جەواڵدڕەكان
2020-11-23 14:18:54
عەبدولرەزاق شەریف
ئەوەی ئێستا لە پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجە ئەگوزەرێ، دەسەڵاتێكی رەهای بنەماڵەو كەسایەتیە سیاسیەكانی هەر سێ حیزبی حوكمڕانە، لەڕوی داراییو ئابورییەوە كۆمەڵێ كۆمپانیای بواری جیاجیای پارەپەیاكردنی ناشەرعیو ناقانونی پێیانەوە هەڵواسراو و گرێدراون، ئاوێتەیەكن هاوڵاتی نازانێو ناتوانێ پیاوی پارەدار، لە سیاسیو حاكم، حوكمدارێتی لە بازرگانو هەموشیان لە مناڵی بنەماڵە سیاسییەكان هاوێر بكات.
لەڕووی هێزی چەكدارەوە، بۆ پارێزگاریكردنی خۆیانو هەڕەشەو خۆسەپاندن، دەیان دەستەو تاقمو گروپی سەر بەخۆیانیان لە دەزگاكانی هەرێم (وەزارەتەكانی پێشمەرگە، ناوخۆ، نەوتو دارایی، سەرۆكایەتی هەرێمو ئەنجومەنی وەزیرانو ئەنجومەنی ئاسایش)دا هەیە، لە عێراقیش لە (سەرۆكایەتی كۆمار، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دیفاع، وەزارەتی داخلیو مەجلیسی ئەمنی وەتەنی) لە مەفرەزەی حیمایەوە بۆ فەوجو لیوا هەیانە، سەرباری هەمو ئەوانەش كۆمپانیاكانی پڕچەكی سیكیوریتی تایبەت بە نەوەكانیان داناوە، تێكەڵەیەكن كەس نیە بتوانێ ناوی تفەنگچیەكانو سەردارەكانیانو تەنانەت جلوبەرگەكانیشیان لێكجیا بكاتەوە.
لەڕوی دەسەڵاتەكانی (قەزایی، تەنفیزیو تەشریعی)، دەیان ساڵەو بە كاوەخۆ هەمو جومگەكانیان لە كارگوزارێكی قوتابخانەیەكەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان، راوێژكار، وەزیر، حاكمو پەرلەمانتارەكان، تۆڕێكی دەربارو خوازەڵۆكو دەسندەخۆریان چنیوە، تەونێكن هێندە ئاڵۆز، قورسە لەناو ماڵەكانیشیاندا، ئاشپەزو دەرگاوان بە گفتو رەفتار لە حاكمو وەزیرو پەرلەمانتارەكە جیا بكرێنەوەو بناسرێنەوە.
لەڕوی بوارەكانی ژیانی فەرهەنگی (میدیا، ئەدەبو هونەر، وەرزشو...هتد)، دەیان (كەناڵو دامەزراوە، سەدان رێكخراو، یانەو تیپ ...هتد)یان بۆ تێكدانو شێواندنو سوكایەتی بە مێژو، شكۆ و شوهرەتی ئێستاو رابردومان لە گەڕدایە، بەشێوەیەك مرۆڤی كورد، گومان لە رابردوی باوباپیرانی خۆی ئەكاتو پرسیاری هەقیقەتی رەگەزی ناودارەكانی كۆمەڵی كوردەواری بۆ وەڵام نادرێتەوە.
هەمو ئەو دارودەستەو دەسەڵاتە رەهایانە، كەسو بنەماڵە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان قۆرخیان كردوەو بە هێشویی لەگەڵ تۆڕە لێكچوەكان پیادەی ئەكەن، بێ دەزگای لێپرسینەوەو بێ پابەندبونی بەرپرسیارێتی دەستوریو یاساییە، بێ بەرپرسیارێتی شەرعیو ئەخلاقیە.
لە هیچ شوێنێكی سەر تۆپی ئەم زەوییەدا، نە ئێستاو نە لە رابردودا، دەسەڵاتی هاوشێوە بەبێ بەرپرسیارێتی نەبوەو نیە. گەلۆ ئێمە بە تەماو تەمەناو بە نیازی چی لەگەڵ ئەمانەدا بژین ؟ تا كەیو بۆ كوێ دێوجامەی سەرچۆپی ئەم شینو شاییە بەدەست جەواڵدڕەكانەوە بشەكێتەوە !؟