا ھەق وابوو زۆر بەڕوونی ئاماژەی بۆ بکەیت !.. ⁃ وات نیشانداوە، کە گرژی و شەڕەکە لە نێوان پارتی و پەکەکەدایە، لەمەشیاندا کەوتوویتە نێو ھەڵەوە، کەچی دڵنیام، خەڵکی کوردستان، بە بەرێزیشتەوە باش دەزانن، کە شەڕ شەڕی پەکەکەیە لە دژی ھەرێمی کوردستان و دەسکەوتە شەرعیەکانی و، ڕەگوڕیشەکەیشی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی، کە ھەرێمی کوردستان دیموکراسییانە ھەڵبژاردنی کرد و پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستانی دامەزراند !.. ⁃ لە شوێنێکی تری نامەکەتدا، کە لەوێشدا ھەر سەرچیخ چووی، دەڵێیت: ( مەعلومیشە لە ھەندێ لە ناوچەکانی بادینان تەنھا شەقامە سەرەکییەکان بەدەستی حکومەت و قەڵەمڕەویی ئێوەوە ماوەتەوە.)، سەرچیخ چووی چونکە، یەک: زانیارییەکانت دەقیق نیین، دوو: ئەگەر لە ھەندێ شوێنیش زۆر ھاتبنە خوار، ئەمەیش بەرھەمی سینگفراوانی و شەڕ ھەڵنەگرساندنە، نەک شتی تر!.. ھەر ئەگەر شنگال بە نموونە وەربگرین، دەبێ ئاماژە بەو ڕاستییە مێژووییە بکەین، کە ئەگەر سینگفراوانیی (بارزانی) نەبووایە و بە لۆژیکی پەکەکە کار کرابا، دەمێک بوو شەڕ لە شنگال و ناوچەکانی تر ھەڵدەگیرسا !.. ⁃ لە نامەکەتدا ئاماژە بۆ تورکیا، ئێران و ئەمەریکا دەکەیت و خوازیاری نەڕژانی خوێنی گەریلاکانی پەکەکەی بە دەستی لەشکری تورکیا و ئاماژەیش بۆ قسەیەکی ئۆردوگان دەکەیت، کە گوتوویەتی : ( لە ھەر شوێنێک خوێنی سەربازێکمان بڕژێت، ئەوێ خاکی ئێمەیە. )، بەڵام ھاوڕێ، لە ھەموو ئەو پۆلینکردنانەدا، نازانم لەبەرچی ھەرێمی کوردستان بوونی نییە، ئەو ھەرێمەی جێی بۆ پەکەکە کردۆتەوە و ئێستا شەری پێ دەفرۆشێت و دەیەوێت ببێت بە بەدیلی دامەزراوە شەرعییە ھەڵبژێردراوەکانی ھەرێمی کوردستان!.. دواتر سەبارەت تورکیا، ئێران و ئەمەریکا، ئەوان بەرژەوەندییەکانیان دەبینن و ھەقە ئێمەیش بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستان ببینین، لەبارەی نەڕژانی خوێنی گەریلاکانیشەوە، منیش ھاوڕام لەگەڵتا و قەترە خوێنی چۆلەکەیەکی کوردستان لای من پیرۆزترە لە تاس و تاجی داگیرکەران، خۆ سەبارەت بەو غروورەی ئۆردوگان - یش، ئەوا دەبێ ھەموومان یەکدەست بین و بە ئۆردوگان و ئەوانیتریش بڵێین: کوردستان ھەر ئەو ھەرێمی ئێستای کوردستان نییە، ئەو ھەرێمە ئازادە و بەشە داگیرکراوەکەی و ھەروەھا سێ بەشە داگیرکراوە خوێن لێڕۆیشتووەکەی تریشە، کە ھێز نییە لە بیرمانی بەرێتەوە !. ⁃ لە چەند جێیەکی تری نامەکەتدا، ھەر داوای شەڕ ھەڵنەگیرسان، نەک ئاشتی، لە سەرۆک بارزانی دەکەیت، کە ئەم ھاوکێشەیە، یان باشتر بێژین ئەم دوو چەمکە: ( شەڕ، ئاشتی ) و جۆر و نیازمەندیی بەکارھێنانیان جێی ھەڵوەستەیە، جێی ھەڵوەستەیە، چونکە یەکجار، تەنیا بۆ یەکجار ڕووت لە پەکەکە نییە، کە بۆچی شەڕ دەفرۆشن، لەبەرچی مین دەتەقێننەوە، لە بەرچی پێشمەرگە شەھید دەکەن، باج وەردەگرن، خەڵک ئازار دەدەن، ئیدارەی ناشەرعییان لە ناو ئێدارەی شەرعی داناوە ؟.. سەیرە، زۆرم پێ سەیرە، کە بۆ یەکجار ڕووت لە پەکەکە نەبێت و تاکە پرسیارێکیان ئاراستە نەکەیت!.. ⁃ کاک عارفی بەڕێز، بەر لە دوماھی ئەو سەرنجەیشم ھەس: ئەرێ بۆ ھەموو تەرکیزت تەنێ لە بادینانە و بە وشەیەک باسی دەڤەری سەوز ناکەیت ؟!.. خۆ پەکەکە لەوێش ھەن، خۆ لەوێش دایەرە و تفاق و باج و ئەمر و نەھی و سازندەییان ھەس ؟!.. ⁃ دوماھییش دەمەوێت بڵێم: گەورەترین موغاڵەتەی نێو نامەکەت ئەمەیە، کە دەستپێک ئاماژەت بە وتەیەکی بەھەشتی (مستەفا بارزانیی نەمر) کردووە سەبارەت بە شەڕی نێوان شۆڕش و حکومەتی عێراق، وتەکەیش ئەمەیە: ( خوا عەلیمە من قینم لە شەڕ دەبێتەوە، چونکە شەڕ خراپترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەک، بەڵام بەعس ھیچ ڕێگایەکی لە بەردەممان نەھێشتبووەوە جگە لە دەستبەرداربوونی کەرکوک بۆیان، منیش بڕیارمدا ئەو ڕێگەیە ھەڵبژێرین ئەگەر ھەمووشمان تیا بچین، چونکە نەمدەویست سبەی کە مردم خەڵک بە تەنیشتی گۆڕەکەمدا بڕۆن و نەفرەتم لێبکەن و بڵێن بۆچی دەستبەرداری کەرکوک بوویت.)، پێدەچێ کاک عارف باش لەو وتەیەی (بارزانیی نەمر) حاڵی نەبووبێت، ئەگینا لەم زەرف و مەکانە و بۆ مەبەستی ئەم نامەیە بەکاری نەدەھێنا !.. چونکە ئەو وتەیە ڕێک باسی مەسئولیەتی مێژوویی و نیشتیمانی دەکات لە چوارچێوەی مقاوەمەت و بەرگریکردن لە خاکی کوردستاندا، ئەمڕۆش ھەروایە، ئەگەر شەڕ بەر دەرگا بە ھەرێمی کوردستان نەگرێت، ھەرگیز ھەرێمی کوردستان تاڵیبی شەڕ نییە و سەبارەت سەرۆک مەسعود بارزانی - یش، ئەوا جگە لەوەی خۆیان شەڕی (کورد - کورد) یان حەرام کردووە، سەرۆکێکە لە یەککاتدا نزیکترین و دوورترین کورد دەبینێت و باش و شاشیش - لە پێناو کوردستان نەک لە پێناو خۆیدا - لەیەکتر جیا دەکاتەوە !..
فەرحان جەوهەر هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا تەنها پەیوەست نییە بەو وڵاتەوە ، بەڵکو جێگای گرنگی هەموو وڵاتانی جیهانە، لەبەرئەوەی ئەمریکا سەرکردایەتی جیهان دەکات ، چوارساڵی سەرۆکایەتی دۆناڵد تڕا‌مپ کێشەی گەورەی بۆهەموو جیهان دروست کردووە ، لە دیارترین ئەو کێشانەش کشانەوەی لە رێککەوتنی پاریسی تایبەت بە ژینگە و رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و داننانی بە قودس وەک پایتەختی ئەبەدی وڵاتی ئیسڕائیل وچارەسەرنەکردنی کێشەی سوریا بوون ، هەروەها گرنگی نەدان بە مافی مرۆڤ و پرسی دیموکراسی لە دەرەوەی وڵاتەکەی و دڵداری کردنی لەگەڵ نەعرەی رەگەزپەرستی لە ناوخۆی وڵاتەکەی و دژایەتی کردنی کوچبەران. تێڕامانی تڕا‌مپ بۆهەموو پرسەکان لە ڕوانگەی بازرگانی و ئابورییەوە بوو ، هەروەها سەرکردەیەکی پۆپۆلیستی پلە یەک بوو ، زۆرترین درۆی دەکرد ، گوێی لەوە نەبوو دوای چەند سعاتێک درۆکانی ئاشکرا ببن ، هەروەها دژی نوخبە و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان بوو، چاوی تەنها لە خەڵکی نا وشیارو نەخوێندەوار بوو، دەیزانی چۆن هەست و سۆزیان بجولێنی ، کێشەی فراوانخوازی روسیای نەبوو، بەڵام جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین هەڵگیرساند ، ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبوو ڕای خەڵکی دەستەبژێربوو. وەک مەکینەی پارە دەیڕوانییە هەموو وڵاتان ، ئەوانەشی کە هاوپەیمانی ئەمریکا بوون ، بەتایبەتی وڵاتانی ئەورپا و کەنداوی فارسی هیچ رێزێکی بۆیان نەبوو، جگەلەوەی شارەزای جوگرافیای سیاسی جیهان نەبوو ، حەزیشی لە سەرکردایەتی کردنی جیهان نەدەکرد ، دروشمی یەکەم ئەمریکای هەڵگرتبوو ، هەروەها هیچ رێزیشی لە دا‌و دەزگاکانی وڵاتەکەی نەدەگرت ، هەردوو دامەزراوەی بەرگری و دەرەوەی فەرامۆش کردبوو، لە رێگای تویتەکانییەوە سیاسەتی دەرەوەو ناوەوەی بەڕێوە دەبرد ، هەرچی بەرپرسێک بەمیزاجی خۆی نەبا دەری دەکرد ، بۆیە بەشێکی دەستە بژێری حزبەکەشی لە هەڵبژاردن دژایەتیان کرد . تڕا‌مپ وەک وەک سەرۆک کۆتایی هات، بەڵام ئەوەی گرنگه کۆتایی بە ترامپی ( الترامبیە) بێت و چیدی نەبێتە کەلەپوری سیاسی و نمونەیەک بۆ چاولێکردن ، حاڵەتی ترامپ بە کردەیی سەلمێنرا نمونەیەکی مەترسیدارە ، ئەگەر لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا نەبایە کە خاوەن داوو دەزگای بەهێزە ، هەموو جیهان دووچاری مەترسی دەبوەوە ، هەروەها ئەوەش سەلمێنرا کەسی بازرگان ناتوانێ سیاسیەکی باش بێت ، سیاسەت و بازرگانی دوو دنیای جیاوازن ، ئەوانەی فێرە پارە ژماردنن ناتوانن بیر لە بەرژەوەندی خەڵکی بکەنەوە ، سیاسەت جگە لە بەرژەوەندی خەڵک شتێکی تر نییە ، ئەوەی سیاسەت لە پێناو بەرژەوەندی خەڵک ناکات ، رۆژێک دێت هەر دەشکێت .
پەیكار عوسمان سیاسەت لە باڵاترین وێنەیدا، ئەوەیە کە ئەو تیایدا سەنتەرە. هەموو ئەوەکانیش یەکسانن بەگشتێك و لێرەشەوە سیاسەت ئەبێ بە بەرژەوەندی گشتی. سیاسەت لە مانا نزمەکەیدا من سەنتەرم. کۆمەڵگاش لە هەموو منەکان پێكهاتووە، ئیتر سیاسەتیش ئەبێت بە بەرژەوەندی سەخسی و ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی. سیستەمی ئێستای جیهان، تێکەڵەیەکە لە هەردو سیاسەتەکە. لە هەنێ گۆشەیدا، سیاسەت هەڵکشاوەو کراوەتەوە بەسەر شتە باڵا‌و گشتییەکانی وەکو مافی مرۆڤ و ژینگەی جیهانی.. لە هەنێ ڕەهەندیشەوە داخراوە بەسەر خۆیداو چۆتەوە ناو شتە بەشەکی و بچوکەکانی وەکو هەژمنوکارییە سەربازی و ئایدۆلۆژی و ئابورییەکان و خیتابی ڕەگەزپەرستی و پۆپۆلستی.. سیاسەتی باڵا، دەرچوونە لە خۆت لەپێناو گشت. سیاسەتی گرگن، خۆ بە چەقکردن و هێناوەی هەموو شتێکە بۆ خۆت. زەقترین نمونەی داکشان و گەڕانەوەش لە باڵاییەوە بۆ گرگنیی، ترەمپە کاتێ لە زۆر شتی باڵا‌و جیهانیی وەکو مەسەلەی ژینگەو تەندروستی ئەکشێتەوەو دیتە خوارەوە بۆ خیتابی ئەمریکاچێتی. ئەمریکاکەشت بۆ ئەشێوێنێ و گومان ئەخاتە سەر یاسا‌و دامەزراوەو هەڵبژرادن و هەموو شتێکی! یەعنی ئەوسەری سیاسەتی ترەمپ، ئەمریکا نیە، ترمپ خۆیەتی. ئەمریکاکە تەنیا شیعارێکی ناسیۆنالستی و پۆپۆلستییە بۆ شاردنەوەی ترەمەپەکە. ئەمریکاسەنتەرییەکە لەڕاستیدا ترەمەپسەنتەرییبوو. ئەمەش وانەیەکی باشە بۆ ئێمەو یەعنی هەر سەرکردەیەك گەڕایەوە بۆ خیتابی پۆپۆلستی و ناسیۆنالستی و فووکردنە جەماوەر، لەڕاستیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئیگۆو ئەنانییەتی خۆی، نەك بۆ گشت و خەڵك و نەتەوە! سیاسەت ئەوەیە کە گشتییە. خاڵی هاوبەشی ترەمپ و سیاسییەکانی ئێمەش، بێقیمەتکردنی ئەوەیە کە گشتییە لەپێناو خودی خۆیان. لێرەشدا ڕۆشتنی ترەمپ، ڕەنگە شتێکی ئەوتۆ لە دنیا نەگۆڕێت، بەڵام لەوێدا گرنگە، کە شکان و پاشەکشێ ی مۆدێلێكە لە سیاسەت. "سیاسەتی بێئەرزشکردنی سیاسەت"! لەسەر ئاستی کەسی و تایبەتی، ڕاوەدینار شتێکی ناشرینەو کەسێك کە هەر خەریکی ئەوەیەو خەریکی هیچی تر نیە، ئەگەر هیچ زەرەری بۆ کەس نەبێ و بە حەڵاڵییش بیکات، هێشتا هەر ناشرینە. دەی ئەگەر یەکێك لە مەجالی گشتی و لە لوتکەی سیاسەتی جیهاندا وا بیربکاتەوەو هەموو سیاسەت کورتکاتەوە لە ڕاوە دۆلاردا، ئەبێ چەن ناشرین بێت؟! کێشەکەش هەر ئەوەنیە کە ناشرینە، ئەوەیە کە سیاسەت، لە نزمیداو لە ئەخلاق پەراوێزیی و بەرژوەندی سەنتەرییشدا، هێشتا هەر زیاترە لە ڕاوەدۆلارو بازرگانییەکی پەتیی، بەڵام ئەم کابرایە تا ئەوێ شتەکەی هێنایە خوارەوە! سیاسەت جیاکردنەوەی ئەوەیە کە گشتییە لەوەی کە تایبەتییە. پاراستنی ئەوەیە کە تایبەتە لەناو گشتییەکەداو پاراستی ئەوەیە کە گشتییە لەناو تایبەتەکاندا. سیاسییش ئەوەیە کە لە دنیای تایبەت تێئەپەڕێ بۆ دنیای گشتی. ناسیاسیش ئەوەیە کە چۆتە دنیا گشتەکەوە بەبێ ئەوەی دنیا تایبەتەکەی تێپەڕاندبێ و وائەزانێ ئەمیش هەر هی خۆیەتی! جا چوارساڵ لەمەوپێش ئەمریکییەکان غەڵەتێکی گەورەیان کرد، ناسیاسییەکیان خستە لوتکەی سیاسەتی ئەمریکاو جیهان. ئێستا خەریکی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیەن. ترەمپ بە چوارساڵ کۆمەڵگای ئەمریکای پەرتکردو زۆر شتی شێواند، بەڵام هێشتا ئەمریکا، بایی ئەونە هۆشیاری و یاسا‌و دامەزراوەی هەیە، کە خۆی ئەپدەیت بکاتەوە. وەلێ ئەگەر ببووایە بە هەشت ساڵ، ڕەنگە ڕاستکردنەوەی زۆر قورستبووایەو باجی زۆر گەورەی ئەمریکییەکان و جیهانیشی بویستایە! لێرەدا هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەبەستمەوە بە هەڵبژاردنەکانی خۆمان و هەنێ درۆی پێ بەتاڵئەکەمەوە. مەسەلەن حیکایەتی "گەنج و پیر" یەکێکە لە درۆ پۆپۆلستییەکانی دنیای ئێمەو لەڕاستیدا نە گەنجیی خۆی لەخۆیدا فەزڵێکی سیاسییەو نە پیریی عەیبەیەکی سیاسییە. بەڵکو سیاسەت تەنیا لە چاکەی گشتیدا فەزیلەتەو گەنج و پیریش تەنیا لەوێدا سیاسیی ڕاستەقینەن. گەنجیی نیشانەی پۆپۆلستی و کاڵفامی نیە، ئەوەتا ترمپ بە حەفتا ساڵەوە وایە. پیری نیشانەی خڵەفان و نائومێدی نیە، ئەوەتا بایدن بە نزیکی هەشتا ساڵەوە جێگای ئومێدی ئەمریکییەکان و لایەکی جیهانە. ئەو گەنجانەشی ئێمە کردمانن بە پەرلەمانتارو وەزیرو سەرۆك و مەکتەب سیاسی.. هەمان مەعدەنی پیرەکان بوون و بڕێ خراپتریش. پیرەکانیشمان جگە لە فەسادو خەلەلیی ئەخلاقیی، خەلەلی ناکامڵییشیان هەیەو زۆر موراهەقەی سیاسیمان لێ بینین! یەکێکی تر لە درۆکانی سیاسەتی ئێمە، مەسەلەی تاقیکردنەوەیە. ئەوان خراپن قەیچێکا چوارساڵیش ئێمە تاقیکەنەوە.. ئەمریکییەکان لە کەسایەتی ترەمپدا ویستیان شتێکی جیاواز تاقیکەنەوە، بەڵام گەورەترین هەڵەیان کرد. چونکە سیاسەت جلوبەرگ و نانخواردن و حەزی تایبەتی نیە، تا بە ئارەزووی خۆت مۆدێل و تام و دەموچاو تاقیکەیتەوە.. سیاسەت بەرپرسیارێتی گشتییەو ئەبێ بنەمای ئەخلاقی و مەعریفی و هۆشیاری هەبێ نەك بنەمای حەزی و زەوقی و مەزاجی. یەعنی کاتێ پارتی و یەکێتی دزن، مانای ئەوەنیە تۆ دزی تر تاقیکەیتەوە، بەڵکو ئێمە ئەبێ، کۆی سیاسەتی دزی بگۆڕین بە سیاسەتێکی ئەخلاقیی. واز لەوانە بێنە، ئەوەی لەئێستادا بۆ ئێمە گرنگە، ئەم شەڕەیە کە نەکرێت. کە ئەمەش هەر پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە هەیەو ڕەنگە ئەو پەلەپەلەی تورکیا لە پارتی ئەکات، مەسەلەکە ترسبێ لە سیاسەتی بایدن بۆ کلکوگوێکردنی ئەردۆگان. جا هەم پارتی تۆزێ قنەقنی تیابکاو هەم پەکەکەش دووسێ گردو تەپۆلکە چۆڵکاو هەم من‌و تۆش مەنهۆڵەکەی دەممان داخەین، کات کوشتنێکی باشە، لە چاوەڕوانی سیاسەتی نوێ ی ئەمریکادا. ئەمریکییەکان هەر چوار ساڵ تەحەمولی سیاسەتی پەرتکردن و کەراهییەتیان کرد‌و زوو کۆتای‌یان پێهێنا. ئێمە شەست ساڵە لەناو سیاسەتی پەرتکردن و کەراهییەتداین و لێشی بێتاقەت نابین و بەردەوام بەرهەمی ئەهێنینەوە! سەیرکە، ئەم ئەڵی نا بۆ شەڕی ناوخۆ‌و لەگەڵیا جنێو بە پەکەکە ئەیا. ئەو ئەڵێ نا بۆ شەڕی براکوژی و لەگەڵیا جنێو بە پارتی ئەیا. دەی ئەزیزم شەڕەکە تۆیت و نا بۆ ئەم شەڕەی تۆ. ئەوە تۆی دەستتپێکردوە، خۆ ئەوان خۆیان هێشتا دەسیان پێنەکردوە! ناشرینترین شت، بێلایەنییە لەنێوان زاڵم و مەزڵومدا. بەڵام زاڵم ئەونەی کە عەقڵیەتێکە، ئەونە ئەحزاب و ئەشخاس نیە. من‌و تۆش کاتێ کە بە هەمان عەقڵیەتی پارتییەوە، دژایەتی پارتی ئەکەین، لەڕاستیدا ئەمە هەڵوێست نیە، ئەمە هەر قووڵکردنەوەی ستەمە بەڵام بە شێوازێکی تر‌و لێرەدا تەنیا شێوازەکە جیایە نەك عەقڵیەت و ئەخلاقییەت. لەڕاستیدا پارتی بە دژەپارتی لاواز ناکرێ، پارتی بە ناپارتی لاوازئەکرێ. چونکە دژەپارتی هەر پارتییە بە دیوەکەی تردا. بەڵام ناپارتی ئەوەیە کە خۆی لەخۆیدا شتە، نەكئەوەی لە دژەپارتیبووندا شتبێ! سیاسەت لە سەرەوەیدا، ئەوەیە کە کۆکەرەوەیەو هاوبەشی و تۆلێرانس دروستئەکاو بنیاتنەرە. سیاسەت لە خوارەوەیدا، ئەوەیە کە پەرتکەرەو ڕق و دابەشی دروستئەکاو ڕوخێنەرە. ئێمەش لە خواری خوارەوەی سیاسەتداین و زۆریش بە توندی دەسمان بەوێوە گرتووە. ئیتر دیندارو بێدینمان، چەپ و ڕاستمان، موعارەزەو دەسەڵاتمان، پارتی و دژەپارتیمان، کوردایەتی و ئەنتی کوردایەتیمان.. هەمووی هەر ڕق بەسەر ئەویتردا ئەبارێنێ و هەمووشی خۆی پێ جیایە لەو. لەکاتێکا ئەمانە هەموویان هەر هەمان شت ئەکەن و بەوەش هەموویان هەر ئەبنەوە بە هەمان شت! سیاسەت لە مانای ڕاستەقینەیدا، کاری تۆیە بۆ ئەو، یان لانیکەم کاری تۆیە لەگەڵ ئەو. سیاسەت لە مانای موزەییەفیدا، ڕقی تۆیە لەو. ئێمەش خەریکی ئەمەی دووەمین و وائەزانین سیاسەت ئەکەین! ئێمە ڕقمان یەکسان کردوە بە سیاسەت و کاتێ خەریکی ڕقین، وائەزانین خەریکی سیاسەتین. لەکاتێکا سیاسەت شتێکە لەدوای ڕقەوە دەستپێئەکاو بۆ کۆتاییهێنان بەوەش دێت! سیاسەت بان ڕقەو گشتییە. ئەوەی ئێمە خودی ڕقەو بەرژەوەندی تایبەتییە. یەعنی لەڕاستیدا، ئێمە هێشتا دەستمان نەکردوە بە سیاسەت، ئەگەرچی زۆریش مەشغوڵی سیاسەتین.
ئازاد جوڵا ئەمریكا دەوڵەتێكی سوپەرپاوەری گەورەی جیهانەو هەر گۆڕانكارییەك لەم وڵاتە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان بەگشتی بە ئەرێنی‌و نەرێنی هەیەو دەبێ، هەر بۆیەش پرۆسەی هەڵبژاردنەكان‌و ئاڵوگوڕی دەسەڵات لە (واشنتن) جیهانی بەگشتی بەخۆوە سەرقاڵ كردبوو، هەندێك پێیان وایە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا نەگۆڕەو بە هاتن‌و ڕۆیشتنی سەرۆكەكان كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا نابێت‌و شتێكی ئەوتۆ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێ، بەڵام من پێموایە ئەم بۆچوونە هەڵەیەو لە جێگای خۆیدا نیە، بەڵكو ئەوەی لە ئەمریكا جێگیر‌و نەگۆڕەو هەردوو حزبە گەورەكەو تەنانەت تاك بەتاكی ئەمریكاش لەسەری كۆك‌و هاوبۆچوون‌و هاوڕان ئەوا دوو خاڵی سەرەكییە ئەوانیش یەكەمیان پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، دووەمیان پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، بەڵام بۆ بەدەست هێنانی ئەم دوو ئامانجە جێگیر‌و نەگۆڕە بۆچوونی جیا‌و تێڕوانینی جیاواز هەیە ئەمەش نەك تەنها لەنێوان دیموكراتییەكان‌و كۆمارییەكان بەڵكو زۆرجار لەنێو خودی یەك لایەنیش‌و لەنێو نوێنەرانی لایەنێكی دیاریكراودا لە ئەنجومەنی نوێنەران یان پیران بەدی دەكرێت‌و ڕووی داوەو ڕوودەدات، ئەمەش هەم مانای زیندوێتی گەلی ئەمەریكی دەگەینێ هەم سووربونیان لەسەر هەردوو (خاڵی ئامانج)، جگە لەمەش بەهۆی زۆری دەسەڵاتەكانی سەرۆك بەپێی یاسا‌و دەستوور خودی سەرۆك خۆی دەسەڵاتی زۆرەو دەتوانی هەندێك جار‌و هەندێك لە بڕیارەكان ڤیتۆ بكات‌و بۆچوونی خۆی بسەپێنێ، سەرۆك دەتوانێ بە ئاڕاستەیەك كاربكات گۆڕانكاری گەورە‌و دیار لە ناوەوەو دەرەوەی ئەمریكا بەدی بكات، هەر وەكو چۆن لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەسەر ئاستی ناوەوەو دەرەوە، لەسەر ئاستی ئابووری‌و سیاسی‌و هاوپەیمانیەتی‌و تەنانەت سەربازیش بینیمان، بۆیە بێ گومان لەگەڵ هاتنی جۆ بایدن‌و ڕۆیشتنی ترەمپی پۆپۆلیست‌و سەرمایەدار گۆڕانكاری گەورە بەتایبەت لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەو دووبارە ڕێكخستنەوەی هاوپەیمانێتیەكان دێتە ئاراوەو كاریگەری زۆر دروست دەكات، جا ئەگەر گرینگی گۆڕانكارییەكانی ئەمریكا بۆ گەلانی جیهان‌و خاوەن دەوڵەتانی سەربەخۆ زیاتر لایەنی ئابووری‌و یانیش ئەمنی‌و سەربازی بێت، ئەوا بۆ ئێمەی كورد پاڵپشتی‌و نزیكی‌و دۆستایەتی ئەمەریكا بۆ كوردی بێ دەوڵەتی دابەشكراو و داگیركراوی نێو چوار دیواری داخراو لە زۆر ڕووەوە گرینگ‌و پڕبایەخترە، بینیمان لەسەر دەمی چوار ساڵی ترەمپ چۆن بەرژەوەندی كەسی‌و نەتەوەیی خۆی زاڵبوو بەسەر بەها مرۆڤایەتیەكان‌و لەدەستدان‌و لاوازكردی متمانەی هاوپەیمانە دێرینەكانی ئەمریكاو پشت تێكردیان، نمونە ڕۆژئاوای كوردستان‌و هەرێمی كوردستان لە دوای ڕیفراندۆم، لەسەر ئاستی ناوچەكەش دەركەوت هاوكێشەكان لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوو چۆن گۆڕان‌یان بەسەردا هات‌و هەندێكیان ڕێك پێچەوانەو سەراوژێرو چاوەڕوان نەكراو بوون، هەر بۆیە بێ دوو دڵی لەگەڵ هاتنی جۆزێف بایدن گۆڕانكاری گەورەش دێتە ئاراوە، بۆیە گرینگە كورد لەئێستادا لەسەر دوو ئاست خۆی ڕێكبخاتەوەو لە ئامادەباشی بێت، یەكەمیان لەسەر ئاستی دۆزی كورد بەگشتی‌و پەیوەست بە وڵاتانی داگیركەری‌و چۆنیەتی ڕێكخستن‌و یەك گوتاری نەتەوەیی‌و هەڵسوكەوت‌و لۆبی دروستكردن‌و دووبارە پتەوكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكاو دۆستەكانی، دووەمیان لەسەر ئاستی هەرپارچەیەك خۆی، بەم پێیەی هەر پارچەیەك دۆخ‌و تایبەتمەندی خۆی هەیەو جۆر‌و شێوازی هەوڵ‌و پەیوەندی‌و هەڵسوكەوتوو سیاسەتی تایبەت بەخۆی گەرەكە، كورد ناتوانێ سوود لە گۆڕانكارییەكان‌و دۆستایەتی‌و بەڵێن‌و پلانەكانی بایدن‌و ئەوانیتریش ببینێ ئەگەر پێشوەختە نێو ماڵی خۆی ڕێكنەخاتەوەو خۆی بۆ گۆڕانكارییەكان ئامادە نەكردبێت‌و لەگەڵ گۆڕانكاری‌و ڕووداوەكاندا هاوڕێ‌و هاوتەریب نەبێ...
د. هه‌ردی مێد له‌وانه‌یه یه‌كێك له خاڵه پۆزه‌تیڤ و باشه‌كانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌بێت كه بوو به سه‌كۆیه‌ك بۆ ده‌رخستنی بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی و ئاشكراكردنی دۆخی هۆشیاری و بیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ئه‌مریكیه‌كان. دڵنیام زۆرێكمان نه‌مانده‌زانی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی مرۆڤگه‌لێك هه‌بن په‌نا بۆ نوشته، جادوگه‌ری و دوعا له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رن و بڕوایان به كاریگه‌ری ئه‌م جۆره پراكتیكانه هه‌بێت. نه‌مانده‌زانی خه‌ڵكێك بڕوای به‌وه هه‌بێت كه شه‌یتان و ئه‌هریمه‌ن هاتوون ده‌نگه‌كانی تره‌مپ بدزن و زه‌مینه‌سازی بۆ دۆڕانی بكه‌ن. نه‌مانده‌زانی هۆشیاری و بیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی ئاوها عه‌فه‌ویی، تافهه و هاكه‌زایی و بێ‌مانا بێت. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه كه دۆخی ناوه‌وه و بونیادی عه‌قڵی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی پێنیشانداین ده‌بێت به لایه‌نی كه‌مه‌وه یه‌ك وانه‌ی لێفێرببین، به تایبه‌تی ئه‌و چینه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ناوی خۆی ناوه ڕۆشنبیر. ده‌بێت ڕۆشنبیری ئێمه روانگه و خوێندنه‌وه‌یان بۆ رووداو و پراكتیك و دونیابینی مرۆڤی كورد ئه‌هوه‌نتر و ڕێژه‌ییتر بكه‌ن و پێیانوانه‌بێت كورد میلله‌تێكی دواكه‌توو، سه‌یر و غه‌ریبن. له راستیدا، ئاشنانه‌بوونی ڕۆشنبیری كورد به كۆمه‌ڵگه‌كانی دی و مێژوویان هه‌میشه له خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دووچاری زیاده‌ڕه‌وی و هه‌ڵه‌ی كردوون. به شێوه‌یه‌ك رووداوه‌كانیان وه‌ك رووداوی دانسقه و تایبه‌ت به كورد بینیووه. بێئاگایی ئه‌مان له مێژوو و دینامیكی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌كانی دی ڕێگه‌ی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی <كولتورێكی لۆكاڵی> و <دیدێكی لۆكاڵ> خۆشكردووه كه تێدا نوسین و هه‌ڵسه‌نگاندنی رۆشنبیری ئێمه بۆته داشۆرین و سوكایه‌تیكردن به كورد، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له دونیای ئێمه رووده‌دات له شوێنێكی دی و دونیایه‌كی دی نه‌بن. كێشه‌ی ئه‌م كولتوره لۆكاڵییه هه‌ر ئه‌وه نییه كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وه‌ك شاز و غه‌ریب پیشانده‌دات، یان هه‌موو رووداوه‌كانی دونیای ئێمه ده‌كات به رووداویی تایبه‌ت به كورد و دواكه‌وتووی كورد، به‌ڵكو هیچ زه‌مینه‌سازییه‌كی بۆ كاری به‌راوردكردن نه‌هێشتوتۆته‌وه. ئه‌م كولتوره لۆكاڵییه دۆخێكی خوڵقاندووه هه‌موو به‌راوردكردنێكی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و رووداوه‌كانی ناوی به كۆمه‌ڵگه‌كانی دی به پاسا و بیانوو ده‌زانێت بۆ شاردنه‌وه‌ی دۆخی كورد. واته هۆشیارییه‌كی دروستكردووه كه داشۆرینی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كردووه به مه‌رجی ژیری و به‌رزی ئاستی ڕۆشنبیری. ئه‌م كولتوره لۆكاڵییه كاری به‌راوردكردنی كردووه به پاساو، له كاتێكدا به بێ به‌راوردكردن ئه‌سته‌مه هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك له خۆی تێبگات. هه‌میشه پێموابووه و له رابردووش‌دا جه‌ختم له‌وه‌كردۆ‌ته‌وه كه هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌ی له مه‌مله‌كه‌تی ئێمه رووده‌ده‌ن ئاساییین و به‌شێك نین له رووداوی ناوازه و سه‌یر. هه‌میشه پێموایه بووه ئه‌وانه‌ی كار بۆ نیشاندانی شازێتی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌كه‌ن، هه‌ر خۆیان شاز و سه‌یرن، هاوتا بێ‌ئاگا و دابڕاون له دینامیكی كۆمه‌ڵگه‌كانی دی. بۆیه هیوادارم هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا و رووداوه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌م هه‌ڵبژاردنانه ببنه مایه‌ی ئه‌هوه‌نبوون و ڕێژه‌ییبوونی روانگه و دیدمان سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگه‌ی كورد و رووداوه‌كانی ناوی. نوسەری ئەم بابەتە مامۆستایە له‌به‌شی زانسته سیاسیه‌كان له‌زانكۆی سۆربۆن
حوسنی مەحلی لە ساڵی (١٩٩٧)دا هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە بارزانی شانبەشانی سوپای تورکیا جەنگان دژ بە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، دواتریش چەند جارێکی دیکە ئەم کارە رویدا، ئێستاش ئاردۆگان خوازیاری دوبارەبونەوەیەتی بە شێوازێکی خێرا وکاریگەر، بەرانبەر بە پشتیوانی دارایی لە ئەنقەرەوە. گەرموگوڕی گەڕایەوە بۆ هاوپەیمانی نێوان رەجەب تەیب ئاردۆگان وبارزانی، وهاوپەیمانیەکە چووەوە باری مێژوویی وئاسایی وباوی خۆی پاش ماوەیەك لە سارد وسڕی دوور لە گرنگیپێدانی میدیا جیهانیەکان کە لەئێستادا سەرقاڵی هەواڵەکانی (جۆ بایدن ودۆناڵد ترەمپ)ن، گەرموگوڕی گەڕایەوە بۆ هاوپەیمانی نێوان رەجەب تەیب ئاردۆگان وبارزانی، وهاوپەیمانیەکە چووەوە باری مێژوویی وئاسایی وباوی خۆی پاش ماوەیەك لە سارد وسڕی، بەهۆی ئاستەنگ داندن ورێگرییەکانی ئەنقەرە(ئەنکەرە) لە هەوڵەکانی هەولێر بۆ سەربەخۆیی لە ساڵی ٢٠١٧ دا، کە ئەمەش بووە هۆی لەرزین ولاوازبوونی دەسەڵاتی سیاسی وسەربازی ودەروونی بنەماڵەی بارزانی پاش هاتنەوەی سوپای عێراقی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان لە باکوری عێراق، بە کەرکوکی "پایتەخت ودڵی کوردستان"یشەوە، بەپێی ووتە ودەربڕینی بارزانی. چەند رۆژێکە زانیارییەکان باس لە گرژی وئاڵۆزی توند دەکەن لە نێوان پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی، وچەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا، لە چەندین ناوچەی باکوری عێراق، بارزانی وبەغدادیش وا دەبینن کە ئەم چەکدارانە هۆکار وبیانون بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا. تەقاندنەوەی ئەو بۆریەی کە هێڵی گوێزەرەوەی نەوتی عێراق – تورکیایە لە ٣٠ مانگی ئۆکتۆبەری رابردوو، کە لە هەمان کاتدا نەوتی خاوی کوردستانی عێراقیش بۆ تورکیا دەگوێزێتەوە، ولەوێشەوە بۆ "ئیسرائیل"، بەپێی زانیاریە رۆژنامەوانیەکان، هۆکارێکە بۆ رەنگدانەوەی ئاستی مەترسی وجیددیەتی ئەم گرژی وئاڵۆزیانەیە کە ئەگەری تەقینەوەیان هەیە لەهەر کات وساتێکدا، چونکە چەندین هەڵمەتی راگەیاندنی وئیستیفزاز کردنی یەکتر لەئارادا بوو پێش ئەنجامدانی ئەم هێرشە، کە تیایدا شوێنکەوتوان ولایەنگرانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە کوردانی تورکیا وسوریا، مەسعود بارزانیان تاوانبار کرد بە "هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاردۆگان وپیلان گێڕی لە دۆزی نەتەوەیی نەتەوەی کورد"، مەبەستیش لەمە ئەو بەڕێوەبەرێتیە خۆسەریە کوردیەیە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، کە پشتیوانی دەکرێت لەلایەن واشنتۆن وپایتەختانی رۆژئاواوە. بارزانی پێی وایە ئەم پایتەختانە وازیان لێهێناوە یان وازی لێدەهێنن، پاش ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل، باڵی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستان بەهێزی خۆیان پیشاندا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعشدا، کە هێشتا مەترسین لەسەر ئەو ناوچەیە بەهەردوو دیوی سوریا وعێراقدا، ئەم لێکدانەوەیەش هۆکارگەلێکی خۆی هەبوو، کاتێك ئەم پایتەختانە ئەو گشتپرسیەی بارزانی ئەنجامیدا بۆ سەربەخۆیی لە ٢٥ ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ پاش شکاندنی داعش لە ڕەققە، ئەمان رەتیان کردەوە، تەنانەت تارانیش لێی ناڕازی بوو، بەڵام هەڵوێستی ئەنقەرە سوپرایزە گەورەکە بوو بۆ بارزانی، کە هیوایەکی گەورەی لەسەر ئاردۆگانی هاوپەیمانی خۆی هەڵچنی بوو، کە پێش دوو مانگ لە گشتپرسیەکە دیداری لەگەڵ ئەنجامدابوو لە ئەستەنبوڵ، وئاڵای کوردستانیش لە پشتیەوە دەشەکایەوە. ئەم هەڵوێستەی تورکیا هۆکاری ماوەیەك لە ساردوسڕی بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان ئاردۆگان وبارزانیدا، ئەو جووتەی کە گەڕانەوە سەر پەیوەندییە ئاساییەکەیان پێش لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر باکوری عێراق لە سەرەتای هاوینی رابردوودا، کاتێك سوپای تورکیا دەستی گرت بەسەر چەندین ناوچەی ستراتیژیدا لە نزیك چیای سەختی قەندیل کە مۆڵگە وبارەگا وکەمپەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی لێیە. سوپای تورکیا لەم شوێنانەدا کە دەکەونە ناوچەکانی قەڵەمڕەوی بارزانی نزیکەی ١٥ بنکەیان داناوە، وێڕای هەبوونی ژلارەیەکی هاوشێوە لەو بنکە وبارەگایانە کە سوپای تورکیای تێدا جێگیرە لە ساڵی (١٩٩١)ەوە، کاتێك کە هێزەکانی چەکوشی ئامادەی ئەمریکی هاژکە تورکیا بۆ پاراستنی کوردی عێراق لە هەر کردەیەکی سەربازی عێراقی لەدوای تێكشانەکەی کوێت، کە ئاردۆگانیش لایەنگیری کرد لەڕێگەی کردنەوەی بواری ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکە وموشەکە ئەمریکیەکاندا کە لەلایەن کەشتیەکانیەوە دەتەقێنران لە خۆرهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستەوە. هەندێك وای دەبینن کە هۆکاری ئەم ڕوداو وپێشهاتانە هۆکارەکەی بۆشایی سیاسی وئەمنیە لە عێراق ولە باکوریشیدا بە شێوەیەکی گشتی، لەو هۆکارانەش دەستوەردانی تورکیا لە ناوچەکە بە بیانووی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە کە زوربەی هەرە زۆریان ئێستا لە باکوری سوریان لە ریزەکانی "یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد" کە هێزێکە گاڵتەی پێناکرێت، بەهۆی هەموو ئەو پشتیوانیە جۆراوجۆرانەی کە دەکرێت لەلایەن ژمارەیەك لە دەوڵەتانەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ وناڕاستەوخۆ، وئەمریکاش لە پێشەنگی ئەو دەوڵەتانەدایە وفەرەنسا وئیتالیا وبەریتانیاشی لەگەڵە، ناشکرێت کە ڕۆڵی میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەب وسعودیە ومیسر نادیدە بگرین کە دەیانەوێت گەمارۆی سەر ئەنقەرە چڕتر وتوندتر بکەنەوە. سوودمەندی یەکەم لەم هەموو جیاوازیانە "ئیسرائیل"ە کە لەسەرەتای دروستبوونیەوە گرنگیەکی تایبەتی بە کوردی ناوچەکە داوە لە ڕێگەی پەیوەندییەکانیەوە لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، ئێستاش بەردەوامە لەگەڵ هەسەدە بە هەردوو باڵە کوردی وعەرەبیەکەیەوە. هەموو ئەمانە پاڵنەر بوون بۆ ئەنقەرە بۆ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانێتیە باوەکەی لەگەڵ کوردی عێراقدا، لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بەم کارە کردووە بەهۆی پەیوەندی عەشایەری وخێڵەکی نێوان کوردی تورکیا وکوردی عێراق لە کرمانجەکان(بادینیەکان)، کە ئەمان ڕکابەر یان دوژمنی باوی کوردە سۆرانیەکان وسەرۆکی پێشوویانن کە کۆچکردوو جەلال تاڵەبانیە، کە پەیوەندییەکانی هەڵچون وداچونی زۆری بەخۆوە بینیوە لەگەڵ بارزانی بە گوێرەی ویست وتاقەتی بارزانی لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەنقەرە. هەموو ئەمانە هۆکارگەلێکی بەس بوون بۆ بەشەڕهاتنی بەردەوام لە نێوان هەردوو لادا، لە هەموو کاتێکدا تورکیا لەپشت بارزانی بووە دژ بە تاڵەبانی، وەکو ئەوەی کە لە ئێستادا دەگوزەرێت، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی تاڵەبانی وکەسانی دوای ئەویش بۆ چاککردنی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆك ئاردۆگان. ولای هەمووان ئاشکرایە کە ئاردۆگان پەیوەندی لەگەڵ بارزانیەکان لا پەسەندترە لەبەر چەندین هۆکار کە گرنگترینیان ئەوەیە هەردکیان (ئاردۆگان وبارزانی) زۆر لەیەک دەچن لە تێگەیشتن وجێبەجێ کردنی زۆرێك لە چەمکە فیکری وسیاسی وئابووریەکان. لە ساڵی (١٩٩٧)دا هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە بارزانی شانبەشانی سوپای تورکیا جەنگان دژ بە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، دواتریش چەند جارێکی دیکە ئەم کارە رویدا، ئێستاش ئاردۆگان خوازیاری دوبارەبونەوەیەتی بە شێوازێکی خێرا وکاریگەر، بەرانبەر بە پشتیوانی دارایی لە ئەنقەرەوە، چونکە گیرۆدەی قەیرانگەلێکی جیددیە لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ حکومەتی ناوەند ولەگەڵ سلێمانیشدا کە پایتەختی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە جەلال تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکرد، کە زۆرێك لە بۆچون وئامانجەکانی – تاڵەبانی – نزیك بوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵا ئۆجەلانی "چەپخواز". تاڵەبانی زۆر تێکۆشا بۆ هێنانەدەرەوەی ئۆجەلان لە زیندان پاش ئاشتەواییەکەی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، بەڵام تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بارزانی ولایەنگیریە خێڵەکییەکەی لەناو تورکیادا بە باشتر زانی، وئەنقەرە لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا نزیکەی ١٥٠ هەزار کەسی لە پیاوانی ئەم خێڵانە بەکرێ گرت ولەژێر ناوی "پاسەوانی گوند"دا دایمەزراندن، وئەمانیش شان بەشانی سوپای تورکیا شەڕیان کرد، و‌ئێستا ژمارەیان کەمی کردووە بۆ ٦٠ هەزار ومووچەی فەرمی لە تورکیا وەردەگرن. ئاشکرایە کە بارودۆخی ناوخۆیی عێراق وقەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وپرسی گەندەڵی ولێکدانەوەی تایبەت بەعێراق لەلایەن پایتەختە هەرێمایەتی ونێودەوڵەتیەکانەوە بەهۆی پێگە ستراتیژیەکەی کە هاوسێی سوریا وئێران وتورکیا وکەنداوە، بەهیچ جۆرێك یارمەتیدەر نیە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە هەنوکەییەکان. ئەمەش هانی هەردوولا دەدات واتە مەسعود بارزانی وشوێنکەوتوانی ئۆجەلان لە سوریا وتورکیا بۆ چەسباندنی پیگەکانیان وبەدیهێنانی دەسکەوتی زیاتری سیاسی وسەربازی وجوگرافی ومیللی بەهۆی هەڵکشانی هەستی نەتەوەیی کوردی هاوسۆز لەگەڵ کوردی سوریا بەهۆی پشتیوانی ئەمریکی ونیودەوڵەتی لێیان. ئەم تایبەتمەندییانەش پاڵنەرێکە بۆ سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا ویەکێتی دیموکراتی کوردستانی سوری بۆ بەردەوامیدان بە سیاسەتەکانیان بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ لەسەر بارزانی، چونکە ئەوان دەزانن کە ئێستا بەهێزترن بەهۆی باری ناهەمواری ئابوری ودارایی لە هەولێر، وپەیوەندییە خراپەکانیان لەگەڵ سلێمانی، وتەنانەت لەگەڵ بەغدادیش، ولەگەڵ سەرۆك بەرهەم ساڵحیش کە سەر بە دەستەکەی تاڵەبانیە. ئەم دەرەنجامانەش قۆناغی نزیکی داهاتوو بۆ گرژی زیاتر پەلکێش دەکەن لە باکوری عێراق، لەگەڵ بەردەوامیی دەستوەردانی سەربازی وهەواڵگری تورکی لەڕێی هەماهەنگی وهاوکاری لەگەڵ بارزانی کە ئەنقەرە دەیەوێت ئەو تەواوی تواناکانی بۆ شەڕکردن لە دژی پەکەکە بخاتە گەڕ. پەکەکەش لای خۆیەوە هەلی بەنرخی خۆی دەبینێت لەم بارودۆخە هەرێمایەتی ونێودەوڵەتیەدا بۆ پشتیوانی کردن وچەسپاندنی ئەو سەرکەوتنانەی کە بەدەستیهێناون لەم پێنج ساڵەی دواییدا بەهۆی پشتیوانی سەرۆك ترەمپ وئێستاش سەرۆك بایدن، کە ئەم زیاتر دژایەتی ئاردۆگان دەکات، وئەمەش وا لە ئاردۆگان دەکات بەخێرایی جوڵە بکات بۆ رێگری کردن لەهەر سوپرایزێك کە لێکەوتە وئەنجامی خراپی بۆ ئەنقەرە هەبێت، کە دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری هەر هەڵوێستێکی کرداری وخێرا دژ بە پەکەکە ولقە سورییەکەی؛ یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد. ئەمەش پێویستی بە پشتیوانێکی کورد هەیە تا کورد بەردەوام بن لە یەکتر کوشتن، کە لەسەر ئەمەش راهاتون لە تورکیا وعێراق وئێران، وئێستاش لە سوریا. هەروەها ئەوان ڕاهاتون کە کارتێك بن وئەم چواردەوڵەتە مامەڵەیان پێوە بکەن لەگەڵ یەکتردا، کە ئەم دەوڵەتانە کوشتوبڕی کوردی خۆیان دەکەن وپشتیوانی وهاوکاری کوردی دراوسێکانیان دەکەن، هەروەك ئەو بارودۆخەی ئێستا لە تورکیا دەگوزەرێت. بیریشمان نەچێت کە ئەو (تورکیا) سەرجەم سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی گەلانی لە کونجی زیندان توند کردووە، کە باڵی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستانە، بەدوور لە گرنگی پێدانی خۆرئاوا کە خۆی گێل کردووە، یان پرسی ئۆجەلانی سەرۆکی پەکەکەی لەبیرکردووە کە لە مانگی شوباتی ساڵی (١٩٩٨)ەوە لە زینداندایە. ساڵانی پێشووی دوای "سایکس بیکۆ" ئەوەیان سەلماندووە کە خۆرئاوا تەنها بەرژەوەندییەکانی خۆی لا گرنگە، بەدوور لە ووتە ودروشمەکانی دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی کە کورد ناکۆکیەکانی خۆیانیان تێنەپەڕاندووە، لەڕابردوو و‌ئێستا وداهاتووشدا وەك پەڕە کاغەزێکی بەردەم ڕەشەبای هەرێمایەتی ونێودەوڵەتی دەمێننەوە، ولە هەموو دەوڵەتانیش گرنگتر تورکیایە، بەو پێیەی ئەو بەدرێژایی مێژوو وئێستاشی لەگەڵدا بێت، لایەنی هەرە گرنگی ئەم هاوکێشە گرنگ وئاڵۆزەیە، ومانەوەشی بەم شێوەیە هۆکارەکەی کوردەکان خۆیانن! وەرگێڕانی : گ. ق.
د.سەلام عەبدولكەریم زیاد لەهەر كاتێكی تر، دیسان لەسەرهەڵدان‌و دووبارەبوونەوەی جەنگێكی نێوخۆیی‌و براكوژیی نزیك دەبینەوە، ئەوەی ئەم جەنگە نزیك دەكاتەوە، بازرگانەكانی چەك‌و بەرژەوەندی خودین، كەمەرام‌و چاوچنۆكییە تاكەكەسییەكانیان لەهەموو كاتێكدا بەسەر بەرژەوەندییەكانی نەتەوەیەكدا پێشخستووە، ئەوانەی تەنها لەخەمی خۆیان‌و نەوە‌و پێگە‌و پۆست‌و پول‌و دینارەكانیاندان، نەك لەخەمی لەباربردنی خەونی نەتەوەیەك، نەك هەڕاجكردنی خوێن‌و گیانی هەزاران گەنجی خێر لەخۆنەدیوی ئەم نیشتیمانە. رۆژانە روونە لەكوێوە شەیپوری جەنگ لێدەدرێت، بەهانەی بۆ دەدۆزرێتەوە‌و زۆرجاریش پاساوی بۆ دادەتاشرێ، بێ‌ئاگا لەوەی، كەئاگری جەنگ هەڵگیرسا تەڕ‌و وشك، خانەدان‌و هەژار، بەرپرس‌و پاسەوان، گەورە‌و بچووك لەگەڵ خۆیدا دەسوتێنێت. ئەم جەنگەی رۆژانە هێز‌و گروپە چەكدارەكان دەخەینە بەردەم ماڵەكانمان تەنها جەنگێك نییە لەنێوان دوو هێزی چەكدار، بەڵكو جەنگی پەرتەوازەكردنی زیاتری رۆحی مرۆڤی كوردە، بەرپاكردنی جەنگ‌و ئەم شەیپور لێدانەی جەنگ خۆدزینەوەیە لەبەرپرسیارێتییە گەورە‌و بنەڕەتییەكان، خۆدینەوە لەتینو‌و برسیكردنی خەڵك، لەفەرامۆشكردنی پەروەردە، زانكۆكان، خۆگێلكردن لەبێبەرنامەیی زیاتری بەرپرسیارێتی‌و لەئەستۆ نەگرتنی جڵەوی كاروبارەكان، هەڵگیرسانی جەنگ، خۆدزینەوەیە لەئەركی لێبوردەیی‌و هەوڵدان بۆ ئاشتەوایی‌و دروستكردنی زەمینەی پێكەوەژیان‌و یەكێتی نەتەوەیی‌و گەڕاندنەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، كەبەفیتی داگیركەرانی كوردستان لەباربرا‌و نەبەسترا. كێ دەكوژن؟ كێ كۆتایی پێدەهێنن؟ مەگەر خۆتان‌و لەگەڵیشیدا نەتەوە نەبێت؟! تائێستا چیتان بۆ نەتەوە‌و میللەتەكەتان كردووە جگە لەپڕكردنی گیرفانی خۆتان‌و نەوەكانتان؟ چیتان كردووە جگە لەخۆشگوزەرانی‌و ژیانی شاهانەی خۆتان؟! چیتان كردووە بۆ سەروەركردنی یاسا‌و دادگان، بۆ كۆمەڵی مەدەنی، بۆ بەرزڕاگرتنی ئازادی دەربڕین، بۆ شكۆ‌و كەرامەتی مرۆڤ؟! ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نێوخۆیی‌و براكوژیی تەنها لەنێوان پارتی‌و پەكەكەدا نزیك نییە، گەر پێمان وابێت هەڵەین، بەڵكو لەنێو هەموو پارتە سیاسییەكان هەریەكە‌و بەجۆری خۆی لەروودانی نزیكدایە، ئەوەی ئەم جەنگە براكوژییانەی دواخستووە جارێ بەرژەوەندی‌و مادە‌و پلەو پۆستە، ئەوەی ئامادەیی هەیە گیان‌و غەریزەی قڕكردن‌و سڕینەوەی یەكترییە تەنانەت لەنێو یەك پارتی سیاسیش‌دا، ئەوەی ونە گیانی لێبوردەییە، رۆحی قبوڵكردن‌و پێكەوەژیانە. بەداخەوە نەك بەرەو جەنگێك، بەڵكو بەهۆی خۆخۆری‌و لوتبەرزی‌و بیری تەسك‌و هەڵپەی گەیشتن بەلوتكەی دەسەڵات‌و بەرژەوەندی تاكەكەسی، لەبەردەم دەیان جەنگی براكوژیداین، كەدواجار تەنها خۆمان زیانمەندین. ئەوەی چارە‌و چارەسەرە لێبوردەییە، وتووێژە، لەبەرچاوگرتنی نەسوتانی جەرگی دەیان هەزار دایكی ترە، هەتیو نەخستنی دەیان مناڵ‌و جگەرگۆشەیە...
هیوا سەید سەلیم لە کاتێکدا کە ئاڵۆزیەکانی نێوان پارتی و پەکەکە خەریکە بە ئاڕاستەی شەڕی کورد و کورد دەبردرێت، و وابڕوات شەڕە لە دەرگامان دەدات، بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئەمەریکا، پەردە لەسەر پلان و ئەجێندای ئەردۆغان ڕادەماڵێت، و بە هەموو لایەکمان دەڵێت: ( لە دیدی ئەردۆغان کورد هەر کورد، لە نێو کوردان هیچ کەس کوردی باش نیە، مەگەر ئەو کوردانەی کە مردوون باش بن) لە دیدارێکی رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جۆن بۆڵتن، باس لە ئەجێندا و پلانی ئەردۆغان دەکات بەرامبەر بە پارچەکانی کوردستان، لەوێ باس لە پلانی B ئەردۆغان دەکات، کە بریتیە لە پلانی هەڵگیرساندنی شەڕی کورد و کورد، بۆڵتن لەو دیمانەی نیوۆرک تایمز دەڵێت: (کاتێک ئەردۆغان لە پلانی یەکەمی شکستی خوارد دەیەوێت بە هەڵگیرساندنی شەڕی کورد- کورد ناوناوبانگی کورد لەکەدار باکات) جۆن بۆلتن، هەر لەو دیمانەیدا باس لە دوایین دیداری خۆی دەکات لەگەڵ سەرۆکی تورکیا دەڵێت باسی کوردانم بۆ دەکەرد، هەستم کرد ئەردۆغان نایەوێت گوێی لە ناوی کورد بێت، بەدەم خواردنەوە پێی وتم: (ڕاستیت ئەوێ ھیچ کوردێك باش نیە، ئەو کوردە باشە، کە لە ژیاندا نەماوەو مردوە!) ئەو شایەدیەی بۆڵتن لەسەر ئەردۆغان بەرامبەر بە کورد، دەبێت هەموو لایەک هۆشیار بکاتەوە، بەوەی ئەردۆغان دۆستی هیچ کوردێک نیە، تەنانەت ئەوانەشی کە هەمیشە داکۆکی لێدەکەن، ئەوەشیان دەگەڕێتە بۆ دیدی شۆڤینیانەی تورک بەرامبەر کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە، و ئەو دیدگایەی کە کۆماری تورکیای لەسەر دامەزراوە، کە بیروباوەڕی کەمالیستە کە خۆی لە ئینکاری بوونی کورد دەبینێتەوە. دەبێت ئەوە تێبگەین کە ڕەخنەکەی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیستمانی ئەمەریکا کە ئاڕاستەی کوردی کردووە لە جێگای خۆی بووە، چونکە دەمێکە دەبوو کورد بە سەرجەم پێکهاتە سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەردۆغانی بناسیایە، بۆڵتن، جوانی ئەردۆغان وەسفکردووە کە دەڵیت: (ئەو کەسێکی فاشستە و گرێی دەروونی لەگەڵ کورد هەیە). شایانی باسە کەسێک کە بیروباوەڕی فاشستانەی بەرامبەر میللەتێکی زیندوی وەک کورد هەبێت، نە هاوبەشی ئاینی و مەزهەبی، و نە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی، لە ڕەقی پەنگ کخواردووی ئەو کەسە بەرامبەر بە تێکڕای میللەتی کورد کەم دەکاتەوە، بەڵگەش شایەدیەکەی ئەو قسەیەی کە لای جۆن بۆڵتن کردوویەتی ( کوردی باش نیە...) ئێستا کاتێک پلانەکەی ئەردۆغان بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە، بە تایبەت لەوەی لە پلانی B ی دا، دەیەوێت شەڕی کورد و کورد هەڵگیرسێنێت، و لە هەرێمی کوردستان زەمینەی ئەو شەڕە هەیە، بە تایبەت ناکۆکیەکانی ئێستای نێوان پارتی و پەکەکە، کە مەترسی هەڵگیرسانی ئەو شەڕەی لێدەکرێت، دەبێت هەموو لایەک هەوڵی ئەوە بدەین ئەو خەونەی ئەردۆغان نەهێتەدی، و جارێکی دیکە کوردستان نەبێتە مەیدانی شەڕێکی وەها، کە بۆ کورد وێرانەی بەدواوە بێت، و شەڕەکەش دووژمنان و داگیرکەرانی پێی کەیف خۆش دەبن. هەروەها دەبێت لە وەڵامی ئەردۆغان هەموومان لەگەڵ یەکتر کوردی باش بین، کوردی باش ئەوەیە دژ بە ئەجێندای دووژمنان و داگیرکەران بووستێتەوە، و بۆ براکانی ببێتە پشت و پەنا، نەک پشت لە براکانی بکات و دەست لە ناو دەستی دووژمنەکەی بنێت.
کارۆخ خۆشناو بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بێت، دەتوانین بڵێین (جۆ بایدن) سەرۆکی ژمارە (46)ی ئەمریکایە، بابزانین (جۆ بایدن) کێیە؟ (جۆ بایدن) ناوی تەواوی (جۆزیف رۆبینێت بایدن جۆنیۆر)ە کاندیدی پارتی دیموکرات و رکابەری سەرسەختی (دۆناڵد ترەمپ) بوو بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئه‌مه‌ریكا کە لە رۆژی سێ شەممە رێکكەوتی (3/11/2020) بەڕێوەچوو، بایدن لە رێکەوتی (1942/11/20) لە شاری سکڕانتنی ویلایەتی پێنسلڤانیا لەدایک بووە، من چوار ساڵ لە شاری سکڕانتن ژیاوم و خوێندنی ماستەرم لە (زانکۆی مێری وود)ی ئەم شارەدا تەواو کردووە، زۆرینەی رەهای خەڵکی سکڕانتن (جۆ بایدن)یان خۆش دەوێت و لە هەر کەسێکیان بپرسیت باس لە زیرەکی و مرۆڤدۆستی و لیبڕاڵی و ئازادیخوازی ئەوت بۆ دەکەن، بایدن دکتۆرای لە یاسادا هەیە و ماوەی (47) ساڵ خزمەتی سێکتەری گشتی ئه‌مه‌ریكای کردووە، بەجۆرێک بۆ ماوەی (36) ساڵ سیناتۆر بووە بۆ ویلایەتی دیڵاوەر، هەروەها ماوەی (8) ساڵیش جێگری سەرۆک باراک ئۆباما بووە، جۆ بایدن لە ئێستادا تەمەنی (77) ساڵە و ئەگەر بتوانێت لەم هەڵبژارنەدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت و دۆناڵد تره‌مپ ببەزێنێت، ئەوا دەبێتە (46)مین سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا و بەتەمەنترین سەرۆکی هەڵبژێردراو لە مێژووی کۆشکی سپی ئه‌مه‌ریكادا. (جۆ بایدن) شارەزاترین کارەکتەری سیاسی ئه‌مه‌ریكایە بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و دۆزی کورد بەتایبەتی، جەنابی کاک (مەسعود بارزانی) له تازه‌ترین كتێبیدا بەناونیشانی (بۆ مێژوو) ئاماژه به خاڵێکی گرنگ دەکات، كه بایدن له ئه‌مریكا پێی گوتووە "له‌سه‌رده‌می من و تۆدا سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌بینین" بایدن ماوەیەکی زۆر بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەتی پیران (سێنات) بووە، جگە لەوەی لە سەردەمی ئۆبامادا بۆ دوو خول جێگری سەرۆک و بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە کۆشکی سپی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (24) جار سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستانی کردووە (چ وەک سیناتۆر یان وەک جێگری سەرۆک)، جۆ بایدن یەکێک بووە لە سیناتۆرە دەگمەنەکانی پارتی دیموکرات کە پشتگیری (بۆشی کوڕ)ی کرد بۆ روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی (2003) هەروەها خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە بۆ سێ هەرێم و یەکێک لە هەڵوێستە مێژوویەکانی (بایدن) بەرامبەر بەکورد ئەوکاتە بوو کە گوتی "بەتەنها شاخەکان هاوڕێی کورد نین بەڵکو ئێمەش هاوڕێی کوردین". ئەمڕۆ نزیکەی ساڵێک و مانگێک تێپەڕ دەبێت بەسەر داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ئەویش دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان (تره‌مپ و ئه‌ردۆغان) بوو کاتێک تره‌مپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئه‌ردۆغان هەڵکرد تاکو پڕۆسەی داگیرکارییەکە ئەنجام بدات، بەڵام ئەم هەڵوێستەی تره‌مپ هەردوو پارتەکەی ئه‌مه‌ریكا و کۆنگرێس و میدیا و شەقامی ئه‌مه‌ریكای تووڕە کرد و ئەم هەڵوێستەی تره‌مپ شەرمەزارکرا، لەبەرامبەردا جۆ بایدن گوتی "ئێمە هەرگیز وەک تره‌مپ پشت لەکورد ناکەین". پێگەی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكایە زۆر گرنگە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا، چونکە بە گوێرەی ماددەی دووی دەستوری ئه‌مه‌ریكا (سنوری دەسەڵاتی سەرۆک) زۆر فراوانە، واتە بە گۆڕانی سەرۆک سیاسەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكاش دەگۆڕێت، چونکە سەرۆک دەسەڵاتی ڕەهای ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەیە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت بە گۆڕانی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەیە بگۆڕێت، بەتایبەت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دا، بە جۆرێک ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و رێکكەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبکرێتەوە، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سووریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نيويورك تايمز New York Times)دا رایگەیاند "ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا، هاوکاری ئۆپۆزیسیونی تورکیا دەکەم بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر ئه‌ردۆغان" لە ئێستاشدا کە جۆ بایدن به‌ره‌و كۆشكی سپی به‌ڕێوەیە، گومان له‌وه‌دا نییه به چوونی بایدن هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ش ده‌گۆڕێن، ئه‌و هه‌ژمون و په‌لهاویشتنانه‌ی توركیا بۆ باشور و رۆژئاوای كوردستان و بۆ لیبیا و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له شه‌ڕی ئەزربێجان-ئه‌رمینیا و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ ئه‌وروپا و ده‌رودراوسێكانی، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه كه‌سییه‌كانی نێوان ئه‌ردۆگان و ترامپه‌وه بوو، چاوپۆشی ئه‌مریكا له شه‌ڕفرۆشتنه‌كانی توركیا له‌به‌ر بڕیاره تاكڕه‌وییه‌كانی ترامپ بوو، به هاتنی بایدن زۆرشت پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه. ئه‌و گوشارانه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران ره‌نگه ئاقارێكی تر بگرن و ئێران به هێزێكی كاریگه‌رتره‌وه بهێننه‌وه ناو هاوكێشه‌كان، پێویسته ئه‌مانه له‌به‌رچاو بگیرێن و چاوه‌ڕێ بكه‌ین، ره‌نگه زۆر رووداو به قازانجی کورد وەربچەرخێنەوە. شایەنی باسە دوای رێکەوتنی (سایکس بیکۆ) لە ساڵی (1916) خاکی کوردستان دابەشکرا بەسەر هەرچوار وڵاتی (عێراق-ئێران-تورکیا-سوریا)، تاکو ئێستاش ئه‌مه‌ریكا لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە داگیرکەرانەدا مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد دەکات، بۆیە چاوڕێ ناکرێت (بایدن) بەیەک چاو سەیری دۆزی کورد بکات لە هەرچوار پارچە، چونکە هەڵبژاردنی (بایدن) ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەک بێت و لە بەرژەوەندی پارچەیەکی تر نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوایە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی رۆژهەڵات نییە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە ئەگەری هەیە بایدن سزاکان لەسەر ئێران هەڵگرێت و رێكکەوتنی ئەتۆمی کارا بکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە بە دۆزی کورد، بەڵام دەبێت ئەو حەقیقەتە بزانین کەوا هەمیشە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئه‌مه‌ریكا (پێودانگ)ی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا. *سەرۆکی ئینستیتوتی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)ٚٚ
سەركۆ یونس نرخی نەوت بەهۆی دەرئەنجامەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ نزمترین ئاست دابەزی و ئابوری ودارایی ئەو وڵاتانەی كە نەوت پێكهێنەری بودجەو داهاتی نەتەوەییانە تووشی گەورەترین مەترسی بوونەوەو وڵاتێكی وەك عێراق لەدوو مانگی ڕابردوودا نەیتوانی لەكاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بدات و ناچار پەنای بردووەتە بەر قەرزكردن. ئابوری عێراق بەهۆی دەرهاویشتەكانی كۆرۆناو سنورداركردنی هەناردەی نەوت لەلایەن ڕێكخراوی ئۆپێك پڵەسەوە توانای دارایی كەمی كردوە و لەئێستادا سەرەڕای نەبوونی یاسای بودجەو حكومەت داوای قەرزی زیاتر لە پەرلەمان دەكات. لەلایەكی ترەوە بەهۆی زۆری خەرجیەكانی حكومیەوە بەگشتی و خەرجی بەگەڕ بەتایبەتی كەمانگانە تەنها بۆ مووچە پێویستی بەنزیكەی (5) ترلیۆن و چوار سەد ملیار دینار هەیە . حكومەتی عێراقی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ هەریەكە لە ئەردەن و میسر چەندین ڕێكەوتنیان ئیمزا كردوە لە بوارەكانی ووزە و خزمەتگوزاری وبازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان كە تێدا عێراق نەوت دابین دەكات بۆ ئەردەن و میسر بەنرخێكی ڕەمزی و لەبەرامبەردا هەریەكە لەو وڵاتانە خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن بە عێراق. لەیەكێك لەبەندەكانی رێكەوتنەكەدا هاتووە پێویستە عێراق هێڵی بۆری نەوت بۆ ئەردەن ڕابكێشێت و نەوتی پێویست بۆ ناوخۆی ئەردەن بەنرخی گونجاو دابین دەكات كەنزیكەی (150)هەزار بەرمیل ڕۆژانە بۆ پاڵاوگەی (زەرقا‌و) و پاشان ئەگەر پێویست بێت لەو هێڵەوە عێراق دەتوانێت نەوتەكەی هەناردەی بازاڕەكانی تر بكات لە سنورەكانی ئەو وڵاتەوە و لەئایندەدا نەوت لەو هێڵەوە بگاتە میسر. لەحاڵەتی ئاسایدا و بۆ جێ بەجێكردنی ئەم پرۆژەیە پێوستی بە (3 بۆ 5) ساڵ هەیە و بەتێچوونی زیاتر لە (8) ملیار دۆلار. یەكێك لەسوودەكانی ئەم هێڵە نەوتیە ئەوەیە كە عێراق سەرچاوەی هەناردەكردنی دەبێت بە سێ سەرچاوە لەهەر حاڵەتێكی ناسەقامگیری سیاسی نێوان عێراق و توركیا ئەمە دەبێتە جێگرەوەی هێڵی بوری نەوتی جیهان و دەریای ناوەڕاست. لەلایەكی ترەوە میسر پێویستی بە نەوتی هاوردەكراو هەیە بۆ پێویستی ناوخۆ و كەرتی پیشەسازی دەتوانێت لەڕێگەی (عەقەبە)وە كەئاسان و خێراتر دەبێت وەك سەرچاوەكانی تری هاوردەكردن، دەتوانن لەئایندەدا وێستگەی پاڵاوتنی نەوت دابمەرزێنن ئەمەش بەهایەكی بەرزی زێدە دەخاتە سەر ئابوری هەردوو وڵات و دەرفەتی هەلی كاری نوێ و پاڵپشتێكە بۆ گەشەپێدانی زیاتری ئابوری میسر. یەكێكی تر لە بەندەكانی ئەم ڕێكەوتنە ڕاكێشانی هێڵی كارەبایە لەنێوان هەرسێ وڵات‌دا و زیاتر لەم لایەنەوە خواستی عێراق لە كارەبا دابین بكرێت و لەكاتی پێویستیدا ئاڵوگۆڕ بكرێت. شایانی باسە ئەم ڕێكەوتنە كەرتەكانی تری ئابوری و خزمەتگوزاری پەروەردە و كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشەسازییش دەگرێتەوە. لەبواری پەروەردە دەرفەتی هاریكاری هاوبەش لەلایەنی دابینكردنی كتێبخانەی دیجیتاڵی و پێشخستنی تاقیكردنەوەی ئەلیكترۆنی لەنێوان هەر سێ وڵات‌دا خراوەتە ڕوو. لەبواری كەرتی كشتوكاڵدا هەندێ پێشنیاری هاوكاری جیاواز پێشیناز كراوە لەوانە پرۆژەی تۆوی كشتوكاڵی و ئاڵوگۆری شێوازەكانی هاوكاری جوتیاران. لەلایەنی كەرتی بازرگانی و پیشەسازییەوە دەرفەتی هاریكاری و پشتیوانی گرنگ هەیە لەلایەنی بازرگانی جۆراوجۆر و ئاڵوگۆری شمەك و كاڵا‌و دامەزراندنی وێستگەی جیاكاری و لەقوتونانی بەرهەمەكشتوكاڵییەكان و هاوكاری لە پیشەسازییە جۆراوجۆرەكانی تردا. هەموو ئەم هەنگاوانەی عێراق بۆ دەربازبوونە لە ئابوری تاكجەمسەری نەوت و هەوڵدانە بۆ كردنەوە و دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات و بەدەستهێنانی پاڵپشتی سیاسی و هەرێمایەتی بۆ حكومەتەكەی كازمی ئەژمار دەكرێت و هەوڵدانێكی عەرەبییانەیە بۆ خۆ دوور خستنەوە لە هەیمەنەی ئابوری وسیاسی ئێران. ئەوەی جێگای سەرنجە لەم ڕێكەوتنە گرنگی نەدانە بە بەرهەمی ناوخۆی عێراق و لەكاتێكدا بەپێی ڕێكەوتنەكە عێراق باجی گومرگی لەسەر نزیكەی (371) كاڵای ئەردەنی لادەبات لەكاتێكدا ئەردەن تەنها (80) جۆر كاڵا بەرهەم دەهێنێت ئەمەش مانای تێكەڵكردنی كاڵای بیانی دێت لەگەڵ كاڵای ئەردەنی و لەبەرژەوەندی بازرگانەكانی ئەو وڵاتەیە و لەزیانی ئابوری عێراقە.. ئەمە لەكاتێكدا نزیكەی (5) ملیۆن دەستی كار لەعێراقدا بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن و ڕێژەی بێكاری بۆ (40%) بەرزبووەتەوە و ڕێژەی (31.7%) دانیشتوانی عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن! هەروەها بەپێی بەندەكانی ڕێكەوتنەكە ڕێگە دەدرێت بە كرێكارانی میسری بچنە ناو بازاڕەكانی عێراقەوە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی كرێی كرێكار لەناوخۆی عێراق و چونكە كرێكاری میسری ئامادەن بەنیوەی كرێی ڕۆژانە كار بكەن. ئەوەی تێبینی دەكرێت عێراق بەم بارودۆخە خراپەی ئابوری و داراییەوە لەوانەیە نەتوانێت ناوەڕۆكی ئەم ڕێكەوتنە سێقۆڵییە جێ بەجێ بكات و چونكە نەپارەی پێویستی لەبەردەستایە و نە ژینگەی سیاسی ناوخۆیی عێراق لەبارە بۆ ئەم پرۆژەیە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە عێراق نزیكەی (125) ملیار دۆلار قەرزاری ناوخۆ ودەرەكییە و هێشتا داوای ڕێگەپێدانی بڕی (41) ترلیۆن دینار قەرزی تر دەكات بۆ پێدانی مووچە و خەرجییە پێویستیەكانیان.!!
عارف قوربانی به‌ڕێز بارزانی، ده‌مه‌وێ وته‌یه‌كی به‌هه‌شتی مه‌لا مسته‌فاتان به‌یاد بهێنمه‌وه كه له كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌نیدا كاتێ رووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره‌یان كردۆته‌وه بۆچی رێگه‌تدا شه‌ڕ له‌نێوانی شۆڕش و حكومه‌تی عیراقی دروست بێته‌وه؟ به‌و جۆره وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه (خا عه‌لیمه من قینم له‌شه‌ڕ ده‌بێته‌وه، چونكه شه‌ڕ خراپترین رێگایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر كێشه‌یه‌ك. به‌ڵام به‌عس هیچ رێگه‌یه‌كی له‌به‌رده‌ممان نه‌هێشتبووه‌وه جگه له ده‌ستبه‌رداربوونی كه‌ركوك بۆیان، منیش بڕیارمدا ئه‌و رێگه‌یه هه‌ڵبژێرین ئه‌گه‌ر هه‌مووشمان تیا بچین، چونكه نه‌مده‌ویست سبه‌ی كه مردم خه‌ڵك به‌ته‌نیشتی گۆڕه‌كه‌مدا بڕۆن و نه‌فره‌تم لێبكه‌ن بڵێن بۆچی ده‌ستبه‌رداری كه‌ركوك بوویت ). به‌ڕێز كاك مه‌سعود ده‌زانم نیگه‌رانی له جموجۆڵ و په‌لهاویشتنه‌كانی په‌كه‌كه بۆ ناو قوڵایی باشوری كوردستان، ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه رۆژ له‌دوای رۆژ جوگرافیاكه‌ی ئێوه به‌و هۆیه‌وه به‌رته‌سكتر ده‌بێته‌وه. مه‌علومیشه كه هه‌ندێ ناوچه‌كانی بادینان ته‌نها شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان به‌ده‌ستی حكومه‌ت و قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ئێوه‌وه ماوه‌ته‌وه. هه‌موو جیهانیش چاویان له له‌شكركێشییه‌كانی سوپای توركیا هه‌یه به شوێنی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌وه. ئه‌ردۆگانیش نه‌ك نه‌یشاردۆته‌وه به روون و راشكاوانه ده‌یڵێت په‌كه‌كه له‌كوێبن بۆیان ده‌چین و تازه‌ترین لێدوانیشی ئه‌وه‌بوو كه ده‌ڵێت له‌هه‌ر شوێنێكیش خوێنی سه‌ربازێكمان برژێت ئه‌وێ خاكی ئێمه‌یه. توانا‌و ئاستی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازیی توركیا و نابه‌رانبه‌ری هێز له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه، ئه‌گه‌ر پێش به‌شه‌ڕ نه‌گیرێت ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ هه‌موو لایه‌ك روونه. له‌وه‌ش رونتر ئه‌وه‌یه كه توركیا‌و ئێران نایانه‌وێ كوردستان سه‌قامگیربێ، له‌دوای دانانی بنكه‌ی دژه‌موشه‌كو بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكاشه‌وه له هه‌ولێر، ئێران خوازیاری هه‌لومه‌رجێكه به ئه‌مریكا بڵێت له هه‌رێمیش جێت نابێته‌وه. هه‌موو ئه‌مانه ئه‌وه ده‌هێنن هه‌ڵوه‌سته‌ی جدییان له‌باره‌وه بكرێت و به‌دوای رێگاچاره‌یه‌كدا بگه‌ڕێین كه رێگه له داگیركاریی و وێرانبوونی هه‌رێمه‌كه‌مان بگرێت. به‌ڵام وه‌ك به‌هه‌شتی مه‌لا مسته‌فا فه‌رمویه‌تی شه‌ڕ خراپترین رێگایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. هێشتا رێگه‌ی تر ماوه بۆ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه نه‌كرێته‌وه رێگه‌ی شه‌ڕ بگیرێته‌به‌ر. به‌ڵام ئه‌و ره‌وشه‌ی ئێستا له باشوری كوردستان ده‌گوزه‌رێت رۆژ له‌دوای رۆژ له چركه‌ساتی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی نێوان براكان نزیكترمان ده‌كاته‌وه. تۆ نابێت هیچ ئه‌وه‌ت بیر بچێته‌وه له‌ژێر فه‌رمان و سه‌ركردایه‌تی جه‌نابتان بۆ یه‌كه‌مینجار له‌مێژوویی میلله‌تی ئێمه‌دا له‌شه‌ڕی رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆری داعش و بۆ پاراستنی جوگرافیای باشوری كوردستان له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا خوێنی رۆڵه‌ی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان تێكه‌ڵ به‌یه‌ك بوون. گه‌ریلایه‌كی ئامه‌د و پێشمه‌رگه‌یه‌كی هه‌ولێر و شه‌رڤانێكی قامیشلۆ و شۆڕه‌سوارێكی مهاباد به‌یه‌ك گوولله تۆپی داعش و له‌ناو یه‌ك سه‌نگه‌ردا پێكه‌وه شه‌هید بوون، ده‌بێت ئه‌م شانازییه‌تان به پارێزراویی له‌مێژوودا بهێڵننه‌وه. ده‌بێت هه‌ر خۆشت پارێزه‌ری ئه‌وه‌بیت نه‌هێڵیت ئه‌م گیانبازانه‌ی نیشتمان ئه‌م هه‌موو كچ و كوڕه گیانفیدایه‌ی كوردستان ده‌ستبخه‌نه خوێنی یه‌كترییه‌وه. هێشتا له زهنیه‌ت و له‌پێشچاوی جیهان وێنای تۆ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌یه كه سه‌ركردایه‌تی مه‌یدانی جه‌نگی داعشی كرد، ئه‌و جه‌نگه‌ی جیهان به مه‌ترسی بۆ سه‌ر مرۆڤایه‌تی وێنایان كردبوو. به‌هیچ جۆرێك نابێت له‌دوای ئه‌م ناو و ناوبانگه رێگا بده‌یت ئه‌م وێنایا بگۆڕێت و سبه‌ی به‌و جۆره بچیته مێژووه‌وه بڵێن سه‌ركردایه‌تی جه‌نگی براكانی كرد. كاك مه‌سعود مێژووی سه‌ركرده گه‌وره‌كانی جیهان بریتییه له هه‌ڵوێسته‌كانیان. له دیرۆكی میلله‌تی ئێمه‌دا كه‌من ئه‌و سه‌ركردانه‌ی به‌و جۆره چوونه‌ته مێژووه‌وه كه خاوه‌ن هه‌ڵوێستی خۆیان بوون و وابه‌سته‌ی ده‌وڵه‌تان نه‌بووبن. تۆ له گشتپرسی سه‌ربه‌خۆییدا ئه‌وه‌شت بۆ هه‌موو دونیا سه‌لماند جگه له پیاوی میلله‌ته‌كه‌ی خۆت پیاوی كه‌سێك نه‌بوویت. فه‌لسه‌فه‌یه‌كی چه‌سپاو هه‌یه ده‌ڵێت (به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وت چه‌ند گرنگه، پارستنی گرنگتره). ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی ئێوه بۆ ناو مێژوو مانه‌وه‌یان وه‌ك سه‌روه‌ریی و شانازیی بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو ئه‌وه‌تان لێده‌خوازێت له ئاستی رووداو و پێشهاته‌كانی ئێستا‌و داهاتوودا به‌دڵێكی زۆر كراوه‌تره‌وه به‌ره‌و رووی هه‌موو كێشه‌كان بچیت. ئێوه له تازه‌ترین كتێبتاندا بۆ مێژوو، ئاماژه به خاڵێكی گرنگ ده‌كه‌یت كه بایدن له ئه‌مریكا پێی وتویت له‌سه‌رده‌می من و تۆدا سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌بینین. ئه‌م رۆژانه‌ی ئه‌م نامه‌یه بۆ جه‌نابتان ده‌نێرم و مه‌ترسی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی كورد به كورد ده‌كرێت، جۆ بایدن به‌ره‌و كۆشكی سپی به‌ڕێوه‌یه. هیچ گومانێكیش له‌وه‌دا نییه به چوونی بایدن هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ش ده‌گۆڕێن، ئه‌و هه‌ژمون و په‌لهاویشتنانه‌ی توركیا بۆ باشور و رۆژئاوای كوردستان و بۆ لیبیا و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له شه‌ڕی جۆرجیا و ئه‌رمینیا و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ ئه‌وروپا و ده‌رودراوسێكانی، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه كه‌سییه‌كانی نێوان ئه‌ردۆگان و ترامپه‌وه بوو، چاوپۆشی ئه‌مریكا له شه‌ڕفرۆشتنه‌كانی توركیا له‌به‌ر بڕیاره تاكڕه‌وییه‌كانی ترامپ بوو. به هاتنی بایدن زۆرشت پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه. ئه‌و گوشارانه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران ره‌نگه ئاقارێكی تر بگرن و ئێران به هێزێكی كاریگه‌رتره‌وه بهێننه‌وه ناو هاوكێشه‌كان. پێویسته ئه‌مانه له‌به‌رچاو بگیرێن و چاوه‌ڕێی زه‌مه‌ن بكه‌ین ره‌نگه زۆر رووداو به قازانجی ئێمه بگۆڕێت. دابه‌زینی به‌های دراوی توركی، لاوازبوونی پێگه‌ی ئه‌ردۆگان و جیابوونه‌وه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ناو حیزبه‌كه‌ی، ئه‌گه‌ری كراوه‌ن بۆ گۆڕینی هاوكێشه‌كانی ناو توركیا و كێ ناڵێت دوای دوو ساڵی‌تر دۆخی توركیا به‌جۆرێك نابێت په‌كه‌كه بچێته‌وه ناو باكوری كوردستان؟ ئه‌وه‌ی له ئێستایا گرنگه دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی شه‌ڕی نێوان كورده‌كانه ئیتر له هه‌ر حیزب و به‌ره‌و پارچه‌یه‌كی كوردستان بن. راسته كورد ده‌ڵێت چه‌پڵه به‌ده‌ستێك لێ‌نادرێت، ئه‌گه‌ر شه‌ڕ پێویستی به ته‌نها كه‌سێك بێت بۆ هه‌ڵگیرساندنی، به‌ڵام ئاشتی پێویسته به دوو كه‌سه. بۆ چه‌سپاندنی ئاشتیش وه‌ك به‌رپرسیارێتییه‌كی دوو لایه‌نه ده‌بێت په‌كه‌كه‌ش ئه‌و راستیانه له‌به‌رچاو بگرێت و ئه‌ویش به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی به‌رپرسیارێتی ئێوه، له خه‌می دورخستنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕدابن. به‌ڵام جه‌نابتان ده‌توانن رۆڵی له‌وه گه‌وره‌تر بگێڕن و دڵنیایی ئه‌وه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن كه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیش ئێستا ئاسان نه‌بن، به‌ڵام رێگه‌ی ئاسان بۆ دواخستنیان بدۆزنه‌وه. به‌ڕێز كاك مه‌سعود ئێستا كاتی موباده‌ره‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه، خۆ ئه‌گه‌ر بووترێت چۆن له‌دۆخی مه‌ترسیداری وادا ده‌رفه‌تی ئه‌و لێكگه‌یشتنه دروست ده‌بێت؟ ئه‌وه ده‌بێت ئه‌و راستیه له‌به‌رچاو بگرین كه كورد رێك و ته‌بابن، كۆنگره‌یی نه‌ته‌وه‌ییمان بۆچییه. ئامانج له كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و رێگایانه‌یه كه به‌ره‌و ته‌بایی و برایه‌تی ده‌مانبه‌ن. ده‌بێت كۆنگره‌یی نه‌ته‌وه‌یی ئامانج و شێوازی خه‌بات و جوگرافیای تێكۆشانی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌كی پارچه جیاجیاكان و جۆری هه‌ماهه‌نگی و هاوخه‌باتی نێوان پارچه‌كانی كوردستان دیاری بكات. موباده‌ره‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه ده‌توانێ تارمایی شه‌ڕ و مه‌ترسیی به‌ریه‌ككه‌وتن دوربخاته‌وه. میلله‌ته‌كه‌مان له رابردوودا قوربانی زۆری به‌خشیووه، ئازار‌و مه‌ینه‌تی و ماڵوێرانی زۆری به‌سه‌ر هاتووه، ئێستاش به‌هۆی ناسه‌قامگیریی ئابوریی، خه‌ڵك له دۆخێكی ده‌روونی زۆر خراپ‌دا ده‌ژین، ناكرێت به‌و حاڵه‌شه‌وه دودڵ و نیگه‌رانی مه‌ترسییه‌كی تری ماڵوێرانكه‌ر بكه‌ن. بۆیه دڵنیابه خه‌ڵكی كوردستان و تێكۆشه‌رانی رێبازی راسته‌قینه‌ی كوردایه‌تی له‌هه‌ر حیزب و پارچه‌یه‌كی كوردستان بن، چاوی ئومێدیان له هه‌نگاو بڕیاری ئێوه‌یه دڵنیایی ئه‌وه‌یان بۆ دروست بێت كه لانی كه‌م براكان ده‌ستیان ناچێته خوێنی یه‌كتری.
