د. كامهران مهنتك كهواته ههموو تواناكانی كۆمهلگای كوردی لهملانێی نێو هێزه كوردیهكان تهرخانكراوهو لهكاتێكدا پلانێكی جیهانی گهوره له ئارادایه بۆ سڕكردنهوهی مهسهلهی كوردو ههڵگرتنی بۆ ئایندهیهكی تر، كه نازانرێت كهی دهبێت!. راستیهكی تاڵ ههیه، كه چهند یهكێتی و پارتی و هێزهكانی تر زیانیان به مهسهلهی كورد گهیاندووه، هێنده رۆشنبیران و ئاوهزمهندانی كورد، كه تا ئێستا نهیانتوانیوه دۆخی ململانێكان راست بكهنهوهو لهو ئاقارهی دوور بخهنهوه، كه یهكێتی و پارتی لهلایهك و دوژمنانی كوردیش لهلایهكی تر به چڕی كاریان لهسهركردووه، لهبهرئهوهی شێوازی ململانێكان شێوازێكی ئایدۆلۆژی و ئهو جۆره ململانێیانه نهبووه، كه بهشێوهیهكی ئاسایی لهنیوان هێزو حیزبه سیاسهیهكاندا له ئارادایه، بهڵكو ململانێیهكی ناتهندروست بووه، له لایهك زۆربهی كۆمهڵگای كوردی تیوه گلێنراوه، لهلایهكی تر زیاتر له مۆركی ململانێیهكی مهدهنی، مۆركی یهكتر سڕینهوهی گرتووه، ههموو دژی ههموو، پارتیهكان پێیان وایه، ئهوهی یهكێتی بێت جهلالیهو پێویسته لهناو ببردێت، یهكێتیهكان وایدهبینن، كه ئهوهی پارتیه، كۆیلهی بنهماڵهی بارزانیهو بۆ ئهوهی كۆمهڵگای كوردی رزگاری بێت سهرهتا دهبیت وڵات لهمانه پاك بكاتهوه، گۆڕان هات، به ههمان چاو سهیری ههردوولای كرد! جێگای داخه ئهو ململانێیه ناتهندروست و سهقهته به تهنیا لای هێزو گرووپه سیاسیهكانی كوردستان نهمایهوه، بهڵكو بووه ژێرخانێك بۆ رۆشنبیری كوردو تا ئێستاش لهسهر ههمان بنهما درێژه بهو كاره دهدات و هێزهكان پۆلین دهكات، واته لهسهر ههمان بنهما كار لهسهر شیكردنهوهی دۆخی كوردستان دهكات. دیاره لێرهدا مهبهستم له رۆشنبیران، ئهو دهستهبژێرهن، كه بهڕاستی به تهنگ مهسهلهی میللهتهكهی خۆیانن و بهجدی به دوای چارهسهرێك دهگهڕێن بۆ كێشهو قهیرانهكانی كۆمهڵگاكهیان، كه بێگومان دیاره ئهمانهش ژمارهیان ئێجگار كهمهو لهو گهڕهلاوژه رۆشنبیریهی له كوردستان ههیه، ئهوانیش یا له دۆخه قێزهونهكه تێوهگلاون، یا لهرووی میدیاییهوه هێزهكانی سهر گۆڕهپانی كوردستان ههوڵدهدهن تیانوهبگلێنن و ناشیرینیان بكهن، بۆئهوهی وابكهن خهڵك شتهكانیان نهخوێنێتهوهو كهس گوێیان لێنهگرێت. سڕینهوهو رهتكردنهوهی كهسهكان لهسهر بنهمای پارتی بوون، یاخود یهكێتی بوون، یا حزبهكانی تر، زهمینهیهكی وای خولقاندووه، كه توانایهكی زۆر نیشتمان پهروهرو وڵاتپارێزی كوردی نهك به تهنیا پهڕاوێزو لاتهریك بخرێت، بهڵكو به بێدهستی خۆیان بكرێنه ئامڕازێكیش لهو گهمه قێزهونانهی له ئارادایه، بیركردنهوه لهوهی ههموو پارتیهك، یا ههموو یهكیتیهك، یا ههموو گۆڕانێك خراپه، بیركردنهوهیهكی سهقهتهو ئاخنین و هێشتنهوهی سهدان و بگره ههزاران گهنجی كورده، لهگهمهیهكی سیاسی قێزههوندا، بێگومان زۆرجاران ئهمهش لهپێناو مانهوهو پاراستنی خۆیان ئهنجام دهدرێت، لهلایهكی تێوهگلاندنی ههموو تاكێكی كۆمهڵگایه لهو دوژمنداریه نا ئاوهزمهندایه. بۆیه بهرلهههموو شتێك له پێناو داڕشتنهوهی پهیوهندیهكانی ناوخۆی كۆمهڵگای كوردی لهباشوور، دهبێت ئهو تێڕوانینه پووچهڵ بكرێتهوه و ئهو توانایانه بخرێنهوه چوارچێوهی توانا نیشتمانیهكان، ههزاران پارتی، یاخود یهكێتی ههیه هیچ باوهڕیان بهحیزبهكهی خۆیان نهماوهو بهڵام بههۆی ئهو ململانێیه ناتهندروستهوه ناچار كراون دهست بهحیزبهكانیانهوه بگرن، پاشان ناكرێت ململانێیهكی سیاسی نێوان دوو حیزب بكرێته ململانێیهكی قووڵێ كۆمهڵایهتی و له ژێر چهتری ههموو دژی ههموو كاریان پێبكرێت. بۆ رێكخستنهوهی ناوماڵی كوردو داڕششتنهوهی پهیوهندییه ناوخۆییهكانی كۆمهڵگای كوردی، بهر لهههموو شتێك دهبێت ئهو دهستهبژێرو بهرپرسانهی پارتی و یهكێتی و حیزبهكانی تریش، كه دهستیان لهو دۆخهو گهیاندنی كوردستان بهو رۆژه ههیه، له ههموو پڕۆسهیهك دووربخرێنهوهو دادگایی بكرێن، ناكرێت ئهوانه له هیچ پڕۆژهكی ئاینده شوێنیان بكرێتهوه، بهڵام ئهم دۆخه نابێت بههیچ شێوهیهك بچێته خوارهوه كۆمهڵگا، بهپێچهوانهوه دهبێت كار لهسهر ئاشتكردنهوهیهكی كۆمهڵایهتی لهنێوان ئهمانه بكرێت رێگا خۆشبكرێت بۆ سهرههڵدانی بیرو هێزی نیشتمانی تر، كه بتوانێت ئهركی ئهم قۆناغه ههڵگرێت و تا تروسكاییهك ماوه، كۆمهلگای كوردی بخاتهوه سهر ئاڕاستهی راستهقینهی خۆی، لێرهدا مهبهستمان ههمان ههڵهی لێبوردنه گشتیهكهی بهرهی كوردستانی له دوای راپهڕین دووباره بكرێتهوه، ههمدیس ئهوانهی تاوانی گهورهیان دهرههق به میللهت كردووه تێكهڵ به پڕۆسهی سیاسی بكرێنهوه، بهڵكو مهبهستمانه ئهو كهسانهی بهزۆرو بێدهستی خۆیان خزێنراونهته ناو ململانێیهكی ناتهندروستی سیاسی و كۆمهڵایهتی، گوێیان لێبگیرێت و دهرفهتی گهڕانهوه بۆ پڕۆسهیهكی ئاشتهوایی كۆمهڵایهتیان بۆ دابین بكرێت، ئهگهر بهپێچهوانهی ئهمه كاربكرێت، ئهوا دوژمنانی ههر گۆڕانكاریهك له كوردستان، ئهگهر بچووكیش بێت زۆر زیاتر دهبێت لهلایهنگرانی، كهواته دۆخهكه بهم شێوهیهی ئێستا نهك به تهنیا بهچهق بهستوویی دهمێنێتهوه، بگره رۆژ بهرۆژ بهرهو دوواوه دهگهڕێتهوهو نزیكتر دهبێتهوه له داتهپین و داڕمان. بۆئهوهی ههر ههنگاوێك بهرهو پێشهوه بنێین، دهبێت ئهو كهلتووره لهرهگهوه ههڵكهنین، كه ئهوهی لهگهڵ سیاسهتی بنهماڵهی تاڵهبانی یاخود بارزانیدا نهبێت، سهرهتا دهبێت رق له ههموو كهسێك ههڵگرێت، كه سهر بهو دوو حیزبه بن و بهكۆیله ناوزهدیان بكات، ئهم كهلتوورهو كه ئێستا لهبرهودایه رۆڵێكی زۆر خراپی له ژیانی سیاسی له كۆمهڵگهی باشووردا بینیوهو بۆته هۆی جوانكردنی چهندین هێزو دهیان و بگره سهدان كهسانی ههلپهرست، كه رهنگ بێت ئهگهر جڵهوی دهسهڵاتیان بكهوێته له پارتی و یهكێتی زۆر خراپتر بكهن! كردنی پڕۆسهی جنێودان به ههردوو بنهماڵهی بارزانی و تاڵهبانی، كه ئێستا گۆڕانیشیان هاتۆته سهر، وهك تهعمید كردنی لێهاتووه بۆ بوون به ئۆپۆزسیۆن بوون، لهكاتێكدا بهسهنتهر كردنی ئهو هێزانهو كردنیان به بابهتی سهرهكی میدیای ئۆپۆزسیۆنی كوردی، نهك ههر زیانی بهو هێزانه نهگهیاندووه، بگره بههێزتریشی كردوون، هێزی ئۆپۆزسیۆن ناكرێت تهنیا كار لهسهر شكاندنی بهرامبهرهكهی بكات، بهڵكو دهبێت ئهوهش نیشان بدات، كه لهههگبهكهیدایه، چونكه به تهنیا رهخنهگرتن و تهنانهت جنێودان به دهسهڵات بۆ ماوهیهك كاریگهری دهبێت، پاشان ئهگهر ئهو رهخنهو جنێوانه نهبێته هۆی دۆزینهوهی ئهلتهرناتیڤێكی راستهقینه، ئهوا نهك به تهنیا له بههاكانی خۆی دهكهوێت بهڵكو دهرئهنجامی پێچهوانهی لێدهكهوێتهوه لهلایهك خهڵك له ئۆپۆزسیۆن دووردهخاتهوه، لهلایهكی تر خهڵك بێئومێد دهكات، كه ئهمهش كۆسپێكی گهوره لهبهردهم رهوڕهوهی پێشكهوتنی كۆمهڵگا دروست دهكات و دۆخه چهق بهستووتر دهكات، رێك ئهمه ئهو كارهیه، كه گۆڕان كردی!.
د. رزگار ئاغا پێش پێنج سەدە, فەیلەسووفی فەرەنسایی ئیتیات دی لابۆسێ, لە کتێبی "کۆیلایەتی خۆبەخشانە" دا قیژانیی! "کاتێک وڵاتێک رووبەڕووی سەرکوتکردن ئەبێتەوە, نەوەیەک لە خەڵک پێدەگات کە پێویستییان بە ئازادیی نییە, بەڵکو ئەبن بە دووانەیەک لەتەک کۆیلایەتیی, ئەوەی پەیدا ئەبیت ئەتوانیین ناوی بنێین هاوڵاتیی سەقامگییر" قیژەیەک بوو بە رووی دەسەڵاتی کەنیسە و دەرەبەگەکان پێکەوە و, بە ستەمکار ناوی بردن! لابۆسێ جاڕیدا بۆ روخاندن و راماڵیینی دیکتاتۆرێتییەکانیان, وتی ستەمکارەکان دەسەڵاتیان قۆرخکردووە, چونکە گەل پێی بەخشییون, هەرئەوەندەی گەل جارێک دەستبەرداری ئازادییەکانی ئەبێت, خوو بە کۆیلەیەتیی و ژێردەستەییەوە ئەگرێت و ئەبێ بە پشتیوان بۆ ستەمکاران, ئییتر زۆرداران زاڵ ئەبن و, لێرەوە ستەم و چەوسانەوە و نادادییەکی بەردەوام و تۆکمە دەستپێدەکات و باڵ ئەکێشێت. لابۆسێ داوای دۆزیینەوەی چارەسەرە بۆ قوتاربوون لەو کۆیلایەتییە, وازهێنانە لە پشتییوانیی و تۆکمەکردنی ستەمکاران. ئەم قییژەیە لەمڕۆدا لە هەموو رۆژگارێکی تر زیاتر قوڵتر دەچێتە ناو هەناوی کۆمەڵگە ژێردەستە سەقامگییرەکانەوە. سەقامگییر و دەستەبەرداربوون لە هەموو ماف و ئازادییەکان, قایلبوون بە هەموو مافە خوراو و دەسەنەکان, قایلبوون بە ترس , بە برسێتیی, بە راونان و گرتن و کوشتن. قایلبوون بە نەفامبوون, بە تێنەگەیشتن, بە گوێنەگرتن, بە کۆشش. کۆمەڵگەیەکە زۆریینەی هاوڵاتییەکانی رووبەرووی ئەو ستەمە نابێتەوە کە لەسەریەتی, ئامادەی رەخنە نییە, بایەخ بە بەرژەوەندیی گشتیی نادات, دەستناخاتە کاروباری سیاسییەوە, ملکەچ و گوێڕایەلە بۆ رێکار و بڕیارەکانی دەسەڵات, هەتا ئەگاتە دەم داخستن و ورتە نەکردن. لێرەوە, کۆمەڵگەی هەژار لە گیرفان و ئەقڵ و ورە, شان بەشانی دەوڵەمەندی گیرفان پر و چاوچنۆک و بێ شەرم ئەبن بە ئامڕازی دەستی دەسەڵات و, لەتەک کاربەدەستەکانی لە دام و دەستگا جیاوازەکانیەوە, کۆمەڵێک بەرژەوەندیی و پێوەندیی بۆ هەر توێژێک دروست ئەکات کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پێکەوە تەون ئەکات, لە دۆخێکی پلەپلەیی دا. دەسەڵات سەرکەوتن بەدەست دێنێت, کاتێک دۆخێکی سەقامگییر ئەدۆزێـتەوە لە نێوان ئەم توێژانە لە لایەک و دەسەڵات خۆیشی لە لایەکی ترەوە. ئەوەی بەردی بناغەی ئەم سەقامگییرییەیە هاوڵاتیی سەقامگییرە. ئەم پرۆسەیەش, بە ماوەی درێژ, لە رێی خێزان و خوێندن و دەستگای راگەیاندن, باری ئابووریی, پارتی ئۆپۆزسیۆنییەوە جێبەجێ دەکرێت. دەسەڵاتی ستەمکار ئیش ئەکات لەسەر هەژاران و توێژە لاوازەکان, لەتەک بارودۆخی رۆژگاردا رایاندەهێنێت, هەتا دنیایەکی تایبەت بۆ خۆیان دەخولقێنن, هاوڵاتییەکە هەمیشە را ئەکات, راکردنی دوێنێی بییر نامێنێت, ئەمڕۆ و سبەینێ ئامادەیە هەر رابکات بۆ دابیینکردنی بژێوی رۆژەکەی, تەواوکردنی خوێندنێک لە هەر بارودۆخێک و بێ ناوەڕۆک, گرنگ ئەوەیە هەر تەواوی بکات, بە بێ بییرکردنەوە لە کاتێک کە بتوانێت تیای دا بژی. هییچ خەمێکی گشتیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی نییە, هەموو خەمەکەی بەخێوکردنی مناڵەکانییەتی و خوێنندنیان پێ تەواو بکات و خێزانیان بۆ دروست بکات. ئایین, لای هاوڵاتیی سەقامگییر پێوەندیی بە دادپەروەریی و هەق و رەوشت و پشتییوانییکردنی چاکسازیی و چوونە ریزی ناڕەزایەتییەکان نییە و,تەنها هەندێ پەرستن و سرووتنە کە رۆژانە و هەفتانە و ساڵانە جێبەجێیان بکات, ئەمە دڵنەوایی و سەبووریی ئەداتێ کە قایل بێت بە بەشی خوا. دەسەڵات, رێ بە چینێکی زاڵی کۆمەڵگە ئەدات, دنیایەکی تایبەت بەخۆیان درووست بکەن, بێ لێپرسیینەوە, بێ یاسا و رێساو بێ رێنوومایی شارستانیانە, بکەونە بژێوی پەیداکردن بە هەر رێگەیەک و بە هەر شتێک و لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێک, فەرمانبەر و کاسب یەک ناسنامەیان ئەبێت, بڕوانامەدار و نەخوێنەوار لەسەر یەک جۆرە کاسپیی کۆئەبنەوە. ئییتر, جەنجاڵیی فڕکان فڕکانی پارە پەیداکردن و تا ئەگاتە چاوتێرنەبوون و درێغی و غەدر و گزی و دزیی و هتد. ئەم دۆخە زاڵ ئەکات بەسەر کۆمەڵگەدا, لێرەوە پێوەرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و حوکومڕانیی تیایدا ئەپوکێنەوە؛ خوێنەوار و نەخوێنەوار, گوندنشیین و شاریی, شار و گوند, هەمووی تێکەڵ ئەبێت, ناسیینەوەیان ئەستەم ئەبێت، لێرەوە هاوڵاتییەکی سەقامگییر دێتە کایەوە بە گوێرەی ترسەکانی دەسەڵاتەوە, کە تەنها لە خەمی رۆژبوونەوەدایە بۆ سەر ئەو کەسابتەی کە هەیەتی. هاوڵاتی سەقامگییر, لەناو گەرمەی ستەمکاریی و گەندەڵیی و راو ورووت دا چاوئەکاتەوە, وای لێ دێت نەک هەر قایلە کە لەناو پارتی دەسەڵات دا بێت, کە لەوێوە ستەمکارییەکان سەرچاوە ئەگرن و, بەڵکو ئەم هاوڵاتییە سەقامگییرە شەرم نایگرێت, هییچ دەرزن ئاژنێکی ویژدانیی نامێننی بەرامبەر پشتییوانییکردنی دەسەڵاتێک کە بەرژەوەندیخواز و خۆسەپێنە, دەستی چووەتە قووتی هاوڵاتییەکانی! ئەم هاوڵاتییە سەقامگییرە ویژدان کزە, ئەمیش لە خوارەوەی دەسەلاتەوە دەست و نەزەر دانیشتووە هەتا بەشی شایستەی خۆی پێ بدرێت, یان رێی بۆ خۆش بکرێـت دەست بنێـتە بیینی هاوڵاتییە سەقامگییرەکانی بەردەستی خۆی. زۆرجار نائومێدیی لە دادپەروەریی , خۆی جیهانێکی بچووک بۆ خۆی درووست ئەکات, دەست ئەخاتە ناو دەستی گەندەلکاران و بێدەنگیی هەلدەبژێرێت لە ئاستیان و, بەشداریان ئەبێت لە خراپەکانیان دا, بەرتییل و دزیی و گەندەڵیی بۆ خۆی رەوا ئەبینێتەوە لە شوێنی کارەکەی خۆی و, فێری نوشتانەوە و چاوشۆڕیی و ملکەچبوون و گوێرایەلیی سەرۆک کار و بەڕێوەبەرەکەی ئەبێت. ئەم جۆرە لە هاوڵاتی سەقامگییر, حەزی بە شۆرش و راپەڕیین نییە, چونکە ئەو ژیانە مسۆگەرەی لێ تێک ئەیات کە بۆی نیشتووە, راهاتووە لەتەک ئەو ستەمکارییەدا و کەمتریین فشاری لەسەر ئەو هەیە کە نزیک بە گەندەڵکارەکانی دەسەڵاتە و بێ خەمە هەتا ئەوان لەوێ بن, لە هەمووی خراپتریش, هەموو شۆڕشگێڕ و ناڕازییەکی بوێر بە نەیار ئەزانێـت, چونکە تووشی شڵەژانی بەردەوامی ئەکەن و, لای ئەم ژیریی و دنیادییدەیی ترسنۆکیی و هەلپەرستیی و خەمی هەرکەس بۆ خۆیەتی. بۆیە, ئەم تێکەڵییە, لە پوکانەوەی جوداکاریی و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە لە چیینەکان دا, سەرسووکیی بۆ دەسەڵات سازئەکات. چییتر, دەربەست نییە, هاوڵاتییەکانی بژیەنێـت, دەربەستیش نییە چ کاسپییەک ئەکەن هەتا خۆیان بژێنن, بۆیە هاوڵاتی بەدەر لەهەموو پێودان و گرێبەستەکەی لەتەک حوکوومەت دا, خۆیان خەریکی کەسابەتن, لێرەوە, ئابووریی دەوڵەت ئەبێتە کەسابەتی شڕوپڕی تاکەکان, ئیتتر حوکومڕانیی پێویستیی بە رشتە وپسپۆرییەکانی کۆمەڵگە نامێنێـت و خۆی خۆی تووشی داخوران ئەکات. بە بەرنامەی شەیتانانە, ناچاری هەموو کەس ئەکرێت چاوی لە حوکوومەتەوە نەبێت, بە رۆژ سووکە دەوامێکی فەرمانبەریی, مامۆستایی, مامۆستای زانکۆ, پۆلیسیی بکات و دوا نیوەڕۆ و شەویش, خۆی لەو بێ سەروبەرەیی و جەنجاڵییەی بازاڕ و لاکۆڵانەکان دا ببینێتەوە, لەسەر دوکانێک یان بە تەکسییەک بخولیتەوە. هاوڵاتی سەقامگییر, تیای دایە, حەزی بە شۆڕشە, مێشکی پر و ئاخنراوە بە ئایدۆلۆجیا و هەمیشە چاوەڕێی پاڵەوانێکە (ناوی ناوە کارێزما), ئیلهام و ورە و جووڵەی لەوەوە بۆ دێت, هەمیشە چاو لە دەم و دەرگای ئەو پاڵەوانەیە, نەک لەبەر ئەوەی ئەم لاوازە یان تەنهایە, بەڵکو پاڵەوانەکە ئەیبەخشێت لە ئەرکە زەبەندە گشتییەکان و , مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی جەستەیی دەسەڵات. هاوڵاتی سەقامگییر, مەرجی پاڵەوانەکەی ئەوەیە کە لە چاوی دەسەڵات دا هەیبەتی هەبێت, رابردووی هاوبەشیان هەبێـت, بێ بییرکردنەوە ئەگەر ئەویش گەندەڵ و ستەمکار بێت کاتێ ئەگاتە دەسەڵات. کە بێ ئومێدیش ئەبێت, سەقامگییرییەکەی خۆی تەنها چارەیە و بییر لە کاولبوونی هەرچیی هەیە و نییە دەکاتەوە. ئەم هاوڵاتییە سەقامگییرە, کۆمەڵگەیەکی سەقامگییر و دۆخێکی سەقامگییر و رۆژگارێکی سەقامگییری دروستکردووە, هەموویان ئییش لەسەر تۆکمەکردنی دەسەڵاتی خۆسەپێن ئەکەن, رێگری سەرەکیین لەبەردەم هەر گۆڕانکارییەک کە پێوست بێت. بۆیە, لە هەموو کۆمەڵگە ژێردەستە و ستەملێکراوەکان دا, هۆکارەکانی تەقیینەوە هەن, هۆکاری شۆڕشی دژە ستەمکاریی هەن, بەڵام روونادات! چونکە "هاوڵاتی سەقامگییر","کۆمەڵگەی سەقامگییر", "پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەقامگییر" بوون بە پایەی سەرەکی رژێمی ستەمکار, بوون بە رێگری راستەقیینەی هەر بەرە و پێشچوونێک. ----------- بۆ زیاتر لەم بارەیەوە, بڕوانە: د.رزگار ئاغا, " بەشی چوارەم (کۆتایی):ئایا گۆڕانی رژێمە دیکتاتۆریی و خۆسەپێنەکان, لە ناوەوە یان لە دەرەوە رووئەدەن؟", ئاوێنە, ٢٧/١٠/٢٠٢٠. * پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە ئەندازیاریی ستراکچەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.
ئەنوەر حسێن (بازگر) تورکیا کە بەردەوام مایەى شڵەژانى ناوچەکەیە، لە کوێ گرفتێکى سیاسی، مەزهەبی، ئیتینى و ململانێى سنورى و جەمسەربەندى هەبێت، ئەو دەخالەتى تێدا دەکات، چ بە قازانجى خۆى، چ بۆ شڵەژان و دروستکردنى قەیران لەناوچەکەدا، دژى نەیار و ڕکابەرانى و چ بە مەبەستى چوونە پێشی ئەجێنداکانى. کێشە و گرفتى بەردەوام و مێژوویی لەگەڵ یۆنان و قوبرس، داگیرکردنى باکورى قوبرس لە (1974) و ئەمساڵیش بە هۆى گەڕانى کەشتییەکانى بەناو ئاوەکانى دەریایی ناوەڕاست بۆ دەست ڕاگەیشتنى بە نەوت و گازى سروشتى لەو ئاوانەدا، قەیرانەکانى لەگەڵ ئەو وڵاتانە فەڕەنسا، ڕوسیا، لیبیا و میسر گەیاندە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ناوچەکە. درێژەکێشانى ئەو گرفتانە واى لە تورکیا کردوە بڵێت گەروى بسفۆر دادەخەم، ئەوەش مەترسی بۆ سەر کەشتییەکانى ڕوسیا دروستدەکات، چونکە هەر لەو ڕێگایەوە مۆسکۆ پشتیوانى کەشتیگەل و بنکەى جێگر و دەریایی لە تەرتوسى سوریا دەکات، چۆن چاوى تەماعى لە قوبرس بڕى و مەترسی بەردەوامى لەسەر هەرێمى رادۆڤاى بولگاریا هەیە، کە چوار سەد هەزار تورکى لێ دەژی. بەردەوامیش چاوى لەسەر عێراق و کوردستانە و بەپێى هەندێک سەرچاوە، تورکیا خەریکى پرۆژەى (ئۆڤاکۆ)یە، بەپێى ئەو زانیارییانە تورکیا، عێراق و پارتى دیموکراتى کوردستان بە هاوکارى ئەمەریکا کار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەکەن. پرۆژەکە لە سێگۆشەى سنورى (ڕۆژئاواى کوردستانى - سوریا، باشورى کوردستان - عێراق، باکورى کوردستان - تورکیا)وە دەستپێدەکات، تا دڵى دەوڵەت لە عێراق و بەغدا و بەهۆى بەیەک بەستنەوەى هەموو ئەو ناوچانە لە ڕێگاى وشکانى و ئاسنى بۆ ئاوەدانکردنەوەى هەموو ئەو ناوچانەى پێیدا گوزەر دەکات، کە لە شەرناخ و باکورەوە دەستپێدەکات و دێتە دهۆک، شنگال، تەلەعفەر، موسڵ و تا دەگاتە بەغدا. ئەنکەرە مەبەستییەتى و زۆریش ئەو پرۆژەیەى بۆ گرنگە بۆ ڕێگرى لە گەشە و نفوز و دیفاکتۆیەتى هەرێمى کوردستان و ڕۆژئاواى کوردستان و تەنانەت پەکەکەش، هەر بۆیە لە سەردانەکانى ئەم دواییەى هاکان فیدانى سەرۆکى دەزگاى میت و سەردانە جیاجیاکانى بە گرنگییەوە لەگەڵ بەغدا و کازمى و پارتى باسى لەو پرۆژەیە کردوە. دەستکەوتى تورکیا لەو پرۆژەیە جگەلە ڕەهەندە سیاسییەکەى دژى هەرێم و ڕۆژئاوا، دەیەوێت ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەگەڵ هەرێم و بەغدا بگەینێتە (25 - 40) ملیار دۆلار و دەستى ئێرانیش لە ڕووى ئابورییەوە لە عێراق و کوردستان کەمبکاتەوە. ئەنکەرە لە کێشەکانى ناو وڵاتانى کەنداوى فارس بێ لایەن و بێ دەخالەت نییە و هەمیشە هەوڵیداوە تەرەفگیرى بکات و دژى لایەک بێت، بە تایبەتى کە لە پشت قەتەرەوە وەستاوە بۆ ئەوەی پشتیوانى لە ئیخوانەکانى کەنداوى فارس بکات، کە سعودیە دژایەتییان دەکات. وەکو ئێرانیش ڕۆڵى هەبێت لە ئاوەکانى کەنداوى بە نەوت و گاز دەوڵەمەند و ململانێى ئێران بکات و پارە و پولێکى زۆریش لە قەتەر بکێشێتەوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن سەردانەکەى ئەمدواییەى ئەردۆگان بۆ لاى شێخ تەمیمى میرى قەتەر لە دەوحە بەشێکى پەیوەندى بە وەرگرتنى پارە هەیە بۆ پشتیوانى لە شەڕى ناگۆڕنا کاراباخ کە ئەنکەرە پشتیوانى باکۆ دەکات، دەبێت قەتەریش وەکو چۆن خەرجى شەڕەکانى لیبیا و سوریا بۆ خۆی و ئەنکەرە دابین دەکات، بۆ ئەم شەڕەش یارمەتى ئەنکەرە بدات، قەتەر بۆ مانەوەى پشتیوانى ئەنکەرە، بەردەوام مەترسی گروپەکانى تر و وڵاتانى سعودیە، ئیمارات، بەحرێنى نەیارى ناچارە هەموو داواکانى تورکیا جێبەجێ بکات، هەر بۆیە تورکیا بەو (20 - 25) ملیار دۆلار ناوەستێ کە تا ئێستا لە قەتەرى چنگخستوە، بەڵکو چاوى لە ملیارەها دۆلارى ترە، بۆیە قەتەر دوو ڕێگاى لە بەردەمدایە، یان تەسلیم بوونى بە ئەنکەرە یان ڕێککەوتن لەگەڵ سعودیەى نەیارى. لە کێشە و شەڕەکانى ئەمدواییەى ناگۆڕنا کاراباخ، تورکیا بە ڕەسمى ڕایگەیاند "کە پشتیوانى لە ئازەربایجان دەکات و واشیکرد و هەزاران بە کرێگیراوى سوریاى ناردە بارەگاى شەڕ دژى ئەرمینیا و چەکى پێشکەوتوو و فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانى خستە خزمەتى سوپاى ئازەربایجان"، بەڵام هەر زوو لەگەڵ فەرەنسا، ڕوسیا و ئێران ڕووبەڕوو بوو، کە پشتیوانیان لە ئەرمینیا دەکرد. سەرچاوەکان باسیان لەوەکرد تورکیا دەیەوێت شەڕێکى مەزهەبی لە نێوان ئازەرییە موسڵمانەکان و ئەرمەنە مەسیحییەکان دروستبکات، هەروەها دەیەوێت ڕۆڵى کۆمەڵەى گروپى (مینسک) پەراوێز بخات بە تایبەتى ڕوسیا و فەرەنسا کە ڕۆڵگێڕى ئەو گروپەن، ئەگەرچى ڕوونە تورکیا وەکو لایەنى نەتەوەیی پشتیوانى لە ئازەرییە تورک زمانە، موسڵمانە شیعەکانى، ئازەربایجان دەکات، دژى ئەرمەنە مەسیحییەکانى دۆستى ئێرانى شیعى و قوربانى جینۆسایدى یەک ملیۆنى دەستى تورکیا، بەڵام بابەتەکە تەنها ئەوە نییە، بەڵکو بەهرەمەندبوونى ئەنکەرە لە نەوت و غازى یەریڤان لەپاش سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لە (1990) و جیابوونەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، بەشێکى زۆرى قەیران و گرفتى وزەى بۆ ئەنکەرە پڕکردۆتەوە، وەکو پێشتر چاوى لە غازى ڕوسیا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا دەیەوێت لە پشت ئازەربایجانەوە بوەستێت بۆ پارێزگارى لەو دوو بۆریە نەوت و غازەى ئەو وڵاتە کە لە باشورى ناگۆڕناکاراباخەوە دەیگوێزنەوە بۆ ئەوروپا، تا هێندە هەژمونى ڕوسیا بەسەر ناوچەکەدا زاڵ نەبێت و پەکى ئەو پرۆژە بۆریە ڕاکێشراوەى نەوت و غازەى ئێرانیش بخات کە دەیەوێت نەوت و غازى ئێرانى بە ئەرمینیادا بگەیەنێتە ئەوروپا، زۆربەى چاودێرانى سیاسی دەڵێن ئەوەى هاوسەنگى هێزى نێوان باکۆ و یەریڤانى گۆڕیوە، ئەنکەرەیە. لەلایەکى ترەوە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، تورکیا خەریکە لەگەڵ ڕوسیا دەگاتە بن بەست و ڕەنگە پۆتین نەک بە تەنها لە ناگۆڕنا کاراباخ، بەڵکو سوریا، لیبیا و ئاوەکانى دەریاى ناوەڕاست بێ دەنگ نەبێت و ڕێگا نەدات ئەنکەرە زیاد لە پێویست پێ ڕابکێشێت و بەرژەوەندى خۆیان و دۆستەکانى بخاتە مەترسییەوە، هەرچەندە ئەنکەرە لەم کێشەیەدا پشتیوانى ئیسرائیلى هەیە، بەڵام کێشەکە لەوە گەورەترە کە ئیسرائیل یەکلاى بکاتەوە. لە لیبیاش ئەنکەرە نەیشاردۆتەوە کە پشتیوانى لە (فایز سەراج) دەکات دژى (خەلیفە حەفتەر) کە میسر و ئیمارات لە پشتییەوە وەستاون و بەشێکى زۆرى خاکى لیبیای کۆنتڕۆڵکردوە. ئەنکەرە، لە لیبیا چاوى لەو نەوت و گازە زۆر و زەوەندەیە کە لە ئاوەکانى دەریاى ناوەڕاست هەیە و نیگەرانى زۆرى بۆ فەرەنسا، ڕوسیا، یۆنان، قوبرس، میسر و ئیمارات دروستکردوە، بە تایبەتى پاش ئەوەى ساڵى (2009 - 2010) ئیسرائیل دوو بیرى غازى گەورەى دۆزییەوە، لە (2011) قوبرسی یۆنانى گەورەترین بیرى غازى ئەفەرۆدیتى دۆزییەوە، لە ساڵى (2015) میسریس گەورەترین بیرى لە ئاوەکانى دەریای سپى ناوەڕاست دۆزییەوە، پاش ئەو دۆزینەوانە و لەپاش ڕوداوەکانى بەهارى عەرەبی لە (2011) تورکیا زۆرتر چاوى بڕیوەتە سەروەت و سامانى غازى سروشتى، بۆیە ئەو ڕێککەوتنەى نێوان تورکیا و لیبیا (سەراج)، وڵاتانى یۆنان، قوبرس و میسرى توشی توڕەبوون و نیگەرانى گەورە کرد و ئەو ڕێککەوتنەیان بە نایاسایی لە قەڵەمدا، لە پاڵیدا ئیسرائیل پشتیوانى لە یۆنان کرد. ئەو پەیوەندییە توند و تۆڵەى ئیسرائیل و یۆنان دواى ئەوە هات، کە هەوڵیاندا تورکیا لەو سامانە زۆر و زەوەندەیە بێ بەرى بکەن، بە تایبەتى پاش ئەوەى لە ساڵى (2018) لەلایەن یۆنانەوە بیرۆکەى ڕاکێشانى بۆرییەکى ناردنە دەرەوەى غازى ئیسرائیل لە دەریاوە بۆ دورگەى (کریت) لە قوبرس و لەوێشەوە بگاتە ئیتاڵیا بۆ دابینکردنى غاز بۆ باشورى ئەوروپا و هێندەى تر بێ ئومێد بوو، بۆیە هەرچى چۆنێکە دەیەوێت دەستى ڕابگات بە غازى سروشتى لەو ناوچەیە. لەم کێشانەدا کە تورکیا هۆکارى سەرەکى دروستکردنیان بوە، تا ئێستا هیچ دەستکەوتێکى بەدینەهێناوە، بە تایبەتى کە لەژێر فشارى ئەمەریکا و (UN) ڕۆژى (24ى ئۆکتۆبەرى 2020) ڕێککەوتنى ئاگربەست لەنێوان سەراج و حەفتەر ئیمزاکرا بۆ سێ مانگ و دواتریش بەردەوام دەبێت، تورکیا نیگەرانى خۆى لەو دانوستاندن و ڕێککەوتنە دەربڕى، لە پاڵ ئەوەشدا هەموو خەرجییەکانى ئەو شەڕانە دەخاتە ئەستۆى قەتەر، کە ئەویش لە دژى نەیارەکانى سعودیە و میسرە و یارمەتى سەراج دەدات. لە لایەکى ترەوە تاقیکردنەوەى سیستمى موشەکى (S – 400) ڕوسی لەلایەن ئەنکەرەوە، ئەمەریکاى تەواو نیگەرانکردوە و داوا دەکەن لە بەرامبەردا سزاى بە سەردا بسەپێنێن کە گوێی لە واشنتۆن نەگرتوە و دژى هاوپەیمانێتییە لەگەڵ ناتۆ. ئەردۆگان دەیەوێت لەم نێوەندەدا لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ یارى بکات و دۆستى هەردوکیان بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەنکەرە ناتوانێت لەو نێوەندەدا یارى بکات، کە لە زۆر بابەت و ئەجێندادا دژى ئەو دوو وڵاتە ڕەفتار دەکات، دەخالەتیشی لە عێراق و هەرێمى کوردستان خواستى هەژمون خوازیشی وایکردوە کە ڕۆژانە پەلامارى شنگال و قەندیل و ناوچەکانى کوردستان بدات و پارتیش لەو ناوچانە خۆى ڕێگەى پێداوە دژى پەکەکە چی پێ خۆشە وابکات، هەر بۆیە بە نیازە پشتێنەیەکى ئەمنى بەرفراوان لە ناوچەکانى حەفتانین تا سنورى باکور دروستبکات و دەیان بنکە و بارەگاى میتى لە بادینان جێگیرکردەوە، هەرچى سوریاشە واپێدەچێت نیازى بوو بێت پەلامارێکى تر بکاتە سەر ڕۆژئاوا، بۆیە واشنتۆن ئاگادارى پێدا کە ئەو کارە نەکات. بەڵام ئەنکەرە جیا لە پشتیوانى گروپى داعش لە هێرشی بۆ سەر کۆبانێ، لە دوو جارى تردا ئۆپراسیۆنى بۆ سەر عەفرین و سەرێکانى و گرێ سپى ئەنجامداوە و داگیرى کردون، بەڵام ئێستا نەک بە تەنها لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەى واشنتۆن، بەڵکو لە توندى لەگەڵ فەڕەنساش ڕووبەڕوو بۆتەوە لە ڕۆژئاوا بە تایبەتى دواى کوشتنى قاسم سولەیمانى لەلایەن ئەمەریکاوە، تا دێت پێگە و هەژموونى ئێران لە سوریا کەم دەبێتەوە و ئەنکەرە دەیەوێت هەرچى چۆنێکە جێگە پێى خۆى قایم بکات تا لەگەڵ هەر ئاڵوگۆڕێکى ناوچەکەدا یان داگیرکارییەکان بکاتە دیفاکتۆ، یان وەکو کارتى سیاسی و سەربازى مامەڵەیان پێوەبکات. ئێستا ئەنکەرە سەرقاڵى ئەوەیە، جارێکى تر پەلامارى ڕۆژئاواى کوردستان بداتەوە و عەین عیسا داگیربکات و بەردەوامیش لە پشت داعشەوە وەستاوە وەکو نەیارى سەرسەختى کورد و ڕۆژئاوا. لە عێراقیش، خەریکى سەر لەنوێ ى ڕێکخستنەوە و پشتیوانیکردنى سوننەکانە، بە مەبەستى دروستکردنى هەرێمێکى سوننى بەهێز، کە ئەمەریکاش لە پشت ئەو ئەجێندایەوەیە، تا لەلایەکەوە پرۆژەى (ئۆڤاکۆ) بگاتە ئامانج و موسڵیش کە بە نەوت دەوڵەمەندە بخاتە ژێر هەژمون و دەسەڵاتى خۆیەوە. سەبارەت بە تورکمانەکانى کەرکوک و ناوچەکانى عێراقیش هەرچى بۆى کرابێت درێخى نەکردوە، بە تایبەتى کە خەون بە داگیرکارى کەرکوک و موسڵەوە دەبینێت. ئێستا ئەو هەموو هەژمون و پەلهاویشتنەى ئەنکەرە دەیکات بە چى و بۆچى؟ بۆ زیندووکردنەوەى هەژمون و هەیمەنەى خەلافەتى ئیسلامى و ئیمپڕاتۆرییەتى عوسمانییە. گەر ئەمە ڕووبدات، کورد یەکەم زەرەمەندى ناوچەکەیە، زۆریش لە وڵاتانى هاوسێ و ناوچەکە دەبنە قوربانى. گەر بەر بەم هەژموون و فراوانخوازییەى ئەنکەرە نەگیرێت، ناوچەکە ڕووبەڕووى شەڕ و شۆڕى زیاتر و مەترسی گەورەتر و چاوەڕوان نەکراو دەبێتەوە.
رەحمان غەریب لە نێوان دەرچوونی كتێبی "لەبری بیرەوەری " مەلا بەختیار و "سەگوەڕ"ی محمەد موكری، چەند ساڵە؟ چل ساڵ ؟ زیاتر؟ كەمتر؟ نازانم، بەڵام ئەوكات بیركردنەوەی مام جەلال بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەندێ بابەتی بیرورای جیاواز لەناوخۆی حزبەكەی لە بەشێكی زۆری سەركردایەتییەكی ئێستای یەكێتی كراوەترو پێشكەوتووتربوو. سەردەمی شۆڕش و دیسپلینی حزبی و عەسكەری بوو، جیاوازی وەك تاوان تەماشا دەكرا، مام جەلال دەڵێت: "قسەكانی زۆری منی دەگرتەوە" مەبەستی بەرهەمەكەی رۆمانووس محمد موكرییە. بەڵام "مام" نەچوو پێشنیازی سزا بۆ نوسەرەكەی بكات، داوایكرد بە نوسین وەڵام بدرێتەوە. ئەو لە ژیان و كتێبەكانەوە دەیزانی "لەیەكچوون" زیاتر بۆ وەسفی گۆرستان گونجاوە، بەڵام "جیاوازی" سیفەتی گرێدراوە بەكیانی زیندوو، جیاوازی روحی ژیان و داینەمۆی گۆڕانە، لە هەر كوێ بیروڕای جیاواز لە ژینگەی ململانێی مەدەنی و ئاشتیخوازانە ئامادەبوو، چاوەڕوانی شتێكی نوێ بن، نوێ بەمانای گۆرانكارییەك كە دڵخوازی (تۆ) یا (ئەویدی جیاواز) نەبێت. بەبێ رێزگرتن لە جیاوازی ناتوانین باس لە دێموكراسییەتی ژیانی ناوخۆی حزب و دامەزراوەكان بكەین، ئەمە بۆ دەسەڵات و سیستمی سیاسیش راستە، كرانەوەی فەزای ئازادی رەخنەگرتن و زەمینەسازكردن بۆ ئازادی جیاوازییەكان، ئەو دەسەڵاتە بەهێزو رێزلێگیراو دەكات، پێچەوانەكەیشی دروستە. لەناو هەر دەسەڵاتێكی حزبی سەرۆكایەتی، هاوسەرۆكی، نابێت دێموكراسییەتە ناخۆییەكەی لەمەڕ ئازادی رەخنەگرتن، لە بەردەم تەلبەنی ریزی پێشەوەی سەركردایەتی حزبەكان بوەستێت، كە تەلبەنەكەی ئەوانی نەبەزاند، پێی دەوترێت دێمۆكراسییەتی سەر كاغەز. ئیدی كە كرداریش لەوپەڕی دونیابێت و كەس دەستی پێی نەگات، لەناو ئەم مۆدێلە لە ژیانی حزبایەتی كوردستانی، ئەندام هەست ئەكات حزب لەناو هۆشیاریاندا دەبێت بە پاپۆرەكەی "تایتانیك" خۆ پاپۆری كارەستبار هەڵگری یادەوەری گەورەترین عەشقیش بوو، بەڵام چونكەچارەنووسی نوقم بوون بوو، سەرنشینەكان خۆیان دەربازكرد. دەسەڵاتی دێموكراسی نابێت لە جیاوازی بتوقێ و ئینجا ئەندامەكانیشی لەسەر جیاوازی بیروڕا بتۆقێنێت، هەروەك رەوایەتی تیا نییە ئەو كیانەی پرە لە جیاوازی بیروڕا وەك كیانێكی لاواز تەماشا بكرێت بە مەرجی ئەوەی جیاوازییەكان لەسەر بنچینەی رقەبەری كەسێتی و یەكترشكاندن و پەراوێزخستن بەرێوەنەچن. رێكخستنی ململانێی سیاسی و فكری بەشێوەیەك بێت كە وەرگر لە دەرەوەو ناوەوە هەست نەكات جیازازییەكان بۆ بەرژەوەندی كەس و بنەماڵی سیاسی یان سەرۆك و دەوروبەری بەرژەوەندخواز و هەڵپەرست، بەرێوەدەبرێن. ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كە وەك "مام"یان پێنەكراو سووربوون لەسەر سزادان با مەرجەكانی دادگاییەكی دادوەرانەی بۆ برەخسایە، خۆی ئامادەبوایە، پەیڕەوی ئەلفوبێی سزادانی حزبی بكرێت، كە "تۆمەتبار" جارێ ئەندامی دەستەیەكی تری حزبی بێت، چۆن لە دەستەیەكی تری حزبی سزای بۆ دەردەكرێت؟ ئاخر هۆشیاری تاكەكان لەكاتێكدا دەشێوێت كە سزا ببینیت و تاوان نەكرابێت، یان تاوان بكرێت و سزا نەبینیت، ماركسی بلیمەت وایووت.
کارزان سهباح ههورامی هاورێیان ئێستا له مهرزی باشماغ جیا له رێکاری ئیداری و قانوونی که وهک مهرزێک دهکرێت، خهتێک کراوهتهوه لهو مهرزه پێی دهلێن خهتی ئاسایش که راستهوخۆ سهر به دهزگای زانیاریه ئهو خهته کاری چییه؟ کاری ئهوهیه که کاڵا و کهلوپه هاورده بکرێت بهبێ داتاکردن و پارهکهشی راستهوخۆ دهچێته سهر بانق حسابێک که کراوهتهوه و له دهرهوهی ولاته ئهو کهلوپهلانهی دههێنرێته ئهم دیوو لهرێگای ئاسایشیهوه دهبێت بریتین له جگهرهی قاچاغ هێلکه مادهی ئاسن و مهرو ماڵات و دراوی ئێران کهرهستهی کارهبایی سهرجهمیان لهرێگای گروپ وهتس ئهپ و لهرێگای چهند کهسێکهوه دهکرێت کارهکهی ئێستا لهبهر ئهوهی ئاشکرا نهبن متمانهیان بهههموو بازرگانێک نییه و دهترسن دهنگیان تهسجیل بکهن بۆیه ههوڵ دهدهن بارهکان بدهنه کهسانی خۆیان. ئهوهی مهترسیداره وهزارهتی ناوخۆ بریاری داوه ئۆتۆمبێلی مۆدیل کۆن داخلی کوردستان نهبێت، لهماوهی چهند رۆژی رابردوو ژمارهیهکی زۆری ئۆتۆمبێلی یابانی و بهریتانی و فهرهنسی مۆدیل کۆن له نیوان ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٧ داخل کراون که بههای داخل کردنهکه بۆ ههر ئۆتۆمبێلێک ١٠٠ وهرهقهیه بۆ ٣٠ ئۆتۆمبێل ٣٠٠٠ دۆلار دهکات. ئهوهی ههیه سهرجهم ئهم ئامارانه له وهزارهتی دارایی دهشاردرێتهوه و ژمارهیهک ئاماده دهکرێت و ئهو ژمارههی وهک داهاتی گورمگ دهدرێته وهزارهتی دارایی بهلام داهاتی گشتی مهرزی باشماغ دهچێتهوه خهتی ئاسایشی که تائێستا حکوومهت و وهزارهتی دارایی و وهزارهتی ناوخۆ ئاگادار نین. ئهوهی مهترسیداره ئێستا قاچاغی بچوک دهستی پێکردووه ئاسایشی و بهرپرسی بچوک بچوکی یهکێتی دهستیان لهگهڵ ئاسایش مهرز تێکهڵ کردووه و له قاچاغی بچوکدا پارهیهکی باش دهست دهکهوێت قاچاغی بچوک له ههر بارێک ٣٠ بۆ ١٠٠ وهرهقه قازانجه.
کاوە مەحمود ڕۆژانە لە میدیاکان و لە باسکردنی هەواڵ و دەنگ و باس و لە خستنەڕووی ڕەوشی سیاسی لە جیهاندا، گۆێمان لە وشەی قەیران دەبێت. قەیرانی دارایی.. قەیرانی پڵنگە ئاسیاوێکان.. قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. قەیرانی ئابوری.. قەیرانی ئیداری.. قەیرانی دەوڵەتی عێراق.. قەیرانی سەرمایەداری.... قەیرانی کۆمەڵایەتی.. قەیرانی سیاسی و ..هتد، و بەم جۆرەش ئەم دەستەواژەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی بە فراوانی بەکار دێت. پسپۆر و سیاسەتمەدار و توێژەوەران بە شێوازی جۆراجۆر پێناسەیان بۆ چەمکی قەیران کردوە، و ئەرکی ئەم بابەتە نییە کە بچێتە نێو بنج و بنەوانی ئەم دەستەواژەیە کە ڕۆژانە بەکار دێت. بە گشتی دەتوانین بڵێن کە قەیران گۆڕانکارییە لە ریتمی بەرێوەبردنی ڕەوشی هەر بوار و سەکتەرێک لەو بابەتانەی ئاماژەی پێدەکرێت، بە جۆرێک کە وەکو پێشتر بەرێوە ناڕوات و کۆسپ و رێگر درووست دەبێت، و ئەو ئامانج و مەبەستی چاوەڕوان دەکرا، دووچاری تەگەرە، و قەڵبە و بەربەست دەبێت، و ڕاگیران یان ڕاوەستان درووست دەبێت، و چالنجێکی گەورە دووچاری کەسان یان دەستە و تاقمی بەرپرس لەو بوار و سکتەرانەی قەیران دەیگرێتەوە، دەبێت. بەم جۆرە قەیران بۆتە دیاردەیەک لە ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەمڕو، بەڵام مانای ئەوە نییە کە قەیران دوور لە ئیرادەی مرۆڤ و ناکۆکی کۆمەڵگا و ململانێکان درووست دەبێت، و بۆیە لە هەموو حاڵەتێکدا قەیران لە ئاکامی هەڵەی سیاسەتەکان و نەبوونی توانای خوێندنەوەی پێشهاتەکان، و بوونی کێشەیەکی مێژووی چارەسەرنەکراو، و کەموکوڕی و هەڵە و نابەرامبەری لە پەیوەندییەکان، و پەنابردنە بەر خۆرسکی یان سووربوون لە سەر بەراوێزخستنی بەرامبەر، درووست دەبێت. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە بڕوانینە پێناسەکردنی چەمکی قەیران، دەتوانین بڵێن کە کوردستانی باشور دووچاری قەیران لە سیکتەر و بواری جۆراجۆر دەبێتەوە، لەوانە قەیرانی ئابوری و قەیرانی نەبوونی سەقامگیری سیاسی و بوونمان بە بەشێک لە قەیرانی دەوڵەت لە عێراقدا، و ..هتد، و تەنانەت دەکرێت ئاماژە بۆ قەیران لە هەندێ بواری دیکە بکەین لەوانە قەیرانی نەبوونی بنیاتنانی دامەزراوەکان، و قەیرانی نەبوونی حوکمرانی باش و قەیرانی دوو ئیدارەیی و ..هتد. سەرەڕای گرنگی بوونی پرۆژە و نەخشەی زانستی تایبەت و بوونی دەستەی مرۆیی گونجاو و لەبار بۆ ئیدارەکردنی بواری ئەو قەیرانانەی کە باسمان کردن، و دوواتریش هەنگاونان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان، خاڵێکی هاوبەش لە نێوان تێکڕای قەیرانە هەمەجۆرەکانی باشوری کوردستان هەیە کە تێکڕای قەیرانەکان کۆدەکاتەوە، ئەویش قەیرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستانە، کە پێم وایە ئەو هەمبانە گەورەیەیە کە تێکڕای قەیرانە کاتی و وەرزییەکانی دیکەی خستۆتە ئامێزی خۆی. باسکردنی قەیرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان قەیرانی حزبێک یان گروپ و پەلێک لەو بزوتنەوەیە نییە، بەڵکۆ قەیرانی سەرجەم پێکهاتەکەیەتی، و ڕواڵەتی ئەم قەیرانە لەم خاڵانەدا دەبینم: 1ـ دەستنیشانکردنی قۆناغی مێژووی پەرەسەندنی کۆمەڵگا و یەکلاکردنەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا کوردستانی باشور لە قۆناغی رزگاری نیشتمانی دایە یان نا؟! 2ـ یەکلاکردنەوەی چەمکی نیشتمان کە ئایا دەوڵەتی عێراق نیشتمانی کۆمەڵگای ئێمەی کوردستانیانە، یان کوردستان نیشتمانە؟ 3ـ هەڵسەنگاندنی پرۆسەی سیاسی عێراق کە دووای 2003 وە لە سەر بنەمای هاوسەنگی و توافق و شەراکەت درووست کرابوو، و پرسیاریش ئەوەیە ئایا ئەو پرۆسەیە ماوە یان نا؟ 4ـ دەستیشانکردنی درووشمی تێکۆشانی ئەم قۆناغە کە دابڕاو لە دەیان ساڵەی تێکۆشان و قوربانیدان و گۆڕینی درووشمە سیاسییەکان، نییە، و لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا فدراڵی دروشمی گونجاوە بۆ چارەکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە کوردستانی باشوردا، یان دەبێ ڕاشکاوانە دروشمی ئەم قۆناغە بڕیاردانی مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی بێت؟ 5ـ هەڵسەنگاندن بۆ چەمکی یەکریزی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە سایەی ناکۆکی بەرژەوەندییەکان و دروست بوونی ململانێی حزبی لاوەکی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی حزبی بەرتەسک و بوونی خولیای دابەشکردنی زۆن و سەپاندنی هەژمون، کە پشت بە بنەمایەکی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و ناوچەگەری دەبەستێت. 6ـ دەستنیشانکردنی هێزی دۆست و دوژمن و نەیار بە نیسبەت بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەکیدا. مەبەست لە وروژاندنی ئەم خاڵانە خستنە ڕووی کۆمەڵێک دیاردە و ڕەوشی سیاسین، کە پێم وایە بە گشتی و لە گەڵ هەندی بابەتی دیکە ڕواڵەت و خاڵە بەرچاوەکانی قەیرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان لە باشوردا دیاری دەکات، و لەو باوەڕەدام کە ئەم قەیرانە ناوخۆییەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان بنەمایەکی سەرەکییە لە درووستکردنی قەیرانەکانی دیکە کە لە کوردستانی باشوردا دەستنیشان دەکرێن. باسکردنی قەیران بێ ئاماژەکردن بە رێگای چارەسەرکردنی کۆتایی بە بیرۆکەی ئەم بابەتە ناهێنێت. بۆیە دەبینین کە بەشیک لە نوسەران لەم بوارەدا پەنا دەبەنە بەر چەمکی تاکی فریادڕەس کە بەرهەمی کۆمەڵگا نەریتییەکانی پێش سەرمایەدارییە. لە هەلومەرجی ئەمرۆدا ناکرێ دوور لە کاری بە کۆمەڵ و دیالۆگی ناوخۆیی و پشتبەستن بە لۆجیک و شیکردنەوەی بابەتی و زانستی بۆ واقیعی ڕەوشی ئەمرۆی کوردستانی باشور، و ڕوڵی ناوەند و هێزی کۆمەڵایەتی لە گۆڕانکارییەکاندا باس لە چارەکردنی قەیرانەکان بکرێت. شیکردنەوەیەک نەک تەنها بە مەبەستی شیکردنەوە بێت، بەڵکو بە مەبەستی گۆڕانکاریکردن لە واقیعی بەرجەستەکراو کە پێویستی بە وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە هەیە کە لە سەرەتای ئەم بابەتە خراونەتە ڕوو. کارکردن لە بواری گۆڕانکاری لە واقیعی ئەمڕۆدا مەسەلەیەک نییە کە بە چرکەیەکی شۆڕشگیری و بە کتوپڕ ئەنجام بدرێت، بەڵکو ئەمە ئەرکێکی تێکۆشەرانەی درێژخایەنە و هەڵبەت پێویستی بە داڕشتن و دەستنیشانکردنی ریزبەندی، و دابەشکردنی ئەرکی قۆناغ و میکانیزمی کارکردن هەیە. ئەم کارکردنەش پێویستی بە وەڵامدانەوەی ڕوونی ئەو پرسیارانە هەیە کە لە سەرەتاوە خرانە ڕوو، بەو مەبەستە کە بتوانرێت ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەیە و لە پێناویدا تێدەکۆشن، تەیار بکرێن.
کاوە مەحمود ڕۆژانە لە میدیاکان و لە باسکردنی هەواڵ و دەنگ و باس و لە خستنەڕووی ڕەوشی سیاسی لە جیهاندا، گۆێمان لە وشەی قەیران دەبێت. قەیرانی دارایی.. قەیرانی پڵنگە ئاسیاوێکان.. قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. قەیرانی ئابوری.. قەیرانی ئیداری.. قەیرانی دەوڵەتی عێراق.. قەیرانی سەرمایەداری.... قەیرانی کۆمەڵایەتی.. قەیرانی سیاسی و ..هتد، و بەم جۆرەش ئەم دەستەواژەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی بە فراوانی بەکار دێت. پسپۆر و سیاسەتمەدار و توێژەوەران بە شێوازی جۆراجۆر پێناسەیان بۆ چەمکی قەیران کردوە، و ئەرکی ئەم بابەتە نییە کە بچێتە نێو بنج و بنەوانی ئەم دەستەواژەیە کە ڕۆژانە بەکار دێت. بە گشتی دەتوانین بڵێن کە قەیران گۆڕانکارییە لە ریتمی بەرێوەبردنی ڕەوشی هەر بوار و سەکتەرێک لەو بابەتانەی ئاماژەی پێدەکرێت، بە جۆرێک کە وەکو پێشتر بەرێوە ناڕوات و کۆسپ و رێگر درووست دەبێت، و ئەو ئامانج و مەبەستی چاوەڕوان دەکرا، دووچاری تەگەرە، و قەڵبە و بەربەست دەبێت، و ڕاگیران یان ڕاوەستان درووست دەبێت، و چالنجێکی گەورە دووچاری کەسان یان دەستە و تاقمی بەرپرس لەو بوار و سکتەرانەی قەیران دەیگرێتەوە، دەبێت. بەم جۆرە قەیران بۆتە دیاردەیەک لە ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەمڕو، بەڵام مانای ئەوە نییە کە قەیران دوور لە ئیرادەی مرۆڤ و ناکۆکی کۆمەڵگا و ململانێکان درووست دەبێت، و بۆیە لە هەموو حاڵەتێکدا قەیران لە ئاکامی هەڵەی سیاسەتەکان و نەبوونی توانای خوێندنەوەی پێشهاتەکان، و بوونی کێشەیەکی مێژووی چارەسەرنەکراو، و کەموکوڕی و هەڵە و نابەرامبەری لە پەیوەندییەکان، و پەنابردنە بەر خۆرسکی یان سووربوون لە سەر بەراوێزخستنی بەرامبەر، درووست دەبێت. ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە بڕوانینە پێناسەکردنی چەمکی قەیران، دەتوانین بڵێن کە کوردستانی باشور دووچاری قەیران لە سیکتەر و بواری جۆراجۆر دەبێتەوە، لەوانە قەیرانی ئابوری و قەیرانی نەبوونی سەقامگیری سیاسی و بوونمان بە بەشێک لە قەیرانی دەوڵەت لە عێراقدا، و ..هتد، و تەنانەت دەکرێت ئاماژە بۆ قەیران لە هەندێ بواری دیکە بکەین لەوانە قەیرانی نەبوونی بنیاتنانی دامەزراوەکان، و قەیرانی نەبوونی حوکمرانی باش و قەیرانی دوو ئیدارەیی و ..هتد. سەرەڕای گرنگی بوونی پرۆژە و نەخشەی زانستی تایبەت و بوونی دەستەی مرۆیی گونجاو و لەبار بۆ ئیدارەکردنی بواری ئەو قەیرانانەی کە باسمان کردن، و دوواتریش هەنگاونان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان، خاڵێکی هاوبەش لە نێوان تێکڕای قەیرانە هەمەجۆرەکانی باشوری کوردستان هەیە کە تێکڕای قەیرانەکان کۆدەکاتەوە، ئەویش قەیرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستانە، کە پێم وایە ئەو هەمبانە گەورەیەیە کە تێکڕای قەیرانە کاتی و وەرزییەکانی دیکەی خستۆتە ئامێزی خۆی. باسکردنی قەیرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان قەیرانی حزبێک یان گروپ و پەلێک لەو بزوتنەوەیە نییە، بەڵکۆ قەیرانی سەرجەم پێکهاتەکەیەتی، و ڕواڵەتی ئەم قەیرانە لەم خاڵانەدا دەبینم: 1ـ دەستنیشانکردنی قۆناغی مێژووی پەرەسەندنی کۆمەڵگا و یەکلاکردنەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا کوردستانی باشور لە قۆناغی رزگاری نیشتمانی دایە یان نا؟! 2ـ یەکلاکردنەوەی چەمکی نیشتمان کە ئایا دەوڵەتی عێراق نیشتمانی کۆمەڵگای ئێمەی کوردستانیانە، یان کوردستان نیشتمانە؟ 3ـ هەڵسەنگاندنی پرۆسەی سیاسی عێراق کە دووای 2003 وە لە سەر بنەمای هاوسەنگی و توافق و شەراکەت درووست کرابوو، و پرسیاریش ئەوەیە ئایا ئەو پرۆسەیە ماوە یان نا؟ 4ـ دەستیشانکردنی درووشمی تێکۆشانی ئەم قۆناغە کە دابڕاو لە دەیان ساڵەی تێکۆشان و قوربانیدان و گۆڕینی درووشمە سیاسییەکان، نییە، و لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا فدراڵی دروشمی گونجاوە بۆ چارەکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە کوردستانی باشوردا، یان دەبێ ڕاشکاوانە دروشمی ئەم قۆناغە بڕیاردانی مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی بێت؟ 5ـ هەڵسەنگاندن بۆ چەمکی یەکریزی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە سایەی ناکۆکی بەرژەوەندییەکان و دروست بوونی ململانێی حزبی لاوەکی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی حزبی بەرتەسک و بوونی خولیای دابەشکردنی زۆن و سەپاندنی هەژمون، کە پشت بە بنەمایەکی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و ناوچەگەری دەبەستێت. 6ـ دەستنیشانکردنی هێزی دۆست و دوژمن و نەیار بە نیسبەت بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەکیدا. مەبەست لە وروژاندنی ئەم خاڵانە خستنە ڕووی کۆمەڵێک دیاردە و ڕەوشی سیاسین، کە پێم وایە بە گشتی و لە گەڵ هەندی بابەتی دیکە ڕواڵەت و خاڵە بەرچاوەکانی قەیرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان لە باشوردا دیاری دەکات، و لەو باوەڕەدام کە ئەم قەیرانە ناوخۆییەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان بنەمایەکی سەرەکییە لە درووستکردنی قەیرانەکانی دیکە کە لە کوردستانی باشوردا دەستنیشان دەکرێن. باسکردنی قەیران بێ ئاماژەکردن بە رێگای چارەسەرکردنی کۆتایی بە بیرۆکەی ئەم بابەتە ناهێنێت. بۆیە دەبینین کە بەشیک لە نوسەران لەم بوارەدا پەنا دەبەنە بەر چەمکی تاکی فریادڕەس کە بەرهەمی کۆمەڵگا نەریتییەکانی پێش سەرمایەدارییە. لە هەلومەرجی ئەمرۆدا ناکرێ دوور لە کاری بە کۆمەڵ و دیالۆگی ناوخۆیی و پشتبەستن بە لۆجیک و شیکردنەوەی بابەتی و زانستی بۆ واقیعی ڕەوشی ئەمرۆی کوردستانی باشور، و ڕوڵی ناوەند و هێزی کۆمەڵایەتی لە گۆڕانکارییەکاندا باس لە چارەکردنی قەیرانەکان بکرێت. شیکردنەوەیەک نەک تەنها بە مەبەستی شیکردنەوە بێت، بەڵکو بە مەبەستی گۆڕانکاریکردن لە واقیعی بەرجەستەکراو کە پێویستی بە وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە هەیە کە لە سەرەتای ئەم بابەتە خراونەتە ڕوو. کارکردن لە بواری گۆڕانکاری لە واقیعی ئەمڕۆدا مەسەلەیەک نییە کە بە چرکەیەکی شۆڕشگیری و بە کتوپڕ ئەنجام بدرێت، بەڵکو ئەمە ئەرکێکی تێکۆشەرانەی درێژخایەنە و هەڵبەت پێویستی بە داڕشتن و دەستنیشانکردنی ریزبەندی، و دابەشکردنی ئەرکی قۆناغ و میکانیزمی کارکردن هەیە. ئەم کارکردنەش پێویستی بە وەڵامدانەوەی ڕوونی ئەو پرسیارانە هەیە کە لە سەرەتاوە خرانە ڕوو، بەو مەبەستە کە بتوانرێت ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەیە و لە پێناویدا تێدەکۆشن، تەیار بکرێن.
جەلال جەوهەر بەشی حەوتەم: ڕوسیاو كوردو جوڵانەوەی سیاسیو چەكداری لە كوردستان بۆ سێ سەد ساڵ دەچێ روسیا یەكێكە لە زلهێزەكانی جیهانو ناوچەكە، كارگەری دیاری هەبووە (بە باشو بە خراپ) لەو ماوەیەدا لەسەر پرسە گرنگو چارەنوسەكانی ئاسیاو ئەوروپا بەتایبەت، و لەنێویشیاندا پرسی كورد. رسلان مامیدۆف، كە ئەندامی ئەنجومەنی كاروباری نێودەڵەتیە لە روسیا، و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەیو دەزگاكانی تری روسیا كۆمەكو یارمەتی ئەو ئەنجومەنە ئەكرێ، زۆر بە ڕاشكاوی لە باسێكی خۆیدا بە ناوی (بعد الخلافە: افاق العلاقات الروسیە العراقیە، ێ 9 الرێد الاستراتیجی ـ العدد : الخامس عشر، ێژار 2019 ) ئەڵێ: (مۆسكۆ هەرگیز ستراتیجێكی روونو ئاشكرای نەبوە لە بەرامبەر كورد). دیارە مۆسكۆ لە هیچ یەكێك لە سەردەمەكانی ڕوسیای قەیسەری، یەكێتی سۆڤیەت، و ڕوسیای ئەمڕۆ، بەرنامەو ستراتیجێكی دیاریكراوی نەبووە بۆ پرسی گەلی كورد لە كوردستان. وەك ئەوەی ڕۆڵی باشی نەبووە لە پرسی كورد، ڕوسیا هەڵوێستی دوژمنكارانەی دیاریشی هەبووە لە هەندێ سەردەمو قۆناغی زۆر هەستیاردا. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیە، و بەسودوەرگرتن لەو ڕاستیە مێژوویانەی كە لە بەردەست دایە، وا لێرەدا بە كورتی بەشێك لە هەڵوێستەكانی ڕوسیای قەیسەریو یەكێتی سۆڤیەتو ڕوسیای ئەمڕۆ دەخەمەڕوو: هەڵوێستی ڕوسیای قەیسەری لەسەر پرسی كورد 1- ڕوسیای قەیسەری دیدو بەرنامەیەكی دیاریكراوی نەبوو، بۆ پرسو مافەكانی گەلی كورد لە سنوری دەسەڵاتی ڕوسیای ئەو سەردەمە، و مافەكانی گەلی كورد لە كوردستانو ناوچەكە، روسیای قەیسەری ئەوكاتە كوردی بیر كەوتۆتەوە، كە دوژمنەكانی لە هەردوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیو سەفەویدا فشارو تینیان بۆ هێناوە، ئەوسا ڕوسیای قەیسەری كوردەكانی وەك فشار بەكارهێناوە لە دژی دوژمنەكانی خۆی. لە سەردەمی ڕوسیای قەیسەریدا، شوێنی كوردستان وابووە، كە خاكەكەیو میللەتەكەی دابەشبكرێت بەسەر ئەو سێ ئیمپراتۆریەتەدا بە شێوازو ڕێژەی جیاجیادا، دیارە هەر ئەوەش یارمەتی دەر بووە، ئەو سێ دەوڵەتە كارتی كورد بەكار بێنن وەك فشار لە دژی یەكتر بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی خۆیان. 2- ڕوسیای قەیسەری و ڕێكەوتنی سایكس بیكۆ. بەپێی ڕێكەوتنی سایكس بیكۆی نێوان بەریتانیاو فەڕەنساو ڕوسیای قەیسەری لە ساڵی 1916ز، بۆ دابەشكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەكان، ڕوسیای قەیسەری ئەم ناوچانەی بەردەكەوت: ویلایەتەكانی ئەرمینیا، ویلایەتەكانی باكوری كوردستان، ئیستانبوڵو تەنگەكانی بسفۆرو دەردەنیل،... بەڵام سەرهەڵدانی شۆڕشی ئۆكتۆبەرو گۆڕینی سیستەمی سیاسیی ڕوسیا لەساڵی (1917ز)، بووە هۆی خۆكێشانەوەی ڕوسیا (روسیای دوای قەیسەر) لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی جیهانی یەكەم، و دەستبەرداربونی روسیای دوای قەیسەر لە هەموو ئەو دەستكەوتانەی لە جەنگی جیهانی یەكەم، و بەپێی ڕێكەوتنی سایكس بیكۆ پێی بڕابوو. ئەم خۆكێشانەوەی روسیا، دۆخێكی نوێ سیاسی لە دونیاو ناوچەكە دروستكرد، هاوكێشەو هاوسەنگی سیاسیو هێزی گۆڕی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بریتانیاو فرنسا نەرمی بنوێنن لەبەرامبەر توركیای نوێ، و پەیمانی سیڤەر هەڵبوەشێنەوەو پەیمانی لۆزان جێگای بگرێتەوە، و باكوری كوردستان داگیربكرێتەوە لەلایەن توركیاوە، بێگومان ئەمەش وایكرد میللەتی كورد لە باكورو باشور و رۆژئاوا دەرفەتو هەلێكی مێژوویی لەدەستبدات. هەڵوێستی یەكێتی سۆڤیەت لەسەر پرسی كورد یەكێتی سۆڤیەت بەشێوەیەكی كاتی یارمەتی كوردی كردو بەشدار بوو لە ڕەخساندنی دوو هەل: 1- پێدانی ئۆتۆنۆمی بە ناوچەكانی كوردنشین لەسنوری نێوان ئازەربێجانو ئەرمینیا... لە سەردەمی لینین لەساڵی (1923ز)، بەڵام لەدوای حەوت ساڵ، و لە ساڵی (1930ز) ستالین ئەو مافەی لە كوردەكان داگیر كردەوە، هەر بەوەش نەوەستا بەڵكو كوردەكانی ناوچەكانی ئازەربێجانو ئەرمینیاو جۆرجیایان وڵات بەدەركرد، بۆ ناوچەكانی قەوقازو سیبیریا... ستالین كوردی سنوری دەسەڵاتی خۆی بەجۆرێك ئاوارەو دەربەدەرو قڕ كرد، مەگەر عوسمانیە توركەكانی پێش ستالین وایان بەسەر كورددا هێنابێت. 2- لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیش، یەكێتی سۆڤیەت لە سەرەتای ساڵی (1946ز) پشتگیری لە سەربەخۆیی بەشێكی رۆژهەڵاتی كوردستانی كرد- كۆماری مەهاباد، بەڵام یەكێتی سۆڤیەت زوو پشتی تێكردو پاشگەزبوەوە، لەبەرامبەر هەندێ دەسكەوتی ئابوری لە ئێران، و لەژێر فشاری زۆری ئێرانو توركیا، لەبەرئەوە، هەر لە كۆتای ئەو ساڵەدا حكومەتی ئێران پەلاماری كۆماری مەهابادیان دا، و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا داری بەسەر بەردیەوە نەما. 3- بەرگری كردن لە گەلانی چەوساوەی دونیا، و پشتگیریكردن لە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلان دروشمی سەرەكیو ناوەندی حیزبی شیوعیو یەكێتی سۆڤیەت بوو، بەڵام چەندین جوڵانەوەی سیاسیو ڕزگاریخوازی لە پارچەكانی كوردستان دروست بوو، یەكێتی سۆڤیەت بۆ تەنیا جارێكیش بە دەنگیانەوە نەچوو، چونكە یەكێتی سۆڤیەت لەنێوان جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلان (توركیا، ئێران، عێراق، سوریا)، و حكومەتەكانی ناوەندی ئەو دەوڵەتانە، هەمیشە حكومەتەكانی هەڵبژاردوە، و تەفزیلیانی كردووە بەسەر جوڵانەوەی رزگاریخوازی گەلانی (وەك كورد،... ) تەنانەت بەسەر حیزبی شیوعی ئەو دەوڵەتانەش. هەڵوێستی یەكێتی سۆڤیەت بەگشتی لە ئاستی جوڵانەوەی سیاسیو چەكداری لە كوردستانی عێراق باش نەبووە، و هەرگیز یەكی نەگرتۆتەوە لەگەڵ دروشمی ناوەندی حیزبی شیوعی سۆڤیەتیو یەكێتی سۆڤیەت. یەكێتی سۆڤیەت، ئەوەندەی كاری كردووەو سەرقاڵ بووە، بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی ئابوریو سیاسی خۆی لەگەڵ ڕژێمی بەعس، و دوورخستنەوەیان لە رۆژئاوا، بیری لەوە نەكردووە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی دژی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس یارمەتی بداتو بەهێزی بكات، لەوەش خراپتر بەگەرمی كاریان كرد بۆ دورخستنەوەی حیزبی شیوعی لە جوڵانەوەی سیاسیو چەكداری كورد، و بەشداری پێكردنی حیزبی شیوعی عێراق لە بەرەیەكی كارتونی (بەرەی نیشتیمانی...)، هەروەها یەكێتی سۆڤیەت هەوڵو تەقەلایەكی زۆریشیدا، كە پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەم راكێشێ بۆ ئەو بەرەیە، و هەمیش دووری بخاتەوە لە ئەمریكاو رۆژئاوا، بەڵام سەركەتوو نەبوو. دواجار دەركەوت، ڕژێمی بەعس ئەم بەرەیەی بۆچیە، بەعسیەكان لەچوارچێوەی ئەو بەرەیەدا، و بە بەرچاوی یەكێتی سۆڤیەتو حیزبی شیوعی سۆڤیەتەوە، توانیان زۆرترین زیانی گیانی، سیاسی، حیزبی و جەماوەری بە حیزبی شیوعی بگەیەنن. هەڵوێستی ڕوسیای ئەمڕۆ لەسەر پرسی كورد ڕوسیای ئەمڕۆش، هاوشێوەی سەردەمەكانی ڕوسیای قەیسەریو یەكێتی سۆڤیەت پەیوەندیەكانیان لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیەكانی ئابوریو سیاسی ڕێكدەخەنو دروست دەكەن، بۆیە هەڵوێستیان هەرگیز جیاواز نیە لەوانەی پێش خۆیان لە سەر مەسەلەی كورد. ڕوسیای ئەمڕۆش، وەك ئەوەی هەڵوێستی باش نەبووە لە پرسی كورد، زۆر جار هەڵوێستەكانی نامرۆییو ناحەزانەو دوژمنكارانە كەوتۆتەوە لەبەرامبەر كورد، بۆ نمونە: 1- لە كۆتایی ساڵی (1998ز) ڕوسیای ئەمڕۆ ڕازی نەبوو سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (عبداللە ئۆجەلان) لە ڕوسیا بمێنێتەوە، و لەسەر داوا و بڕیاری بریماكۆفی سەرۆك وەزیران ڕوسیای جێهێشت. 2- سیاسەتی دووپێوانەییو ئیزدیواجییەتو دووڕوویی ڕوسیاش (هاوشێوەی حكومەتی ئەمەریكا)، لەلایەك بەرگری لە ڕژێمی بەعس دەكات لە سوریا (لە ئەدلبو ناوچەكانی تر) لە دژی هێرشو پەلامارەكانی توركیا، بەڵام عەفرینیش كە هەر بەشێكە لە سوریا، نەك هەر بەرگری لێنەكرد لەدژی هێرشو پەلاماری زەمینیو ئاسمانی توركیا، بەڵكو زەمینەشی بۆ هێرشی سوپای توركیا خۆشكرد، و لە ناوچەی عەفرینیش كشایەوە، و چرای سەوزی بۆ توركیا هەڵكرد، بۆ لێدانو داگیركردنی عەفرین، و ناوچەكانی تری رۆژئاوا. 3- ڕوسیاش هاوشێوەی ئەمەریكاو ئەوانی تر، ڕاپرسی (25/9/2017)ی لە كوردستان ڕەتكردەوە، بەڵام بە ئسلوبێكی دیبلۆماسی جیاواز، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆی لە عێراقو هەرێمی كوردستان.
عەبدولرەزاق شەریف ئەوەی ئێستا لە پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجە ئەگوزەرێ، دەسەڵاتێكی رەهای بنەماڵەو كەسایەتیە سیاسیەكانی هەر سێ حیزبی حوكمڕانە، لەڕوی داراییو ئابورییەوە كۆمەڵێ كۆمپانیای بواری جیاجیای پارەپەیاكردنی ناشەرعیو ناقانونی پێیانەوە هەڵواسراو و گرێدراون، ئاوێتەیەكن هاوڵاتی نازانێو ناتوانێ پیاوی پارەدار، لە سیاسیو حاكم، حوكمدارێتی لە بازرگانو هەموشیان لە مناڵی بنەماڵە سیاسییەكان هاوێر بكات. لەڕووی هێزی چەكدارەوە، بۆ پارێزگاریكردنی خۆیانو هەڕەشەو خۆسەپاندن، دەیان دەستەو تاقمو گروپی سەر بەخۆیانیان لە دەزگاكانی هەرێم (وەزارەتەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، نەوتو دارایی، سەرۆكایەتی هەرێمو ئەنجومەنی وەزیرانو ئەنجومەنی ئاسایش)دا هەیە، لە عێراقیش لە (سەرۆكایەتی كۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دیفاع، وەزارەتی داخلیو مەجلیسی ئەمنی وەتەنی) لە مەفرەزەی حیمایەوە بۆ فەوجو لیوا هەیانە، سەرباری هەمو ئەوانەش كۆمپانیاكانی پڕچەكی سیكیوریتی تایبەت بە نەوەكانیان داناوە، تێكەڵەیەكن كەس نیە بتوانێ ناوی تفەنگچیەكانو سەردارەكانیانو تەنانەت جلوبەرگەكانیشیان لێكجیا بكاتەوە. لەڕوی دەسەڵاتەكانی (قەزایی، تەنفیزیو تەشریعی)، دەیان ساڵەو بە كاوەخۆ هەمو جومگەكانیان لە كارگوزارێكی قوتابخانەیەكەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان، راوێژكار، وەزیر، حاكمو پەرلەمانتارەكان، تۆڕێكی دەربارو خوازەڵۆكو دەسندەخۆریان چنیوە، تەونێكن هێندە ئاڵۆز، قورسە لەناو ماڵەكانیشیاندا، ئاشپەزو دەرگاوان بە گفتو رەفتار لە حاكمو وەزیرو پەرلەمانتارەكە جیا بكرێنەوەو بناسرێنەوە. لەڕوی بوارەكانی ژیانی فەرهەنگی (میدیا، ئەدەبو هونەر، وەرزشو...هتد)، دەیان (كەناڵو دامەزراوە، سەدان رێكخراو، یانەو تیپ ...هتد)یان بۆ تێكدانو شێواندنو سوكایەتی بە مێژو، شكۆ و شوهرەتی ئێستاو رابردومان لە گەڕدایە، بەشێوەیەك مرۆڤی كورد، گومان لە رابردوی باوباپیرانی خۆی ئەكاتو پرسیاری هەقیقەتی رەگەزی ناودارەكانی كۆمەڵی كوردەواری بۆ وەڵام نادرێتەوە. هەمو ئەو دارودەستەو دەسەڵاتە رەهایانە، كەسو بنەماڵە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان قۆرخیان كردوەو بە هێشویی لەگەڵ تۆڕە لێكچوەكان پیادەی ئەكەن، بێ دەزگای لێپرسینەوەو بێ پابەندبونی بەرپرسیارێتی دەستوریو یاساییە، بێ بەرپرسیارێتی شەرعیو ئەخلاقیە. لە هیچ شوێنێكی سەر تۆپی ئەم زەوییەدا، نە ئێستاو نە لە رابردودا، دەسەڵاتی هاوشێوە بەبێ بەرپرسیارێتی نەبوەو نیە. گەلۆ ئێمە بە تەماو تەمەناو بە نیازی چی لەگەڵ ئەمانەدا بژین ؟ تا كەیو بۆ كوێ دێوجامەی سەرچۆپی ئەم شینو شاییە بەدەست جەواڵدڕەكانەوە بشەكێتەوە !؟
کارۆخ خۆشناو مێژووی "کەشتی" وڵاتان پڕیەتی لە هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو، بەڵام هەرکاتێک کەشتیەکەیان لە کەنارێکی ئارامدا ئۆقرەی گرتبێت، ئەوا (بیرمەند و سەرکردە و داڕێژەرانی بڕیار) هەڵوەستەیان کردووە و هەڵساون بە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی تۆکمە بۆ ئەوەی کەشتیەکەیان لە داهاتوودا بەرگەی هەڵبەز و دابەزی شەپۆلەکان بگرێت، ئەم نەخشەڕێگایەش بریتی بووە لە نووسینەوەی "دەستوور" کە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە و بە دایکی یاساکان پێناسە دەکرێت و وەک داینەمۆی پێشکەوتنی وڵاتان لەقەڵەم دەدرێت. هەرێمی کوردستان دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی (2003) قەوارەیەکی دەستووری و یاسایی لە (عێراقی نوێ)دا بۆ فەراهەم بووە، ئەم قەوارەیەش لە ماددەکانی (117و 120و 121)ی دەستووری عێراقدا دانی پێدانراوە، بۆیە پاراستنی ئەم قەوارەیە (هێڵی سوورە) و نابێت بەهیچ جۆرێک و لەژێر هیچ پاساوێکدا، سازشی لەسەر بکرێت. بەداخەوە دوای تێپەڕبوونی (15) ساڵ، تاکو ئێستا (داڕێژەرانی بڕیاری هەرێم) نەیانتوانیوە سوود لەو مافە دەستووریە وەربگرن کە لە ماددەی (120)ی دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێکراوە و بە روونی ماف بە هەرێمی کوردستان دراوە کە خاوەن دەستوورێکی تایبەت بە خۆی بێت، کەچی هێشتا هەرێمی کوردستان نەبۆتە خاوەن دەستووری خۆی! لێرەدا پرسیار ئەوەیە: کێ بەرپرسیارە لەم کەمتەرخەمیە؟ بۆچی تاکو ئێستا (رەشنووسی) دەستووری هەرێم، لە پەرلەمانی کوردستان نەکراوەتە سپینووس؟ بۆچی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور کارا نەکراوەتەوە، یاخود بۆچی لیژنەیەکی نوێ بۆ نووسینەوەی دەستوور دروست ناکرێت؟ ئەگەرچی پێویست بوو دوای پرۆسەی ئازادی و نووسینەوەی دەستووری عێراق، یەکەم هەنگاوی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ بێت بۆ هەرێم، لە جیاتی واژووکردنی (رێکكەوتننامەی ستراتیژی لە تەمموزی 2007 و دواتریش رێكکەوتننامەی دەباشان لە ئایاری 2016) چونکە پێموایە کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان نەبوونی (دەستوورێکی هاوچەرخ) و ڕێزلێگراوە، کە ماف بە هەموو پێکهاتەکان بدات بۆ ئەوەی لەژێر سایەیدا هەموو دام و دەزگا مەدەنی و سەربازییەکان یەکبخرێن و سنوور بو هەرسێ دەسەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) دیاریبکرێن، تاکو بتوانرێت ئەرکی خۆیان بە شێوەیەکی شەفاف ئەنجام بدەن، لە پێناو گەیاندنی کەشتی هەرێمی کوردستان بە کەناری ئارامی هاوشێوەی (هەرێم و وڵاتە) پێشکەوتووەکانی جیهان، لە پێناو رێگریکردن لە گەندەڵی و بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی، بە جۆرێک کە دەرفەتی کاری یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتووان بڕەخسێنرێت و ئەرک و ماف بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت، بە بێ رەچاوکردنی جۆری رەگەز و رەنگ و ئایین و ئایدیۆلۆژیا. بەڵام ئێستاش نەچووە بچێت، مادام زانستی پزیشکی توانیبێتی لە رێگای کۆمپانیای (فایزەر)ەوە ڤاکسینێک بۆ پەتای (کۆرۆنا) بدۆزێتەوە، دەکرێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستانیش هەوڵ بدات (دەستوور) بکاتە ڤاکسینی پەتای (پەرتەوازەیی کورد) بۆ ئەوەی زاڵ بێت بەسەر ئاستهنگهكانی ئەم قۆناغە هەستیارە، چونکە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە (پەتای پەرتەوازەیی) کوردستان ترسناکترە لە (پەتای کۆرۆنا). ئێمەی کوردیش پێویستە سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین و ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو بە هۆی نووسینەوەی (دەستوور)ەوە توانیویانە بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و کۆدەنگی دروست بکەن و سەقامگیری بەرپا بکەن، بۆ نموونە سەرەکیترین فاکتەری گەشەسەندن و زلهێزبوون و سەرکەوتنی ئەمهریکا، هەبوونی دەستوورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە تەنها لە (7) ماددە پێکهاتووە و لە سەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دۆکیۆمێنتی نووسراوی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، کە تەمەنی (231) ساڵە و تاکو ئێستاش کاری پێدەکرێت. ئەگەر باوکانی دامەزرێنەری ئەمهریکا (231) ساڵ لەمەوبەر توانیبێتیان هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژن و دەستوورێک بنووسنەوە، بۆچی ئێمەی کورد نەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین و هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژین؟ راستییەکی تاڵە کە دەڵێین "کەشتی" هەرێمی کوردستان بههۆی پهرتهوازهیی و ههندێك كهموكوڕی دیكهوه کونی تێبووه، بەڵام خۆشبەختانە هێشتا نقووم نەبووە، بۆیە دەکرێت نووسینەوەی (دەستوورێکی هاوچەرخ) ببێتە فریادڕەس بۆ ڕزگارکردنی ئەم "کەشتییە" بە مەرجێک دەستوورێکی رێزلێگیراو بێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەز بمێنێتەوە! لە کۆتاییدا گرنگە بزانین کەوا هەموومان دانیشتووی ئەم "کەشتییە"ی هەرێمی کوردستانین و ئەرکی سەر شانی هەموولایەکمانە، بە گیانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی چارەسەرێک بۆ کون و کەلەبەرەکانی ئەم کەشتییە بدۆزینەوە، بۆیە پێموایە تاکە چارەسەر تەنیا نووسینەوەی (دەستوورێکی هاوچەرخ)ە بۆ ڕزگارکردنی ئەم کەشتییە، چونکە بە نقوومبوونی ئەم کەشتیە نەک تەنها باشووری کوردستان زەرەر دەکات، بەڵکو تاکە ئومێدی هەر سێ پارچەکەی تری کوردستانی گەورەش لەبار دەچێت! * سەرۆکی ئەنیستیتیوتی توێژینەوەی (ئەمهریکی-کوردی)
د. شوان نافع خورشید 1. گرینگترین هەنگاو ئەوەیە کە میللەت و سەرکردە واز لە نەتەوایەتی ئەسنیکی Ethnic Nationalism بهێنین. لە بری ئەوە دەسگرین بە نەتەوایەتی سیڤیلی یان مەدەنی Civil Nationalism. جیاوازی لە نێوان ئەم دوو جورە نەتەوایەتیە زۆر گەورەیە. 2. یەکەمیان هەوڵ ئەدا بۆ گروپێکی ئەسنیکی بۆ نمونە کورد، تۆرک یان عەرەب. پارتەکانیان بۆ ناوی ئەو گروپە ئەبێت وتەنانەت رەنگە ناوی وڵاتەکەش بە ناوی ئەو گروپە دانێن. لە کوردستاندا ئێمە ئەم حالەتە ئەبێنین. هەڵبەتە زۆرێک لە سیاسەتمەدارەکان و رۆشنبیران کوردەکان هەوڵ ئەدەن ناوی گروپە ئەسنیکیەکانی دانێن وەک کوردستانی. بەڵام ئەمە لە ناوەرۆکە هیچ ناگورێت و دیاریش نییە ئایا ئەو خەڵکە کە کورد نین پێیان خۆش ئەبێت بەخۆیان بوترێت کوردستانی یان نا. و لەهەموو حاڵەتێکدا دیارە ئەو گروپانە هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەیان بە دەست نییە وەکو مێوانیش تەماشا ئەکرێن. 3. زیانە گەورەکە لە نەتەوایەتی ئەسنیکیە ئەوەیە پەیوەرێکی رێک و ئوبجەکتیڤانەی ئاسان ناخاتە بەردەست بۆ ئەوەی سەرکردەکان هەڵسەنگینین. سەرکردەکانی ئێمە هەر بانگەشەی سەرکەوتنی مەزن ئەکەن هەرچەندە نێوەی کوردستانیان لە دەستدا و ئیستاش تەنانەت پێیان ناکرێت لەبەر گەندەڵیان دابینی موچەی هاوڵاتیان بکەن. هەموو پاساوەکەیان ئەوەیە کە کارەساتی خەرابتریش رووی ئەدا ئەگەر ئەوان سەرکردە نەبونایە. ئەم پێوەرەش بە هیچ شێویەک نا پشتراست ئەکرێت و نە پۆچەڵ ئەکرێت چۆنکە ناتوانین بۆ نمونە بگەرێنەوە پێش ریفراندوم و سەیر کەین چی رووی ئەدا ئەگەر ریفراندومان نەکردایە. 4. پارتە نەتەوایەتی ئەسنیکی هەموو ئەبن بە دکتاتوری چۆنکە سەرکردەکان هەموو کاتێک ئەتوانن رکابەرەکانیان لە کۆڵ کەن بە ناوی ئەوەی کە بانگەشەکانی ئەو رککابەرانە دژ بە بەرژەوەندی میللەتدایە. 5. کەواتە ئاشکرایە دەستگرتنمان بە نەتەوایەتی ئەسنیکی ئێمە خۆمان وەک میللەت پاڵپشتی سەرکردە ستەمکارو گەندەڵ ئەکەین بۆیە لە بەرژەوەندی میللەتدایە کە دەستبەرداری نەتەوایەتی ئەسنیکی ببین. 6. بێجگە لەمەش دستگرتن بە نەتەوایەتی ئەسنیکیدا رەوا نییە و دادپەروەرانە نییە بەرامبەر هاو نیشتیمانەکانمان. هەر چۆن کورد هەست بە ستەم ئەکات لە تورکیا و سوریادا کە ناویان ناوە بە تورکی و عەرەبی هەروەهاش ئاشوری و سریان و کلدان وتورکمانەکان و عەرەبەکان هەست بە ستەم ئەکەن کە ئێمە نەتەوایەتی ئەسنیکیمان هەیە و ئەیسەپێنین هەر لەبەر ئەوەی ژمارەمان زۆرترە و دەستڕۆین لەم وڵاتەدا. 7. پێویستیشە ئەوە بزانین کە نەتەوایەتی ئەسنیکی خوێنرێژی وێرانکاری بە دوای خۆیدا ئەهێنێت. نمونەی ئەم قسەیەش جەنگی جیهانی دووەمە، جەنگی ناو عیراق کە ١٩٦١ دەستی پێکردوە. جەنگی سوریا و تورکیا و ئیران و هەروەها ئەوانەی کە لە بلقاندا روویانداوە. 8. کە نەتەوایەتی سڤیلمان هەبێت. سیستەم هەڵئەسەنگێندرێت نەک بەوەی ئایا دەستکەوت بووە بۆ گروپە ئەسنیکیەکە، بەڵکو چەندی رێز گیراوە لە مافی مرۆڤی هاوڵاتیان و چەند یەکسانی هەبووە لە نێوان پێکهاتەکانی بە بێ جیا کاری لە نێوان رەگەزەکان و گروپە ئەسنیەکیەکان و چەندی سیستەم توانیویەتی خزمەتگوزایەکانی دابین بکات و وڵات گەشە بکات. 9. لەگەڵ نەتەوایەتی یان باشتر وایە ناوی بنین نیشتیمان پەروەری سیڤیلیدا، پارتەکان خۆیان هەمە چەشنە ئەبن چۆنکە هەموو کەسێکی بۆ نمونە پێ ئەکرێت لە ناو یەک پارتێکی سیڤیلدا ببێت. ئەگەر پارتێک ناوی کوردی یان عەرەبی یان ئاشوری بێت بۆ نمونە یەکێک کە سەر بە گروپە ئەسنیکیە نەبێت ئاستەمە جێگای لە ناویدا بێت مەگەر پاڵپشتی سەرکردەی هەبێت. چۆنکە هەموو ئەندامێکی تر کە سەر بەو گرۆپەیە ئەتوانێت گومان بوروژێنێت لە دژیدا بڵێت کە رەنگە دڵسوزمان نەبێت چۆنکە سەر بە گرۆپی ئەسنیکی ئێمە نییە. 10. هەڵبەتە لە پێناوی وڵاتێکی جوانتر ئەبێت ئامادە بین قوربانیش بدەین. خەڵکانی ئێمە وڵات و کەسوکاری خۆیان بەجێ دێڵن و ژیانی خۆیان ئەخەنە مەترسی و توشی دەیان سوکایەتیش ئەبن بۆ ئەوەی بگەن بە وڵاتێکی جوانتر کە بە خەباتی خەڵکانی تر و لەبەر رۆشنبیریان دروست کراوە. دەبێت ئامادەش بین ئێمە قوربانیەکە بدەین سەرەتاکەیشی لە بیرکردنی قینەو رق کە لە کاتی خۆیدا لە بەر کورد بوون ستەمیان لێ کراوە. پێویست ئەکات ئامادە بین ناوی وڵاتی ئێمە بگۆردرێت و ببێتە ناوێک کە هەموو گروپە ئەسنیکیەکان تێدا خۆشحالبن کە ببێتە ناسنامەیان. وڵات پێویستە ناوێکی بێ لایەنی هەبێت نەک بە ناوی گروپی ئەسنیکی هەبێت.
ئاسۆ حاجی گرەو لە سەر دوای کۆنگرە دەکرا بۆ خۆ کۆکردنەوەی یەکێتی بەڵام وا دەرنەچوو،بەڵکو قۆناغی دوورخستنەوە و دڵشکاندنی دەیان کادیری سەرکردایەتی و ناوەندی دەستی پێکرد،کە مەلا بەختیار دوا قوربانی ئەو قۆناغەیە بەڵام دوایین نابێ. سڕکردنی مەلا بەختیار و سزادانی مەعنەوی رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی درێژکردنەوەی شەڕی نێوان کوتلەکانە کە بەر لە کۆنگرە زۆر زەقتر بوو و ئێستا بە رووکەش کۆتایی هاتووە و لە ناواخنیش هەر بەردەوامە. هاوسەرۆکانی یەکێتی بەتایبەتی لاهور جەنگی بە بەهانەی بڕینی دەستی پارتی لە ناو یەکێتی و دوورخستنەوەی یەکێتیە دڵ زەردەکان وەک شاناز برایم ئەحمەد ناوی لێنابوون،هەروەها ناچار کردنی پارتی کە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو بکەن هەوڵی قایمترکردنی پێگەی خۆی دەدا بۆ ئەوەی وەک بڕیاردەر و کاریگەرترین کەسی ناو یەکێتی بناسرێ. رەنگە لە بەهێزکردنەوەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی لاهور جەنگی هاوسەرۆک سەرکەوتو بێ لەوەی ئەو بڕیار لە هەموو شتێک بدا و لەناو یەکێتی هیچ کەسێک نەتوانێ دژ بەو تەوژمە بزاڤ بکات،بەڵام دەرئەنجام یەکێتی وەک حیزب و دامەزراوەیەکی سیاسی باجی ئەوە دەدا. پێدەچی تا ئەو ناوەندی بڕیارە کە دەڕسکێ و هاوسەرۆک بە مرازی خۆی دەگا لە ناچارکردنی پارتی لە دانیشتن لەگەڵی ئەوە بە دەیان سەرکردە و کادیرانی ئۆڕگانەکانی لێ هەڵوەرێن و پارتی بە دڵی خۆی باوەشیان بۆ بکاتەوە و تێر کات بەخۆی بدا تا سڵاوێک لە هاوسەرۆک دەکات. تا ئێستا یەکێتی و هاوسەرۆکە رژد و توندەکەی هەنگاوێک لە دوای پارتیەوەن،پارتی توانیویەتی پرسى سڵاوکردن و دانیشتنی راستەوخۆی لای لاهور جەنگی کردۆتە ئامانج و ستڕاتیژیەتی کاری دوای کۆنگرە،بەڵام لای خۆی وەک تاکتیک و پرسێکی لاوەکی هێشتۆتەوە.
محەمەد عەلی لە سەرەتای پرۆسەی سیاسی و دوای نەمانی ڕژێمی پێشوو، سوننەكان بە ھەموو توانایانەوە بەرەنگاری بەفیدراڵیكردنی عێراق و ئەم واقیعە نوێیە بوونەوە و جەنگێكی درێژخایەنیان لەگەڵ ھێزە ئەمەریكییەكان بەرپا كرد، ئەنجامەكەشی پەراوێزخستن و ماڵوێرانیی زیاتری بۆ ناوچە سوننەنشینەكان ھێنا، بەڵام بەپێچەوانەوە لە ئێستادا ھەنگاوەكانیان چڕكردووەتەوە بە ئاراستەی ڕاگەیاندنی ھەرێمی سوننە، شیعەكانیش خەریكە ھەمان ھەڵەی ئەوان دووبارە دەكەنەوە، گەڕانەوە بۆ مەركەزیەت و ڕاگەیاندنی جەنگ دژی ئەمەریكییەكان و گەڕانەوە بۆ دیكتاتۆرییەتی مەزھەبی. بۆ دژایەتیی واقیعە نوێیەكە، سەرەتا سوننەكان بە پاڵپشتیی پاشماوەكانی بەعس، دواتر كۆمەلێك گرووپی توندڕۆی ئیسلامی، كۆنترۆڵی ناوچە سونییەكانیان كرد، بە تایبەتی (ئەلقاعدە)، ئەمە سەرباری ئەوەی سوننە لەگەڵ شیعە لەلایەك و ئەمەریكییەكان لە یەك كاتدا لە شەڕدا بوو، دواھەمینیان پێشوازیكردن بوو لە داعش، ئیدی لە كۆتاییدا سوننەكان بە زیانێكی زۆرەوە لەم واقیعە دەرچوون، شیعەكانیش بۆ سەپاندنی ھەژموونی مەزھەبیان، سەرەتا گرووپی مەھدی و بەدر، دواتر حەشدی شەعبی و (حیزبوڵڵا)ی لوبنانی، ئێستاش دەیان گرووپی چەكداریی جۆراوجۆر، كە مەبەستیان تەنھا و تەنھا گەیشتنە بە ئامانجە مەزھەبییەكان. گەندەڵی و قۆرخكاریی دەسەڵات و تائیفیەت، سێ بنەمای دیاری حكومڕانیی سوننەكان بوون، دەرەنجامەكەی ئیفلیجبوونی دەزگا حكومییەكان و فراوانبوونی دژبەرانی و قوڵبوونەووی ھەستی مەزھەبی كە لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ و دواتر لە پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق، زۆر بە ڕوونی رەنگی دایەوە، حكومڕانیی شیعەكانیش بە ھەمان ڕێچكە بەردەوامە، ئەوەتا خۆپیشاندانەكان بەردەوامە بۆ نەھێشتنی گەندەڵی و ھەموو جومگەكانی دەسەڵات لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە لە ژێر كۆنترۆڵی ھێزە سیاسییە شیعەكاندایە، ھاوكات دروشمە نەتەوەیی و مەزھەبییەكان، ئامانجی سەرەكیی حكومڕانە شیعەكانن. ھۆكاری سەرەكی لە شكستھێنانی دەسەڵاتی ھەشتا ساڵەی سوننە، پەڕاوێزخستنی پێكھاتە سەرەكییەكانی عێراق بوو، بە تایبەتی كورد و شیعە، لە ئێستاشدا ھێزە سیاسییە شیعە كاریگەرەكان ھەمان ھەنگاوی سوننەكان دووبارە دەكەنەوە، ئەوەتا پشكی ھەرێمیان لە بودجە بری و ناوچە سوننەكانیش پەراوێز خراون لە ھەموو ڕوویەكەوە، سەرباری بەسەربازیكردنی پارێزگا سوننەكان، ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و بە تۆمەتی داعشبوون ھەزارانیان لە بەندیخانەكانن و ھاوكات دوای ھاتنی داعش ناوچەكانیان تەواو وێران بووە، لە ھەمان كاتدا حكومەتی ناوەندی ھیچ گرینگییەك بە ئاوادانكردنەوەیان نادات، ئەمەش ھەمان ئەو ھەڵانە بوون كە سوننەكانی گەیاندە ئەوەی ئێستا كەمینەیەكی فەرامۆشكراون. دەرچوونی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق بەم شێوازە، كاردانەوەی شیعەكانە بەرامبەر ئەو پێشھاتە نوێیانەی كە مەترسیی جیدیی دروست كردووە لەسەر حكومڕانییەكەیان، سەرەتا بە سەرنجدان بۆ ھەڵمەتەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، كە عێراق ھیچ جۆرە گرینگییەكی نەبوو، ھاوكات سەركەوتنی (جۆو بایدن)ی خاوەنی پڕۆژەی دابەشكردنی عێراق بۆ سێ ھەرێم و، بوونی سەرۆكوەزیر (مستەفا كازمی) كە ھەنگاوەكانی چڕبوونەتەوە بە ئاراستەی چارەسەری كێشەكان لەگەڵ ھەرێم و لە ئاستی ھەرێمیش بەرەو وڵاتە عەرەبییەكانە، بۆیە دەكرێ ھەموو ئەمانە سەرەتایەك بن بۆ بێھێزكردن و كۆتاییھێنان بێت بەم ئەزموونەی باڵادەستیی ھێزە ئیسلامییە شیعەكان.
عەتا قەرەداخی ئاخاوتن لەبارەی پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لای کورد هێشتا لەبەردەم گوماندایە، بەمانایەکی تر هێشتا لە رووی زانستیەوە ئەوە یەکلا نەبووەتەوە ئایا کورد وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە جوڵەیەکی بەردەوام و فرە ئاراستەی ئەوتۆدا بووە کە پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لە دەرەوەی بنەما میتافیزیکیەکان تیایدا روویدابێت. ئاشکرایە چەمکی میتافیزک هەندێ پێوانەی تایبەتی هەیە و لەسەر ئەو بنەمایانە دەڕوانێتە نەتەوەو ئیتنیک و پێکهاتەکان و لەسەر ئەو بنەمایەش کەسێتی نەتەوە و گەلان و کەلتوورە جیاوازەکان دیاری دەکات، کە ئەو بنەمایەش جێگیرەو لە روانگەی ئەم چەمکەوە وەکو ثێوانەیە دادەنرێت کە پشتی پێدەبەسترێت و لەسەر ئەو بنەمایەش شوناسی نەتەوەو گەلان و کەلتورەکان دیاری دەکرێت. ئەوەش بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرج و بارودۆخە کۆمەڵایەتی و ئابوری و مێژوویی و فیکریەی کە ئەو پێکهاتەیەی تێدا دەژی. ئەمەش مانای ئەوەیە کە چەمکی میتافیزیک دەڕوانێتە پێکهاتە ئیتنیکی و نەتەوەیی و کەلتورییەکان دابڕوا لەو ژینگەو واقیعەی تێیدا دەژین و تێیدان. تەنانەت سەیری شێوەی ژیان و ئامادەبوون و تەنانەت داهاتووی ئەو پێکهاتانەش بەجۆرێک دەکات کە دابڕاوە لەو زەمینەو ژینگەو بارە کۆمەڵایەتی و ئابوری و مێژوویی و فیکریەی کە ئەو پێکهاتەیەی تێدایە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم چەمکە روانینە بۆ پێکهاتەکان سەیری مادەی خاوی بوون دەکات بە بێ لەبەرچاوگرتنی رۆڵی ژینگەو بارودۆخ و هەلومەرجە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئەو گەوهەرو پێکهاتە جێگیرەی ئەو بڕوای پێیەتی. واتە بەڕوونی لە خوێندنەوەی مێژووی پەرەسەندنی کومەڵایەتی و پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبووندا، ئەم چەمکە، بوونە جێگیرەکان کە مادەی خاوی بوونن یان وەکو گەوهەری بوون سەیر دەکرێن، لە واقیع و لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری ناو واقیع جیادەکاتەوەو تەنانەت وەکو بوویەکی تەواو سەربەخۆ و خاوەن شووناس سەیریان دەکات، ئەویش بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بنەمایانەی کە بوون و ئامادەبوونی کۆمەڵایەتی دەسەلمێنن. واتە دیاریکردنی شوێن و پێگەی بوویەکی ئیتنیکی، نەتەوەیی، کەلتوری دیاری دەکرێت لەدەرەوەی پێوانەی ئامادەبوون و بەشداریکردن لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی گشتی مرۆڤایەتیدا کە مەبەست بەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتی و بنیادنانە، کە ئاشکرایە بە بێ پەرەسەندن و گەیشتنی کۆمەڵایەتیبوون بە ئاستێکی دیاری گەشەکردن ناشێت گەوهەر یان پێکهاتەی جێگیر کە لە دەرەوەی گۆڕانکارییە، هیچ بەشدارییەکی هەبێت لەو بەرهەمهێنانەدا. ئاشکرایە پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لەوەی ناودەبرێت بە کۆمەڵگای کوردی لە رابردووەوە تاکو ئێستاش لاواز و ناسرووشتیە و شێوەی کۆمەڵایەتیبوونی نەیتوانیووە فۆرمێکی ئەوتۆ بەخۆی ببەخشێت کە ئەم پێکهاتەیە لە جۆری پێکهاتەیەکی سەرەتایی یان پێکهاتەیەکی قۆناغی پێش نووسینەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی بەلایەنی کەمەوە مامناوەندی پەرەسەندن و کۆمەڵایەتیبوونەکەی لە چوارچێوەو فۆرمی کۆمەڵایەتیبوونی ژێر کاریگەری فاکتەری غەریزەو رۆحەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵایەتیبوونی ژێر کاریگەری عەقڵ و هوشیاریی کە ئاشکرایە لە هەردوو قۆناغەکەشدا پێداویستی هۆکاری سەرەکیە، بەڵام لەگەڵ بوونی جیاوازیی لە هەریەکەیاندا کە لە یەکەمیاندا پێداویستی خۆپاراستن و مانەوەیە، بەڵام لە دووەمیاندا پێداویستی بە مرۆڤبوون و بەشارستانیبوونە. بەشێک لەوتاکەکەس یان دەستە گروپ و پارتە سیاسییانەی لە مێژووی نوێدا، لەبەر دواکەوتوودی و سادەیی عەقڵ و تێگەیشتنی کوردی، وەکو رابەر یان دەستەو گروپ پارتی ناسیونالیزمی کوردی ناودەبرێن، ئەوانەن لە روانگەی چەمکی میتافیزیکەوە سەیری کوردیان کردووەو لەو روانگەیەشەوە زۆربەی پێکهاتە ئیتنیکی و نەتەوەیی و کەلتورییەکان هاوشێوەن لەکاتێکدا ئەم چەمکە پشت بە مادەی خاوی پێکهینەری ئەو پێکهاتانە دەبەستێت لە ئیتنیک و زمان و خاک و مێژووی هاوبەش و داب و نەریت و....تاد. بە مانایەکی تر پشتبەستن بە رەگەزە خاوەکانی چەمکی کلاسیک بۆ نەتەوە لە دەرەوەی پرۆسێسی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری و مێژوویی و فیکری، مانای روانین بۆ پێکهاتە ئیتنیکی و نەتەوەییەکان وەکو ئەوەی دروستبوون و هەن و گەوهەرێکی جێگیرو نەگۆڕیان هەیە بەبێ رەچاوکردن ئەوەی بەکام پرۆسیسی کۆمەڵایەتیبووندا تێپەڕییوون و چ گەشەکردن و پەرەسندنێکیان بەخۆیانەوە بینووەو سەرئەنجام ئاستی کۆمەڵایەتیبوونیان بە کوێ گەیشتووە، ئەم روانینە بۆ هەموو پێکهاتە ئیتنیکیەکان هاوشێوەیەو بوویەکی بێ جوڵە و لە شوێنی خۆدا راوەستاوی دەوێت. سەرئەنجام ئەو پێکهاتەیە گۆڕانکاری وەهای تێدا روونادات چونکە لە لایەک فاکتەرە ناوخۆییەکانی گۆڕانکاری کە پێویستیان بەهێزی جوڵێنەری ناوەو دەرەوە هەیە، سەرباری بوونی هێزی جوڵێنەری ناوەوە، هێزی جوڵێنەری دەرەوەی پێویستیان نیە بۆ خستنەجوڵەی ناوەوە کە مەبەست لە هێزی جوڵێنەری دەرەوە بارودۆخی بابەتی و رۆڵی دەستەبژێرو دەستەو گروپ و تەنانەت تاکەکەسی کاریزمیشە. لەبارێکی وەهاشدا لە رووی راستیەوە کە جوڵە نەبێت مانای وایە هیچ رووداوێک بوونی نابێت. ئاشکرایە شتێک نیە بە ناوی مێژوو بە بێ رووداو و بە بێ ئەو بکەرەی رووداوەکە دروست دەکات. لە رووی راستیەوە هەر بوونێک لەم بارەدا بێت تەنیا بوونێکە وەکو مادەیەکی خاوو هێشتا هیچی لێدروست نەبووە. هیچ بە مانای بوویەکی ئامادەو خاوەن شووناس. ئامادەبوون لە رووی کۆمەڵایەتیەوە بریتی نیە لە بوویەکی جێگیر لە شوێندا یان لە جوگرافیایەکی دیاریکراوداو بە زمان و مێژوو و داب و نەریت و بەرژەوەندی هاوبەشەوە. بەڵکو ئامادەبوون لە بەرهەمهێنان و پێشکەشکردندا پێناسە دەکرێت کە ئەوەش دەرئەنجاکی پرۆسێسێکی کۆمەڵایەتیبوونی بەردەوام و هەمیشە لەگۆڕاندایە لەگەڵ رەوتی ژیاندا، واتە کۆمەڵایەتیبوون بەرهەم یان دەرهاوێشتەی دوو جۆر جووڵەیە، جووڵەیەک لەناو خودی ئەو پێکهاتەیەدا کە ملکەچی یاساکانی پەرەسەندنە، جووڵەیەک لەو ژینگەو بارودۆخ و هەلومەرجانەدا کە دەوری ئەو بووەیان داوەو بەوپێیەش تایبەتمەندی هەر پێکهاتەیەکی ئیتنیکی یان نەتەوەیی دەرئەنجامی گۆڕانکارییە مێژووییەکانی پەیوەست بەو پێکهاتەیە. ئەگەر پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لاواز بێت، ئەوا جوڵەی ناوەوە کە کاریگەری ژینگەو بارودۆخ رۆڵی گرنگی دەبێت لە دروستکردن و چالاک کردنیدا درووست نابێت. کاتێک بوویەک لە سنوورێکی تەسکی بووندا تەنیا وەکو گەوهەرێکی جێگیر بوونی هەبێت، ناتوانێت لەگەڵ جووڵەو گۆڕانکارییەکانی دەرەوەیدا یان ژینگەکەیدا هیچ کارلێکێکی بەرهەمهێن بکات و تەنانەت ئەگەر لە ژینگەکەیدا گۆڕانکاری بەردەوام و جوڵەی بەردەوامیش هەبن، ئەم گەوهەرە جێگیرە لە گۆشەگیریدا دەمێنیتەوەو لە باشترین باریدا لە دەرەوەی پەرەسەندن جوڵەیەکی رووکەشی نابەرهەمهێنی دەبێت، کە کۆمەڵگای کوردی نموونەیەکی زیندووی ئەم شێوازەی بوون و ئامادەبوونە. واتە بەئاشکرا دیارە کە ئاستی کۆمەڵایەتیبوونی کوردی و بەو پێیەش ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی بە درێژایی مێژووی تۆمارکراو زۆر لاوازبووەو کورد وەکو بوو یان گەوهەرێکی جێگیر ماوەتەوەو لەبەر رۆشنایی ئەو بۆچوونەشدا دەتوانین بڵێین کە ناوهێنانی پێکهاتەی کوردی وەکو کۆمەڵ و کۆمەڵگا جێگای پرسیارە، هەر ئەوەش وایکردووە کە هێڵێکی ئاشکرای دیاری پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی لە مێژووی ئەم پێکهاتەیەدا نەبینرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش تەنانەت قۆناغەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی تێکەڵ و پێکەڵبن و شێوازی بەرهەمهێنان و سیستێمی بەرهەمهێنان و پەیونەندییەکانی بەرهەمهێنانیش تێکەڵ و پێکەڵ و بێ شوناس بن و هەربەوپێیەش نە چینە کۆمەڵایەتیەکان و نە دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان و نە شێوازی بەرهەمێنان و نە کەلتورو نە عەقڵی هیچ قۆناغێک بە سروشتی دروست نەبوون و دەرنەکەوتوون، تا بەو پێەش هەر قۆناغە بکەری رووداو دروستکەری کۆمەڵایەتی خۆی بەرهەمبهێنایە. بەهەمان پێوانە ناسیونالیزمیش لە قۆناغی سروشتی و تایبەتی خۆیدا دروست ببووایە و وەکو بکەری قۆناغەکەی خۆی ئەرکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی خۆیی جێبەجێ بکردایە. لێرەوە رووبەڕووی تەنیا بۆچوونی هەندێ لە نووسەرانی کورد نابینەوە کە بێ ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەکی کوردی ببینن وەها باسی کوردو ناسیونالیزمی کوردی دەکەن وەکو ئەوەی کە هاوشێوەی ناسیونالیزمی هەر نەتەوە یان کۆمەڵگایەکی ئاسایی بێت لە جیهاندا. بەڵکو زۆرینەی کوردناسانیش سەرنجیان لە تایبەتمەندی ئەم پێکهاتەیە نەداوەو کاتێ لەبارەی کوردەوە دەدوێن لە بری کۆمەڵگاو شێوازی پەرەسەندنی و ئاستی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و شێوازی بەرهەمهێنان و ململانێ کۆمەڵایەتیەکان و سیستێمی ئابوری، کورد وەکو کۆمەڵگایەکی سیاسی پێشکەش دەکەن کە تەنیا یەک کێشەی هەبێت ئەویش کێشەی ژێردەستەیی و نەبوونی ئازادیە. ئاشکرایە ئەمەی بە کۆمەڵگای کوردی ناودەبرێت گرفتی تەنیا لەو ژینگەو بارودۆخ و هەلومەجانەدا نیە کە تیایدا دەژی، یان دەوریداوە، بەڵکو واپێدەچێت بە ڕێژەیەک گرفتی لە گەوهەر یان لە مادەی خاوی پێکهێنەریدا هەبێت و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سرووشتی کۆمەڵایەتیبوون و بارودۆخی مێژوویی و ئابووری و فیکریش کاریگەریی ئاشکرایان لەسەری هەبێت. ئەمە بێجگە لە کاریگەری دەرەوەیی وەکو جەنگ و کۆچکردن و پەیوەستنەبوون بە خاکەوەو عەقڵیەتی تەنیا بەشی خۆکردن لەبەرهەمهێناندا... لەبەرچاونەگرتنی هەموو ئەمانە و نیشاندانی کورد وەکو پێکهاتەیەکی ئاسایی، کوردی بەهیچ کوێیەک نەگەیاندووە، بەڵکو بووەتە مایەی خۆنەناسینی زیاتر لە لایەن کورد خۆیەوەو بەوپێیەش نەزانینی ئەوەی کە کێشەی سەرەکی ئەو چیەو چی دەوێت و پێویستە چی بکات.
رێبوار كەریم وەلی سڕكردنی مەلابەختیارو هۆشداری دان بە هەریەك لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتو رێواس فایەقی سەرۆكی پەرلەمان، لەلایەن سەركردایەتیی یەكێتییەوە، پتر لەوەی دەرخەری ململانێی ناوخۆیی یەكێتی بێت، پێچەوانەكەیەتی. * جۆرێكە لە یەكخستنی هەڵوێستی سیاسیی یەكێتی كە لەماوەی رابردوو لە زۆر شتدا، بانێكو دوو هەوا بووە. * پارتی لەماوەی رابردوودا، هەوڵی پشتئاوكردنی سەركردایەتیی یەكێتیی داوە؛ تیمی حكومیی یەكێتیی بە موخاتەب وەگرتووەو هەوڵی داوە خۆی لە تەماس لەگەڵ ئۆرگانە حزبییە تازەكانی یەكێتی بەدوور بگرێت. * یەكەم كەس كە لەناو كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتی دەستی بۆ تەئییدی بڕیارەكە بەرزكردۆتەوە خودی قوباد تاڵەبانی بووە؛ ویستوویەتی لەو ئیحراجییەی لەنێوان پایتەختو سلێمانیدا بۆی دروست بووە رزگاری بێت. ئەگەرچی هۆشداریدان بە قوباد تاڵەبانی دەستی سەركردایەتیی یەكێتی لە سزادانی خەڵكی دیكە واڵا دەكات. * خەزووری هاوسەرۆك سڕ كرا، ئامۆزاو برای هاوسەرۆكیش هۆشداریی درایە. بۆیە ئیتر نە سەرۆكی پەرلەمانو نە جێگری سەرۆكی حكومەت ناتوانن لە بڕیاری سەركردایەتییەكەیان دەربچن. ئەوە پەیامێك بوو بۆ پارتی كە بڵێن مەركەزی بڕیاری یەكێتی لە جێگەیەكی دیكەیە. هاوكات ئیتر لێرە بەدواوە تیمی یەكێتیش لە هەولێر ناتوانن تەڕەفی موخاتەبی پارتی بنو لەسەر بنەمای پەیوەندیی شەخسی بەڕووی حزبەكەیاندا بوەستنەوە.
