Draw Media

کورد بەرگەی شەڕێکی دیکەی ناوخۆ ناگرێت

کورد بەرگەی شەڕێکی دیکەی ناوخۆ ناگرێت

2020-10-27 07:50:19


 هیوا سەید سەلیم

  لە هەرێمی کوردستان ئاماژەکانی سەرهەڵدانی گەرێکی دیکەی شەڕی ناوخۆ دەرکەوتوون، دوو لایەنی سیاسی دەمێکە ناکۆکیەکانیان هێندە تەشەنەی سەندووە گەیشتۆتە لێواری تەقینەوە.
 دەمێکە پارتی دیموکراتی کوردستان  پێی وایە بوونی هێزەکانی پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ناشەرعیە، بوونی ئەوان شەرعیەت دانە بە هاتنی سوپای تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا پەکەکە پارتی بە هاوکاریکردنی سوپای تورکیا تۆمەتبار دەکات، و دەڵیت پارتی لە هێرش بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان کارئاسانی و چاوساغی بۆ لەشکری تورکیا دەکات.
ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و پەکەکە زۆرن، ئەوەی تا ئێستا خاڵی هاوبەشیان بووە ئەوە بووە کە نەیگەیەنە مریشکە ڕەشە،  و دۆخەکە بە ئاڕاستەی گەڕێکی دیکەی شەڕی ناوخۆ نەچێت، بەڵام وا بڕوات دۆخی نەشەڕ و نە ئاشتی تا سەر بەردەوام نابێت، بگرە بە دۆخەی کە هەیە لە هەر ساتێکدا مەترسی شەڕ لە ئارا دەبێت.
ناکۆکی سیاسی و تۆمەتبارکردنی یەکتری و شەڕی ڕاگەیاندن لە نێوان پارتی و پەکەکە، لە هەمووشی خرابتر بوونی دوو هێزی چەکدار کە زۆر شوێنی ناوچە سنووریەکانی هەرێمی  کوردستان سەنگەریان لێک گرتووە مایەی مەترسیە.
بەڵام لە بەرامبەر ئەو دۆخەشدا دەبێت ئەوەش بزانین کە کورد و هەرێمی کوردستان بەرگەی گەڕێکی دیکەی شەڕی کورد و کورد ناگرێت، دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستان وەک گورگی برسی چاویان بڕیوەتە ئێمەی کورد، تا لەهەر دەرفەتێکدا پەلامارمان بدەن و خاکمان بە تەواوی داگیر بکەن، ئەزموون و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لەبارببەن.
هەموو لایەک دەزانین ئەردۆغان، یەکیکە لەو دووژمن و نەیارانەی کورد،  کە خەون بەو رۆژەوە دەبینێت کە دەستی کورد بچێتە گیانی براکەی، دەبێت لەوەش دڵنیا بین کە ئەگەر خوانەخاستە ئەوە رووبدات ئەوسا ئەویش تەنیا بینەر نابێت، بگرە وڵاتەکەی کارکتەرێکی سەرەکی شەڕەکە دەبێت، وەک چۆن ئێستا لە چوراچێوەی ئۆپڕاسیۆنی دەرەوەی سنوور سوپاکەی بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە، ئەوساش بۆ خۆشکردنی ئاگری شەڕەکە هەر کارێک دەکاتکە مەبەستی بێت. ئەردۆغان ئەگەر لە  کێشەکانی ئەو سەری دونیا خۆی بۆ نەگیرێت و دەستوەردان بکات،  قابیلە لەبەرامبەر شەڕی کورد و کورد بێلایەن بێت؟
لە لایەکی دیکەوە بە هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی، شەرعیەت دەدرێتە هێزەکانی عێراق کە هێزی خۆی بگەڕێنێتەوە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، ئەویش بە بیانووی پاراستنی سنوور، وەک ئەوەی لەو دواییە لە ناوچەی حەفتانین بینیمان، ئێرانیش بەهەمان شێوەی تورکیا و عێراق زۆری مەبەستە ناوچەکە لەوە زیاتر ئاڵۆزتر بێت .
لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی کێشە کەڵکە بووەکانی خەڵک، لە بێ مووچەیی، و بێ بازاڕی،  دەرد و بەڵای پەتای کۆڕۆنا،  کە رۆژانە دەیان کەس دەبنە قوربانی و سەدانیش تووشی ئەو پەتایە دەبن، وا بڕوات دەبێت دەزگا تەندرووستیەکان سەلامەتی خەڵک بدەنە دەست قەدەری چاکبوونەوە یان مردن، هەرێمی کوردستان بەرگەی شەڕ و ناکۆکی ناگرێت. 
بۆیە پێویستە بووترێت لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ناوخۆیی کە رووی لە ناوجەکە کردووە، پێویستە هەرچی زووە کۆتایی پێبهێنرێت بە گرژەی و ناکۆکیەکانی  نێوان پارتی و پەکەکە ، ئەویش بە هەوڵی دڵسۆزانەی ناو ئەو دوو لایەنەوە و خەڵک و لایەنی دیکە دێتەدی.
پاراستنی کوردستان لە شەڕی نەگریسی ناوخۆ،  ئەمرۆ ئەرکێکی نیشتمانیانەی هەر تاکێکی کوردستانە، بە پێچەوانەوە ئەزموونی تاڵی رابردووە،  کە بە داخەوە کورد تا ئێستا فێرنەبووە دەرس لە ڕابردووی خۆی وەرگرێت،  ئەوەمان پێدەڵیت کە شەڕی ناوخۆ ئاوکردنە لە ئاشی دووژمنان جا هەر کەس و لایەنێک دەستی بۆ ببات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand