یەکێتی خڕبوونەوە یان هەڵوەرین
2020-11-22 18:12:02
ئاسۆ حاجی
گرەو لە سەر دوای کۆنگرە دەکرا بۆ خۆ کۆکردنەوەی یەکێتی بەڵام وا دەرنەچوو،بەڵکو قۆناغی دوورخستنەوە و دڵشکاندنی دەیان کادیری سەرکردایەتی و ناوەندی دەستی پێکرد،کە مەلا بەختیار دوا قوربانی ئەو قۆناغەیە بەڵام دوایین نابێ.
سڕکردنی مەلا بەختیار و سزادانی مەعنەوی رێواز فایەق و قوباد تاڵەبانی درێژکردنەوەی شەڕی نێوان کوتلەکانە کە بەر لە کۆنگرە زۆر زەقتر بوو و ئێستا بە رووکەش کۆتایی هاتووە و لە ناواخنیش هەر بەردەوامە.
هاوسەرۆکانی یەکێتی بەتایبەتی لاهور جەنگی بە بەهانەی بڕینی دەستی پارتی لە ناو یەکێتی و دوورخستنەوەی یەکێتیە دڵ زەردەکان وەک شاناز برایم ئەحمەد ناوی لێنابوون،هەروەها ناچار کردنی پارتی کە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو بکەن هەوڵی قایمترکردنی پێگەی خۆی دەدا بۆ ئەوەی وەک بڕیاردەر و کاریگەرترین کەسی ناو یەکێتی بناسرێ.
رەنگە لە بەهێزکردنەوەی ناوەندی بڕیاری یەکێتی لاهور جەنگی هاوسەرۆک سەرکەوتو بێ لەوەی ئەو بڕیار لە هەموو شتێک بدا و لەناو یەکێتی هیچ کەسێک نەتوانێ دژ بەو تەوژمە بزاڤ بکات،بەڵام دەرئەنجام یەکێتی وەک حیزب و دامەزراوەیەکی سیاسی باجی ئەوە دەدا.
پێدەچی تا ئەو ناوەندی بڕیارە کە دەڕسکێ و هاوسەرۆک بە مرازی خۆی دەگا لە ناچارکردنی پارتی لە دانیشتن لەگەڵی ئەوە بە دەیان سەرکردە و کادیرانی ئۆڕگانەکانی لێ هەڵوەرێن و پارتی بە دڵی خۆی باوەشیان بۆ بکاتەوە و تێر کات بەخۆی بدا تا سڵاوێک لە هاوسەرۆک دەکات.
تا ئێستا یەکێتی و هاوسەرۆکە رژد و توندەکەی هەنگاوێک لە دوای پارتیەوەن،پارتی توانیویەتی پرسى سڵاوکردن و دانیشتنی راستەوخۆی لای لاهور جەنگی کردۆتە ئامانج و ستڕاتیژیەتی کاری دوای کۆنگرە،بەڵام لای خۆی وەک تاکتیک و پرسێکی لاوەکی هێشتۆتەوە.