داعش بەندكراوە عێراقیەكانی بۆ تاقیكردنەوەی چەكی كیمیاوی بەكارهێناوە
2021-05-14 11:07:53
درەو :
بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی ”واشنتۆن پۆست”ی ئەمریكی شارەزایانی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرووەكان لە لێكۆڵینەوەیەكیاندا باس لەوە دەكەن كە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش چەكی كیمیاوی لەسەر بەندكراوە عێراقیەكان تاقیكردۆتەوە بۆ زانینی ئاستی كاریگەریی ئەو چەكانە.
لە ساڵی (2015)ەوە چەند ڕاپۆرتێك باسیان لە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی كردووە لەلایەن داعشەوە، وبەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكی وبەرپرسە عێراقیەكانیش لەو كاتەدا مەترسی خۆیانیان لەمبارەیەوە دەربڕیوە سەبارەت بە هەوڵە چالاكەكانی ڕێكخراوی داعش بۆ پەرەپێدانی ئەم جۆرە چەكانە. ئەو بەرپرسانە لەو كاتەدا ڕایانگەیاندووە كە ڕێكخراوی ناوبراو هەوڵی دەستخستنی یارمەتی دەدات لە ژمارەیەك لە زانایان لە عێراق وسوریا وچەند شوێنێكی دیكە لە ناوچەكەدا بە مەبەستی دامەزراندن وكردنەوەی ناوەندێكی توێژینەوە وتاقیكردنەوەی چەكی كیمیاوی وبایۆلۆجی.
ئەم توێژینەوانەش لەو كاتەوە دەستیپێكردووە كە ئەم ڕێكخراوە توندڕەوە پەڕگیرە زانكۆی موسڵی وەك ناوەندێك بۆ توێژینەوە وتاقیكردنەوەی چەندین جۆری نوێ لەو چەكانە بەكارهێناوە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێكی لیژنەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كە ئاماژەی بەوەداوە كە هەندێك لە بەندكراوە عێراقیەكان ژیانیان لەدەستچووە لە ئەنجامی ئەو تاقیكردنەوانەدا. لە ثالیۆم هەتا نیكۆتین پشكنەران لەو ڕاپۆرتانەیان كۆڵیوەتەوە كە باس لەوە دەكات هەندێك لەو بەندكراوانە مادەی ثالیۆمیان پێدراوە، كە مادەیەكی كیمیاوی ژەهراویە وبەكاردێت وەك ژەهرێك بۆ لەناوبردنی جرج ومشك، هەروەكا مادەی نیكۆتینیش دراوە بەو بەندكراوانە كە ئەمیش دەبێتە ژەهرێكی كوشندە ئەگەر بە ژەمی زۆر وەربگیرێت.
ڕاپۆرتەكان ئامژەشیان داوە بەو هەوڵانەی داعش بۆ دروستكردنی گازی كلۆر وخەردەلی كبریت(گازی خەردەل) كە لە جەنگی جیهانی یەكەمدا بەكارهاتووە بۆ كوشتن وشێواندنی جەستەی هەزاران سەرباز، وبەڵگەی نوێش بەردەستكەوتون لە ئەنجامی پشكنینی ئامێرەكانی كۆمپیوتەر ومۆبایلی ئەو ئەندامانەی گروپەكە كە كوژراون یان دەستگیر كراون، سەبارەت بە بەكارهێنانی ئەم گروپە تیرۆرستیە بۆ چەكی كیمیاوی لەسەر هاوڵاتیانی سڤیل. لەپاش كۆنترۆڵكردنی چەندین ناوچەی فراوان لە باكوری عێراق لە ساڵی 2014، چەكدارانی داعش دەستیانگرت بەسەر بڕێكی زۆر لە مادەی كلۆر لە وێستگەكانی پاكژكردنەوەی ئاوی خواردنەوەدا، دواتریش بەكاریانهێنا لە هێرشەكانیاندا بە گازی كوشندە دژی چەكدارە كوردەكان وسوپای عێراقی وهاوڵاتیانی سڤیل.
”میراتی سەدام” پاشان داعش ژمارەیەك لە زانا وئەندازیارانی وەگەڕخستووە بۆ كاركردن لەو كارگانەی كە پێشتر ڕژێمی سەدام حسێن دایمەزراندون، ئەمەش بۆ یارمەتیدانی ڕێكخراوەكە لە بەرهەمهێنانی گازی خەردەل بە بەكارهێنانی تاقیگەكانی زانكۆی موسڵ وەك ناوەندێكی توێژینەوە. لێكۆڵەرەوەكان دوپاتیانكردۆتەوە كە داعش تا ڕادەیەك سەركەوتوو بووە لە دروستكردنی جۆرێكی خراپ لە گازی خەردەل تا بەكاریبهێنێت لە ڕێگەی ئەو گوللە تۆپانەی كە لەبەردەستیدا بووە. لە بەدواداچونێكیدا بۆ ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتیەكە، ڕیچارد بیلش، بەڕێوەبەری بەرنامەی چەكە كیمیاوی وبایۆلۆجیەكانی ناوەندی جیمس مارتن بۆ توێژینەوەكانی بەرگرتن لە بڵاوبونەوەی ئەم چەكانە لە شاری مۆنتێری لە ویلایەتی كالیفۆرنیا، دەڵێت :”ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە زیادبوونی تواناكانی داعش داوە بە ڕێژەیەكی كەم، وئەگەر ئەم زانیارییانەش بە تەواوی بسەلمێنرێت ئەوا پێویستە گۆڕانكاریی لە ڕێوشوێنەكانی پاراستنی هێزە ئەمریكیەكاندا بكرێت كە لەو ناوچانە بڵاوەیان پێكراوە”. كەریم ئەسەد ئەحمەد خان، سەرۆكی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی كوشتن وهەتك كردن دژ بە ئێزدیەكان، لەمبارەیەوە دەڵێت :”لیژنەكەیان بەڵگەی ڕوون وئاشكرا وقایلكەریان دەستكەوتووە لەسەر ئەنجامدانی تاوانەكانی كۆمەڵكوژی كە ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ئەنجامیداون، بە تایبەتی دژ بە كەمینەی ئێزدی لە عێراقدا. ئاماژەی بەوەش كردووە كە لیستی تاوانە دۆكیومێنتكراوەكان پێكدێت لە ”كوشتن وئەشكەنجەدان ومامەڵەی توند ودەستدرێژی كردنە سەر كەرامەتی تاكەكان”.