سیناریۆیەکی مەترسیدار...
2020-10-26 12:47:58
مەحموود یاسین کوردی
هیوادارم ئەو روونکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی (پارتی) لە دەستگیرکردنی ئەو ژمارە هاوڵاتییە عێراقییە کە گوایە پیلانی تیرۆرکردنی دادوەر و پارێزگایەکیان داناوە بە هاوکاری پەکەکە مەبەستیان ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانەی هەولێرو بادینان نەبێ!
بەراستی ئەگەر ئەو سیناریۆیە جێبەجێ بکرێ تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و کوشتنی دیبلۆماتکارانی بیانی و کۆمپانیاو بەرژەوەندی وڵاتانی بخرێتە پاڵ ئەو گەنجانە ئەمە مانای کۆتای خەباتی مەدەنییە لە هەرێمی کوردستان، چونکە هیچ دەرفەتێک ناداتە خەڵک لە رێگای کاری مەدەنی و یاساییەوە خەبات بکەن و دەرگای جەهەنەم لە سەر هەرێم دەکاتەوە، سیناریۆی کونسوڵ کوشتن بۆ کاک نەوشیروان نەچووە سەە بەس بۆ ئەو گەنجە بێ پشت وپەنایانە ئاسانە!.
داڕشتنی ئەو سیناریۆیەش بۆ بێ دەنگ کردنی نوێنەری وڵاتان و رێکخراوە بیانییەکان و کونسوڵخانەکانە، چونکە ئەوان لە پاڵ پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن تاکە لایەن بوون داکۆکی لە ئازادی ئەو رۆژنامەنووسانە دەکەن و داوای ئازادکردنیان دەکەن.
بەشێک لە نێو پارتی دەیانەوێ بە کونسوڵخانانە بڵێن ئەگەر ئازادیان بکەین ئێوە دەکوژن بۆیە بێ دەنگ بن.
بەرپرسیارییەتی گەورە لەو بابەتە دەکەوێتە سەر دەنگە میانڕەوەکانی نێو پارتی هەروەها یەکێتی و گۆڕانیش وەکو دوو شەریکی پارتی بەرپرسیارییەیی مێژوویان دەکەوێتە سەر شان کە لەو سیناریۆیانە بێ دەنگ نەبن.
بروا ناکەم پەکەکە بێ عەقڵی وا بکات پەلاماری کونسوخانەکان بداو ئەوروپا لە خۆی بکاتە دوژمن و لەو تەوقیتە جیهان بکاتە دۆستی تورکیا، هەڵەی هۆقەباز دووبارە ناکاتەوە، چونکە لەسەر سومعەی زۆر دەکەوێ.
پەکەکە ئەگەر کاری واش بکات بە کوردی باکوور و خەڵکی خۆی دەکات نە کوردی عێراق ئەو کارە بۆ پەکەکە دەکات نە ئەو خەڵکانەی گیراون ئەهلی ئەو کارەن، خاڵێکی دیکە لەو بەیاننامەیە باسی لێوەکراوە داواکردن لە رادەستکردنەوەی چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆنە لە ئەوروپا ئەمە هەرشەیە لەوانەی لە دەرەوەی کوردستاب رەخنە دەگرن بۆیە بە هەموو پێوەرێک ئەو بەیاننامەیە قۆناغێکی مەترسیدارە.