لە بری سزادانی بیرەوەری
2020-11-24 12:39:04
رەحمان غەریب
لە نێوان دەرچوونی كتێبی "لەبری بیرەوەری " مەلا بەختیار و "سەگوەڕ"ی محمەد موكری، چەند ساڵە؟ چل ساڵ ؟ زیاتر؟ كەمتر؟ نازانم، بەڵام ئەوكات بیركردنەوەی مام جەلال بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەندێ بابەتی بیرورای جیاواز لەناوخۆی حزبەكەی لە بەشێكی زۆری سەركردایەتییەكی ئێستای یەكێتی كراوەترو پێشكەوتووتربوو.
سەردەمی شۆڕش و دیسپلینی حزبی و عەسكەری بوو، جیاوازی وەك تاوان تەماشا دەكرا، مام جەلال دەڵێت: "قسەكانی زۆری منی دەگرتەوە" مەبەستی بەرهەمەكەی رۆمانووس محمد موكرییە. بەڵام "مام" نەچوو پێشنیازی سزا بۆ نوسەرەكەی بكات، داوایكرد بە نوسین وەڵام بدرێتەوە.
ئەو لە ژیان و كتێبەكانەوە دەیزانی "لەیەكچوون" زیاتر بۆ وەسفی گۆرستان گونجاوە، بەڵام "جیاوازی" سیفەتی گرێدراوە بەكیانی زیندوو، جیاوازی روحی ژیان و داینەمۆی گۆڕانە، لە هەر كوێ بیروڕای جیاواز لە ژینگەی ململانێی مەدەنی و ئاشتیخوازانە ئامادەبوو، چاوەڕوانی شتێكی نوێ بن، نوێ بەمانای گۆرانكارییەك كە دڵخوازی (تۆ) یا (ئەویدی جیاواز) نەبێت.
بەبێ رێزگرتن لە جیاوازی ناتوانین باس لە دێموكراسییەتی ژیانی ناوخۆی حزب و دامەزراوەكان بكەین، ئەمە بۆ دەسەڵات و سیستمی سیاسیش راستە، كرانەوەی فەزای ئازادی رەخنەگرتن و زەمینەسازكردن بۆ ئازادی جیاوازییەكان، ئەو دەسەڵاتە بەهێزو رێزلێگیراو دەكات، پێچەوانەكەیشی دروستە.
لەناو هەر دەسەڵاتێكی حزبی سەرۆكایەتی، هاوسەرۆكی، نابێت دێموكراسییەتە ناخۆییەكەی لەمەڕ ئازادی رەخنەگرتن، لە بەردەم تەلبەنی ریزی پێشەوەی سەركردایەتی حزبەكان بوەستێت، كە تەلبەنەكەی ئەوانی نەبەزاند، پێی دەوترێت دێمۆكراسییەتی سەر كاغەز.
ئیدی كە كرداریش لەوپەڕی دونیابێت و كەس دەستی پێی نەگات، لەناو ئەم مۆدێلە لە ژیانی حزبایەتی كوردستانی، ئەندام هەست ئەكات حزب لەناو هۆشیاریاندا دەبێت بە پاپۆرەكەی "تایتانیك" خۆ پاپۆری كارەستبار هەڵگری یادەوەری گەورەترین عەشقیش بوو، بەڵام چونكەچارەنووسی نوقم بوون بوو، سەرنشینەكان خۆیان دەربازكرد.
دەسەڵاتی دێموكراسی نابێت لە جیاوازی بتوقێ و ئینجا ئەندامەكانیشی لەسەر جیاوازی بیروڕا بتۆقێنێت، هەروەك رەوایەتی تیا نییە ئەو كیانەی پرە لە جیاوازی بیروڕا وەك كیانێكی لاواز تەماشا بكرێت بە مەرجی ئەوەی جیاوازییەكان لەسەر بنچینەی رقەبەری كەسێتی و یەكترشكاندن و پەراوێزخستن بەرێوەنەچن.
رێكخستنی ململانێی سیاسی و فكری بەشێوەیەك بێت كە وەرگر لە دەرەوەو ناوەوە هەست نەكات جیازازییەكان بۆ بەرژەوەندی كەس و بنەماڵی سیاسی یان سەرۆك و دەوروبەری بەرژەوەندخواز و هەڵپەرست، بەرێوەدەبرێن.
ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی كە وەك "مام"یان پێنەكراو سووربوون لەسەر سزادان با مەرجەكانی دادگاییەكی دادوەرانەی بۆ برەخسایە، خۆی ئامادەبوایە، پەیڕەوی ئەلفوبێی سزادانی حزبی بكرێت، كە "تۆمەتبار" جارێ ئەندامی دەستەیەكی تری حزبی بێت، چۆن لە دەستەیەكی تری حزبی سزای بۆ دەردەكرێت؟
ئاخر هۆشیاری تاكەكان لەكاتێكدا دەشێوێت كە سزا ببینیت و تاوان نەكرابێت، یان تاوان بكرێت و سزا نەبینیت، ماركسی بلیمەت وایووت.