كازمی و ماره‌كان و قه‌یرانه‌كان
2020-10-28 10:22:34
عەدالەت عەبدوڵا
ئه‌گه‌رچی هه‌ڵبژێردراو‌ی ناچارانه‌ی هێزه شیعییه‌كانه و قبووڵكراوی نوێنه‌رانی سیاسیی هێزه سوننییه‌كانه و پشتیوانیكراوی هێزه كوردییه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عیراق رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ره‌كانی (تحدیات)ی سیاسی و ئابووریی و ئیداریی سه‌خت بۆته‌وه كه مه‌ترسین بۆسه‌ر ئه‌گه‌ری جێبه‌جێكردنی ئه‌و كارنامه‌یه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه بۆ عیراقییه‌كانی راگه‌یاند.
راسته ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئێرانییه‌كان و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌كه‌ش پێشوازییان له سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌و بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق كرد و له‌دژی نه‌وه‌ستانه‌وه، به‌ڵام دیسانه‌وه، له‌م ئاسته‌شدا، واته له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌كی، دووچاری كۆمه‌ڵێك به‌ریه‌ككه‌وتنی گه‌وره و ململانێی گڕگرتوو بۆته‌وه كه تیایاندا عیراق به‌چڕی بۆته یه‌كێك له گۆڕه‌پانه‌كانی یه‌كاڵاكردنه‌وه‌یان و سه‌رزه‌مینی بۆڕبۆڕێنێكی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وتۆ كه ده‌وڵه‌تی عیراق نه ده‌ره‌قه‌تی بێت و نه توانای كۆنترۆڵكردنیانی هه‌بێت و نه بشتوانێت هاوسه‌نگییه‌كیان له نێواندا رابگرێت كه وڵات له پڕیشكی زیانه‌كانی دووربخاته‌وه و بپارێزێت.
كازمی ئه‌مڕۆ وه‌ك زۆر سه‌رۆك وه‌زیرانی تری عیراق، به‌ئاشكرا له‌ناو به‌رداشی ململانێی ئه‌مریكا و ئێراندایه، له‌و نێوانه‌شدا له‌سه‌رێتی كه به‌هه‌ر نرخێك بێت، باڵانسێك ره‌چاوبكات كه تائێستا سه‌خته و نه‌هاتۆته‌دی.
كازمی له نوێترین لێدوانی‌دا بۆ رۆژنامه‌ی گاردیان -ی به‌ریتانی، وه‌ك جۆرێك له گوزارشكردن له ته‌ڵه‌زگه و هه‌ڵڕشتنی خه‌می قووڵی خۆی، به ده‌ق ده‌ڵێت:
I dance with the snakes daily and look for a flute to control them «، واته «من رۆژانه له‌گه‌ڵ ماره‌كاندا سه‌ما ده‌كه‌م! به‌دوای شمشاڵێكیشدا ده‌گه‌ڕێم تاوه‌كو له‌رێگه‌یه‌وه، ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرم!».
ئه‌م ده‌ربڕینه، گوزارشته له‌و راستییه ساده‌یه كه كازمی ترسی گه‌وره‌ی له‌وه هه‌یه كه خۆی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران و عیراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت، دواجار به‌ر پێوه‌دان و ژه‌هری (ماره پێكناكۆكه‌كان) بكه‌ون و له‌و نێوانه‌دا ببنه قوربانییه‌كی به‌رده‌وام!.
جگه له‌وه، ئه‌مڕۆ پاشه‌كشه‌ی عیراق به‌هۆی قه‌یرانی ئابووریی و قه‌رزه‌كانییه‌وه، به‌ئاشكرا ده‌بێته هۆی لاوازكردنی پێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و به‌رپرسانی، بگره ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كیی زیاتریش له كاروباری ناوخۆی عیراقدا، جا چ ده‌ستێوه‌ردانی ئێرانی بێت، یان ئه‌مریكایی و وڵاتانی تری ناوچه‌كه‌ش.
گه‌شته دیپلۆماسییه‌كه‌ی كازمی بۆ فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا، به روونی دیاره كه وه‌ك په‌نابردنه بۆ ده‌روویه‌ك، بۆ لایه‌نی سێیه‌م له‌ناو هاوكێشه‌ی هێزه به‌ریه‌ككه‌وتووه‌كاندا به‌رامبه‌ر به پرۆسه‌ی سیاسیی عیراق، ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ش بگه‌یه‌نێت كه هێشتا عیراق ده‌رفه‌تی مانۆڕی هه‌یه و بژارده‌ی تریش له‌ئارادایه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نها بۆ جۆرێك له خۆلادانیش بێت له به‌رداشی ململانێكانی نێوان واشنتۆن – تاران!.
ئێستا زیاتر ساغبۆته‌وه كه شاده‌ماری ئابووریی عیراق، كه په‌یوه‌سته به ئابوورییه‌كی ره‌یعی Economic Rent و فرۆشتنی نه‌وته‌وه، ئابوورییه‌كی فشۆڵه و مومكینه له‌هه‌ر قۆناغێكدا بێت، كارنامه‌ی ده‌وڵه‌تدارێتیی زۆر سه‌رۆك وه‌زیران له وڵات‌دا په‌ك بخات.
نه‌وت كه له بازاڕه‌كانی جیهاندا به‌هۆی كۆرۆناوه نرخی داده‌به‌زێت، له‌گه‌ڵیدا وزه و وره‌ی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی عیراقیش زیاتر دێته خواره‌وه و ئه‌ڵته‌رناتیڤی خێرا‌و كاتییش له‌ئارادا نییه. له‌ولاشه‌وه كورتهێنانی ترسناك له بودجه‌ی ساڵانه‌ی وڵات‌دا گورزێكی گه‌وره‌یه له پێگه‌ی مه‌عنه‌ویی كازمی و كابینه‌كه‌ی، هاوكات دواكه‌وتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت به‌بۆنه‌ی قه‌یرانی دارایی و كێشه‌ی كلیدۆری یاسایی بۆ وه‌رگرتنی قه‌رزی ده‌ره‌كی، به‌ربه‌ره‌كانێیه‌كی تره‌و یه‌خه به ته‌گبیری سه‌رۆك وه‌زیران ده‌گرێت.
ئه‌مڕۆ ئیتر به‌ئاشكرا قه‌یرانه‌كانی عیراق، مسته‌فا كازمیی سه‌رۆك وه‌زیرانیان ناچاركردووه كه به‌هه‌ر نرخێك بێت، واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له عیراقدا بچه‌سپێنێت و نه‌هێڵێت هیچ كۆسپێكی بخرێته‌ڕێ.
هۆكارێكی راسته‌قینه‌ی كاركردنه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م بژارده‌یه كه له‌كارنامه‌كه‌شیدا هاتووه، ده‌ركه‌وتنی راستییه تاڵه‌كانه!.
كازمی له‌ماوه‌ی ته‌نها چه‌ند مانگێكی فه‌رمانڕه‌واییدا بۆی روون بۆته‌وه كه كۆمه‌ڵێك بڕگه‌ی سه‌ره‌كیی كارنامه‌كه‌ی به‌شێوه‌ی دڵخوازی ئه‌و ناچنه پێشه‌وه، گه‌نده‌ڵی له عیراقدا به‌ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێت و وه‌ك تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌یی به‌ناو وڵات و دامه‌زراوه‌كانیدا بڵاوبۆته‌وه و بۆی ده‌ركه‌وتووه كه ئاسان نییه هه‌موو گروپه چه‌كداره‌كان و میلیشیاكان پابه‌ندی یاساكانی ده‌وڵه‌ت و داوه‌رییه‌كانی بكات.
هه‌روه‌ها ناتوانرێت كه ته‌واوی ده‌روازه سنوورییه‌كان چ له باشووری وڵات و چ له ناوه‌ڕاست و هه‌رێمی كوردستانیش به وردی بخرێنه ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌وه و قاچاخچێتی و به‌تاڵانبردنی پاره و داهاتی وڵاتیان تێدانه‌هێڵرێت. له‌وانه‌ش خراپتر، تائێستا زۆربه‌ی داواكاریی خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ نه‌كراون.
ئه‌وه‌تا له‌ساڵیادی خۆپیشاندانه‌كاندا، سه‌رله‌نوێ، له چه‌ندین پارێزگای عیراقدا ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان ده‌ستیانپێكردۆته‌وه، ته‌واوی ئه‌م به‌ره‌به‌ره‌كانییانه‌ش، له‌كۆتاییدا وا ده‌رده‌كه‌ون كه له‌توانای ئه‌جێنداو چاره‌سه‌ره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ده‌ربن، ئه‌م به‌ربه‌ره‌كانی و ئاسته‌نگانه‌ش به‌گشتی قۆناغی ئێستا و داهاتووی عیراقیش به ته‌مومژی و بارگاوی به‌قه‌یران، ده‌هێڵنه‌وه.