Draw Media

نەخشەی هاوپەیمانێتی شیعەكان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

نەخشەی هاوپەیمانێتی شیعەكان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

2021-05-09 10:09:32


درەو:
هەتائێستا وادەردەكەوێت نەخشەی هاوپەیمانێتی سیاسیی شیعەكان دابەشبووە بۆ سێ‌ كوتلەی سەرەكی كە بریتین لە هاوپەیمانێتی ( نەسر – حیكمە), رەوتی سەدر‌و هاوپەیمانێتی فەتح كە لەو گروپە شیعانە پێكهاتووە كە خاوەنی گروپە چەكدارەكانی وەكە عەسائیب‌و بەدر‌و نوجەبان.
هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاساش كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر سەرۆكایەتی دەكات نزیكی خۆی لە هیچ لایەنێكەوە رانەگەیاندووە, بەڵام پێشبیندەكرێت كە بچێتە ریزی هاوپەیمانی فەتح كە لە كوتلەكانی تر نزیكترە لێی.
رەوتی حیكمە‌و نەسر كە حزبی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق‌و چەند گروپێكی مەدەنیشیان لەگەڵدایە " هاوپەیمانێتی هێزەكانی دەوڵەت" پێكدەهێنن كە پێدەچێت ببێتە لایەكی هاوكێشەی هێزە سیاسییەكانی تری شیعە كە گروپی چەكداریان هەیە وەك رەوتی سەدر‌و فەتح.
رەنگگی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت حكوتێكی جیاواز لە حكومەتی ئێستای لێبكەوێتەوە كە مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات‌و ساڵێك لەمەوبەر دەستبەكاربوو دوای زنجیرەیەك خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی كە بووە هۆی نەمانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی.
هاوپەیمانی " هێزەكانی دەوڵەت"
هاوپەیمانی حیكمە لەلایەن عەممار حەكیمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت‌و نەسریش لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوترەوە‌و حزبی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقیش ئاراس حەبیب سەرۆكایەتی دەكات كە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا تۆمەتباریكردوووە بە پشتیوانیكردنی حزبوڵای لوبنانی سزای بەسەردا سەپاندووە.
چاودێری سیاسی مورتەزا عەربید دەڵێت" ئەوەی بە هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەت ناسراوە نیشانەی پرسیاری زۆری لەسەر, بە تایبەتی كە سەركەوتوو نەبوو لەوەی سوننە پەلكێش بكات بۆ ناو هاوپەیمانێتییەكە یان هەتائێستا نەیتوانیوە هێزە شیعە میانڕەوەكان قایل بكات بێنە ریزییەوە".
عەربید لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی كەناڵی ( الحرە) دەشڵێت "بوونی كەسانێك لەم هاوپەیمانێتییەدا كە سزای نێودەوڵەتییان بەسەردا سەپێندراوە بەهۆی پەیوەندییان بە میلیشیاكانەوە زۆر نامۆیە".
رۆژنامەنوسی عێراقی ئەحمەد سهێل دەڵێت" قورسە پێشبینی چارەنوسی هاوپەیمانێتی عەبادی‌و حەكیم بكرێت, مانەوەی ئەم هاوپەیمانێتییە بە یەكگرتوویی بەندە لەسەر ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە هەڵبژاردنەكاندا بەدەستیدەهێنێت, ئەگەر ژمارەیەكەی زۆری بەدەستهێنا ئەوا وایان لێدەكات لە سەرچاوەیەكی بەهێزوە دانوستان بكەن‌و باوەڕم وایە بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە, بەڵام ئەگەر ژمارەی پێویست بەدەستنەهێنێت ئەوە پێدەچێت لە چوارچێوەی گەڕان بەدوای دەستكەوتی دەسەڵات پەرت ببێت لەدوای هەڵبژاردنەكان". 

بەوتەی ئەو رۆژنامەنوسە كێشەیەكی تر كە هەڕەشە لەم هاوپەیمانێتیە دەكات جۆری كاندیدەكان, بەزۆری كاندیدەكانی ئەم كوتلانە دوای هەڵبژاردن لە ئەنجامی گوشار یان بەڵێن پێدان بە پۆست  لە هاوپەیمانێتییەكە جیادەبنەوە كە رەنگە ئەمە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئامادەگی هەبێت".
هاوپەیمانێتی سەدرییەكان
هەتا ئێستا سەدرییەكان نیازی خۆیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هیچ كەسێكدا رانەگەیاندووە, بەڵام بەروون‌و ئاشكرا رایانگەیاندووە كە هەوڵدەدەن بۆ " سەرۆك وەزیرانێكی سەدری".
حاكم زاملی ئەندامی رەوتەكە كە چەند خولێك پەرلەمانتار بووەو قسەی بۆ سایتی ناس نیوز كردووە, دەڵێت" هاتنی سەرۆك وەزیرانێكی سەدری بۆ كورسی دەسەڵات بە واتای ئەوە دێت كە عێراق بەسەر ئیمارات‌و سعودیە‌و ئێراندا سەردەكەوێت, چونكە ئەو سەرۆك وەزیرانە بەهێز دەبێت‌و پشتیوانی دەكرێت‌و لەژێر لێپرسینەوەی كەسایەتییەكی بە سەنگی وەك سەرۆكی رەوتی سەدر, موقتەدا سەدردا دەبێت كە زۆرترین توانای هەیە بۆ چاودێریكردنی توندی لەلایەن نەزاهەوە". 
چاودێری سیاسی مورتەزا سامەڕایی دەڵێت" رەوتی سەدر بەهێزترین ژمارە دەبێت لە هەڵبژاردنەكاندا, بەڵام پێویستی بەوە دەبێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ كوتلەكانی تردا بكات بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران".
سامەڕایی دەشڵێت" رەوتی سەدر بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران ناچار دەبێت سازش لەسەر پۆستەكانی تر بكات بۆ كوتلەكانی تر لە نێویشیاندا ركابەرەكانی , ئەوەش پێگەی جەماوەریی لاواز دەكات".
هیچكام لە بەرپرسانی رەوتی سەدر كە سایتی " الحرە" قسەی لەگەڵدا كردوون وەڵامی ئەو پرسیارانەیان نەدایەوە كە سەبارەت بە هاوپەیمانێتیكردن لە داهاتودا ئاراستەیان كرا, بەڵام پەرلەمنتارێكی رەوتەكە كە ئامادە نەبوو ناوی خۆی ئاشكرا بكات وتی" سەدر هەمیشە خۆی بە نزیك لە عەممار حەكیم دادەنێت".
پەرلەمانتارەی رەوتی سەدر دەڵێت" لە راستیدا هیچ زانیارییەكمان نیە, چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكەین, بەڵام بە تەئكید بوونی عەممار حەكیمان لەوانی تر زیاتر دەوێت".
هاوپەیمانێتی " گروپە چەكدارەكان"
پارێزگاری پێشووی بەغداد‌و نزیك لە هاوپەیمانی فەتح فەلاح جەزائیری دەڵێت" پێشبینی دەكرێت فەتح هاوپەیمانێتی بونیاتنان پێكبهێنێتەوە" ئەو هاوپەیمانێتییەی كە چەند باڵێكی سیاسی میلیشیا عێراقییەكانی لەخۆگرتبوو.
هەرچەندە جەزائیری وەك كاندیدێكی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەكان بەشداری دەكات بەڵام دەڵێت ئەو لە هەڵبژاردندا سەربەخۆیە بەڵام لەرووی سیاسییەوە سەربەخۆ نیە.
جەزائیری بەداخیشە كە هاوپەیمانێتی فەتح لەنێو خۆیدا دابەشبووە‌و پەیامێكی دڵنیایی ئاراستەی جەماوەرەكەی نەكردووە‌و ئەو بڕیاریداوە وەك سەربەخۆ بچێتە هەڵبژاردنەوە چونكە سەربەخۆ گرەودەگات لەسەر جەماوەرەكەی‌و كارەكانی‌و پەیوەندییەكانی‌و هەماهەنگییەكانی لەگەڵ لایەنەكانی تردا.
سەرچاوەیەكی نزیك لە رێكخراوی بەدر كە هادی عامری ئەمینداری گشتیی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی فەتح دەكات دەڵێت  هێزە سیاسییە توندڕەوەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكە نایانەوێت عامری لەسەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكەدا بمێنێتەوە".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە عامری نوێنەرایەتی هێڵی میانڕەوی هاوپەیمانێتییەكەی دەكات كە هاوپەیمانێتی گروپە چەكدارەكانە, لەبەرئەوە ئەوان دەیانەوێت ئازادییەكی زیاتریان بۆ رەفتاركردن هەبێت, بەڵام جەماوەرێتی رێكخراوی بەدر‌و پێویستیان پێی وایان لێدەكات  لەراگەیاندنی بڕیاری جیابوونەوە رارا بن.
چاودێری سیاسی بەدر عەفان دەڵێت" ئاڵۆزی نێو هاوپەیمانێتییەكە راستەقینەیە, بەڵام بەهۆی ئەوەی عامری خاوەنی بەرژەوەندی ئابوری گەورەیە نایەوێت توشی پێكدادان بێت لەگەڵ دەوڵەت یان هێزە خۆرئاواییەكان, ئەوەش پێچەوانەی بۆچوۆنی ئەو میلیشیایانەیە كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەكرێن".
عەفاد دەشڵێت هێزە سیاسییە شیعەكان هەمویان بە جیاوازی رەگ‌و ریشەیان لاوازن‌و ناچار دەبین سازشی زۆر بۆ هێزەكانی تر بكەن‌و ئەوان هێشتا بەهێزن, بەڵام هیچیان وەك پێویست بەهێزنین".
بڕیاری ئۆكتۆبەری 2021 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت, بەڵام گومان هەیە لەسەر ئەوەی كە بە شێوەیەكی پاك‌و شەفاف بەڕێوەبچێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand