درەو: هۆشمهن عهتا - گۆڤاری ئایندەناسی پێشهكی پهیوهندییهكانی عێراق و چین مێژووییهكی دوورودرێژیان ههیه و دهگهڕێتهوه بۆ سهردهمه كۆنهكان، بهتایبهتی له سهدهكانی ناوهڕاست و له سهردهمی عهباسییهكان ئهو پهیوهندییه گهشهی بهرچاوی بهخۆوه بینیوه، به جۆرێك كه پهیوهندییهكانی ئیمپڕاتۆریای ئیسلام و ئیمپڕاتۆریای چینی بردووهته قۆناغێكی نوێوه، بهتایبهت له چوارچێوهی ڕێگای ئاوریشم پهیوهندییه بازرگانی و ئابوورییهكان پهرهیان سهندووه. سهرباری ئهوهش، عێراق كهوتبووه ناوچهیهكی ستراتیژیی گرنگ له گرێدانی پهیوهندییهكانی چین و ئهورووپا، بۆیه ههر لهو قۆناغهوه چینییهكان پێگهی جوگرافیی عێراقیان بهلاوه جێی بایهخ بووه. ههر چهنده له سهدهی بیستهم عێراق ناوچهی ههژموون و كۆڵۆنییهكی بهریتانی بوو، تهنانهت دوای سهربهخۆیی عێراقیش ڕژێمی پادشایهتی لهو وڵاته وابهستهی بهریتانیا بوو، بهڵام دۆخهكه بەتهواوی گۆڕدرا لهدوای شۆڕشی تهممووزی ساڵی 1958 له عێراقدا، كه تیایدا ڕژێمێك هاته سهر تهخت كه به ڕواڵهت دۆستی كۆمۆنیزم و نهیاری ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوایی بوو، ئهوهش دهرفهتێك بوو بۆ چین و عێراق كه پهیوهندیی دیبلۆماسیی دوولایهنه دابمهزرێنن و كونسوڵخانهی ههردوو وڵات لای یهكدی بكرێنهوه. به درێژایی سێ دهیه پهیوهندییه ئابووری و بازرگانییهكانی عێراق و چین بهردهوام بوون، بهڵام به هۆی جهنگی كهنداو له 1991 و لێكهوتهكانی چین، فرۆشتنی كهلوپهلی سهربازی و شتومهكی به عێراق ڕاگرت، ئهویش به هۆی بڕیارهكانی ئهنجوومهنی ئاسایشی سهر به نهتهوه یهكگرتووهكانهوه. ههر چهنده له تهممووزی 2007دا جهلال تاڵهبانی سهرۆکكۆماری عێراق سهردانی چینی كرد، ئهوهش دهرگای به ڕووی كرانهوهی پهیوهندییه دیبلۆماسییهكانی نێوان ههردوو وڵاتدا كردهوه. بهڵام دهتوانین بڵێین پهیوهندییهكانی عێراق و چین دوو جار پێشكهوتنیان بهخۆوه بینیوه، یهكهمیان دوای پاشهكشهی بهریتانییهكان له عێراق له 1958، دووهمیان دوای كشانهوهی سوپای ئهمەریكا لهو وڵاته له 2011. له ئابی 2011دا، نووری مالیكی سهرۆكوهزیرانی عێراق سهردانێكی فهرمیی چینی كرد و دواتریش له كانوونی یهكهمی 2012دا باڵوێزخانهی چین دهستی به كاری ڤیزا و خزمهتگوزارییهكانی كردهوه، بهوهش پەیوهندییهكانی ههردوو وڵات چوونه قۆناغێكی نوێوه[1]. گرنگیی ناوچهی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست له ستراتیژی جیهانیی چیندا ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست ناوچهیهکی زیندوو و جێ بایهخه له تۆڕی پهیوهندییه نێودهوڵهتییهكانی چیندا. چین یاداشتنامهی لێكتێگهیشتنی لهگهڵ چوارده دهوڵهتی ئهم ناوچهیهدا واژۆ كردووه، ههر له كهنداوی فارسهوه دهست پێ بكه تا دهگاته ڕۆژههڵاتی دهریای ناوهڕاست و ئهوبهری دهریای سوور. لهو چوارچێوهشدا ئهو وڵاتانه بهپێی گرنگییان له ڕوانگهی چینهوه بهسهر چوار پێوهردا پۆلێن كراون، عێراق له پلهی سێیهمه لهگهڵ ههندێك دهوڵهتی دیكهی وهك ئوردن، كوێت، عومان و قهتهر[2]. لێكۆڵهری چینی هو بینگ بینگ بۆ كاروباری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست، پوختهی سیاسهتی دهرهوهی چینی لهم ناوچهیه بهم شێوهیه داڕشتووه: “ڕەتكرنهوهی ههر هێزێك كه تاكلایهنه دهست بگرێت بهسهر ناوچهكهدا، ڕەتكردنهوهی ههموو جۆرە پشتگیرییهكی فهرمی دهربارهی ئهو هێزانهی كه داوای سهربهخۆیی تایوان دهكهن یان ئهو هێزه جوداخوازهكانی تر بهتایبهت لهلایهن وڵاتانی كهنداوهوه، ڕێگرتن له دهركهوتنی ههر جۆره ڕژێمێكی دژە چینی له ناوچهكهدا، له كۆتاییشدا بهدهستهێنانی پشتگیریی گونجاو بۆ سیاسهتی دهرهكیی چین لهلایهن وڵاتانی كهنداوهوه[3].” له چهند دهیهی ڕابردوودا چین بووهته یاریكهرێكی گرنگ له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا. ئهو وڵاته ناچار بووه كاروبارهكانی لهو ناوچهدا زیاتر و بههێزتر بكات، ئهویش به هۆكاری ئهوهی ئابووریی چین گهشهی زۆری كردووه له ناوچهكهدا، ئهوهش هانی حكومهتی چینی داوه كه زیاتر بهبایهخهوه له ناوچهكه بڕوانێت. به بهروارد به وڵاتانی دیكه، چین خاوهن ئامادهیی و ڕابردوویهكی قووڵی مێژوویی نییه له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا، بۆیه به هێزێكی تازهی ئهزمووننهكراو دهبینرێت. لهو پێناوهشدا چین زۆر بهوریاییهوه ههنگاوهكانی ههڵدهگرێت، بەتایبهت له پهیوهست به ئاڵنگارییه ناوخۆییهكانی وڵاتان له بواری ئاسایش و سیاسهتدا[4]. لهمڕۆدا پهیوهندییهكانی چین لهگهڵ ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا زیاتر له دوو بواردا خۆی دهبینێتهوه، ئهوانیش پرسی وزه و دهستپێشخهریی یهك ڕێگا و یهك پشتێنن (Belt and Road Initiative (BRI))، ههندێك به ڕێگای ئاوریشمی نوێ ناوی دهبهن كه له (2013)ەوه لهلایهن سهرۆكی ئێستای چین (زی جی پینگ) له دوو بۆنهدا ڕاگهیهنرا، یهكێكیان له وتارێك له كازاخستان و ئهوی دی له ههمان ساڵدا له وتارێك له مالیزیا ئاماژەی پێ دا. ڕێگای ئاوریشمی نوێ یهك ڕێگا نییه و بریتییه له تۆڕێک ڕێگای دهریایی و وشكانی كه چین به ناوچه جیاوازهكانی ئاسیا و ئهورووپا و ئهفەریقا دهگهیهنێت. پهیوهست به پرسی وزه، له 2015دا چین بووه گهورهترین و دیارترین هێزی جیهانیی هاوردهكاری نهوتی خاو، نزیكهی نیوهی ئهو بڕەش له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستهوه دێت. لهپاڵ ئهوهشدا، ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست له ناوچهیهكی ستراتیژیی گرنگی جیهاندا ههڵكهوتووه كه قاڕەكانی ئاسیا، ئهورووپا و ئهفەریقا بهیهكهوه دهبهستێت، ئهوه وا دهكات كه ناوچهكه جێ بایهخ بێت بۆ داهاتووی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. ههر چهنده له ئێستادا سیاسهتی دهرهكیی چین زیاتر چاوی لهسهر عهرهبستانی سعودی و ئیماراته، ئهویش به هۆی ئهو ڕۆڵه گرنگهی كه له بواری بازاڕی وزهدا ههیانه[5]. بۆ ئهوهی وێنه گهورهكه ببینین و له ڕوئیای چین تێبگهین، باشتر وایه ههندێك لهو بهڵگهنامانه بكۆڵینهوه كه حكومهتی چین بهفهرمی ڕایگهیاندوون. یهكێك لهو بهڵگهنامانه كه له 2015دا دهركراوه، بریتییه له “ڕوئیا و كاروباری دروستكردنی هاوبهشی پشتێنی ئابووریی ڕێگای ئاوریشمی و ڕێگای ئاوریشمی دهریایی سهدهی بیست و یهكهم (Vision and Actions on Jointly Building Silk Road Economic Belt and 21st- Century Maritime Silk Road)”[6]. ههروهك دینگانگ ئاماژەی پێ كردووه، دیدی چین بۆ ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بریتییه له سیستمێكی فرهجهمسهری كه پشت ببهستێت به: دهستوهرنهدان، ههماههنگیكردن، لهگهڵ دهوڵهتانی تردا وا دهكات سهقامگیری گهشه بكات له ڕێگای “ئاشتیی گهشهكردوو” (developmental peace) نهك دیدی ڕۆژئاوایی “ئاشتیی دیموكراتی” (democratic peace). ئهوهش بهتایبهت كاتێك سهر دهكهوێت ئهگهر وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمەریكا كشانهوهی هێزهكانی خۆی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست خێراتر بكات، ئهوهش وا دهكات كه چین ناچار بێت خۆی بهرژەوهندییهكانی خۆی بپارێزێت. ههر چهنده لهوانهیه ئهوه خواستی چین نهبێت كه ئامادهیی سهربازی و ئهمنیی خۆی له ناوچهكه زیاد بكات، بهڵام دواجار بۆی دهردهكهوێ كه هیچ بژاردهیهكی تری نییه، له ههمان كاتدا وا دهكات كه چین بێته ناو كێشه قووڵ و مێژووییهكانی وڵاتانی ناوچهكهوه[7]. له پهیوهست به عێراق لهناو ئهو هاوكێشهی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا، دهبینین له 2018دا عێراق له پلهی چوارهمی وڵاتانی فرۆشیار و ههناردهكاری نهوته به چین، ئهویش دوای ڕووسیا و ئهنگۆلا و عهرهبستانی سعودیهوه. ڕاگرتن و مانهوهی ئهو مامهڵه بازرگانییه بۆ عێراق زۆر پێویسته، چونكه ئهو وڵاته به چهندین جهنگ و ململانێی ناوخۆییدا تێپهڕێوه، پێویستی به یارمهتیی چین ههیه تاوهكوو پهره به سهرخان و ژێرخانی ئابووریی وڵاتهكهی بدات. یارمهتییهكی لهو جۆرهش، لهوانهیه له دوورمهودادا لێكهوتهی زۆری ههبێـت لهسهر وڵاتهكه. گرنگیی عێراق بۆ چین لهو كاتهوهی كه كۆڕبهندی چین-دهوڵهتانی عهرهبی له (2004)ەوه بهستراوه، چین زیاتر خۆی نزیكتر دهكاتهوه له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست به چهندین شێواز، لهوانه: پێدانی قهرز به سوودێكی كهم به وڵاتانی ناوچهكه، وهبهرهێنان له ژێرخانی ئابووریی وڵاتان، تهنانهت له ههندێك حاڵهتدا له چهندین ملیۆن دۆلاری قهرز خۆش بووه. له 2010دا، بۆ نموونه به ڕێژەی 80% له قهرزهكانی عێراق خۆش بوو له كاتێكدا چین نزیكهی نیوهی ئهو نهوته دهكڕێت كه له عێراق بهههم دههێنرێت. كۆمپانیا نیشتمانییهكانی بواری نهوتی چین (NOCs)؛ یهكێكن لهو كۆمپانیا پێشڕەوانهی كه لهگهڵ كۆمپانیا ناوخۆییهكانی ئهو وڵاتانهدا كار دهكهن، له عێراقدا پشكی بهرچاویان ههیه له كێڵگه نهوتییهكانی ئهلعههد، حهلفایه و ڕومهیله[8]. پهیوهندییهكانی عێراق و چین لهدوای كشانهوهی سوپای ئهمەریكا له 2011، بهرهوپێشچوونی باشی بهخۆوه بینی، له خولی دووهمی سهرۆكایهتیی سهرۆكوهزیران نووری مالیكی (2010-2014)، بهتایبهتی له ڕووی ئابوورییهوه ئاستی ههناردهی كاڵای چین چهند قات زیادی كرد، ئهوه جگه لهوهی كه ههناردهی نهوتی عێراق بۆ چینیش زیادی كرد. بهڵام دوای ئهوهی كه هێزهكانی داعش له حوزهیرانی 2014 بهشێكی زۆری خاكی عێراقیان داگیر كرد و ههڕەشهی جددی لهسهر مانهوهی عێراق وهك دهوڵهت ههبوو، چونكه ئهو هێزانه ڕاستهوخۆ بهڕێوه بوون بهرهو بهغدادی پایتهخت، ئهوهش كاردانهوهی ناخۆیی و نێودهوڵهتیی بهدوادا هات. ئهمەریكا سهرپهرشتیی هاوپهیمانییهكی نێودهوڵهتیی كرد بۆ لهناوبردنی داعش و گهڕاندنهوهی سهروهری بۆ عێراق، ئهگهرچی لهو هاوپهیمانییهدا چین بهشدار نهبوو، چونكه نهیدهویست خۆی تێكهڵ به ململانێ خوێناوییهكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بكات، كهچی دوای لهناوچوونی داعش و ههڵبژاردنهكانی 2018، سهرۆكوهزیران عادل عهبدولمههدی به شاندێكی گهورهوه به سهردانێكی فهرمی سهردانی چینی كرد و ئهو سهردانه تاوهكوو ئێستاش لێكهوتهكانی به عێراقهوه بهجێ ماوه. ئهو شانده له مانگی ئهیلوولی 2019دا سهردانی چینی كرد، شاندهكه لهلایهن عهبدولمههدییهوه سهرۆكایهتی دهكرا، لهگهڵ شهش وهزیری تایبهتمهند، سكرتێری ئهنجوومهنی وهزیران، چوار ڕاوێژكار، لهگهڵ پانزه پارێزگاری شاره جیاوازهكانی عێراق (به سێ پارێزگاكهی ههرێمی كوردستانیشهوه)، له ئهنجامدا ههشت ڕێكکهوتننامه و یاداشتنامهی لێكتێگهیشتن و ههماههنگی لهنێوان هەر دوو وڵاتدا ئهنجام دران[9]. بهگوێرهی ڕاگهیهنراوێكی ماڵپهڕی فهرمیی ئهنجوومهنی وهزیرانی عێراق، سهرۆكوهزیران عهبدولمههدی له وتارێكدا له چین پهسنی ڕێنیسانس و پێگهی ئابووریی چینی كردووه. ههروهها ئاماژەی بهوه كردووه كه زیادبوونی ساڵانهی قهبارهی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لهنێوان دوو وڵاتدا له بهرژەوهندیی عێراقه، چونكه عێراق به درێژایی چهندین دهیه زۆری چهشتووه بهدهست كارهسات و جهنگ و تیرۆریزمهوه، بۆیه عێراق چاوی له بووژانهوهی ڕۆژههڵاته، لهو ڕێگهیهشدا پهیوهندییهكی تایبهت و لهمێژینهی ههیه لهگهڵ چین و هیندستاندا[10]. نهخشهی ڕێگای ئاوریشمی نوێ (BRI) شاندهكهی عێراق چهندین ڕێكکهوتننامه و یاداشتی لێكتێگهیشتنی ستراتیجی و گرنگی بۆ عێراق واژۆ كردبوو، له گرنگترین ئهوانه “arithmetic credit” بوو كه تیایدا عێراق ڕۆژانه بڕی 100 ههزار بهرمیل نهوتی خاو دهداته چین، له بهرانبهردا كۆمپانیا چینییهكان چهندین پڕۆژەی ستراتیژیی گرنگ له عێراقدا ئهنجام دهدهن له بوارهكانی: ڕێگاوبان، ڕێگای ئاسن، خهخۆشخانهكان، قوتابخانهكان، كۆمهڵگای نیشتەجێبوون، بهندهرهكان، بواری وزه، بهنداوهكان و چهندین پڕۆژەی تری بواری ژێرخان كه تیایدا وای دهكرد له عێراق كه شارهكانی له ماوهیهكی كورتدا بونیاد بنێتهوه و پاشان ههنگاو ههڵبگرێ بهرهو گهشهكردن و بونیادنانهوه. گرنگیی ڕێكکهوتنهكه لهوهدابوو ئهم ڕێكکهوتنه به ئامادهیی دوو فیگهری سهرهكی و گهورهی چین واژۆ كراوه كه بریتین له سهرۆكی كۆماری گهلی چین و سهرۆكی ئهنجوومهنی گهل، ئهوهش مكوڕبوونی چین دهردهخات بۆ هاتنهناوهوه بۆ عێراق و بهستنهوهی ئابوورییهكهی به چینهوه. شاندهكه چهندین یاداشتی لێكتێگهیشتن و ههماههنگیی تری ئهنجام دابوو لهنێوان وهزیرهكانی ههردوو وڵات، لهوانه: وهزیرانی بازرگانی، كاروباری دهرهوه، ناوخۆ، نهوت، دارایی، كارهبا، ڕۆشنبیری و پیشهسازی. ئهو جگه له چالاككردنی بواری دیپلۆماسیی دوولایهنه، هاوكاریی مرۆیی چین بۆ عێراق، ههروهها ڕێكکهوتنێكی تر ئهنجام درا. لهسهر ئاستی ئاسایشی پهرهدانی تهكنهلۆجی بۆ پاراستنی سهروماڵی هاوڵاتیان و ڕووبهڕووبوونهوهی ههڕەشهكان، لهگهڵ یاداشتنامهیهكی تر بۆ ژیاندنهوهی فڕۆكهخانهی ناسڕیه و ڕێكکهوتنێكی تر لهنێوان وهزیری گهیاندن و دامهزراندنی كتێبخانهی چین له زانكۆی بهغداد و ئامادهكردنی بهرنامهیهكی بهپێز بۆ ئاڵوگۆڕی كولتووری و پهیوهندی دروستكردن لهگهڵ ئۆفیسی دهریایی چین له ڕێگای مانگه دهستكردهكانهوه. ههر لهو چوارچێوهیهدا عێراق ڕایگهیاند كه ئامادهیی تێدایه هاوكاریی چین بكات بۆ دامهزراندنی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. لهلای خۆیشیهوه سهرۆكی چین؛ شی جین پینگ خواستی گهورهی وڵاتهكهی دهربڕی له بارهی پهیوهندییهكانی وڵاتهكهی لهگهڵ عێراقدا، عێراقی وهك هاوبهشێكی ستراتیژی و گرنگ دانا له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا، خواستی وڵاتهكهشی دهربڕی بۆ وهبهرهێنان له عێراقدا بۆ بووژانهوه و گهشهپێدانی وڵاتهكه له بواری پیشهسازیی ناوخۆیی و كێڵگهی نهوتی نوێ و بونیادنانی شاری نوێ، بهندهر و ڕێگاوبان…، ههروهها بونیادنانی تۆڕی پهیوهندییهكانی نهوهی پێنجهم (5G) له عێراق. بهڵام ئهوهی جێگای تێڕامانه ئهو ڕێكکهوتنه تا ئێستا نهچووهته بواری جێبهجێكردنهوه، ماوهیهكی كهم دوای گهڕانهوهی شاندهكه، له ئۆكتۆبهری 2019، خۆپیشاندانی جهماوهریی گهوره له بهغدادی پایتهخت و شارهكانی تری عێراق دهستیان پێ كرد، خۆپیشاندانهكان بۆ ماوهی چهند مانگ بهردهوام بوون، هۆكارهكهش بریتی بوو له خراپیی دۆخی ئابووری و بێكاری و كهمیی خزمهتگوزارییه سهرهتاییهكان، بهڵام به بڕوای ههندێك له چاودێران، وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمەریكا لهپشت خۆپیشاندان و هاندان و جووڵاندنی شهقامی عێراقی بووه دژی كابینهكهی عهبدولمههدی، هۆكاری ئهوهش بۆ ئهو ڕێکكهوتنانه دهگهڕێنهوه كه ئهو لهگهڵ چین واژۆی كردوون، به جۆرێك كه عێراق بهتهواوی دهكهوته ژێر كاریگهریی چینهوه. ئهگهرچی تا ئێستا هیچ بهڵگهیهكی تهواو یان لێدوانێكی فهرمی لهو بارهوه ڕانهگهیهنراوه، بهڵام ئهوهی ڕوونه ئهوهیه كه عادل عهبدولمههدی پاشهكشهی پێ كرا و سهرۆكوهزیرێكی دۆستی ئهمەریكا شوێنی گرتهوه. ههر دوای ئهو ئاڵوگۆڕە، سهرۆكی نوێ؛ مستهفا كازمی سهردانی واشنتۆنی كرد و لهلایهن سهرۆك دۆناڵد ترامپهوه پێشوازییهكی بێوێنهی لێ كرا و چهندین ڕێكکهوتننامهی ئابووری و بازرگانی و كولتووریی لهگهڵ كۆمپانیا ئهمەریكییهكان گرێ دا. پرسی كورد له عێراقدا كوردستان بهشێكی دانهبڕاوه له عێراق، جوگرافیاكهی ههڵكهوتووه له باكووری ڕۆژههڵاتی وڵاتهكه، هاوسنووره لهگهڵ ئێران، توركیا و سووریا. بۆ ئهوهی عێراق بگات به توركیا و لهوێشهوه بۆ ئهورووپا، له ڕێگهی وشكانییهوه پێویسته به كوردستاندا تێپهڕێت، ئهوهش وا دهكات كوردستان پێگهی گرنگی ههبێت له بهشداری له پڕۆژەی ڕێگای ئاوریشمی نوێ. له جهنگی یهكهمی جیهانییهوه و لهو كاتهی كه بهریتانیا عێراقی داگیر كرد و دواتر ئهو وڵاتهی دروست كرد، پرسی كورد به یهكێك له ههستیارترین پرس له مێژووی هاوچهرخی عێراقدا ماوهتهوه. ههر چهنده له سهرهتاوه كوردهكان ههوڵی سهربهخۆییان دهدا به ڕابهریی شێخ مهحموود، بهڵام له دواتردا كهوتنه ژێر دیفاكتۆی سنووره دهستكردهكانهوه و گوتاری سیاسییان گۆڕی بۆ ئۆتۆنۆمی له چوارچێوهی عێراقدا و دواتریش بۆ فیدراڵی. ههر چهنده به ڕواڵهت شێوه ئۆتۆنۆمییهك له 1970 درا به كوردستان، دواتریش لهدوای داگیركردنی عێراق لهلایهن ئهمەریكاوه له 2003، دهستووری نوێ نووسرایهوه و ڕژێمێكی دیموكراتی دروست كرا كه تیایدا سیستمی فیدراڵی چهسپێنرا، بهڵام هێشتا چهندین كێشه ههن كه لهنێوان ههرێمی كوردستان و حكومهتی فیدراڵیدا بهههڵواسراوی ماونهتهوه، بۆیه ناكۆكی و تهنگژەكان تا ئێستاش بهردهوامن. بهڵام بهگشتی كورد بووهته بهشێكی گرنگ له پێكهاتهی عێراق و له پڕۆسهی بڕیاری سیاسیی عێراق، ئهوه جگه لهوهی دهسهڵاتی تهواویان له ههرێمی كوردستان ههیه كه زۆر زیاتره لهوهی كه له سیستمه فیدراڵییه هاوشێوهكاندا ههیه. له پهیوهست به سیاسهتی دهرهكیی چین و پرسی كورد له عێراقدا، بۆ ئهوهی له دیدی چین تێبگهین پێویسته بگهڕێینهوه بۆ بهها و ستراتیژەكانی ئهو وڵاته بۆ سیاسهتی دهرهكی، چین پێنج بنهمای سهرهكیی له سیاسهتی دهرهكی داڕشتووه وهك پێوهر كاریان لهسهر دهكات، ئهوانیش پێكهوهژیانی ئاشتییانه، ڕێزگرتنی دوولایهنه، سهروهری، یهكپارچهیی خاك، دوژمنایهتینهكردنی یهكتر، دهستوهرنهدان له كاروباری ناوخۆیی یهكترن[11]. چین پشتگیریی پڕۆسهی ئاشتی دهكات له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا و ههروهها پشتگیریی دامهزراندنی دهوڵهتی سهربهخۆی فهڵهستین دهكات به سهروهریی تهواوەوە، به پشتبهستن به سنوورهكانی پێش ساڵی 1967 و ڕۆژههڵاتی قودس پایتهختهكهی بێت[12]. ههر چهنده ماو زیدۆنگ له چهند بۆنهیهكدا پشتگیریی پرسی كوردی كردووه، بهڵام هێشتا ههڵوێستی فهرمیی چین ناڕوونه دهرههق به پرسی كورد و چۆنیهتیی چارهسهركردنی له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا. لهوانهیه ئهوه پهیوهندیی به پرسی تایوانهوه ههبێت كه چین له بهرانبهریدا زۆر ههستیاره و وهك ناوكی بهرژەوهندییهكانی خۆی دهبینێت. پڕەنسیپی یهكگرتوویی چین مهرجی یهكهمه لهلایهن چینهوه له دروستكردن و پهرهپێدانی پهیوهندییهكانی لهگهڵ دهوڵهتانی عهرهبی و ڕێكخراوه ههرێمییهكان وهك ئهنجوومهنی هاریكاریی كهنداو. وڵاته عهرهبییهكانیش ههمیشه دهركیان به گرنگیی پرهنسیپی یهكگرتوویی چین كردووه، خۆیان بهدوور گرتووه لهوهی كه پهیوهندیی فهرمییان لهگهڵ تایواندا ههبێت، پشتگیریی چینیان كردووه له پهرهپێدانی ئاشتییانهی پهیوهندییهكانی چین و تایوان و یهكپارچهیی خاكی چین، چین بۆ ئهوهش پێزانینی گهورهی ههیه. بۆچی گرنگه چین هاوسهنگی ڕابگرێت له پهیوهندییهكانی لهگهڵ ههولێر و بهغداد؟ ههروهك ئاماژەی پێ درا، كورد پێكهاتهیهكی سهرهكیی عێراقه، نزیكهی 20%ی خاكی عێراق؛ كوردستانه. ژمارهی دانیشتووانی ههرێمی كوردستان و ناوچه جێناكۆكەکان كهمێك لهو ڕێژەیە كهمتره. ههروهها ههڵكهوتهیهكی جیۆستراتیجیی گرنگی ههیه، وهك كۆریدۆرێك وایه بۆ سهركهوتنی دهستپێشخهریی ڕێگای ئاوریشمی نوێ، به جۆرێك كه ئهگهر ڕێگا له عێراقهوه بێت یان له ئێران، دەبێت به ههرێمدا تێبپهڕێت بۆ ئهوهی بگات به توركیا. له كاتێكدا كه كوردهكان هاوپهیمان و دۆستی ڕۆژئاوان، بهتایبهتی ئهمەریكا، ئهستهمه بهبێ ئیمتیازی گهوره لهگهڵ چینییهكان هاوكاری بكهن و ئهمەریكاش دهتوانێت كوردهكان بهكار بهێنێت به لهمپهر دروستكردن لهبهردهم ئهو پڕۆژەدا. له لایهكی ترهوه ههرێمی كوردستان دهوڵهمهنده به یهدهگی نهوت و گاز و چهندین كانزای نهسهلمێنراوی تر، كه ئهوهش زۆر گرنگه بۆ كۆمپانیا چینییهكان كه وهبهرهێنانی تێدا بكهن، له كاتێكدا له ئێستادا ژمارهیهكی زۆر له كۆمپانیا جیاوازهكانی چین لهوێدا كار دهكهن. پێشبینی كراوه كه قهبارهی یهدهگی نهوتی ههرێم 45 ملیار بهرمیل نهوت بێت، له (2007)ەوه كوردهكان سهرقاڵی دهرهێنانی نهوتن و له (2014)ەوه بەسهربهخۆیی له بازاڕە جیهانییهكان نهوت دهفرۆشن، ئهوهش وا دهكات كه كوردستان ببێته ئهكتهرێك ئهگهرچی بچووكیش بێت له بازاڕی نهوتی جیهانیدا. له لایهكی دیكهوه غاز وهك كانزایهك بایهخی ستراتیجیی لهمڕۆدا له زیادبووندایه، ههرێمی كوردستان یهدهگی غازهكهی پێشبینی كراوه به (200 ترلیۆن پێ سێجا، یان 5.67 تریلۆن مهتر سێجا)، كه دهكاته 1.5-3%ی یهدهگی تهواوی جیهان له غازدا. ههموو ئهوانه وا دهكات كه ههرێم ڕۆڵێكی گرنگ ببینێت له بازاڕی ناوچهی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا[13]. نهخشهی ژێرخانی نهوتی له ههرێمی كوردستان له لایهكی ترهوه كوردستان ههڵكهوتهیهكی جیۆپۆلهتیكیی گرنگی ههیه، له سهدهی نۆزده و بیستهمدا وڵاتانی ئهورووپی، ڕووسیا و ئهمەریكا ههمیشه كوردیان بهكار هێناوه و بهكاری دههێنن بۆ ملكهچپێكردنی وڵاتانی وهك توركیا، ئێران، عێراق و سووریا. دوو نموونهی ههره دیار بریتین له كۆماری كوردستان له 1946 له ئێران، لهو كاتهدا ڕووسهكان پشتگیریی ههمهلایهنهی ئهو قهوارهیان دهكرد، بهڵام لهبهرانبهر پێدانی ئیمتیازی نهوتی به كۆمپانیا ڕووسییهكان له باكووری ئێران پشتیان تێ كرد و بهوهش سوپای ئێران گهڕایهوه ههموو ناوچه كوردنشینهكان و كۆتایی به قهوارهكه هێنا. نموونهیهكی تر بریتییه له پشتگیریی ئهمەریكا-ئێران-ئیسرائیل بۆ كورد له 1961-1975، بۆ فشارخستنه سهر عێراق تا له سۆڤیهت نزیك نهبێتهوه، كاتێك عێراق هاته ژێر بار و ڕێكکهوتننامهی جهزائیری له 1975 لهگهڵ ئێران واژۆ كرد، ههرسێ وڵات كوردیان بهجێ هێشت و بهوهش شۆڕشی كورد ههرهسی هێنا. به دیوێكی تردا، لهدوای جهنگی سارد و جهنگی كهنداو له 1991دا، پرسی كورد لهسهر ئاستی نێودهوڵهتی بایهخی زۆری پهیدا كردووه. كاتێك عێراق لهژێر گوشاری هێزی هاوپهیمانان كوێتی بهجێ هێشت، دهستی كرایهوه بۆ سهركوتكردنی ئهو ڕاپهڕینه جهماوهرییهی كه خهڵكی كوردستان به ڕێبهریی پارته سیاسییهكان سازیان كردبوو، دهستیان گرتبوو بهسهر سهرانسهری كوردستاندا به شاری كهركووكی دهوڵهمهند به نهوتیشهوه. خهڵكی كوردستان له ترسی تۆڵهسهندنهوه و بهكارهێنانی چهكی كیمیایی لهلایهن سوپای عێراقهوه، به سهدان ههزار كهس ماڵ و شار و ناوچهكانیان بهجێ هێشت و ڕوویان له سنوورهكانی ئێران و توركیا كرد. ئهو بابهته خهریك بوو قهیرانێكی مرۆیی گهوره دروست بكات، بۆیه كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی به سهرپهرشتیی نهتهوه یهكگرتووهكان و پشتگیریی ئهمەریكا و فهڕەنسا و بهریتانیا و توركیا، بڕیاڕیان دا ناوچهیهكی ئارام دروست بكهن بۆ كوردهكان كه له كۆتایی ئهو ساڵهدا حكومهتی عێراق له بهشێكی زۆری كوردستان كشایهوه و ئیدارهی سێ پارێزگای سهرهكیی ئهو ناوچهی جێ هێشت بۆ كوردهكان خۆیان. لێرهوه دوای سی ساڵ له جهنگ، كورد توانیی دهسهڵاتی بهشێكی زۆری ههرێمهكه وهربگرێت، حكومهتی دروست كرد و ساڵی دواتر ههڵبژاردنی گشتیی پهرلهمانی بهڕێوه چوو. ئهو ناوچهیه بووه مهیدانی كۆبوونهوهی هێزه ئۆپۆسزیۆنهكانی عێراق و دواتر ڕۆڵی گرنگی گێڕا له جهنگی عێراق له 2003. به درێژایی ههشت ساڵ سوپای ئهمەریكا له عێراق تووشی چهندین گرفت و پهلاماری خوێناوی بوویهوه، بهڵام هیچ كات كهسێكیان له كوردستان زیانی پێ نهگهیشت. ههموو ئهوانه هۆكاری ئهوهن كه كوردهكان وهك كۆمهڵگا و وهك سیاسهتمهداران، ئهمەریكا وهك دۆست و پارێزهری خۆیان دهبینن. ئێستا ئهمەریكا گهورهترین كونسوڵخانه لهسهر ئاستی ناوچهكه له ههولێر دهكاتهوه[14]. ههر چهنده چین له سیاسهتی دهرهكیدا ههمیشه جهختی له دهستوهرنهدان له كاروباری ناوخۆی هاوبهشهكانیدا كردووهتهوه، بهڵام مێژوو سهلماندوویهتی ئهگهر چین بەدوای ئهوهدا دهگهڕێت له عێراقدا پێگهیهكی گرنگ و سهقامگیری ههبێت، پێویستییهكی جددیی بهوه ههیه كه تێگهیشتنێكی ڕوون و پلانێكی گونجاوی ههبێت بۆ پرسی كورد له عێراقدا. له ههمان كاتدا مێژوو شایهتیی ئهوه دهدات بهبێ ئاشتی و سهقامگیری له كوردستان، عێراقیش سهقامگیر و سهلامهت نابێت. زیاد لهوهش، ئهمەریكا زۆربهی كات پشتگیریی كوردی كردووه له كاته ههستیارهكاندا، بهتایبهت دوای ساڵی 1991. پرسیارهكه ئهوهیه، ئایا چین چۆن كوردهكان دهبینێت؟ پلانیان چییه بۆ كاركردن له یهكێك له ئاڵۆزترین وڵاتی ناوچهكه؟ گرفتی پرسی كورد له سیاسهتی دهرهكیی چیندا لهو كاتهوهی كه كۆماری گهلی چین له 1949 دامهزراوه، بهیجینگ زۆر بهتوندی بهرانبهر گرووپه جوداخوازهكانی دهرهوهی خۆیشی وهستاوهتهوه، بۆ ئهوهی ڕێگه بگرێت له ههر هێزێك پشتگیریی گرووپه جوداخوازهكانی ناو وڵاتهكهی بكاتهوه. ههر لهبهر ئهوهیه چین ههمیشه جوداخوازی، توندڕەوی و تیرۆریزمی وهك “سێ هێزه شهڕخوازهكه” ناودێر كردووه. چین بۆخۆی وڵاتێكی فره نهتهوه و فره ڕەگهزه، بۆیه زۆر بهگرنگییهوه كار لهسهر بنهمای یهكێتیی خاك و دهستوهرنهدان دهكاتهوه، ههمیشهش پرسی تایوان وهك مۆتهكهیهك له سیاسهتی دهرهكیدا ئامادهگیی گهورهی ههیه. نهك ههر تایوان، بهڵكوو ههرێمی تبت، زینجیانگ و مهنگولیای ناوهوه ئهو پرسانهن كه لهلایهن هێزه دهرهكییهكانهوه دژی چین دهجووڵێنرێن. چین پێی وایه مافی چارهی خۆنووسین نابێت لهسهر حسابی سهربهخۆیی وڵاتان بێت و ههموو نهتهوه بێ دهوڵهتهكان مهرج نییه دهوڵهتی سهربهخۆی خۆیان دروست بكهن[15]. دهكرێت بڵێین سیاسهتی دهرهكیی بهیجینگ لەههمبهر پرسی كورد له عێراقدا، بهشێكه له سیاسهتی گشتگیری ئهو وڵاته بۆ عێراق كه ئهویش بهشێكه له سیاسهتی وڵاتهكه له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست بهگشتی، دیسان ئهویش دهچێته چوارچێوهی سیاسهتی دهرهكیی چین لهسهر ئاستی جیهان. كرۆكی سیاسهتی دهرهكیی چین له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا، بریتییه له دروستكردنی ژینگهیهكی سهقامگیر و ئارام به جۆرێك كه كارئاسانی بكات بۆ ههوڵه بهردهوامهكانی چاكسازیی ناوخۆیی و پهرهپێدانی بهردهوام. دهربارهی قهیرانهكانیش لهو ناوچهیه، چین پێی وایه له ڕێگای دیالۆگ و لێكتێگهیشتنهوه دهكرێت زهمینهی چارهسهری دابڕێژرێت، چین جهخت دهكاتهوه له ڕۆڵی نهتهوه یهكگرتووهكان و بهتایبهت ئهنجوومهنی ئاسایش له یهكلاكرنهوهی ئهو پرسانهدا. له سهروبهرندی ئهنجامدانی ڕیفراندۆمی ههرێمی كوردستان بۆ سهربهخۆیی له ئهیلوولی 2017، چین بهفهرمی پشتگیریی حكومهتی فیدراڵیی عێراق كردووهتەوه بۆ پاراستنی سهروهری، سهربهخۆیی و یهكپارچهیی خاكهكهی، ههروهها بۆ دروستكردنی ڕێزگرتنی ههمهلایهن، یهكسانی. ههروهها پشتگیریی پڕۆسهی بونیادنانهوه و وتوێژی نیشتمانی و ههروهها ههوڵهكانی عێراق بۆ دژایهتیكردنی تیرۆر دهكاتهوه. بۆیه بهیجینگ له چهندین بۆنه و كاتی جیاوازدا ڕایگهیاندووه كه پشتگیریی پڕۆسهی دیموكراسی دهكات بۆ فهراههمكردنی ئاشتی و سهقامگیری له عێراقدا. سیناریۆ ئایندهییهكان سهرباری ههموو ئهوانه، چین چهندین بهرژەوهندیی لهگهڵ كورد له پارچهكانی تر و بهتایبهت له عێراقدا ههیه. یهكهم: كوردستانێكی سهربهخۆ بهتایبهت ئهگهر پشتگیریی چینی ههبێت لهو پێناوهدا، لهوانهیه ببێته دۆستێكی گرنگ و متمانهپێكراو له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاستدا و بهوهش چین ئامرازێكی هێز و فشاری گرنگی دهست دهكهوێت. دووهم: سهرباری ئهوهی چین بهفهرمی ڕایگهیاندووه كه دژی ههوڵی جودابوونهوهیه، كهچی كۆمپانیا چینیهكان ڕۆژبهڕۆژ ڕۆڵیان فراوانتر دهبێت له كوردستان، چهندین پڕۆژە له سێكتهری جیاواز ئهنجام دهدهن و ههندێك جار له ڕێگهی لایهنی دووهمەوە ئهو كاره دهكهن نهوهك ناڕەزایهتیی ئهمەریكییهكان بورووژێنن، وا دیاره سهركرده كوردهكانیش بهو پلانه ڕازین. ئهوه جگه لهوهی چین له بواری هێزی نهرمیشەوە بهردوام له ههرێمهكه كار دهكات، بۆ نموونه كونسوڵگهریی چین له ههولێر چالاكتر و فراوانتر بووه، ڕۆژانه ههواڵهكانی به زمانی كوردی له سۆشیاڵ میدیا بڵاو دهكاتەوه، زۆر جار پێشبڕكێ و خول دهكاتهوه بۆ گهنجانی كورد بۆ ئهوهی زانیاری دهربارهی زمان و كولتووری چینی بڵاو بكاتهوه. تهنانهت له دوو ساڵی ڕابردوودا، بهشی زمانی چینی بۆ یهكهم جار له زانكۆی سهڵاحهدین كرایهوه، ئهوه جگه لهوهی كه دیپلۆماتكاره چینییهكان به نهێنی و ئاشكرا به كوردستاندا دهگهڕێن و لهگهڵ ئهكتهره جیاوازهكان دۆستایهتی پهیدا دهكهن. سێیهم: بهیجینگ بۆی دهركهوتهوه كه كوردهكان دۆستایهتیی ڕاستهقینه و بێگرێ دهكهن به جیاواز له ناوچهكانی تر، كهمتر ههستیارن به ئایین، بۆیه دهكرێت وهك ئامرازێك بهكاریان بهێنێت له جهنگی تیرۆردا، ههر چهنده جهنگی تیرۆر له سنوورهكانی چینهوه دووره، بهڵام مهترسییه ئاسایشییهكهی لهوهدایه كه به سهدان چهكداری توندڕەوی كهمینهی ئیگۆری چین له شهش ساڵی ڕابردوودا پهیوهندییان به داعشهوه كردووه، چین ترسی ئهوهی ههیه كه ئهو ههڕەشهیه بگاتهوه ناو وڵاتهكهی خۆی. چوارهم: پرسی كورد له توركیا و بهتایبهت له سووریا، ئیمتیازێكی باشه بۆ چین بۆ ئهوهی له دژی توركیا بهكاری بهێنێت، چونكه توركیا پشتگیری و میوانداریی گرووپهكانی مسوڵمانی به ڕەگهز توركی ئیگۆر دهكات كه لهلایهن چینهوه چهوساندنهوهیان بهرانبهر بهكار دێت. ههندێك زانیاری ئاماژە بهوه دهكهن كه حكومهتی چین بهنهێنی چهك و تهقهمهنی و هاریكاریی لۆجیستیی بۆ كوردهكانی سووریا ههنارده كردووه، كه ئهوهش ههڕەشهیهكی جددییه بۆ سهر توركیا، چونكه توركیا ئهو گرووپانه وهك درێژكراوهی پارتی كرێكارانی كوردستان دهبینێت و به ههڕەشهیەك بۆ سهر ئاسایشی نیشتمانیی توركیایان دهزانێت. پێنجهم و له ههمووی گرنگتر: چین زۆر بەبایهخهوه له كهرتی وزهی كوردستان دهڕوانێت، وهك دهرفهتێكی دهبینێت بۆ كاركردن و فرهچهشهنكردنی سهرچاوهكانی خۆی. ههرێمی كوردستان دهبێت بهبایهخهوه له وڵاتێكی گهورهی وهك چین بڕوانێت، وڵاتێك كه یهكهمینه له ڕێژی دانیشتووان، دووهمه له هێزی ئابووری، سێیهمه له قهبارهی جوگرافی، ئهوه جگه لهوهی تاكه هێز كه له ئێستادا وڵاته یهكگرتووهكانی ئهمەریكا به مهترسیی دابنێت؛ ئهو وڵاتهیه. بۆیه گرنگه كه كورد بهههسیتارییهوه مامهڵه لهگهڵ چینییهكان بكات، له لایهكهوه تێبگات لهوهی كه چینییهكان چییان پێیه بۆ پرسی كورد، نهوهك دۆستهكانی له ئهمەریكا و ئهورووپا نیگهران بكات. بهڵام له لایهكی تریشهوه ههرێم دهتوانێت یاریی گرنگ ئهنجام بدات به بهكارهێنانی ههردوو هێزهكه، بۆ ئهوهی به قازانجی كورد بشكێتهوه. واته ههر كات ڕۆژئاواییهكان ساردی لهبهرانبهر پرسی كورد دهنوێنن، باشتره كه كارتی دۆستایهتیی چین بجووڵێنرێت. به دیوێكی تریشدا، چین وهك هێزێكی ڕوو له گهشهی زهبهلاح له دونیادا، ناكرێت كورد نادیدهی بگرێت، ههموو دهوڵهتانی دۆستی ئهمەریكا له ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست ئیمتیازیان به چین داوه و كاری لهگهڵ دهكهن. عهرهبستانی سعودی و ئیمارات؛ دووان له دۆستانی مێژوویی ئهمەریكا، له ئێستادا ئاستی پهیوهندییه دیبلۆماسی و سیاسی و تهكنهلۆجی و ئابوورییهكانیان لهگهڵ چین ڕوو له ههڵكشانه. ئهوه جگه له دۆسته ههمیشهییهكهی ئهمەریكا؛ ئیسرائیل، كه گرێبهستی پێدانی بهندهری حهیفای بۆ ماوهی بیست ساڵ لهگهڵ چین واژۆ كردووه، كه ئهوهش نیگهرانیی ڕاشكاو و ڕاستهوخۆی ئهمەریكای لێ كهوتهوه. بۆیه گرنگه كورد بهبایهخهوه لهو هێزه نوێیه تێبگات، ناوهندهكانی توێژینهوه، زانكۆ و میدیاكان بهر له ههر شت بایهخ به توێژینهوە و شیكاری ئاسیایی بدهن له پێناو ئاشنابوون و كارئاسانی بۆ بڕیابهدهستان و سیاسهتمهداران. سهرچاوهكان [1] A. Graceffo, “China Middle East relations,” Academea, p. 57, 2017. [2] B. &. R. News, “China’s partnership Diplomacy & Successful Implementation of the BRI,” https://www.beltandroad.news/2020/03/27/chinas-partnership-diplomacy-successful-implementation-of-the-bri/, Hong Kong, March 2020. [3] E. o. t. P. R. o. C. i. t. R. o. Iraq, “Bilateral Relations between China and Iraq,” http://iq.chineseembassy.org/eng/zygx/zygxgk/t1031275.htm , Baghdad , 2013. [4] Camille Lons , Jonathan Fulton, Degang Sun, Naser Al-Tamimi, “CHINA’S GREAT GAME IN THE MIDDLE EAST,” european council of foreign relations , 2019. [5] T. G. S. o. t. C. o. Ministers, “The agreements concluded with China achieve a historic development and economic leap for Iraq,” http://www.cabinet.iq/ArticleShow.aspx?ID=9562, Baghdad, 2019. [6] m. o. f. a. o. t. p. r. o. china, “China’s Arab Policy Paper,” https://www.fmprc.gov.cn/mfa_eng/zxxx_662805/t1331683.shtml, 2016. [7] M. o. n. r. o. K. R. government, “oil vision,” http://mnr.krg.org/index.php/en/oil/vision, Erbil , 2013. [8] Rudaw, “In Erbil, US Ambassador announces construction of largest consulate complex,” https://www.rudaw.net/english/kurdistan/230420181, Erbil , 2018. [9] D. M. Chaziza, “China and the Independent Kurdish State,” Begin-Sadat Center for Strategic Studies, Bar-Ilan University, Israel, , no. Paper No. 590, 2017. پهراوێزهكان: [1] Chines embassy website, Iraq, “Bilateral Relations between China and Iraq,” http://iq.chineseembassy.org/eng/zygx/zygxgk/t1031275.htm, Baghdad, 2013. [2] B. &. R. News, “China’s partnership Diplomacy & Successful Implementation of the BRI,” https://www.beltandroad.news/2020/03/27/chinas-partnership-diplomacy-successful-implementation-of-the-bri/, Hong Kong, March 2020. [3] A. Graceffo, “China Middle East relations,” Academia, p. 57, 2017. [4] Camille Lons, Jonathan Fulton, Degang Sun, Naser Al-Tamimi, “CHINA’S GREAT GAME IN THE MIDDLE EAST,” European Council of foreign relations, 2019. [5] Irib [6] m. o. f. a. o. t. p. r. o. China, “China’s Arab Policy Paper,” https://www.fmprc.gov.cn/mfa_eng/zxxx_662805/t1331683.shtml, 2016. [7] Arab policy paper, Irib [8] A. Graceffo, Irib [9] Iraqi Council of Ministers, “The agreements concluded with China achieve a historical development and economic leap for Iraq,” http://www.cabinet.iq/ArticleShow.aspx?ID=9562, Baghdad, 2019. [10] Irib [11] Arab policy paper, Irib [12] Arab policy paper, Irib [13] MNR-KRG, “oil vision,” http://mnr.krg.org/index.php/en/oil/vision, Erbil, 2013. [14] Rudaw, “In Erbil, US Ambassador announces construction of largest consulate complex,” https://www.rudaw.net/english/kurdistan/230420181, Erbil, 2018 [15] D. M. Chaziza, “China and the Independent Kurdish State,” Begin-Sadat Center for Strategic Studies, Bar-Ilan University, Israel, no. Paper No. 590, 2017. بۆ بینینی بابهتهكه به PDF كلیك لهم بهستهره بكه:- ژمارە (6)ی ئازاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی
راپۆرتی: درەو هەرێمی کوردستان خاوەن یەدەگێکی گازی سروشتی ئەوەندە بێ شومارە، ئەگەر بەشێوەیەکی تەندورست دور لە گەندەڵی پەرەی پێبدرێت و بەدەردی پرسی نەوت نەبرێت، بەتەنها لە توانایدایە سەرجەم پێداویستییە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان بە موچەشەوە پڕ بکاتەوە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە بەشە بودجەی حکومەتی فیدراڵ و سەرچاوەکانی دیکەی داهات بێت. سەرەتا لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پرسی وزەو نەوت و غاز، پانتاییەکی گەورەی لە سیاسەتی ئابوری و بازرگانی سیاسی و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستان داگیرکردووە، بەتایبەتیش لە دوای پەسەندکردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ کە دەرفەتی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان ڕەخساند پەرە بە کەرتی وزە بدات و لە ساڵی ٢٠٠٦ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی دامەزراند و لە ساڵی ٢٠٠٧ یاسای نەوت و غازی لە پەرلەمانی کوردستان دەرچواند. بەڵام کەرتی وزە بەردەوام بەشێک بووە لە سەرچاوەی ناکۆکی و ململانێی یاسایی و دەستوری و سیاسی و ئابوری نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ. چونکە نەوت و غاز وەک سەرچاوەیەکی ستراتیجی و گرنگ پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی بایەخی گەورەی هەیە بۆ دەوڵەتان بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، چونکە عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەن ئابورییەکی کرێخۆرن (اقتصاد الریعی) و زیاتر (90%) ئابورییەکەیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت. هەرێمی کوردستان سەرەڕای تێبینی و پرسیارە بەردەوامەکان لەسەر پرۆسەی فرۆشتنی نەوتەکەی، بەڵام توانیویەتی لە ماوەکی کەمدا قۆناغێکی گەورە ببرێت لە کەرتی وزەدا و بەتایبەتیش لە بواری نەوتدا، کە توانی لە ڕووی یاساییەوە پێش ناوەند بکەوێت و لە ساڵی 2007 لە پەرلەمەنی کوردستان یاسای نەوت گاز تێپەڕێنێت و بە دوایشیدا کۆمەڵێک گرێبەستی گەورە ئەنجام بدات لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیا کە دیارترینیان (شیفرۆن، ئکسۆن مۆبێل، تۆتاڵ، ڕۆس نەفت و گەنەڵ ئینێرجی ...) ئەم هەنگاوانەی هەرێمی کوردستان کوردستان جێ دڵخۆشی نەبوو بۆ حکومەتی ناوەندی، چونکە حکومەتی ناوەند وەک سەپاندنی ئیرادەی هەرێم بەسەر خۆیدا دەیبینی وهەرێمی تۆمەتبار دەکرد بە سەرپێچی دەستوری و یاسایی و چەندین هەنگاوی توندیشی بەرامبەر هەرێم گرتەبەر لەڕووی یاساییەوە تا گەیشت بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان تا بە ئێستاش گوشارەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامەو باشترین بەڵگەش تێپەڕاندنی یاسای بودجەی ساڵی (٢٠٢١)ی عێراقە کە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی مەرجدارکردووە بە گەڕانەوەی داهاتی (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێی کوردستان. بۆیە لە ئێستا بەدواوە کاتی وەبەرهێنانی گەورەو جدییە لەم کەرتەدا، چونکە غازی سروشتی بەهۆی ئەو تایبەتمەندییە گرنگانەی هەیەتی بایەخێکی گەورەی هەیە بۆ وڵاتان بەگشتی و دەوڵەتە خاوەن پیشەسازییەکان بەتایبەتی، بەم کارەش هەرێمی کوردستان بازێکی گەورە دەدات لە ڕوی ئابوری و سیاسی و ستراتیجییەوە. بایەخی غازی سروشتی لە جیهاندا غازی سروشتی بایەخێکی تایبەتی هەیە بۆ وڵاتان بەگشتی و وڵاتە خاوەن پیشەسازییەکان بە تایبەتی، چونکە غازی سروشتی خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی گرنگەو بووە بە پێداویستی ڕۆژانەی مرۆڤ. جگە لەوەی لە پیشەسازییە گەورە پترۆ کیمیاییەکاندا ڕۆڵی گەورە دەبینێت، بەپێچەوانەی نەوت و غەڵوز، هیچ پاشەڕۆیەکی لێ بەجێ نامێنێت و ژینگەو سروشت بە پاکی دەهێڵیتەوە، سەرچاوەیەکی گرنگی بەدەستهێنانی وزەی کارەباشە، وڵاتانی خاوەن پیشەسازی ئۆمبێلیش لە هەوڵدان لە داهاتوودا جێگەی بەنزینی پێ بگرنەوە (جا ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئۆتۆمیبێلی کارەباییەوە)، سەرەڕای ئەوانەش غاز بووە بە پێداویستییەکی سەرەکی ماڵان بۆ گەرمکردنەوە و چێشت لێنان و پڕکردنەوەی زۆر پێداویستی تر. بەڵام لەبەر ئەوەی لە جیهاندا بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەرەوەرانە دابەش نەبووە (بڕوانە چارتی ژمارە (١)) لە ڕوی جوگرافییەوە، بەشێک لەو وڵاتانەشی خۆیان خاوەنی غازی سروشتین پێداویستییە ناوخۆییەکانی خۆیان پڕ ناکاتەوەو ناچارن لە دەرەوە هاوردەی بکەن، بۆیە دەبینین خواستێکی گەورە لە سەر ئاستی جیهان لەسەر غازی سروشتییە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەو خواستە لە زیادبووندایە. (بڕوانە چارتی ژمارە (٢)) چارتی ژمارە (١) چارتی ژمارە (٢) یەدەگی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخێراییەکی زۆر توانی گەشە بە کەرتی نەوتی هەرێم بدات و وەبەرهێنانی گەورەی تێدا بکات و قۆناغە یاساییەکە ببڕێت و سەرنجی کومپانیایەکی زۆری بیانی ڕابکێشێت بۆ کاری گەڕان و پشکنین و هەڵکەندن و دەرهێنان و وەبازاڕخستن و فرۆشتنی. بەڵام سەرباری ئەوەی گرنگی غازی هەرێمی کوردستان هیچی کەمتر نییە لە نەوت کەچی وەک پێویست نەیتوانیوە یاخو نەیویستووە پەرە بەو بوارە بدات، لە کاتێکدا بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن هەرێمی کوردستان خاوەنی (3%)ی یەدەگی غازی جیهانە، یەدەگی غازەکەی بە 100-200 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت کە دەکاتە نزیکەی (2.8-5.7) ترلیۆن مەتر سێجا، کە بەشی زۆری لە ناوەڕاست و باشوری هەرێمی کوردستان چڕ بووەتەوە، گەورەترین و دیارترینیان کێڵگەکانی غازی (خورمەڵە و کۆرمۆر)ە. ئاماری جیاواز بەردەستن کە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو غازە زۆرەیە، بۆ نمونە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوەی وزە، لە ژێر ناوی (Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics) کە (Robin Mills) نوسیویەتی و لە مانگی 1ی ساڵی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە قەبارەو بەشێک کێڵگەکانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان داوە (بڕوانە چارتی ژمارە (٣)) چارتی ژمارە (3) تێبینی: 1 مەتر سێجا = 35.3147 پێ سێجا هاوکات بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دەستەی ڕوپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی (United States Geological Survey) هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە (60) ترلیۆن پێ سێجا غازی سروشتییە. هەروەها (تۆنی هیوارد) سەرۆکی کۆمپانیای (Genel energy) تورکی لە ساڵی ٢٠١٥ ڕایگەیاند مەزەندە دەکرێت هەرێمی کوردستان خاوەنی (5) ترلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی بێت کە نزیکەی (١٧٧) ترلیۆن پێ سێجایە. ئەم ڕێژیە لە یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان زیاترە لەو ڕێژەیەی بەشێک لە وڵاتانی گەورە وەبەرهێن کە غازی یەکێتی ئەوروپا دابین دەکەن زیاتر بێت، بۆ نمونە (نەرویج ٦١، لیبیا ٥١، ئازەربایجان ٤٧، هۆڵندا ٢٣) ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی غازیان هەیە بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠١٧. بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی لە ساڵی ٢٠١٥، یەدەگی غازی سروشتی تەنها لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) بە (٧٥) ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. بە گوێرەی (ڕاپۆرتەکانی وزەی ئەمەریکی) و (Gaffney Cline Associates) یەدەکی سەلمێنراوی غازی هەرێمی کوردستانی عێراق ۲٥ تریلیۆن پێ سێجایە، هەروەها یەدەکی غازی نەسەلمێنراو دەخەمڵێنن بە ۲۰۰ تریلیۆن پێ سێجا. هەروەها بە گوێرەی پێشبینییەکانی ڕێکخراوی وزەی جیهانی (IEA)، هەرێمی کوردستان لە توانایدایە تا ساڵی ٢٠٣٥ بە قەبارەی (٢٩)ملیار مەتر سێجا ساڵانە وەبەرهێنانی خۆی لە کەرتی غاز پەرە پێبدات، توانای خۆی ١٤% بەرزبکاتەوە لە دەکاتە (٤)ملیار مەتر سێجای ساڵانە. هەموو ئەم ئامارانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن، کەهەرێمی کوردستان قەبارەیەکی گەورەی غازی سروشتی هەیەو شایەنی ئەوەیە پشتی پێ ببەسترێت. کەواتە پشت بەست بەوەی هەرێمی کوردستان خاوەن سەرچاوەیەکی بێشومارە لە غازی سروشتی لە تەک نەوتدا، ئەو یەدەگەی لە نەوت هەیەتی بە 45 ملیار بەرمیل نەوت دەخەملێنرێت، هاوکات خاوەن 5.7 ترلیۆن مەتر سێجا یەدەگە لە گازی سروشتی کە سەرچاوەیەکی گرنگ و سەرنج ڕاکێشە بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و ڕاکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان. بایەخی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان درک کردن بەم سەرمایە سروشتییە گەورەیە، هاندەر بوو بۆ دامەزراندنی (پرۆژەی غازی کوردستان) لە ساڵی ۲۰۰۷، کاتێک حوکمەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (دانا غاز و کریسنت پتڕۆڵییەم) بەیەکەوە کرد، بۆ پێدانی مافی نرخ لەسەر دانان، گەشەپێدان، بەرهەم هێنان، بە بازاڕ کردن و فرۆشتنی هایدرۆکاربۆن لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر و چەمچەماڵ) ئەمانیش لە چوارچێوەی کۆمپانیای (پێڕڵ پتڕۆڵییەم) کە پێکهاتووە لەو دوو کۆمپانیای سەرەوە و کۆمپانیاکانی (OMVی نەمسایی، MOL هەنگاری و RWE ئەڵمانی) کە هەریەکەیان خاوەنی ۱۰ لەسەدی پشکەکانی هەردوو کێڵگەکەن. دواتر ئەو خاوەندارییەیان پێ بەخشرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان یەدەک لە هەردوو کێڵگەکەدا بەم شێوەیە: ٤.٤ تریلیۆن غازی سروشتی، ۱۳٦ ملیۆن بەرمیل کۆنسێندەیت، ۱۳.۳ ملیۆن تەن غازی شل(غازی ماڵان) و ۱٨ ملیۆن بەرمیل نەوتە. هەروەها دانا غاز و کریسنت پتڕۆڵییەم ۱٨۰ کیلۆمەتر بۆڕییان بنیاد نا لە کۆرمۆرەوە بۆ هەولێر. بەرهەمی غازی ئەو کێڵگانەیان دەفرۆشتەوە بە حوکمەتی هەرێمی کوردستان، حوکمەتی هەرێمیش بۆ بەرهەم هێنانی کارەبا بەکاری هێناوەتەوە و ئێستاش بەو شێوەیە بەردەوامە. واتە بەرهەمهێنانی ئەم غازە تەنها بۆ ناوخۆ بووە. لە ئێستادا هێڵێكی بۆری 176 كیلۆمەتری، غاز لە كێڵگەی کۆرمۆرەوە دەبات بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر و سلێمانی و بۆ خورمەڵە. هێڵێكی بۆری 50 كیلۆمەتری غازیش لە كێڵگەی سیمێڵەوە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك لە ٢٠١٣ ەوە تەواو بووە و لە سەرەتای 2014 ەوە غاز دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك كە پێشتر بە گازوایل كاری دەكرد. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار بوو ساڵی ٢٠٢٠ لە ڕێگەی بۆری غازی سروشتی هەرێمی کوردستانەوە دەست بە هەناردەکردنی غاز بکات بۆ تورکیا بە قەبارەی (١٠) ملیار مەتر سێجا ساڵانە، بەڵام پرۆسەکە تا ئێستا دەستی پێنەکردووە. ئەو زانیارییانەی سەرەوە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥ ساڵە دەستی بە وەبەرهینان کردووە لە کەرتی غازی سروشتیدا، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیەوە پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە بەتایبەت لە دابینکردنی وزەی کارەبادا، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم هەنگاوی گەورەتربنێت لەم بوارەدا بتوانێت؛ 1. پلانی ئەوەی هەبێت لەماوەیەکی کورتدا پێداویستی ناخۆ پڕ بکاتەوەو ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز بکاتەوە. 2. پلان دابنێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی عێراق لە غاز و کارەبا، چونکە عێراق خۆی کڕیارێکی گەورەی وزەی کارەبایە لە ئێران، ئێران ئێستا لە ژێر سزاکانی ئەمریکادا لە کێشەی گەورەدایە، ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفتە دارایی و ئابورییەکانی نێوانیان دەرفەتێکی گەورەیە. 3. لە وە بازاڕخستنی غازی سروشتی هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە چونکە؛ داهاتووی بازاڕی جیهان ڕووی لە پیشەسازی غازەو حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەن ئەزمونێکی نزیک لە ١٠ وەبەرهێنانە لە کەرتی نەوتدا، ئەوەش یارمەتدەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتوانەتر ئیدارەی غازی سروشتی بدات و هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی بکات. ئەگەر هەرێمی کوردستان بتوانێت ئەم ستراتیجە بەجێ بگەیەنێت، هەرێم لانی کەم دەتوانێت ڕۆژانە ٣٠ ملیۆن مەتری سێجا غاز ڕەوانەی توركیا و ئەوروپا بكات، ئەگەر نرخی هەر مەترە سێجایەكیش بە دوو دۆلار بفرۆشێت (کە لە ئیستادا لەو نرخە زیاترە) ئەوا داهاتی ڕۆژێكی ٦٠ ملیۆن دۆلارە دەبێت، داهاتی مانگێكی ۱٫۸ ملیار دۆلار دەبێت. ئەو بڕەی تا ئێستاش دۆزراوەتەوە بەشی ٢٠٠ ساڵی داهاتوو دەکات. ئەگەر وردبینەوە ئەمە ئەبێتە سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی ئابوری لە داهاتوودا، هەروەها دەتوانرێت تەنها بە داهاتی گازی سروشتی زیاتر لە دوو جار لە مانگێکدا موچەی تەواوی موچەخۆرانی بەبێ پاشەکەوت پێ دابەش بکرێت (چونکە کۆی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەکەوت بۆ مانگێک 89٥ ملیار دینارە کە لە ئێستادا دەکاتە ٦٧٠ ملیۆن دۆلار). ماوەتەوە بڵێین هەم هەنگاوانەی کە پێویستە لەبواری کەرتی وزەدا هەبگیرێن لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بێ گرفت و ئاڵنگاری نابن، بەڵکو لەبەردەم چەندین هەڕەشەی ناوخۆی و هەرێمی و نێودەوڵەتدایە، لە ڕاپۆرتی داهاتودا بەدێژی ئەو ئاڵنگاری و کارلێکانە دەخەینەڕوو. سەرچاوەکان دانا نەقی، غازی سروشتی هەلێکی تر بۆ هەرێمی کوردستانی باشور، ماڵپەڕی درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=6895 هونەر عەلی، غازی سروشتی كوردستان؛ https://www.kurdiu.org/ku/b/12791 کاوە ڕیشێنى، هەرێمی كوردستان لە سایەی گازی سروشتیدا؛ http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=49&Jmare=1035 د. وحید انعام الکاکائي، جيوسياسية النفط والغاز في اقليم كوردستان العراق والفواعل الاقليمية والدولية؛ https://portal.arid.my/Publications/6e75af02-7f62-4c6d-8778-3c215ea66565.pdf أكبر 10 دول في احتياطي الغاز في العالم 2020 https://attaqa.net/2020/04/12/%D8%A3%D9%83%D8%A8%D8%B1-%D8%B9%D8%B4%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D8%AD%D8%AA%D9%8A%D8%A7%D8%B7%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%BA%D8%A7%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D8%A8%D9%8A%D8%B9/ Robin Mills, Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics https://www.oxfordenergy.org/wpcms/wp-content/uploads/2016/01/Kurdish-Oil-and-Regional-Politics-WPM-63.pdf List of countries by natural gas consumption https://en.wikipedia.org/wiki/List_of_countries_by_natural_gas_consumption
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت كەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چواردەی پارتی، كۆنگرەیەك كە نەخشەی دابەشبوونی دەسەڵات لەنێوان ئامۆزاكان دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی یەكلادەكاتەوە، ئایا بارزانی خۆی كاندید دەكاتەوە یاخود دەكێشێتەوەو وەكو "مەرجەعی" حزب دەمێنێتەوە ؟ ئەگەر بكێشتەوە كێ شوێنی دەگرێتەوە ؟ دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دەگوازرێتەوە یان لەمامەوە بۆ برازا؟ پارتی دەیەوێت شێوازەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كۆپی بكاتەوەو هاوسەرۆكایەتی جێگیر بكات؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. كۆنگرەی چواردە رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ، واتە كەمتر لە دوو مانگی تر، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی دەبەستێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ئەگەری بەهێز هەیە جارێكی تر وادەی كۆنگرە دوابخرێت، بۆ دواخستنی كۆنگرە پارتی دەیەوێت بەهانەی كۆرۆنا بهێنێتەوە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان باس لە رێكنەكەوتنی بنەماڵەی بارزانی دەكەن لەبارەی نەخشەی نوێی دابەشبوونی دەسەڵات لەناو حزبدا. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەبوو ئەم كۆنگرەیە لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2014 بەڕێوەبچێت، واتە نزیكەی (7 ساڵ) كۆنگرە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی سیانزەیەمی حزبەكە، نابێت بەستنی كۆنگرە ساڵێك زیاتر لەوادەی خۆی دوابخرێت، بەگشتی ماوەی (11) ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردووە، سەركردەكانی پارتی پێشتر شەڕی داعشو قەیرانە سیاسیو ئابورییەكانی ساڵانی رابردوویان، وەكو بەهانە بۆ دواكەوتنی كۆنگرە دەهێنایەوە، ئێستاش بەهانەی "كۆرۆنا" ئامادەیە. بڕیارە كۆنگرەی چواردەی پارتی لە شاری (دهۆك) بەڕێوەبچێت، یەكەمجارە پارتی كۆنگرەی خۆی دەباتە دهۆك، ئەمە ئەو بابەتەیە كە پێشبینی دەكرێت كۆنگرەی چواردە لە كۆنگرەكانی پێش خۆی جیابكاتەوە. بارزانی دەسەڵات بۆ كوڕەكانی دەگوازێتەوە یان برازاكانی ؟ كۆنگرەی چواردەو گۆڕانكارییەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكو مەرجەعی پارتی ئێستا تەمەنی (75 ساڵ)ە، بۆیە ئامادەكاری بۆ قۆناغی دوای خۆی دەكات، دەیەوێت بەر لە دوركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، دابەشبوونی دەسەڵات لەناو بنەماڵەكەی، بە دیاریكراوی لەنێوان كوڕو برازاكانی رێكبخاتەوە. بەگشتی چەند سیناریۆیەك هەن لەبەردەم چۆنیەتی دابەشبونەوەی دەسەڵات لە هەرەمی سەرەوەی پارتیدا كە ئەمانەن: سیناریۆی یەكەم: هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پارتی كاندید بكاتەوەو نێچیرڤان بارزانی ببێتەوە بە جێگری سەرۆك، لەم حاڵەتەدا لە ئەگەری دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، راستەخۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت بە سەرۆكی حزب، بەوپێیەی جێگری سەرۆكە، ئەمە رەنگە دڵخوازی كوڕانی مەسعود بارزانیو بەدیاریكراویش مەسرور بارزانی نەبێت، لەلایەكی تر ئەمە شێوازی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی بۆ داهاتوو دیاری دەكات، بەوەی ئایا دەسەڵات بەشێوەی ستونی لە باوكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كوڕ یاخود بەشێوەی ئاسۆیی دەبێتو لە مامەوە دەگوازرێتەوە بۆ برازا، چارەنوسی كوڕەكانی ئیدریس بارزانی لەناو پارتیدا یەكلابونەوەی ئەم هاوكێشەیە دیاری دەكات، بۆیە دووبارەبونەوەی سیناریۆی كۆنگرەی سیانزە لە كۆنگرەی چواردەدا لەلایەن پارتییەكانەوە، بەدوور دەزانرێت. پارتی ئەزمونی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كۆپی دەكات، هاوسەرۆكایەتی دەچەسپێنێت ؟ سیناریۆی دووەم: هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی جارێكی تر خۆی بۆ سەرۆكایەتی حزب كاندید بكاتەوە، بەڵام جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی حزب زیاد بكرێت، واتە بكرێت بە دوو جێگر، یەكێكیان نێچیرڤان بارزانیو ئەوی تر مەسرور بارزانی یاخود یەكێك لە كوڕەكانی تری مەسعود بارزانی، لەم نێوەندەشدا باس لە ناوی (مەلا مستەفا بارزانی) كوڕە بچوكی مەسعود بارزانی دەكرێت كە بە "بابۆ" ناسراوەو كاروباری كۆمەڵایەتی باوكی لەناوچەی بادینان بەڕێوەدەبات، ئەگەر ئەم سیناریۆیە جێگیربكرێت، دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی، پارتی بەرەو شێوازەكەی یەكێتی دەڕوات كە بەڕێوەبردنی حزبە بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان ئامۆزاكاندا، بەوپێیەی سەرۆك دوو جێگری هەیەو راستەوخۆ جێگرەكان دەسەڵاتەكان وەردەگرن. سیناریۆی سێیەم: وەكو هەندێك لە پارتییەكان باسی دەكەن، مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی هەڵگرێتو وەكو "مەرجەع" بمێنێتەوە، لەم حاڵەتەدا بارزانی دەبێت سەرۆكایەتی حزب لەنێوان كوڕو برازاكانیدا یەكلابكاتەوە، ئەمە پەیوەندییەكان لەناو بنەماڵەكەیدا توشی شڵەژان دەكات، لەم حاڵەتەدا رەنگە پێویست بكات، بارزانی بەجۆرێك كۆپی شێوازەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بكاتەوەو دەسەڵاتی لەنێوان كوڕو برازاكانیدا دابەش بكاتو حزب رادەستی ئامۆزاكان بكاتو خۆی چاودێرییان بكاتو رێگری لەدروستبوونی گرژی بكات، بەڵام بە نەرمی لە كۆتایدا دەسەڵات لە بەرژەوەندی كوڕەكانی یەكلابكاتەوە. سیناریۆی چوارەم: ئەمە سیناریۆی دورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانییە لە كوردستان، هەندێك لە پارتییەكان باسلەوە دەكەن، رێككەوتنی پارتی لەگەڵ رەوتی سەدر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەمەبەستی زامنكردنی پۆستی سەرۆك كۆمارە بۆ نێچیرڤان بارزانی، چونكە بەمە نێچیرڤان وەكو كۆسپێك لەبەردەم گۆڕانكارییەكانی ناو حزبدا لادەبرێت، ئەوانەی باسی ئەم سیناریۆیە دەكەن دەڵێن لە كۆنگرەی چوارەمدیەمدا مەسعود بارزانی دەبێت بە مەرجەعو مەسرور بارزانی دەبێت بە سەرۆكی پارتی، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئایا نێچیرڤان بارزانی ئامادەیە بچێتە بەغداد، بەتایبەتیش لەكاتێكدا باسلەوە دەكرێت، جارێك مەسعود بارزانی وتیویەتی:" ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی نابێت هیچ كەسێكیان پۆست لە بەغداد وەربگرن، چونكە مستەفا بازرانی باوكم ئەم داوایەی لە نەوەكانی كردووە"، هەرچەندە ئەمە سونەتێكی چەسپاو نییە لەناو بنەماڵەی بارزانیداو لە شەستو حەفتاكانی سەدەی رابردوودا كە مستەفا بارزانی خۆی لە ژیاندا بووە، هەریەكە لە (عوبەیدوڵڵا، لوقمان، سابیر) كوڕانی مستەفا بارزانی پۆستی وزاریو پەرلەمانیان لە بەغداد وەرگرتووە (دەوترێت مستەفا بارزانی حاشای لەم كوڕانەی كردووە). كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی چیتر فشار نییە لەسەر مەسعود بارزانی سیناریۆی پێنجەم: راستەوخۆو بێ هیچ پێچو پەنایەك، پارتی سیناریۆی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دووبارە بكاتەوەو مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكی حزب هەڵگرێتو پارتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانییەوە بەڕێوەببرێت، ئەمە سیناریۆیەكی دوور نییە، هەندێك لەو پارتییانەی كە لەناو كاری رێكخراویدا قاڵبونەتەوە پێشبینی ئەمە دەكەن، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە، لە كۆبونەوەیەكدا بە بەرپرسێكی یەكێتی وتبوو" یەكێتی دەیەوێت خوی پارتیش خراپ بكات، چونكە هەر كارێك كە یەكێتی دەیكات، دواتر پارتیش كۆپی دەكاتەوە، یەكێتی چەندین میدیای جیاوازی دروستكرد، ئێستا پارتیش هەمان كاردەكات، یەكێتی كردی بە هاوسەرۆكایەتی، دەتانەوێت ئێمەش وای لێ بكەین". مێژووی بەڕێوەبردنی حزب بە دوو سەرەوە لەناو پارتیدا بە فۆرمێكی جیاواز ئەزمون كراوە، لەدوای وەفاتی مستەفا بارزانی هەریەك لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بۆ ماوەی هەشت ساڵ پێكەوە حزبیان بەڕێوەبرد. چارەنوسی مەكتەب سیاسیو سەركردایەتییەكان زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە كۆنگرەی چوارەمدا چانسی مانەوەیان لاوازە، رەنگە ئەوانەی دوردەخرێنەوە لە ئۆرگانێكی بارەگای بارزانیدا كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمە هاوشێوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە. لەناو مەكتەبی سیاسیدا ئەوانەی چانسی مانەوەیان هەیە لە كۆنگرەی چواردەدا بریتین لە هەریەكە لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی، بەوپێیەی تونای راگرتنی باڵانسی لەنێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانیدا هەیە، هەروەها (رێبوار یەڵدا، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد). بەگشتی پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن، نێچیرڤان بارزانی زەرەرمەندی یەكەمی كۆنگرەی چواردەی پارتی بێت، ساڵی 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆی بنەماڵەدا، دوای (17 ساڵ) نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزای چۆڵكرد، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی، لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت ریشەكێش كردو هەمویانی دورخستەوە، ئەگەر لە كۆنگرەی چواردەشدا لە پێگەی بدرێت، ئیتر نێچیرڤان بارزانی هەم حكومەتو هەم حزبیش لەدەستدەدات. لە دواین كۆنگرەدا، نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حزب كاندید نەكرد، مەسعود بارزانی پێشنیازی كرد بۆ پۆستی جێگری سەرۆكو دەنگی كۆنگرەی هێنا، كەسە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی دەڵێن ئەگەر خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی حزب كاندید بكردایە لە مەسعود بارزانی دەبردەوە، چونكە ئەوكات لایەنگری زۆری لەناو حزبدا هەبووە، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی لەدەستدا نەماوە، سەرباری ئەمە لە كۆنگرەی سیانزەدا دۆستەكانی زۆربەی دورخرانەوەو ئەو بێدەنگ بوو، سەركردەكانی پارتی نایانەوێت چیتر گرەو لەسەر نێچیرڤان بارزانی بكەن، چونكە پێیانوایە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی بنەماڵەیدا، پێگەی خۆی زەمان دەكاتەوەو پشت لەوان دەكات. خاڵێكی تری لاوازی نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەی چواردەدا ئەوەیە ئێستا نەیارە مێژوویەكانی مەسعود بارزانی مامی لە ژیاندا نەماون، چیتر كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی لەناو ماڵباتی بارزانیدا بەهای نەماوە، پێشتر كاتێ نێچیرڤان بارزانی نیگەران دەبوو دەڕۆیشتە دەرەوەی وڵات، جەلال تاڵەبانی مامەڵەی بۆ دەكرد و دەیگەڕاندەوە، ئەمە مەسعود بارزانی نیگەران كردبوو، ترسی هەبوو تاڵەبانی یاری بەناكۆیەكانی ناو بنەماڵەكەی بكات بۆ مەبەستی سیاسی بۆیە بارزانی هەمیشە پێگەی نێچیرڤان بارزانی لەبەرچاو دەگرت، بەڵام ئێستا ئێتر كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی هیچ ترسێكی بۆ بارزانی نیە. كۆنگرەی پارتی نزیكەی حەوت ساڵ لەوادەی خۆی دواكەوتووەو ئەگەری دواخستنی زیاتر لەئارادایە پارتیو كۆنگرە یەكەمین كۆنگرەی پارتی لە رۆژی 16ی ئابی 1946 بەنهێنی لەماڵی (سەعید فەهیم) لە ناوچەی (ئەعزەمیە)ی بەغداد بەستراوە، لەم كۆنگرەیەدا (70) ئەندام بەشداربوون، بەفەرمی ناوی حزبەكە بوو بە (پارتی دیموكراتی كورد)، ئەم كۆنگرەیە (مەلا مستەفا) بارزانی بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردراو هەریەكە لە (شێخ لەتیف)و (كاكە زیاد) بوون بە جێگرانی سەرۆكی حزب. زنجیرەی كۆنگرەكانی پارتی: • كۆنگرەی دووەم: لە ئازاری 1951 لە بەغداد بەڕێوەچوو، (30) ئەندام بەشدارییان تێداكرد، ئەوكات مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت بوو، ئەم كۆنگرەیە سەرۆكی هەڵنەبژاردو لەبری ئەوە سەركردایەتییەكی كاتیی بۆ حزب دانرا. • كۆنگرەی سێیەم: لە 26ی كانونی دووەمی 1953 لە كەركوك بەڕێوەچوو، (35 بۆ 40) ئەندام بەشدارییان تێدا كرد، ناوی حزب لە (پارتی دیموكراتی كورد)ەوە گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان). • كۆنگرەی چوارەم: تشرینی یەكەمی 1959 لە بەغداد بەسترا، ئەمە یەكەمین كۆنگرە بوو كە مستەفا بارزانی خۆی بەشداری تێدا بكاتو جارێكی تر وەكو سكرتێر هەڵبژێردرایەوە، ساڵێك دواتر حكومەتی عەبدولكەریم قاسم بڕیارێكی دەركرد بەوەی دەبێت هەموو حزبێك كۆنگرە سازبدات بۆ ئەوەی مۆڵەتی كاركردنی پێبدرێت. • كۆنگرەی پێنجەم: ئایاری 1960 لەبەر رۆشنایی فەرمانی حكومەتی ئەوكاتی عێراق بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە لە بەغداد بەسترا، (148) ئەندام بەشداربوون تێیدا، سەرلەنوێ مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. • كۆنگرەی شەشەم: 1ی تەموزی 1964 لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوە، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا باڵی مەكتەبی سیاسی لە مەلا مستەفا جیابونەوەو لە (ماوت) كۆنگرەی خۆیان كرد، ئەمە سەرەتای قۆناغی جەلالیو مەلایی بوو. • كۆنگرەی حەوت: لە 15ی تشرینی دووەمی 1966 لە گەڵاڵە بەڕێوەچوو، (370) كەس بەشدارییان تێدا كرد، مستەفا بارزانی جارێكی تر بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. • كۆنگرەی هەشتەم: لە 1ی تەموزی 1970 لە (ناوپردان) بە بەشداری (488) كەس بەڕێوەچوو، مستەفا بارزانی دیسان وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە، هەندێك لە پارتییەكان ئەم كۆنگرە بە "كۆنگرەیەكی نمونەیی" ناودەبەن، بەوپێیەی بۆ یەكەمینجار ژنان بەشدارییان تێیدا كردووەو نوێنەری چەندین حزبی عێراقیو فەلەستینی ئامادەبوونو پیرۆزباییان كردووە، لەسەرو هەموشیانەوە ئەندامانی كۆنگرە زۆربەیان بە هەڵبژاردن سەركەوتوون بۆ ناو كۆنگرەكە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە هەر لەم كۆنگرەیەدا پارتی بەتەواوەتیو بەشێوەیەكی فەرمی بەرەو ئاڕاستەی بنەماڵەیبوون دەڕواتو كۆنگرە هەریەكە لە (ئیدریس بارزانی)و (مەسعود بارزانی) كوڕانی مستەفا بارزانی وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێرێت، رۆژی 28ی شوباتی 1979 مستەفا بارزانی لە ئەمریكا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، پۆستی سەرۆكی پارتی چۆڵ بوو. • كۆنگرەی نۆیەم: رۆژی 4ی تشرینی یەكەم، پارتی لەناوچەی (زێوە)ی دەڤەری (مەرگەوەڕ)ی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆنگرەی نۆیەمی خۆی بەست بۆ پڕكردنەوەی شوێنی مستەفا بارزانی، كۆنگرە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژارد، ئیدریس بارزانی باوكی نێچیرڤان بارزانی ئەوكات كوڕە گەورەی مستەفا بارزانی بوو، بۆ خۆبەدورگرتن لە دروستبوونی ناكۆكی لەگەڵ براكەی، مەسعود بارزانی سەرباری ئەوەی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام مومارەسەی سەرۆكایەتی نەكردو لەگەڵ براكەیدا دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردو هەریەكەیان كاروبارێكی بەڕێوەدەبرد، تا ئەوكاتەی ئیدریس بارزانی رۆژی 31ی كانونی دووەمی 1987 كۆچی دوایی، لەم كۆنگرەیەدا (عەلی عەبدوڵا) وەكو سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا. • كۆنگرەی دەیەم: ئەم كۆنگرەیە دوو ساڵ دوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانیو لە رۆژی 12ی كانونی یەكەمی 1989 لە (مەرگەوەڕ) بەبەشداری (332) كەس بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا بۆ جاری دووەم مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. • كۆنگرەی یانزەیەم: ئەم كۆنگرەیە 16ی ئابی 1993 لە هەولێر بەسترا، مەسعود بارزانی سەرلەنوێ وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام یەك جێگری بۆ دانرا كە (عەلی عەبدوڵا) بوو. • كۆنگرەی دوانزەیەم: ئەم كۆنگرەیە 14ی تشرینی یەكەمی 1999 لە هەولێر بەڕێوەچوو، (هەزارو 473) كەس بەشدارییان تێدا كرد، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرایەوە. • كۆنگرەی سیانزەیەم: ئەمە دواین كۆنگرەی پارتییە، 11ی كانونی دووەمی 2010 لە هەولێر بەڕێوەچوو، كۆنگرە بۆ جاری (پێنجەم) مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردوە، بەهۆی كۆچی دوایی (عەلی عەبدوڵا)وە، نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی حزب.
(درەو): داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، مانگانە بڕی (638 ملیۆن) دۆلاری لە سنوری پارتیدایەو بڕی (64 ملیۆن) دۆلاری لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە. مانگی رابردوو كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بڕی (702 ملیۆن) دۆلار بووە، لەم رێژەیە، بڕی (638 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی كێڵگەكانی سنوری دەسەڵاتی پارتی بووە بەڕێژەی (91%)، لەبەرامبەردا بڕی (64 ملیۆن) دۆلاری داهاتی كێڵگەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بووە كە رێژەی (9%)ی تێكڕای داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگێكدا پێكدەهێنێت. دابەشبوونی نەوت لەنێوان پارتیو یەكێتیدا بەپێی لێكدانەوەكان، ئێستا بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان رۆژانە (450 هەزار) بەرمیلە، كە بەمشێوەیە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا دابەشبووە: • رۆژانە (409 هەزار) بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی بەرهەمدەهێنرێت. • رۆژانە (41 هەزار) بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بەرهەمدەهێنرێت. نەوت لە ناوچەی پارتیدا لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا، رۆژانە زیاتر لە (409 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت، كێڵگەكانی ناوچەی پارتی ئەمانەن: • كێلگەی خۆرمەڵە: ئێستا بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (170 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی تاوكێ: كۆمپانیاكانی (دی ئێن ئۆ)و (گەنەڵ ئێنێرژی) كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (113 هەزار) بەرمیل نەوتە. • كێڵگەی ئەتروش: كۆمپانیاكانی (تاقە)و (شەمران) كار لەم كێَڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (45 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی شێخان: كۆمپانیاكانی (ئێم ئۆ ئێڵ)و (گۆڵف كیسیۆن) كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە زیاتر لە (40 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی سەرسەنگ: كۆمپانیاكانی (ئێچ كەی ئێن)و (تۆتاڵ) كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن، بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەكە زیاتر لە (25 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی هەولێر: كۆمپانیا (ئۆرێكس) كار لەم كێڵگەیەدا دەكاتو بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە (11 هەزار) بەرمیلە. • كێڵگەی سەرتە: كۆمپانیاكانی (شیفرۆن)و (گەنەڵ ئینێرژی) كار لەم كێلگەیەدا دەكەنو بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە (5 هەزار) بەرمیلە. نەوت لەناوچەی یەكێتیدا لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، نەوت لە دوو كێڵگەوە دەچێتە بۆری نەوتی كوردستانو تێكەڵ بە نەوتەكەی ناوچەی پارتی دەكرێتو هەردووكیان پێكەوە لە بەندەری جەیهانی توركیا دەفرۆشرێن.\ كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵایەتی یەكێتی ئەمانەن: • كێڵگەی حەسیرە: ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە سنوری ئیدارەی گەرمیان، لە (5) بیری نەوت پێكدێت، رۆژانە نزیكەی (33 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، نەوتی كێڵگەكە لەڕێگەی تەنكەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ بۆری نەوتی كوردستان لە خۆرمەڵەی نزیك هەولێر، ئەم كێڵگەیە لەلایەن كۆمپانیای (گازپرۆمی)ی روسیەوە بەڕێوەدەبرێت. • كێڵگەی تەقتەق: بەرهەمی رۆژانەی ئەم كێڵگەیە (8 هەزار) بەرمیلە، كۆمپانیاكانی (گەنەڵ ئینێرژی)و (ئاداكس) نەوتی ئەم كێڵگەیە بەرهەم دەهێنن. داهاتی نەوت لەنێوان ناوچەكانی پارتیو یەكێتیدا مانگی رابردوو نەوتی هەرێمی كوردستان بە (52) دۆلار فرۆشراوە، داهاتی مانگی رابردووی نەوت بەمشێوەیە بووە: • 450000 بەرمیل * 52 دۆلار * 30رۆژ = 702 ملیۆن دۆلار • داهاتی نەوتی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی: (41000 بەرمیل * 52 دۆلار * 30 رۆژ = 63 ملیۆنو 960 هەزار دۆلار)، بەڕێژەی (9%) • داهاتی نەوتی سنوری دەسەڵاتی پارتی: (409000 بەرمیل * 52 دۆلار * 30 رۆژ = 638 ملیۆنو 40 هەزار دۆلار)، بەرێژەی (91%) ئەم هاوكێشانە تەنیا لێكدانەوەیە بۆ داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان نەك نەوتو غازی یەدەگ، رێژەی (100%)ی غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێم دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو زۆرینەی نەوتی یەدەگیش هەر لە سنوری یەكێتیدایە، بەڵام ناوچەی یەكێتی لەڕووی وەبەرهێنانەوە لەدوای ناوچەكانی پارتییەوەیە. كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی رابردوو كە بەرمیلێك بە (52) دۆلار فرۆشراوە، (702ملیۆن) دۆلار بووە، لەم داهاتە بڕی (638 ملیۆنو 40 هەزار) دۆلاری داهاتی كێڵگە نەوتییەكانی سنوری دەسەڵاتی پارتی بووە كە دەكاتە رێژەی (91%)ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم، بڕی (63 ملیۆنو 960 هەزار) دۆلاریشی داهاتی نەوتی كێڵگەكانی ناوچەی یەكێتی بووە كە دەكاتە رێژەی (9%)ی كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگێكدا. ئەم خشتەیە كێڵگە نەوتییەكانی سنوری دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیە بەڵام ژمارەی بەرمیلە نەوتییەكان هەندێك گۆڕانكارییان تێدا هاتووە چونكە خشتەكە هی ساڵی رابردووە
راپۆرتی: درەو حزبەكان سەرقاڵی تەتەڵەكردنی كاندیدەكانیانن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە بڕیارە لە 10ی مانگی 10ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دەنگی حزبەكان لەبری (3) بازنە لە هەرێمی كوردستان بۆ (12) بازنە دابەشدەبێت، بردنەوەی كورسی بۆ حزبە بچوكەكانو كاندیدە سەربەخۆكان ئەستەم دەبێت، سیستمی هەڵبژاردن بەشێوەیەكە حیزبە سیاسییەكان مەحكوم بە بەستی هاوپەیمانی دەكات، بەڵام تائێستا حزبەكان لە بەستنی هاوپەیمانێتی سەركەوتوو نەبوون، لە ئەگەری بەتەنیا دابەزینی حزبە بچوكەكان، ئەگەری بردنەوەی زۆربەی كورسییەكان لەلایەن حزبە گەورەكانەوە زیاتر دەبێـت، (درەو) لەم راپۆرتەدا ناوی بەشێك لە كاندیدی حزبەكانو كاندیدە سەربەخۆكان ئاشكرا دەكات. هەڵبژاردنێك بە فۆرمێكی نوێوە پەرلەمانی عێراق دوای چەندان مانگ مشتومڕ، كۆتایی ساڵی رابردوو یاسایەكی نوێی بۆ هەڵبژاردن پەسەندكرد، یاساكە شێوازی هەڵبژاردنی لە فرەبازنەیی لەسەر بنەمای پارێزگاكانەوە گۆڕی بۆ فرەبازنەیی لەچوارچێوەی پارێزگاكاندا، واتا یاسا نوێیەكە بازنەكانی هەڵبژاردنی لە (18) بازنەی (18) پارێزگاییەوە گۆڕی بۆ (83) بازنە، لە یاسای پێشتردا هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بوو، ئێستا هەر پارێزگایەك بەپێی ژمارەی "كۆتا"ی ژنان بازنەكانی هەڵبژاردنی بەسەردا دابەشكراوە. بەپێی یاسا كۆنەكە، (320) كورسی پەرلەمان لەگەڵ (9) كورسی كۆتاكان لە (18) بازنەی هەڵبژاردندا پڕدەكرانەوە، بەڵام ئێستا كورسییەكانی پەرلەمان دابەشكراوە بەسەر (83) بازنەدا، لە هەر بازنەیەك ژنێك سەردەكەوێت، واتا یاسا نوێكە جارێكی تر پارێزگاری لە "كۆتا"ی ژنان لە پەرلەمان كردووە كە رێژەكەی 25%ە. شێوازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق "تاكیی نەگوازراوە"یەو دەنگەكان لە كاندیدێكەوە بۆ كاندیدێكی ترو لە بازنەیەكەوە بۆ بازنەیەكی تر ناگوازرێتەوە، لە حاڵەتی سەرنەكەوتنی كاندیددا بۆ پەرلەمان، دەنگەكانی دەفەوتێتو ناچێت بۆسەر دەنگی كاندیدێكی تر لە حزبەكەی یان بۆسەر دەنگی كاندیدی ركابەری. كاندیدی لایەنەكان هێشتا بۆ حزبە سیاسییەكان رون نەبووەتەوە كە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە كاتی خۆیدا دەكرێت كە 10ی تشرینی یەكەمی 2021, بەڵام ئێستا حزبە سیاسییەكان جموجوڵەكانیان گەرم بووە بە ئاراستەی دیاریكردنی كاندیدەكانیان و وەرگرتنی سیڤی كاندیدو چەند میكانیزمێكیان بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیان گرتوەتەبەر. لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان ناوی چەند كاندیدێك بۆ حزبە سیاسییەكان و سەربەخۆكان دەهێنرێت حزبەكان سەرقاڵی تەتەڵەكردنی كاندیدەكانن، چونكە ئەم هەڵبژاردنە جیاواز لە هەڵبژاردنەكانن رابردوو حزبەكان پێویستیان بە كاندیدێكی جەماوەرییە، بۆ ئەوەی زۆرترین زۆرترین كورسی بازنەكانی هەڵبژاردن بۆخۆیان مسۆگەر بكەن. یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا زۆرترین كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەكەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا بە ناڕەسمی ناوی دەهێنرێت، ئەم ناوانەن: لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن, پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا ( 321 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێناوەو (8) كورسی لە كۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە: بەشێك لە كانیدەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی لە پارێزگای هەولێر: - رێبوار هادی -محەمەد شاكر - مەیادە نەجار - نەهرۆ مەحمود - هەدار بارزانی - ناسر هەركی لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوودا لە 2018 دا (354 هەزارو 101) دەنگی بەدەستهێناوەو (10) كورسی لەكۆی (11) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە: بەشێك لە كانیدەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی لە پارێزگای دهۆك: - ڤیان سەبری - عومەر رێكانی - هەندرێن دۆسكی لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (48 هەزارو 706) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە: بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو) پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارە كاندیدەكانی بۆ پارێزگای سلێمانی ژن بێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر ناوی كاندیدەكان یەكلا نەبووەتەوە. لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارە یەك كاندیدی هەبێت و ئەویش ( شاخەوان عەبدوڵا) بێت. بۆ پارێزگای موسڵیش ناوی چەند كاندیدێك دەهێنرێت لەوانە: - ئیخلاس دلێمی - شیروان دوبەردانی دووەم: یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەكێتی لەم خولەدا دووەم زۆرترین كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە لەناو فراكسیۆنە كوردیەكاندا، ئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەكەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەی تا ئێستا بە ناڕەسمی ناوی دەهێنرێت، ئەم ناوانەن: لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردنی یەكێتی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (79 هەزارو 745) دەنگی بەدەستهێناوەو (2) كورسی لەكۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە: بەشێك لە كاندیدە نارەسمییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی لە پارێزگای هەولێر: - شیرین یونس لە كۆیە - هەرێم كەمال ئاغا لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (259 هەزارو 378) دەنگی بەدەستهێناوەو (8) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە: ئەو ناوانەی كە وەك كاندیدی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی ناویان دێت: - د. وەرزێر شاڵی - جەبار محەمەد ساڵح - ئەكرەمی میهرداد - د. نەرمین مەعروف - رێكەوت زەكی - د. نیكۆلا ئەشرەف - بەناز رەمەزان - شادیە ئەبوبەكر - پەیمان عوسمان سەعید -تانیا كەمال دەرویش - ئەحمەد محەمەد بەرزنجی - ئاسۆ فەرەیدون - زانا عەبدولڕەحمان - كاژین عومەر سوارە - شەماڵ جەبار یاوەر - د. تەها حەمە ئەمین لە رانیە - بەختیار شاوەیس لە هەڵەبجە - شیروان میرزا لە رانیە - بڵێسە جەبار فەرمان لە گەرمیان - كاروان شامار لە گەرمیان - رزگار حەمە چەمچەماڵ لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، یەكێتی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (25 هەزارو 515) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا: تا ئێستا دیار نیە یەكێتی كێ كاندید دەكات بۆ پارێزگای دهۆك. لە پارێزگای كەركوك یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو 2018 دا لەو پارێزگای ( 183 هەزار و 283) دەنگی بەدەستهێناوە لەو پارێزگایە (6) كورسی بەدەستهێناوە. لە ئێستادا ناوی چەند كاندیدێك دێت كە بەنیازن خۆیان كاندید بكەنەوە بۆ یەكێتی لە پارێزگای كەركوك: - ئاڵا تاڵەبانی - ئەڵماس فازڵ - دیلان غەفور - بێستون عادل - مەریوان نادر - جەمال شكور - رێبوار تەها سێیەم: بزوتنەوەی گۆڕان: بزوتنەوەی گۆڕان 5 پەرلەمانتاری لە عێراقدا هەیەو ئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (154 هەزارو 947) دەنگی بەدەستهێناوەو (4) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە, ئێستا چەند كەسێك بە نافەرمی ناویان دێت كە كاندید دەكرێن لەوانە: - بەرزان شێخ محەمەد لە سلێمانی - رەسوڵ بچكۆل لە رانیە - هێرش عەبدولڕەحمان لە رانیە - بەكر بایز لە پشدەر - مامۆستا عەلی قادر لە رانیە - دكتۆرە سنور لە هەڵەبجە - ئەنوەر شەهید حەمەلاو لە هەڵەبجە - هۆشیار عومەر عەلی لە گەرمیان لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن, بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (40 هەزارو 863) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لە كۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووەو تا ئێستا كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارێزگای هەولێر دیارنین. لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (3 هەزارو 801) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی مسۆگەر نەكردووە، كاندیدەكانی لەو پارێزگایە دیارنین. چوارەم: جوڵانەوەی نەوەی نوێ: جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەم كاتەدا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان, لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (63 هەزارو 760)دەنگی بەدەستهێناوەو (2) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە. لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (70 هەزارو 833)دەنگی بەدەستهێناوەو (2) كورسی لەكۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە. لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (18 هەزارو 52) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی مسۆگەر نەكردووە. تا ئێستا ناوی كاندیدەكانی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دیار نین، ئەگەرچی باس لەوە دەكرێن كە نەوەی نوێ تەركیزی لەسەر كاندیدی ژنە، بەڵام نایەوێت پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان كاندید بكاتەوە، بەڵام ئەو ناوانەی كە وەك بیرۆكە لەناو نەوەی نوێ باس دەكرێن ئەمانەن: - رێبوار چەلەبی لە سلێمانی - هیمداد شاهین لە سلێمانی - عومەر مامە كوردە لە هەولێر - ئومێد محەمەد لە كەركوك پێنجەم: هاپەیمانی هیوا هاوپەیمانی هیوای كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق كە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی ( گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، ئایندە، سەربەخۆكان) پێكهاتووە، بەنیازە لەگەڵ كۆمەڵێك گروپو كەسایەتی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكات, ئەو كەسانەی تا ئێستا ناویان دێت كە خۆیان كاندید دەكەن ئەم ناوانەن: - غالب محەمەد لە گەرمیان - رێبوار كەریم لە سلێمانی - سەركەوت شەمسەدین لە سلێمانی - بەهار مەحمود لە سلێمانی - كاوە محەمەد لە سۆران - رابون مەعروف هەولێر شەشەم: كۆمەڵی دادگەری كوردستان كۆمەڵی دادگەری كە یەكەمجارە بە ناوە نوێیەكەیەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكات ئێستا سەرقاڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی بۆ 12 بازنەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، كۆمەڵی دادگەری كە پێشتر (كۆمەڵی ئیسلامی) بوو لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (51 هەزارو 563) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە. لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا ( 36 هەزارو 784)دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (14) كورسی ئەو پارێزگایە بردووە. لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (3 هەزارو 621) دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی مسۆگەر نەكردووە. تا ئێستا ئەم كاندیدانەی كۆمەڵی دادگەری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ناویان دەهێنرێت: - ئەحمەد حاجی رەشید لە هەلەبجە - سۆران عومەر لە رانیە - عەبدولستار مەجید لە هەولێر حەوتەم: یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكگرتوی ئیسلامیی لە پارێزگای سلێمانی كە دابەشكراوە بۆ (5) بازنەی هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (30 هەزارو 19)دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (18) كورسی ئەو پارێزگایەی بردووە. لە پارێزگای هەولێر كە دابەشكراوە بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن یەكگرتووی ئیسلامیی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا ( 24 هەزارو 475)دەنگی بەدەستهێناوەو هیچ كورسیەكی بەدەستنەهێنا. لە پارێزگای دهۆك كە دابەشكراوە بۆ (3) بازنەی هەڵبژاردن، یەكگرتووی لە هەڵبژاردنی رابردوو لە 2018 دا (43 هەزارو 525) دەنگی بەدەستهێناوەو (1) كورسی لەكۆی (11) كورسی ئەو پارێزگایە مسۆگەركرد. تا ئێستا ناوی ئەو كەسانەی یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید دەكرێتو ناویان دەهێنرێت ئەمانەن: - جەمال كۆچەر لە دهۆك - موسەننا ئەمین لە هەڵەبجە هەشتەم: كاندیدە سەربەخۆكان ئەوەی تا ئێستا زانراوە چەند كەسێك بە سەربەخۆ ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەڵام ناو تۆماركردنەكەیان هێشتا بەراییەو لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە پەسەند نەكراوە لەوانە: - پارێزەر كاروان مەحمود حاجی لە دەستەی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی - رێبوار عەباس - سەناریا عەبدوڵا سەعید - ئیبراهیم ئەحمەد - نەورۆز مانگر كورد لە هەڵبژاردنی عێراق لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، ژمارەی كورسی پارێزگاكان لە پەرلەمانی عێراق وەكو خۆی ماوەتەوەو دەستكاری نەكراوە، كورسی كورد لە هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانیو دهۆك لە پەرلەمانی عێراق (44) كورسییە، پارێزگای هەڵەبجە لە یاسای نوێی هەڵبژاردندا وەكو پارێزگایەكی سەربەخۆ نەناسێندراوەو بازنەكەی لكێندراوە بە پارێزگای سلێمانییەوە. بەشێوەیەكی گشتی هەرێمی كوردستان دابەشكراوە بەسەر (12) بازنەی هەڵبژاردندا، بازنەكانەكانی هەڵبژاردن بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر پارێزگاكاندا: پارێزگای هەولێر ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق (15) كورسییە، هەولێر دابەشكراوە بەسەر (4) بازنەی هەڵبژاردندا، لەكۆی (15) كورسییەكە، (4) كورسییان بۆ ژنان دەبێت بەپێی سیستمی كۆتا. بازنەكانی هەڵبژاردن لەپارێزگای هەولێر بەمشێوەیە دابەشكراون بەسەر ناوچەكاندا: • بازنەی یەك: سۆران + مێرگەسوور + رواندز + چۆمان + شەقلاوە، ئەم بازنەیە (4) كورسی پەرلەمان لەخۆدەگرێت، واتا چوار كەس لەم بازنەیە سەردەكەون بۆ پەرلەمانی عێراق • بازنەی دوو: دەشتی هەولێر + كۆیە + خەبات، ئەم بازنەیە بەهەمان شێوە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی سێ: بەشی رۆژئاوای قەزای ناوەندی هەولێر، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی چوار: بەشی رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی هەولێر، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. بۆ زانینی دەنگو پێگەی لایەنەكان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا لە سنوری پارێزگای هەولێر، پەنا بۆ ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبەین كە ساڵە 2018 بەڕێوەچوو، واتا بەر لە دوو ساڵ. لە هەڵبژاردنی 2018دا، دەنگی لایەنەكان لە هەولێر بەمشێوەیە بوو: • پارتی (321 هەزارو 920) دەنگ • یەكێتی (79 هەزارو 745) دەنگ • نەوەی نوێ (70 هەزارو 833) دەنگ • گۆڕان (40 هەزارو 863) دەنگ • هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری (50 هەزارو 537) دەنگ • كۆمەڵ ( 36 هەزارو 784) دەنگ • یەكگرتوو ( 24 هەزارو 475) دەنگ پارێزگای سلێمانی ئەم پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق (18) كورسی هەیە، لەم ژمارەیە (5) كورسییان بۆ "كۆتا"ی ژنانە، پارێزگای سلێمانی دابەشكراوە بەسەر (5) بازنەی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە: • بازنەی یەك: باكوری قەزای ناوەندی سلێمانی + چوارتا + ماوەت، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی دوو: باشوری قەزای ناوەندی سلێمانی + قەرەداغ، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی سێ: هەڵەبجە + سەیدسادق + شارەزوور + پێنجوێن، ئەم بازنەیە (3) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی چوار: پشدەر + رانیە + دوكان، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. • بازنەی پێنج: كەلار + دەربەندیخان + كفری + چەمچەماڵ + بەشێك لە خانەقین، ئەم بازنەیە (4) كورسی لەخۆدەگرێت. لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا دەنگی لایەنەكان لە پارێزگای سلێمانی بەمشێوەیە بووە: • یەكێتی (259 هەزارو 378) دەنگ • گۆڕان (154 هەزارو 947) دەنگ • نەوەی نوێ (63 هەزارو 760) دەنگ • پارتی (48 هەزارو 706) دەنگ • هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری (46 هەزارو 552) دەنگ • كۆمەڵ (51 هەزارو 563) دەنگ • یەكگرتوو (30 هەزارو 19) دەنگ پارێزگای دهۆك ئەم پارێزگایە (11) كورسی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دانراوە، سیان لە كورسییەكان بەپێی سیستمی "كۆتا" بۆ ژنان دەبێت، پارێزگاكە دابەشكراوە بەسەر (3) بازنەدا بەمشێوەیە: • بازنەی یەك: دهۆك + ئامێدی، ئەم بازنەیە (4) كورسی بۆ تەرخانكراوە. • بازنەی دوو: زاخۆ + سیمێل، ئەم بازنەیە (3) كورسی بۆ تەرخانكراوە. • بازنەی سێ: ئاكرێ + شێخان + بەردەڕەش، ئەم بازنەیە (4) كورسی بۆ تەرخانكراوە. هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەنگی لایەنەكان لە پاریزگای دهۆك بەمشێوەیە بووە: • پارتی (354 هەزارو 101) دەنگ • یەكگرتوو (43 هەزارو 525) دەنگ • یەكێتی (25 هەزارو 515) دەنگ • گۆڕان (3 هەزارو 801) دەنگ • نەوەی نوێ (18 هەزارو 52) دەنگ • هاوپەیمانی (25 هەزارو 664) دەنگ • كۆمەڵ (3 هەزارو 621) دەنگ راپۆرتی پەیوەندیدار: هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق: سیناریۆی پێگەی پارتەكانی هەرێم بژاردەكانی هاوپەیمانی بەردەم لایەنەكان لە پارێزگای سلێمانی بژادەكانی هاوپەیمانی بەردەم لایەنەكان لە پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك كورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا
(درەو): دوای زیاتر لە چوا ر مانگ مشتومڕ، دواجار ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یاسای بودجەی ٢٠٢١ی پەسەند دەكات، ماددەی (١١)ی یاساکە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک تێپەڕێندرا، کە هەرێم لەڕووی داراییەوە پارەیەکی ئەوتۆی دەستناکەوێ، بەڵام لەوەدا براوە بوو کە حکومەتی هەرێم سەروەری بەسەر نەوتدا ماوەتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر هەموو ئەو دۆسیە یاساییانە دەبێت کە لە داگاکانی دەرەوە لەبارەی نەوتەوە لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکراون. هەرێم چی بەعێراق دەدات ؟ بەپێی لێكدانەوەی خێرای رێككەوتنی هەرێم و بەغداد لە بودجەی 2021دا، هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی شایستەی دارایی خۆی لە بودجەی ئەمساڵی عێراق وەربگرێت، دەبێت ئەم داهاتانە بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە: هەرێم دەبێت داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ + نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكان مانگانە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی عێراق بگەڕێنێتەوە. هەرێم دەبێت مانگانە قەرزی بانكی بازرگانی عێراق بداتەوە، کە مانگانە (14 میلیارو 45 ملیۆن) دینارە. عێراق چی بە هەرێم دەدات ؟ لەبەرامبەردا عێراق بۆ تێكڕای ساڵەكە بڕی (9 ترلیۆن و 581 ملارو 718 ملیۆن) دینار دەداتە هەرێمی کوردستان، واتا مانگانە بەغداد بڕی (798 ملیار) دیناری بۆ هەرێم تەرخانکردووە. ئەنجام چی دەبێت ؟ بەهای (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ مانگێك بە نرخی سۆمۆ كە (60) دۆلارە، دەكاتە (450 ملیۆن) دۆلار، واتا (652 ملیار) دینار. لەپاڵ ئەمەدا هەرێم دەبێت مانگانە نزیکەی (١٠٠ ملیار) دینار داهاتی دامەزراوە فیدڕاڵییەکان بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە. بەتێکڕا دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە (٧٥٢ ملیار) دینار بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە. بەغداد مانگانە (٧٩٨ ملیار) دینار بە هەرێم دەدات، بەڵام هەرێم دەبێت بڕی (٧٥٢ ملیار) بگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد، ئەگەر ئەم دوو بڕە پاکتاو "مقاصه" بکرێت، هەرێم مانگانە تەنیا بڕی (٤٦ ملیار) دیناری بۆ دەمێنێتەوە. لەم (٤٦ ملیار) دینارەش دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی (١٤ ملیار) وەکو قەرز بگەڕێنێتەوە بۆ بانکی بازرگانی عێراق کە پێشتر قەرزی لێوەرگرتووە، بەمەش پوختەی ئەو پارەیەی کە مانگانە لە بودجەی عێراق بۆ هەرێم دەمێنێتەوە تانیا (٣٢ ملیار) دینارە. "هیچ بەرامبەر بە هیچ" ئەمە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادە لەسەر نەوت و بودجە کە دەتوانرێت ناوی لێبنرێت رێککەوتنی "هی بەرامبەر بە هیچ" واتا هەرێم هیچ بە بەغداد نادات و بەغدادیش هیچ بۆ هەرێم نانێرێت. دەقی مادەی 11 لەپرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی ساڵی 2021 یەكەم:دەستبكرێت بەڕێككردنەوەی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان لە2004ەوە تاوەكو 2020، پاشان دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بەوردبینیكردنی ئەو زانیارییانەو ئاشكراكردنی ژمێریاری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵەوە، لەڕێگەیەوە بڕی داهاتی بەدەستهاتوو و خەرجییەكان دەخرێنەڕوو، دوای ئەوەی خەرجییە سیادییەكانی لێ دەردەكرێت، ئەو بڕەش دەستنیشان دەكرێت كە لەچوارچێوەی خەرجییە حاكمەكاندا بەر هەرێم دەكەوێت. دووەم: أ- دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت كە رۆژانە بڕێك نەوت بەرهەم بهێنێت كە رێژەكەی نابێت لە 460 هەزار بەرمیل كەمتر بێت و بڕێكی پێویستی لێ دەردەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاش ئەوەی زانیاری پێویست لەبارەوە پێشكەش دەكرێت، هەروەها بڕێكی بۆ بەكاربردنی نێوخۆ دەبێت و بڕێكیشی وەك پشكی هەرێم لەپترۆ دۆلار دەبێت، دەبێت داهاتی فرۆشی رۆژانەی 250 هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆ بداتە حكومەتی فیدڕاڵ. ب- بڕگەی (أ) بەهەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت. ج-دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی بەخەزێنەی وڵات، پاڵپشت بەیاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵ، دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان وردبینی لەو زانیارییانەدا دەكەن كە پەیوەستە بەو داهاتانەوە. د- دەبێت پرسی سەرجەم ئەو پارانە چارەسەر بكرێت كە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە لە بنەڕەتدا پارەی بانكی بازرگانی عیراقەو لەلای بانكەكانی تری حكومەت و تایبەت هەڵگیراوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیش لەساڵی دارایی 2021ەوە و بۆ ماوەی 7 ساڵ و مانگانە ئەو قەرزانە لەبڕینی پشكی هەرێم وەردەگرێتەوە. د- دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (ا،ب،ج،د) ئەم مادەیە جێبەجێ دەكات، ئەوا حكومەتی فیدڕاڵی پابەند دەبێت بەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەك لەم یاسایەو خشتە هاوپێچەكانیدا هاتووە. سێیەم: هەرێمی كوردستان پابەندكراوە كە تاوەكو 30-6-2021، زانیاری لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران، جا چ فەرمانبەری شارستانی بێت یاخود سەربازی بدات بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دوای ئەوەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینییان بۆ دەكرێت، زانیارییەكانیش بەپێی پلەو ناونیشانی پیشەیی و رەگەز دابەشكراون، ژمارەی فەرمانبەرانیش بەگوێرەی خشتەی هێزی كار دەستنیشان دەكرێت. چوارەم: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەو پارەیەی لەناو بودجەی هەرێمدا وەك (قەرەبووی فەرمانبەران) بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت لەناو بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 مووچەی فەرمانبەران لە پێش هەرچی خەرجییەكی ترەوە دابنرێت.
(درەو): ئیمێڵێكی كۆمپانیای گازپرۆمی روسی، شڵەژانی دروستكردو هەناردەی گەورەترین كێڵگەی نەوتی سنوری یەكێتی بۆناو بۆری هەناردەی نەوتی كوردستانى راگرت. لە بەیانی ئەمڕۆوە هەناردەی نەوتی كێلگەی "حەسیرە"ی ناوچەی گەرمیان بۆ بۆری نەوتی كوردستان راوەستاوە. "حەسیرە" گەورەترین كێلگەی نەوتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتییە، كە رۆژانە (31 بۆ 33) هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێتو ئەم نەوتە لەرێگەی تانكەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ كێڵگەی (خورمەڵە) لە نزیك هەولێرو لەوێوە دەكرێتە ناو بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانو هەناردەی بەندەری جیهان دەكرێت لە توركیا. كۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی لە كێڵگەی "حەسیرە" كاردەكات، ئەو نەوتەی كە بەرهەمی دەهێنێت دەیدات بە كۆمپانیاكانی گوستنەوەی نەوت، كۆمپانیا لەرێگەی تانكەرەوە نەوتەكە دەگوازێتەوە، لەسەر وەرگرتنی تەندەری گواستنەوەی ئەم نەوتە كێشە دروستبووە. كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، كۆمپانیا (گازپرۆم) تەندەرینی كرد بۆ پێدانی كاری گواستنەوەی نەوتەكە بە كۆمپانیایەك، (15) كۆمپانیا بەشدارییان لە پرۆسەی تەندەرینەكەدا كرد، سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ كۆمپانیا روسییەكە رایگەیاند، كاری گواستنەوەی نەوتەكە بۆ كۆمپانیایەك دەرچووە بەناوی (جهانگیر)و ئەم كۆمپانیایە هەر تەنێك لە نەوتەكە بەبڕی (16) دۆلار دەگوازێتەوە بۆ كێڵگەی (خورمەڵە)، ئەمەش كەمترین نرخ بوو كە تائێستا لەو كێڵگەیە تۆماركرابێت. دوێنێ كۆمپانیای گازپرۆم ئیمێڵێكی بۆ كۆمپانیا بەشداربووەكانی تەندەرینەكەی كۆتایی ساڵی رابردوو نارد، ئەم ئیمێڵە دۆخەكەی شڵەژاند، لە ئیمێڵەكەدا نوسرابوو، كۆمپانیای (جهانیگر) ناتوانێت كارەكە بكات، بۆیە گواستنەوەی نەوتەكە جارێكی تر دەدەنەوە بە كۆمپانیای (بلاك پوڵ). ماوەی چوار ساڵە، كۆمپانیای (بلاك پۆڵ) گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی حەسیرەی پێدەدرێت، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە پیاوێكی سەرمایەدارە بەناوی (دانای حاجی ساڵح)، كۆمپانیای گازپرۆم بۆ ماوەی دوو ساڵی تر كاری گواستنەوەی نەوتەكەی داوەتەوە بە كۆمپانیاكەی ئەم پیاوە. كۆمپانیای (بلاك پۆڵ) پێشتر تەنیا گرێبەستی گواستنەوەی نەوتەكەی وەرگرتووە، بەڵام خۆی جێبەجێی نەكردووەو بەشێكی پارەی گرێبەستەكەی داوە بە كۆمپانیای (كیپ ئۆف ئۆیل) بۆ ئەوەی نەوتەكە بگوازێتەوە. كۆمپانیای (كیپ ئۆف ئۆیل) خاوەنی تانكەرەكانی نەوتە لە كێڵگەی حەسیرە، چەند ساڵە بە دەستی دوو كاری گواستنەوەی نەوت بۆ كۆمپانیای (بلاك پوڵ) كردووەو تائێستاش بەردەوامە، بەڵام ئێستا ئیتر ئەزمونی پەیدا كردووەو نایەوێت چیتر بە دەستی دوو كارەكە بكات، بۆیە لە تەندەرینەكەی كۆتایی ساڵی رابردوودا بەناوی دوو كۆمپانیاوە بەشداریكردووە كە بریتین لە كۆمپانیاكانی (كیپ ئۆف ئۆیل)و (سروشتی هاكاری)، بەڵام تەندەرەكەی بۆ دەرنەچووە. لە بەیانی ئەمڕۆوە شۆفێری تانكەرەكانی نەوتی "حەسیرە" مانگترنیان راگەیاندووەو هیچ بڕە نەوتێكی سنوری یەكێتییان بۆ بۆری نەوتی كوردستان نەگواستوەتەوە. ئازاد عەبدولقادر خاوەنی كۆمپانیای (كیپ ئۆق ئۆیل) كە خاوەنی تانكەرەكانی گواستنەوەی نەوتە لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، كۆمپانیای (بلاك پوڵ) گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی حەسیرە قۆرخ كردووەو پشتیوانی سیاسی هەیەو لەڕێگەی ئەو پشتیوانییەوە فشار دەكات بۆ ئەوەی هەموو جارێك تەندەرەكەی پێبدرێتەوە. ئازاد عەبدولقادر وتی:" ئێمە مانگرتنمان راگەیاندووەو كارناكەین، ئیمزای شۆفێری تانكەرەكانمان كۆكردوەتەوەو دەیبەین بۆ ئیدارەی گەرمیان، رازی نین جارێكی تر تەندەرەكە بدرێتەوە بە كۆمپانیای بلاك پوڵ، دەبێت گازپرۆم كارەكە بدات بە كۆمپانیایەكی تر، یاخود جارێكی تر تەندەرین بكاتەوە". بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم كێشەیە، كلیك لەم لینكەی خوارەوە بكە كە راپۆرتێكی دوێنێی (درەو)ە لەبارەی مشتومڕی تەندەرینی كێڵگەی حەسیرە. http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8081
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دوای چوار ساڵ کارکردن، کۆمپانیای گازپرۆمی روسی بۆ ماوەی دوو ساڵی تر گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی "حەسیرە"ی ناوچەی گەرمیانی دایەوە بە کۆمپانیای (بلاک پۆڵ)، ئەمە کۆمپانیا بەشداربووەکانی پرۆسەی تەندەرینی توڕە کردووە، کێشمەکێش لەسەر گواستنەوەی نەوتی گەورەترین کێڵگەی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی توندبوەتەوە، کۆمپانیاکان باس لە دەستوەردانی حزبی دەکەن لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکەدا، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دوو ساڵی تری بۆ درێژکردەوە (درەو) زانیویەتی، ئەمڕۆ کۆمپانیای گازپرۆم، ئیمێڵێکی فەرمی کردووە بۆ هەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە کۆتایی ساڵی رابردوو بەشداربوون لە پرۆسەی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتی "حەسیرە"ی گەرمیان بۆ کێڵگەی "خورمەڵە" لە هەولێر. لەم ئیمێڵەدا، گازپرۆم سوپاسی هەموو کۆمپانیا بەشداربووەکانی کردووەو پێی راگەیاندوون، لەبەر کێشەی تەکنیکی نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن، بۆیە جارێکی ترو تا ساڵی ٢٠٢٣ گرێبەستەکەیان داوەتەوە بە کۆمپانیای (بلاک پۆڵ). ئەم ئیمێڵە جارێکی تر کۆمپانیا بەشداربووەکانی تەندرەینی نەوتی "حەسیرە"ی توڕە کردووە، دەڵێن دوای ئەوەی کۆمپانیای براوە کارەکەی پێنەکراوە، دەبوو گازپرۆم کارەکەی بدایە بە کۆمپانیاکانی دووەم و سێیەمی دوای ئەو لەڕووی نرخەوە، ئەگەر ئەوانیش کارەکەیان پێ نەکرا، ئەوکات پرۆسەی تەندەرینی دووبارە بکردایەتەوە، بەڵام کۆمپانیا روسییەکە یەکسەر کارە داوەتەوە بەو کۆمپانیایەی لە (٤) ساڵی رابردوو نەوتەکەی گواستوەتەوە. هەندێک لە کۆمپانیا بەشداربووەکان کە (درەو) قسەی لەگەڵ نوێنەرەکانیان کردووە، باس لە دەستوەردانی حزبی دەکەن لە یەکلاکردنەوەی ئەم گرێبەستەدا. ئەو کۆمپانیایەی کە گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی "حەسیرە"ی بۆ دەرچوو، بڕی (١٦ دۆلار)ی لێدابوو بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت، بەڵام ئێستا گرێبەستەکەی لێوەرگیراوەتەوەو دراوەتەوە بە کۆمپانیای (بلاک پۆڵ). نرخی نوێی کارکردنی (بلاک پۆڵ) نازانرێت، هەندێک دەڵێن گواستنەوەی هەر تەنێک نەوتی بە (١٩ دۆلارو نیو) پێدراوە، هەندێکی تر دەڵێن بە (٢٥ دۆلار) کارەکەی وەرگرتوەتەوە. رۆژی ٣ی شوباتی ئەمساڵ، کۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی، براوەی تەندەری گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی "حەسیرە"ی ناوچەی گەرمیانی راگەیاند. ئەوکات (درەو) ئاشکرایکرد، تەندەرەکە بۆ کۆمپانیایەک دەرچووە بەناوی (جهانگیر) کە خاوەنەکەی کەسێکە بەناوی (بابان محەمەد)و چەند ساڵێکە لە بواری نەوتدا کاردەکات. ئەم کۆمپانیایە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت لە کێڵگەی "حەسیرە"ی گەرمیانەوە بۆ کێڵگەی "خوڕمەڵە" لەنزیکی هەولێر، بڕی (١٦ دۆلار)ی لێدابوو، بەم نرخە تەندەرەکەی بۆ دەرچوو. ئەم نرخە بەبەراورد بە گرێبەستی پێشوو، کە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک بڕی (٢٧ دۆلار) وەردەگیرا، نرخێکی زۆر کەم بوو، ئەمە گومانی لەسەر پلانی کارکردنی ئەو کۆمپانیایە دروستکردووە کە تەندەرەکەی بۆ دەرچوو بوو. ئەم نرخە بۆ ئەوانەی چاودێری پرۆسەکەیان دەکرد، لە کەمیدا پێشبینی نەکرا بوو، چونکە دەوترا شۆفێری تانکەرەکان بۆ گواستنەوەی هەر تەنێک نەوت بڕی زیاتر لە (١٦) دۆلار وەردەگرن (هەر تەنێک نەوت بریتییە لە ٧ بەرمیل)، سەرباری ئەمە ئەو کۆمپانیایەی تەندەرەکەی بۆ دەرچوو بوو، دەبوو بۆ هەر تەنێک بڕی لانی کەم (١ دۆلار) بدات بە کۆمپانیای رێکخەری شۆفێرو تانکەرەکان، ئەمە سەرباری ئەو پارەیەی کە دەبوو وەکو باجی کارکردن بە حکومەتی هەرێمی بدات. بەم خەرجییە زۆرانەوە کۆمپانیای (جهانگیر) ئەگەر هەر تەنێکی بەبڕی (١٦ دۆلار) بگواستایەتەوە، خەرجی کارەکەی لە داهاتەی زۆرتر دەبوو، واتە توشی زیانێکی ئابوری گەورە دەبوو. ئەو نرخە کەمەی کە کۆمپانیای جیهانگیر بۆ وەرگرتنی تەندەرەکە لێی دابوو، تەنانەت لەو نرخەش کەمتر بوو کە بەشی یاسایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دیاری کردبوو، کە لەکەمترین ئاستدا بڕی (١٨ دۆلار بوو بۆ هەر تەنێک، ئەمە وای کرد پێشبینی ئەوەبکرێت کۆمپانیاکە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی، لەڕێگەی ترەوە سود لە نەوتی کێڵگەی "حەسیرە" وەربگرێت، بۆیە لەپێناو بردنەوەی تەندەرەکە بە کەمترین نرخ چوەتە ناو کێبڕکێکەوە، هەندێکی تر دەیانوت ئەم کۆمپانیایە هاوبەشی کۆمپانیای (بلاک پۆڵ)ەو وەکو گەمەیەک بەم نرخە کەمە دابەزیوەتە ناو پرۆسەی تەندەرینەکەوە. لەبارەی تەندەرینەکەوە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو (١٥) كۆمپانیا تەندەریان پێشکەش کرد بۆ وەرگرتنی گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان. كۆمپانیای (گازپرۆمی)ی روسی کە نەوتی بلۆكی گەرمیان بەرهەم دەهێنێت، تەندەرینەکەی رێکخست. گازپرۆم ئێستا رۆژانە نزیکەی (٣٠ هەزار) بەرمیل نەوت لە بلۆكی گەرمیان (سەرقەڵا-۱، سەرقەڵا-۲، سەرقەڵا-۳) بەرهەم دەهێنێت، ئەمە گەورەترین بلۆكی نەوتیی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی نیشتمانییە. نەوتی بلۆكی گەرمیان بە تانكەر دەگوازرێتەوە بۆ كێڵگەی نەوتی (خورمەڵە) لە نزیك هەولێر، لەوێشەوە دەخرێتە بۆری نەوتیی هەرێم و رەوانەی توركیا دەكرێت و لەوێشەوە بۆ بازاڕی جیهانیی. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، پێشتر دەسەڵاتی پێدانی تەندرەی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان بۆ خورمەڵە، لای حكومەتی هەرێم بووە، بەڵام بەمدواییانە لەچوارچێوەی گرێبەستێكدا لەگەڵ كۆمپانیای گازپرۆم، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتەكەی داوە بە گازپرۆم. پێشتر كە دەسەڵاتی تەندەرین لای حكومەتی هەرێم بووە، گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیان لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) دراوە بە كۆمپانیایەك بە ناوی (بلاك پۆڵ) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییەو خاوەنەكەی پیاوێكە بەناوی (دانای حاجی ساڵح). كۆمپانیای (بلاك پوڵ) پێشتر بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت لە (حەسیرە)وە بۆ (خورمەڵە) بە تانكەر، بڕی (٣٦ دۆلار)ی لە حكومەت وەرگرتووە، لەم پرۆسەیەدا كۆمپانیا (بلاك پوڵ) بۆ هەر تەنێك بڕی (١٠ دۆلار)ی بردووەو پرۆسەی گواستنەوەی نەوتەكەشی بە كۆمپانیایەكی تر كردووە بە ناوی (كیپ ئۆف ئۆیل)و بڕی (٢٦ دۆلار)ی بۆ هەر تەنێك بەو كۆمپانیایە داوە. حەسیرە لەنێوان حکومەت و گازپرۆمدا ماوەی زیاتر لە ساڵێكە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەسەڵاتی تەندەرینی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی داوە بە كۆمپانیای گازپرۆم، ئەوانەی ئاگاداری دۆسیەی نەوتن دەڵێن پێدانی دەسەڵاتی تەندەرین بە كۆمپانیا روسییەكە بەهۆی ئەوە بووە پێشتر ئەم دەسەڵاتە کە لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بووە، وەزارەت نەیتوانیوە بەباشی چاودێری تانكەرەكان بكات و زۆرجار نەوت دزراوە، بۆیە وەزارەت كارەكەی داوە بە كۆمپانیا وەبەرهێنی نەوت تاوەكو خۆی گرێبەست بدات بە كۆمپانیاكان و لەڕێگەی دانانی كۆد لەسەر تانكەرەكان، رێگری لە دزینی نەوت بكات و چاودێری توندوتوڵ بكاتەوە. ساڵی رابردوو كۆمپانیایەك بەناوی (EOT) نرخێكی زۆر كەمتری لە نرخی پێشوو لێداو گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی بلۆكی گەرمیانی بۆ دەرچوو، ئەم كۆمپانیایە ئامادە بوو هەر تەنێكی نەوت بە (١٩ دۆلار) بگوازێتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە گرێبەستی پێشووتر كە (٣٦ دۆلار) بوو، نرخێكی زۆر كەمتر لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكەوت، بەڵام كۆمپانیای (بلاك پوڵ) بەناوی داخوازی شۆفێری تانكەرەكانەوە كێشەی بۆ كاری كۆمپانیا (EOT) دروستكردو دواجار بەناچاری گرێبەستی كاركردنی (بلاك پوڵ) درێژكرایەوەو ئەمجارە بۆ گواستنەوەی هەر تەنێك نەوت بڕی (٢٨ بۆ ٣٠) دۆلاری پێدرا، واتە ئەم بابەتە پێشینەی هەیەو ئەمە جاری دووەمە گازپرۆم ماوەی کارکردنی کۆمپانیای (بلاک پۆڵ) درێژدەکاتەوە.
(درەو): (زافر فواد ئیلیاهۆ) كە دكتۆرێكی عێراقی بوو كۆچی دوایی كرد، ئەم پیاوە بە "پزیشكی هەژاران" ناسرا بوو، ئەو دواین كەسی ئەو جولەكانەی عێراق بوو كە هێشتا لە وڵاتەكەیان نیشتەجێن. ئەم پزیشكو نەشتەرگەرە ناسراوەی ئێسك، دوای مردنی لە تەمەنی (62 ساڵیی)دا، بەر لە چەند رۆژێك لە گۆڕستانی جولەكەكان بەخاكسپێردرا، "نەخۆشخانەی واستیی" كە ئەم پیاوە ماوەی چەندین ساڵ بوو كاری تێدا دەكرد، هەواڵی مردنەكەی راگەیاند. گۆڕستانی حەبیبە گەورەترین گۆڕستانی جولەكەكانە لە عێراق، دەكەوێتە ناوچەی سەدر لە بەغداد، پیاوێكی موسوڵمان پاسەوانی ئەم گۆڕستانە دەكات، گۆڕو سەردانكەری دەگمەنی هەیە. هاوڕێكانی ئیلیاهۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێن ئەم پزیشكە چەندین ئۆفەری بۆ كۆچكردن بۆ دەرەوەی عێراق رەتكردوەتەوەو مانەوەی لە وڵات بەباشتر زانیوە. خوشكێكی ئیلیاهۆ كە رەتیكردوەتەوە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسای وتووە:" من نوێژم لەسەر كرد، هاوڕێكانیشی بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاكسپاردنیدا كردو هەر كەسەو بەگوێرەی ئاینیی خۆی نوێژی لەسەر كرد". لە بەغداد كە یەك پەرەستگای جولەكە هەیە بۆ بەكارهێنان گونجاو بێت، ئەم جۆرە نوێژە روداوێكی دانسقەیە، ئەو جولەكانەی هێشتا لە عێراقدا ماون، بەزۆریی سروستە ئاینییەكانیان لەناو ماڵەكانیاندا ئەنجام دەدەن. ئیدوین شوكر كە جولەكەیەكەو ساڵی 1955 لە عێراق لەدایكبووەو لە تەمەنی شانزە ساڵیدا كۆچی كردووە بۆ بەریتانیا دەڵێ:" لە عێراق جگە لە چوار كەس، هیچ جولەكەیەك نەماوە كە رەگەزنامەی عێراقی هەبێتو لە دایكو باوكێكی جولەكە لەدایك بوبێت". بەدرێژایی مێژووی عێراق، جولەكە بەشێكی بنەڕەتی بووە لە تەونی فرەڕەنگی ئاینیو كۆمەڵایەتی وڵات، ساڵی 1948 دوای دروستبوونی ئیسرائیل، ژمارەی جولەكە لە عێراق دەگەیشتە نزیكەی (150 هەزار) كەس، پاشان ئەم ژمارەیە دەستی بە كەمبونەوە كرد، ئەمەش بەهۆی لێسەندنەوەی بەڵگەنامە كەسییەكانیانو گۆڕینی بۆ بەڵگەنامەی تری تایبەت بە جولەكەكان، بەپێی راپۆرتی (فرانس پرێس) ئەمە وایكردووە، لەكاتی دەرهێنانی ئەو بەڵگەنامانەدا جولەكەكان بەئامانج بگیرێن. لە ساڵی 1951دا، نزیكەی 96%ی جولەكەكانی عێراق وڵاتیان بەجێهێشت، بەهۆی پرۆسەی لەسێدارەدانی ئاشكرای ژمارەیەك بازرگان كە زۆربەیان جولەكە بوون بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل لە ساڵی 1969دا، ژمارەیەكی زیاتر كۆچیان كرد. پلە بە پلەو بەدرێژایی چەندین دەیە، بەهۆی جەنگی عێراق- ئێران (1980- 1988)و داگیركردنی كوەیتو گەمارۆی ئابوری كە تاوەكو جەنگی عێراقو كەوتنی رژێمی سەددام لە 2003 بەردەوام بوو، ئەم پێكهاتە بچوكە بوونی نەما، دوای ئەم قۆناغەش، ژمارەی جولەكەكان بەهۆی شەڕی تائیفیو چەندین ساڵ لە توندوتیژی خوێناوی، ژمارەكە بەردەوام بوو لە كەمبونەوە. بەگوێرەی بروسكەیەكی دیپلۆماسی ئەمریكا، لە ساڵی 2009دا تەنیا (8) جولەكەی عێراقی لە وڵاتەكەی خۆیاندا ماون. لەبەرامبەردا، ئامارە فەرمییەكان باسلەوە دەكەن، (219 هەزار) جولەكەی بەڕەگەو عێراق لە ئیسرائیل هەن كە گەورەترین گروپی ئەو جولەكانەن لە ئاسیاوە هاتوون. ئەم كەسانە لەدوای خۆیان ماڵو پەرەستگایان بەجێهێشتووە، كە تاوەكو ساڵی 2003 ئەم موڵكانە بارودۆخیان باش بووەو لای كەسانی مەلاكی ناسراو بوون، ئەمە بەگوێرەی قسەی ئیدوین شوكر بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا. شوكر باسلەوە دەكات، گەڕانەوەی ئەم موڵكو ماڵانە "هیچی ناوێت جگە لە دەنگدانێكی پەرلەمان" بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ خێزانە جولەكەكان. سەرچاوە: BBC
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد بكات باشترە یان داهاتی نەوت ؟ رادەستكردنی نەوت دۆخی دارایی هەرێم دەبوژێنێتەوە، بەڵام سەروەری هەرێم بەسەر نەوتەكەیدا ناهێڵێت، رادەستكردنی داهاتی نەوت بەپێی رێككەوتنی نوێ لە زیانی هەرێمە، چونكە هەرێم بۆ ئەوەی پارەی یەك بەرمیل بە نرخی سۆمۆ بدات، دەبێت دوو بەرمیلو نیو نەوت بفرۆشێت، رەنگە لە كۆتایدا هەولێرو بەغداد لەسەر بنەمای "هیچ بەرامبەر بە هیچ" رێككەوتن بكەن، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. بودجە لە دواساتەكاندا چەند كاتژمێرێكی كەم ماوە لەبەردەم ئەوەی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستانو لایەنە شیعەكان بگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراق. دواین رەشنوسی رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد، هەرێمی كوردستان ناچار دەكات رۆژانە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتو داهاتە نانەوتییەكانی بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە، بەپێچەوانەوە لایەنە شیعەكان بە پاكتاوكردن "مقاصە" رازی نین، واتە ئەگەر هەرێم ئەم داهاتانە رادەستی بەغداد نەكات، بەغداد چیتر هیچ بڕەپارەیەك بۆ هەرێم نانێرێتو رێككەوتنەكە بەواتای "هیچ بەرامبەر بە هیچ" دێت. دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كە لایەنە شیعەكان لە دەقی رێككەوتنەكەی پێشتری خۆیان لەگەڵ وەفدی هەرێم كردیان، ئێستا جارێكی تر قسەوباس دروستبووە لەبارەی ئەوەی ئایا هەرێم داهاتی نەوت رادەست بكات یاخود نەوتەكە خۆی ؟ لەڕووی داراییەوە داهاتی نەوت رادەست بكات سودمەند دەبێت یان نەوت ؟ ئەگەر نەوت رادەست بكات بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەمدواییانە، بەرپرسانی كۆمپانیای وەبازاڕخستنی نەوتی عێراق كە بە "سۆمۆ" ناسراوە، لە كۆبونەوەیەكدا بە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان وتووە، ئەگەر هەرێمی كوردستان تەواوی نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ بكات كە رۆژانە (460 هەزار) بەرمیلەو سۆمۆ بە نرخی نەوتی عێراق بیفرۆشێت، ئەوا جیاوازی نرخی فرۆشی ئەوان لەگەڵ ئەو نرخی فرۆشی حكومەتی هەرێم (300 ملیۆن) دۆلار دەبێت، واتە ئەگەر سۆمۆ هەمان بڕە نەوتی هەرێم بە نرخی خۆی بفرۆشێت داهاتی نەوتی هەرێم مانگانە (300 ملیۆن) دۆلار زیاد دەكاتو بەغداد تەنیا ئەم جیاوازی نرخە بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێنێتەوە، كێشەكان چارەسەر دەبن. نەوت بە نرخی هەرێم یان عێراق ؟ رۆژانە هەرێم (460 هەزار) بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، هەر بەرمێلێك بە (11) دۆلار كەمتر لە نرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت (مانگی رابردوو عێراق هەر بەرمیلێكی نەوتەكەی بە 60,3 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام هەرێم بە 50 دۆلار فرۆشتویەتی). بەپێی ئەم هاوكێشەیە، هەرێم مانگانە بەو نرخەی خۆی كە نەوت دەفرۆشێت، بڕی (690 ملیۆن) دۆلاری وەكو داهات لە نەوتەوە بۆ دەگەڕێتەوە، رێژەی 50%ی ئەم داهاتە بۆ خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەو ئەمباركردنی نەوتەكە دەڕوات، واتە بە سافی مانگانە بڕی (345 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم وەكو داهاتی نەوت دەمێنێتەوە (گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەناوخۆدا تا سنوری توركیا بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 4 دۆلاری تێدەچێت، گواستنەوەی نەوتەكە لەناو خاكی توركیا تاوەكو بەندەری جیهان بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 5,8 دۆلاری تێدەچێت، واتە تەنیا كرێی گواستنەوە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی 10 دۆلار لەسەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت). ئەگەر حكومەتی هەرێم ئامادەبێت نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، داهاتی نەوت گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا دێت، چۆن ؟ ئەگەر سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشێت، هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە نزیكەی (61 دۆلار) دەفرۆشێت، واتە (11) دۆلار زیاتر لە نرخەكەی حكومەتی هەرێم، بەپێی ئەم هاوكێشەیە، داهاتی (460 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم لە مانگێكدا دەبێت (841 ملیۆن) دۆلار. سەرباری جیاوازی نرخی فرۆشتن، خەرجی گواستنەوەی نەوتی عێراق بەناوی خاكی توركیادا لەگەڵ هەرێم زیاتر لە (4) دۆلارە، عێراق هەر بەرمیلێك نەوتی خۆی بە (1,9) دۆلار بەناو خاكی توركیادا دەگوازێتەوە، بەڵام هەرێم بۆ هەر بەرمیلێك (5,8) دۆلار بە كۆمپانیای (بوتاش)ی توركیا دەدات. واتە بە تێكڕا بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بڕی (15) دۆلار جیاوازی لە فرۆشتنو گواستنەوەی نەوتدا لەنێوان عێراقو هەرێمی كوردستان هەیە، ئەمە بەواتای ئەوەدێت هەمان بڕە نەوتی هەرێم ئەگەر سۆمۆ بیفرۆشێت مانگانە (200 ملیۆن) دۆلاری زیاتر دەبێت لەوەی حكومەتی هەرێم خۆی بیفرۆشێت، خۆ ئەگەر سۆمۆ هەندێك پێداچونەوەی بۆ كاری كۆمپانیاكان بكات، رەنگە بتوانێت جیاوازی داهاتەكە مانگانە بۆ (300 ملیۆن) دۆلار بەرزبكاتەوە وەكو ئەوەی بەرپرسانی سۆمۆ بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان وتووە. سەرباری ئەوەی ئەگەر هەرێم نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ بكات، دۆخی دارایی باشتر دەبێت، بەڵام لەبەر دوو هۆكار، حكومەتی هەرێم ئامادە نییە نەوت رادەستبكات: یەكەم: رادەستكردنی تەواوەتی نەوت بە بەغداد سەروەری حكومەتی هەرێم بەسەر نەوتەكەیەوە ناهێڵێت، ئەمە جگە لە زیانە سیاسییەكەی، لەڕووی ئابورییەوە حكومەتی هەرێم لەبەردەم دادگاكانی جیهان لاواز دەكاتو هەموو ئەو كەیسانە دەدۆڕێنێت كە لەسەر نەوت لەسەری تۆماركراوە. دووەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەستكردنی تەواوەتی نەوتی بەستوەتەوە بەوەی حكومەتی عێراق هەموو ئەو قەرزانەی هەرێم بداتەوە كە لەساڵانی رابردوودا بەهۆی راگرتنی بەشە بودجەی هەرێمەوە لەسەری كەڵەكەبووە، كە بەهاكەی (28 ملیار) دۆلارە، حكومەتی بەغداد ئامادە نییە ئەم قەرزانە لەئەستۆ بگرێت. ئەگەر داهاتی نەوت رادەستبكات خۆ ئەگەر هەرێم پابەند بێت بە دەقی ئەو رێككەوتنەی كە ئێستا لەنێوان هەردولادا هەیە، واتە لەبری نەوت، داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، ئەوا دەبێت رۆژانە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ بۆ حكومەتی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەشی خۆی لە بودجەی 2021ی عێراق وەرگرێت، ئەمەش قەبارەی زیانەكەی گەورە ترە، چۆن ؟ ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند، ئەگەر هەرێم دوو بەرمیلو نیو بفرۆشێت ئینجا بەهای بەرمیلێك نەوتی سۆمۆی بۆ دەردەچێت، چونكە بە تێكڕا هەرێم بەرمیلێك نەوتی بە (51) دۆلار فرۆشتووەو سۆمۆ بە (61) دۆلار، ئەوەی هەرێم (50%) بۆ خەرجی گواستنەوەو بەرهەمهێنانە، واتا بۆ هەر بەرمیلێك (25) دۆلاری بۆ دەمێنێەوە، (25) دۆلار بۆ (61) دۆلاری سۆمۆ بڕی (36) دۆلار جیاوازیەكەیەتی، واتا هەرێم دەبێت دوو بەرمیلو نیو بفرۆشێت بۆ ئەوەی نرخی بەرمیلێكی سۆمۆ دەربكات. سامپڵی نرخ لە مانگێكدا ئەگەر جیاوازی نرخ فرۆشتنی نەوت لەنێوان حكومەتی هەرێمو عێراقدا بۆ مانگێك وەكو سامپڵ وەربگیرێت، بۆ نمونە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، جیاوازییەكە بەمشێوەیە دەبێت: بەگوێرەی راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت) كە وردبینی لە فرۆشو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، بەتێكڕا هەرێم هەر بەرمیلێك نەوتی بە (29) دۆلار فرۆشتووە. داهاتی ئەو (250) هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە كە لایەنە شیعەكان داوای دەكەن، ئەگەر بە نرخی مانگی ئەیلولی رابردوو وەربگیرێت، داهاتەكەی بە نرخی حكومەتی هەرێم دەكاتە (218 ملیۆنۆ 70 هەزار) دۆلار. هەمان بڕی نەوت واتە (250 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، ئەگەر بەنرخی سۆمۆ لە مانگی ئەیلولدا بفرۆشرێت، كە عێراق نەوتی بە (40,47) دۆلار فرۆشتووە، داهاتەكەی دەكاتە (303 ملیۆنو 577 هەزار) دۆلار. لە سامپڵی مانگی ئەیلولی 2020دا دەردەكەوێت، فرۆشتنی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە نرخی حكومەتی هەرێمو نرخەكەی عێراق، جیاوازییەكەی بڕی (85 ملیۆنو 507 هەزار) دۆلارە تەنیا لە یەك مانگدا. دەرەنجام ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت، سەرباری ئەوەی بەشە بودجەی خۆی لە عێراق زامن دەكاتو داهاتی نەوت زیاتر دەبێت، بەڵام ئەمە سەروەری حكومەتی هەرێم بەسەر نەوتەكەیدا ناهێڵێتو بەلای بەرپرسانی هەرێمەوە ئەمە بابەتێكی ستراتیژییەو لەم زەمەنەدا تاكە كارتی بەهێزی دەستی هەرێمی كوردستانە لەبەرامبەر بەغدادو سەرباری ئەوە دەستور مافی ئەوەی پێداون بەهاوبەشی ئیدارەی دۆسیەی نەوت بدەن لەگەڵ بەغداد نەك ئەوەی هەموو دۆسیەكە رادەست بكەن. خۆ ئەگەر هاوشێوەی ساڵانی رابردوو نەوت رادەست نەكاتو تەنیا بەشێوەی پاكتاوكردن بەهای (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە لە پشكی هەرێم ببڕدرێت، هەرێم بێ ئەوەی نەوت بدات، مانگانە بەبێ ئەوەی هیچ بدات، هاوشێوەی بودجەی 2019 مانگانە بڕێك پارە لە بەغداد وەردەگرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئێستا لایەنە شیعەكان دەیانەوێت كۆتایی بە بنەمای (مقاصە) واتە پاكتاوكردن بهێننو دەڵێن ئەمە بنەمایەكی نادەستورییەو پێشتر بە تەوافوقی سیاسی كراوە، لەم حاڵەدا وەكو لە دەقی رەشنوسی نوێی رێككەوتن دانراوە، هەرێم ئەگەر داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانەو داهاتە نانەوتییەكانی بۆ بەغداد نەگەڕێنێتەوە، بەغدادش هیچ بڕەپارەیەك نانیرێت، ئەگەر دەقەكە بەوشێوەیە جێبەجێ بكرێت، ئەتوانرێت ناونیشانی رێككەوتنەكە بكرێت بە "هیچ بەرامبەر بە هیچ".
راپۆرتی شیكاری: درەو لە عێراقدا گەیشتن بە تەوافقی سیاسی لە نێوان پێكهاتەو لاییە سیاسیەكان لاواز بووە بەتایبەت لەگەڵَ هەرێمی کوردستان، لەدوای بڕیاری ئابوری سەربەخۆ لە کۆتاییەکانی ٢٠١٣ەو بە دوایشیدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٠١٧ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەردەوام پێگەی کورد لە عێراقدا ڕووی لە پاشکەشەیە، چاوەڕان ناکرێت کورد لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی عێراقدا بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی بونیادنانەوەی عێراقی نوێ. سەرەتا چاودێران و شارەزایانی بواری زانستی سیاسی بایەخی زۆریان داوە بە پرس و پرۆسەی دیموکراسی بەمانا فراوانەکەی و چەشن و جۆرەکانی لە پێناو پاراستنی مافە سیاسی و مەدەنییەکانی تاک و کۆمەڵگا و سنوردارکردنی دەسەڵات و خستنە ژێر چاودێری پرۆسەی حکومڕانی و پاراستنی سەقامگیری سیاسی. بەشیک لە بیرمەندانی بوارەکەش کارەکانیان تەرخانکردووە بۆ ڕێچکەیەکی دیموکراسی کە بە "دیموکراسی تەوافقی"ناسراوە، کە زیاتر بۆ ئەو دەوڵەتانە گونجاوە کە خاوەن بونیادێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی و زمان و... کلتوری جۆراوجۆرن و فرەیی تێیاندا زاڵە. هەمیشە ئەو کۆمەڵگەیانەی فرەیییەکی ناهاوسەنگیان هەیە، گەر کەلتوورێکی سیاسیی باڵایان نەبێت، لەبەردەم دوو ئەگەردان: یان کەمینەیەکی ستەمکار دەسەڵات دەگرنە دەست، یان زۆرینەیەکی دیکتاتۆر حکومڕانی دەکەن. بەڵام بۆ چارەسەرکردنی ئەو دوو گرفتە بیرمەندانی بوارەکە دەستەوەسان نەبوونەو "دیموکراسی تەوافقی"یان وەک چارەسەر بۆ سەرهەڵدانی ستەمکاریی کەمینەو دیکتاتۆرییەتی زۆرینەوە پێشنیار کردووە. نمونەی سەرکەوتووش بە (هۆڵندا و سویسراو نەمسا و بەلجیکا) دەهێننەوە. بەشێک لەبیرمەندانی زانستی سیاسی لە سەرو هەمویانە (ئارنت لیبهارت- Arend Lijphart)ی هۆڵندی سەرقاڵی لێکۆلینەوە بووە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە لە ڕێگەی دیاریکردنی سیستمێک کە گونجاوبێت لەگەڵ دۆخی ئەو دەوڵەتانەی کە فرەیی سیمای دەوڵەتەکانیانەو لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و پێشکەوتنیان، پێشنیاری "دیموکراسی تەوافقی" کردووە، ناوەڕۆکی سیستمەکەش ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی خواست ئارەزووی ململانێ کە ڕەیشەیان لە بونیادی کۆمەڵگای فرەییدا داکوتاوە، بەڵام مەیلی هاریکاری لەگۆڕناچی و دەکرێت لەلای سەرکردەکانی ئەو گروپانەی کۆمەڵگا گەڵاڵە بکرێن. لە ڕێگەی ڕەفتاری ئەو سەرکردنەشەوە ڕامی توندوتیژی جەماوەری بکرێت و سەقامگیری سیاسی بەدیبێت. بەڵام ئەوەش نەشاردراوەتەوە کە "دیموکراسیی تەوافقی"، پێویستی بە ئاستێکی باڵا لە کەلتووری سیاسی و پێگەیشتووییی دیموکراسی هەیە، ئەگەرنا دوور نابێت پرۆسەکە بە خێرایی بگەڕێتەوە خاڵی سفر و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بخاتە بەردەم هەڕەشەی جددی. بونیادنانەوەی عێراقی نوێ لە دوای ٢٠٠٣ بە هەوڵی ئەمریکی و ئەوروپی (هاوپەیمانان)و پێکهاتە ناوخۆییەکانی لەپاڵ (هاوسەنگی و هاوبەشی) پرنسپی (تەوافق)یش وەک بنەما لەبارەچاو گیرا، چونکە لە سەرجەم قۆناغە سیاسییە جیاوازەکانی عێراق زۆر فۆرمی حکومڕانی تاقیکرابووەوە کە سەرجەمیان خاڵی هاوبەشیان قۆرغکاری دەسەڵات بووە لەلایەن کەمینەیەکی سیاسی و پەروێزخستنی پێکهاتەو لایەنەکانی دیکە بووە کە لە دواقۆناغیدا ستەمکاری کەمینەی دەسەڵات گەیشتبووە ترۆپک. لەم ڕاپۆرتەدا شکردنەوە دەکەین بۆ دیموکراسیی تەوافقی و پایەکانی، مەرجەکانی سەکەوتنی، پاشان لە دۆخی عێراقی نوێ دەکۆڵینەوە. پایەکانی دیموکراتی تەوافقی بیرمەندی دیاری سیاسی ئارنت لیبهارت چوار پایەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی دیموكراسی تەوافوقی پێشنیار کردووە ئەوانیش؛ 1. حكومەتی هاوپەیمانی یاخود هاوپەیمانی فراوان: واتە هاوپەیمانییە لە نێوان پارتەكانی زۆرینە و كەمینە یان پارتە بچوک و گەورەکان، لە بەرامبەر ئەو ڕێسایەی کە پێی وایە لە سیستمی پەرلەمانیدا هێزە سیاسییەکان دابەش دەبن بەسەر حکومەتی زۆرینەو کەمینەی ئۆپۆزسیۆن، ئەم بنەمایە لە هەرێمی كوردستان بە حكومەتی بنكە فراوان ناوی هاتووە. 2. هاوبەشی (شەراکەت): ئەم پایەیە بە هاوڕێژەیش ناوبراوە کە مەبەست لێی دابەشکردنی وەزیفەکانی دەزگای کارگێڕی و داهاتە داراییەکانە بەسەر کەرتە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا بەپێی قورسایی ژمارەیان، شەراکەت پرۆسەی دروسکردنی بڕیار و گرفتەکانی سەرشانی سیستمی سیاسی کەم دەکاتەوە، سەرباری ئەوەی زامنی بەشداری سەرجەم پێکهاتەو هەرێم و کەرتە جیاجیاکانی وڵات مسۆگەر دەکات. لەکاتی سەرهاڵدانی ناکۆکیشدا پێویستە پەنا بۆ پرنسیپی سازان ببرێت بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانی ئەوەی پێی دەگوترێت دۆڕاوو براوە لە ڕێگەی سازش یان بەجێهێشتنی بڕیاری کۆتایی بۆ سەرکردایەتی لوتکەی لایەنە بەشدارەکان. 3. مافی ڤیتۆ: مافی ڤیتۆ بۆ پاراستنی کەمینە لە چوارچێوەی بەشداریکردن لە حکومەتی هاوپەیمانیدا بواری ئەوە دەڕەخسێنێت کە دیدی خۆی بخاتەڕوو بەرگریش لە بەرژەوەندییەکانی بکات، چونکە ئەگەر بنەمای مافی ڤیتۆ نەبێت دەنگدان بە زۆرینە گرنتی پارێزراوی سیاسی بۆ بەرژەوەندییەکانی ناکات، هەر ئەم بنەمایەشە دەتوانێت پارێزگاری لە مافی کەمینە بکات. لە بەرامبەر نەتەوەوەو پێکهاتەی زۆرینە و رێگریی لە قۆرغكردنی بڕیار. 4. سەربەخۆیی هەرێمەکان و چەسپاندنی سیستمی فیدراڵی: بەو مانایەی جگە لەو بڕیارو پرسانەی بایەخی هاوبەشیان هەیە، هەرێمەکان لە دروستکردنیدا بەشداری دەکەن، هەرێمەکان دەسەڵاتی خۆیان پێدەدرێت و ئیدارەی خۆیان بەڕێوەبەرن. لە پاڵ ئەو پایانەدا دیموکراسی تەوافقی پێویستی بە کۆمەكێک مەرج و خاسییەت هەیە کە زامنی سەرکەوتنی دەکات، بەشێک لە پێشمەرجانە بریتین لە؛ 1. دروستبوونی هۆشیارییەکی بەرفراوان بەرامبەر مەترسییەکانی فرەیی. 2. دەستەبژێر و نوغبەی سیاسی پابەندبن بە پاراستنی سیستمی سیاسی و یەکێتی کۆمەڵایەتییەوە. 3. سەرکردەو نوغبەی سیاسی بتوانن هێڵەکانی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی ببەزێنن، بەگیانی میانڕەوییەوە هاریکاری یەکتر بکەن. 4. دەستەبژێری سیاسی ڕێساو یاساکان بەجۆرێک دابڕێژن کە بتوانن بەرژەوەندییەکانی نێوان هەرێم و پارێزگاکان پێکەوە بگونجێنن. عێراق و دیموکراسی تەوافقی ئەگەر چی هەر لەسەرەتای دروستبوونی عێراقی نوێوە پرنسیپەکانی (شەراکەت و هاوسەنگی و تەوافق) وەک سێ بنەمانی سەرەکی لە داڕشتنەوەی عێراقدا لەبەرچاوگیرا، بەشێک لە پرنسپانە لە ماددەکانی دەستوری هەمیشەیی عێراق جێگەی کرایەوە، بەشێکیشی بەشێوەیەکی عەمەلی و کرا بە عورفێکی سیاسی. ئەگەر چی هەر بە خێرایی پەیوەندییەکانی شیعەو سونە لەسەر هەموو ئاستەکان بە خراپی تێکچوبوو، بەڵام هەرزوو بەشێک لە گرفتەکان چارەسەرکران. ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێرەدا باسی بکەین دۆخی کوردە لە عێراقدا لە چوارچێوەی دیموکراتی تەوافقی زیاتر لەوەی باس لە دۆخی سونە بکەین لەژێر هەیمەنەی شیعە وەک پێکهاتەی گەورەی عێراق. گەر لەو پێشمەرجانە بڕوانین کە لە ڕوی زانستییەوە دەستنیشان کراوەن بۆ لەسەرپێوەستانی سیستمی دیموکراتی تەوافقی، پراکتیکی دۆخی سیاسی عێراقی بکەین، بەڕوونی ئەوە دەردەکەوێت کە عێراق لەبەر ئەوەی پێشینەیەکی دیموکراسی نەبووە بەڵکو بە پێچەوانەوە کەمینەیەک سیاسی لە نێو پێهاتەیەکی کۆمەڵایەتی بە ناوی حیزبی بەعسەوە بۆ ماوەی (٣٥) ساڵ نەک هەر تەنها حکومی کردووە، بەڵکو پێکهاتەکانی دیکەشی چەواساندووەتەوە، ئەم دۆخە ڕێگربووە لە؛ 1. دروستنەبوونی هۆشیاری بەرفراوان بەرامبەر مەترسییەکانی فرەیی لە عێراقدا، وەک زەنگێکی مەترسیدار، کە هەمیشە هەڕەشەی جدییە بۆ سەر سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا. 2. ئەگەرچی لە دیموکراتی تەوافتیدا بەرپرسان و سەرکردەی لایەنەسیاسییەکان بەرپرسن لە شوڕکردنەوەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێو پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆرجار بەشێک لەو نوغبە سیاسییە خۆیان بەشێک بونە لە چاندنی تۆوی دووبەرەکی و دروستکردنی دەمارگیری سیاسی لە نێو پێکهاتە جیاوازەکاندا، ئەگەر نا لەسەر ئاستی خوارەوەو لە نێو پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەمارگیری کۆمەڵایەتی هیچ کات نەگەیشتووە بە ڕەتکردنەوەی هاوڵاتیانی کورد لە لایەن هاوڵاتیانی عەرەبەوە بە پێچەوانەشەوە، مەگەر بە دەگمەن نەبێت، ئەمە بۆ پێکهاتەی شیعەو سونەش تا ڕادەیەک ڕاستە و ئەوە جگە لەوەی کەمینەکانی دیکەی عێراقیش ئەگەر دۆخێکی سیاسی نەخوازاو ڕوی نەدابێت بەهۆی بڕیاری نوغبەی سیاسییەوە، هیچ کات لە نێو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی عێراق پەیوەندییەکان نەگەیشوون بە ئاستی ڕەتکردنەوەی یەکتر. 3. بەشیک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق بە سەرکردەی هەموو پێکهاتەکانەوە جا لەناو پرۆسەی حکومڕانیدابن یان سەرکردەی حیزبێکی سیاسی دیاریکراوی نێو پێکهاتەیەکبن، نەیانتوانیوە هێڵەکانی ململانێی پێکهاتەکان تێپەڕێنن، باشتیرین بەڵگەش دروستنەبوونی حیزبێکی سیاسییە لە عێراقدا کە بتوانێت ئەو هێڵانە ببەزێنێت، هەست بەوە نەکرێت کە ئەم پارتە کوردییە یان عەرەبی پارتێکی سونیە یان شیعی. 4. ئەو لێکتێنەگەیشتنەی یان ململانێیەی نێو لایەن و نوغبەی سیاسی، وایکردووە دۆخەکە سەربکێشێت بۆ پێشێلکردنی دەستور یاساو ڕێساکانی عێراق، زۆرجاریش شکاندنی بنەماکانی تەوافق لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تێپەڕاندنی یاسایەک بە پشت بەستن بە بنەمای زۆرینەو کەمینە، جا بە بێ کورد بوو بێت، یان بەبێ پێکهاتەی سونە، یان بەبێ پێکهاتەی کوردو سونە و تێپەڕاندنی یاساکان لەلایەن زۆرینەی شیعەوە. هەموو ئەو پێشمەرجانەی بۆ دیموکراسی تەوافقی لە پێویستە لە نێو پێکهاتەو نوغبەی سیاسی وڵاتێکدا پێویست بۆ سەرپێکەوتنی پرۆسەکە، دەبینین لە عێراقی نوێدا وەک پێویست لە ئارادا نەبووە، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە هێشتا عێراق ماویەتی و دەیمێنێت تا پایەکانی دیموکرسی تێدا دەچەسپێت، بۆیە هەمیشە ئەگەری گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر و پشت بەستن بە زۆرینەوە کەمینە لە بەردەم دەرگادایە. هەرەسی دیموکراسی تەوافقی لە عێراقدا دیارە لەم باسەدا مەبەست لە پەیوەندی نێوان هەرێم و ناوەندە زیاتر لەوەی باس لە تەوافقی گشتی یان شیعەو سونەی عەرەب بێت لە عێراقدا. هەر لەسەرەتای دروستبوونی عێراقی نوێوە ناکۆکی لە نێوان هەرێم ناوەند بەردەوام هەبووە بەتایبەت لەسەر پرسەکانی (پێشمەرگەو بودجەو ماددەی ١٤٠) دواتر مەسەلەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە سەربەخۆ، ئەگەرچی لە سەرەتاوە جۆرێک لە زاڵبوون هەبوو بەسەر ئەو کێشانەدا، بەڵام دوای ساڵی ٢٠١٣ەوە دۆخەکە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، هیواش هێواش پەیوەندییەکان ئاڵۆزتر دەبن. لەسەرووبەندی تێکچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، کۆمەڵێک بەهاو پرەنسیپی پەیوەست بە بابەتی حوکمڕانی، لەژێر بەهانەی جیاوازدا، کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە، کە بەڕونی لە چەند پرسێکدا بەدیاردەکەوێت ئەوانیش؛ 1. پێشێلکردن و پابەندنەبوون بە دەستورو ئەو یاسایانەی پێویست بوون دەربکرێن بۆ جێبەجێکردنی. 2. جێبەجێنەکردنی مادەی (140) و گەڕانەوەی چارەسەر نەکردنی پرسی ناوچە دابڕێنراوەکان، سەپاندنی هێز بەسە ئەو ناوچانە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ەو درێژەدان بە پرۆسەی تەعریب لە تیایاندا. 3. بەشداری پێنەکردنی کوردو نەدانی پشکی لەسوپای عێراقدا. 4. بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، جا بە هۆکاری سیاسی بێت یان ئابوری یان هەر شتێکی تر هاوڵاتیانی کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراق باجەکەی دەدەن. 5. لەدوای ساڵی 2005ەوە هەموو ئەو یاسا و بڕیارانەی لە بەغدا هەوڵدراوە لە ڕێگەی گەمەی زۆرینەوە دەربچێت، درزێکی خستۆتە نێو پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا؛ بەمەیش کێشەکانی عێراق قووڵتر دەبنەوەو لێکترازانی یەکجارەکیی کۆمەڵگەی عێراقی، دەبێتە بابەتی کات. بەشی زۆری ئەو لادانە لە تەوافقی سیاسی و دیموکراسی سەرچاوەکەی تێکچونی هاوسەنگی سیاسییە، بە تایبەتیش تێکچونی هاوسەنگی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەردەوام زیادکردنی ڕێژەی کورسی ئەو ئەنجومەنە پاشەکشەی زیاتری کورد تێیدا، بۆ نمونە ئەنجومەنی نوێنەران کە گۆڕەپانی یەکەمی سەرخستن و پاراستنی هاوسەنگی و تەوافقاتە، لەساڵی ٢٠٠٥ باڵانسێکی تاڕەدەیەک گونجاوی تربووە لە ئێستاو ئەنجومەنەکە لە (٢٧٥) ئەندام پێکهاتبوو، کوردیش زیاتر لە (٧٠) ئەندامی تێیدا هەبوو، بەڵام لە هەڵبژاردنن ساڵی ٢٠١٠ ژمارەی کورسییەکان زیادکرا بۆ (٣٢٥) کورسی و لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ بۆ (٣٢٨) کورسی و لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ کرا بە (٣٢٩ ) کورسی لە ئێستا کورد خاوەنی (٥٨) ئەندامە لە ئەنجومەنەکە و ڕێژەی (١٨%)ی پێکدەهێنێت، بەم پێیەش پێکهاتەی کورد بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەو یاسایانەی پێویستیان بە دەنگی زۆرینە تەنانەت دوو لەسەر سێش هەیە بە تانها ناتوانێت ڕێگربێت، چەندجارێکش لە دەرەوەی تەوافق بەبێ کورد ئەنجومەنەکە کۆبووەتەوەو پرۆسەکانی تێپەڕاندووە دیارترینیان؛ 1. بڕینی بەشە بودجەی کورد، لە کابینەکەی نوری مالیکی، فراکسیۆنە کوردییەکان نەیانتانیوە چارەسەرێک بدۆزنەوە. 2. دەنگدان بە کابینەکەی حیدەر عەبادی لەساڵی ٢٠١٤ بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد، درێژەدان بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم سەرباری ئەوەی هەرێم لە شەڕی داعشدا بوو. 3. تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای (دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق) لە ساڵی ٢٠٢٠ بە بێ ئامادەبوونی کورد و سونە لە ئەنجومەنی نوێنەران. 4. تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ لە ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنە کوردییەکان و تێکدانی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان هەرێم ناوەند لە ئارادبوو و بڕینی (٣٢٠) ملیار دیناری مانگانە وەک بەشێک لە بودجەی هەرێم. ئەمانە دیارترین نمونەی شکاندنی تەوافقی سیاسییە لە عێراقداو ئێستاش یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەو تائێسا هەرێم ناوەند نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش و دور نییە هەر ڕێکنەکەون بەبێ کورد یاساکە تێپەڕێندرێت، کە ئەمە یەکێکە لە سیناریۆ بەهێزەکان. ئەنجام لەدوای بڕیاری ئابوری سەربەخۆ لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣ ەو بە دوایشیدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ساڵی ٢٠١٧ە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەردەوام پێگەی کورد لە عێراقدا ڕووی لە پاشکەشەیە چاوەڕان ناکرێت کورد لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی عێراقدا بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی بونیادنانەوەی عێراقی نوێ، ئەو هانگاوانەی عێراق ناویەتی بەرامبەر هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، پرسی بودجەو موچەو پێشمەرگەو دەستورو ...هتد، دەرخەری ئەو ڕاستییەن. چونکە عێراق متمانەی جارانی نەماوە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و بە هەڕەشە دەبینێت بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق، هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە فشار دەکاتە سەر هەرێم بۆ تەسلیمکردنی نەوتی هەرێم و داهاتی خاڵە سنورییەکان و هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆ ئەوەی بەو ئامانجە بگات، پرسیارەکە ئەوەیە کورد دەتوانێت چی بکات؟ بەپێی ئەو هەڵوێست و کردارانەی حکومەتی ناوەند بەرامبەر هەرێم هەیەتی و هەنگاوی بۆ ناوە، چاوەڕوان ناکرێت هەرێمی کوردستان بەبێ سازش بتوانێت جارێکی دیکە شەریک بێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق، سەرهەڵدانی یەکلاکردنەوەو تێپەڕاندنی پرسە هاوبەش و چارەنوسسازەکان بە زۆرینە لەسەر حیسابی تەوافقی سیاسی چاوەڕوانکراو دەبێت، بۆیە کورد دوو ئەگەری لەبەردەمدایە ئەوانیش؛ 1. سازش کردن بۆ عێراق لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی بەشێک لە مافەکانی و بەهێزبوونەوەی پێگەکەی، کە ئەمە هیچ گرنتییەکی نییە، دوور نییە بە تەسلیمکردنی نەوت و داهاتی هەرێم، حکومەتی ناوەندی سەقفی خواستەکانی بەرزنەکاتەوە. 2. کورد بەلاوازی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بمێنێتەوە پشت بە خۆی ببەستێت، کە ئەم سیناریۆیەیان بۆ کورد گونجاوترە، بەڵام دیسان ئەم سیناریۆیە بێ گرفت نابێت و بەم حاڵەوە هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت، ئەگەر چاکسازی جدی نەکات لە سەرجەم سێکتەرە ئابوری و سیاسییەکانیدا. کە پێویستی بە پرنسیپەکانی دیموکراسی و شەفافیەت و دژایەتی گەندەڵی و بونیادنانی هێزێکی نیشتمانی و ئاشتەوایی و یەکڕێزی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کێشەی سەرەکی هەرێمی کوردستان بەلایەنی کەمەوە لەم قۆناغەدا لە کوردستان خۆیەتی نەک لە ناوەند. سەرچاوەکان د. کەمال مەنوفی، تیۆرەکانی سیستمە سیاسییەکان، و: ئاوات ئەحمەد، چاپی یەکەم، چاپخانەی یاد، ٢٠٠٧. هۆگر ئیبراهیم، گەمەی زۆرینە و مەرگی تەوافقی سیاسی، پێگەی؛ http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-12-28/item/1174-2018-09-02-18-56-38?fbclid=IwAR0f5L2eBfSgFAz1ElvZ8Sn7S2ka1pnE3SHGMBXo98nDELYyPlmt24WuvI4 عقيل عباس، الأقلية والأغلبية وتزييف الديمقراطية في العراق، علی الموقع؛ https://www.skynewsarabia.com/blog/1349825-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%82%D9%84%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D8%BA%D9%84%D8%A8%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%AA%D8%B2%D9%8A%D9%8A%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%8A%D9%85%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B7%D9%8A%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دوای نزیكەی پێنج ساڵ تاوتوێكردنی، ئەمڕۆ دواجار ئێرانو چین رێككەوتنی 25 ساڵەیان ئیمزا كرد، رێككەوتنێك كە ئەگەر بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، نەوتی ئێران لەژێر سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رزگار دەكاتو چین-یش بە نرخێكی كەمتر لە بازاڕ بۆ ماوەی 25 ساڵ نەوتی ئێران بۆ خۆی دەبات، ئەمە تەنیا رێككەوتنێكی ئابوری نییە، بەڵكو رەهەندی سیاسیو ئەمنیشی هەیە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. ئیمزاكرا (وانگ یی) وەزیری دەرەوەی چین لە تاران رێككەوتنێكی (25) ساڵە لەگەڵ محەمەد جەواد زەریفی هاوتا ئێرانییەكەی ئیمزاكرد. میدیاكانی ئێران بەهای ئەم گرێبەستە بە (400 ملیار) دۆلار دەخەمڵێنن، كە پرۆسەی سەرمایەگوزارییە لە چەند پیشەسازییەكی ئێراندا لەوانە، نەوتو غازو هێڵی ئاسنو رێگا وشكانی و ئاوییەكان. ئەمە دەكرێت بە رێككەوتنی نەوت بەرامبەر بە پەرەپێدانو ئاوەدانكردنەوەو دەربازبوون لە پەراوێزخستنی ئێران لەسەر ئاستی جیهان ناوببرێت. لەبارەی رێككەوتنەكەوە ساڵی رابردوو ئێرانو چین گفتوگۆیان كرد لەبارەی ئیمزاكردنی رێككەوتنیكی هاوبەشی ئابوریو ئەمنیی بۆ ماوەی (25) ساڵ، ئەمە بەمەبەستی راكێشانی ملیارانی دۆلاری سەرمایەگوزاری چین بوو بۆ ناو ئێران، لە زەمەنێكدا كە سزا ئابورییەكانی ئەمریكا بڕستی لە ئابوری ئێران بڕیوە. هەواڵی رێككەوتنی درێژمەودای ئێران لەگەڵ چین، سەرەتای هاوینی رابردوو بڵاوبووەوە، ئەوكات لەناوخۆو درەوەی ئێران رەخنەی زۆر لە رێككەوتنەكە گیرا، هەرچەند باسلەوە دەكرێت پرۆژەی ئەم رێككەوتننامەیە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردانێكی (شی جین بینگ)ی سەرۆكی چین بۆ ئێران لە كانونی دووەمی 2016، بەڵام ئەوەی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەی خێراتر كرد، ئەو سزا ئابورییە سەختانە بوو كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاند. 2016 كە سەرۆكی چین سەردانی تارانی كرد، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران بڕیاریداوە پەیوەندییەكان لەگەڵ چیندا بەهێز بكات، هەر لەو ساڵەدا چین بڕیاریدا قەبارەی بازرگانی خۆی لەگەڵ ئێران لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بۆ (600 ملیار) دۆلار بەرزبكاتەوە. ئەوانەی رەخنەیان هەیە، پێیانوایە لەم رێككەوتنەدا ئێران دەستكەوتی بێسنوری بە چین داوە، تا ئەو رادەیەی ئەم رێككەوتننامەیە بە "رێككەوتننامەی تركمانچای نوێ" ناودەبەن، لەمەشدا مەبەستیان لەو رێككەوتننامەی "تركمانچای" نێوان ئێرانی قاجارییو روسیای قەیسەرییە لە سەدەی نۆزدەهەمدا، كە بەپێی ئەم رێككەوتنە ئێران دەستبەرداری روبەڕێكی بەرفراوانی زەوییەكانی بوو لە قەوقاز، بۆ روسیا. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە بەرپرسی فەرمی هاوكارییەكان بۆ ئیمزاكردنی ئەم رێككەوتننامەیە دەناسرێت، بەڵام باسلەوە دەكرێت عەلی لاریجانی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی ئێران و راوێژكاری ئێستا ئێران عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی رۆڵی سەرەكی هەبوو لەوەی ئێران و چین بەم رێككەوتننامەیە بگەن و بەتایبەتیش لەلایەن رابەرەوە راسپێردراوە بۆ ئەم كارەو رابەر خۆی پشتیوانی ئەم رێككەوتنە دەكات و ئاگاداری وردو درشتی رێككەوتننامەیەكە. سەرەتای تەموزی رابردوو، مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران یەكەمین كەس بوو كە دەرباری رێككەوتنی 25 ساڵەی نێوان ئێرانو چین قسەی كردو وتی ئەمە رێككەوتنێكی "نهێنی"و "دور لە چاوی گەلی ئێران لەگەڵ وڵاتێكی بیانیدا ئیمزا دەكرێت، بۆیە گەلی ئێران ئەو رێككەوتنە بەشێوەیەكی فەرمی ناناسێنێت". تائێستا وردەكاری تەواوەتی ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكە نازانرێت، بەڵام گۆڤاری (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست) رۆژی 3ی ئەیلولی 2019 لە راپۆرتێكدا بەشێك لەناوەڕۆكی رێككەوتنناكەی 25 ساڵەی نێوان ئێرانو چینی ئاشكراكرد، دواترو لە كاتێكی تردا رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی، رەشنوسی رێككەوتنەكەی بڵاوكردەوە كە (18) لاپەڕەبوو، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەبوەتەوە ئایا ئەمە كۆپی راستەقینەكەی رێككەوتنەكەیە یاخود نا. بەگوێرەی راپۆرتەكەی (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست)، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتننامەیەدا چین بەبەهای (280 ملیار) دۆلار سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی نەوتو غازو بڕی (120 ملیار) دۆلار لە پیشەسازی گواستنەوەو گەیاندنی ئێراندا دەكات، لەبەرامبەر ئەمەدا ئێران ئەولەویەتی كاركردن لە پرۆژەكانیدا بە كۆمپانیا چینییەكان دەداتو چین (5 هەزار) سەرباز لە ئێران جێگیر دەكات بۆ پارێزگاركردنی لە پرۆژەكانی خۆی لەو وڵاتە. (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست) ئاماژەی بەوەكردبوو، لەچوارچێوەی رێككەوتننامەكەدا، چین بنكەیەكی سەربازی لە دورگەی "كیش"ی ئێران دروست دەكات كە دەكەوێتە سەر كەنداوی عەرەبی كە ئێرانییەكان پێی دەڵێن "كەنداوی فارس"، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەڵێن كۆماری ئیسلامی دورگەكەی داوە بە چینو وەكو فرۆشتنی بەشێك لە خاكی ئێران ناوی دەبەن، بەڵام بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئەم قسانە بەتەواوەتی رەتدەكەنەوە. راپۆرتی گۆڤاری (پترلیۆم ئیكۆنۆمیست) دەڵێ" لە رێككەوتننامەكەدا باس لە جێبەجێكردنی پرۆژەی هێڵی ئاسنی نێوان تارانو باكوری خۆرهەڵاتی مەشهەد كراوە كە درێژییەكەی 900 كیلۆمەترەو بڕیارە پرۆژەی شەمەندەفەری خێرا لەنێوان تارانو قومو ئەسفەهان جێبەجێ بكرێتو ببەسرێتەوە بە تۆڕی باكوری خۆرهەڵاتەوە كە بە تەورێزدا تێدەپەڕێت". هەمان راپۆرت ئاماژەی بەوەكردبوو، لەم رێككەوتنەدا، چین بە داشكاندنی 32% نەوتو غازو بەرهەمە پترۆكیمیاییەكانی ئێران دەكڕێتو سەرباری ئەمە تا ماوەی دوو ساڵ بۆی هەیە پارەی كڕینی ئەم بەرهەمانە نەدات بە ئێرانو دوای بخات، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران راستی ئەم قسانەی رەتكردەوە. سودی رێككەوتننامەكە بۆ ئێران ئەمە تەنیا رێككەوتنێكی ئابوری نییە، بەڵكو رەهەندی سیاسی گەورەشی بۆ ئێران هەیە، بەوپێیەی چین یەكێكە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە مافی "ڤیتۆ"ی هەیەو لە حاڵەتی بڕیاری شەڕدا، بۆ پارێزگاریكردن لە سەرمایەگوزاری خۆی چین ناچارە بەرگری لە ئێران بكات، سەرباری ئەمە وا لە چین دەكات رۆڵ ببینێت بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەنێوان ئێرانو ئەمریكادا. لەلایەكی ترەوە بەم رێككەوتننامەیە، چین نەوتو غازی ئێران لەژێر سزا ئابورییەكانی ئەمریكا رزگار دەكاتو بەرهەمهێنانی نەوتو غاز لە سێ كێڵگەی سەرەكی ئێران زیاد دەكات، لەبەرامبەر ئەمەدا، وەكو باسدەكرێت چین بۆ ماوەی 25 ساڵ نەوتی ئێران بە نرخێكی كەمتر لە نرخی بازاڕی جیهانی بۆ خۆی دەبات. هەندێك لە چاودێران، ئەم رێككەوتننامەیە لە چوارچێوەیەكی زۆر گەورەتردا وێنا دەكەنو وەكو بەشێك زیندوكردنەوەی "رێگای ئاوریشم" ناوی دەبەن كە چین كاری لەسەر دەكات بەمەبەستی بەهێزكردنی هەژمونی خۆی لە ناوچەكە، ئێرانیش لەم پرۆژەیەدا پێگەی گەورەی هەیە بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەیەوە كە دەكەوێتە سەر كەناری خۆرهەڵاتی ئاوەكانی كەنداو. رێككەوتننامەكە رەهەندی ئەمنیشی هەیە، باسلەوە دەكرێت رێككەوتنەكە، دروستكردنی لیژنەیەكی سەربازی هاوبەش لەنێوان ئێرانو چین لەخۆدەگرێت، كە سەرپەرەشتی پیشەسازیی سەربازیی دەكات. رێككەوتننامەكە ئیمزا كرا، بەڵام هێشتا ناچێتە بواری جێبەجێكردن، چونكە دەبێت دواتر هەردوو پەرلەمانی ئێرانو چین بەزۆرینەی دەنگ پەسەندی بكەن، سەرباری ئەوەی، ئوسوڵگەراكان زۆرینەن لەناو پەرلەمانی ئێرانو رێككەوتننامەكە رابەری باڵا پاڵپشتی لێدەكات، بەڵام هێشتا پێشبینی ناكرێت بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەمساڵدا، پەرلەمانی ئێران ئەم رێككەوتننامەیە پەسەند بكات، بۆ ئەوەی نەبێت بەبابەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. رەنگە هەرگیز ئەم رێككەوتنە نەچێتە بواری جێبەجێكردن، بەوپێیەی هەندێك ئەم بابەتە وەكو كارتی فشاری ئێران لەسەر ئەمریكا دەبیننو پێیانوایە بەرپرسانی تاران دەیانەوێت لەم رێگەیەوە ئیدارەی بایدن رابكێشن بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بەمەبەستی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیو هەڵوەشاندنەوەی سزا ئابورییەكان لەسەر ئێران. قەبارەی بازرگانی چین لەگەڵ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی زۆر زیاترە لە پەیوەندییە ئابورییەكانی چین لەگەڵ ئێران، بۆیە وڵاتانی كەنداو فشار دەخەنە سەر چین بۆ كشانەوەی لەم رێككەوتنەی لەگەڵ ئێران، چینییەكان نایانەوێت لەبەر ئێران دەست لە وڵاتانی كەنداو بەربدەن، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە وەزیری دەرەوەی چین بەر لەوەی بێتە ئێران بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە سەردانی سعودیەو توركیاو كردو بڕیارە دوای سەردانەكەشی بۆ ئێران بچێتە ئیماراتی عەرەبی.
درەو: نهوژین - ئەحمەد حەمید ”هیچ راپۆرت و کارێک نەبوە لەکاتی ئامادە کردنیدا توشی کێشەو فشاری دەرونی نەبوبم“. ئهمه وتهى كچه رۆژنامهنوسێكه لهبارهى ئهو فشارانهى لهسهرى دروست دهبێت بههۆى كارهكهیهوه. شهرمین عهلى، ماوهى ١٤ ساڵه له گهرمیان سهرقاڵى كارى رۆژنامهنوسیه لهبارهى ئهو فشاره دهرونیانهى بههۆى پیشهكهیهوه توشى بوه، بۆ نهوژین دهڵێت: مامەڵەی رۆژنامەنوس لەگەڵ گشت چین و توێژو رەگەزو خەڵکێکە، لهگهڵ ئهوهشدا وەک ئەوەیە تۆ لەبەرەیەک بیت و ئەو هەمو بیروڕا جیاوازەش لەبەرەیەک بن. ئهو فشاره دهرونیهكانى دهبهستێتهوه بەوەی لەسەر بنەمای جێندەربوە کە روبەڕویان بوەتەوە”دەیان جار کە بۆکاری میدیایی رۆشتوم لەو شوێندەدا روبەڕوی تانەو توانج و تەنانەت گێچەڵ پێکردنیش بومەتەوە، باشیش تێگەشتوم تەنها لەبەر ئەوەیە کە ژن بوم“. ”ئەو پێشلکاریەی بەرامبەرم کرا، ئازاری رۆح و دەرونیدام“ ژنانى رۆژنامهنوس ئهوه دهخهنهڕو یهكێکی دیکە له فشارهكانى سهریان دوای کاتی تەواوبونی کارە رۆژنامەنوسیەکانیان بە هیلاکیەکی زۆر، ئهركه خێزانیهكانیەکانە. سۆما خالید، كچه رۆژنامهنوسێكه زیاتر له ههشت ساڵه له شاری سلێمانى كارى راگهیاندن دهكات، ئاماژهى بهوهكرد: یهكێك لە فشارەکانی سەرئێمە هیلاکبونی زۆره لەروی کارکردنەوە، لەهەمان کات ئەرکهكانی ژیانیش فشارێكى دیكهیه. سۆما خالید، لە کاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکەیدا سۆما، تیشکی خستەسەر ئەو پێشلکاریەی بەرامبەریکراوە کە بەشێوەیەک ئازاری داوە بیر لە تۆڵەکردنەوە بکاتەوە، وەک خۆی دەڵێت: پێشێلکاریم لەبەرامبەردا کراوە تا ئەو رادەیەیی ئازاری رۆح و دەرونمی دا، تا ئێستاش کاریگەری لەسەرم ماوە و زۆرکاتیش بیر لە”تۆڵەکردنهوه“ دەکەمەوە. ”پاڵپشتیە دەرونیەکانی دەزگاکەم وایانلێکردوم بەهێزبم“ لەگەڵ ئەمانەشدا رۆژنامەنوسانی مێینە باسلەوەدەکەن پاڵپشتیە دەرونیەکان کاریگەری راستەخۆیان هەیە لەسەر بەرەنگاربونەوەیان بەرامبەر ئەو فشارانەی روبەڕویان دەبێتەوە. بوشرا فاروق، یەکێکە لەو رۆژنامەنوسانەی لهو دهزگایانهى كارى كردوه خولى پاڵپشتى دهرونیان بۆ كراوهتهوه و زۆریش پشتگیرى كراوە، وتی: ”ئهمانه بە هۆکار دەزانم بۆ ئهوهى کە توشى فشارى دهرونى نەبوم“. بوشرا فاروق، لەکاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکانیدا جیاواز له بۆچونهكهى بوشرا، شهرمین، باس لهوهدهكات: دەزگاکانی راگەیاندن زۆرینەیان پشتگیری ژنانی رۆژنامەنوس دەکەن بۆ بەردەوام بون، بەڵام نەیانتوانیوە لەروی مەعنەوی و دەروونیەوە کار لەسەر بەهێزکردنی رۆژنامەنوسە ژنەکان بکەن بەرامبەر فشاری کۆمەڵگا و لەمپەرەکان. ”لە خودی دەزگا راگەیاندنهكان پێشەلکارییان بەرامبەر دەکرێت، وەک گێچەڵکردن و تەحەروش، کەوادەکات لە مێشکیاندا بمێنێتەوە و کاریگەری لەسەر دەرونیان بکات، ئەو حاڵەتەش لەگەڵیان درێژە دەکێشێت و گەشەدەکات، و دەبێتە ترس و دڵەراوکێ و کار دەکاتە سەر ئامانج و هەنگاوەکانیان“.سۆما خالید، وادهڵێت. ”کارکردنی زۆر توشی فشاری دەرونی کردنم“ ههندێكجار كچانى رۆژنامهنوس ناهێڵن ئاستهنگهكانى بهردهمیان ببێته فشارى دهرونى بۆیان، بهڵام دواجار بههۆى كارى زۆرهوه فشارى دهرونیان بۆ دروست دهبێت. کچە رۆژنامەنوس ساكار عهبدوڵلا، ئەمەی روبەڕو بۆتەوە، لە بارەیوە قسەی بۆ نەوژین کردو وتی: ”به هۆى كاركردنى زۆرهوه ههندێك جار فشارى دهرونیم لهسهر دروستبوه، بهڵام رێگهم نهداوه کاریگەری لەسەر کارەکەم جێبهێڵێت“. ئهو وتیشى: متمانه بهخۆبون هۆكارێكى گرنگى بهردهوامبونمه ههر ئهوهش وایكردوه نههێڵم فشاره دهرونیهكان كاریگهرى لهسهرم دروستكات. ساكار، بۆ ئهوهى فشاره دهرونیهكانى كهم بكاتهوه راوێژى به هاوڕێ و هاوپیشهكانى كردوه و لهو رێگهیهوه توانیویهتى فشارهكان لهسهر خۆى لابهرێت. ساکار عەبدوڵلا، لەکاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکانیدا لهبارهى ئهوهى راوێژى به كهسانى پسپۆڕ كردوه بۆ نههێشتنى ئهو لێكهوته دهرونیانهى لهسهریهتى. سۆما، وتى: ئێمەی رۆژنامەنوسی ژن کەم راوێژ دەکەین بەکەسانی پسپۆڕی دەرونی یان توێژەری کۆمەڵایەتی، لهكاتێكدا زۆر پێویستە بۆ ئارام بونەوەی دەرونمان. ”بەهۆی فشاری دەرونیەوە رۆژنامهنوس ههبوه وازى له كارەکەی هێناوه“ ”بهو پێیهى له عێراق به شێوهیهكى گشتى كۆمهڵێك دۆسیه ههن كه رۆژنامهنوسان دهستى بۆ دهبهن روبهڕوى فشار دهبنهوه، بەشێوەیەک رۆژنامهنوسمان ههبوه به هۆى ئهو فشاره دهرونیهى لهسهرى بوه وازى له كارى راگهیاندن هێناوه“. ئەمە قسەکانی دیارى محهمهد، بهڕێوبهرى سهنتهرى میترۆیە بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان. وتیشى: فشارى دهرونى به شێوهیهكى جدى كارى لهسهر نهكراوه و تهنانهت دهزگاكانى راگهیاندن گرنگى بهم لایهنه نادهن، لهگهڵ بهشى زۆرى كهناڵهكانیش باسى ئهو گرفتانهمان كردوه، بهڵام له پراكتیكدا بهدى ناكهین گرنگى به لایهنى دهرونى رۆژنامهنوسهكانیان بدهن. بهڕێوبهرەکەی سهنتهرى میترۆ، ئەوەشی نەشاردەوە”كه كهناڵى راگهیاندن ههیه خۆى بوهته هۆى فشار بۆ سهر رۆژنامهنوسهكانیان به تایبهت كچانى رۆژنامهنوس“ . سهربارى ئهو ئالەنگارى و گرفتانهى كچانى رۆژنامهنوس دهیخهنهرو، بهڵام باس لهوهش دهكهن ئهو گرفتانه نهبوهته رێگر بۆ بهرهوپێشچونى كارهكانیان و توانیانه بهسهر ئاستهنگهكاندا سهركهون. شهرمین، دهڵێت: ”وەک رۆژنامەنوسێکی ژن، دیمەنە ناخۆشەکانی کاتی کارکردن و فشارە دەرونیەکان راستە لەکاتی خۆیدا بێتاقەتم دەکات و نیگەران دەبم پێی، بەڵام وزەو هێزی بەردەوامیان پێداوم، بەوەی لەکارەکەم دەتوانم بیروباوەڕی خەڵک بگۆڕم، نەک تەسلیم بون بەو بیرۆکە خراپانەی بەرامبەر رۆژنامەنوسی ژن هەیانە“. شەرمین علی، لەکاتی ئەرکە رۆژنامەوانیەکانیدا
راپۆرت:فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف بەپێی نوێترین تەكنەلۆژیای ریسایكلین دەتوانرێت لە هەزار تەن زبڵو خاشاك بڕی (37 مێگاوات) كارەبا بەرهەم بهێنرێت، لە هەرێمی كوردستان تائێستا زبڵ دەخرێتە ژێر خۆڵ، بەر لە حەوت مانگ لە سلێمانی كارگەیەكی ریسایكلین كەوتەكار، كە زبڵو خاشاك دەكات بە سوتەمەنیی، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم پارەی بۆ خەرجناكات، كارگەكە ناتوانێت بەتوانای تەواوەتی خۆیەوە كاربكات، لە پارێزگای دهۆكیش پرۆژەیەكی ریسایكلین هەیە كە دیارنییە كەی دەكەوێتە كار، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (7 هەزار) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە، بۆ ئەم پرۆسەیە حكومەت مانگانە (10 ملیۆن) دۆلار خەرجدەكات، بەڵام سەرباری ئەمە هێشتا زبڵ هەڕەشەیەكی گەورەیە لەسەر ژینگە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. ژینگە لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی بڕیارێكی پەرلەمان، رۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێك وەكو رۆژی ژینگە دیاریكراوە، سەرباری ئەمە دەستەیەكی سەربەخۆ هەیە بەناوی (دەستەی پاراستنو چاككردنی ژینگە) كە ئێستا (عەبدولڕەحمان سدیق) سەرۆكایەتی دەكات. لەپاڵ ئەمانەدا، ژینگەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی پاشماوەی خۆڵو خاشاكی ماڵانو دوكانو شوێنە بازرگانییەكانەوە، لەبەردەم مەترسیدایە. خۆڵو خاشاك لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە دامەزراوەیەكی سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، رۆژانە لە شارەكانی هەرێم بڕی (7 هەزارو 200) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوەو فڕێ دەدرێت، قەبارەی خۆڵو خاشاك لەناوچە جیاوازەكان بەمشێوەیە: • هەولێر: رۆژانە (2 هەزارو 600) تەن خۆڵو خاشاك كۆدەكرێتەوە • سلێمانی: رۆژانە (هەزارو 850) تەن • ئیدارەی گەرمیان: رۆژانە (470) تەن • ئیدارەی راپەڕین: رۆژانە (400) تەن • دهۆك: رۆژانە (هەزارو 620) تەن تێكڕای قەبارەی خۆڵو خاشاك لە ساڵێكدا دەگاتە (2 ملیۆنو 628 هەزار) تەن، كە لە نزیك شارەكان فڕێدەدرێتو دەكرێت بەژێر خۆڵەوە یان دەسوتێنرێت، ئەمەش زیان بە ژینگەو تەندروستی گشتی دەگەیەنێت. (31) كۆمپانیا كە كاری پاككردنەوەی شارو شارۆچكەكان دەكەن، گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی هەرێمدا هەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار تەنیا لە كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاكدا خەرج دەكات، سەرباری ئەمەش هەندێكجار كۆمپانیاكانی پاككردنەوە بەهۆی ئەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجناكرێت، مانگرتن رادەگەیەننو شارەكان دەخەنە بەردەم هەڕەشەی زبڵەوە. ئەمە تەنیا پرۆسەی كۆكردنەوەی خۆڵو خاشاكە، بەڵام پرۆسەی چارەسەركردن بەشێوەیەكی ئابورییو ژینگەیی كە پێی دەوترێت (ریسایكلین) لە هەرێمی كوردستان هێشتا بەشێوەیەكی باش نەچووەتە بواری جێبەجێكردن، ئەمە لەكاتێكدایە دەتوانرێت لەو خۆڵو خاشاكانە وزەی كارەبا بەرهەمبهێنرێت یاخود سەرلەنوێ ماددەی سەرەتایی دروستبكرێتەوەو كارگەكان لە هاوردەكردنی ماددەی سەرەتایی لە دەرەوەی وڵات رزگاربكرێن. ریسایكلین چییە ؟ ریسایكلین، بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی خۆڵو خاشاك بۆ بەرهەمی نوێ، ئەمە لە مێژوودا پرۆسەیەكی نوێ نییە، لە چاخە دێرینەكاندا مرۆڤ ماددە كانزاییەكانیان تواندوەتەوەو ئامێری نوێی لێ دروستكردووە. پرۆسەی ریسایكلین چەندین سودی هەیە، لەوانە پاراستنی ژینگە، كەمكردنەوەی ئاستی پشتبەستن بەو ماددەی سەرەتاییانەی كە لە سروشتەوە بەرهەمدەهێنرێن بۆ دروستكردنی كاڵای نوێ، كەمكردنەوەی خەرجی وەبەرهێنان بەوپێیەی نرخی ئەو ماددانەی كە لە پرۆسەی ریسایكلینەوە بەرهەمدەهێنرێن زۆر كەمترە لە نرخی هەمان ماددە كە لە سروشتەوە بەرهەمدەهێنرێت، بۆ نمونە دروستكردنی كاغەز رۆژانە پێویستی بە بڕینەوەی سەدان درەخت هەیە، بەڵام ئەگەر لەڕێگەی ریسایكلینەوە سەرلەنوێ سود لە كاغەزی بەكارهاتوو وەربگیرێت، هەم تێچووی كەمتر دەبێتو هەم سەدان درەخت لە بڕینەوە رزگاریان دەبێتو بەمەش ژینگە پارێزراوتر دەبێت، سەرباری هەموو ئەمانە، پرۆسەی ریسایكلین دەرفەتی كار بۆ خەڵك دەڕەخسێنێت. ریسایكلین یەكێكە لە پیشەسازییە ستراتیژییەكان، ئێستا لە سنوری یەكێتی ئەوروپادا (516) كارگە هەیە، لە ئەمریكا (123) كارگە، لە ژاپۆن (100) كاریگە، لە چین (56) كاریگە، لە ئوسترالیاو نیوزلەنداش زیاتر لە (17) كارگەی ریسایكلین هەیە. سوید بە یەكێك لەو وڵاتانە ئەژماردەكرێت كە لەبواری دووبارە سودوەرگرتنەوە لە خۆڵو خاشاكدا سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، لەم وڵاتە پاشماوەی خۆڵو خاشاكو كەلوپەلی بەكارهاتوو لەرێگەی ریسایكلینەوە دەكرێت بە كارەباو سەرچاوەی سوتەمەنیی بۆ خۆگەرمكردنەوە، چینو ئەڵمانیاو هۆڵەنداو بەلجیكا لەو وڵاتانەی ترن كە لەم بوارەدا چاویان لێدەكرێت. ئەم پیسەشازییە لەسەردەمی جەنگی یەكەمو دووەمی جیهانیدا دەركەوت، ئەوكات ماددە بنەڕەتییەكانی وەكو لاستیكو هەندێك كانزای تر زۆر كەمیان كردبوو، كۆمەڵگە ئەوروپییەكان لەو سەردەمانەدا زۆر پێویستیان بەو ماددانە هەبووە، بۆیە دەستكراوە بۆ كۆكردنەوەی ئەو مادانە لەناو خۆڵو خاشاك بەمەبەستی دووبارە بەكارهێنانەوەیان، لەوكاتەوە ریسایكلین بووە بە گرنگترین ئامرازی خۆدەربازكردن لە پاشماوەكان، ئێستا ئەم بوارە زۆر گەشەی كردووە، تا ئەو رادەی جگە لە كانزاكانی وەكو ئاسنو ئەلەمنیۆمو پۆڵا هەروەها ماددە پلاستیكییەكانو سوشەو كاغەزو كارتۆنو تایەی ئۆتۆمیبلو پەڕۆ، ئاوەڕۆكانیش ریسایكلین دەكرێنو جارێكی تر بۆ خواردنەوە سودیان لێدەبینرێت. سەرباری ئەمانە، كەلوپەلە ئەلیكترۆنییەكانیش چونەتە ناو بواری ریسایكلین، بەگوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ساڵی 2014 بڕی (41 ملیۆن) تەن كەلوپەلی لەكاركەوتووی ئەلیكترۆنی فڕێدراونەتە ناو زبڵدانەكانو لەو ساڵەدا رێژەی یەك لەسەر شەشی ماددە ئەلیكترۆنییەكان لەڕێگەی ریسایكلینەوە سەرلەنوێ سودیان لێوەرگیراوەتەوە. چارەسەری خۆڵو خاشاك بەشێوەیەكی گشتی پرۆسەی چارەسەركردنی خۆڵو خاشاك لە جیهاندا سێ رێگای هەیە: رێگای یەكەم: داپۆشینی راستەوخۆ ئەمە بریتییە لە پرۆسەی داپۆشینی رێژەی 100%ی ئەو خۆڵو خاشاكەی كە لە شارەكاندا كۆدەكرێتەوە لەژێر خۆڵدا، ئەمە شێوازێكی كۆنو نەریتییەو تەنیا لە وڵاتە دواكەوتووەكاندا پەیڕەو دەكرێت، ئەوەی لە كوردستان هەیە ئەم شێوازەیە، لەم شێوازەدا ئەو ماددە سودبەخشانەی كە لەناو خۆڵو خاشاكی ماڵاندا هەیە لەگەڵ ماددە بێكەڵكەكان پێكەوە ژێر خاك دەنرێن، سەرباری زیانە ئابورییەكانی، ئەم شێوازە زیانی زۆر بە ئاوی ژێر زەویو ژینگە بەگشتی دەگەیەنێتو روبەرێكی زۆری زەویش داگیر دەكات. رێگای دووەم: سوتاندن لە هەوادا ئەم شێوازە پێی دەوترێت چارەسەر بە گەرمی یاخود سوتاندن (THermal)، هەندێك ئەم شێوازەیان ناوناوە ناشتن لە هەوادا (Air filling)، ئەم شێوازەش بەهۆی پیسكردنی ژینگەی بەرگەهەواوە، پشتی پێنابەسترێت. رێگای سێیەم: چارەسەری بایۆلۆژی ئەم شێوازە پێشكەوتوترین رێگای چارەسەركردنی خۆڵو خاشاكە، چونكە بەبەراورد بە رێگاكانی تر كەمترین پاشماوە لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێتو زیانەكانی بۆ ژینگە زۆر كەمترە. لەپاڵ ئەم سێ رێگایەدا، چەند رێگایەكی تری چارەسەری خۆڵو خاشاك هەن، كە زیانیان بۆ ژینگە هەیە، لەوانە شێوازی بەكارهێنانەوەی ماددە سودبەخشەكانی ناو خۆڵو خاشاك، لەم شێوازەدا تەنیا ماددە سودبەخشەكان جیادەكرێتەوەو ماددەكانی تر فڕێ دەدرێتە ناو ژینگەوە، شێوازی بەكارهێنانی خاشاك بۆ دروستكردنی پەینی كیمیایی رێگەیەكی ترە، بەڵام بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەم شێوازە بۆ هەرێمی كوردستان گونجاو نییە، چونكە خاشاكی هەرێم بڕێكی زۆر كانزای قورسی تێدایەو دەبێتەهۆی پیسبوونی خاكو رێژەی 40%ی پرۆسەكە وەكو پاشماوە دەمێنێتەوە، رێگەیەكی تریش هەیە كە بەكارهێنانی خاشاكە بۆ دروستكردنی غاز، لەم شێوازەش لایەنە خراپەكەی ئەوەیە رێژەی 50%ی خاشاكەكە دەبێتە پاشماوەو زیان بە ژینگە دەگەیەنێت. ریسایكلین لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان چەند هەوڵێك هەیە بۆ چارەسەركردنی پاشماوەی خۆڵو خاشاك بەشێوەیەكی سەردەمیانەو تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو، بەڵام هێشتا هیچ یەكێك لەو هەوڵانە بەتەواوەتی نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە. هەوڵێك لە سلێمانییەوە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو، لە پارێزگای سلێمانی كارگەیەكی ریسایكلین تەواوكرا بەناوی (كارگەی چارەسەركردنی خۆڵو خاشاكی رەقی ئیكۆسیم)، ئەم كارگەیە لەلایەن كۆمپانیایەكی سەربە گروپی كۆمپانیاكانی فاروقەوە دروستكراوە كە بە "فاروق گروپ" ناسراوە. كۆمپانیای (ئیكۆسیم) بە هاوكاری دوو كۆمپانیای تایبەتمەندی ئەوروپیو بە تێچووی (60 ملیۆن) دۆلارو لەسەر روبەری (204) دۆنم زەوی لەناوچەی (تانجەرۆ) كارگەكەی دروستكردووە، واتە لە هەمان ئەو ناوچەیەی كە شارەوانی سلێمانی دیاریكردبوو بۆ فڕێدانو داپۆشینی خۆڵو خاشاكی شارەكە. گرێبەستی ئەم پرۆژەیە لەنێوان (پارێزگای سلێمانی)و (كۆمپانیا ئیكۆسیم)دا كراوە، بەگوێرەی گرێبەستەكە، ئەم كارگەیە دەبێت هەموو جۆرە خاشاكێكی سلێمانی چارەسەر بكات، جگە لە پاشماوەی (پزیشكی)و (بیناسازی)، هەروەها دەبێت رۆژانە بڕی (هەزارو 100) تەن خۆڵو خاشاك چارەسەر بكات. مانگی ئابی 2020، كارگەكە ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی خۆڵو خاشاكی سلێمانی راگەیاندو بەشێوەیەكی ئەزمونیو بەتوانای (هەزارو 300) تەنەوە لە رۆژێكدا (واتە زیاتر لەو بڕەی لە گرێبەستەكەدا بۆی دیاریكراوە) كەوتەكار. بەرپرسەكانی ئەم پرۆژەیە دەڵێن، لە دروستكردنی كارگەكەدا رەچاوی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی سلێمانییان كردووە لە (20 ساڵ)ی داهاتوودا، هەروەها رێژەی پاشماوەی كاركردنی پرۆژەكە 10%یەو دەیانەوێت لە داهاتوودا ئاستی پاشماوە بۆ 6% دابەزێنن، كە ئەمەش بڕێكی زۆر كەمەو كاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە نابێت. بەگوێرەی قسەی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، ئەم كارگەیە دەرفەتی كاركردن بۆ زیاتر لە (200) كەس دەرەخسێنێت. لەچارەسەركردنی خۆڵو خاشاكدا، ئەم كارگەیە نوێترین شێوازی پەیڕەو كردووە كە شێوازی (چارەسەری بایۆلۆژی)یەو پرۆسەكە بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت: • چارەسەری میكانیكی سەرەتایی: لەم قۆناغەدا خاشاكەكە دەهاڕدرێت بۆ ئەوەی قەبارەی چونیەكی هەبێت. • چارەسەری بایۆلۆژی: لەم قۆناغەدا خاشاكە هاڕدراوەكە وشكدەكرێتەوەو لە بەكتریاو ڤایرۆس خاوێندەكرێتەوە. • چارەسەری میكانیكی: لەم قۆناغەدا ماددەی ناچالاك لە خاشاكەكە جیادەكرێتەوە كە رێژەكەی تەنیا 10%و ئەم بەشە دەبێت بە پاشماوە (واتە رۆژانە تەنیا رێژەی 10%ی خاشاكی سلێمانی وەكو پاشماوە دەهێڵێتەوە). لە كۆتایی ئەم پرۆسە سێ قۆناغییەدا، ئەو بەرهەمەی كە لە زبڵو خاشاكی سلێمانیەوە بەدەستدێت، سوتەمەنییەكە كە پێی دەوترێت (RDF) كە سوتەمەنی جێگرەوەیە بۆ كارگەكانو هاوكات دۆستی ژینگەیە. دوای نزیكەی حەوت مانگ لە تەواوبوونی، ئەم كارگەیە هێشتا بەتوانای تەواوەتی خۆیەوە كارناكات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم پارەی كاركردنی بۆ خەرجناكات، پارێزگاو شارەوانی سلێمانی چەندجارێك نوسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە، بەڵام حكومەت وەڵامناداتەوە. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند" كارگەكە بۆ ئەوەی بتوانێت رۆژانە ئەو بڕە لە خۆڵو خاشاك وەرگرێت كە لە گرێبەستەكەیدا داوای لێكراوە، دەبێت حكومەتیش پابەندییە داراییەكانی خۆی بەرامبەر بە كارگەكە جێبەجێ بكات". ئێستا ریسایكلینەكەی سلێمانی تەنیا چاوەڕوانی ئەوەیە، حكومەت پارەی كاركردنی بۆ خەرج بكات بۆ ئەوەی رۆ ژانە لانی كەم (هەزارو 100) تەن خۆڵو خاشاك بگۆڕێت بۆ سوتەمەنی. هەوڵی دووەم لە دهۆكەوە كۆتاییەكانی 2020، وەزارەتی شارەوانیو گەشتوگوزار دروستكردنی كارگەیەكی چارەسەركردنی خۆڵو خاشاكی لە سنوری پارێزگای دهۆكو بەدیاریكراوی لە ئامێدی راگەیاند، بەڵام ئەو پرۆژەیە تائێستا تەواو نەكراوە. ئەم كارگەیە، لەسەر رووبەری (96) دۆنم زەوی دروستدەكرێتو دەكەوێتە كۆمەڵگەی (قەدش)ی سەر بە ناحیەی سەرسەنكێ، خۆڵو خاشاكی زیاتر لە 13 شارەوانی سنورەكە چارەسەر دەكات. ریسایكلین لە عێراق لە عێراق خۆڵو خاشاك یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانە، بەگوێرەی دواین داتاكان، ئاستی خۆڵو خاشاك لە عێراق ئێستا رۆژانە بۆ زیاتر لە (15 هەزار) تەن بەرزبوەتەوە. بەمدواییە حكومەتی عێراق چەند گرێبەستێكی وەبەرهێنانی زبڵو خاشاكی لەلایەن كۆمپانیا بیانییەكانەوە بەدەستگەیشتووە كە داوای دامەزراندنی كارگەی ریسایكلین دەكەن بەمەبەستی گۆڕینی خاشاك بۆ وزەی كارەبا. سەرباری ئەوەی بە دروستكردنی ئەم كارگانە ژینگەی عێراق رزگاری دەبێتو لەلایەكی تریشەوە كێشەی كارەبا چارەسەر دەبێت، بەڵام هێشتا ئەم جۆرە پرۆژانە بەربەستیان لەبەردەمدایە. یەكێك لە بەربەستەكانی بەردەم دروستكردنی كارگەی ریسایكلین بەگوێرەی قسەی ئەمجەد عقابی ئەندامی لیژنەی وزەو نەوت لە پەرلەمانی عێراق، ئەوەیە، كۆمپانیاكان داوا دەكەن خەڵك لە ماڵەكانی خۆیانەوە جۆری زبڵو خاشاكەكانیان جیابكەنەوە هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتانی پێشكەوتوو هەیە كە چەند تەنەكەیەكی خۆڵ دانراوەو بەپێی جۆری ماددەكان، زبڵەكانیان تێدا رۆدەكرێت، ئەمەش بەقسەی ئەو پەرلەمانتارە بۆ عێراق كارێكی قورسە، چونكە خەڵك بە گشتی رۆشنبیری جیاكردنەوەی جۆرەكانی زبڵو خاشاكیان نییە. سەرباری ئەمە، لەبارەی نرخی یەكەی ئەو كارەبایەی كە لە زبڵو خاشاك بەرهەمی دەهێنرێت، كێشە لەنێوان وەزارەتی كارەبای عێراقو كۆمپانیاكانی بواری ریسایكلیندا هەیە. بەپێی قسەی هاشم شەدیدی راوێژكاری وەزارەتی كارەبای عێراق، نەوەی چوارەمی تەكنەلۆژیای ریسایكلین لەتوانایدایە لە هەزار تەن خۆڵو خاشاك بڕی زیاتر لە (37 میگاوات) كارەبا بەرهەمبهێنێت، بەڵام نەوەی سێیەمی هەمان تەكنەلۆژیا كە لە توركیاو وڵاتانی تری دراوسێی عێراق بەكاردەهێنرێت، لە هەزار تەن خاشاك بڕی نزیكەی (17 میگاوات) كارەبا بەرهەم دەهێنێت. زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، كۆمپانیاكان تەندەریان پێشكەش كردووە بۆ كڕینی یەك تەن خاشاكی عێراق بە بڕی (5) دۆلار بەمەبەستی بەرهەمهێنانی كارەباو دواتر فرۆشتنەوەی كارەباكە بە وەزارەتی كارەبای عێراق بە بڕی (4.5 سەنت) بۆ هەر كیلۆواتێك، سەرباری ئەوەی ئێستا عێراق بۆ كڕینی هەر كیلۆواتێك كارەبا بڕی (11) سەنت بە ئێران دەدات، بەڵام ئامادە نییە گرێبەستێكی لەمجۆرە بكات، كە هەم تێچووەكەی كەمترە هەم كێشەی خاشاكو ژینگە چارەسەر دەكات.
(درەو): بەیانی ئەمڕۆ دەنگدەرانی ئیسرائیلی بۆ جاری چوارەم لەماوەی دوو ساڵدا، جارێكی تر روویان لە سندوقەكانی دەنگدان كردەوە، چاودێران ئەم هەڵبژاردنە وەكو راپرسییەك لەبارەی چارەنوسی سیاسی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل تەماشا دەكەن. پرۆسەی دەنگدان لە سێ هەڵبژاردنی پێشوودا نەیتوانی زۆرینە لەبەرژەوەندی هیچ یەكێك لە لایەنە سیاسییەكان یەكلابكاتەوە، هاوكات حكومەتی یەكێتیی نیشتمانیی كە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە سیاسییە دروستكرا، مانگی كانونی یەكەمی رابردوو توشی داڕمان هات. بەگوێرەی ئەو راپرسییانەی كە بەمدواییە كراون، پێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنی ئەمڕۆ جارێكی تر هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنەكانی پێشتر دووبارە بكاتەوەو ئەنجامەكەی نەتوانێت زۆرینە بۆ یەكێك لە پارتە سیاسییەكان یەكلابكاتەوە. لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا، زیاتر لە (6 ملیۆنو 500 هەزار) هاوڵاتی ئیسرائیلیی مافی دەنگدانیان هەیە. هەڵبژاردنی ئەمڕۆ لەكاتێكدا بەڕێوەچێت كە ئیسرائیلییەكان لە كەرەنتینە دەردەچن، كە دەسەڵاتداران بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەر خەڵكدا جێبەجێیان كرد، هەروەك هەڵبژاردنەكە بەر لە دوو هەفتە دێت لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی دادگایكردنی بنیامین ناتانیاهۆ لەسەر دۆسیەی گەندەڵیی. ناتانیاهۆ روبەڕووی تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلو خیانەتكردن لە ئەمانەت دەبێتەوە، ئەمانە كۆمەڵێك تۆمەتن كە ناتانیاهۆ رەتیاندەكاتەوەو دەڵێت پاڵنەری سیاسییان لە پشتەوەیە. لە مانگی ئازاری رابردووەوە، حكومەتی ئیسرائیل سێجار قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، سەرباری ئەمە، نەیارە سیاسییەكان، ناتانیاهۆ تۆمەتبار دەكەن بەوەی بەشێوەیەكی خراپ ئیدارەی دۆسیەی روبەڕووبونەوەی كۆرۆنای داوە، ئەمە لەكاتێكدایە ئابوری ئیسرائیل لە چەند هەفتەی رابردوودا هاوكات لەگەڵ كەمبونەوەی ژمارەی توشبوانو مردن بە كۆرۆنا، هەندێك بوژانەوەی بەخۆوە بینیوە. لەگەڵ ئەمەشدا، ناتانیاهۆ، پرۆگرامی بەكارهێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆناو خێرایی پرۆسەی بەكارهێنانی ڤاكسینەكە وەكو دەستكەوتێكی گەورە بۆ حكومەتەكەی ناودەبات. كاتێك بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە لوتكە، ئیسرائیل یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە زۆرترین زیانی بەركەوت، بەڵام ئێستا هاوڵاتیانی ئیسرائیلی یەكەمین كەسن لەسەر ئاستی جیهان كە ڤاكسینیان وەرگرتووە. سەرباری قەیرانی كۆرۆنا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان باسلە هەژمونی سیاسی ناتانیاهۆ دەكەن، كە لەمێژووی ئیسرائیلدا زۆرترین ماوە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا ماوەتەوە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەڵێن وڵات پێویستی بە گۆڕانكارییو ئاڵۆگۆڕی دەسەڵاتە. ناتانیاهۆ لە ساڵی 2009وە لە پۆستی سەرۆك وەزیراندایە، پێشترو لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووشدا بۆ ماوەی سێ ساڵ لەم پۆستەدا بووە. ئیفلیجیی سیاسی پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، پارتی (لیكۆد)ی راستڕەو كە ناتانیاهۆ سەرۆكایەتی دەكات، ئەمجارەش زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمان (كە لە ئیسرائیل پێی دەوترێت كنێست) بباتەوە، بەڵام پێناچێت سەركەوتوو بێت لە دروستكردنی زۆرینەیەك لەناو پەرلەماندا كە رێگەی پێبدات بەبێ پاڵپشتی پارتەكانی تر بتوانێت خۆی بەتەنیا كابینەیەكی نوێی حكومەت دروست بكات، زۆرینە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەناو پەرلەمانی ئیسرائیلدا پێویستی بە دەنگی (61) كورسییە. لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لە ساڵی 1948، سیستمی هەڵبژاردن ئیئتیلافی حوكمڕانی دروستكردووە یاخود لە هەندێك حاڵەتی دەگمەندا بووتە هۆی دروستبوونی حكومەتی یەكێتیی نیشتمانیی. سەرباری ئەمە، راپرسییەكان پێشبینی ئەوە دەكەن، تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانێتییەكیش لەنێوان پارتە راستڕەوەكاندا دروستبكرێت، هێشتا ئەو هاوپەیمانێتییە ناتوانێت كورسی پێویست لەناو پەرلەمان كۆبكاتەوە بەمەبەستی هێشتنەوەی ناتانیاهۆ لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا. پێشبینی دەكرێت، پارتە نەیارەكانی حكومەتی ناتانیاهۆ، بەسەر ئەو پارتانەدا سەركەون كە لایەنگریی ناتانیاهۆ دەكەن، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، تەنانەت ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پێكەوە (61) كورسی پەرلەمان كۆبكەنەوە، بەهۆی ناكۆكی لەنێوان خۆیاندا، هێشتا ناتوانن پێكەوە حكومەتێكی ئیئتیلافیی دروست بكەن. خۆ ئەگەر هیچ یەكێك لە هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان نەیانتوانی زۆرینە لەناو پەرلەمان دروست بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ، ئەوكاتە دەبێت جارێكی تر بانگەواز بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بكرێتەوە، كە ئەوەش دەبێتە گەڕی پێنجەمی هەڵبژاردن لەماوەی دوو ساڵدا. لە هەڵبژاردنی نیسانی 2019وە كە پارتی لیكۆد زۆرترین دەنگی تێدا بەدەستهێناو سەرباری ئەوە نەیتوانی ئیئتیلافێكی حكومی دروستبكات، ئیسرائیل توشی جۆرێك لە ئیفلیجی سیاسی بووەتەوە، سەرباری ئەوەی پارتی لیكۆد زۆر بەتوندی پاڵپشتی لە ناتانیاهۆ دەكات، بەڵام بەردەوام هەفتانە لەبەردەم ماڵەكەی ناتانیاهۆ لە قودس خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی هەبووە، تەنیا لەو كاتانەدا نەبێت كە كەرەنتینەی تەواوەتی راگەیەندراوە. شەوی شەممەی رابردوو خۆپیشاندانێك لەدژی ناتانیاهۆ رێكخرا دەیان هەزار كەس بەشدارییان تێدا كرد، لەوكاتەوە كە هەفتانە خۆپیشاندان دژی ناتانیاهۆ دەكرێت، ئەمە یەكێك لە گەورەترین خۆپیشاندانەكان بوو. سەرچاوە: BBC