مام، ڕێنوێن و ئاسانکار
2020-10-25 20:34:10
ئەرسەلان بایز
کــۆڵــە پــشـــت (4)
تازە (ڕەگ) لە لەندەن ڕاگەیەنرا بوو، سایدی (کوردستان پۆست) ئاگری دەکردەوەو تەڕو وشکی پێکەوە دەسوتاند. ڕۆژانە بە لێشاو جنێوی سووکی دەخستە بازاڕەکانی سیاسەت و ساغی دەکرەوە. ڕێکخستنەکانی دەرەوەی وڵات بەیەکدا دەهاتن و کەوتبوونە لێواری خۆ ساغ کردنەوە بەلای بۆچوونەکانی (ڕەگ) یان مانەوەیان لە ڕیزەکانی (ی.ن.ک). پڕوپاگەندە دژی (مام جەلال) و هەندێ لە داوو دەزگاکانی (ی.ن.ک) وەکو ئاگر زمانەی گەیشتبووە کەشکەلانی فەلەک. سەرجەم ڕێکخستنەکانی (ی.ن.ک) و کۆمەڵانی خەڵک گوێ قولاغی هەنگاوەکانی تری ڕاگەیاندنەکەی (ڕەگ) بوون.
کۆبوونەوەکانی (مەکتەبی سیاسی) وەکو جاران بە هێمنی نەدەڕۆیشت و ئاسایی نەبوو. جار جارە گفتوگۆی توندو قسەی بەرزو نزمی تێدا دەکرا. دەنگۆی ئەوە بڵاو دەکرایەوە کە (مام جەلال) هەموو سەرە داوەکانی (ی.ن.ک)ی بە پەنجەکانی خۆی بەستاوەتەوەو دەرفەتی هەناسەدانی کەسی نەهێشتۆتەوە. ئا لەو کاتانەدا ڕۆژێک (مام جەلال) کاک (مستەفای سید قادر)و (بەندە)ی بانگ کرد. شیاوی باسە (مام جەلال) خۆشەویستی و ڕێزێکی زۆری بۆ کاک (مستەفا) هەبوو. (مام) لێی پرسی:
- تۆو گۆڕی شەهیدان، بەسەری باوکت، تۆو...تۆو...ئێستا تۆ جێگری منی لە فەرماندەیی (ه.پ.ک) من چ کۆسپ و ڕێگرییەکم بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەی تۆ لەناو هێزی پێشمەرگەدا دروست کردووە..؟
کاک (مستەفا)ش وەڵامی دایەوە:
- ئەگەر خۆم بە خوایشتی خۆم. بۆ پشتیوانی و ڕاپەڕاندنی باشتری کارەکانم، بۆ کار ئاسانی تەلەفۆنت لەگەڵ نەکەم. جەنابت هیچ دەست وەردانێکت لە کارەکانم نەکردووە. هیچ کۆسپێکت بۆ دروست نەکردووم.
دواتر ڕووی کردە بەندەو هەمان سوێندو پرساری لێکردم، وەڵامی منیش بەمجۆرە بوو:
- گلەیی من و هاوڕێکانم لە جەنابت ئەوە بووە. کە بە هۆی سەرقاڵیت زۆر نەپڕژایتە سەر داواکارییەکانی ئێمە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ستافی (مەکتەبی ڕێکخستن) و مەڵبەندەکان. چونکە هەر چەند مانگەو جارێک پێویستمان بە ڕێنمایی سیاسی و پشتیوانی جەنابت بووە بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانمان لە ئیدارەی گشتی (ی.ن.ک).
لێرەوە بە ویژدانەوە دەڵێم: (مام جەلال) پیاوێکی هێندە گەورە بوو لە دوای ڕاپەڕینەوە جیا لە مەسەلە ستراتیژیەکان. جیا لە مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان ئاگای لە دانانی ئەندام مەکتەب و مەڵبەندەکان نەبوو. ڕۆژێک لە ڕۆژان نامەیەکی لەو بابەتەی بۆ نە ناردووم. هەر وەکو کاک (نەوشێروان)یش بە درێژایی ماوەی چەندین ساڵی کارکردنم لە دەزگای ڕاگەیاندن و ڕێکخستن هیچ نامەیەکی بۆ نەناردووم.
هەر کاتێکیش گلەیی، یان شکاتێک لەسەر مەکتەبی ڕێکخستن یان مەڵبەندەکان چووبێتە بەردەم (مام) بە تێبینیەوە بۆ ئێمەی دەناردەوەو کە دادپەروەرانە لێی بکۆڵینەوە.
(مام جەلال) دەیویست هەڤاڵەکانی هۆشیاربن، وریابن، باڵابن، هەر بۆیە کارئاسانی بۆ خۆ پێگەیاندنی بۆ دەرەخساندین و، دەستی هەموومانی گرت بۆ پێگەیاندن.