Draw Media

كەیسی گیراوانی بادینان لەنێوان یەكێتی‌و سەرۆكی هەرێمدا

كەیسی گیراوانی بادینان لەنێوان یەكێتی‌و سەرۆكی هەرێمدا

2021-05-08 13:08:17


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
كەیسی گیراوانی بادینان، ئاستی ناوخۆیی تێپەڕاند‌و ئێستا رەهەندێكی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، هەموان چاویان لە نێچیرڤان بارزانییە، بە "لێبوردنێكی تایبەت" حوكمدراوەكان ئازاد بكات، بەڵام بەر لە سەرۆكایەتی هەرێم، یەكێتی نیشتمانی لەناو دادگای پێداچوونەوە دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە دژی حوكمەكە رابوەستێتەوە، ئایا دادوەرە یەكێتییەكان لە دادگای پێداچوونەوە دەكشێنەوە ؟ نێچیرڤان بارزانی لەنێوان ئازادی رادەربڕین‌و پەیوەندییە بنەماڵەییەكانیدا كامیان هەڵدەبژێرێت ؟ 

بڕیارەكەی دادگای هەولێر
رۆژی 16ی شوباتی ئەمساڵ دادگای تاوانەكانی هەولێر حوكمی (6 ساڵ) زیندانی بۆ (5) چالاكوانی بادینان دەركرد كە بریتی بوون لە هەریەكە لە (هاریوان عیسا- ئەیاز ئەكرەم- شێروان شێروانی- شڤان سەعید- گوهدار زێباریی)، ئەمانە لەو كەسانە بوون كە بەمدواییە هەندێك جموجوڵی ناڕەزایەتییان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا لە هەولێرو دهۆك دروستكردبوو. 
بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر، ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، ئەوانەی دژ بوون، بڕیارەكەیان وەكو لێدان لە ئازادی رادەبڕین ناوبرد، بەڵام پارتی‌و بەدیاریكراویش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دۆسیەكە وەكو بابەتێكی ئەمنی پوخت تەماشا دەكات.
بڕیارەكەی دادگای هەولێر، لەكاتی خۆیدا دامەزراوەكانی هەرێم‌و حزبە سیاسییەكانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكرد، یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان وەكو دوو لایەنی پێكهێنەری حكومەت‌و لە دەرەوەی حكومەتیش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، دژی بڕیارەكە بوون.
لەسەر ئاستی دامەزراوەكانیش، مەسرور بارزانی بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگا دەستگیركراوەكان بە "سیخوڕ" ناوبرد، بەڵام رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان دژی بڕیارەكە وەستایەوە‌و لەسەر ئەم هەڵوێستەی لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە تۆمەتباركرا بە دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان، لەنێوان سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی پەرلەماندا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەیاننامەیەكی دەركرد‌و داوای لە دادگای پێداچوونەوە كرد بە كەیسەكەدا بچێتەوە. 

دۆسیەكە لە دادگای پێداچوونەوە
بڕیاری دادگای هەولێر دژی گیراوانی بادینان، بۆ پێداچونەوە ئاڕاستەی (دادگای پێداچونەوە) كرا.
لەناو دادگای پێداچونەوەدا دوو دەستەی هەیە كە كاری پێداچونەوە بە حوكمە یاساییەكاندا دەكەن‌و هەریەكەیان لە (5) دادوەر پێكدێت‌و بریتین لە:
•    (دەستەی تاوانەكانی یەك)
•    (دەستەی تاوانەكانی دوو)
ئەم دوو دەستەیە، دادوەرەكانیان دابەشبوون بەسەر پارتی‌و یەكێتیدا، لە هەریەكە لەم دەستانەدا پارتی (3) دادوەر‌و یەكێتی (2) دادوەری هەیە، واتە لە هەردوو دەستەكەدا پارتی زۆرینەیە.
ئەوەی پێداچونەوەی بۆ كەیسی دەستگیركراوانی بادینان كرد، (دەستەی تاوانەكانی دوو) بوو، رۆژی 28ی مانگی رابردوو، ئەم دەستەیە بڕیاری خۆی دەركرد‌و حوكمی دادگای تاوانەكانی هەولێری دژی دەستگیركراوەكان پەسەندكرد.
بڕیاری ئەم دەستەیە سەرباری ئەوەی ئاشكرابوونی چەند رۆژێك لەوادەی خۆی دواكەوت، بەڵام جارێكی تر پرسی ئازادییە گشتییەكانی لە هەرێمی كوردستان گەرم كردەوە‌و ناڕەزایەتی فراوانی لێكەوتەوە. 
ناڕەزایەتی ئەمجارە، جیاواز بوو لە ناڕەزایەتی كاتی دەرچوونی حوكمی دادگای هەولێر، ئەمجارە كاردانەوەكان تەنیا ناوخۆیی نین، دۆسیەكە رەهەندێكی جیهانی وەرگرتووە، چونكە دادگای پێداچونەوە لە بڕیارەكەیدا، دەستگیركراوانی بادینانی تۆمەتباركردووە بەوەی، سیخوڕییان بۆ (ئەمریكا)‌و (ئەڵمانیا) كردووە، هەردوو وڵات بەیاننامەی ناڕەزایەتییان دژی دۆخی ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان دەركرد، دوێنێش (كەنەدا) بەفەرمی هەڵوێستی خۆی دژی بڕیارەكە راگەیاند. 
یەكەمجارە لەسەر كەیسێك حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم گەورەییە دەكەوێتە ژێر فشاری وڵاتانی خۆرئاواوە، وروژاندنی ئەم كەیسە لەكاتێكدایە، لە ئەمریكا دیموكراتەكان حوكمیان گرتوەتەدەست‌و بەپێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ‌و سەردەمی كۆمارییەكانەوە كە چاوپۆشی لە دۆخی ئازادی‌و مافەكانی مرۆڤ دەكرا لەپێناو بەرژەوەندی ئابوریدا، جۆ بایدن‌و ئیدارەكەی چاویان لە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە پێشبینی دەكرێت حكومەتی مەسرور بارزانی لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیامی قورستری لەبارەی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینانەوە، لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە پێبگات، لەسەر ئاستی ناوخۆیش، ئەو قسانەی كە باسیان لەوە دەكرد "مەسرور بارزانی ئیدارەی حكومەتێكی پۆلیسیی دەدات"، ئیتر لە گومانەوە بەرەو حەقیقەت دەڕۆن.    

ئەمە دواین بڕیارە ؟
ئێستا لەناوخۆی هەرێمی كوردستان هەموان بڕیارەكەی (دەستەی تاوانەكانی دوو) بە حوكمی كۆتایی دەزانن‌و دەركردنی لێبوردنێكی تایبەت لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە بۆ حوكمدراوانی بادینان، بە چارەسەری كۆتایی دەزانن، بەڵام بەر لە نێچیرڤان بارزانی، هێشتا لەناو دادگای پێداچونەوەدا دەرفەتێك ماوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە حوكمەكەدا بكرێت، سودوەرگرتن لەم دەرفەتە لەبەرژەوەندی گیراوانی بادینان، بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی نیشتمانی، چۆن ؟ 

یەكێتی دەتوانێت كەیسەكە بەلادا بخات ؟
بڕیاری (دەستەی تاوانەكانی دوو) لەناو دادگای پێداچونەوە لەبارەی پەسەندكردنی حوكمی دادگای هەولێر بۆ سزادانی گیراوانی بادینان، هێشتا نەبووە بە حوكمی كۆتایی، چونكە پارێزەری حوكمدراوەكان داوایان كردووە لە دەستەی گشتی دادگای پێداچونەوە، بڕیارەكە راستبكرێتەوە، بەپێی یاسا ئەو بابەتانەی كە رایگشتییان لەسەر دروست دەبێت، دەكرێت لەدوای بڕیاری (دەستەی تاوانەكان)ەوە ئاڕاستەی دەستەی گشتی دادگای پێداچونەوە بكرێن، ئەگەر دادوەرە پارتییەكان رێگری بكەن لە گواستنەوەی بڕیاری كۆتایی بۆلای دەستەی گشتی دادگا، دەردەكەوێت لەبنەڕەتەوە كەیسی گیراوانی بادینان كەیسێكی سیاسییە‌و مەبەست لێی بە ئامانجگرتنی گیراوانە، خۆ ئەگەر رێگە بدرێت كەیسەكە بۆ دەستەی گشتی دادگا بگوازرێتەوە، دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت.
دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان لە (15) دادوەر پێكدێت، بەڵام ئێستا تەنیا (14) ئەندام بەركارن، (7) لە یەكێتی‌و (7) لە پارتی، بەم حاڵەوە لەكاتی یەكلاكردنەوەی هەر بڕیارێكدا لەناو دادگاكە، پارتی براوە دەبێت، چونكە بەپێی یاسا لەكاتی دەنگدان لەسەر هەر بڕیارێك، ئەگەر دەنگەكان یەكسان بوو، دەنگی سەرۆكی دادگا (كە پارتیە) لە هەرلایەك بوو، ئەو بۆچونە بە براوە ئەژماردەكرێت.
یەكێتی كە پاڵپشتی خۆی بۆ گیراوانی بادینان راگەیاندووە، هێشتا دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە پشتیوانییەكانی بۆ گیراوانی بادینان لە كارتێكی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بكات بە كارتێكی راستەقینە بۆ ئازادكردنیان، چونكە دادوەرەكانی یەكێتی لەدادگای پێداچوونەوە سەرباری ئەوەی بەدەنگ‌و ژمارە ناتوانن بڕیاری حوكمدانی گیراوەكان هەڵوەشێننەوە، بەڵام دەتوانن وەكو ناڕەزایەتی لە دادگاكە بكشێنەوە‌و فشارەكان لەسەر دادگاكە زیاتر بكەن، ئەمەش بێ پێشینە نییە، چونكە بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییانە لەسەر یەكلاكردنەوەی كەیسێكی (بازرگانی)، دادوەرەكانی نزیك لە یەكێتی بایكۆتی كاركردنیان لە ئەنجومەنی دادوەریی كردووە‌و بەنێوەندگیرییەكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان.
  
نێچیرڤان بارزانی دواین دەرفەت ! 
بەگوێرەی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ماددەی (دەیەم) بڕگەی (شەشەم)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە "بەپێی یاسا لێبوردنی تایبەت بۆ بەندكراوان" دەربكات. 
سەرۆكی هەرێم دواین رێگەیە بۆ ئازادكردنی گیراوانی بادینان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نێچیرڤان بارزانی نیگەرانە لەكاردانەوەی ئەمریكا‌و ئەڵمانیا لەسەر كەیسی گیراوانی بادینان، دەیەوێت بەشێوەیەكی نەرم، كە مەسعود بارزانی مامی‌و مەسرور بارزانی ئامۆزای توڕە نەكات، رێگەیەك بۆ چارەسەری دۆخەكە بدۆزێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بە راوێژ كردووە لەگەڵ كەسانی یاسایی، هەر جۆرە بڕیارێك لەوبارەیەوە دەكەوێتە دوای جەژنی رەمەزان، چونكە دەركردنی لێبوردنی تایبەت لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە پێویستی بەوەیە، سزای یاسایی گیراوەكان حوكمی كۆتایی وەربگرێت.
سەرباری ئەوەی زۆر كەس لەسەر ئەم كەیسە ئومێدی خۆیان بە "لێبوردنە تایبەتەكەی" سەرۆكی هەرێمدا هەڵواسیوە، بەڵام ئەگەر دەركردنی لێبوردنێكی لەوجۆرە لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە رەتبكرێتەوە، بەدڵنیایی نێچیرڤان بارزانی لەنێوان كەیسی گیراوانی بادینان‌و پەیوەندییە خێزانییەكانی ناو بنەماڵەكەیدا، دووەمیان هەڵدەبژێرێت.  

لەبارەی لێبوردنی تایبەتەوە
لێبوردنی تایبەت بەپێی یاسا هەندێك جیاوازی هەیە لەگەڵ لێبوردنی گشتیدا كە بۆ زیندانیكراون دەردەچێت، دەكرێت جیاوازی نێوان لێبوردنی تایبەت‌و گشتی لەم خاڵانەدا كورت بكرێتەوە: 
•    ئەو كەسەی كە لە لێبوردنی گشتیدا لە زیندان ئازاد دەكرێت، هەم تاوان‌و هەم سزاكەشی لەسەر هەڵدەگیرێت، بەڵام لە لێبوردنی تایبەتدا سزادراو تەنیا سزای (بەندكردن)ەكەی لەسەر هەڵدەگیرێت‌و دوای ئازادبونیشی تاوانەكەی هەر لەسەر دەمێنێت. 
•    لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانەوە دەردەچێت، بەڵام لێبوردنی تایبەت بە بڕیارێك لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە دەردەچێت. 
بەگشتی بەپێی یاسا بەركارەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەم كەسانە لێبوردن نایانگرێتەوە: 
•    هەر كەسێك كە پێشتر سودی لە لێبوردن (گشتی یان تایبەت) وەرگرتبێت.
•    هەر كەسێك بازرگانی بە تلیاكەوە كردبێت. 
•    هەر كەسێك تاوانی تیرۆری ئەنجام دابێت. 
•    هەر كەسێك دزی لە سامانی گشتی هەرێمی كوردستاندا كردبێت. 
•    هەر كەسێك بە پاڵنەری شەرەف كەسێك بكوژێت. 
•    هەر كەسێك تاوانێك دژی ئاسایشی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان بكات. 
•    هەر كەسێك بازرگانی بە دەرمان‌و ماددەی بەسەرچووەوە بكات. 
•    هەر كەسێك نوسراوی فەرمی ساختە بكات كە پەیوەندی بە ئابوری‌و ئاسایشی وڵاتەوە هەبێت. 
•    هەر كەسێك یەكێك لەم تاوانانەی ئەنجام دابێت (بەرتیل- لەواتە- دەسدرێژی سێكسی، زینای مەحاریم).
لەسەردەمی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانیدا ژمارەیەكی زۆر حاڵەتی لێبوردنی تایبەت دەرچووە، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانییەوە هیچ لێبوردنێكی تایبەتی دەرنەچووە، رەنگە نێچیرڤان بارزانی نەیەوێت لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دەركردنی لێبوردنی تایبەت ببێتە نەریتێك بەتایبەتی كە ئەم جۆرە لێبوردنە لەناو هۆزو ئەوانەی پێگەی كۆمەڵایەتیان هەیە باوەو بەردەوام خواستیان لەسەری هەیەو سیاسیەكانیش نایانەوێت بەهۆی پێگەی جەماوەریانەوە ناتوانن ئەو خواستانە رەتبكەنەوە.  
 

كەیسی گیراوانی بادینان‌و دەسەڵاتی دادوەریی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand