قەیران و وەڵامدانەوەی پرسیارە ئاڵۆزەکان!
2020-11-24 09:15:11
کاوە مەحمود
ڕۆژانە لە میدیاکان و لە باسکردنی هەواڵ و دەنگ و باس و لە خستنەڕووی ڕەوشی سیاسی لە جیهاندا، گۆێمان لە وشەی قەیران دەبێت. قەیرانی دارایی.. قەیرانی پڵنگە ئاسیاوێکان.. قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. قەیرانی ئابوری.. قەیرانی ئیداری.. قەیرانی دەوڵەتی عێراق.. قەیرانی سەرمایەداری.... قەیرانی کۆمەڵایەتی.. قەیرانی سیاسی و ..هتد، و بەم جۆرەش ئەم دەستەواژەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی بە فراوانی بەکار دێت.
پسپۆر و سیاسەتمەدار و توێژەوەران بە شێوازی جۆراجۆر پێناسەیان بۆ چەمکی قەیران کردوە، و ئەرکی ئەم بابەتە نییە کە بچێتە نێو بنج و بنەوانی ئەم دەستەواژەیە کە ڕۆژانە بەکار دێت.
بە گشتی دەتوانین بڵێن کە قەیران گۆڕانکارییە لە ریتمی بەرێوەبردنی ڕەوشی هەر بوار و سەکتەرێک لەو بابەتانەی ئاماژەی پێدەکرێت، بە جۆرێک کە وەکو پێشتر بەرێوە ناڕوات و کۆسپ و رێگر درووست دەبێت، و ئەو ئامانج و مەبەستی چاوەڕوان دەکرا، دووچاری تەگەرە، و قەڵبە و بەربەست دەبێت، و ڕاگیران یان ڕاوەستان درووست دەبێت، و چالنجێکی گەورە دووچاری کەسان یان دەستە و تاقمی بەرپرس لەو بوار و سکتەرانەی قەیران دەیگرێتەوە، دەبێت.
بەم جۆرە قەیران بۆتە دیاردەیەک لە ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەمڕو، بەڵام مانای ئەوە نییە کە قەیران دوور لە ئیرادەی مرۆڤ و ناکۆکی کۆمەڵگا و ململانێکان درووست دەبێت، و بۆیە لە هەموو حاڵەتێکدا قەیران لە ئاکامی هەڵەی سیاسەتەکان و نەبوونی توانای خوێندنەوەی پێشهاتەکان، و بوونی کێشەیەکی مێژووی چارەسەرنەکراو، و کەموکوڕی و هەڵە و نابەرامبەری لە پەیوەندییەکان، و پەنابردنە بەر خۆرسکی یان سووربوون لە سەر بەراوێزخستنی بەرامبەر، درووست دەبێت.
ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە بڕوانینە پێناسەکردنی چەمکی قەیران، دەتوانین بڵێن کە کوردستانی باشور دووچاری قەیران لە سیکتەر و بواری جۆراجۆر دەبێتەوە، لەوانە قەیرانی ئابوری و قەیرانی نەبوونی سەقامگیری سیاسی و بوونمان بە بەشێک لە قەیرانی دەوڵەت لە عێراقدا، و ..هتد، و تەنانەت دەکرێت ئاماژە بۆ قەیران لە هەندێ بواری دیکە بکەین لەوانە قەیرانی نەبوونی بنیاتنانی دامەزراوەکان، و قەیرانی نەبوونی حوکمرانی باش و قەیرانی دوو ئیدارەیی و ..هتد.
سەرەڕای گرنگی بوونی پرۆژە و نەخشەی زانستی تایبەت و بوونی دەستەی مرۆیی گونجاو و لەبار بۆ ئیدارەکردنی بواری ئەو قەیرانانەی کە باسمان کردن، و دوواتریش هەنگاونان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان، خاڵێکی هاوبەش لە نێوان تێکڕای قەیرانە هەمەجۆرەکانی باشوری کوردستان هەیە کە تێکڕای قەیرانەکان کۆدەکاتەوە، ئەویش قەیرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستانە، کە پێم وایە ئەو هەمبانە گەورەیەیە کە تێکڕای قەیرانە کاتی و وەرزییەکانی دیکەی خستۆتە ئامێزی خۆی.
باسکردنی قەیرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان قەیرانی حزبێک یان گروپ و پەلێک لەو بزوتنەوەیە نییە، بەڵکۆ قەیرانی سەرجەم پێکهاتەکەیەتی، و ڕواڵەتی ئەم قەیرانە لەم خاڵانەدا دەبینم:
1ـ دەستنیشانکردنی قۆناغی مێژووی پەرەسەندنی کۆمەڵگا و یەکلاکردنەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا کوردستانی باشور لە قۆناغی رزگاری نیشتمانی دایە یان نا؟!
2ـ یەکلاکردنەوەی چەمکی نیشتمان کە ئایا دەوڵەتی عێراق نیشتمانی کۆمەڵگای ئێمەی کوردستانیانە، یان کوردستان نیشتمانە؟
3ـ هەڵسەنگاندنی پرۆسەی سیاسی عێراق کە دووای 2003 وە لە سەر بنەمای هاوسەنگی و توافق و شەراکەت درووست کرابوو، و پرسیاریش ئەوەیە ئایا ئەو پرۆسەیە ماوە یان نا؟
4ـ دەستیشانکردنی درووشمی تێکۆشانی ئەم قۆناغە کە دابڕاو لە دەیان ساڵەی تێکۆشان و قوربانیدان و گۆڕینی درووشمە سیاسییەکان، نییە، و لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا فدراڵی دروشمی گونجاوە بۆ چارەکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە کوردستانی باشوردا، یان دەبێ ڕاشکاوانە دروشمی ئەم قۆناغە بڕیاردانی مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی کوردستانی بێت؟
5ـ هەڵسەنگاندن بۆ چەمکی یەکریزی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە سایەی ناکۆکی بەرژەوەندییەکان و دروست بوونی ململانێی حزبی لاوەکی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی حزبی بەرتەسک و بوونی خولیای دابەشکردنی زۆن و سەپاندنی هەژمون، کە پشت بە بنەمایەکی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و ناوچەگەری دەبەستێت.
6ـ دەستنیشانکردنی هێزی دۆست و دوژمن و نەیار بە نیسبەت بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەکیدا.
مەبەست لە وروژاندنی ئەم خاڵانە خستنە ڕووی کۆمەڵێک دیاردە و ڕەوشی سیاسین، کە پێم وایە بە گشتی و لە گەڵ هەندی بابەتی دیکە ڕواڵەت و خاڵە بەرچاوەکانی قەیرانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان لە باشوردا دیاری دەکات، و لەو باوەڕەدام کە ئەم قەیرانە ناوخۆییەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان بنەمایەکی سەرەکییە لە درووستکردنی قەیرانەکانی دیکە کە لە کوردستانی باشوردا دەستنیشان دەکرێن.
باسکردنی قەیران بێ ئاماژەکردن بە رێگای چارەسەرکردنی کۆتایی بە بیرۆکەی ئەم بابەتە ناهێنێت. بۆیە دەبینین کە بەشیک لە نوسەران لەم بوارەدا پەنا دەبەنە بەر چەمکی تاکی فریادڕەس کە بەرهەمی کۆمەڵگا نەریتییەکانی پێش سەرمایەدارییە.
لە هەلومەرجی ئەمرۆدا ناکرێ دوور لە کاری بە کۆمەڵ و دیالۆگی ناوخۆیی و پشتبەستن بە لۆجیک و شیکردنەوەی بابەتی و زانستی بۆ واقیعی ڕەوشی ئەمرۆی کوردستانی باشور، و ڕوڵی ناوەند و هێزی کۆمەڵایەتی لە گۆڕانکارییەکاندا باس لە چارەکردنی قەیرانەکان بکرێت. شیکردنەوەیەک نەک تەنها بە مەبەستی شیکردنەوە بێت، بەڵکو بە مەبەستی گۆڕانکاریکردن لە واقیعی بەرجەستەکراو کە پێویستی بە وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە هەیە کە لە سەرەتای ئەم بابەتە خراونەتە ڕوو.
کارکردن لە بواری گۆڕانکاری لە واقیعی ئەمڕۆدا مەسەلەیەک نییە کە بە چرکەیەکی شۆڕشگیری و بە کتوپڕ ئەنجام بدرێت، بەڵکو ئەمە ئەرکێکی تێکۆشەرانەی درێژخایەنە و هەڵبەت پێویستی بە داڕشتن و دەستنیشانکردنی ریزبەندی، و دابەشکردنی ئەرکی قۆناغ و میکانیزمی کارکردن هەیە. ئەم کارکردنەش پێویستی بە وەڵامدانەوەی ڕوونی ئەو پرسیارانە هەیە کە لە سەرەتاوە خرانە ڕوو، بەو مەبەستە کە بتوانرێت ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەیە و لە پێناویدا تێدەکۆشن، تەیار بکرێن.