نەتەوایەتی سیڤیلانە نەک ئەسنیکیانە: چۆن وڵاتێکی جوانتر دروست بکەین
2020-11-22 21:24:28
د. شوان نافع خورشید
1. گرینگترین هەنگاو ئەوەیە کە میللەت و سەرکردە واز لە نەتەوایەتی ئەسنیکی Ethnic Nationalism بهێنین. لە بری ئەوە دەسگرین بە نەتەوایەتی سیڤیلی یان مەدەنی Civil Nationalism. جیاوازی لە نێوان ئەم دوو جورە نەتەوایەتیە زۆر گەورەیە.
2. یەکەمیان هەوڵ ئەدا بۆ گروپێکی ئەسنیکی بۆ نمونە کورد، تۆرک یان عەرەب. پارتەکانیان بۆ ناوی ئەو گروپە ئەبێت وتەنانەت رەنگە ناوی وڵاتەکەش بە ناوی ئەو گروپە دانێن. لە کوردستاندا ئێمە ئەم حالەتە ئەبێنین. هەڵبەتە زۆرێک لە سیاسەتمەدارەکان و رۆشنبیران کوردەکان هەوڵ ئەدەن ناوی گروپە ئەسنیکیەکانی دانێن وەک کوردستانی. بەڵام ئەمە لە ناوەرۆکە هیچ ناگورێت و دیاریش نییە ئایا ئەو خەڵکە کە کورد نین پێیان خۆش ئەبێت بەخۆیان بوترێت کوردستانی یان نا. و لەهەموو حاڵەتێکدا دیارە ئەو گروپانە هیچ دەسەڵاتێکی راستەقینەیان بە دەست نییە وەکو مێوانیش تەماشا ئەکرێن.
3. زیانە گەورەکە لە نەتەوایەتی ئەسنیکیە ئەوەیە پەیوەرێکی رێک و ئوبجەکتیڤانەی ئاسان ناخاتە بەردەست بۆ ئەوەی سەرکردەکان هەڵسەنگینین. سەرکردەکانی ئێمە هەر بانگەشەی سەرکەوتنی مەزن ئەکەن هەرچەندە نێوەی کوردستانیان لە دەستدا و ئیستاش تەنانەت پێیان ناکرێت لەبەر گەندەڵیان دابینی موچەی هاوڵاتیان بکەن. هەموو پاساوەکەیان ئەوەیە کە کارەساتی خەرابتریش رووی ئەدا ئەگەر ئەوان سەرکردە نەبونایە. ئەم پێوەرەش بە هیچ شێویەک نا پشتراست ئەکرێت و نە پۆچەڵ ئەکرێت چۆنکە ناتوانین بۆ نمونە بگەرێنەوە پێش ریفراندوم و سەیر کەین چی رووی ئەدا ئەگەر ریفراندومان نەکردایە.
4. پارتە نەتەوایەتی ئەسنیکی هەموو ئەبن بە دکتاتوری چۆنکە سەرکردەکان هەموو کاتێک ئەتوانن رکابەرەکانیان لە کۆڵ کەن بە ناوی ئەوەی کە بانگەشەکانی ئەو رککابەرانە دژ بە بەرژەوەندی میللەتدایە.
5. کەواتە ئاشکرایە دەستگرتنمان بە نەتەوایەتی ئەسنیکی ئێمە خۆمان وەک میللەت پاڵپشتی سەرکردە ستەمکارو گەندەڵ ئەکەین بۆیە لە بەرژەوەندی میللەتدایە کە دەستبەرداری نەتەوایەتی ئەسنیکی ببین.
6. بێجگە لەمەش دستگرتن بە نەتەوایەتی ئەسنیکیدا رەوا نییە و دادپەروەرانە نییە بەرامبەر هاو نیشتیمانەکانمان. هەر چۆن کورد هەست بە ستەم ئەکات لە تورکیا و سوریادا کە ناویان ناوە بە تورکی و عەرەبی هەروەهاش ئاشوری و سریان و کلدان وتورکمانەکان و عەرەبەکان هەست بە ستەم ئەکەن کە ئێمە نەتەوایەتی ئەسنیکیمان هەیە و ئەیسەپێنین هەر لەبەر ئەوەی ژمارەمان زۆرترە و دەستڕۆین لەم وڵاتەدا.
7. پێویستیشە ئەوە بزانین کە نەتەوایەتی ئەسنیکی خوێنرێژی وێرانکاری بە دوای خۆیدا ئەهێنێت. نمونەی ئەم قسەیەش جەنگی جیهانی دووەمە، جەنگی ناو عیراق کە ١٩٦١ دەستی پێکردوە. جەنگی سوریا و تورکیا و ئیران و هەروەها ئەوانەی کە لە بلقاندا روویانداوە.
8. کە نەتەوایەتی سڤیلمان هەبێت. سیستەم هەڵئەسەنگێندرێت نەک بەوەی ئایا دەستکەوت بووە بۆ گروپە ئەسنیکیەکە، بەڵکو چەندی رێز گیراوە لە مافی مرۆڤی هاوڵاتیان و چەند یەکسانی هەبووە لە نێوان پێکهاتەکانی بە بێ جیا کاری لە نێوان رەگەزەکان و گروپە ئەسنیەکیەکان و چەندی سیستەم توانیویەتی خزمەتگوزایەکانی دابین بکات و وڵات گەشە بکات.
9. لەگەڵ نەتەوایەتی یان باشتر وایە ناوی بنین نیشتیمان پەروەری سیڤیلیدا، پارتەکان خۆیان هەمە چەشنە ئەبن چۆنکە هەموو کەسێکی بۆ نمونە پێ ئەکرێت لە ناو یەک پارتێکی سیڤیلدا ببێت. ئەگەر پارتێک ناوی کوردی یان عەرەبی یان ئاشوری بێت بۆ نمونە یەکێک کە سەر بە گروپە ئەسنیکیە نەبێت ئاستەمە جێگای لە ناویدا بێت مەگەر پاڵپشتی سەرکردەی هەبێت. چۆنکە هەموو ئەندامێکی تر کە سەر بەو گرۆپەیە ئەتوانێت گومان بوروژێنێت لە دژیدا بڵێت کە رەنگە دڵسوزمان نەبێت چۆنکە سەر بە گرۆپی ئەسنیکی ئێمە نییە.
10. هەڵبەتە لە پێناوی وڵاتێکی جوانتر ئەبێت ئامادە بین قوربانیش بدەین. خەڵکانی ئێمە وڵات و کەسوکاری خۆیان بەجێ دێڵن و ژیانی خۆیان ئەخەنە مەترسی و توشی دەیان سوکایەتیش ئەبن بۆ ئەوەی بگەن بە وڵاتێکی جوانتر کە بە خەباتی خەڵکانی تر و لەبەر رۆشنبیریان دروست کراوە. دەبێت ئامادەش بین ئێمە قوربانیەکە بدەین سەرەتاکەیشی لە بیرکردنی قینەو رق کە لە کاتی خۆیدا لە بەر کورد بوون ستەمیان لێ کراوە. پێویست ئەکات ئامادە بین ناوی وڵاتی ئێمە بگۆردرێت و ببێتە ناوێک کە هەموو گروپە ئەسنیکیەکان تێدا خۆشحالبن کە ببێتە ناسنامەیان. وڵات پێویستە ناوێکی بێ لایەنی هەبێت نەک بە ناوی گروپی ئەسنیکی هەبێت.