Draw Media

ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و كێشه‌ی زینی وه‌رتێ!

ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و كێشه‌ی زینی وه‌رتێ!

2020-11-24 21:15:48


د. كامه‌ران مه‌نتك

كه‌واته‌ هه‌موو تواناكانی كۆمه‌لگای كوردی له‌ملانێی نێو هێزه‌ كوردیه‌كان ته‌رخانكراوه‌و له‌كاتێكدا پلانێكی جیهانی گه‌وره‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ سڕكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی كوردو هه‌ڵگرتنی بۆ ئاینده‌یه‌كی تر، كه‌ نازانرێت كه‌ی ده‌بێت!. راستیه‌كی تاڵ هه‌یه‌، كه‌ چه‌ند یه‌كێتی و پارتی و هێزه‌كانی تر زیانیان به‌ مه‌سه‌له‌ی كورد گه‌یاندووه‌، هێنده‌ رۆشنبیران و ئاوه‌زمه‌ندانی كورد، كه‌ تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ دۆخی ململانێكان راست بكه‌نه‌وه‌و له‌و ئاقاره‌ی دوور بخه‌نه‌وه‌، كه‌ یه‌كێتی و پارتی له‌لایه‌ك و دوژمنانی كوردیش له‌لایه‌كی تر به‌ چڕی كاریان له‌سه‌ركردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی شێوازی ململانێكان شێوازێكی ئایدۆلۆژی و ئه‌و جۆره‌ ململانێیانه‌ نه‌بووه‌، كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌نیوان هێزو حیزبه‌ سیاسه‌یه‌كاندا له‌ ئارادایه‌، به‌ڵكو ململانێیه‌كی ناته‌ندروست بووه‌، له‌ لایه‌ك زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی تیوه‌ گلێنراوه‌، له‌لایه‌كی تر زیاتر له‌ مۆركی ململانێیه‌كی مه‌ده‌نی، مۆركی یه‌كتر سڕینه‌وه‌ی گرتووه‌، هه‌موو دژی هه‌موو، پارتیه‌كان پێیان وایه‌، ئه‌وه‌ی یه‌كێتی بێت جه‌لالیه‌و پێویسته‌ له‌ناو ببردێت، یه‌كێتیه‌كان وایده‌بینن، كه‌ ئه‌وه‌ی پارتیه‌، كۆیله‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌و بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای كوردی رزگاری بێت سه‌ره‌تا ده‌بیت وڵات له‌مانه‌ پاك بكاته‌وه‌، گۆڕان هات، به‌ هه‌مان چاو سه‌یری هه‌ردوولای كرد! جێگای داخه‌ ئه‌و ململانێیه‌ ناته‌ندروست و سه‌قه‌ته‌ به‌ ته‌نیا لای هێزو گرووپه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان نه‌مایه‌وه‌، به‌ڵكو بووه‌ ژێرخانێك بۆ رۆشنبیری كوردو تا ئێستاش له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما درێژه‌ به‌و كاره‌ ده‌دات و هێزه‌كان پۆلین ده‌كات، واته‌ له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما كار له‌سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی دۆخی كوردستان ده‌كات. دیاره‌ لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌ رۆشنبیران، ئه‌و ده‌سته‌بژێره‌ن، كه‌ به‌ڕاستی به‌ ته‌نگ مه‌سه‌له‌ی میلله‌ته‌كه‌ی خۆیانن و به‌جدی به‌ دوای چاره‌سه‌رێك ده‌گه‌ڕێن بۆ كێشه‌و قه‌یرانه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌یان، كه‌ بێگومان دیاره‌ ئه‌مانه‌ش ژماره‌یان ئێجگار كه‌مه‌و له‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌ رۆشنبیریه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌، ئه‌وانیش یا له‌ دۆخه قێزه‌ونه‌كه‌ تێوه‌گلاون، یا له‌رووی میدیاییه‌وه‌ هێزه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان هه‌وڵده‌ده‌ن تیانوه‌بگلێنن و ناشیرینیان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی وابكه‌ن خه‌ڵك شته‌كانیان نه‌خوێنێته‌وه‌و كه‌س گوێیان لێنه‌گرێت.
سڕینه‌وه‌و ره‌تكردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای پارتی بوون، یاخود یه‌كێتی بوون، یا حزبه‌كانی تر، زه‌مینه‌یه‌كی وای خولقاندووه‌، كه‌ توانایه‌كی زۆر نیشتمان په‌روه‌رو وڵاتپارێزی كوردی نه‌ك به‌ ته‌نیا په‌ڕاوێزو لاته‌ریك بخرێت، به‌ڵكو به‌ بێده‌ستی خۆیان بكرێنه‌ ئامڕازێكیش له‌و گه‌مه‌ قێزه‌ونانه‌ی له‌ ئارادایه‌، بیركردنه‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌موو پارتیه‌ك، یا هه‌موو یه‌كیتیه‌ك، یا هه‌موو گۆڕانێك خراپه‌، بیركردنه‌وه‌یه‌كی سه‌قه‌ته‌و ئاخنین و هێشتنه‌وه‌ی سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران گه‌نجی كورده‌، له‌گه‌مه‌یه‌كی سیاسی قێزه‌ه‌وندا، بێگومان زۆرجاران ئه‌مه‌ش له‌پێناو مانه‌وه‌و پاراستنی خۆیان ئه‌نجام ده‌درێت، له‌لایه‌كی تێوه‌گلاندنی هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگایه‌ له‌و دوژمنداریه‌ نا ئاوه‌زمه‌ندایه‌. بۆیه‌ به‌رله‌هه‌موو شتێك له‌ پێناو داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ناوخۆی كۆمه‌ڵگای كوردی له‌باشوور، ده‌بێت ئه‌و تێڕوانینه‌ پووچه‌ڵ بكرێته‌وه‌ و ئه‌و توانایانه‌ بخرێنه‌وه‌ چوارچێوه‌ی توانا نیشتمانیه‌كان، هه‌زاران پارتی، یاخود یه‌كێتی هه‌یه‌ هیچ باوه‌ڕیان به‌حیزبه‌كه‌ی خۆیان نه‌ماوه‌و به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و ململانێیه‌ ناته‌ندروسته‌وه‌ ناچار كراون ده‌ست به‌حیزبه‌كانیانه‌وه‌ بگرن، پاشان ناكرێت ململانێیه‌كی سیاسی نێوان دوو حیزب بكرێته‌ ململانێیه‌كی قووڵێ كۆمه‌ڵایه‌تی و له ژێر چه‌تری هه‌موو دژی هه‌موو كاریان پێبكرێت.
بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كوردو داڕششتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی، به‌ر له‌هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌و ده‌سته‌بژێرو به‌رپرسانه‌ی پارتی و یه‌كێتی و حیزبه‌كانی تریش، كه‌ ده‌ستیان له‌و دۆخه‌و گه‌یاندنی كوردستان به‌و رۆژه‌ هه‌یه‌، له‌ هه‌موو پڕۆسه‌یه‌ك دووربخرێنه‌وه‌و دادگایی بكرێن، ناكرێت ئه‌وانه‌ له‌ هیچ پڕۆژه‌كی ئاینده‌ شوێنیان بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بچێته‌ خواره‌وه‌ كۆمه‌ڵگا، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئاشتكردنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان ئه‌مانه‌ بكرێت رێگا خۆشبكرێت بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بیرو هێزی نیشتمانی تر، كه‌ بتوانێت ئه‌ركی ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ڵگرێت و تا تروسكاییه‌ك ماوه‌، كۆمه‌لگای كوردی بخاته‌وه‌ سه‌ر ئاڕاسته‌ی راسته‌قینه‌ی خۆی، لێره‌دا مه‌به‌ستمان هه‌مان هه‌ڵه‌ی لێبوردنه‌ گشتیه‌كه‌ی به‌ره‌ی كوردستانی له‌ دوای راپه‌ڕین دووباره‌ بكرێته‌وه‌، هه‌مدیس ئه‌وانه‌ی تاوانی گه‌وره‌یان ده‌رهه‌ق به‌ میلله‌ت كردووه‌ تێكه‌ڵ به‌ پڕۆسه‌ی سیاسی بكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستمانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌زۆرو بێده‌ستی خۆیان خزێنراونه‌ته‌ ناو ململانێیه‌كی ناته‌ندروستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، گوێیان لێبگیرێت و ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌یه‌كی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تیان بۆ دابین بكرێت، ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ كاربكرێت، ئه‌وا دوژمنانی هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك له‌ كوردستان، ئه‌گه‌ر بچووكیش بێت زۆر زیاتر ده‌بێت له‌لایه‌نگرانی، كه‌واته‌ دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا نه‌ك به‌ ته‌نیا به‌چه‌ق به‌ستوویی ده‌مێنێته‌وه‌، بگره‌ رۆژ به‌رۆژ به‌ره‌و دوواوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و نزیكتر ده‌بێته‌وه‌ له‌ داته‌پین و داڕمان.
بۆئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بنێین، ده‌بێت ئه‌و كه‌لتووره‌ له‌ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵكه‌نین، كه‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی یاخود بارزانیدا نه‌بێت، سه‌ره‌تا ده‌بێت رق له‌ هه‌موو كه‌سێك هه‌ڵگرێت، كه‌ سه‌ر به‌و دوو حیزبه‌ بن و به‌كۆیله‌ ناوزه‌دیان بكات، ئه‌م كه‌لتووره‌و كه‌ ئێستا له‌بره‌ودایه‌ رۆڵێكی زۆر خراپی له‌ ژیانی سیاسی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی باشووردا بینیوه‌و بۆته‌ هۆی جوانكردنی چه‌ندین هێزو ده‌یان و بگره‌ سه‌دان كه‌سانی هه‌لپه‌رست، كه‌ ره‌نگ بێت ئه‌گه‌ر جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان بكه‌وێته‌ له‌ پارتی و یه‌كێتی زۆر خراپتر بكه‌ن! كردنی پڕۆسه‌ی جنێودان به‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی، كه‌ ئێستا گۆڕانیشیان هاتۆته‌ سه‌ر، وه‌ك ته‌عمید كردنی لێهاتووه‌ بۆ بوون به‌ ئۆپۆزسیۆن بوون، له‌كاتێكدا به‌سه‌نته‌ر كردنی ئه‌و هێزانه‌و كردنیان به‌ بابه‌تی سه‌ره‌كی میدیای ئۆپۆزسیۆنی كوردی، نه‌ك هه‌ر زیانی به‌و هێزانه‌ نه‌گه‌یاندووه‌، بگره‌ به‌هێزتریشی كردوون، هێزی ئۆپۆزسیۆن ناكرێت ته‌نیا كار له‌سه‌ر شكاندنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی بكات، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌وه‌ش نیشان بدات، كه‌ له‌هه‌گبه‌كه‌یدایه‌، چونكه‌ به‌ ته‌نیا ره‌خنه‌گرتن و ته‌نانه‌ت جنێودان به‌ ده‌سه‌ڵات بۆ ماوه‌یه‌ك كاریگه‌ری ده‌بێت، پاشان ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌خنه‌و جنێوانه‌ نه‌بێته‌ هۆی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤێكی راسته‌قینه‌، ئه‌وا نه‌ك به‌ ته‌نیا له‌ به‌هاكانی خۆی ده‌كه‌وێت به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی پێچه‌وانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌لایه‌ك خه‌ڵك له‌ ئۆپۆزسیۆن دوورده‌خاته‌وه‌، له‌لایه‌كی تر خه‌ڵك بێئومێد ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش كۆسپێكی گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م ره‌وڕه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا دروست ده‌كات و دۆخه‌ چه‌ق به‌ستووتر ده‌كات، رێك ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌، كه‌ گۆڕان كردی!.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand